خواوەندی بۆبۆ و سێکس و پێکەنین

دێمێتێر (Demeter) بە مانای دایکی زەوی دێت، لای یۆنانییەکان خواوەندی کشتوکاڵ و زەوییە. دێمێتێر لە کاتێکدا بەدوای کچەکەیدا دەگەڕێت و نایدۆزێتەوە، زۆر بێهیوا و خەمگینە، بە هۆی خەمگینییەکەیەوە وشەکەساڵی هەموو جیهانی گرتووەتەوە. دەگاتە لای خواوەند و لە هەمان کاتدا خزمەتکار؛ بۆبۆ (baubo) (بۆبۆ بە مانای دایەن دێت، بەڵام ناوەکەی بە مانای سێکسی مێینەش دێت)، بۆبۆ دڵنەواییی دێمێتێر دەداتەوە و بە دەوریدا دێت، هەر خواردنێک بۆ خواوەندی دێمێتێر پێشنیار دەکات، نایخوات و دڵی نایبات، دواجار بۆبۆ بە گوێچکەیدا دەچرپێنێ و پاشان کراسەکەی هەڵدەداتەوە و ناوگەڵی پیشانی دێمێتێر دەدات، بە بینینی ئەو دیمەنە دێمێتێر دەکەوێتە پێکەنین و دەست دەکات بە نان و ئاو خواردنەوە و بەو هۆیەوە جیهان لە وشکەساڵی ڕزگاری دەبێت و دەبووژێتەوە، گەڕی وەرزەکان وەک خۆیان دەست پێ دەکەنەوە. هەرچەندە نازانرێت ‘بۆبۆ’ چ وتەیەکی چرپاندووە بە گوێی دێمێتێردا، بەڵام خواوەندی ‘دێمێتێر’ ڕزگار دەکات لە خەمگینی. ئیتر لەو ڕۆژەوە بۆبۆ وەک ژنێکی لنگ بڵاوکراوە پیشان دەدرێت، ئافرەتێکی تۆزێک ناپەسەند، لە هەمان کاتدا خۆشەویست؛ دەموچاوێک لەسەر شانی و کوزێک لەبری دەم و لێوی.

بۆبۆ وەک ژنێکی پیرۆز و شفاکەر و شۆخیکەر و باوانمان دەناسرێتەوە. ئەم میتۆلۆژییە پاڵنەرە بۆ ئازادکردنی ژنان، بە دانس و پێکەنین و ئازادیی سێکس و مردنیش وەک سایکلێک، هەروەها هاندەری مێینەیە بە قبوڵکردنی ژیان بەبێ ترس. وەک ئەوەی بۆبۆ بە گوێی دێمێتێردا بە چرپە باسی هۆکاری هەقیقەتی خەمگینی ئەوی کردبێت، دەستی خستبێتە سەر جەوهەری خەمگینییەکەی، به هەڵدانەوەی کراسەکەی ئەو هەقیقەتەی تەقاندبێتەوە، بۆیە دێمێتێر بەئاگا دەبێتەوە و دەژیێتەوە.

پەیکەری بۆبۆ

 لە میتۆلۆژیدا، تێمی لەدایکبوونەوە و ژیانەوە، بەستراونەتەوە بە ئێرۆتیزمەوە، وەک لەدایک بوونی دیۆنیزۆس دوو جاران. هەروەها وا هەست دەکەین هەندێک بیرۆکەی ئەم میتۆلۆژییە بە ناڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سەفەرەکەی خواوەندی “ئینانا“وە؛ سەفەرەکەی ئینانا بۆ جیهانی ژێر زەوی؛ جەهەنم، بەستنەوەی وشکەساڵی بە مردنی ئیناناوە، خواوەندی ئیناناش وەک خواوەندی خۆشەویستی و سێکس بە  ژیان و بووژاندنەوە.

چیرۆکی دێمێتێر و بۆبۆ زۆر کۆنترە و بە چەندەها جۆری جیاواز لە ڕابردوودا گێڕدراوەتەوە، یەکێک لەوانە؛  گوایە ‘دێمێتێر’ وازی لە خواوەندەکان هێناوە و لەگەڵ پیاواندا هێشتا پەیوەندی نەبەستووە و سەری خۆی هەڵگرتووە وەک دێوانە، بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ بەبێ وچان ڕێگای دەشت و دەری گرتووەتە بەر. هیلاک و ماندوو، نە خۆی شوشتووە، نە خواردنی خواردووە. لە تەنیشت بیرێکەوە دادەنیشێت، پاشان کچی پاشا دێت بە پیریەوە و دەیبات بۆ لای شاژن کە تازە زاوە و کوڕێکی بووە، شاژن بە بنینیی خواوەندی دێمێتێر هەست بە تەزوویەک و موچڕکەیەکی پیرۆز و غەوارە دەکات بە جەستەیدا تێپەڕ دەبێت. دەستوبرد لە بەری هەڵدەستێ هەتا جێگاکەی بۆ خواوەند چۆڵ بکات، بەڵام دێمێتێر لە شوێنی خۆی ناجووڵێت و بە پێوە دەمێنێتەوە بەبێ قسە، بۆیە شاژن کورسییەکی بۆ پێشنیار دەکات، کورسییەکە بە پێستێکی سپیی مەڕ داپۆشراوە، ئینجا  دێمێتێر دادەنیشیت، بەڵام هەر بەبێ دەنگی و بە خەمگینی دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی شاژن بە قسە خۆشەکانی دەیخاتە پێکەنین و زەق و شەوقەوە.

فرۆید باسی دێمێتێری کردووە لە کاتێکدا باسی کچێکی دەروون شێواو دەکات، گوایە ئەو کچە وێنە و بیرۆکەی وابەستەی هەبووە، هەر دەمێک باوکی بینیوە هاتووەتە ژوورەکەیەوە، بیرۆکەیەک بە هزریدا تێپەڕیوە، ئەویش وشەی ڤاتریارش(Vaterarsch)ە و بە مانای (باوک سالار) دێت، بەڵام بە ئەڵمانی (ئارش،  arsch) بە مانای (قوون) دێت، وەک ئەوەی بڵێین ( باوک- قوون)، ئەو وشەیە وەهای لێ دەکرد باوکی وەک بەشێک لە ناوەرۆکی لەشی ببینێت، بەبێ سەر و دەست و قاچ و سینگ. (ئۆرگانی زاوزێی دیاری نەکراوە، ڕووکەشی دەموچاوی لەسەر زگی بووە) وەک بۆبۆ.

فرێدریک نیچەش کاتێک لە کۆتاییی ژیانیدا ئاشنایی بە چیرۆکی بۆبۆ و دێمێتێر پەیدا دەکات، لەو ڕووەوە دەڵێت: “دەبێت زیاتر ڕیز لە شەرمنی بگرین، کە سروشت خۆی تێدا دەشارێتەوە بە مەتەڵ و دوودڵی جۆراوجۆرەوە. پێدەچیت هەقیقەت ژنێک بێت کە پاساوی هەیە بەوەی کە پاساوی ئاشکرا نەکات. خۆ ئەگەر بە یۆنانی بدوێین، ئەو ژنە ناوی بۆبۆ نییە؟”

لێکدانەوەی زۆر بۆ ئەم وتەیەی نیچە کراوە، نیچەیەک کە لە بەرەی دیۆنیزۆس بووە، مەبەستی چییە کاتێک دەڵێت، پێدەچیت هەقیقیەت ژنێک بێت پاساوی هەیە خۆی ئاشکرا نەکات ؟ نیچە کە بەڕاشکاوانە دەڵیت: “ئا، هەقیقەت؟ هەقیقەت ناناسیت؟ ئایا تەقینەوە نییە بە ڕووی شەرمنیمان؟”

بە هەمان شیوە هەڵدانەوەی ڕۆبەکەی بۆبۆ چەندەها لێکدانەوەی بۆ دەکرێت؛ ئایا بۆبۆ مەبەستی پیشاندانی سێکسی بووە، یان زگی، یاخود هەندەک لێکدانەوە باسی ئەوە دەکەن کە گوایە بۆبۆ ‘سەمای سک’ی کردبێت. ڕاستە بۆبۆ ڕۆبەکەی لە بەردەم نێرینەیەکدا هەڵ نەداوەتەوە کە گشت مانای ئاکتەکە دەگۆڕێت، بەڵام بە هەڵدانەوەی ڕۆبەکەی شتێکی شاراوەی واڵا کردووە بۆ دێمێتێر؛ هۆکاری خەمگینیەکەی، واڵاکردنی هەقیقەتێکە بە بەزاندنی سنوور. بەڵام زمان و دووان و پێکەنین، دەنگی چەپێندراوی هەوەسن، سەرچاوەی هەوەسیش ئارەزووی سێکسوێلە، پێوسیتمان بە فرۆیدیش نییە هەتا بۆچوونەکانمان بسەلمێنین، ئەگەر نا هەرگیز دینەکان ڕەچاویان لە پێکەنینی ئافرەتان نەدەکرد وەک کارێکی  ناپەسەند. هەرچۆنێک بێت کاتێک بۆبۆ ڕۆبەکەی هەڵ ئەداتەوە بە مەبستی واڵاکردنی شتێکی شاراوەیە کە بۆتە هۆی خەمباری دێمێتێر. بە سنوور بەزاندن، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی پێکەنین بەزاندنی سنوورە، واتە بە واڵاکردنی ئەو هەقیقەتە خواوەند دەهێنێتە پێکەنین. هەروەها لە دەقە پێشووەکاندا باسی دێمێتێر کراوە کە هێشتا پەیوەندیی دەگەڵ پیاواندا نەبەستووە لەوەتەی لە خواوەندەکان جودا بووەتەوە، بێشک ئاکتی سێکسوێلیش کە زایینی لێ دەکەوێتەوە سەرچاوەی هەوەسە، دەبنە هۆی بە دینامیک کردنی مرۆڤایەتی کە پێێ دەڵێین؛ ژیان، بۆیە دێمێتێر کە خەمگینە و جیهانیش بەو بۆنەیەوە تووشی وشکەساڵی بووەتەوە جارێکی تر دەژیێتەوە. 

هەرچۆنێک بێت بە پەیکەری بۆبۆ شکڵێکی نێرتکمان داوە بە ئۆرگانی مێینە، شکڵێکی بەهێز، دەموچاوێک بە سێکسی مێینە، کە گوزارشت لە سێکسوالیتێ و جەوهەری ژنمان نیشان دەدات، ئەم شکڵەش لە دەرئەنجامی ئەو ئاکتە ڕزگارکەرەی ‘بۆبۆ’وە ئەفرێندراوە.

***

کاتێک پەیکەرتاشی بە ناوبانگی فەرەنسی “ڕۆدان“، لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە، پەیکەری ژنێکی لنگ بڵاوی، دروست کرد بە مەبەستی زیاتر سنووربەزاندن لە واڵاکرنی جەستەی مێینە، لە سەردەمی خۆیدا وەک کارێکی هونەری غەوارە و خراپ و ئابڕووبەر ڕەچاوی لێ دەکرا، بۆیە  بوو بە هەڵا لە پاریس. وامان دەزانی هونەرمەند ئیلهامی لە تابلۆکەی مانێ وەرگرتبوو، تابلۆی “خوان لە سروشتدا” هەتاوەکوو بەربەرەکانێی ئەو بکات لە ڕووتکردنەوەی جەستەی مێینە و زیاتر سنووربەزاندن، بەڵام ڕۆدان خۆی لەو سەردەمەدا خاوەنی پەیکەرێکی ‘بۆبۆ’ بوو؛ پەیکەرێکی یۆنانی بۆبۆی بە نرخێکی زۆر گرانبەها لە بازاڕدا کڕی بوو، بێشک لەژێر کاریگەریی ئەو پەیکەرەدا، ڕۆدان پەیکەری ئەو کچە لنگ بڵاوەی کردووە کە بووە یەکێک لە پەیکەرە بەناوبانگەکانی سەردەمی مۆدێرن.

blank
پەیکەی بۆبۆ، پەیکەرتاش رۆدان (١٨٤٠-١٩١٧)

تێمی سێکس و ئێرۆتیزم دەمانبەنەوە سەر چەمکی پێکەنین، بۆیە لە میتۆلۆژی بۆبۆ و دێمێتێردا پێکەنین بەستراوەتەوە بە هەڵدانەوەی ڕۆبەکەی بۆبۆوە، بە پیشاندانی ناوگەڵی، پیشاندانی ئەوەی شاراوەیە، بەزاندنی سنوور، لەبەر ئەوەی پێکەنین بەشێکە لە ئێرۆتیزم و بەندە لەسەر سنووربەزاندن وەک ئێرۆتیزم.

هەر بۆیەش لە دینی مەسیحیدا پێکەنین وەک کارێکی شەیتانی و جادووگەری و دەرخستنی دان وەک دڕندەی و هەوەسی سێکسی بینراوە، کەنیسە دژی میتۆلۆژی یۆنانی وەستاوەتەوە کە جێگایەکیان بۆ پێکەنینی ژنان تەرخان کردووە، ئەوان بەپێچەوانەوە هەردەم سەرزەنشتی ژنانین کردووە پێنەکەنن، ئاگاداری خۆیان بن لە کاتی پێکەنیندا.

خۆ ئەگەر دینەکان بە ڕاستەوخۆ ڕیگریان لە مێینە کردووە ئەوا ئاکتی پێکەنین لە دەرئەنجامی ڕووداوێک یان شکڵێکەوە دێت کە سنووری مۆراڵ و قانونی بەزاندبێت وەک ڕۆبەکەی بۆبۆ، بە مەرجێک تراژیک نەبێت، بۆیە لە دەروونی مرۆڤدا پێکەنین گوزارشت لە ئازادی و هەوەسی سێکسی دەکات لەبەر ئەوەی ئێرۆتیزم بەگژداچوونەوەی مردنە بە واڵاکردنی هەوەسی سێکسی. سەرنجیشمان داوە کاتێک ژنانی دێهاتی لە کوردستان لە بەردەم پیاواندا یان بێگانەیەکدا پێدەکەنن، بە خۆڕسکانە دەست دەگرن بە دەمیانەوە، فەقیانەکەیان دەگرن بە دەمییانەوە، وەک ئەوەی سێکسیان دابپۆشن، ئەم هەڵسوکەوتەش لە ئەوروپا باو بووە بە جۆرێکی تر. هەتا ئەم سەردەمەش لە هەندەک خێزانی بۆرژوازیدا ژنان بە ئاگادرییەوە پێدەکەنن؛ هەوڵ دەدەن شادییان بە پێکەنینێکی شەرماوی و شاراوە پیشان بدەن، بەبێ ئەوەی بدەنە قاقای پێکەنین و ددانیان پیشان بدەن، هەروەها سەرنجمان داوە لە کوردستان نەک پێکەنین بەڵکوو ژنان هەڵپەڕکێیەکی تایبەتیان هەیە کە ڕێگایان پێ نادات زۆر جەستەیان بە ئازادی بجووڵینن، چونکە سەما و جەستە جووڵاندنەوەش هەر گوزارشت لە ئازادی و هەوەسی سێکسی دەکات، بۆیە کاتێک ژنێک دەبینین بە ئازادی هەڵدەپەڕێت و شادە، هەوەسی خۆی بە جەستە دەنوێنێت، ئەگەر ئەو دیمەنە هەوەسمان دەهرووژێنێت، ئەوا لە کۆمەڵگەدا بە کارێکی ناڕەوا ڕەچاوی لێ دەکرێت لەبەر ئەوەی ناڕەوایە و گوناهە ژنان ئارەزووی سێکسوالیتێی خۆیان ئاشکرا بکەن، لەبەر ئەوەی هەموو پێکەنینێک وەک هەڵپەڕکێ و جووڵاندنەوەی جەستە بە ئازادییەوە بەستراونەتەوە بە هەوەسی سێکسییەوە.

هەر بۆیەش لە تابلۆکاندا نەدەبووا پێکەنین و ددان پیشان بدرێت، ددان وەک ڕەمزی سێکسوالیتێ و بەزاندنی سنوور دەبینرا، بەڵام خزمەتکار و کەسانی هەژار بۆیان هەبووە پێبکەنن، چونکا ئەوان لە چینی خوارەوە بوون، هەر بەو پێیەش کەسانی نزم بوون، سەرزەنشتی کچانی بۆرژوایان کردووە لە کاتی پێکەنیندا دەستەسڕ بگرن بە دەمیانەوە، کەنیسە پەرتووکی بچکۆلەی ڕێنمایی بەتایبەتی لەسەر چۆنیەتی پێکەنین بەسەر ژناندا بڵاو کردووەتەوە. هەر بەو مەبەستەشە کە خواوەندی بۆبۆ، هەندەک جار بە خواوەند و هەندەک جاریشوەک خزمەتکار ناسراوە.

کۆنترین پێکەنین کە لە مێژوودا باس کرابێت، لە بایبڵدا باس کراوە.  پێکەنینی سارای خێزانی ئیبراهیمە لە بەردەم خودادا، لەبەر ئەوەی خودا شتێکی ناڕەوای بۆ پێشنیار دەکات؛ ئاخر چۆن ڕێی تێ دەچێت ئافرەتێک لە هەشتا ساڵیدا دووگیان ببێت؟ نە سووڕی مانگانەی ماوە نە چێژی جووت بوون؟ بەڵام یاڤێ پێی دەڵێت؛ ساڵی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ لایان و کوڕێکیان دەبێت، ئەو کارەش بۆ خودا گران نییە بۆیە نابێت پێبکەنێت. سارا لە ترسا نەرێنی دەکات لەوەی کە پێکەنی بێت، بەڵام یاڤێ پێداگری لەسەر دەکات و پێی دەڵێت؛

– نا، تۆ پێکەنیت.

هەرچەندە بایبڵ ڕوونکردنەوە نادات لەسەر  پێکەنینی سارا و ڕاستەوخۆ سارا خەتابار ناکات، بەڵام لە دیالۆگەکەدا هەست بە خەتابارییەک دەکەین لەلایەن ئێزدانەوە بەرانبەر بە پێکەنینی سارا.

دوو لێکدانەوە بۆ پێکەنینی سارا دەکرێت بەپێی تێکستی عیبری؛ خودا سوژەیەکی گەڵتەجاڕی هرووژاندووە، بۆیە سارای هێنایە پێکەنین.

بەڵام پێدەچێت پێکەنینی سارا پێکەنینێکی خەمگینی بێت، بەوەی کە ئەو ئارەزووی جووت بوونی نەماوە. پێدەکەنین هەتا خەمگینی نەمانبات بۆ خۆی وەک دێمێتێر. پێکەنین دژی خەمگینی و مردنە. هەر بۆیەش خواوەندی دێمێتێر چاک دەبێتەوە و کۆتایی بە وشکەساڵی دێت. ئێرۆتیزم بەرپەرچدانەوەی مردنە.

بۆیە ئەو ژنانەی کە پێدەکەنن و دانس دەکەن، وەک کەسانی پەتیارە و بێ پەرەوەردە ڕەچاویان لێ کراوە، هەر بە هەمان مەبەست کچانی لەشفرۆش دەم بە پێکەنینن، هەتا بۆ مشتەرییەکانیان بسەلمێنن کە ئەوان هەوەسی سێکسیان هەیە، لەبەر ئەوەی ئاشکرایە کە ئێمە سێکس لەگەل مردندا ناکەین، بەڵکوو بەگژیدا دەچینەوە، هەر بەو مەبەستەشە لە داستانی گیلگامێشدا ئەو کچەی کە ئەنکیدو ڕادەهێنێت و ڕازی دەکات لەگەڵیدا بڕوات بۆ شاری ئور و ببێتە کەسێکی شارستانی، ناوی “خانمی خۆشیە”، بەڵام لە هەموو وەرگێڕانە عارەبی و کوردییەکاندا لەبری وشەی “خۆشی”، “خۆشیدەر”یان بە ئاوەڵناو داناوە، نەک بە ناو. من زیاتر ڕام لەگەڵ ژۆن بۆتێرۆیە کە باوەڕی وایە کە ناوی ئەو کچە زیاتر نزیکە لەو ناوەی کە لە ساڵانی شەستدا لە فەرەنسا بەکار دەهات بۆ ئافرەتی لەشفرۆش. فەرەنسیەکان لەبری (prostitué) دەیانگوت (filele de joie ) بە واتای “کچی خۆشی”، نەک “خۆشیدەر”. وشەی خۆشی لێرەدا تەواو بە پێچەوانەی خەمگینییەوە هاتووە. “فی دو ژوا” وشەیەکی لێکدراوە و ناوێکیان لێ پێک هێناوە.

***

 کاتێک شارل گارنیێ، ئۆپرای پاریس دروست دەکات، کە ئێستاکە ئۆپرای پاریس ناوی ئەوی هەڵگرتووە، لە ساڵی ١٨٦٩دا، داوا لە پەیکەرتاش (ژۆن باتیست کارپۆ-Jean Baptiste Carpeaux) دەکات پەیکەرێک دروست بکات لەسەر تێمی دانس بۆ دیواری بەردەمی ئۆپرا، ئەویش پەیکەرێک دروست دەکات بە ناوی دانسەوە؛ کوڕێکی گەنج خەریکی تەمبور ژەنینە و بە چواردەوریدا چەند ژنێکی دیۆنیزۆسی بە ڕووتی و بە پێکەنینەوە دانس دەکەن بە دەوری ا. هەر بە بینینی ئەو پەیکەرە، دەبێتە هەرا و کۆکردنەوەی واژۆ دژی ئەو کارە و شەوێک چەند کەسێک بۆیەی ڕەش دەڕێژن بەسەر پەیکەرەکەدا کە هەتا ئەم سەردەمەش شوێنی ئەو بۆیە ڕەشە دوای پاکردنەوەش بە پەیکەرەکەوە هەر دیارە. ناچار پەیکەرەکە دەبرێتە مۆزەخانەی لۆڤەر و پاشان بۆ مۆزەخانەی ئۆرسای لە پاریس.

blank
پەیکەری سەما (١٨٦٩) پەیکەرتاش ژان باتیست کۆرپۆ(١٨٢٧-١٨٧٥)

دەبێت ئەوە بوترێت کە ئاکتی داپۆشینی ئیشتار بە ڕۆبەکەی لە سەردەمی بابلیدا ئاکتێکی سیاسی بوو، ئەگەر هونەرمەندەکان لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە بە تابلۆی شانۆیی بایبڵ و پاشان لە سەردەمی ئەمریسیۆنیستەکاندا بە واقیعی بەربەرەکانێیان دەکرد لەسەر دادڕینی ڕۆبەکەی ئیشتار و ڕووتکردنەوەی ژنان، ئەم دیاردەیەش لەگەل مۆدێرنیتێ و لە سەردەمی پیشەسازیدا دەستی پێ کرد، لەبەر ئەوەی نەماندەتوانی هەنگاوێک بچینە پێشەوە بەبێ ئەوەی بازنەی ئازادیمان فراون نەکەین، ئازادیش لە ناوگەڵی داپۆشراوی ئینانادا بوو، بۆیە کاری هونەمەندان دادڕینی ڕۆبەکەی ئەو بوو، هەتا بتوانین لە و دەروازەیەوە بچینە ژیانێکی نوێوە، بگەینە زانین (مەعریفە).

چونکە لە ئیفلاتونەوە هەتا سانتۆگوستان و فرۆید، هەوەسی هەژێنی مرۆڤ بەسەر سێ قۆناغدا دابەش کراون؛ قۆناغی پوختی کە ڕاستەوخۆ بە ئاکتی سێکسوالیتێدا خاڵی دەبێتەوە، قۆناغی ئەگرێسیڤیتێ و پاشان گەیشتن بە مەعریفە، واتە وەرگێرانی هەوەسی هەژێن لە خودا بۆ زانین، بەڵام ئێمە ناتوانین بگەینە بە زانین ئەگەر ئینانا داپۆشرابێت واتە ئەگەر ئازادیمان لێ زەوت کرابێت، لەبەر ئەوەی خود سنووردار کراوە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات؛ تاکی ڕۆهەڵاتی لە بازنەدا دەسووڕێتەوە، سەری دەکێشێت بە ناوگەڵی ئیشتاردا. ڕوانگەی نەماوە دەبێت بە کوزی ئیشتاردا تێپەڕێت، بۆ گەیشتن بە زانین، گەیشتن بە هەقیقەت بە جەوهەر. بۆیە داپۆشینی ئیشتار کارێکی تەواو سیاسی بوو، بە مەبەستی شاردنەوەی هەقیقەت بوو.

سەرچاوەکان :

دۆکیومەنتەری تەلەڤزیۆنی فەرەنسی بەناوی؛ پێکەنین.

وتاری : Monique Broc-Lapeyre بە ناوی؛ بۆچی بۆبۆ دێمێتێری هێنایە پێکەنین؟

 (Pourquoi Baubô a-t-elle fait rire Déméter)