هەڵوێستی ئینتەرنێتی

"پۆست و ئیمۆجییەکان؛ لایک و کۆمێنت و شێر"

سەرەتایەکی دێرینتر

هەڵوێست بەشێکە لە بەرپرسیارێتیی مرۆییی ئێمە دەرهەق بەو جیهانەی کە تێیدا دەژین و پەرچەکرداری ئێمەیە لە هەمبەر ڕووداوەکانی نێو بوون، دەزانم پێناسەیەکی وەها کەمێک بوونخوازانە دەردەکەوێت و ڕەنگە لەگەڵ دەربڕینیدا خوێنەر بیری بۆ لای فەیلەسووفێکی وەکوو سارتەر بچێت و بیداتە پاڵ وی، بەڵام لە ڕاستیدا خودی ئەم پێناسەیە ڕەهەندێکی مێژوویی زۆر قووڵتر و دێرینتری هەیە و ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش پەیدابوونی نەک بە تەنها فەلسەفە؛ بەڵکوو بۆ سەردەمی پێش پەیدابوونی نووسینیش.

میتۆلۆژیای دوو ئاوان و دۆڵی نیل، پڕن لەو مرۆڤانەی کە ژیانیان بریتی بووە لە هەڵوێستیەلی گەورە دەرهەق بە شتەکان و ڕووداوەکانی نێو بوون. مرۆڤ ناتوانێت لە جێیەکدا بژێت و بمرێت، بەبێ ئەوەی لەو نێوانەدا هیچ هەڵوێستێک نەنوێنێت، هەر ئەمەشە وای کردووە مرۆڤ زیاتر وەک بوونەوەرێک بناسرێت کە خودان هەڵوێستی خۆیەتی، ئەم بە هەڵوێستبوونەشی زادەی هەستکردنێتی بە بەرپرسیارێتی لە هەمبەر ئەو جیهانەی کە تێیدا دەژێت و دەمرێت. هەڵبەت کە دەڵێین خاوەنی هەڵوێستی خۆیەتی، مەبەستمان ڕەسەنێتیی ئەو خۆبوونە نییە، چونکە زۆر جار هەڵوێست بەرئەنجامی کارکردە کۆمەڵایەتی و دەرەکییەکانە، بەڵکوو مەبەستمان ئەو بەستێنە گشتییەیە کە مرۆڤ و هەڵوێستی کردووەتە دووانەیەکی لێکدانەبڕاو و پێکەوەگرێدراو.

پێشتر نواندنی هەڵوێست ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی تاک و خێزانەوە هەبوو، خەڵکی لەنێو گوندە کشتوکاڵییە بچووکەکان و نێو ئەشکەوتەکاندا، هەڵوێستی تاقانەییی خۆیانیان هەبوو. زاگرۆس نشینانی دێرین بەتایبەتی سۆمەرییەکان1زۆر بۆچوونی جودا هەن لەبارەی ڕەچەڵەکی سۆمەرییەکان، وەک خاوەنی یەکەمین شارستانیەت و داهێنەری نووسین و دروستکەری شارەکان، کە زۆر جار بە مەبەست یان لە نەزانییەوە بە سامی و هیندی نێوزەد دەکرێن. لە ڕاستیدا بەپێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکان، سۆمەریەکان لە دێرینترین ئەو گەلانەن کە لە کوردستانی دێرین ژیاون و لە شاخەکانەوە کۆچیان کردووە بۆ دۆڵی دووئاوان، بەو مانایەی بنەچەی هەڵوێستی مرۆییانە بنەچەیەکی زاگرۆسیانەیە و ڕیشەیەکی خۆرهەڵاتی هەیە. بڕوانە: ( هاوڕێ باخەوان: کوردستان نیشتمانی یەکەمینی سۆمەرییەکانە، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئاراس، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، هەولێر، ۲۰۰۳)، کە دەچوونە جێیەک و کارێکی نەخوازراویان دەدیت، خێرا هەڵوێستی خۆیانیان دەردەبڕی. بنەمای سەرەکیی ئەم هەڵوێست نواندنەشیان خۆپارێزی بوو، خۆپارێزییەکی یەکانەیی و یەک پێوەر. مرۆڤ لەو سەردەمانەدا کە هەڵوێستێکی دەنواند ئامانجی پاراستنی خۆی بوو لە هەر پێشهاتێکی ترسناک و ناجۆر بە ژینگە و ژیانی وی. ئایا ئەمە لە قۆناغەکانی دواتردا بەم شێوەیە مایەوە؟ ژیانی زاگرۆس نشینان تا دەهات سەختتر دەبوو، دەبووایە لە دوای دۆزینەوەی کشتوکاڵ و فراوانبوونی پیشەی ئاژەڵداری بگوازنەوە بۆ پێدەشتێکی پان و بەرین و بەراو. باشترین جێیەکیش کە دەکرا لەو سەردەمانەدا بۆی بچن، دۆڵی دووئاوان بوو. ئەمە سەرەتاکانی شکڵگرتنی هەڵوێستی دەستەجەمعی بوو، بەڵام سەرەتایەکی ناکامڵ و خۆنەگرتوو. سۆمەرییەکان کە کوردستانیان بەجێ هێشت و گەیشتنە دۆڵی دووئاوان، ناچاربوون پەرە بە دۆخی ژیارییانەی خۆیان بدەن و لەگەڵ ژینگەی نوێدا، ڕەوتی ژیانیشیان بە ئاڕاستەیەکی نوێتر و جیاوازتردا ببەن. هەر بۆیە ساڵی ٥٤٠٠ پێش زایین، شاری “ئەریدۆ” لەلایەن سۆمەرییەکانەوە بنیاتنرا و بوو بە یەکەم شار لە مێژووی جیهاندا، ئەریدۆییەکان یەکەمین کەسانی سەرزەوی بوون توانییان گوزارشت لە هەڵوێستی دەستەجەمعییان بکەن و پێوەرگەلێکی ئاشکرا بۆ چۆنێتیی هەڵوێست وەرگرتن لە ئاستی شتەکان دابڕێژن2سەبارەت بە یاسا زارەکی و دواتر نووسراوەکانی سۆمەرییەکان، بڕوانە: جیا فخري الجاف: القوانين السومرية والقوانین البابلية القديمة، تموز للطباعة والنشر، بغداد، ۲۰۱۷.، هەرچەندە داڕشتنی ئەم پێوەرانە زارەکی بوون و تا ماوەیەکی زۆریش هەروا مایەوە، بە هۆکاری ئەوەی کە هێشتا سۆمەرییەکان نووسینیان دانەهێنابوو، بەڵام ئەم پێوەرانە بوون بە بەشێک لە نەریتی سۆمەرییانە و لە چاخەکانی دواتردا و دوای پەیدابوونی نووسین، ڕێگە بە نووسینەوەیان درا و لەو ڕێیەشەوە گواسترانەوە بۆ گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان3سەبارەت بەم کاریگەرییە و گواستنەوەی شارستانیەت لە سۆمەرییەکانەوە بۆ گەلانی دیکەی جیهان، بڕوانە:( آ. وادل: الآصول السومرية للحضارة المصرية، ت: زهير رمضان، الآهلية للنشر والتوزیع، ۱۹۹۹.)هەروەها دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرچاوەیە:( د.جمعة الطلبي: العراقة وآلاصالة/ تآثیر حضارة بلاد الرافدین علی الحضارة الیونانية، ص ۱۳۳، بغداد، ۲۰۲۱). واتا لە سەرەتادا تەنها پێوەرێکی زاتی هەبوو، بە گەڕانەوەش بۆ ئەو پێوەرە زاتییە هەڵوێستەکان دەردەبڕان، بەڵام دوای دروستبوونی شارەکان و کۆمەڵگە گەورە مرۆییەکان پێوەرگەلی گشتی دانران و بە پشت بەستن بەو پێوەرانە مرۆڤەکان هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕی.

بەم جۆرە لە “داناییی خۆرهەڵات”ەوە دوو شێوازی جودای هەڵوێست نواندن جێی خۆیان گرت، ئێمە هێشتا لە پێش زایینداین و کۆمەڵگەکان ڕووەو هزرینی کۆگەلییانە چوون و تاک خراوەتە پەراوێزەوە. شارستانیەت گەیشتووەتە ئەسینا و لەگەڵیشیاندا ئەم دانایییە خۆرهەڵاتییە دەیەوێت جێی خۆی بکاتەوە، میتۆلۆژیای یۆنانی چونکە ڕیشەیەکی ئایینی قووڵی هەیە و خوازیاری داناییەکی لەو چەشنەیه، بۆیە زۆر بە ئاسانی جێی بۆ دەکاتەوە و دەیکاتە بەشێک لە چیرۆک و گێڕانەوە ئەفسانەیییەکانی خۆی، ژیانی خواوەندان و پاڵەوانانی یۆنان پڕن لەو ڕووداوانەی کە بەرمەبنای هەڵوێست وەرگرتن بوون لە ئاستی ڕووداوەکانی دەوروبەر4حسن نعمة: موسوعة میثولوجيا واساطير الشعوب القديمة و معجم آهم المعبودات القديمة، دار الفكر اللبناني، بيروت، ۱۹۹٤.. دواتر کە فەلسەفە دێتە بوون، ئیدی حیکمەتە خۆرهەڵاتییەکانیش جێلەق و بێهێز دەبن، چونکە ئەو دانایییە خۆرهەڵاتییە ناڕێک و پرژوبڵاوه واتا و دەلالەتەکانی کۆک و ڕوون نەبوون و پڕ بوون لە دژیەکی، فەلسەفەش لەگەڵ ڕێکی و لۆژیکدا مامەڵەی دەکرد و لە ئەسڵی شتەکانی دەکۆڵییەوە. لێرەوە جارێکی دی هەڵوێست پێناسە کرایەوە و واتا و پێوەرگەلی دیکەی بۆ پەیدابوو. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە هیچ سەردەمێکی مێژووییدا هەڵوێست دانەبڕێنراوە لە بەرپرسیارێتی، جا چ ئەو بەرپرسیارێتییە پەیوەست بێ بە بەرپرسیارێتیی کەسییەوە یاخود لکێندرابێتە بەرپرسیارێتییەکی کۆگەلییانەوە. مرۆڤ لە سەرەتاوە مەحکوم بووە بە هەڵوێست وەرگرتن لەبارەی ئەو پێشهاتانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، بۆ ئەمەش ناچار بووه چەندین پێوەری گشتی و تایبەتی دابنێت و لە سۆنگەیانەوە چۆنێتیی هەڵوێست دەربڕینەکەی دیاری بکات.

هەڵوێستی ئینتەرنێتی

تۆڕەکانی پەیوەندی، بەتایبەتی ئەوەی کە ئەمڕۆ بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نێو دەبرێن، دواجار و دوای هەزاران ساڵ توانی پێناسەیەکی زۆر جیاوازتر بۆ هەڵوێست و بەرپرسیارێتییە مرۆیییەکان بخاتە ڕوو. ئەم پێناسەیە بە شێوەیەک جیاواز و دابڕێنەرە لە پێناسەکانی دیکە کە ئەگەر ئەم تۆڕانە نەبوونایە، زۆر ئەستەم بوو هیچ کەسێک بیتوانیبا مەزەندەی هەبوونی هیچ ئەگەرێکی بکردایە بۆ ناساندنێکی لەم چەشنەی هەڵوێست. دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دونیایەکی تەواو جیاواز و دابڕێنراوە لە دونیای پێش پەیدابوونی ئەم تۆڕانە، بارتەقای ئەم جیاوازییەشی ناچاری کردووین پێناسەگەلی دیکە بۆ پێناسەکراوەکانی پێشووتر بدۆزینەوە و جارێکی دیکە سەرلەبەری شتەکان پێناسە بکەینەوە. لەم سۆنگەیەشەوە هەڵوێست لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شیاوی هیچ گوزارەیەکی تر نییە جگە لە گوزارەی “هەڵوێستی ئینتەرنێتی”، چونکە بە ئەستەم نەبێت ناچێتەوە سەر شێوازەکانی هەڵوێست دەربڕینی پێش پەیدابوونی تۆڕەکان.

وادیارە ئەم گوزارەیە “هەڵوێستی ئینتەرنێتی” وێڕای نامۆبوونەکەی بڕێک کێشەسازە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرخەری وێنا ڕاستەقینەکەیە و ناچارین وەکو خۆی بەکاری بهێنین. هەڵوێستی ئینتەرنێتی هەڵوێستێکی چەماوەیی و خۆمەڵاسدەرە، هەر ئەمەش وای لێ دەکات نەتوانرێت بەئاسانی دەستنیشان بکرێت و بناسرێتەوە، هەرچەندە بە ڕووکەش زۆر سانا و بێ کێشەش خۆی دەربخات. هەڵوێستی ئینتەرنێتی لێدانە لە تەواوی هەڵوێستە دەرەنێتیەکانی تر و بە کەم سەیرکردنی کاریگەرییەکانیانە، هەڵگەڕانەوەیە لە نەریتی بنەچە سۆمەری و بیرکردنەوەی فەلسەفییانەی پێشین. لە دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مرۆڤ ناتوانێت بێ هەڵوێست بێت و هەموو هەواڵێک کە بەری دەکەوێت ناچار بە کاردانەوەی دەکات، جا چ کاردانەوەیەکی ئەرێنییانە بێت یاخود نەرێنییانە، تەنانەت ئەوانەشی کە وەها خۆیان دەردەخەن بێلایەنانە دەڕواننە هەواڵی نێو تۆڕەکان، ناچاری هەڵوێست وەرگرتنن دژ بە هەردوو ڕەوتی لایەنگر و دژکار. لە دەستپێکی ئەم پەرەگرافەوە گوتمان گوزارەی “هەڵوێستی ئینتەرنێتی” گوزارەیەکی کێشەسازە، دەبێت ئەمە ڕوون بکەینەوە و بزانین کە بۆچی و لە کوێدا ئەم گوزارەیە کێشەسازە؟ یەکەمین شتێک کە دەبێت دەرهەق بە هەڵوێستی ئینتەرنێتی بیزانین، ئەوەیە کە ئەم هەڵوێستە لەنێو خاکێکی ڕووتەن و بێ پێشینەدا نەڕواوە، هەرچەندە خۆی دەیەوێت وا بە دیار بکەوێت، ڕەگ و ڕیشەی ئەم هەڵوێستە دەگەڕێتەوە سەر سێ پایە سەرەکییەکەی هەڵوێستی دونیای پێش خۆی و پێیەکی لەنێو واقیعدایە. کۆمەڵگە و تاک و تێڕوانینە فیکرییەکانی نێو واقیع سێ فاکتەری سەرەکیی پێکهاتنی هەڵوێستی ئینتەرنێتین و دواتر لە ڕێی ئینتەرنێتەوە بەتەواوی هەوڵی چێکردنی هەڵوێستێکی دابڕاو لەو سێ فاکتەرە دەدرێت و بە تەونێکی چڕ دادەپۆشرێن و دەشاردرێنەوە، بەمەش هەڵوێستی ئینتەرنێتیی خۆی وەک هەقیقەتێکی ڕەها و تاقانە دەناسێنێت و لە بایەخ و گەورەیی هەموو جۆرە هەڵوێست وەرگرتنێکی دەرە ئینتەرنێتی کەم دەکاتەوە. بۆ نموونە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، کەسێک کە دەشێت ئەدمینی پەیجێک بێت، بە هەڵوێست وەرگرتنێک دەرهەق بە ڕووداوێکی واقیعی پۆستێک دەکات، خەڵکانێکی زۆر ئەم پۆستە دەبینن و لەسەری هەڵوەستە دەکەن، بڕێکیان بێ هیچ وردبوونەوە و تێڕامانێک وەک هەقیقەت وەریدەگرن و هاوڕای دەبن، لە بەرانبەریشدا بڕێکی تر هێرش دەکەنە سەری و دژهەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن، کەسانێکیش کە نە دەتوانن لایەنگر بن و نە دەشتوانن دژ بن و ڕەنگە هەر لە بنەڕەتیشەوە بڕوایان بە ڕاستی ڕووداوێکی لەو چەشنە نەبێت، یاخود بە گرنگی نەزانن هیچی لەبارەوە بڵێن، دەکەونە ئەو نێوانەوە. لەنێوان ئەم سێ هەڵوەستەکردنەدا؛ خاڵێکی هاوبەش هەیە کە ئەویش هەڵوێست وەرگرتنە؛ هەڵوێستی ئینتەرنێتی. هەڵوێستێک کە بنەماکەی لە پۆستێکەوە سەرچاوە دەگرێت و دەبێت بە بابەتێک بۆ گەنگەشەکردن و ڕادەربڕینی جیاواز.

هەڵوێستی ئینتەرنێتی و پاڵەوانە فشۆڵەکان

هەڵوێستی ئینتەرنێتی تەنها بەوەوە ناوەستێت کە ڕێ بە هەموو تاکێک بدات ببێتە خاوەنی، بەڵکوو کەسایەتی و ڤیگەری نوێ دێنیتە بوون، لە دونیای ئەمڕۆدا هەڵوێستی ئینتەرنێتیی کەسانێکی خوڵقاندووە و کردوونی بە ڤیگەری دیار و بەناوبانگ، کە هەرگیز لە دەرەوەی ئەم دونیایه نەیاندەتوانی بگەن بە چارەگی ئەو ناوبانگ و پێگەیە. بەتایبەتی کەسانێک کە بێ هیچ بنەمایەکی فیکری و پاشخانێکی ڕۆشنبیری و شارەزایییەکی ئەوتۆ، تاوتوێی پرسە ڕۆژانەیییەکان و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی دەکەن و ڕەخنە لە دەسەڵات و ڕووداوە ڕۆژانەیییەکان دەگرن، بەمەش جەماوەر لە دەوریان کۆ دەبێتەوە و وەک چالاکوانێکی بوێر و بە هەڵوێست ناویان دەهێنێت. هەر لە ڕێی ئەمەشەوە ڕەوتە سیاسییە جوداکان چ بەرهەڵستکار بن و چ داکۆکیکار لە حکوومەت، دەکەونە ململانێوە بۆ دروستکردن و برەودان به جۆرە پۆپۆلیزمێکی ترسناک. مەترسیی ئەم جۆرە هەڵوێستە، تەنها لەوەدا نییە کە کەسانی ئاست نزم لە ڕووی ڕۆشبیری و فەرهەنگییەوە دەبنە خاوەنی، لەوەشدایە کە چیدی هیچ واتایەک بۆ هەڵوێستی ڕاستەقینە نامێنێتەوە. ئیدی ئەو ململانێ سیاسییە ڕاستەقینەی کە دەبێت لەنێو واقیعدا ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتە ستەمکارەکە بکەوێتە بەر مەترسی، دەگۆڕدرێتەوە بە یارییەک لە دونیای مەجازیدا. یارییەک کە دژبەرەکان چ لە ئۆپۆسزیۆندا بن و چ لە دەسەڵات حەزیان پێیەتی و هەر یەکە و بەدووی پشت و پەنای وەهمیدا دەگەڕێت. بەم شێوەیەش تۆڕەکان دەبنە شوێنی نواندنی هەڵوێست و واقیع دەخرێتە لاوە، تەنانەت مەترسیی ئەم جۆرە لە هەڵوێست دەگاتە ئاستێکی وەها کە هەڵوێستە واقیعییەکانیش دەکرێنە هەڵوێستگەلی ساختە و تەنها لەپێناوی پەخشکردنەوەیدا لەنێو تۆڕەکان، ئەنجام دەدرێن.

ئایا ئەمە بەو واتایە دێت کە چیدی ئێمە لە ڕێی تۆڕەکانەوە هەڵوێست دەرنەبڕین؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارەت بە بەڵێ وەرگرتەوە دیارە بەدحاڵیبوونێک هەیە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیڵێین خستنەڕووی ئەو شێوە موزەیەفەی هەڵوێستە لە دونیای مەجازیدا، کە خاوەنەکانی بێ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەیان لە واقیعدا داکوتابێت و وەک کارلێکی دونیا واقیعییەکە هاتبێتنە نێو دونیا مەجازییەکەوە، دەیانەوێت وێنایەکی پاڵەوانسازییانە بدەنە خۆیان و ئێمەش وەک نموونەی هەرە بەرزی هەڵوێست نواندن لێیان بڕوانین. دەبێت هەڵوێست لەنێوان دونیای واقیعی و دونیای مەجازیدا هاوسەنگ بێت و تەواوکاریی یەکدی بن، واتا دواجار هەڵوێست بڕێک لە ڕاستەقینەبوون و جدیبوونی خۆی بپارێزێت و لەدەستی نەدات.

هەڵوێستی ئینتەرنێتی و  پشت و پەنا وەهمییەکان

ئەوە چییە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵوێستی ئینتەرنێتی؟ کێ لە پشتی برەودانە بەم تایپە لە هەڵوێست؟ ڕەگ و ڕیشە واقیعییەکانی ئەم پشتگیرییە چین؟ بۆچی دەبێت ناو لەم جۆرە پشتگیرییە بنێین پشت و پەنای وەهمی؟ هەڵبەت یەکەمین شتێک کە دەبێت لێرەدا ڕوونی بکەینەوە، پۆستکردنە. (پۆست) بڵاوکردنەوەی ئەو شتەیە کە کەسێک دەیەوێت بیڵێت، واتا پەیامێکە و لەلایەن کەسێکی نێو واقیعەوە کە هەیە و ئینتەرنێتی لەبەردەستە و ئەپێک بەکار دەهێنێت، ئامادە دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە، گرنگ نییە ئەم کەسە سەر بە چ ئایدیا و بیرکردنەوە و تەوژمێکی فیکرییە؛ سەر بە چ ئایین و ئایینزا و نەتەوە و حیزبێکە؛ سەر بە چ چینێکی کۆمەڵایەتییە و کێیە و چ کارەیە؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیه ئەمە کەسێکە دەتوانێت پۆست بکات و یار و نەیار بۆ بۆچوونەکەی خۆی دروست بکات؛ کەسێکە دەتوانێت بەو پۆستەی دەوروبەر ناچار بکات هەڵوەستە لە سەر بۆچوونەکەی بکەن و ببنە یەکێک لەو بەشانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد. واتا ئەو کەسەی کە لە توانایدایە پۆست بکات هەمان ئەو کەسەیە کە دەتوانێت هەڵوێستی ئینتەرنێتی دروست بکات و خەڵکی بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات و ئاڕاستەیان بکات.
پۆست بە سروشتی خۆی لەگەڵ دابەشکاریدایە و کێشە خوڵقێنە، چونکە پەخشکردنی ڕایەکی نێو واقیعە، کە لە بنەڕەتدا کێشەدار و دابەشکار بووە و دواتر هێنراوەتە نێو ئەم فەزا مەجازییەوە و هەڵوێستی ئینتەرنێتی ئافراندووە. لێرەوە دەگەین بەوەی کە پۆست خۆی بە تەنها ناتوانێت هیچ هەڵوێستێک بئافرێنێت ئەگەر کەسانێک نەبن لایەنگری بکەن و هاوسۆزی ئەو جۆرە پۆستکردنە نەبن و ڕیشەیەکی واقیعی نەبێت، ئەم کەسانە دەبنە پشت و پەنا بۆ خاوەنی پۆستەکە؛ لێ پشت و پەنایەکی وەهمی. بۆچی ناکرێت ئەمانە وەک پشتگیرێکی ڕاستەقینە ببینین و بە وەهمی نەیانناسێنین؟ چونکە ئەم پشتگیرییانە لەناو دونیایەکی مەجازیدا و لە پشتی شاشەیەکەوەن، کەسانێکی نێو ئەم دونیایە دێن و پشتگیرییەکانیان دەردەبڕن و بە دەگمەن نەبێت لەوە زیاتر لەگەڵی ناچنە پێش. ئەوان یان لە ڕێی کۆمێنتێکەوە هاوڕا دەبن و پشتی خاوەن پۆست دەگرن، یان بە لایک و ئیمۆجی دەبنە هاندەر و پاڵپشتیکاری، هەر ئەوەی زۆرجار به زاراوە عامیەکە پێی دەڵێن “دەفع کردن” و دنەدانی زیاتری خاوەن پۆست. کێشەی هەرە گەورەی ئەم هاوسۆزە وەهمییانە ئەوەیە کە ناتوانن بێنە ناو واقیعەوە و لەوێوە بە هەمان گڕوتینی ئینتەرنێتییەوە پاڵپشت و هاوکاری بن، نەک بڵێی ئەمانە کەسانی خراپ و بێوەفا بن و هیچیان پێ نەکرێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتەوە خۆیشیان دەزانن ئەوان پشتیوانی پۆستێکی وەهمییان کردووە لە دونیایەکی پڕ لە وەهم و نمایشدا، ئەوان دەزانن خاوەنی پۆستەکەش تەنها هەر ئەوەی لێیان دەوێت کە هەڵوێستی ئینتەرنێتی بنوێنن و لەوێوە هاوسۆز و هاوڕا و پشتیوانی بن، نەک لەنێو واقیعدا. ئاخر گەر ئەو ویستبای لە واقیعدا هەڵوێستێکی جیا و ڕادیکاڵانە بنوێنێت، چاوەڕێی هەڵوێستی ئینتەرنێتی نەدەکرد. بە مانایەکی تر جۆرە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەنراو لەنێوان خاوەن پۆستەکە و پشت و پەنا وەهمییەکانیدا هەیە و هەردوولا تەبا و کۆکن لەوەدا کە تەنها لە دونیای مەجازیدا بێن بە هانای یەکەوە. هەرچەندە جاروبار جۆرێک لە بەدحاڵیبوون دروست دەبێت و خاوەنی پۆستەکە دەست دەکات بە گلەیی، کە گوایە هەمووان لە پشتی شاشەوە هاوهەڵوێستین و کەس لە واقیعدا دەرناکەوێت و بە تەنیا جێی دەهێڵن. ئەمە لە حاڵەتی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا زۆر بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، کاتێک یەکێک پۆستێک دەکات و داوای خۆپیشاندان دەکات، هەمووان دەکەونە پشتیوانی لێکردنی، تا دەگات بەوەی کات و شوێن دیاری دەکەن و بە سەدان کەس بەڵێن دەدەن ئامادە بن، کەچی کاتێک خۆپیشاندانەکە دەست پێ دەکا و دەڕۆنە جێگاکە تووشی شۆک دەبن کە دەبینن چەند کەسێکی کەم هاتوون و زۆرینەی ئەوانەی بەڵێنی ئامادەبوونیان دابوو، نە دەنگێکیان هەیە و نە ڕەنگ!

ئیمۆجی؛ لایک و کۆمێنت و شێر

ئیمۆجی وێنەدانەوەی هەستەکانە لە دونیای ئینتەرنێتیدا، مرۆڤ چۆن هەست دەکات و شێوەی چی بەسەر دێت لە کاتی کاردانەوەدا، هەمووی لەوێدا جێی بۆ کراوەتەوە و زیاتر لەوەی کە هەیە هەقی دراوەتێ. ئەم هەقپێدانە زیادەیە هێندەی دی دۆخەکەی گۆڕیوە بۆ دۆخێکی سەرلێشێوێنەر و لەگەڵیشیدا هەڵوێستێکی فریودەرانە. ئاخر ئەم زێدەڕەویکردنە لە وێناکردن وا دەکات کە هەم ئەوەی ئیمۆجییەکە دادەنێت بڕوای بەوە نەبێت کە ئەمە هەستە ڕاستەقینەکەی ئەوە، هەمیش ئەوەی ئیمۆجییەکە دەبینێت سەری سوڕبمێنێت لەوەی چۆن بەرانبەرەکەی بەو ڕادەیە کاریگەر بووە پێی! بۆ نموونە: کاتێک هەواڵێکی ناخۆش پۆست دەکرێت ئیمۆجی دەبێتە نوێنەری ئێمە بۆ دەربڕینی هەڵوێستەکانمان، نەریتە دیجیتاڵییەکە پێمان دەڵێت ئیمۆجیی گریان دابنێین، چونکە تەبایە لەگەڵ پێوەرە گشتییەکانی ئەخلاق و هەڵوێستی شیاوی ئێمەدا دەرهەق بە ڕووداوە ناخۆش و غەمگینەکان. لێرەدا ئیمۆجی جگە لەوەی نوێنەری هەڵوێستی غەمگینانەی ئێمەیە، دەبێتە نوێنەری ئەخلاقییانەی ئێمەش، چونکە ئەوە ئیمۆجییەکەیە ئاستی ئەخلاق و سۆزی مرۆییمان دەخاتە ڕوو بۆ ئەوانی دی. خۆ ئەگەر لە دۆخێکی غەمگینانەدا دەستت بەر ئیمۆجیی پێکەنین بکەوێت، ئەوا تۆ دەکەویتە بەر تانە و پەلاماری ئەوانی دی و وەک کەسێکی بێ هەست و سۆز و نابەرپرسیار سەیر دەکرێیت. ئیمۆجی بەتەنها لە هەردوو دۆخی پرسە و ئاهەنگێڕاندا ڕۆڵ نابینێت، بەڵکوو لە تەواوی دۆخە جیاوازەکانی دیکەشدا دەبێتە نوێنەری ئێمە. بۆ نموونە لە دۆخی خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕێکدا، ئیمۆجی دەبێتە زمانێک بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و زیزبوون و ئاشتبوونەوە و نیگەرانی و دڵشکانەکان، تەنانەت جێگرەوەی ماچ و باوەش پێداکردنەکانیش. لە هەمبەر وتەی سەرکردەیەکدا ئیمۆجی دەتوانێت نوێنەری ئێمە بێت بۆ دەربڕینی هەڵوێستەکانمان؛ تۆ دەتوانیت تەنها بە ئیمۆجییەک پاڵپشتی وتەکەی بکەیت یان گاڵتەت پێی بێت و سووکایەتی پێ بکەیت! ئیمۆجی زمانێکی دیجیتاڵییە و تەواوی کایەکانی ژیانی مەجازی لەخۆیدا کۆ کردووەتەوە.

لایک و کۆمێنت و شێر، سێینەیەکی دیکەی هەڵوێستی ئینتەرنێتین، هەرچەندە ئەم سێینەیە ڕۆڵیان لە ئیمۆجی جیاوازترە و لە بنەمادا وەک یەک بەشی وابەستە سەیر دەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر جودان لە یەکتری و هەریەکە و وەزیفەیەکی سەربەخۆی خۆیان هەیە، کە ڕادە و شێوازی هەڵوێست وەرگرتنەکان ڕوون دەکەنەوە. لایککردن سادەترین جۆری هەڵوێستە، ئەوەیە کە تەنها لە ئاستێکی سەرەتاییدا هاوهەڵوێستی دەردەبڕیت، بەڵام بە کەمێک ناجدییەتەوە و ناتەوێت زۆری لەسەر بڕۆیت. لایکێک دەتوانێت ئەوە دەربخات کە تۆ پشتیوانی پۆستێکیت، بەڵام ئەم پشتیوانییە زۆر سادەیە و هیچ بەڵگەیەکی ڕوونی لەسەر نییە و سەر بە خاکێکی ڕووتەنە. بە پێچەوانەی کۆمێنتەوە کە خستنەڕووی بەڵگەیە لەسەر شێوازی هەڵوێست وەرگرتنەکەت. هەڵوێستی ئەلیکترۆنی لە کۆمێنتدا دەگاتە لووتکە، چونکە بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە خۆت یەکلا دەکەیتەوە و بۆچوونەکەت بەدیار دەخەیت لەسەر پرسێک، جا چ بە لایەنگری بێت یان بە دژایەتی یانیش بە ڕاگرتنی هاوسەنگی. لە دوای هەڵوێستی یەکەمی ئینتەرنێتی کە پۆستکردنە، کۆمێنت بە پلەی دووەم دێت لە ئاستی کاریگەرییدا. کۆمێنت پوختەکردنە؛ گەنگەشە و ڕادەربڕینە؛ دەشێت کۆمێنت زۆر بە ئاگایییەوە بنوسرێت و ببێتە بگۆڕی هەڵوێستە بنەڕەتییەکەش، کە کرۆکی پۆستەکەیە. بڕێک جاریش کۆمێنت دەشێت جنێو و قسەفڕێدان و توانجێکی هەرزەییانە بێت و هیچ مەرامێک نەپێکێت. دەکرێت کۆمێنت خۆی ببێتە پۆستێک لەناو پۆستێکی تردا، واتا هەڵوێست لەناو هەڵوێست بەڵام بڕێک بە سەربەخۆیییەوە، ئەمەش کاتێک دەبێت که خودان کۆمێنت قسەی دڵی کەسانی دیکە بکات، ئەوکات لایککردنەکان دەبنە هاوهەڵوێستی بۆی و دەچنە بەرەیەکی دژەوە لەگەڵ هەڵوێستە بنەڕەتییەکە. کۆمێنت لەباریدایە ڕای گشتی دروست بکات، هەڵبەت بە پلەی یەک لەنێو ئەو دونیا مەجازییەدا. لە دوای لایک و کۆمێنت، شێرکردن بەشه گرنگەکەی هەڵوێستی ئینتەرنێتییە، نەک لە ڕووی نەیارییەوە؛ بەڵکوو لە ڕووی هاوهەڵوێستی و تەباییی تەواوەتییەوە. زۆربەی جار کەسێک کە پۆستێک شێر دەکات، خۆی دەبێتە بەشێک لەو پۆستە و وەک هەڵوێستی ئەو دەرهەق بەو پۆستە و پشتگیرییەک لێک دەدرێتەوە. لە چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت کە تێیدا ڕوونکردنەوە و ڕەتکردنەوەی لەگەڵ دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەردوو بارەکەدا دەبێتە گوێزەرەوەی هەڵوێستی یەکەم و برەوپێدەری.

ئەنجام

هەموو ئەمانەی ڕوو دەدەن؛ هەموو ئەو هەڵوێستانەی لە دونیای ئینتەرنێتدا بەرچاو دەکەون؛ ڕۆڵیان لە پێکهێنان و گەشەدان بەو وەهمانەدا هەیە کە وا تێیانگەیاندوین ئێمە ئەرکی خۆمان بە جێهێناوە و کەسانی بە هەڵوێستین، بێئاگا لەوەی کە ئەمانە جێگرەوەی هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئێمەن و خودی هەڵوێستە ڕاستەقینەکە نین. ئەگەر کەسێکی نزیکت مردووە و تۆی بەڕاستی غەمگین کردووە، ئیمۆجییەکی گریان ناتوانێت جێگای گریانە ڕاستەقینەکە پڕ بکاتەوە، دەبێت لەوەش بەئاگا بیت بەشی هەرە زۆری ئەوانەی ئیمۆجیی گریان و غەمگینانە دادەنێن، لە کاتی دانانیدا ڕوخساری ڕاستەقینەیان زۆر دوورە لەو وێنەدانە ئیمۆجییەوە، چونکە هەر لە پۆستی خوارووتردا گرتەیەکی کۆمیدی دەکەوێتە بەرچاویان و ئیمۆجیی پێکەنینی بۆ دادەنێن؛ لە خوارووتر مامۆستایەک دەبینن زلەیەکی داوە لە خوێندکارەکەی و ئیمۆجیی تووڕەیی پێوە دەنێن؛ زۆری پێناچێت شاشەکەیان لار دەکەنەوە و ڤیدیۆی کەسێکی کۆمیدی لە تیکتۆک دەبینن و دیسانەوە تێر پێدەکەنن! کە گوتمان هەڵوێستی ئینتەرنێتی هەڵوێستێکی فریودەرانەیە، لەبەر ئەم ئاڵوگۆڕە هەستەکییە خێرایانەی پشتەوەی شاشەکەیە، تۆ کە ئیمۆجیی گریان بۆ پۆستەکەت هاتووە، وا هەست دەکەیت ئەو کەسە بەڕاستی ئێستا دانیشتووە و بۆ کۆستەکەی تۆ دەگری، کەچی ئەو لەنێو ئاڵوگۆڕە هەستەکییەکانی خۆیدا نقوم بووە و شاشەیەک ئاڕاستەی دەکات. تۆ بەئاسانی فریوی ئەو دەخۆیت، ئەویش بەسانایی فریوی ئەپەکان دەخوات و یاری بە هەستەکانی دەکرێت و جێگۆڕکێ بە هەڵوێست و ڕاکانی دەکرێت.
ئەم خۆ لەدەستدانە بەرهەمی دونیا دیجیتاڵییەکەیە، ئەم هەڵوێستە ساختەیە بەرمەبنای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام ئایا ئەمە دوا ڤێرژنی بەکارهێنانی ئەپەکانە؟ ئایا ئینسان ناتوانێت لە دونیای دیجیتاڵیدا خاوەنی هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆی بێت و بەڕاستی غەمگین و دڵخۆش و پشت و پەنای ڕاستەقینەی ئەوی دی بێت؟ بێگومان ئاستی هوشیاری و خودئاگاییی تاک زامنی سەرەکی هێشتنەوەیەتی بە ڕەسەنێتی لەنێو ژاوەژاوی ئەپەکاندا. تۆ دەتوانیت ئەپەکان بەکار بهێنیت و نەهێڵیت یاری بە هەڵوێست و هەست و هزرت بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بەڵام ئەوەت لەیاد بێت بۆ بەکارهێنەری ئینتەرنێت ئەمە کارێکی وا ئاسان نییە و قورسە، بە هوشیارییەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تێهەڵکێشیەی نێو فەزای ڕاستەقینە و فەزای مەجازی پێویستی بە خۆگریی و زیرەکییەکی زۆرە، چێکردنی هەڵوێستی خۆت لەسەر بنەمای پێوەرە لۆژیکی و خودییەکان و بە بەرپرسیارێتییەکی تەواوەتییەوە دەرهەق بەو جیهانەی کە تێیدای و ئەو ڕووداوانەی کە ڕوو دەدەن و ئەو کەسانەی لە چواردەورتن، تاکە ڕێگای هێشتنەوەی هەڵوێست و هەستکردن و تێهزرینەکانتە بە ئازادی و سەربەستییەکی خۆویستانەوە، لە جیهانێکدا کە هەڵوێستەکان زیاتر ژێستێکی نمایشکارانەیان وەرگرتووە و کەمتر لەپێناوی خودی هەڵوێست خۆیدا دەردەبڕدرێن، بەڵکوو زیاتر لە خزمەتی مەرامی دی و خواستی نەگوتراوی دیکەدان. ئێمە لێرەدا نامانەوێت لە بایەخی هەڵوێستی ئینتەرنێتی کەم بکەینەوە، بەڵام گرنگیشە نەهێڵین هەڵوێستی ئینتەرنێتی ببێتە جێگرەوەی هەڵوێستە ڕاستەقینەکانمان و فریومان بدات و بمانباتە نێو دونیا مەجازییەکەوە و هەر لەوێدا خاڵی کۆتایی دابنێت؛ گرنکە درک بەوە بکەین هەڵوێستی ئینتەرنێتی سەرباری ئەو کۆڕاییەی لە ئینتەرنێتدا دەیخوڵقێنێت، هێشتاش شتێکی زۆر کەمە بۆ برەودان بە جۆرێک لە هاوهەڵوێستی وەها لە دونیای واقیعیدا.





پەراوێزەکان

  • 1
    زۆر بۆچوونی جودا هەن لەبارەی ڕەچەڵەکی سۆمەرییەکان، وەک خاوەنی یەکەمین شارستانیەت و داهێنەری نووسین و دروستکەری شارەکان، کە زۆر جار بە مەبەست یان لە نەزانییەوە بە سامی و هیندی نێوزەد دەکرێن. لە ڕاستیدا بەپێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکان، سۆمەریەکان لە دێرینترین ئەو گەلانەن کە لە کوردستانی دێرین ژیاون و لە شاخەکانەوە کۆچیان کردووە بۆ دۆڵی دووئاوان، بەو مانایەی بنەچەی هەڵوێستی مرۆییانە بنەچەیەکی زاگرۆسیانەیە و ڕیشەیەکی خۆرهەڵاتی هەیە. بڕوانە: ( هاوڕێ باخەوان: کوردستان نیشتمانی یەکەمینی سۆمەرییەکانە، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئاراس، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، هەولێر، ۲۰۰۳)
  • 2
    سەبارەت بە یاسا زارەکی و دواتر نووسراوەکانی سۆمەرییەکان، بڕوانە: جیا فخري الجاف: القوانين السومرية والقوانین البابلية القديمة، تموز للطباعة والنشر، بغداد، ۲۰۱۷.
  • 3
    سەبارەت بەم کاریگەرییە و گواستنەوەی شارستانیەت لە سۆمەرییەکانەوە بۆ گەلانی دیکەی جیهان، بڕوانە:( آ. وادل: الآصول السومرية للحضارة المصرية، ت: زهير رمضان، الآهلية للنشر والتوزیع، ۱۹۹۹.)هەروەها دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرچاوەیە:( د.جمعة الطلبي: العراقة وآلاصالة/ تآثیر حضارة بلاد الرافدین علی الحضارة الیونانية، ص ۱۳۳، بغداد، ۲۰۲۱)
  • 4
    حسن نعمة: موسوعة میثولوجيا واساطير الشعوب القديمة و معجم آهم المعبودات القديمة، دار الفكر اللبناني، بيروت، ۱۹۹٤.