هێزی ڕاکێشان

لە ئینگلیزییەوە : باوەڕ مەعرووفی

تازه سێ ڕۆژ بوو چووبوونە ناو ئاپارتمانە نوێیەکەیانەوە که ژنەکەی سەرووی ماڵی ئەوان- ئەوەی نهۆمی هەشتەم- لە پەنجێرەی ماڵەکەیەوە خۆی فڕێ دایە خوارەوە. ئەو ساتەی جەستەی جیرانەکەیان به شۆستەکەدا درا، ڕۆمی، دوو قاوەی لاته بە دەستەوە، لە کافەوە دەگەڕاوە بۆ ماڵەوە. تەبسییەکه لە دەستی داکەوت و گشت قاوەکەی بە خۆیدا کرد؛ خێرا چاوی بڕییە پەڵەکانی سەر جلە وەرزشییەکەی، بۆ ئەوەی هیچ شتێکی‌تر نەبینێ. دەنگی ڕاکەڕاکە، هانکەهانک و هاتوهەرا بەرگوێی کەوت. چرکەیەکی نەخایاند، کۆمەڵێک خەڵک کۆ بوونەوە. کوڕە عارەقاوییەکە-ئەوەی لابیی ئاپارتمانەکەی خاوێن دەکردەوە- تەلەفۆنی بۆ ئامبوڵانس کرد. یەکێک وتی ناوی رینات، رۆنیت، یا شتێکی ئاوها بوو. یەکێکی‌تر وتی چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەناو ئاسانسۆرەکەدا بینیویەتی هێقەهێق دەگریا. کوڕە فەڕاشەکە وتی: “به خاتری کڕۆنایە. ئەم ڕۆژانە هەمووان خەریکن خۆیان دەکووژن. لە هەواڵەکاندا باسیان دەکرد.”

دەنگی دووری ئاژیر لەگەڵ ڤایبرەی مۆبایلەکەی رۆمی تێکەڵ بوو. دەنیەڵ بوو، بەڵام رۆمی پێی خۆش نەبوو به تەلەفۆن هیچ شتێکی بۆ باس بکا. دەستی به ڕوومەتی خۆیدا هێنا بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە فرمێسکی پێوە نییه، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و ڕووەو بیناکە هەنگاوی نا. لەپڕ فەڕاشەکە هەرای کردێ: “هۆی!”، کاتێک رۆمی ئاوڕی لێ داوە، نەڕاندی: “ئەوە بۆ کوێ ملت پێوە ناوە خاتوون؟ تۆ شاهیدی.” رۆمی پرسی: “شاهیدی چی؟ ئەمن هیچم نەدیوە.” فەڕاشەکە بەڵام دەستهەڵگر نەبوو. هاواری کرد: “ئەتۆ لە هەموو کەس نزیکتر بووی لێی. چاو- هەموو جلەکانت بووەتە خوێنی ئەو!” رۆمی وتی: “ئەوە کوا خوێنه! قاوەیە. قاوەکەم پێدا ڕژا.” فەڕاشەکە لێی نەدەبڕییەوە: “لە من ڕا وەک خوێن دیارە. وا چاکە پۆلیس بێ سەیرێکی بکا.” رۆمی لەختێک لە جێی خۆی ڕەق بوو، بەڵام لەگەڵکوو مۆبایلەکەی بەربووەوە ڤایبرە لێدان، دیسان کەوتەوە ڕێ. خزمەتکارەکه نەڕاندییەوە: “هۆی!”، بەڵام دەنگێکی پیاوانەی دیکە وتی: “چ کارت بەو کچە هەژارە داوە. لە کۆڵی بەوە.”

دەنیەڵ تووڕە و تۆشن درگاکەی هەڵگرت و وتی: “ئەوە بۆ جوابی تەلەفۆنەکەت نادەیەوە؟” بەڵام بەر لەوەی رۆمی بۆی بگێڕێتەوە چی بووە، چاوی به پەڵەکانی سەر پانتۆڵە وەرزشییەکەی کەوت. وتی: “ئەوە چی بووە؟ حاڵت باشه؟” رۆمی هات باسی جیرانەکەیان وا خۆی فڕێ دایه خوارەوە و باسی فەڕاشە تووڕەکە و باسی پەڵەکانی سەر پانتۆڵەکەی که وێ دەچوو تاهەتایە پاک نەبنەوە بکا، کەچی هەرچی کردی و نەیکرد لە قیژەیەک پتر هیچی بۆ دەرنەبڕا. دەنیەڵ هێندە به سستی باوەشی پێدا کرد که بە ئاستەم گیانی وە گیانی کەوت. “ئەوە چییه بەقوربان؟ هێور بەرەوه.”

رۆمی ڕووداوەکەی بۆ گێڕاوە. پێی خۆش بوو زگی بۆ جیرانەکەیان سووتابایە و بیگوتبایە ڕووداوێکی چەندە ناخۆش بووه و وا دیارە ئەو ژنە زۆری ئازار چەشتووە، بەڵام لە چەند پەیڤی تووڕە زیاتر چی لە زاری نەهاتە دەرەوە. 3.4 میلیۆن شەکەل پارەیان دابوو بەم ئاپارتمانە. دایکی دانیەڵ نزیکەی میلیۆن و نیوێکی دابوو پێیان و، بۆ ئەوی‌تریشی قەرزێکی بیست و سێ ساڵەیان واژۆ کردبوو. بیست و سێ ساڵ! رۆمی هەرچەندە ترۆمای پاش سێکسی هەبوو، بە بیریدا هات: ئەگەر دەنیەڵ ئێستا زگم پڕ بکا، منداڵەکەمان گەورە دەبێ، قوتابخانە تەواو دەکا، دەچێته سەربازی، دەینێرنە شەڕێک، له سەربازی دەگەڕێتەوه، بەڵام ئەمن و دەنیەڵ هەموو سەری مانگێک هەر قەرزی ئاپارتمانەکە دەدەینەوە. -ئەو منداڵە وا هێشتا نەهاتبووە دنیا- کاتی گەڕانەوەی لە باخچەی منداڵان یا له قوتابخانە، یا کاتێک بە ڕێیان دەکردەوە بۆ سەربازی، دەبوو بەو شوێنەدا بڕوا کە ئێستا تەرمی ئەو ژنە رینات یا رۆنیت ناوە لێی درێژ بووبوو.

رێکلامی فرۆشی بینا ئاپارتمانییەکەیان بریتی بوو لە “تایبەته بەو گەنجانەی بۆ سەرەوە هەنگاو دەنێن”. ئەو ماڵەیان کڕی بوو  بۆ ئەوەی گەشە به ژیانیان بدەن: قەرز و قۆڵەکانیان وەرگرتبووەوە و تێکەڵ به خوێن و عارەقە و فرمێسکیان کردبوو، بەس بۆ چی؟ بۆ ئەوەی رینات یا رۆنیت، لە پەنجێرەی ماڵەکەیەوە خۆی فڕێ بداتە خوارەوە و بەسەر ژیانی ئەماندا داتەپێ؟ با بڵێین نەخۆشیی خەمۆکی هەبووە، نەدەبوو ئەوەندە تێبگات کە بەتەنها خۆی لەسەر ئەم زەوییە ناژی و شیاوتر وایه لەسەر جێ‌ونوێنەکەی خۆی یا لە ناو حەمامدا خۆکوژی بکا. ئەگەر ئیلا و بیلا دەبوو لە پەنجێرەوە خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، بۆچی نەدەچوو لە هۆتێلێک ئەو کارە بکا، نەک ئەوەی خۆی بەسەر جیرانەکەیاندا بەر بداتەوە؟ رۆمی به دەنیەڵی وت: “چیدی تاقەتم نەماوە. نامەوێ ئیدی لێرە بژیم. ناتوانم لە خانووبەرەیەکدا بم کە خەڵک خۆی لێ فڕێ دەدەنە خوارەوە.” دەنیەڵ بە ئەسپایی دەستی بە پشتیدا هێنا و وتی: “هێور بەرەوە بەقوربان. خەتای خانووەکە نییه. خەتای ئەو ژنەیە وا خۆی بەر داوەتەوە. هەژارە. کاری بە کاری ئێمە نەبووە خۆ.” رۆمی هەڵچوو: “ئەو هەژار نییه. هەژار ئەمنم! ئەمن و ئەتۆ و دایکت هەژارین. بۆ ئەوە بوو دایکت مووچەی خانەنشینییەکەی خۆی دا پێمان؟ بۆ ئەوەی جیرانەکەمان کە نازانین ناویشی چییه بەسەر سەرماندا بەر بێتەوە و خۆی بکووژێ؟”

ناوی ژنە به ساریت دەرکەوت. بۆ بەیانییەکەی دەنیەڵ حوکمی کرد دەبێ بچنه سەرەخۆشی. وتی دەبێ ئەم باسه کۆتایی پێ بێ و تا ئەو جێیەی ئەو عەقڵی پێی دەشکێ، ئەم کێشەیەیا به چوونە سەرەخۆشی یا به تێراپیی خێزان چارەسەر دەبێ. رۆمی حەزی لێ نەبوو بچێ بۆ سەرەخۆشی، تێراپی لەویش ناخۆشتر بوو؛ لێی بووبووە دووڕێیانێک لهنێوان زۆرانبازیی لەناو قوڕوچڵپاودا و دادگای لێک ‌جوێ‌بوونەوە. دەنیەڵ ناونیشانی گۆڕستانەکەی لە وەیز دا؛ لە ڕێگادا تاقیان متەقیان لێوە نەهات. کاتێک گەیشتنە سەر قەبران، دەنیەڵ حوکمی کرد دەبێ لەو کابرا گوڵفرۆشه مەزهەبیه، چەپکێک گوڵ بکڕن. نزیکەی دە کەسی‌تریشی لێ بوو، بەڵام رۆمی تەنها کوڕە فەڕاشەکەی لابیی ئاپارتمانەکەیانی ناسییەوە. کوڕەلێی هاته پێشەوە و وتی دوێنێ نەدەبوو تا پێش هاتنی پۆلیس شوێنەکە بەجێ بێڵی. دەنیەڵ لەبری ئەوەی پشتی رۆمی بگرێ و بە خزمەتکارەکە بڵێ کە لە کۆڵ ژنەکەی ببێتەوە، سەری بۆ لەقاند و وتی: “ڕاست دەکەی، قسەکەت جوانه”. کوڕە خزمەتکارەکە دوور کەوتەوە و خولەکێک دواتر لەگەڵ ژن و پیاوێکی پیری چاو ماسیو هاتەوە. ڕووەو رۆمی وتی: “ئەوەتا! ئەوەیە جیرانەکەی بۆم باس کردن، شاهیدی کەوتنەخوارەوەی کچەکەتان.” پیرەپیاوەکە سەرێکی لەقاند و دەستی درێژ کردەوە. رۆمی و دەنیەڵ هەرچەند زۆر گرینگییان به مەودای کۆمەڵایەتی دەدا، بەڵام هەردووکیان دەستیان لەگەڵ لێداوە. کابرا وتی: “ئەمن ئیسحاقم، ئەمەش شوشانایە.” لەختێک دواتر، ڕەنگە لەبەر ئەوەی کەسی‌تر هیچی نەوت، سەری ڕاوەشاند: “ئێمە دایک و باوکی ساریتین”؛ هەر کە ئەمەی وت شوشانا دای لە پڕمەی گریان. ئیسحاق لە رۆمیی پرسی: “چاوت پێوە بوو، کاتێک بەر بووەوە؟ دەموچاویت دی؟” رۆمی وڵامی نەداوە. نەیدەزانی بڵێ چی، پێی وابوو ئەگەر دەنگی لێوە نەیە، ڕەنگه دەنیەڵ شتێک بڵێ و لەم بارودۆخە ڕزگاری بکا. بەڵام دەنیەڵ هیچی نەوت. هەمووان بێدەنگ ڕاوەستابوون، بێجگە لە دایکه، کە گریانی نەدەبڕاوە.

بۆ شەوەکەی، دەنیەڵ خێرا خەوی لێکەوت و دەستی کرد بە پرخ و هۆڕ. رۆمی نزیکەی کاتژمێرێک لەسەر جێگا بەخەبەر بوو، دواتر هەستا جغارەیەک ژەهری پێچاوە و چووه بەرهەیوان. ئەو ماریجوانایەیان له هاوڕێیەکی دەنیەڵ کڕی بوو؛ بۆنی بیسکویتی لێ دەهات، له قورسەکان بوو. رۆمی لە سەرووی نەردەکانەوە سەیری خوارەوەی کرد بۆ ئەوەی بزانێ ئەو ژنە، ساریت، لە کوێ بە عەرزدا درا. لەسەر قەبران، فەڕاشەکە وتبووی شۆسته خۆڵەمێشییەکە بووبووە خوێن، بەڵام ئێستا، لەو بانەوە، لە نهۆمی حەوتەمەوە، پاک و خاوێن دیار بوو و، کچ و کوڕێکی گەنج لەوێ بەپێوە دەمولەوسی یەکیان دەلێستەوە.

کاتێک پێشتر رۆمی بە دەنیەڵی وتبوو ڕقی لەو ژنەیە چونکە ڕێک ئەو کاتەی ئەو بەوێدا تێپەڕ دەبوو خۆی فڕێداوەتە خوارەوە، دەنیەڵ پێی وتبوو که خۆپەرسته و ئیدی دەبێ تێبگا کە هەرشتێک لەم دنیایەدا ڕوو بدا پەیوەندیی بەوەوە نییه. بەڵام ئێستا، کە چاوی لێ بوو ئەو کچ و کوڕە لەو شوێنە خاوێنەی بەر ئاپارتمانەکەی ئەوان خۆ لە یەکتری دەسوون، بە بیریدا هات کە بێگومان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندیی بە ئەوەوە هەیه. بیری لەوەش کردەوە کە ڕەنگە ساریت پێی وا بووبێ بۆنی تازەی دیوارەکان و مەڕمەڕە سپییه بریقەدارەکەی لابی دەکرێ ژیانێکی نوێی بێ ببەخشن؛ ڕەنگه سەیری دەرەوەی کردبێ و لەو سەرەوە چاوی کەوتبێته رۆمی کە به جلی وەرزشییەوە لە کافەوە دەگەڕێتەوە، دیبێتی کە رۆمی کەیفی سازه و ژیانێکی هاوبەشی خۆشی هەیە و لەگەڵ دەنیەڵ هێندەی دوو پەرداخە قاوەکەی سەر تەپسییەکە لێک نزیکن. ڕەنگە ساریت چیدی تاقەتی نەمابێ، بۆیه لە پەنجێرەکەوە خۆی فڕێ داوەتە خوارەوە تا ژیانی رۆمی تێک بدا. ڕێک وەک رۆمیکه ئێستا بەسەر ئەو کوڕ و کچەی له خوارەوە ئاخ و ئۆفیان بەرز بووبووەوه داکەوت و لەو شەهوەتە خۆشەی کردن.