ئاكاری ژینگەپارێزی

بەرپرسیاریەتییە مەدەنی و كۆمەڵایەتییەكان لە ئاست ژینگەدا

پێشەکی:

ژیان لەنێو ژینگەی پاک و خاوێن، سەرەتاییترین مافی هەر تاکێکە، کە دێتە سەر دنیا و هاوکات پاراستن و پارێزگاریش لەو ژینگەیە ئەرکی سەرشانی هەمان تاکە، کە لەسەر گۆی زەوی دەژی. لێرەوە بەرپرسیاریەتیی تاک سەبارەت بە ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە. پاراستنی ژینگەش تەنیا لە بەرژەوەندیی مرۆڤدا نییە و سەرجەم زیندەوەرەکانی دیکەش دەبێت لە چوارچێوەی پاراستنەدا جێگەیان ببێتەوە، کە لە پێکهاتەی سیستەمی ژینگەییدا بوونیان هەیە، بە (بە زیندوو نازیندووەکانیشیەوە).

هەر لە سەرەتای ژیانەوە، تاکوو ئێستا مرۆڤ بە شێوەگەلی جۆراوجۆر سەروکاری لەگەڵ ژینگەدا بووە، لەم ژینگەیەدا ژیاوە و کاریگەریی لەسەر ژینگە هەبووە و ژینگەش کاریگەریی لەسەر مرۆڤەکان داناوە. (معمر، ٢٠١٤، ٢٤).

لە دنیای مۆدێرندا، یەکێک لە پێوەرەکان بۆ حوکمڕانی و کۆمەڵگەی هۆشیار و کەسێتیی باش بەوە دەناسرێتەوە، کە چەندە حوکمڕانی و کۆمەڵگە و مرۆڤگەلێکی ژینگەپارێز و ژینگەدۆستن. پاک ڕاگرتن و  بەرپرسیاربوون لە پاکی ژینگە لە ئێستادا وەک بەشێک لە ڕۆشنبیری تەماشا دەکرێت. ڕەنگدانەوەی ئەم ژینگەپارێزییە لە کولتووری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا و دەقە دەستوورییەکانی حکوومەتەکان و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی تاک، بەرپرسیاریەتیی مرۆی و ئاستی بەرزی هۆشیاری نیشان دەدات.

لەگەڵ پەرەسەندنی هزری مرۆڤ ژینگە تەنیا بە ژینگەی مرۆیی کورت ناکرێتەوە و پێکهێنەرەکانی تەواوی ژینگە پێویستە لە هاوسەنگی ژینگەییدا پارێزراو بن و بە توخمە نازیندووەکان (ئاو، هەوا و خاک….هتد) و زیندووەکانیشەوە (مرۆڤ، ئاژەڵەکان و باڵندە و …هتد). واتە دەربازبوون لە مرۆڤ-سەنتەری لە فەلسەفەی ژینگەپارێزیدا بۆ ژینگە-سەنتەری. ئەخلاقی ژینگەپارێزی فەراهەم نابێت، تاوەکوو بەهای سروشت و بوونەوەرەکان و پێکهاتەکانی ژینگە بە هەمان بەهای مرۆبوونی خۆی ڕێزلێگیراو نەبن.

چەمکەکان:

١. ژینگە:

لەسەر بنەمای پێناسە، ژینگە چەمکێکی ئاڵۆز و لێکدراوە، بۆ گشت دۆخە فیزیکی، بایۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و جوانیناسی لەخۆ دەگریت. بەو مانایەی کە ژینگە سەرجەم ئەو بوونەوەر و پێکهاتانە دەگرێتەوە، کە بە شێوەیەکی سروشتی لەسەر گۆی زەوی بوونیان هەیە بە خودی بەرگە هەوای ڕووپۆشی سەر زەوی. گرنگی ژینگە بۆ بەردەوامی ژیان و مانەوەی زەوی بەندە بە پاراستنی ژینگە سروشتی و ژینگە  ناسروشتییەکەیەوە. ((www.shareyhx.com/))

پێناسەی ژینگە بەپێی زانستەکان و بۆچوونی زاناکان و پسپۆڕانی بایەلۆجی و فیزیا و کیمیا دەگۆڕێت، لەسەر بنەمای پێداویستیی ژیانی مرۆڤ و لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستییەوە، بەڵام هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە ژینگە شوێنی حەوانەوە و کارکردن و گەشتوگوزار و پشوودانە. هەر لەبەر ئەوەیە ژینگە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی تاکەکانەوە هەیە. (عزیز، ٢٠١٧، ١)

ژینگە زۆر جار بە کورتی پێناسە کراوە کە “بریتییە لە بارودۆخی دەورووبەر”، یان دەگوترێت “ژینگە  بریتییە لەو شوێنەی کە بوونەوەرێک بوونی هەیە یان لێی دەژی”. (حەمەئەمین، ٢٠١٧، ١٠)

کەچی ئەنسکلۆپیدیای جوگرافی بەم شێوەیە پێناسی ژینگە دەکات، “ژینگە ئەو ناوەندەیە، کە تەنی زیندوو و نازیندووی لێیە و ئادەمیزاد تێیدا دەژی، پرۆسەی بەرهەمهێنان ئەنجام دەدات و هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان کۆنترۆڵ دەکات. (العاقل ، ١٩٩٠، ١٠).

ژینگە بەو کۆمەڵە هۆکارە بایەلۆجی و کیمیایی و سروشتی و جوگرافی و کەش و هەوایەی کە دەوری مرۆڤیان داوە و کاریگەرییان لەسەر ڕەفتار و ژیانی هەیە دەگوترێت. (داود، ٢٠١٢، ١٦)

٢. ژینگەی سروشتی:

ژینگەی سروشتی بریتییە لە کۆمەڵێک تێگەیشتنی کەڵەکە بوو دەوروبەر پێکهاتەی سیستەمی زیندوو و نازیندوو (فیزیکی، کیمیایی)، کە کار لەسەر ژیانی مرۆڤ یان هەر بوونەوەرێکی تر دەکەن. لەم سەردەمەدا ئەم پێناسەیە زیاتر بۆ کار و چالاکییەکانی مرۆڤ بەکار دەهێنرێت. هاوکات دەتوانین ژینگەی سروشتی بە کۆمەڵە هۆکارگەلێکی  نازیندووی وەک (ئاو، هەوا، خاک و بەرگە هەوا و …) کە دەوری مرۆڤیان داوە ناو بهێنین. جیاوازیی سروست و ژینگەی سروشتی لەوەدایە، کە سروشت کۆمەڵە هۆکارگەلێکی سروشتین بە زیندوو و نازیندووەکانییەوە، کە تایبەتن و دیاری کراون، بەڵام ژینگە بەو گشت هۆکار و پێکهاتە و بارودۆخانە دەگوترێت، کە پەیوەستن بە ژیانی مرۆڤەوە بە خودی مرۆڤەکەشەوە.

رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٦٧) پێناسەی زانای نەورویجی (س ،ویک) پەسەند کرد، کە دەڵێت “ژینگەی ژیان بریتییە لەو بەشەی جیهان کە مرۆڤ کاریگەریی لەسەری هەیە و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە،  کەواتە ئەو بەشەی کە بەکاری دێنێت و چالاکی تێدا ئەنجام دەدات و کاریگەریی لەسەری هەیە و خۆی لەگەڵ دەگونجێنیت” (هولی،١٩٧٩، ١٠)

٣.  ژینگەی ناسروشتی:

ژینگە لایەنگەلی زۆر لەخۆی دەگرێت، لەوانەش: ژینگە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و یاسای و ئابووری و سیاسی… هتد. (خالص، ٤٩).

ژینگەی ناسروشتی، بەو ژینگەیە دەگوترێت، کە مرۆڤ ڕۆڵی خۆی تێدا دەبینێت و بۆ زیاترکردنی هەموو گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە و دەستێوەردان لە ژینگەدا (عزیز، ٢٠١٧، ٢٠)

ژینگە بە مانایەک لە ماناکان ناتوانین بە سروشت پێناسەی بکەین، چونکە سروشت دوورە لە دەستکردنی مرۆڤ و خواکردە، بەڵام ژینگە لە چەندین توخمی دیکە پێک هاتووە، کە سەرچاوەکانیان ژیار و کۆمەڵگا و ئابووری  و مالییە (المنیاوی، ٢٠٠٨، ١٤).

٤. ئەخلاق:

کاتێک باسی هەڵسوکەوتەکانی خەڵک و دەرئەنجامەکانی کردارەکانیان دەکەین و خەسڵەتێکیان دەخەینە پاڵ زۆرجار پشت بە هەڵسەنگاندنی ئاکاری دەبەستین و دەڵێن کردارەکە نائەخلاقی بوو، هەڵسوکەوتەکە دوور بوو لە ڕەوشت یاخود ئەم ئیش و کارانە لە چوارچێوەی بنەما ئاکارییەکان جێیان نابێتەوە. هەر ئەمەش هانمان دەدات، کە بە دوای وەڵامی “ئاکار چییە؟”دا بگەڕێن و لە تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی بکۆڵینەوە.

ئەخلاق، بریتییە لە بیروباوەڕی تایبەتیی تاکێک، سەبارەت بە هەڵسوکەوتێک یاخود بڕیارێک کە ڕاست و ڕەوایە یان خود نییە.

ئەخلاق، بریتییە لە زانستی تایبەت بە یاسا و ئەرکەکانی خەڵک، ڕێسا و پەیڕەوی قانوونی کە لەلایەن خەڵک بەکار دێت لە کاتی بڕیارداندا، بریتییە لە جەوهەری چۆنیەتیی هەڵسوکەوتکردنی دوو لایەنە.

بە گشتی ئاکار بریتییە لە:

  • زانستێک کە باسی ژیانێکی بەختەوەر واتە هێدونیزم دەکات.
  • زانستێک کە باسی کار و چالاکیی پراکتیکی و کردەیی دەکات.
  • زانستێک کە دەستنیشانی ئەرکناسی دەکات. (خۆشەوڤی، ٢٠١٦، ٥٣)

لە کۆی ئەم پێناسانەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەخلاق بریتییە لە بیروباوەڕی تاک لە ساتی هەڵسوکەوتەکانی و پابەندبوون بە ڕێسا و یاساکان و لەبەرچاوگرتنی مافی ئەوانی دیکە لەبەر ڕۆشنای بەهاکاندا.

٥. بەرپرسیاری مەدەنی:

بەرپرسیاریەتی مەدەنی لە مانا گشتییەکەیدا بەو بەڵێنانە دەگوترێت، کە بەپێی یاسا دەکەوێتە ئەستۆی کەسێک، تاوەکوو قەرەبووی زیانی ئەو کەسانە بکاتەوە کە بە هۆی هەر کارێک یان نەکردنی کارێک بەوان کەوتووە. (خدادادپور، ٢٠٠٩، ل ٤٨).

ناچارکردنی کەسێک بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەس و لایەنانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، بە هۆی هەر کەمتەرخەمییەک و پشتگوێخستنێک یان زیادە بەکارهێنانێک، ئەم بەرپرسیاریەتییەش دوو جۆرە، نووسراوی ڕێکەوتن یان نەنووسراوی زارەکی. زیاتر مانای بەرپرسیاریەتیی مەدەنی لە جۆری دووەمدایە، واتە بەڵێندان و پابەندبوونی نەنووسراو. (هەمان، ل ٤٩).

توخم و پێکهاتە سەرەکییەکانی ژینگە

دەکرێت پێکهاتەکانی ژینگە بەم شێوەیە باس بکەین، توخمە زیندووەکانی وەک (توخمە بەرهەمهێنەرەکان و بەکارهێنراوەکان و شیکەرەوەکان). هەروەها توخمە نازیندووەکان (ئاو، هەوا، خاک و ڕۆژ). (بیلوش، ١٩٧٩، ٥١).

جۆر و توخمەکانی ژینگە ئەوەی لە بارەی ژینگەوە خراوەتە ڕوو هێندەی زۆری پێناسەکان و زیاتر لە ژمارەی پیتەکان دەتوانین بێکۆتا جۆری ژینگە بەپێی ژمارەی بوونەوەرەکان بژمێرین، وەک ژینگە ئاوی، ژینگەی وشکانی و ژینگەی قەوزەکان و ژینگە میکرۆبی و ژینگەی شیکەرەوەکان و ژینگە خشۆک و … هتد. تەنانەت هێندە لە بوونەوەرەکان و ئاژەڵ و باڵندە و ڕووەکەکانیش بەپێی ژینگەکەیان گۆڕانکاریی بەسەر پێکهاتە و شێوازی ژیانیاندا دێت، یان بەپێچەوانەوە بە هۆی دیاردە سروشتییەکان و هەندێ ئاژەڵ و لەوەڕاندنەوە، گۆڕان لە جۆری ژینگەکان دێتە ئاراوە، وەک زیادەڕۆیی لە لەوەڕاندن دیاردەی بە بیابانبوونی لە لەوەڕگاکاندا ڕوو دەدات.

ژینگە بریتییە لە کۆمەڵە هۆکاری فیزیکی دەرەکی و بوونەوەری زیندوو، کە گشتیان پێکەوە لە پەیوەندیدان کار لە یەکدی دەکەن، پێکڕا لە گەشە و پەرەسەندندان، بەم پێیە ژینگە بارودۆخێکی باڵاترە و ژینگەی سروشتی و بە هەردوو ژینگەی زیندەوران و  نازیندەکان و پەیوەندییان بە مرۆڤەوە. (شجاعی، ٢٠١٥)

خەسارەت ناسی ژینگە

خەسارەت ناسی (خەسارناسی) یان بە مانایەکی تر دەستنیشان کردنی ئەو زەرەر و زیانانەی کە بەر ژینگە بەگشتی دەکەون، لە ئێستادا باتێکی هەنووکەیی جیهانییە و بە گرنگییەوە تەماشا دەکرێت. ئەنجامدانی کارێک یان نەکردنی، سەرئەنجام دەبێتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی ڕووداوێکی سروشتی و زیانگەیاندن بە تاک یان ژینگە. لەم ڕوانگەیەشەوە زیانەکان نادیدەگرتنی مافەکانی گشتی لێ دەکەوێتەوە هەر بۆیە بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی تەواوی وڵاتان و کەسەکاندایە و ئەو بەرپرسیاریەتییەش بە بەرپرسیاریەتیی نێودەوڵی دێتە هەژمار.(ساعد،٢٠٠٩، ١٥٩). هەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پارێزگاری لە ژینگە، هەر پشتگوێخستنێک و جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکان خۆی لە خۆیدا بە یاساشکێنی ناودێر دەکرێت. (هەمان، ٨٠). زیانگەیاندن بە ژینگە و کەسەکان و شمەکەکانی نێو ژینگە بە هۆی جووڵەی مرۆڤەوە، وەک خەسارەت و زیان دەناسرێت، نەوەکوو قوربانی و پیسبوون. (حبیبی، ٢٠٠٩، ١٠٩).

ئەم خەسارەت و زیانگەیاندنە بە ژینگە لەنێو دەستوور و یاسای وڵاتاندا گرنگی تایبەتی پێ دراوە و بە دەق ڕوون کراوەتەوە. بۆ نوونە لە دەستووری فەرەنسادا هاتووە کە “هەر بەشێک لە تێکدانی ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ شایەنی خەمڵاندنە لەسەر ژینگە”، هاوکات لە دەستووری ئەڵمانیاشدا ئەوە باس کراوە، کە “هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی نایاسای و خەمڵاندنی سروشتی بۆ دەکرێت، کە لەسەر ڕووەک و ژینگەی سروشتی و ئاو و خاک، یاخود هەر کێشەنانەوەیەک لە سیستەمی ژینگەیی، ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، کارەسات دروست دەکات”. لەم بارەیەشەوە پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٤ چەندین ڕێنمای بۆ پابەندبوونی بەرپرسیارییەتی لەمەڕ پاراستنی ژینگە بۆ وڵاتانی ئەندام دەرکرد، بەتایبەتی لە پارێزگاری ژینگەیی و قەرەبووکردنەوەیان. (عبدالهی،٢٠٠٩، ١٠٨).

لێژنەی تایبەت لە ئەوروپا کە بەرپرسی نووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای بەرپرسیاریەتی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی مرۆڤ بە ژینگە بوو، لە ساڵی ١٩٩٣دا بڵاوی کردووە، کە پێویستە ژینگە پیسکار قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە، کە بەر ژینگە کەوتوون. (کاتونیا، ٢٠٠٨، ٢٨٧)

پیسبوونی ژینگە

لە ئەنجامی زیاد بەکارهێنان و زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتەکانی مرۆڤ و بەردەوامی کارەساتە سروشتیەکان و کەمتەرخەمی مرۆڤ، ژینگەی سروشتی و ناسروشتی سەر هەسارەی زەوی تا دێت زیاتر دەکەوێتە بەر مەترسییەوە.

چالاکییە جۆر بە جۆرەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ کار دەکاتە سەر ژینگە،  ئامێری بەرد وردکردن (Stone crusher) بڕێکی زۆر لە تەنۆلکە هەڵواسراوەکان و ژاوەژاو دەخاتە نێو هەواوە، ئۆتۆمبێل گازەکانی وەک ئۆکسیدەکانی ناترۆجین و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، هەروەها تێکەڵەیەک لە هایدرۆکاربۆنی نەسووتاو دەخاتە نێو هەواوە. ( عمر، ٢٠١٥، ٨) هەروەها ئاوەڕۆ و ئاوەسەری کشتوکاڵی و تێکەڵبوونی بە پەیینی کیمیایی و قڕکەرەکان، دەبێتە هۆی پیسکردنی تەنە ئاوییەکان. ( عمر، ٢٠١٥، ٩). جگە لەڕووی زەوی بەرگە هەواش کەمتر دووچاری ئەم مەترسییە نەبووەتەوە وەک بەرگەهەوا (ئەتمۆسفێر).

وەک ئاماژەیەکی خێرا بۆ جۆرەکانی پیسبوونی ژینگە ، دەتوانین ئاماژە بە چەند ڕەگەزێکی گرنگی ناو ژینگە بکەین و پیسبوونیان و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر ژیانی مرۆڤ و باقی پێکهاتەکانی ناو ژینگە.

١- پیسبوونی زەوی

لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا زیانگەیاندن بە خاک، بەم شێوەیە پێناسە کراوە، کە هەر جۆرە زیانگەیاندنێک بە خاک و زەوی، ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، پێکهاتەکانی، ئۆرگانیزم، میکرۆ ئۆرگانیزم و یان ڕووی زەوی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەلامەتی مرۆڤ دەبێت. دەستکاری زەوی تەنیا لە کاتێکدا ڕێگە پێ دراوە، کە سەلامەتی مرۆڤ نەخاتە مەترسییەوە. (ساعد، ٢٠٠٩، ٨٧)

٢- زیانگەیاند بە ئاو

لەمەڕ زیانگەیاندن بە ئاو، چ ئاوی سەر زەوی بێت، وەک ڕووبار و دەریا و دەریاچە و کانیاوەکان…هتد، یاخود ئاوی ژێر زەوی، بە شێوەیەک، کە کار لەسەر ئیکۆلۆژی، کیمیایی و یان چۆنایەتی و گۆڕینی ڕێڕەی ئاو و بە فیڕۆدانی …هتد بکات، وەک زیانگەیاندن ناوزەد دەکرێت. (حمیدزادە، ١٩٩٨، ١١٦)

پیسبوونی ئاوەکان، ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی یەکێکی تر لە دیاردەکانی پیسبوونی ژینگەیە. سووڕی هایدرۆلۆجیی ئاو لەسەر زەوی، کە بریتییە لە زانستی جووڵە و دابەشبوونی تایبەتمەندی ئاو لەسەر زەویدا (عمر ٢٠١٥، ١٠٦). بە هۆی دەستێوەردان و گۆڕینی ڕێڕەوەکان و دروستکردنی بەنداوەکانەوە دووچاری گۆڕانکاری هاتووە.

٣. پیسبوونی هەوا

هەوا وەک توخمێکی سەرەکی و گرنگی ناو ژینگە دێتە هەژمار، چونکە هیچ بوونەوەرێکی زیندوو شک نابەین، کە بەبێ هەوا بتوانێت زیندوو بمێنێتەوە، بە نهێنی ژیانی سەر زەویش ناوزەد کراوە، بوونی بەرگە هەواش ئەو بەرگە هەوایەی کە زەوی پێ پارێزراوە. (سامی، ٢٠١١، ل ٣٠).

بەرپرسیاریەتی مرۆڤ جۆرەکانی

مرۆڤ بەو پێیەی کە بە ئاوەز و هاوکات سەرداری سەر زەوییە و تواناکانی لە جووڵە و کاریگەری لە هەمووان زیاترە بەسەر زەویدا، ئەوەڵین بەرپرسیاریەتی لەسەر شانە و ئەو بەشە خەسارەتەی کە بەر زەویش دەکەوێت، لە ئەنجامی کارەساتە سروشتییەکانەوە (زریان، بورکان و لافاو…هتد) گەرچی مرۆڤ بەرپرس نییە، وەلی دەشێت بە دیوەکەی تریدا وەک بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و ئەو ئاگایی و ژیریەی کە هەیەتی هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگاگەلی پێشگیری لەو کارەساتانە یان کەمکردنەوەیان بدات. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بەرپرسیاریەتییەکان بۆ چەند دەستەیەک ڕیزبەند بکەین لەوانەش:

١- بەرپرسیاریەتیی یاسای، هەر بەرپرسیاریەتییەک کە لە یاسادا ئاماژەی پێ کرابێت و تاک ناچار بکات بە پابەندبوونی پێوەی، بە بەرپرسیاریەتیی یاسای ناو دەبرێت و تاک بەرپرسە لە ئەنجامدانی. (لنگرودي، ٢٠٠٨، ٦٤٤).

٢-  بەرپرسیاریەتیی بەڵێنامەی، بەو پەرپرسیاریەتییە دەگوترێ، کە لە ئەنجامی ڕازی بوون و واژووکردن لەسەر بەڵێننامەیەک کە پێشوەختە لەسەری ڕێک کەوتوون. (هەمان).

٣- بەرپرسیاریەتیی دەرەوەی بەڵیننامەیی، هەر جۆرە بەرپرسیاریەتییەکی مەدەنی، سەرچاوەگرتوو لە شکاندنی بەڵێنی بەڵێندەر، کە لە دەرەوەی بەڵیننامەکان بێت، بەرپرسیاریەتیی دەرەوەی بەڵیننامەیی هەژمار دەکرێت. (هەمان٦٤٣).

٤- بەرپرسیاریەتیی کەمتەرخەمی، یەکێکە لە بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ لە کاتی ئەنجامدانی تاوانیک یان هەڵەیەک بە شێوەیکی ئەنقەست نەبێت و لەڕووی نائاگایی یان هەڵە یان ڕێکەوتەوە بووبێت. (هەمان، ٦٤٢).

٥- بەرپرسیاریەتیی نیمچە ئەنقەست، کاتێکی کردەیەک نەچێتە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتیی بەڵێننامەیی و هاوکات لەڕووی کەمتەرخەمیشەوە نەبێت، ئەوە دەچێتە بازنەی بەرپرسیاریەتیی نیمچە ئەنقەستەوە. (هەمان).

٦- بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی، بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی پەیوەستە بە لایەنی دەروونی تاک و ئەو بەڵێن و پابەندبوونەیە بەرانبەر بە سلوک و ڕەفتارەکانی، لە کاتێکدا مرۆڤێکی کامڵ و نییەت پاک بێت، لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچیەک تاک سەرزەنشت دەکرێت، بە مانایەکی تر هەر کردەیەک لە یاسا و ڕێکەوتنەکان و ڕێنمایەکاندا نەهاتبێت، دەچێتە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقییەوە. (هەمان).

٧- بەرپرسیاریەتیی ماف، بەو بەرسیاریەتییانە دەڵێن، کە تاک لە لایەنی یاساییەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت، لە کاتی ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی کردەیەک کە یاسا بۆی دیاری کردووە، (یزدانیان، ٢٠٠٠ ، ٣١)

٨- بەرپرسیاریەتیی سزایی، بەرپرسیاریەتییەکە، کە بە تاوانێک لە تاوانەکان تاوانبار کرابێت، کە لە یاسادا ئاماژەی بەو تاوانە کراوە، تاک لە وەها حاڵەتێکدا بەپێی بەندی دیاریکراوی یاسا سزا دەدرێت. (لنگرودي،٢٠٠٨، ٦٤٤)

٩- بەرپرسیاریەتیی مەدەنی، ئەم بەشە لە بەرپرسیاریەتی دوو لایەنە واتە ڕوویەکی یاسایی و سزایی هەیە و ڕوویەکی تریش بەرپرسیاریەتیی خودە، لە هەمبەر هەر تاوانێک، کە ئەنجام درابێت گەرچی ناراستەوخۆش بێت، وەک بەرپرسیاریەتیی باوک لەمەڕ کردارێکی منداڵەکەی. (هەمان، ٦٤٥)

مرۆڤ مافی سوودوەرگرتنی لە بەروبووم و سەرچاوەکانی ناو سروشت و ژینگە هەیە و بەو پێیەی تاقانە بوونەوەری هۆشیارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاری یەکەم لە پاراستنی و ژینگە و هەر زیانێک لە ئەنجامی کەڵک وەرگرتنەکانی ئەودا بێتە ئاراوە بەرپرسە و پێویستە قەرەبووی بکاتەوە.

لە زۆربەی وڵاتان یاسا و ڕێسای تایبەت، هەندێ جاریش لە دەستووردا بە مادە و بەندی تایبەت ئاماژە بە بەرپرسیاریەتیی تاک کراوە لە هەمبەر پاراستنی ژینگە. لە دەستووری عێراقی و لە مادەی ٣٣، برگەی یەکەمدا ئاماژە بەوە کراوە، کە (هەموو تاکێک مافی ژیانی هەیە لەناو دۆخ و  ژینگەیەکی تەندروستدا).

لە ئەوروپا و بەپێی یاسای کۆمسیۆنی ئەوروپای ساڵی ١٩٩٣ بەرپرسیاریەتیی مەدەنی کرابوویە بنەمایەک بۆ پارێزگاری لە ژینگە، وەلێ پاشتر ئەم ڕویکردە گۆڕانی بە سەردا هاتوو لە ساڵی ٢٠٠٠ یاساکانی حقوقی و ئیداریش خرانە کار بۆ بەرگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و بەرپرسیارکردنی ئەنجامدەرانی. (کاتونیا، ٢٠٠٨، ٢٩٢)

مرۆڤ و ژینگە

ئەوەی کە مرۆڤ لە باقی بوونەوەر و پێکهاتەکانی تری ناو ژینگە جیا دەکاتەوە ئەو خەسڵەتە تایبەتییانەیەتی کە دەکرێت، لە سێ خاڵی جەوهەریدا دیارییان بکەین، ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: لەڕووی کاتەوە، مرۆڤ تاقانە بوونەوەرێکە دەتوانێت، کە بە پرۆسەی پەرەسەندندا بڕوات و بۆ ژیان لەڕووی کات و زەمەنی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، هاوکات زەمەن کار لەسەر مرۆڤبوونی ناکات.

دووەم: لەڕووی شوێنەوە، هەر وەک خاڵی یەکەم مرۆڤ تەنیا بوونەوەری سەرزەوییە، کە لە هەموو ژینگەکان بوونی هەیە و لە هەر پێنج کیشوەرەکە بە هەمان خەسڵەتی مرۆیی خۆیەوە بەردەوامی بە ژیان دەدات.

سێیەم: لەڕووی نەوەوە، مرۆڤ یەکێکە لەو زیندەوەرانەی، کە دەتوانێت هاوکات لەگەڵ سێ لە نەوەی جیاوازیی زەمەنی و لە شوێنی جیاوازدا بژی، وەک نەوەی ڕابردوو، نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتووی. (خالص،٢٠١٧، ٢٦).

لە لایەکی تریشەوە ئەوەمان بیر نەچێت، کە ژینگە تەنیا بریتی نییە لە پێکهاتە سروشتی و ناسروشتییەکانی، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەشدا پێکهاتووە لە پەیوەندیی مرۆڤ و مرۆڤ و تەواوی ئۆرگانەکان و بونیادەکانی ناو کۆمەڵگا و دامەزراوە و عادات و تەقالید  و ئەخلاق و بەهاکان و ئایینەکان. (جابر، ٢٠١١، ١٩).

ژینگە و کۆمەڵناسی

هاوکات بوونی دەرکەوتنی کۆمەڵناسی و سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپادا، گۆڕانێکی جەوهەری بە شۆن خۆیدا هێنا و کۆمەڵگای لە قۆناغی کۆمەڵگای نەریتی و کشتووکاڵییەوە بەرەو کۆمەڵگا پیشەسازییەکان گۆڕی و ئەم گۆڕانکارییەش کاری کردە سەر ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی ئەندامانی کۆمەڵگا و ڕۆڵی تاکی زیاتر بەرجەستە کرد، هەم لەڕووی دابەشبوونی کارەوە، هەر وەک چۆن ئەمیل دۆرکایم دابەشبوونی کاری بە هۆکاری یەکپارچەیی و وابەستەبوونی تاکەکانی بە یەکدیەوە باس کردووە. بە دەرکەوتی ئەم دۆخە زانایانی کۆمەڵناسی و لقە زانستییەکانی تری کۆمەڵناسی ڕۆڵی ژینگەیان لەسەر ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان بە گرنگ وەسف کردووە. (ابو قاسم، ٢٠١٧، ١٤٥).

کۆمەڵناسیی نموونەی ژینگە (socilegycal paradigm) پێداگری لەسەر پەیوەندیی گشتی لەنێوان ژینگە و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەکردەوە، بەتایبەتی پاش بە دەرکەوتنی ژیاری مرۆڤایەتی و دنیای گڵۆباڵ، ئەمەش لە ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی و دەستکراوەی زیاتری مرۆڤ بۆ دەستێوەردانی ناو ژینگە، کە دواجارسەرمایەداری سەری هەڵدا و زیاتر ڕووەکانی کاریگەریی مرۆڤ و ژینگە لەسەر یەک بە دەرکەوت (هەمان، ٢٠١٧، ١٤٦).

لە کێشە سروشتییەکانەوە بۆ ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان

کۆمەڵناسی وەکوو زۆرێک لە کۆمەڵناسان جەختی لەسەر دەکەنەوە، پێکهاتووە لە توێژینەوەی ڕەگەزە سەرەکییەکانی بونیادی کۆمەڵایەتی و هەروەها زانینی پەیوەندیی نێوان ئەو ڕەگەزانەی بونیاد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوش بە گرنگ دەبینێت گۆڕان لە هەر پێکهاتەیەکدا کاریگەریی ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆی بۆ سەر پێکهاتە و ڕەگەزەکانی دیکەش دەبێت.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، شۆڕشی پیشەسازی و سەرهەڵدانی زانستی کۆمەڵناسی لەسەر دەستی زانایانی وەک ئۆگست کۆنت و ئەمیل دۆرکایم و هربرت سپێنسەر و ….هتد و هەر زوو درک بە گرنگی ژینگە لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگا کرا و ڕێگە بۆ توێژینەوەکان خۆش بوو. بۆ نموونە زیاد داواکاری لەسەر کەرەستەی خاوی سۆسیل (sossil) بۆ پێداویستیی پیشەسازی (لایەنی کۆمەڵایەتی)، بە هۆی زیاد بەکارهێنانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما (لایەنی ژینگەیی) سەر هەڵدەدات و ئەمەش کار لە گۆڕانی ئاو و هەوا دەکات (لایەنی ژینگەیی)، دواجار کار لەسەر هاوسەنگی گروپە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانیان دەکات، هەستکردن بە مەترسییەکانی و هەوڵی چارەسەرەکانی (لایەنی کۆمەڵایەتی). (ابو قاسم، ٢٠١٧، ١٤٨). وەک لەم نموونەیەدا بۆمان ڕوون بوویەوە، کە جۆرێک لە پەیوەندیی بەردەوام لە نێوانی کێشە ژینگەییەکان و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان بوونیان هەیە و ئەم پەیوەندییەش بێکۆتا و بەردەوام دەبێت تاوەکوو ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە بەردەوام بێت.

١. زانایان و گۆڕانی ژینگە

زانایانی ئەمریکی لە بواری کۆمەڵناسیی ژینگەییەوە، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی بە هۆی دەستێوەردان و ئاستی هۆشیاری و پێشکەوتنی شارستانیەت و پیشەسازی، مرۆڤ زیاتر دەست کراوە بووە لە دەستێوەردانی ژینگە. لەو زانایانەش دەتوانین ئاماژە بە هەریەک لە (ریلی دۆنلان-Riley Dunlap، ویلیام کاتون- William Catton)، بکەین کە چوار خاڵی سەرەکییان وەک ڕەخنە لە کۆمەڵناسیی نموونەی ژینگەیی گرتووە ئەوانیش بریتین لە:

  1. ڕەهەندی ڕۆشنبیری، چونکە مرۆڤ تاکە بوونەوەرە ئەم خەسڵەتەی هەیە.
  2. ڕۆشنیری هەمیشە لە گۆڕاندایە، گۆڕانەکەش خێراترە لە گۆڕانە بایەلۆجییەکان.
  3. کێشەکانی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا زیاتر لە کێشەکانی ناو سروشتە.
  4. کەڵەکە بوونی ڕۆشنبیری لە لای مرۆڤ، هاوکارێکی باش دەبێت بۆ مرۆڤ لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. (Rile and Willim. (1978), pp. 42-43. ).

بە سەرنجدان بە دۆخی کۆمەڵناسیی ژینگەیی ناکرێت تەنیا لە ڕوانگەی ژینگەپارێزی و زانستی ژینگەییەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵکوو لەسەر بنەمای شیکردنەوەی کۆمەڵناسییانە بۆ دیاردە سروشتییەکان بەرەو ژینگەپارێزی نموونەی نوێ (Now Ecological Paradigm) دەرۆین، کە ئەویش لەم بابەتانەی خوارەوەدا کورت دەکرێنەوە.

ا- مرۆڤ بە خەسڵەتە تایبەتییەکانی وەک (رۆشنبیری و گەشەسەندن و هۆشیاری و…هتد) لە باقی بوونەوەرەکانی تر جیا دەکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشدارە لە ژیانی ناو ژینگە و لە پەیوەندیدایە لەگەڵیان.

ب- دیاردە مرۆییەکان تەنیا بەرئەنجامی هۆکارە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری نین، بەڵکوو لە ئەنجامی کۆمەڵێک پەیوەندیی ئاڵۆز و کار و کاردانەوەی ناو سروشتە، بەو مانایەی کە ڕەفتاری مرۆڤ لە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری چاوەڕوان نەکراودایە.

ج- مرۆڤ لەناو ژینگەیەکی فیزیولۆژی ژیان دەگوزەرێنێت، کە هۆکارە فیزیکی و بایەلۆژییەکان کاریگەریی گەورەیان لەسەری هەیە.

د- وێڕای بەهێزی مرۆڤ لە ژیری و داهێنانەکانی، بەڵام جۆرێک لە سنووربەندیەک بوونی هەیە و ناتوانێت سنوورەکانی سازگاری لەگەڵ ژینگە (Eco-friendly) تێپەڕ بکات. (Rile and Willim١ (1978), p. 34. ).

٢. زۆر بارکردنی زەوی

لە میانەی سەدەی بیستدا شێوەیەکی نوێی فەرماندانی ڕەهای ئیمپەراتیڤی هاتووەتە ئاراوە، کە بریتییە لە فەرمانی: (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت). ئەم ڕستەیە هەر لەو کاتەوە بە دەسەڵاتێکی خۆسەپێنەرەوە مەبەستگەراییی ئاکارییانەی زۆر لە هاوچەرخەکانی خستۆتە ڕوو. ئەم ڕستە ئیمپەراتیڤە هۆشیاریمان بە داخوازییەک ئاوس دەکات، کە هەر دەبێت بیهینینەوە دنیاوە، ئەویش داهێنانی شێوازێکی نوێی ژیانە، کە بە تێگەیشتنی سیاسەتی گەردوونیانە و ژینگەناسانەی کولتوورەکەمان گونجاو بێت. ئەم ڕستەیە لە پلەیەکی بەڵگەنەویستانەی ئەوتۆدایە، کە هاوتایە بە هێزی هەموو ئەو حوکمانەی لە سەردەمەکانی زوودا هەر لای فوودیەکان و فەلسەفەی خۆئارامگرتن (Stoizismys) و مەسیحی و ئیسلامی و ئیتیکی هیومانیستی بەسەر تاکی کۆمەڵگاکاندا سەپێنرابوو، تاکوو ئێستاش هەر دەسەپێنرێت. (دایک، ٢٠١٥، ٢٤-٢٥).

ئەگەریش ئەم چاکسازییە بانگەشە بۆ کراوە و ببێتە مایەی سوسیالیزمێکی کەشناسی، ئەوا زەمین لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دیوی دەرەوەیدا وەک ئەستێرەیەکی سادە دەردەکەوێت، کە: هەر تاکێک دەتوانێت لەسەری بڕێکی باشەی بۆ چوونە دەرەوە پێ هەڵبسوڕێت، بەمەش مرۆڤ وەکوو  بەشدار و هاوبەشێکی ئەتمۆسفێرەکان و توخمەکانی ترش دەناسرێت، بەوەشدا نیچە لە هەمان کاتدا شارەزایەکی لیهاتووی پرسی شەڕی خوداکان و زەبەلاحەکانیش بوو، ئەوا دەیزانی لە کیشمەکێشی ڕێکخستنەوەی ئەم زەبەلاحانە شتێک نییە ناوی بێلایەنی بێت: “ئای، ئەو جادووی شەڕەکە، ئەوەی تەماشاشی بکات، دەبێت بەشداری شەڕەکە بکات”. (هەمان ٢٣).

لێرەدا ئەو سەلمێنەیە (Axiom) دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، کە دەست لە هەموو سنوورەکانی بیانووی گەشەسەندن دەدات. ئەویش ئەوەیە: زەوی تەنیا یەک دانەیە و بەس، کەچی نەتەوە دەوڵەمەند و داراکانی ئەمڕۆ وەها دەژین، وەک ئەوەی بۆیان هەبێت پەل بۆ دەرەوەی زەویش بهاوێژن. ئەگەریش شێوەی ژیانی (Lebensstil) ئەوان بەسەر هەموو دانیشتووانی تری ئەم سەرزەمینەدا بڵاو بکرێتەوە ئەوا مرۆڤایەتی نابێت بە لایەنی کەمەوە لە چوار زەوی کەمتری هەبێت. بەڵام بەوەدا کە زەوی یەکێکی تاقانەیە و نابێیتە مۆنادێک و (گەردێک / یەکەیەک)، کە شیانی فرە بارکردنی هەبێت، (MultiplizierbareMonade)، ئەوا ئێمە دەبێت ڕێزی پێشینەی سنوور ڕاگرتن بدەین بەسەر پێشینەیی هاندەری سنوربەزاندا. (هەمان ٢٨).

بە گوتەیەکی زانای ناودار نۆڤالیس کۆتایی بەم کەرتە دەهێنین: “ئێمە ئەرکێکمان لەسەرە: بانگکراوین بۆ گەشەپێدانی زەوی”. (هەمان، ١٥).

ئاکاری ژینگەپارێزی

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کێشەکانی ژینگەدا، خستنەڕووی ڕێگاچارەکان بووەتە خەمی زۆربەی بیرمەندانی جیهان، باوەڕێک بەشێک لەم زانایانە ئەوە کە تەواوی هەوڵەکان لە خزمەتی خودی مرۆڤ مانەوەیدا بێت، بەڵام کەم نین ئەوانەشی کە خەمخۆری تەواوی بوونەوەرەکان و ڕووەک و پێکهاتە زیندوو و نازیندووەکانی سەر گۆی زەوین.

ئاکاری ژینگەپارێزی بە یەکێک لە کۆنترین و بەربڵاوترین بابەتەکانی ئەخلاقی کارکردی ناو دەبرێت، لەگەڵ پەرەسەندنی بابەتی ژینگەیی ئەم تێگەیشتنەش فراوانتر بووە، ئەم لقە لە لەقە فەلسەفییەکانی ئەخلاق زیاتر پەیوەندی بە تاکی زیندوو لەگەڵ ژینگەدایە، لە پلان و بەرنامەکانی بۆ هەر ئەگەرێک بەشدار بێت، هاوکات پەرۆشی جیدی نیشان بدات.

فەلەسەفەی ئاکاری ژینگەپارێزی هەرچەندە وەک هزر مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام تەنیا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و ساڵی هەفتایەکان، وەک ڕەوتێکی فەلسەفی سەربەخۆ دەرکەوت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانە گەورەیەی جیهان بە هۆی پیسبوونی ژینگەوە. (سیوەیلی، ٢٠٢٠م ل ٢٥). هەر بۆیە دوو ڕوانگەی جیا لەمەڕ ئاکاری فەلەسەفەی ژینگەپارێزی سەریان هەڵدا لەوانەش بایۆ سەنتەریزم (زیندەوەرناسی) و ئیکۆسەنتەریزم.

دەستەی یەکەم، واتە بایۆ سەنتەریزم پێیان وایە، کە سەنتەری ژیان زیندەوەرەکانن. زاراوەی بایۆ سەنتەریزم وشەیەکی لێکدراوە لە سەرێکەوە پەیوەندی بە وشەی بایەلۆژییەوە هەیە و لە سەرێکی تریشەوە پەیوەندی بە ئاستێکی بەرزی تێگەیشتنی ئاکارییانەی مرۆڤەوە هەیە بۆ زیندەوەر. کاتێک هەردوو وشەکە لێک دەدەین مەبەست لە بەچەق و خولگەکردنی ژیانی زیندەوەرە، لە ڕەوتێکی هزرین و توێژینەوەی ئاکاریدا. (هەمان ٢٩).

هەرچی لە بارەی دەستەی دووەمیشەوەیە، ئەو جیاکارییەی کە لە ڕەوتی ئاکارناسی بایۆسەنتەریدا لەنێوان تاکە زیندەوەر و گیاندارەکاندا دەکرا، لە ئیکۆسەنتەریزمدا جێی نابێتەوە. ئیکۆ سەنتەریستەکان لەو بڕوایەدان هەموو شتێک لە سروشتدا هەمان بەهای خۆی هەیە. چ ڕەگەزێک بێت، یان توخمێک یان سیستەمێکی  ژینگەیی، یان زەوی بە گشتی. (هەمان ٣٥).

وشەی ئیکۆس (Oikos)لە گریکی کۆندا بە مانای ماڵداری و خێزان هاتووە.

١. ئەخلاق وەک کایەکی مەعریفی

ئەخلاق لەو لقە مەعریفییانەیە کە بایەخ بە خێر و چاکەی گشتی دەدات و هەوڵی دانان و بڵاوکردنەوەی ڕێساگەلێک بۆ ڕەفتاری مرۆڤ لە کۆمەڵگادا دەدات. دەشێت ئەخلاق بە بەشێک لە فەلسەفە لە قەڵەم بدرێت، کە ئامانجەکانی زیاتر کردەیین. کاتێک مرۆڤ بۆ نموونە بیر لە ژیانی خۆی دەکاتەوە، ڕەخنە لە ڕەفتاری خۆی دەگرێت. چەند نموونەیەک دەکاتە سەرمەشق بۆ خۆی و هەوڵ دەدات ڕەفتاری خۆی سەبارەت بە کۆمەڵگا بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕێک بخات یان بگۆڕێت، ئەوا لەژێر کاریگەریی ئەخلاقدایە.

نموونە ئەخلاقییەکان ڕەنگدانەوەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتین، جیاوازی زۆری ئەم نموونانە لە ئاستی ناوچە جیاجیاکاندا گوزارش لە پابەندی بنەما ئەخلاقییەکان بە پێوەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکات. هەندێ کەس، بەتایبەت فەیلەسووفان هەوڵیان داوە ئەخلاق بە زانست لە قەڵەم بدەن. ئەمڕۆ ئەخلاق زیاتر وەک تیۆری پەیوەست بە پەیوەندیی تاکەکەس بە ئەوانی ترەوە حسێبی بۆ دەکرێت و لە چەند بوارێکی وەک ئەخلاقی سیاسی، ئەخلاقی مەدەنی، ئەخلاقی ئایینی و ئەخلاقی زانستیدا بەکار دەهێنرێت. (موحسینی، ٢٠٠٥، ٧١).

٢. بنەما ئەخلاقییەکان

بنەما ئەخلاقییەکان بەو بەشانە دەگوترێت، کە مەرجی تەواو وابەستەبوونیان پێوەیە و بە مانایەکی تر ئاکاری بوونی کردە مرۆییەکان بەو شێوەیەی دەبیت، کە مرۆ لە ڕەفتارە ئیختیارییەکانی خۆی پابەندی ئەم کردارانە بێت و لەم ڕوانگەیەشەوە لە بارەی ژینگەپارێزییەوە دەکرێت باشترین سوودیان لێوە وەربگیرێت. لە پابەندبوونە ئاکارییەکانیش دەتوانین ئاماژە بەو چەندانەیە بکەین لەوانە:

  1. پابەندبوون بە پاراستنی ژیانی بوونەوەرەکان.
  2. پابەندبوون بە هاوسەنگی ژینگەی.
  3. پابەندبوون بە کەڵک وەرگرتن تەنیا بەپێی پێویست.
  4. دانانی سنوورێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی مرۆڤ لەسەر سروشت. (قوام ٢٠٠٩ ، ٧٣ – ٧٥).

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی چین ئەو خاڵە هەنوکەیانەی کە لە خزمەت پاراستنی ژینگەدان، ئەوانیش بە کورتی بریتین لە (رێزگرتن لە ژینگە، پابەندبوون و پاک و خاوێنی، چاکسازی و هۆشیاری لە بەکارهینانی سەرچاوەکانی ناو سروشت). (هەمان ٧٦ ).

دیدگای ڕۆژئاواییەکان لەبارەی ژینگەوە

دیدگای ڕۆژئاواییەکان لە بارەی ژینگەوە، ئاوێتەیەکە لە دیدگای ئایینی یەهودی و کتێبی پیرۆز و فەلسەفەی یۆنانی کۆن بەتایبەتی بیروباوڕەکانی ئەرستۆ. هاوکات ئەم باوەڕانە بە باوەری هیندییە کۆنەکایشەوە بگرە مرۆڤیان بە سەنتەری ئاکاری ژینگە زانیووە و هەموو شتێکیان لە خزمەت ئەو بوونەوەرەدا بینیوەتەوە. لە چیرۆکی خلقەتی مرۆڤ لە تەوراتدا وەها باس کراوە، کە خودا مرۆڤی لە شێوەی خۆی دروست کرد تاوەکوو هێزی بەسەر هەموو شتێکدا بشکێتەوە. (سینگر، ٢٠٠٧، ١٤٢). هەرچەندە ئەم جۆرە تێڕوانینانە زۆر زاڵمانە و مەترسیدارن لەسەر ژیانی باقی بوونەوەرە و پێکهاتەکانی دیکەی ناو سروشت، بەڵام هەنگاوێکی باشی سەرەتای بووە بۆ هاتنە پێشەوەی نەوەیەکی نوێ لە بیروباوەڕی ژینگەپارێزی.

رێز لە ژیان بگرە

دیدگای ئاکاری لەم ڕوانگەیەوە، پێداگرییە لەسەر پاراستنی بوونەوەرە هۆشمەندەکان و دەرککارەکان، ئایا لەناوچوونی دارستانە  بە تەمەنەکان و غەرقبوونی جۆرەکانی قەوزە و لەناوچوونیان دەچێتە خانەی کامە ئاکاری ژینگەپارێزییەوە. پابەندبوون بە ئاکاری ژینگەپارێزی لەپێناو پاراستنی تەواوی پێکهاتەکانی نێو سیستەمی ژینگەی کاریکی ئاسان و سانا نییە. تاوەکوو زیاتر ئەم بابەتە باس بکرێت بەرگریکردن لە بوونەوەرە زیندوو و نازیندووەکان دژوارتر دەبێت، بۆ نموونە بڕینەوەی دارێکی بە تەمەن لەگەڵ لەناوبردن و قڕکردنی  بوونەورێکی میکرۆبی و قەوزەی، چەندە کار لەسەر ڕەوڕەوەی ژیان دەکات. ناکرێ لەم بوارەدا زانای ڕۆژئاوای ئالبرێت شوایتزر (١٨٧٥ –١٩٦٥) لەبیر بکرێت، کە بە بەکارهێنانی چەمکی ڕێز لە ژیان بگرن بابەتەکانی خۆی دەخستە ڕوو(سینگر، ٢٠٠٧، ١٤٤).

ئاکاری مەدەنی پاراستنی ژینگە

وەک پێشتر باسی لێوە کرا وەک مێژووی مرۆڤ لەڕووی هزرییەوە دەمێکە درکی بە گرنگی پاراستنی ژینگە کردووە و هەوڵیشی بۆ داوە. یاساگەلی و ڕێنمای تایبەت بە خۆی هەبووە و لە خێڵە نەریتییەکانەوە بگرە تا سەردەمی ئایینەکان و پاشانیش نووسینەوەی یاساکانی سەرزەوی، مرۆڤ لە مشووری خۆی و ژینگەکەیدا بووە و بەپێی ئاستی تێگەشتنی قوناغەکان لێکدانەوەی بۆیان کردووە.

مەترسییەکانی سەر ژینگە و گرینگیدان بە ژینگە لەلایەنی زانستی و نێودەوڵەتییەوە، جۆرێک لە درەنگکەوتنی پێوە دیارە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، پاش هەستکردن بە مەترسییەکانی، وڵاتان وەخۆکەوتن، کە هاوکاری یەکدی بکەن لە بەرانبەر مەترسییەکان. (الحدیثی، ١٩٩٧، ٤١).

لە مێژووی نزیکدا هەست بە گرنگی تاک و هۆشیارییەکەی کراوە لە هەمبەر پاراستنی ژینگە و چەندین ڕێکخراوی مەدەنی بۆ ئەم مەبەستە لە ئەمریکا لەلایەن لیبراڵە نوێخوازەکانەوە دروست کراون، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاک لە هەمبەر پاراستنی ژینگە، کە بە ڕۆشنبیرە داهێنەرەکان ناسراون. (محیو، ٢٠٢٠، ٢١٢).

دەستووری عێراقی بە یەکێک لە هەژارترین دەستوورەکان دەژمێردرێت لەڕووی باسی کردن لە ژینگەوە، تەنیا باس لە مافی ژیان لە ژینگەی تەندروست بۆ تاک دەکات لە بەندی (٣٣)دا. لەگەڵ ئەوەشدا عێراق بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخە دەستوورییە، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بەپێی مادەی (٦١) بەندی (ئەلف) و بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە پێنج لە مادەی (١٣٨) دەستووری عێراقی، پەرلەمان بڕیاری داوە بە گرێدانی دانیشتن لە ڕێکەوتی (١٣/١٢/٢٠٠٩) و بە دەرچوواندنی یاسای (پاراستن و باشترکردنی ژینگە)، یاساکە ژمارە (٢٧) پێ بەخشراوە. ئەم یاسایە لە کۆی (٣٩) مادەدا دامەزراوەی ژینگەیی و لە سەرووی هەموویانەوە وەزارەت و وەزیری تایبەت و دەستە و ڕێکخراوەکان بگرە تا یاسا و ڕێنمایی و پێناسەکانی لەبارەی ژینگەوە خستووەتە ڕوو. (ماڵپەری فەرمی وەزارەتی ژینگەی عێراقی. (http://moen.gov.iq)

لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی دەرچوواندنی یاسایەک لەژێر ناونیشانی (یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە لە کوردستان) لە ساڵی (٢٠٠٨) لە ڕۆژنامەی (وقائع کردستان) بە ژمارەی یاسای (٨) لە بەرواری (٢٤/٧/٢٠٠٨) دەرچووێنراوە و لە ژمارەی (٩٠) ی (٨/١١/٢٠٠٨) هەمان ڕۆژنامەدا بڵاو کراوەتەوە. (وقائع كردستان ٢٠٠٨، ٤١)، ئەم یاسایە کە لە (٤٨) مادە پێک هاتووە، بەوردی پێناسەی ژینگە و پێکهێنەرەکانی و هۆکارەکانی پیسبوون و شێوازی پاراستن و سزادانی سەرپێچیکارانیشی دیاری کردووە.

هاوکات لە دەستووری فەڕەنسیدا شتێکی ئەوتۆ باس نەکراوە لە مەڕ سزا و حوکم جگە لە تەنیا دوو مادە نەبێت، ئەوانیش مادەی (١٣،٨٢) کە دەبێژێت “هەرکەسێک تاوانێک ئەنجام بدات و بە هۆی کردەیەکی مرۆیی، زیان لێ کەوتوو دەتوانێت داوای قەرەبوو بکات”. مادەی (١٣٨٣) هاتووە، کە هەرکەس نەک تەنیا بەرپرسە لەو زیانەی لە ئەنجامی کردەوەیەکی ئەوەدا ڕووی داوە، بەڵکوو بەرپرسیشە لەو زیانەی کە بە هۆی کەمتەرخەمی یان بێئاگاییەوە لە کەسانی تری کەوتووە. (شهیدی ٢٠٠٨، ٣٤- ٣٥ ).

لەسەر ئاستی جیهانیش چەند ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە سەرووی هەموویانەوە، خودی نەتەوە یەکگرتووەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆر بە ژینگە و پاراستنی دەدەن. هاوکات لە وڵاتانیش چەندین ڕێکخراو بوونیان هەیە تا ئاستی دامەزراندنی پارت و بزووتنەوەی سیاسی لەژێر ناونیشانی پارتی سەوز و ژینگە و پارێزەرانی.

سەرچاوەکان

سەرچاوە کوردییەکان:

  1. خۆشەوڤی، حکیم،(چ٢، ٢٠١٦)،ئەخلاق لە بەڕێوەبردندا، هەولێر، چاپخانەی زانکۆی سەلاح الدین.
  2. موحسینی، مەنوچەهر،(٢٠٠٥)، کۆمەڵناسی گشتی، وەرگێڕانی موسڵح نێروانی، هەولێر،دەزگای چاب و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
  3. عزیز، فرهاد حسن ،(٢٠١٧)،  ژینگە و پیسبوونی ژینگە،هەولێر، چاپخانەی زانکۆ سەلاح الدین.
  4. نەقشبەندی، ئازاد محەمەد ئەمین،(٢٠١٧)، جوگرافیای ژینگە، هەولێر، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین.
  5. سوێلی ،رێبوار (٢٠٢٠)، فەلسەفەی ئاکاری ژینگەپارێزی، هەولێر، بەرهەمی هاوبەشی ڕێکخراوی زەریاب و ئاژانسی پایا.
  6. دایک، سلۆتەر،( ٢٠١٥)سلۆتەردایک لە نزیکەوە، کتێبی دووەم، وەرگێڕانی بەکر علی، چاپخانەی سەردەم- سلێمانی.
  7. عمر، خالید محمد، (٢٠١٥)، سەرەتایەک بۆ کیمیای ژینگەی، سلێمانی، چاپخانەی زانکۆی سلێمانی.

سەرچاوە عەرەبیەکان:

  •  عبدالحافظ،،معمر ڕتیب محمد (چ٣،٢٠١٤)، القانون الدولی للبیئە و ظاهرە التلوث،مصر / قاهرە، دار الکتب القانونیە.
  • 9-  (محمد، سەنگەر داود،(چ٣،٢٠١٢)، التنظیم القانونی الدولی لحمایە البیئە من التلوث، مصر/ قاهرە، دار الکتب القانونیە.
  • العاقل،الصدیق محمد و مقیلی،احمدغیاذ و  علی، عبدالکریم،(١٩٩٨) تلوث البیئە الطبیعیە، طرابلس.منشورات الجامعة
  • م،هولی، ج ڕجیها و ج، سلادک، (١٩٧٩) الانسان و البیئە، ترجمە: عصام عبداللطیف ،  بغداد.
  • خالص،عبدالرحیم (٢٠١٧) الانسان و البیئە- مقاربات فکریە و اجتماعیە و اقتصادیە- (بیروت)مرکز دراسات الوحد العربیە.
  • بیلوش، الانسان و البیئە،(١٩٧٩) ترجمە عصام عبدالطیف، بغداد،منشورات وزارە الثقافە الاعلام.
  • المنیاوی، یاسرمحمد فاروق ، (٢٠١٤)، المسولیە المدنیە عن تلوث البیئە، الاسکندریە، دار الجامعە الجدید.
  • ابو قاسم،زیانی (٢٠١٧) الانسان و البیئە- مقاربات فکریە و اجتماعیە و اقتصادیە، (بیروت) مرکز دراسات الوحد العربیە.
  • وقائعكردستان، (٢٠٠٨)، ڕقمالعدد٩ عددالصفحات٨، اربیل.
  • الحدیثی، صلاح عبدالرحمان،(١٩٩٧)، النظام القانون الدولی لحمایە البیئە، اطروحە الکتورا من جامعە بغداد.
  • محیو، سعد،(چ٢،٢٠٢٠)،الخروج من الجهنم، بیروت/ لبنان،مرکز دراسات الوحد العربیە،
  • جابر، حسام محمد سامی،(٢٠١١)، الجریمە البیئە، قاهرە/ مصر،دار الکتب القانونیە.

سەرچاوە فارسییەکان:

  • شجاعی، محمدصادق(٢٠١٥)، محیط زیست،مجلە ایران در آینە آمار،  شمارە ٣٤، تهران.
  • ساعد،نادر (٢٠٠٩)، درآمدی بر حقوق محیط زیست تطبتقی،  تهران، سازمان حفاظت محیط زیست.
  • خدادادپور، منیرە، (چ٥، ٢٠٠٩)، زناشوی، کتابخانە مجلس شورای اسلامی، تهران، ناشر مرکز امور زنان و خانوادە.
  • حسن،حبیبی و ساعد،نادر، (٢٠٠٩) جایگاه حق بر محیط زیست سالم در حقوق بین المللی. مجلە دانشگدە حقوق و علوم سیاسی، شمارە ،١٣٨.
  • محسن،عبدالهی، (چ١،٢٠٠٩) حقوق کیفری محیط زیست،تهران،انتشارات، ڕوزنامەی ڕسمی.
  • کاتونیا،ناصر، (٢٠٠٨)، مسولیت ناشی از خسارتهای زیست محیطی، فصلنامە حقوق، مجلە دانشگدەحقوق و علوم سیاسی، دورە 3٨، شمارە٢،تهران.
  • حمیدزادە، ڕضا، (١٩٩٨)،مسولیت بین الملل دولتها ناشی از اعمال فراتر از اختیارات، ارگانهای آنها، تهران، نشر شراقیە
  • لنگرودي،جعفري ، محمدجعفر، (چ٢٠، ٢٠٠٨)ترمینولوژي حقوق، تهران، انتشارات گنج دانش.
  • قوام، میر عظیم (٢٠٠٩)، مسؤولیت ناشی از خسارتهاي زیستمحیطی، فصلنامه پژوهشي ـ علمي كوثر معارف، سال پنجم، شماره (١٢).
  • سینگر،پیتر،(٢٠٠٧)،  ترجمە علیرضا ال بویە، فلسفه و کلام، نقد و نظر،  شماره ٤٥ و ٤٦).
  • شهیدی،مهدی (٢٠٠٨) تجاوز از حق، مجلە تحقیقاتی حقیقی، دانشگدە حقوقی شهید بهشتی، شمارە 33 – 3٤)

١-­Ferment h (١٩٩٥) mental health and the environment. www.shareyhx.com/ web/bdavey / mentalheth. Htm

٢-Dunlap Rile and Catton Willim. Environmental sociology : A new paradigm, the American sociologist , vol, ١3, no. ١ (١٩٧٨), pp. ٤٢-٤3. .

3- http://denstoredanske.dk/hestia

 ٤- http://moen.gov.iq