ڕۆبۆتەکانی تامکاروم

بە گەڕانەوە بۆ شارستانیەتە بەراییەکانی جیهان، بە لێوردبوونەوە و تێڕامان و ڕاڤەکردنی پنتە جیاوازەکانی نێو دونیای کۆن، تێدەگەین لەوەی کە ئەوەی لە ئاڕاستەکردنی ڕەوتی مێژوویی جیهاندا ڕۆڵی هەرە مەزن و کاریگەری دیتووە، ئەوەی کە بزوێنەری زۆرێک لە گۆڕانکارییە مێژووییە مەزنەکان بووە؛ پارە و سەرمایە بەهادارەکانی دیکەی هاوشێوەی بوون، بە تەواوی ڕەهەندە قووڵە بازرگانیی و دارایی و کولتوورییەکانیانەوە.
بۆ نموونە: ئێمە کاتێک لە تابلۆ قوڕینەکانی بابل دەڕوانین، یان لەپڕدا بەر نووسینێکی کۆنی بزماری دەکەوین و بە چاوی خۆمان بەسەرهاتی ئەو هەموو چیرۆک و کارکردە بازرگانییانە دەخوێنێنەوە، ئەو کاتە دەزانین کە پاڵنەرە ئابوورییەکان چ ڕۆڵێکیان لە پێکهێنان و گەشەسەندنی ژیاری مرۆییدا گێڕاوە. له “بابل”ی کۆندا “بازرگان” کەسێکە بازاڕ و ژیانی گشتیی دەخاتە ژێر ڕکێفی خواستەکانی خۆیەوە. لە دەستیشانکردنی زەوقی گشتیی و بەهای شمەکەکاندا باڵادەستییەکی سەیری هەیە و لە ڕێی کردە جۆراوجۆرە بازرگانییەکانیەوە دەتوانێت دەستکاری دونیابینی و ڕیشەی کولتوورییش بکات. هەر بۆیە “حامورابی” وەک یەکەمین و کۆنترین نوێنەری  دەسەڵات و داڕێژەری یاسا، کە بڕوای تەواوی بە پیرۆزی و باڵادەستیی یاسا هەبوو، دێت و ئەم باڵادەستییەی بازرگان سنووردار دەکات و تا ڕادەیەکیش دەیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. یاساکانی حامورابی کۆنترین یاساگەلیی مرۆیین کە بۆ ملکەچپێکردنی بازرگان و نەهێشتنی باڵادەستییەکەی نووسراون، لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ئەوە لە یاد بکەین کە تەنانەت خودی ئەم یاسایانەش دەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی پێشوەختەی نێوان بازرگان و دەسەڵات بووە، یان بە واتایەکی تر بەرمەبنای دەست تێکەڵکردنی بازرگان و سیاسییەکان بووە بۆ ئەوەی هەردووکیان پارێزگاری لە مانەوە و بەهێزکردنی یەکتر بکەن لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی جومگە سەرەکییەکانی ژیانی گشتییدا.
بازرگان لە بابلی کۆندا، بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە دەرەوەی خاکی بابل و  ئازادانە و بێ هیچ ڕێگرییەک لە خاکی (ئاشوور و ئەنادۆڵ)دا بازرگانیی بکات، ناچار بوو ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ دەسەڵاتی بابلدا بکات. دەسەڵاتدارانی بابلیش بۆ ئەوەی قەڵەمڕەویی و هەناردەکردنی کولتووری و ژیارییان فراوانتر بێت، ناچار بوون لەگەڵ بازرگانەکان ڕێک بکەون. بۆ ئەمەش دەبوو متمانە و زامنێک هەبێت کە پارێزەری مافخوراو بێت و پێشێلکاری ڕوو نەدات، ئەم متمانەیەش لە ڕێی چەند بەندێکی یاساییەوە دروست کرا. حکوومەت قەرز و پێشینەی دەدا بە بازرگان و خاوەن کارەکان لە بەرامبەر دیاریکردنی بڕێک لە سوود. ئەمە جگە لە ڕێکارە یاساییەکانی دیکەی وەکو دیاریکردنی باج و خەراج و قەواڵە و سەنەد و ناسنامە بازرگانییەکان. لە بابلدا بازرگانی بە پلەپەندیی بوو (بازرگانی گەورە، نوێنەری بازرگانی و بازرگانی بچووک).

بازرگانی گەورە کە بە زمانی ئەکەدی پێیان دەوت( تامکاروم Tamkarum ) ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتدا مامەڵەی دەکرد و پاپەندی یاسا و ڕێسا حکوومییەکان دەبوو. ئەم بازرگانە خۆی نەدەچووە هیچ شوێنێکی دیکە و ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ کڕیاردا نەدەکرد، بەڵکوو لە ڕێی نوێنەرە بازرگانییە متمانەپێکراوەکانییەوە کە پێیان دەوترا ( شامالوم Samlium) بازرگانی ئەنجام دەدا، شامالوم دەچووە نێو بازاڕەوە و شمەکەکانی دەدا بە بازرگانە بچووک و گەڕۆکەکانی دی، هەر خۆیشی دەچووە ناوچە و شارە دوورەکان و شمەکەکانی دەفرۆشت، دواتر بە گەڕانەوەی بۆ بابل مایە و قازانج و زیانەکانی دەخستە ڕوو، دوای دیاریکردنی بڕی قازانج و لێدەرکردنی مایە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری زیانەکان، بەپێی یاساکانی بابل تامکاروم پاداشتی دەدایە نوێنەرەکەی.
لە بابلدا قازانج خرابووە دەستی دوو هێزەوه، دەسەڵات و بازرگانە گەورەکان. ئەی ئەوانی دی چییان دەکرد؟ ئەوانی دی سوودمەندی بچووک بوون و ژیانیان لەنێوان مەمرە و بژییدا بەڕێ دەکرد، هەرکاتیش ژیان و ویستی مانەوە تێیدا ناچاری بکردنایە بۆ وەرگرتنی بڕێک قەرز، تاکوو ژیانیان کەمێک باش بکەن، دەبووا بازرگانەکان قەرزیان پێدابان، لە کاتی نەدانەوەی قەرزەکەشدا، دەبوو بکرێنە کۆیلە. بەم شێوەیە بازرگانیی و پارە لە بابلی کۆندا، مرۆڤی هاڕی بوو، کەمینەیەکی خۆشگوزەران و زۆرینەیەکی بەدبەخت و کۆیلەی دروست کردبوو.

ساڵی ٥۳۹ پ. ز (کۆرشی دووەم) پاشای فارسەکان پەلاماری (بابل)ی دا و بە تەواوەتی لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهان سڕییەوە. لێ ئەوەی کۆرش نەیتوانی لەناوی بدات و زەقتر و دیارتر لە پێشتر مایەوە، باڵادەستی و هەژموونی هێزی بازرگانی و پارە بوو بەسەر جیهاندا.  ئێستا کە من ئەم دێڕانە لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی ۲۰۲۱ زاییندا دەنووسم، بابل تەنها مێژووییەکە و بە هۆی کۆمەڵێک شوێنەوار و پاشماوە و تابلۆی قوڕینەوە ناوی ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو زانیارییانەی لە ڕێی  تابلۆ قوڕینەکانەوە گەیشتوونەتە ئێمە، زانیاریگەلی ئێجگار بەنرخن و لە توانایاندایە کۆدی گەلێک کێشەی نەک تەنها مێژوویی، بەڵکوو هەنووکەیی و داهاتوویشمان بۆ شی بکەنەوە. وەک چۆن دەتوانین لە ڕێی ئاشنابوون بە شێوازی بازرگانیکردن و هەژموونیی پارە لە جیهانی کۆندا، لە کاریگەری و هەژموونی هێزی بازرگانی و پارە تێبگەین لە داڕشتنی دونیای نوێدا.

          سەبارەت بە خەونی بازرگانە بچووکەکان
لەو فلاشباکە مێژووییەدا  گەڕاینەوە بابل، لەوێ سێ جۆری بازرگانمان ناسی (بازرگانی گەورە، بازرگانی بچووک، نوێنەری بازرگانی). لەوەش تێگەیشتین کە لەنێوان ئەم سێ جۆرەی بازرگاندا، هەمیشە بازرگانە گەورەکان بەشی هەرە زۆری قازانجەکە دەبەن و بازرگانە بچووکەکانیش کەمترین بڕی قازانج. تامکارومەکان(بازرگانە گەورەکان) نەک تەنها لە بابل، بەڵکوو لە هەموو قۆناغە مێژووییەکانی دواتریشدا و تا دەگاتە ئەمڕۆ، کەمینە و دەستەبژێر بوون و بەشێکی زۆر کەمی کۆمەڵگەیان پێکهێناوە. ئەوەی زۆرینە بوون و هەمیشە لە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆردا ژیانیان گوزەراندووە، بازرگانە بچووکەکان بوون. ئەمە بۆچی وایە؟ چونکە بازرگانی، ململانێ و ڕکابەرییەکی سەختە لەگەڵ ژیان و دەوروبەردا، بەرپرسیارێتییەکی گەورە و مەترسیداریشە. ئەوانەی بازرگانیی گەورە دەکەن هەمیشە بەرپرسیارێتیی و ئامادەگییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و تەحەدییەکان زیاترە، بەپێچەوانەی بازرگانیی بچووکەوە کە کەمترین ڕێژەی مەترسی و تەحەدیکردنی تێدایە و لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییدایە، قازانج و زیانەکانیشی زۆر گەورە و شۆکهێنەر نین و بواری ئەوە دەدەنە مرۆ لە “ناوچەی ئارام” یان ئەوەی پێی دەوترێت “بازنەی ئەمان” بمێنێتەوە. بازرگانە بچووکەکان دەزانن ئەمە نایانکاتە سەرمایەدار و نایانپەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی بێمنەتیی لە پارەدا (ئەوەی کە دان لوک باسی لێوە دەکات) لەگەڵ ئەوەشدا لە ترسی سەرکێشیی و هەلاهەلابوونی ئاڵتهێنان(ئیفلاس)، ناچار دەبن لەو ئاستەدا بمێننەوە. هەرچەندە خەونی بازرگانە بچووکەکان دەوڵەمەند بوون و گەیشتنە بە بازنەی ئەمان و بێمنەتیی لە پارەدا، بەڵام چونکە بوونەتە ژێر باری ئەم ترسەوە و بیرکردنەوەی داراییان کورتی هێناوە، خۆیان ڕادەستی ئەم دۆخە نەویستراوە دەکەن و دواجار بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستبەرداری ئەم خەونە گرنگەیان دەبن.

                  کوای؛ وەک دوایین ئومێد
گوتمان کە بازرگانی بچووک زۆرینە پێک دێنن، واتا عەقڵییەتی وردە بازرگان و خەونی دەوڵەمەندبوونی بێکێشە، باوترین جۆری بیرکرنەوەی داراییە لەنێو کۆمەڵگەکانی ئێستای جیهاندا. لەمڕۆدا نەک تەنها ئەوانەی بە کاری بازرگانییەوە خەریکن، بەڵکوو ئەوانەشی کە فەرمانبەر یان مامۆستا یان خەڵکانی دەرەوەی بازاڕن، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم ویستەیان تیا جێگیر بووە کە بەشدار بن لە وەبەرهێنان و بەدەستخستنی پارە لە ڕێی تەکنەلۆژیاوە. بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپە کاتکوژەکانی وایان لە زۆرینەی خەڵک کردووە، سەرباری بوونی ئەم ویستە، نەپەرژێنە سەر کاری بازاڕی ئەلیکترۆنی و کاتیان بۆی نەبێت.

ڕێک ئا لەم کاتەدا کۆمپانیایەکی چینی لە ڕێی کۆمەڵە دیراساتێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی گەورەوە، درک بەم بۆشاییە گەورەیە دەکات لە ناخی ئینسانی ئەم سەردەمەدا و درزێک دەبینێتەوە بۆ پێکهێنان و فراوانکردنی بزنسی خۆی لە ڕێی ئینتەرنێتەوە، بۆ ئەمەش ئەپێکی نوێ دەخاتە بازاڕەوە. (kwai) دەبێتە ناونیشانی جیهانێکی تازە و جێ بە (تیک تۆک) لەق دەکات. کوای دەبێتە ئەڵقەیەکی پەیوەندیی نێوان کاتکوژی و بزنس و بیرۆکەی (بەدەستهێنانی پارە لەنێو جێگاوە) دادەهێنێت! کوای دێت و پێت دەڵێت: دەزانم تۆ خەونی بەدەستهێنانی پارەی زیاترت هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی سەرقاڵیت بە ئەپە تەرفیهییەکانەوە، ناپەرژێیتە سەر ئەم خەونەی خۆت، بەڵام بێخەمبە و وەرە نێو ئەم ئەپەی ئێمەوە، لەگەڵ ئێمە هەم چێژ لە کاتەکانت وەردەگری هاوشێوەی تیکتۆک و هەمیش پارەت دەست دەکەوێت هاوشێوەی بازاڕ. ئەم بە دەستخستنی پارەیەش بە سێ شێوە دەبێت: ١. تۆ دەتوانیت تەنها تەماشای ڤیدیۆکان و گرته تیژپەڕەکان بکەیت، ئێمەش لە بەرامبەر ئەم کات بۆ تەرخانکردنەت پارەت دەدەینێ. واتا تۆ لە بری ئەوەی لە تیکتۆکەوە سەیری جیهان بکەیت، لای ئێمەوە سەیری بکە و پارە بەدەست بهێنه. ٢. دەتوانیت لە ڕێی هێنان و ڕاکێشانی هاوڕێ و ناسیاوەکانتەوە بۆ نێو ئەم ئەپە، پارە بخەیتە سەر هەژمارەکەت. ٣. لە ڕێی تۆمارکردنی گرتە ڤیدیۆی سەرنجڕاکێش و تەرفیهییەوە پارەت دەست بکەوێت.

دوای ماوەیەک لەوه تێدەگەین کە ئێمە لەنێو چ وەهمێکی گەورەدا دەژین و بێئەوەی بە خۆمان زانیبێت هەمان ڕۆڵی بازرگانە بچووکەکانی کۆنمان پێ دراوە، هیلاکی و ماندووبوونێکی زۆر لە بەرامبەر قازانجێکی زۆر کەمدا


تامکاروم کە کوای بەرهەم دەهێنێت، بازاڕ دەخاتە بەردەستت و وات لێ دەکات هەست بکەیت نزیک بوویتەتەوە لە خەونەکەت، خەونی بەدەستهێنانی پارەی زیاتر و گەیشتن بە دەوڵەمەندی، بەبێ دەستبەرداربوون لەو تەنبەڵیی و کاتکوژییەی کە ژیانتی داگیر کردووە! بەڵام ئایا لە ڕاستیدا ئەمە وایە؟ کە دەچینە نێو کواییەوە و دەبینە بەشێک لێی؛ دوای ماوەیەک لەوه تێدەگەین کە ئێمە لەنێو چ وەهمێکی گەورەدا دەژین و بێئەوەی بە خۆمان زانیبێت هەمان ڕۆڵی بازرگانە بچووکەکانی کۆنمان پێ دراوە، هیلاکی و ماندووبوونێکی زۆر لە بەرامبەر قازانجێکی زۆر کەمدا! ئەی کێ سوودمەندی یەکەمە؟ بێگومان تامکارومەکان. ئەوان لە ڕێی نوێنەرە بازرگانییەکانیانەوە لە دونیای دیجیتاڵیدا، ئەم وەهمە لە مێشکی ئێمەدا دەچێنن، بۆ ئەوەی لە ڕێی زیاتر بەشداری پێ کردنی ئێمەوە، داهاتی ئەوان زیاد بکات و لە ملیۆنێرەوە ببنە ملیاردێر (وەک چۆن خاوەنی کوای بە ماوەیەکی زۆر کەم بوو بە ملیاردێر). کوای وەهمی ئەوە دەداتە بەشداربووانی، کە ئەوانیش دەتوانن وا بن و بەئاسانی ببنە ملیۆنێر، پێیان دەڵێت من بازاڕێکم بۆ ئێوە کردۆتەوە، وەرنە ناو بازاڕەکەمەوە و دەوڵەمەندی بەدەست بهێنن!

              تامکاروم: بەخێربێیت بۆ جیهانی ڕۆبۆتەکان

دەشێت ڕۆژگارێک دابێت کوای لە ئەپێکی جیهانییەوە ببێتە ئەپێکی چکۆلە و بە تێپەڕبوونی کاتیش وەک بەستەڵەکێک بتوێتەوە و نەمێنێت، بەڵام ئەمە چ کاتێک ڕوو دەدات؟ کاتێک جێگرەوەکان لەم زیاتریان پێ بکرێت و ئیغرائاتی زیاتر بدەنە مرۆڤی ئەم سەردەمە. کە لە یەک کاتدا هەم بزنس و هەم تەنبەڵی و هەمیش چێژ ببەنە ئەودیوی پێشبینییەکانی ئێمەوە و ڕۆبۆتەکان ببنە بەشێکی بنەڕەتی لە ژیان و مرۆڤ بخزێنرێتە سووچی ماڵەوە. ئەم خزاندنە، ئەم بە ماڵیکردنەوەیەی مرۆڤ پرۆسێسێکی دوور و درێژە و دەمێکە دەستی پێ کردووە، لێ هێشتا ئامانجی خۆی بە تەواوی نەپێکاوە. ئەوانەی لەنێو بازاڕی کاردان دەزانن بازاڕکردنی ئۆنلاین و فرۆشتن لە ڕێی نێتەوە، ئەمڕۆ بۆتە دیارترین بەشی بازاڕکاری لە دونیادا. ئیدی تۆ بۆ ئەوەی ببیتە خاوەنی کاری خۆت، ناچاریت بچیتە نێو ئەم جیهانەوە و لەوێوە جێ و پێگەی خۆت دیاری بکەی. ئیدی لەوێدا بە تەواوی سەرگەرم دەبیت و پێت وایە خەریکە دەتوانیت بوونی مرۆییانەی خۆت بۆ دەوروبەر و جیهان بسەلمێنیت. مرۆڤ لەنێو ئەم وەهمەدا ئەوەندە ڕۆ دەچێت؛ ئەوەندە واقیعی ڕاستەقینەی خۆی لێ ون دەبێت؛ کاتێک دێتە دەرەوە تووشی شۆک دەبێت کە دەبینێت دونیایەک لە ڕۆبۆت خوڵقێنراوە، جیهانی دەرەوە چیدی ئەو جیهانەی پێشتر نییە کە جێی هێشتبوو، بەڵکوو بۆتە موڵکی ڕۆبۆتەکان و هەموو شتەکان دراونەتە ئەم هێزە جێگرەوەیە، چیدی جێیەک بۆ کارکردنی ئەم وەک مرۆڤێک نەماوەتەوە و هەموو شتێک نامۆیە پێی. ئا بەم شێوە ناچار دەبێت بێتەوە نێو جیهانە موزەیەفەکەی خۆی لە ماڵدا (جیهانی دیجیتاڵی) و بیر لە خۆی بکاتەوە. زۆری پێناچێت دەبینێت خۆیشی کراوەتە ڕۆبۆت، ئەپەکان بە کوێدا بیانەوێ ئاڕاستەی دەکەن و دەیکەنە بکەری ڕووداوگەلێک کە ئەم نەیویستووە ڕوو بدەن و قسانێکی پێ دەکەن کە ئەم نەیویستووە بیانکات. بەم شێوەیە چیدی تامکاروم تەنها خاوەنی ڕۆبۆتگەلێک نییە کە بە هۆی کۆمەڵێک بەستێنی کارەبایی یان هایدرۆلیکی و پێوەستی میکانیکییەوە کار بکەن، بەڵکوو خاوەنی ئەو ڕۆبۆتانەشە کە پێکهاتەکەیان گۆشت و خوێنە و لە نەسلی ئێمەی مرۆڤن! ئەمە سەردەمە تازەکەیە کە تامکارومە نوێیەکان دروستیان کرد، بەخێر بێیت بۆ جیهانی ڕۆبۆتەکان.