ڕێبازی ئەدەبیی مەولەوی و نالی و
بۆتیقایەکی جیاواز

کورتە

هەڵسەنگاندنی ئەدەبی نێوان دوو ڕەوت یان دوو نەریتی شیعری یان دوو شاعیری خاوەن شێواز، بەستێنەیەکە بۆ ناسین و ناساندنی بۆتیقا1بۆتیقا، پوئه‌تیکا، عه‌ره‌بیکراو (معرَّب) بوطیقا: ڕەگەزێکی زمانیی یوونانییە، پۆئەسیس،(Poyetikes) و نێوی کتێبێکە لە ئەرەستوو فیلسووفی یۆنانی. یانێ تێئۆری و زانستی شیعر و بنەماکانی ئەم ژانرە ئەدەبییە، شیعرناسی و هونه‌ری شاعیری و بە گشتی هەموو جۆرە داهێنانێکی هونەری دەگرێتەوە.جیاواز و هاوچەشنەکانیان. لەم وتارەدا دوو ڕێبازی شیعری کوردی خراونەتە بەر باس و شەن و کەو کردن. لە سووچە ڕوانینێکەوە، لە سەر وێنای دووبارەبوونەوەی مۆرکە ئەدەبییەکانی شیعری گۆران(هورامی)، زمانحاڵی درێژهەناسەیی پرۆسەی مێژوویی ئەم ڕەوتە، داکۆکی کراوە. لە لایەکی دیکەشەوە، قابیلیەتەکانی قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کرمانجیی ناوەڕاست کە لە سەردەمێکی تایبەتدا، بە تەنیا(بڕوا بە خۆتەوەری) و بەبێ گەنجینەی دەوڵەمەندی ئەدەبیی پێش خۆی، بەڵکوو لەناو فەرهەنگێکی هەژار و زمانێکی دیالێکتدا، سەری هەڵداوە و درەوشاوەتەوە؛ نرخێندراوە. مەولەوی تاوەگۆزی و نالی شارەزووری، بە دوو هەناسەی جیاواز و کیانی ئەدەبی و کاریگەرییەکانیانەوە، هەریەک بە چەشنێک، هێمای ئەم دوو ڕەوتە ئەدەبییە هەژمار دەکرێن. لەم پێناوەدا هەوڵدراوە لەسەر جیاوازیی ئەدەبی و کاریگەرییەکانی ئەم دوو شاعیرە لە سەر شاعیرانی سەردەم و پاش سەردەمی خۆیان بکۆڵرێتەوە و خاڵی پێگەیشتنی ئەم جیاوازییەش لە ڕیفۆرم و هەوڵە نوێخوازییەکانی عەبدۆڵڵا گۆراندا نیشان بدرێت. واتە ئەم شاعیرە نوێخوازە لە پێکهاتەی فۆرم، کێش، مووسیقای شیعری عەرووزی و شێوەی دەربڕینی قوتابخانەی ئەدەبیی نالی لا دەدات و بە دیاردەیەکی دەرەکی دەزانێت و دەگەڕێتەوە بۆ فۆرم، کێشی بڕگەیی و ڕوون بێژی و ڕەوان بێژی (سهل ممتنع) مەولەوی و سەرجەم نەریتی ئەدەبیی گۆران و دەبێتە هۆی وەرچەرخانی نوێ کردنەوەی شیعری کلاسیکی کوردیی سۆرانی.

وشەگەلی سەرەکی

نالی، مەولەوی، شێوازی جیاواز، شیعری کوردی، بادانەوەی گۆران، نوێخوازی

1- پێشەکی

بە تێڕامان لە مێژوو وەک تەنیا سەرچاوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هیچ دیاردەیەک لەم کەونەدا چە‌قبەستە و نەگۆڕ نەبووە، بەڵکوو هەموو دیاردەیەکی جیهان بەپێی یاسای دیالێکتیک لە حاڵی گۆڕانکاریدایە، ئەم یاسا بزاوتووە لە هەموو ئۆبژەکاندا، کاریگەری و کاردانەوەی هەبووە. (پولیتسر، ١٣٥٨: ١٢١). بە تێپەڕ بوونی دۆخ و هەلومەرجی تایبەتی کۆمەڵگە، دەقی شیعر گۆڕانکاریی جیاواز بە خۆیەوە دەبینێت. بێگومان ڕەوتی شیعری کوردیش لەم یاسا بەدەر نییە و وێناکانی ئەم پڕۆسە لە مێژووی ئەدەبیدا دەبینین. هەر بەم بۆنەوە لە سووچەنیگای «شێوازناسیی دەربڕین»دا، پۆلێک باسی بەرجەستەی ئەدەبی بە کارکردی نیشانەناسی، دێنە نێو چالاکیی نووسینەوە و ئەرکی شێوازناس و لێکۆڵەری ئەدەبییە کە بە چاوی بەراوردکارانە لێیان بکۆڵێتەوە. ئەوەش پێویستی بە خستنە ڕووی پێوەندیی چڕ و پڕی هەندێ توخمی زمانی، ئەدەبی و هزریی بە ناودەنگ، بڕگە، تاک وشە، وشە، پێکهاتە، تا پێکهاتەی پێکهاتە2Structure of structure ، Structureهەیە، کە دەرەنجامی ڕەخساندنی «شێوازی تاکی» و «شێوازی گشتی» شیعر و شاعیریە بۆ هەر ڕەوتێکی ئەدەبی. تەتڵە و هەڵاوێردنی ئەم توخمانەش، دەبنە هۆی «جیاوازی» یان هاوچەشنی و هاوشێوەیی قۆناغەکانی شیعری نەتەوەیەک (کدکنی شفیعی، ١٣٩١: ٢٥٥). ئەمە تاکە رێگایە بۆ خوێندنەوەی زانستی-سەردەمیانەی زمان و ئەدەبی کوردی. بەم پێیە ئەرکی لێکدانەوە و نواندنی جیاوازیی ئەم دوو شێوازەش کەوتوەتە ئەستۆی ئەم وتارەوە.

وتارەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە و هەرکامیش چەند بەشی تر دەگرێتە خۆی. لە بەشی یەکەمدا هەوڵ دراوە لەسەر گرینگی فەلسەفەی گۆڕانکاریی ڕەوتە شیعرییەکان و نواندنی جیاوازییەکان بدوێین و بە خوێندنەوەی سەردەمی بەراوردکارییان بۆ بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش لە بەشی (١-١) و (١-٢) باس لە پێشینەی توێژینەوەکە کراوە و لەم پێوەندییەدا هەوڵ دراوە ئەو کتێب و نووسراوانە کە لەم پرسە کۆڵراونەتەوە بخرێنە ڕوو و ئەمجار لەسەر خوێندنەوەی زانستیی ڕەوتە ئەدەبییەکانی کوردی وەک ئەرکێکی هەنووکەیی داکۆکی بکرێت. بەشی دووهەم خۆی لە پێنج بەشی تر پێکهاتووە: مەولەوی هێمای گێڕەرەوەی زانای شیعری کلاسیکی کوردی هەورامی؛ نالی ئەندازیاری زمان و شیعری کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست و قۆناغێکی هەستیاری سیاسی- ڕۆشنبیریی کورد؛ زمانی ناجێدیی شیعر و ململانێی بەرچاو؛ عەبدۆڵڵا گۆران و گەنجینەی دێرین و شۆڕشێکی سەردەمیانەی ئەدەبی؛ عەبدۆڵڵا گۆران و لادان لە توخمی باو وهەوڵ بۆ تەڕ و پاراوێتی زمانی شیعر کە لە ناواخن وتارەکەدا بە خەستی باسیان لەسەر کراوە. بەشی سێیەم ئەنجامی لێکۆڵینەوە، بەشی کۆتاییی وتارەکەیە و بەپێی بەردەوامیی مۆرکە ئەدەبییەکانی شیعری کوردیی هەورامی و بە دەنگەوەهاتنی ئەرکی شێوازناسی و وێنای کاریگەرییەکان، نووسەر پێی وایە کە مێکانیزمی سەرهەڵدانی ڕەوتی ئەدەبیی سێ کوچکەی بابان نە تەنیا لە سەردەمی مەولەوی و  پاش مەولەوی بەڵکوو لە هیچ سەردەمێکدا کۆتاییی بە پڕۆسەی یەک لە دوای یەکی ئەم شیعرە نەهێناوە.

١- ١- پێشینەی لێکۆڵینەوە

پێشتر هەندێ لێکۆڵینەوەی توکمە، بەپێز و ئاکادێمی لەسەر شیعری کلاسیکی گۆران و شیعری کلاسیکی کوردیی ناوەڕاست کراوە و هەرکام بە چەشنێک توێژینەوەیان لەسەر ئەم نەریتە شیعریانە کردووە. وەک نامە ئاکادێمییەکەی ئەنوەر قادر موحەمەد و کتێب و وتارە زانستییەکانی بەختیار سەجادی کە هێما و ناوەڕۆکیان شیاوی پێزانینە. وتاری «شێوازناسیی وێژەی گۆران: تایبەتمەندییە سەرەکییەکان» بە وردی و نرخناسانە لەسەر تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شیعری گۆران لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە (ناوەڕاستی سەدەی یازدە تا ناوەڕاستی سەدەی سێزدەی کۆچی) دواوە و لە خشتەیەکی بەرچاو و نوێندراو و شێوازناسانەدا، تایبەتمەندییەکانی شیعری گۆرانی خستووەتە ڕوو و ئەمجار بە جیاوازییەوە، مۆرکە ئەدەبییەکانی ئەم دوو ڕەوتە شیعرییەی تاوتوێ کردووە(سەجادی، ١٣٩٥: ١٤٨-١٢٥). هەنێ دەقی مێژوویی تر وەک کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی، عەلائەدین سەجادی، نووسراون کە بە شێوەیەکی خەسارناسی و بەراوردکارانە ئاوڕیان لەم دوو ڕەوتە شیعرە نەداوەتەوە؛ بۆیە بۆچوونەکانیان ناتوانێت وێنای کاریگەرییەکانی پاش خۆیان بێت. ئەم دوو سەرچاوەش: «مێژووی ئەدەبی کوردی» لە نووسینی مارف خەزنەدار و وتاری «نالی کێیە و چۆن بۆی بنواڕین» لە نووسینی محەمەد حەمە باقی، هەرکام لە سووچەنیگای تایبەتی خۆیانەوە، ئەم دوو ڕەوتەیان خستووەتە ژێر تیشکی لێکدانەوە و تاوتوێکردنەوە و نووسیویانە: «نالی، سالم و کوردی بناغەی پتەوی ئەم قوتابخانەیانە (شیعری عەرووزی؛ غەزەڵ و قەسیدە) لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەم، لە ناوچەی سلێمانیدا چەسپ کرد. ئەم بزووتنەوە ئەدەبییە نوێیە لە هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان بڵاو بووەتەوە، گەلێ لە ناوچە و هەرێمەکانی گۆرانزەمینی گرتەوە، بەم ڕەنگە بەهێزبوونی قوتابخانەی نالی  لە سەر حسێبی لاوازبوون و (تەنگ پێهەڵچنین) و نەمانی ئەدەبی کلاسیکی گۆرانزەمین بوو»(خەزنەدار، ٢٠٠٣: ٦) و (محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ١٣٥).

ئەم وتارەش بە شێوەیەکی بەربڵاو لەم گوزارە کۆڵراوەتەوە و ڕوانگەی ئەم دوو نووسەرەی خستووەتە ژێر باس و نرخاندنەوە. لە لایەکەوە ئەمە بە ڕاست دەزانێ کە قوتابخانەی نالی لەسەر تەنگ پێهەڵچنین و بەرتەسک کردنەوەی بازنەی جۆغرافیا بە ئەدەبی گۆران سەری هەڵدابوو؛ لە لایەکی دیکەشەوە پێی وانییە کە ئەم ڕەوتە ئەدەبییە لە ناوچووبێت یان تەنانەت داتەپیو بێت. بەڵگەشی چەپکێ ڕێسای ئەدەبی: هونەرسازە و مۆرک و نیشانە یەکچەشنییەکانن کە دەبنە زمانحاڵی ژیوی ئەندامیی بۆ ئەم ڕەوتە شیعرە کە لە سەرەتاوە تا پاش مەولەوی و هەنووکەش چالاک و بزاڤمەند ماونەتەوە و تەنانەت عەبدۆڵڵا گۆران باوکی نوێخوازیی شیعری کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست لەسەر بناغەی ئەم بژێوە شیعرییە و خسڵەتی مووسیقایی بڕگە و مۆرکە ئەدەبییەکان و زمان پاراویی شاعیرانی هەورامی کاریگەریی وەرگرتووە، نەک لە دیاردەی کێشی عەرووزی عەرەبی و فۆرمی غەزەڵ و قەسیدەی نالی و شاعیرانی هاودەم. لەم ڕاستادا هەندێک نووسەر و توێژەری تریش (وەک خاڵێکی ئەرێنی بۆ ئەم وتارە) پێیان وایە شیعری نوێی کوردی، خاڵی پێگەیشتنی دوو سامانی گەورەی شیعری کلاسیکی کوردییە کە بریتین لە دوو نەریتی گۆران و کرمانجیی ناوەڕاست (سەجادی،  ١٣٩٧: ٢٢٧). لە درێژەی وتارەکەدا وردتر باسی لەسەر دەکەین.

١- ٢- ڕەوشی بابەتی و خوێندنەوەی ڕەوتەکان و ئەرکێکی هەنووکەیی

بەراوردکردنی دوو ڕێبازی مێژوویی، بە دوو شێوازی جیاوازەوە، بێ پاڵپشتی پێوەندی واقێعەکان و فەلسەفەی گۆڕانکاری و کاریگەری و کاردانەوەکەیان، بێگومان پۆلێ پرس و هەندێ باسی ئاڵۆز و دژواز3paradoxبۆ بەردەنگ دروست دەکات. من پێم وانییە کە کەس مافی دەربڕینی ڕوانگەی تایبەتیی خۆی نەبێت، پێچەوانە پێداگریم لەسەر ئەوەیە با بە سنگی کراوە لەسەر فرانەیی ژانری ئەدەب و شیعر بنووسرێت و یان بەدواچوونی بۆ بکرێت و هەرکەس پشک و داهێنانی خۆی بخاتە سەر ئەو خوانە ڕەنگینە. بەڵکوو کێشەی من تەنیا بۆ «هەژاریی ڕەوش» و ڕەهاخوازی و سەلیقەیی نووسین لە ساباتی زمان، ئەدەب و شیعردا دەگەڕێتەوە.لە واقێعدا ئەرکی هەر ڕەخنەگرێکە کە ئاوڕ لەم خەسارە بداتەوە. ئەم وتارەش لەم یاسا بەدەر نییە، ئەو مافەی بۆ هەر ڕەخنەگرێک ڕەخساندوە؛ مادام ڕەخنەکەی شەقڵی هەڵسەنگاندنی زانستی پێوە دیار بێت، بەبێ لێبوردن و چاوپۆشی کردن، بخرێتە ژێر تێخی ڕەخنەی بابەتییەوە.

٢- مەولەوی و نالی؛ هێمای دوو شێوازی جیاوازی شیعری کوردی

٢-١- مەولەوی تاوەگۆزی(١٢٢١-١٣٠٠ه.ق)؛ هێمای گێڕەرەوەی زانای4راوی فاضلشیعری کلاسیکی گۆران

وەک پێشتر نووسیمان بە تێکڕا ئەدەبی گۆران خاوەن گەنجینەیەکی دێرینە و مەولەوی تاوەگۆزیش شاعیرێکی کاریزما و کاربەخشی مێژووی ئەدەبیی کوردی بووە. بەگشتی و بە درێژاییی تەمەن، تایبەتمەندییە ئەدەبییەکانی فۆرم و ناوەڕۆکی شاعیرانی ئەم ڕەوتە بریتی بوون: بەردەوامبوونی یەک لە دوای یەکی هونەرسازە و مۆرکە ئەدەبییەکان (کێشی بڕگە، فۆرمی جووت سەروا/مەسنەوی، ڕوانگەی غنایی و شێوەی دەربڕینی یەکچەشن)، پەسەندی زەینی و زمانیی خوێنەری ئاسایی و مامناوەندی و نوخبە، ساکاریی زمان، ڕەوانبێژی و ڕوونبێژی لە تەشک و دلێنەدا5فۆرم و ناوەڕۆک. ئەم خسڵەتانە لە لایەن نووسەری ئەم دێڕانەوە پێشتر لە حەوت قۆناغدا، پۆلێنبەندی کراوە (محمدپور،١٣٩٢: ٢١). لەم ڕەوتەدا، ئەو نەمامەی کە لە شیعری (هورمزگان)ەوە گۆپکەی کردبوو و لە (بێسارانی)دا بوو بە باخچە و لە (سەیدی)دا رەنگاڵە بوو و لە مەولەویدا گەیشتە سەمەر و پاش مەولەوی و هەنووکەش لە بەهرە و داهێناندایە. «مەلا محەمەد فکری (١٣١٠ کۆچی کردووە)، شێخ محەمەد نەسیم مەردۆخی(١٣١٩ ک.م کوچی کردووە)، سەی یاقۆی ماهیدەشتی(١٣٢٦ک.م)، تاهێر بەگی جاف(١٢٩٥-١٣٣٧ ک.ه)، مەڵا هەسەنی دزڵی(١٢٧٥-١٣٦٤ ک.م)، ئاغە عەنایەت(١٢٦٠-١٣٣٥ ک.ه)، محەمەد ئەمین کاردۆخی، دانا هەورامی(1934-1979)، سەی تاهێری هاشمی، شێخ ئەمینی نەقشبەندی(بێوەی)، عەبدۆڵڵای ئەقدەسی(١٣٤١-١٤٠٦)، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕێس، مەلا عەبدۆڵڵای کاتب (١٣٥٣-١٤٢٥ک.م)، مەڵا سادێقی نگڵی(١٢٨٠-١٣٤٥ ک.ه)، میرزای هەورامی، محەمەدی فەهیم، یوسف رەسووڵ ئابادی(١٣٣١-١٣٨٧ک.ه)، میرزا سەعدۆڵڵای هەجیجی(١٣٩٦-١٣٠٢)، مۆمنی یەزدانبەخشی پاوەیی، سەعدی غەریبی و دەیان شاعیری تری پاش مەولەوین کە زۆربەیان لە کتێبخانەی کوردیدا خاوەن دیوانی شیعرن.

blank
نالی(١٧٩٧ـ١٨٧٧ ز)

٢- ٢- نالی(١٧٩٧ـ١٨٧٧ ز)؛ ئەندازیاری زمان و شیعری کرمانجیی ناوەڕاست و قۆناغێکی هەستیاری سیاسی- ڕۆشنبیریی کورد

کە باسی شیعری کلاسیکی کوردی دەکرێت بێ سێ و دوو یەک لەو شاعیرانە بە زەیندا تێدەپەڕێت، نالی و شیعری نالی لە بەر چاودا خۆ دەنوێنێ. هۆی ئەم ڕاستییە بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو تایبەتمەندییە دەگمەنانەی کە هەر شیعری نالی خاوەنیانە و لە هەمان کاتدا بە جوانکارترین شێوەی گونجاو لە دەقە شیعرییەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە (یعقوبی، ١٣٩٠: ٣٠).  نالی شاعیرێکی نوخبە، کاریزما و «گەورەی کوردە و بە درووستکەر، بناغەدارێژ و داهێنەری قوتابخانەی شیعری کرمانجیی ناوەڕاست ناوزەد کراوە»(عەبدۆڵڵا خدر مەولوود، ٢٠٠٧ : ١٩). «جێ دەستی ئەو شاعیرە بە سەر پانتاییەکی گەورەی شیعری کوردی و قۆناغی خۆیدا بە ڕوونی دیارە، یان بە واتایەکی تر ڕەنگرێژ  و بونیاتنەری ڕێبازی کلاسیزم بوو لە شیعریی کوردیدا» (ڕەئوف عوسمان، ١٣٩١: ١٣٨). زۆربەی شاعیرانی کلاسیکی سەر بە قوتابخانەی سێ کوچکەی بابان لەو بلیمەتە کاریگەرییان وەرگرتوە و بەم لەونە شیعری کلاسیکی سۆرانی بووە خاوەن ناسنامەی شیعریی خۆی. ئەمە بەشێک لەو شاعیرە ناسراوانەن کە لە سەردەمی نالی یان پاش نالی خاوەن بەرزە دیوان بوون: سالم(١٨٠٠ـ١٨٦٦)، کوردی(١٨٠٩ـ١٨٤٩)، مەحوی(١٨٣٠-١٩٠٤)، حەریق(١٨٥١-١٩٠٧)، ئەدەب(١٨٥٩-١٩١٢)، حەمدی ساحێب قەران(١٨٧٦-١٩٣٦)، حاجی قادری کۆیی(١٨١٦-١٨٩٨)، ناری(١٨٧٤-١٩٤٤)، زیوەر(١٨٧٥-١٩٤٨)، پێرەمێرد(١٨٦٨-١٩٥٠)، ئەحمەد موختاری جاف(١٨٩٨-١٩٣٥)، شێخ رەزا(١٨٣٥-١٩٠٩)، فایق بێکەس(١٩٠٥-١٩٤٨) و دەیان شاعیری تر.

بۆ ئەوەی باسەکە تاپۆکراو6مصداقی، مستندئاراستە بکەین، سەرەتا چەند پرسێک دەورووژێنین:

الف) قوتابخانەی شیعریی نالی لە چە هەلومەرجێکدا سەری هەڵداوە و چۆن بوو بە ئاخێزگەی درەوشانەوەی بەشێک لە جوغرافیای زمان و شیعری کلاسیکی کوردی و کاریگەرییەکانی لەسەر شیعری کرمانجیی ناوەڕاست چی بوون؟

ب) لە شیعری هەورامیدا، ئەو نەمامەی لە هورموزگانەوە سەری هەڵدابووو لە مەولەویدا گەیشتە لووتکە، ئایا پاش مەولەوی لە بەخشەندەیی دەکەوێت یان دەپووکێتەوە؟

ج) بۆ کۆرپەلەی نوێخوازی شیعری کوردی کرمانجیی ناوەڕاست و شۆڕشە مووسیقاییەکەی عەبدۆڵڵا گۆران، باوکی شیعری نوێی کوردی، لە سینگی شێوازە ئەدەبیەکەی نالی- پاش نالی گۆچ نەکرا؟

د)لە هەمان کاتدا، ئەی بۆ فەلسەفەی نوێخوازیی گۆران لە جەرگەی قوتابخانەی شیعری هەورامیدا، ڕسکا و پاشان تێئۆریزە و فراژوێ بوو؟ لە درێژەی ئەم وتارەدا هەوڵ دەدەم، بەو پرسانە وەڵام بدەمەوە:

هەندێ بەڵگەی مێژوویی- ئەدەبی وادێنە گۆ کە بزووتنەوەی نالی و ڕەوتی شیعری کرمانجیی ناوەڕاست هەڵقوڵاوی سەردەمێکی هەستیاری سیاسی- ئەدەبیی بۆ ڕەواندنەوەی دەسەڵاتی مێرنشینی ئەردەڵان و ململانێ لەگەڵ شاعیرانی هەورامی بووە. پێش نالی زەمینەیەکی دەسەڵاتی سیاسی و نویساری، زاڵ نەبووە تەنیا دیاردەیەکی فەرهەنگی و کەلەپوورێکی دەمبێژیی ناوچەیی دەوری هەبووە. بەم بۆنەوە ناتوانین بڵێین شیعری کوردیی سۆرانی لەم سەروبەندەدا، وەک ڕەوتێکی بناغەدار و خاوەن ڕێباز، خۆی نواندبێت، ئەگەریچ هەبووە مەحاڵی7Localو زارەکی بووە و دەقێکی نووسراو نەبیندراوە کە لەم بارەوە بەرچاو و بەڵگەئامێز و باوەڕپێکراو بێت. وەک لە سەرچاوەکاندا ئاماژەی پێکراوە کە «قوتابخانەی نالی کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم لە سلێمانی پەیدا بوو، ئەدەبێکی بەرزی گۆرانزەمین یا هەورامی لە ناوەوە بوو، ئەم بزووتنەوە تازەیە دەستی بەوە کردبوو، جێگە بە ئەدەبی تەمەن هەزارساڵەی گۆرانزەمین لەق بکات. بەم جۆرە، شێوەی کرمانجیی ناوەڕاست وەکوو زمانێکی رەسمی مێرنشینی سلێمانی پەیدا بوو و بەرەبەرە جێی بە شێوەی گۆران/هەورامی تەنگ دەکرد و بەم ڕەنگە لە سەر حسێبیلاواز بوون و نەمانی دیالێکتی گۆران بوو» (خەزنەدار، ٢٠٠٣: ٦). نالیش لە ناو شارێکی تازە پایتەختی وەک سلێمانی و ناوەندی دەسەڵاتی باباندا دەژیا، کە لەو کاتەدا هەر نزیکەی (٤٠ ـ ٥٠) ساڵێک دەبوو دروست کرابوو، «دەبوو نالی بە گیانی تازە و شارستانییانەی ئەم پایتەختە تازەیەوە، کە لە دیدی نالییەوە تاقانە مێرنشینێکی قەومی داهاتووی نالی بوو، ئەدەب و فەرهەنگێکی تازەش لە گەڵ خۆیدا پێشکەش سەردەمەکەی بکات» (محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ١٣٨). شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە قەسیدە بەناوبانگەکەیدا ئیشارە بەو پایتەختە تازە دەکات و دەڵێت:

لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارالملکی بابان بوو

نە مەحکوومی عەجەم، نە سوخرە کێشی ئالی عوسمان بوو

(خەزنەدار، ٢٠٠٣ : ١٣)

نالی لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی بێ سنووری دیالێکتی ناوچەکەی خۆیەوە، پێی وابوو توانای تەقاندنەوەی زۆری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە (محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ١٣٥- ١٣٦). بۆ بەکردەکردنی ئەم تێزە هزریە، پشت بە هۆنەی شانازینامە(مفاخرە) دەبەستێ کە دڵنیا بوو توانای تەقاندنەوە و –هێژمونێتی زۆری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە ولە لایەکی ترەوە دەرکیشی بە هەبوونی دەسەڵاتی مێرنشینی ئەردەڵان و شاعیرانی هەورامی کردبوو و لە هەوڵێکی فەرهەنگی و زمانیدا بوو بۆ ئەوەی کە ئەو دەسەڵاتە سیاسی- ئەدەبییە کە لە مێژە سەقامگرتنی بە خۆیەوە بینی بوو، لە ئەردەڵان و گۆران  بسێنێتەوە و هەم وێنای هێژمونیی سیاسی و دەسەڵاتدارییەتی بە بابانەکان ببەخشێ و هەمیش دیالێکتی سۆرانی ناوچەی سلێمانی ببوژێنێتەوە و بازنەی جوغرافیاکەی بەربڵاوتر بکات، بۆیە بە ئاگایی و شارەزاییەوە، وەک شاعیر و بکەرێکی وریا و زیرەک8فاعل شناسای هوشیار و زیرک، زانیویە لەم نێوەندەدا، چۆن کایە زمانی و نیشانە ئەدەبییەکان بۆ ئامانجەکانی بەکار بهێنێت و بیانقۆسێتەوە. لەم بەیتەدا:

کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە

هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا

(نالی، ١٣٦٣: ١٠٧)

 لە تێهزرینی نووسەری ئەم دێڕانەدا، یەک لە تەئویل و کردنەوەی ڕەمزی ئەدەبیی ئەم بەیتە ئەوەیە: نالی هۆشیارانە لەفزی جێناسی لێکدراوی «خۆ کوردی، خۆکردی»ی بەکار هێناوە. دیوی خۆکردی نیشانەیەک بۆ وێنای بەرجەستەکردن، هەڵاوێردن و بەدەسەڵات کردن لە ڕوانگەی داهێنانەی هونەری -زمانی خۆیەوە و دیوی(خۆ کوردی)یش نواندن و ئانالیزکردنی باقیشێوەکان لە زمانی کوردیدا، کە جۆرە نرخاندن و جەختاندنێکی شاعیرانەیە بۆ دابین کردنی مەبەستی خوازراو و بەهێژمونی کردنی دەسەڵاتە هونەرییەکەی.

لە پێناو درەوشانەوەی بزووتنەوەوکەیدا، لە ماوەیەکی زۆر کورت و چاوەڕوان نەکراودا، توانی سنوور و جوگرافیای دیالێکتەکەی بەخێرایی بەرفراوانتر بکات و وەک ئاگر و پووشوو، بە ناوچەکانی گەرمیان و کوێستان و موکریان و ئەردەڵاندا بتەنێتەوە کە ئەم کارە، لە هەمان کاتیشدا و بە تێپەڕینی رۆژگار، بووە مایەی تەنگ پێهەڵچنین دیالێکتی گۆران، کە ڕاستەوخۆ، سنووری لە گەڵ سنووری ئەم دیالێکتە تازە و گورجەدا تێکەڵ و هاوبەش بوون(محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٦). لە شیعرێکی فەخرئامێزدا بە زمانی ئیهام و توانج ئاماژە دەدات بە نمانای ئەم دەسەڵاتەزمانی-ئەدەبییە و دەڵێ ئەمڕۆ دیوانی حوکمڕانیم هەیە و حوکمی ئەم سێ وڵاتەی لێوە ئەکەم:

فارس و کورد و عەرەب هەر سێم بە دەفتەر گرتووە

نالی ئەمڕۆ حاکمی سێ موڵکە دیوانی هەیە

(نالی، ١٣٦٣: ٥٧٧)

پێشتر نالی ئەم کۆسپەی لە ناواخنی ئەدەبەکەیدا دەرک کردبوو کە بە پێچەوانەی تێکڕای شاعیرانی پێشینەی نیشتمانەکەی خۆی و شاعیرانی نەتەوە درواسێکانیەوە، کە هەموویان لەبەر کڵاوڕۆژنەی گەنجینە و خەرمانی بەبڕشت و دەوڵەمەندی پێشینەی خۆیانەوە پێگەیشتوون و درەوشاونەتەوە، بەڵام نالی و قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کرمانجیی ناوەڕاست، بە تەنیا و بەبێ پشتیوانی گەنجینەیەکی دەوڵەمەند و بەبێ دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەی شیعری پێش خۆی، بەڵکوو لەناو فەرهەنگێکی هەژار و زمانێکی دیالێکتدا، سەری هەڵداوە و درەوشاوەتەوە(محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٦).

لە هەمان کات و سەردەمدا شیعری هەورامی دوخێکی تری هەبووە، حوزوورێکی جەوهەریی سەقامگرتوو و درێژخایەن و نەپساو. تێکستی شیعری گۆران کۆنترین تێکستە لە ئەدەبی کوردیدا، یا خود بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین سەرەتای مێژووی ئەدەبی کوردی بە شیعری گۆران دەستی پێ کردووە . هەندێ لە دیالێکتەکان، وەک دیالێکتی کرمانجیی ژووروو، چەند سەدەیەک دەبوو لە دوای درەوشانەوەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی‌یەوە، ئیتر پردی پێوەندی و داهێنان و بەخشینی لەگەڵ خوێنەراندا پساندبوو. لەبەر ئەوە تەنیا دیالێکتێکی بەردەوام و زیندوو، کە نزیکەی (شەش سەدە) دەبوو، ئەدەبی پێ دەنووسرا، بە تەنیا هەر دیالێکتی گۆران بوو، کە ئەم دیالێکتەش لە سەردەمی نالیدا، لە جوغرافیایەکی یەکجار بەربڵاوی ناوچەکانی کرماشان و ئەردەڵان و موکریان و شارەزوور و کەرکووکدا، لە لووتکە و درەوشانەوە و داهێنان و بەخشیندا بوو (محەمەد حمە باقی، 1391: 235).

٢- ٣- زمانی ناجێدیی شیعر و ململانێی بەرچاو

لە لایەن شاعیرانی ڕێبازی سێ کوچکەی بابانەوە، چەکی شیعری تەوساوی و درکەئامێز، میکانیزمێکی بەهێز بووە بۆ ململانێی سیاسی-ئەدەبی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەردەڵان و شاعیرانی هەورامیدا. نالی شاعیری گەورە، لەژێر کاریگەریی ئەم هەوڵانە و قووڵکردنەوەی دژخوازیی سیاسی و ئەدەبی و خەست کردنەوەی دۆزەکان، قەسیدەیەکی خەونامەی بۆ مەستوورەی ئەردەڵانی(1264-1220 ک.م) نووسیوە و بە زمانی چزداری لاقرتێ، لۆمە و تەشەرەوە، مەبەستەکانی خۆی بۆ ڕەخنە و لاوازاندنی کەسایەتیی تاکی ئەو شاعیرە دەربڕیوە. ئەمە لە لایەکەوە لەو مێرنشینەدا بەڵگەیەکە بۆ کەسییەتی بەرز و بەدیاری مەستوورە ولە لایەکی دیکەشەوە خەست کردنەوەیوێنای ململانێی سیاسی و ئەدەبییە لەگەڵ بنەماڵەی ئەردەڵان و سەرجەم قوتابخانەی هەورامی: 

مەستوورە کە حەسناو و ئەدیبە بە حیسابێ

هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێک و عیتابێ

(نالی، ١٣٦٣: ٦٠٣)

سالم شاعیری گەورەی سەردەمی بابانەکانیش (١٨٠٠ـ١٨٦٦ ز)، کاتێک عەبدوڵڵا پاشای بابان لە قوستەنتەنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، بۆ پیرۆزبایی، قەسیدەیەکی ستایشی (٤٢) دێڕی بە مەتلەعی (تیروەش دەی مە گوزەشت و عەهدی نەیسان هاتەوە)؛ لە وەسفیدا نووسیوە و لە بەیتێکی تەوساویشدا، دیاردەی ململانێی، ئاوا خستووەتە ڕوو:

کەڕ و فەڕ با کەم بکا والی بە فەوجی چێش کەروو

پووشتبە‌ندی لە‌شکری وە‌ندات و جافان هاتە‌وە

(سالم، ٢٠١٥: ٨٤٠)

باری واتاناسی و تاوتوێی نیشانەکانی ئەم بەیتە وا پیشان دەدات کە والی، حاکمی ئەردەڵانە و چێش‌کە‌رووش شاعیرانی هەورامین و لەشکری وەندات و جافانیش دەرباری بابان و سەرجەم ئەو رێچکە ئەدەبییە دەگرێتەوە. سالمی شاعیر لەم بەیتەدا لە ئاوابوونی دەسەڵاتی ئەردەڵان و کزبوونی شێوەی هەورامی دەدوێ و بە لەحنێکی پاڵەوانی9مفاخرە، رجز، موژدەی هاتنەوەی هێمای لەشکری ئەمارەتی بابان و بریسکانەوەی شاعیرانی ئەو دەسەڵاتە دەدات. ئەمە لە نەریتی ئەدەبی و چەشنە ئەدەبییەکاندا (مفاخرە، شانازی کردن بە شیعری خۆ) پێ دەڵێن کە لە ئەدەبی گەلانی تریشدا زۆر باو بووە. لەم ڕووکردەدا شاعیر بە لەحنی ئەدەبی و بەکاربردنی دەستەواژەی فەخرئامێز، لە مەبەستەکە زیدەڕۆیی دەکات و خۆی بەرز و سەرکەوتوو و ئەویدی نەوی و شکست خواردوو پیشان دەدات . ئەم چەشنە ئەدەبییە سەرەتا لە شیعری عەرەبدا سەری هەڵداوە و لە ئەدەبی فارسی لە لایەن خاقانی و نێزامی، شاعیرانی سەدەی شەشەمی کۆچیی مانگی، پەرەی پێدراوە و ئەمجار لە شیعری کوردیشدا کاریگەریی داناوە و لە دیوانی نالی و باقی شاعیرانی هاومەبەست لە شیعری کلاسیکی کرمانجیی ناوەڕاستدا ئەم چەشنە ئەدەبییە بە خەستی بەرچاو و بەدیارە.

شیعر و نەریتی ئەدەبیی گۆران لەو دەمەیدا خاوەن دیاردەیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری چەسپاو بووە و سالمیش لە پێناو ململانێی ئەدەبیدا، بە تەوسە زمان وشەی فەوجی بۆ بەکارهێناون، فەوجیش توخمێکی سەربازی و بەشێکە لە هێزی سوپا، کە واتە مەبەستەکەی ئەم دوو بژاردە بووە: یەکەم ئەوان بەشێکن لە هێزی سەربازی دەسەڵات سەر بە کاسێتی ئەردەڵان و قاجارەکان نەک شاعیر!، دووهەم سووک نیشاندان و بێ بایی کردنیان کە با ئیتر والی کەمتر شانازییان پێوە بکات. بە بۆچوونی نووسەری ئەم دێڕانە، بەکاربردنی ئەم نیشانەگەلە کەڕ و فەڕ، والی، فەوج، لەشکری وەندات و جافان کە توخمگەلێکن بۆ سۆپا و هێزی سەربازی بەکار دەبرێن، شاعیر ویستوویە بەرجەستەیان بکاتەوە و پێوەندییان بدات بە دەسەڵاتەوە و شان و شکۆ و هەیمەنەی ئەدەب و شیعری هەورامیی ئەو دەمە دابەزێنێ و بە شکست خواردوو لە قەڵمیان بدات و لە بەرامبەریشدا زایەڵەی شیعری سۆرانی بەرز بنوێنێ و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بۆ بابانەکان بچەسپێنێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاوا هەڵوێستێکی تەوس ئامێزلە قوتابخانەی شاعیرانی هەورامی بەرامبەر بە شاعیرانی بابان و دەسەڵاتدارانی ئەو مێرنشینە شک نابەین. لەم سووچەنیگاوە، ڕەنگە ئەم گوزارە لە سەقامگرتوویی ئەم ڕەوتە، متمانە بە خۆ و تەنیا بە داهێنانی نابی ئەدەبی(شیعر بۆ شیعر) و لە هەمووی گرنگتر پارێز لە هەر چەشنە دووبەرەکی سەرچاوە بگرێت.

٢- ٤- عەبدۆڵڵا گۆران و پشت بەستن بە گەنجینەی دێرین و شۆڕشێکی سەردەمیانەی ئەدەبی

وەک پێشتر باسمان کرد، گەشەی ئەدەبی کلاسیکی نالی و شێوازە ئەدەبییەکەی(ئوسلووبی عەرووز و فۆرمی زاڵی غەزەڵ و قەسیدە) پاش نالی نەیتوانی کاریگەریی ئەوتۆ دابنێ بە سەر زەمینەی تازەگەری و نوێخوازیی شیعری پاش خۆیدا، بەڵام بەگشتی کاریگەرییە ئەدەبییەکەی نالی لە ژیاندنەوە و هۆرزانەی زمان و ئەدەب و ڕووناکبیریی کوردیدا10رستاخیز زبان و ادب و فرهنگ کوردی بەرچاوە و نکوولی لێناکرێت. ئەگەر وەک خاڵێکی شێوازناسانەی بەراوردیی سەیری ئەم کاریگەرییانە بکەین ناهاوسەنگییەک نێوان شێوازە ئەدەبییەکەی نالی و مەولەوی و قوتابخانەی شیعری هەورامیدا، دەبینین کە لە درێژەی باسەکەدا وردتر شەن و کەوی دەکەین.

لە شێوازی ئەدەبیی هەر ڕەوتە شیعرێکدا، هەناسەی بەردەوام و سامانێکی بەپێزی درێژخایەن و حوزووری یەک لە دوای یەکی هونەرسازەکان11تکرار و توالی هنرسازەها در شعرو مۆرکە ئەدەبییەکان، خاڵی سەرەکین بۆ کاریگەرییەکانی پاش خۆی. کەچی پێش نالی، شیعری کوردی کرمانجیی ناوەڕاست لەم بوارەدا قوتار بووە لە ڕەوتێکی ئەدەبیی خۆماڵی و دەقەکانی تاپۆکراو و بەرچاو نەبوون و وێنای بەرزی فێرکانسی ئەو فۆرمانەش کە  شیعریان پێ وتراوەتەوە لەژێر کاریگەری و کاردانەوەی ئەدەبی دەوروبەردا بووە و کەچی تەنیا دووبارە کراونەتەوە.

نیما یووشیج(١٢٧٦-١٣٣٨ ک.هـ)، بە پشت  بەستن بە یاسای گۆڕانکاری و هەبوونی گەنجینەیەکی درێژخایەنی (١٠٠٠) ساڵەی ئێران، دەستی کرد بە تازەگەری لە شیعری فارسیدا و چەندین ڕەهەندی بە دووی خۆیدا هێنا. نیما سەرەتا دەستی بە وتنی شیعری ئەوسایی کرد و پاشان بە دانانی شیعری ئەفسانە پردێکی ئەستووری نێوان شیعری ئەوسا و ئێستای فارسی دروست کرد و بەم شێوە بوو بە باوکی نوێخوازەکان و هەمیش خاوەن سامانێکی دۆڵەمەندی شیعری سەردەم و شیعری هاوچەرخی فارسی کە لەم بارەوە و لە مەڕ کاریگەریی ئەم شاعیرەوە کۆبەڵێنێک هەیە و هەموویان دانی پێدا دەنێن و وەک باوکی شیعری هاوچەرخی فارسی ناوی دەرکردووە.

وەک نووسیمان سەرهەڵدانی نالیش، خۆی لە خۆیدا و بەپێی ئەو ئامانجانە کە پێڕەو کراون دەستکەوتێکی تازە بووە بۆ درەوشانەوە و بەردەوامێتیی زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست و تەنانەت سەرجەم نەتەوەی کورد. دەسەڵاتێکی تازە کە لەم دوو سەد ساڵەی دواییدا، تۆز و گەردی کەڵەکەبووی دێرینە و زۆری لەسەر خۆی تەکاند و وەک دیالێکتێکی شێوە یەکگرتووی هاوچەرخانە هاتە کایەوە(محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٦). واتە هەوڵەکەی لە پێناو دەرک بە دەسەڵاتێک و پێداویستی پایتەختێکی تازە(محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٥) بۆ تەنگ هەڵچنین بە قوتابخانەی زیندوو و سەردەمیانەی فەوجی چێش کەروو! لە پایتەختی ئەردەڵانەکاندا، درەوشایەوە و تەنانەت هۆگر و ڕاهاتووی ئەم جۆرە شیعرەش(غەزەڵ) نەبوو، ژمارەیەکی زۆر کەمی توێژێکی تایبەتی خوێندەوارانیش تێدەگەیشتن (محەمەد حمە باقی، ١٣٩١: ٢٣٦). بۆیە لە سووچەنیگای نووسەری ئەم دێڕانەوە لەسەر بنەمای قابیلیەتەکانی فۆرمی شیعر و کاریگەرییەکانی ئەم ڕێبازەدا، پاش نالی گۆڕانکارییەکی تازە، نامۆ و فۆرمیک ڕووی نەداوە، ئەگەرچی دانانی شیعری کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست بە غەزەڵ لە ڕوانگەی خودی نالییەوە بەرچاوە و ئەم جۆرە ئوسلووبە(غەزەڵی عەرووزی) بە تەبعێکی شەکەربار و داهێنانێکی شازی دەزانێت بۆ شیعری کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست و پێی وابووە تا ئێستا بۆ کەس نەلواوە کە ئەم شێوە بکاتە دەستمایەی داهێنان لە سلووکی دابەزاندن و ئیمتیحانی شیعردا و وەک خاڵێکی داهێنەرانە دایناوە:

تەبعی شەککەر باری من، کوردی ئینشا دەکا

ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی لە عمدا وا دەکا

(نالی، ١٣٦٣: ١٠٦)

نالی شارەزووری لەو بەیتەدا، خۆی بە یەکەم رەنگڕێژ و بوێری ئەم چەشنە هۆنینەوە و هەمیش دانەری هەموو داهێنانێک لە شیعری کلاسیکی کرمانجیی ناوەڕاست دەزانێت (کوردی ئینشا دەکات)، کە نکوولی لێ ناکرێت. شیعری هەورامیش لە ڕەوتی خۆیدا تاک و ترووک نەبێت، بە زێدهاتی بەرزەوە و وەک نۆرمێکی ئەدەبی و ئەزموونێکی بەرچاو، قەرەی ئەم ئوسلووبەدا (غەزەڵ و قەسیدە و دیاردەی عەرووز) نەچووەو لە شیعری کوردیدا بۆشایی هەبووە، بۆیە قەسیدە و غەزەڵی عەرووزی بۆ نالی و سەردەمی خۆی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا دیاردەیەکی شاز و داهێنانێکی تازە دێتە بەرچاو، بێگومان یەکەم ئیمتیحانکەری ئەم رێبازەش بۆ نالی چەسپاو و دەستەبەرکراو، دەنوێنێت. بەپێی ئەزموونی گەلانی تر عەبدۆڵڵا گۆران(١٩٠٤- ١٩٦٢ز) باوکی شیعری نوێ، لەسەر دەرک بە بەرپرسیارەتیی سەردەمیانە و پشت بەستن بە درێژهەناسەیی زمان و ئەدەبی خۆماڵی و کێشی نەتەوەیی پەنجە (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨ : ٣٤)، چارەی نەبوو کە ئەو رێبازە و تازە ئەزموونکراوەی نالییە، بباتە ژێر پرسیارەوە و پێی وا بێت ئەو توخمە ناکوردییانە(پێکهاتەی مۆسیقای دەرەکی عەرووزی، فۆرمی ئاسۆیی غەزەڵ، تاکوشە، وشە و دەستەوشە عەرەبییەکان) هیچیان تەبا لەگەڵ ڕۆحی ناخۆئاگا و هەناسەکانی ڕاهاتوو و ڕابردووی شیعری میللی گونجاو نین (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨ : ٣٤) و لەم نێوەندەدا هەست بە بۆشاییەک دەکات و ژیرانەش بادانەوە دەکات بۆ گەنجینەی مۆسیقای شیعری هەورامی و لە ئەو ئامێزەدا ئۆقرە و ئاسوودەیی بە خۆوە دەگرێت. پاشان بە ڕەچاوکردنی باقی دیاردەکانی نوێخوازی فەجری ئاتی و ڕەهەندە تازە و سەردەمیەکانی شیعری تورکی و ئورووپایی، پێکهاتەی شیعری کلاسیکی کوردیی ناوەڕاست ژێر و ڕوو دەکات و سەر لە نوێ بینایەکی شەکیل و تازە، بونیات دەنێتەوە. خۆی لەم بارەوە دەنووسێت:

«شیعرە تازەکان بە وەزنی پەنجە هەڵبەستراون، کە هەرچەند شیعر دۆستەکانی کۆن بە خوێندنەوەی ڕانەهاتوون، بەڵام لە بەرئەوەی وەزنی تایبەتی نەتەوەییمانە و لەگەڵ خەسائێسی زمانەکەمان چاتر ڕێک ئەکەوێ، بە پێویستم زانی، لە ماوەی تەقەلای ئەدەبی خۆما، ڕۆژ بە ژۆژ بەرەو لایەنی بەکارهێنانی ئەم وەزنە بچم، تا لەم چەن ساڵەی دواییدا وەزنی عەرووزم بە تەواوی و لاموایە بە ئیجگاری، بەرەڵڵا کرد، مەگەر پێویستێکی هاندەری تایبەت ڕوو بدات» (گۆران، ١٩٧١: ١٢).

لە ڕوانگەی نووسەر و توێژەر بەختیار سەجادییەوە: «شیعری نوێی کوردی، خاڵی پێگەیشتنی دوو سامانی گەورەی شیعری کلاسیکی کوردییە کە بریتین لە دوو نەریتی گۆران و کرمانجیی ناوەڕاست… ئەم خاڵە بە یەک گەیشتنەش شیعری دوو شاعیری گەورەی کوردی سەدەی نۆزدەهەم، مەولەوی کورد و نالی، لە قەڵەم دەدرێت» (سەجادی، ١٣٩٧: ٢٢٧). بە واتایەکی تر، لە لایەکەوە پێکهاتەی شیعری عەبدۆڵڵا گۆران لە سەر کێشی بڕگەیی و خۆماڵی دارێژراوە و لە لایەکی تریشەوە دەربڕینی لە توخمە زمانییەکانی زاری ئەدەبی کرمانجیی ناوەڕاست کەڵکی وەرگرتوە. من ئەم هەڵسەنگاندنە ئەرێنی دەنرخێنم و لەم وتارەشدا وەک خاڵێکی ئیجابی هاتووەتە ئەنجام و پێداگریی لە سەر کراوە. بەڵام پێویستە  هەوڵە نوێخوازییەکەی عەبدۆڵڵا گۆران وەک قەزییەیەکی دیالێکتیکی و چەند لایەنە بخرێتە بەر باس و شرۆفەی کرداری و پەڕچەکردارییەوە:

یەکەم: کرداری دەربڕین؛ گۆران خواستی نوێ کردنەوەی شیعری بە زمانی یەکەم و دایکیی خۆی دەربڕیوە، واتە دیاردەیەکی سروشتی و ئیجابییە.

دووهەم: پەڕچەکرداری وەلاوەنانی نۆرمی زاڵ (انحراف از نرم غالب)؛ گۆران لە پێکهاتەی کێش و مووسیقای شیعری عەرووزیی زمانی یەکەم کە بە دیاردەیەکی دەرەکی دەزانێت دادەبڕێ و لە کێشی بڕگەیی شیعر و ڕوون بێژی زمانی دووهەم، کاریگەری وەردەگرێت.

سێهەم: خاڵی پێگەیشتن؛ نوێ کردنەوەی شیعری کوردییە کە دەرەنجامی هەوڵدان و سلووکی ئەدەبیی گۆرانە، وەرگرتە لە زمانی دووهەمدا.

دواتر خاڵی پێگەیشتنی پڕۆسەی نوێ کردنەوەی عەبدوڵڵا گۆران دەبێتە وێنای دینامیزمێک و بەڵگەیەکی کارا بۆ دەرکەوتن، درێژەدان و درەوشانەوەی قابیلییەتەکانی شیعری هەورامیی پاش مەولەوی و هەنووکە و وڵامێک و پەڕچەکردارێکی ئەدەبی بۆ ئەوانەی پێیان وایە پڕۆسەی گەشەی ئەدەبی نالی، شیعری کوردیی هەورامی، مەولەوی و پاش مەولەوی تواندەوە. وەک ئاماژەمان پێدا ئەوەش مەسەلەی بەکارهێنانی کێشی پەنجەیی کە ڕووداوێکی ڕەسەنی کۆن بوو و لەگەڵ جەوهەرە بزاوتەکانی شیعر بە واتای میللی دەگونجا. بەڵگەش بۆ ئەم راستییە تیکڕا هەموو شیعرەکانی مەولەوی و بەرهەمی ئەو شاعیرانەیە کە بە لەهجەی هەورامی و لەسەر کێشی (5+5) شیعریان هۆنیوەتەوەوە، گۆڕینێکی بنەڕەتی و شۆڕشێکی سروشتی و ئیقلیمگیر و سەرکەوتووی مۆسیقای کوردی لە عەرووزەوە بۆ کێشی رەنگاوڕەنگی خۆماڵی. (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨ : ٣٥-٣٤). لێرەدا گۆران پەی بەم ڕاستییە بردبوو  کە ئەفاعیلە سواوەکانی عەرووزیی لە مێژە لە شیعری فارسی و عەرەبیدا باو بووە، ئیتر ڕەوشێکی بێ سوود بە ئەژمار دەهات و خەریک بوو لە قۆناغەکانی دواییدا دەخرایە پەراوێز و هەڵاوێردنی ئەدەبییەوە. ئەمە لە ڕووی گۆڕینی مۆسیقا و سەربەستی شاعیر و دەربڕینی هەست و خواستەکانی شاعیرییەوە بایەخێکی بنەڕەتی بووە بۆعەبدۆڵڵا گۆران، و خۆی لەخۆیدا بوو بە شۆڕشێکی گەورەی مۆسیقا و تازەوەکردنەوەی هونەرسازەی کێشی شیعری کوردی.

٢- ٥- عەبدۆڵڵا گۆران و لادان لە توخمی باو وهەوڵ بۆ تەڕ و پاراوێتی زمانی شیعر

نالی لە فۆرم و کەرەستەی زمان و پێکهاتەدا، زۆرتر لە ڕەگەزەکانی زمانی عەرەبی و تەنانەت فارسی کاریگەری وەرگرتووە. لە دەقەکانیدا پتر لە سەدی هەشتای توخمە زمانییەکانی، راستەوخۆ وەرگرتەن لە زمانی عەرەبی، ئەمەش بێ ئەوەی لە نرخ ناسی، کەشف، داهێنان و سلووکی هونەری و شاعیرانەی نالی کەم بکاتەوە، وەک ڕاستییەکی نیشانەناسی و زمانەوانی، لە دوو تۆی پێکهاتەی دیوانەکەیدا ئەم دیاردە بە ڕوونی و زەقێتی تەواو خەمڵێنراوە. لەم بەیتەدا زۆربەی وشە سەرەکییەکان عەرەبی ڕووتن:

ظاهیر و باطین لە سەر لەوحی حەقێقەت یا مەجاز

ئاشنای سێڕڕی قەلەم بێ، غەیری نالی کەس نەما

(نالی، ١٣٦٣:١٣١)

یان ئەم بەیتە:

طەیبە کە یەعنی عەکسی بەقیعی هەموو عەبیر

طەیبە کە یەعنی مایەیی ئەو میشکی ئەزفەرە

(نالی، ١٣٦٣: ٤١٦)

لە هەمان کاتدا شیعری قوتابخانەی هەورامی بە تێکڕا و شیعرەکانی دیوانی مەولەوی زۆربەیان ملوانکەی وشەی ڕەسەنن لە مرواری شێوەکانی تر بە تایبەت هەورامی، ئەگەر بە رەچەڵەک وشەی عەرەبی یان فارسییان تێدا بێت ئەوا لە ئاڵوگۆڕی زمانەکەدا، بە تێهەڵکێش و تواندنەوەی دەنگەکان، ناسنامە و کەسایەتی خۆیان پێدراوە. بۆ وێنە «صبح، زحمت، ضعیف، محبت، محنت، طالع، قناعت، لعل، شعلە، قهر، و…» کە هی زمانی ترن، پڕۆسەی دەنگییان گۆڕراوەو کراون بە «سوب، زامەت، زایف، موبەت، مەینەت، تاڵە، قنیات، لاڵ، شۆڵە، قار و…».

هیچ نەبەردەن نام خەستەی دەردەکەش

نەکەردەن خەیاڵ «مەینەت» وەردەکەش

(مەولەوی، ١٣٨٤: ٢٧٤)

یان ئەم دێڕە بە ڕواڵەت تاقە وشەیەکی عەرەبی تێدا نییە:

جە سەردی «مۆبەت» ئازیز بێ گەرد

جۆی هووناو دڵ جە دیدەم یەخ کەرد

(مەولەی، ١٣٨٤: ١٦٩)

ئەمە بگرە بەرچاوترین خزمەت بێت کە شاعیرێک کردوویەتی بە دەوڵەمەندی و ڕسکاندن و فرانەیی12کثرتزمان. ئەم خاڵە لەژێر نیگای تیژبین و هزری هونەریی عەبدۆڵا گۆراندا بزر نەبووە و بە ڕوونی کاریگەری وەرگرتوە و لە بواری زمان پاراویی شیعری هەورامییەوە، لە ساباتی شیعرە تازەکانیدا، مەزنترین خزمەتی بە وشەی زمانی کوردی کرمانجیی ناوەڕاست کردووە. لەو دەمەدا هەموو دەزانین رۆشنبیرەکانی ساڵەکانی بیست و سییەکان، پاراوی زمانی فارسی و تورکی بوون و تەواو مەستی ئەو دوو سەرچاوە بوون و زمانی عەرەبیش دوابەدوای ئەوان لە شەپۆلی کارتێکرندا بوو. لەو رۆژگارەوە مەسەلەی بە کوردیی پەتی نووسین و بژارکردنی زمانی کوردی لە وشەی بێگانە سەری هەڵدا و بایەخی پێدراوە، ئەمە بەگشتی بوو بە جۆری ناسک و سەرکەوتوانەی شێوازی شاعیر بۆ تەڕ و پاراوی زمان و کوردیی پەتی و وشەی ئاوازداری کوردی و هەمیش ڕوونی واتا و مەبەست. (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨: ٤٦).

٣- ئەنجامی لێکۆڵینەوە

نالی و مەولەوی بە دوو کارکردی تاکی و جیاوازەوە، شاعیرانێکی مەزن و خاوەن شێواز بوون. کاریگەریی نالی لەسەر پڕۆسەی شیعری کلاسیکی کوردی و کارایی و گەشەی غەزەڵ و قەسیدە و بووژاندنەوەی زماندا حاشاهەڵنەگرە و ڕێبازە ئەدەبییەکەی تەبعێکی شەکەربار و کوردیی ئینشا کردنێکی شاز بووە و زایەڵەی ئەم کاروانەش هەر بەردەوامە و مەولەویش هەر هەمان ڕێباز. لەم وتارەدا ئەم ڕەوایەتە ڕوون کراوەتەوە کە گوایێ بە هێزبوونی قوتابخانەی نالی، سالم و کوردی، لەسەر حسێبی لاوازبوون نەمانی دیالێکتی گۆران و قوتابخانەی مەولەوی بوو. (خەزنەدار، ٢٠٠٣: ٦). لەم ڕوانگەدا و بێ هیچ هەڵسەنگاندنێکی ئەدەبی و بێ بەرچاوگرتنی مۆرکە ئەدەبییەکان کە وەک شێوازی گشتی، بێوچان لە دووتۆی دەقی هەموو شاعیرانی ئەم ڕەوتەدا وێنا کراون؛ نالی و سێ کوچکە دەگاتە عەرشی عێززەت و مەولەوی و پاش و مەولەوی دادەکشێتە فەرشی زیللەت. وەک پێشتر ئیشارەمان پێ کرد، شیعری پێش مەولەوی و سەردەمی مەولەوی و هەموو قوتابخانەی شیعری هەورامی کە بە تێکڕا بریتی بوون لە سۆزێکی غنایی گشتگیر و چەپکێک نۆرمی ئەدەبی دووپاتکراو و لە دەقە شیعری شاعیرانی پاش مەولەویش گوزارشت دەکرێن. بۆ نواندنی ئەم لێکچوونە شێوازییە، ئەگەر پارچە شیعرێک هەرکام لەو شاعیرانە بخەینە نێو قاپێکەوە و هونەرسازەکانیان لێک بدەینەوە، دەبینین جگە لە مەزموون و وردە مەزموون، جیاوازییەکی ئەوتۆ هەست پێ ناکرێت. بۆیە لە شێوازناسیدا تا لادانی نۆرم(انحراف از نرم) لە پڕۆسەدا سەر نەگرێت و فێرکانس و زێدهاتی دیکە بە خۆوە نەبینێت، نابێت بە شێوازیی تاکی بۆ شاعیران واتە دەرخەری ئەمەیە کە ئەم ڕەوتە بەم چەپکە خسڵەتانەوە لە ڕەوڕەوەی تەمەنیدا تا هەنووکە بێوەستان درێژەی هەبووە. چوون لە ڕوانگەی شێوازناسییەوە: «شێوازێک گۆڕان و تیاچوون بە خۆیەوە دەگرێت، کە مۆرکە ئەدەبییەکانی دووبارەبوونەوە و سەقامگیریی خۆیان لە دەست دابێت» (شمیسا، ١٣٧٢: ٩٩).

لە گۆشەنیگایێکی دیکەوە، ئەگەر ئەم ترۆپکە ئەدەبییانە بە ڕاست بزانین کە قوتابخانەی شیعری گۆران  تەنگی پێهەڵچنراوە، داتەپێوە و پووکراوەتەوە یان کۆتایی پێهاتوە.ئەوا بێسارانی، سەیدی و مەولەوی شاعیرانی خاوەن شێوازی ئەم ڕەوتە، دەبن بە شاعیرانێکی خەسراو و بێبەهرە کە هزرێکی نەزۆک و زمانێکی قسریان هەبووە و نەیانتوانیوە لەسەر شیعری پاش خۆیاندا کاریگەری دابنێن. ئەمە لە کاتێکدایە کاریگەریی ئەم شاعیرە خاوەن شێوازانە لەسەر شاعیرانی هاودەم و پاش خۆیان ئەمە ناسەلمێنێت. دەقەکان و فەلسەفەی کارکردیی شێوازناسی شیعر بە تێکڕا، وا نیشان دەدەن کە ئەم شاعیرانە کاریزما، خاوەن شێواز و دیوانەکەیان شاکار و لووتکەی ئەدەبی بووە و لە سوورەت و سیرەتی شاعیرانی سەردەم و پاش خۆیان، کاریگەریی بەرچاو و هەست پێکراویان داناوە.

دەمەوێت لە بەستێنەی شیعری هەورامیدا ئاماژە بدەم بە خاڵێکی شێوازناسانە و ڕاستییەک بدرکێنم. هاوچەشنی شێوەی دەربڕینی شاعیرانی ئەم ڕەوتە شیعرە و دووبارەبوونەوەی شێوازەکەیان، بۆ خودی شیعری هەورامان، دیاردەیەکی دژوازی نواندووە؛ هەم بەهرەی هەبووە و هەم خەسار. لە لایەکەوە لە ناواخنی دەقەکاندا چەپکێک تایبەتمەندیی ئەندامی –دەنگ تەوەری و پۆلێک وردەکاریی ئەدەبی و جوانیناسی تر دەبینرێت  کە وەک خاڵێکی ئەرێنی دێتە هەژمار و عەبدۆڵڵا گۆرانیش بۆ نوێکردنەوەی پڕۆسەکەی لەم قابیلییەتانە کەڵکی وەرگرت و هەمووی ئەمانەش لەژێر شاباڵی شاعیرانێک وەک بێسارانی، مەولەوی و سەیدیدا چڕکراوەتەوە. ئەگەرچی وەک زانایەکی گشتی و هێژموونیکار حاشا هەڵناگرن. بەڵام لە ڕەوڕەوەی مێژوویی ئەم ڕەوتەدا شاعیرانێکی باشیش هەبوون کە بە هۆی کەڕە سێبەری ئەوانەوە لە سووچەنیگای لێکۆڵەران و خوێنەرانی چەلەنگدا بزڕ و نادیار ماونەتەوە و ڕەوایەتە ئەدەبییەکان تەنیا بەوان کۆتایی هاتووە. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەم ڕەوتە دەستخەڕەی ئەم وردەکارییە ئەدەبیانە بوو و لە درێژایی تەمەنیدا نەیتوانی لەو گۆمە مەندە تێپەڕێت و لە هەمان بازنەی نەریتی باوی ئەدەبیدا (سنت معهود ادبی) قەتیس مایەوە، بۆیە تا چەند دەیە پێشتر وەک شیعری کوردیی سۆرانی و گەلانی دەوروبەر، کرژتر و خێراتر گۆڕانکاریی فۆرم و ناوەڕۆکی سەردەمیانە و توێکڵی نوێ بوونەوەی بە خۆیەوە نەبینی و لە ئەزموونەکانی دیکەی دەوروبەر کەڵکی وەرنەگرت. جێگای باسە کە چەند دەیەیەکە پڕۆسەی نوێبوونەوە دەستی پێ کردووە و شاعیران لە فۆرمی ئازاددا خەریکی داهێنانی تەجروبەی تازەن و هەندێک دەقی تازە و هونەری لە دووتۆی کتێب و دەفتەرە شیعردا چاپ و بڵاو کراوەتەوە و زایەڵەی کاروانی نوێخوازیش بەردەوامە.

چکیدە

مقایسەی ادبی دو جریان، دو سنت ادبی و یا دو شاعر برجستە، زمینەای است برای شناخت شاخص های متمایز و یا متحدالمضمون آنها.بدین اساس در این مقالە روند تاریخی دو جریان ادبی شعر کُردی مورد کنکاش و تحلیل قرار گرفتە است.از یک سو بر مصادیق تکرار ویژگی های ادبی شعر کلاسیک گوران، زبانحال صیرورت تاریخی و بلاانقطاع (درزمانی) این جریان، تاکید شدە واز سویی دیگر،قابلیت هایجریان شعری کلاسیک کُردی سورانیرا کەدر مقطعی خاص وبەتنهایی و (اتکا بە خودمحوری) و فارغ از هر گونە تجارب پیشین ادبی، بلکە در میانفرهنگ شفاهی و زبانی محلی، روند بالیدن بە خود گرفتە و درخشیدە؛ مورد بحث و ارزیابی قرار گرفتە است.بالطبع مولوی و نالی هر کدام با کیان ادبی متمایز، سیرت و صورت این دو جریان هستند. فلذاکوشش بر این بودە است، با مطابقت شاخصهای ادبی آنها؛ تمایز تاثیرگذاری این دو شاعر روی شاعران همعصر و مابعد خود، نشان دادە شود و دستآورد این تفاوت را در رفرم ادبی و نقطەی تلاقی تلاشهای نوزایی عبدللە گوران احساس کنیم.یعنی این شاعر نوگرا، ساختار فرم، وزن و موسیقی شعر عروضی و طرز بیان و سنت ادبی نالی را کنار نهاد و آنرا پدیدەای عاریتی برای شعر کُردی بە شمار آورد و سرانجام از قابلیتهای فرم، وزن هجایی و شیوایی سخن و ایجازسرایی (سهل ممتنع) مولوی و در مجموع سنت ادبی گۆران متاثر شد و زمینە را برای فرآیند نوزایی شعر کُردی سورانی فراهم کرد.

کلیدواژەها

نالی، مولوی،سبک متفاوت، شعر کُردی، بازگشت گوران، نوگرایی

Abstract

Literary comparison of two movements, two literary traditions or two prominent poets, is a ground for recognizing their distinct or unified themes. Accordingly, in this article, the historical trends of two literary movements of Kurdish poetry have been explored and analyzed. On the one hand, the examples of repeating the literary features of Goran’s classical poetry, the language of the historical and uninterrupted (anachronized) development of this trend, have been emphasized. On the other hand, the capabilities of the classical Sorani Kurdish poetry that in a specific period, alone (self-centered) and regardless of any previous literary experience which have been progressed and shone in the vernacular language oand oral culture, has also been discussed and evaluated. Of course, Mawlawi and Nali each with their distinguished distinct literary nature are considered to be as the content and form of these two movements. Therefore, an effort has been made, in accordance with their literary indicators; The difference between the influence of these two poets on their contemporaries and later poets should be shown and we should feel the achievement of this difference in the literary reform and the intersection of Abdullah Goran’s revival efforts. That is to say, this modernist poet abandoned the structure, form, meter and music of prosaic poetry and the style of expression and literary tradition of Nali, and considered it as a borrowed phenomenon for Kurdish poetry, and finally he was influenced by the capabilities of form, syllabic meter , eloquence of speech and the of Mawlawi and the literary tradition of Goran in general that provided the ground for the process of revival of Sorani Kurdish poetry.

Keywords:

Nali, Mawlawi, Different style, Kurdish poetry, Goran’s Return, Modernism

سەرچاوەکان:

کوردی:

خدر، عەبدۆڵڵا مەولوود. (2007).  لێکۆڵینەوەیەک لە شیعرە ئایینی و سۆفیگەری و فەلسەفییەکانی نالی. هەولێر: ئاراس.

خەزنەدار، مارف. (2003).مێژووی ئەدەبی کوردی. بەرگی سێیەم. هەولێر: ئاراس.

سەجادی، بەختیار. (١٣٩٥).«شێوازناسیی وێژەی گۆران: تایبەتمەندییە سەرەکییەکان». پژوهشنامە ادبیات کردی،سال (دوم)، ش(٢).

سەجادی، بەختیار. (١٣٩٧). زمان و وێژەی کوردی. سقز: نشر گوتار.

سەجادی، عەلائەدین. (١٩٧١). مێژووی ئەدەبی کوردی. بەغداد: چاپخانەی مەعاریف.

عوسمان، ڕەئوف. (1391). «کاریگەرێتی دەقەکانی قورئان لە هۆنراوەکانی نالیدا». وەرزنامەی زرێبار. خولی دووهەم/ ساڵی (شانزدەهەم). ژ (79-80). صص ١٣٨-١٤٨.

قادر موحەمەد، ئەنوەر. (٢٠٠٣).مەولەوی، شاعیری لیریکای گەورەی کورد. نامەی دۆکتۆرا.

قادر، حەمە حەمە ئەمین. (1978).کاروانی شیعری نوێی کوردی. ب یەکەم. بەغداد: چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد.

گۆران، عەبدۆڵڵا. (1971).بەهەشت و یادگار.سلێمانی: چاپخانەی کامەرانی.

محەمەدپوور، عادڵ. (١٣٩٠). «شیعری هاوچەرخی کوردی هەورامی لە ئاخێزگەوە تا ئێستا». وەرزنامەی زرێبار. خولی دووهەم/ ساڵی (پازدەهەم). ژ (76-75). ل ٦١-٨٠.

مودەڕێس، عەبدولکەریم و مەلاکەریم،فاتح. (136٣).دیوانی شیعری نالی. ارومیە: مرکز نشر و ئەدەبیات کوردی.

مودەڕێس، عەبدولکەریم و مەلاکەریم،فاتح. (2015) دیوانی سالم. ب ٢ . سلێمانی: بنکەی ژین.

مودەڕێس، مەلا عەبدولکە‌ریم. (13٨٤). دیوانی مەولەوی. سنە: پەخشکاریی کوردستان.

یەعقووبی، عەبدولخالق. (1391). «زەقکردنەوەی زمانیی لە زمانی شیعری نالیدا». وەرزنامەی زرێبار. خولی دووهەم/ ساڵی (شانزدەهەم). ژ (79-80). صص ٣٠-٤٠.

فارسی:

پولیتسر،ژرژ. (1358). اصول مقدماتی فلسفە. جهانگیر افکاری. تهران: نشر سازمان کتابهای جیبی.

حقوقی، محمد. (1371). شعر نو از آغاز تا بە امروز. تهران: نشر روایت.

شفیعی، کدکنی محمدرضا. (1391).رستاخیز کلمات، درس گفتارهایی در باره‌ نظریه‌ ادبی صورتگرایان روس. تهران: نشر سخن.

شمیسا، سیروس. (1374).انواع ادبی. تهران: انتشاراتی فردوس.

شمیسا، سیروس. (١٣٧٢). کلیات سبک شناسی. تهران: انتشاراتی فردوس

غیاثی، محمد تقی. (1369). درآمدی بر سبک شناسی ساختاری. تهران: نشر شعلە اندیشە.

محمدپور، عادل. (1392). طرح، جریان شناسی شعر کُردی هورامیاز ابتدا تا کنون.تهران: نشر احسان.


پەراوێزەکان

  • 1
    بۆتیقا، پوئه‌تیکا، عه‌ره‌بیکراو (معرَّب) بوطیقا: ڕەگەزێکی زمانیی یوونانییە، پۆئەسیس،(Poyetikes) و نێوی کتێبێکە لە ئەرەستوو فیلسووفی یۆنانی. یانێ تێئۆری و زانستی شیعر و بنەماکانی ئەم ژانرە ئەدەبییە، شیعرناسی و هونه‌ری شاعیری و بە گشتی هەموو جۆرە داهێنانێکی هونەری دەگرێتەوە.
  • 2
    Structure of structure ، Structure
  • 3
    paradox
  • 4
    راوی فاضل
  • 5
    فۆرم و ناوەڕۆک
  • 6
    مصداقی، مستند
  • 7
    Local
  • 8
    فاعل شناسای هوشیار و زیرک
  • 9
    مفاخرە، رجز
  • 10
    رستاخیز زبان و ادب و فرهنگ کوردی
  • 11
    تکرار و توالی هنرسازەها در شعر
  • 12
    کثرت