بیرەوەریی کەسێک کە  تاوانکار لەدایک بوو

لە نۆروێژییەوە: ئیسماعیل ئیسماعیل زادە

لەبارەی نووسەرەوە

یوهان بورگن (١٩٠٢-١٩٧٩) نووسەر، شانۆگەر، ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگری ئەدەبی، لە کریستیانا (ناوی کۆنی ئۆسلۆ پێتەختی نۆروێژ) لەدایک بوو. لە ساڵانی نێوان ١٩٥٠ بۆ ١٩٦٠دا یەکێک بوو لە بەناوبانگترین نووسەرانی نۆروێژ. لە ساڵی ١٩٥٤ەوە بۆ ١٩٦٠ سەرنووسەری گۆڤارێکی ئەدەبی بوو بە ناوی Vinduet. بورگن لە سەرەتادا زۆر لەژێر کاریگەریی کنوت هامسۆن نووسەری بەناوبانگی نۆروێژیدا بوو، بەڵام دواتر بوو بە تەنزنووسێکی ناسراو و هەستیار. خوێنەر لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا دەتوانێ ڕەنگدانەوەی ئەم پرسیارانە بخوێنێتەوە: پرسیار لەبارەی ناسنامەوە کە من کێم؟ من چیم؟ چۆن دەتوانم لەگەڵ کات بڕۆم؟ من کەسێکم یان چەند کەس؟ بە تایبەتی لە ڕۆمانی سیانی “وایڵفرێد ساگن لە لیللەرود” ١٩٥٥، سەرچاوەکانی تاریکایی ١٩٥٦، ئێستا ئەومان لەگەڵە ١٩٥٧ و لە ڕۆمانی زۆر مۆدێڕن و دەگمەنی “من”١٩٥٩دا ئەو پرسیارانە دەبیندرێن.

لە ڕۆمان و چیرۆکەکانی ‘بورگن’دا، مرۆڤ خۆی لەنێوان هەڵسوکەوتی جوان و نسێکانی خۆیدا دەدۆزێتەوە و دیسان بزر دەبێتەوە. لە داهێنانی بیرۆکەی نیوەوشیارانەدا زۆر لێزان بوو. ئەو بیرۆکانەی بە دوو یان سێ ئاست و زیاتر دابەش دەبوون و لەنێوان یەکتریدا هاتوچۆیان دەکرد، واتە حاڵەتێک لەنێوان خەو و بەخەبەربووندا.

لە بەرهەمەکانی بورگن‌دا دەتوانین ئاماژە بکەین بە: توولەڕێی ئەوینداری، لیللەرود، سەرچاوەکانی تاریکایی، ئێستا ئەومان لەگەڵە، من، ترۆپکی شین، مژی سوور، باسکی من ڕیخۆڵەی من، درەختە تەنیاکان لە دارستاندا، سەرکەوتن، لەم هۆدەیەدا..

….


لەم کورتەچیرۆکی “بیرەوەریی کەسێک کە  تاوانکار لەدایک بوو”دا لەگەڵ منداڵێک و خوشکە گەورەکەی، دایک و باوک و باپیریان ئاشنا دەبین. منداڵەکە پێی وایە کە هەرچی گەورەتر بێت باڵای بچووکتر دەبێتەوە و ئەگەر بەپێی خۆی بڕوات ناتوانێت سەر کالیسکەکە ببینێت و ئەوەش بەو واتایەیە کە ئەو بچووک بووەتەوە. پێی وایە ئەگە لە کالیسکەکەدا ڕاکشێ باڵابەرزترە و بچووکەکان دەستیان پێی ڕاناگات. سەرلەبەری چیرۆکەکە بەپێی ئەم خراپتێگەیشتنەوە داڕێژراوە. تێگەیشتنی منداڵ کرچ و کاڵە. بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکە کارێکی خراپ بکات باوکی لێی دەدات. ئیتر منداڵەکە عادەت بە لێدران دەگرێت و هەمیشە ئەو کارانە دەکات کە نەشیاون. لەلایەکی دیکەوە منداڵەکە بە هۆی ناکامڵبوونی پێی وایە کە گۆچانەکە باپیرییەتی. باپیری نەخۆشە و لە هەورەبانەکە کەوتووە و کاتێ شتێکی پێویست دەبێت بە گۆچانەکەی لە عەرزەکە دەکوتێ. دایک و باوکی منداڵەکەش بە یەکتری دەڵێن بچۆ بزانە باپیرە بۆ وا دەکات، ئیتر لە منداڵەکەش وایە کە دارەکە باپیرێتی و خودی باپیریشی پیرەپیاوێکی دیکەیە لە هەورەبانەکە.

هەر لە سەرەتای چیرۆکەکەوە بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە کە خراپتێگەییشتن هەوێنی سەرەکییە. منداڵەکە خراپ تێدەگا و دایک و باوکیشی خراپ لە منداڵەکەیان دەگەن.

ئاخێوەر یەکەم کەسی تاکە، بە جۆرێک کە خوێنەر وا هەست دەکات بەسەرهاتەکە لەلایەن منداڵێکەوە دەگێڕدرێتەوە. ڕستەکان سادەن و دور و درێژ، ڕێک وەکوو قسەکردنی منداڵان. بەردەوام لە ڕووداوێکەوە بۆ ڕوودەوێکی دیکە دەچێت. ڕووداوەکان هیچ پێوەندییەکیان بە یەکترەوە نییە. ئاخێوەر بیر لە شتێک دەکاتەوە و لە ناکاو باسی شتێکی دیکە دەکات. لێرەدا بەرەوڕووی دوو باوک دەبینەوە کە هەرکیان توڕە و گرژن. باوکی ئاخێوەر و باوکی یون، منداڵی دراوسێکە.

وەرگێڕ

بیرەوەریی کەسێک کە  تاوانکار لەدایک بوو

باپیرم‌ گۆچانێکه‌.

ئه‌و له‌ هه‌وره‌بانەکە دەژیت و عەرزەکەی ئەوێ کوتەکوتی دێت. ئەمە ڕێک ئەو کاتەیە کە خەوتووم و خۆم تەڕ کردووە، من میزم بە خۆمدا کردووە، بەڵام کاتێ ده‌مه‌وێ بخه‌وم ویشکم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان منیان گۆڕیوه‌.

جارێکیان باپیرم هاته‌ خواره‌وه‌، باوکم هێنای. باوکم وتی کە نایەوێ زۆر لە دۆخی باپیرم بزانێت‌، باوکم لەم کوتەکوتە بێزار بووبوو. باپیرم خڕۆکەیەکی هەبوو. دەدرەوشاوە. پڕ بوو لە وردەکون، لەوسەری ئەوسەر دانرابوو. دایکم بە بۆڵەبۆڵ وتی که‌ باوکم دەیەوێ باپیرم بباتەوە سەرێ، بەستزمانە، نەیدەتوانی کوتەکوت بکات، ئاخر کاتێک باپیرم لە خوارێ دەبوو ئیزنی نەبوو کوتەکوت بکات. دواتر باوکم باپیرمی دەبردەوە سەرێ. دیسان من خۆم تەڕ کردەوە لەبەر ئەوەی گوێم لە دەنگی کوتەکوتەکە بووەوە.

باوکم له ‌سه‌رێیە‌.

کە دێته‌وه‌ خوارێ و دێت بۆ لام که‌مێک ده‌ترسم، دڕکی سوور بە تەواوی دموچاوییەوەیە. کاتێ له‌ کالیسکه‌که‌ داده‌به‌زم باوکم به‌ره‌و ئاسمان ئاماژه‌ ده‌کات و ده‌ڵێ: تۆ سه‌یری ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ بکه‌، منیش بەرەو ئاسمان باوەشم دەکەمەوە و ئەویش ئەمەی زۆر پێ خۆش دەبێت و دەڵێ ئەع. دایکم ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ بەس فڕۆکەیەکە و دەچێت بۆ کۆپنهاگن! تۆ بۆ بیر لەوە ناکەیەوە کە ئەو منداڵه‌‌ ئیتر بێجگه ‌له‌ فڕۆکه‌ سه‌یری هیچ شتێکی دیکه‌ ناکات و ڕۆژ هەتا ئێوارە سەری بەرەو حەوا دەبێت! باوکم دەمشکێنێت و دوور دەکەوێتەوە. نێرەهه‌نگ بە کەسێک دەکوترێ کە دەگیزێنێت و دوور ده‌بێته‌وه‌، کوڵکنە و‌ له‌به‌ر تیشکی هه‌تاودا سوور دەنوێنێت. باوکم بۆ خۆی نێرەهه‌نگێکه‌.

دایکم لە پەنامە. لووتە چڵمنەکەی خستووەتە ناو زارمەوە. دەنگێکی بلاوێنە. شتێک لە خوارەوەمە کە ناوی لیلله‌سۆسته‌رە بەڵام من ناتوانم بیبینم. کەچی خەریکە کالیسکەکە وەرگێڕێ بۆ ئەوەی بێتە سەرێ بۆ لای من. ده‌بێ زۆر بچووک بێت. لە بن منەوەیە، لە بنی بنەوە. خۆزیا گەورە دەبووین و بمانتوانیایە بچین بۆ ئاسمان.

ئێستاکه‌ بچووک بوومه‌ته‌وه‌. هاتوومه‌ته‌ خواری خواره‌وه‌، لەو کەسەش بچووکتر بوومەتەوە کە پێی دەکوترێ لیلله‌سۆسته‌ر. کەچی ئه‌وان بەوە دەڵێن گەورەبوون.

سەرچەفێکی سپی له‌ ئاسمانه‌وه‌و بە بن هه‌وره‌بانه‌که‌ی باپیرەوە شۆڕ بووەتەوە. سەرچەفەکەم ڕاکێشا و هەرچی لەو سەرە بوو بەربووەوە. وەکوو وتم شتەکان ڕژانە خوارخوارەوە! باوکم بە هەڵەداوان هاتە سەرێ و هەر وەکوو ئەوێجار گوڕاندی کە باپیرە هێنایبوونە خوارەوە. وتم: ئەع، ئەوە دەیەوێ بە فڕۆکە دموچاوی جوان بکات به‌ڵام توند پیلمی گرت. ئیتر ئه‌عام به‌ خۆمدا کرد. دایکم بە لووتە چڵمنەکەیەوە هات به‌ڵام باوکم وتی توتکەسەگ و دواتر منیش وتمەوە توتکەسەگ. لووتی دایکم وشک بوو و دموچاوی باوکم چاک بووەوە و وتییەوە توتکەسەگ. منیش پێم وتەوە توتکەسەگ. لیلله‌سۆسته‌ر قیژاندی چونکه‌ گەورە بووبوو.

ئێستاکە ئیتر ناتوانم ڕابکشێم، چونکە ئەوان وتیان کە من دەتوانم بە پێ بڕۆم. کورت و کورتتر دەبمەوە. کاتێک پێ هەڵدەگرم بە جێی نێو کالیسکەکە دەبێ بچمە سەر عەرزی، جا ئەو کات دەتوانم سەر هەڵبڕم و سەیری کالیسکەکە بکەم. دەمەوێ بزانم بۆ ئەوەی گەورە دیار بم تا چەندە نزم ببمەوە. لیلله‌سۆسته‌ر چووە ئاسمان هەر وەکوو هەموو ئەو شتانەی کە لەوێن، ئەو دەتوانێ بیانهێنێتە خوارەوە‌. لیللەسۆستەر دەڵێ کە چۆلەکە وەکوونێ ئێمە خواردن دەخوات. چۆلەکەیەکی بۆ خستینە خوارەوە و دواتر ئەو دانەیە بوو بە سەدان چۆلەکە. لیللەسۆستەر زۆر زۆر مێهرەبانە.

کاتێک دەچییە دەرەوە، بە پێ ڕۆیشتن گەمەیەکی خۆشە‌. پێشتر زۆر پاڵکه‌وتبووم و سه‌یری سه‌ره‌وه‌م دەکرد و تەنیا خەتی هاتوچۆ بۆ کۆپێنهاگنم دەدیت، به‌ڵام ئێستاکه‌ ده‌شتوانم سه‌یری قامکه‌کانی پێم بکه‌م که ‌لە خوارەوەی خۆمن نه‌ک له‌سه‌ر لێفه‌که‌. هێندێک شتی سپیم تێوە پچرابوو و تەڕ بووم بەڵام هێشتا میزم بە خۆمدا نەکردبوو. ئەوێ کات کە لە قەرەوێڵەکەی دایکمدا ڕاکشابووم، باوکم وتی: وابا شەقفڵێک له‌ بیره‌که‌ بده‌ین. دایکم وتی: هەر وەک وتت بۆ ماوەی پێنج ساڵ. باوکم وتی پێم که‌ ئه‌گه‌ر بچم لەوێ ڕاکشێم لێم دەدات. لیلله‌سۆسته‌ر وتی کە پێمان خۆش بوو پێکەوە بچینە ئەوێ و ڕاکشێین. چەند خۆشە لێم بدرێت.

خۆم گەیاندە هەورەبانەکە‌. زۆرم پێ چوو. باپیرەم لەوێ نه‌دیت به‌ڵام پیاوێک له‌وێ ڕاکشابوو و چاوی له‌ سه‌ره‌وه‌ کرد و وتی ئەع. له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که‌ ڕاکشابوو ڕێک وەکوو ئەوکاتەی کە من گەورە بووم. ئه‌و ڕاکشابوو و سەیری هەڵکشان و داکشانی ئەو خڕۆکەیەی دەکرد کە لە قوژبنەکەی سەر خۆیەوە بە چەندین تاڵەوە هەڵواسرابوو. ده‌بێ هه‌وره‌بانێکی دیکەش لە سەرەوەی ئێرەکانە هەبێت. هەروەها باپیرێکی دیکە و ڕەنگبێ پیرەپیاوێکیشی تێدا بێت کە ئاگای لەو باپیرەمە. له‌ قه‌ره‌وێڵه‌ی ناو هۆدەی ئه‌و پیره‌پیاوەدا‌ ڕاکشام. چاوم به‌ باپیرم که‌وت. له‌ شانی پیره‌پیاوه‌که‌وە، له‌ قه‌ره‌وێڵه‌که‌دا ڕاکشا. پاشان پیرەپیاوەکە لەگەڵ باپیرم دەستیان کرد بە کوتەکوت لە عەرزەکە. دایکم هات و منی برده‌ خواره‌وه‌ بەڵام لووتی ته‌ڕ نه‌بوو و وتی کە وادیارە من ئیشتیام لە تێهەڵدرانە.

کاتێک که‌ له‌ پانتۆڵه‌که‌مدا میزتم ده‌مه‌وێ لە هەورەبانەکە له‌گه‌ڵ لیلله‌سۆسته‌ر بم‌. ئەوان زۆر جار وتوویانە کە وا دیارە ئیشتیام لە لێدانە. 

ئێستا زۆر کورت بوومه‌ته‌وه‌. گه‌وره‌ ده‌بمه‌وه‌. کاسه‌ی پیساییکردن له‌ژێر قه‌ره‌وێڵه‌که‌یه‌، ئەمەیان باشتره‌ بۆ میزتێکردن.

من پێشتر مردبووم. زۆر گه‌رم بوو. ئه‌وان قسه‌یان نه‌ده‌کرد، ته‌نیا ورته‌ورتەیان دەهات. پیاوێک لە سەری سەرەوە بوو‌، ڕێک وه‌کوو ئه‌و شته‌ خڕه‌ کە له‌ سووچه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ی ماڵی پیاوه‌پیره‌که‌ شۆڕ بووبووەوە. ئەو پیرەپیاوەی کە له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که‌ ڕاکشا و ئاگای لە باپیرم دەبوو. جاروباره‌ ئه‌وان زۆر به‌ سرتە ده‌یانکوت مرد، به‌ڵام من گوێم لێ بوو. هه‌موو لووتیان نەرم و دموچاویان جوان بوو. منیش ده‌مه‌وێ بمرم.

به‌ڵام ده‌بوو جارێکی دیکه‌ پێ هەڵگرمەوە و به‌ هه‌مان ڕادە كورت ببمه‌وه‌. ئێستا ماوەیەکی زۆرە کە نامرم. ئه‌وان بە دەنگی بەرزەوە قسه‌ ده‌که‌ن. ئێستا لێم نادرێت. من و لیللەسۆستەر لەوێ بووین و خۆمان خستە ناو بیرە روونەکە. هەموو قیژاندیان.

من له‌ هه‌وره‌بانه‌که‌ی پیرەپیاوەکە و باپیرم‌ بووم، لەسەر پلیکانەکانەوە هەڵخلیسکامە خوارەوە. باوکم وتی توڵەسەگ، منیش پێم وتەوە. باوکم دەڵێت کە من زمانم گۆ دەکات بەڵام ئەوکاتی کە گەورە بووم باشتر دەمتوانی قسە بکەم. ئەمێستا وەکوو لیللەسۆستەر نیم و ناتوانم قسەی زۆر بکەم.     

که‌یکێکی گه‌وره‌ بە سێ مۆمەوە له‌و سه‌ره‌ دانرابوون که‌ من پێشتر بەرم دابووەوە خوارێ. هه‌موو وتیان سێ مۆم، هەر سێ مۆمیشی لێ بوو. زگم وەژان کەوت.

من بیرم له‌ مۆمه‌کان دەکرده‌وه‌ که‌چی خەوم لێکەوت. له‌ پێشدا به‌نێکی ڕه‌ش بوو، پاشان ئه‌وان چه‌ند چیلکه‌یەکی پێکراویان هەڵگرت، به‌نه‌ ڕه‌شه‌کان گڕیان گرت.

من دوو قوتووی پڕ لە چیلکه‌ی بچووکم هه‌ڵگرت و خستمه‌ بن باڵنجه‌که‌. سێ قوتووشم خستە نێو‌ قه‌ره‌وێله‌ی لیللەسۆتەرەوە. کاتێک باپیره‌ و پیره‌پیاوەکە‌ پێکەوە له‌ عه‌رزه‌که‌ دەکووتن و دایکم به‌ کافه‌وە ده‌چێته‌ سه‌ره‌وه‌، به‌و چیلکانه‌ مۆمه‌کان دادەگیرسێنم. لەو شوێنەی کە کەیکەکەی لێ دانرابوو شتێک شۆڕ بووبووەوە، دامگیرساند. پاشان شتێکی دیکەشم داگیرساند کە لەسەر کورسییەکە بوو و پێشتر‌ که‌یکه‌که‌ی تێدابوو. ئەو پەردانەشم داگیرساند کە بە پەنجەرەکەدا هەڵواسرابوون. هەر ئەوەندە بەس بوو کە چیلکەکان لە قوتووەکە بخشێنی، ئیتر دادەگیرسان‌. دایکم به‌ پلیکانه‌کاندا هاته‌خواره‌وه‌. بەدوای ئەودا باوکم. پاشان هه‌مووان هاتن و هێندێک ئاویان پێداکرد. زۆر خۆش بوو، به‌ڵام هه‌موو ڕووناکییەکەیان په‌کخست.

باوکم وتی که‌ وادیارە ئیشتای لێدرانم کردووە. به‌ڵام لێم نەدراوە. جارێکی دیکه‌ هه‌موو قوتووه‌کانم خستە ناو قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی لیلله‌سۆسته‌رەوە. بۆ سبه‌ینێ دایاندەگیرسێنمەوە.

لیلله‌سۆسته‌ر پێی خۆش نییە. لیلله‌سۆسته‌ر تێکچووه‌. کوڕێک‌ لە پشتەوەی بیرەکەدا دەژییت. ئه‌و ده‌ڵێت کە لیلله‌سۆسته‌ر بەس کچێکه‌ و هیچی دیکه‌. ده‌ڵێ کە دەبێ من شقارته‌کان بێنم، شقارتەکان هەر وەکوو چیلکە وان. پاشان پێکەوە ئەم خانووە و خانووه‌کانی دیکه‌ دەسووتێنین‌. ئەوەی لەسەر منە هێنانی چیلکەیە بەپێی پێویست.

باوکم شقارته‌کانی شاردووەته‌وه‌، بەڵام دۆزینه‌وه‌شیان ئاسانه‌. شقارته‌کان پێشتر له‌سه‌ر شۆمینه‌که‌ بوون و من ناچار بووم چنگ گیر بکەم و قولێکی چاکیان لێ داگرم بەڵام ئەم جارەیان شقارتەکان له‌ کابینێتی چێشتخانەدا لە پشته‌وه‌ی ئەو فلاسکانه‌ن کە بۆ شووتن دانراون. من و لیلله‌سۆسته‌ر هه‌موو شه‌ربه‌ته‌کانی نێو فلاسکەکانمان خواردەوە و دواتر خۆم مراندەوە‌، کەچی ئه‌وان هیچ ورته‌یەکیان نه‌کرد. باوکم وتی کە دایکم دەبوو فلاسکه‌کان بشارێتەوە. من و ئه‌و کوڕه‌ هه‌موو ئەو شقارتانەی کە پێشتر باوکم لە پشت فلاسکەکاندا شاردبوونییەوە، بردماننە پشتەوەی ئاودەستخانە و لەوێ لە پشت سندووقێکدا شاردماننەوە.

له ‌پێشدا لە بیره‌که‌دا ئاگرمان کرده‌وه‌ به‌ڵام دانه‌گیرسا. پاشان ئاگرمان له‌ ئاوده‌ستخانەکەدا کرده‌وه‌، جوان داگیرسا. باوکم و پیاوه‌کەی دیکه‌ که‌ باوکی ئه‌م کوڕه‌‌یه‌، هاتن. که‌مێکش ئاگرمان له‌و ماڵه‌ بەردا که‌ باوکی ئه‌م کوڕه‌ لێوەی هاته‌ ده‌ره‌وه‌. کوڕەکە ناوی “یۆن”ه‌ و باوکی لە باوکم تووڕه‌ بوو. باوکی منیش لێی تووڕە بۆوە و پێی وت کە ئەوە “یۆن”ە هەموو شقارتەکانی دۆزیوەتەوە! بەڵام لە ڕاستیدا ئه‌وه‌ من بووم ئەو شقارتانەم دۆزیبووەوە کە باوکم لە پشتەوەی فلاسکەکاندا شاردبوونییەوە. لیللەسۆستەر بە هۆی خواردنەوەی ناو فلاسکەکانەوە لە هەموو کەس نەخۆشتر بوو. لە سەرەمەرگدا بوو. لیلله‌سۆسته‌ر هه‌میشه‌ به‌خته‌وه‌ره‌.

یۆن لاساره‌.

من ئیزنم نییه‌ که‌ له‌گه‌ڵ یۆن‌ کایه‌ بکه‌م. ئێمه‌ هه‌میشه‌ پێکەوەین. ئێستا باوکم شقارته‌کان ناشارێته‌وه‌، بەڵام بۆشمان نادۆزرێنەوە. باوکم هێندێک شت دەسووتێنێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌سووتێنێت که‌ لە شوومینه‌که‌دان. دواتر قوتووه‌ شقارتەکە دەخاتە ناو گیرفانی پانتۆڵه‌که‌یه‌وه‌. من مقه‌ستی دایکمم هەڵگرت کە له‌سه‌ر مێزی مه‌کینه‌ی دروومانه‌که‌ بوو. گیرفانم بۆ پانتۆڵه‌که‌م ساز کرد. پاشان‌ له‌ پشت سندووقه‌که‌ی پشته‌وه‌ی ئاوده‌ستخانه‌که‌ که‌ پێشتر ئاگرمان تێدا کردبووەوە قوتوویه‌کم دۆزییه‌وه. خستمه‌ گیرفانی پانتۆڵه‌که‌مه‌وه‌، لەوێدا گیری کرد. ئێستا  ده‌ڕۆم، لە گیرفانی پانتۆڵەکەمدا هەڵمگرتووە و ناخزێت‌.

باوکم وتی: ئەوە ئەو توڵەسەگە دەڕوات، جا چاو چاو، چۆن قوتووەکەی هەڵگرتووە!

دواتر قوتووه‌ شقارتەکەیان دۆزییه‌وه‌. دایکم گریا. باوکم چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و شه‌ق ده‌رکه‌ی پێوه‌دا. منیش پێم خۆشە فێر بم کە ئاوا شەق پێوەی دەم. باپیرم دەستی کردەوە بە کوتەکوت. منیش له‌ پانتۆڵه‌که‌مدا میزتم بۆ ئه‌وه‌ی دایکم دڵی خۆش بێتەوە. دواتر لیلله‌سۆسته‌ر لە کاتی دوورینی جلی بووکەڵەکەی بە قوماشی ماکسی دایکم، قامکێکی خۆی بریندار کرد، دیسان پزیشکه‌که‌ هاتەوە. لیلله‌سۆسته‌ر هەمیشە به‌خته‌وه‌ره‌.

یۆن لاساره‌. ئه‌و پێی خۆشە که‌ هەمیشە له‌گه‌ڵی کایه‌ بکه‌م. باوکم بەڵێنی پێ داوم که‌ لێم بدا، ئه‌و مێهره‌بانه‌. پیرەپیاوەکەی وا لەگەڵ باپیرەم لە قەرەوێڵەیەکدا دەنوون ناوی شوێنێکی لە مێشکدایە بە ناوی گۆڕستان. ئه‌و به‌ ترۆمبیل بردرایە ئەوێ. دایک و باوکم بارگە و بنەیان بردە هه‌وره‌بانه‌که‌. باپیره‌ له‌و سووچه‌دا ڕادەوەستێ کە تۆڕێکی سپی پێوەبوو.

لیلله‌سۆسته‌ر ماکسییه‌که‌ی دایکمی له‌به‌ر کرد. منیش کڵاوی باوکم لەسەر کرد. پاشان باپیر‌مم له ‌ده‌ستی وه‌رگرت و پێکەوە چووین بۆ پیاسه‌کردن بۆ شوێنێکی دوورتر له‌ پشته‌وه‌ی گرده‌کانی “ستوره‌باککێن”، ئه‌و شوێنه‌ی که‌ ئێمه‌ ئیزنمان نه‌بوو بچین. ئه‌وێ کانێکی به‌رده‌ که‌ لیلله‌سۆسته‌ر بە ماکسییەکەی دایکمەوە لێی هەڵدێردرا و دیسان خه‌ریک بوو بمرێت‌. پاشان بردرایه‌ نه‌خۆشخانه‌کەی شار. زۆرم لێدرا، هه‌موو به‌شانس بوون بێجگه ‌له‌ باوکم که‌ لە لێدانی من ماندوو دەبوو، لێدانەکە زۆر بەژان بوو. کە ماندوو دەبوو دەستی ڕادەگرت به‌ڵام من خۆشحاڵ بووم به‌و به‌شه‌م که‌ لێم ده‌درا. یۆن هەموو ڕۆژێک لێی دەدرێت، ئەو لاسارە – پاش لێدرانیش پێی خۆشه‌ له‌گه‌ڵی کایه‌ بکه‌مەوە. 

دایکم ده‌ڵێ که‌ باپیرم مردووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ باپیرم له‌ سوچێکی هۆدەکەدا ڕاوه‌ستابوو. ئه‌وم لەگەڵ بوو کە چوومە لێواری کانه‌به‌رده‌که‌ بەڵام کە لیلله‌سۆسته‌ر هەڵدێردرا ئه‌وم له‌بیر چوو! قەیناکە ڕۆژێکیان دەچم و له‌گه‌ڵ خۆم دەیهێنمەوە. ئیدی دایکم ناگرییت. باوکم و ئه‌و پیاوه‌ی دیکه‌ ئاوده‌ستخانەیەکی دیکەیان ساز کردەوە و ئیستا یۆن ده‌یه‌وێ شقارته‌کان بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن ئاودەستخانەی نوێ بۆ خۆیان ساز بکەنەوە.

باوکم دەڵێ کە من ئێستاکە کوڕێکی باڵخۆشم و سێ ساڵی دیکه‌ ده‌چمه‌ خوێندنگه‌. سێ ساڵ هه‌ر ئەوندە دەخایەنێت کە مۆمی سەر ئەو کەیکە داگیرسێنیت و پاشان لێت بدرێت.‌ باوکم دەڵێت کە خوێندنگا شوێنێکە وەکوو ماڵ و پڕە لە منداڵ. به‌ڵام من به‌ دایکمم وت که‌ ئه‌و وتویەتی من دەچمە ماڵێکی گەورەی پڕ لە منداڵ و لەوێ کەیکێکی هاوشیوەی ئەوە دەسووتێنم، ئیتر دایکم خاتوونێکی هێنا. دەنگی وەکوو دەنگی ئەو خاتوونانەیە کە لە خوێندگەی منداڵاندا دەبیسترێت. لێی پرسیم که ‌دەتوانم جیاوازی نێوان باڵنده‌یه‌ک و ئەو جۆرە گۆچانە ببینم کە بۆ باران بارین پێیەتی! وتم باپیرم‌ خۆ باڵندە نییە‌. خاتوونەکە وتی کە ئەمە چ پەیوەندییەکەی بە باپیرمەوە هەیە. خاتوونەکە شێتۆکە بوو.

به‌ڵام شه‌وێ گوێم لێ بوو دایکم بۆ باوکمی گێڕاوە که‌ خاتوونه‌که‌ وتبووی من بە مردنی باپیرم حەپەساوم. بەڵام بە دڵنیاییی مەبەستی ئەو گۆچانەکەیە. چاک بوو ئەوەشم وت کە باپیرم لە لای کانەبەردەکە ڕاکشا و من لە بیرم چوو بیهێنمەوە. دایکم چاوێکی لە باوکم کرد، باوکیشم سەرێکی لەقاند و پەرداخێکی نێو دۆڵابەکەی خواردەوە.

منیش سبەینێ سەرم دەلەقێنم و پەرداخێکی نێو دۆڵابەکە دەخۆمەوە.

زۆر باش ڕاهاتووم ده‌رکەکان شەق پێوەدەم و سه‌رم بله‌قێنم. سەرلەبەری ئەمڕۆ سەرم له‌قاندووه‌‌ به‌ڵام ئه‌وکاته‌ی په‌رداخێکی نێو دۆڵابەکەم هه‌ڵگرت و ده‌رکه‌کەیم شه‌ق پێوه‌دا، ئه‌وان بە پەلە هاتن و په‌رداخه‌که‌یان لێ وەرگرتم، کەچی من هێشتا سه‌رم ده‌له‌قاند. پاشان پزیشکه‌که‌ هات و وتی کاتێ کە لیللەسۆستەر لە کانەبەردەکەڕا هەڵدێردرا من گۆچانێکم پێبووە. وتم کە ئەو گۆچانەی پێم بوو باپیرم بوو. دایکم وتی که‌ ئه‌و خاتوونه‌ش هەر وای وتبوو. منیش وتمەوە بەس گۆچانێک، ئیتر سه‌رمم له‌قاندەوە. پزیشکەکە وتی دانەیەک. وتم به‌ڵێ به‌ڵێ، گۆچانێک. بە تووڕەییەوە سەیرێکی دەرێی کرد. به‌ڵام ڕۆژی دواتر خاتوونەکە هاته‌وه‌ و پێم وت کە هەر گۆچانێکم پێ بوو. وتی کە ناوی گۆچانە بەڵام ئەو خاتوونە شێتۆکەیە.

لیلله‌سۆسته‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌وه‌ هاته‌وه‌ بۆ ماڵێ و ئێستا سه‌رله‌به‌ری ڕۆژه‌که‌ کایه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ده‌که‌ین. لە ناکاو دایکم چووە دەرەوە و دەبوو لیللەسۆستەر ئاگای لێم بێت. ئه‌و سۆنده‌ی گازی چێشتخانەکەی لە قونمرۆکرد، بەڵام لاقمی شکا‌ند له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ نائاسایی گەشەی کردبوو. کەمێک دێشێ، به‌ڵام دەیووت کە ژانی هەیە. پاشان ده‌رزییه‌کی دروومانی له‌ قۆڵم ڕۆکرد بۆ ئه‌وه‌ی زۆری ژان نەبێت، قیژاندم و پێم وت کە دەستی شکێ. دواتر دایکم و ئه‌و خاتوونه‌ هاتنه‌وه‌ ماڵێ. دیتیان کە سۆنده‌یه‌کی گاز له‌ قونمدایە و ده‌رزییه‌ک له‌ باسکمدا و لیلله‌سۆسته‌ر به‌رگە باڵنجێکی بە دموچاویەوە نابوو کە نەکا بیگرێتەوە، پاشان قیژاندی له‌به‌ر ئەوەی کاتێک دەرزییەکەی پێدا کردم من تێیم سرەواند. به‌ڵام ژنەکە وتی که‌ لیلله‌سۆسته‌ر زۆر بێتاقەت دەبێ له‌ ئێره‌ییبردندا، ئه‌وه‌ جۆرێک په‌رده‌ بوو بۆ په‌نجه‌ره‌که‌، کەچی لیلله‌سۆسته‌ر وتی کە ئه‌وه‌ به‌رگی باڵنجە و هەر واش بوو، چونکە ئێمە قەت پەنجەرەمان نەبووە و ئەوەش گەمەیەکی تەواو بوو لەگەڵ ئێمە.

لیلله‌سۆسته‌ر به‌ڵێنیی پێدا بووم که‌ سبه‌ینێ ئەشعە دەگرین به‌ڵام بە دزییەوە دەچینە ژێرخانه‌ تاریکه‌که‌ و بە کەس ناڵێین..

¤¤¤