لە دوای شەڕ؛ دۆڕاوەکان بۆ کوێ دەچن؟
(سەبارەت بە مێژووی هەژموونخوازی و وێنا دەرە مرۆییەکانی سەرباز)
ساڵی (١٩٦٩) ڕۆماننووسی ناوداری ڕووس “یۆری بۆنداریڤ” ڕۆمانێک بە ناونیشانی “بەفری گەرم”1يوري بونداریف: الثلج الحار، ترجمة: غائب طعمة فرمان، مؤسسة المدی للثقافة والفنون، ط١، ٢٠١٤. بڵاو دەکاتەوە، تەوەری سەرەکیی ئەم ڕۆمانە باسکردنە لە شەڕی ستالینگراد، کە لە سەروەختی جەنگی جیهانیی دووهەمدا ڕووی داوە. شێوازی کارکردنی بۆنداریڤ لێکدانەوەی دۆخی دەروونی مرۆڤە لەنێو هەراوزەنای شەڕدا. بە مانایەکی تر کۆی باسەکانی نێو ئەم ڕۆمانە دەربارەی ئەو دۆخە دەروونییە ئاڵۆزەیە کە شەڕ دروستی دەکات؛ دەربارەی ئەو کاریگەرییە نەرێنیانەیە کە شەڕ لەسەر ئێستا و داهاتووی مرۆڤ دروستی دەکات. خاڵێک کە بۆ من لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا زۆر جێی سەرنج بوو، جەختکردنەوەی بەردەوامی “بۆنداریڤ”ە لەو ترسە زۆرەی کە سەرباز و شەڕکەرەکان لە کاتی شەڕدا هەیانە و بیرخستنەوەی ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە ئەوانیش وەکوو ئێمە کەسانی ئاسایین و لە گۆشت و خوێن و ئێسقان و هەست و سۆز پێکهاتوون. بە لای “بۆنداریڤ”ەوە سەربازیش وەک هەر کەسێکی دیکەی ئاسایی مرۆڤە و دەترسێت و دەشڵەژێت، شڵەژان و ترسیشی زادەی ویستێکی سروشتییانەی ئەون بۆ مانەوە لە ژیان و لاکردنەوەیە بە لای مەیلی نەمردن لە پێناوی هیچ شتێکدا. لە ڕاستیدا ئەم دیدگایەی بۆنداریڤ ڕێک پێچەوانەی ئەو وێنا گشتی و ڕوانینە باوەیە کە میدیا نیشتمانییەکان و زەینی گشتی بە بەردەوامی هەوڵ دەدەن لە ساتەوەختی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا بۆ سەرباز و شەڕکەرەکانی دروست بکەن، کە گوایە ئەوان پاڵەوانن و سڵ لە مەرگ ناکەنەوە و لە هیچ هێزێک ناترسن. بۆنداریڤ لەم ڕۆمانەیدا بە پێچەوانەی ئەو ڕوانینە باوەوە، هەوڵ دەدات وێنا ڕاستەقینەکەمان بۆ بگوازێتەوە و دیوە شاراوەکەی سەربازمان پیشان بدات و دژ بەو عەقڵیەتە بوەستێتەوە کە هانی ئینسان دەدات بێباک بێت لە گیانی خۆی.
دوای پەنجا و سێ ساڵ لە نووسینی ئەو ڕۆمانە، جارێکی دی شەڕ هەڵدەگیرسێت و ڕووسەکان هێرش دەکەنە سەر ئۆکراینا و چەندین ناوچە دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، پووتین ڕایدەگەیەنێت کە ئەم هێرشە داگیرکاری نییە و بۆ گێڕانەوەی خاکە لەدەستدراوەکان و پاراستنی ئەمنییەتی سنوورەکانە، بە دیدێکی زۆر مێژووکردانەشەوە ڕایەکی ترسناک دەردەبڕێت و پێی وایە تەنانەت ئەوانەشی کە لەسەر ئەو خاکە دەژین بەپێی بەڵگە مێژوویی و زمانییەکان سەر بە کۆمەڵگەی ڕووسین و هاوکۆمەڵگەن لەگەڵیدا. ئەوەشی کە ئەم قسانەی پووتین دەکاتە کردار، سەرباز و شەڕکەرە مەزنەکانن. بەمەش سەربازی ڕووسی دیسانەوە دەبێتەوە بەو پاڵەوانەی کە لە پێناوی گێڕانەوەی خاک و شکۆی گشتی و هەژموونخوازیی نەتەوەییدا شەڕ دەکات. بۆنداریڤ باسی ترسی بۆ کردین، هەوڵی دا ئەو وێنا ساختە و پاڵەوانسازییەی کە بۆ سەرباز و شەڕکەرەکان هەمانە نەیهێڵێت، بەڵام بۆچی لەمەدا سەرنەکەوت و زۆرینەی ڕووسەکان تا ئێستاش سەربازەکانیان وەک پاڵەوانێک دەبینن کە نابێت بترسێت؟ بۆچی هەر لە “پووتین”ەوە بۆ عەقڵە گەورە هەژموونخوازەکەی ڕووس “دوگین” کە دەکرێت بە داڕێژەری بیری هەژموونخوازیی نوێی ڕووسەکان ناوی بهێنین2بۆ تێگەیشتن لە تیۆری چوارەمی سیاسەت و پاڵنەرە هەژموونخوازییەکانی ئێستای ڕووسیا، خوێندنەوەی ئەم فەیلەسوفە ڕووسییە بێ ئەندازە گرنگە، نەک لەبەر شێوە ڕوانینی نوێی دوگین و بایەخەکەی بۆ سیاسەت و داهاتووی جیهان، کە پاڵپشتی لە دروستبوونی هاوپەیمانێتییەکی گەورەی خۆرهەڵاتی دەکات بە ڕابەرایەتی ڕوسەکان؛ بەڵکوو لەبەر ئەو کاریگەرییانەشی کە لە سەر سەرۆکی ڕووسیا و شەڕە هەنووکەییەکان بەتایبەتی لەگەڵ ئۆکراینا هەیەتی. لەم ڕووەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ : ( الکساندر دوگین: تئوری چهارم سیاست/ روسیه و ایده های سیاسی قرن21، مترجم: مهناز نوروزی، دانشگاه اصفهان، ١٣٩٤).، تا دەگاتە تەواوی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و زۆرینەی خەڵکە سادەکەی ڕووسیا، زۆر بە هوشیارییەوە جارێکی دیکە لە چێکردنەوە و بەردەوامیدان بە وێنای پاڵەوانسازی و چاونەترسیی سەرباز و شەڕکەرەکاندا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن؟ وەڵامی ئەمە هەرچیەک بێت دەرخەری ئەو ئاماژە زۆر سادە و ڕوونەیە کە هەرگیز ئەدەبیات و فەلسەفە و کۆششی عەقڵە مەزنەکانی جیهان ناتوانن بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕانکاری لە دیدگای خەڵکە سادەکەدا بکەن، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی گرنگی بابەتەکەش لەوەدایە کە ناکرێت پرسێکی وەها پەیوەست نەکرێتە وێنا دەرە مرۆییەکانی سەربازەوە، ئەو وێنایانەی بوونەتە هۆکاری سەرەکیی مانەوەی جەنگ و درێژەدان بە کاولکارییەکان. تا ئەمڕۆش “سەربازی ڕووس” سەرباری ئەوەی کە ئەویش مرۆڤە و دەترسێت و بیری ماڵ و منداڵەکەی خۆی دەکات و نایەوێت بمرێت، بەڵام لە بەرانبەردا ناچارە لە شەڕەکاندا درێژە بەو وێنا دەرەمرۆییەی خۆی بدات و لەگەڵ خواستی هەژموونخوازیی نەتەوەکەیدا بێتەوە، چونکە ئەو هەست دەکات بەم هەژموونخوازییەی سنووری خاک و نیشتمانەکەی فراوانتر دەبێت و بە پێی خەیاڵدانیی میللیی ڕووسیش خاکە لەدەستدراوەکان دەگەڕێنێتەوە و شکۆ دەپارێزێت. لە بەرانبەریشدا سەرباز و شەڕکەری ئۆکراین خۆیان ئامادە کردووە بۆ شەڕ و بەرەنگاری، سەرباری ئەوەی کە ئەوانیش مرۆڤن و دەترسن، هەست و سۆزیان هەیە و نایانەوێت بمرن، بەڵام ناچاریشن لە پێناوی خاکەکەیاندا بجەنگن و خاکەکەیان لەدەست نەدەن، ناچارن جارێکی تر جەخت لەسەر وێنا دەرەمرۆییەکەی خۆیان بکەنەوە و وەک پاڵەوانێک خۆیان دەربخەن بۆ گەلی ئۆکراین، ئەگەرچی دەشزانن نابەرانبەرییەکی گەورە لە ئارادایە و بە هەموو پێوەرێک ئەمان بەرگەی هێرشی ڕووسەکان ناگرن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەکوژرێن! ئەمە بۆ خۆی دەرخەری ئەو ڕاستییە سادەیەیە کەوا لە سەردەمی شەڕدا، هەمووان پێویستیان بەم وێنای پاڵەوانسازییە هەیە. چ هێرشکار و چ بەرگریکار؛ چ داگیرکەر و چ ئەوەی کە خەریکە خاکەکەی لەدەست دەدات، هەردوولایان پێویستیان بەم وێنا دەرە مرۆییانە هەیە، تاکوو بتوانن وزەیەک کۆبکەنەوە بۆ مانەوە و بەردەوامیدان، بۆ بەهێز بوون و سەرخستنی کۆی خواستە نیشتمانییەکان.
دەربارەی ترسە تەمەن درێژەکان
دەگەڕێینەوە بۆ ساڵی (٦١٢) پێش زایین. (بابل) شارێکی ئاوەدانە و لەوپەڕی گەشەی ژیارییانەی خۆیدایە، “نەبوخزنەسر” دەسەڵات و شکۆمەندیی بۆ ڕۆڵەکانی خۆی بەدی هێناوە و وەک بەهێزترین سەرداری دونیا هەڵسوکەوت دەکات. لەگەڵ (ماد)ەکاندا بۆتە هاوپەیمان و پەلاماری (ئاشوور)ی داوە، بەرهەمی ئەم هاوپەیمانێتییەش کەوتنی (نەینەوا)دەبێت، ئاشوورییەکان پەرش و بڵاو دەبنەوە و بێ دەسەڵات دەکرێن.3بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە ژیانی ڕۆژانە و گوزەرانی بابلییانی کۆن، ئاستی گەشەی ژیاری و خواستە زۆر و زەبەندەکانیان لە پێناوی هەژموونخوازیدا، بڕوانە: (طه باقر: مقدمة في التاريخ الحضارات القديمة، الطبعة للشركة دار الوراق للنشر المحدودة، ٢٠٠٩. )هەروەها بڕوانە: ( جورج كونتینو: الحياة اليومية في بلاد بابل وآشور، ترجمة: سليم طه التكريتي، دار الشؤون الثقافية العامة، الطبعة الثانية، ١٩٨٦.) سەرباز و شەڕکەرانی بابل بە شانازییەوە تەماشای تابلۆ و نەخش و نیگاری شەڕەکانی خۆیان دەکەن و شیعریان بە باڵادا هەڵدەڵێن. تابلۆ قوڕینەکان پڕ دەکرێن لە نووسینی ستایش ئامێز بە باڵای سەربازەکاندا، “نەبوخزنەسر” ئەم بۆچوونە چڕتر دەکاتەوە و زیاتر جێگیری دەکات، هاوکات خەریکی بنیاتنان و پەرەدانە بە وێنا دەرە مرۆییەکانی سەرباز. ئەدەبیاتی بابلی بۆ چەسپاندنی ئەم وێنایە، کار لەسەر زەینی گشتی دەکات (هەڵبەت ئەو سەردەمە ئەدەبیات هێشتا سەربەخۆیی وەرنەگرتبوو، زیاتر ئاوێنەیەک بوو بۆ دانەوەی وێنەی دەسەڵات) ئیشی ئەم ئەدەبیاتە ئەوە دەبێت بە بەردەوامی جەخت لەوە بکاتەوە کە شەڕکەرەکانی بابل پاڵەوان و دوژمن بەزێنن و خزمەتکاری خاک و پاشان، هەر بۆیە خوداوەندیش سوپاسگوزاریانە. لە لایەکی ترەوە شەڕکەرانی ئاشوور کە پێشتر نیگارەکانیان لەسەر لوتکەی بڵندترین چیاکان و لەنێو تاخی زۆرێک لە ئەشکەوتەکاندا کێشرابوو؛ کە بووبوونە سیمبۆلی ئازایەتیی و جوامێری، ئێستاکە بە دیار ئاوابوونی شکۆی خۆیانەوە تیاماون و نائومێد و دڵشکاو؛ هەڵهاتوو بەرەو قەڵەمڕەویی میسرییەکان، لە خاکی لەدەستدراویان دەنۆڕن. دڵنیاشن لەوەی بەر نەفرەتی خوداوەند دەکەوێت، ئەوەی بهێڵێت خاکی ئاشوور بکەوێتە دەستی دوژمنەوە.
لەم ئان و ساتەدا میسرییەکان دەزانن بابلییەکان و نەبوخزنەسر چاویان لە خاکە بە پیت و ستراتیژییەکەی (شام)ە و دەیانەوێت هەژموونیان فراوانتر بکەن، دواجاریش بێنە نێو خاکی (میسر)ەوە و داگیری بکەن. لە پێناو بەرگرتن لەمەدا، بۆ ئەوەی شەڕەکە نەیەتە نێو خاکەکەیانەوە، بە هەموو هێزێکیانەوە دەکەونە پاڵپشتی ئاشوورییان، چەک و ئازوقەیان دەدەنێ و بەرەو ئازادکردنی خاکە لەدەستدراوەکانیان دەنێرن. دوای چەندین و شەڕ و ململانێ بابلییەکان خاکە لەدەستدراوەکانی ئاشوور نادەنەوە و بۆ ئەبەد کۆتایییان پێ دەهێنن، تەنانەت (ئۆرشەلیم) و بەشێکی گەورەی (فەڵەستین)یش دەخەنە ژێر ڕکێفیانەوە4آحمد سنيد حبيب الفتلاوي: العلاقات البابلية المصرية في العصر البابلي الحديث ( ٦٢٦_٥٣٩)ق.م، مجلة مركز بابل للدراسات الانسانية، العدد1، حزيران ٢٠١٢. هەروەها بۆ ئاشنابوون بە بەشێک لەو شەڕە گەورانەی لە پێناوی هەژموونخوازیدا، لە نووسینە بزمارییەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، بڕوانە: (فاروق الراوي: معارك النصر. سجلاتها في الكتابات المسماریة، مجلة بين النهرين، بغداد، ١٩٨٤.). واتا ئەوەی کە ئاشوورییانی کۆن لێی دەترسان، دەرئەنجامەکانی شەڕ بوو، ئەوان دەیانزانی سەختترین دەرئەنجامێکی شەڕ، لە دەستدانی هەبووەکانی پێش شەڕە. ئەوان هەرچییان هەبوو لەدەستیان دا، بەمەش شەڕکەرانی ئاشووری نیشانەی پرسیار لەسەر جوامێرییان دروست بوو. بەڵام ئایا ئەمە کۆتاییی گێڕانەوە مێژووییەکەیە؟ بێگومان نەخێر، دوای دەیان شەڕ و ململانێی گەورە و لەناوچوونی ئاشوورییەکان دواجار میسر و بابلیش ترسێک کۆی کردنەوە، ترس لە “کۆرشی گەورە”ی فارس، ترسی لەدەستدانی خاک و هەژموون. ئیدی دەبوو هەرسێ ئەدەبیاتی فارسی و میسری و بابلی وەک ئەدەبیاتی سێ زلهێزی دونیای کۆن، بتەنرێن لە دەقی شیعری و گێڕانەوەی ئەفسانەیی بۆ کەسێتیی سەرباز، بۆ ئەوەی وەکوو ئاشورییەکانیان لێ نەیەت. دەبوو شتێکی مەعنەوی هەبێت هانیان بدات بەرەو شەڕەکان بڕۆن و سڵ لە مردن نەکەنەوە، دەبوو سەربازەکانیان وەک پاڵەوانێک وێنا بکرێن کە بە هیچ شێوەیەک ناترسن و دلێر و چاونەترسن، دەبوو وا وێنا بکرێن کەسانێکن ئەوەندەی خەمی لەدەستدانی خاک بەلایانەوە گرنگه، نیو هێندە خەمی لەدەستدانی گیانی خۆیانیان نییە و بە هۆڵییەوە نین. سەربازەکانیش دەیانزانی ئەم وێنا دەرە مرۆییانە ڕاست نین، بەڵام خۆیان وا حاڵی کردبوو کە ڕاستن و دەبێت هەوڵ بدەن لە ڕێی کردەی جوامێرانەوە بەردەوام سەلماندنی بۆ بکەن.
بۆچی گەڕاینەوە بابل؟ لەو گەڕانەوەیەدا مەبەستمان بوو بڵێین عەقڵییەتی پاڵەوانسازی و بە سوپەربینینی سەرباز و شەڕکەرەکان پاشخانێکی گەورەی مێژوویی لە پشتە و هەروا لە خۆڕا چێ نەبووە. ئاخر لەنێوان (نەبوخزنەسر و پووتین)دا بەنزیکەیی دوو هەزار و شەش سەد ساڵێک هەیە، ئەوەی لەو نێوانەدا وەکو خۆی ماوەتەوە و گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، ترسە لە لەدەستدانی هەژموون. بۆ پاراستنی ئەو هەژموونە و هێشتنەوەی ئەو ترسە بنەڕەتیەش، پێویستە کار لەسەر نەهێشتنی ترسە لاوەکیەکان بکرێت و ترسی سەربازەکان بشکێنرێت. ئەوەشی کە ڕۆڵی گرنگ لە شکاندنی ئەو ترسەدا دەگێڕێت، وێناکردنی پاڵەوانسازییانەیە بۆ سەرباز و ملکەچکردنێتی بە پەسەندکردنی ئەو وێنایە. بۆچی هەژموونداریی ئەوەندە بە لای گەلانەوە گرنگە؟ چونکە نەتەوەکان کاتێک هەژموونی خۆیان بەسەر خاکێکدا لەدەست دەدەن، لەگەڵیدا شکۆداریشیان دەشکێت. بۆیە سەرباز وەک پارێزەری ئەو شکۆدارییە؛ وەک درێژەپێدەری ئەو هەژموونخوازییە دووجار دەترسێت، کە هەردوو جارەکە ترسەکەی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە فۆبیای لەدەستدانەوە هەیە، جارێکیان بۆ لەدەستدانی گیانی خۆی وەک تاکێک کە خوازیارە زیاتر بژی و نایەوێت بمرێت، جارێکیش ترسی دۆڕان و لەدەستدانی خاک، کە گەر لەدەستی بدات تا ئەبەد بە دۆڕاو دەژمێردرێ و لۆمە دەکرێت لەسەری. لە دۆخێکی وەهادا سەرباز لە بەردەم دۆڕانێکی دوو سەرەدایە و دۆش دادەمێنێ لەوەی کامیان هەڵبژێرێت. لە سەرێکەوە ئەدەبیاتی میللی و بیرکردنەوەی کۆگەلییانە داوای لێ دەکات خۆی بدۆڕێنێت و خاک بباتەوە، لە سەرێکی دییەوە ویستی قووڵی بۆ ژیان و دەنگە ناوەکییەکەی خۆی داوای لێ دەکات خۆی بباتەوە و خاک بدۆڕێنێت. ئێمە لێرەدا ڕەوایی نادەینە هیچ یەکێک لەم دوو جۆرە دۆڕانە، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ بەیان دەکەین، ڕاستییەک کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەزاران کەس بە واقیعی ڕووبەڕووی بوونەتەوە. جیهان جوانتر دەبوو گەر مرۆڤ هەرگیز لەنێوان دوو دۆڕانی وەهادا سەرپشک نەکرابا، بەڵام ویستی هەژموونخوازی و شەڕەنگێزیی مرۆڤ وای کردووە کە شەڕ و جەنگە کاولکارەکان بە درێژاییی ئەو مێژووە بەردەوام بن و ئەم سەرپشکبوونەش لەگەڵیاندا بەردەوامی هەبێت.
گەڕانەوەیەکی دی بۆ خاسیەتی گەڕۆگی
ئاماژەمان بە خاک کرد وەک سەرچاوەی سەرەکیی شەڕ و جەنگ و کاولکارییەکان، بەڵام جۆرەکانی خاکمان لێک جیا نەکردەوە و لە واتا و ڕەهەندە فراوانەکانی ورد نەبووینەوە. لەمەشدا ناگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی گەردوون و زەوی و چۆنێتیی پەیدابوونی یەکەمین مرۆڤ، بەڵکوو تەنها بە پرسیارگەلێکی سادە، بەڵام گرنگ دەست پێ دەکەین و دەپرسین: بە ڕاست خاک موڵکی کێیە و چۆن دراوه بە گەلان؟ کێ ئەم زەوییە فراوانەی بەو شێوەیە دابەش کردووە و بۆچی ناکرێت هەمووان پێکەوە وەک یەک خاوەندارێتیی لێ بکەن و بە ئارامییەوە تێیدا بژین؟ لە قۆناغە بەراییەکانی ژیاندا مرۆڤ خاسیەتێکی گرنگ و مەزنی هەبوو (خاسیەتی گەڕۆگی)، واتا بە هەموو جێگایەکدا گوزەری دەکرد و دەچووە هەموو جێیەکی جیهان، بەبێ ئەوەی کەسێک هەبێت ڕێگری لێ بکات و سنوورێکی بۆ بکێشێت، لێ ئەمە هەروا بەردەوام نەبوو، لە قۆناغە مێژووییەکانی دواتردا مرۆڤ ئەم خاسیەتە گرنگەی لەدەست دا و سنوورێکی گەورەی بە دەوردا کێشرا.
مرۆڤ ڕقی لەم سنووردارێتییە بوو، هەر بۆیە کۆی هەوڵدانەکانی دواتریشی خستە خزمەتی گێڕانەوەی ئەم خاسیەتە سەرەتاییەوە بۆ نێو ژیانی گشتیی خۆی و لابردنی سنوور و بەربەستەکان لە پێشیدا. بۆ ئەمەش پێویستی بە هێز و توانایەکی گەورە هەبوو تاکوو بتوانێت جارێکی دی سەربەستانە هاتووچۆ بکات و ئاستەنگەکان تێکبشکێنێت. کەمێک پێکەنیناوی دەردەکەوێت کاتێک دەزانین هەر خودی ئەو مرۆڤەی کە هەوڵی نەهێشتنی سنوورەکانی دەدا، خۆی خوڵقێنەری سنوور بوو. بە مانایەکی دیکە هەر کۆمەڵێکی مرۆیی دەیانویست هەموو جیهان ببێتە بەشێک لە سنوورەکەیان و ئەوانی دی یاخود کۆمەڵە مرۆییەکانی دیکەی دەرەوەی کۆمەڵەکەیان نەبنە بەربەست لە بەردەمیاندا، کەچی خۆیان بووبوونە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم هاتووچۆکردنی ئەوانی دیدا. بەمەش مرۆڤە هەژموونخوازەکان لە ڕێی هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی “خاسیەتی گەڕۆگی” خاکیان بۆ دوو جۆری سەرەکی دابەش کرد: (خاکی ئێمە) و لە بەرامبەریشدا (خاکی ئەوانی دی). خاکی ئێمە دەکرێت بێ سنوور بێت و ئەوەندە فراوان بێت کە جێگەی خاکی ئەوانی دیكەشی تێدا ببێتەوە، بەڵام خاکی ئەوانی دی هەرگیز ناتوانێت و بۆی نییە سنووری خۆی ببەزێنێت و خاکی ئێمە بکاتە بەشێک لە خۆی و تا لای ئێمە درێژ ببێتەوە.
لە دوای شەڕ؛ دۆڕاوەکان بۆ کوێ دەچن؟
دۆڕان دەرئەنجامە؛ دەرئەنجامی نەبوونی توانا و هێز؛ نەبوونی پلانی تۆکمە و باوەڕێکی پتەو و یەکانگیرییەکی تەواو. مێژووی دۆڕان مێژووییەکی هەزاران ساڵەیە و هاوشانە لەگەڵ مێژووی شەڕ و جەنگە بەرایییەکانی مرۆدا، کە تێیدا مرۆڤ نەیتوانیوە بەرگری لە خۆی بکات و لە ململانێکاندا بە سەرکەوتوویی بێتە دەر. هەستکردن بە دۆڕان تەبایە لەگەڵ هەستکردن بە لەدەستدان، کاتێک جێیەک کە بۆ ماوەیەکی زۆر خاوەندارێتیت لێ کردووە و هەژموونت بەسەریدا هەبووە و لە پڕێکدا لەدەستی دەدەیت، تۆ بە دۆڕاو دەژمێردرێیت. گەلانی بەهێز و هەژمووندار لە چێشتنی تاڵاوی دۆڕاندا جیاوازن لە گەلانی ژێردەستە و بێ خاک، لە یەکەمیاندا دۆڕانەکان ڕێژەیین و لە دووەمیاندا قورس و هەمەکیین. زلهێزەکان کاتێک هەژموونیان بەسەر ناوچەیەک لە ناوچەکانیاندا نامێنێت هەست بە دۆڕانێکی کاتی دەکەن، بەڵام لای گەلانی ژێردەستە هەستکردن بە دۆڕانێکی هەمیشەیی و گرێی خۆبەکەمزانیی بەردەوام ئامادەگی هەبووە و هەیە. لە یەکەمیاندا ویستی هەژموونخوازی و گرتنی خاکی ئەوانی دی ویستێکی باڵادەستە و لە دووهەمیاندا ویستی پارێزگاری لە خاک و دەرچوون لە ژێردەستەیی. واتا ڕکابەرییەکانی نێو مێژوو زادەی دوو شێوازی جیای هەژموونخوازین، هەژموونخوازییەکی چاوچنۆکانە و هەژموونخوازییەکی خۆپارێزانە، بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەی کە ئەوەی لە هەژموونخوازیی چاوچنۆکانەدا سەرنەکەوێت، ئەستەمە بتوانێت لە هەژموونخوازیی خۆپارێزانەدا بباتەوە.
کە گەڕاینەوە بۆ بابل، لەگەڵیشیدا گەڕاینەوە بۆ دۆخی دەروونی ئاشوورییانی پاش شەڕ، ئەوانەی کە نەینەوایان لەدەست دا و ئیتر نەیانتوانی ببنەوە فەرمانڕەوای. ئاشورییە دۆڕاوەکان تا ئێستاش، دوای دوو هەزار و شەش سەد ساڵ، هێشتا بەو برینەوە دەتلێنەوە و ئازاری دۆڕانەکە بەری نەداون. ئەوان دەزانن شوێنی دۆڕاوەکان دەرەوەی مێژووە، گەلانێک کە دەدۆڕێن و هەژموونیان بەسەر هیچ خاکێکەوە نامێنێت؛ ئیدی لەگەڵیدا شکۆداری و هەبوونی ژیارییانەی خۆیشیان لەدەست دەدەن و دەچنە دەرەوەی ڕووداوە هەنووکەیییەکانیشەوە. لەوێدا باسمان لە هاوپەیمانێتیی بابلی و مادەکانیش کرد، گێڕانەوە مێژووییەکان لە سەردەمەکانی دواتردا چیرۆکی دۆڕانی ئەوانیشمان بۆ دەگوێزنەوە.
مادەکان خاوەنی گەورەترین ئیمپراتۆریای کوردی و یەکێک لە زلهێزانی دونیای کۆن، کاتێک دۆڕان، بۆ کوێ چوون؟ چوونە دەرەوەی ڕووداوە هەنووکەیییەکان و کەوتنە دەرەوەی مێژووەوە. بە واتایەکی تر مرۆڤ تا ئەو کاتە دەتوانێت لەناو مێژوودا بێت و ڕووداو دروست بکات کە ویستی هەژموونخوازی و عەقڵییەتی پاڵەوانسازی و وێنای دەرە مرۆیی ببەخشێتە سەرباز و شەڕکەرەکانی، هەر ئەوەندەی ئەو هەژموونخوازییەی لەکیس چوو، دەبێتە خۆراکی ویستی ئەوانی دی و ناچارە ملکەچییان بۆ بنوێنێت. ئایا ئەمە ستایشکردنی هەژموونخوازی و چاوچنۆکیی گەلە بەهێزەکانە؟ لەوانەیە وا لێک بدرێتەوە، بەڵام ئەمە تاکە هەقیقەتێکی نێو پەڕەکانی مێژووە. دەزانم ئەم هەقیقەتە تاڕادەیەکی زۆر نامرۆڤانە و بڕێکی ترسناکیش دڵڕەقانەیە، چونکە مافی جیاکاری و کوشتوبڕ و داگیرکاری دەداتە زلهێزەکان، لێ سەرباری هەموو تێبینی و نیگەرانییەکانی ئێمە، دەرئەنجام ڕاستییە دڵتەنگەکانیش دەبێت بخوێنرێنەوە و وەکوو خۆیان ببینرێن، بەبێ ڕەچاوکردنی ئاستی ئەو ئازارەی، کە لە کاتی خوێندنەوەیدا بەر ویژدانی مرۆیانەمان دەکەوێت.
پەراوێزەکان
- 1يوري بونداریف: الثلج الحار، ترجمة: غائب طعمة فرمان، مؤسسة المدی للثقافة والفنون، ط١، ٢٠١٤.
- 2بۆ تێگەیشتن لە تیۆری چوارەمی سیاسەت و پاڵنەرە هەژموونخوازییەکانی ئێستای ڕووسیا، خوێندنەوەی ئەم فەیلەسوفە ڕووسییە بێ ئەندازە گرنگە، نەک لەبەر شێوە ڕوانینی نوێی دوگین و بایەخەکەی بۆ سیاسەت و داهاتووی جیهان، کە پاڵپشتی لە دروستبوونی هاوپەیمانێتییەکی گەورەی خۆرهەڵاتی دەکات بە ڕابەرایەتی ڕوسەکان؛ بەڵکوو لەبەر ئەو کاریگەرییانەشی کە لە سەر سەرۆکی ڕووسیا و شەڕە هەنووکەییەکان بەتایبەتی لەگەڵ ئۆکراینا هەیەتی. لەم ڕووەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ : ( الکساندر دوگین: تئوری چهارم سیاست/ روسیه و ایده های سیاسی قرن21، مترجم: مهناز نوروزی، دانشگاه اصفهان، ١٣٩٤).
- 3بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە ژیانی ڕۆژانە و گوزەرانی بابلییانی کۆن، ئاستی گەشەی ژیاری و خواستە زۆر و زەبەندەکانیان لە پێناوی هەژموونخوازیدا، بڕوانە: (طه باقر: مقدمة في التاريخ الحضارات القديمة، الطبعة للشركة دار الوراق للنشر المحدودة، ٢٠٠٩. )هەروەها بڕوانە: ( جورج كونتینو: الحياة اليومية في بلاد بابل وآشور، ترجمة: سليم طه التكريتي، دار الشؤون الثقافية العامة، الطبعة الثانية، ١٩٨٦.)
- 4آحمد سنيد حبيب الفتلاوي: العلاقات البابلية المصرية في العصر البابلي الحديث ( ٦٢٦_٥٣٩)ق.م، مجلة مركز بابل للدراسات الانسانية، العدد1، حزيران ٢٠١٢. هەروەها بۆ ئاشنابوون بە بەشێک لەو شەڕە گەورانەی لە پێناوی هەژموونخوازیدا، لە نووسینە بزمارییەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، بڕوانە: (فاروق الراوي: معارك النصر. سجلاتها في الكتابات المسماریة، مجلة بين النهرين، بغداد، ١٩٨٤.)