“تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆرۆنا” و “کاریگەریی ڕیتواڵە کۆمەڵایەتییەکان”

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ 'بایونگ چول هان'

وەرگێڕانی: هاورێ خالید

فەیلەسوفی (ئەڵمانی بە ڕەگەز کۆریای باشوور) بایونگ چول هان  (لەدایکبووی ١٩٥٩/ سیئۆل)، مامۆستای زانکۆی هونەرەکانە لە بەرلین، یەکێکە لە بیرمەندە ناسراوەکان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، بە هۆی توێژینەوە و وتارە سەرنجڕاکێشەکانییەوە کە بە فراوانی لەناو خوێنەرانیدا بڵاوبووەتەوە، لەوانە: (کۆمەڵگای سووتاو)، (کۆمەڵگای شەفافییەت)، (دەسەڵات چیە)، ( تۆبۆلۆژیای توندوتیژی) و هتد… ئەمانە ئەو کارانەن کە تێیدا بایونگ چۆل هان تێڕوانینە ڕەخنەییە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخ و لێکەوتەکانی نیۆلیبرالیزم لە دەرکەوتن و دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانی دەخاتە ڕوو.

فەیلەسوفی هاوچەرخی (ئەڵمانی بە ڕەگەز کۆریای باشوور) بایونگ چول هان ١٩٥٩

پ: لە دوا کتێبدا، تۆ “ڕیتواڵەکان” وەک نەریتێکی ڕەمزی پێناسە دەکەیت کە بەشداری لە پێکهێنانی گروپێک دەکات بەبێ ئەوەی پێویست بکات پەیوەندی هەبێت لەنێوان ئەندامەکانیدا. لەلایەکی ترەوە دەبینی کە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان سەرەڕای پەیوەندیی توند لەنێوان ئەندامەکانیان کۆمەڵگا پێک ناهێنن، چۆن وێنای کۆمەڵگایەکی بێ پەیوەندی دەکەیت؟ ئەو نموونانەی دەیانخەیتە ڕوو، شتێکە لە ڕابردوو یان ئاماژەیان پێدەکەن بۆ گروپە لادێییە بچووکەکان و سوورن لەسەر ئەوەی کە نیۆلیبرالیزم هۆکاری ئەم وێرانکارییەی کۆمەڵی کۆمەڵگاکانە، ئایا ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە لە قۆناغەکانی پێشودا لیبرالیزم کراوەتر بوو بۆ نەریتەکان؟ ئایا ناکۆکی لەنێوان مۆدێرنیتە و کۆمەڵگەدا هەیە، یان هیچ کۆدەنگییەک لەنێوان سەرمایەداری و کۆمەڵگەدا نییە؟

هان: نەمانی نەریت و ڕیتواڵەکان لە ئێستادا نیشانەی نەمانی کۆمەڵگایە، ئەو شۆڕشە پەیوەندییەی کە بە هۆیەوە ئەو تەقینەوە دیجیتاڵییەی ئێستا دروست بووە، لە کاتێکدا زیاتر پەیوەندی بە یەکەوە دەکەین، ئەو پەیوەندییە لە یەکتر نزیکتری نەکردووینەتەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکان، ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی پەیوەندیی نێوان ئەستێرەکانی لا بردووە چونکە ئیگۆی کردووە بە ناوەند و سەنتەری بەرژەوەندییەکانی. سەرەڕای ئەو شۆڕشەی پەیوەندی لە دنیای دیجیتاڵیدا ، هەستکردنمان بە تەنیایی و گۆشەگیری گەشە دەکات ئەمڕۆ هەموو جارێک بانگهێشت دەکرێین بۆ دەربڕینی بۆچوون و پێداویستی و ویست و هەڵبژاردن و تەنانەت باسکردنی ژیانی تاکەکەسیمان، هەریەک لە ئێمە دووبارە ناساندنەوە و نوێنەرایەتی و نمایشی خۆمان دەکەین. ئێمە هەموومان ڕاهێنان بە خۆشەویستی و پەرستن دەکەین. بۆیە لە کتێبەکەمدا وتم ئەگەر نەریتەکان بەشداری لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەک بکەن تەنانەت بەبێ پەیوەندیش لەنێوان ئەندامەکانیدا، ئەمڕۆ ئێمە لە کۆمەڵگایەکی پەیوەندیدا دەژین بەبێ ئەوەی ئەندامەکانی پارچەیەکی بەکۆمەڵی تواوە پێک بهێنن. ئەمڕۆ، ئێمە چیتر گرینگییەکی زۆر بە چالاکی و کردارە کۆمەڵەییەکان نادەین. ئێمە کاتە تاکییەکانمان پێ باشترە. ئێمە دەبێت ئازاد بین لەو وەهمەی کە لەلایەن کۆمەڵگای بەکاربەرەوە دەخولێنرێتەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەختەوەری لە تەواوبوونی بەردەوامی ئارەزوو و هەوەسە شەخسییەکانمان پێک دێت، کردارە کۆمەڵەییەکان هیچ پەیوەندییەکی بە ئارەزووە تاکییەکانەوە نییە، لە هیچ یارییەکی کۆمەڵییدا خودی بەشداربووەکە سەرنجی بەرژەوەندیی خۆی نادات، بەڵکوو پابەندە بۆ یاساکانی یارییەکە. ئەمە واتای ئەوە نییە کە من داوای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەکەم، بەڵکوو من داوای دروستکردنی فۆرمی نوێی چالاکی و ڕاهێنان دەکەم کە (ئیگۆ) تێدەپەڕێنێت، بۆ بەدەر لە ئاواتی خواست و بەکارهێنان.. لە کۆتاییدا، کۆمەڵگایەک دروست دەکات. بەم مانایە، کتێبەکەم بەرەو کۆمەڵگەی داهاتوو دەڕوات. ئێمە چاوپۆشیمان لە ڕاستییەکی گرنگ کردووە، ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگا سەرچاوەی دڵخۆشییە. ئێمە چاومان لەو ڕاستییە گرنگە پۆشیووە کە کۆمەڵگا سەرچاوەی دڵخۆشییە. ئەمڕۆ ئێمە ماناکانی ئازادی لە ڕوانگەی تاکەوە پێناسە دەکەین، ئەمە لە کاتێکدا کە بنچینەی وشە (فرایهیت) لە زمانی ئەڵمانیدا واتە (بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێدا بیت)، پەیوەندییەکی ئاماژەیی هەیە لەنێوان ئازادی و هاوڕێیەتیدا لە کۆتاییدا، ئازادی دەرخەری پەیوەندییە یەکخراوەکانی کۆمەڵە ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەتوانین ئازادی پێناسە بکەین لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵەوە.

پ: شیکارییەکانی تۆ بۆ دنیای ئەمڕۆ زیاتر لە ڕیتواڵەکان دوورکەوتووەتەوە. بەیەکدادان دروست دەکات لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی وای دەبینێت سەرمایەداری زیاتر کۆمەڵگا مۆدێرنەکانی دروست کردووە لە بۆنە نەریتیی و ڕیتوالەکان، لەم ڕوانگەیەوە ڕەخنە دەکرێیت، هەڵسوکەوتی بەکاربەر ڕەهەندێکی ڕیتواڵی بەهێز هەڵدەگرێت. لە دواجاردا بازاڕە گەورەکانی بازرگانی و یاریگا وەرزشییە گەورەکان وەک پەرستگان بۆ مرۆڤی ئەمڕۆ. بۆچی ناگونجێت سەرمایەداری وەک شێوەیەک لە شێوەکانی ڕیتوالە پراکتیکییەکان لێک بدرێتەوە؟

هان: من پشتگیریی ئەو تێزە ناکەم کە سەرمایەداری وەک دین یان باوەڕ دەبینێت. دوکانەکانی بازاڕکردن زۆر جیاوازن لە شوێنی پەرستن: لە بازاڕە بازرگانییەکاندا، وەک لە سەرمایەداریدا بەگشتی، جۆرەها ئارەزووی تایبەت زاڵن، سەرجەمیان بە دەوری(Ego)دا دەخولێنەوە، حەز و مەیلە کەسییەکان دەنگی ڕۆحە، وەکوو فەیلەسوفی فەڕەنسی (نیکۆلاس مالبرانش) دەڵێت، لە کاتێکدا لە پەرستگاکاندا ئارەزوویەکی تەواو جیاواز زاڵ دەبێت، بایەخدان بەو شتانەی کە (Ego) درکیان پێ ناکات. ڕیتواڵەکان ئێمە بەدوور دەگرن لە ئیگۆی کەسیمان، لە کاتێکدا بەکاربردن ئارەزووەکانمانی پێ بەهێز دەکەین. ئەمڕۆ، ئێمە بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا دەکەین. تا ڕادەی فیتنە و لەناوبردن دەیبەین… ئەمە لە کاتێکدا لە ڕیتواڵ و ڕێوڕەسمە کۆمەڵییەکاندا بە میهرەبانییەکی تەواوەوە بەردەوام دەبین وەک ئەوەیکە ئەو هاوڕێی ئێمە بێت.

خەسڵەتی ڕیتواڵ و ڕێوڕەسمەکان بە شێوەیەکی گشتی دووبارەبوونەوەن، بەڵام دووبارەبوونەوەیەکی بیرۆکراسی و ئۆتۆماتیکی نین بەڵکوو چالاک و زینددوون. ئەمڕۆ ئێمە بەردەوام بەدوای داواکاری و هەست و ئەزموونی نوێدا ڕادەکەین لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەتەواوی بێئاگاین لە هونەری دووبارەبوونەوەی چێژەکان و لە دەستیان دەدەین. هەموو شتێکی نوێ بە خێرایی دەبێتە دڕندەیەک و دەگۆڕێت بەبێ ئارامی و بێ پشوویی، هەتا زیاتر بیخۆین و بەکاری بهێنین، زیاتر حەزی ئێمە بۆ بەکارهێنانێکی نوێ زیاد دەکات. ئەو ژیانە توندەی کە سیستەمی لیبرالیزم بانگەشەی دەکات هیچی تر نییە جگە لە چڕکردنەوەی بەکارهێنان بێ زیاد و کەم. شێوازی تر هەیە ئەوە دووبارەبوونەوەیە ئەم چڕییە خوازراوە بەدەست دەهێنێت بۆ نموونە، من ‘سێباستیان باخ’م خۆش دەوێت، وە بە هەزاران جار پارچە جوانەکەی ‘گۆڵدبێرگ’م ژەنیوە و هەر جارە خۆشییەکی جیاوازم ئەزموون کردووە کە پێویستم بە هیچ شتێکی نوێ نییە. من دووبارەبوونەوەم خۆش دەوێت، وە لەگەڵ ئەواندا حەزم لە سرووتی تاکڕەوییە.

ڕاستە کە ئێمە هەموومان بە دیجیتاڵی لە پەیوەندیداین، بەڵام ئێمە ئەو پەیوەندییە جەستەییەمان نییە کە بە شێوەیەکی فیزیکی کۆمەڵگە بەرجەستە دەکات

پ: بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێش لە کتێبەکەتدا هەیە، تۆ باسی ئەوە دەکەیت کە ریتواڵەکان بەهای جەستەیی کۆمەڵ دەنوێنن. پێم وایە ئەم بیرۆکەیە نزیکە لەو شتەی پاسکال کاتێک گوتی: (خۆ ئەگەر ئیماندار نەبوویت، بکەوە سەر ئەژنۆ وەک ئەوەی بڵێیت باوەڕت هێناوە و باوەڕ خۆی دێت.) لە لایەکی ترەوە دەبینیت کە ئەمڕۆ ئێمە لەو کۆمەڵگایانەدا دەژین کە ئارەزووەکان بەڕێوەیان دەبەن شوێنکەوتەی مەیلێکی نێرجسییەتی قووڵی تاکگەرایین.

هان: ریتواڵەکان کۆمەڵگا بە توندی لە جەستەیەکدا دەبەستێتەوە و ئێمە نزیکی جەستەیی زۆرمان لەدەست دا. ئەوە ڕاستە کە ئێمە هەموومان بە دیجیتاڵی لە پەیوەندیداین، بەڵام ئێمە ئەو پەیوەندییە جەستەییەمان نییە کە بە شێوەیەکی فیزیکی کۆمەڵگە بەرجەستە دەکات. ئەو تاکە جەستەیەی کە ئێمە ڕاهێنانی پێ دەکەین لە ناو هۆڵەکانی وەرزشدا دابڕاوە. ئەوە ئەم ڕەهەندە کۆککەرەوەی نییە…. بەڵام ڕیتواڵەکان کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ شانۆ و بۆ نیشاندانی نهێنی و پێشبینی و خەونە بەکۆمەڵەکان. نیۆلیبرالیزم کولتوورێکی پاوانکراوی دروست کردووە کە ئیگۆ دەکاتە ناوەندی هەموو شتێک. ئەم کولتوورە بەشداری کردووە لە لاوازبوونی ڕەوتەکە بەرەو شێوەکانی دیکەی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و بۆنە ڕیتواڵییەکان.

پ: ئایا وای نابینیت کە بانگەوازەکەت بۆ گەڕانەوەی نەریتەکان بۆ کۆمەڵگا لەگەڵ مەیلەکانی راسترەوە ڕادیکاڵەکان هاوڕاییە؟ چ جیاوازییەک هەیە لەنێوان تێگەیشتنی تۆ لە “کۆمەڵگا” و ئایدیۆلۆجیای ڕاسترەوە ڕادیکاڵەکان؟

هان: گروپێک هەمیشە بە پێوەری ڕەتکردنەوەی ئەوی تر پێناسە ناکرێت، ئەوان دەتوانن کراوەتر و قبووڵکەری ئەوانی تر بن. ئەو گروپانەی کە لەگەڵ ڕاستڕەوەکان لە پەیوەندیدان ناوەڕۆکیان نییە، بۆیە بۆ خۆیان بەدوای مانادا دەگەڕێن، بە دوورخستنەوەی ئەوی تر. ئەمانە ئەو گروپانەن کە ترس تیایاندا نیشتەجێیە و ڕق خۆراکیانە.

پ: لە پێشەکیدا، بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنی کە ئەم کارە کتێبێکی نۆستالژی نییە، بەڵام بە بەردەوامی پەنا دەبەیت بۆ ئەنجامدانی بەراوردێک کە حەزی لە ڕابردووە بەسەر ئێستادا. لەو بەشەی کە تەرخان کراوە بۆ جەنگ، بۆ نموونە، تۆ بەبێ ئومێدی بەرگری لە بەها کۆنەکانی جەنگ دەکەیت لە دژی هاوتاکانیان لە شەڕی میکانیکی هاوچەرخدا. ئایا تۆ بەم شێوەیە بیرۆکەیەکی نموونەیی لە جەنگە کۆنەکاندا پێشکەش ناکەیت؟ بە درێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی زنجیرەیەکی درێژ لە قەتڵوعامە ترسناکەکانی مرۆڤ هەیە لە کۆتاییدا، موتڵەقی نەبەستراو و بێپاساو هەموو ئەوانەش کوشتنە بێپێچ و پەنا و بێپاساوەکان داهێنانێکی سەرمایەداری نین؟

هان: لە سەرەتادا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە کولتوورێک لە ڕێگادایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەریت و ڕیتواڵە کۆمەڵایەتییەکان. گۆڕانی بەرهەمهێنان و قازانجکردن بۆ بەها ڕەهاکان بەشداری لە لەناوچوونی بەها کۆمەڵییەکان کردووە. بۆ نموونە لە بەها سوارچاکییەکانی ئەوروپادا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئامانجی سەرەکیی ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی، کوشتنی ڕکابەرەکە نەبوو بەڵکوو شتی گرنگتری وەک شەرەف و شکۆ بوو لە کاتێکدا لە شەڕی مۆدێرنی “بێفڕۆکەوان”دا سڕینەوەی ڕکابەر وەک تاوانبار بوو بە ئامانجی یەکەم و کۆتایی. دوای تەواوبوونی سەرکەوتووانەی ئەرکی کوشتنەکە، فرۆکەوانی بێفڕۆکەوان تۆماریان ژمارەی مردنەکانیان پێ پشتڕاست دەکرێتەوە کەواتە تەنانەت لە حاڵەتی کوشتندا، گرنگترین شت بەرهەمەکەیە. بە ڕای من ئەمە پیس و ئابرووبەرانەیە. ئەمە بۆ ئەوە نییە بڵێین شەڕەکانی ڕابردوو لە ئێستا باشتر بوون، دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئەمڕۆ هەموو شتێک نەک هەر لە شەڕدا، بەڵکوو لە پراکتیکی ژیاندا بەتەواوی دەکەوێتە بەر پێوەری قازانج و بەرهەمهێنان.

پ: لە کتێبەکەتدا، پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان گەشانەوەی(داتا گەورەکان) و، گەشەسەندنی زانین لە تێگەیشتنماندا دادەنێی کە ئێمە ئێستا وا تێدەگەین کە وەک شێوەیەکی میکانیکی ڕوو دەدات، بەو ئەنجامەی کە گۆڕانی ئێستای “داتا” لەگەڵ گۆڕانی “ئەنترۆپۆلۆجی” کە ئەوروپا لە سەردەمی رۆشنگەرییدا ئەزموونی کردووە، دەگونجێت. ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە (داتا) کۆتاییی ڕێگای حەتمییە کە ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مۆدێرنە؟

هان: “داتا” شێوازێکی بەدی زانینە، چونکە بەسادەیی بیرکردنەوە هەڵدەوەشێنێتەوە. هیچ بیرکردنەوەیە پشت بە بنەمای داتا نابەستێت. تەنیا ژماردنەکان و پرۆسە بیرکارییەکان لەسەر بنەمای داتان. مەعریفە سروشتێکی ئیرۆتیکی هەیە، بۆیە فەیلەسوفی ئەڵمانی هایدگەر بە (ئیرۆس)ی خودای چوواندووە کاتێک کە پەلی باڵەکانی پاڵ دەنێت هەر جارێک هەنگاوێکی نوێ دەنێت لە بیرکردنەوەدا و هانی دەدات بۆ ناو جیهانێکی نادیار. هەروەها شەفافیەت بانگەشەیەکی فریودەرانەیە، وەک پیتەر هاندکە لە هەندێک لە نووسراوەکانیدا دەنووسێت: (کێ دەڵێت جیهان ئاشکرا بووە؟) جیهان زۆر نادیارترە لەوەی کە ئێمە وێنای دەکەین.

دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی هەموو ئەگەرێکی پەیوەندیی جەستەیی لەناو دەبات، پەتاکە خەڵکەکەی گۆڕیوە بە کۆمەڵگەی دابڕاو و جیاکراوە.

پ: هیچ گومانێک لەوەدانییە کە پەتای (کۆڤید ١٩) کاریگەری و کاردانەوەی نەک تەنها لە بواری تەندروستی و ئابووریدا، بەڵکوو لە بوونی بەکۆمەڵی هاوبەشیشماندا دەبێت. تەنها لە چەند ڕۆژێکدا، چەمکی بایۆپۆلەتیک دەردەکەوێت. پێت وایە ئەم پەیوەندییە ونبووەیە کە لە ڕوانگەی تۆوە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ جیا دەکاتەوە، ئەمە هەمان تاریکایی سەر ئەو ڕێگایەیە کە ئێمە لەم قەیرانە پەتایەی ئێستا دەژین؟.

هان: قەیرانی کۆرۆنا بەتەواوی ریتوال و نەریتە کۆمەڵییەکانی لا برد. ناتوانین چیتر دەست بۆ تەوقەکردن درێژ بکەین. دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی هەموو ئەگەرێکی پەیوەندیی جەستەیی لەناو دەبات، پەتاکە خەڵکەکەی گۆڕیوە بە کۆمەڵگەی دابڕاو و جیاکراوە. ڕاستە پەیوەندیی دیجیتاڵی ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ یەکتردا لە دەست نەداوە، بەڵکوو پەیوەندیەکی دوور لە هەر قووڵییەکی کۆمەڵە کە دڵنیایی و دڵخۆشیمان بێت. ئەو ڤایرۆسە خەڵکی ناچار کردووە گۆشەگیری بکەن و تەنانەت تەنیایی خۆیان دوو هێندە بکەن کە تایبەتمەندیی کۆمەڵگا مۆدێرنەکانن، کۆرۆنا بەشداری کرد لە دیارنەمانی نەریتە کۆمەڵەکان، وە کاتێک پەتاکە کۆتایی هات، من پێشبینی دەکەم کە ئێمە کار بکەین بۆ دووبارە دۆزینەوەیان.

پ: ئایا پێت وایە ئەو پەتایەی ئێستا وەرچەرخانێکی مێژووییە هاوشێوەی قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ و لەبەر ئەوە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی سیاسیی دوور؟ ئەگەر وا بێت، پێت وایە قەیرانی کۆرۆنا دوواتر چ جۆرە گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی دروست دەکات؟

هان: قەیرانی کۆرۆنا وامان لێ دەکات کە بەرەو سیستەمی چاودێری بایۆپۆلەتیک بڕۆین. پەتاکە یەکێک لە لاوازییە سەرەکییەکانی سیستەمی سەرمایەداری ئاشکرا کردووە ڕەنگە بوترێت ئەو “بایۆپۆلەتیکە” دیجیتاڵییەی کە گشت تاکەکانی کۆنترۆڵ کردووە، بەسە بۆ ئەوەی سیستەمی سەرمایەداری لە بەرانبەر لێدانی ڤایرۆسەکان لاواز بێت. ڕژێمی کۆنترۆڵکردنی بایۆپۆلەتیک واتە کۆتاییی لیبرالیزم، بەم مانایە لیبرالیزم تەنیا لینکێکی کورت بوو لە زنجیرەیەکی درێژ لە گۆڕاندا. من چاوەرێی چاودێریی بایۆپۆلەتیکی ناکەم بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکە. پەتاکان بەرهەمی دەستێوەردانی دڕندانەی مرۆڤن لە دژی ئیکۆسیستەمێکی ناسک. ئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا خراپتر دەبێت لە نەخۆشیی پەتاکە، هێرشەکانی مرۆڤ بۆ سەر سروشت، کارەسات و ناخۆشی زۆر خراپتری بۆ دەهێنێت. مرۆڤ لە جاران زیاتر لە مەترسیدایە.