ئەم مرۆڤانە کار دەکەن

پرۆژەی “ئەم مرۆڤانە کار دەکەن”، پرۆژەیەکە کە بە شێوازی جیاواز کاری تێدا دەکرێت وەک نمایشی هونەری، سیمینار، گفتوگۆ، تێکست و زۆر شێوازی تر کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا ئەنجام دەدرێت. ئاڤان عومەر ڕێکخەر و بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە.

تێمای گشتی پرۆژەکە دەربارەی پرسی کارە بەگشتی و ڕۆڵی جێندەر لە پرسی کاردا بەتایبەتی. خۆشبەختانە کۆمەڵێک وزە و توانای نایاب و تایبەت ئامادەبوون و ئامادەن بۆ کارکردن لە پرۆژەکەدا، چونکە بابەتەکەیان بەلاوە گرنگە. هەریەک لە بەشداربووان لە بواری خۆیاندا لەسەر بابەتەکە کار دەکەن کە بە تەواوی بە شێوازێکی خۆبەخشە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١دا، پڕۆژەکە بە زنجیرەیەک کاری هونەری، کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا لە شاری سلێمانی ئەنجام دران دەستی بە چالاکییەکانی کرد. کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکار و کەسانی تر بە پڕۆژە و کاری گرنگ بەشدارییان کرد، کارەکان لە چوارچێوەی دوو نمایشی گروپی و حەوت نمایشی سەربەخۆدا پیشان دران. لە ڕێگای ماڵپەری تایبەت بە پڕۆژەکەوە دەتوانن زیاتر دەربارەی چالاکییەکان زانیاری وەربگرن:

گۆنا سەعید چالاکەوان و نووسەر لە بواری یەکسانیی جێندەری و مافەکانی ژناندا بە سیمینارتێک لە پڕۆژەکەدا بەشدار بوو لەژێر ناونیشانی:ژنانیش کار دەکەن“.

لێرەدا گۆنا سەعید دەربارەی پرسی ژن لە هێزی کاردا دەدوێت. ئەو لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک، هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر هەندێک خاڵی گرنگ سەبارەت بە پرسی ژن لە هێزی کاردا لە کوردستان.

 لە سەرەتای سمینارەکەدا بەگشتی ئاماژەیەک بە مێژووی ئەو جیاکارییە دەدات کە لەنێوان کارکردنی ژن و پیاودا دروست دەبێت، واتە چۆن ژن بە کاری ناوماڵ دەبەسترێتەوە و پیاوانیش بە کاری دەرەوە. پاشان دێتە سەر ئەوەی کە لە وڵاتێکی وەک ئێراق کە پشتی بە ئابووریی نەوت بەستووە و زۆر هێزی کاری پێویست نییە، ئەمە چۆن کاریگەری کردۆتە سەر تاکەکانی کۆمەڵگا بەگشتی و ژن بەتایبەتی. هەروەها بەکورتی کاریگەری و هۆکارەکانی کارکردنی ژن لە دەرەوە و ماڵەوە لە هەمان کاتدا تاوتوێ دەکات.

هەندێک هێڵی سەرەکیی بابەتەکە:

  • کار چییە؟ تێگەشتنە جیاوازەکانی کار چین؟
  • بەهای کار چییە؟ ماناکان و تێروانینە جیاوازەکانی چین؛ بەهای گۆڕینەوە لە بازاڕ و بەهای بەکارهێنان.
  • مێژووی جیاکاری نێوان کارکردنی ژن و پیاو، ئەرکەکانیان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.
  • مەبەست لە کاری ژنان یان کاری ژنانە چییە؟ کاری بەکرێ کامانەن کە ژنان دەیکەن؟ جێگا و ڕێگای ئەم جۆرە کارە چییە؟ 
  • جیهانی پیشەسازی ملیۆنەها ژنی بردە نێو کاری بەکرێوە؛ بەڵام ئایا تامی بەهەشتی ئازادی و ڕزگارییان کرد! یان بە پێچەوانەوە کەوتەوە؟ بۆچی؟
  • سیستەمی ئابووری لە کوردستان و  کاریگەری لەسەر پرسی کارکردن. ئامار و ژمارەکان چیمان پێ دەڵین؟ کێشەی ئەم ئامارانە چین؟
  • هۆکاری بێکاری و کەمی فرسەتەکانی کارکردن بۆ ژنان لە کوردستان.
  • ئەرکی ماڵ و دایکایەتی؛ کاری بێکرێ (کاری خۆڕایی) چییە؟ چی دەگرێتەوە؟ گرنگی چییە و کێ کەڵکی لێ دەبینێت؟ بۆچی بە زۆری ژنان کاری خۆرایی دەکەن؟
  • ژن و کاری خۆڕایی: چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەین؟

لەم بەستەرەی یوتیوبدا گوێ لە سێمینارەکەی گۆنا سەعید بگرن.