ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا

پێشەکی:

باسکردن لە ژن، کێشە و گیروگرفتەکانی ژن ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی تەوەرێکی فێمینیستی؛ کە تێیدا هەوڵ بۆ بە مژارکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژن دەدرێت. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە دەستپێکی سەرهەڵدانی فێمینیزم، ئەوا دەبێت بۆ نزیکەی دوو سەدە لەمەوبەر بگەڕێینەوە کە یەکەم جار وەک پەیڤ لە ١٨٣٧ لە لایەن “شاڕل فوغیێ” (فەیلەسوف، ئابووریزان و سۆسیالیست) لە فەڕەنسا سەری هەڵدا. دواتر گەیشتە وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا، ئوستراڵیا، هیند و چین..هەرچەندە بەپێی قامووسی ئاکسفۆردی ئینگلیزی بۆ یەکەم جار وشەی فێمینیست لە ١٨٥٢ و وشەی فێمینیزم لە ١٨٩٥ بەکار هاتوون. بەڵام فێمینیزم وەک ڕەوت یا خود شوڕشێک، لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و دەستپێکی سەدەی بیستدا سەری هەڵدا، کە تا ئێستا خۆی لە چوار شەپۆلدا دەبینێتەوە؛ بە­ناوبانگترینی شەپۆڵی دووهەمە.

هاوکات بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕەوتە لە جیهاندا تا دەگات بە ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاست، ژنانی کوردیش کەم تا زۆر لەم ڕەوتەدا جێیان گرت. ئەگەر دەستپێکی فێمێنیزمی کوردی، ئەو دامەزراوانە بن کە  ژنان لە سەرەتای خەباتی حزبایەتیدا دایانمەزراند، دەبێت بڵێین خەباتی ژنان لەو سەردەمەدا بە هۆی بارودۆخی کورد زیاتر خەباتێکی نەتەوەیی بووە تا خەباتێک کە ڕاستەوخۆ کێشەکانی ژن دەکاتە ئامانج. ئەمە لە مێژووی کۆنی کوردیشدا تا ڕادەیەک هەروا بووە، ژنان شان بە شانی پیاوان شەڕی هۆزایەییان کردووە. هاوکات ژنانێک هەبوون کە ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە؛ لەمانە دەکرێت ئاماژە بکەین بە: “حەلیمە خانمی هەكاری” کە حوكمڕانی ناوچەی باشكەڵا بووە. “فاتیمە” لە هەڕەتی گەنجێتیدا و لە ١٩٠٩ سەرۆكی هۆزی ئەزدینان بووە و خەڵكەكەی خۆی بە شاژن بانگیان كردووە. مەریەم خانم لە خێزانی ناوداری نەهری لەنێو شوێنكەوتووەكانی خۆیدا دەسەڵاتێكی زۆری هەبووە. “عادلە خانم” لە لایەن بەریتانییەكانەوە ناوی “شازادەی شێرەژن”ی پێ دراوە، دەگوترێ‌ لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەكەمدا گیانی ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی سوپای بەریتانیای رزگار كردووە. “ئەسینات بارزانی” كە لە سەدەی ١٧ ژیاوە، بە یەكەم ئافرەتی خاخام لە مێژووی جوودا لە قەڵەم دەدرێ. “مەستوورەی ئەردەڵان” شاعیر و نووسەرێكی كورد بووە، بە هۆی بەرهەمە ئەدەبییەكانیەوە ناوی دەركردووە. خانمە “شازادەی خانزاد” حوكمڕانی میرنشینی سۆران بووە كە قەڵاكەی هەتا ئێستاش لە رێگەی نێوان هەولێر و پیرمام ماوە. گەرچی ئەمانە ژنانێک نەبوون کە ڕاستەوخۆ کاریگەر بن لە ڕەوتی بەرەوپێش بردنی  ژن، واتە ئەوان مانیفێستێکیان بۆ ژنی کورد بەجێ نەهێشتووە، بەڵام ناکرێت توانا و بوێرییان ئینکار بکرێت. با بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی مۆدێرن، هەروەک باسم کرد دەتوانین بڵێین سەرەتای خەباتی فێمێنیزمی کوردی هاوکات بووە لەگەڵ خەباتی حیزبایەتی نەتەوەی کورد؛ کە هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ دەرخستنی ژن لە چواردیوارێک کە تەنها ماڵ و مناڵداری بە ئەرکەکەی زانراوە. ئەوەی مەبەستی منە لەم باسەدا گرێدراوبوونی پرسی ژن و پرسی کوردە، کە هەم لە خەباتی سیاسی مۆدێرندا هاوپشکن، هەم لە سینەمای کوردیدا. واتە پرسی ژن هەر لە دەستپێکی سینەمای کوردیدا خاڵێکی بەرچاوە.

لە پەنا بابەتی هەبوون یا نەبوونی سینەمایەکی کوردی، هاوکات چەمکی فێمینیزم چ وەک ڕەوت یا خود تیۆر هێشتا لەنێو کورددا بە شێوەیەکی پێویست جێی نەگرتووە و هەوڵی بۆ نەدراوە؛ هەر بۆیە ناتوانین بڵێین ئێمە خاوەن فێمینیزمێکی کوردی یان سینەمایەکی فێمینیستین، بەڵام ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە باسی ژن لە پەنا باسی سیاسیی کورد، لە زۆربەی فیلمە کوردییەکاندا بابەتێکی سەرەکی بووە.

لە درێژەی ئەم وتارەدا دەمەوێت بە کورتی باس لە پێناسە و مێژووی فیلمی فێمینیستی بکەم کە کەی و بە چ شێوەیەک سەری هەڵداوە. لێ ئامانج لەم وتارەدا ڤەکۆلینێکی گشتییە سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا، کە ئاخۆ ژنان تێیدا لە قاڵبی چ وێنەیەکدا نمایش و وێنا کراون.

  • سینەمای فێمێنیستی چییە و کەی سەری هەڵداوە؟

بە زمانێکی سادە سینەمای فێمینیستی سینەمایەکە کە باسی ژن، کێشەکان و بابەتە پەراوێزخراوەکانی دەکات؛ بە واتایەکی تر سینەمایەکە کە تێیدا ناڕەزایەتی دەردەبڕدرێت بەرامبەر بە پێشاندانی ژن وەک ڕەگەزی دووهەم.

هاوکات لەگەڵ بەرەو پێشچوونی جیهان و زیاتر جێ گرتنەوەی تەلەڤیزیۆن و میدیای گشتی کە سینەما سەرەکیترینیانە، نیگەرانی پسپۆر و ڕەخنەگرانیش سەبارەت بە کاریگەری میدیایی گشتی لەسەر جڤاک و تاک سەری هەڵدا. پرسیاری سەرەکی ئەوە بوو کە ئایا میدیای گشتی چ پەیامگەلێک دەگوازێتەوە بۆ تاکی بینەر؟ بەو پێیەی میدیای گشتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕێڕەوی نەوەی داهاتوو، کەواتە دەبێت ناوەڕۆکی بەرنامە، هەواڵ و فیلمگەلێک کە بڵاو دەکرێنەوە بەهای هەبێت و بە لاڕێدابردن یا خود کۆنترۆڵ کردنێکی سیستماتیک لە پشتیدا نەبێت.

وێنەیەک لە فیڵمی “ژان دیلمان” ١٩٧٥ دەر‌هێنانی شانتاڵ ئاکێرمەن

لەگەڵ باسی کاریگەریی میدیای گشتی و دوابەدوای شەپۆڵی دووهەمی فێمینیزم، لە دەیەکانی شەست و هەفتادا فێمینیستەکانیش لەسەر بنەمای نووسراوەی فیکریی فێمێنیزم وەکوو«ژوورێک بە دیمەنگەوە» لە نووسینی “ویرجینیا وۆلف“، «رەگەزی دووهەم» لە نووسینی “سیمین دو بۆڤار” و دەروونشیکاری، دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن لە ڕۆڵی ژنان کە لە میدیای گشتیدا نمایش دەکرا. ئەمە بوو بە دەستپێکی سەرهەڵدانی تیۆری فیلمی فێمینیستی، هەروەها ڕێگەخۆشبوون بۆ فیلمگەلێک کە ژنان تێیاندا لە خستنەڕووی ئەو کێشانەی کە پەراوێز خرابوون یا هەر بە گرنگ نەزاندرابوون ڕۆڵی سەرەکی ببینن. ئەگەر”ژان دیلمان”ی “شانتاڵ ئاکێرمەن” یەکەمی ئەو جۆرە فیلمگەلە نەبێت، بێگومان بە یەکێک لە هەرە گرنگترینی ئەو فیلمانە هەژمار دەکرێت کە دەپڕژێتە سەر بابەتێکی پەراوێزخراوی وەک کاری سیزیفانەی ژنێکی خانەدار.

تیۆری فیلمی فێمینیستی، ڕاستەوخۆ سینەمای هاڵیوودی کردە ئامانج و دژی ئەو وێنەیە ڕاوەستا کە ساڵەها بوو لە ژن پێشان دەدرا. گرنگترین و ناسرواترینی ئەم ڕەوتە بریتین لە “کڵێەر جۆنستۆن، مالی هاسکل، تێرێزا دێ لاریتەس، رۆزالین کۆوارد، لۆرا ماڵڤی”هەر یەک لەم ڕەخنەگرانەی تیۆری فیلمی فێمینیستی بە شێوەی جیاواز ڕۆڵی ژنیان لەو فیلمانەدا کە تا ئێستا پێشان درابوون بردیانە ژێر پرسیار. “کڵێەر جۆنستۆن” دەڵێت: “لە سینەمای گشتیدا ژن تەنها وەک تەواوکەری پیاو دەناسرێت و پیاو وەک کارێکتەرێکی ئەکتیڤ و ژن وەک کارێکتەرێکی پەسیڤ پێشان دەدرێت”. ئەو باوەڕی وابوو؛ تەنانەت ئێلێمێنتەکانی سینەمایی وەک مۆنتاژ، دێکوپاژ و فیلمگرتن پیاوانەیە. “تێرێزا دێلارێتیس” پێی وا بوو کە تەکنەلۆجیای سینەما وەک دەستکردەکانی تری مرۆڤ ڕەگەز و ڕۆڵی جڤاکی قالبڕێژی دەکات، لە حالێکدا کە بوونی ڕاستەقینەیان نییە.”لۆرا ماڵڤی” کە گرنگترین و ناسراوترینی ڕەوتی تیۆری فیلمی فێمینستییە، وتارێکی لەژێر ناوی “چێژی بینگەیی و سینەمای گێڕانەوەیی” هەیە کە تێیدا ئاماژە  بەوە دەکات سینەمای فەرمی و هاڵیوودی سینەمایەکی پیاوانەیە، کە تێیدا ژن بە بەردەوامی لەژێر چاوتێبڕینی پیاوانەدایە، بۆیەش دەبێت سینەما لەم چێژە پیاوانەیە بەتاڵ بکرێت.

سەبارەت بە سینەمای فێمینستی “ئانیسڤاردا” کە بە دایکی شەپۆڵی نوێی سینەمای فەڕەنسا دەناسرێت، لە گۆتارێکی لە فیستیڤاڵی فیلمی کاندا دەڵێت: “سینەما بێ بەها ڕاستەقینەکانی فێمینیزم، تەنها دەبێتە پەردەیەک بۆ نمایشی پیاوسالاری. فێمینیزم شۆڕش دژی پیاوان نییە، شیشی کەبابیش نییە کە ئەگەر لایەکی داخ بکەن، منیش تا دەتوانم لایەکەی تری داخ بکەم. ئێمە تەنیا بۆ یەکسانی هەوڵ دەدەین. لە بیرمان نەچێت کە لە سەردەمی ئێمە پیاوانێکیش هەن کە ڕێزیان لە بەها فمێنیستییەکان گرتووە و هەوڵیان بۆی داوە، کەسانێک وەک “بێرگمان”، “تارکۆفسکی”، “گۆدار”. ناکرێ ئەمانە فەرامۆش بکەین، لێ پیاوانێکیش لە پیشەسازی سینەمادا هەن کە مافی ژنیان خواردووە و لەبەر چاویان نەگرتووە؛ بەڵام شۆڕشی ئێمە بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە بەردەوامە”.

  • ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا:

بە بڕوای من پرسی ژن و پرسی کورد لەو دوو پرسە تایبەتانەن کە خاڵی هاوبەشیان هەیە، هەردووکیان پرسێکی مێژوویین کە سەدان ساڵە لە هەوری ڕەشی چەوسانەوە ڕزگار نەبوونەتەوە، هەردووکیان بە مافەکانیان نەگەیشتوون لێ هەمدیسان هەردووکیان کۆڵیان نەداوە لە گەیشتن بەو مافانە. شایەد هەر بۆیەشە لە خەباتی سیاسیی کورددا ژنان و پیاوان تا ڕادەیەک هاوپشکن. ئەم باسە لە سینەمای کوردیشدا ڕەنگ دەداتەوە و وای کردووە دوو بابەتی لێک دانەبڕاو بن.

ئەو شتەی فیلمگەلێک لە خانەی فیلمی فێمینیستی جێ دەکات، چۆنیەتی باسکردن و پێشاندانی پرسی ژنە، بە واتایەکی تر، دەبێت وەک کێشەیەک پێشان بدرێت کە پێویستیی بە چارەسەرە، نەوەک ڕووداوێکی ئاسایی! ئەگەر بمانەوێ باسی ڕۆڵی ژن بکەین لە فیلمی کوردیدا، دەبینین کە ژن تێیدا نەک ڕۆڵێکی پەراوێزخراو، بەڵکوو بگرە تا ڕادەیەک ڕۆڵێکی سەرەکیی بووە.

ئێمە وەک کورد بە هۆی بارودۆخێک کە تێیدا دەژین و نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ هێشتا خاوەن سینەمایەک نین کە هەموو چوارچێوە و پڕەنسیپەکانی سینەمایەکی نەتەوەیی پێویستییەتی. تا ئێستاش فیلمگەلێک دەچنە خانەی فیلم و سینەمای کوردی کە زمان، ئەکتەر و دەرهێنەرییان کورد نین! هەر بۆیە سەرەتا لەو فیلمانە دەست پێ دەکەم کە بە هۆی چیرۆکەکەیان لە ڕێزی فیلمی کوردیدا جێیان گرتووە، دواتر باس لەو فیلمانە دەکەم کە پرەنسیپەکانی وەک دەرهێنەر، زمان، چیرۆک و ئەکتەر هەموویان پێکەوە لە خۆ دەگرێت بۆ جێ گرتن لە سینەمایەکی نەتەوەییدا.   

  • فیلمی “زارێ“کە بە یەکەم فیلم دادەنرێت باسی کوردی کردبێت، لە دەرهێنانی “حەمۆ بەکنازاریان” بەرهەمی ساڵی ١٩٢٦. فیلم چیرۆکی کوردە ڕەوەندەکانە کە لە قەدپاڵی شاخە بەفرینەکانی ئاگری و بناری شاخە بەردینەکانی ئەلاگێسی ئیرەڤان نیشتەجێن. زارێ کە ناوی فیلمەکەیە، ناوی کچی یەکێک لەو بنەماڵە کوردانەیە، ناوی باوکی مستۆ و دایکی نانۆیە، فیلم بە نزاکانی نانۆ دەست پێ دەکات، ئەو دوعا دەکات مانگاکەیان گوێرەکەیەکی مێیینەیان ببێت! فیلم سەرەڕای باسی سیاسی، ئەرباب-ڕەعیەتی، ژیان و گوزەرانی ڕەوەندەکان، هاوکات پرسی ژن دەکاتە ئامانج؛ لەتیفە خان(هاوسەری تەیموور بەگ) بڕیارە ژنی بە سەردا بێت. زارێ لە لایەن “تەیموور بەگ”ەوە دەدزرێت و ناچار دەکرێت ببێت بە هاوسەری دووهەمی، لێ چونکە زارێ ڕێگا نادات ئەم کارە سەر بگرێت، لە لایەن تەیموور بەگەوە تۆمەتی ناڕەوای لێ دەدرێت. هەروەک پێشتر ئاماژەم پێی کرد؛ ئەم بابەتانە تەنها کاتێک جێگای سەرنجن کە وەک کێشەیەک باس کرابن، نەوەک ڕووداوێکی ئاسایی؛ کە ئەمە لە فیلمی زارێدا بە جوانی ئاشکرایە. واتە ئەو زۆردارییەی سیستمی ئەرباب-ڕەعیەتی بەرامبەر بەخەڵک و بە تایبەت ژن هەبووە، وەک کێشەیەک پێشان دراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سیستمێکی ئەرباب-ڕەعیەتیدا، ئەرباب دەسەڵاتی هەموو شتێکی هەیە، واتە نە باوکی زارێ جەسارەتی ئەوەی هەیە بڵێت: “کچەکەم هێشتا مناڵە و بۆ ئەرباب ناشێ”، نە هاوسەری تەیموور بەگ مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی هەیە و نە زارێ. بەڵام نە لەتیفە خان کۆڵ دەدات و نە زارێ بە دووسەد مەڕەکەی ئەرباب ڕازی دەبێت. 
blank
وێنەیەل لە فیلمی “زارێ” ١٩٢٦ دەرهێنانی حەمۆ بەکنازاران
  • “مێگەل” لە ساڵی ١٩٨٧ و “ڕێگا” لە ساڵی ١٩٨٢، دوو لە گرنگترین فیلمەکانی “یەڵماز گونەی“ن کە بە هۆی چیرۆک و دەرهێنەرەکەیانەوە دەچنە خانەی فیلمی کوردی. ئەوەی ئەم دوو فیلمە لەم باسەدا بە بەراورد لەگەڵ فیلمەکانی تر تایبەت دەکات پرسی ژنە، کە تێیدا زەقترین و سەرەکیترین بابەتن.

لە فیلمی مێگەل ڕۆڵی بێریڤان(مەلیکە دەمیراغ) پرسی سیاسیی کورد و پرسی ژن تەواوەن بە یەکەوە گرێ دەدات. ئەو بێدەنگە، بێدەنگیەکەی زمانێکە کە قەدەغە کراوە، هاوکات ژنێکە کە سەرکوت کراوە، نازانێت بە چ زمان ئازارەکانی هاوار بکات، کە دەترسێت داوای مافەکانی بکات. ئەو بەپێی پێناسەیەک کە سیستەمی پیاوسالاری بۆ ژن دیاریی کردووە نەیتوانیوە ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، بێریڤان نەیتوانیوە مناڵی ببێت، نەیتوانیوە ئەو ئاشتییە بپارێزیت کە بە مناڵهێنانی ئەوەوە بەندە! لێ پرسەکە ئەمەیە؛ ئایا بێریڤان سزاواری ئەم هەڵسوکەوتەیە؟

blank
وێنەیەک لە فیلمی ڕێگا ١٩٨٢ دەرهێنانی یەلماز گۆنەی
  • سەیدعەلی(تارق ئاکان) لە فیلمی ڕێگادا بەندکراوێکە، ئیزنەکان کراونەتەوە و ئەو بۆ سەردانی ماڵ و بنەماڵەکەی بەڕێدەکەوێت؛ بەڵام هەواڵی باش چاوەڕێی ناکات. زینێ(شەریفە سەزەر) خەیانەتی کردووە، زینای کردووە! کارێک کە دەبێت سەیدعەلی بکات پاککردنی ناموسێکە کە زینێی هاوسەری سەبەبەکەیتی.زینێ لە لایەن بنەماڵەکەیەوە زنجیر کراوە و چاوەڕێی حوکمێکە کە بنەماڵەکەی بۆی دەرکردووە. زینێ نەخۆشە، پەشیمانە و داوای لێبووردەیی دەکات لە سەیدعەلی، داوا دەکات لەنێو بەفرەکە بەجێی نەیهێڵێت و بەم شێوەیە سزای نەدات. لێ بە زیندوویی لە وەها سیستمێک ڕزگاری نابێت!  لەملاتر ئەمینە(مەرال ئۆرهونسای) هاوسەری مەحمەدسالح(خالد ئەرگون) دەبێتە قوربانی دوژمندارییەک کە هیچ تاوانێکی تێیدا نەبووە. مەولوود(حکمەت چەلیک) ئامۆژگاری هاوسەری داهاتووی دەکات کە لە ماڵەوە دەبێت قسەی ئەو بێت و گەر گوتیڕەشە، ڕەشە. کە نابێت جیا لە براکانی لەگەڵ ھیچ پیاوێکی‌تر قسە بکات و پێبکەنێت. بەڵامبۆ خودی خۆیڕەوایە بچێت بۆ سۆزانی خانە و هەرچییەک کە پێی خۆشە بیکات!

با بێینە سەر ئەو فیلمانە کە دەرهێنەر، ئەکتەر، چیرۆک و زمانیان بەتەواوی کوردییە. لە خوارەوە ژمارەیەک فیلمی کوردیم هەڵبژاردووە کە بژاردنیان بەپێی هیچ ڕێزبەندییەکی باش و خراپ نییە. بەڵکوو بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵبژێردراون.                            

 دوای ساڵی ١٩٢٦ و سێ فیلمەکەی بەکنازاریان کە سەبارەت بە کوردی ئێزیدی دروستی کردبوون، لە دەستپێک و کۆتایی دەیەی ٨٠ “تەیفوور بەتحایی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “مەهدی ئومێد” لە باشووری کوردستان، وەک یەکەم دەرهێنەرانی کورد ناسران. تەیفوور بەتحایی لە دەستپێکی دەیەی ٨٠ چوار بەڵگەفیلمی بەرهەم هێنا کە ناوبانگترینی ‘نان و ئازادی’یە. دواتر لە ١٩٩٠ یەکەم فیلمی درێژی بە ناوی “گەلەگورگ”بەرهەم هێنا. سێناریۆی فیلمەکە لە لایەن مەهدی ئومێد نووسراوە کە سەرچاوەی گرتووە لە چیرۆکێک هەر بەم ناوە لە نووسینی نووسەری کورد حسێن عارف. پێش فیلمی گەلەگورگ لە ١٩٨٧ سێناریۆی فیلمی “تونێل” لە لایەن مەهدی ئومێد نووسرا و لە ١٩٨٨ دەست بەکاری بەرهەمهێنانی کرا و ئەمە بوو بە یەکەم فیلمی کوردی.

  • فیلمی “تونێل” بە گوتەی مەهدی ئومێد باس لە جێنوسایدی کورد دەکات. ئەو لە فیلمەکەیدا تێکەڵاوییەکی مێژوویی وێنا کردووە، کە تێیدا زەردەشت دادەبەزێت و دەبێتە شاهیدی کارەساتی کورد. ڕووداوەکان لە تونێلێکدا ڕوو دەدەن، هەزاران کەس تێیدا بەدوای دەروازەی ڕزگارین. ئەوان لە کۆتاییدا بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دەدەن، سەربەخۆییی کوردستان لە لایەن ژنێکی کورد ڕادەگەیێندرێت. دەرهێنەر دەڵێت ویستی من لەو فیلمەدا ئەوە بووە کە سیاسەتمەدارانی کورد بزانن هونەری کوردی داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات. لێ ئایا ویستی ئەو لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بە دەستی ژنێک، هاوکات بە مانای بەدیهاتنی ئازادیی ژنیشە؟ واتە ئەوە ئازادیی ژنە کە هاوکات سەربەخۆییی کوردستانیش بەدی دەهێنێت؟
  • فیلمی “کلامەک ژ بۆ بەکۆ” بەرهەمی ١٩٩١ لە دەرهێنانی “نیزامەتین ئاریچ“؛ باس لە چیرۆکێکی سیاسی دەکات. بەکۆ(نیزامەدین ئاریچ) بە مەبەستی دۆزینەوەی جەمال(جەمالێ ژۆرا)ی برای کە بە نیازە بچێت و تەڤلی پێشمەرگەکان ببێت، بە قاچاخ لە باکوورەوە لە چەمی فوراتەوە دەربازی ڕؤژئاوا دەبێت، لەوێشەوە دەربازی سنووری باشوور دەبێت. ئەم پەڕی سنوور ژمارەیەک بنەماڵە لە ترسی شەڕی ئێران و عێراق لە ڕەشماڵەکاندا ژیان دەبەنە سەر. بەکۆ تەسلیمی زەینۆ(لوسکا حەسەن) دەکرێت تا چاوەڕێی هەواڵی براکەی بکات. زەینۆ بە جۆرێک ڕۆڵی سەرۆک یاخود بەڕێوەبەری ڕەشماڵەکانی ئەو ناوچەیە دەگێڕێت. زەینۆ خاوەن قسە و بڕیارە، پێشمەرگەکان دەبنە میوانی ئەو و ڕەوشی ناوچەکە لە ئەو دەپرسن. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ڕۆڵی ژن لە فیلمەکەدا پەسیڤ نییە، بەڵکوو ژن لە فیلمەکەدا تا ڕادەیەک ڕۆڵێکی چالاک و ئەکتیڤی هەیە. ئەوان شان بە شانی پیاوان کار دەکەن، لە کۆبوونەوەکانیاندا شان بە شانی پیاوان دادەنیشن، بەشداری باسی سیاسیی دەبن و ڕای خۆیان دەردەبڕن.
  • ·        “وڵاتی تیژە شیرینەکەم”بەرهەمی ٢٠١٣ لە دەرهێنانی “هونەر سەلیم“. بە گوتەی دەرهێنەر فیلمەکە باس له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی كورد ده‌كات، كه‌ تووشی نه‌گونجان ده‌بێت له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌دا و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ و ئازادیدا، ئەو هەوڵی داوە له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ باسی دوو سه‌رده‌می كورد بکات، سه‌رده‌می شاخ و هەروەها سه‌رده‌می شار و ئازادی. لێ پاڵەوانی فیلمەکە گۆڤەندە، ژنێک کە شەڕی کۆمەڵگە دەکات بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی، ئەو ژنێکی ڕۆشنبیر و ھونەرمەندە، لە پاڵ ویستی پەروەدەکردنی مناڵان، حەز بە ژەنینی ئامێری ھەندپەن دەکات، کە چێژێکی تایبەتی بەخشیوە بە فیلمەکە. گۆڤەند بوێرانە سنوورەکان تێپەڕ دەکات و دەچێتە گوندی قەمەریان (گوندێکە دەکەوێتە شاڕۆچکەی خەلیفان سەر بە شاری سۆران لە پارێزگای هەولێر) تا ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.
blank
وێنەیەک لە فیلمی وڵاتی تیژە شیرینەکەم ٢٠١٣ دەرهێنانی هونەر سەلیم

بە گشتی ژن لە فیلمەکانی ھونەر سەلیمدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، ئەو لە چاوپێکەتنێکیدا دەڵێت: “من پێم وا نییە کە ژن کێشەی ھەیە، من پێم وایە ئەوە پیاوە کە کێشەی ھەیە”. ھەر بۆیەش لە فیلمەکانیدا ئەوەی سەرکەوتوو دەبێت ژنە نەک پیاو. لە فیلمی “ئەگەر بمری، دەتکوژم” جەخت دەکاتە سەر بابەتی ژن-نامووس. لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا. ژن بە پاساوی نامووس بەردەوام شەرعیەت بە کوشتنی دەدرێت، چونکە تەنیا کوشتنە کە نامووسیان پاک دەکات! بەڵام سیبا(پاڵەوانی فیلمەکە) وەک گۆڤەند سنوورەکان دەشکێنێت بۆ گەیشتن بە خواستەکەی، سەرکەوتووش دەبێت.

  • “بیرئانینێن ل سەر کەڤری” بەرهەمی ٢٠١٣ لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کۆرکی“. چیرۆکی فیلم باس لە ئاستەنگە نەبڕاوەکانی دروستکردنی فیلمێکی کوردی دەکات لە کوردستاندا. بەرچاوترین ئاستەنگ دۆزینەوەی ئەکتەرێکی ژنە، لێ لە کوردستاندا هێشتا کولتووری سینەما جێی نەگرتووە، ژن نامووسێکە کە ڕێگەی پێ  نادرێت لە سینەمادا ڕۆڵ بگێڕێت، چونکە بەم شێوەیە شەڕەف و نامووسیان نەپاراستووە و نامووس شتێکە کە دەبێت پاک ڕابگیردرێ! سنوور(شیما مۆلایی) پاڵەوانی فیلمەکەیە، زۆر بە هەڵکەوت لە تەلەڤیزیۆندا دەبینێت کە داوای ئەکتەرێکی ژن دەکرێت، بۆ فیلمێک سەبارەت بە پرسی ئەنفال. سنوور کە باوکی ئەنفال کراوە و بە درێژایی تەمەنی ئازاری بێ باوکێتیی چێشتووە، دەیهەوێ ببێت بە بەشێک لەو فیلمە. لێ لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا ژن بڕیاردەری یەکەم نییە، سنوور باوکی نەماوە بەڵام مامەکەی دەبێت بڕیار بدات، لێ ڕازی نابێت، چونکە سنوور هێشتا هاوسەرگیری نەکردووە! هیوا(بەنگین عەلی) ئەڤیندار و کوڕەمامی سنوورە، ئەو بۆ سنوور مەرج دادەنێت کە ئەگەر ببێت بە هاوژینی، ئەوا ڕازی دەبێت بەشداری بکات لە فیلمەکەدا. سنوور بە ناچار قبوڵ دەکات ببێت بە هاوسەری هیوا، گەلۆ سەڕەرای ئەمە ڕزگاری دەبێت لە گوشارەکان؟ سنوور ئێستا نامووسی هیوایە، بەو پێیە هیوا خاوەنی سنوورە! ئەو دەبێت بە چاودێری سنوور، کەس نابێت دەستی بگرێت و نابێت لێی نزیک ببنەوە، چونکە ئەمە بۆ هیوا و دواتر بۆ سنوور سەرشۆڕییە کە ڕێگە دەدات بەم کارانە! بەڵام دواجار سەرکەوتن بۆ ئەو کەسەیە کە کۆڵ نادات.
  • “کیسەڵەکانیش دەفڕن” بەرهەمی ٢٠٠٤ لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی. چیرۆکی فیلمەکە دنیای مناڵانی جەنگمان پێ پێشان دەدات، مناڵگەلێک کە مناڵێنیان لێ سەندراوە. ئەوان نە قسەکردنیان مناڵانەیە، نە بیرکردنەوە و نە کارگەلێک کە دەیکەن. ئاگرین(ئاواز لەتیف) یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکەیە؛ ئەو کچێکی مێرمنداڵە کە بووەتە قوربانی جەنگ. ئاگرین لە کاتی هێڕشی سەدام بۆ هەڵەبجە لە لایەن سەربازەکانی بەعس دەستدرێژی دەکرێتە سەری. ئەو لە تەمەنێکی مێرمناڵدا دەبێت بە دایک، دایکی مناڵێک کە باوکەکەی ئاگرین و هەنگاو(هێڕش فەیسەل)یان بێدایک و باوک هێشتووە. ئێمە دەبین بە شاهیدی گوشارە دەروونییەکانی ئاگرین. جەنگ و دەستدرێژی؛ دوێنێی لێ کردووە بە کابووس و ئەمڕۆ و داهاتووییشی لێ سەندووە. ئاگرین بەردەوام بیر لە چوونەوە دەکاتەوە، چوونێک کە شایەد ڕزگاری بکات لەم هەموو ئازارە، لێ دواجار تەنها ڕزگارییەک کە شک دەبات خۆکوژییە!
blank
وێنەیە لە فیلمی کیسەڵەکانیش دەفڕن ٢٠٠٤ دەرهێنانی بەهەمەن قوبادی

وئێمە لە “نیوە مانگ”ی قوبادی هەمدیسان دەبینین ژن تێێدا ڕۆڵێکی پەراوێزخراوی نییە. ژن تێێدا ڕزگارکەرە، هێشوو(هەدیە تەهرانی) و نیوەمانگ(گۆلشیفتە فەراهانی) هەموو هیوای مامۆ(ئسماعیل غەفاری) و گروپەکەن.

گروپێک کە بڕیارە لە باشووری کوردستان کۆنسێرتێکی مۆسیقایی پێشکەش بکەن. فیلمەکە کەمایەسی کەمی دەنگی ژن پێشان دەدات لە سیستمێک کە ئیسلام و پیاوسالاری تێیدا سەردەستە. ژنانێک کە دەنگیان قەدەغە کراوە،  کە سرگون کراون!

  • ·        “ڕەشەبا” بەرهەمی ٢٠١٦ لە دەرهێنانی “حوسێن حەسەن“، ئەم فیلمە هەوڵ دەدات تراژێدیای فەرمانی ٧٣یی ئێزیدییەکان بخاتە سەر پەردەی سینەما. لە ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش هێڕشی کردە سەر شنگال و نزیکەی ٥٠٠٠ کچ و ژنی ئێزیدیی وەک غەنیمەتی جەنگ بە ئەسیر گرت و کردیان بە کوێلەی جنسی. ڕەشەبا چیرۆکی تەنها یەکێک لەو هەزاران ژنەیە کە بەدیل گیراون. پێرۆ(دیمەن زەندی) ئەو کچەیە، ئەو چەندین جار فرۆشراوە، دەستدرێژی کراوتە سەری و ژیانی لێ بووە بە کابووسێک کە هەرگیز لێی ڕزگار نابێت. ڕێکۆ(ڕێکش شەهباز) خۆشەویست و دەزگیرانی پێرۆیە، ئەوان بڕیار بوو هاوسەرگیری بکەن، لێ جەنگ ڕێگە نادات. ڕێکۆ هەموو هەوڵەکانی دەدات تا خۆشەویستەکەی بدۆزێتەوە. ژنە شەڕڤانەکان کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە ڕزگارکردنی ژنە ئێزیدییەکان، ژمارەیەک ژنییان ڕزگار کردووە، ڕێکۆ بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا پیرۆ یەکێکە لەو ژنانە، ڕوو دەکاتە ڕۆژئاوای کوردستان و پیرۆ دەدۆزێت. بەڵام پێرۆ ئیتر ئەو کچە دەم بە زەردەخەنەیە نییە. ئەوان پێکەوە دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان و ئەمە دەستپێکی نەهامەتییەکانی نامووسێکە کە لەکەدار کراوە!
blank
وێنەیەک لە فیلمی ڕەشەبا ٢٠١٦ دەرهێنانی حوسێن حەسەن

لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا نرخی ژن بە پەردەیەکەوە بەندە کە لە دەستدانی گەر بە ویست (بێ هاوسەرگیری) یا خۆد زۆرەملێ بێت یەک دەرەنجامی هەیە، ئەو دەبێتە ژنێکی عەیبدار و لەکەدار، وەک کاڵایەکی دەستە دوو کە پێشتر بەکارهێنراوە و ئیدی هیچ پیاوێک قبوڵی ناکات. پێرۆ سەرەڕای گشت نەهامەتییەکان، دەبێت بەرگەی گوشارە دەروونییەکانی ئەم سیستمەش بگرێت. گوشارگەلێک کە بووەتە هۆکاری خۆکۆژی زۆربەی ژنە گەڕێندراوەکانی ئێزیدی.

لە ڕاستیدا لە سیستمێکی پیاوسالاردا تەنها ژن نییە کە قوربانییە، پیاویش قوربانی هزری پیاوسالارییە. ڕێکۆ وەک باوکەکەی بیر ناکاتەوە، بۆ ئەو هیچ شتێک نەگۆڕاوە، پێرۆ هەر خۆشەویستەکەیەتی و ئەو لە سەر بڕیاری هاوسەرگیری خۆی سوورە، بەڵام باوکی سوێندی خواردووە کە ناهێڵێت بووکێکی وا عەیبدار و دووگیان پێ بنێتە ماڵی ئەو. لەملاتر باوکی پێرۆ دیار نییە کە ئایا خۆشحالە لە ڕزگاری کچەکەی؟ هاوکات ئەویش لەژێر کاریگەری قسەکانی کۆمەڵگە سەرلێشێواوە و نازانێت چۆن هەڵسوکەوت بکات.

دوماهیی ئەم باسە بە دوو لە بەرهەمەکانی ژنە دەرهێنەرێکی کورد بە ناوی “قودرەت گونەش” کۆتایی پێ دەهێنم؛ کە زۆربەی بەرهەمەکانی باس لە ژن و کۆمەڵگەی کوردستان دەکەن، باس لە ئازایەتی ژنانێکی کورد دەکات کە سەڕەرای ئەوەی زوڵمیان لێ کراوە و سەرکوت کراون (ئەمە چ لە لایەن سیستمەوە بێت و چ لە لایەن کۆمەڵگە و بنەماڵەوە بێت) لێ کۆڵیان نەداوە و هیچ شتێک ئەوانی لە خەبات بۆ گەل و نیشتمان نەوەستاندووە.

  • “لەیلا زانا مژدەی گەلێک” بەرهەمی ٢٠٠٢ . بەڵگەفیلمەکە باس لە خەباتی سیاسی لەیلا زانا دەکات، باس لە توانا و بوێری ئەم ژنە کۆڵنەدەرە دەکات کە خۆی دەکاتە قوربانی گەل و نیشتمانەکەی. ئەو دەچێتە سەر سەکۆ و بۆ سەدان ژن و پیاوی کورد دەرسی ئازادی دەڵێت، دەرسی کۆڵنەدان و تێکۆشین بۆ گەیشتن بە مافەکانمان.
  • بەڵگەفیلمی ژنە سووکایەتی پێکراوەکان(بە فەرەنسیfemmes_humiliées) بەرهەمی ٢٠٠٩ چیرۆکی دوو ژنی کوردە کە بە هۆکاری ئازار و ئەشکەنجەی سیستمی تورکیا، ناچار بۆ  تاراوگەپەنایان بردووە.”هۆزانجانێ” یەکێک لەو ژنانەیە، ئەو هونەرمەندە و گۆرانیبێژیی لە تەمەنی شەش ساڵیدا دەست پێ کردووە. لە تەمەنی یازدە ساڵی بە زۆر بەشوو دراوە، دواتر بە هەر جۆرێک بێت توانیویەتی خۆی لەو زوڵمە ڕزگار بکات. لێ بۆ کوێ؟ لە سیستمی فاشیستی تورکیادا ژنێکی کوردیی گۆرانیبێژ کە بە کوردی گۆرانیی عەشق و ئەڤین دەڵێت و بە کوردی دەژیت، ئایا دەکرێت چ مامەڵەیەکی لە بەرامبەردا بکرێت؟ ئەم بەڵگەفیلمە بەسەرهاتی جانێ و نازڵی تۆپ دەگێڕێتەوە. ئەوان باس لە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سیستمی تورکیا دەکەن. باس و وەسفی برینەکانیان دەکەن، برینگەلێک کە بۆ هەتاهەتایە ئاسەواریان لەسەر جەستە و ڕۆحییان دەمێنێتەوە…

کۆتا قسە:

سینەمای کوردی سەرەڕای هەموو کەمایەسی و ئاستەنگەکان توانیویەتی تا ڕادەیەک خۆی پێناسە بکات، لە داخوازیگەلێک کە هەیەتی، لە پەیامگەلێک کە دەیهەوێت بگەیێنێت. گەرچی دەرهێنەری کورد یاخود سینەمای کوردی بەگشتی هێشتا خاوەن پلەتفۆرمێکی نەتەوەیی نییە کە لە هەموو لایەکەوە پشتیوانیی بکرێت، لێ هەوڵیداوە کارەسات و ئازارەکانی کورد، کێشە و بارودۆخی کورد لە چەندەها شێوەدا بخاتە سەر پەردە. یەکێک لەم کێشانە بابەتی ژنە. جێگای خۆشحاڵییە گەر لە وڵاتە ڕۆژاواییەکاندا سینەمای فێمینیستی دوای دەیان ساڵ لە هەبوونی سینەما سەری هەڵداوە، ئەوا سینەمای کوردی هەر لە سەرەتاوە بە جۆرێک خاوەن قالبێکی فێمینیستی بووە. فیلمەکانی سەرەوە تەنها بەشێک بوون لە سینەمای کوردی کە تێیدا زۆر کەم شاهیدی بە کاڵاکردنی ژنین، ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا بووکەڵەیەکی جوانکیلە نییە تا هەروەک ماڵڤی ئاماژەی پێ دەکات، لەژێر چاوتێبڕینێکی پیاوانەدا بێت، بەڵکوو ئەو خودی خۆیەتی. لێ ئەمانە تەنها بەس نین بۆ هەبوونی سینەمایەک کە پەیامەکەی یەکسانیخوازی بێت. باسکردن لە ژن و کێشەکانی نابێت تەنها لە بابەتی دایکایەتی، خۆشەویستی، نامووس و جەنگدا کورت بکرێتەوە. هاوکات ئێمە پێویستیمان بە ڕۆڵی ژنانێکە کە ببن بە ئیدۆل لە بوارگەلی زانستی، ئابووری، فەلسەفی، سیاسی، ئەدەبی، هونەر و سینەما و گشت ئەو بوارانەی کە تا ئێستا ژن کەمترین ڕۆڵی تێیدا هەبووە.ژنانی کورد پێویستیان بە پلەتفۆرمێکە کە خۆیا وەک تاکێکی سەربەخۆ تێیدا بناسن و بناسێنن. هەروەها بە مافەکانیان ئاشنا بن و هان بدرێن بۆ بەدەستهێنانیان. بۆ ئەم مەبەستەش بە بڕوای من سینەما باشترین ئامراز و پلەتفۆرمەکە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم خواستانە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.

سەرچاوەکان: