ڕەسەنایەتى و بێماڵى

وەڵامێك بۆ بەڕێز نەوزاد جەمال

لە ناوەڕاستى مانگى سێپتێمبەرى ساڵى ڕابردوودا نووسەر و مامۆستاى زانكۆ “نەوزاد جەمال” وتارێكى بە ناونیشانى “سپینۆزا یان هیگڵ لە كوردستان؟” لە سایتى ژنەفتن بڵاو كردەوە كە تەنیا لەم دواییانەدا دەرفەتى تەواوم هەبوو كۆى وتارەكە بخوێنمەوە. لێرەدا ناوەڕۆك و كورتەى باسەكەى بۆ ئەو خوێنەرانە دەخەمە ڕوو كە وتارەكەیان نەخوێندووەتەوە، بۆ ئەوەى وێنایەكى گشتییان دەربارەى هەبێت:

ڕۆشنبیرانى كورد مشتومڕێكیان لە دەستى دووەوە، لە عەرەب و فارسەوە گواستۆتەوە بۆ نێو كایەى ڕۆشنبیریى ئێمە كە هیچ بنكێكى واقیعیى نییە. ئەم مشتومڕە لە بنەڕەتدا سەر بە فەزاى فیكرى فەرەنسییە و پتریش ململانێیە لەنێوان هێڵى هیگڵى و هێڵى سپینۆزاییدا؛ دیارترین نوێنەرى یەكەمیان ژیژەكە و دووەمیشیان دۆلوز. لاى ڕۆشنبیرانى فارس و عەرەب، بە پاڵنەرى مێژوویى و ناسیۆنالیستی خۆیان، گرنگییان بەم ڕەوتانە داوە، نووسەرانى كوردیش بێئەوەى لە پێویستى و گرنگیى خودى فەلسەفەكانیان و زەرورەتى ئایدیاكانیان بۆ كۆمەڵگەى ئێمە تێبگەن، وەك مۆدەى فیكرى دەیگوازنەوە بۆ نێو كایەى نووسینى كوردى. نموونەى دیارى مامۆستا نەوزاد، هیگڵە، كە گوایە، لەم ساڵانەى دواییدا لە كوردستان برەوى سەندووە و بووەتە مۆدەیەكى بەربڵاو.

نەوزاد جەمال

لێرەدا لەسەر سێ و چوار خاڵێك دەوەستم، سەرەتایش پێم باشە ئەوە ڕوون بكەمەوە من مامۆستا لە نزیكەوە دەناسم و لە ساڵانى پێشتردا چەند جارێك گفتوگۆمان كردووە؛ بۆیە لێكدانەوەى ئەم وەڵامە وەك ناكۆكى، یان نیازێك بۆ كەمكردنەوە لە بەهاى وتارەكەى ئەو، بەهەڵەداچوون یان بەهەڵەدابردنە.

١

ڕاستە ململانێیەكى لەم جۆرە لە فەرەنسا هەبووە و هێشتایش كاریگەرییەكانى ماوە، بەڵام لە كوردستان، بە پێچەوانەى بۆچوونى نەوزاد جەمالەوە، ئەو كارە كەم و هەندێجار كاڵوكرچانەى، لێرەو لەوێ، لەسەر هیگڵ و ژیژەك یان دۆلوز و سپینۆزا كراون، نەبوون بە مۆدەیەكى برەوسەندوو و هەژموونیشیان لەسەر كایەى نووسین نەكردووە. ڕەنگە نەك مانگانە، بەڵكوو هەفتانە لە هەر كوێیەكى دنیادا كار لەسەر ئەفڵاتوون، دیكارت، سپینۆزا، هیگڵ، كانت و نیچە بكرێت؛ ئەمە بەو مانایە نییە بوون بە مۆدە؛ نەخوازەڵا كە لاى ئێمە بەگشتى بزاوتى فیكر خاوە و بگرە كارێكى ئەوتۆ بەرهەم نەهاتووە؛ ئەوەى هەیە جموجووڵێكە كە چەند ساڵێكە دەستى پێ كردووە كە ئەگەرچى زۆر سیستەماتیك نییە، بەڵام شایەنى ئەوە نییە بە هەر ناوێكەوە بێت، پەڵپى پێ بگیرێت یان سەركوت بكرێت. بە مۆدەبوونى هیگڵ یان نیچە یان ژیژەك مایەى ترس نییە و فەلسەفە خۆى ئەو پۆتێنشیەڵەى تێدایە بەرەنگارى ئەو نوسخە پاتاڵانە ببێتەوە كە پۆپۆلیزم و عەوامپەسەندى پێكیان دێنن.

blank
هاوار محەمەد

٢

بەش بە حاڵى خۆم چەند ساڵێكە هەوڵم داوە هێڵێكى كاركردن بدۆزمەوە كە هەم لەدەرەوەى میراتى هیگڵى بێت و هەم ڕەخنەى هیگڵیزم و دیالەكتیك بكات؛ نەك وەك مامۆستا نەوزاد دەڵێ «ڕەخنە لە هیگڵ بەو مەبەستە بووە لە سەرچاوەى فیكرى هاوڕێكانیان بدەن» (هەرچەندە بەوردى نازانم مەبەستى لە ڕەخنەگر و ڕەخنەلێگیراو كێیە)، بەڵكوو لەبەر ئەوەى كێشەى گەورە و بگرە مەترسیدار لە هیگڵیزم و دیالەكتیكەیدا هەن؛ لەوانە بەربەستكردنى فیكرى ئازاد، دەوڵەتخوازى، تۆتاڵێتى و تۆتالیتاریزم، سەركوتكردنى “ئەوی تر”. ئەم هێڵە دەرە دیالەكتیكە چەند ناوێكى هەیە: ئەندێشەى دەرەوە (بلانشۆ و فوكۆ)، ئەوی ترخوازى/ئەندێشەى ناكۆتا (لێڤیناس)، نۆمادیزم (دۆلوز و گواتارى)، كۆسمۆپۆلیتانیزم (دێریدا). گەر ئەم ڕەخنەیە دەروونشیكارییش بگرێتەوە ئەوا لەبەر ئەوەیە كە شرۆڤەكەى كۆژێف بۆ پرسى ئارەزوو لاى هیگڵ، بنچینەى سەرەكیى تێزی ئارەزووە لای لاكان-ژیژەك؛ هەروەها لەبەر ئەوەیە كە ڕوانگەى دەروونشیكاریى بۆ ئوبێكتیى بنەڕەتیى لەدەستچوو وەك داینەمۆى ئارەزوو، لە جەوهەردا هەمان پرسى “فیردەوسى لەدەستچوو”ە؛ بە مانایەكی تر، دەروونشیكارى تەنیا تیۆلۆژیایەكى بۆیاخ كراوە كە بە شێوەیەكى ڕواڵەتیى دژ بە ئەسڵى خۆی ڕادەپەڕێت، ئەوپەڕەكەی دەیەوێت وەك ئۆدیپ باوكى خۆى (تیۆلۆژیا) بكوژێت بۆ ئەوەى بۆ ئەبەد پیرۆزى بكات؛ لەبەر ئەوەیە دەروونشیكارى بەردەوام بە چەمكە نێگەتیڤەكانى وەكوو نوقسانى، خەسان، دزین، تاوان، سزا شرۆڤە دەكات. بەڵام وەك لێڤیناس دەڵێت، ئەوەى لە دەروونشیكاریدا هەیە ئارەزوو نییە، بەڵكوو هەڵلووشینێكى ئیگۆیستییە، دۆلوزیش لای وایە ئەوەى دەروونشیكارى بە ئارەزووى داناوە، پتر چێژ و تێر(نە)بوونە.

٣

ئەم هێڵە دەرە-هیگڵییە لە كیركەگاردەوە هەتا ئەنتۆنیۆ نێگرى درێژ دەبێتەوە؛ لەو نێوانەدا بە شێوەیەكى سەرەكی، نیچە، ئاڵتوسێرى دووەم قۆناغ، لێڤیناس، فوكۆ، دۆلوز، بلانشۆ، نانسى، دێریدا، بۆدریار و ئاگامبێن هەن. بەراورد بە هەموویان فیكرى نانسى-دێریدا هێشتا مەیل و ڕیشاڵگەلى هیگڵییانەى دژ بە هیگڵ تێدایە. ئاگامبێن گەرچى ڕاستەوخۆ لەنێو مشتومڕەكەدا نییە، بەڵام بەگوێرەى بەكارهێنانى نا-دیالەكتیكییانەى دوالیزمەكان لە زۆربەى بەرهەمەكانیدا، بەتایبەت لە زنجیرەكانى هۆمۆساكەردا، هەروەها ڕەخنەكەى لە ڕوانگەى فرۆید لە بەرگى یەكەمى هەمان زنجیرەدا سەبارەت بە چەمكى “ساكەر”، پۆتێنشیەڵى گەورەى دژە هیگڵیى و دەروونشیكاریى تێدا دەبینینەوە. بەڵام ئەوەى كە بە شێوەیەكى كاریگەر و بەهێز دژە هیگڵى و دژە فرۆیدییە، میراتى نیچەیى-دۆلوزى (یان بەپێچەوانەوە باشترە: دۆلوزى-نیچەیى)ـەو تەنانەت خودى سپینۆزایش لەنێو ڕوانگە دۆلوزییەكەدا دەكرێت هەموو لۆچە نا-دیالەكتیكییەكانى بكرێنەوە. وەختێك فیكرى ئەم بیرمەندانە لە سیاقێكى تایبەتى خۆماندا بە یەك دەگەیەنین، كەواتە ئێمە هێڵێكى پێچاوپێچ دەكێشین، یان باشترە بڵێین تۆڕێك لە چەمك و تێزى جیاوازى ئەو فەیلەسوفانە بە یەكدا دەچنین كە لەگەڵ یەكتریدا دەیانخەینە وتووێژەوە، تەنانەت ئەگەر خواستى خودى فەیلەسوفەكەیشى لەسەر بێت؛ بەڵام ئیمە لە بارتەوە فێر بووین دانەر [نووسەر/ موئەلیف] دوایین كەسە مافى هەبێت خۆى بە خاوەنى بەرهەمەكەى بزانێت. ئەم كاركردنە لە هێڵ-تۆڕدا لەو چەقبەستنە ڕزگارمان دەكات كە خۆمان سەر بە فەیلەسوفێك حیساب بكەین (كە ئەمە ڕەخنەى نەوزاد جەمالیشە) و هاوكات ئەو گشتخوازییە كایۆسییەش لە بەها دەخات كە بڵێین هەموو فەیلەسوفەكان وەك یەك گرنگن (كە هەمان كایۆسى نێو وتارەكەى مامۆستا نەوزادە). بێگومان خۆ-نووساندن بە فەیلەسوفێكەوە زیان لە فیكرى كەسێك دەدات كە بیەوێت لەنێو فەلسەفەدا كار بكات، بەڵام هەركەسیش بە گوێرەى ئەو دۆزەى كە هەیەتى، هەندێك فەیلەسوفى لە هەندێكى دیكە بۆ گرنگترە. خۆ گەر ئەمەیش نەبێت، هێشتا تواناى هەر كەس بەشى ئەوە ناكات كار لەسەر هەموو میراتى فەلسەفى بكات، بۆیە دۆزینەوەى هێڵى كاركردن زەروورە و هەركەسیش دەتوانێت تۆڕى خۆى، بەیەكگەیشتنەكانى خۆى لەنێو تێزى فەیلەسوفانى نزیك لە یەك و جیاوازدا دروست بكات و ویستەكەیشى بۆ برەودان بە هەندێك تێز و ئایدیا پەیوەستە بە بوارى بایەخدان و هەڵوێستە تیاژیانییەكانییەوە.

٤

مامۆستا نەوزاد دەڵێت: «ڕووناكبیر و ڕۆشنبیرى ئێمە دەرهاویشتەیەكى مۆدێرنن، بۆیە بە “زۆڵەكانى مۆدێرنە” ناوم بردوون، چونكە باوانیان دەچێتە سەر دەرەوەیان. لەوێوە شتێك دەهێننە كایەى نووسینى كوردییەوە بێ ئەوەى پرسیار بكات لە پێویستى و گرنگییەگەى. بەم هۆیە خۆیان دەكەنە خاوەنى و دەبنە باوكێكى مەعریفى لە پانتایی ڕووناكبیریدا…» (كۆتەیشنەكەم بە هەمان ڕێنووسى خۆیەوە گواستۆتەوە). ئەمە یەكەمجار نییە ڕۆشنبیرانى دواى ڕاپەڕین تاوەكوو بە نەوەى گەنجى ئێستاى نێو كایەى ڕۆشنبیریى دەگات، وەك توانج بە “زۆڵ” ناو دەبرێن. پێشتر لە سەرەتاى دوو هەزارەكاندا، فارووق ڕەفیق لە كتێبى “ماڵێكى لێكترازاو”دا هاونەوەكانى خۆى بە “زۆڵ” و “بێئەسڵ و فەسڵ” ناو برد، گوایە ئەم زۆڵانە پشتیان لە باوكە ڕۆژهەڵاتییەكانى خۆیان كردووە و بە فەلسەفەى باوككوشتەى ئەوروپییەوە خەریكن، كە پۆستمۆدێرنیزم نەوە نوێیەكەیەتى. بە پێچەوانەى ئەم ڕوانگە “باوكخواز” و “باوككوژ”ـەوە، كە هەردووكیان تەواوكەرى یەكترن، باستاردیزم ڕێك ئەو شتەیە كە دەبێت ستایش بكرێت. ئەوەى لە باستاریزمدا گرنگە ئەوەیە كە زۆڵەكان كۆى تێزە پارمێندییەكە و ئەفسانە ئۆدیپییەكە پێكەوە وەلا دەنێن؛ واتە باوك و ئۆدیپ لە یەك كاتدا. نە ئەو كات فاروق و نە ئێستایش مامۆستا نەوزاد لە چەمكێكى گرنگ و فەلسەفیى وەكو “زۆڵ” تێنەگەیشتوون.

٥

گوایە دەبێت تەنیا لە ماڵى خۆمانەوە فیكر بەرهەم بهێنین؟ یەكەمین وەڵام كە ئەمە ڕەت دەكاتەوە لەسەر پرسى نوقسانى دامەزراوە: كەمى مەعریفە یان هەژاریى فیكرى لە كوردستان. چۆن ئەو هەژارییە ڕەبەقەى وا ئێمە لە فیكردا هەمانە، دەمانكات بە كۆمەڵگەیەكى خۆ-بەسى ئەوتۆ كە پێویستیمان بە فەلسەفەى ئەوانی تر نەبێت؟ نەوزاد جەمال و چەند نووسەرێكى دیكە، بەپێچەوانەوە، لایان وایە بەرهەمەكانى باوكانى فیكری كوردى، لەوانە حاجى قادر و گۆران و مەسعود محەمەد، هێندە بەخشندەن كە چیتر پێویست نییە هیچ فیكرێكى موعەلەب هاوردە بكەین. ئێمە دەبێت ڕەسەنایەتى كەشف بكەینەوە و دەستى پێوە بگرین، دواجار كەلەپوور لە مۆدێرنە بۆ ئێمە گرنگترە. ئەم باسى “نوێگەرى” و “كەلەپوور”ە لەنێو فیكرى عەرەبیى حەفتا و هەشتاكاندا مشتومڕى گەرمى نایەوە. ئێستا ئیتر پرسەكە ئەمانە نین، “نوێكردنەوەى كەلەپوور”یش نییە؛ پتر ئەوەیە چۆن فیكرى ڕۆژئاوا دەرگیرى خۆمان بكەین تاوەكوو خۆمان تێپەڕێنین؛ چۆن دەرەوە پەستان بخاتە سەر ناوەوە تاوەكوو ناوەوەیش ئیمكانەكانى خۆى بۆ سەرتر ئاوەڵا بكات. لە ڕاستیدا تێزى نوقسانى، گەرچى تا ڕادەیەك دەرهەق بە ئێمە واقیعییە، بەڵام لاوازییشە؛ چونكە نەك تەنیا ئەو كۆمەڵگایانەى كە نوقسانى مەعریفییان هەیە، بەڵكوو هیچ میللەتێكى زیندوو، كە میراتى گەورەى فیكریشى هەیە، ئەم لافى “خۆمانە”ییەى هەندێ لە نووسەرانى كورد لێ نادات. فەلسەفەى فەرەنسى بەقووڵى و هەمەڕەنگیى خۆیەوە هەرگیز ناڵێت با دەست لە فەلسەفەى ئەڵمانى هەڵبگرین و بەسەر خۆماندا دابخرێین؛ هەر فەیلەسوفێكى ئەڵمانیش لایەنی كەم جارێك بە فەرەنسادا نەگێڕدرێت و ورد نەكرێتەوە، تا ڕادەیەكى زۆر ئەبستراكت و نەخوێنراو (لە ئاستى جیهانیدا) دەمێنێتەوە. ئەمە تەنیا لە ئەوروپادا قەتیس نابێت؛ فیكرى ئەوروپى، وێڕاى دەوڵەمەندییە هەرە زۆرەكەى و وێڕاى سەنتەرگەراییەكەى، بەردەوام توخمگەلى فەلسەفەى هیندى، عیرفانى ڕۆژهەڵاتى، فەلسەفەى ئیسلامى، ماویزمى لە تاقمى تیۆریى خۆیدا داڕشتووەتەوە. فیكرى ژاپۆنى و چینى (كە خۆیان زەمینەى زەینى و عەینییان هەیە) زیاتر لە هەشتا ساڵە بایەخێكى تەواو بە فەلسەفەى ئەوروپى دەدەن. گەر وابێ، دژە-ئەرگومێنتەكەى مامۆستا نەوزاد تەنیا ئەوە نییە كە ئێمە “فەلسەفەى كوردى”ـمان نییە و بەبێ كۆمەكى فەلسەفەى ڕۆژئاوایى ناتوانین شتێكى جددیش بنیات بنێین؛ ڕەنگە وا باشتر بێت پرسەكە لەدەرەوەى نوقسانى-خودكەفایى، هەژارى-دەوڵەمەندى، پێویستى-پێرفێكتى بخوێنینەوە. دەبێت ئەوەیش وەك بەڵگەنەویست وەربگرین كە هیچ فیكرێك دووجار وەك خۆى بەرهەم نایەتەوە؛ نایشتوانین بە سیاقەوە فیكرى غەربى بگوازینەوە؛ كەواتە وەك خۆى نابێتە بەشێك لە ئۆنتۆلۆژیاى ئێمە. ئەگەر لە ئۆنتۆلۆژیاى خۆیشماندا بوەستین ئەوا لە باشترین حاڵەتدا “فیكرى كوردەوارى”ـمان دەبێت كە ڕەنگە مەسعود محەمەد ڕۆحەكەى بنوێنێتەوە.

زۆڵ نە كوڕى ڕەسەنە و نە هەڵگیراوەیەكى نێو قوتوو بۆ خێزانێكى نەزۆك، بەڵكوو بەرهەمى بە یەك گەیشتنێكە، گەرچى ڕەت دەكرێتەوە، بەڵام مەرج نییە ڕاستەقینە نەبێت

٦

كەواتە بەگوێرەی دووانەى خۆبەسێتى-نەقس یان فیكرمان هێندە دەوڵەمەندە پێویستمان بە فیكرى غەیر و غەربنییە؛ یانیش هێندە هەژار و نوقسانە دەبێت بە پەلەپروزە فریاكەوین شتێك لە بەرهەمهێنراوەكانى هاوردەى بكەین. یەكەمیان منداڵى ڕەسەن دەخاتەوە و دووەمیان منداڵى تەبەنیكراو (یان دزراو) دەهێنێت. نەوزاد جەمال بووەتە نوێنەرى ڕوانگەى یەكەمیان بۆ ڕەخنەى دووەمیان كە گواستنەوەیەكى ڕووتە و پتر لە فەزاى بەرلین یان پاریسدا دەسووڕێتەوە. بەڵام دوو نەنگى لە وتارەكەى مامۆستادا هەیە كە بەهاى ڕەخنەكەییان تا دوا ڕادە لاواز كردووە: یەكەمیان، پێ بزانێ یان نا، ئەو لەوێدا خۆى نووساندووە بە فەندەمێنتاڵیزمێكى دژە-مۆدێرنیزمەوە كە پتر لەوەى ڕەخنەى مۆدێرنیزم بێن لە نەریت، دەستگرتنە بە ڕەسەنایەتى، بە پێش-مۆدێرنیزم و بە میراتى باووباپیرانەوە. دووەمیان، بە خراپى چەمكاندنەكەى كردووە، واتە لەبرى ڕەخنەى فیكرى هاوردەكراوى بێ تیۆریزە، ڕەخنە لە فیكرى زۆڵ دەگرێت. بۆیە ڕەخنەكەى بەرەو ڕەتكردنەوەى شتێك ملى ناوە كە لە ڕاستیدا خۆى ڕەخنەى بنەڕەتییە لە هەردوو ڕوانگەکە. منداڵى زۆڵ لەدەرەوەی دیالەكتیكى نەقس/خۆبەسێتى، خۆمانە/بێگانەیە. زۆڵ نە كوڕى ڕەسەنە و نە هەڵگیراوەیەكى نێو قوتوو بۆ خێزانێكى نەزۆك، بەڵكوو بەرهەمى بە یەك گەیشتنێكە، گەرچى ڕەت دەكرێتەوە، بەڵام مەرج نییە ڕاستەقینە نەبێت؛ ڕووداوێكە لە كەتنێك، ڕێكەوتێك، چێژێكەوە ڕوو دەدات و خۆى دەسەپێنێت؛ زۆڵ ناچێتە درەختى بنەماڵەوە و كەسیش ناتوانێت بیگرێتە خۆى، لەبەر ئەوە گەڕۆكێكى كۆڵاننشینـە و لە بەردەرگاى هەر كەسێكدایە. لێرەوە ئیمكانى مافە گشتییەكان ئاوەڵا دەكات و پرەنسیپەكەى دەسەپێنێت. فیكرى باستارد گەر باستاردیش نەبێت خۆى دەكات بە باستارد و ماڵ بۆ ماڵێكى تر ماڵ جێ دەهێڵێت، چونكە سروشتێكى نۆمادیى هەیە كە بە قەولى بلانشۆ نەك بۆ هەمیشە لە نشینگە و سرەوت بێبەشە، بەڵكوو جۆرێك نیشتنەجێبوونە كە خۆى نابەستێتەوە بە شوێنێكى دیاریكراوەوە؛ لەبەر ئەوە، وەختێك كە هیچ نیشتمانێكى نییە، جیهان نیشتمانییەتى، كەواتە كۆسمۆپۆلیتانە؛ بەم مانایە گەرچى خۆى بە نا-شەرعى هاتووە و ماف نایگرێتەوە، بەڵام خودى ئەم بێمافییە، كە بێماڵییە، هێزى ئەوەى پێداوە هەر شوێنێك بكات بە ماڵ. بۆیە بەزاندنى سنوورى شەرعى ناشەرعى نییە. لە ئەڵمانیا یەكێك لە گرنگترین دروشمەكانی كۆسمۆپۆلیتانەكان بۆ پشتگیریى پەنابەران ئەمەیە:kein mensch ist illegal، واتە هیچ كەس، هیچ هاتوویەك، هیچ پەنابەرێك نا-یاسایى نییە. بە هەمان شێوە فیكرى كۆسمۆپۆلیتان، گەر لە بەرامبەر ڕەسەنایەتیدا نا-شەرعییش بنوێنێت، ناشەرعى نییە. وێڕاى ئەمە، بیركردنەوەى كۆسمۆپۆلیتانی هێندە گشتیى نییە كە هەموو شتەكان لە یەك یەكێتیدا كۆ بكاتەوە، هێندەیش ناوچەیى نییە كە بۆ شوێنێكى دیكە بە هیچ كلۆجێك دەست نەدات؛ كۆسمۆپۆلیتانیزم لەدەرەوەى دیالەكتیكى گشت/بەش، گەردوونى/لۆكاڵییە. بە بڕوای سەیلا بنحەبیب Kosmopolitansmus لەوێدا گرنگە كە لەبرى Kosmos-polis[هاوشارىیان هاونیشتمانى] بێت، Kosmos-politesـە [هاووڵاتیى جیهانى]ـیە؛ بەڵام لەبرى ئەوەى یەك-جیهانییش بێت، هاو-جیهانییە. لەبەر ئەوە تەنیا ئەو كاتە Kosmos لە ماناى Univers نزیك دەبیتەوە كە ئەمەى دووەمیان خۆى Kosmos بێت، بەم پێیە دەبێت گەردوونگەرایى لە مانا تۆتاڵییەكەى جودا بكەینەوە و لە another Universalismـدا دایبڕێژینەوە كە مافى مرۆڤە وەك غەریبە، وەك سەروو-هاووڵاتى. لەمەیش گرنگتر ئەمەیە: كۆسمۆپۆلیتانیزم ناكۆكە لەگەڵ Globalismusـدا كە هاوكات جیهانگیرى و پارچەپارچەكردنە لە دنیاى نیولیبراڵدا. كۆسمۆپۆلیتانیزم بەو مانایە نییە كەسێكى خێڵەكى لە ناوەڕاستى لەندەندا بانگەشە بۆ خێڵەكەى بكات و نەریتەكانى بسەپێنێت. زەینێك تەنیا ئەو كاتە دەتوانێت ببێت بە كۆسمۆپۆلیتان كە پێش هەموو شتێك دەستبەردارى هاوخێڵى، هاومەزهەبى، دەمارگیریى نەتەوەیى و هی تر بووبێت؛ یان لایەنی كەم بەگوێرەى بنەما ئەخلاقییەكەى كانت وەها شوناسى خۆى داڕشتبێتەوە كە بشێت ببێت بە بنەمایەكى جیهانى.

٧

نەوزاد جەمال دەڵێت: «لە لایەكی ترەوە زاڵبوونى فەلسەفەى فەرەنسى بەسەر “فەزاى فەلسەفیى كوردیدا”، ئەگەر ئەو دەربڕینە شیاو و ڕاست بێت، بەشێكى دەگەڕێتەوە بۆ شوێنكەوتنى مۆدەباویى لە ڕووناكبیریی و نووسینى كوردیدا»… (كۆتەیشنەكەم بە هەمان ڕێنووسى خۆیەوە گواستۆتەوە). ئەم پەرەگرافەى وتارەكەى مامۆستا، جگە لەوەى بەتەواوى لێكدژە لەگەڵ ناوەڕۆكى وتارەكەیدا كە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هیگڵى ئەڵمانى، بەتایبەتى لە تەفسیرە ژیژەكییەکەیدا، هەژموونى لەسەر ناوەندى ڕۆشنبیرییمان كردووە و ئینجا لەناكاو دان بەوەدا دەنێت كە فەلسەفەى فەرەنسى زاڵ بووە بەسەر “فەزاى فەلسەفى كوردیدا” (بە دەربڕینى ئەو)، گەر هى كەسێك بووایە هیچ لە فەلسەفەى فەرەنسى نەزانێت، مایەى سەرسوڕمان نەدەبوو، بەڵام سەیر ئەوەیە مامۆستا ئەم فەلسەفەیە دەناسێت و كاریشى تێدا كردووە. من لە وتارێكى تردا ئاماژەیەكم بەوە داوە كە بۆچى فەلسەفەى فەرەنسى بۆ ئێمە گرنگە و لێرەدا هیچى لەسەر ناڵێم، لەبرى ئەوە بە پرسى “مۆدەباوى”ى كۆتایى پێ دێنم. پێنج شەش ساڵ لەمەوبەر مەریوان وریا قانع لەو وتارەیدا كە دەربارەى ژیژەك نووسى، ئەوى بە زاراوەگەلى وەك “ماركە” و “مۆدە” وەسف كرد؛ ئێستا نەوزاد جەمال بۆ فەلسەفەى فەرەنسى هەمان زاراوە بەكار دەهێنێتەوە، بەڵام ئەمە پۆینتەكە نییە. كێشەكە لە خودى زاراوەى “مۆدەباوى”ـدایە بەو جۆرەى لە وتارەكەى مامۆستادا هەیە، كە لە ڕاستیدا كەمترە لە مۆدە. “مۆدە”، “باو”، “فاشن” ڕیكلام و دەركەوتنن لە میدیا و سۆسیال میدیادا، واتە بەرهەمهێنانى زڕەوێنەى زۆر بۆ برەوى بازاڕدارى یان شتێك بچیتە خزمەتى بازاڕەوە، ئەمە لە ئاستى كەسەكاندا ئەستێرەسازیشى پێ دەوترێت. گەر بشێت ئەم زاراوەیە بۆ ژیژەك بەكار بهێنرێت بەو پێیەی زیاتر لەوانی تر لە میدیا و تەلەڤزیۆن و شاشەكاندا دەردەكەوێت، ئەوا دەیان فەیلەسوفى گەورەى نێو فیكرى فەرەنسى هەن خۆیان لەوە پاراستووە ببنە مۆدە و باو. ئەوانە نەك تەنیا لە میدیاكاندا، بەڵكوو لە كۆنفرانس و كۆبوونەوەكانیشدا بە دەگمەن حەوسەڵەى دەركەوتنیان هەبوو، لەوانە بلانشۆ و دۆلوز. جگە لەمەیش، شتێكى وەك ئەو ئەستێرەسازى و مۆدەباوییەى فیكر لە كوردستاندا بوونى نییە. فیكر هیچ لۆبییەكى گەورەى نییە، لەنێو سەرمایەگوزاریى گەورەدا نییە، تەنانەت لە ئاستە ڕووكەشى و میدیاییەكەیشیدا بایەخێكى ئەوتۆى پێ نادرێت؛ بەدبەختانە یان خۆشبەختانە لە وڵاتى وەك ئێمەدا فیكر تواناى ئەوەى نییە ببێتە “كاڵا”ـیش، چونكە “وشك” و “ئاڵۆز”ە و جگە لە هەندێ خەڵكى “فاشیل” كەس “تاقەت”ـى ئەو بابەتە “ناخۆش”ـانەى نییە. ئەم زاراوانەم بە هەمان شێوە سەتحى و عەوامییەكەى خۆى بەكار هێنایەوە، تاوەكوو ئەوە پیشان بدەم كە بەگشتى فەلسەفە لاى ئێمە نەبووەتە بەشێك لە كایەى ئینتەرتەیمێنت. ئەوەى مامۆستا ناوى دەنێت “مۆدەباوى” هەوڵى خۆبەخشانەى هەندێك گەنجە لە سۆسیال میدیاكاندا كە تەنیا لەبەر ئەوەى (پتر بێقووڵایى) سەرسامى فەیلەسوفێك یان بیرمەندێك بوون، بایەخێكی ڕووكەشیان پێداوە، كە زۆر جار ئەم هەوڵانە ناچنە نێو فەزا ڕۆشنبیرییەكە و خۆیان پاش ماوەیەك دەكوژێنەوە. كەواتە پێم وایە هیچ هۆكارێك بۆ ترس و بیركردنەوە بە شێوەى نێگەتیڤ لە فیكرى نێو فەزاى ڕۆشنبیریى كوردى لە گۆڕێدا نییە. گەر ئەوە شپرزەمان بكات كە هەندێ بیرمەند دەكرێن بە مۆدە، ئەوا ئەم هەستیارییە سوبێكتیڤە زیاتر جۆرێك بیماریى خودیى لێ سەوز دەبێت كە وزەى كارمان لە گلەیى و گازاندە و بكە و مەكەى باوكانە، نەك لە چالاكى و ڕەخنەدا، بەهەدەر دەدات.