ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی

لە ئینگلیزییەوە: حیسام خاکپوور

ئاماژەی وەرگێڕ:

دەستەواژەی ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی بە کتێبە داھێنەرەکەی ئاکادمیسیەنی ئێنگلیزی مایکێل بیلیگە1ئەم کتێبەی بیلیگ ( Banal Nationalism) لە پلەی چوارەمی پڕئێرجاعترین کتێبگەلە کە لەسەر لێکۆڵینەوە لە ناسیۆنالیزم نووسراوە.وە ھاتە نێو گۆڕەپانی لێکۆڵینەوە لە مژاری ناسیۆنالیزم. ئەم دەستەواژە ئاماژەیە بە نواندنەوەی ھەرڕۆژەیی و بەردەوامی نەتەوە و نەتەوایەتی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بە شێوەیەک کە ھەستی ھاوبەشی ئینتیما و سەربەیی لە لای مرۆڤەکان درووست دەکات. بیلیگ ئەم چەمکەی داھێنا تا شێوە باوەکان بەڵام زۆر نەبیندراوی دەوڵەت­نەتەوە کە ھەر ڕۆژە بەرھەمی دەھێننەوە، زەق بکاتەوە. نموونەگەلێک لە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی بریتییە لە: کەڵک وەرگرتن لە ئاڵا لە کۆدەقە ڕۆژانەکاندا، سروودگەلی نەتەوایەتی، ڕووداوگەلی وەرزشی، ھێماکانی سەر پارە و پووڵ، دەربڕین و ڕستە باوەکان وەکوو خاکی ئێمە، سەرزەمینی ئێمە، یانەگەلی وەتەن­پەرەستی، گۆرانی و موسیقای نەتەوەیی، کەڵک وەرگرتن لە ھاوگیری و یەکگرتوویی زیمنی لە ڕۆژنامە نەتەوەیییەکان، بۆ نموونە کەڵک وەرگرتن لە وشەگەلێک وەکوو سەرۆک وەزیر، ئاو­و­ھەوای وڵات و گرووپی وەرزشی نەتەوەییی ئێمە و دابەشکردنی ھەواڵەکان بە ھەواڵی ناوەخۆیی و دەرەکی، تەنانەت لە خۆرد و خۆراک و مەسرەفی ژیاندا، نموونەگەلێکن لە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی کە بەردەوام دووپات دەبنەوە و بە ھۆی سروشتی ناھۆشیارانەیان لەسەر زەین و ڕۆحی تاکەکان کاریگەریی قووڵ دادەنێن. ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی زۆرتر لە ڕێگەی دام و دەزگاکانی دەوڵەتی وەکوو قوتابخانە بەرھەم دێت. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە ناسیۆنالیزمی لە خوار بۆ سەرەوەیشی پێ دەڵێن کە بە پێچەوانەی ناسیۆنالیزمی دەستەبژێرەکان، زێدەتر لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی سەروکاری ھەیە کە چۆن پرسی نەتەوە وەکوو شتێکی بەدیھی و ئاشکرا لە پڕۆسەی ڕووتینی ھەرڕۆژەیاندا دەنوێننەوە و بە کاری دەبەن. ئێستە پرسیارێک دێتە گۆڕێ کە دەکرێت مشتومڕ و باسوخواسی زۆری لەسەر بکرێت ئەویش ئەوەیە: نەتەوە بێ­دەوەڵەتەکان وەکوو کورد، ئەمازیغی، کێبێکی، کاتالانی و…، جیا لەوەی لە پێکھاتە فەرمییە ناسیۆنالیستیییەکان کە سامانی فەرمی دەوڵەت­نەتەوەیە بێ­بەشن، لەگەڵ ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەییش دەستەویەخەن کە بەردەوام ناسیۆنالیزمی سەردەست لە مێشک و ڕۆحیاندا دووپات دەبێتەوە. منداڵیان دەبێت بچێتە چەقی ناوەندی ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی، واتە قوتابخانە و لەوێ ئەو باسانەی بە مێشکدا بچێت و لە لایەکی دیکەیشەوە ئاپاراتووسەکانی نەتەوەی سەردەست لە قوتابخانەوە بگرە ھەتا میدیای دەنگوڕەنگ و ھەتا بازاڕ و تەواو وردەکاریگەلی ژیانیان ئاوێتەیە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی نەتەوەی سەردەست و بەو شێوەیە کە زەین و ڕۆح و تەنانەت ھەستی جوانی­ناسیی خەڵکی ئاساییی نەتەوەی بێ­دەوڵەت دەستکاری دەکرێت و لە خۆنامۆ دەبێت. ئینجا لایەنێکی دیکەی ئەو باسە ئەوەیە کە خەڵکی ئاساییی نەتەوەی ژێردەست چۆن دەتوانن لەو جۆر ناسیۆنالیزمە ھەرڕۆژەییەی نەتەوەی باندەست ڕزگارییان بێت؟ پلانی بەرپرچدانەوەی ئەو جۆر ناسیۆنالیزمە لەلایەن نەتەوەی ژێردەستەوە چۆنە و چۆن نییە؟ دژەگوتاری ئەمان ھەر لە بنەماڵەوە تا شەقام و بازار دەبێت چۆن بیچم بگرێت کە ھەندێک لایەنی ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی نەتەوەی سەردەست کەم بڕشت بکاتەوە؟ لە نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆدا، میکانیزمی خەمڵاندنی بۆ وێنە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی کوردی دەبێت چۆن پلانڕێژی بۆ بکرێت؟ تاک و کۆمەڵی خەڵک لەگەڵ ئەو دیاردانە چۆن ھەڵسوکەوت بکەن و… لەگەڵ ھەندێک مژاری دیکەی پەیوەندیدار بەم باسەوە، وەرگێڕانی ئەم کورتە وتارەی پێویست کرد کە بە شێوەزارێکی دیکە بە ڕوونی باسی ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی شەنوکەو دەکات2خۆێنەر بۆ باسوخواسی زیاتر لەسەر ئەم چەمکە جیا لە کتێبە سەردەم­سازەکەی بیلیگ، دەتوانێت بڕوانێتە بۆ نموونە ئەم دوو وتارەی خوارەوە:-Sophie Duchesne, ‘Who’s afraid of Banal Nationalism’, Nations and Nationalism, 2018, 24, pp. 841-856.  –Penrose, – Jan (November 2011). “Designing the nation. Banknotes, banal nationalism and alternative conceptions of the state”. Political Geography. 30 (8): 429–440.

دەقی وتار

گرینگی­دان بە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی لە دەیەی ١٩٩٠وە لە  چوارچێوەی بە ئێستیلاح وەرسووڕانی فەرھەنگی بە باشترین شێوە تێگەیشتنی بۆ دەکریت. بزووتنەوەیەکی فیکری لە نێو زانایانی زانستە کۆمەڵەیاتییەکان،بۆ ئەوەی فەرھەنگ لە ناوەندی شیکارییەکانی خۆیاندا دابنێن. فەرھەنگ لەم کۆدەقەدا3contextبە جێگەی ئاماژە بە دەسکردەکان یان شێوەگەلی ژیان، بە “تۆڕگەلێک لە دالەکان”4webs of significance ئاماژە دەکات کە جەخت لە سەر ڕێدۆزی لە خوار بۆ سەر کە جێی پەسەندی توێژەرانی ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیییە، شرۆڤە دەکات. ئەوان ھۆگرییان بەوە ھەیە کە بزانن خەڵک چۆناوچۆن جیھان بۆ خۆیان واتادار دەکەن. بەم پێیە مەبەست ئەوەیە بزانین خەڵک چۆن نەتەوەخوازی، نەتەوەبوون و سەربەیی نەتەوایەتی5national belongingلە ژیانی ڕۆژانەیاندا واتادار دەکەن و بە کردەیی دەر دەھێنن. جەخت لەسەر ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی لەسەر بنەمای ڕەخنە لە شیکاریگەلی باوی مەزنەتەوەر6macro-focused analyses لە ناسیۆنالیزم ئەنجام دەگرێت کە بەو ئاراستە دەڕۆن، بە ھەڵسوکەوتی دەستەبژێرەکان پێشایەتی بدەن کە لە ڕێگەی دەوڵەت و دیکەی پێکھاتە فەرمییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە. بە وتەی لایەنگرانی توێژینەوە لە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی، داکۆکی لەسەر باسە باوەکانی ناسیۆنالیزم، ھەمووی چیرۆکەکە باس ناکات چونکە ڕێدۆزێکی لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە و وا مەیل دەکات لەگەڵ خەڵکی ئاسایی وەکوو وەرگرانی نابکەر7passive recipientsی پەیامەکە ھەڵسوکەوت بکات کە ھیچ شوێنێکیان بۆ بکەری و کارگێڕی خۆیان نییە. کەوایە لە ئاکامدا مەیل بۆ لێکۆڵینەوە لە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی لەگەڵ کێشمەکێشی جەوھەری لەنێوان بکەرییەت8agency و پێکھاتە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا و ھەوڵی بەردەوام بۆ ھاوسەنگکردنی شیاو لەنێوان  ئەو دوانە، لە ھەر توێژینەوەیەک سەبارەت بە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان تەبایی ھەیە.

وێدەچێت ناسیاوترین کار لەسەر ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی وتووێژی نێوان جۆنۆتان فۆکس و سێنتیا میلر ئێدریس لە یەک لایەنەوە و لایەنێکی دیکە ئانتۆنی ئێسمیتە، کە لەویادا فۆکس و میلر ئێدریس ئەجێندایەکی توێژینەوەییان سەبارەت بە نەتەوایەتی ھەرڕۆژیی پیشان دا و ئێسمیت ڕەخنەیەکی لەسەر ئەو پێشنیارە ئاراستە کرد(Fox and Miller-Idriss, 2008a, 2008b; Smith 2008). بە ھەرحاڵ گرینگایەتیدان بەو شتەی پێی دەوترێت ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی ڕوو لە زیاد بوون بوو. بە تایبەتی جەختی مایکێل بیلیگ لەسەر دزەی ناسیۆنالیزم وەکوو فۆرمێکی گوتاری بۆ ژیانی ڕۆژانە لە کتێبەکەیدا ” ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی“ (١٩٩٥) و کتێبەکەی تیم ئێدێنسور لەبارەی سروشتی ڕووتین و ھەرڕۆژیی کراوی ناسنامەی نەتەوەیی ( ٢٠٠٦-٢٠٠٢) وێدەچێت بۆ لێکۆڵینەوەی وردتر لە سروشتی ڕۆژانەی نەتەوەخوازی و نەتەوەبوون، ئێلھامدەری زۆر یەک لە توێژەران بووە.

 فۆکس و میلێر ئێدریس(2008a) چوار بەستێنییان بۆ لێکۆڵینەوە لە نەتەوەگەری ھەرڕۆژەیی پێناسە کردووە: ١. “ئاخافتن لە نەتەوە” بنیات­نانی گوتاری نەتەوە لە ڕێگەی ئاخافتن و قسە ڕووتین و ئاساییەکان. ٢. “ھەڵبژاردنی نەتەوە”، نەتەوە لە ھەڵبژاردنەکانی خەڵکیدا دەخاڵەت دەکات، ٣. “بە کردەیی­کردنی نەتەوە” بەجێھێنانیی سرووتەکانی نەتەوە لە ڕێگەی ھێماکانەوە و ٤. “دە­کار کردن و مەسرەفی نەتەوە” دەربڕینیی نەتەوایەتی و سەربەیی بە نەتەوە لە ڕێگەی عادەتی مەسرەفی ڕۆژانە. فۆکس و میلێر ئێدریس لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕوانین لەم چوار بەستێنە، کە تێگەیشتن لە چۆنایەتیی بەرھەم­ھێنان و بەرھەم­ھێنانەوەی لە ڕێگەی خەڵکی ئاسایییەوە مسۆگەر دەکات و لەم ڕووەوە دەتوانرێت “لە خوارەوە بۆ سەرەوە” بپەرژێتە سەر ناسیۆنالیزم. ئەو ھەروەھا میتۆدێکی تێکھەڵکێش بۆ خوێندنەوەی ناسیۆنالیزمی ­ھەرڕۆژەیی پێشنیار دەکات کە لە چوارچێوەی دوو پرسیاری بوون­ناسانەدا دەگونجێت: نەتەوە چییە؟ و چ کاتێک نەتەوەیە؟ یەکەمیان دەکرێت بە باشترین شێوە بە تێکھەڵکێشێک لە ڕاپرسی و تێکنیک­گەلی چۆنایەتی بۆ وێنە وتووێژگەلی گرووپی ئەنجام بگرێت تاکوو واتای پێوەندیدار بە نەتەوە وە چێنگ بکەوێت. ئەوی دووھەم پێویستی بە ئاوڕدانەوە و گرینگایەتی­دان بە کۆدەقێ کە لەویادا نەتەوە بەرجەستە دەبێتەوە و بە باوەڕی فۆکس و میلێر ئێدریس تێڕوانینی ھاوبەشی9participantobservation، شیاوترین میتۆدە بۆ پەیشوێن­گرتنی ئەم لایەنە لە نەتەوایەتیی ڕۆژانەیی. لەو ڕووەوە کە ڕوولەزیادنانی ھۆگری بە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی ھاوکات بووە لەگەڵ وەرسووڕانی فەرھەنگی، بە گشتی پێشنیار بۆ لێکۆڵینەوە لە نەتەوەخوازی و نەتەوایەتیی ھەرڕۆژەیی پێشوازی لێ کراوە، بۆ ئەوەی زیاتر پەیشوێن بگیردرێت و ھەتاکوو توێژینەوەکانی بەردەست لەسەر ناسیۆنالیزم تەواو بکات. سەرەڕای ئەمە، ڕەخنەگەلێک لە بیرۆکەی نەتەوەخوازی یان نەتەوایەتیی ھەرڕۆژەیی گیراوە. ئانتۆنی دی ئێسمیت لەو وتووێژەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەی پێ کرا، بەردەنگ لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە ئەگەری ئەوە ھەیە ئەجێندایەکی توێژینەوەیی کە لەسەر “ئێرە و ئێستە” داکۆکی دەکات، کۆدەقی کۆمەڵایەتیی مێژوویی لە پێش چاو نەگرێت. ئەو ھەروەھا بە سنوورمەندی زاتی لێکۆڵێنەوە لە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی یان ناسیۆنالیزمی “سارد” ئاماژە دەکات، چونکە ئەو ئەجێندا توێژینەوەییە پێشنیار کراوە، بە پێویست بە لێکۆڵینەوەی دیمۆکراسیگەلی گەشەکردووی ڕۆژئاوایی سنوورمەند دەکرێ(Smith 2008). ھەروەھا لێرەیشدا پێویست بە ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر و وردبینانەتر لەمەڕ پێناسەی خەڵکی ئاسایی و بەپرس­کردنی پەیوەندی نێوان دەستەبژێر و نادەستەبژێر[ خەڵکی ئاسایی] ھەیە. لە چوارچێوەیەکی بەرینتردا، چونکاتێ نەتەوەخوازی یان نەتەوایەتیی ھەرڕۆژەیی زیاتر شان دەداتە سەر میتۆدگەلی چۆنایەتی تا میتۆدگەلی چەندایەتی، دەبێت مەسەلەی ئێعتیبار و پشت­بەستن، لێکۆڵینەوەیە لەسەر بدرێت.

دەکرێت زۆرتری ئەو کەمایەسییانە بە قەرار­دانی لێکۆڵینەوەی نەتەوەخوازی و نەتەوایەتیی ھەرڕۆژەیی وەکوو تەواوکەری لێکۆڵینەوەکانی پێشوو کە زیاتر پێکھاتە-دەستەبژێرتەوەر بوون و زیاتر داکۆکی لەسەر پەرەسەندن و وەراری مێژوویی دەکەن، بسڕیێتەوە. لێکۆڵینەوە لە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی لە نموونەگەلێک کە ناسیۆنالیزمی “گەرم” زاڵە، دەتوانێت ڕێگەیەکی ڕۆشنی­بەخش بێت بۆ بەرخۆدان و ژێروڕوکردن کە لەسەر دەستی خەڵکی ئاسایی درووست کراوە. پێناسەی مژاری توێژینەوە ئەرکێکە کە لە زۆریەک لە توێژنەوە جۆراوجۆرەکان ھاوبەشە. بەھێزبوونی میتۆدگەلی چۆنایەتی بە شێوەیەکی بەربڵاو باسوخواسی لەسەر کراوە و توێژەر دەبێت ئاگاداری ئەو باسانە بێت و ھۆشیارانە میتۆدەکەی خۆی پێی ھەڵبسەنگێنێت. دۆزینەوەی ڕێگاگەلێک کە لە جیھانی ئەمڕۆدا نەتەوە وەکوو شتێکی بەدیھی و ئاشکرا و لەبەردەست پێناسە دەکرێت کۆمەکێکی شایانە لە پێشخستنی تێگەیشتنی ئێمە لە جیھانێک کە تێیدا دەژین. جەخت لەسەر سروشتیی ھەرڕۆژەیی نەتەوەخوازی، نەتەوایەتی و ناسنامەی نەتەوەیی شتێک بە لێکۆڵینەوەی ناسیۆنالیزم زیاد دەکات و ئەو لێکۆڵینەوانە لاواز ناکات.

سەرچاوەکان

Billig, Michael. 1995. Banal Nationalism. London: SAGE.

Edensor, Tim. 2002. National Identity, Popular Culture and Everyday Life. Oxford: Berg.

Edensor, Tim. 2006. “Reconsidering National Temporalities: Institutional Times, Everyday Routines, SerialSpaces and Synchronicities.” European Journal of Social heory 9(4): 525–45.

Fox, Jonathan and Cynthia Miller-Idriss. 2008a. “Everyday Nationhood.” Ethnicities 8(4): 536–63.

Fox, Jonathan and Cynthia Miller-Idriss. 2008b. “he ‘Here and Now’ of Everyday Nationhood.” Ethnicities8(4): 573–76.

Geertz, Cliford. 1973. The Interpretation of Culture. New York: Basic Books.

Smith, Anthony D. 2008. “he Limits of Everyday Nationhood.” Ethnicities 8(4): 563–73.

بۆ خوێندنەوەی زیاتر بڕوانە ئەم سەرچاوە:

Skey, Michael. 2011. National Belonging and Everyday Life: The Significance of Nationhood in an Uncertain World. Basingstoke, UK: Palgrave.

ئەم وتارە وەرگێڕانی کورتە وتارێکە بە سەرناوی Nationalism, Everyday، بە قەڵەمی ئاتسۆکۆ ئیچیجۆ( ATSUKO ICHIJO) مامۆستای زانکۆی کینگستۆن.


پەراوێزەکان

  • 1
    ئەم کتێبەی بیلیگ ( Banal Nationalism) لە پلەی چوارەمی پڕئێرجاعترین کتێبگەلە کە لەسەر لێکۆڵینەوە لە ناسیۆنالیزم نووسراوە.
  • 2
    خۆێنەر بۆ باسوخواسی زیاتر لەسەر ئەم چەمکە جیا لە کتێبە سەردەم­سازەکەی بیلیگ، دەتوانێت بڕوانێتە بۆ نموونە ئەم دوو وتارەی خوارەوە:-Sophie Duchesne, ‘Who’s afraid of Banal Nationalism’, Nations and Nationalism, 2018, 24, pp. 841-856.  –Penrose, – Jan (November 2011). “Designing the nation. Banknotes, banal nationalism and alternative conceptions of the state”. Political Geography. 30 (8): 429–440.
  • 3
    context
  • 4
    webs of significance
  • 5
    national belonging
  • 6
    macro-focused analyses
  • 7
    passive recipients
  • 8
    agency
  • 9
    participantobservation