ڕۆژێک

کەوتوومەتە ڕۆژێکی هەفتەوە ناوی خۆیم پێناڵێت

گرنگ نییە ڕۆژی کارکردنە یاخود پشوو

دواجار مرۆڤ پێویستی بە مەلەیە لە زماندا

پێویستی بە ڕاکردنە

پێویستی بە پشیلەیە

پێویستی بە لەفەیە

پێویستی بە باڵندەیە

منیش پێویستم بەوەیە گوێ لە ڤیڤاڵدی بگرم


کەوتوومەتە گەڕەکێکەوە ناویم بیرچۆتەوە

گرنگ نییە لە باکوور یاخود باشووری شارە

دواجار خۆر هەڵدێت و بێدار دەبینەوە

دواجار ئاسمان هیوای ڕۆژێکی باشمان بۆ دەخوازێت

دواجار سەیارەی خۆڵەکە دەگات

دواجار لە ماڵ دەرەچین و لە نەخۆشخانە لەسەر قەروێڵەیەک ڕادەکشێین


سواری پاسێک دەبم بەو هیوایەی لە بێهیوایی بمباتە دەرەوە

هێندە لەم شارەدا ژیام بووم بە هاوڕێی دەرۆزەکەرانی

هێندە لەم شارەدا خۆشەویستیم کرد لە پۆلیسەکانی خۆشبووم

هێندە لەم شارەدا دڵم شکا شەمەندەفەر نەما تیایدا نەگریم

هێندە لەم شارەدا کارم کرد چیتر خۆمم بۆ ناناسرێتەوە

دەست بۆ گیرفانی یادەوەریم دەبەم و عەباسی کەمەندی گۆرانی دەڵێت:

”با عالەم بێژێ تەنیا و بێکەسە، مەیلی تۆم تەنیا لە عالەم بەسە.”


قاوەیەک دەکڕم و لەبری شیر و شەکر

کەوچکێک پێکەنین و دوو کەوچک فرمێسکی تێ ڕادەژەنم

وێنەی ڕیزە ماڵی دوو نهۆمی و درەختی ڕاستەڕێ ڕواو لە زیهنمدا تۆمار دەکەم

دەنگی پرۆڤەی پیانۆژەنێک لە ژووری میوانی ماڵێک تۆمار دەکەم

هەروەک چۆن پێگرتنی منداڵ لە یادەوەریدا تۆمار دەکرێت

هەروەک چۆن یەکەمین ماچی یارێک تۆمار دەکرێت

هەروەک چۆن جیابوونەوە لە هەمان یار لەیاد ناکرێت

هەروەک چۆن بەڵێنی هەستانەوەی دوای داڕمانی عەشق جێبەجێ ناکرێت


دەکەومە دۆخێکەوە نایناسمەوە

دیار نییە لە دەستپێکی گەشتێکدام یان نزیکبوونەوە لە کۆتایی

قاوەکەم تەواو دەبێ و هەتا بتوانم کوپە بەتاڵەکە لە دەستمدا دەهێڵمەوە

دڵنیام ئەمڕۆ بێگانەیەک نابێت بە هاوڕێم و پەنجەم بەر پێستی کەس ناکەوێت

باشترین بژاردە ئەوەیە لە ڕێکردن بەردەوام بم

هەتا بتوانم بە ڕووی سەگ و هەڵۆدا پێبکەنم

هەتا بتوانم خۆشەویستیم بۆ هەورەکان بنێرم

هەتا بتوانم لەدواوەی پاسەکان بگریم

هەتا بتوانم بە گوێگرتن لە لیۆنارد کۆهن سەما بکەم

هەتا بتوانم لەگەڵ مەرگدا بە شیعر بجەنگم.

photo_٢٠٢١-١٠-٢٢_٠٢-١٦-٥٠

سەرنجێک بنوسن