مێتا-فەیسبووک و ئازارەکەی پرۆمیسێیا

پێش ئەوەی بگەڕێن بۆ زانین دەربارەی ئەوەی مێتا- فەیسبووک چییە؟ سەرەتا پێویستە ڕشەی وشەی )مێتا) شی بکەینەوە، چونکە هاوکارمان دەبێ بۆ زانین دەربارەی ماناکانی مێتا-فەیسبووک کە دڵی دەرکەوتەکانی نێو تەکنەلۆجیایە.کاتێ دەڵێین مێتا مەبەستمان سەرجەم هۆکارەکانی سوشیاڵ میدیای و بەدەستهێنانی زانیارییە، مێتا پێشگر یان وشەیەکی یۆنانییە واتای پاش یان سەروو دەگەینێ، مێتا بەگوێرەی تێپەڕبوونی بەنێو زمان و بیرکردنەوەی یۆنانیدا وەک چەمکیش بەکار دێت. مێتا وەک چەمک بۆ تەعبیرکردن لە بوونی فەزایەک بەکار دێت کە لەو فەزایەدا بوار و هەلی بەردەوام دەرەخسێ بۆ بنیادنانی شتی نوێ. لەگەڵ ئەوەدا ئەو چەمکە زیاتر جێێ خۆی گرت پاش ناونانی کتێبە گرنگەکەی ئەریستۆ بە ناوی مێتافیزیک[1]. لێرەدا نامانەوێ پەیوەندی مێتا-فەیسبووک و مێتافیزیک باس بکەین، بەڵکوو تەنها مەبەستمان ئاماژەدانە بە بەها و گرنگی بەکارهێنانی وشەکە لەنیو مێژووی بیرکردنەوەی مرۆییدا.

مێتا-فەیسبووک بەم شێوە ڕوون دەکەینەوە کۆکردنەوەی شتەکانە لەنێو یەک فەزادا، هەروەها هەلرەخساندن بۆ بنیادنانی پێکەوەبوون لە سەروو پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی زانیاریی مرۆڤەکان بە خۆیان و دەوروبەر و دنیا لە سەروو ئەو بوونەی ئێستا تێیدا دەژین، بەڵام تەنها ڕاڤەکردنی وشەکە بەو شێوەیە (ژیانکردن لە سەروو ژیانکردنی ئەم شێوەی ئێستا) بەس نییە بۆ ناسینی جەوهەری مێتا-فەیسبووک، بەڵکوو پێویستە بنەڕەتی بیرکردنەوە لە مێتا فەیسبووک ڕوون بکەینەوە کاتێک بنەڕەتەکەمان ئاشکرا کرد ئیتر ڕێگامان بۆ ڕووناک دەکاتەوە بۆ زانین و تێگەیشتن و مشتومڕکردن لە بارەیەوە.

– بنەڕەتی بیرکردنەوەی مێتا-فەیسبووک

بنەڕەتی مێتا – فەیسبووک بریتییە لە کردنی گشت بە یەک، هەوڵە بۆ پێکەوەبەستن و پێکەوە گرێدانەوەی گشت بە یەکەوە بە مەبەستی جووڵە پێ کردن و گواستنەوەی بۆ سەروو ئەو شێوە ژیانکردنەی ئێستا، واتە دەرکەوتنی شێوازێکی نوێی ژیانکردن لە سەروو ئەو شێوە ژیانەی کە ئێستا تێیدا دەژین و بوونی هەیە، ئەمە تەنها ناونانێکی ڕووت نییە، بەڵکوو تیۆریزەکردنی (گشت بە یەک). بیرۆکەی ئەم هەوڵە تازەیەی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوە قووڵەکەی پارمێنیزیس [٢]کە پێی وابوو یەک گشتە واتە هەموو ئەوەی کە هەیە لە یەکەوە هاتووەتە ئاراوە تێڕامانەکەی پارمێنیزیس بوون ناسیییە، تێڕامانە سەبارەت بە بوون و پەیدابوون، بەڵام مێتا فەیسبووک کردنی هەموومانە بە یەک واتە نەک “یەک گشتە” وەک ئاماژەمان پێدا بەڵکوو “گشت دەکات بە یەک” هەموو کۆ دەکاتەوە لە یەک یەکەدا لە ڕێگای هۆکاری پێکەوەبەستن و گرێدانەوەوە. کاتێ گشت دەبێ بە یەک واتە پرۆسەی هەموومان دەبین بە یەک لە ڕێگای مێتا-فەیسبوکەوە  قۆناغی سەروو لەم جۆرە لە ژیان  دێتە ئاراوە، کە لەپاڵ خۆیدا نەک شێوەکەی واتە شێوەی ئەو ژیانەی ئێستا هەیە و تێیدا دەژین دەگۆڕێ، بەڵکوو (ئەگەر)ی گۆڕینی جەوهەرەکەشی لێ دەکرێت، چونکە کاتێ گشت دەبێ بە یەک ئیتر پێویستە هۆکارەکانی هەموو ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن ببن بە یەک. لەبەر ئەوە ئەم قۆناغە پێویستی بە تێڕامانی قووڵ و دانەبڕوا و لە بیرکردنەوەی دەوێ.

بوون بە خودا لە ڕێگای بوون بە یەک

کاتێک هۆکارەکانی هەموو ئەو ڕووداوانە دەبن بەیەک ئیتر هەمومان دەبین بە یەک کەس و پرۆسەی  بەخودابوونی مرۆڤ لەم ڕێگایەوە خۆی بەرجەستە دەکات، ئەمەش بەگەڕانەوە بۆ ئەو هەوڵانەی پێشتری مرۆڤ کە تاقی کراونەتەوە دووبارە تاقی دەکرێتەوە و هەموو ئەو تێڕامانانە بەگەڕ دەخرێن تا بە یەکجار ئەو وێنەیە بەرجەستە بێ کە مرۆڤ دەبێ بە یەک، کاتێ بوو بە یەک دەبێ بە خودا. لێرەوە مرۆڤ هەم دەبێ بە خودای خۆی هەم خودای دەوروبەری خۆی (دەوروبەر مەبەستمان ئاژەڵەکان و درەخت و سەوزی و دەریا و زەریاکان…) بەڵام ڕەنگە دووبارە هەوڵەکانی بە خودای کردنی مرۆڤ لە ڕێگای پرۆسەی گواستنەوەی (گشت بە یەک) لە ڕێگای مێتافەیسبووک مرۆڤ بەرەو چارەنووسێکی پڕ ئازار ببات، هەر وەک چارەنووسی پرۆمیسێیا، چونکە هەوڵی پرۆمێسێیا جارێکی دیکە بە شێوەی نوێ لە ڕێگای تەکنیکەوە خۆی نمایش دەکاتەوە.

پرۆمیسێیا: “لە میسۆلۆجیای یۆنانییدا خودای ئاگر بوو، ئەو عاشقی ئەسینای کچی زیۆس بوو، زیۆس هەموو شتێکیدایە کە بیداتە مرۆڤ جگە لە ئاگر، بەڵام ئەو ئاگر بەبێ ئاگاداری زیۆسی خوداوەند  دەداتە مرۆڤ، زیۆسی خوداوەند پێی دەزانێت و سزایەکی سەختی دەدات دووری دەخاتەوە و لە لوتکەی چیایەک هەڵیدەواسێ هەموو ڕۆژێک باڵندەیەک دێت بەشێک لە جگەری پرۆمیسێیا دەخوات و بە شەو چاک دەبێتەوە “لێرەوە پرۆمیسێیا ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە ئەو لەپێناو خۆشبەختی مرۆڤدا ئاگرەکە لە خودا دەبات تا گەرمی و ڕووناکی بۆ بهێنێت و دووری بخاتەوە لە ئازار بەڵام پرۆمیسێیا خۆی دەکەوێتە نێو ئازارێکی قووڵەوە، بە هەمان شێوە مێتا وەک مژدەیەکی نوێی بۆ مرۆڤ هاتۆتە ئاراوە لەپێناو بەدیهێنانی شێوازێکی نوێی ژیانکردن لە سەروو ئەو شێوە ژیانەی کە ئێستا تێیدا دەژین و بوونی هەیە، بەڵام ڕەنگە مێتا بە هەمان شێوەی پرۆمێسیا هەمان ئازاری پرۆمیسێیا لەگەڵ خۆیا بهێنی ئەو یەک بوونە لە گشتدا (مێتا) بە ڕۆژ پارچەیەک لە جگەری مرۆڤ بخوات و بە شەو چاک ببێتەوە.

٢٧/ ١/٢٠٢٢

تێبینی:

لە زمانی یۆنانییدا پیتێکمان هەیە پێی دەگوترێت (زێلتا) کە پیتی چوارەمە لە پیتەکانی زمانی یۆنانی ئەو پیتە نە پیتی (ز )کوردی یان پیتی (زیتا) ئینگلیزی یان پیتی (ذ)ی عەرەبییە هەر بۆیە من لە ناوەکاندا (ز) لە جیاتی (زێلتا) بەکار دەهێنم، چونکە لەکاتی بەکارهێنانی ناودا پێویستە ناوەکان بەو شیوەیەی گۆ دەکرێن و دەنووسرێن لە زمانی یەکەمدا بەکار بهێنین، مەگەر ئەو  پیتانەی کە ناوەکە پێکدێنن لە زمانی دووەمدا نەبن. بەهەمان شێوە پێویستە ناو بە زمانی یۆنانی چۆن دەخوێنرێنەوە و گۆ دەکرێن بەو شێوەیە بەکاریان بێنین یان( نزیک لە زمانی یۆنانی) هەر بۆیە لیرەدا ناوی پارمێنیزیس بەو شێوەیەی کە نزیکە لە زمانی یۆنانی  بەکارم هێناوە و ناگەڕێمەوە سەر ئەو شێوە بەکارهێنانە کە لە زمانەکانی دیکەدا بۆ ناوی ئەو فەیلەسوفە کەجێیان گرتووە.

پەراوێزەکان:


[1] کتێبەکە گرنگەکەی ئەریستۆتالیس ” مێتافیزیک” لە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا ناو نرا، هەروەها مێتافیزیک وەک وشە لە هیچ دەقێک لە دەقەکانی ئەریستۆتالیسدا نەهاتووە. لەگەڵ ئەوەدا ڕەچەڵەکی وشەکە وشەیەکی ئەرستۆییە، هەروەها لە تێڕامانەکانی فەلسەفەی دێرینی یۆنانی وشەی وەها بوونی نییە بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ڕەچەڵەک وشەکە و بەکارهێنانیدا لەنیو مێژووی فەلسەفە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرچاوەیە:

Αριστοτέλης, Μετά τα φυσικά -Βιβλίο Α, Εισαγωγή, μετάφραση, σχολεία,Βασίλης Κάλφας ,Εκδόσεις ΖΗΤΡΟΣ,2014.

[٢] پارمێنیزیس لەنێوان ساڵانی ٤٧٠-٣٤٠ پێش زایین لە ناوچەی ئیلێیا کە دەکەوێتە باشووری ئیتالیای ئێستا ژیاوە، فەیلەسوفی پێش سوکراتییە و یەکێکە لە فەیلەسوفە گرنگەکانی نێو مێژووی فەلسەفە. ئەو تەنیا یەک بەرهەمی لەدوای خۆی بۆ بەجێ هێشتووین کە بە شێوەی شیعر نووسیویەتی هەر لەبەر ئەوە هەندێک کەس ناونیشانی شیعریان بۆ بەرهەمەی بەکار هێناوە، هەندێکیش ناونیشانی بەرهەمەکەی بە دەربارەی بوون یان دەربارەی سروشت  ناوی دەنێن.

پارمێنیزیس یەکەم کەسە کە ڕایگەیاند زەوی خڕە و دەکەوێتە ناوەڕاستی گەردوونەوە هەروەها دوو پێکهاتە هەن ئەوانیش: گەرمی و شێ. پێکهاتەی یەکەم بەدیهێنەرە و پێکهاتەی دووەم ماددەیە. ئەو پێی وابوو مروڤ لە خۆرەوە پەیدا بووە چونکە هۆکاری یەکەمە، هەروەها هەریەک لە گەرمی و شێ ئەو دوو پێکهاتەن کە هەموو هەبووەکانیان لێ پەیدا دەبێ، لە لایەکی ترەوە ئەو  پێی وابوو دەروون و عەقڵ یەک شتن.

 بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بەو پەراوێزە بڕوانە ئەم سەرچاوانەی خوارەوە:

– Βασίλης Κάλφας και Γιώργος  Ζωγραφίδης, Αρχαίοι Έλληνες Φιλόσοφοι, Το ΒΗΜΑ – ΙΝΣ,2013.

– Διογένης Λαέρτιος, Εισαγωγή, μετάφραση, σχολεία, Θεόδωρος Γ. Μαυροπούλος, Εκδόσεις ΖΗΤΡΟΣ,2012.