ئەم مرۆڤانە کار دەکەن

پرۆژەی “ئەم مرۆڤانە کار دەکەن”، پرۆژەیەکە کە بە شێوازی جیاواز کاری تێدا دەکرێت وەک نمایشی هونەری، سیمینار، گفتوگۆ، تێکست و زۆر شێوازی تر کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا ئەنجام دەدرێت. ئاڤان عومەر ڕێکخەر و بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە.

تێمای گشتی پرۆژەکە دەربارەی پرسی کارە بەگشتی و ڕۆڵی جێندەر لە پرسی کاردا بەتایبەتی. خۆشبەختانە کۆمەڵێک وزە و توانای نایاب و تایبەت ئامادەبوون و ئامادەن بۆ کارکردن لە پرۆژەکەدا، چونکە بابەتەکەیان بەلاوە گرنگە. هەریەک لە بەشداربووان لە بواری خۆیاندا لەسەر بابەتەکە کار دەکەن کە بە تەواوی بە شێوازێکی خۆبەخشە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١دا، پڕۆژەکە بە زنجیرەیەک کاری هونەری، کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا لە شاری سلێمانی ئەنجام دران دەستی بە چالاکییەکانی کرد. کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکار و کەسانی تر بە پڕۆژە و کاری گرنگ بەشدارییان کرد، کارەکان لە چوارچێوەی دوو نمایشی گروپی و حەوت نمایشی سەربەخۆدا پیشان دران. لە ڕێگای ماڵپەری تایبەت بە پڕۆژەکەوە دەتوانن زیاتر دەربارەی چالاکییەکان زانیاری وەربگرن:

شارا تاهیر  نووسەر لە بواری سایکۆلۆژیا و گوتاری ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و فیکری، بە بابەتێک لە پڕۆژەکەدا بەشدارە لە ژێر ناونیشانی: “جەستەی ژن وەک کاڵایەکی دەگمەن”.

لەژێر ڕۆشناییی ئەم بابەتەدا و لە چوارچێوەی سمینارێکدا،  شارا تاهیر لە ڕوانگەیەکی دەرونشیکارییانەوە تیشک دەخاتە سەر چەمکی نامۆبوون لای کارل مارکس. لێرەوە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ژن پێش ئەوەی وەک کرێکار لە سیستەمی سەرمایەداریدا نامۆ بێت، پێشتر لە ڕێگای پیاوسالارییەوە نامۆ بووە و ڕیشەی ئەمە زۆر قووڵتر و کۆنترە.  ئەمەش وای کردووە کە ژن بخاتە دۆخی خودئەڤینییەکەوە لەگەڵ خۆی و جەستەی خۆیدا بە شێوەیەک کە بینەر و بینراویش بێت لای خۆی، بەڵام بە چاوێکی پیاوانەوە بینەری خۆی بێت. پاشان لە درێژەی سمینارەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری کە دروستکەری ئەم دۆخەن، لە کۆتاییدا سوودمەند دەبن و بەردەوام بەکاری دەهێننەوە.

هەندێک هێڵی سەرەکیی سمینارەکە:

  • کارکردن و بەرهەمهێنان خەسڵەتێکی گرنگی مرۆڤن کە لە سیستەمی سەرمایەداریدا ئەمە دەشێوێندرێت و بەهای ئەو گرنگییە تێک دەچێت.
  • ژن پێش ئەوەی بەر نامۆبوون بکەوێت وەک کرێکار، زۆر پێشتر لەناو خێزان و کۆمەڵگادا بەر نامۆبوونی خود دەکەوێت، کە بە میکانیزمی خودئەڤینی لەگەڵ جەستەی خۆیدا دەیبات و دوانەی خۆی دروست دەکاتەوە کە ئەویش ژنێکی ترە تا خۆی پێ بەراورد بکات.
  • لە سیستەمی پیاوگەراییدا ژن تەنها سێ ڕۆڵی هەیە، ئەوانیش: دایکایەتی، پاکیزەیی و لەشفرۆشییە.
  • گەر نامۆبوونی کرێکار هەوێنێک بێت بۆ شۆڕش، نامۆبوون لای ژن تەواو پێچەوانەیە چونکە ژن دڵخۆش و ڕازییە بەو دۆخە.
  • سیستەمی سەرمایەداری لەگەڵ ئەوەی لەسەر نادادی دروست دەبێت، بەڵام لەناو ناچێت، چونکە  بەڵێنێکی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە کە وا دەکات بەردەوام و پارێزراو بێت.
  • جەستە لە سیستەمی سەرمایەداریدا بەردەوام فۆڕم دەکرێتەوە، هەمیشە بەو شێوەیە دەبێت کە سیستەمەکە دەیخوازێت.

لەم بەستەرەی یوتیوبدا گوێ لە سێمینارەکەی گۆنا سەعید بگرن.