سیاوان
“بەهارە… بەهارە بەهارە، عەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوان
ئەوە بەهارێکە لە من سەر بە زستانە…”
((سەیدەوان))
بەرەبەیانی ئەو شەوەی سیاوان بە خێراییەکی زۆر سەیر خۆی بە ژوورێدا کرد و لەسەر قەنەفە خۆڵەمێشییەکەی قەراغ دیواری چێشتخانەکە دانیشت و دەستی کرد بە گریان، من و دلۆڤان خەریکی حەلکردنی جەدوەل بووین، مۆبایلەکەی ئازاد زەنگی خوارد و لە خەو ڕایچەڵەکاندین.
بە هۆی ئەو تەلەفوونەوە دڵەکوتەیەکی زۆر ناخۆش تا نیوەڕۆش لە کۆڵم نەبوەوە. ئازاد بە چاوی خەواڵووەوە مۆبایلەکەی نا بە گوێیەوە و دەنگێکی پیاوانەی تیژ و ناخۆش لەوبەرەوە کوتی؛
((-بابە بابە، هەستە خۆت سازکە بە ڕێگاوەم دێمەوە و دەچین بۆ ڕاو. بەرتیلێکی چاکم داوە بەو نگابانەی بەیان تا ئەمڕۆ ڕێمان بدات ڕاو بکەین. کەمێکی دیکە دێمەوە. کاکم و ئەوانیش سازکە، زۆرم حەز لە ڕاوە.))
خەومان لێ نەکەوتەوە. ئازاد جگەرەیەکی لەو بوولێڵە داگیرساند و بە دەم مژ لێدانەوە دەستی کرد بە خۆ هەڵکڕاندن.
((- دوای ئەو هەمووە بگرە و بەردەیە بە هیوای دەست بۆ تاپڕەکەت بەریەوە؟!))
مژێکی توندی لە جگەرەکەی دا و لەنێو ژێرپیاڵەکەی قەراغ خۆیدا کوژاندییەوە. دەستێکی بە ڕیشیدا هێنا و بەو دەنگە گڕ و ناخۆشی کوتی؛
((- نازانم، دڵم پێوە نییە بەڵام پێم خۆش نییە سیاوان لێم زیز بێ. هەرچەند خۆشت دەزانی من بێ ڕاو ناژیم و ناتوانم نەچم.))
هیچم نەکوت. هەستام قەسریە ڕەشە گوڵ سوورەکەم لەبەر کرد و ویستم لە ژوورەکە بچمە دەرێ کە بە هێواشی کوتی؛
((- تاپڕەکەی خۆم نابەم. هەر لەگەڵیان دەچم. ئەم جارە بمگرن دەبێ بچمە زیندان و جەریمە جواب ناداتەوە.))
بۆ ساتێک ڕوخساری سەیاوانم دوای چوار مانگ دووری لەبەر چاوم وێنا کرد و ئاوڕێکم بۆ لای ئازاد داوە کە هێشتا لەنێو جێگاکەدا دانیشتبوو. چووم تەلەفۆنم بۆ کاویان کرد و باسەکەم بۆ گێڕاوە. دواتر چووم کاوانم لە ژوورەکەی هەستاند.
جلەکانی سیاوان شەڵاڵی خوێن بوو. سیاوان دەلەرزی و لەبەر خۆیەوە وڕینەی دەکرد و من و دلۆڤانه دایک مردووەکە خۆمان دەڕنی و دەگریاین. ببووە شیوەن و شەپۆڕانێکی بێکۆتایی. دڵۆڤان دەستی بە قژە درێژ و خاوەکەی سیاواندا دێنا وا چەند دڵۆپێک خوێنی پێوە ویشک هەڵاتبوو.
*****
هەستێکی خۆشم هەبوو کە دەستیان دەخستە نێو قژمەوە. لەبەر دەستم دەکەوتن و هەڵدەستانەوە. دەتکوت لاشەیان ئێسکی تێدا نییە! دەگریان و وەک دێڵە سەگێک دەیانقرووسکاند. تۆ بڵێی خەون نەبێ؟! بەشکەم خەون بێ و لە خەو ڕاچەڵەکێم. دیسان لە زانکۆ بێمەوە و دوو لوولە نازدارەکەم هەڵگرم و بەرەو ماڵ ببمەوە. دیسان بە پژۆ ڕەشەکەی باوکم بڕۆین و قاوەڵتوون لە نێوقەدی بەیان، لە بن دار گۆیژەکە بخۆین و من هەر لەو خەیاڵەدا بم؛ ئاخ چەنێک خۆشە لێرە ماڵێک چێ کەی و بیکەیە هاوینەهەوار. دیسان باوکم لەوێ دەنگ هەڵبڕێ و یەک دوو هەوا بڵێ و لەبەر خۆیەوە زوو زوو بڵێ؛ پیر بووم پیر. دواتر کاوان بە پێکەنینەوە بڵێ؛ نا ماڵتە هەر دەنگت ناخۆشە و ئا.
دایکم و دلۆڤان خۆیان دەڕنن و خەریکی گریانێکی بێ بڕانەوەن. دەڵێی من مردووم و ئەوان لەسەر مەیتەکەم شیوەن و شەپۆڕانیانە. تۆ بڵێی مەست نەبم!؟ تۆ بڵێی بەڕاست نەمردبێتم؟!
هەست دەکەم قەنەفەکە خەریکە هەڵمدەلووشێ. دەستم بە هیچ کوێوە بەند نابێ. دەست دەخەمە سەرشانی دلۆڤان وا وەک دایکێکی کۆرپە مردوو هەنیسک دەدا. هەنیسک دەدا و هەنیسک دەدا. نایبڕێتەوە.
دایکم بە دەم خۆڕنینەوە زوو زوو دەپرسێ؛ ((ئەم خوێنە… ئەم خوێنە چییە ڕۆڵە!؟)) هەنیسک دەدا و ئاوی لووتی هەڵدەلووشێ و دیسان دەپرسێ؛ ((کوان! باوکت کوا؟ کوڕەکان… کاویان و کاوان کوان؟)). دەگرین و دایکم سینگ دەکوتێ. چاویان سووراوێکی چڕ دەڕژێنێ. پڕ به ژوورەکە هاوار دەکەم نااااااازانم، نااااااااااااااااازانم. دلۆڤان لەبەر دەستم چۆکی دەشکێ و بەلادا دەکەوێ. بە ژوورەکەدا درێژ دەکەوێ و بێ بڕانەوە هەنیسک دەدا. دەنگی دلۆڤان وەک نووزەیەکی دوور دێته گوێم وا دەڵێ؛ ((کاکە… کاکه…))
کوتم: کاکە وا مەکە. دڵم مەشکێنە. دەزانی چەندەم بێریوان خۆش دەوێ. ئەو کچە ئەوینداری منە. با برایەتیمان نەشێوێ. با نەبێتە دوژمنی. لێگەڕێ.
قاقایەکی درێژی بێ بڕانەوەی کێشا، وەک بەنی کەڵافێکی گەورەی سوور. دەستی هەڵێنا و یەک دووجار لەسەر ڕانی دا و دواتر کوتی:
((- عیشقی چی و تەڕەماشی چی! لە باتی تۆ خەریکی بی من خەریکی دەبم. بابم کتوویەتی بیخوازم و من بێ قسەیی باوکم ناکەم.))
هەستم کرد دەستێک ئاوقای قژم بووە و خەریکە دەیلاوێنێ. هەستێکی خۆش بوو. چاوم کردەوە و بە گریانەوە کوتم؛ بێریوان… بێریوان… چاوجوان…
دایکم دەگریا و فرمێسکی وەک خۆڕڕەمە باران دەهاتە خوارێ. دەگریا و دەڵاڵاوە. خۆی دەڕنی. بێزم لێی هەڵدەستا. دەنگی گریان و هەنیسک دان تەواوی نایەت. زوو زوو دەیکوت؛ ((کوان؟! بۆ دیار نین؟! چییان لێ هاتووە؟!)). قەنەفەکە وەک جاران نەبوو. دەتکوت لە بەرد و بزمار پڕ کڕاوەتەوە. بە قەد دیوارەکەی ڕووبەڕوومەوە وێنەیەکی باوکم تاپڕ بەدەست هەڵواسرابوو. چاوە زیتە قاوەییەکانی لەو وێنەیەدا دەدرەوشانەوە. تازە ڕیشی شەش تیغ کردبوو. شوێنی هەڵقرچانەکەی گۆشەی ڕاستی لێوی سەرەوەی هەر مابوو. دەتکوت بووەتە کۆتەڵ. کۆتەڵێک کە ئاور نەدراوە و گەیشتووەتە سەر ئەم دیوارە.
((- بابە بۆ تاپڕەکەت نەهێناوە!؟))
لە پێشەوە دەڕۆیشت. بەسەر بەردەکاندا بازی دەدا. ڕاوەستا و ئاوڕی داوە. دەستێکی بە سمێڵیدا هێنا و کوتی؛ ((- ئەو دوو لوولانەی تۆ و کاوان تەواوە. کارمان ڕێ دەخا.))
هەورێکی ڕەش وەک شەهێنێکی تیژباڵ هات و خۆی گەیاندە سەرمان و چەند جارێک نەڕاندی. کزەبایەکی سارد هەڵیکرد. دەستم بە قۆنداغی تفەنگەکەوە سەرێ و خوارێم پێ دەکرد. هەستێکی خۆشم هەبوو. دوو بە دوو دەڕۆیشتین. من و کاویان بە لایەکدا و باوکم و کاوان بە لایەکدا. مەیان زەردمان تێپەڕاند بەرەو کونە چالەکە. تنۆک تنۆک باران دەباری و جەستەم تەزوویەکی ساردی پێدا دەگەڕا. دەنگی گریانێکی تێکڵاو بە پاڕانەوە هاتە گوێم.
دەستێکی نەرم و نیان تەکانی دەدام. دەتکوت لانکەم. جیڕە جیڕی قەنەفەکە تەواویی هەر نەبوو. زوو زوو تفم قوت دەدا. پرسیارێک پەیتا پەیتا لەنێو مێشکمدا دەخولایەوە. ئامانی لێ بڕیبووم. ((کوان؟ هااااا؟ بۆ دیار نین! چییان بەسەر هاتووە؟!)). لەبەر خۆمەوە دەمکوت؛ دێنەوە، دێنەوە. بە ئەسپایی دەمکوت، زۆر بە ئەسپایی. دەنگی هەنیسک دان بڕانەوەی نەبوو. لەم ژوورەدا وەک شاڵاوێک دەهات و هەموو شتێکی لەگەڵ خۆی دەبرد.
لەسەر لێواری گابەردێک کوتم؛ ((- لەبیرتە کوتم لێی گەڕێ؟ کوتم دڵم مەشکێنە!؟ لە بیرتە قاقات دەکێشا… لە بیرتە…))
لەبەر ڕەهێڵەی باران هیچ کوێم نەدەدی. وەک قەمچی لە هەر چوار لاوە دەیکوتام. گوێم ئاخنرابوو. جەستەم دەلەرزی. دڵم له سنگمدا وەختابوو بخنکێ. بۆ ساتێک چاوم قووچاند و پاڵم پێوە نا. بە دەنگی تەپەکەی چاوەکانم کردەوە. خۆشم نازانم ئەو هەستە ترس بوو یان خۆشی وا وەک خوێن بە دەمارەکانمدا دەگەڕا. دەلەرزیم. خووسابووم. تفەنگەکەم لەسەر شانی چەپ هەڵگرت و خستمە سەر شانی ڕاستم. لە گابەردەکەوە ڕوانیمە نێو دۆڵەکە. قووڵ و تەنگەبەر بوو. پەشۆکابووم. باران بێوچان دەیکوتام. لەبەر خۆمەوە وڕینەم دەکرد و دەمکوت؛ خودا تۆبەکارانی خۆش دەوێ… خودا تۆبە… .
دەنگی گریانێکی ناخۆش لە قووڵایی ئەو دۆڵەوە دەهاتە سەرێ و وەک دارکونکەرەیەک دندووکی لە مێشکم دەدا. دایکم بەو دەستە بێ ئۆقرانەی، زوو زوو قامکی بە شاشەی مۆبایلەکەیەوە دەنا و پەیتا پەیتا دەیکوت؛ ((بۆ جواب نادەنەوە بۆ! بۆ هەڵیناگرن!؟ چییان لێ هاتووە؟! دە قسە بکە کوڕم!))
ڕوومەتی دایکم چەند دڵۆپێک خوێنی بەسەرەوە قەتیس مابوو. دەتکوت ئارەقەی دەرەوەی شووشە ویسکی یەکی ساردە. دلۆڤان بەرەوڕووم دۆش دامابوو. سەری شۆڕ کردبووە نێوگەڵی و لە بنەوە هەر هەنیسکی دەدا. جیڕەجیڕی قەنەفەکە بە ئەسپایی هەر خۆی دەخزاندە نێو گوێمەوە. تازە هەستم بە تەڕایی بن خۆم کرد. دایکم دەستێکی بە ڕوومەتم دا هێناو کوتی: ((ڕۆڵە گیان، کوڕم، دەی کوڕم، پێم بڵێ… ئەوانی تر کوان، وەختایە دڵم بتۆقێ… ها کوڕم… بابت، کاوان، کاویان…))
((- کاویان بۆ دیار نییە، سیاوان؟!))
((-دێ. دێ. ڕەنگە چووە میز بکات لەو پشت و پەنایە. خۆی دێ.))
تاوە بارانەکە خۆشی کردبووەوە. لە بن ئەشکەوتە چکۆڵەکەی کونە چالەکە یەکترمان گرتەوەو دواتر ڕووەو لووتکە چووین. شنە بایەکی خۆش بۆنی نمێکی خۆشتری دێنا نێو مێشک و دەماخم. دەڕۆیشتین. باوکم لە پێشەوە دەڕۆیشت و من و کاوان بە دوایدا.
((- دا ڕۆڵە گیان تەقەیەک بکە بزانین خشەیەک، دەنگێک، جووڵەیەک ناکەن لە شوێنێکەوە.))
کاوان تەقەی کرد و لە یەک دوو لاوە خرمەی بەرد کەوتنە خوارێ هاتە گوێ. بەرەو سەرتر چووین. زۆرمان نەمابوو بۆ لووتکە. بڕێک لە یەکتڕ دابڕاین. هەر یەک لە لایەکەوە دەگەڕاین. بێدەنگیەکی سامناک دەوری تەنی بووین. دەخولاینەوە. چاوم لە باوکم بوو کە بێوچان دەڕۆیشت. هیچ لەوە نەدەچوو پیر بووبێ. هەستم بە نووزەی ژنێک کرد و دەستێک یەخەی گڕتم. دیسانەوە هەر ئەو پرسیارانەی کە وڵامی هەموویان، نازانمە.
((کوان کوڕم. ئەو خوێنە چییە ڕۆڵە. بۆ زمانت لە گۆ چووە، ها؟))
چاوەکانی دایکم وەک ئەستێرە بریسکه بریسکیان بوو. ئۆقرەی نەدەگرت. پەیتا پەیتا مۆبایلەکەی بە گوێیەوە دەنا و هیچ وڵامێک نەبوو. دلۆڤان وەک قوربانییەک لە بەر پێمدا گڕمۆڵە ببوو. دەگریا.
بێریوان… بێریوان بڵێی لە کوێ بێ؟! بڵێی ئێستا خەریکی چی بێ!
لە یەکتر دوور کەوتبووینەوە. سێ پیاو و دوو تفەنگ. لەسەر گابەردێکی نووک تیژەوە ڕوانیمە چواردەورم. هەستم بە جووڵەیەک کرد لە نزیک خۆمەوە. دیتم. بەسەر یەک دوو بەرددا بازی دا. خۆم داگرت. تفەنگەکەم هێنا خوارێ. بڕێک قوتەقوتی کرد. تووکە خاوەکەی بەو شنەبایە دەکەوتە کەروێشکه سەما. خۆم داگرت و بە ئەسپایی لێی نزیک بوومەوە. سەری داخستبوو دەلەوەڕی. شاخەکانی تازە هاتبووە سەرێ. زۆرم لێ نزیک نەبوو، بەڵام دەمپێکا. سیلەم لێگڕت و بە خێرایی پلەپیتکەم داگرت.
تەواوی کوێستان دەنگی داوە. بابم لە دوورەوە قوولاندی. چەند خشەیەک لەملاو لەولاوه هاتە گوێم و کەڵەکێوی نەمابوو. نەمپێکا؟ بە هەڵاتن گەیشتمە ئەو شوێنەی لەوێ بوو. خوێن ڕژابووه سەر عەرز، بەڵام هیچ بوونەوەرێک نەمابوو. شوێن خوێنەکەیم بەرەو لووتکە گرت و هەرام لە باوکم کرد کە لەو سەرەوە پاشاوەڵی بداتەوە. شوێنی خوێنەکەم گرت و جوومە سەرێ. پاش کەمێک چوونە سەرێ لە پشت بەردێک هەستم بە جووڵەیەک کرد. قژێکی خاو لە پشت بەردێک دەشنایەوە. مڕە مڕێکی خێرا دەهاتە گوێم. تفەنگەکەم هێنا سەرێ و دیسان سیلەم گرت. چاوێکم قووچاند و پاش چەند ساتێک تەقەم کرد. نەمپێکا؟
تەقەیەک هات و دایکم بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە لای دلۆڤان وا دیسان لە نێوەڕاستی ژوورەکە بوورایەوە و بەسەر ئەو گۆڤارەدا کەوت وا لەوێ فڕێ درابوو. دایکم یەک دوو جاری ڕۆڕۆ کرد و هێزی نەما درێژەی پێ بدات. چوو پەرداخێکی ئاو هێنا. تا هاتەوە هەستام و بێ ئەوەی بزانم بۆ، ڕووم له دایکم کرد و کوتم؛ دەچم بۆ لای بێریوان.
*****
ئەو شەوەی سیاوان ڕۆیشتە دەرێ و کوتی دەچم بۆ لای بێریوان، ناچار تەلەفۆونم بۆ پۆلیس کرد. دلۆڤان لە کۆشمدا کەوتبوو. چاوەکانم وشکاوی هاتبوو. دونیا بە دەورمدا دەسووڕایەوە. پێلووەکانم بێ ئیختیار دەجووڵانەوە. وێنەی ئازاد و کوڕەکان بە بەرچاومدا دەهاتن و دەڕۆیشتن. ئازادم دەدی بە کراسێکی سپی و پاتۆڵێکی خاکی قژە درێژەکەی دەشنێتەوە. ڕوخساری شێواو بوو. چاوه زیتەکانی کز ببوو. دەموچاوی هەموو خوێن بوو. کوڕەکانش بە دوایدا دەهاتن. کە وە ئاگا هاتمەوە ماڵێ پڕبوو لە پۆلیس و خەڵک.
چەند ڕۆژی پێ چوو تا مەیتی ئەو سێ نازدارەمان لە بەیان هێناوە. مار و مێروو نیوەی لەشی مەیتەکانی خواردبوو. فڕۆکەیەک هات و مەیتی کاویانی لەو دۆڵە تەنگەبەرە کێشا سەرێ. ئازاد نیوەی سەری تەقیبوو. شوێنی فیشەکی پێوە دیار بوو. سیاوان تا ماوەیەکی زۆر قسەی نەدەکرد. زمانی نەدەسووڕا. لە کونجێکی دەڕوانی و چاوەکانی نەدەترووکاند. زۆر جاریش بە دەوری خۆیدا دەخولایەوە و وڕینەی دەکرد. ئەو شەوەی چوو بوو بۆ لای بێریوان، پێی کوتبوو: کاوان دیبووی تەقەم لە باوکم کردووە و لە حەیبەتانا بە هەڵەداوان بازی دابوو کەچی دەکەوێ و تل لەسەر تل دەڕوات و جەستەی دەبێتە سەد کوت.
دلۆڤانی داماو تا ماوەیەک دەتکوت ڕۆحی لە بەردا نەماوە. وەک کافوور سپی سپی هەڵگەڕابوو. شەوانە لە خەو ڕادەچەڵەکی و دەیقیژاند. ساڵی نەخایەند ئەویش مرد. خۆم مامەوە بۆ…