ڕوخساری ژانووسی ژنبوون لە کوردستاندا

ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی نووسەر و چالاکی ژنان (بەیان عەزیز)ە بۆ (تەوەری فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی) بۆ ماڵپەڕی ژنەفتن.

پرسیارە ساکارەکان زۆر جار ئاڵۆزترین و گرنگترین باسەکان بەدوای خۆیاندا دەهێنن. لەژێر پێستی ئاشناترین پرسیارەکانیشدا دنیایەک باسی نووستوو بوونی هەیە کە دەکرێ لێک بدرێتەوە. پرسیارەکانی تەوەری فێمینیزم  لە لایەن ژنەڤتنەوە بەم ڕستانە دەست پێ دەکات: وا دەردەکەوێ نەک تەنیا لەنێو خەڵک بەگشتی بەڵکوو لەنێو نووسەران و خاوەن ڕا و چالاکان و تەنانەت ڕێکخراوەکانی ژنانیشدا فێمینیزم چ وەک چەمک چ وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕەوتێکی خەباتکردن، هەروەها فێمینیست بوونیش بە لارێدا چووە. ئەم ڕستانە پیشاندەری ئەو ئاڵۆزییە کە تا ئێستاش لە ئێپیستمۆلۆژی چەمکی فیمینیزم و پێناسە و شیکردنەوەی لە کوردستاندا هەمانە. لەم وتارەدا دوو مەبەستی سەرەکی ڕەچاو دەکەم کە یەکەمینیان پۆلێنکاریی هەوڵەکانی لایەنگریی لە مافەکانی ژنانە بەم سەرنجەوە کە کاتێک باس لە لایەنگرانی ئەم قوتابخانە فکرییە دەکەین دەبێ ئەم پۆلێنکارییە بەم شێوە باس بکەین کە هەموو ئەندامانی ئەم گروپە ژنان نین، بەڵکوو ژمارێک لە پیاوانیش دەگرێتەوە و هەروەها گروپێک لە ئەندامانی سەر بە LGBTیش لەبەرچاو دەگرین کە هاوکات هەم بۆ مافەکانی خۆیان و هەم بەتایبەتی بۆ بزووتنەوەی فێمینیستی (ئەگەر بتوانین لە کوردستاندا پێناسەی بکەین) هەوڵ دەدەن. مەبەستی دووهەمیش نیشاندانی ئەو قەیرانە ئێپیستمۆلۆژییەیە کە لە دەڤەری پێناسەی ژن بوون و ئۆبژە-سۆبژەبووندا تووشی بووین.

بەیان عەزیزی نووسەر و چالاکی مافەکانی ژنان

فێمینیزم؟ نا، تکایە!

ریچارد ڕۆرتی لە فێمینیزم، ئیدئۆلۆژی و بنەماشکێنییدا ئەم باوەڕه شی دەکاتەوە کە ئەگەر لە ڕۆژگاری ئەمرۆماندا، مارکس و ئەنگڵس زیندوو ببوونایەوە، بە ڕاستی گاڵتەیان دەهات بە گەلێک لە تیۆرییەکانی فێمینیزمی هاوچەرخ و شێواز و ئامانج و کارکردەکانی بە هەمان شێوە کە بە فۆیەرباخ و هێگل و بۆئێر پێدەکەنین. دەیانوت تیۆریسیەنە فێمینیستەکان وشەی “فێمینیزم”یان کردووە بە بابەتێکی ڕەها و تا ئەو کاتەی کە نەبێت بە حزبێکی شۆڕشگێڕانەی داڕێژراو، چاوەڕوانی لەمە زیاتریشی لێ ناکرێت. ڕۆرتی پاشان باس لەوە دەکات کە ئەمڕۆکە فێمینیزم زیاتر لەوەی شۆڕشگێڕانە بێت بووەتە بزووتنەوەیەکی ڕێفۆرمیست و ئامانج گەلێکی دیاریکراوی هەیە و لە باری سیاسییشەوە خۆی یەکلا نەکردۆتەوە و مەبەستەکانیشی وەها پلانسازی کراوە کە بەدەستهێنانی ئەستەم نەبێت و کەمترین هەزینە و زۆرترین چێژ نەک دەستکەوتی هەبێت. لە ڕاستیدا ئامانجەکانی فێمینیزم زۆرترین هاوشێوەیی لەگەڵ بزووتنەوەی سڕینەوەی کوێلایەتی لە سەدەی هەژدەدا هەیە تاکوو بزووتنەوەی مارکسیزم لە سەدەی نۆزدەدا. هەمووان دەیانزانی کە سیستمی کۆیلایەتی لە ڕوانگەی ئەخلاقی مەزن چ کارەساتێکە و تا چ ڕادە دژە مرۆییە. لە هەمان کاتدا زۆرێک لە لایەنەکان لەم سیستمە ئابوورییە کەڵکیان وەرگرت و گەیشتنە قازانجیکی مەزن. ئەگەر قیاسەکەمان سادە بکەینەوە دەردەکەوێت کە ئەمرۆکە بۆ نموونە نایەکسانی مووچە بەرامبەر بە کاری یەکسان لەنێوان ژن و پیاودا و نەبوونی عەداڵەت بۆ خوێندن، دەستکەوتی ئابووری و دەرفەتی کار و خۆ پێگەیاندن لەنێوان ئەم دووڕەگەزە لە ڕوانگەی ڕای گشتییەوە چەندە بە ناحەز ناو دەبرێت لە هەمان کاتدا دیسان بەرهەم دێتەوە و ئەم سازکردنەوە بۆ چەندین هەزار و چەندین ملێۆن پیاو بەسوودە. باسی بنەڕەتی لەسەر ئەمەیە کە تێکدانی بنەماکانی نایەکسانی و پرسیارکردن لە چییەتی دەسەڵات و ئەو میکانیزمانەی کە عەداڵەت بەلاڕێدا دەبەن، دەبێ مەبەستی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بێت نەک چاکسازیی لە هەمان سیستمی دروستکردنی کۆیلە و ژنی بندەستە یان وەرگرتنی بودجە لە دەسەڵاتێک کە خۆی پێکهێنەری هەڵاواردن و توندوتیژی ستراکچێری دژ بە ژنە. دەکرێ مەبەستی ڕۆرتی ئاوەها لێک بدەینەوە کە بۆ نموونە باس لە نەبوونی عەداڵەت بەرامبەر بە سزای کوشتنی ژن بە ناوی شەرەف دەکرێت، ئەم بابەتە بە دیاردەیەکی ناحەز و دژ بە ئەخلاقی گشتی ناو دەبرێت و ڕەخنە لە سیستمی دەسەڵات و یاسا دەگیردرێت کە بۆچی بۆ وێنە پیاوی بکوژ دوای سێ مانگ ئازاد دەکرێت؟ لە هەمان کاتدا هیچ هەوڵێکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵ بۆ لابردنی ئەم مادە و تەبسەرە یاساییانە نادرێت کە پێکهێنەری ئەم دۆخەن یان ئەو میکانیزمە پتەوانە بۆ گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ لەناو فەرهەنگدا ناچەسپێت کە ئەم بارودۆخە یەکلا بکاتەوە. کەواتە بەو لێکدانەوەی ڕۆرتی سەبارەت بە پیاوسالاریی دەیکات کە دەڵێت دێوەزمەیەکی زۆر بەهێز و گەورەیە، زۆر قەبەتر و توندتر لەوەی وێنا دەکرێت و هەر کەسیش کە “مێدۆسا” بێت، سەری دەبرێت و هەموو هێزەکەی لەناو دەبات. دەسەڵاتی مێدۆسا و گۆرگەن بوونی لە لایەن “پێرسێئۆس”ەوە تێکدەشکێت و سەری دەبڕدرێت. کەواتە هەموو باسەکان لەسەر فێمینیزمی بناغە هەڵوەشێن و دامەزرێنەری دووبارەی چەمکەکان بێئەنجامە و دەتوانین بیر لە سێبەری فێیمینیزم بکەین لەم کات و شوێنەی ئێستاماندا.

blank
ڕیچارد ڕۆرتی (١٩٣١-٢٠٠٧) فەیلەسوفی هاوچەڕخی ئەمریکایی

پۆلێنکاری هەوڵەکان

بە گەلێک تۆلێرانس و لێبوردەییەوە دەتوانین گشت هەوڵ و ئامانج و هیوا وپلانەکانی کەسانێک کە بە شوێن یەکسانی و دامەزراندنی بنەماکانی عەداڵەتن بە فێمینیزم ناو بەرین و بییخەینە خانەی تەواوی ئەو شتانەی کە لە ئێستادا هەمانە و دڵخۆشمان دەکات. خاڵی گرنگ لەم باسەدا ئەوەیە کە ئەم تێگەیشتنە لە فێمینیزم بەرەو لای دەرکێکی ڕیالیستیمان دەبات لە چەند لایەنەوە وەک نەژاد/نەتەوە، چین و جێندەر کە لە ڕوانگەی ئینتەرسێکشواڵیتەوە خاڵی سەرەکیین. ئەم خاڵانەش چ لە باری چییەتییەوە واتە (essential) و چ لە باری شیکارییەوە لێک جودا ناکرێنەوە. بابەت گەلێکن کە دەلالەتی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و ئابووری و ئیدئۆلۆژیکیان هەیە لەناو چارتی تایبەتدا. هەموو ئەم بابەتانە کاریگەریەتی ماددی و کۆمەڵایەتی بەهێزییان هەیە کە ڕێگەی تایبەتی خۆیان دادەڕێژن. فێمینیزم ئەگەر لە هەوڵ بۆ سڕینەوە نایەکسانی و بێعەداڵەتیدا هاوبەش و یەک قەبارە بێت بەڵام لە ژێ-سیاسییەکانیدا لێک جودا دەبێتەوە و تایبەتمەندی ناوچەیی بەخۆوە دەگرێت. فوکۆ لە ١٩٧٠ دا چەمکی ژێ-سیاسی(بیۆسیاسی) بەربڵاوتر کرد و باسی لە سەپاندنی دەسەڵات بەسەر ژیاندا کرد. پاشان ئەو پرۆسە مێژووییانەی لێک داوەتەوە کە ژیان لەوێدا دەبێتە سەنتەر و خاڵێ ناوەندی ستراتێژییە سیاسییەکان و دەسەڵات چنگی دەخاتە ناو قورگی ژیانەوە. فۆکۆ ئاماژەی بە ڕۆڵی دەسەڵاتداوە لە بواری جەستە و حەشیمەت و پاراستن یان سڕینەوەی جەستەکان و هەروەها دەستەمۆکردنیان. چەمکی عەداڵەت، سیاسەت، دەوڵەت، ئاشتی و ئەمنییەت لەو ڕیزە چەمکانەیە کە فێمینیستەکان لێکدانەوەی جیایان بۆی هەیە و لە ناویاندا چەمکی دەوڵەت-نەتەوە بایەخ و قورسایی تایبەتی خۆی هەیە. لە ڕاستیدا پێوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و فێمینیزم یەکێک لەو پێوەندییە پارادۆکسیکاڵ و دژوازانەیە کە هەموو بابەتەکانی تر وەک عەداڵەت یان یەکسانی و بە تایبەت ژێ-سیاسەت دەخاتە ناو چەکمەجەی پۆلێنکاریی خۆیەوە. ناسیۆنالیزمی کوردیش تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەریەتی لەسەر ژێ-سیاسەتی هەبوونی ژن دادەنێت. کەواتە ئەم ڕوونکردنەوە و بەرهەمەی کە لەم بەستێنەدا باسی لێ کرا، دەتوانین بنەمایەکی زانستی بۆ داڕێژین و بارودۆخی هەبووی هەوڵە فێمینیستییەکان پۆلێن بکەین. بەپێی توخمە سەرەکییەکانی تیوری جۆرج ڕیتزێر و هەروەها مانوئێل کاستێلز سەبارەت بە ڕوانین و لەم بنەما فکرییەدا بەپێی وڵامدانەوە بە دوو پرسیار تیۆرەکە دادەڕێژرێت. یەکەم ئەوەی کە: “چی سەبارەت بە ژنان دەزانین؟” و، هەروەها “بۆ چی بارودۆخی ژنان بەم شێوەی لێهاتووە؟” بەپێێ وڵامدانەوە بۆ ئەم پرسیارانەش سێ تیۆری بنەمایی لێکدانەوە و پۆلێنکاریی هەوڵە فێمینیستییەکانی داڕشتووە کە جیاوازن لەو پۆلێنکارییە جیهانی و قبووڵکراوە لە فێمینیزم کە هەموومان دەیزانین. لێرەدا ئێمە هەر لەم ڕوانگەیە کەڵک وەردەگرین و هەم تیۆرەکان و هەم پۆلێنکارییەکە دەخەینە بەر دەست. جیاوازیی جێندەری، نایەکسانی جێندەری و زوڵم و زۆری جێندەری.

جۆرپێناسە و ئامانجی گشتیبابەتی بەرەنگاریخەسارناسیی
فێمینیزمی مافخوازانەهەوڵ بۆ گۆڕانکاریی لە ناو یاسا و دەستەبەرکردنی مافە جیاوازەکان بەپێی فەرمان   نایەکسانی  کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی باوکسالاردرێژخایەن بوونی پرۆسە، زاڵبوونی عورف بەسەر یاسادا
فێمینیزمی فەرهەنگی  داڕشتنەوەی چەمکەکان، گۆڕانکاریی لە ڕووبنەماکاندا، فەرهەنگسازیی یەکساندامەزراوە باوکسالارانەکان و فەرهەنگی زاڵکاڵبوونەوەی ڕۆڵی ژێربنەما، ئاڵۆزیی لە وەبەرهێنانی تیۆر و نەبوونی پراگماتیزم
فێمینیزمی پراکتیکالچالاککردنی  ژنان و داڕشتنی پرۆژەی کاریی و ڕاهێنانئابووری مۆنۆپۆلکراو بۆ باوکسالاریی کاتی بوون، زاڵبوونی  نیگای کۆلۆنالیستی، گەندەڵی
فێمینیزمی ئایینیگرێدانی ئایین لەگەڵ مافەکانی ژنان و بەستنەوەی بە ژیانی کۆمەڵایەتیڕوخساری دژ بە ژنبوونی ئایینپارادۆکسیکاڵبوونی  بارودۆخی پێناسەکراو، چییەتی دژوازی چەمکەکان
      فێمینیزمی بنەماشکێن و ڕادیکاڵ    داڕشتنەوەی پێگەی ژن، گشتگیربوونی گۆڕانکارییسیستمی باوکسالاریی تیۆلۆژی باوکسالارییبەرتەسکبوون لە جوگرافیایەکی تایبەتدا، نامۆبوونی بۆ زۆرێک لە گروپە کۆمەڵایەتییەکان

وەک نموونە بۆ فێمینیزی مافخوازانە دەتوانین ئاماژە بە هەموو هەوڵەکانی پارێزەران و ڕاوێژکارانی یاسایی و هەروەها ئەو کەمپەینانە بکەین کە بۆ چاکسازیی لە دەڤەری یاسا و گۆڕینی مادە و تەبسەرەکانی دەقی یاسای باری کەسی و سزادانەکان بکەین بە تایبەت لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لێرەوە هەوڵی ئەم جۆرە لە فێمینیزم تووشی بنبەستێک دەبێت لەگەڵ ئەو مادانەی کە لە شەریعەتەوە هاتوونەتە ناو یاسا و ناکرێت بە ئاسانی بگۆڕدرێن. ئەو “قیمومیت” و هەروەها “حضانت” کە سپێردراوەتە پیاو، خۆی بنەما و پێکهێنەری هەڵاواردن و نایەکسانییە. بەپێێ تیۆرییەکانی گۆڕانکاریی بریجز، لە قۆناغی سێهەمی گۆڕان لە بارودۆخی هەبوودایە کە زۆرێک لە هەوڵەکان دەچێتە دەڤەرێکی بێکاریگەریەتی واتە نە دەتوانن پۆزەتیڤ بن نە نیگەتیڤ. یاسای ژمارە هەشتی بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە خێزان لە هەرێمی کوردستان و هەروەها مادەی سێ لە لایەحەی ڕاگرتنی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لە ئێران کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەپێێ ئەو یاسایانە کار دەکات. وەک نموونە بۆ فێمینیزمی فەرهەنگی دەکرێ ئاماژە بەو گروپانە بدەین کە بە تایبەت لەناو تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان و سایت و فەزای ئاکادیمیکی ئێمە داهێنەری دەقی تیۆریک و سەرچاوەی زانستین. بەشێکی زۆریان لە لقێکی کۆمەڵناسی، فەلسەفە، ماف یان دیکەی بابەتە پەیوەندیدارەکاندا خاوەنی بڕوانامەن و هەوڵی گۆڕانکاریی بنەڕەتیان هەیە. وەک نموونە دەکرێ ئاماژە بە چەندین وەفد و گروپی تایبەت بکەین کە لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٠ پاش دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و بەر لەوەش هەتاکوو ئەم ماوەیە بانگهێشت کراون بۆ هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفت و پرسەکانی تایبەت بە ژنان. لە حاڵێکدا کە هیچکامیان خاوەنی شاکلیلێک بۆ کردنەوەی درگا داخراوەکانی پرسی ژنان نەبوون . لە بوارێکی تریشدا چەندین کەس لە فێمینیستەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە دامەزراندنی سایت و گروپ لەناو سۆشیاڵ میدیاکاندا هەوڵی داڕشتنەوەی بنەماکانی یەکسانیخوازیی و چاکسازیی بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییان داوە پێوەندییەکانیان پێکەوە لەسەر بنەمای هاوڕێیەتی دامەزراوە. لە چەند دۆسیەی تایبەت بە باسی توندوتیژی جنسی ڕەفتاری دوو لایەن و دوو ڕوخساریان هەبووە و هێشتا لەسەر ئاسایترین پرەنسیپەکاندا ڕیک نەکەوتوون. سەرکەوتنەکان بەو گەڵاڵەی کە باسیان کردووە تا ئێستاش بەردەوامە بەڵام ئەم جۆرە لە فێمینیزم پێوەندیی لەگەڵ چینە خوارووەکان و بەستێنی مەیدانیی گروپە کۆمەڵایەتییەکان، قوربانییە جیاوازەکانی هەڵاواردنی جێندەری پچڕاوە و نەبوونی فیزیکی لەناو سەنتەری کێشەکان و جوگرافیای مەسەلەکان بەشیکی زۆر لە هەوڵەکان لە ئاستی ئاکادیمیک و تیۆریدا دەهێڵێتەوە. ئەم گروپە لە چالاکانی بواری فێمینیزمی فەرهەنگی زۆر جار پێوەندییان لەگەڵ کوردستاندا پێوەندییەکی ئێمۆشناڵ و عاتیفییە نەک حەقیقی.

وەک نموونە بۆ فێمینیزمی پراکتیکاڵ دەتوانین گشت پرۆژە و هەوڵەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوبەرین کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە. کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات، یەکیەتیی ئافرەتانی دیمۆکراتی کوردستانی ڕۆژهەڵات ١٩٤٦، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لە باشوور، ڕێکخراوەی پێوەندییەکانی ئافرەتانی کوردستان و هەروەها یەکیەتیی ژنانی وڵاتپارێزی کوردستان ١٩٨٧ لە باکوور، ڕێدۆزیا ڕزگاریا ژنانی کوردستان، پارتی ژنانی کرێکاری کوردستان، کوردیناسیۆنی ژنانی بەرێوەبەری سەربەخۆ لە ڕۆژئاوا، یەکیەتیی ژنانی گەنج لە ڕۆژئاوا و گەلێک ڕێکخراوی دیکە کە بە تایبەت لەدوای ٢٠٠٣ لە باشوور و دوای ١٣٧٦ لە ڕۆژهەڵات، ژمارێکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە بواری مافخوازی ژنان پێک هات. ئەم ڕێکخراوانە کە تۆمارکردنیان و کارکردنی پراکتیکی ئەوان لەژێر کاریگەریەتیی بارودۆخی ئابووری و سیاسیی وڵاتی لکاودایە، ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە پێشکەوتنی بزاڤی دەستەبەرکردنی مافەکانی ژناندا. گەلێک پرۆژەی کارامەیی و فێرکاریی و وەگەرخستنی تواناکانی ژنانیان بەڕێوە بردووە لە هەمان کاتدا ڕەخنەی گەورەشیان لە سەرە بۆ نموونە گەندەڵی ئابووری و نیگای کۆلۆنیالیستی سەبارەت بە پرۆژەکانی ژنان کە هیچ کات تەواوبوونی نییە. بەشێک لەم پرۆژانە کاتین و بۆ پڕکردنەوەی جەدوەلی چالاکی ڕێکخراوەکان پێویستن و بەشێکی تریان هەرگیز پراکتیکاڵ نابنەوە لە لایەن ژنانی چینی مامناوەندی بەرەوخوار.

وەک نموونە بۆ فێمینیزمی ئایینی دەتوانین گشت هەوڵەکانی لایەنگرانی ئایین ناو بەرین کە پێیان وایە دەکرێ لەنێوان فێرکارییەکانی دەقە ئایینی و شەرعییەکاندا لەگەڵ وانە فێمینیستییەکاندا پێوەندییەکی ساغ و پێویست ساز بکرێت واتە ئایین لەم مەجالەدا بابەتیکی فرێدراو واتەExclusion  نییە و دەتوانین ئەم پێوەندییە سەر لە نوێ پێناسە بکەین. دەیان گروپی حەقیقی و گروپی دامەزرێنراو لەناو ڕایەڵە مەجازییەکاندا ئەوەمان پیشان دەدەن کە کەسانێکی زۆر لەسەر ئەم باوەڕەن کە  دەکرێ ئاشتکردنەوەی فێمینیزم و ئایین بکەین بە جێژنێکی ڕاستەقینە و لەسەر ئەم باوەڕەن کە عورف و دابونەریت و بایەخە کۆمەڵایەتییەکانن کە بەریان بە یەکسانی جێندەری گرتووە نەک شەرع و ئایین.

وەک نموونە بۆ فێمینیزمی ڕادیکاڵ و بنەماشکێن دەتوانین بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژئاوا ناو بەرین و هەروەها بابەتی پێناسەکراو لەژێر باس و کۆدی ژنۆلۆژی واتا و چەمکێک کە پارادایمی جێگری ژنانە و بۆتە ناوەندی ڕاستەقینەی هەوڵ و تیکۆشانی بزووتنەوەکانی ژنان. ژنۆلۆژی هاوکات کە لێکدانەوەیەکی مێژوویی هەیە لە بارودۆخی ژێردەستەبوونی ژنان، هەوڵ دەدات بۆ بنبڕکردنی ڕیشەکانی هەڵاواردنی دژ بە ژنان و چوونە ناو هۆکارەکانی پەراوێزخستنی ژنان. نادیە ئەلعەلی، لە دوای توێژینەوەکانی سەبارەت بە پێوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و فێمینیزم لە ئێراق و تورکیادا، گەیشتۆتە سوریا و لەگەڵ ئیزابێل کیسێر، گەلێک توێژینەوەی ئەتنۆگرافیکی بەڕێوە بردووە لە سێ بەشی کوردستاندا بێجگە لە ڕۆژهەڵات. ژێنۆلۆژی(بایۆلۆژی) چەمکی سەرەکی و توخمی سەرکەوتووی هەوڵەکانی ژنان بووە. هەر بەو شێوە کە باس کراوە خەساریی تایبەت بەم هەوڵانە، بەرتەسک کردنەوەیەتی لەناو جوگرافیا و زەمەن و شوینێکی تایبەتدا. واتە ژێنۆلۆژی وا وێنا کراوە کە بەستراوەتەوە بە بیۆ-سیاسەتێکی دیاریکراو لە حاڵیکدا کە وانەکانی دەکرێ بگوازرێتەوە بۆ هەموو شوێنەکان و هیوای ژیانەوەی بزووتنەوەکانی لێ دەکرێت. وەک پاندۆرا کە هەموو هونەر و نیعمەتەکانی پێ بەخشرا و لە ئاکامدا سەری ئەو سندووقەی کردەوە کە پێی وترا هەرگیز نەیکاتەوە. هەموو بەهرە و خۆشییەکانی جیهان یەک لەدوای یەک بوونە هەڵم و ڕۆیشتن بێجگە لە هیوا کە پاندۆرا لەناو سندووقە بچووکەکەدا هێشتییەوە. ژنۆلۆژی هەمان هیوای ئێمەیە لەناو دەستەکانی پاندۆرادا.

ڕوخساری ژانووسی پێگەی ژن

لەناو ئوستوورە ڕۆمییەکاندا ژانووس یان یانووس، خوداوەندی دەروازەکان، دەرگا و بان و ڕێگەکانی ناو دەریایە و لە هەمان کاتدا خوداوەندی سەرەتا و کۆتایییەکانە. دوو سەری هەیە و دوو ڕوخساری هەیە کە یەکێکیان دەڕوانێتە بەرامبەر و یەکێکی تریان دەڕوانێتە پشتی سەریەوە. ئەو هەموو شوێنەکان دەبینێت و هیچی لێ بزر نابێت بەڵام لە هەمان کاتدا دوو لایەن و دوو ڕوخسار و دوو ڕووی جیاواز لە یەکتری هەیە کە دژ بە یەکتر دەوەستن و ئەمەش ترسناکی دەکات و پارادۆکسیکاڵی دەکات. گێڕاویانەتەوە کە لەناو شاری فۆرۆمدا دەروازەیەکی تێدا بووە کە هیچ دیوارێکی نەبووە و هەرگیزیش بە کەس نەدەکرایەوە و هەر لێرەوە بووە کە ژانووس حوکمی دەکرد بەسەر هەموو شوێنەکاندا. ژانووس واتە پیاوێکی دوو سەر کە هەموو شوێنیک دەبینێت و هەموو کلیلەکانی بە دەستەوەیە و ئەوە خۆیەتی کە سۆبژەیە و شتەکان پێناسە دەکات. دوو ڕوخساری دژ بە یەک و دوور لە یەک و لە هەمان کاتدا پەیوەست بە یەک خوداوەند کە تووشی سەرسوڕمانت دەکات. دەتوانێ هاوکات هەم ژیان بێت و هەم مەرگ هەم دەرگای کراوە بێت و هەم دەرگای داخراو هەم ڕۆژ بێت هەم شەو، هەم ستایشتی ژن بوون بکات و هەم بیکوژێت، هەم ژن بکاتە خواوەند و ئیلهام و هەم بیکاتە بە وتەی خۆی سۆزانی و لەشفرۆش و پاشان حوکم بە کوشتنی بدات و ئاڵقەی گوڵ بکاتە گەردن بکوژەکەی. ‘لەناو کات-شوێنی ئێستماندا و بە فوکوس کردن لەسەر بارودۆخی ژن و ڕوخساری پارادۆکسیکاڵی هەبوونی ئەم کەسە، دروستکردنی دوو خوێندنەوەی جیاواز لە بارودۆخێکی یەکسان دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕوخساری ژانووسی دیاردەکان. بارودۆخی ڕاستەقینەی ئێستا و پێگە و داتاکانی پەیوەست بە ناسینی بارستایی و کێش و قەبارەی هەبوونی ژن لەم کۆمەڵگەدا ئەو ئیمکانەمان پێ دەدات کە پرسی ژن و bio politics  یان ژێ-سیاسەتی هەبوونی ئەو بەو ڕوخسارە جیاوازە ژانووسییە بخوێنینەوە. دەکرێ بە هەمان شێوە کە لە گوتاری فوکۆدا و لە بەرگی یەکەمی مێژووی سێکسوالێتەدا باسی لێ کراوە ژێ -یەکسانی، ژێ-فەرهەنگ، ژێ- سەرمایە، ژێ- کۆمەڵ قبووڵی ژن واتە ئەو بەو پێناسانە زیاد بکەین. فوکۆ لە لێدوانی کۆلێژی دو فرانس لەنێوان مانگی ژانویە و ئاپریلی ١٩٧٨دا بەم شێوەیە باسی لێ دەکات: من ئێستا لەم تریبۆنەوە ئەوەتان پێ ڕادەگەیێنم کە بڕێک لە دیاردەکان و پێکهاتەکان زۆر گرنگ و بەرچاون. وا دیارە کە تایبەتمەندییە بایۆلۆژیکەکانی جۆری مرۆڤ دەکرێ ببێتە ئۆبژەی ستراتێژییەکی سیاسی، ستراتێژییەکی گشتیی دەسەڵات، ئەمە بابەتێکە کە من پێی دەڵیم ژێ-سیاسەت(بیۆسیاسەت). سیاسەتێکی ئاناتۆمی جەستەی مرۆڤ و کۆنترۆڵکاریی و سەپاندنی دیسیپلینییەکان کە دەکرێ بەسەر هەموو پێناسەکاندا زاڵ ببێت. داڕشتنی دابونەریتەکان، ڕاهاتنەکانی پەیوەندیدار بە سڵامەت و لەشساغی، سک و زاکردن، پێکهاتەی خێزان، خوێن و شێوەی ژیان، ئەمانە هەموو نموونەگەلێکن لە ژێ-سیاسەت. ئێمەش دەتوانین ئەم بوونە و ئەم ژن بوونە و ژێ-سیاسەتی لە دوو ڕوخساری ژانووسیدا بدۆزینەوە. ڕوخسارێک کە ستایشتی ژن بوون دەکات و ڕێز لە جەستەی خاوێن و بێگەردی  دەگرێت و بە فریشتە، ئازا، سەرکەش، خاوەنی متمانە بە خود و کارامە و لێهاتوو وەسفی دەکات یان بە ئۆبژەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش لەناو تەوەری مەیل و ویستەکانی سۆبژەدا. لە هەمان کاتدا ڕوخسارێکی تر کە بێبەزەییە و سزا و ئەشکەنجەی جەستەی تاوانبار و لادەری ئەخلاق دەدات و بە هەمان شێوە کە مێری داگلاس باسی لێ دەکات ئەو “جەستە  پیس”ه، کە لە بۆهۆنییەکان واتە یاسا و چوارچێوەی پاکداوێنی لای داوە، فرێ دەداتە دەرەوە و حوکم  دەدات کە دەبێ بکوژرێت یان ڕیسوا ببێت. ئەم دوو ڕوخسارە ژانووسییە چۆن پێکەوە کۆ بوونەوە؟ کامیان حەقیقەتە و کامیان مەجاز؟

blank
پەیکەری ژانووس لە مۆزخانەی ڤاتیکان

The Good Master, Good Slave

ئۆبژەی ژنی کورد لە هەمان کاتدا کە دەتوانێت ببێتە بابەتی ناسین و دیتنی سۆبژە، دەتوانێ پیشاندەری پێوەندییەکانی نێوان کەسەکانیش بێت و بنەمای پێوەندی و ڕەفتاری بەرانبەریان پێناسە بکات. فرۆید لە سەرەتادا، چەمکی ئۆبژەی لەناو پاڵنەرە غەریزییەکاندا و لەناو کۆنتێکستی پێوەندی دایک-منداڵ بەکار برد و پاشان ئەوەی گواستەوە بۆ زۆرێک لە پێوەندییە تاکی و کۆییەکان. لە ئێستادا دەتوانین باس لەو بەدواهات و پاشماوە دەروونی و فەرهەنگییانە بکەین کە لە ڕابردووە هەتا ئێستا بەجێماوە و ڕەفتارەکانی ئێستای تاکەکان دیاری دەکات و بە تایبەت لەسەر پێوەندیی نێوان ژن و پیاودا کاریگەریەتی دادەنێت. زۆرترین بارستایی وێنەکانی ژنی کورد کە بە تایبەت ڕوانگەی ناسیۆنالیستی پەسندی دەکات بریتییە لەم وێنانە کە ژنێکی کوردبوونی هەیە، جوانە، لەسەر بەرزایی شاخەکاندایە، لەناو ڕەشماڵ یان بە ئەسپێکەوەیە، خاوەنی متمانە بە خۆیە، خاوەنی داهاتی خۆیەتی، بێمنەتی پیاوه، پاک داوێنه، حیجابی هەڵبژاردەی خۆی هەیە، شێوازی ژیانی زۆرەملی نییە، ئازاد و ڕەهایە، خوێندەواره یان زیرەکە، پابەند بە ماڵ و منداڵە و لە ڕابردووە تا ئێستا جێی ستایشت و پێهەڵگوتن بووە. ئەم ئۆبژەیە ڕەگ و ڕیشەی لەناو مێژوودا هەیە و لە لایەکی تریشەوە بووەتە بەشێک لە ئەزموونی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئێمە و بەو شێوە کە یۆنگ خستوویەتییە بەر باس بەشێکن لە collective unconscious بە واتای نەست و ناوشیاریی گشتی ئێمە کە لای خۆمان و لای کەسانی تر کە دەمانبینێت یان ناومان دەبیستێت و بیرمان لێ دەکاتەوە، ئەگەر خۆشمان غایب بین، دیسان ئەو ئیماژانە  ئامادەن و پێناسەمان دەکەن. ئەمە ڕوخساری ژانووسی میهرەبان و پرەسەندوو، ڕوو لە داهاتووی ڕووناکە کە هەموو ماتێریاڵە خراپەکانی سەرکووت کردووە و شتەکانی لەناو دیسیپلینی خۆیدا کۆ کردووەتەوە. کاتێک دەمانهەوێ باس لە ژن -کوردبوون بکەین ئەم ئیماژانە ئەوەندە زۆرن و ئەوەندە بێخەوشن کە ئێمە دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر و بۆ گەلێک شوێنی جیاواز یارمەتی لێ بگرین. ئیماژەکانی ژنی کورد و بایۆسیاسەتی هەبوونی ئەو، لەم ڕوخسارە ژانووسییەدا هەموویان بێ هەزینەترین و جوانترین وێنەکان بەرهەم دەهێنێت کە بەدواهاتی سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی نییە و هیچ قەیرانێکی مەعریفی دروست ناکات و ئەو گشتە پارادۆکسانە پیشان نادات کە لەناو پێناسەکردن خودی ئۆبژە و پێوەندییەکانی نێوان ئەو و سۆبژەدا هەبوونی ئەو دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لێرەدا ئەم نواندنەوە دوو قاڵبی گشتی و قەبەی هەیە یەکەمیان دەڤەری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئۆبژەیە کە ئاخێندراوە بەم وێنانە و ڕۆژانە بەرهەم دێتەوە ئەوی تریشیان دەڤەری دەروونی و جیهانی ناوەکی نێوان ئەوانە کە دیسان لەژێر هێزی نواندنەوەدایە و سۆبژەیەکی گشتگیر و فرە ڕەهەند دروستی دەکاتەوە و ئایدیاڵ سازی کردووە. بەم شێوەیە کە خودی پیاو ناتوانێت ئامێرەکانی جۆرە ناسینێکی تر لای خۆی دەست بخات و ئەزموونی هاوبەش واتەshared experiences  لەگەڵ دیکەی پیاوەکاندا ئەم ئیماژانەیەکە کات-شوێن دەبەزێنێت و دەکرێ لە هەزاران ئەژماردا بەرهەم بێت. وێنەی تەشی ڕستن و منداڵ بەخێو کردن و هەنار دانکردن و کڵاش چنین و هەڵپەرکێی کوردی ئاوێتەی سانتیمانتالیزم و هاوکات لەگەڵ ئەوەدا پیشاندانی دوایین پرۆژەکانی ڕێکخراوەکانی تواناسازیی ئافرەتان، تەرخانکردنی بودجە بۆ سڕینەوەی جیاوازیی ڕەگەزیی لە ڕووکەشدا، پیشاندانی ئاستی متمانە بە خودی ژنان و نەبوونی توندوتیژی بە مێکەپکردنی میدیایی، پرۆژەکانی سێلێبریتیسازیی بە گشت لق و پۆکانییەوە، نمایشتکردنی ئێگزەجەرەی جەستەی ژنانە بە کامێرای واق وڕماویی پیاوانە، ڕاخستنی فەرشی سوور و دروستکردنی دەیان بۆنەی دەستکرد بۆ ئەو جەستانەی کە هێزی سێلیکۆن و نەشتەرگەریی جوانیمان نیشان دەدەن، ئەمانە گشتیی ئەو ئیماژانەن کە ژانووسی میهرەبان پیشانمان دەدات وێنەگەلێکی تازە کە پیشانی خۆمان و ئەوانی دی دەدات، ئەم وێنانە چ دەستکرد بن و چ  تایبەت بە جیهانێکی هاوتەریب، وەک پێشتر باس کرا، لەناو نەستی گشتیی ئێمەدا هاتوچۆ دەکات و بەتەواوەتی سۆبژە دەگەیەنێتە ترۆپکی چێژگرایی و کەمترین مەترسیی دروست دەکات.

ڕوانین بەم ڕوخسارەی ژانووس بۆ هەبوونی ژن و بایۆپۆلێتیکی ئەو، نموونەی لەناو دەقی ڕۆژهەڵاتناسەکاندا زۆرە کە لەسەر بناغەی کڵێشە، نیگای توریستی، تاکبێژیی، سیستمی دووانەسازیی، دروستکردنی خود-ئەوی دی پێک هاتووە. (ڕوانین بۆ ڕۆژهەڵتناسیی ئێدوارد سەعید، زانستی مەترسیدار، رۆژهەڵاتناسی و بەڵاکانی نووسینی ڕابێرت ئێروین). لێرەدا مەجالی ئەوە نییە و مەبەست کردنەوەی ئەو باسە قووڵ و زانستییەش نییە، ئەوەی پێویستمانە هێنانی چەند نموونەیەکە لەو جۆرە پێناسەکردن و پیشاندانی فیزیکی ژن کە تا ئێستاش بەرهەم دێتەوە و لە خوازراوترین وێنەکانە کە حەز دەکەین لە ئیمە بیبینن و خۆشمان بەردەوام ئاپدەیتی دەکەینەوە و نیشان خۆمانی دەدەینەوە. هەروەک

برۆگێش پۆلاک دەڵێت: ژنانی ڕەشماڵ و گوندەکان لەناو کورداندا بارودۆخێکی جیاوازیان بە نیسبەت ژنانی عەرەب و تورک هەیە، ئەوان دەموچاویان لە پیاوانێ بێگانە داناپۆشن و بە دیتنی ئەو پیاوانه ناشڵەژێن. هەروەها هێنری بایندێر دەڵێت “ئەوان زۆر جار لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ مێردەکانیان قسە و ڕاوێژ دەکەن تەنانەت کوڕەکان بە ناوی دایکیانەوە بانگ دەکەن”. بارۆن دۆبێدن لە سەفەرنامەکەیدا دەنووسێت: ئەو متمانەی کە بە پاک داوێنی ژنی کورد کراوە بووەتە هۆی ئەوەی کە پلە و پێگەی باش ببەخشرێتە ژنی کورد و کەسایەتیی خودی ژنەکانیش ئەم ڕێزەی بۆ خۆیان دابین کردووە و ئەمەش ژنی کوردی کردووە بە ڕەفیق و یارێکی باشتر بۆ پیاو”. سێرجان مالکۆلم لە ١٨٠١دا کاتێک  لە کرماشانەوە ڕێ دەکەوت بۆ وەسفی سەرۆکی عەشیرەی ماهی دەشت نووسیویەتی: ئەم سەرۆکە ژنێکی ئازا و بەهێز و پتەوە و نزیکەی پەنجا ساڵی دەبێت، دەسەڵاتدارە و بڕیاردەرە هەروەک کاترین ئیمپراتۆری ڕووسیا. کلارا کۆلیۆرایس، بەڵام لە کتێبی دابونەریتی ژیانی ژناندا ئەمە باس دەکات “ئەوان لە کاتی نەبوونی مێردەکانیاندا، میواندارییان دەکرد. ژنانی کورد داوێن پاکن بەڵام ئەگەر هەڵەیەکیان بکردایە دەکوژران”، لاپەرەی ٧٦. ژانووسی میهرەبان کە ڕوو لە داهاتوو و ڕووناکییە و درگاکانی کراوە بوو، لێرەوە ڕوخسارەکەی تری دەردەخات.

گرێی مەدۆنا 

لە ئێپیستمۆلۆژیی چەمکی فێمینیزمدا گەلێک گرنگە کە بزانین خودی پیاوانی ئەو کۆمەڵگە و بەستێن جوگرافیایی-مێژووییە چ ڕوانینێکیان هەیە سەبارەت بەو باسە. ڕوخساری باش و ڕووناکی ژانووسیمان گێڕایەوە بەڵام هەر ئەم ڕوخسارە ڕوومەتێکی تری هەیە کە تاریک و توند و بێبەزییە. ڕوانینێک کە ئەسیری گرێی مەدۆنایە و هەموو ژنەکان یان بە شێوەی سۆزانی دەبینێت یان فریشتە. بە لای ئەوەوە ئەگەر ژنەکان شیاوی ئەو مەدح و گێڕانەوە مێژووییانە نەبن کە باس کراوە کەواتە کەسانێکی بێبایەخن و شایستەی هیچ جۆرە ڕێزگرتنێک نین. لەم حاڵەتەدا لە پێگەیەکی پارانوئید-ئێسکیزۆئیدەوە دەڕوانن واتە Paranoid-Schizoid Status کە هەموو چەمکەکانیش دەخەنە خزمەت ئەم پۆلێنکارییانەوە .لای ئەوان ژنەکان یان شیاوی پێ هەڵگوتن و هاوسەنگی پیاوان و جێگەی متمانە و کاریگەریەتی دانانن یان وەک حەوا بە ڕەوایەتی تەورات، فریودەری پیاو و ساحیرە و لادەر و تێکشکێنی یاسا و دیسیپلینن. دەکرێ لە ڕوانگەیەلی پۆست مۆدێرنیستییەوە هەموو مرۆڤەکان بە هاووڵاتییانی یەک جیهان بزانین و سنوورەکان بە دەستکرد دانێین بەڵام لە ڕوانگەیەکی سیاسی و ڕیالیستییەوە ئەم هاووڵاتییانە لەژێر دەسەڵاتی پێوەندییەکانی سیاسەت-ئابووری و سیاسەت-کۆمەڵگەدان و کاریگەریەتی ئەم دەسەڵاتە ژێ-سیاسییەکانیان  دەگۆڕێت. فێمینیزمیش لە وەها پێناسەیەک لە وڵات و دەوڵەت-نەتەوەدا خۆی گەلێک جیاوازی و هەوڵ و ڕێکخراو سیستمی لێ دەبێتەوە. یووال دیویز و فلۆریا ئانیتاس، هەبوون و مانەوەی ژنانیان لەناو بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا بە پێنج شێوە دیاری کردووە: هۆکار و ژێدەری وەبەرهێنانی بایۆلۆژی ئەندامانی نەتەوە، هۆکاری وەبەرهێنانی سنووری نێوان گرووپەکانی ناونەتەوەیی، هۆکاری بەرهەمهێنان  و گواستنەوەی فەرهەنگی نەتەوەیی، پێوەری سەمبۆلیکی دژایەتییە نەتەوەییەکان و هەروەها بەشداری چالاک لەناو گرفت و کێشە نەتەوەییەکاندا.

هەر ئەم ڕوخسارە ڕوومەتێکی تری هەیە کە تاریک و توند و بێبەزییە. ڕوانینێک کە ئەسیری گرێی مەدۆنایە و هەموو ژنەکان یان بە شێوەی سۆزانی دەبینێت یان فریشتە

ناسیۆنالیزم هەر لە سەرەتاوە گوتارێکی جنسییەتی بووە و لە ناو ئەو بەستێنەدا دەخوێندرێتەوە. ئەم گوتارە پارادۆکسێکی بنەڕەتی لەگەڵدایە لە حالێکدا کە تیوریسیەنە پیاوەکان هەموو جیاوازییە جنسییەتیەکان لە بەرچاو ناگرن تەنها ئامانج لە وەدیهاتنی خواستی نەتەوەدا کۆ دەکەنەوە و نکۆڵی لە هەڵاواردن و سەرکوتکاریی جنسییەتی دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە ژنان لەناو بزووتنەوەکاندا هەر بەو شێوەیە کە ئاماژەی پێ درا هەڵگری بارێکی قورسی شوناس و نیشانە فەرهەنگییەکان و هێماکانی نەتەوەن و لادان لەم ئەرکانە هەر لەناو ئەو کۆنکرێتەدا سزا و بەدواهاتی پێناسە کراوە. وەک نموونە “اخلاص بسام”  ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵان کە کەمپەینیکی زۆر گەورە و بەدووسی ڕێکخست بۆ ئەوەی کە بتوانێت یارمەتیی زۆر و داهاتی ئابووریی باش دەست بخات بۆ گروپە دەرووزییەکان و خۆی کە نیشتەجێی نیۆیورک بوو لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری نێوان خاکی فەلەستین و ڕێژیمی ئیسرائیل لە لایەن براکەیەوە کوژرا. بۆ چی؟ چونکە وەک بیانییەکان تەنوورەی لەبەر کردبوو و هەروەها سووراوێکی تۆخی هەبوو، قاقا پێکەنیوە و هەموو بنەماڵەکەیانی سەرشۆڕ کردووە. بابەتی سەرنجڕاکێش ئەوە بووە کە نە ئەو بڕە پارە زۆرە کە “اخلاص” کۆی کردەوە گرینگ بوو نە ئەو ئەکت و وزە و ژێدەرە کۆمەڵایەتییە کە خستییە ناو ڕێکخراوێک. پیاوانی بنەماڵە و عەشیرەکەی هیچ کات قاتڵەکە کە براکەی “اخلاص” بووە ڕادەستی پۆلیسیان نەکرد و تەنانەت پشتی ئەو پیاوەیان گرت لە کوشنیدا و تەنها خوشکەکەی “اخلاص” تووشی ترۆما و شۆک بوو لەدوای مردنی خوشکەکەی، بەڵام دیکەی پیاوانی هۆز و عەشیرەت و خێزانەکەی هەستیان بە شانازی کرد. سەرۆکی خێزان وتی ئێمە دەبێ پارێزگاری لە  دابونەریت و عورف و یاساکانی کۆمەڵگە ۆ هۆزەکەمان بکەین ئەو ئیتر پێی لە هەموو بنەماکان درێژتر کردبوو سزاکەی مەرگ بوو. واتە ئەم عەشیرە و ئێتنیک  و بزووتنەوە سیاسییە بە تەواوەتی پشتی قاتڵی پیاو دەگرێت ئەگەر تەنانەت کوژراوەکە (ژن) سوود و قازانجێکی و دەسکەوتێکی زۆریشی بۆ ئەو کۆمەڵگەیە بووبێت. “اخلاص” ‌بە هێمای سووککردنی نەتەوەیی ئەژمار کرا و ئەم سووکایەتی و بچووککردنه واتە “Humiliation”  جێی  لێبوردن و بەخشینی تێدا نەبوو. لە کوشتنی “دوعا ئەسوەد خەلیل” کچێکی ئێزیدی کە عاشقی کوڕێکی موسڵمان بوو، دوو برا و دوو ئامۆزاکەی ئەویان لە پەناگەکەی دەرهێنا و لە مەیدانی ئاواییدا یەکەمین بەردەکانیان پێدا کێشا و دوای ئەوانیش دیکەی پیاوان و منداڵان و چەند ژنێک بەردبارانیان کرد، لەبەر ئەوەی بە باوەڕی ئەوان ئەم شەرمەزارییە جێی بەخشش نییە و دەبێ سزاکان بسەپێندرێت. هەروەها کوشتنی “ماریە” و ” فادیمە” و”بەناز” و چەندین ژنی دیکە لە ئەوروپا بە ناوی پاراستنی نامووس ئەوەمان پیشان دەدات کە هیچ شوێنێک بۆ ژنان ئەمن نییە و دەکرێ شوێنە جیاوازەکان ببنە قوربانگەی کوژراوەکان. بەپێی پۆلێنکارییەکەی دیویز و ئانیتاس ئەم ژنانە کە لە کۆنکرێتێکی ناسیۆنالیستیدا هۆکاری وەبەرهێنانی سنووری نێوان گرووپەکانی نێوان نەتەوەیی، هۆکاری بەرهەمهێنان و گواستنەوەی فەرهەنگی نەتەوەیین، نابێ سنوورەکان ببەزێنن و ئەو دیسیپلینە سەپاوە تووشی داڕووخان بکەن. 

کوبێنا مێرسێر (١٩٩٠) باس لە چەمکی “بارستایی قورسی نواندنەوە” دەکات کە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی شوناسە زۆرەملێکان. ئەم بارە قورسەش لەسەر شانی ژنانە کە دوو لایەنی تاکی و گشتی هەیە و بە هەڵگرانی سەمبۆلیکی شوناس و شەرەفی جەماعەتێک ناو دەبرێن.

لە بزووتنەوەی لاوانی هیتلەرخوازدا دوو وانە بۆ کچان و کوڕان داڕێژرابوو. بە کوڕانیان دەوت: “وەفادارانە بژین، ئازایانە شەڕ بکەن و بە پێکەنینەوە بمرن”.  بە کچانیش دەوترا: “بەوەفا بن، پاک بن و ئاڵمانی بن”. ئەرکی سەر شانی کوڕان ئەوە بوو کە ژیان و گیانیان بەخت بکەن بۆ نەتەوە و حزب بەڵام کچان پێویستیان بەمە نەبوو تەنها ئەوەی کە شوناسی نەتەوە بن بەس بوو. لە زۆربەی فەرهەنگەکاندا شەمایل و وێنەی ژنێک کە زۆر جار دایکە، دەبێتە سەمبۆلی نەتەوە و ڕۆحی جەماعەتێک. دایکی ڕووسیا، دایکی ئیرلەند، دایکی هیند و بگرە دایکانی تر. دەکرێ دایکی کوردیش بەم ناوانە زیاد بکرێت.

لەم بەستێنەدا دەتوانین باس لەوە بکەین کە ڕوانینی پیاوان بۆ ژنان و ڕوخساری سزادەری ژانووسی، ڕوانینێکی مازوخیزمی ئەخلاقییە، خودئازاردەرە بەرامبەر هەموو چەمکەکان و وینەکانی تایبەت بە ژن و بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێت کە  نمود و پێکهاتە و دەرکەوتەکان بگەڕێنێتەوە سەر جێگەی خۆی. وەک نموونە دەتوانین هەموو هەوڵەکانی پشت و بەرامبەری بزووتنەوەی “me too” یان نزیک بەوە ناو بەرین کە لە لایەن پیاوانەوە سەرکوت کرا. لە کەیسی “ک.ل” تاوانبار بە دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر بە کچان و ژنانێک کە هەر ئەوانە هاوکاری خۆی بوون لە پرۆژە توێژینەوەکانی تایبەت بە بواری مافەکانی ژنان، بینیمان کە تەنانەت بە هەبوونی لانی کەم پێنج شایەتحاڵ و قوربانی لەم کەیسەدا، ڕای گشتی، کۆر و کۆبوونەوە پیاوانەکان، چالاکانی ئەم بوارە ئامادە نەبوون تاوانی سۆبژە قبووڵ بکەن و بە هۆی لایەنگریی ناسیۆنالیستی لە تاوانبار هێرشیان کردە سەر قوربانییەکان و پاکانەی ئەخلاقییان بۆ تاوانبار کرد. من وەک نووسەری ئەم وتارە دەتوانم ئەوە بسەلمێنم کە لانی کەم یازدە کەس مامۆستای زانکۆ، پارێزەر، چالاکی مافی مرۆڤ، بەرپرسی ئەنیستیتۆ، ڕۆژنامەڤان و نووسەری پیاو، لەگەڵ من گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی کە ئەنگی تاوانبار لەسەر ئەو کەسە لا بچێت تەنها لەبەر ئەوەی پیاوێکی کوردە و لەناو ئێراندا نەشیاوە کوردان بەم باسە تاوانبار بکرێن و ئەمە سیناریۆی خودی حکوومەتە  کە ئەم کەسەی بەو ئاوەڵناوە ناحەزەوە پێناسە کردووە. ئیمە ئەو سوبژەی کە بەم شیوە ڕەفتار دەکات بە قوربانی کار واتە Sacrifier ناو دەبەین. سوبژە هەندێ جار تەنها یەک کەس یان یەک ژنە، هەندێ جار حەشیمەت و گروپ و خێزانێک. هێنری ئۆبێر و مارسێل موس لە پێناسەکردنی قوربانی و ژێ-سیاسەتی ئەودا، ئەوەمان پیشان دەدەن کە هەندێ جار ئەم قوربانییە نوێنەر و دەنگ و سەمبۆلی دیکەی قوربانییەکانە لەم بوارەدا. کەواتە ئەو پێنج کەسە لە دۆسییەی “ک. ا”دا ڕوخساری دیکەی قوربانییەکانن و ئێمە هەموومان بێپشت و پەنا و بە داخکردنی کۆمەڵایەتییەوە بەجێ هێشتووە و دەستی تاوانبارمان کردووە. ئەمەیە لایەنی دیکە ژانووسی ئێمە. لەبەر ئەوەی بەپێی گرێی مەدۆنا، پێمان وایە هەموو ژنەکان دەبێ پاکیزە بن و هەر کەس دوور بێت لەم یاسایە کەواتە سۆزانییە، حوکمی کوشتنی ئەو ژنە دەدەین و گەر نەتوانین بیکوژین، بە شێوەیەکی سەمبۆلیک دەیکوژین. دەچینە پشت دەستدرێژیکارەکە و بە حوکمی ناسیۆنالیزم هەموو قوربانییەکان دەمکووت دەکەین.

روو لە فرانکێنشتاین، دووبارە دروستکردنەوەی دێوەکان

سوننەتە فەرهەنگییەکان و دووبارەسازکردنەوەیان یان داتاشینی ئەم دابونەریتانە بەشێکی کۆنکرێتن لە توێژینەوە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان. لای ئێمە ئەم بابەتە دژە ژنانە هەموو کات لە ڕوخساری تازەدا خۆیان نیشان دەدەن. هەر وەک چۆن ئێرک هابسبام و ڕینجر و بە تایبەت هابسبام لە کتێبی “داهێنانی سوننەت(ترادیسیۆن)” باس لەوە دەکات کە زۆربەی دابونەریتەکان، جێژن و بۆنەکان بابەتگەلێک نین کە ڕاستەقینە بن بەڵکوو دەستکردن و هەر بەم شێوەیە دەکرێ سیاسەتگەلێک داڕێژین کە بۆ سەرکوتکاری و گوشار خستنەسەر ژنان بەکار دێن.

هابسبام سێ گروپ لە سوونەتە دەستکردەکان ناو دەبات: ئەو دەستە لە دابونەریتەکان کە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی یان بوون بە ئەندام لەناو گروپ و تاقم و دەستە ڕاستەکان یان دەستکردەکان دابین دەکات و سەمبۆلیکیان دەکاتەوە. دووهەم ئەو دەستە دابونەریتگەلە کە دامەزراوە، پلە و پێگە یان پێوەندییەکانی دەسەڵات تەئید دەکەن و ڕەوایەتی پێ دەبەخشن. سێهەم ئەو دەستە لە دابونەریتگەلەی کە مەبەستی سەرەکییان کۆمەڵ قبووڵکردن، پەسندکردنی باوەرەکان سیستمە بایەخییەکان و ئادابی ڕەفتارکردنه. ئەم سازکردنەوەی بایەخەکان میکانیزمێکە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تازە کە لە ڕوانگەی هابسبامەوە   دابونەریتگەلێکی دەستکردن کە لەگەڵ نەتەوە، ناسیۆنالیزم و دەوڵەت-نەتەوە و هەروەها گشت سەمبۆل و هێما نەتەوەیی و مێژووییەکان لە پێوەندییەکی قووڵ و بنەڕەتیدایە. ئێمە لە هەر سێ جۆرەکەیدا تووشی بەرهەم هاتنی قەبە و فرانکینشتاین ئاسا بووین. ڕوخساری ژانووسی کە سۆزانی بوونی ژنان وێنا دەکات و تووشی گرێی مەدۆنایە، باوەڕی بەوە هەیە کە دەبێ گشت نەریتەکان بە پاڵپشتی ناسیۆنالیزمی کوردی سەر لە نوێ بەرهەم بێنەوە. کەواتە ناتوانین بەوە دڵخۆش بین کە دێوەکانمان کوشتووە و ئیترهیچ سوننەتێکی فڕێدراو لەناو مێژوو بەدواماندا نایەت. هەموو ژنەکانیش لەم کاتانەدا ڕوو دەکەنە میکانیزمە پارێزەرییەکانیان و ئەو دابونەریت و ستراتێژییە تایبەتانە دادەڕێژن ک دەتوانێت بیانپارێزێت. لە کۆتاییدا ئاماژە بەو باسە گرنگەی کاترین مەک کینۆن دەدەم کە دەڵێت مێژووی پێوەندییەکانی نێوان ژنان و پیاوان هیچ شوبهە و تاریکاییەکی نییە بەڵکوو لەژێر گشت ئەم دەریا و بیابان و جەزر و مەد و تۆفان و وشکەساڵییانەدا یەک شت نەگۆڕ بووە ئەویش بە ئەسیرکردنی ژنان و زاڵبوونی پیاوانە. ڕیچارد ڕۆرتی باسەکەی بەم شێوە تەواو دەکات و منیش حەز دەکەم ئاوا کۆتایی پێ بێنم کە: گروپێک لە پیاوەکان کە ماسولکەکانیان تۆزێک گەورەتر بووە بۆ گروپێک لە ژنەکان کە ماسولکەکانیان تۆزیک بچووکتر بووە، خۆیان  نواندووە و لە خۆیان بایی بوون. هەر ئەمە و هیچی تر.