لێک‌دانەوەی ڕۆمانی “ئەلف/یا”ی ڕەزا عەلی‌پور

لە سیمینارێکی سێ تویژەر و ڕەخنەگردا

ئا: ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ

ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ، بەشی چیرۆک و ڕۆمان لە پێنج‌شەممە ۱۹ی ڕەشەممەی ۱۴۰۰ی هەتاوی لەبارەی لێکدانەوەی ڕۆمانی “ئەلف/یا”ی ڕەزا عەلی‌پور بۆ توێژەر و ڕەخنەگران: (مراد ئەعزەمی ـ دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزاده ـ کەریم خزری) سازداوە کە ژنەفتن فایلە دەنگییەکەی لێرە بڵاو دەکاتەوە.

ئەمەش ڕاپۆرتێکی کورتە لەو بارەیەوە کە لێژنەی چیرۆکی ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ ئامادەی کردووە.

بەڕێوەبەری دانیشتنەکە: فەرهاد بابۆڵی

له دەسپێکی دانیشتنەکە‌دا کۆڕگێڕ وێڕای بەخێرهێنانی سەرجەم ئامادەبووان باسێکی کورتی له مەڕ پێکهاتەی ڕۆمانەکە، ئەو وتارانەی له تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەلف/یا دا بڵاو کراونەتەوە و چەند پرسیاری ڕەخنەیی بەگشتی لە پێوەندی لەگەڵ فۆڕم، پێکهاتە و زمانی ڕۆمانەکە ورووژاند و دەلاقەی باسەکانی بۆ ئامادەبووان کردەوە.

پێشەکی کاک مراد ئەعزەمی لێدوانی خۆی دەست پێ کرد و بە تێر و تەسەلی لە باری هەڵویستی ڕەخنەگران سەبارەت به خوێندنەوەی ڕۆمانی ئەلف/یا، گوتارسازی ڕۆمانەکە، بەراورد لەگەڵ چەند نموونە ڕۆمانی ڕۆژئاوایی، ریوایەت‌ناسی و زمانەوە شڕۆڤە کرد و لێکدانەوەکەی خستە ڕوو.

 له باسی یەکەمی‌دا تیشکی خستە سەر ئەو بابەتە کە پاش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی ئەلف/یا، دوو ڕوانگە لەلایەن ڕەخنەگرانی ڕۆمانەکە بیچمی گرت:

ئـ . دەستەیەک لەسەر ئەو باوەڕه بوون کە ئەلف/یا تەنیا هەندێک ڕیوایەتی مێژوویی به دەکار کردنی چەند تەمهیدی ئەدەبی کۆ کردووەتەوە و پێکهاتەیەکی گێڕانەوەیی بۆ دابین کردووە.

ب . له ڕوانگەی گرووپی دووەم، ڕۆمانەکە له باری ڕیوایەت، گێڕانەوە و هەموو لایەنەکانییەوە لەسەر دەستی نووسەر و توانای خولقێنەرانەی ئەو، ڕۆنراوە و بۆ خۆشیان وەک ڕەخنەگر سەر بە ئەو بۆچوونەیە.

له درێژەی لێدوانەکە‌ی‌دا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆمان توانیوێتی گوتارێک ساز بکات کە بەر لەو، له ڕۆمانی کوردی‌دا کەمتر خۆی لێدراوە بە جۆرێک کە لەو گوتارسازییه‌دا له زمانی ئاڕکاییک، دەرباری و پرۆفێشناڵی خۆش‌نووسی کەڵک وەرگیراوە.

وتارەکە بۆ جەختکردنە سەر تایبەتمەندیی پێکهاتنی واقیعی چیرۆکی لەسەر ئەمری خەیاڵ کە له ڕۆمانی ئەلف/یا دا کاری بۆ کراوە دوو نموونەی له ڕۆمانی ڕۆژئاوایی هێناوە:

ئـ . بورخێس له ڕۆمانێک‌دا باسی پەرتووکی “خوای لابیرێنتی” دەکا به جۆرێک کە ئەو بەرهەمه نووسەرێکی به نێوی هێربێرت کێوین هەیه. بورخێس ئاماژه دەکا کە تەنیا بەرگێکی لەو پەرتووکە هەبووە و ئەویشی داوەتە خاتوونێک؛ کەچی له جیهانی واقیع‌دا نە بەرهەمێکی وا و نە نووسەرێکی وا دە گۆڕێ‌دا نەبووە.

ب . ژۆزێ ساڕاماگۆ نووسەری نێوبەدەری پۆرتگالی له ڕۆمانی “ساڵی کۆچی دواییی ریکاردۆ ڕێیش”، باس له کەسایەتی ڕیکاردۆ ڕێیش دەکات کە به هەڵکەوت لەناو کەشتییەک‌دا چاوی به پەرتووکی خوای لابیرێنتی دەکەوێ.

لە هەمان‌ کات‌دا خودی کەسایەتیی ڕێیشیش له دەرەوەی ئەو ڕۆمانە کەسایەتیی پزیشکە و ناسنامەی خۆی هەیه کە لە واقیع‌دا فێرناندۆ پێسووا، شاعری پۆرتگالییه.

له ڕۆمانی ئەلف/یا دا، بە هێنانەوەی باسی کەسایەتێکی خەیاڵی لە ڕەوگەی مێژوویەکی دیاریکراو‌دا سنووری نێوان واقیع و خەیاڵ دەبەزێت و خوێنەر تووشی وەهم و گومان دەکات. ئەوەش وەک تەمهیدێکی ئەدەبی بەشێک له زاتی ئەو ڕۆمانەیه.

پاش ئەو باسانەی سەرەوە، لێدوانەکە ڕاستەوخۆ دەپەرژێتە سەر دەقی ڕۆمان و باس له چەند هێڵی بوونی پێکهاتەی ڕیوات دەکات:

دوو هێڵی سەرەکیی ڕیوات کە بریتین له ڕووداوەکانی کاتی ئێستا و ڕووداوەکانی کاتی دووسەد ساڵ پێش و هێڵی سێهەمیش بریتییه له ڕیوایەتی ئەو حەقایەتانەی پێش هەر کام له بەشەکان دەگێڕدرێنەوە.

دوو هێڵی سەرەکیی ڕیوایەت له زۆر لایەن لێک نزیکن و به جۆرێک بەسەرهاتێکی هاوشێوە بۆ هەرکام له کەسایەتییەکانی یووسف و ئامێدی دێتە پێش و دەتوانین وای بۆ بچین کە ئەوە بەسەرهاتی هونەرمەندە له ماوەی دوو سەد ساڵ پێش تا ئێستا. شایانی باسه بگوترێ کە شێوەی ڕیوایەت له باری ڕیوایەت‌ناسییەوە کاری بەرچاوی بۆ کراوە و توانیوێتی گوتارێکی نوێ بخولقێنێت؛ به تایبەت لەو بەشانەی کە جوانی، به تێرمینۆلۆژیای خۆش‌نووسی وەسف دەکرێت.

لە کۆتایی‌دا مراد ئەعزەمی تایبەتمەندییه سەرەکییەکانی دەقی ڕۆمانی ئەلف/یا ئاوا ڕیز بەندی دەکات:

۱. شێوەی گێڕانەوە بە تەمهیدێکی چەند هێڵی بیچمی گرتووە.

۲. گرێ‌دانی دوو کاتی جیاواز به شێوەی هاوتەریب.

۳. خولقانی زمانێک و گوتارێکی تایبەت له سەرینچاوەکانی: فۆلکلۆر، بەیت، حەیران، بەڵگە مێژووییەکان، نووسراوە عیرفانییەکان، نووسراوە ئیداریی میرنشینەکان، پەخشان و شیعری کۆنی کوردی.

بەشی دووەمی دانیشتنەکە و لێدوانی دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە:

له پێشەکی باسەکانی‌دا ئاوڕێکی له تایبەتمەندیی دەقی ئەدەبی و جۆری ڕوانینی ڕەخنەی ئەدەبی لەو دەقانە داوە و ئاماژەی کرد کە هەر دەقێکی ئەدەبی، هەم کەسایەتییەکی تاکی هەیه و هەم‌ خزمایەتی لەگەڵ دەق‌گەلی دیکەدا هەیە. یانی دەقی ئەدەبی لەگەڵ ئەوەی دەقێکی تاک و سەربەخۆیه، بۆی هەیه خزمی نزیک، دوور یان هەندێک دوورتری دەقی دیکە بێت. کەواتە ڕەخنەی ئەدەبیش پێویستە به دوو چاویلکە چاو له دەقی ئەدەبی بکات: به چاویلکەیەک هەموو تایبەتمەندییه تاکەکانی ئەو دەقە ببینێت و به چاویلکەیەکی تر له گشت تایبەتمەندییه هاوبەشەکان بڕوانێت. ئەگە بێت‌و ڕەخنەیەک به هەر دوو چاویلکه چاو له دەقی ئەدەبی نەکات ڕەنگە ڕەخنەیەکی تێر و تەواو نەبێت. بێجگە لەمە، له لایەنێکی دیکەشەوە ڕەخنەی ئەدەبی دوو فاقه یانی به دوو سەر دەڕوات:

۱.  جاری وایه به چرای تیۆری تیشک دەخرێتە سەر دەق.

۲.  هەندێک جاریش به چرای دەقی دیکە تیشک دەخرێتە سەر دەق.

کەواتە هەرچی ئەو دوو چرایه له جێگای خۆی دابێ، دەقی ئەدەبی ڕێک و پێک‌تر دەخوێندرێتەوە و شڕۆڤە دەکرێ.

له درێژەی ڕەخنەکاریی ڕۆمانی ئەلف/یا دا باسی ئەوەی کرد کە دەقی ڕۆمانەکە لهبەر ئەوەی له لایەک تاکە و له لایەکی‌تر ڕەگەزی هاوشێوەی لەگەڵ دەقەکانی دیکەدا هەیه، پێویستە بە دوو فاق بخوێندرێتەوە.

پاشان چەند پرسیاری ورووژاند و وڵامیشی دانەوە:

گێڕانەوە مەحمووله، کەواتە ئەو شتەی دەگێڕدرێتەوە واتە مەوزووعی گێڕانەوە، چییه؟ ئەوەی مەحموولی گێڕانەوە، پێی نیسبەت دەدرێ کامە؟ چ شتێک دەگێڕدرێتەوە؟

  ڕەنگە ئاسایی‌ترین وڵام بۆ ئەو پرسیارانە، ئەوە بێت کە “ڕووداو” دەگێڕدرێتەوە و ڕووداویش، کەسایەتی و دۆخی تێدایه و به شێوەی مەجازی دەکوترێ کەسایەتی یا دۆخ دەگێڕدرێتەوە. بەڵام له گێڕانەوەی کەسایەتی و دۆخ‌دا ئەوەی لە ڕاستیدا دەگێڕدرێتەوە، ڕووداوە.

له ڕۆمانی ئەلف/یا دا له جیاتیی ئەوەی ڕووداو بگێڕدرێتەوە، زمان دەگێڕدرێتەوە؛ ئەوەش بەو مانایه نییه کە ڕووداوەکان به هۆی زمانەوە دەگێڕدرێنەوە بەڵکوو بەو مانایەیه کە خودی زمان بە هۆی زمانەوە دەگێڕدرێتەوە و زمان کەسایەتی پێ دەدرێ. بەو پێیه بابەتی زمان هەم دەبێتە کەسایەتی و هەم‌ دەبێتە ڕووداو؛ یانی خودی زمان دەبێتە ڕووداو و بابەتی گێڕانەوە.

مەرجەکانی گێڕانەوەی زمان ئەوەن کە:

ئـ . کەسایەتی بدرێ به زمان.

ب . زمانێک که خۆی بووه به کەسایەتی، تووشی هەندێک دۆخ و ڕووداو بکرێ و دەوری پێ‌بدرێت.

کەوابوو ڕووداوی نوێ له ڕۆمانی ئەلف/یا دا ئەوەیه کە زمان دەگێڕدرێتەوە و کەسایەتی دەدرێت به زمان. بەو جۆرەش کەسایەتییه زمانییەکان ڕێ‌و‌شوێنی تایبەت به خۆ دەگرن و هەوێتی دەگرنە خۆ و هەڵس و کەوتی تایبەت وەدەست دەهێنن. هەر چۆن کەسایەتییه مڕۆڤییەکان لەو ڕۆمانە‌دا وەک یووسف، ئایسان، لەیلا، داوود ئامێدی و … هەڵس‌وکەوتی تایبەت بە خۆیان هەیه و حزووریان بۆ خوێنەر به شێوەی کردەکانیانەوە هەست پێ دەکرێ؛ کەسایەتیی زمانیش ئاوایە و ئەگەر بێت و چاک داڕێژرابێت خۆینەر هەستی پێ دەکات کە ئەوە خەریکە لەگەڵ کەسایەتییەکی نوێی زمانی، بەرەوڕوو دەبێتەوە.

 هێنانەوەی نموونە بۆ کەسایەتییه زمانییەکان :

۱.  کەسایەتی ئاسایی و نۆڕماڵی زمان: زمانی گێڕەڕەوە، ئەو کەسایەتییه زمانییه بە شێوەی ئاسایی وەکوو گۆشەنیگای کامێرایی ” هێمینگوێ”ی خونسایه؛ چۆن له گۆشەنیگاکەدا له دەرەوە ڕا به شێوەیەکی ئاسایی و ڕاپۆرت‌ئاسا چاو له ڕووداوەکان دەکرێ و سەرنج بۆ خودی گۆشەنیگا ڕاناکێشرێ، شێوازی زمانیی گێڕەرەوەش، زیاتر ـ نەک هەمیشه ـ له نۆرمەکانی زمانی ستاندارد لا نادا.

۲.  ئەو زمانەی هەڵگری سینتاکس و موفڕەداتی تایبەته.( وەک میناک، زمانی ئەو بەشەی ڕۆمانەکە کە ئامێدی خەریکە باسی بەسەر‌هاتی خۆی دەکات).

مەحموودزادە له درێژەی باسەکانی‌دا تیشکی هاویشتە سەر ئەو بابەتە کە جۆرەکانی گێڕانەوە لە ڕۆمانی کلاسیک، مۆدێڕن و پاش مۆدێڕن‌دا له باری مژاری گێڕانەوە و مەنتقی گێڕانەوە جیاوازن.

بەو پێیە شڕۆڤەی خوارەوەی هێنایە ڕوو:

ئـ . لە ڕۆمانی کلاسیک‌دا ڕووداو، کەسایەتی یا دۆخ به مەنتقی فیلمی ئەکشێن دەگێڕدرێتەوە.

ب . له ڕۆمانی مۆدێڕن‌دا نێو‌ئاخنی زەینی کەسایەتییەکان بە مەنتقی شاڵاوی زەین دەگێڕدرێتەوە.

پ . لە ڕۆمانی پاش مۆدێڕن‌دا زمان، دەق یا گێڕانەوە دەگێڕدرێتەوە. ( ئەو کارەی کە لە ڕۆمانی ئەلف/یا دا ڕووی داوە).

بۆ شڕۆڤەی پتری بەشی (پ)، دەستە‌وداوێنی هێنانەگۆڕی پرسیارێک و وڵامێکی تێر و تەسەل دەبێت:

گێڕانەوە دەگێڕدرێتەوە یانی چی؟

یانی کەڵکەڵەکانی کەسێک کە خەریکە ڕووداوێک دەگێڕێتەوە، دەگێڕدرێتەوە. له ڕۆمانی ئەلف/یا دا ڕاسپێردراوی یووسف ئەوەیه کە تەکووزییەک بداتە ئەو ڕووداوە تێکەڵ پێکەڵانەی حافز بینایی له مەڕ بەسەر هاتی داوود ئامێدی خۆش‌نووس بۆی هێناوە و بیانگێڕێتەوە.

یووسف خەریکە ئەوە بۆ خوێنەر دەگێڕێتەوە کە چۆن ئەو گێڕانەوانەی ڕێک خستووە و وەپاڵ یەکی داون؛ یانی بەگشتی لە ڕۆمانی گۆرین‌دا گێڕانەوەی گێڕانەوە ڕووی‌داوە. کەواتە لەو ڕۆمانە‌دا زمان، گێڕانەوە و دەق دەگێڕدرێتەوە.

گێڕانەوەی دەق زۆرتر لەو بەشانەی ڕۆمانەکە‌دا زەق دەبێتەوە کە ئامێدی خەریکە بەپێی جوانیی شێوە نووسینی پیتەکان باس له هۆگری خۆی بۆ خۆش‌نووسی دەکات و لهسەر تەوەری هاوشێوەیی، بەژن و باڵای بسمێ به پیتەکان دەشوبهێنێ.

بە دەربڕینێکی دیکە باسی جۆرەکانی ڕووداو له سێ شێوە ڕۆمان‌دا کرا:

۱.  ڕووداوی کردەکی، سەر به ڕۆمانی کلاسیک.

۲.  ڕوودوای زەینەکی، سەر به ڕۆمانی مۆدێڕن.

۳.  ڕووداوی دەقەکی ـ زمانەکی، سەر به ڕۆمانی پاش مۆدێڕن.

له کۆتاییی باسەکە‌دا، دکتۆر مەحموودزاده له باری پێکهاتە و زمان، هەڵسەنگاندنێکی سەبارەت به ڕۆمانی ئەلف/یای ڕەزا عەلی‌پوور و ڕۆمانی ئەسفاری کاتبانی ئەبووتۆڕاب خەسرەوی، ڕۆمان‌نووسی فارس، ورووژاند. بەو پێیه، پێی وایه ڕۆمانی ئەلف/یا، توانیوێتی زمانێکی ئارکاییک تاقی کاتەوە و ئەزموونی بکات. ئەو زمانە به شێوەی هونەرمەندانە له بابەتە مێژووییەکان و دەقی فۆلکلۆر و بەندی وەک ئازیزه کەڵکی وەرگرتووه.

بەشی سێهەم؛ لێدوانی کەریم خزری:

خزری له دوو جەمسەری باسی زمانی و کارکردەکانی ئەو زمانانەی لەناو دەقی ڕۆمانەکەدا کەڵکیان لێ‌وەرگیراوە ئاوڕی له ڕۆمانی ئەلف/یا داوە:

لە ڕوانگەی خوێندنەوەی دەروونشیکارانەوە دەق وەکوو نەخۆشێک وایه و خوێنەر و ڕەخنەگریش وەکوو دەروونشیکار(ڕەوانکاو) وان کە خەریکن لایەنە شاراوەکان، عوقدە و گرێ سەرکوت‌کراوەکانی دەق، دەبیننەوە و دەلاقەیەکی تازه بۆ شڕۆڤە و خوێندنەوەی دەقی بەردەست ساز دەکەن.

ئەوەیکە کورد پاشەرۆکێکی ڕێک و پێک و کۆکراوی سەبارەت به دەقی ئاڕکاییک نییه، بۆ نووسەری کورد وەکوو گرێیەک خۆ دەنوێنێت و بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو خەزێنە زمانییه هانی دەدا و بەو پێیه لەو شتانەی کە بەو جۆره زمانە نەنووسراوە دەق‌توێژی دەکات. لەو پێوەندییه‌دا ڕۆمانی ئەلف/یای ڕەزا عەلی‌پوور کارێکی دەگمەنی بۆ سازکردنی زمانێکی ئاڕکاییکی وەئەستۆی خۆی گرتووە.

بهپێی بۆچوونی کەریم خزری سێ جۆر زمان لەو ڕۆمانەی‌دا خۆیا بووە:

١.  زمانی گێڕانەوەی حەقایەت.

۲.  زمانی باو و نۆڕم؛ ئەو زمانەی کە ئەوڕۆکە ڕۆمانی پێ‌دەنووسرێت.

۳.  زمانێکی ڕۆنراو کە هیچ کام لەو دوو زمانەکەی سەرەوە نییه و لە هەمان کاتدا ڕەنگە هەردووکیش بێت.

هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە هەر کام لەو زمانە کارپێکراوانە دە نێو دەقی ڕۆمانی ئەلف/یا دا کارکردی خۆی هەیه و کارکردەکان بریتین له:

ـ زمانی حەقایەت (لە حەقایەتی پێش بەشەکاندا) : ئەو زمانە خەسڵەت و تایبەتمەندیی کاتارسیس یان پاڵاوتنی روحی مڕۆڤی هەیه و دەبێتە هۆی لێک نزیک بوونەوەی خوێنەر لەگەڵ دەقی ڕۆمان و کەسایەتییەکان. ئەو حەقایەتانەش هەر کامیان جۆرێک بانگەشەی خوێنەرە بۆ چوونە نێو ژووری جیهانی ڕۆمان. ئەو زمانە زمانی پاییدیا یان کەلتوورێکی تایبەتی نەریتی کوردیشە کە بە گوێچکەی بەرەی نەریتی کوردەواریش ئاشنایە. ئەمە زمانی گێڕانەوەی دوینێی ئێمەیە.

ـ زمانی ئەوڕۆی نووسین: کارکردی ئەو زمانە هەنگاونانە لەپێناو بەرەو بە ستاندار‌کردنی زمانی نووسینی ئێستای کوردی.

ـ زمانێکی ڕۆنراو : کارکردن به زمانێکی ئاڕکاییک بۆ ساغ کردنەوەی زمانێکی نوێ و دەوڵەمەند لەسەر دەستی سامانێکی له مێژینەی زمانی. هەروەها ئەو زمانەیه کە خزمەت بە سازبوونی واقیعێکی ڕۆنراوی چیرۆکی له سەر شانی خەیاڵ و فانتازیا کردووە و دە ئاکام‌دا توانیوێتی سازیشی کات.

هەروەها لە بۆچوونەکەی خزری‌دا ئاماژە بە هەندێک لایەنی تیۆریی ڕەخنەیی بە تایبەت بۆچوونی پیێرماشێری کرا و دەق لەو ڕوانگەیەشەوە شڕۆڤە کرا. ناوبراو پێی وابوو بەتایبەتی لەو ڕوانگەیەوە ڕۆمانی الف/یا کارێکی شاز و بێ وێنە لە پانتاییی ئەدەبیاتی کوردی دێتە ئەژمار.

جێگای ئاماژەیە کە لە نێوئاخنی باسەکان‌دا بەشداربووانی دانیشتنەکە بە پرسیار و ڕا و بۆچوون، نێوە نێوە له مژاری بەرباس وەژوور دەکەوتن.

لەم دوو فایلەدا دەتوانن گوێ لە کۆی سیمینارەکە بگرن.

بەشی یەکەم
بەشی دووەم

ڕۆمانی ئەلف/یا، ڕەزا عەلی پوور، چاپەمەنی مانگ ٢٠٢٠