هونەری کوشتن

لە نۆروێژییەوە: ئیسماعیل ئیسماعیل زادە

فرانسین دێت.

ده‌ڵێم: “فرانسین! خۆ تۆ دەزانی کە ئەوان لەوێن، ئەرێ زۆر ماندوو نابن؟”

فرانسین وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: “هممم نا خاتوون، خۆ له‌ من‌ ماندووتر نابن‌ کە من هێندە خەریکی قاپوقاچاخ و جلی منداڵم”.

کەمێک دادێتەوە، سوور هەڵدەگەڕێت، بەڵام خێرا هێور دەبێتەوە و خۆی خەریک دەکاتەوە.

فرانسین خەرجی منداڵەکەی لە ئەستۆیە. ئەو دەچێت لە هاوینەهەوارەکاندا کار دەکات و پارەکەی وەردەگرێت. کەسێکی ژیرە و جێ متمانەی خەڵکی. ئەوان هەستیان بەوە کردووە کە ئەو پیاوێکی پێویستە، هەر زۆری پێویستە.

ئه‌مڕۆ چاوه‌ڕێی نەبووین. هەژدە کیلۆمەتری ڕێگا بڕیوە. نۆ کیلۆمەتر چووه‌ و نۆش هاتووەتەوە. له‌ مه‌راسیمی ناشتنی کەسێک بووە‌. سه‌یر نه‌بوو که‌ چووبوو. ئێستا ئه‌و له‌وێ ڕاوه‌ستاوه‌ کەچی ته‌قه‌ته‌قی قاپوقاچاخه‌کانی ئێمه‌ هەر دێت.

ئه‌وه‌یان چاوه‌ڕواننه‌کراوتر له‌ هه‌موویان بوو. چەند کەسێک به‌ پشووسوارییەوە، لە مەزراکەوەڕا هاتن. لە لای فرۆشیارەکەوە هاتن کە بڵێن “تەلەفۆنەکە لە کوێیە”. خزمێکی فرانسین، کچە مامی، له‌ پڕ مرد. ده‌بوو ئەمڕۆکە به‌یانی به‌ خاک بسپێردرێت. فرانسین ده‌یویست بچێت بۆ مەراسیمەکە؟ “من باشم.” ئەم وەڵامەی داوە، بۆ چاوتروکانێک دەستی لە کاره‌که‌ی ڕاگرت و بیری له‌وە کرده‌وه‌ کە بچێت یان نەچێت. بە هەر تک دەستی خۆی توند ڕێکدەگوشی. ئەوکات پێمانوت کە ئەمڕۆ دەتوانێت دەست لە کارەکەی هەڵگرێت و بچێتەوە ماڵێ. ڕەنگبێ بیهەوێ تەلەفۆن بکات بۆ کۆڕی پرسەکە. ئەو بە “نا- سوپاس” وەڵامی داوە. بە پێویستی نەزانی. لەبەر خۆوە ئاخێکمان هەڵکێشا، فرانسین بەڕاستی پێویستێتی”.

“بوودە” لەسەر کورسییەکەی تەنیشت دەرکەی چێشتخانەکە دانیشت و هەناسەیەکی هەڵکێشا. فرانسین کەمێک وەرسووڕا و وتی: “گەرماین بوو؟ خوشکەکەی؟”

” ئەوان لە تەلەفۆنەکەدا وتیان کە گەرماینە!”

“باشە”. فرانسین لەوانە نییە کە هەستەکی هەڵسوکەوت بکات. نە بە وشە دەریدەبڕێ و نە بە دموچاو دەریدەخات. ئەو هێور بوو و تاڕادەیەکیش ئەرخەیان. کەمێکیش سەیر دەهاتە بەرچاو. بەڵام خۆ گەرماین زەماوەندی نەکردبوو، ئەوە خوشکەکەی بوو کە چەند منداڵی وردی هەبوو. فرانسین لە لاشانەوە چاک دیتبوونی. بەداخەوە هەر وابوو!

پرسیم: “ئەرێ فرانسین! ئەو کێی لەگەڵ بوو؟ کۆرپەکە؟

“نازانم خاتوون، ئەو لە پڕ مرد، ئەوان فریا نەکەوتن لێو بترازێنن”.

فرانسین مت بوو، ئیتر منیش چی دیکەم نەپرسی.

من گەرماین-م دیتبوو. پارەکە بوو کە دیتم.

ئەو بە بارێک سێوەوە هاتبوو بۆ لامان. لە لای ئەو خەڵکانەی هێنابوون کە کاری بۆ دەکردن. سێوەکان بە قەت سەری منداڵ زل بوون. میوەی چاک. خۆ باوەشێک نەبوو. سەت دانە بوون. 

فرانسین خەرجێکی چاکی کردبوو.

گه‌رماین کچێکی جوان و ڕووخۆش بوو به‌ڵام خۆی زۆر پێ بەدڵ نەبوو. قەت لە خوارەوە دانەدەنیشت، کەمدوو بوو، گڵاسێک شه‌ڕابی سێوی دەخواردەوە. پێی خۆش بوو یاریدەمان بدات بۆ ئەوەی سێوەکان بەرینە ژوورێ و پاشان درێژە  بە ماشێن لێخوڕینەکەی بدات.

وتم: “به‌ڵام بۆ ساتێکیش بێت ئەو دەبێ پشوو بدات. خۆ ئەسپ نییە!؟”

فرانسین وتی: “لە پێچەکەی هۆوێ پشوو بە ئەسپەکەی دەدات.” وشەیەکی بۆ هەرکیان بەکار هێنا: “لەوێکانە ناسیاوی خۆی هەیە”. گەرماین بەرەو ئەوێ چوو و فرانسین ئەوەشی درکاند: “ئەو شەرمن و کەمێکیش دوورپەرێزە خاتوون!”.

“چۆن؟ خۆ کچێکی جوانه‌!”

“ئیتر ئه‌و ئاوایه‌” فرانسین ئەوەی وت و هه‌ردووک شانی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵکێشا.

“ئێستاکه‌ ئه‌و لەژێر گڵە. ئیتر بۆ خۆی حەسایەوە.”

توانیم خۆم ڕابگرم.

فرانسین هیچی دیکە ناڵێت. چووەته‌ ناوخۆیه‌وه‌ و به ‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌.

به‌ڵام من گه‌رماین-م دیت، زۆر لەسەرەخۆ نەبوو، وا چاکە خۆم لە باسەکە هەڵقورتێنم.

“بۆ دایک و باوکی زۆر قورس بوو، فرانسین.”

فرانسین ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. دواتر وتی: “بەڵێ هەروایە، ئه‌و کچیان بوو!”

“به‌ڵێ” بە پەرێشانییەوە درێژەمدایە؛ من باسی ئەو منداڵە دەکەم کە تووشی قسە و قسەڵۆک بووە: “کاتێک ئەم وردە گوناهانە هەبن دەبێ چاوەڕوانی شتی ئاواش بین.” فرانسین سەری وەردەسووڕێنێت و بۆ چەند ساتێک سەیری من دەکات. زەردەیەک لەسەر لێوی بوو. منی بە گەمژە دەزانی: “هەروەها کوڕێکیشی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە، خاتوون! تەمەنی پێنج ساڵە”.

لەوێ وەرمگرت. بە بەرچاوی خەڵک نا، ئەوندەش ئاسان نییە! بەجێهێشتنی کوڕێک لە پاش خۆی.. ڕەنگە لە زۆر ڕووەوە خراپ بێتە بەرچاو کە ئەم دایکە لەوانی دیکە ناچێت. من شڵەژا بووم و قڕوقەپم کرد.

ئێستاکە فرانسین دەیەوێ بابەتەکەم زیاتر بۆ ڕوون بکاتەوە: “هەڵبەت کوڕەکە لە ماڵی بنەماڵەی دایکێتی.”

ئەی ئەو چی کرد یان لە کوێیە؟

“باوکی؟ مەلەوانێکی بیانییە” نەیهێشت هیچی دیکە بڵێم، وتی: “گەرماین چووبوو بۆ سەفەر، بەرەو “لۆریەن” و بەم جۆرە ئیتر..”

فرانسین دیسان هه‌ردووک شانی هەڵدەکێشێتەوە.

“ئێستا ئەو چوو بۆ دەرێ و و دانەیەکی ساز کرد؟”

 “خاتوون! ئەو بەس منداڵێکی دیکەی دەویست بەخێوی بکات. لەم مانگەی ئاخریشدا ئیتر هەر لە ماڵێ بوو.”

“نەخۆش کەوتبوو؟”

زه‌رده‌یه‌ک ده‌که‌وێته‌ سه‌ر لێوانی فرانسین، بەڵام وا خێرا کاڵ دەبێتەوە کە کەس پێی نازانێت: “مەگەر ئەوان بیانەوێت وا بێت خاتوون.”

وه‌ڵامێکی لێڵ. وا دیارە فرانسین نایەوێت زیاتری لەسەری بڕوات. لەوێ زۆر نەخۆشیی دیکەش هەن. منیش ئەوەم پێ زیاد کرد: “هێشتا باشە کە ئەو کوڕە ماڵی هەیە!”

” بەڵێ به‌ دڵنیاییەوە” فرانسین دانی پێدانا: “تەواو هاوڕام”. ویستی درێژەی پێ بدات بەڵام بێدەنگ بۆوە. لەبەر ئەوەی شتەکان هێند ئاڵۆزن کە پێکەوەگرێدانیان کەمێک زەحمەتە. دۆسیەکە دەیان لاپەڕە دەبێت. دەشتوانی خۆتی لێ نەبان بکەیت. دەڵێ: “دیسانیش چاکە”. ئەم خەڵکە گەرچی سەرو خانوو، مەزرایەکی بچووک، دوو مانگا و بەرازێکیان هەیە بەڵام هێشتا دەستکورتن. هەڵبەت فرانسین زۆر لەوە کەمدووترە. تاکە جارێکی قسە کردووە. لە ڕاستییدا ئەوان هەژاریش نین. گه‌رماین دەیتوانی کوڕەکەی بەخێو بکات.

پرسیارێکی قۆڕ لە زارم دەرپەڕی. قسەکانی فرانسین-یش خۆ بۆ بەقاکردن نابن. چاک بوو کە هیچی نەووت: ” فرانسین! ئەوان خۆ ئەم جارەیان پێی خۆشحاڵن؟ به‌ کوڕه‌که‌؟ بە ماڵه‌که‌ی‌ مه‌زرا؟”

“ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌و خراپ نه‌بوون خاتوون،” فرانسین به‌ متمانەوە وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌.

“ئەوان دەیانتوانی تەنیا بۆی خەمبار بن.”

ئه‌وان کریستیانن.”

“بێگومان.. فرانسین”

“ئەو بێتاوانە”

” ڕێک وایە”

“به‌ڵام ئه‌و منداڵێکی بیژووه‌، وا نییه‌؟ ئه‌وه‌ کاره‌ساتێکی هەمیشەییە‌.”

لەوەدا تەواو هەق بە فرانسینە. وشەکانیش جگە لەم ڕاستییە هیچ مانایەکی دیکەیان نییە. هەبوونی بیژوویەک کارەساتە. ته‌نانه‌ت بۆ ئەوانەش کارەساتە کە ماڵیان هەیە. قەت حاشای لێ ناکرێ. به‌ڵام ئێستا ئەوان درک دەکرێن – به‌ شێوه‌یه‌ک درک دەکرێن، به‌ جۆرێک –

خۆزگه‌ من هیچکات له‌گه‌ڵ فرانسینی پیتۆڵ قسه‌م نه‌کردبووایه‌. ئه‌و هەمیشە پێی خۆشە بە ماناوە قسە بکات، ئەوانیش هەر چۆنێکی پێیان خۆش بێ لێکی دەدەنەوە، ڕێک وه‌کوو ئه‌وانه‌ی دێڵفی. هه‌روه‌ها لوت لەو کوڕە بێ‌دایک و باوکە وەردەسووڕێنن، لە چارەڕەشێکی پێنج ساڵان. باشە ئاخر چۆن دڵیان دێت وا بکەن!

هه‌ڵده‌ستم کە بڕۆم. فرانسین بە دەنگێکی گەرموگوڕەوە دەڵێ کە بە هیچ شێوەیەک خۆی لە کارەساتەکەمان وەرنادات:

“زۆر پیاو ئه‌مه‌یان بە پەلە ئه‌نجام داوه‌، بەڵام ئەو بە تەنێ خۆی کردوویەتی.”

“چی؟ کامه‌؟”

“ئه‌و به‌ تەنێ کردوویەتی خاتوون! دەڵێن خۆی کووشتووە.”

“به‌ڵام تۆ ئەو خودایەی دەیپەرستی فرانسین، پێمان بڵێ ئه‌و زۆر قوڕبەسەر بوو؟”

فرانسین وشەی قوڕبەسەر زۆر سەیر مانا دەکاتەوە. دەڵێ کە:

“بێگومان نا خاتوون، ئه‌و قوڕبەسەر نه‌بوو. به‌ڵام کە جارێکی دیکە لێی ڕوودابۆوە، دایک و باوکی وایان پێ وتبوو. ئه‌و خۆی بۆ هەر تک منداڵەکان ئاماده‌ کردبوو. هەم بۆ ئەوە و هەم بۆ ئەوەی پێشوویان.”

“دەی دواتر؟ ڕێک هەر وەکوو ئەمەیان بوو؟ ئەو هەر وابوو؟”

“به‌ڵێ خاتوون، وا وێده‌چوو.”

دانیشتووم. بەڕوونیی گەرماین دەبینم. هەموو شتێکی ئەوم لەبیر نەماوە. وام لەبیر نییە کە ڕەنگ‌پەڕێو بووبێت، پەشۆکاو بووبێت، ترس بە چاوییەوە یان بزەی تاڵ لەسەر لێوانی بووبێت.

 “به‌ڵام فرانسین! دڵنیام کە ئەوکات قوڕبەسەر بوو!”

“ئه‌و قوڕبەسەر نه‌بوو” فرانسین بە پێداگرییەوە دەیڵێت.

“ئەی بنەماڵەکەی یان باوکی منداڵەکە..؟”

“ئه‌و به‌ شێوه‌یه‌کی گونجاو هه‌ڵسوکه‌وتی کردبوو. ئێمه‌ بە جۆرێکی دیکە دەیکەین و ئەویش دەیتوانی وەکوونێ ئێمە بووایە.”

خەریکە بڵێم کە ئەوە خۆ زۆر ئاسانە، بەڵام نا، لە بارەی باوکی منداڵەکەوە دەپرسم. “ئەو نەیدەتوانی وەخۆی بگرێت؟ ئەرکی ئەو نەبوو؟”

“ئۆۆۆف” فرانسین ده‌فرێک دەسڕێت، له‌به‌ر ڕووناکییه‌که‌ سه‌یری ده‌کات و دیسان ده‌یسڕێته‌وه‌، ڕێکوپێک و وردە: “پیاوێکی پیر بوو.”

پیره‌پیاوێک. بۆ چرکه‌یه‌ک لاڵ بووم، دواتر وتم: “هەرچی بێت لانی کەم خۆ دەیتوانی بەخێوی بکات، جا با پیریش بێت.”

“خاتوون! ئەو لەو مەزرایەدا دەژیا کە کاری تێدا دەکرد. پیرەپیاو.. دەڵێن کە بەردەوام بە دوویەوە بووە”.

نازانم چیدیکە بڵێم. بەداخەوەم. دواتر دەڵێم: “کچی بەستەزمان”. ئەوەش زۆر مانا هەڵدەگرێت.

بەڵام فرانسین د‌رکێکی سه‌یری هه‌یه‌. دەڵێ کە ئەو بۆ خۆی هەڵیبژارد کە وای لێ بەسەر بێت: “ئەو پەشیمان نەبوو. دەیتوانی هەڵسوکەوتێکی باشی هەبێت. ئێمە بۆی بەداخ بووین چونکە ڕەفتاری جوان نەبوو. هەروەکوو جاران وابوو. بۆ بەخێوکردنی منداڵەکەی هەموو شتێکی دەکرد.”

 “دواتر لێی بێزار بوون.”

“بێزاربوون کە نا، تەنیا بۆچوونی خۆیان وت.”

“فرانسین! ئه‌و خۆی خەرجی منداڵەکەی کێشاوە.”

ئەوندەی توانی خەرجی کێشا. تا ڕادەیەک دەیتوانی فریای منداڵەکەی بکەوێت. دەشیویست کە بیکات بە دووان.

“له‌ ئێستادا ئه‌وان کوڕەکەیان لەسەر دەست ماوەتەوە.” من ئه‌وه‌ ده‌ڵێم و قین له‌دڵییش ده‌ناسم.

“دەکرا زیاتریش بێت خاتوون. ئیتر ئه‌و ئاوا بوو. کەچی بە زەحمەتیش منداڵێکی بۆ بەخێو دەکرا.”

فرانسین به‌ ئاشکرا لای ڕای زۆرینە دەگرێت. ئه‌و ئێستاش لەسەر قسەی خۆیەتی و کەس پشتی مردووەکە ناگرێت. پێی وایە  کە تەنیایی وەکوو سەرماوسۆڵە ئاوقای بووە. لەو کەسانە بوو کە تێداچوو بوون. ڕەنگە دەبوو دەستی لێ بشۆیەوە. دەیویست کە لە هەموو شتێکدا سەرتۆپ بێت. بەڵام هەرچی دەکات لێی هیوابڕاو دەبێت.

فرانسین باسەکەی زیاتر ڕوون کردەوە: “خەسارەکە زۆر گەورە نەبوو، بەڵام بۆ ئەو زۆر سەیر ڕووی دا.”

“ئه‌وان ده‌ڵێن چی فرانسین؟”

” ده‌ڵێم ئه‌م جاره‌یان ئه‌و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ بووبوو. کاتێک ئه‌وان قسه‌یان بۆ ده‌کرد ئەو قڕوقەپی کردبوو. دەتوت کەس نابینێت. کە بە ڕێدا دەڕۆییشت دەتوت گێڕ بووە. وەکوو دەڵێن سڕ بووبوو، بێ هەست و خوست. ئەگەر یەکەمجار بووایە کەمێک باشتر دەبوو! “

فرانسین واز ناهێنێت. ئه‌و ده‌یویست چی دیکە بکات؟ من ده‌بێ لەوە تێبگەم کە‌ ئه‌رخه‌یانی و ئاسووده‌یی کۆڵەکەی بنەماڵەن‌. بۆچی هێندێک شت به‌و جۆرە نین کە دەبێ ببن؟ شوورەیی ئاوا قورس و بەو تێچووە گرانەش؟ ناتوانی هاتوهاوار نەکەی. بەس نییە کەسیش ناگریت!

به‌ڵام لەبەر ئەوەی کە شتە ورد و بچووکەکان بایەخی تایبەت بە خۆیان هەیە، فرانسین دەڵێت: “ئه‌و خۆی هەڵواسی. ئه‌و په‌تێکی له‌ ملی خۆی کرد و خۆی هەڵواسی. چاوەڕوان کراو بوو خاتوون! باش بوو کە نه‌که‌وته‌ ناو بیرەکەوە. ئه‌وان زراویان لەوە چووبوو که‌ که‌وتبێته‌ ئه‌وێوه‌. بیر – دەستبەجێ تێیدەکەوت!”

“بۆ ئەوە وای نەکرد کە خەڵکی بیبینن؟” بۆ ماوه‌یه‌ک نازانم بیر له‌ چی ده‌که‌مه‌وه و بۆ پرسیاری نابەجێی دیکه دەکەم!

“نا خاتوون نا. دایکی خۆشی پشتی تێ کردبوو. ئەوکات ئەو چووبوو بۆ هۆدە بچووکەکە. دەرکەکەی نیوەکراوە بوو. ئیتر متەقی لێوە نەهات. پاش چەند خولەک چەند کەسێک چووبوونە ژوورێ و دۆزیبوویانەوە. تەواو بووبوو. زۆر بە گورجی کارەکەی کردبوو. ئەوان هەر خۆیان پەتەکەیان لەوێکانە شۆڕ کردبۆوە و ئەویشیان بە پیل بردبووە ئەوێ.”

من ناتوانم حاشای لێ بکەم. پێش هەموو کەس دایکی خۆی پشتی تێ کردووە! ئاوڕی هەر لێ نەداوەتەوە. واتە ئەویش کارەکەی کردووە…

پاش قەدەرێک وه‌خۆ هاتمه‌وه‌ و پێم وابوو که‌ ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ باشترین کار بێت. کاری زۆر چاکی کرد. ئەوانیش هەر ئەوەیان لێ دەویست. لە بیرەکەشدا خۆ ناتوانێ ڕابکات. ئەو پەتەکەی دیتبوو کە لە مجرییەکەدا بوو و دەیزانی کە بە کەڵکی ئەم کارە دێت.

“خەسارەکە زۆر گه‌وره‌ نه‌بوو، خاتوون!” درێژەی پێ دەدات: “ئیتر که‌ مرۆڤ سڕ بوو ئاوای لێ دێت..”

فرانسین ده‌فره‌کانی به‌ ئارامی له‌سه‌ر یه‌کتری هەڵدەچنێ و دەیانباتەوە شوێنی خۆیان.

¤¤¤

کورا ساندل کێیە؟

ن: ئیسماعیل ئیسماعیل زادە

                                                                                                                          نۆروێژ         

“کورا ساندل” یەکێکە لە گەورەترین نووسەرانی نۆروێژ کە شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەو لە بەرهەمەکانیدا ژیانی ژن و بیرکردنەوەی هونەری وێنا دەکات. “کورا” یەکێک لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی نۆروێژی بە نێوی “سیانیی ئالبێرتا” نووسیوە. کاتی نووسینی ئەو ڕۆمانە دەگەڕێتەوە نێوان دوو شەڕی گەورەی جیهانی.

سارا فابریوس بە نازناوی کورا ساندل لە ٢٠ی دێسەمبری ساڵی ١٨٨٠ لە بنەماڵەیەکی کریستیانی لە شاری کریستیانا (ناوی کۆنی ئۆسلۆ)دا لە دایک بوو. بنەماڵەکەی زۆر دەستکورت بوون، بۆیە لە تەمەنی ١٢ ساڵاندا ناچار بوو لەگەڵ بنەماڵەکەی سەری خۆیان هەڵبگرن بۆ شاری ترۆمسۆ لە باکووری نۆروێژ. ساڵی ١٨٩٧ گەڕاوە بۆ کریستیانا و لەوێ چوو بۆ خوێندگەی شێوەکاری.

لە تەمەنی ٢٥ ساڵییدا چوو بۆ پاریس بۆ ئەوەی لەوێ درێژە بە خوێندنی شێوەکاری بدات. هەر لەوێ بۆ ماوەی پازدە ساڵ پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ ئەو شیوەکارانە هەبوو کە لە سکاندیناڤیاوە چووبوونە پاریس و برۆتاینە. هەر لە پاریس دەستی کرد بە نووسینی شیعر، کورتەچیرۆک و چیرۆکی سەفەر.

ساڵی ١٩١٣ لەگەڵ پەیکەرتاشێکی سویدی بە ناوی “ئاندرس یونسۆن” زەماوەندی کرد و لە شاری ئۆپسالای سوید نیشتەجێ بوو. ساڵی ١٩٢٢ ژیانە هاوبەشەکەیان هەڵوەشاوە و لە ١٩٢٦دا بە یەکجاری تەڵاقنامەکەیان نووسرا و ڕێک لە هەمان ساڵیشدا یەکێک لە سێ ڕۆمانی ئالبێرتای بە نێوی “ئالبرتا و یەعقوب”ی چاپ کرد. ئەوکات تەمەنی کورا ٤٦ ساڵ بوو.

روسینا یەکەم چیرۆکی سارا فابریوس بوو کە لە ساڵی ١٩٢٢دا بە زمانی نۆروێژی و بە نازناوی “کورا ساندل” چاپ کرا و هەر بەو ناوەش ناسرا. ساڵی ١٩٢٧ ڕۆمانی “مۆبلی شین” و چەند چیرۆکی تری بڵاو کردەوە. کورا ساندل لە کاتی ژیانیدا سەرجەم ٥ ڕۆمان و ٥ چیرۆکی بڵاو کردەوە.

ئەگەرچی نووسینەکانی کورا ساندل ژیاننامەی ئەو نین، بەڵام لە چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا ڕەنگدانەوەی ژیانی دەبینین. لە زۆربەی بەرهەمەکانی کورادا هونەرمەندێکی ژن کە لە هەمان کاتیشدا نووسەرە کەسایەتیی سەرەکییە و لە شارەکانی خۆی واتە ترۆمسۆ و پاریسدا هاتوچۆ دەکات.

بەشی زۆری ژیانی کورا لە دەرەوەی نۆروێژ تۆمار دەبێت و هەر لەبەر ئەمەشە کە لە بەرهەمەکانیدا گیروگرفتی هاوشێوەی نووسەرە شاربەدەرەکان ڕەنگ دەداتەوە. پاڵەوانە ژنەکان جاری وایە باڵ دەگرن و دەفڕن، جاری واشە تووشی جۆرێک لە کۆت و بەندەکانی شاربەدەربوون دەبن.

کورا ساندل لە چیرۆکی “قەرزێکی بچووک”دا (١٩٣٥) دەڵێت: ئەو یەکێکە لەو کەسانەی کە دەستیان نییە و لە بازنەیەکی بەرتەسکدا دەژیین، واتە لە بازنەی لەدایکبوون، ژیانی ئاسایی و مردندا. ئەوان هیچ شتێکی دیکە شک نابەن. ئەوان قەت گەشە ناکەن. هەست پێ ناکرێن. دەرفەت ناخوڵقێنن مەگەر دەرفەتی هەڵە. بە گشتی ژنان لەو پۆلەدا جێگیر دەبن. بەڵام کورا ساندل ئەم ڕەوتە نەک لە چیرۆکدا بەڵکوو لە سەرلەبەری نووسەربوونیدا هەڵدەتەکێنێت، ژیانی لەبیرکراو یان ئەوەی وا خۆی پێی دەڵێت ژیانی داڕێژراو، دەستکاریی دەکات.

چیرۆکەکانی سەندێل زیاتر لە ماڵێدا ڕوو دەدەن و زۆربەی کارەکتێرەکانی برسین: ئەو ژنانەن کە دەستکورتن یان ڕووت و ڕەجاڵن بەڵام دەبێ هۆدەیەکیش بە کرێ بگرن. لە چیرۆکەکاندا کەسەکان گلەیی و گازندەیان هەیە یان هەست بە شوورەیی دەکەن. یان لەنێوان گریان و شادییانەی ژیانی هاوبەشییدا ڕەنگە هاوژینەکانیان خەیانەتیان پێ بکەن.

بەرهەمەکان:

ئالبێرتا و یەعقوب، ڕۆمان ١٩٢٦

مۆبلێکی شین و چەند چیرۆکی دیکە ١٩٢٧

ئالبێرتا و ئازادی، ڕۆمان ١٩٣١

کارمەن و مایا و چەند چیرۆکی دیکە ١٩٣٢

زۆر سوپاس دکتۆر، ڕۆمان ١٩٣٥

هەر تەنیا ئالبێرتا، ڕۆمان ١٩٣٩

ئەو ئاژەڵانەی من ناسیومن، چیرۆک بۆ گەنجان و پیران ١٩٤٥

تارماییەکانی ناو قووڵایی، کۆچیرۆک ١٩٤٩

“دوندی” مەکڕن بە شێوەکان ڕازێندراوەتەوە، ڕۆمان ١٩٥٨

ژیانی چەتوونی ئێمە، کۆچیرۆک ١٩٦٠

ئەو منداڵەی کە ڕێگاکانی خۆش دەویست ١٩٧٣

بەختەوەری و چەند کورتەچیرۆکی دیکە ١٩٩٥

پێشانگا شیوەکارییەکان کە بە ناوی سارا فابروس بەڕێوە چوون.

کۆرا ساندێل (١٨٨٠-١٩٧٤) نووسەری نۆرویژی

………………