وانەکانی زارا

وزەی ناوەکیی زمان: وەک بەها، وەک ئامڕاز


وەختێک دەگەڕێینەوە بۆ ڕەچەڵەکی زمانانی دونیا و دەمانەوێت لە سەرەتای پێکهێنان و چۆنیەتی شکڵگرتنی زمانە نوێیەکان بکۆڵینەوە، ڕاستەوخۆ بەر کۆمەڵێک بۆچوونی دوور لە یەک و تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز و دژیەک دەکەوین، کە لە هیچ جێیەکدا بەئاسانی ناچنەوە سەر یەک و هیچ هاوشێوەبوونێک لە نێوانیاندا بەدی ناکرێت. فرەیی ئەم بۆچوونە دژیەکانە چەندە هۆکارێلی زانستی و زمانەوانی لەپشت بێت، دوو هێندە پەیوەستە بە هۆکارێلی ئەفسانەیی و دەمارگیری و ناشارەزاییەوە. تەنها ئەوەندە بەسە مرۆڤ بە دووی ڕەچەڵەکی زمانی یەکێک لە شارستانیەتە گەورەکانی دونیای کۆندا بگەڕێت، تا لە ڕێی ئەم گەڕانە سەرەتاییەوە زۆر بەئاسانی لەوە تێبگات کە بۆچی هۆکارێلی ئەفسانەیی و دەمارگیری بەسەر زۆرێک لە گێڕانەوە مێژووییەکاندا زاڵن. بۆ نموونە: کاتێک ئێمە دەمانەوێت لە پاشماوەی زمانێکی دێرینی وەک سۆمەری یان ئەکەدی بکۆڵینەوە، دەبینین بە دەیان نەتەوەی جیاواز بنەچەی زمانی ئێستای خۆیان بردووەتەوە سەر ئەو زمانە مردووانەی جیهان، بەبێ ئەوەی هیچ پێوەندییەکی زانستییانە و زمانەوانیی لە نێوانیاندا هەبێت. زۆر جار وشەیەک یان چەند وشەیەکی هاوواتا و نزیک لە یەک کراونەتە پێوەر و لێیەوە هەوڵیان داوە شکۆمەندیی ئێستای خۆیان لەسەر بنەمای شکۆمەندیی گەلانی دێرین بنیاتبنێن. ئەم بە زۆر پێوە لکاندنە، ناچارمان دەکات لە هۆکاری ئەو هەوڵە زۆروزەبەندانەی گەلانی نوێ ڕابمێنێن و بزانین کە بۆچی ئەمڕۆ لە سەرتاسەری دونیادا، بەشێکی گەورەی گەلە سەردەستەکان، نەک تەنها لەسەر ئاستی ئەکادیمی و هەوڵی تاکەکەسی، بەڵکوو لەسەر ئاستی دامودەزگاکانی دەوڵەت و سەرانی فەرمانڕەوایش کار بۆ ئەم بە زۆرپێوەلکاندنە دەکەن؟ ڕەنگە هۆکارەکان زۆر بن و لە چەندین ڕووەوە بشێت لێک بدرێنەوە، بەڵام ئەوەی مەبەستی  ئێمەیە لێرەدا زیاتر “بەهای زمان”ە. نەتەوە سەردەستەکان و فۆرمە کۆڵۆنییەکانی گەلان بۆ دەرخستنی هێز و گەورەیی مێژوویی خۆیان؛ بۆ سەلماندنی بوونی ژیارییانە لەنێو مێژوودا و سەپاندنی هەژموونی سیاسیی و کولتووریی؛ ناچارن پەنا ببەنە بەر ئەم ساختەکارییە مێژووییانە و ڕەگ و ڕیشەی زمانەکەیان ببەستنە ڕابردووی شکۆدارانەی گەلانی دیکەوە، لەو ڕێیەشەوە خۆیان وەک میراتگریی ژیارە کۆنەکان بناسێنن. لێرەوەیە کە فاشیزم دەخزێنرێتە نێو زمانی نەتەوە باڵادەستەکانەوە و خۆراک بۆ مانەوەی خۆی و درێژەدان بە حیکایەتەکانی، پەیدا دەکات. ئەم نەتەوانە لە بەهای زمان تێگەیشتوون و درکیان بەوە کردووە کە چەندە زمان بەئاسانی دەتوانێت بەها ببەخشێتە گەلان، یاخود بەپێچەوانەوە بەهایان لێ بسەنێتەوە. لەم نێوەندەدا ڕوونترین نموونەکان دەبێت لە خۆرهەڵاتەوە وەربگیرێن. نەک تەنها لەبەر ئەوەی خۆرهەڵات کانگای ئەم مۆدێلی بەزۆر پێوەلکاندنەوەیە؛ بەڵکوو لەبەر ئەوەی خۆرهەڵات ئێستاشی لەگەڵدا بێ ئیدامە بەم مۆدێلی بە زۆر پێوەلکاندنە دەدات و پرۆسێسێکی بەردەوامە لای، بە پێچەوانەی خۆراواوە کە لە ڕێی خودڕەخنەییەوە دەمێکە ڕێگری لەم ئیدامەدانە کراوە و تەنها لە جوغزێکی بچووکدا هێڵدراوەتەوە.
ئەگەر تەماشای نەخشەی سیاسی و مێژوویی و کولتووریی ئەم ناوچەیە بکەین، دەبینین دۆڵی دوو ئاوان و ئەنادۆڵ و ئێران، ناوەندی سەرەکیی ئەم بە زۆر پێوە لکاندنەن لە خۆرهەڵاتدا، بۆچی؟ چونکە  کۆنترین شارستانیەتەکانی مرۆڤایەتی لەم ناوچانەوە سەریان هەڵداوە و ململانێی گەلانی سەردەست و داگیرکەر لەگەڵ گەلانی بندەست و خاوەنە ڕەسەنەکانی خاک، تیایاندا گەیشتووەتە ترۆپک. پێش چوونە نێو باسکردن لە شێوازی ئەم ململانێیە، باشتر وایە لە واژەی خاوەنی شارستانیەتە کۆنەکانی خۆرهەڵات ورد ببینەوە، تاکوو ئاسانتر بتوانین مامەڵە لەگەڵ چەمکی “گەلانی بندەست”دا بکەین. هەڵبەت بۆ ئەمەش دەبێت دابەشکارییەک بکەین و خاوەنی شارستانیەتە کۆنەکان بکەینە دوو بەشی سەرەکییەوە:

یەک/ گەلانی لەناوچوو، زمانە مردووەکان:
بەشێکی زۆر لەو گەلانەی دونیای کۆن، کە خاوەنی شارستانیەت بوون لەم ناوچەیەدا، بە هۆکارێلی مێژوویی و سیاسی و جوگرافییەوە لە ئێستادا ناویان لە ناوندا نەماوە و زمانەکانیشیان وەک زمانی مردوو لێی دەڕوانرێت، کە تەنها وەک بەڵگەیەکی مێژوویی لە هەندێک ناوەندی ئەکادیمی جیهاندا دەخوێنرێن و هیچ ئاخێوەرێکیان نییە.

دوو/ گەلانی ژێردەستە، زمانە زیندووەکان:

ئەمانە کە لە بنیاتنەرانی شارستانیەتە دێرینەکانی جیهانن، بە هۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی مێژوویی و سیاسییەوە، هێز و هەژموونی شکۆدارانەی خۆیان لەدەست داوە و بوون بە ژێردەستەی ئەو گەلانەی کە لە جێیەکانی دیکەی جیهانەوە هاتوون و داگیریان کردوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زمانی ئەم گەلانە هێشتا لە ڕیزبەندی زمانە زیندووەکانی دونیادایە و سەرباری هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە سەریاندا هاتووە، هێشتا وەک زمانێکی سەربەخۆ و ڕامنەکراو ماونەتەوە.

دوای گۆڕانکارییە گەورەکانی مێژوو، هەر سێ ناوچەکە واتا (دۆڵی دووئاوان و ئێران و ئەنادۆڵ) کەوتنە ژێر دەستی سێ نەتەوەی نوێ (فارس، تورک، عەرەب) و ئەوان بوون بە سەردار تێیدا. ئەمان کە هاتن و ئاشنای ئەم ژیارە کۆنانە بوون، نەیانتوانی ئەو ڕاستییە پەسەند بکەن کە گەلانی ژێردەستە و دیلکراو، خاوەنی ئەو مێژووە دێرینەن، بۆیە کەوتنە گۆڕین و دەستکاریکردنی ڕاستییە مێژووییەکان و لەگەڵ دۆزینەوە شوێنەوارییەکانیشدا ئەم گۆڕانکارییانە گەیشتنە ترۆپک. عەرەبەکان هەموو ژیاری سۆمەر و  بابل و ئاشووریان کرد بە نێوی عەرەبەوە و فارسەکانیش تەوای ژیاری ئێرانیانی کۆنیان کرد بە نێوی خۆیانەوە، تورکەکانیش بە گەڕانەوە بۆ (تێزی تورک بۆ مێژوو) و ( تیۆریای زمانی خۆر) تەواوی ژیاری ئەنادۆڵیان کرد بە موڵکی خۆیان. ئەوەی ئەم سێ نەتەوەیە ویستیان، لێسەندنەوەی بەهای زمان و شارستانیەت بوو لە نەتەوە ژێردەستەکان و پێدانی بەهایەکی موزەیەف بوو بە مێژووییەکی دەستکرد و دەستکاریکراو. لەبری پێدانی مۆرک بە مێژووی چەند سەدەیەک، یاخود لە باشترین حاڵەتدا مێژووی دوای زایین، کەچی هەر بەوەوە نەوەستان و شۆڕ بوونەوە بۆ نێو مێژووی کۆن (مێژووی پێش زایین) و مۆرکی خۆیانیان لێدان.

زمان وەک ئامڕاز، زمان وەک بەها

زمان لە سادەترین پێناسەیدا ئامڕازی پەیوەندیکردنە، هۆکارێکە بۆ لێک تێگەیشتن و پەیوەندیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە. ئەم پێناسەیە تا ئەو ڕادەیە دەشێت هاوکۆک بین لەگەڵییدا، کە زمان وەک یەکەیەکی سەربەخۆ و بێمەترسی ببینێت و جگە لە سەیرکردنی وەک ئامڕازێک هیچ بەهایەکی دیکەی نەداتێ. بەڵام کاتێک دێینە نێو واقیعەوە و دۆخی ڕاستەقینەی زمانەکان دەبینین، دەبێت هەوڵی تێپەڕاندنی ئەم پێناسە سادەیە بدەین و ڕاستەوخۆ زمان وەک بەشێکی گرنک لە بوونی مرۆیی ببینین و چیدی نەتوانین هاوڕای لە سەددا سەدی ئەو پێناسە سادەیە بین. لە ڕاستیدا زمان بە تەنها ئامڕازێک نییە بۆ پەیوەندی و لێک تێگەیشتن؛ بەڵکوو بەشێکی سەرەکیشە لە بوونی مرۆڤ، کە یاریدەی دەدات لە ڕێگەیەوە ڕۆڵی مرۆیانەی خۆی لەنێو جیهاندا بگێڕێت و شکۆ و کەرامەتی خۆیشی پێوە گرێ بدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە، بۆ گەلانی سەردەست، کە هەوڵی دروستکردنی مێژووییەکی موزەیەف دەدەن، زمانی گەلانی بندەست دەبێتە گەورەترین مەترسی و وەک هەڕەشەیەکی گەورە تەماشای هەر جووڵەیەکی زمانییانەی ئەوان دەکەن.

دوایین نموونەی ئەم بە مەترسی بینینەش لە دۆسیەی “زارا محەمەدی“دا دەردەکەوێت. ئەو کچە کوردە خوێندەوار و ڕۆشنبیرەی، لە پای هەستکردنی بە قورسێتی بەهای زمان، هەوڵی دا منداڵانی نەتەوەکەی خۆی فێری زمانی کوردی بکات. ئەو چەکەی زارا دەستی دەداتێ، چەکێکی مەترسیدارە، چەکێکە کە لە توانایدایە گۆڕانکاری گەورە دروست بکات و درز بخاتە نێو دوا حیکایەتی ئەو مێژووە دەستکردەوە کە فارسەکان گێڕەرەوەی سەرەتا و کۆتایین. کاتێک زارا خەریکی خستنەگەڕی وزەی ناوەکیی زمانە، دەسەڵات لە تاران دەکەوێتە خۆی و زۆر بە زوویی ڕاپێچی زیندانی دەکات، چونکە پێی وایە زارا گێڕەرەوەی حیکایەتە دروستەکەیە، زیندووکەرەوەی مێژووییەکە کە تەنها بە زیندووبوونەوە و هەستانەوەی، غوبار و تۆزەکان بڵاوە پێ دەکات و دەبێتە جێگرەوەی مێژووییەکی موزەیەف و دروستکراو.
لە ڕاستیشدا ترس لە زارا؛ ترس لە زمانی زارا؛ ترسە لە بینینی ڕابردوو وەک ئەوەی کە هەیە، ئاخر هیچ شتێک هێندەی بینینی ڕابردووییەک وەک خۆی (نەک وەک ئەوەی ئەوان دەیانەوێ) ترس ناخاتە دڵی گەلانی سەردەستەوە. بەرگرتن لە زارا بەرگرتنە لە هەقیقەت، بەرگرتنە لەو بەشە داپۆشراوانەی نێو مێژووی ئێران، کە عەقڵییەتی ئێرانیزمی فارسی نایەوێت دەربکەوێت و هەتا پێی بکرێت دەیشارێتەوە. لە مەسەلەی زارادا، زمان بەتەنها خۆی لە هەمبەر مێژوودا دەوەستێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات و پەردە لەسەر ڕووی شاراوەی درۆکانی هەڵدەماڵێت. کە ئەمە وەستانێکە لە هیچ جێیەکی تردا مومکین نییە بەو شێوەیە بتوانرێت خۆی مانیفێست بکات، تەنها لەنێو زماندا نەبێت.
زارا دەبێتە نوێنەری ئەم خۆبەرجەستەکردنە؛ دەبێتە نوێنەری گەلێکی بندەست و ڕاستەوخۆ بە داگیرکەرەکەی دەڵێت: ئەوە بە تەنها ئێوە نین بتوانن لە بەهای زمان تێبگەن، بەڵکوو ئێمەش بەهای مرۆییانەی خۆمان بەستووەتەوە بە زمانەکەمانەوە و لێی حاڵین. بە واتایەکی تر بەهای زمان لای ئێمە بۆ دەرخستنی مێژووییەکی ڕاستەقینە و شاراوە و بایەخدارە، بە پێچەوانەی درککردنی ئێوەوە بۆ بەهای زمان، کە ئامانجتان داپۆشینی مێژووی ڕاستەقینە و چێکردنی مێژوویەکی ساختە و جێگرەوەی موزەیەفە. لای ئێمە ئامانج لە درککردنەکە نەهێشتنی ئەو داپۆشراوییە و هەڵماڵینێتی، تاکوو لێیەوە بەهای خۆمان بۆ هەمیشە بە بەرزی بهێڵینەوە.

دەربارەی هێزی زمان

لۆژیکی باو هەمیشە وای دەبینێت هێزی زمان و زیندووبوون و گەشەسەندنەکەی، پەیوەستە بە باڵادەستیی و بەهێزی و هەژموونی سیاسییانەی ئاخێوەرانییەوە. ئەمە لەو ڕووەوە تەواوە ئەگەر باس لە زمان بکەین وەک پێدراوێکی سیاسی و پەروەردەیی نێو سیستەمێکی ڕێکخراو، بەڵام ئایا ئەمە هەموو باسەکەیە؟ بێگومان نەخێر، سەرباری گرنگی پاڵپشتیی سیاسییانە بۆ زمان، هێشتا شوێنگەلێک هەن کە دەسەڵاتی سیاسی و زمان لێکدادەبڕن و سیاسەت دەستی پێیان ناگات. ئا لێرەدایە زمان ناچارە بەبێ ئەو پاڵپشتییەش و بەتەنها مانیفێستی خۆی بکات، ئەم خۆبەرجەستەکردنەش پێویستی بە هێزی زمانە. ئەی کەوایە زمان ئەم هێزه لە کوێوە دێنێت؟
لەناوەوەی زماندا وزەیەکی گەورە هەیە، ئەم وزە ناوەکییە کرۆکی زمان و هۆی مانەوەیەتی. ئەوەشی کە لە بەرزڕاگرتنی زماندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت، هیچ نییە لە گوڕوتینی ئەم وزە ناوەکییە زیاتر. گەلانی بندەست، دەتوانن لە ڕێی بەگەڕخستنی ئەم وزە ناوەکییەوە پارێزگاری لە بوونی سەربەستانەی خۆیان بکەن لەنێو جیهاندا، بە هۆی ئەم بەگەڕخستنەشەوە بەگژ هێزی زمانی داگیرکەردا بچنەوە. واتا لە کاتێکدا زمانی گەلانی سەردەست و داگیرکەر هێزی خۆی لە هەژموونێکی سیاسییانەی ڕووتەوە وەردەگرێت، ئەوا زمانی گەلانی بندەست هێزی خۆی لە بەگەڕخستنی وزە ناوەکییەکەیەوە وەردەگرێت. وەک چۆن وزەی ناوەکی دەتوانێت ببێتە هۆکاری بە زیندووهێشتنەوە و بەهێزکردنی زمانێک؛ ئاوهایش دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ خۆبەرجەستەکردنی ڕۆحی نەتەوە و ژیانەوەی گەلێکی بندەستیش.
ئەو هێزە ڕاچڵەکێنەرەی کە زمان هەیەتی، لە توانایدایە کۆدی زۆر کێشەی مێژوویی و هەنووکەیی بکاتەوە، کە کردنەوەیان ئەستەمە بە دوای خۆیدا شڵەژانی سیاسی و کولتووریی گەورە دروست نەکات. نەک تەنها لەبەر پێگەی وزەی ناوەکیی زمان، بەڵکوو لەبەر لەرزۆکیی و ناجێگیریی پایەکانی ژیارە هەڵتۆقیو و موزەیەفەکانیش، کە هەموو شکۆی خۆیان لە ڕابردوویەکی ساختەوە وەردەگرن. ئەوەی کە “خامنەیی” لە تاران یان “ئۆردۆگان” لە  ئەستەنبوڵ دەترسێنێت، بەتەنها هێزی زمانی کوردی نییە وەک بەڵگەیەک بۆ هەبوون و مانەوەی خاوەنی ڕاستەقینەی خاک و ژیار، بەڵکو لەرزۆکییەکیشه لە بونیاتی کولتووریی و ژیاریی ئەواندا وەک گەلێکی خۆسەپێن، کە بە درێژاییی چەندین سەدە هەوڵی دروستکردن و پێکەوەلکاندنیان داوە لەسەر بنەمایەکی نادروست و ناڕەوا. ئەوەی ئەوان کردوویانە چێکردنی خانوو بووە لەسەر داروپەردووی خەڵکانی دی. بۆیە بە هەر دەنگ و هەواڵێک کە بۆنی گەڕاندنەوەی خاوەن ماڵی لێ بێت، ئەمان ترس دەگاتە بینیان و بە هەموو هێزێکیانەوە بەگژیدا دەچنەوە. “موسا عەنتەر” لە هەموو کەسێک ڕوونتر بە دێڕێک ئەم ترسەی شی کردووەتەوە: (ئەگەر زمانی دایکی من بناغەی دەوڵەتەکەی تۆ دێنێتە لەرزە، کەواتە تۆ دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من بنیاتناوە). ئەم دەربڕینە بەتەنها خۆی، کۆی ئەو بیمارییە گشتییەی ژیاری هەڵتۆقیوی گەلانی سەردەستی خستووەتە ڕوو، کە ساڵانێکی زۆر ئەو گەلانە لە هەوڵی ساڕێژکردنیدا بوون.

کە زارا دەچێتە زیندان

هەمیشە دوای ئەو لەرزینە گەورانەی کە بە هۆی زمانەوە تووشی ژیارە هەڵتۆقیوەکان دێت، بینەری چەندین کاردانەوەی خێرا دەبین کە زیاتر وەک پەرچەکردارێکی هەرزەییانە دەردەکەون و ئامانج لێیان کپکردنەوە و نەهێشتنی کاریگەریی لەرزینە گەورەکەیە. چونکە دەوڵەتی گەلی سەردەست هەست دەکات خەریکە درز دەخرێتە پایەکانییەوە و وردە وردە جێ لەق دەکرێت، بۆیە بە هەموو هێزێکییەوە بەر بە دەنگدانەوەی ئەم لەرزینە مەترسیدارە دەگرێت. سەروەختێک لای کچێکی وەک زارا، زمان دەبێتە چەق و لەوێوە شەڕی سیستەمە داپڵۆسێنەرەکەی گەلی سەردەست دەکات، ئیدی نەک گومان دەخاتە سەر شەرعییەتی زمانی و ژیارییانەی فارسەکان، بەڵکوو گومان دەخاتە سەر کۆی پنتە سەرەکییەکانی حکومڕانی و کۆمەڵایەتیشیان. ڕوونیشە گومانکردن لە شتانێک کە ساڵانێکی زۆرە بە سیستماتیک کار بۆ جێگیرکردنیان وەک ڕاستییەکی نەگۆڕ کراوە، بێگومان بەبێ سزا و وا بەئاسانی بەسەر کەسدا تێناپەڕێت. زارا دەبرێتە بەردەم دادگا و سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، بە تاوانی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد! بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە کۆتایی چیرۆکەکەی زارا؟
خاڵێک کە نە کۆماری ئیسلامی ئێران و نە هیچ دەسەڵاتێکی دیکەی داپڵۆسێنەری دونیا لێی تێناگەن، ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە هیچ کات زیندان ناتوانێت پەیام و ڕاستییەکان بشارێتەوە و بەر بە هەقیقەت بگرێت؛ بەر بە حیکایەت و گێڕانەوە دروستەکان بگرێت. ئەوە ڕاستە کە زارا دەچێتە زیندان لە ڕووی فیزیکییەوە کۆتوبەند دەکرێت و ناتوانێت چیدی منداڵانی کورد ببینێت و فێری زمانیان بکات، لێ لەگەڵ خۆیدا زمانێک ئازاد دەکات کە پڕە لە وزەی ناوەکیی پرشنگدار و چ کات بۆی بلوێ دەتوانێت لەرزینی زۆر گەورەتر لەم لەرزینەی ئێستا بهێنێتە کایەوە. لەگەڵ “زارا”دا  ئیدی “زمانی کوردی”یش دەبێتە زمانی ئازادی، دەبێتە زمانی هەموو ئەوانەی خوازیاری دیتنی هەقیقەتن وەک خۆی؛ خوازیاری بینینی جوانین وەکوو خۆی. لە دوای “زارا”وە ئیدی کوردی دەبێتە زمانی هەموو ئەوانەش کە عەوداڵی ئازادین و شەڕی سەلماندنی بوونی مرۆییانەی خۆیان دەکەن لە هەمبەر واقیعێکی تاڵدا. زارا کە دەچێتە زیندانەوە بە پێکەنین و دڵخۆشبوونێکی عەجیبەوە دەچێ، چونکێ دەزانێت دیلبوونی ئەم، دیلبوونێکە لەپێناوی زماندا. ئەو دڵنیاییە لەوەی زمان سەرەکیترین بەشی بوونی مرۆییانەی ئەوە وەکوو کوردێک. زارا دەزانێت مرۆڤ بە دیلبوونی زمانی بەشێکی گەورەی ئازادییەکانی خۆیشی لەدەست دەدات و شکۆدارییەکەی نامێنێت، بۆیە دیلبوونی جەستە زۆر بە باشتر دەزانێت لە دیلبوونی هزر و زمان. بێ هیچ گومان و سڵەمینەوەیەک دەتوانین بڵێین ئازادبوونی مرۆڤ پێش هەموو شتێک بەندە بە ئازادبوونی زمانەکەیەوە. ئاخر ئازادی چییە جگە لە وتنی ئەو شتانەی کە دەتەوێت بیڵێیت، بەو زمانەی کە خۆت دەتەوێت.