پرسی فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان

جۆرەکانی فێمینیزم و جیاوازییەکانیان

ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی نووسەر و چالاکی یەکسانیخوازی ژنان (گۆنا سەعید)ە بۆ (تەوەری فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی) بۆ ماڵپەڕی ژنەفتن.

پێشەکی

ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ بەرهەمهێنانی تێگەشتنێکی داینەمیک و زیندوو لە چۆنێتی ئامادەیی فێمینیزم لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لەنێو کار و خەبات و هەوڵی ڕۆژانەی ژناندا. هەروەها دەیەوێت تیشک بخاتە سەر فێمینیزمە جیاوازەکان لە کوردستان و پەیوەندیی نێوان ئەوان و ژنان لەنێو کۆمەڵگەدا. ئەم وتارە لە چەند بەشكێدا نووسراوە، لە سەرەتادا بە پشتبەستن بە پێناسێکی سادە و گشتی لە “فێمینیزم” دوو پێوەر بەکار دێنێت بۆ ڕوانین لە ئامادەیی فێمینیزم لە کوردستان. یەکەم؛ ناسینەوە و دەستنیشانکردنی نموونەکانی پراکتیسی فێمینیستانە لە ژیانی ڕۆژانەی ژنان و کۆمەڵگەدا و دووەم؛ ئاستی بەرهەمی تیۆری، هزر و بیرکردنەوەی فێمینیستی لە کوردستان. بە تێڕامان و سەرنجدانی ئەم دوو پێوەرە، تێگەیشتنمان دەدەنێ سەبارەت بە فێمینیزم لە کوردستان وەک بەشێک لە خەباتی بەردەوامی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ماف و پێگەی زیاتر و ڕووبوڕووبوونەوەی ستەم وچەوسانەوە لەسەریان. 

لە بەشی دووەمدا ئەم وتارە گوزەرێک دەکات بەسەر جۆر و جیاوازەکانی فێمینیزم و گەشەکردنیان لە ئەوروپا و ڕۆژاوا لەگەڵ کاتدا. لێرەوە ئەو ڕاستییە دووپات دەکاتەوە کە فێمینیزم لە هیچ کات و سەردەمێکدا خاوەنی یەک گوتار و، پێناسێکی سادە و ڕاستەوخۆ نەبووە. بەم پێیەش هیچ کات یەک جۆری فێمینیزم نەیتوانیوە ئامرازێک بۆ خەباتێکی یەکگرتوو بۆ هەموو ژنان پێکەوە بەدەست بهێنێت. بەڵکوو ژنان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگەی دابەش بوو بەسەر بەرژەوەندیی چینایەتیی جیاوازدا، ئەوانیش هەمیشە بەپێێ جێگا و ڕێگای چینایەتییان، بەپێی ئینتمایان بۆ بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تر، لە گروپی جیا جیادا جۆرەکانی فێمینیزمیان گەشەپێداوە و هەڵبژاردووە و، یان ڕەتیان کردۆتەوە، ڕێگای کار و خەباتی جۆراو جۆریان گرتووە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادی زیاتر، و وەستانەوە بە ڕووی هەڵاواردن و جیاکاری ڕەگەزی. لە بەشی کۆتاییی وتارەکەدا لە ڕیگەی چەند ئەنجامگیرییەکەوە، ڕەنگدانەوەیەی جۆرەکانی فێمینیزم و جیاوازییان لەنێو خەباتی ژناندا لە کوردستان ڕۆشنتر دەبێتەوە و، خاڵە هاوبەشەکانی کە دەتوانێت هەوێنی خەباتێکی یەکگرتووی ژنان بێت بەرجەستەتر دەردەکەوێت و پەیوەندیی خەباتی فێمینیستی لە کوردستان بە فێمینیزمەکانی ئەوروپی و جیهانییەوە ڕوونتر دەبێتەوە.

گۆنا سەعید چالاکی یەکسانیخوازی ژنان و نووسەر

١.  پراکتیسی فێمینیستی لە کوردستان چییە؟

ئەگەر تێگەشتنێکی سادە و ئایدیاڵ لە پراکتیسی فێمینیزم بریتی بێت لە هەر هەوڵ و خەباتێکی بەردەوامی ژنان و “پیاوانی یەکسانیخواز” لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە جیاکاری و هەڵاواردن لە دژی ژنان کە بە هۆی “ژنبوونەوە” ڕوو دەدەن، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ماف و ئازادیی زیاتر لە بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. ئەوا کۆمەڵگەی کوردستان وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری زیندوو و داینەمیکی دنیا، خەباتی ژنان لە بەرامبەر بە نایەکسانی و بێمافیدا پێ بە پێی جۆرەکانی تری خەبات و تێکۆشانی نێو کۆمەڵگە، بوونی هەبووە.

هەندێک بەڵگەی کەم بەردەستن کە باس لە دەوری ژنان دەکەن لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا کە پێ بە پێی گۆڕانکارییە سیاسییەکان هەوڵی باشترکردنی جێگا و پێگەی ژنیان داوە لە کۆمەڵگە و لەنێو خێزاندا. نموونەی زۆرتر بەردەستن لە دوای ساڵی ١٩٥٨ و، بە تایبەتتریش لە ساڵانی هەفتاکانی سەدەی بیستەوە هەتا ئەم سەردەمەش، کە دەکرێت وەک نموونەی خەباتی ژنان بۆ ئازادی و مافی زیاتر و ڕزگاری لە دەست پیاوسالاری، واتە وەک نموونەی پراتیکی فێمینیستی لە کوردستان بناسێندرێن.

کۆمەڵگەی کوردستان لە سەدەی بیستدا خەباتی دژە کۆلۆنیالیزم و دژە داگیرکاری، خەباتی چەپ و سۆشیالیستی حیزبی شیوعی ساڵانی پەنجا و شەستەکان، خەباتی چەکداری ناسیۆنالیزمی پارتی و یەکێتی دەیەی هەفتاکان و هەشتاکان و، لە نەوەدەکان خەباتی چەپ و کۆمۆنیسیشی بە خۆیەوە بینیوە، ژنانیش چ وەک تاک یان وەک گروپ هەمیشە لە تەنیشتی ئەم جووڵانەوانەی تر هەوڵیانداوە کە پێگە و جێگەی خۆیان لە بەرامبەر پیاواندا باشتر بکەن و فرسەتی زیاتر بە دەست بهێنن بۆ بەشداریکردن لەو بوارانەدا کە ئەم بزووتنەوانە ڕەخساندوویانە. ئەو هەوڵدانانەی ژنان لەژێر هەر ناوێکدا یان لەنێو هەر چوارچێوەیەکی سیاسیدا بووبێت نموونەی جۆری جیاواز لە پراکتیسی فێمینیستی ژنان بوون لەو مێژووانەدا. 

ئەوەی کە زۆر بەرجەستەیە لە هەموو ئەم دەورانەدا، ئەو ڕاستییەیە کە خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری و یەکسانی و، پراتیکی فێمینیستی ئەوان زیاتر وابەستە و هەمیشە تێکهەڵکێش بووە بە خەباتی سیاسیی حیزب و گروپە سیاسییەکانەوە، بە بیر و بۆچوون و ئایدیۆلۆجیای جیاوازەوە. چەندە ئەم حیزب و گروپانە سیاسەتێكی پێشکەونخواز و یەکسانیخوازیان هەبووبێت، ژنانیش فرسەتی باشتر و زیاتریان بەدەستهێناوە کە خواست و ئامانجە فێمینیستییەکانیان بەرنە پێشەوە و جێگە و ڕێگەی خۆیان لەو چوارچێوانەدا باشتر بکەن.

بۆ نموونە، لە سەردەمی خەباتی حیزبی شیوعیی بەر لە ساڵانی هەفتاکان هەزاران ژن بەشداری خەباتێکیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی و ئازادی و ڕزگاریی خۆیان. لەنێو ڕیزەکانی خەباتی چەکداری پارتی و یەکێتی(بەتایبەت یەکێتی)ی لە کۆتاییی هەفتاکان و  هەشتاکان لە خەباتی شاخ، سەدان ژن هەوڵیان داوە کە خەباتی چەکداری بکەن و بە ئامانجی ئەوە کردوویانە کە جێگە و پێگەی ژنان لە “شۆڕش”دا بکەنەوە. تەنانەت لەنێو یەکێتیی ژنانی حیزبی بەعسیشدا لە هەفتاکان و  سەرەتای هەشتاکان ژنانێك هەبوون کە هەوڵیانداوە بۆ زیادکردنی فرسەتی خوێندن و کارکردن و تەندروستی بۆ ژنان و بەهێز کردنی پێگەی ئابوورییان. لە ساڵی نەوەدەکان و دەرکەوتنی بەرجەستەتری ڕێکخراوەکانی ژنانی پارتی و یەکێتی و حیزبی شیوعی و ئیسلامییەکان، بە سەدان ژن و کچ لە ڕیزی ئەم حیزبانەدا کاریان کردووە و خەریکی بردنە سەری توانایی و پێگە و شوێنی ژنان بوون بەو مەرجانەی کە بۆیان دیاری کرابوو. تەنانەت هەر لەم سەردەمەدا ژنانی نێو پارتە ئیسلامییەکان هاتبوونە پێش و باسیان لە خەبات لە دژی توندوتیژی و دادپەروەری بۆ ژنان دەکرد.

هەر لەو دەیەیەدا ئەوەی کە پێشەنگی خەبات بوو بۆ یەکسانی و مافەکانی ژنان و دژی توندوتیژی و تیرۆری ژنان، بە سەدان ژنانی کۆمۆنیستی نێو ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان بوون، کە ئەم ڕێکخراوەش لە باری سیاسی و ئایدیۆلۆجییەوە سەر بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو. ئەم ژنانە توانیان نموونەی گەورە لە نەریتەکانی چەپ بۆ خەبات بۆ یەکسانی و ئازادیی ژنان زۆر ڕادیکاڵانە لە کۆمەڵگەی کوردستان بۆ یەکەم جار نمایش بکەن. پلاتفۆرمی ماف و داواکارییەکانی ژنان، نووسینەوەی یاسای یەکسانی، وەک بەدیلی یاسای باری کەسێتی، دانانی پەناگای داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو لە کوردستان و کارکردن بۆ یەکەم جار لەگەڵ ژنانی کرێکاری نێو کارگە بچووک و ئەهلییەکان، بەشێکی کەمن لەو جۆرانە لە چالاکی و خەبات. هەرچەندە ژنانی کۆمۆنیست هیچ کات بە خۆیان نەووت فێمینیست، لەبەر ئەو باوەڕەی کە بەدیهاتنی یەکسانیی تەواو بۆ ژنان لە خەبات بۆ سۆشیالیزم و بەدیهێنانی کۆمەلگەیەکی یەکساندا دەبینن، بەڵام ئەمە ناتوانێت ئەو ڕاستییە ڕەت بکاتەوە کە ئەم سەدان ژنە خەریکی خەبات بوون بۆ مافەکانی تایبەت بە ژنان و، وەستانەوە بەرامبەر ستەم و چەوسانەوەی ژنان.

لە دوو دەیەی ڕابردووشدا، بەتایبەت دوای ٢٠٠٣وە، بە سەدان ژن بە هۆی کۆتای سیاسی و کرانەوەی دەرفەتی بەشداری لە هەموو بوارەکاندا، چوونەتە نێو ڕیزی سیاسەت و لەوێوە خەریکی بەدەستهێنانی پلە و پۆستی حیزبی و سیاسی و پۆستی باڵای نێو دەسەڵات بوون و، هێشتا ساڵانە سەدانی تریش هەر خەریکی ئەو کارەن. لە بەشی خوارەوەی کۆمەڵگەدا، بە سەدان ژنانی چالاک لەنێو ڕێكخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کار دەکەن، ڕێکخراویان دروست کردووە و، ڕۆژانە کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دەکەن و لە ڕیزی پێشەوەی خەباتن بۆ گۆڕینی یاسا بە قازانجی ژنان و دەستەبەرکردنی مافی زیاتر، چاودێریی یاسا، داڵدەدانی ژنان، پاراستنیان لە دەست توندوتیژی، دابینکردنی پارێزەر و ؛ جگە لە چەندین گروپی فشار و هەڵمەتەکانی هوشیاری و خۆپێشاندان و نووسینەوە و بڵاوکردنەوەی پلاتفۆرمی مافەکانی ژنان.

کەمپینە جۆراوجۆرەکانی ژنان بە درێژاییی ١٧ ساڵی ڕابردوو بەردەوام هەبوون، کە هەندێکیان جێگای گرنگیان لە خەباتی ژناندا هەیە. کەمپینەکانی دژی توندوتیژیی لەسەر ژنان، کەمپینەکانی دژی تیرۆری ژنان، کەمپینەکانی دژی بەردەبارانکردنی دوعا، کەمپینی “ناوی من ناوی دایکمە”..، هتد. سەدان کۆنفرانس و سیمیناری جۆرا وجۆر، بەرنامەی هوشیاری و تواناسازیی ژنان، نوێنەرایەتی و قسەکردن و بەشداریکردنی چالاکانی ژنان لە میدیادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاواردن، سووکایەتی و هەڕەشە و توندوتیژیی لەسەر ژنان.

ژنانی کارمەند و کرێکار و چینی خوار مامناوەندی لە کوردستان، هەم وەک تاکەکەس و، هەم وەک گروپ لەسەر دوو تەوەرەی جیا خەبات دەکەن، یەکیان بۆ بژێوی و ژیان و گوزەرانی خۆیان هەموو ڕۆژێک وان لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، ئەمە بەشداری ئەوانە لە خەباتی چینایەتیی ئەوان بۆ بەدیهاتنی خواستە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان. و لە سەر ئاستێکی تر هەموو ڕۆژ بەرەنگاریی دەستدرێژی سێکسی لە شوێنی کار دەبنەوە، بەرەنگاریی لەگەڵ جیاوازی کرێ و دەرماڵە دەکەن بە هۆی هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە، دژی توندوتیژی دەوەستنەوە و، دژ بە کۆنەپەرستی دینی و خێڵەکی دەنگ هەڵدەبڕن.

blank
چەند پێشمەرەگەی ژن لە سەدەی ڕابردوو

ئەمانە هەمووی دەکرێت نمونەی پراکتیسی فێمینیستی جۆراوجۆر بن کە ژنان لە کوردستان کردوویانە و بەردەوامن لەسەری. ئەمانە تایبەتمەندییەکانی خەبات و پراکتیسی ڕۆژانەی ژنانی کوردستانن لەم سەردەمەی ئیستادا. جا چ بۆ قایمکردنی پێگەی ژنان بێت لەنێو دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و پۆست و پلە باڵاکاندا و، یان بۆ خواستە گشتییەکانی تری وەک بەدیهێنانی مافی زیاتر و یەکسانی و وەستانەوە بێت بە ڕووی جیاکاریی ڕەگەزی لە کۆمەڵگە و لە مەیدانی کار و ماڵدا. ئەوەی کە پێویستە بۆ تێورناسە  فێمینیستەکان، کە ئەم پراکتیسانەی خەباتی ڕۆژانەی ژنان، ببێتە جێگای تێڕامان و لێکۆڵینەوە و پێناسکردنەوە. لە جیاتی ئەوەی بە نامۆ لە “فێمینیزم” لێک بدرێنەوە، دەبێت لە پەیوەند بە “فێمینیزم”‘ و جۆرەکانییەوە، لەو مێژووە دیاریکراوانەدا پێناسە بکرێن و تێگەشتنی تێوری بەرامبەریان بەرهەم بهێنرێت.

ئەگەر کەسێک بپرسێت چۆن کرداری ژنانی “ئیتحاد نیسائی بەعس” بە فێمینیزم ناو دەبرێت؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئەوان خەریکی بەدەستهێنانی پلە و پۆستی باڵای سیاسی و ئابووری بوون بۆ خۆیان لەنێو پەیکەرەی ئەو دەسەڵاتەدا و، توانیشیان بڕێک فرسەت بۆ ژنانی تر بەدەست بهێنن کە بچنە بەر خوێندن و ببنە خاوەنی کار و ئابووریی سەربەخۆ، هەر ئەم ژنانەش لە هەمان کاتدا چاویان دەپۆشی لە سەرکوتی سیاسی و ئەنفال و جینۆسایدی خەڵکی کوردستان. ئایا ئەمە هەر نموونەیەکی تری ئەو بەشە لە فێمینیزم نییە کە لە زۆر جێگەی تری جیهاندا هەمیشە پاڵ دەسەڵاتی گرتووە و خەریکی کردنەوەی جێگای خۆیەتی لەنێو پۆست و پلە باڵاکاندا و، بۆ ئەمەش هەمیشە چاوپۆشی کردووە لە هەمو نەهامەتییەکانی ٪٩٩ ی ژنانی تر و خەریکی بەدەستهێنانی دەستکەوت بووە بۆ ژنانی ئیلیت و نێو چینی باڵادەست. لە ڕاستیدا ئەمەش جۆرێکە لە فێمینیزم کە لە بەشی داهاتوودا ڕۆشنتر دەبێتەوە.

٢– هەژاری تێوری فێمینیستی لە کوردستان:

پێوەرێكی تر بۆ ئاست و ئامادەییی فێمینیزم لە کوردستان بریتییە لە ئاستی بەرهەمی بیرکردنەوە و تێوری فێمینێستی لە کوردستان. بەرهەمی هزرێك کە بەرئەنجامی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی مەیدانی و لێکدانەوە و شیکاری بێت بۆ بارو دۆخی ژنان و سەرچاوەی ستەمی ڕەگەزی و هەوڵەکانیان بۆ ئازادی و یەکسانی، بێت. ئەمەش پێوەرێكی باشە چونکە هەم دەژمێردرێت و هەم لە باری چۆنایەتییەوە دەبینرێت، بۆ نموونە دەتوانین بڵێین چەند لێکۆڵینەوە و کتێب و وتارمان هەیە کە فۆکەسی لەسەر لایەنە گرنگەکانی ئەم بابەتەی بەردەستمان کردبێت؟

 بە گوزەرێکی خێرا بەسەر ئەوەی تا ئێستا بەرهەم هاتووە، لەم بارەوە کەلێنی گەورە هەست پێ دەکرێت، بەتایبەت لە بواری لێکۆڵینەوەی مەیدانی و لێکدانەوە و شیکاریدا سەبارەت بە ئەزموونی ژنانی کوردستان و پەیوەندیی بە تێوری فێمینیستی لە جیهاندا. هەڵبەت وەک زۆرێک لە بوارەکانی تری گەشەی کۆمەڵگە، لەم بوارەشدا کاری باش دەستی پێ کردووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەت کاری وەرگێڕان و گواستنەوەی ئەزموونی فێمینیزمی ئەوروپی و جیهانی. بەڵام ئاستی ئەم کارە لە کوردستان هێشتا زۆر سەرەتایییە. لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان و لێکدانەوەی پشتبەستوو بە زانستەکانی وەک (مێژووناسی، کۆمەڵناسی، جێندەرناسی) لەسەر بارودۆخی ژنان و شێوازەکانی خەباتیان تا ئاستی نەبوون وایە.

هەژارییەک بەدی دەکرێت کە لە ژمارەی وتار و نووسینەکاندا نییە، بەڵکوو زیاتر لە کوالێتی و بەڵگە و ئاراستەکانیاندایە. کاتێک کەسێک دەگەڕێت بە دوای بابەتی فکری و لێکۆڵینەوە، بۆ نموونە سەبارەت بە میژووی ژنان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوان، ئامارەکانی کارکردن و خوێندەواری و تەندروستی و.. هتد، پەیوەندیی هێزی ژن لە لادێ لەنێو خێزان و لە کێڵگە، هێزی ژن لە خێزانی ناو شار، بەشداری ئابووریی ژنی کرێکار، خەسڵەتەکانی ژنی ماڵەوە! بە دەگمەن بابەتی لەم جۆرانەی دەستکەوێت.  هەر بۆیەشە تا ئێستا تیۆرییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی فێمینیستی نییە کە بە بنەما بە بەڵگە و ئامار و بارودۆخی تایبەت بە ژنانی کوردستان، تێگەیشتنێکی فراوانی لەسەر ژنان و خەباتی ڕزگاریخوازیان  دروست کردبێت. سەرباری بوونی چەند سێنتەری خوێندنی جێندەر و هەروەها چەند بەرهەمێکی ئەکادیمی لەسەر فێمینیزم لە کوردستان، هێشتا سەرەتای ئەو ڕێگایەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە.

پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت کە بەرهەمهێنانی لێکۆڵینەوەی زانستی و فیکری و تێوریی تایبەت بە ئەزموونی خەبات و پراتیکی فێمینیستی ژنان لە کوردستان، کارێکی زۆر قورستر و درێژ خایەنتر و زۆر فراوانترە لە چاو گوتارێکی فێمینیستی کە ئێستا بوونی هەیە و، هەوڵی نوێنەرایەتی کردنی فێمینیزم لە کوردستان دەدات.

لەم بارەوە فێمینیزمی ڕۆشنگەری لە چەند کۆنفرانسێکدا بە گوتارێکی نیمچە سێکولارەوە بۆ نێو ژنان و پیاوانی سێکولار و شاری و ئیلیت دەبینین.گوتاری ئەم فێمینیزمە، دەبێت هەمیشە سەری نەویتر بێت لە سەقفی “پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەکان”. واتە هەر لە سەرەتاوە ڕێگەی ڕەخنەی ڕادیکاڵانەی ئایینی لێ گیراوە. سەرباری پشتیوانی حیزبێکی نێو دەسەڵات و بوونی سەرچاوەی دارایی و  مرۆیی، بەم چالاکی و کۆنفرانسانە نەیتوانیوە ببێتە ئامرازی بەرهەمهێنانی تێورییەکی تایبەت بە فێمینیزم لە کوردستان و، تا  ئێستا گوتارێکی ڕۆشنی نەبووە سەبارەت بە فێمینیزم و خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان، بەڵکوو خەریکی تێکەڵکردنی “دیموکراسی و ئایین و سیکولاریسم و کولتوور”ە و هەر لە سەرەتاشەوە دژایەتی خۆی لەگەڵ چەپ و سۆشیالیزم و ڕەخنەی مارکسیستیشان داوە.

 هەروەها گوتارێكی تری سەر بە بۆچوونی فێمینیزمی ڕادیکاڵ هەیە، کە دژی داگیرکاری پیاوانە بۆ هەموو کایەکانی زانین و کولتوور و نووسین و سیاسەت و .. هتد دەنگی هەڵبڕیوە، وە خەریکی گواستنەوەی ئەزموونی فێمینیزمی ئەوروپی و ڕۆژاوایە بۆ ژنان لە کوردستان. هەرچەندە ئەم گوتارە هەوڵی داوە کە دەنگێکی ئەرێنی بۆ فێمینیزم و ناساندنی لە کوردستان دروست بکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لە هەوڵی سەپاندنی جۆرێک لە تێگەشتنی تایبەت لە فێمینیزم و چوارچێوەیەکی نامۆن بەسەر ژنان لە کوردستان، کە بەرهەمی خوێندن و تێگەشتنی کەسەکان خۆیانە لە فێمینیزمی ئەوروپایی و ڕۆژاوایی. بەشێک لەم گوتارە فێمینیزمی کردۆتە دەفرێكی نامۆی فڕیو بەسەر ئاسمانی کۆمەڵگەوە، ژنانی لە کوردستان، بەتایبەت ژنانی چالاکی نێو ڕێکخراوەکانی خستۆتە بەردەم تاقیکردنەوەی فێمینیست بوون، لەو ئاسمانەوە شەهادە دەبەخشێت و بڕیار دەدات کێ فێمینیستە و کێ فێمینیست نییە! ئەوە ڕاستە کە هەندێک فاکتەری جیهانداگر هەیە، لەوانە سەرمایەداری و پیاوسالاری کە لە هەموو جێگایەک، هەرچەندە بە شێوازی جیاواز، کاریگەرییان لەسەر نایەکسانی و ستەم لەسەر ژنان داناوە. بەڵام ژنان لە کوردستان بارو دۆخی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەو پێیەش ئەزموونی خەباتی جیاوازییان هەیە دژی ستەمکاری.کاری لێکۆڵینەوە و هزر، تێوری فێمینیستی، ئەوەیە کە تێگەشتن لەسەر ئەمە دروست بکات، نەک ژنان و هەوڵەکانیان بە دواکەوتوو یان “نەزانی” یان نائاگایی تاوانبار بکات.

 گوتارێکی تری فێمینیزم لە کوردستان، کە ئەمیش وەک ئەوانی تر نامۆیە بە خەباتی ڕۆژانەی ژنان لە کوردستان، ڕێبازی ژنۆلۆجی عەبدوڵا ئۆجەلانە کە لەم سالانەی دواییدا هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە فکرییەی خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان دەدات. لەسەر دەستی ئەم دۆکتۆرینە، گەریلا ژنەکانی کۆبانی، کە نەبەردییەکی بێوێنەیان لە دژی داعش نیشان دا، کراونەتە نموونەی ئەم جۆرە فێمینیزمە. نموونەی ژنێکیی خەیاڵی و بەهەشتی، کە ئازادە، ئازایە، جەنگاوەرە، بەڵام بێ سێکسە، و هەموو خواست و ئارەزوویەکی سێکسی هەڵگرتووە بۆ دوای ئازادی و ڕزگاریی گشتی. ئاسۆ کەمال لە کتێبی ژنۆفۆبیای ئۆجەلان جەخت دەکات لەوەی کە “ئەم تێوریەی ئۆجەلان بۆ لادێکانی کوردستانی تورکیا،کە لە لایەن دەوڵەتی فاشیستی ڕەگەزپەرستی تورکیاوە لە دواکەوتویی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا هێڵراوەتەوە، دەتوانێ “بەئاسانی خەڵکی سادە” لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بەڵام ناکۆکە بە ژیانی شارنشینی کۆمەڵگەی کوردستان.”

٣-جۆرەکانی فێمینیزم لە جیهان و جیاوازییەکانیان 

ناسینی فێمینیزم وەک بزووتنەوەیەکی فراوانی فرە ڕەهەند، بە هەموو ئاراستە و تێگەیشتنە جیاوازەکانییەوە یارمەتیمان دەدات کە ئەزموونی ژنان لە کوردستان لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕەهەندە جیاوازانە ببینین و پێناسیان بکەین. هەرچەندە لە چوارچێوەی وتارێکی لەم جۆرە، تەنها دەتوانرێت گوزەرێکی خێرا بکرێت بەسەر جۆرەکان و جیاوازییەکانی فێمینیزمدا. خۆشبەختانە ئەم کارە لەلایەن چەندین کەسی ترەوە کراوە و لەم بارەوە کتێبخانەی کوردی هەژار نییە.

مارتا ئێ گیمینزی، بە ڕەچەڵک ئەرجەنتینی و پرۆفیسۆری سۆسیۆلۆجی لە زانکۆی کۆلارۆدۆ،  دەڵێت، فێمینیزم یەک شت نییە، بەڵکو چەترێکە بۆ ڕێگای جۆراوجۆر. زۆرێک لە لێکۆڵەرانی بزووتنەوەکانی فێمینیزم هاوڕان لەسەر ئەوەی کە فێمینیزم هەرگیز نەبووەتە جەستەیەکی یەکخراوی فیکر، هەر بۆیە شێوازی فرەجۆری هەیە و، بەردەوام شێوازی تازەشی لێ بەرهەم دێت کە لە ئەنجامی دایەلۆگ و مشتومڕی فکری و پراکتیس و ئەزموونکردنی ژنان لەنێو جووڵانەوەکان و خەباتی ڕۆژانە لەکۆمەڵگەدا، فێمینیستەکان لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن، بیری لێ دەکەنەوە و لێکدانەوەی بۆ دەکەن، هەر بۆیە بەردەوام گەشە دەکات و، تەنانەت جار جارە جۆرێکیان کە پاشەکشەی کردووە، لە جێگای جۆرێکی تر بەرهەم هاتووە.

یەکێک لە میتۆدە باوەکانی پۆلێنکردنی فێمینیزم جیاکردنەوەیانە بەپێی ئاراستەی سیاسی و ئایدیۆلۆژییان، چونکە یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوە بەرجەستەکانانە. هەروەک جاکلین کۆک و مێگ لۆکستون دەڵێن ئەوەی فێمینیستەکان کۆ دەکاتەوە پێکەوە، پابەندبوونیانە بە دژایەتیکردنی ستەم لەسەر ژنان، بەڵام ئەوەی وای کردووە کە بوونی یەک تیوری فێمینیستی یەکگرتوو هیچ کات ئیمکانی نەبێت تێوەگلانی فێمینیزمە لەگەڵ تیۆری و سیاسەتی جۆراو جۆردا.

blank
نانسی فرەیسەر (١٩٤٧- ) فەیلەسوف و فێمینیستی ئەمریکایی

ئەم وابەستەیییە بە ئایدیۆلۆجیا و سیاسەتی ترەوە لە چەند مشتومڕی سەرەکیدا لەنێوان فێمینیستەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە بە فراوانی؛ لەوانە جیاوازیی سەبارەت بەوەی کە ژنان جێگا و ڕێگای چینایەتی و بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە، یان گروپێکی هۆمۆجینیەسن بە هۆی سەرکوتی ڕەگەزییەوە. و یان جیاوازییان لە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی مێژووییی ستەم و چەوسانەوەی ژنان؛ لە ئەنجامیشدا هەمیشە گەیشتوونەتە ڕێگاچارە و شێوازی خەباتی جیاواز بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی ژنان. کۆک و لۆکستون خەجت لەوە دەکەنەوە کە هیچ کات ململانێ تیۆرییەکان لە دەرەوەی ململانێی چینایەتییەکاندا ڕوو نادەن، بەڵکوو جیاوازیی چینایەتی بەردەوام کاریگەریی لەسەر دابەشبوونی فێمینیستە تێوریسەنەکان داناوە.

بەپێی ئەم شیوازە لە پۆلێنکردن، مارتا ئێ گیمینزی، چوار ئاراستەی سەرەکیی فکری فێمینیزمی دیاری کردووە لەنێو بزووتنەوەی ژناندا:

یەکەم: لیبرال فێمینیزم، کە بە فیمینیزمی ژنانی چینی ناوەڕاست و باڵا دەستیش ناسراوە. ئەم جۆرە لە فێمینیزم ئاماجی سەرەکیی یەکسانکردنی ژنانە لە پێگا و جێگای دەسەلاتی سیاسی و ئیداریدا لەگەڵ پیاوان هەر لە چوارچێوەی سیستەم و نیزامی ئابووری و سیاسیی سەرمایەداریدا. کێشەی ئەم فێمینیزمە لەگەڵ بەربەستە فەرمییەکاندایە کە وان  لە بەردەم فەراهەمبوونی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان لە بوارەکانی پەروەردەیی و سیاسی و یاساییدا. بەرگریکارانی ئەم فێمینیزمەیە، پێیان وایە کە ژنان دەبێت بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بن کە چۆن مافی زیاتری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگا و سیستەمی ئیستادا بەدەست بێنن.

دووەم: فێمینیزمی ڕادیکاڵ کە کێشەی سەرەکی بە باڵادەستی پیاو لە بوارەکانی ژیاندا دەزانێت، وە پیاوسالاری وەک هۆکاری سەرەکیی سەرکوت و ستەم لەسەر ژنان دەناسێنێت. فێمینیزمی ڕادیکاڵ تەواو بڕوای وایە هەموو کێشە و نایەکسانییەکانی تر پلە دوون لە چاو نایەکسانی ژن و پیاودا. گوتاری ئەم فێمینیزمە بە جۆرێکە کە هەندێک جار وا دەردەکەوێت کە هەموو پیاوان هەموو ژنان دەچەوسێننەوە.  پێویستە ئەوەش بوترێت کە فێمینیستە ڕادیکاڵەکان لە گەڕانیان بەدوای سەرچاوەی ستەم و پلەدووییی ژناندا، بوونەتە خاوەنی تێگەیشتن و هزری فراوان کە هەوێنی بەشێکی زۆر لە جووڵانەوە و خەباتی ژنانیان ئاراستە کردووە. بەپێی ئەم ئاراستەیە ژنان وەک گروپێکی چەوساوە، دەبێت لە پێناو ئازادکردنی خۆیان لە دەست ستەمکارەکانیان کە پیاوانن، تێبکۆشن.

سێهەم: فێمینیزمی سۆشیالیستی کە لە لایەک ڕەخنەگری سیستەمی ئابووریی سەرمایەدارییە و، تەواو بروای وایە کە یەکسانییەکی مانادار لەنێو کۆمەڵگەی چینایەتیدا بەدی نایەت، لە لایەکی دی ڕەخنەگرە لە لێکدانەوەی مارکسیستی بۆ سەرچاوەی ستەم و چەوسانەوەی ژنان. بەشیک لە فێمینیستە سۆشیالیستەکان وەک فردریچی، دەلا کۆستا و ماریا مایەس، پێیان وایە کە مارکسیزم بەشێك لە چالاکی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (کاری سێکسی، دروستکردن و گرنگیدان بە منداڵان و کاری نێوماڵ، کە کاری ژنان بووە) بەبێ لێکدانەوە جێهێشتووە، لە کاتێکدا کە زۆر گرنگن بۆ بەرهەمهێنانی هێزی کرێکاران. لە بواری ئەکادیمیا و هزردا فێمینیزمی سۆشیالیستی، بە سوودوەرگرتن لە ماتریالیزمی مێژووییی مارکسیزم، کەوتنە لێکدانەوەی پەیوەندییە جێندەرییەکان. یەکێ لە ئەنجامە کاریگەرەکانی ئەم فێمینیزمە گەیشتن بوو بە تێوری “دووانەی سەرمایەداری و پاتریارکی” وەک سەرچاوەی ستەم و چەوسانەوەی ژنان. لە باری کردارییەوە ئەم فێمینیزمە لە ساڵەکانی هەفتاکان و هەشتاکاندا زۆر چالاکانە کاری کرد لەسەر کەمپینی “کرێ بۆ کاری نێو ماڵ”.

چوارەم: فیمنیزمی مارکسیستی، هەروەک سۆشیالیستی، بەرگری لەوە دەکات کە ئازادی و ڕزگاریی تەواوی ژنان پابەندە بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەرمایەدارییەوە. بەڵام جیاوازییان ئەوەیە کە خەریکی پەرەدان بوون بە توانایی تیۆری مارکسیستی بۆ لێکدانەوەی چەوسانەوەی ژنان بە هۆی سیستەمی سەرمایەدارییەوە، بەم جۆرەش ئەوان لە هەوڵی پڕ کردنەوەی ئەو کەلێنەدان کە وەک “کەم بەهاکردنی کێشەی ژنان لەنێو مارکسیزمدا” لە لایەن فێمینیستە سۆشیالیستەکانەوە ڕەخنەی لێگیرا . ئەم فێمینیستانە خەریکی ئەوەبوون کە پەیوەندیی نێوان چەوساندنەوەی ژنان و سەرمایەداری ڕۆشن بکەنەوە. لە هەمان کاتدا دژی ئەو فۆرمە لە مارکسیزمی سەدەی بیست بوون کە بە شێوەیەکی دۆگما دژی فێمینیزم دەوەستێتەوە.

ئەم چوار ئاراستەیەی فێمینیزم کە باس کران، بوونە خاوەنی هەزاران لێکۆڵینەوە و دراساتی مەیدانی، و چەندین تێوری و پراکتیس کە کەمپینی فراوان و بزووتنەوەی جۆراجۆری لێ هاتە دەر، هوشیاریی فراوانی بڵاو کردەوە، گۆڕانکاریی گەورەی دروست کرد تەنانەت لەنێو سیاسەت و پۆلیسیەکانی سەرانی دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداری، دام و دەزگاکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نێودەوڵەتی و بەرنامەکانی گەشەپێدانی جیهانی. هەروەها کاریگەریی گەورەی لەسەر سیاسەتی هەردوو بلۆکی ئەوکاتەی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات دانا، بە جۆرێك کە لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا وڵاتانی جیهان کە لەنێوان ئەم دوو قوتبەدا دابەش ببوون، مەسەلەی گەشەدان بە تواناییی ژنان و دابینکردنی فرسەتەکانی خوێندن و کارکردن و تەندروستی باش ببووە یەکێ لە خاڵەکانی پیشبڕکێیان. ئەمانە هەرچەندە وەک دەستکەوتی ژنان دەرکەوتن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستکەوتی مۆدێرنیتە و ئەو ئاراستەیە بوون کە پێیان وابوو هەموو  وڵاتانی جیهان بە یەک ئاراستە دەڕۆن و گەشەکردنی ئابووری و تەکنەلۆجیا و بارو دۆخی ژنانیش لەگەڵیاندا بەردەوام بەرەو پێش دەچێت.

بەڵام ئەم شەپۆلەی فێمینیزمی ئەوروپایی – خۆراوایی بەرەووخامۆشی چوو .  هەندێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن کە ئەم پاشەکشەیە لە لایەک بە هۆی کەوتنە بەردەم ڕەخنەی فێمینیزمی ڕەشپێست و فێمینیزمی کولتووری، بە پاڵپشتی تێورییەکانی پۆست – مۆدێرنیتە، ڕووی دا. فێمینیزمی ڕەش جەختی لەوە کردەوە کە سێکسیزم و چەوساندنەوەی چینایەتی و ناسنامەی جێندەری و ڕاسیزم تەواو پێکەوە گرێدراون و یەکتربڕن. بەو شێوەیەی کە ئەم چەمکانە پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە پێی دەوترێت یەکتربڕایەتی. فێمینیزمی کولتووریش جەختی لە جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان ژن و پیاو کردەوە؛ لە ڕووی بایۆلۆجی و کەسایەتی و هەڵسوکەوتەوە ژنان وەک خاوەنی ڕەوشتێکی جیاواز و باڵا، هەمیشە هاوسۆزی و خوشکایەتی بناغەی ناسنامەیان دابین دەکات. ناوەڕۆکی ڕەخنەی ئەمانە ئەوە بوو کە ئەم فێمینیزم تەنها وەک بەرهەمی ئەزموونی ژنانی ئەوروپایی و خۆراوایی سپی پێست ناسراوە، لە کاتێکدا ئەوان ناتوانن ئەزموونی هەموو ژنانی جیهان نیشان بدەن و نوێنەرایەتی بکەن، ژنان لە شوێنە جیاجیاکان ئەزموونی جیایان هەیە، تەنانەت ژنان وەک تاکە کەسیش ئەزموونی جیایان هەیە.

بەڵام لە لایەکی ترەوە هەندێک لە فێمینیستەکان باس لە وە دەکەن کە فشاری کەوتنی بلۆکی خۆرهەڵاتی (سۆڤیەت) و، هەڵای “پاشەکشەکردنی مارکسیزم” و بیری چەپ و سۆشیالیزم بە گشتی، تەشەنەی نیولیبرالیزم بە ئایدیۆلۆجی ئیندیڤدوالیزم و بازاڕی ئازاد و ..هتد، هۆکاری گەورەی ئەم پاشەکشەیە بوون، ئەمەش بە تایبەت لە کۆتاییی دەیەی هەشتاکان و دەیەی نەوەدەکان. نانسی فرەیسەر باس لەوە دەکات کە لە کاتێکدا کە نۆلیبرالیزم دەیویست گرنگیی زمانی “یەکسانی و دادپەروەری” و مافە گشتییەکان بگۆڕێتە سەر فۆکەس خستنە سەر ‘ناسینەوەی ناسنامە و جیاوازی’،  لەو چوارچێوەیەدا فشار بۆ سەر فێمینیزم دروست بوو داوای ڕەخنەی کولتووری بکات و کەمتر بچێتە سەر شیکردنەوەی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. هەر بۆیەشە بە ڕای نانسی فرەیسەر لە کۆتاییی سەدەی بیستەم مەیلێک هەبوو کە ڕەخنەی فێمینیستی گرنگ لە کایەی ‘ئابووری’ بگۆڕن بۆ ڕەخنەیەکی “کولتووری یەکلایەنەی یەکسان”

ئەم پاشەکشەیە، زیانی گەورەشی دا لە ڕێڕەوی گەشەی جیهانی فێمینیزم وەک بزووتنەوەی جیهانی ژنان، لە تێرمی کۆلێکتیڤیزم، واتە کارکردن وەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری لە بەرامبەر فۆرمە جیهانییەکانی ستەم و چەوسانەوەی ژنان وەک پیاوسالاری، سێکسیزم و جیاوازیی چینایەتی، سەرمایەداری. واتە ئەم د ەورەیە بۆ ماوەیەک ئەم یەکگرتنەی لە خەباتی سەرتاسەری لە دژی سەرچاوەی ستەم و چەوسانەوەی ژناندا بردە دواوە. نانسی فرەیسەر دەڵێت کە لە کاتێکدا داهێنانەکانی فێمینیزمی شەپۆلی دووەم لە ئەو توانایدایە بوو کە نایەکسانی جێندەری لە سێ ڕەهەندی فراواندا لێک بداتەوە: ئابووری، کولتووری و سیاسی. کەچی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ئەو ڕەهەندە شیکارییانە نەک تەنها جیاکراونەتەوە لە یەکدی، بەڵکوو تەنانەت لە “ڕەخنەی کاپیتالیزمیش” دابڕێنراون. بە بڕوای نانسی جەختکردنەوەی فێمینیستەکان لەسەر ڕەخنەی کولتووری، ڕێکوپێک لەگەل هەوڵەکانی نیۆلیبرالیزم دەهاتەوە کە ئامانجی سەرەکیی سەرکوتکردنی هەموو بیرۆکە یەکسانیخوازییە کۆمەڵایەتییەکان بوو لەو سەردەمەدا. بەم شێوەیە جەختکردنی فێمینیستەکان لەسەر ڕەخنەی کولتووری، لە کاتێکدا بوو کە هەلومەرجەکە پێویستی بە دوو هێندە فۆکەس و سەرنجدان بوو لەسەر ڕەخنەی ئابووریی سیاسی.

جۆرە جیاوازەکانی فێمینیزم بەگشتی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا و دوای دوو ئایدیۆلۆجی و ئاراستەی فکریی جیاواز کەوتوون، لیبرالیزم کە ئایدۆلۆجی و بونیادی فکریی سەرمایەداری پێک دێنێت و، مارکسیزم کە ڕەخنەی ڕیشەیی هەیە لە پێكهاتەی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری

بەشێک لە فێمینیستەکان لەژێر ناوی فێمینیزمی ماتریالیستی، بە هاوکاری لەگەڵ فێمینیستە مارکسیستەکان، توانیان دەست بگرن بەو ڕەخنەگرتن لە ئەو کۆیانە کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان هەیە لە هەموو جێگایەک، لەوانە: پاتریارکی و سەرمایەداری. ئەوان جەختیان کردەوە کە ژیانی ژنان لە هەموو شوێنێک کەوتۆتە ژێر کاریگەریی سەرمایەداریی جیهانی و پیاوسالارییەوە. ڕایانگەیاند کە لە باری سیاسییەوە کارێکی خۆکوژی دەبێت کە ئەم ڕەخنەی بونیادی لە سەرمایەداری و پاتریارکی، جێگەی بگیرێتەوە بە ڕەخنەی ستراتیجییە سیاسییە لۆکاڵییەکان و ڕوانگەی واقیعی کۆمەڵایەتیی پارچەپارچەکراو. لەم هەوڵانەدا میتۆدی شیکاریی ئینتەسێکشنالیتی سەری دەرهێنا، کە لە یەک کاتدا ڕەخنە لە جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی و ئەتنیکی و هەموو سەرچاوەکانی تری سەرکوت دەگرێت. بەم جۆرە ئەم فێمینیستانە دەورێکی گرنگیان گێڕا لە جارێکی کە پێناسکردنەوەی تێوری فێمینیستی، و لێکدانەوەی پرسەکانی چین، جێندەر و ڕەگەز (race). ئەم جارەیان ئەم فێمینیزمە نەک تەنها بۆ ڕزگاری ژنان، بەڵکوو وەک بزووتنەوەیەک کە باس لە ڕزگاریی کۆمەڵگە دەکات، دژە سەرمایەدارییە و، ڕەخنەی بونیاتی لە سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری و سیاسی نیولیبرالیزم هەیە.

لەدوای ٢٠٠٨وە، واتە دوای قەیرانێکی گەورەی سەرمایەداری و ئابووریی نیۆلیبرالیزم، فۆرمەکانی ئێکۆفێمینیزم، ترانسناشناڵ فێمینیزم، فێمینیزمی ڕەش و ئینتەرسێکشنال بە هێزەوە هاتوونەتەوە و خەریکی خەباتی فێمینیستین. فێمینیزمی ترانسناسیۆنالی یان جیهانی کە لە خۆیدا لە هەوڵی کۆکردنەوەی هەموو فۆرمەکانی فێمینیزمی دژە سەرمایەدارییە، بەتایبەت هاتۆتە مەیدان بۆ بڵاوکردنەوەی هوشیاری سەبارەت بەوەی کە چۆن جیهانگیری و سەرمایەداری کاریگەریی لەسەر هەموو خەڵک بەگشتی، بە جیا لە نەتەوە و ڕەگەز و سێکس و چین و جێگای نیشتەجێی خەڵك داناوە. ئەم فۆرمە لە فێمینیزم، فێمینیزمی دژە سەرمایەداری، دژە سیستەمی ئابووریی نیۆلیبرالیزم، بە دەستەوەگرتنی تێوری ئابووریی مارکسیستی و لێکدانەوەی چینایەتی خەریکە جارێکی کە خۆرێکخستننە و، بەرپاکردنی بزووتنەوەی فراوانی جەماوەری و کۆمەڵایەتی کە هەم داوای ماف و چاکسازی دەکات لە بارو دۆخی ژیانی ژنان و چینی کرێکاردا، هەروەها خۆی وەک بەدیلێکی شۆڕشگێڕانە نیشان دەدات کە خەریکە هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی تری وەک، دژە ڕاسیسزم، یەکسانی بۆ هۆمۆسێکسواڵەکان و گروپە کەمایەتییە سەرکەوتکراوەکانی تر لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و پێشەنگی خەباتێكی فراوانی دژە سەرمایەداری دەکات، بەبێ ئەوەی ئەو ئاسۆیە لەدەست بدات کە سەرچاوەی هەموو نایەکسانییەکان کۆمەڵگەی چینایەتی، سەرمایەدارییە.

blank
دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٧ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە

پریشکی ئەم هەستانەوەیە لە ساڵی ٢٠١٧ لە خۆپێشاندانی سەدان هەزار ژن و پیاوی یەکسانیخواز بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە لە ئەمریکا و چەندین وڵاتی تر نمایشی خۆی کرد. دواتریش مانیفێستی خۆی لە نامیلکەی فێمینیزم بۆ ٪٩٩ی خەڵك ڕاگەیاند کە تیایدا نیازی خۆی بۆ دژە سەرمایەداری بوون، ئیکۆ بوون، ئینتەرسێکشنال، پارێزەری مافی هەموو کەمایەتییەکان و ئێل جیبیتی… هتد ڕاگەیاندووە.

پێویستە باس لە جۆرێکی تری ترسناک لە “فێمینیزم” بکەین کە لە هەندێک ئەدەبیاتدا بە ناوی “فێمینیزمی نیولیبراڵ” باس کراوە. نموونەیەکی ئەم جۆرە لە فێمینیزم، شێریل ساندبێرگ دایهێنا لەژێر ناوی ‘لین ئین’، کە تیۆرییەکەی لەسەر ئەوە بونیاد ناوە کە بازاڕی ئازادیی سەرمایەداری چارەسەری نایەکسانی ڕەگەزیی بەرامبەر بە ژنان پێیە. ئەو بانگەوازی ژنان دەکات کە سەر دانەوێنن و هەوڵ بدەن و شەڕی تاکەکەسی بکەن لە بازاڕدا.

نموونەی تری ئەم فێمینیزمە، ئەو هەڵمەتەیە کە بۆ بەكاڵاکردنی جەستەی ژنان و، پارچەکانی جەستەی ژنان، قبوڵکردنی سێکسیزم وەک ڕاستییە نەگۆرەکان، پراکتیسی فێمینیستی کردۆتە ئەم بیرۆکە تاکپەرستانەیە کە بە ژنان دەڵێت بچۆ  لە ڕێگەی ئیستحقاقەوە دەستکەوتەکانت بە “هەر ڕێگایەک” بێت بەدەست بێنە. نموونەی بڵاوبونەوەی دەیان جۆری پیشەی مۆدێل، کۆسمەتیک، مەیکئەپ ئارتیست، کاری لاپ دانس و مەساج، ..هتد؛ لەبری ئەوەی ئەمانە وەک ئارەزوو و هەڵبژاردەی بەشێکی کەم لە کچان و ژنان وەک مافێکی ئازادیی هەڵبژاردن پارێزراو بێت، کەچی بوونەتە پیشەسازی گەورە و بەدیلێکی پیشە و کار و ڕێگای نان پەیداکردن و گەشتن بە ئامانجی و ئاواتی “دەوڵەمەندبوون” و کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ ژنان

٤-کێشەی لیبراڵ فێمینیزم

جۆرە جیاوازەکانی فێمینیزم بەگشتی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا و دوای دوو ئایدیۆلۆجی و ئاراستەی فکریی جیاواز کەوتوون، لیبرالیزم کە ئایدۆلۆجی و بونیادی فکریی سەرمایەداری پێک دێنێت و، مارکسیزم کە ڕەخنەی ڕیشەیی هەیە لە پێكهاتەی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری. ئەم دوو بیرکردنەوەیە لەنێو خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری و یەکسانی جگە لەوەی درێژترین تەمەنیان هەیە، هەروەها گەورەترین هۆکاری دابەشبوونی جۆرەکانی فێمینیزمن لە بواری تێوری و پراتیکدا .

لیبراڵ فێمینیزم، خاسیەتی تایبەتی ئەوەیە کە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە ژنانی چینی باڵادەست بچن لەم سیستەمە نایەکسان و پڕ لە نەهامەتییەی سەرمایەداری بەشدار بن لە دەسەڵاتدا

لیبراڵ فێمینیزم، کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا بە فێمینیزمی ژنانی بورژوازی ناسراوە، هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری چینی دەسەڵاتداری سەرمایەدارییە لە هەموو جیهاندا. فۆرمی دەسەڵات هەرچی بووبێت، دیکتاتۆری، دیموکراسی، سەرمایەداریی دەوڵەتی، ئەم جۆرە فێمینیزمە لە نێویدا جێگەی بووەتەوە. لە سەردەمی ئێستادا، بە هۆی کۆتای سیاسی بۆ ژنان لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دنیا، ئەم فێمینیزمە دەسەڵاتی پەیدا کردووە و خۆی کردۆتە نوێنەری هەموو ژنان لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکاندا و، هەموو سەرچاوە ماددییەکان دەبات بۆ خۆی وەک بەشی ئیلیتی ژنان.

لیبراڵ فێمینیزم، خاسیەتی تایبەتی ئەوەیە کە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە ژنانی چینی باڵادەست بچن لەم سیستەمە نایەکسان و پڕ لە نەهامەتییەی سەرمایەداری بەشدار بن لە دەسەڵاتدا . ئیتر گرنگ نییە کە بە هۆی ئەم دەسەڵاتەوە ملیۆنان ژن بێکار دەبن، نانبڕاو دەبن، خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزاری تریان  نابێت. کەم نین ئەو فێمینیستە لیبراڵانەی کە بە شان و باڵی ژنانی وەک مارگرێت تاتشەر، هیلاری کلینتۆن و مادلین ئۆبرایت هەڵ دەدەن و وەک پێشەنگی دەستکەوتەکانی فێمینیزم باسیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا کە بڕیار و سیاسەتەکانی ئەم ژنە سەرکردانە، هەمیشە هۆکاری نەهامەتی گەورە و هەژاری و بێکاری و ستەمی زیاتر بوون لەسەر ژنان. مێژووی فێمینیزم پڕیەتی لەم جۆرە کە خۆی کردۆتە خاوەنی هەموو دەستکەوتەکانی ژنان لە ئەوروپا و تەنانەت لە جیهانیشدا. ئەم دەستکەوتانەش بە ملیۆنان ژن دەفرۆشنەوە، گوایا ئەمانە بە قازانجی هەموو ژنانن. ئەم جۆرە فێمینیزمە دەتوانیت چاوپۆشی لە هەموو نایەکسانییەکانی تری زۆرینەی ژنان بکات و تەنها چاوی لەوەبێت کە ژمارەی لە ژنانی نێو چینی دەسەڵاتدار بخاتە نێو ناوەندەکانی بریاردان و سەرۆکی کۆمپانیاکان.

خەباتی ژنان و فێمینیزم، نە تەنها گوتارێكی میدیایی ڕادیکاڵی دژە پیاو ە و، نە تەنها هی ئەوانەیە بە دوای بەدەستهێنانی جێگای سەرکردە و بڕیاردانی ژنانن لەنێو پارتە سیاسییەکان و کۆمپانیا و دەسەڵاتدا.

لە سەردەمی ئێستادا  زۆربەی ئەو “پێشکەوتنە”انەی کە بە هۆی “جیاکاریی ئەرێنی”ەوە، بەدەست هاتوون، بوونەتە پەیژەیەک بۆ سەرکەوتنی ژنانی نێو چینی دەسەلاتدار . ئەم چینە دەسەڵاتدارە هەرچۆنێک بێت توانیویەتی سامان و جێگایەکی زیاتر بۆ ژنە پەرلەمانتارەکان، ژنە بەڕیوەبەرەکان، دادوەرەکان، بانکدارەکان، خاوەن کۆمپانیاکان دروست بکات. بەڵام کاتێک ئەم ژنانە کێشەی خۆیان لە نێو ڕیزەکانی دەسەڵاتدا چارەسەر دەبێت، ٪٩٩ ەکەی تری ژنان لە بیر دەکەن کە بە ترسناکترین جۆری ستەم و چەوسانەوەدا دەڕۆن. هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە کە دیاردەیەکی هاوشێوە لەگەڵ چینی ناوەڕاستی ڕەشپێستی ئەمریکا و ئەروروپادا ڕوویدا، کاتێك بە هۆی بزووتنەوەی دژە ڕاسیزمەوە  هەندێکیان خۆیان گەیاندە پلە و پۆستی باڵا، ئەمەشیان وەک دەستکەوتی گەورەی هەموو ڕەشپێستەکان نیشان دا. لەهەر دوو نموونەکەدا زۆربەی کات ئەو دەستکەوتانە بەناوی هەموو خەڵکەوە وەردەگیرێت، لە کاتێکدا بەرهەمەکەی ناچیتەوە لای جەماوەرە نایەکسانەکە، هەر بۆیە هیچ کات نە کۆتای ژنان و نە جیاکاریی ئەرێنی نابێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی جیاکاری، بەڵکوو زیاتر هەڵاواردن و پشتبەستن بە تۆکنیزم زیاد دەکات.

لەگەل هەموو ئەمانەشدا، خەباتی ژنان و فێمینیزم، نە تەنها گوتارێكی میدیایی ڕادیکاڵی دژە پیاو ە و، نە تەنها هی ئەوانەیە بە دوای بەدەستهێنانی جێگای سەرکردە و بڕیاردانی ژنانن لەنێو پارتە سیاسییەکان و کۆمپانیا و دەسەڵاتدا. بزووتنەوەی ژنان و خەباتی ژنان هەروەها خاوەنی ژنانی چالاک و نووسەر و ئەکادیمی و گەنجانی تینوو بە ئازادی و یەکسانین. بۆیە دەبێت جۆرەکانی فێمینیزم بناسینەوە، لەیەکیان جیا بکەینەوە و، بەوردی هاوخەباتەکانی خۆمان دیاری بکەین.

٥-ئەنجامگیری

یەکەم: فێمینیزم لە کوردستانیش فرە لایەن و فرە ڕەهەندە

 فێمینیست لە کوردستان دەشێت ئەو ژنە شۆڕشگێڕە بێت کە ئامادەی گیان بەختکردن بووە بۆ ڕزگاری خۆی و هاوڕەگەزەکانی، هەروەها دەشێت ئەو ژنە پەرلەمانتارە بێت کە باس لە یاسایەکی باشتر بۆ مافی ژنان دەکات، بەڵام بەرژەوەندیی حیزبەکەشی دەپارێزێتک یان دەشێت ئەو ژنە موسوڵمانە بێت کە دەیەوێت تەفسیرێکی میانەڕەوتر لە ئیسلام بکات، یان ئەو ژنەی کە لە دام و دەزگایەکدا چاودێری ئەوە دەکات کە ژنان تەحەروشیان پی نەکرێت، مامۆستایەکی ئەکادیمی بێت کە خەریکی جێگیر کردنی خویندنی یەکسانیی جێندەرییە، ئەو کارمەندە بێت کە ڕۆژانە یارمەتیی ژنان دەدات بۆ پاراستنیان لە توندوتیژی، ئەو ژنەی کە خۆی بریار لەوە دەدات کە مافی خۆیەتی چ جۆرە جلێک لەبەرکات، کچانی گەنجانی زانکۆ بن کە دژی هێزە ئەمنییەکان دەوەستانەوە کە بە هۆی کچ بوونیانەوە سوکایەتیان پێ دەکردن و سێکسیت دەجووڵانەوە لەگەڵیان.

فێمینیزم لە کوردستانیش یەک شت نییە، یەک فۆرم نییە، یەک تێگەشتن و یەک پێناسی نییە.  لە کوردستانیش هەتا ئەم جیاوازییە سیاسییانەی نێو ڕەوتەکانی فێمینیزم نەناسینەوە، دەستنیشانیان نەکەین، مەحاڵە کە بەهیچ جۆرێک بکەوینە دایالۆگێکی تیوری جدییەوە لەسەر ڕزگاریی ژنان. هەروەک چۆن ناکرێت بەسەر جۆرە جیاوازەکانی فێمینیزمدا تێپەڕین و گرنگیان پێ نەدەین، بە پێچەوانەوە دەبێت ئەم جۆر و جیاوازییانە ببنە هەوێنی دایەلۆگ و لێكۆڵینەوە و کاری داهاتوو .

فێمینیزمی لیبراڵ بە فراوانی هەیە و نوێنەرەکانی لە کوردستان ژنانی سیاسی و نێو دەسەڵات و خاوەن پۆستە باڵا  و ئیدارییەکانن، ئەوانەی کە شارنشین و خوێندەوارن و لەپال یەکێ لە حیزبەکانی نێو دەسەڵاتدا یان ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کار وچالاکی دەکەن، ڕەخنەی نەرم و نیان دەگرن و داوا و نەسیحەتی چاکسازی لە دەسەڵاتدا دەکەن و، هەوڵی پلە و پۆستی بەرز دەدەن. هەڵبەت بەشێکیش لەم لیبراڵ فێمینیزمە وان خەریکی کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لە بواری ئەکادیمیا کار دەکەن. ئەم جۆرە لە فێمینیزم دەبێت بناسینەوە، بەرپرسیاریان کەین و بیریان بێنینەوە کە یان باس لە ڕزگاریی ژنان نەکەن و بە ناوی ژنانەوە بەگشتی قسە نەکەن؛ یان دەبێت ئەو پێگە و دەسەڵاتەی پەیدای دەکەن دەستکەوتی گشتی تر بۆ ژنانیش بێنێت، وەک یاسای باشتر، مافی زیاتر، سەلامەتی و پاراستنی زیاتر لە توندوتیژی. 

 بەشێکی زۆر لە ژنان لە نێو ڕیکخراو و لەسەر ئاستێکی تر هەموو ڕۆژ ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و، دژ بە کۆنەپەرستی و هەڵاواردن و توندوتیژی دەوەستنەوە. ئەمە تایبەتمەندیی خەباتی ژنانی کوردستانە لەم سەردەمەی ئیستادا کە وەک پراکتیسێکی ڕۆژانە خەبات بۆ یەکسانی و دژی جیاکاری لە مەیدانی کارو ماڵدا دەکەن. هەرچەندە ئەم بەشەیان هێشتا سیمایەکی تێوری فێمینیستی نەداوە بە چالاکی و کاری خۆی لە خوارەوە دەیکات لە دژی سیستمی زاڵ، مەیدانێکی بەرفراوانی تێکەڵە لە فێمینیزمی جۆرا و جۆر ی ڕادیکاڵ، سێکولار و چەپ و سۆشیالیست و ڕادیکاڵەوە، تا دەگات بە ژنانی موسوڵمانی سێکولار. بۆیە کاری ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی ژنان لە یەکتر جیاوازن، ناچنە ژێر یەک پێناسە و یان یەک جۆری فێمینیزمەوە .ناشکرێت خەباتی ڕۆژانەی سەدان ژن بخەینە یەک تای تەرازوو لەگەڵ لیبراڵ فێمینیزمێکی بەرژەوەندخواز، یان فێمینیزمێکی ئیسلامی کە زیاتر وا لە خەمی پاراستنی دینەکەی وەک لە ماف و ئازادییەکانی ژنان و، تێکەڵاویان کەین .

 کەوایە فێمینیزم لە کوردستان نەشێوێنراوە، بەڵکوو خۆی بەم جۆرەیە کە باڵ و تێروانینی جیاوازی لێ دەبێتەوە و خاوەنی یەک تێگەیشتنی یەکگرتوو نییە و هەروەها بواری لێک تێگەشتنی جیا جیا دروست دەکات. کەسێک کە وادەزانیت شێوێنراوە، ئەو فۆرمەی ئەو شێوێنراوە نەک فێمینیزم خۆی. ژنان لە کۆمەڵگەدا دەژین و زیندوون و بکەرن، هەموو ڕۆژ خەبات دەکەن بۆ یەکسانی بە شێوازی جۆراو جۆر . ئەوە ئەرکی تێوریسێنە فێمینیستەکانە لیکدانەوە بۆ ئەمانە بکات لە پەیوەند بە ئاراستە فکری و تیۆرییەکانی فێمینیزمەوە، جۆرەکانیان و تایبەتمەندییەکانیان جیابکاتەوە، تا بتوانێت تێورییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی فێمینیستی کە تێگەشتنێکی فراوانی لەسەر ژنان لە هەرێمی کوردستان دروست کردبێت، بەرهەم بێنن لێرەشەوە ئاراستەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەباتی ڕزگاریی ژنان ڕۆشن کەنەوە. ئێمە وەک زۆریک لە بوارەکانی تری فکر و مەعریفە لەم بوارەشدا سەرەتایەکمان دەست پێ کردووە کە هێشتا تازەیە، پێویستی بە هاوکاری و کاری درێژخایەن و دایەلۆگ و گەشەکردنە.

کاتێك بەشێک لە ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان بە خۆیان ناڵێن فێمینیست، کەچی هەر ئەوانیشن ڕۆژانە بە کردار لە بەردەم هەڕەشە و فشاری کۆنەپەرستی و پیاوسالاریدا خەبات دەکەن، ئەوە بابەتێکی پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە. لە بارو دۆخێکی وەک کوردستاندا،  هۆکاری جیاجیا هەیە کە کەسێک یان گروپێک ڕاستەخۆ بە خۆیان نەڵێن فێمینیست. یەکێ لەوانە لەوانەیە ترس بێت، هەروەک چۆن  ترسیش هەیە ئەگەر ژنان لە شوێنی کاریان یان لەنێو دراوسێکانیان بە خۆیان بڵێن کۆمۆنیست، یان ئەنارکیست. هۆکاری ئەمەش لە یەکەم ڕامانیندا ئەوەیە کە هەموو ئەم بزووتنەوە و ئایدیایانە بە ڕادیکاڵ و مەترسیدار دادەنرێن لەسەر کۆمەڵگە و خێزان و بەها دینی و خێڵەکییە زاڵەکانی نێو کۆمەڵگە. لەسەر ئاستی گروپ و ڕێکخراوی ژنانیش، ئەوا دەسەڵاتی سیاسی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کە پشتیوانی ماددی ئەمانە دەکەن، ئەم جۆرە ئایدیا چەپ و ڕادیکاڵانەیان پێ خۆش نییە و هەر جۆرە ڕێکخراوێک یان چالاکێك ئیدعای ئەوانە بکات، پەراوێزیان دەخەن.

فێمینیزم لە کوردستان نەشێوێنراوە، بەڵکوو خۆی بەم جۆرەیە کە باڵ و تێروانینی جیاوازی لێ دەبێتەوە و خاوەنی یەک تێگەیشتنی یەکگرتوو نییە

بەڵام هۆکاری تریش زۆرن، لەوانە دابڕانێك کە لەنێوان گوتاری فێمینیزم و بارو دۆخی ژنان و خەباتی ڕۆژانەیان هەیە، ئاشنا نەبوونی ئەم گوتارە بە کار و کردەی فێمینیستی لە کوردستان، وەک پێشتر باس کرا. هۆکارێکی تر ئەو تێگەشتنەیە لە فێمینیزم کە بە بزووتنەوەیەکی “دژە پیاو “ی دەبینێت. نەیارانی ئازادی و یەکسانی ژنان ئەم مەسەلەیە بەکاردێنن وەک بەهانەیەک بۆ دژایەتی هەر هەوڵێک کە بەرگری لە ماف و یەکسانیی ژنان بکات. بەڵام ئەوەی کە ئەم کێشەیەی توندتر کردۆتەوە، دژە پیاوبوونی بەشێک لەگوتاری ئەو فێمینیستانەیە کەلە ئەوروپا دەژین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و پیاوان لە کوردستان لە لێکدانەوەکانیاندا ڕەچاو ناکەن. زۆرینەی ژنان نە خاوەنی داهات و ئابووریی سەربەخۆن، نە دەتوانن لە خێزان و پیاو داببڕێن و بە تەنها بژین، نە لە باری دەروونییەوە ئامادەییان بۆ هەنگاوگەلێکی لەو جۆرە هەیە. بۆ تێگەشتن لەمە دەبێت سەیری ئەم بەربەستانەی بەردەم ژنان و ڕێکخراوەکان بکرێت و شیکارییان بۆ بکرێت نەک وەک ڕق لە فێمینیزم یان ناهوشیاری ژنان لێك بدرێتەوە.

هەروەها ژنانی چەپ و کۆمۆنیست، کە بە پێویستی نازانن کە وەک فێمینیست خۆیان بناسێنن، چونکە بڕوایان وایە کە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانیی ژنان بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی ئەوان بۆ سۆشیالیزم. سۆشیالیزم دەتوانێت هەموو ئەو مافانە بەدەست بێنێت بۆ ژنان کە فێمینستەکان داوای دەکەن و، یەکسانییەکی مانادار لە کۆمەڵگەدا دروست بکات. بەڵام ئەمانە دژە فێمینیزم نین، خۆیان بە هاوپشت و هاوخەباتی فێمینیستەکان دەزانن کە هەوڵ بۆ یەکسانی و ئازادیی ژنان دەدەن، بەتایبەت هەموو ئەوە فێمینیستانەی کە ڕەخنەی بونیادی لە سیستەم و ئابووریی سەرمایەداری دەگرن.

دووهەم: کاریگەریی گۆرانکارییە ئابووری و سیاسییەکان و سەرمایەداریی گڵۆباڵ لەسەر فێمینیزم لە کوردستان

کرانەوە بە ڕووی دنیای دەرەوەدا لە ڕیگەی تەکنەلۆجیای جیهانییەوە، هەروەها سیاسەتە ئابوورییە نیۆلیبراڵەکانی حکومەتی هەرێم بە پاڵپشت و ڕێنوێنی بانکی نێودەوڵەتی، لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا هێناوە.

 یەکێ لەو گۆرانکارییانە لە ئەنجامی تێکەڵکردنی کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ دنیای گڵۆباڵدا لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا، و کراونەوەی بازرگانی و بازاڕی ئازاد، ئەم کۆمەڵگەیەی لە ماوەیەکی کورتدا خستە بەر لێشاوی دیاردەی بە “کاڵاکردن”. یەکێ لە کاریگەرییەکانی ئەم پرۆسەی بەکاڵا کردنە، کە پرۆسەیەکی جیهانییە، جەستەی ژنانیشی کردە مەیدانی بە کاڵابوون بۆ ئاڵوگۆڕ لە بازاڕدا، لێرەدا لەشفرۆشی ئاشکرا و نهێنی و کاری یانەی شەوان تەنها بەشێکی کەمی ئەم بەکاڵاکردنەیە، هەڵتۆقینی ژمارەی کچە مۆدیلەکان و بەکارهێنانی جەستە و جوانی ژنان بۆ ڕیکلام و کارکردن لە کۆمپانیا و یانە و مۆڵەکاندا و دەیان جۆری تری کار کە بەکارهێنانی جەستەی ژن وەک ئامرازی سەرنجڕاکێشانی کڕیار و گەرمکردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕ، بەشێکی تری بازاڕی کۆسمەتیک و مەیکئەپ و کلینیکەکانی جوانکاری و ددان و ..هتد، هەمووی نموونەی ئەم بەکاڵاکردنەن .

ئەم دیاردەی بەکاڵاکردنەی جەستەی ژنان، لە لایەکەوە، بەشێكی زۆر لە بەها خێڵەکی و دینی و کۆنەخوازەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و تووشی تۆقاندنی کردوون . لە لایەکی ترەوە، کاردانەوەیەکی دژ بە ژنانی لیکەوتۆتەوە، کە لە ئەنجامدا پیاوانی ئایینی لە هەموو کات زیاتر فرسەتیان بۆ ڕەخساوە هێرش بکەنە سەر ماف و ئازادیی ژنان لە مینبەرەکانی میدیا و مزگەوت و بوارە گشتییەکاندا. لەنێو خێزانیشدا، ئەم ترسە بووەتە هۆی توندکردنەوەی سەرکوت لەسەر ژنان و کچان و زیاتر پارێزگاربوونی خێزان و توندکردنەوەی ژنانی لە بواری تایبەت و چوار دیواری ماڵدا پەرە پێداوە.

بەڵام ئەم کرانەوەیە هەروەها نەوەیەکی تریشی لە ژنانی ڕووناکبیر و ئازادتر دروست کردووە کە لە باری زمان و فەرهەنگ و ئاستی خوێندن و پەیوەندی بە دنیای دەرەوە، وەک هەر گەنجێکی تری جیهان لەم سەردەمەدا خاوەنی هوشیارییەکی باڵایە بە مافەکانی خۆی، کە نموونەیان لە خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و، وەرگێڕان و خوێندنەوە و مۆسیقا و هونەر و کاری کۆمەڵایەتی و سۆشیال میدیا دەرکەوتووە.

سێهەم: خاڵی هاوبەشی کارکردنی ژنانە بەیەکەوە

ئەم گۆڕانکارییە گلۆباڵ و ناوخۆییانەی دۆخی ژنانی کوردستان ڕووبەڕووی سیستمێکی خێڵەکی و پیاوسالاری و دینییە لە کوردستان. ئەمەش وای کردووە فێمینیستەکان سەرەڕای جیاوازی و فرە ڕەهەندیان خاڵی هاوبەشیان هەبێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخ و سیستمە زاڵەی دژی ژنانە بەگشتی.

هێرش بۆ سەر ژنانی یەکسانی و ئازادیخواز و چالاکانی نێو ڕێکخراوەکان کە باس لە ڕزگاریی ژنان و مافی ژنان دەکەن، گەورەترین پریشکی ئەم ڕق و توڕەیییە کۆنەپارێزانی بەرکەووتوە. ئەم هێرشە ئایینی-خێڵەکییە کە بە پاڵپشتی دەسەڵاتی سیاسی دەکرێت، ناوێرێت یان نایەوێت ڕەخنە لە بەرژەوەندیی ئابووریی کۆمپانیاکان و دەسەڵاتی سیاسی بگرێت، یان دژی بەكاڵابوون بوەستێت. هەروەها ناشتوانن ڕێگری لە دەرکەوتنی کچە مۆدێڵەکان بکەن، بۆیە ئاسانترین نێچیر بۆیان ئەو ژنانەن کە وان لە بواری گشتیدا کار دەکەن. ژنانی چالاک کە هەموو ڕۆژێک وان لەسەر جادە و بەردەم داداگاکانیان گرتووە ئەم دەسەڵاتەیان هەراسان کردووە بۆ مافەکانی ژنان، پشکی شێریان بەرکەوتووە لەم هەڕەشانە. هەر بۆیە پریشکی ئەو کاردانەوانە بە توندی دەیدا لە هەر بیرۆکەیەکی ئازایخوازی، ژنانی چالاک، لەگەڵ ئەمانەشدا فکر و هزری یەکسانیخوازی فێمینیستی و سۆشیالیستی.

هەروەها پرسی فێمینیزم و خەباتی ژنان ڕووبەڕووی کۆنەپارێزیەکی ئاراستەکراوە کە لە ڕێگەی مینبەرەکانی میدیا و مزگەوتەوە پەخش دەبێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە. هێنانە سەر شاشە و زەقکردنەوەی ئەو بانگخوازە ئاینییانە کە بە ئاشکرا دژی مافەکانی ژنان و یەکسانی و ئازادی قسە دەکەن. یان دەرخستنی ئەوانەی باس لە جادووگەری، فاڵ و ترس و ڕیچوالە دینی و فیستڤالە خێڵەکییەکان دەکەن. ئەمانە خەریکی برەودانن بە هێشتنەوەی بەها دینی و خێڵەکییەکان،کە کۆنەپارێزترینن لە کۆمەڵگەدا، و زیندوو هێشتنەوەیان لەنێو کۆمەڵگەیەکدا کە تازە بە ڕووی دەرەوەدا کراوەتەوە، ناکۆکیی زۆری تێدایە و  هەژاری و بێکاری لە ڕاددە بەدەریش ڕووی تێکردوە . ئەمەش دووبارە ژنان و کچان دەخزێنێتە ماڵەوە، لەژێر چنگی پیاوسالاریدا، لە نەبوونی یاسای پارێزگاری و دامودەزگای توندوتۆڵ بۆ پاراستنیان لە دژی توندوتیژی.

لە ڕاستیدا ترس لە گۆرانکاری، ترس لە “بەرەڵایی” ژنان، ترس لە تێکچوونی خێزان، باجەکەی زۆرینەی ژنان و کچان دەیدەن . هەرچەندە ئەم ترسە بەرجەستەیە و دیارە، بەڵام هێشتا وەک ترسێکی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت . هەرچەندە نە فێمینیزم وەک ئەوەی کە ئیستا هەیە  وە نە شێوازی تری خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و ڕزگاری لە کوردستان، نەببونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر دەسەلاتی سیاسی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پشتگیرییانەی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆنەپارێزی، تەواو سیاسی و ئاراستە کراوە، چونکە مەسەلەی ئازادی و مافەکانی ژنان تەواو مەسەلەیەکی سیاسییە.

لە کۆمەڵگەی کوردستان بوار بۆ پراکتیسی فێمینیستی هەموو ژنان پێکەوە هەیە، چونکە خاڵێکی هاوبەش و دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە لە ئێستادا، کە کۆنەپەرستی ئایینی و دەسەڵاتی پیاوسالارییە.

لەکۆتاییشدا پێویستە ئەوە بوترێت، کە ئەوانەی بەگشتی دژی فێمینیزم دەوەستنەوە،  هێزی پاریزگار و کۆنەپەرستن کە بەرژەوەندییان هەیە لە ڕاگرتن و هێشتنەوەی پێگە و جێگای ژنان لە پەراویزی کۆمەڵگەدا، وە ئامانجیان پاراستنی سیستەمی ئیستا و هێشتنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالارییە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. دەکرێت خەبات لە دژی ئەم کۆنەپەرستییە خاڵی هاوبەشی کارکردنی ژنان و فێمینیزمەکانیان بێت بەیەکەوە. لە کۆمەڵگەی کوردستان بوار بۆ پراکتیسی فێمینیستی هەموو ژنان پێکەوە هەیە، چونکە خاڵێکی هاوبەش و دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە لە ئێستادا، کە کۆنەپەرستی ئایینی و دەسەڵاتی پیاوسالارییە.

ژنان دەبێت پێشەنگی خەبات بن بۆ یەکسانی و نەهێشتنی هەڵاواردن لە دژ جیاکاریی ڕەگەزی و پیاوسالاری لە هەموو بوارەکادا، بەڵام گەیشتن بە یەکسانییەکی مانادار نە بە تەنها ئەرکی ژنانە و نە بە تەنها بە خەباتی ژنانیش بەدەست دێت. بۆیە پیویستە ئەم خەباتە ئەرێنییە جەماوەری فراوانی ژنان لە خۆی کۆ بکاتەوە و و شان بە شانی خەباتی چین و تویژەکانی تری کۆمەڵگە بن کە لە پێناو یەکسانی هەمەلایەنە و خۆشگوزەرانی وکۆمەڵگەیەی خاڵی لە ستەم وچەوسانەوەی چینایەتی تێبکۆشین. لە ڕاستیدا ژنان بەشدارییەکی چالاک دەکەن لەم خەباتەی کۆمەڵگەدا .

دیسێمبەری ٢٠٢١

سەرچاوەکان:

Bhardwaj, Ananya. “Marxist Feminism and its Importance in Today’s.” Contemporary Literary Review India (February 2021): Vol.8 No.1 , p 43-51.

Bryson, Valerie. “Adjusting the lenses: Feminist analysis and.” Contemporary Politics, (1995): 1:1, 3-18,.

“Marxism and feminism: can the ‘unhappy marriage” be saved ? .” Journal of Political Ideologies (2004): 13–30.

Cock, Jacklyn, and Meg Luxton. “”MARXISM AND FEMINISM:’UNHAPPY MARRIAGE’OR CREATIVE PARTNERSHIP.” .” Cock, Jacklyn, and Meg Luxton. Marxisms in the 21st Century: Crisis, Critique & Struggle. 2016. 116-142.

Gimenez, Martha E. “What’s material about Materialist Femeinsim .” R a d i c a l P h i l o s o p h y 1 0 1 (2000).

Haines, Brigid. “Beyond Patriarchy: Marxism, Feminism, and Elfriede Jelinek’s “Die Liebhaberinnen”.” The Modern Language Review (Jul., 1997, Vol. 92, No. 3 (Jul., 1997), ): pp. 643-655.

Hartmann, Heidi I. “”The unhappy marriage of Marxism and feminism: Towards a more progressive union.” .” Capital & Class 3.2 (1979): 1-33.

Hatem, Mervat. “Class and Patriarchy as Competing Paradigms for the Study of Middle Eastern Women.” Comparative Studies in Society and History (Oct., 1987, Vol. 29, No. 4): pp. 811-818.

Haug, Frigga. “”Marxism-feminism.” .” Historical Materialism 24.4 (2016): 257-270. .

Heidi Hartmann, Ellen Bravo, Charlotte Bunch, Nancy Hartsock, Roberta Spalter Roth, Linda Williams, Maria Blanco. “Feminist Theory and Practice; A Collective Interview.” Signs, Vol. 21, No. 4 (1996): pp. 917-951.

“Historical-Critical Dictionary of Marxism.” Historical Materialism. 2016. 257–270.

“Marxist Feminist Dialectics for the 21st Century.” Source: Science & Society , Fall, 1998, Vol. 62, No. 3, Dialectics: The New Frontier .. (1998): pp. 400-413.

Nancy Fraser. “Feminism, capitalism and the cunning of history,.” New Left Review (2009): 97-117.

Orr, Judith. “Marxism and feminism today.” International Socialsm Issue: 127 ( June 2010).

Sandberg, Sheryl. Lean In. 2013.

WILLIAMS, CHRISTINE. “The Happy Marriage of Capitalism and Feminism.” Contemporary Sociology 43,1 (n.d.): 58-62.

Wright, Erik Olin. “Explanation and Emancipation in Marxism and Feminism.” Sociological Theory (1993): pp. 39-54.

رەئوف, لوقمان. “فێمێنیستی و هەستی گەڕان بە دوای شوناسدا.” ئایدیا (n.d.): ل. ٣٩-٤٣.

کەمال, ئاسۆ. ژنۆفۆبیای ئۆجەلان . London, ٢٠١٦.