پرچ‌ و ماڵ

چیرۆکی شیرینم، لە سەرەتاتەوە تا کۆتاییت، زۆرم خۆشویستی. لە سەرەتاتەوە تا کۆتاییت، ئازاری زۆرت پێ‌گەیاندم. بۆ یەکەم‌جار کە بیرم لێت کردەوە، هاتیتە بیرمەوە، شاگەشکە بووم، شاگەشکەت کردم؛ دەتگوت لە ئاسمان‌ڕا داباریوی بۆم. دوو مانگ لە مێشکمدا هێنامی ‌و ‌بردمی، بە هەر هۆیەک بێت نەمدەنووسیت، بە خەمتەوە بووم، پلان لەدوای پلانم بۆ دادەنای، لەسەر کاغەزی گەورەگەورە نەخشە لەدوای نەخشەم بۆ دەکێشای. شەوێک لەپڕ هەستام گڵۆپی ژوورەکەم بۆت کوژاندەوە، ئارەزووم لێوڕێژ بوو بۆ نووسینت، دەرودیوار و تەپەی هەنگاوەکانم پڕ بوون لە وشە و دێڕەکانی تۆ، بە ڕاکردن ڕامکردە سەرمێزی نووسین. ئەگەر وام نەکردبا، هێندە دەستم تێوەردەدایت و ئەملاولام پێ دەکردی، تێک‌وپێکم دەدای. چەشنی میوەیەکی نەرم‌ونۆڵی پێگەییو لەنێو لەپی دەستمدا، لە سەرمدا تەواو پێگەیشتبووی. دەبوو بە تیغی تایپکردن وەک قاش‌قاشت بکەم، دەست بکەم بە  نووسینی وردودرشتت. تەنیا دەسپێکتم چەندجار و بە چەند جۆرێک نووسی. لە هەر جارێکدا زیاتر لێت ڕازی دەبووم. زیاتر خۆشم‌دەویستی و هەستم دەکرد تۆش نەرم‌ونیانتر دێیتە ژێرباری خۆشەویستیمەوە. جارجاریش هەندێ شتی زیادە لە وەختی نووسینتدا دەهاتن بە مێشکمدا و ئەگەر تۆیان کەشخەتر کردبا، دەمنووسین و ئەو شتانەی لە هەندێ جێدا کرچ‌وکاڵیان دەکردی لێم فڕێ‌دەدای. ئەو شەوە هێندە کەیفخۆش بووم، دوای ئەوەی دەستم لێ هەڵگرتی، وەک شێتێک بە ژوورەکەمدا هاتم و چووم. لەبارەی خاڵبەندیشتەوە بەقووڵی قسەم لەگەڵ خۆمدا دەکرد. جارجار گڵۆپەکەم دادەگیرساند و دەچوومە لای ئەو کاغەزانەی پلان و نەخشەی تۆم لەسەریان کێشابوو. بەپێی ئەو نەخشانە پلانڕێژییم لێ دەکردی و بیرم دەکردەوە دەبێ ئەوجار چ تەشقەڵە و گەڕێکت بەسەردا بهێنم. قەڵەمدارێکی ڕەساسیم هەبوو، برادەرێک پێی‌بەخشیبووم ئێستا برادەرم نەماوە، هەڵمگرت، ناوەکەتم لە ناوەڕاستی کاغەزێکدا نووسی. دەمێک بوو بڕیارم دابوو ناوت بنێم: «پرچ و ماڵ.»

چیرۆکی شیرینم، «پرچ و ماڵ»ـی ئازیزم، کارەکتەرێکی گاڵتەجاڕ و سەیروسەمەرەم تێخستبووی. سەیر و گاڵتەجاڕ وەک هەر شتێک لە ژیانماندا پێمان سەیر و هەم گاڵتەجاڕە. ئەو کارەکتەرە، ئێوارەیەک لەنێو هەیشەت و دەنگەدەنگی دونیا، لە چایخانەیەکی کراوەی ناوەڕاستی بازاڕێکی جەنجاڵدا، وەک پوولێکی گیرساوە لەسەر هەپی‌بەیاز تەک‌وتەنیا فڕێدراوە؛ لەپڕێکدا، گەلێک ناسروشتی، پرچی دەست دەکات بە هەڵوەرین. یەکەم شەوی ئەو شەوەی دەستم کرد بە نووسینت و کەمێکم لێت نووسی و ئینجا دەستم لێت هەڵگرت؛ ئەمەم لێت نووسی:

 ((سەرەتا وامزانی کەسێکە وام لێ دەکات. بە پەڕەمووچێک یا هەرشتێکی تر ختووکەی پشتەملم دەدات. لە چایخانەیەک، لەسەر کورسی دانیشتبووم. ئیستیکانی چایەکەم بە دەستی چەپدا ڕژا. بە سڵەوە ئاوڕێکم لەسەر لاشانی ڕاستم دایەوە، دەستی چەپم گەیاندە پشتەملم. بەری دەستم پێداهێنا. چۆن کەسێک بۆ لابردنی مێشێک لەسەر پشتەملی پێیدا دەکێشێت، وەهام کرد. تەواو سەیری دەوروپشتم کرد، کەس نەبوو. زانیم نابێ کەسیش بێت. کێ یارییەکی وەها لەگەڵ مندا دەکات؟ دەبێ بڵێم، بەڵێ دەبێ بڵێم: من تەنیام.. لەژێر لەپی دەستمدا هیچ مێشوولە یا جانەوەرێکی بچکۆلەی دی، نەبوو؛ هەستم بە زبری کۆمەڵێک تاڵەموو کرد وەکچۆن هەمووتان لە کاتی دەست پێداهێنانیاندا هەستی پێ دەکەن. ئێوارە بوو، تازە لای دکتۆر هاتبوومەوە، پرچم بوو، ناسروشتیی دەستی کرد بە هەڵوەرین.

لای چەپم کەسێکی لێبوو، نەمدەناسی. چایخانەیەکی کراوە هەروا دەبێت؛ نایناسی و لات دادەنیشێت، ناتناسێ و لای دادەنیشیت. ئەوەی لێکی نزیک کردبووینەوە، بە هاوبەشی چایەکانمان لەسەر تەپڵەکەیەک دانابوو. نەمزانی تاڵەمووەکانم بەملاولاشمدا چوون، بە دەستەکانی تووند هەردوولای ئەو کورسییەی لەسەری دانیشتبوو، گرتن. لای کردەوە بە لای مندا، بە قێزەوە، بەجۆرێک هەست بکەم بێزم لێ دەکاتەوە، لێی ڕوانیم. گوتی:

«ئەوە حاڵە؟ چایەکەت پڕ کردم لە موو..»

پیاوێکی چل ساڵەی چڵکن بوو. ڕیشن و پێشەسەری ڕووتابووەوە. دەتگوت سەرمایەتی و لە یەکەم سەیرکردنیدا هەستت دەکرد باپەڕ بووە. لە دڵی خۆمدا گوتم: من نەمگوتووە با پرچم بەسەر چایەکەی تۆدا هەڵوەرێت. وەک خۆی گوتی، بەڕاستی منیش ئەو حاڵەم پێ خۆش نەبوو. تازە هیچ ناکرێ. بە هێمنی پێم گوت:

«بمبوورە. چایەکی ترت بۆ داوا دەکەم.»

لەوە دەچوو سەرودڵی چاخواردنەوەی گیرابێت، هیچی نەگوت. لەوە دەچوو لە هێمنییم‌ڕا واتێگەیشتبێ گاڵتەی پێ دەکەم، ورد لێم ڕاما، دیسان هیچی نەگوت. بیرم لێ کردەوە، دەبوو خۆم پەشۆکاو و خەمبار دەربخەم. لە کاتێکی وەهادا خەڵکی وا دەکەن، شتێکی هێندە قورسیش نییە. بەڵام تاوانی منی تێدا نەبوو، چونکە ناتوانم خۆم جۆرێک دەربخەم لە ڕاستیشدا جۆرێکی دیکە بم. هەستایە سەرپێ. باڵای مام‌ناونجی و بەدەنی پتەو بوو. لەگەڵ هەستانیدا کورسییەکەی ژێری چەند مەترێک بە خشکۆڵی ڕۆیشت و بەر نەبووەوە، بەلاری لە چاڵ‌وچۆڵی چیمەنتۆی ئەرزەکەدا گیربوو. پشتی کەوتە من، تەوقی سەریشی ڕووتابووەوە، لە خۆم پرسی: دەبێ ئەویش ئازاری نەچەشتبێ و لە سەرەتاکانی کەچەڵبوونیدا وەک منی بەسەرنەهاتبێ؟ ئەگەر وابووبێت، دڵنیام ئێوەش هاوڕامن، نەدەبوو بەم جۆرە لێم دڵ‌گران بێت. ئاخر چایەک چییە وای بۆ بکات؟ هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا و لەگەڵ دەردانەوەیدا، تەماشای ڕۆیشتنیم کرد، بیرم کردەوە ئەم ڕۆیشتنە لەگەڵ کەسێکدا نایەتەوە ئازاری بە هیچ شتێکەوە چەشتبێت. (هەندێ کەس کە ڕێژەشیان کەمە، بە هەر بارێکدا بیریان لێ بکەیتەوە لێیان تێناگەی؛ مەگەر بە ڕێ ڕۆیشتنیاندا) بە پرتەوبۆڵە و مینگەمینگ پارەی چاکەی خستە سەرمێز و چایەچییەکەشی لێ ئاگەدار نەکردەوە. بەر لەوەی لێم ئاوابێت ئاوڕی لێ دامەوە، قەدەرێک داهۆڵ‌ئاسا ڕێک‌وڕاست بەرانبەرم وەستا. دەتگوت لێی نووسراوە و منیش وام خوێندەوە بڵێت: «خراپ ڕەفتارم لەگەڵ کردی.» هیچم پێ نەدەکرا، ئەوەی پێم‌کرا کردم، ئاگاداربوون پێم گوت بمبوورە. بەڵام لەبەر دەروونی خۆم تا هیچ نەبێ بۆ چەند ساتێکیش هەست بە ئازار و بارگرانی نەکەم، پێم باشبوو شتێکی بۆ بکەم. بڕیارمدا بەزەییم پێیدا بێتەوە. لەو کاتەشدا ئەو ڕووی لە پێش خۆی کردەوە و لەبەر چاوانم ون بوو.))

قەڵەمدارە ڕەساسییەکەم لەسەر بالیفێک دانا. کاغەزەکانم ئاخنینە سووچێک لای ئەو ڕیزە کتێبانەی بە دیوارەکەدا هەڵمچنیبوون. بە ئاسوودەیی کەمێک بە ژوورەکەمدا گەڕام. دەگەڕام و بیرم دەکردەوە و دەمگوت: ژیان چەندە ئاسان دەبوو دوای نووسینی هەر چیرۆکێک، چیرۆکێکی تر بگێڕیتەوە. چوومە لای پەنجەرە کراوەکەم و لەوێ‌ڕا، بەسەر دیواری نزمی حەوشەکەدا ڕوانیمە جادە تەنیا و چۆڵەکەی بەرانبەرم. ڕوانیمە ئەو چرا داگیرساوانەی دەشتەکەیان ڕووناک دەکردەوە. دەشتەکە لەبەر دەرگەی ماڵێم تا جادەکە درێژ دەبووەوە. کەشی دەرێ، بە هۆی ئاسمانی هەور و ڕەنگ‌زەردیی چراکان و ئەو بایەی هەڵیکردبوو، شین دەینواند. سێبەری بچووکی لێرەولەوێی گیا وشک‌بووەوەکانیش تاریک و مات و لەرزیو دەهاتنە بەرچاوم. ئەگەر تۆ نەبای، چیرۆکی ئازیزم، بێخوست لەو دیمەنەم دەڕوانی و گوێم بۆ هاژوهوژی با و تکەتکی ئاوی بەلووعەی ئەودیو پەنجەرەکەم هەڵدەخست. بەڵام بەوەندە نووسینەی لێتم نووسیبوو، دەتگوت بستێکی تر باڵام کردووە، دڵ و دەروونیشم هاوکات لێوڕێژ بوون لە هەڵپە و ئارامی. هەموو شتێکم بە هۆی تۆوە جوان دەدیت. هیواداربووم لەو شەوانەی دێن، بتوانم هەر ئاوا بم. لەبەر هیچ نا، بەس تا بتوانم بژیم.

لە کاتێکدا هەر لەپاڵ پەنجەرە واڵاکەمەوە دانیشتبووم، تەماشای دەشتی بێدەنگ و جادەی تەنیام دەکرد. شتێکی سەیر لە هۆڵەکەی دەستی چەپمدا، خانوویەک بوو خاوەنەکەی کردبوویە هۆڵێکی گەورە بۆ مانگاکانی، قەوما. بۆڕە بۆڕێکی سامناک، سامناکتر لەو ساتانەی چیرۆک نانووسم، لە گەرووی دەیان گاوگۆلک بەرز بووەوە. چەند خولەکێک لێت دابڕام و ترس جێگەی بەتاڵی تۆی پڕ کردەوە. خێرا گەیشتمە ئەو بڕوایەی دونیا پڕ لە ترسە، ئەگەر هەمیشە لانیکەم چیرۆکێکم لەنێودا نەژیت، نەشینووسم قەینا، لە ترسا دەمرم. ئەو شەوە، دەتگوت تەواوی گاوگۆلەکان هاتوونەتە بن دیواری حەوشەی ماڵەکەم و بۆڕەبۆڕ لە من یا لەو کەیفخۆشییە بچووکەی پشت پەنجەرە بچکۆلانەکەم دەکەن. دەنگی بۆڕەیان نزیک و بڵند، تێکەڵ بەو فیکەفیکە بووبوو “با” دروستی دەکات، هەستم کرد تۆش «پرچ و ماڵ»ی ئازیزم، لە ترسان لە سەرمدا پەرتەوازە دەبیت. نەمدەزانی چی بکەم. دەبوو لە کاتێکدا ئاگام لە تۆ و لە خۆم بێت. ئاگام لە تۆ بێت وەک هەر تاراوێک نەتارێی، ئاگام لە خۆم بێت دوای دوومانگ ئەمشەویش بژیم، تاکوو بتنووسم. تا دە خولەکێک چرکەیەک بێدەنگ نەبوون. تا دەهات زیاتر دەشێوان. بۆڕەیان تووڕە و تووندتر دەبوو. دەشت‌وباکە و تۆش لەگەڵمدا شێوا بوون. هەردووک دەستم تا ئەوکاتەی بێدەنگی گەڕایەوە بەهێواشی خستنە نێو پرچم، تاکوو بتوانم بیر لە تۆ و ئەو کاغەزانەی نەخشەی تۆم لەسەریان کێشابوو یا لە هەرشتێک بۆ ئەو ساتەم باش بێت، بکەمەوە. لەو کاتەدا، شتێکی سەیرتر لە بۆڕەی مانگاکان، بەسەر خۆمدا قەوما: کاتێک دەستەکانم لەنێو پرچم دەرهێنانەوە، پڕ بوون لەو تاڵەمووانەی لە بێخی سەرمەوە دەرهاتبوون.

ئەوشەوە تا دنیا ڕووناک داهات نەخەوتم. قەلەق بووم، دەستێکم هەر لەنێو پرچم دابوو. لەپی دەستم لە تاڵ‌بەتاڵی پرچم دەدا و هەستم لێ ڕادەگرت، بیرم لەو کارەکتەرەم کردەوە پرچی لەپڕ هەڵوەریبوو. چەشنی کارەکتەری فیلمێکی ترسناک، لەسەر مێزی نووسین و لەپشت کتێب و لەنێو کاغەزە تێکنراوەکانمەوە، لاشەی پیاوێکم دەهاتە بەرچاو وەک بڵێی بایەکی تووند بەرەو ڕووی هەڵیکردووە و پرچی وەک باویلکە بەملاولادا، بە ئاسماندا دەڕۆیشت. بە خەوتنیشم دەیان خەونی ئاڵۆزم بینین. مێردەزمە سواری کۆڵم دەبوو، هەناسەم سوار دەبوو، دەیانجار هەڵدەستامەوە و بە ئاستەم خەوم لێ دەکەوتەوە. دواجار، دوانیوەڕۆ لە خەو هەستام و هیچێک لەو خەونانەی بینیبوونم بیرم نەمابوون. دەستی گۆرینم هەر لەنێو پرچم دابوو. بێخی سەرم دەئێشا و تاڵەمووی وەریوی تێکەڵ بە کڕێش بالیفەکەمیان پیس کردبوو. چیرۆکی ئازیزم، ئەوە حاڵ نەبوو منی تێدا بووم، خەریکبوو لێت بەگوماندا دەچووم. تەنانەت هاتمە ئەو بڕوایەی تەواوی ڕووداوەکانت پێچەوانە بکەمەوە، کارەکتەرێک بهێنم لەگەڵ هەر شەقاوێکدا سەدان تاڵەمووی لێ بڕوێن؛ بەڵام نەمکرد. دەزانی بۆ؟ خۆشم‌دەویستی و ئەگەر تاڵەمووەکانی سەرسینگ و ڕیشیشم بۆ لەسەر دانابای، نەمدەتوانی دەستبەردارت بم. چونکە دەمزانی کارەکتەرێکی لەم چەشنە لای نووسەرانی دی نەبووە و هاوڕێیەتییش لەگەڵ کارەکتەری خۆتدا کاتێک دێتە ئارا پێشتر کارەکتەری وا لە هیچ شوێنێک بوونی نەبووبێت. بۆ ئەوەی هیچ نەبێ تا وەختی شەو لەیادت بکەم، هەڵنەستم بێفایدە دەستت تێوەربدەم، ڕاست‌بوومەوە و دوای شووشتنی دەموچاوم، ڕێکخستن و خاوێنکردنەوەی ژوورەکەم، میوە و پسکیتم خوارد کە ئێوارەی ڕۆژی پێشتر لە دوکانەکەی ئەوسەر، یەکەم دوکان کە پێی‌دەگەم، کڕیبوونم. هەوای نێوماڵ داوەستابوو، دەرگەکانم خستنە سەرپشت و چوومە دەر. خۆر بەدەرەوە نەبوو، ئاسمان هەموو هەوری خۆڵەمێشی بوو. هەموو گیانم سەخت‌وڕەق بووبوو، تاکوو بجوڵێم، دەستم دایە شووشتن و ڕاماڵینی تەپ‌وتۆزی حەوشە. لە کاتی ئاوپێداکردن و ڕاماڵینی‌دا لیتاوێکی پڕ لیتور خۆی دەکرد بە بن دەرگەی دەرێدا. کاتێک بۆ دواجار حەوشەکەم ڕادەماڵی و ‌‌وشکم دەکردەوە، دەنگی خاوەن هۆڵەکە و کەسێکی تر، دواتر زانیم ئەو کەسە دکتۆری بەیتەری بوو هاتبوو سەیری گاوگۆل و چێڵەکانی بکات، لەولای ماڵەکەم دەهات. پێش خۆراوابوون، دوای ئەوەی دکتۆرەکە ڕۆیشتبوو، کابرای گادێرم لە پشت دیواری ماڵەکەم دیت و باسی بۆڕەبۆڕی شەوی پێشووی مانگاکانیم بۆ کرد. گوتی: دوێنێ کاتێک گاوانەکەی لە شاخ هێناونیەوە، خۆی ئاگەدار نەبووە و مانگاکانی تووشی تەبەق بوون، بۆیە تەواوی دوێنێ‌شەو لە هۆڵەکەدا بەدەم ئازارەوە تلاونەوە و کرم تێیان وڕکاوە. ئەمیش لەسەر قسەی برازاکەی دکتۆرێکی بەیتەریی هێناوە چارەسەریان بکات و دکتۆریش جۆرە ئەسپەنیکێکی کە خۆی دروستی کردووە لە سمی مانگاکانی ناوە. ئینجا کەمێک باسی دکتۆرەکەی کرد و جۆڕنالیستانە لەبارەیەوە گوتی: هەرگیز لە دکتۆرەکانی تر ناچێت، من دکتۆرەکانی تر دەناسم، پێشتر هاتوون پشکنینی مانگاکانیان بۆ کردووم و ڕێنماییان داومەتێ، بەڵام بۆم دەرکەوت هیچ ئەزموونێکی شەخسیان لەگەڵ ئاژەڵاندا نەبووە و ڕێنماییەکانیشان هیچ کەڵکێکیان نییە. دواتر لە ڕێگەی برازایەکمەوە ئەو دکتۆرەی ئێستام ناسی کە خاوەن ئەزموونێکی زۆرە و بگرە بۆ خۆیشی چەند جۆرە ئاژەڵێک بەخێو دەکات و زۆریشی خۆش دەوێن. گوتیشی: لە کاتێکدا لە هەندێک حاڵەتدا، ڕوویدەدا دکتۆرەکانی تر بێزیان له هەندێ شتی مانگاکان دەبووەوە. خۆزگە تۆش مانگا یان هەر ئاژەڵێکت دەبوو تاکوو بتزانیبا ئەو دکتۆرەی ئێستا چ دکتۆرێکە، هەمیشە چارەسەر و ڕێنماییەکانی بە فریام هاتوون..

کەسێکی زۆربڵێ بوو، هەر بۆیەش قسەکانی تێکەڵ‌وپێکەڵ دەکردن. لێم نەپرسی: مادام تۆ لەسەر قسەی برازاکەت ئەم دکتۆرەی باسی دەکەیت هێناوتە، واتا ئەمڕۆ یا ئەوپەڕی چەند ڕۆژێکە دەیناسی، ئەی کوێڕا ئەم هەموو متمانەیەی لات بەدەست‌هێنا؟ هەرکات دەهاتە لام، دوای چەند خولەکێک ئیتر هەستم بە بێزاری دەکرد. لەوسەری‌ڕا بە گورج‌وگۆڵی دەهات، وەک خۆش‌خەبەرێکی ڕۆح‌شیرین دەهاتە بەرچاوم، خۆم خۆش دەکرد ئێستا لەپڕ گوێبیستی هەواڵێکی خۆش دەبم، کاتێکیش زاری هەڵدەهێنا لە هەرشتێکدا باس باسی خۆی بوو.

بۆشاییەک کەوتە قسەکانییەوە و لەوێدا ڕامگرت. پێمگوت مانگاکانی دوێنێ شەو دە دەقەیەک هەر بۆڕاندوویانە و منیش ترساوم شتێکیان بەسەر هاتبێت. نەیگوت بڕوات پێ ناکەم، بە ڕێزەوە گوتی: ئەمەم لا سەیر و نامۆیە. ئینجا گوتی: پێشتر شتی وا ڕووینەداوە و ڕێشی تێناچێت ئەوانەی من بووبن. ڕەنگە گاوگۆلی بەرەڵا بووبن بۆ خواردن ڕوویان کردبێتە ئەم ناوە.

کاتێک تاریک داهات، ئاسمان پڕیشکە بارانی لێ هاتن. خۆم گۆڕی و لە ماڵ چوومە دەر. بە شوێن‌پێی مانگاکاندا چەند توولەڕێیەکی باریکی مەیلەوسپییان لە دەشت بەرەو جادە دروست کردبوو، ڕۆیشتم. لە ڕاستی چراکان، باران زەرد و زۆر و بریسکەدار دەباری. بازاڕ دوور نەبوو. بە تەنیشت چەند خانوویەکی لبغ‌نەکراو و چەند باغێکی لێوار جادەدا کە پڕ بوون لە دارودەوەن و توولە نەمامی بێ‌لق‌وپۆپ، ڕەتبووم و گەیشتمە یەکەم دوکان کە دەیگەمێ، هەمان دوکانی دوێنێ. هەندێ کێک و دەبەیەک شەربەتی پرتەقاڵم کڕین. نەچوومە جەرگەی بازاڕ، بە هەمان ئەو ڕێیەی پێیدا هاتبووم، گەڕامەوە. نازانم لە کوێ و کەی، بەڵام لە سەرچاوەیەکی زانستییەوە نەمبیستبوو، گوایا پرتەقاڵ -شەربەتەکەیشی- بۆ ڤیتامین دی باشە و هەبوونی ئەو ڤیتامینەش لە مرۆڤدا تاسیر دەکاتە سەر پرچی.

بیرم کردەوە لە تۆشدا، «پرچ و ماڵ»ی ئازیزم، کارەکتەرەکەم شەربەتی پرتەقاڵ بخواتەوە، بەڵام چونکە درێژ دەبوویتەوە، پەشیمان بوومەوە. لە سەرەتای نووسینتەوە دەترسام درێژبیتەوە. هەوڵم دەدا بەکورتی بەجۆرێک بتنووسم، ئەوەشی ناینووسم و لە تۆدا نایڵێم، ئەوی ڕۆژێک دەتخوێنێتەوە بە وێناکردن پێی بگات. ئێستاش، هیوادارم ئەو کەسەی ڕۆژێک دەتدۆزێتەوە و دەتخوێنێتەوە، پێی وابێ کارەکتەرەکەم چەندجارێک چووەتە لای دکتۆر، دوو جار پلازمای کردووە و حەب و دەرمانی زۆریشی بەکارهێناون. شەربەتی پرتەقاڵ و هەر میوە و خواردنێکی بۆ پرچ باش بێت خواردوویەتی. هیچ نەماوە نەیکات و نەیخوات و بەکاری ‌نەهێنێت، بەڵام لە بەدشانسی خۆی، وەک موعجیزەیەک، لەپڕ ئێوارەیەک لە چایخانەیەکدا ناسروشتی پرچی دەست دەکات بە هەڵوەرین.

                                              ***

گڵۆپی ژوورەکەم بۆت کوژاندەوە. لە سەرمێزی نووسین دانیشتم. کۆمپیوتەرەکەم داگیرساند. ئەو کۆمپیوتەرە، برادەرێک پێشکەشی کردبووم ئێستا لێم دوورە و برادەرم نەماوە. کەمێکم خوارد لەو شەربەت و کێکانەی هێنابوومن. چوومە نێو ئەو لاپەڕەی دوێنێ‌شەو تۆم تێیدا نووسیبوو، بەڵام نەمخوێندیتەوە. زیاتر لە ئێوارەی پێشوو ئارەزووی نووسینتم دەکرد. نەک تەنیا دەرودیوار و تەپەی هەنگاوەکانم، مێزی ‌نووسین و کورسی و تەنانەت تکەتکی بەلووعەی ئەودیو پەنجەرە و ئاسمانی هەورینی دووریش، پڕ بوون لە ڕستە و وشە و پەرەگرافی تۆ. بەڵام بەرلەوەی دەست بکەم بە نووسینت، لەسەر کیبۆردی بەردەمم کە خۆم بەسەردا شۆڕ کردبووەوە، چەند شتێک لە شێوەی تارمایی بچووک‌بچووکدا سەرنجیان ڕاکێشام. شاشەی کۆمپیوتەرەکەم خوار کردەوە و ورد بوومەوە، بێ‌شومار تۆشکە و تاڵەمووی ڕەشی باریکی سەرم دوگمە و درزی دوگمەکانی داپۆشیبوو. سەرم‌سوڕما و دڵ‌ و دەروونم تێکچوو. هۆشم لای نووسینت نەما. تووشی دڵەڕاوکی بووم و هەستام کەوتمە جووڵەجووڵ. دەجوڵامەوە و زوو زوو دەستم دەخستە نێو پرچم و دەرمدەهێنایەوە، ئەوجا دەوەستام و بەداماویی لە تاڵەمووەکان ڕادەمام. زۆریم لەخۆ کرد و لای مێزەکەم دانیشتمەوە. کەمێکم نووسی، زوو دەستم هەڵگرت. زانیم هەرچی بینووسم فڕی بەسەر تۆوە نابێت، تووشی لادان دەبم و لەبارەی خۆمەوە دەدوێم؛ هەر وایشم کردبوو.

چەند سەعاتێکم بە درێژبوون لە نێوەڕاستی ژوور، هاتوچۆکردن و دانیشتن لەپاڵ پەنجەرەی واڵادا بەڕێ‌ کرد. چیتر دەستم بۆ پرچم نەبرد، سەیری ئەملاولای خۆم نەکرد، بەوپەڕی توانام هەوڵی خۆئاسایی‌کردنەوەم دا. سووربووم لەسەر ئەوەی لەو شەوەشدا بتنووسم. ئەم لەسەر سووربوونە، یارمەتی‌دام جارێکی تر لەسەر کورسی مێزی نووسینەکەم و بەرانبەر کۆمپیوتەرەکەم دابنیشمەوە. هێواش‌ هێواش نووسیمی و دەستم لێ هەڵنەگرتی. ڕۆژانی دواتر و تا وەختی نووسینی ئەم نامەیەش، نەگەڕامەوە سەرت و ئێستاش دڵنیا نییم ئاخۆ چۆن‌چۆنی نووسیومی. لێرەدا وەک‌خۆی داتدەنێمەوە:

((مزگەوتێکی بچووکی یەک‌نهۆمیی بەرانبەر چایخانە بوو. دوو منارەی بڵندی هەبوون و لە بیناکانی تەنیشتی زیاتر بە ئاسماندا چووبوون. هەر منارەیەک کرابووە سێ‌ بەش و هەر بەشێکیشی لەناوێ‌ڕا ڕەنگێکی جیاوازی لە بەشەکانی تر هەبوو. یەکێک لە منارەکان پێپلیکانەیەکی شینی ئاسنینی بۆ کرابوو. هەرزەکارێکی کابۆشینی کراس‌شین‌تری کڵاو لە هەردووکیان شین‌تر، پێیدا هەڵدەگەڕا. هەڵگەڕا تا گەیشتە بڵندگۆکان. لەو کاتەشدا بەرزەوێژ بانگی ئێوارەی‌دا. (ببوورن، بەڵام پێویستە بیڵێم. لەوکاتەدا یەکێک هات لە دەستەڕاستم دانیشت. ورتەورتی لێ دەهات.) وام بیر کردەوە دەیەوێت لە بڵندگۆکان تێپەڕێت و بگاتە داسەمانگی مزگەوتێ. بەڵام ڕێک لەو شوێنەی لێی بوو، لای بڵندگۆکان، وەستا. دەستی خستە سەر ئەو شتە درێژووکەی لە کونی بڵندگۆکانەوە هاتووەتە دەر و ئەوانیش کونێک لە سەرەکەیاندا هەیە دەنگی بەرزەوێژەکەی لێوە دەردەچێت. دەیانگوت: دەنگ‌بڕی دەکات. من پێم ‌وابوو دەیەوێ بگاتە دەنگەکە و بیگرێت. وازم لە تەماشاکردنی هێنا، خەڵک زۆر تەماشای دەکرد. کاتێ بانگەکە گەیشتە “حەییا عەلەل سەڵات” خەیاڵم ڕۆیی. پیرەمێردێک بانگی دەدا غەمگینی لە دەنگی دەچۆڕا. کاتێکیش گەیشتە کۆتاییی دووەمین “حەییا عەلەل فەلاح”، گریانم هات؛ بەڵام کابرای دەستەڕاستم ئەوەی هات لەوێ دانیشت، نەیهێشت. لێی پرسیم:

«ئەوە تەوقیقە؟»

«تەوقیق چییە؟»

گوتی:

 «تەوقیق. تەوقیق چییە؟»

«دیارە تۆ دەیزانی. ببوورە من نایزانم.»

گوایا بۆم ڕوون دەکاتەوە، بە تێکەڵ‌وپێکەڵی گوتی:

«ها تەوقیقی جەڕەسی.. ئەو تەوقیقەی ناو جەڕەسی مۆبایلی..؟»

بە جلوبەرگ و بەم قسانەیدا زانیم حاڵ و گوزەرانی باش نییە. ویستم ڕۆڵی ئەو کەسەی چایەکەی پڕ بوو لە موو بگێڕم، بڵێم: ئەوە کەی حاڵە. بەڵام وام نەگوت.

«نا، ئەوە بانگە. مزگەوتە بانگ دەدات. مەلایە.»

هیچی نەگوت، بڵەبڵێکی کرد لێی حاڵی نەبووم. گوتم:

«تێگەیشتی؟»

«ئاا، تێگەیشتم. بەڵام کاکە، ئاخۆ، ئەوە، ئەوە مەلای کەیە؟»

لە چەند چرکەیەکی کەمدا، بڕوام هێنا حاڵی خراپ نییە و خۆی لە من وا لێکردووە. دەنا مانای چییە بەم ئێوارەیە لە کاتی مەلابانگدان دەپرسێت؟ وەک من چاوی دنیا دەبینێت. زۆر نا، تۆزێک بە تووڕەیی پێمگوت: «هی عەسرێیە.» ئەمەش بۆ ئەوەی بزانێت گاڵتەی پێ دەکەم، هەروەها خۆشی ئاشکرا بکات حاڵی باشە. بەڵام هەر کە وامگوت، ملی بە نیشانەی “ئااا ئەوجار زانیم” لەقاندەوە. چەند خولەکێک تێپەڕی و هیچی نەگوت. لەو بێدەنگیەدا ڕوانیمە پرچی، پڕ و ماش‌وبرنجی بوو، مووە ڕەشەکانی تابڵێی ڕەش بوون. وەڵامە هەڵەکەی پێشووم ڕاست کردەوە:

«مەلای ئێوارە بوو بانگی دا. باشە؟»

سەیری نەکردم. سەیری شەکردانەکەی بەردمی خۆی دەکرد. هۆشی لە من و خۆی نەمابوو، بیری لە شتێک دەکردەوە. بەڵام بە ئاماژەکانی سەر و ڕوخساری پێیگوتم: “بەڕاست؟ ئااا، ئێ ئێێ..”))

نازانم پێشتر لە پیلان و هێڵکارییەکانمدا ئەو کارەکتەرەی تێدابوو یاخود نا، بەڵام ئێستا لە وەختی نووسینی ئەم نامەیەدا، پێم وایە لە تەنیایی ئەوسام و لە داخی پرچ وەرین و بۆ ئەوەی یەکێک هاودەمم بێت، بەکارمهێناوە.

((دەستەکانم بەملاولای کورسییەکەی ژێرمەوە گرتن و هەستامە سەر پێ. لەگەڵ هەستانمدا وەک کڵاوێکم لەسەر بێت و بکەوێت یا پێشتر کەسێک هەندێ تووک‌ومووکی خستبێتە سەر سەرم و بڕژێن، ئەوتۆ پرچم وەری. لە نێوەڕاستی ئەو کورسییانەی بە چواردەوری چیمەنتۆکەدا پاڵدرابوونە یەک، وەستام. ورتەورت لە دەوروبەرم هات. هەمووان خرۆشان. خشەخشی پێ و کڕەکڕی کورسی کاتێک خەڵکی هەڵدەستانە سەرپێ و دەنگی گوتنی «کوا؟ کوا؟» لە پشت شانی یەکتریانەوە دەهات. لە گشت لایەک باسی پرچم دەکرا چۆن هەڵدەوەرێت. کابراکەی تەنیشتم یەکەم کەس بوو دەستی بۆ درێژ کردم و ویستی شتێک بڵێت. هیواداربووم شتێک بڵێت بۆ من باش بێت. بەڵام لە قاقای پێکەنینی‌دا و لەبەر پێکەنین نەیتوانی هیچ بڵێت. بەو ڕێگەیەی لە جێگەی بەتاڵی کورسییەک دەچوو، خەڵکی پێیدا دەڕۆیشتن و دەهاتنە چایخانە، چوومە دەر. ئەو ژن و پیاوەی لەملاولای جێ کورسییە بەتاڵەکەوە دانیشتبوون سڵیان کردەوە و خۆیان بەدوور گرت لێم. دەتگوت خۆیان لە پڕیشکی ئاگر دەپارێزن. چایەچییەکە بە واق‌وڕماوی تەماشای کردم. لەوکاتەدا ڕوانینم لە ڕوانینی ئاڵقا و هەندێ جووڵەی خێرا و بێمەبەستانەی کردن، تێگەیشتم دەیەوێ هەرچی زووە لە چایخانەکەی نەمێنم. هەندێ ژن تۆقین، دەستیان کرد بە قیژەقیژ و ڕایانکرد. ڕایانکرد و خوایە هاواریان لێ‌هەستا و گوتیان دەجال هەستاوە. لەوکاتەدا، ترسام تاوانێکی گەورەم کردبێ و بەخۆم نەزانیبێت. لە لێقەوماوی و بێکەسی خۆمدا، بێ ئەوەی هیچ کەس شتێکم پێ بڵێت، لەنێو سەدان نیگا و تیلەی چاواندا، دەستم کرد بە گریان و کەوتمە پاڕانەوە: تکا دەکەم وازم لێ بهێنن.

سەرسوڕمانی زیاتر خەڵکەکەی گرتەوە. دەمزانی کەس نایەوێت لێی نزیک ببمەوە. منیش تووخنی کەس نەدەکەوتم و تەنانەت، خواخوام بوو بڕۆم لە ماڵەوە یا لە شوێنێکدا تەنیا بم. ڕۆیشتم و ڕووم کردە لای ئەو ڕیزەدوکانە داخراوانەی ها ئەمڕۆ نا سبەی وێران دەکرێن، خۆم بە لادیوارێکەوە گرت نەکەوم. سەیری خەڵکەکەم کرد بەسەر شۆستەکەی ئەوبەر و جادەی نێوانماندا یەکتربڕ دەڕۆیشتن، ئەوانیش سەیریان دەکردم. دەنگەدەنگ و ژاوەژاو، قیژە و هەرای خەڵکی کە نەمدەزانی دەڵێن چی هەروا بەردەوام بوو و بەم هۆیە، ئەوانەشی ئاگایان لە هیچ نەبوو، لێم خڕ بوونەوە. بێکەس و هاواڵ، دیوارودیوار شەقاوم هەڵێنان، ویستم دوور بکەومەوە. دەڕۆیشتم و پرچم بە ئەرز و ئاسمان‌دا دەوەری. لەملاوە بۆم دەهاتن، لە پێشمەوە ڕووبەڕووم دەبوون، لە پشتمەوە دوام کەوتبوون. گوێم لە دەنگێک بوو دەیگوت: دەڵێی باویلکەیە. یەکێک لە وەڵامی ئەو دەنگەدا گوتی: ناا، باویلکەپیاوە. کەسێک نەبوو پێیان بڵێت: بۆ خاتری هیچ نا، بۆ خاتری خوا وازی لێ بهێنن.

بێ‌هاواڵی ئەمەی خراپە، کاتێک بینیم تەواو لێم قەوماوە، نەمزانی پەنا بۆ کێ بەرم. دایکم یەکەم کەس بوو هات بە مێشکمدا، لەبەرئەوە نا دایکم تاقە هاواڵم بێت، بەڵکوو پێم ‌وابوو هەر ئەوە دەتوانێ خەمێکم لێ بخوات، چ بۆخۆی یان له شوێنێکەوە بۆ چارەی پرچم شتێک پارەم بۆ پەیدا بکات. مۆبایلەکەم دەرهێنا و تەلەفۆنم بۆی کرد. هەر کە دەنگیم بیست، گەرووم گیرا، گیرا وەک هەڵماتێکی لێ گیر بووبێت. پێمگوت دایکە لێم قەوماوە. ئەو قوربانم بوو، ئینجا گوتی چی ڕوویداوە؟ دوای ئەوەی حاڵ‌وڕەوشی خۆم بەکورتی باس کرد، گوتم:

«خەریکە تاڵەمووێک نامێنێ بە سەرمەوە.»

ئەو گوتی:

«لە خەڵکی دوورکەوە. هەر ئێستا وەرەوە بۆ ماڵێ.»))

ڕووناکی چرای سەرجادە و کزەبایەک لە پەنجەرەکەوە دەڕژانە ژوورێ. ئەملاولای کورسییەکەم گرتن و خۆم بە پشتدا خست، ڕووم کردە ساپیتکەکە و هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا. خۆم ڕاست کردەوە. کۆمپیوتەرەکەم بەسەردا داخستیەوە. سەیرم نەکرد ئاخۆ بەسەر چەند تاڵەمووی پرچیشمدا دامخستووەتەوە. لەسەر کورسیەکەم هەستام و لەگەڵ هەستانمدا وەک ورتکەوپرتکەم لەسەر سەر بن و بکەون، تۆپەڵ‌تۆپەڵ تاڵەموو بەملاولامدا هەڵوەرین. بەجۆرێک ڕاپەڕیم، کورسیەکەم بە پشتدا کەوت و بە لاونیویی بە دیوارەکەوە مایەوە. گڵۆپەکەم پێ‌کرد و سەرەوژێر لە هەیکەلی خۆم ڕوانی. بلووزێکی مووگرەی لەکەوڵم لەبەربوو، دونیایەک تاڵەمووی بەسەردا کەوتبوون و تێی هەڵچووبوون. ڕەنگم هەڵبزڕکا. بێئەندازە تووڕە و داخ‌لەدڵ‌ بووم. بەڵام چونکە تەنیا بووم و کەسێکم لا نەبوو بگریم و بەم جۆرەش سۆزی ببزوێنم، خۆم‌گرت و بەترسەوە لەسەر ئەژنۆ بە ژوورەکەمدا گەڕام و کەشفی تەواوی سووچەکانیم کرد. هەموو لایەک مووی وەریو تەنیبووی. ئەوەندەی توانیم کۆم کردنەوە و لەگەڵ ئەو کاغەزانەی پیلان و هێڵکاریی تۆم لەسەریان کێشابوو، بردنمە حەوشە و ئاگرم تێ بەردان. شپرزە و ڕاڕا دەستێکم هەر بە سەرمدا دەگێڕا و هێشتا مووی دیکەم پێوەمابوون. لەژێر مێزی نووسینەکەم کڵاوێکی سووفم هەبوو، دەرمهێنا و کردمە سەرم، تا چیتر دەروژوور پیس نەکەم. لەپاڵ پەنجەرەکەوە دانیشتم و ئەوەی بەسەرمدا هاتبوو بیرم لێی کردەوە. بەخۆم گوت: هیچ دەسەڵاتم نییە، شتێکە و هاتووە. درۆم لەگەڵ بیر و دڵ و دەروونی خۆمدا دەکرد. ئەو کتێبەی سێ ڕۆژ بوو هیچم لێی نەخوێندبووەوە، هەڵمگرت و بەو نیازەی بیخوێنمەوە هاتم لای پەنجەرەکە دانیشتمەوە. نەمخوێندەوە و کتێبەکەم بەدرێژیی بەسەر ڕۆخی پەنجەرەکەوە ڕاگرت. هەردوو ئانیشکم خستنە سەر ڕانەکانم و پەنجەکانی دەستم تێکنان. گوێم لە تکەکی ئاوی بەلووعەی پشت پەنجەرە ڕاگرت و لەگەڵیدا، خەیاڵم کرد وا ئێستا دڵۆپ‌دڵۆپ پرچم تک‌تک دەتکێ. هێنامە بەرچاوم کەچەڵ‌کەچەڵ بێرە و بەوێدا، نابووت‌نابووت دێم و دەچم. لە دڵی خۆمدا گوتم: لەوانەیە نەتوانم جارێکی تر چاو ببڕمە چاوی هیچ ژنێک. من قەت چاوەڕێی ساتێکی وا لەپڕ نەبووم و خودایە ئەمە چی بوو بەر دەرکەی لێ گرتم؟ بەم حاڵەوە، دەستم کردە هەڵدانەوەی پەڕەکانی ئەو کتێبەی هێنابووم. سەیری پێڕستەکەم کرد و ناونیشانی وتارێک بە: (ئەدیب ڕابردووی خۆی دەنووسێتەوە یاخود پێشبینی داهاتووی خۆی دەکات؟) سەرنجی ڕاکێشام. نەمخوێندەوە و دیسان کتێبەکەم داخستەوە. بیرم لەو ناونیشانە کردەوە و ڕوانیمە دەر. زەوی تۆزێک تەڕ بوو، بریقەی دەهات. ئاسمان ساماڵ و ڕەنگێکی شینی تاریکی هەبوو.

چیرۆکی ئازیزم، لە حاڵی خۆمەوە زانیم، ئەگەر چیتر سەرودڵی نووسینتم هەبووایە، دەیان چرکەساتی دیکەی ئاڵۆزی دەروونییم دەخستە نێو ژیانی کارەکتەرەکەمانەوە. بەڵام هەر بەوەندەی دایکی پێیگوت وەرەوە بۆ ماڵێ، وازی لێ دەهێنم، پێم‌وایە چووەتەوە دنیایەکی سەلامەت.

نازانم سەعات بووبوو بە چەند، لەسەر جادەکەوە ڕیزێک سەیارەی دوورودرێژ وەک ڕووبارێکی بەپێلی بریقەدار هێواش‌هێواش بەدوای‌یەکدا دەڕۆیشتن، وا پێ دەچوو کەسێک مردبێت. بیرم لە جادەی تەنیا کردەوە و گوتم ئەگەر ناوەختیش بێت جارجار تەنیاییەکەی دەڕەوێتەوە. کەوتە بیرم کەچەڵ دەبم. تۆقام و شێوام، گەرم داهاتم، زیاتر لەهەر شتێک ڕقم لەخۆم هەستا. لەوانەیە هەرکەس بە بیرکردنەوە لە کەچەڵبوونی خۆی، چ جای ئەو کەسە گەنجیش بێت، یەکەم شت بیری لێ بکاتەوە ئەوەبێ، چیتر ناتوانێت سەرنجی هیچ ژنێک بۆخۆی ڕابکێشێت.

تا تاریک‌وڕوون نەخەوتم. کاتێک خەوتم کڵاوە سووفەکەم لە سەر بوو. کاتێکیش هەستام وەک هیچم لەسەر نەبووبێت سەدان تاڵەموو بەسەر نوێن و ڕوخسارم وەربووبوون. دەستم گەیاندەوە سەرم و هێشتا مووی پێوەمابوون. هیچم نەخوارد، گوتم لە بازاڕ نان دەخۆم. بەخۆکەوتم و پێڵاوم لەپێ کردن. لە حەوشە، بۆنی پووشی تەڕ بە لووتمدا چوو. پڕووشەی بارانم بەسەر دەرگەی دەرێدا بینین بەخێرایی خل دەبوونەوە بنڕێسمەی دەرگاکە. کابرای گادێر دەتگوت چاوەڕێم دەکات. لای هۆڵەکەیەوە بینیمی بەنیازم بێمە دەر. دووربەدوور سڵاوی لێ کردم و بەرەوڕووم هات. وەک هەمیشە خۆش‌خەبەر دەهاتە بەرچاو. نزیک کەوتەوە و شەقاوەکانی هێواش کردنەوە و بە وردی تەماشای کردم. چاوە کیسەڵییەکانی زەق کردنەوە و پێی گوتم:

«ئەوە چییە، پرچت بۆ وایە؟»

بێ ئەوەی بەخۆم بزانم، گەمژانە بەڕوویدا پێکەنیم. دەستی کرد بە پێکەنین و لەگەڵ پێکەنینەکەیدا من هاتمەوە سەر خۆم. بە بێدەنگی وەک بڵێی تابلۆیەک بەرانبەرمە، لێی ورد بوومەوە. هەر کەسێک ئەو جلوبەرگە زەردە نایلۆنیەی بۆ لای مانگاکان و لەترسی سەرما پۆشیبووی، ئەو ڕوخسار و ڕیشە پۆخڵەی مانگی جارێک دەیتاشی، ئەو پرچە پڕ و چڵکن و ئاڵۆسکاوەی دەتگوت قەت نایشوات، ئەو ددانانەی هەزار سوێندت دەخوارد قەت فڵچەیان بەرنەکەوتووە، بینیبا، گومانی لە ئەقڵ و دەروون و تەنانەت تەندروستیشی دەکرد. ئینجا واق وڕماویەکی ساختەی تێکەڵ بە پێکەنینەکەی کرد و لەکاتێکدا بەترسەوە خۆشی لێ بەدوور دەگرتم گوتی:

«ئای ئای، سەرت یەک دنیا پەڵەی تێکەوتوون. ئای ئای، خۆ هەر دەڵێی بارانە و لە سەرتەوە دەبارێ.»

ئەگەر پشتم تێنەکردبا و نەڕۆیشتبام، دەبوو لەگەڵی بەشەڕ هاتبام. ڕووم کردە دەشتەکە و هەوای دەشتیش پڕ بوو له بۆنی پووش. لەگەڵ ڕۆیشتنمدا پێڵاوەکانم تۆزێک لە قووڕەکە دەچەقین و لەگەڵ هەڵگرتنیشیان‌دا پڵتەیان دەهات. بەدەم ڕۆیشتنەوە تووند و تووڕە بووم و ئەویش بەمەی دەزانی. باسی پرچمی گۆڕی و دەنگی بەرز کردەوە و باسی دکتۆرەکەی دوێنێی کردەوە کە ستایشی دەکرد. پێم‌وابێ دەیگوت ئەویش خراپ دەرچووە و زیانی بە مانگاکانی گەیاندووە و برازاکەی بەنیازە دکتۆرێکی چاکتری بۆ بدۆزێتەوە.. گوێم پێ نەدا. پرچم بە ئەرز و ئاسماندا دەچوو و کە زانی وەڵامی نادەمەوە، لە داخاندا، لە پشتمەوە بە دەنگێکی گەمژانە باسی لێکچوونی من و باویلکەی کرد، کە پاییزان “با” تۆوە سپی و سووکەکەی بەملاولادا بڵاو دەکاتەوە. گەیشتمە سەر جادە و لەوکاتەدا سەیارەیەک پێش سەیارەیەکی تر دەکەوتەوە. لەژێر ئاسمانی بە هەور و نەرمە بارانێکی ورد دا، کەوتمە ڕۆیشتن. دەمویست تا جەرگەی بازاڕ نەوەستم، بەڵام لە چاودێری و فسکەفسکی ئەملاولا ترسام. وەساتم. دەمزانی نابێ بترسم، بەڵام چونکە هەر دەترسام، ئەمەش تووڕەی دەکردم. یەکەم‌جار بوو هەرای مێشکم وام لێ بکات بیر لەو بوونە دۆزەخییەی تێیدام بکەمەوە و هیوای نەبوونێکی شاد و بێدەنگ بخوازم. بیر و یادەوەرییەکانم تێکەڵوپێکەڵ بوون. شوێنێک نەبوو ڕووی تێ‌بکەم. برادەرێکم بیر کەوتەوە، ئەوەندە غەریبیم کرد چەند دڵۆپە فرمێسکێکی گەرم تا نێو دەمم نەوەستان. ئەو برادەرە ئێستا لێم دوورە و برادەریشم نەماوە. زانیم هیچ ئەنجامێکی باش لەنێو خەڵکی، لە دەر و بازاڕ، لەنێو هەزاران کەسدا یەکێک دۆستم نییە، چاوەڕێم ناکات. بەخۆم گوت: هیچ چارەیەکت نییە، ئەگەر بشمری، ماڵێ چاکترە. هیچ نەبێ هاودەردێکت هەیە، وەک خۆت، تاڵەموویەک نەماوە بە سەریەوە.

خەزەڵوەری ٢٠٢١