گومانە خۆڵەمێشییەکان
(لە پاڵ سەرنجەکانى کاک سەردار عەزیزدا)

چەند ڕۆژى ڕابردوو، کۆمێنتێکى بچوکم بۆ کاک “سەردار عەزیز” نووسى لەمەڕ پەیوەندیی کۆمەڵگاى ئێمە و کۆچ، کاک سەرداریش کۆمێنتەکەى بە هەند وەرگرت و ڕستە بە ڕستە سەرنجى خۆى خستە ڕوو. ئەوەى من لەم نووسینە خێرایەدا دەیخەمە ڕوو، وەرگرتنى نووسینەکەى کاک سەردار 1نووسینەکەی سەردار عەزیز بە ناونیشانی “بۆ وەلید عومەر: ئایا تەنها فەلسەفە وەڵامی پرسی کۆچ دەداتەوە؟” لە ماڵپەڕی ژنەفتن بڵاو کراوەتەوە. https://jineftin.krd/2021/11/17/%d8%a8%db%86-%d9%88%db%95%d9%84%db%8c%d8%af-%d8%b9%d9%88%d9%85%db%95%d8%b1-%d8%a6%d8%a7%db%8c%d8%a7-%d8%aa%db%95%d9%86%d9%87%d8%a7-%d9%81%db%95%d9%84%d8%b3%db%95%d9%81%db%95-%d9%88%db%95%da%b5%d8%a7/ ە بۆ وتنى کۆمەڵێک شتى تر. کۆمەڵێک گومان کە بە هیچ بارێکدا بۆ من یەکلا نین، بەڵام ڕەنگە ئاسۆ بۆ باسوخواسى تر بکاتەوە لە داهاتوودا. لەم دوو تەوەرەدا، تەنیا تەوەرى یەکەم بۆ نووسینەکەى کاک سەردار تەرخانە، بۆیەشە دیسان لەناو وێنەیەکى “گشتى”تردا کۆى شتەکان وەردەگرم. بۆیەشە ناوی نانێم “وەڵام”، پێم وایە ئێمە لە ژێرخانى ڕۆشنبیرى و کولتووریدا تێکڕا لە سەرەتاى دروستکردنى پرسیارداین نەک وەڵام. هێشتا پرسیارى تێروپڕمان نییە، بۆیە وەڵامەکان هەرچى بن زوو بیر دەچنەوە و ڕاگوزەر دەردەکەون. ئەمە جگە لەوەى مەعریفە دیاردەیەکى خۆراواییە، لە یۆنانەوە بۆ مۆدێرن، و پرسیارەکانى ئێمەش دەرهاویشتەى ئەو شارستانییەتەیە. وەڵامێک نییە لە خۆمانەوە دەرچووبێت. هەتا کە وەڵام بۆ شتێکیش دەدۆزینەوە بەرەنجامى هاتنى دیاردە خۆراواییەکانە: بۆ نموونە، گەر بڵێین ئابووریی نیولیبراڵ هاتووە، یان پۆستمۆدێرن بووەتە ستایلى ژیانى خەڵکانێک، یاخود کۆچ هۆکارى مۆدێرنى لەپشتەوەیە، تێکڕا فشارى جێیەکى ترن بۆ سەر ئێمە. پرسیارە گەورەکانى ئێمە لە ئاستى گشت(whole)دا ڕوون نین، چ بگاتە وەڵام. گەر لە مەعریفەى یۆنانییدا پرسیارى ماهیەت(چیەتى-essence) تا مۆدێرن باو بووبێت و پرسیار کرابێت ئەمە چییە و ئەوە چییە و، لە مۆدێرنەشدا(بەتایبەت لە کایەى دەروونشیکاریدا) پرسیار کرابێت فڵان چیی دەوێت و ئەوی تر چیی دەوێت، ئەوا هیچکام لەم دوو پرسیارە لاى ئێمە یەکلا نەکراونەتەوە: بەپێى یەکەمیان کورد چییە؟ بەپێى دووەمیشیان، کورد چیی دەوێت؟ دیارە بە هەموو ناکۆکى و بەشە جیاوازەکانى ناو کوردبوونەوە، پێم وایە کورد وەک گشتێک هەر دەمێنێتەوە. گومانەکەم لەوەش ڕیشەییترە، ئەسڵەن ئەو دوو پرسیارە یۆنانییە-مۆدێرنە تا چەند بە ئێمە دەخوات؟


      گومانى یەکەم:”گشت” بۆ؟

لەو سەرنجەمدا بۆ کاک سەردار، داکۆکیم لە چەمکى “گشت” کردبوو، ئەویش وەک چەمکێکى سەرەکیی ناو فەلسەفە. لەوێدا ویستوومە بڵێم هەر دیاردەیەک لە هۆکارێک زیاترى لەپشتەوەیە، هەر هۆکارێک بەشێکى سرووشتى دیاردەکە پێکدێنێت، هەموو هۆکارەکانیش پێکەوە خزمەت بە “گشت”ێک دەکەن. واتە هەر دیاردەیەک گەر لە هۆیەکى وەک ئابووریشدا بتەقێتەوە، ئەوا بەرەنجامى فشارى هێشوویەک هۆکارى تریشە کە لە بنەوە ئیش دەکەن. ئەم هۆکارانەش پێکەوە وێنەى گشتیی دۆخەکە دروست دەکەن. هۆکارەکان هەموو کات بەیەکەوە خۆیان نانوێنن، بەڵکوو زۆرینەى جارەکان لە ڕێى یەک هۆکارەوە گوژمى خۆیان دەنێرنە دەرەوە بۆ واقیع و دەبنە ڕووداوێک.بەڵام بەدحاڵیبوونێک بە هۆى ڕووبەرى بچوکى کۆمێتەکەوە ڕوویداوە کە کاک سەردار “گشت”ـى بە هێزێکى نادیار وەرگرتووە کە گوایە من ویستوومە بڵێم ئەو “گشت”ـە بریتییە لە سەرمایەدارى. ئەو “گشت”ـەى من مەبەستم بوو، گشتێکى چەمکایەتییە، گشتێکى فەلسەفى، چونکە فەلسەفە خۆى کایەیەکى گشتەکى و گشتگەرایە. میتافیزیک(ئۆنتۆلۆژیا) تا ئێستاش ئەو ڕووەى فەلسەفەیە کە بۆ ژێرخانى گشتیی دیاردەیەک دەگەڕێت و مافى هۆکارە بەشەکییەکان دەدات، بەڵام ملکەچى پرەنسیپێک یان بنەمایەکى تیۆریشیان دەکات. فەلسەفە هێند ڕیشەیی دەڕوات، کە چەمکى هۆکار و هۆکارێتى(causality) خۆیشى دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەپرسێت: ئاخۆ بە دۆزینەوەى پەیوەندیی نێوان هۆ و ئەنجام، دەتوانین لە کۆى جیهان یان دیاردەیەک تێبگەین؟ میتافیزیک لە فەلسەفەدا، پەیوەندیی بە غەیب و دینەوە نییە، بەڵکوو بۆ نادیارێکى تیۆرى و چەمکایەتى دەگەڕێت کە دەکەوێتە ئەودیوى هۆکارە فیزیکى و بینراوەکانەوە. مەرج نییە هەر چەمکێک نەبینرێت ئیدى بوونى نەبێت، بەڵکوو چەمک خۆى بە زات نەبینراوە، گشتەکییە، ئەبستراکت و کۆکەرەوەیە. لە فەلسەفەدا بەگشتى کاتێک بۆ گشت و کۆى دۆخێک و دیاردەیەک دەگەڕێین، ئەوا خەریکین جۆرێک لە کارى میتافیزیکى ئەنجام دەدەین، واتە لە بوون و ئۆنتۆلۆژیاى دیاردەکەوە تا ناسین و هۆکارەکانى و ڕوودانەکەى پێکەوە دەبەستینەوە. لە زانستە مرۆڤایەتى و کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ نموونە کۆمەڵناسى، زۆر جار ئەم “گشت”ـە دادەبەزێت بۆ ئاستێکى خوارووتر کە هەر خوێندنەوەیەکى گشتییە بەڵام ئۆنتۆلۆژیاى لەگەڵ نییە، بوونى دیاردەکە بۆ کۆمەڵێک هۆکارى لێکدابڕاو و بەشەکى کورت دەکاتەوە. بۆ کورد و کێشەکانى، ڕەنگە نەتوانین بەبێ “گشت”ێکى فەلسەفى مافى شتەکە بدەین، چونکە هەر دیاردەیەک پەیوەندییەکیشى بە “بوونى کورد”ـەوە هەیە. لە خۆراوا بیریاران زۆرێکیان باسى “بوونى کۆمەڵایەتى” دەکەن و بوون بۆ ئاستى پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و کۆمەڵناسییەکان دادەبەزێنن چونکە کۆمەڵگا بە مانا ئۆنتۆلۆژییەکەى لە مۆدێرنەدا بۆ ئەوان هاتەدى. بۆ نموونە مارکس و لۆکاچ، بەجۆرێک باسى کۆمەڵگا دەکەن وەکبڵێى دیاردەیەکى مۆدێرنە و کۆمەڵێک پەیوەندیی تاقانە و نوێى تیا درووست بووە کە “بەش” و “گشت”ـەکانى یەکتر بەرهەم دێننەوە. مارکس و لۆکاچ هەردووک لەوەدا یەک دەگرنەوە کە هیگڵین و هەژمارى جدى لەسەر کۆمەڵگا دەکەن وەک “گشت”ێک. بەڵام من گومانم هەیە لەوەى ئێمە ئاخۆ سەربارى دیدى گشتبینانەمان بۆ خۆمان، چەندە «کۆمەڵگا»ین؟ بۆیە نەک هەر وەرگرتنى بەشێک، بەڵکوو وەرگرتنى “گشت”یش هێشتا پێویستى بە ڕامانى زیاترە.

دیارە گشت(کل-whole) و بەش(جزء-part-)، هەر لە سەرەتاى فەلسەفەوە پرسێکى بنەڕەتى بووە. ئایدیا خۆى هەمیشە سرووشتێکى گشتەکى(کلى-universal)ـى هەبووە. ئەفلاتوون کاتێک دەڵێت مرۆڤ، ئەوا باسى گشت-ێک دەکات، “گشت”ێک کە بەشەکانى دابەش دەبن بەسەر زۆر جۆرى مرۆڤدا: مرۆڤى نێر، مێ، ڕەشپێست، سپى پێست، شەل، کوێر، ساغ، شێت، تووڕە و هتد. کاتێک دەڵێت کەڵەشێر، ئەوا ئەم ناوە گشتییە، بەسەر بێشومار بەش(کەڵەشێر)دا دابەش دەبێت کە کەڵەشێرى سوور و ڕەش و هاراتى و بچوک و گەورە و هتد دەگرێتەوە. واتە ماهیەتى هەر بەشێک لەناو خۆیدا نییە، بەڵکوو دەچێتەوە سەر ئایدیا گشتەکییەکەى ئەو بەشە. کۆمەڵگاش دیسان ناوێکى گشتییە بۆ زۆر جۆر و قۆناغ و پێکهاتەى کۆمەڵایەتى. هەر كۆمەڵگایەک “گشت”ێکە بۆ کۆمەڵێک بەش، جا ئەم بەشانە لە ڕووى میتۆدییەوە بەسەر پێکهاتەى کۆمەڵایەتیى جیاجیا یان هۆکارى جیاجیا یاخود قۆناغى جیاجیادا دابەش دەبن. کۆمەڵگا، ئەو ناوە گشتییەیە کە لەکۆدا ماناى تەواوەتیی خۆى وەردەگرێت. دواسنوورى کۆمەڵگا، هەر کۆمەڵگا خۆیەتى. لە چەند دەیەیەى ڕابردوو، ئێمە دوو پێناسەى بەڕواڵەت لێکچوومان هەیە کە لە ناوەڕۆکدا تەواو دژى یەکترن: لەلایەک نیولیبراڵەکانى وەک تاچەر دەیانوت “کۆمەڵگا بوونى نییە”، ئەوەى هەیە تاکەتاکەى خەڵکە. تاچەر کە ژنەسیاسییەکى بەریتانى بوو، دەیویست نکۆڵى لە کۆمەڵگا بکات وەک “گشت”ێک، و تەنیا کۆمەڵێک بەش و پارچەى پەرت وەرگرێت بەناوى تاک. نیەتى تاچەر ئەوە بوو لەڕێى ئەم پێناسەیەوە، بەرپرسیارێتى بخاتە سەر تاکەکان و دەوڵەت لە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی گشتى هەڵبێت و سەرەنجامیش لینکى کۆمەڵایەتى سست بکات. ئێرنیتسۆ لاکلاویش لەژێر کاریگەریی ژاک لاکاندا بە هەمان دەربڕین دەڵێت «کۆمەڵگا بوونى نییە»، بەڵام بە مانایەکى جیاوازتر: لاکلاو دەیەوێت بڵێت “گشت” بريتيیە لە کۆمەڵێک بەشى ناکۆک و ناهاوسەنگ. واتە کۆمەڵگا ئەو گشتە نایەکانگیرەیە کە لە دەورى ناهاوسەنگییەک دروست بووە. دایم کۆمەڵێک هێزى جیاجیا شەڕ لەسەر هەژموون دەکەن و کەسیش ناتوانێت کۆیەتى و گشتێتیی کۆمەڵگا بەدەستبێنێت. تەعبیرى “بوونى نییە”، تەعبیرێکە وشەى “بوون”ـى تیایە و ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگا لە ڕووى ئۆنتۆلۆژی(بوونناسییانە)یەوە. بۆیە بەپێچەوانەى دیدە میکانیکى و ئابوورى و حیسابییەکەى تاچەرەوە، لاکلاو ماهیەتى کۆمەڵگا پێناسە دەکات کە کۆمەڵگا بە ماهیەتى خۆى نایەکانگیرە و لە دەورى “مەحاڵ-ڕیاڵ”ێک دروست دەبێت. گرنگ نییە تۆ لە کام شوێنى دونیادایت، گرنگ ئەوەیە کۆمەڵگاى مۆدێرن لە ڕیزێک دژایەتى و ئەنتاگۆنیزمى ناوەکى پێکهاتووە کە قەت ناگاتە ساتى ئارامى. گشت بوونى هەیە، بەڵام بەشەکانى لەسەر چێژ(ژویسانس)ـى خۆیان دەجەنگن. ئەمە بیرخەرەوەى هاوکێشە فەلسەفییەکانى تریشە سەبارەت بە پەیوەندیی “گشت” و “بەش”: لاى هیگڵ، “گشت” کۆکەرەوەیەکى پاسیڤى بەشەکان نییە، دەفرێک نییە کۆمەڵێک بەش و پارچەى خۆى هەروا بەئارامى کۆ بکاتەوە، بەڵکوو جێیەکى نائارامە بۆ ململانێ و دیالەکتیک.”گشت”ـەکەى هیگڵ، بەجۆرێک لە جۆرەکان، ناوى “گشتى کۆنکرێتی”یە، و بە هۆى نێگەتیڤیتەیەکى ناوەکییەوە هەمیشە کەمێک بەر لەوەى ببێتە گشت، شکست دێنێت. گشت هەیە، بەڵام چوارچێوەدار و داخراو و پێشوەخت دروستکراو نییە. فەلسەفەى هیگڵ خۆى گشتێکە هەریەکە لە لۆژیک و سرووشت و ڕۆح لە کۆمەڵێک کاتیگۆرى و پەیوەندیی پڕجووڵەدا کۆ دەکاتەوە کە هیچ کاتیگۆرییەکى ئارامیی پێویستى نییە. هەتا لاى هیگڵ، گشت، هێند لەناوەوە نائارام و بەجووڵەیە کە وەک پرۆسەیەک وایە بەبێ ئەوەى سنوورى بەشەکانى بەتەواوى بتوێنەوە. بۆیەشە جەوهەرى هیگڵى، هاوکات جەوهەرێکى مۆدێرنە، جەوهەرێکە پێشوەخت و داخراو نییە بەڵکوو لەکۆدا ڕۆڵى بکەر و سوبێکت دەگێرێت- گشتێکە خۆى بکەرى ڕیترۆئەکتیڤانەى خۆیەتى. لاى مارکسیش، کۆمەڵگاى بۆرژوازى لە “گشت”ێک پێکدێت کە دوو بەشى ناکۆکى وەک پرۆلیتاریا و بۆرژوا بەناچارى کۆ دەکاتەوە، بەڵام سەرەنجام ئەم دوو بەشە لێکدەترازێن و پرۆلیتاریا وەک زیادە(surplus)ـى ئەم گشتە، سەرى گشتەکە دەخوات. هەر ئەم “بەش”ـە بێبەشەشە کە لاى ژاک ڕانسێر گشت کۆمەڵگا سیاسی دەکاتەوە و ناهێڵێت پرسى هەژموون ئۆقرەبگرێت. قسەکردن لەسەر گشت و بەش زۆر ئاڵۆزە و زۆریشى دەوێت(دەکرێت گەڕانەوە هەبێت بۆ بەشى دیالەکتیکى گشت و بەش لە کتێبى: فیکر و سەرکێشییەکانى). بەڵام گرنگە لێرەدا ئاماژەیەک بۆ نۆمینالیزم(nominalism) بکەین کە دیدێکى ڕیشەیی و بنجبڕە بۆ پرسى گشت و بەش. نۆمینالیزم واتە ناوگەرایی، چەند سەدەیەکە لە باسوخواسى فەلسەفیدا ئامادەیی هەیە و لایەنگرى خۆیشى هەیە. نۆمینالیستەکان، نکۆڵى لە بوونى چەمکە گشتییەکان دەکەن. ئەوان تەنیا دان بە شتە کۆنکرێتى و بەرچاوەکاندا دەنێن. بۆ نموونە، “سەوزى” تەنیا ناوێکى وەهمییە و، ئەوەى هەیە بریتییە لە شتانى سەوز وەک: کراسى سەوز، بیناى سەوز، چاوى سەوز و هتد. لە دونیاى ئیسلامدا زۆر جار ئیبن تەیمییە بە نۆمینالیست ناودەبرێت چونکە بە لاى نەقڵدا دەشکێتەوە تا عەقڵ و گشتە پەتییە عەقڵییەکانى. نۆمینالیزم، گەرچى باسێکى تیۆلۆژی و میتافیزیکییە، بەڵام دەکرێت خەڵکە ئاساییەکەش بە فۆرمى سادەى خۆیان قبوڵى بکەن یان ڕەتیکەنەوە چونکە سەرەنجام خاوەنى زەینێکن. ئەو زەینەى کە کۆمەڵێک شتى پێ کۆ نابێتەوە و بڕوا بە گشتێک ناهێنێت، دەشێت نۆمینالیست بێت. ڕەنگە سوودى گشتبینى ئەوە بێت کە مافى کۆمەڵێک بەش دەدەیت، بەڵام بەشبینى بریتى بێت لە چەپاندنى بەشەکانى تر لە یەک کاتدا. ئەو “گشت”ـەى من مەبەستمە، دەفرێک نییە بۆ کۆمەڵێک هۆى تەواو پۆزەتیڤ و ڕوون، بەڵکوو هۆیەکى نێگەتیڤە، کە هۆکارە بەردەستەکان هەموو نەفی دەکات بەڵام هەڵیشیاندەگرێتەوە. کەلێنێکە لەنێوان هەموو هۆکارەکاندا: گشت بریتییە لەو کەلێنە.

لەم ڕووەوە، سەبارەت بە گشت و بەش، کاک سەردار دەنووسێت: «…قسەکردن لەسەر کورد بەگشتی، وەک دەربڕین جۆرێکە لە گشتاندنی نازانستی. ئەمە پێی دەڵێن کرۆکگەرایی، ئیسێنشالیست. دیارە کۆمەڵێک خەسڵەت هەیە کە کورد بەگشتی دەگرێتەوە وەک بە کەمینەکردن، نائارامی، نکوڵی، بێدەوڵەتی، بەڵام ئەم خەسڵەتانە وەکیەک لەسەر هەموو کوردێک کاریگەری نییە و هەموو کوردێکیش وەکیەک وەریناگرێت». لێرەدا دوو سەرنج دروست دەبن:

١) ئێمە دەتوانین کورد وەک “گشت”ێک وەربگرین و تووشى جەوهەرگەرایی(essentialism)یش نەیەین. کورد جەوهەرێکى نەگۆڕ نییە، بەڵکو بە لاى منەوە شوناسێکە هێشتا ڕوون نییە چۆنچۆنى لە دونیاى ئێستادا نیشتەجێیە. ئابوورى و پاشهاتەکانى، زۆر کار لە شوناس ناکەن و بازاڕى جیهانى، ستایلى خۆى دەباتە ناو هۆزە جێماو و سەرەتاییەکانیش.هەر ئەم بازاڕسازییەى کوردستان، بە یەک تۆز کیڕاندن، دەچێتەوە سەر ئەو جەوهەرە شلۆک و نەمەییوەى کە نازانین ناوى بنێین چى. لە دونیابینى و ئەخلاق و ڕۆشنبیرى و مافى تاک و دەیان خاڵى تریشدا دەتوانین مرۆیەکى کورد ببینین کە لەودیوى چین و دابەشکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا لە شوناسێکى گشتەکى(کلى)دا هاوبەشن و پرسەکەش جەوهەرگەرایی و کرۆکگەرایی نییە. جەوهەر هەمیشە هەیە و، لەبەر کۆمەڵێک هۆکاریش هەڵبەزودابەزى خۆى هەیە، بەڵام سنوورەکانى خۆى تێناپەڕێنێت. دیتنى ئەم جەوهەرە و خوێندنەوەى، هێندەى ئیشى فەلسەفەیە، ئیشى زانست و زانستە مرۆڤایەتییەکان نییە(کارێکى گرنگ لەو ساڵانەدا دیبێتم کتێبەکەى مامۆستایەکى کوردزمانە بەناوى “زەکەریا قادرى” کە مەودایەک لە میتۆدە زانستى و مرۆییەکان وەردەگرێت و کورد وەک گشتێکى ئۆنتۆلۆژى دەخوێنێتەوە). من خۆم لەو دیاردە تازانەى کە هاتوون، لە ئەنتەرنێتەوە بۆ کافێ و مۆڵەکان، پتر ماهیەتێکى ڕەشوڕووتى کوردانە دەبینم تا هونەرى کیچ کە بەرهەمى گەشەى خۆرئاوایە و بەراورد بە هونەرێکى باڵاتر، بە نزم دانراوە. ماهیەت لێرەدا لە بۆشاییەک دەچێت تا کرۆکێکى پڕ و نەگۆڕ. ڕەفتارى توێژە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگاى کوردى و دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانى لە بازاڕدا، وەک ڕاستیی ڕاگوزەر هەن، بەڵام لەقووڵاییدا ڕووپۆشێکن بەسەر ماهیەت و جەوهەرێکى ڕووتەڵەترەوە کە کوردبوونە. لە جێى تردا من چەمکى “ئەوی ترى گەورە”م بەکار هێناوە کە چۆن لەودیوى هەموو جوگرافیاکانیشەوە فەرمانڕەوایی بارى کۆمەڵایەتى و دەروونى و زەینیی کوردێک دەکات و لە “گشت”ـى کوردبووندا دەیکاتە هاوبەش. بێگومان بڕى کاریگەرییەکە بەم گشتە و بڕى نیشتەجێبوون و بەشدارییەکەش جیاوازە، بەڵام ئەم گشتە کۆتاسنوورى مانا و بەها و بوونى نیشتەجێکانى ناوێتى. ئەم گشتە، جوگرافییانە نییە بەڵکوو مێژوویی و ڕەمزی و کولتوورییشە. ئەو کولتوورە بازاڕییەى لە خۆراواوە دێتە ناو کافێ و هۆتێلێکى کوردییەوە، دەچێتە سەر ڕەهەندە کوردییە لۆکاڵەکە. لەنێوان لۆکاڵ و گڵۆباڵدا، سنوورێکى تراومایی و شۆکهێن هەیە و لە شوێنى تردا ڕەنگ دەداتەوە.

٢) کاتێک “گشت”ـى فەلسەفى وەردەگرین بۆ خوێندنەوەى دیاردەیەک، ئەوا هێشتا هۆکارەکە یەکسان نییە بە باگراوەندەکە. باگراوەند لێرەدا مەبەستم ئەو “گشت”ـەیە کە هۆکارە جیاجیاکان دەدوورێت بەیەکترەوە. بۆ نموونە، هۆى ئابوورى گەر لە ئارادا بێت ئەوا تێهەڵکێشى کولتوورى کوردى و دونیاى کوردى دەبێت و مانایەکى کوردییانەى لێ بەرهەم دێت. ئەمەش پرسى سنوور لەنێوان “گشت”ـە جیاجیاکانى جیهاندا دەردەخات کە “گشت”ـى کوردى جیایە لە “گشت”ێکى ناکوردى. خاڵى هاوبەش و یەکتربڕین هەن، بەڵام بەتەواوى نابنەیەکێک. نموونەیەکى سادە: گەنجێکى کورد لە پۆبجییدا بۆ شتێکى تر دەگەڕێت وەک لە گەنجێکى ئەورووپى.

یەک پەرەگرافى ترى کاک سەردار لەم ڕووەوە وەردەگرم:

«ئەگەر بمانەوێت فەلسەفییانە لە کۆچ بدوێین ئەوا ناتوانین باس لە کەیسی کورد بکەین. چونکە فەلسەفە یان ڕاستی دیاردەکە دەردەخات یان میتۆدێکمان دەداتێ بۆ تێگەیشتن لێی. بەڵام قسەکردن لە کەیسی کوردی ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە سیاسەت یان کۆمەڵناسی یان ئابووری. دیارە دۆخێکی ئاڵۆزی میتۆدۆلۆجی لە دونیادا بوونی هەیە. بۆ نموونە کەیسی ئەڵمانیا لایڤیبەر دەکرێت ببێت بە بنەمای چەمک بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام کەیسی کوردستان یان پاکستان تەنها کەیسی ئەو جێگایانەیە. لەم ڕوانگەیەوە، ناتوانین لە پرسی کورد فەلسەفییانە بدوێین». لێرەشدا دوو سەرنجى تر دروست دەبێت:

1) دیدى کاک سەردار لەم پەرەگرافەدا، دیدێکى پۆزەتیڤیستییە بۆ فەلسەفە. واتە دیدێکە لەسەر داتا و فاکت و ئەزموون و ڕاستیی بەشەکیی دیاردەکان بەندە. بەڵام وەک وتمان، فەلسەفە بەو مانایەى من مەبەستمە خاڵى نییە لە ئۆنتۆلۆژیا و بوونناسى. ڕاستى و حەقیقەت لاى من لە فاکت و ڕاستییەکى بەشەکیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو فاکت ساتێکى هەژارە لە کۆیەکى دەوڵەمەندتر. فەلسەفە هەروا سادە وەکوو زانستە کۆمەڵایەتییەکان نایەت میتۆدێکمان بداتێ بۆ تێگەیشتن لە دیاردەیەک، بەڵکوو هەر لەناو مێژووى فەلسەفەدا دژایەتییەکى زۆر هەیە بۆ دەسکەوتنى ڕاستى لە ڕێى میتۆدەوە. هایدگەر و گادامێر لەو ناوانەن کە دژى دیکارت و بەجۆرێکیش کانت دەوەستنەوە کە چۆن ڕێخۆشکەرن لەوەى ڕاستى تەنيا لە ڕێى میتۆدەوە بەدەستبێت. ئەفلاتون دەمێکە وتوویەتى کەرەستەى فەلسەفى بە ماناى فەلسەفاندن نایەت، بۆیە فەلسەفە کورت نابێتەوە بۆ ئامراز و میتۆدێک تا پێى بگەیتە ڕاستییەک و ئیدى پشتگوێى بخەیت. ئەوە ڕوانگەیەکى پۆزەتیڤیستییە کە هەرجارە و بەشێوەى بەشەکى لەسەر میتۆدێک دەوەستێت و دەگاتە ڕاستییەکى کورتخایەن و ئیدى پاڵدەداتەوە. داکۆکیی من لە گشت، ئۆنتۆلۆژیانەیە نەک ئەپستمۆلۆژى، واتە حسێب بۆ بوون دەکات نەک زانین بەتەنیا. هەر میتۆدێک هەژمار لەسەر ئۆنتۆلۆژیاى درێژخایەن نەکات، ڕەنگە تووشى هەڵوەستەى ژۆرنالیستى ببێت. ڕاستى دەپێکێت لە جێیەکدا، بەڵام خوێندنەوەکەى نابێتە پرۆژە. ئەو میتۆدە زانستیانەى لەمڕۆدا بۆ خوێندنەوەى دیاردەیەک بەکار دێن، پتر بەشەکین تا گشتەکى. ئەمە جگە لەوەى میتۆد خۆى لەژێر گوماندایە، چونکە بەشێک لە فەلسەفەى سەدەى بیست، پێى‌وایە میتۆد خۆى بەتەواوى ناتوانێت ڕاستیی ئەزموونێک دەربخات. کاتێک گادامێر ستایشى ئەزموونى هونەرى و مێژوومەندانە و فەلسەفى دەکات، دەیەوێت بڵێت زیادەیەک لە میتۆد دەمێنێتەوە کە میتۆد بۆى جڵەو ناکرێت. گادامێر کاتێک کتێبى “میتۆد و حەقیقەت” دەنووسێت، دەیەوێت میتۆد بلکێنێت بە حەقیقەتى بوونەوە. میتۆد کەرەستەیەک نییە پێى بگەین بە ڕاستییەکى ڕاگوزەر و پاشان پشتگوێى بخەین، ئامرازێک نییە بەدەست بکەرێکەوە کە بەسەر بابەتێکى بەشەکییدا زاڵ بێت، بەڵکوو کردنەوەى ئاسۆشە لە بەردەم بینینى چواردەورى بابەتەکەدا. بۆیە لە هەر میتۆدێکدا، بایی سرووشتى ئەو میتۆدە حەقیقەت ئاشکرا دەبێت. لە هەر میتۆدێکدا، بارتەقاى میتۆدەکە، ڕاستى بەرهەم دێت. میتۆدى ئەزموونگەرى و ئامارى، میتۆدێکە ڕاستیی بەشەکى بەرهەم دێێنت لە شوێن و کاتێکى دیاریکراودا و توخنى “گشت”ـى فەلسەفى و ئۆنتۆلۆژى ناکەوێت. زۆر جار گەڕان بەدواى نەزانراوێکدا قورسترە تا بەرهەمهێنانى زانراوێک. پێدەچێت کێشەکانى کورد لەم جۆرەیان بن. خۆم زۆر جار تینووى ئەو پاشماوەیەم کە لەپاش میتۆدێک و خوێندنەوەیەکى میتۆدى دەمێنێتەوە. بۆ نموونە، بە سێ میتۆد، دۆخى کورد و کوردستان بخوێنەوە، بەڵام هەست دەکەم زیادەیەک هەیە نەوتراوە. ئاخۆ ئەم زیادەیە خۆى هەر بەشێکە لە ماهیەتى میتۆد، یان ئەوە میتۆدە خۆراواییەکانن بارتەقاى دۆخى ئێمە نین و بۆ ئێمە دانەڕێژراون. ئەمە پرسیارێکە ئێستا وەڵامەکەى نازانم. لەنگەرگرتن لەسەر میتۆدێکیش کە مافى هەموو دیوەکانى کێشەى کورد و ژیانى کوردەوارى بدات، ڕەنگە ساڵانێکى زۆرى بوێت. کاتێک کاک سەردار دەڵێت کەیسى کورد نابێتە کەیسێکى فەلسەفى، ئیتر لێرەدا بەپێى میتۆدێکى بەشەکى و زانستى و پۆزەتیڤیستى دەجووڵێتەوە. هەتا لە کایەى هێرمینۆتیک لە فەلسەفەى سەدەى بیستدا، ڕەخنەى میتۆدە پۆزەتیڤیستییەکان دەکرێت کە هەموو شت بۆ هۆ و ئەنجام کورت دەکەنەوە. وەکبڵێى هاوکێشەیەکى میکانیکى لەناو هەموو دیاردەیەکدا دەبینن و هەمان شتیشە کە عاممەى خەڵک دەڵێن هیچ شتێک بێ هۆکار نییە. جا کورد بابەتێکە لە ڕووى میتۆدییەوە ئاڵۆزە، پێم وایە کاک سەرداریش دان بەمەدا بنێت، بۆیە تاکە ئەگەر بیخەینە ڕوو هەر ئەوەیە کە کێشەى کورد بەپێى میتۆدێکى فەلسەفیی گشتگیر قابیلى تێڕامانە(گەر بێتوو لەو گومانەم بگەڕێم کە ئاخۆ میتۆد خۆى ڕووداوێک نییە لە مێژووى فەلسەفەى خۆراوا-بەی ۆنان و مۆدێرنەوە- ڕوویدابێت کە بارتەقاى بوونى ئێمە نەبێت؟!).

کۆچ، مادام پەیوەندیی بە پرسى جووڵە و شوێنەوە هەیە و سەرەنجام چەمکێکى سیاسى و یاساییشە، ئەوا دەشێت بپرسین کورد وەک “گشت”ێک دەکەوێتە کوێى جیهانەوە؟

٢) ڕوون نەبوو بە لامەوە ئاخۆ کاک سەردار بە چ مەبەستێک پێى‌وایە لە پرسى کۆچدا نابێت پرسى کورد بهێنرێتە ناوەوە. لەوەش سەیرتر ئەوەیە بۆچى فەلسەفە هەژارە کاتێک دێتە سەر باسى جووڵاو. پێم وایە هەردوو خاڵەکە لەوێدا یەکتر دەبڕن کە کۆچ کاتیگۆرییەکى گونجاوە تا جێى کوردى پێ بخوێنینەوە لە جیهاندا، کۆچیش هەر لە سەرەتاى فەلسەفەى خۆراواوە لە بن زاراوەگەلى وەک یەک و فرەیی، گۆڕان و نەگۆڕان، بوون(کەینونە) و بوونبە(صەیروورە)دا لە ڕووى زەینى و چەمکایەتییەوە بیرى لێ کراوەتەوە و تا ئەمڕۆش تێنەپەڕێنراوە. پارمەنیدس و هیراکڵیتۆس تا ئێستاش جێى بیرکردنەوەى ئەو کەسانەن وا بیر لە گۆڕان و نەگۆڕان دەکەنەوە. کۆچ، ناوێکى کۆمەڵایەتى و سیاسییە بۆ ئەو چەمکانە و شتێکى زۆر نوێ نیە. نوێبوونەکەى دەشێت لەویادا بێت کە دەیبەستین بە گوتار و سیاق و دیاردەى نوێوە. گەرنا وەک چەمکى گشتەکى، هەمان هێزى تیۆریی خۆیان پاراستووە. کۆچ لە ڕووى تیۆرییەوە لەوێوە گرنگە بزانین ئێمە کەوتووینەتە کوێوە و چەندە جێگیرین. لەو گومانەدا لەگەڵ کاک سەردار هاوبەشم کە ئاخۆ “کۆچ” بۆ ئێمە چ جۆرە نیشانە و سەمپتۆمێکە لە کۆدا؟ ئاخۆ ئەو بزووتن و جووڵانە مۆدێرنەى کۆى ژیانى خۆراواى گرتووەتەوە، چ شتێکى لە ئێمەدا لەقاندووە و بەهاکانى چى لێ کردووین و مانا لە کن ئێمە گەیشتووە بە کوێوە(بەتایبەت لە پرسى نیهیلیزمى جیهانیدا). کۆچ، مادام پەیوەندیی بە پرسى جووڵە و شوێنەوە هەیە و سەرەنجام چەمکێکى سیاسى و یاساییشە، ئەوا دەشێت بپرسین کورد وەک “گشت”ێک دەکەوێتە کوێى جیهانەوە؟ (جیهان بە هەموو مانا شوێنەکى و مانایی و ڕەمزییەکانیشەوە). ئاخۆ کۆچ، بۆ ئێمە گفتوگۆیەکى لێڵ و لاڵە بە جیهانەوە یان نا؟ لەخۆڕا نییە لە چل و پەنجاکانى سەدەی ڕابردووەوە خەڵکى نوخبەییمان لە خۆراوایە، بەڵام گەشەى فیکرى و تیۆرى لە ئاستێکى نەبوودایە. کۆچ، لەودیو هەموو هۆکارە بەشەکییەکانەوە، خۆى هۆکارێکى بڵندنشین و “ترانسێندێنتاڵ”ـە بۆ ئەوەى هەموو هۆکارەکانى تر هەڵپەسێرێت. هۆکارێکە نایەتە بن ئەزموون، لەودیوى هەموو هۆکارە بەشەکییەکانەوە دەمێنێتەوە. جیا لەوەش، کۆچ خۆى چەمکێکى گشتەکیی تیۆرییە، بەر لەوەى بەشەکى و کۆنکرێتى و ئابوورییانە بێت. کۆچ چەمکێکى فەلسەفییە و دەشکرێت بکرێتە بیانوویەکى فەلسەفى بۆ خوێندنەوەى کۆمەڵگایەک. ئێمەى کورد و کوردى ئەمڕۆش، زەینمان بەجۆرێک پەرتە کە زۆر جار هەڤدژیی سادە لەنێوان پەرەگرافێکى خۆماندا نابینین. من خۆم لەم ڕووەوە ڕەنگە یەکەم کەس بم. بۆیە کاک سەردار بەخێرایی ئاماژەیەک بۆ کۆچ دەکات لاى دۆڵوز، بەڵام ئاشکرایە کۆچ بۆ دۆڵوز، چەمکێکى ئۆنتۆلۆژییە. دۆڵوز باسى کۆچ ناکات وەک دیاردەیەکى بەشەکى(جزئی)، بەڵکوو ئۆنتۆلۆژیایەکى فەلسەفى دادەڕێژێت کە هەموو چەمکەکان لە جووڵە و کۆچێکى چەمکایەتیدا بژین. دۆڵوز جۆرە “گشت”ێکى فەلسەفى دادەڕێژێت کە لەسەر نەوەستان و بزووتن(صیرورة)ـى بەردەوامدا بژى. بەڵام بەم هەمووە داکۆکییەشەوە لە جووڵە و کۆچ و نۆمادبوون، ئالان بادیۆ “گشت”ـى دۆڵوزى بە “گشت”ێک دەزانێت کە چوارچێوەیەکى نەگۆڕى هەیە و ناوى “یەک(the one)”ـە(بادیۆ ناونیشانى کتێبەکەى خۆى بە “هاتوهاوارى بوون” ناودەبات کە ئاماژەیە بەوەى دۆڵوز فریوى هەمەڕەنگییەکى ساختەى خواردووە لە ئۆنتۆلۆژیاکەى خۆیدا و سەرەنجام لەناو یەک “گشت”ـى ئۆنتۆلۆژییدا ماوەتەوە). هەر سەبارەت بە جووڵە، جۆرج زیمێڵ بەشێوەیەکى فۆرماڵ و ئەبستراکت باسى پارە و جووڵە دەکات، بەڵام ئەم جووڵە و ناجێگیرییەى کورد ناوەڕۆکێکى مێژوویی و سیاسى و کۆمەڵایەتیشى هەیە کە لە “گشت”ێکدا کۆ دەبنەوە. زیمێڵ، بەوردى ئەوە دەستنیشان دەکات کە پارە جووڵەى خستووەتە هەموو شوێن و هەموو شتێکەوە، بەڵام خۆى ناجووڵێت. پرسیارەکە ڕەنگە لێرەدا بۆ ئێمە ئەوە بێت کە چ شتێک لەم جووڵە سەرتاپاگیرەى پارەوە دەمێنێتەوە کە دونیاى مانایی و بەهاییمان دیاری دەکات؟

سەرەنجامکاک سەردار ناوى فەیلەسوفێکى گەنج دێنێت بەناوى تۆماس نایڵ، پاش کەمێک بەدواداچوونم تێگەیشتم گەنجێکى ئینگڵیزە و کێشەکانى کەمتر پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە. لاى ئەم کوڕە گەنجە، چەمکى سنوور(border)، گۆڕانى ڕیشەیی بەسەردا هاتووە. لە ئەنجامى ئەمەشەوە، چەمکى “کۆچبەر” جێى چەمکى “هاوڵاتى”ـى گرتووەتەوە. ئەو لە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و جووڵە دەکۆڵێتەوە و ناڕاستەوخۆش کاریگەرە بە دۆڵوز. دەیەوێت ئەو پێشگریمانانە هەڵوەشێنێتەوە کە لە تیۆرى سیاسیی باڵادەستدا هەن و سنوور بە چەمکێکى ڕەق دەزانن. بەتایبەت و بۆ نموونە ڕەخنەکردنى ئەو پێشگریمانانەى کە لەسەر سنوورى دەوڵەت-نەتەوە ڕۆنراون. دیارە ئەمە لە قازانجى کەس نەبێت، لە قازانجى خەڵکێکى وەک ئێمەدایە بەڵام پێم وایە ئەم دیدگایانە بۆ سنوور لە کۆمەڵێک ڕووەوە جێى هەڵوەستەن:

١) چەمکى سنوورى سیاسى، خۆى دەچێتەوە سەر چەمکێکى تیۆرى کە هەرگیز لەناو ناچێت و ئەو چەمکەش تراوما(trauma)یە لە دەروونشیکاریدا. تراوما شکاندنى ئەو سنوورەیە کە لەنێوان دەرەوە و ناوەوەى سایکۆلۆژیاى مرۆڤدا هەیە و زەبر و برینێکى دەروونى جێ دەمێنێت. تراوما، واتە ساتى شۆرت و بەزاندن، ئەوەى کە دوو ڕووبەر ڕەنگە هاوشوناس ببن لەگەڵ یەک بەڵام بەتەواوى لەیەکدا ناتوێنەوە. ئەمە ڕاستییەکى دەروونى نییە بەتەنیا، بەڵکوو فەلسەفیشە. بازدانى ئاسان بەسەر چەمکى سنوور(تراوما)دا، بازدانێکە لەناو تیۆردا نەک واقیع. سنوورى دەوڵەت-نەتەوە، ئێستاش لە ڕەقترین سنوورەکانى هەموو جیهانە و هیچ دەوڵەتێک لە مەترێک زەویی خۆى خۆشنابێت. هەتا کە پەیوەندیی بە کۆچبەریشەوە هەیە، کۆچبەر بە واتاى نۆمادێکى ڕەحەتنشین نایەت، کەسێک نییە بە کەیفى خۆى لە هەر پنتێکى جیهاندا پاڵبداتەوە بەڵکوو بەشێوەیەکى سەیر و دیالەکتیکى دەیەوێت ببێتەوە بە “هاوڵاتى”. زۆر جار کۆچبەر دەیەوێت لە جێیەکەوە بڕوات بۆ جێیەکى تر تا مافەکانى هاوڵاتیبوون بەدەستبهێنێت. واتە تێزەکەى تۆماس نایڵ هەڵگرى ناکۆکییەکى ناوەکییە.

ئەو هەوڵانەى ناو نەریتى دۆڵوزى، هەوڵى گرنگن بۆ ڕەخنەکردنى سنوور بەڵام واتێدەگەم سەربارى هەمووشتێک سنوور لە مێژووى مرۆڤدا قەت جێگیر نەبووە، هەمیشە جێى فەنتازیاکردن و کشان و کرژبوونەوە بووە. بەڵام لە بنکى سنووردا سنوورێک هەبووە، شۆرتێک و مەحاڵێک هەبووە کە هەر دەبێت دوو سنوور لێک جیا بکاتەوە. سنوور لەسەر ئەرزى واقیع شتێکە و لە خەیاڵیشدا شتێکى تر. لەنێوان دوو سنووردا، بڕێک مادەى دەبەنگ نوستووە کە ناهێڵێت ببنەیەک. هەموو دوو سنوورێک لە ڕێى هاوشوناسبوونێکەوە دەبنەیەک، واتە لە ڕێگەى فەنتازیایەکەوە کەلێنەکەى نێوانیان دەشارنەوە. لە ڕووى سیاسییەوە، ڕەگەزپەرستى کە هێشتاش زیندووترین دیاردەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە سنوورى سیاسى و کۆمەڵایەتى و جوگرافیش پڕنەبۆتەوە. بۆیە سنوور چەمکێکى بەتاڵ نییە و، ئەرگۆمێنتێکى تر ئەوەیە بۆچى بەلێشاو خەڵکى خۆراوا بەرەو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نایەن؟ کەواتە کۆچ ناوێکى فۆرماڵ و گشتییە بۆ کۆمەڵێک دیاردەى کۆنکرێتى و جیاجیا. کۆچ لێرەدا دیاردەیەکى تاڕادەیەک تاکئاراستەیە، لە ژینگەى خراپەوە بۆ ژینگەى باشتر. باسکردنى یەک ملیار کۆچبەر لاى ئەو نووسەرە، نەبینینى ناوەڕۆکى کۆمەڵایەتى و سیاسى و مێژوویی کۆچە لە پێناوى تێزەکەى خۆیدا تا بڵێت داهێنانم کردووە. جا پرسیارەکە بۆ من وەک کوردێک ئەوەیە کە پەیوەندیی کۆچ و بێسنوورى، چ کاریگەرییەکیان لەسەر کارەکتەرى مرۆى ئێمە هەیە؟ یەک مەتر زەوى، دەتوانێت کێشەیەکى گەورەى کۆمەڵایەتى لاى کورد بنێتەوە. کورد لە دەرەوە سنوورى نییە، بەڵام لەناوەوە هەستیارترین دیدى بۆ سنوور هەیە. ئەمە وێڕاى ئەوەى تا لە جیهانگیریدا مرۆڤایەتى دەچێتەپێش، ژیژەک وتەنى، دیوارى ترى نەبینراو دروست دەبێت لەنێوان مرۆڤەکان و دەوڵەتاندا. وەرگرتنى پەساپۆرت و شوناسنامە، خۆى دەرخەرى ئەوەیە سنوورەکان چەند تۆخ و ڕەقن.

سەردار عەزیز، لێکۆڵەر و نووسەری کورد

گومانى دووەم: «کۆچ» بۆ؟

لێرەدا لەسەر دوو چرکەساتى تیۆرى دەوەستم کە یەکەمیان دەتوانین ناوبنێین «کۆچ لەخۆیدا»، دووەمیشیان لەسەر چرکەساتێکى دیکەى تیۆرى دەوەستم کە ئەم ماوەیە بۆ ئێمە ڕوویدا و لێکچوونێک لەنێوان «کۆچ لەخۆیدا» و کۆڕەوەکە درووستکرا کە نرخێکى چەمکایەتیی تایبەتى هەبوو.

سەبارەت بە هۆکارەکانى کۆچ، زۆر وتراوە و بەردەوام هۆکارى تریش تەرح دەکرێت، بەڵام وەک پێشتر وتم هۆکارەکان هەرچى بن، ئەوا دیتنى کۆیەتیی هۆکارەکان و بەستنەوەى بە کۆمەڵگاکەوە گرنگە. لێرەدا نیگایەکى دراماتیکى لەمەڕ کۆچ دەگرینەبەر کە کۆچ لە هۆکارە بەردەستەکان دادەبڕێت و وەک دیاردەیەک دەیخاتە ڕوو کە خۆى هۆکارى لەپێشینە و بنەڕەتیی خۆیەتى. هۆکارەکانى تر بەشبەحاڵى خۆیان درووستن، بەڵام لە ئەنجامى ئەو گۆڕان و ناجێگیرییانەشەوە لە هەموو جیهاندا کەوتوونەتەوە ئەوا دەتوانین ئەو هەستیارییە تیۆرییە ڕەچاو بکەین کە کۆچى کردووەتە ئارەزوویەک. واتە کۆچ لەپاڵ هۆکارەکانى تردا، خۆیشى هۆکارى خۆیەتى. «کۆچ لەخۆیدا»، ناوێکە بۆ کۆچ بەر لەوەى لە یەکێک لە هۆکارە بەشەکییەکاندا کورت بکرێتەوە. بەم پێیە، هەمیسان بەهۆى لەقینى باگراوەندە مرۆییە گەردوونییەکەمانەوە، شتێک لە ناجێگیرى دەکەوێتە ناو باگراوەندە لۆکاڵییەکە و هۆکارەکانى ئەو باگراوەندەوە. هەر لۆکاڵێک، بە جۆرى تایبەتى خۆى ئەم ناجێگیرییە بەرهەم دێنێتەوە و بگرە هەرسیشی دەکات، بەڵام هەرچۆنێک بێت خۆى ڕاستییەکە و هەیە. مرۆڤەکان بەهۆى ئەو کۆمۆنیکاسیۆنە سەرتاپاگیرەوە کە کەوتووەتە ناو ژیانیانەوە، ئەوا ناچاردەبن هەموو ناجێگیرییەک ناوبنێن کۆچ. بۆ ئەمەش هەمووکەس دەتوانێت بە هۆى هۆکارێکەوە، ناو لە ناجێگیرییەکە بنێت و چەمکى کۆچ و سەفەرى بەسەردا پیادە بکات. بۆیە لێرەدا ئارەزووى کۆچ، خۆى وەڵامى کۆچە. كۆچ، ناوى جۆرێک لە هەڵکەنرانە کە بەرەنجامى خێرایی و بینینى ئۆبێکتى زۆر و تەماسى ئەنتەرنێتییشە. ئەم هەڵکەندنە، حۆى ساتێکى تەمومژاوییە و وایکردووە هەرکەس ناوێک و هۆکارێک بۆ کۆچ و سەفەرى خۆى بدۆزێتەوە کە لەڕواڵەتدا تەواویش قایلى ناکات. دیارە هەر هۆکارێک بایی خۆى بیانووى عەقڵانى و سوودبەخشانەى خۆى هەیە، بەڵام دەستنیشانکردنە تیۆرییەکە کەمێک عاسیترە. ڕەنگە ئێمە لە قۆناغێکدا بە بەرچاوێکى کەمێک تاریکەوە سەفەرمان کردبێت، هۆیەکان شاراوەتر بووبن، بەڵام وردەوردە بە بەرچاوی ڕوونترەوە کۆچ دەکەین. گەر پێشتر هۆیەکە خۆڕسکانەتر بووبێت، ئێستا بەبەرنامەترە و پتر حسێبکارانە و ئابوورییانەیە. بەڵام هۆیەک هەیە لە پێشوو و ئێستاشدا وەک “زیادە”يەک ماوەتەوە و پێویستە کەمێک ورد لەسەرى بوەستین و لە هەستیارییە تیۆرییەکەى نزیک بینەوە. ئەو خاڵەى کەڕەنگە بتوانین ناوی بنێین ئیمکانی ڕووت یان هۆی ڕووت. سادەتر بیڵێم، هەمیشە یەکێک لەو هۆیانەى وادەکات مرۆڤ سەفەر بکات، جگە لە سەفەر خۆى هیچى تر نییە. ئەمە خاڵێکە هەردەم لە دەستى عەقڵى باو(کۆمۆن سێنس) هەڵدێت. گەر لە کەسێکى ئاسایی بپرسیت بۆ سەفەر دەکەیت، بۆ کردت، بۆ دێیتەوە و هتد، سەرباری ڕیزکردنى وەڵامەکان کەچى لە وتنى وەڵامە ڕیشەییەکەدا تیادەمێنێت و ناتوانێت گوزارشتى لێ بکات. ئەو هۆکارەى کە کورت نابێتەوە بۆ هیچکام لە هۆکارە کۆنکرێتى و بەرچاوەکان(ئیتر سیاسى و ئابوورى بێت یان هتد). سەفەر خۆى ئەو هاندەر و ئەنگێزەیەیە کە بەشێوەی ڕیترۆئەکتیڤ هۆکارى خۆیشى دروست دەکات. شتێکى لەم جۆرە: «بۆ سەفەر دەکەیت؟» چونکە «سەفەر دەکەم». واتە گەر هەموو هۆکارە ڕۆژانەییەکانیش لە سەفەر داماڵیت، ئەوا ماناى ئەوە نییە ئەو هاندەرە ناوەکییە بکوژیت کە سەفەر خۆى دروستی دەکات. بەم پێیە، لە پێشوو و ئێستاشدا، مرۆڤى ئێمە کە سەفەر دەکات، چەندە هۆیەکانى گۆڕابن، ئەوا وەک ئەنگێزەیەکى خۆڕسک ناتوانێت لەو هۆکارە هەڵبێت کە سەفەر خۆى هۆکارى خۆیشیەتى. کاسبکارێک کە بڕێک پارەى هەیە و بە نیازى خۆى لە پێناوى شتێکدا سەفەر دەکات، لەم خاڵەدا هاوبەشە لەگەڵ ئەو کەسەى لافى شیکى سەفەر لێدەدات و دەڵێت حەز دەکەم دنیا ببینم. ئەمە دیسان کەلینى فاکت و هۆکاری ڕۆژانە دەردەخات کە کەمێک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد: فەرق ناکات تۆ بۆ چى شتێک سەفەر دەکەیت، هەمووى هەر لە دەورى ئەو چەقە غایبە کۆدەبێتەوە کە سەفەر خۆى شاهۆکارى ونى پشت هەموو هۆکارەکانە. بەپێى ئەو پەیوەندییەى مرۆڤ بە جیهانەوە هەیەتى، هەمیشە کوێرەچێژێک هەیە ژێرخانى شتەکان دادەڕێژێت و لەبیریش دەکرێت.

کۆچ لەپاڵ هۆکارەکانى تردا، خۆیشى هۆکارى خۆیەتى. «کۆچ لەخۆیدا»، ناوێکە بۆ کۆچ بەر لەوەى لە یەکێک لە هۆکارە بەشەکییەکاندا کورت بکرێتەوە.

من ئەو هۆکارانە بە کەم وەرناگرم کە هەن، بۆ نموونە، شکستى دەزگاکان و ئەو جیاوازییە ئابوورییەى بە هۆى دەوڵەمەندبوونى کۆمەڵێک فیگەرى پارلەمانییەوە کەوتنەوە و هتد، بەڵام وەک درێژکراوەى خاڵى پێشوو هەمیسان لەسەر ئارەزووى کۆچ دەوەستم، کۆچ وەک کۆچ، کۆچ وەک ئەوەى هەیە، «کۆچ لەخۆیدا». بۆ ئەمەش قسەیەکى ناو عەقڵى باو وەردەگرم کە “چاولێکەرى”یە و ناکرێت بە کەم وەرگیرێت. کاتێک کۆچ دەبێتە دیاردە، ئیتر ئارەزووى کۆچیش بەربڵاو دەبێت و هۆکارەکان لە پێشووتر بەهانەى قایمتر وەردەگرن. ئاخۆ چاولێکەرى هەروا وشەیەکى سوکایەتیئامێز و سادەیە یان دەتوانین لە ڕووى تیۆرییشەوە سەرنجى بدەینێ؟

«چاولێکەرى» وشەیەکە لە ژیانی ڕۆژانەى هەموو کولتوورەکاندا، وەک گوفتار و کرداریش دووبارە دەبێتەوە. «چاولێکەرى»، سەرەتا وشەیەکى خراپ نییە، بەتەنیا باشیش نییە، ڕاستییەکە بەڵگەنەویستە لەودیوى باش و خراپەوە. لەوەش زیاتر کولتوور خۆى بریتییە لە جۆرە چاولێکەرییەک، کە لەبن ژمارەیەکى زۆر چالاکیدا لەسەر جووڵە و زەینى مرۆڤەکان تۆمار کراوە. بۆیەشە دەتوانین ڕێسا تیۆرییەکەى پشت «چاولێکەرى» ببەینەوە سەر دەروونشیکارى کاتێک دەڵێت: «ئارەزووى من، ئارەزووى ئەوی ترە». واتە ئەوەى من ئارەزووى دەکەم، پێشوەختە لە دەرەوەى منەوە وەک ڕێسایەک تۆمار کراوە، ئەوێکى ترى گەورە هەیە، کولتوورێک، چاوێک کە جێى “چاو”لێکەرییە. بۆیە وشەى «چاو» لە «چاولێکەرى»دا، ناوێکى مەجازییە و پتر بە واتاى ئارەزووکردن دێت: چاولێکردن. مادام ئارەزووى مرۆڤ ڕیشەکەى لە دەرەوەوە دێت و بەناو ئەودا تێدەپەڕێت، ئەوا نەست و دەروونیشى هەر لە دەرەوەڕا دێت و هەڵژەنراوە لە “دەرەوە”. ئەو لە خاڵێکدا خاوەندارێتى لە نەست و دەروونى خۆى دەکات، ئەو خاڵە خاڵى بەسوبێکتبووتى ئەوە، نوختەیەکى لیقە ناوەوە و دەرەوەش لەیەک کاتدا کۆدەکاتەوە. بۆیە بەر لەوەى ئێمە چاو لەیەک کەسى تر، یان زیاتر بکەین، چاو لە کولتوور خۆى دەکەین، لە ئەوی تر(ـى گەورە: کە کانگاى ئارەزووکردن و ئارەزووبەخشینەوەشە). ئارەزووش عادەتەن کەفوکوڵى دەروونى نییە، بەڵکوو لە مانا و بەها و شوناس و فەنتازیا و کۆمەڵێک ڕەهەندى حەیاتیتر ئاڵاوە. ئارەزوو مادام لە دەرەوەوە دێتەوە بۆ لاى سوبێکت، ئەوا ئەم “دەرەوە”يه هەریەک لەو ڕەهەندانەى نووساندووە بە ئارەزووەوە. بەم پێیە، «چاولێکەرى» خۆهاوشێوەکردنێکى ئەنقەست و سادە نییە، بەڵکوو بزووتنێکى نەستەکى و پێشوەختەیە لە ئێمەى مرۆڤدا. پرسەکە هەروا بەسادەیی، مۆدێل و باڵادەستبوونى مۆدە نییە، بەڵکوو یەکتربڕینى هەموو مرۆڤەکانە لە خاڵێکى دەرەکى  و تەنانەت “نا-مرۆیی”دا بەناوى کولتوور(ئەوی ترى گەورە)وە. 

گەر باسەکە مێژوویی بکەینەوە، ئەوا ئەو کولتوورانەى وا دۆخى بابەتى(objective) تێیاندا لاوازە، ئەوا «چاولێکەرى» زووتر دەتەنرێتەوە. لاوازیی دۆخى بابەتى، واتە ئەوەى کە کەسەکان زووتر کاردەکەنە سەر یەکتر، و تاکایەتى بەجۆرێک بەهێز نییە دیوارى خۆى بەنێو هەمواندا دروست بکات. کولتوورى لەم جۆرە، بەخێرایی نامە و کاردانەوەکانى خۆى بۆ مرۆڤەکان دەنێرێتەوە: ئارەزووى من، ئارەزووى خێراى ئەوی ترە. واتە «چاولێکەرى»یە بنەڕەتییەکە، ڕوویەکى هەستیارتر وەردەگرێت بەراورد بە کولتوورێکى تر. ئەمڕۆ لەگەڵ خێرایی سەردەمدا، «چاولێکەرى»یە کولتوورییەکە پارچەپارچەتر بووە و وایکردووە وشەیەکى وەک “دەفع”(پاڵپێوەنان) بێتەگۆڕێ. کاتێک دۆخى زاتى ئامادەیە و بگرە زاڵیشە، ئیتر دۆخى بابەتى و دەرەکى دەبێتە پاشکۆ. “دەفع”، جۆرە چاولێکەرییەکە پەیوەندییەکى ئۆرگانیی بە خێراییەوە هەیە. بژاردەکان لە ڕواڵەتدا زۆر و ناڕوون و لەرزۆکن، بۆیە ئیرادەى “دەفعبوو” زوو دەجوڵێت. هەر کولتوورێک، دۆخى بابەتى و واقیعى بابەتیی تیا بەهێز بێت ئەوا ڕووبەرى “دەفع” بچوکترە و کەسەکان تەنیا لەسەر بڕیارى خۆیان دەوەستن تاکوو باجى یاسا و ڕێسا و دیاردە بابەتییەکان نەدەن. لە سەرەتادا وادەردەکەوێت “دەفع” بەرەنجامى شلکردنى سۆز و حەماسەت بێت، ئەمە ڕاستە، بەڵام هۆکارە ڕیشەییەکە لە جێیەکى ترە: دونیاى دەرەوە، سۆزەکانى ناو مرۆڤەکانى ئەو کولتوورەى وەک پێویست ڕێکنەخستووە. ئەوەى هەیە تەمتومان و تێکەولێکەیەکە لە سۆز کە بە پاڵنانێکى بچوک دەخرۆشێن. هەتا وشەگەلى وەک داوەریی عەقڵانى و بەکارهێنانى ژیرى و هتدیش، شتانێکن بەر لەوەى تەواو شەخسى بن، ڕیشەیەکیان لە دونیا دەرەکى و بابەتییەکەدایە و گەرەکە لەوێدا ڕێک بخرێن. “دەفع”، ئەو «چاولێکەرى»یەیە کە کەسێکى کۆنکرێتیتر، ڕاستەوخۆ شتێکى تر دەکاتە مایەى ئارەزوو بۆ ئەو کەسەى تر. وێڕاى ئەمەش، کولتوور ناوێکى ئۆنتۆلۆژییە بۆ “دەفع”ێکی ڕیشەیی کە هێورتر دەرخواردى هەمووانى دەدات.

لێرەوە، ئاساییە سەربارى هەموو هۆکارە باوەکان، کۆچ و ئارەزووى کۆچ ببەسترێتەوە بەو کاریگەرییە نێوسوبێکتییەوە کە مرۆڤەکان دەیخەنە سەر یەکدى. “کرمى مێشک” بۆ خاریج، ناوێکى شەعبییە بۆ ئەوەى کە کۆچ خۆى ئامانجى خۆیشیەتى. مادام ئارەزوو لەقوڵاییدا، خۆى هیچ وەڵامێکى نییە و دەبزوێت، ئیدى دەتوانێت لە پشت زۆر دیاردەوە بەرهەمبێتەوە و لە بن هۆکارێکدا خۆى نیشتەجێ بکات کە بە گێڕانەوەى هۆکارەکە تێر نەبین.

blank
“لەپشت هەموو کۆڕەو و کۆچەکانى ئێستا و ڕابردوو و ڕەنگە داهاتووشمانەوە، هۆکارێتییەک هەیە کە گشتەکییە نەک بەشەکى”

وێڕاى ئەم ئارەزووە زاتییەى کە کۆچ خۆى دروستی دەکات، جارێکى تر دەگەڕێینەوە سەرەتا و وەرگرتنەوەى دیاردەکە لەناو “گشت”دا: گەر هۆکارێک وەربگرین، لە ڕواڵەتدا ئامانج دەپێکین، بەس شتێک دەمێنێتەوە کە خوێنەر و لێکۆڵەریش تێر ناکات. پێدەچێت هەر کوردێکى خوێنەوار تووشى ئەم هەستە هاتبێت. با دیقەتى خاڵێکى گاڵتەجاڕ بدەین کە بەشێوەیەکى تایبەت، دەمانخاتە ڕامانەوە: لە نیگای یەکەمدا یەکسانکردنى کۆچ و کۆڕەو، هەڵەیە، لێکچواندنێکى فۆرماڵانەیە و مادام هەردووکى کۆچڕەوییە ئیتر کۆڕەویشە. واتە سێ قۆناغمان هەیە لەم نموونەیەدا: لە قۆناغی یەکەمدا زەینێکى سادەى کوردى، دێت و هەریەکە لە کۆچى کۆچبەران و کۆڕەوەکەى دواى ڕاپەڕین یەکسان دەکات بەیەکتر. چاوى ڕەخنەگر دێت و دەڵێت، ئەم یەکسانکردنە دروست نییە چونکە کۆڕەوەکە بە هۆی ڕاوەدوونانى داگیرکەرەوە بوو، بەڵام ئەم کۆچڕەوییەى ئێستا بە هۆى دەسەڵاتى خۆماڵییەوەیە. ئەم ڕەخنەیە، بەشى خۆى درووستە و هەنگاوێک دەکەوێتە پێش یەکسانکردن و لێکچوواندنەکەى پێشووەوە. واتە کە ڕەخنەکە دەبینیت، بە خۆت دەڵێىت وایە، کۆڕەوەکە شتێک بوو و ئەم کۆچڕەوییەش شتێکى ترە. بەڵام هێشتاش لە یەکێک لە توێیەکانى زەینماندا تێرنەبوونێک دەمێنێتەوە، قایلنەبوونێک دەمێنێتەوە کە زۆر لەسەرى ناوەستین بەڵام هەیشە. واتە چرکەساتێک دێتەپێشەوە کە بەبێ ویستى خۆمان، کۆڕەوەکە و کۆچڕەوییەکەى ئێستا هەمیسان لێک نزیک دەکەینەوە. بۆیە ڕەخنەکەى قۆناغى دووەم، دەرهەق بە شوبهاندنەکەى قۆناغی یەکەم پێویستى بە ڕاکێشانە. واتە دەبێت بیبەینە قۆناغى سێیەم کە جۆرێکە لە نەفیی نەفى، جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ قۆناغی یەکەم کە بەتەواویی یەکسانیش نییە بەوەی یەکەم. بۆ نموونە، گەرەکە دەرەنجامێک بەدەستبێنین کە بەڵێ پەیوەندییەکى توندوتۆڵ لەنێوان قۆناغی یەکەم و سێیەمدا هەیە، بەڵێ کۆڕەوەکە و کۆچەکە پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە بەڵام ئاخۆ ئەو پەیوەندییە چییە و چۆنە. لەم چرکەساتەدا، زەینمان بەسەر ئەوەدا زاڵبووە کە جیاوازییەک لەنێوان هەردوو کۆچەکەدا هەیە، بەڵام دەشیەوێت بپەڕێتەوە بۆ ئاستێکى سەرووتر تا جیاوازییەکە حەل بکات و بیخاتە ناو «گشت»ێکى فراوانترەوە. واتە کۆچى ئێستا جیایە لە کۆڕەوەکە، بەڵام لە باگراوەندێکیشدا دەبنەوە بە بەشێک لە پرۆسەیەک کە درێژکراوەی یەکترن، درێژکراوەیەک کە دەشێت لە فۆرمدا دژى یەکتر بن و بشتوانین ڕیزێک جیاوازى لەنێوانیاندا بژمێرین. بەم قۆناغى سێیەمەدا، زەین دەیەوێت قۆناغىیەکەم و دووەم هەڵگرێتەوە و هەنگاوێکیش بچێتە پێشەوە. دەیەوێت ئەو ختوورەیەى خۆى تێربکات کە لەنێوان هەردوو دژەکەی یەکەمدا هەیە، ئەو دوو دژەى کە بەجۆرێک لە جۆرەکان تەواوکەری یەکتریشن. قۆناغی یەکەم باسى کۆڕەوێکە، هەڵهاتن و ئاوارەیی، بەڵام ئەوە چییە وادەکات بمانخاتەوە بیری ئەم کۆچڕەوییەى ئێستاش؟ ئەمەیە ئەو پرسیارەى کە زەین بەشاراوەیی دەخوڵقێنێت و ڕەنگە نەشگاتە ئاستى ئاگایی، بەڵام ئامادەییشى هەیە. ڕاستە کە کۆچڕەوییەکەى ئێستا هۆى بەشەکیی ترى لەپشتەوەیە، بەڵام لە کۆدا دەچێتەوە پاڵ ئەو کۆڕەوەى پێشوو. هەردووکیان، دەبنەوە بە بەشێک لەڕەوتێکى زەینى. پێم وایە ئەو تووڕەییەى کۆچبەران و ئەو تووڕەییەى ناو فەیسبوک و کۆمێنتەکانیش شتێکى لەوە زیاتریان لەخۆدا هەڵگرتووە کە تەنیا بیانەوێت بڵێن «دەسەڵاتى کوردى، خراپەی ڕەهایە». هەتا کە بەشێوەیەکى حەرفیش وا دەڵێن، ئەوا شتێکى زیاتریان مەبەستە. شتێک کە ڕەنگە بتوانین بەم جۆرە تەعبیرى لێ بکەین: ئەمەش هەر کۆڕەوە، بەڵام بە دووجایی. کۆڕەوى دووجا، واتە دووبارەبوونەوەى کۆڕەوێک کە داگیرکەر سازاندبووى، بەڵام ئەمجارەیان کوردەکەى خۆیشمان بەجۆرێک دەستى تێیدا هەیە. وێناکردنى ئەم خاڵە، کەمێک هەستیارە. چونکە مەبەستمان ئەوە نییە کە هەردووکى کۆڕەوە و یەکیان لە لایەن بەعسەوە ڕوویداوە و ئەمەى تریان لە لایەن دەسەڵاتێکى خۆماڵییەوە. بەڵکوو دەمانەوێت بڵێین، ئێمە لە کۆڕەوێکى بەردەوامداین کە جارى یەکەم ئەویترى داگیر هۆکارى بووە و ئەم جارەیان دەسەڵاتێکى خۆماڵى، بەڵام دەسەڵاتە خۆماڵییەکەش بەتەواوى دەسەڵات نییە. پێم وایە هێشتا لە ڕووى نەستەکییەوە، کورد ناتوانێت خۆى بڕووخێنێت، هێشتا ئامادەیە هەڵبێت تا بتوانێت ڕووبەڕووى بنیاتنراوێک(دەسەڵاتێکى خۆماڵى) بێتەوە. ئەم سێ قۆناغە زەینییە بەشێوەیەکى سەیر، لە لایەن خەڵک و دەسەڵاتیشەوە تێهەڵکێشکراوە. هەر ئەمڕۆژانە لە کەناڵى دەسەڵاتەوە، ئەم کۆچڕەوییە پیشان دەدرا و دەیان هەزار کەسى بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. ڕەنگە یەکەم کاردانەوە کە بە زەینماندا دێت ئەوە بێت باشە چۆن دەبێت دەسەڵات هێند بێشەرم بێت کە خەڵکى ئاوارەبووى سنوورەکان پیشان بدات و وەک بینەرێکى پاسیڤ بێتەپاڵ ئێمە و خۆى لە بەرپرسیارێتى دابماڵێت؟ ئەمە کاردانەوەیەکی ڕەواى زەینییە و گومانى تیا نییە کۆمیدییشە و هەمووکەس دەخاتە پێکەنین(یان تووڕەیی). بەڵام پێم وایە، هاوشان بە کۆمیدیا و تووڕەبوونەکە، هەمان پرۆسە لەئارادایە کە باسمانکرد: لەپشت هەموو کۆڕەو و کۆچەکانى ئێستا و ڕابردوو و ڕەنگە داهاتووشمانەوە، هۆکارێتییەک هەیە کە گشتەکییە نەک بەشەکى. واتە، ئەو ڕووداوانەى کۆچ کە بەسەر ئێمەدا هاتوون، بەجیا لە هۆکارە مەرحەلەییەکانیان، دەبنەوە بە بەشێک لە هۆکارێتى کە پەیوەندیی بە چارەنووسى کردەوە هەیە. بە پرسێکەوە کە لە ڕووى ئۆنتۆلۆژییەوە بۆمان حەلنەبووە. هەتا ئەو ژێستە باوکانە و خەمخۆرانەیەى هەندێ لە سیاسییەکانیش، شتێکى جدى نەبوو، نەک لەبەر ئەوەى نمایشێکی ڕیاکارانەیان کردبێت، بەڵکوو ئەوانیش هەر بایی بنەماڵەکەى خۆیان نیشتەجێ و دڵنیان. لێرەدا هۆکارێتى، هۆکراێتییەکى پۆزەتیڤیستى نییە، هۆ و ئەنجامێک نییە بەشێوەى ئەزموونى و میکانیکى و سیتەماتیک لەدوای یەکتر بێن، بەڵکوو پرۆسەیەک لە هۆکارێتییە کە فۆرمى جێگیرى خۆرى وەرناگرێت و بە هۆى کۆمەڵێک هەڵبەزودابەزى جیاجیاوە دەچێتە پاڵ یەکتر. واتە هەڵە بەشەکى و لێکچواندنە نادرووستەکە، بەشێکە لە وێنەیەکى گشتیتر و درووستتر کە زەینە گشتبینەکان دەیبینن. بۆیە گەر لە هەردوو کۆچەکە و قۆناغى سێیەمیش دوور نەکەوینەوە ئەوا دەبێت سێ خاڵ تۆمار بکەین:

یەکەم: کۆچە جیاجیاکانى ئێمە، لە ساتى خۆیدا هۆکارى ساتەوەختیی خۆى هەیە، بەڵام کاتێک پێکەوەیان دەلکێنین، ئەوا سەربارى ناکۆکییە جیاوازەکانیان، لەناو یەک گشت و یەک باگراوەندا کۆ دەبنەوە.

دووەم: دوو کۆچى دژبەیەک، قۆناغى سێیەم لە زەینماندا دروست دەکات کە هەردوو کۆچەکە گوزارشت لە ناجێگرییەکى دەستەجەمعى دەکەن یەکلانەبووەتەوە بۆمان.

سێیەم، کۆچەکان وێڕای ڕووە جیهانگیرەکەیان، وێڕاى هەموو هۆکارە بەردەست و بەرچاوەکان، کەچى کۆچێکە لە بۆشاییدا دەسوڕێتەوە.

سەرەنجام، یەک خاڵى تر لەم دیاردەیەدا و زۆر دیاردەى تریشدا هەیە کە دووبارە دەبێتەوە و ئاماژەیە بۆ هەژاریی تیۆریی کۆمەڵگاى ئێمە. بۆ نموونە، زۆر جار لەژێر خوێندنەوەکانەوە بۆ کۆچ و کۆچبەرى، دەنووسرێت: هیچى ناگاتە ئەو قسەیەى کە کۆچبەرێک لەسەر خۆى دەیڵێت. ئەم لێدوانە، لەبەر چەندین هۆکار جێی ڕەخنەیە:

١) دۆخى هەر کەسێک کە لەناو ڕووداوێکدایە تەنیا فاکتە نەک تیۆر. تەنیا دەرخستن و درکاندنى ڕاستییەکە کە پێویستى بە چەمکاندن و بەستنەوە و ناونان هەیە. گەر لەوەدا کورتهێنان هەیە یان نا شتێکى ترە، بەڵام خودى لێدوانەکە ڕۆحێکى دژەتیۆریی کۆمەڵگایەکە کە لە ئاگاییەکى بەراییدا دەژى لەسەر کێشەکانى خۆى. بۆ نموونە لێدوانى کۆچبەرێک لەسەر تەجرووبە زیندووەکەى گرنگە، بەڵام تەجرووبەیەکیشە هێشتا نەخراوەتە پانتاییی چەمکایەتییەوە. گریمان کۆچبەرێک قسە لەسەر هۆکارێکى شەخسیی خۆى دەکات، و دەڵێت “لە فڵان شت هەڵهاتووم”. بەڵام کەسێکى تیۆریست دێت و دەڵێت: کۆچ، وشکبوونەوەى لیبیدۆى”گۆڕانكارى” خۆیشیەتى. کۆچ، نیشانەى باشتر بوون نییە، بەڵکوو پێداگرییە لەسەر ئەوەشى کە ناگۆڕێت، کە باشتر لەئارادا نییە، کۆچ خۆى ساتى ڕەقهەڵاتنى نەگۆڕان و تەوقیتى چەقینە.

٢) مرۆڤى ناو ڕووداوەکان، تەنیا بە زمانى تراژیک دەتوانێت بدوێت نەک تیۆرى. هەتا زۆر جار پەنا بۆ زمانێک دەبات کە دەبێت پڕ بێت لە نیشانەى ناجێگیرى و لاڵەپتێ و بەرجەستەکردنى کارەسات. شایەتى ڕووداو، دەبێت کەمێک بە لاڵى بدوێت، گەرنا بڕواپێکردنى، سست دەبێت. بەهەرحاڵ، ئەمە ڕاستییەکە دەتوانین ناوی بنێین ڕاستیی “بێ نێوانگر”، ڕاستییەکى ڕاستەوخۆ و نەچەمکێنراو، کە پێویستى بە نێوانگرى و ناوەندێکى تیۆرى و چەمکایەتییە تاکوو ڕێکبخرێت. ڕاستى، لە ئەزموونى زیندوو و پاشان چەمکاندنەوە بەجۆرێک دێتەدى. ڕاستى، هەم کۆمەڵایەتییە و هەم بردنیشى بە فلتەرى تیۆر و چەمکدا. بۆیە خاڵى تەواوکەرى ئەمە بریتییە لە پێچەوانەکەى: گەر لە کۆمەڵگادا کتێبێک بنووسیت لەسەر ئەوەى چۆن هەمووکات بەپێى ئەرگۆمێنت و بە لۆژیکى بدوێین، ئەوا دەرەنجامەکە نالۆژیکى دەکەوێتەوە، چونکە ئەرگۆمێنت شتێکە لە کۆمەڵایەتیبوون هەڵژەنراوە و پێشوەخت ڕیشەیەکى کۆمەڵایەتیی هەیە.


[1]نووسینەکەی سەردار عەزیز بە ناونیشانی “بۆ وەلید عومەر: ئایا تەنها فەلسەفە وەڵامی پرسی کۆچ دەداتەوە؟” لە ماڵپەڕی ژنەفتن بڵاو کراوەتەوە. https://jineftin.krd/2021/11/17/%d8%a8%db%86-%d9%88%db%95%d9%84%db%8c%d8%af-%d8%b9%d9%88%d9%85%db%95%d8%b1-%d8%a6%d8%a7%db%8c%d8%a7-%d8%aa%db%95%d9%86%d9%87%d8%a7-%d9%81%db%95%d9%84%d8%b3%db%95%d9%81%db%95-%d9%88%db%95%da%b5%d8%a7/

پەراوێزەکان

  • 1
    نووسینەکەی سەردار عەزیز بە ناونیشانی “بۆ وەلید عومەر: ئایا تەنها فەلسەفە وەڵامی پرسی کۆچ دەداتەوە؟” لە ماڵپەڕی ژنەفتن بڵاو کراوەتەوە. https://jineftin.krd/2021/11/17/%d8%a8%db%86-%d9%88%db%95%d9%84%db%8c%d8%af-%d8%b9%d9%88%d9%85%db%95%d8%b1-%d8%a6%d8%a7%db%8c%d8%a7-%d8%aa%db%95%d9%86%d9%87%d8%a7-%d9%81%db%95%d9%84%d8%b3%db%95%d9%81%db%95-%d9%88%db%95%da%b5%d8%a7/