کەڵکەڵە

«چیرۆکێکی درێژم لە گۆشەنیگای کەسی دووەمی تاکەوە نووسیوە»

لەگەل هەڵدانەوەی پەڕەکانی دوایین ڕۆمانی چاپکراوی کوردی ڕوو لەو هاوڕێیەی کە هەمیشە لێی دەپرسێ خەریکی چیت؟ ئاوای وت.

«باسی چی دەکات؟»

هاوڕێکەی لێی پرسی.

«باسی زمانی کوردی دەکەم»

بە ڕوویەکی گەشەوە وا وەڵامی دایەوە.

درێژەی دایە:- پرسە گرنگەکانی زمانی کوردیم بە زمانی گێڕانەوە ڕووبەڕووی خۆی کردووەتەوە… ئەزانی مەبەستم چییە؟

‌ــ‌ بەڵێ

‌ــ‌ کارەکتەری سەرەکی هەر خودی زمانی کوردییە. شتێکی سەیرم کردووە، لە جێیەک وەک زیندانییەکی بێ دەسەڵات لە سووچێکم پەستاندوە، کە بە ناڵە و پاڕانەوەوە ددان بە کەموکووڕییەکانی خۆیدا دەنێ… هەر ئەمە نا، لە جێی دیکەدا وەها دەیهێنمە گۆ، بە خۆیدا بنازێ فەخر بە فەلەک بفرۆشێ.

دوای کەمێک بێدەنگی: بەڵام خوێنەری ئێمە تێی ناگات.

دەستی کردەوە بە هەڵدانەوەی ڕۆمانەکە و یەکسەر لاپەڕەکانی کۆتایی خوێندەوە. پاش خوێندنەوەی یەک دوو پەرەگراف داینایەوە و بە خۆیی وت «خۆ من کوردییەکەم زۆر لەمە باشترە و زۆریش باشتر دەتوانم گەمە بە کردارەکان بکەم … لە دەرفەتێکدا قەسیدەیەک دەنووسم بازێک بە زمانی کوردی دەدەم». ئەو دوو پەرەگرافەی کە لەو ڕۆمانەدا خوێندییەوە هیچ گەمەیەکی زمانەوانی تێدا نەبوو، بەڵام چی وای لەو کرد کە خەیاڵی بۆ بازدان لە زمانی کوردی بچێ؟ هەرچی دەخوێندەوە، بەر لەوەی بگاتە کۆتایی، دەستی لێ هەڵدەگرت و دەمودەست بیر و خەیاڵی بۆ نووسین دەچوو و هەردەم لەوەش دڵنیا بوو کە خۆی دەتوانێ باشتر بنووسێ. دەکرێ زۆر بەئاسانی و بێدوودڵی جەخت بکەمەوە و بڵێم ماوەیەکی زۆرە تەنانەت چیرۆکیكیشی تا کۆتایی نەخوێندوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی کە هەمیشە کتێب و چاپکراوە تازەکانی دەکڕی.


تۆ کە ئێستا لاقی ڕاستت لەسەر لاقی چەپت داگرت، بەهەڵەدا چووی کە پێت وایە ئەویش نەخۆشییەکەی تۆی هەیە. ئەو بە هیچ شێوەیەک ئیرەیی نابا و، پێشی وانییە بەو قسانەی کەس فریو بدات، زۆریش دڵنیایە لەوەی کە دەتوانێ ئاڵۆزترین ڕۆمانی کوردی و قووڵترین ڕەخنە و باشترین شیعری کوردی بنووسێ. ئەو هێندە ڕاڕایی و نیگەرانی و نەخەوتنی ئەزموون کردووە، ڕۆژانە هەر کەسێک ببینێ هەر لەو کاتەدا چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە گوایە بەس هەڵەبڕی ماوە و یانژی کۆمەڵێ بیرۆکە و ئایدیا دەخاتە ڕوو کە تاکە خاوەنیان خەیاڵ و خەمی خودی ئەون. بۆیە تۆ کە هەر ئێستا لاقی چەپت خستە سەر لاقی راستت بۆ هاوبەشی نەخۆشییەکەت مەگەڕێ. پێت سەیرە دەتناسم و دەزانم هەر ئێستا نازانی قومێ لە ئاوکەی بەردەمت بخۆیتەوە یانژی مژێک لە جگەرەکەت بدەی، لە چیرۆکێکی زارەکی ئەودا تۆم ناسی، وەک هەمیشە هات و قومێکی لە چایەکەی خواردەوە و چیرۆکی خەیاڵە پووچەکانی تۆی گێرایەوە و وتی «ئەمە چیرۆک نییە چوونکە کارەکتەرەکەی کەڵکەڵەی ئەم دەدزێ و بەوی دی دەفرۆشیتەوە و هی ئەویش دەدزێ بەمی دەفرۆشیتەوە…. هاکا هات». هەڵسایت و بەرەو لای ئەو دوو کەسەی کە یەکێکیان بە دڵخۆشییەکی سەیرەوە چاوەڕێت دەکات، چوویت، نەک تۆ، خۆیشی نازانێ ئەو دڵخۆشییە لەبەر ئەوەیە کە دڵنیا بووەتەوە کارەکتەری چیرۆکەکەی تۆی نەک خۆی. وەک چۆن زۆرینەی جارەکان کە دڵتەنگین نازانین بۆ دڵتەنگین، ئاوهاش زۆرینەی جارەکان کە شاد و خوشحاڵین نازانین بۆ خوشحاڵین، هەر کام لەو جارانەش یەک دوودڵی چکۆلە بەسە تا ذڵخۆشییەکەت ببێتە دڵتەنگی و دڵتەنگییەکەت ببێتە ڕێگەیەکی پێچەڵپێچی خەمۆکی. باسی چی بۆ کێ دەکەم، بۆ کەسێک وەک چۆن کەڵکەڵەکان دەدزێ، بۆچوونەکانیش دەدزێ، بێ ئەوەی کافکا بناسی، هەندێ جار تووند دەستت بە سینگتەوە دەنێی و دەتەوێ بڵیی تۆش هەمان نەخۆشی “کافکا”ت هەیە، بەڵام سبەی ئێوارە کە کەسێک باسی “بوکۆڤسکی”ت بۆ دەکات بیرە بە خۆتدا دەڕژێنی.


کاتێ دەستی بە نووسینیش دەکرد هەر وەک خوێندنەوەکانی لە جێیەک دەستی لێ هەڵدەگرت و بە خۆیی دەوت «ئەم بیرۆکەیە بۆ وتارێکی ڕەخنەیی باشە»، «ئەمە باشترین بیرۆکەیە بۆ نووسینی کورتە چیرۆکێک». هەندێ جار پێی وابوو غەدر لە بیرۆکەکەی دەکات گەر بە نووسینێک یان دەقێکی کورت خەساری بکات بەڵکوو وەک هەمیشە بە جەختکردنێکەوە بە خۆیی دەوت «ئەم بیرۆکەیە بۆ ڕۆمانێک یان شانۆنامەیەکی درێژ دەست دەدات». جارێکیان دوای چەند ڕۆژێک لە پلاندانان بۆ نووسینی ڕۆمانێک و دیاریکردنی کات و مێژوو و ناونانی کارەکتەرەکان و دەستنیشانکردنی شوێن، کەچی سەراسیمە چاوی لەسەر شاشەی لاپتۆپەکە کرد و دوای ئەو سێ دێڕەی کە بۆ دەستپێکی ڕۆمانەکەی نووسی بووی بە دەنگی بەرز ئەو پەرەگرافەشی خوێندەوە کە خۆدواندنی ئاراسی کارەکتەری سەرەکیی رۆمانەکە بوو و، یەکسەر هەڵسایەوە سەرپێ و ڕوو لە بنمیچی ژوورەکە لە یەک کاتدا بە دەم قەشمەری کردنی بە خۆی وەک نووسەر و بە خۆی وەک بەردەنگ وتی «های لەوە، خۆ ئاراسە خوێڕی کۆی بیرۆکەکەی ئاشکرا کردووە» و کۆڵێ تەریق بوویەوە.

شەو کە گەیشتەوە ماڵەکەی و کتێبەکانی لەسەر مێزەکە دانان ئینجا زانی پێنج کتێبی نوێی هێناونەتە نێو کتێبەکانی. کتێبە بەرگ شینەکە سەرنجی برد و پێی وا بوو ئەوەی زۆر بینیوە، کە زیاتر ڕاما هەر لەسەر مێزەکە نووسخەیەکی تری ئەو کتێبەی هەبوو، هەڵیگرت و داینایەوە و بزەیەکی تاڵی هەمیشەیی کرد، سەری سووڕاند بۆ لایەکی قەفەسەی کتیبەکان، نووسخەیەکی تری بینی و بە دەم بزەیەکی نزیک لە قاقاوە چوو بۆ توالێتەکە و بە خۆیی دەوت نەشفرۆشرێن، دەیانگۆڕمەوە، نەشیانگۆڕنەوە دەیانبەخشم و، هەر زوو ئەوەی لە خەیاڵی خۆی فڕێ دا و، لە توالێتەکە پلانی بۆ ناونیشانی چیرۆکێکی نوێ دادەنا، لەگەڵ ئەوەی پێی وابوو گەر ناونیشان سێ وشە و لە هەمان کاتدا ڕستەیەک بێت زۆر بۆ چیرۆک گونجاوە بەتایبەت گەر ڕستەکە هەندێ جار هەواڵی و هەرگیزیش دانانی نەبێت، بەڵام ئەم جارە جیاواز بوو پلانەکەی وا بوو ناونیشانەکە، یەک وشە بێت و لە حەوت پیتیش تێنەپەڕێ، بۆ نموونە وتی “کەڵکەڵە”، یەکسەر وتی لە وشەیەکی کەمێک کورتتر بۆ نموونە “قاقا” دەچێ. هەڵوەستەیەکی کرد و وەک پرۆڤەی دیالۆگی شانۆیی بکا بە دەنگی بەرز وتی ئەم “قاقا”یەش زۆر دیکتاتۆرە دەبوایە پیتێکی تری هەبووایە تا دادپەروەر بێ. پێی وابوو هەموو ژمارە تاکەکان جگە لە ژمارە یەک، دادپەروەرترن لە هەموو ژمارە جووتەکان. پیتەکانی “کەڵکەڵە”ی ژمارد، بەراوردی کرد بە وشەی “قاقا”. هەستی کرد لە خەیاڵ و زەینیدا پیتەکانی وشەی “شاگەشکە”ی دێن و دەچن، بەڵام لێوەکانی “قاقا” ویتەویت دەکەن. وشەکانی بە دەنگی بەرز دەوتنەوە و “شاگەشکە”، “قاقا”، “کەڵکەڵە”. تا دەمی پڕ بوو لە کەف وشەی “کەڵکەڵە”ی پاتە کردەوە.

یەکڕاست چووە سەر مێزەکەی و لاپتۆپەکەی پێکرد و وۆردیکی کردەوە و ناوی چیرۆکەکەی بە فۆنتێکی گەورە نووسی: “کەڵکەڵە” و ئینتەرێکی کرد و فۆنتەکان ڕژان. وشە وشە دەیجوین ئینجا تایپی دەکردن، دەنگی مڵچە مڵچ و خرمە خرمی جوینی هەندێ لە وشەکان لە دەنگی کرتە کرتی کیبۆردەکە بەرزتر بوو. بەس سەر و گەردن و دەستەکانی دەجووڵێن و وەک پەککەوتوویەک لە پشتی مێزێکەوە و لەسەر کورسییەک چەقیوە و بێوەچان دەنووسێ و، وشە و دەربڕین و ڕستە هەیە، بە چەندین جۆر دەیانجوێت و بە چەندین شێوەی دیکە دەیاننووسێت و دیسان دەیانسڕێتەوە. دەگەڕێتەوە سەرەتای دوایین پەرەگراف و ئەو چەند “کە”یەی کە بێهۆ دووبارە بوونەتەوە، لە بەرچاوی دێن و دەچن. کۆی پەرەگرافەکە دەسڕێتەوە و دەیەوێ دان بە خۆیدا بگرێ جارێکی تر نەگەڕێتەوە بۆ پەرەگرافەکانی سەرەوە، بەڵام دەگەڕێتەوە و سەرلەنوێ دەیانخوێنێتەوە و چەندین وشە و دەربڕین دەگۆڕێت و دێتەوە سەری دێڕ. ڕۆژ هەڵهات و ئەو هێشتا دەنووسێ، هێشتا خەریکی جوینی وشەکان و دەڕبرینەکانە. تاکە وشەیەک کە پێی خۆشە لەگەڵ یەکێک لە جوینەکانیدا قورتیشی بدا ناوی کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەیە. ئەو هەموو چیرۆکەکانی دیکەی بۆ خەڵکی دیکە دەگێڕایەوە، بەڵام ئەم چیرۆکە بەس بۆ خۆی و زمان دەگێڕێتەوە. بە درێژاییی ئەو شەوە وەک پەککەوتوویەک لەسەر کورسییەکە نەجووڵا، کە دنیا ڕووناکتر بوو ئەو دەستی کرد بە جوینی زیاتری وشەکان، بە تاک و بە کۆ، بە تەنیا و بە ڕستە و پەرەگراف مڵچ مڵچ و خرم خرم و ئینجا قورتی دەدان، بەڵام “پەیڤ”ی کارەکتەر قورت نەدرا.

٢٠١٩