سێکس و ئەوین، هاوسەرگیری و وەچەخستنەوە
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پڕۆفیسۆر ڕەجا حەلوانی
ڕەجا فواد حەلوانی (١٩٦٧)، پڕۆفیسۆر و فەیلەسووفی بە ڕەگەز لوبنانی، مامۆستای فەلسەفە لە سکوڵی هونەر لە پەیمانگای شیکاگۆ. گرنگییەکی زۆر بە پرسە سێکسییەکان و ڕووداوە هاوچەرخەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات؛ بەگشتی لەسەر فەلسەفەی هونەر و فەلسەفەی سیاسەت دەنووسێت.
زیاتر بەو کاڕانەی ناسراوە کە لەسەر فەلسەفەی سێکس نووسیونی. نموونەیەک لە کاڕەکانی:
جەنگی «عەرەب- ئیسرائیل (٢٠٠٧)»، «سێکس و ئەخلاق (٢٠٠٧)»، «فەلسەفەی سێکس، ئەوین و هاوسەرگیری (٢٠١٠)»، «فەلسەفەی سێکس (٢٠١٢)»
پ: پێخۆشحاڵین بەخێرهاتنت بکەین بۆ ستەیجی ئەلیکترۆنی “معنی” کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و مەعریفەیە لە دونیای عەرەبیدا. ئەوەندەی بزانم ئەمە یەکەم گفتوگۆیە کە بە عەرەبی لەگەڵت دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی کە بە ڕەچەڵەک لوبنانیت و لەوێ گەورە بوویت، لێ تا ئێستا بە عەرەبی نەتنووسیوە، بۆچی؟ ئایا ئەمە بەربەستێک نییە لە ڕێی فکرەکانتدا؟ یان هەڵوێستێکە لەهەمبەر ڕۆشنبیریی عەرەبیدا؟
حەلوانی: بێگومان هیچ هەڵوێستێکم نییە دژ بە ڕۆشنبیریی عەرەبی، بە دڵنیاییشەوە هیچ بەربەستێک نییه لە نێوانماندا، بگرە شانازی دەکەم کە سەر بەوێم. دەترسم وەڵامەکەم بێهیواتان بکات، بەڵام دەتوانم بڵێم کە سێ هۆکاری هەیە:
یەکەم، کە لە بەیروت دەژیام، زۆربەی خوێندنی ئەکادیمیم بە ئینگلیزی بوو (لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت)، نووسینەکانم زۆربەی بە ئینگلیزی بوون. بە تێپەڕبوونی کات توانام نەما بەسەر زمانی عەرەبیدا و چیتر نەمدەتوانی بە ڕێزمانێکی دروست بنووسم. تا ئێستا لوبنانییەکەم زۆر باشە، لەگەڵیشیدا من بە عەرەبی قسە دەکەم و دەخوێنمەوە، هیچ کێشەیەکیشم لەگەڵیدا نییە، لێ گەر بە عەرەبیی ڕێزمانی بنووسم کۆمەڵێ هەڵەی گەورەی زمانەوانی دەکەم، کاتی زۆر دەوێت تا ئەمە چاک بکەم.
هۆکاری دووەم، ئەوەیە کە مامەڵەی من لەگەڵ فەلسەفە سەر بە کولتووری شیکاریی ڕۆژئاواییە، بۆیە نووسین لەم بارەیەوە بە زمانی عەرەبی ناچارم دەکات کە دووبارە ئەم کولتوورە بە زمانی عەرەبی بخوێنمەوە، تا بتوانم بەئاسانی مامهڵە لەگەڵ چەمکە ئینگلیزییەکان و هاوواتا عەرەبییەکانیان بکەم؛ ئاوایش بێخەم دەبم لە وەرگێڕانەکانیان.
هۆکاری سێیەم، ئەوەیە کە نیوەی ژیانم لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژیاوم، بەهۆی ئەوەیشەوە کە من لەوێ توێژەرم، هەر دەبێت بە ئینگلیزی بنووسم بۆ جەماوەرە ئینگلیزەکەم، لهگهڵ ئەو هاوپیشانەم کە ئینگلیزی وەک زمان بەکار دههێنن و ئەو خوێندکارانەیش کە خوێندنیان بە ئینگلیزییە؛ هەر لەبەر ئەمەیشە هەموو نووسینەکانم بە ئینگلیزییە.
پ: لەمڕۆدا، جیهان بەرەو پسپۆڕی تایبەت دەچێت، بەڵام تۆ لەسەر بابەتگەلی هەمەچەشن دەنووسیت؛ فەلسەفەی ئەخلاق، ئەوین، سێکس، جەنگی عەرەب-ئیسرائیل و مافەکانی فەلەستین، لە کاتێکدا پسپۆڕییەکەت فەلسەفەی هونەرە، هۆی ئەمە چییە؟
حەلوانی: ئەم بابەتانە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە نییە! لە ڕاستیدا هەموو ئەم بابەتانە لە دیدگای فەلسەفەوە لێیان دەڕوانم، هەروەها بەبێ جیاوازی بۆم گرنگن.
لە منداڵییەوە عاشقی فەلسەفەم، چەندین بواری تریش هەن کە حەزم پێیانە و بە مەزنیان دەبینم، وەک فەلسەفەی سیاسەت، فەلسەفەی ئەخلاق، فەلسەفەی ئایین و فەلسەفەی سێکس. دەبێت ئەوەیش بڵێم کە نووسین لەسەر بابەتی هەمەچەشن مانای لەدەستدانی پسپۆڕی نییە.لە ڕاستیدا، هەر کاتێک بمەوێت لەسەر یەکێک لەو بابەتانەی سەرەوە بنووسم، وەک هەر توێژەرێکی تر ناچارم دەبم کە کاتێکی زۆر بەسەر بەرم لە خوێندنەوە و تێبینی نووسیندا، تا بتوانم بە تێروتەسەلی لەسەر بابەتەکە بنووسم، من ئەم قۆناغەم ناو ناوە “سکپڕبوونی زانستی1scholarly gestation“.
پ: بە یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانە دادەنرێیت کە ئێستا گرنگی بە بابەتی سێکس و ئەوین دەدەن، وەرگێڕانی کتێبەکەیشت لەژێر ئەم ناوەدا بڵاو بووەتەوە “فەلسەفەی ئەوین، سێکس و هاوسەرگیری” 2Philosophy of Love, Sex and Marriageپێت وایە کە ئەم سێگۆشە بە هەر سێ لاکەیەوە، بوونی ئێمە لە جیهاندا پێک دێنێت و دەچێتە ناو کۆمەڵێک بابەتەوە و تێیان دەپەڕێنێت؟ ئەخلاق و سیاسەت و هونەر وەک نموونە.
حەلوانی: کەمتر دڵنیام لەسەر هاوسەرگیری، کە تا ڕادەیەکی زۆر وەک ڕێکخستنێکی ئابووری و یاسایی دەبینم؛ لێ سێکس و ئەوین دوو لایەنی زۆر گرنگی بوونمانن (بێگومان هەر ئەم دووانەیش نین). سەرەتا سەیری ئەوین بکە، گەر تەنها لە ئەوینی ڕۆمانسییش بڕوانیت، بیر لەو بڕە گەورەی ئەدەب و سینەما و شیعر و هەوڵە مرۆیییە بکەرەوە کە بۆی تەرخان کراوە و دەکرێت. بەشێکی زۆری گرنگییەکانمانی گرتووەتەوە، بۆیە زۆر گرنگە فەلسەفییانە بیری لێ بکەینەوە. گەر لە جۆرەکانی تری خۆشەویستی بڕوانین، چەشنی خۆشەویستیی دایکوباوک بۆ ڕۆڵەکەیان و خۆشەویستی نێوان خوشکوبرا و خۆشەویستی نێوان هاوڕێکان، دەبینیت کە تا ڕادەیەکی زۆر بێ خۆشەویستی شتێکی ئەوتۆ نیین، لە ڕاستیدا بێ خۆشەویستی ژیان ماناکەی لەدەست دەدات؛ لەلایەکی تریشەوە سێکس گرنگییەکی زۆری هەیە، بیر لەو هەموو کاتە بکەوە کە خەڵکی (بەتایبەت گەنجان) بەسەری دەبەن بە خۆیانەوە تا جێی سەرنجی ئەوانی تر بن. سێکس دەستی گرتووە بەسەر سایکۆلۆجیای زۆر کەسدا ئەمەش دەرەنجامی پەرەسەندنە؛ ئێمە بەرەنجامی کردەکانی پەرەسەندنین کە ئەمانجەکەی زۆربوونە، هەر بۆیە پاڵنەری سێکس بە شێوەیەکی سروشتی زۆر بەهێز و بەچێژە.
لەبەر ئەوەی کە سێکس و ئەوین زۆر گرنگن بۆیە فەلسەفاندن تێیاندا و ڕوانین لێیان لە ڕوانگەی دیدگا ئەخلاقی و سیاسییەکان زۆر گرنگ و پێویستە. ئاخر ناکرێت شتێک زۆر بنەڕەتی بێت بۆ مرۆڤایەتی، وەک سێکس و ئەوین، کەچی لەوسەرەوە نەچێتە ژێر وردبینیی چاوە ئەخلاقی و سیاسییەکان.
لە ڕیی سێکسەوە درێژە بە خۆمان دەدەین و هەر لە ڕێی ئەمەوە پەیوەندییە ڕۆمانسییەکان دروست دەکەین و دەیانپارێزین. هەروەها دەکرێت پاڵنەرە سێکسییە چهپێنراوهکان (تێگەیشتنە فرۆیدییەکە) لێکەوتی مەترسیداری هەبێت لەسەر تاکەکان؛ بۆیە بەڵێ، سێکس زۆر گرنگە. لەبەر ئەوەیشی کە سێکس و ئەوین زۆر گرنگن بۆیە فەلسەفاندن تێیاندا و ڕوانین لێیان لە ڕوانگەی دیدگا ئەخلاقی و سیاسییەکان زۆر گرنگ و پێویستە. ئاخر ناکرێت شتێک زۆر بنەڕەتی بێت بۆ مرۆڤایەتی، وەک سێکس و ئەوین، کەچی لەوسەرەوە نەچێتە ژێر وردبینیی چاوە ئەخلاقی و سیاسییەکان. بە شێوەیەکی گشتی شتە بنەڕەتییەکان دوو پرسیاریان لەسەرە: چۆن بەراورد بکرێن و بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت (پرسیارە ئەخلاقییەکە)؟ لە دیدی دادپەروەریی کۆمهڵایەتییەوە چۆن سەیر دەکرێت (پرسیارە سیاسییەکە)؟
ئەمە بەو واتایە نایەت کە هیچ شتێکی تری بنەڕەتی نییە: بەبێ هونەر، ژیانی وەڕزکەرە، هەر ئەوەیش نە، هەستێکی تیا نابێت، لەوانەیەشە ئازاربەخش بێت. بەبێ دامودەزگای سیاسی و دادپەروەر و بێلایەن، ژیانی خەڵک تێکەچێت.
یاسا ئەخلاقییەکان نەبووایەن، تا ئێستا لە قۆناغی سروشتیی هۆبزدا دەبووین. بۆیە سێکس و ئەوین گرنگن، بەڵام بەتەنها ئەم دووانە گرنگ نین (کە ئەمە زۆر ڕوونە).
پ: پرسی نائەخلاقی ئامادەییەکی زۆری هەیە لە کتێبەکەتدا، بۆچی؟
حەلوانی: پێم وایە بە شێوەیەکی سەرەکی نۆرمە ئەخلاقییەکان پەیوەندییەکانمان تووند و ڕاشکاو دەکات. هەر ئەوانیشن ئاڕاستەمان دەکەن تا بیر بکەینەوە کە چۆن بین و چۆن هەڵسوکەوت بکەین لە جیهاندا؛ لەگەڵ یەکتردا و دەگەڵ بوونەوەرەکاندا، بەگشتی لەگەڵ هەموو شتێکدا.
نۆرمە ئەخلاقییەکان بنەڕەتی بوونمانن و پێویستە لە زۆر شتی تر لەپێشتر بن (هەڵبەتە بە لەبەرچاوگرتنەوە، بە شێوەیەکی سروشتی بۆ ئەو کەسە کەمانەی کە پێویستە لەسەریان بەبێ ئەوەی لەلایەن کەسانی ترەوە ڕێیان لێ بگیرێت ئیش بکەن، لەگەڵ ئەوەی کە لەو دۆخەیشیاندا دەبێت ئاگادار بن تاکوو خراپ لەگەڵ ئەوانی تردا هەڵسوکەوت نەکەن). ئەمە بەو واتایە نایەت کە هەمووان بە شێوەیەکی ئەخلاقییانە مامەڵە دەکەن (لە ڕاستیدا ئەوەی ڕوونە زۆربەی خەڵکی وا ناکەن)، بەڵکوو واتە ئەخلاق گرنگییەکی مەزنی هەیە. بەبێ ئەمەیش هەموو ئەوەی کە دەمانەوێت بەدی بێنین لەلایەن دەستی تاوانکاری مرۆڤەوە پیس دەکرێت.
هەموو شێوەکانی تەکنهلۆجیا و پێشکەوتنی زانستی ناشیرین دەبێت گەر مرۆڤایەتی خراپ هەڵسوکەوت بکات؛ لە ڕاستیدا زۆربەی فەیلەسووفان لەم ڕووەوە هاوڕان. لەگەڵ ئەوەی کە لەسەر بەهاکان فرە قسەن و چەندین جۆری جیاوازی قبوڵ دەکەن (بەهای ئەخلاقی، جوانیناسی، ئابووری، زانستی وەک نموونە) لێ زۆربەیان کۆکن کە بەگشتی بەهای ئەخلاقی زۆر گرنگترە لە هەر بەهایەکی تر، لە ئەگەری بەرکەوتنی دەگەڵ بەهایەکی تریشدا، ئەم لەپێشتر و خاوەن ئیمتیازە.
پ: کۆتاییی کتێبی “ئەوین و سێکس و هاوسەرگیری” بۆ خوێنەر شۆکهێنەر بوو؛ دیدگات بۆ ژیانت تەواو نیهلیزمانەیە، دەتەوێت ڕزگارت بێت لە بەرپرسیارێتییەکی بەردەوام. پێت وایە وەچەخستنەوە کارێکی نائەخلاقییە؟
حەلوانی: بەڵێ، دەرەنجامەکەی زۆر نیهلیستانەیە. زۆر کەس لەسەر وەچەخستنەوە و ئەخلاقیبوونی نووسیویانە، خۆم بە خاوەن بیرکرنەوەیەکی تاک و دەگمەن دانانێم لەم پرسەدا، من سەیری ئەو کارانە دەکەم کە فەیلەسووفانێکی وەک شۆپنهاوەر و دەیڤد بێناتار (فەیلەسوفی هاوچەرخ کە لە باشووری ئەفریقا دەژی و وانەی تێدا دەڵێتەوە) نووسیویانە.
دڵنیا نیم کە وەچەخستنەوە کارێکی نائەخلاقی بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا کە کەسێک دێنیتە ئەم دونیاوە لە بەردەم ئەگەری تووشبوون بە ئازاری زۆر و مەترسیی گەورەدا دایدەنێیت؛ لە کاتێکدا گەر نەیهێنیتە جیهانەوە، ئەوا لە هیچ شتێک بێبەشی ناکەیت (با وا نەزانین کە منداڵان لە دیوێکی جیهانەکەی تردا لە دەرگای خستنەوەمان دەدەن و چاوەڕێی وەڵامی ئێمەن). هەرچەندە کە جۆری ژیانی هەر کەسێک لەوی تر جیاوازە، لێ هەمووان دەناڵێنن لەنێو ژیاندا، لەسەریشیانە ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە، کە زۆر کەس لێی تۆقیوە. هەروەها کۆمەڵێک خەڵک هەن زیاد لەوانی تر دەناڵێنن؛ هەژاری، خراپی باری تەندرووستی و ڕووداوە ناخهەژێنەکانی ژیان و چەندین شتی تر.
هەر کاتێک منداڵێک دەهێنینە جیهانەوە، هاوکارین لە هێنانەبوونی بوونەوەرێک کە ئەگەری هەیە بناڵێنێ. کەواتە بۆچی وا بکەین لە کاتێکدا گەر وا نەکەین لە هیچ شتێک بێبەشی ناکەین؟
بۆیە هەر کاتێک منداڵێک دەهێنینە جیهانەوە، هاوکارین لە هێنانەبوونی بوونەوەرێک کە ئەگەری هەیە بناڵێنێ. کەواتە بۆچی وا بکەین لە کاتێکدا گەر وا نەکەین لە هیچ شتێک بێبەشی ناکەین؟ ئەوەیشمان بیر نەچێت کە دۆخی ئێستای ژیان زۆر خراپە: گۆڕانی کەشوهەوا بووە بە کەتوار، ژمارەی دانیشتووانیش بێسنوور زیاد دەکات، ڕێژەیەکی زۆری منداڵیش هەیە کە پێویستیان بە ماڵێکی باش و ژیانیکی بە کەرامەتە. زۆر خۆپەرستانەیە لام کە خەڵک وەچە دەخەنەوە لە کاتێکدا لە جیاتیی ئەوە دەتوانن منداڵێک هەڵبگرنەوە و یارمەتی بدەن کە ژیانێکی باشتر بژی لە جیهانێکی هەڵاوساو لە دانیشتوواندا، زۆر نابات بەدەست کێشەی کەمی خۆراک و ئاوەوە دەناڵێنێت (مەگەر پەرجوویەکی تەکنەلۆجی بێت و ئەم کێشانە چارەسەر بکات).
بەکورتی، گەر ئەو دۆخە بخەینە لاوە کە ئەوڕۆکە جیهان تیایدایە، ئەوا هێنانی منداڵ بۆ ناو جیهان، مانای ئەوەیە بیانخەیتە بەردەم مەترسیی گەورە و هەمیشەیییەوە، بۆیە لە ڕووی ئەخلاقییەوە نەکردنی ئەمە کارێکی باشترە.
وەگەر دۆخی ئەمڕۆی جیهانیش بێنینەوە بیر خۆمان، ئەوا زۆر هەڵەیە منداڵێک بخەینەوە لە کاتێکدا دەتوانین هەڵی بگرینەوە. دەزانم ئەم قسە قورسە بۆ زۆر کەس، لێ ئەمە ڕاستییە؛ وە تا چەند زووتر قبوڵی بکەین و گوێ لە دەنگی ئەقڵی ناوی [ئەم قسە] بگرین زۆر باشترە، وەک لەوەی بکەوینە ژێر باری دیوە بایۆلۆجییەکەمان.
پ: یەکێکیت لەوانەی بانگهێشتی ئەخلاقی فەزیلەت دەکەیت، ئەم هەڵوێستە لەگەڵ ئەمەدا دێتەوە؟
حەلوانی: مانای جیاواز هەڵدەگرێت کە بەرگری لە ئەخلاقییاتی فەزیلەتەکان دەکەم، لەو دیدەوە بەرگری لێ دەکەم کە گرنگیدانی فەلسەفی هەیەتی بۆ ماهییەتی فەزیلەتەکان و خاوەندارییەتی کردنیان چ مانایەکی هەیە.
سەبارەت بەوەی کە خاوەنی بیت، مانای وایە کە مرۆ کەسایەتییەکی جێگیر و بەهێزی هەبێت و پڕ بێت لە دانایی و توانای بڕیاردانی دروستی هەبێت لەهەمبەر ئەوەی چۆن بە شێوەیەکی دروست مامەڵەیان پێوە بکات، هەروەها توانای هاوسۆزی هەبێت بۆ ئەو دۆخەی کە تێیداین، لەگەڵیشیدا بە شێوەیەکی دروست توانای تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی جیهانی هەبێت. پرسیارەکەی تر پەیوەندی بە ماهییەتی فەزیلەتەکانەوە هەیە بەو چۆنییەتەی کە هەن، لێرەوە ژمارەیەک کەم فەیلەسووف ئەم پرسیارەیان کردووە، لەگەڵ ئەوەیشی کە هەندێکیان پێیان وایە فەزیلەتە کلاسیکییەکان (وەک ئازایەتی و دادپەروەری و یەکسانی و ئەمین بوون)، لە کاتی نەبوونی دادپەروەری و برسییەتیدا، بەس نین و دەبێت بە فەزیلەتی تر پڕ بکرێنەوە (کە خۆم زۆر لەگەڵ ئەم ڕایانەدا نیم).
لە کارە تایبەتەکەمدا، زۆرم نووسیوە لەسەر فەزیلەتی دادپەروەری؛ ئەو فەزیلەتەی کە کۆنترۆڵی خۆراک و شەراب و سێکس و بەگشتی سەرجەم شەهوەتە جەستەییەکان دەکات. بەگشتی کێشەی منداڵ خستنەوە: ئایا هیچ ڕێگهیهک هەیە تا لە ڕێیەوە فەزیلەتەکان پێمان بڵێن منداڵ بخەینەوە یان نا؟ باوەڕ ناکەم فەزیلەتێکی لەو جۆرە هەبێت (لەگەڵ ئەوەیشدا پێم وایە هەر یەکێک لەو فەزیلەتانەی پێشوو دەکرێت دەستکاری بکرێن تاکوو دەرەنجامی گرنگمان لەسەر منداڵ خستنەوە بدەنێ؛ بۆ نموونە هەر کەسێک دەتوانێت بڵێت کە ئازایەتی پێمان دەڵێت دەبێت منداڵ بخەینەوە و بەرپرسیارییەتییەکەی هەڵبگرین، بۆ ئەوەی بەرەنگاری ژیان بینەوە بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە؛ جارێکیشیان هاوڕێیەک پێی وتم منداڵ خستنەوە داناترمان دەکات).
لە دیوێکی ترەوە پێم وایە کۆمەڵێک فەزیلەت هەن کە دەڵێن نابێت منداڵ بخەینەوە: یەکێک لەو فەزیلەتانەیش فەزیلەتی هاوسۆزییە دەگەڵ ئازارەکانی ئەوانەی لەدایک دەبن. هەروەها فەزیلەتی دادپەروەری (و بەزەیی) لەهەمبەر منداڵە بێلانەکانی دونیا پێمان دەڵێت گەر توانای بەخیوکردنی منداڵێکمان هەیە ئەوا دەبێت هەڵی بگرینەوە نەک بیخەینەوە. هەروەها فەزیلەتی دانایی پێمان دەڵێت لە جیهانێکی پڕ لە ئازاردا، نابێ هەوڵی ئەوە بدەین کە ئەندامی تازەی بۆ بێنین؛ دڵنیام کە خەڵکی دژی ئەمە دەبنەوە و هەوڵی دۆزینەوەی ئەو فەزیلەتانە دەدەن کە پاڵپشتیی ویستی خستنەوە دەکات. لێ ئەم فکرەی من لێرەدا زۆر لەوە خاکەڕایانەترە کە بیەوێت پەشیمانیان بکاتەوە؛ فکری من لە سەرەتاوە ئەوەیە کە دژبوونم بە خستنەوە و بانگەشەکردنم بۆ فەزیلەتەکان پێکەوە دێنەوە و هیچ دژیەک نین و دەکرێت هەردووکیان ڕاست بن.
پ: لە کتێبەکەتدا چەندین جۆری پەیوەندیی ئەڤین و هاوسەرگیری دەبینم کە لە ڕووی کهلتوورییەوە لێک جیاوازن؛ باوەڕت بە تایبەتیبوونی کولتووری هەیە لەم جۆرە پرسانەدا؟ بۆ نموونە ئەوەی کە لەگەڵ کۆمەڵگای ڕۆژئاواییدا دەگونجێت دەکرێت و لە کۆمەڵگای عەرەبیدا نەگونجێت، یان پێت وایە ئەو پرسانە جیهانین؟
حەلوانی: بێگومان ئەڤین و حەزی سێکس لایەنێکی جیهانی و گشتگیری هەیە. بەهۆی پێکهاتەی بایۆلۆجیمانەوە حەزی سێکسمان هەیە، هەروەها ئەوین (بە ئەوینی ڕۆمانسی و هەموو جۆرەکانییەوە) لە هەموو کۆمەڵگاکاندا هەیە، چ تازە بێت یان کۆن، لێ نیشاندانی لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕێت، ئەو جیاوازییانەیش چاوەڕوانکراو و دروست و باشن.
زۆر گرنگیشە کە وا نەزانین کە هەموو ئەم جیاوازییانە لەڕووی ئەخلاقییەوە لەسەر یەکسانی بنیاد نراون، بۆ نموونە گەر کۆمەڵگایەک هەبێت دژی حەزی ئافرەت بێت بۆ سێکس، ئەوا دەبێت لێرەدا ڕەخنەی بکەین و ڕەتی بکەینەوە، چون پیاو و ئافرەت لەم مافەدا یەکسانن؛ بۆیە وەڵامی پرسیارەکە پشت بە دوو شت دەبەستێت:
یەکەم، بەندە لەسەر ئەوەی کە ئایا ئێمە لەڕووی ناوەڕۆکەوە باسی سێکس و ئەڤین دەکەین، کە ئەمە وای لێ دەکات جیهانی بێت و کولتوورەکان تێ بپەڕێنێت، یانژی بەندە لەسەر شێوازی باسکردنیان، کە لێرەدا وا دەکات جیاوازیی کولتووری کۆمەڵگاکان دەربکەوێت. گەر هەڵی بسەنگێنین ئەوا هەندێک لە کولتوورەکان چی کۆن بێت یان ئەوانەی ئێستا دەربازیان نابێت لە وردبینیی ڕەخنەیی، بەتایبەت لە پرسی ئافرەت و کەمینە سێکسییەکاندا.
پ: ئەمڕۆی جیهان چۆن دەبینیت؟ بەرەو کوێ دەچێت؟
حەلوانی: وەکووتر حەز ناکەم لێدوان لەسەر داهاتوو بدەم، بۆیە دڵنیا نیم بتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. دەزانم کە لەڕووی ئەخلاقییەوە لە هەندێک ئاستدا بەرەو پێش چووین: ئەوڕۆکە بیروباوەڕەکانی پرسی مافی مرۆڤ لە ئاستێکی فراواندا بڵاو دەبێتەوە، باوەڕیشمان بە گەڕانەوەی هەندێک لە جۆرەکانی زاڵبوونی سروشتی نەماوە (کۆیلایەتی وەک نموونە)؛ باوەڕیشمان بە یەکسانییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان هەموو مرۆڤەکاندا. بەڵام ئەم پێشکەوتنه لە بنچیندا لە دوو ئاستدایە، فکری و یاسایی، دڵنیاش نیم لە ئاستی پێشکەوتنی مرۆڤ لەڕووی دەروونییەوە، چی وەک تاک یان کۆمەڵ؛ چی وەک هەبوویەکی تاک یان کۆمەڵایەتی.
لەڕووی تاکەوە: ئەو ڕەزالەتانەی کە بەدەستیانەوە دەناڵێنین، هەمان ئەوانەن کە لە ڕابردوودا هەبوون: چاوبرسێتی، کینە، ئیرەیی، گەمژەیی، خۆپەرستی، گێلییەتی، خودئهڤینی، خۆبەزلزانی، باوەڕی زیاد لە پێویست، چاوچنۆکیی بێسنوور، خودسەنتەری، نەزانی، نەبوونی بیرکردنەوە سەربەخۆ و هتد. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە: تا ئێستا چەندین وڵات و کۆمەڵگا هەن لەڕووی ئەقڵییەتەوە لە یەکدی دەچن، بۆیە ڕێ بە هەندێک گفتوگۆی دیاریکراو نادەن چون پێیان وایە “شەرمەزارکەرە” یان “سووکایەتییە بە ئایین” وەک ئەوەی خودا بیەوێت ئەقڵمان کڵۆم بدەین! لە ڕۆژاوا، خراپترین جۆری سیاسەتی شوناس دەبینین کە بەزیندوویی لەناوەوە دەمانخوات. لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، کۆمەڵەکان هەمیشە لە سەنگەری کولتووردان، وەک ئەوەی کولتوور هەمیشە ڕێنیشاندەرێکی دروستی ئەخلاق بێت.
لەوەیش گرنگتر مرۆ لەمڕۆدا، چی لە ئاستی تاک بێت یان کۆمەڵ، وەک هەمیشە ڕێڕەوێکی نائەقڵانی گرتووەتە بەر، کە ئەمە زۆر بێتاقەتم دەکات. ئایا لە ئاستی فکری یاساییدا پێشکەوتنی ئەخلاقی هەیە؟ بەڵێ. ئایا لە ئاستی زانستی و دەروونیدا پێشکەوتن هەیە؟ زۆر نا، گومانیشی تیا نییە زۆر لە ئاستی پێویستدا نییە.
پ: دەچینە نێو بواری پسپۆڕییەکەت، فەلسەفەی هونەر… چەند قسەیەک هەیە لەسەر مەرگی هونەر، کە بەمانای نەمانی هێڵی نێوان هونەری و ئەوەی ناهونەرییە دێت. لەم ڕووەوە چی بە خوێندکارەکانت دەڵێیت؟ لەژێر سێبەری بەهاکانی لیبرالیزمی نوێدا چۆن لە چەمکی جوانی دەڕوانیت؟
حەلوانی: بابەتی نەمانی سنووری نێوان هونەری و ناهونەری تەواو جیایە لە پرسی جوانی، دەشکرێت هەر دانەیەکیان لەوی دی جیا بکەیتەوە و بە جیا چارەسەری بکەیت. دەربارەی یەکەمیان، پێم وایە هەرگیز ناتوانیت سنوورەکە نههێڵیت، مادەم پێمان وایە شتانێک و ڕووداوگەلێک هەن کە هونەر پیشان ئەدەن، ئەوا مە هەمیشە بە شێوەیەکی دیاریکراو مامەڵەیان دەگەڵ دەکەین، دیاریکراوە بە مەودایەک(کە ناوی “مەودای جوانیناسی”یە)، ئەمە دوور لەوە کە ئایا کارێکی هونەری چەندە نزیکە لە ڕووداوێکی ڕاستی یان نا. گەر بەشدار بیت لە نواندنێکدا دەگەڵ کۆمەڵێک کەسدا، کە پێکەوە لەسەر مێزێک دادەنیشن و نان دەخۆن، ئەوا هەڵوێستت لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا و ئەو شێوەی کە خۆت لەگەڵیدا دەگونجێنیت و، چۆن هەستی پێ دەکەیت، کاریگەرە بەوەی کە تۆ دەزانیت بەشێکیت لە نواندنێک، تاکە ڕێگا بۆ سڕینەوەی سنوورەکە ئەوەیە وازبێنیت لەوەی بیر لە هونەر بکەیتەوە وەک شتێکی سەربەخۆ لە شتەکانی تر؛ باوەڕ بە خۆت بێنیت کە کۆی کارە هونەرییەکە بە جیاوازییەکانیشییەوە لە دۆخێکی ئاسایی، ئاسایییە، پێیشم وایە هیچ کەسێک باوەڕی بەمە نییە.
لە وانەکانمدا لەسەر فەلسەفەی هونەر، وەل خوێندکارەکانمدا گفتوگۆی چەمکی “جوانیناسی3aesthetic” و “جوانی4beauty” دەکەم، گومانێکی زۆر لەم چەمکانهدا هەیە کە لە چەند بیروباوەڕیکەوە سەرچاوه دەگرێت کە لە قۆناغێکی دوای مۆدێرنە سەری هەڵداوە، ڕێژەیی و خودییەتی بەهاکان و ڕەتکردنەوەی پێوەرە ڕۆژئاوایییەکان بۆ جوانی. بێگومان گەر نەیشتوانین دیاری بکەین کە جوانی چییە، ئەوا مانای ئەوە نادات کە نییە. تەنانەت گەر کولتوورە جیاوازەکانیش هاوڕا بن لە تێڕوانینیان بۆ شتە جوانەکان، ئەمە مانای وا نییە کە کولتوورەکان جوانی لە شتەکاندا نابینێت یان دەست بە گرنگییایەنەوە ناگرن.
لە پۆلەکەمدا، داوا لە خوێندکارەکانم دەکەم کە وتار لەسەر پەیوەندیی هونەر و جوانیناسی و ئەو وتارانەی کە بەستهرەکانی نێوانیان دەدۆزێتەوە بخوێننەوە، کە هەندێکیان گرنگیی جوانی و جوانیناسیی هونەر دووپات دەکەنەوە.
لە کۆتاییدا، وەک ئەوەی “ڕیچارد شوسترمان5Richard Shusterman” جارێکیان وتی گەر هونەر تەواو جیابووەتەوە لە ئیستاتیکا، کەواتە ئامانجی چییە؟ ئایا پێویستمان بەوەیە هونەرمەندان قاڵ ببنەوە لە دۆخی سیاسیی جیهان؟ شرۆڤهکاری سیاسی و زانا و ڕۆژنامەنووس و فەیلەسوفمان هەیە تا ئەم کارە بکەن. گەر هونەرمەندان دەیانەوێت قسە لەسەر جیهان بکەن، لێیان گەڕی با بە شێوەیەکی ئیستاتیکی و لە ڕێی جوانییەوە بدوێن. ترسم لەوەیە جەماوەر تەواو پەیوەندی بچڕابێت لەگەڵ بەشێکی زۆری هونەری هاوچەرخدا، لەوانەیشە ئەمە ڕوویدابێت، چون بەشێکی زۆری هونەری هاوچەرخ، وازی لە ئیستاتیکا هێناوە، لێ مرۆڤەکان هەمیشە سەرقاڵ دەبن بە ئیستاتیکا و بەدووی دەچن. لە ڕاستیدا بەڵگەیەک هەیە کە گرنگیدانمان بە جوانی تەواو پەیوەستە بە بایۆلۆجیامانەوە، بەڵگەگەلێکیش هەن کە ئاژەڵەکانیش چێژ دەبینن لە دیمەنی سروشتی.
با نموونەیەکتان بۆ باس بکەم هەرچەندە سادەیشە: پشیلە ماڵییەکەم، ئەرماندۆ، حەزی لە دانیشتن و بۆنکردنی ئەو گوڵانەیە کە دەیانهێنمەوە بۆ ماڵ. باز دەداتە سەر مێزی نانخواردنەکە، تەنها ئەو کاتەیش وا دەکات کە گوڵی لەسەرە؛ تاکوو لە تەنیشتیانەوە دابنیشێت و چێژ لە بۆنکردنیان وەر بگرێت (بۆیە گەر هونەر واز لە جوانی دەهێنێت ئەوا تەنها بۆ خۆیەتی!)
پ: پەیوەندییەک هەیە لەنێوان ئیستاتیکا و ئەخلاقیدا؟
حەلوانی: ئەمە بابەتێکە لە فەلسەفەی هونەردا لە ئاستێکی فراواندا تاوتوێ کراوە. پێم وایە پەیوەندییەک هەیە، بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە چۆن لێی تێدەگەین: ئایا هۆکارییە یان ماناییە یانژی بنەڕەتییە؟ هەروەها دەبێت ڕوون بین دەربارەی لقەکانی ئەو پەیوەندییە: ئایا لەنێو سنووری کارە هونەرییەکەدایە؟ ئایا لەنێوان کارە هونەرییەکە و جەماوەردایە؟ لەگەڵ هونەرمەندەکەیە ئەو دەمەی کارە هونەرییەکە دروست دەکات؟ لە کۆتاییشدا دەبێت سنووری ئەو پەیوەندییە بپرسین. بۆ ڕوونکردنەوە، گومان دەکەم کە هیچ پەیوەندییەکی مانادار هەبێت لەنێوان خەڵک و هونەردا؛ گەر ئەمە بەو واتایەش بێت کە دەکرێت هونەر ژیانی خەڵک باشتر یان خراپتر بکات لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە. ئەمەیش لەبەر ئەوەی کاردانەوەی خەڵک بۆ کارە هونەرییەکان دەوەستێتەوە سەر کەسایەتی و سیفەت و چۆنییەتی لێکدانەوەیان بۆ کارە هونەرییەکە. گەر کارە هونەرییەکانیش بتوانن بە شێوەیەک کار لە خەڵک بکەن، ئەوا ڕوون نییە کە ئەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆ لە هونەری باش(لە ڕووی ئیستاتیکی)وە و باشکردنی ئەخلاقییەوە بێت.
دەزانین کە کاری هونەری هەرچەندە لەڕووی کوالێتییەوە نزمتر بێت، ئەوا کاریگەرییە ئەرێنییەکەی لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە زیاترە. بۆ نموونە، بیر لە کارێکی هونەریی هاوچەرخ بکەرەوە کە دەیەوێت شرۆڤهیهکی سیاسی بدات، بەڵام نغرۆ بووە لە جۆرێک لە نیشانەی شەخسی و هونەری، بە شێوەیەک کەسێک ئەتوانێت لێکدانەوەیهکی دروستی بکات کە قاڵ بووبیتەوە لە مێژووی هونەر و ڕەخنەدا؛ بە ئەگەرێکی زۆرەوە زۆرێک لە خەڵکی لە ماناکەی ناگەن.
ئێستا بیر لە چیرۆکێک بکەنەوە کە بە سادەترین شێوە نووسراوە(لە ڕووی تەکنیکییەوە نە، بەڵکوو بەهۆی نەبوونی بەهرەوە) لێ چیرۆکەکە بۆ زۆرێک سەرنجڕاکێشە، دەیخوێننەوە و لەوانەیشە لەڕووی ئەخلاقییەوە باشتریان بکات، گەر دیوێکی ئەخلاقی تیا بێت. هەروەها پەیوەندییە هۆکارییەکانی نێوان هونەر و لێکەوتە ئەخلاقییەکانی تا ئاستێک ناڕوونە. پێم وایە (لەگەڵ هەندێک فەیلەسووفدا)، کە پەیوەندییەک هەیە لەنێوان لایەنی ئیستاتیکی و ئەخلاقیدا لە کارە هونەرییەکاندا. هەندێک لە کارە هونەرییەکان بەو شێوە نابن کە هەن گەر کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ئەخلاقیی دیاریکراویان نەبێت. گەر پاڵەوانی دراما لەڕووی ئەخلاقییەوە چاک نەبووایە، یانژی دوور نەبووایە لە هەڵە، ئەوا تراژیدیای یۆنانی(کۆن) نەدەبوو. لەوەیش گرنگتر، وەک ئەوەی کە کۆمەڵێک فەیلەسووف باسیان کردووە، کاتێ کارە هونەرییەکان دیدگای ئەخلاقیی خۆیان لەسەر بابەتێک پێشکەش دەکەن، ئەوا دەکرێت کار بکاتە سەر هەڵسەنگاندنە ئیستاتیکییە گشتییەکەی. بۆ نموونە گەر کاری هونەری هاوڕا یان دژی ئەو ڕایە بێت کە دبێژێت هەندێک لە مرۆڤەکان شایەنی ڕێزێکی کەمترن لەو ڕێزەی کە لە مرۆڤەکانی تر دەگیرێت (بۆ نموونە لەبەر ئەوەی کە ڕەچەڵەکێکی دیاریکراوی هەیە)، ئەوا ئەم کارە هونەرییە، بەهۆی ئەم ڕا ئەخلاقییەوە، لایەنە ئیستاتیکییەکی نزمتر دەبێت. گەر ئەو بیردۆزەی کە لە ئەدەبییاتە فەلسەفییەکاندا بێریس گەوت ناوی ناوە “کێشمەکێشمی ئەخلاقی (ethicism)”، یان ئەوەی “نۆیل کارۆڵ6Noël Carroll” ناوی ناوە “نێوەندگیریی ئەخلاقی7moderate moralism” کەواتە کارە هونەرییەکان لە ڕووی ئیستاتیکییەوە دەکرێت باشتر یان خراپتر بن، ئەمەیش بەهۆی ئەو دیدگا ئەخلاقییەی کە پێشکەشی دەکات یانژی ئەو بەهایەی پاڵپشتی دەکات.
کێشەی ئەم ڕایە ئەوەیە کە دژە نموونەی هەیە: دەتوانین بیر لەو کارە هونەرییانە بکەینەوە کە لەڕووی ئیستاتیکییەوە بەرزن هەرچەندە کە پاڵپشتیی دیدگایەکی نائەخلاقی دەکەن، ئەمە بە شێوەیەکە کە هەر ڕوانگەیەکی ئەخلاقی تیابێت ئەوا زیان دەدات لە لایەنە ئیستاتیکییەکەی، بۆیە دیارە ناکرێت بگەینە بەهانەیەکی دروست بۆ ئەم کێشە. تەنانەت گەر بیردۆزەکەیش ڕاست بێت، ئەوا سنووردار دەبێت.
هەندێک لە کارە هونەرییەکان پرسە ئەخلاقییەکان چارەسەر ناکەن و، جوانیی سروشتیش نائەخلاقییە (لەگەڵ ئەوەی کە دەکرێت لایەنێک لە ناشرینییەکەی ئەخلاقی بێت (ئەو ئاژەڵانەی کە یەکدی دەخۆن، دیمەنێکی ترسناکیان هەیە، گەر کەمێکیش بێت ترسناکییەکەی لە ئازارەکەی زیاترە؛ ئازاری ناڵاندنی نێچیرەکە). لەگەڵ ئەوەیشدا، زۆرێک لە کارە هونەرییەکان پرسیاری ئەخلاقی دەورووژێنن لەباتی وەڵامدانەوەیان، لەم حاڵەتەیشدا ناکرێت پێوەری ئەخلاقی پەیڕەو بکرێت. لێ دەبێت ئەوەیش بڵێین کە بەگشتی ئەو کارە هونەرییە باشانەی کە پرسیاری ئەخلاقی دەورووژێنن، لە ڕاستیدا لە ڕووی ئیستاتیکییەوە بەهایان زۆر زیاترە لەو کارە هونەرییانەی کە وا ناکەن، وە گەر پرسیارە ئەخلاقییەکان نزیک بن لە دۆخی مرۆ و ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە پرسی مرۆڤەوە هەیە، ئەوا گرنگی و سەنگ و بەهایان زۆر زیاترە.
لەم چوارچێوەیەدا، گفتوگۆم وەل فەیلەسووف “کارۆلین کرۆسمیر8CarolynKorsmeyer” کرد، لە چاوپیکەوتنێکدا دەربارەی ئەوەی کە “جوان” لە “قەشەنگ” جیا دەکاتەوە بابەتەکەیە: جوان لەگەڵ بابەتگەلی قووڵدا مامەڵە دەکات، لە کاتێکدا قەشەنگ وا نییە: تابلۆیەک کە لە گوڵێکی جوان پێکهاتووە قەشەنگە، بەڵام ئەم پەسنە بۆ تابلۆیەک نابێت کە مەرگ بەرجەستە دەکات و ورد کێشراوە. بۆ نموونە وەک هەندێک لە “تابلۆ ڕەشەکان(black paintings)”ی گۆیا(Goya) کە بە ئیسپانی پێی دبێژن “pinturasnegras” کە بێگومان جوانن.
لە هونەردا جوانی تێکەڵ دەبێتەوە وەل پرسە قووڵەکاندا.
نموونەکەی کۆرسمیر جێی سەرنجە لەهەمبەر دەرهێنەری فیلمی “ژنانی تەروادە (١٩٧١)” مایکل کاکۆیانیس، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئیرین باباس بۆ ڕۆڵی هێلین، کە دەڵێت جوانییەکەی [هێلین] لەو جۆرە نییە کە لەسەر بەرگی گۆڤارەکان بیان بینین، تەنانەت گەر سەرنج ڕاکێشیش بێت، تا بتوانێت باری کەسایەتییەکی سەنگین و مێژوویی وەک هێلین هەڵبگرێت، دەبێت جوانییەکەی بێبەزەیی و بەهێز و سەرکێش بێت.
پ: ئەی چی دەربارەی جەنگی فەلەستین و ئیسرائیل؟
حەلوانی: جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین هەمیشە لە کۆمەڵێ بابەتی عەرەبی ئاڵاوه، بەتایبەت دەربارەی پێویستیی فەلەستین بە پاڵپشتیی عەرەبی بۆ دۆز و کێشهکهیان؛ پاڵپشتییەک کە هەمیشە پێویستی بە زیاترە. تەنانەت ئەوانەیش کە ئەوڕۆکە پاڵپشتیی سیستەمەکەی بەشار ئەسەد دەکەن، باوەڕیان وایە کە ئهو پاڵپشتی فەلەستینە، بەڵام ئەوە لەبیر خۆیان دەبەنەوە کە هێندهی نهمابوو باوکی ڕێکەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بکات؛ ڕێکەوتنێک کە خهریک بوو سەر بگرێت، لێ لەسەر کێشەی ئاوی دەریاچەی “تبریا” ڕێک نەکەوتن. لە ڕاستیدا پاڵپشتیی عەرەبی بۆ پرسی فەلەستین دوای ساڵی ١٩٤٨ بۆ ماوەیەک و لەماوەی سەرۆکایەتیی عەبدولناسر بەردەوام بوو. لێ ئەو وڵاتانەی کە پەیمانی ئاشتییان دەگەڵ ئیسرائیل بەست، ئەو کارەیان بەبێ حسابکردنێکی ئەوتۆ بۆ فەلەستین کرد، ئێستایش بارودۆخەکە فرە هەستیارە.
ئیدارەی ترامپیش کۆمەڵێ شتی گرنگی کردووە (گواستنەوە کونسوڵخانە و لێدوانەکانی لەهەمبەر نیشتەجێبووەکان)، کە هەروەک چاوەڕوانکراوە، بە هاتنی سەرۆکێکی نوێی ئەمریکی ناگۆڕدرێن، چون مەحاڵە سەرۆکێکی ئەمریکی شتێک بکات کە وا دەر بکەوێت دژی ئیسرائیلە. وادیارە فەلەستینییەکان لە سەختترین ساتەکانیاندان؛ بەختیان دەبێت گەر ببنە خاوەن دەوڵەتێک گەر پارچەپارچەکراویش بێت. وا هەستدەکەم ئیسرائیل دەیەوێت ژمارەیان کەم بکاتەوە هەر وەک ئەوەی کە بەسەر ئەمریکییە ڕەسەنەکان(هندییە سوورەکان)دا هات لەنێو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا: پارچەپارچەکراو، بە دەسەڵاتێکی سیاسیی دیاریکراو و لەڕووی ئابوورییەوە باوەڕپێکراوە لەلایەن ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێکی ترەوە. ڕاستییەکەش ئەوەیە بارودۆخی عەرەبی ئەم ماوە سەختە و هەلێکی کراوە دەهێڵێتەوە بۆ ئیسرائیل تا ئەوە بکات.
پ: لەسەر مافی ئاژەڵان نووسیوتە و هەروەها یەکێکیت لە کەسە چالاکاکەکانی دژە جەنگ و بانگەشە بۆ ئاشتی دەکەیت، لەو کەسانەیت وێنەی خەیاڵی دەکەیت بۆ جیهان؟
حەلوانی: بێگومان دژی جەنگم، بەڵام بەڕەهایی دژی نیم؛ ناکرێت بڵێیت توندوتیژی هیچ هۆکارێکی نییە؛ هەندێک حاڵەت هەیە کە تیایدا پێویستە بچیتە جەنگەوە، وەک ئەو حاڵەتانەی کە ستەمێکی گەورە دەکرێت و پێویستە بوەستێنرێت. من ئاوام، وەک زۆربەی خەڵک، ڕقم لە جەنگە، بەو شێوە دەیبینم کە هەیە؛ لەناوبەر و ناشیرینە، بۆیە دەبێت دواچارەسەر بێت، لێ بەداخەوە هەندێک جار پێویستە.
هیچ وێنەیەکی خەیاڵیم نییە بۆ جیهان. دوورترینی ئەو دۆخەی کە بە سروشتیی مرۆییەوە دەکرێت بەدەست بێت، دۆخێکە تیایدا دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و مەدەنییانە لەگەڵ یەکیدا مامەڵە بکەن و، هاوکاری یەک بن لە کەیسە جیهانییە سەرەکییەکاندا؛ وەک ئاو و خۆراک و، کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان، کەمکردنەوەی بوودجە سەربازییەکان تا بەگشتی دوور بن لە جەنگی وێرانکەر.
پێم وایە خەڵکێکی زیاتر و زیاتر کە زۆربەیان لە جیهانی ڕۆژاوادان، لە ئێستادا بەشێوەیەکی جیاواز لە پەیوەندیمان وەل ئاژەڵاندا دەڕوانن؛ بە هاوسۆزییەکی زیاترەوە، لەگەڵ ئاگابوون بەوە کە ناتوانین بەو شێوە بەکاریان بهێنین کە چەکوش و بزمار بەکار دێنین. بۆیە هیوادارم کە وڵاتان لە ئاستی جیهانیدا ڕێک بکەون کە بەکارهێنانی بەرهەمە ئاژەڵییەکان کەم بکەنەوە و، بەکار هێنانی ئاژەڵ بۆ ڕابواردن قەدەغە بکەن و، ئەو بەرهەمە ئاژەڵیانە قەدەغە بکەن کە تەنێ بۆ تێرکردنی ئارەزوومان دەمانەوێت (بۆ نموونە وەک عاج) یان لەپێناو هەندێک خورافەدا (بۆ نموونە ئەندامی نێرینەی پڵنگ حەزی سێکس دوو هێندە دەکات).
پ: ئێستا کار لەسەر چی دەکەیت؟
حەلوانی: هێند نابێت تەواو بووم لە نووسینی دوو وتار، یەکێکیان لەسەر مافی گەڕانەوەی فەلەستینییەکان و، ئەوی تر کە لەسەر فەزیلەتی دادپەروەری و خواردنی گۆشت. ئێستا لە چەند ئاستێکی جیاوازدا بەشدارم لە نووسینی وتاری هەمەچەشندا: یەکێک لەسەر جیاکاری نیوان مەیلە سێکسییەکان و دڵخوازە سێکسییەکان و، یەکێک لەسەر فەزیلەتی دادپەروەری و ڕەشبینیی کانتی، وتارێکی تریش لەسەر ئەڤینی ڕۆمانسی وەک سۆزێکی ئەخلاقی، دانەیەکیش لەسەر ویستی سێکس و چێژی سێکس. بەم نزیکانەیش دەست دەکەم بە نووسینی کتێبێک لەسەر فەزیلەتی یەکسانی بەو شێوەی کە ئەرستۆییە هاوچەرخەکان لێی تێگەیشتوون، لەوانەیشە بەشێکی تیابێت کە باس لە ڕۆڵی فەیلەسوفەکانی تر بکات. بەردەوامیش لە سایتەکەمدا دەنووسم، گەر خوێنەرانیش لایان گرنگە ئەوا دەتوانن سەیری بکەن:
(http://rajasmusingsconfusings.blogspot.comHYPERLINK “about:blank”/)
– دنیایەک سوپاس بۆ پڕۆفیسۆر ڕەجا حەلوانی.
سەرچاوە:
پەراوێزەکان
- 1scholarly gestation
- 2Philosophy of Love, Sex and Marriage
- 3aesthetic
- 4beauty
- 5Richard Shusterman
- 6Noël Carroll
- 7moderate moralism
- 8CarolynKorsmeyer