“ئەی من کێم؟”

لەسەری کۆڵانێک، پێش ئەوەی وەرسووڕێمەوە و بچمە سەر ڕێڕەوی شەقامی سەرەکی، هەر ئەوەندەم زانی، پۆلێک پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر تاقمێک دز کە تازە بانکێکیان تاڵان کردبوو و لە هاتنەدەرێدا بوون.

هەردووک لا چەکیان لێک‌هەڵکێشا و پێش‌ ئەوەی تەقە بکەن؛ پاشەوپاش گەڕامەوە کۆڵانەکە، نەوەک فیشەکێکی وێڵەکیم بەربکەوێ!

سووچێکی تەنگەبەرام چاو پێکەوت، بە خۆم گوت، لێرە پەنا دەگرم هەتا ئەو شەڕەسەیە لایەکی وەلایەکی دەکەوێتەوە.

کوتوپڕ یەکێک لە دزەکان بە هانکەهانکەوە خۆی خزاندە پەناگا تەنگەباراکەی منەوە. من هەڵترووشکابووم، ئەویش ڕێک بەرانبەرم هەڵترووشکا و بە ترس و لەرزەوە هەردووک دەستی کردە سپەر بۆ سەری.

چەند چرکەی نەبرد، دزێکی دیکە هات، چاوێکی خێرای بە پەناکە و من و هاوڕێکیدا خشاند و کە دیتی جێی خۆحەشاردان بۆ ئەو نەماوە، فیشەکێکی بەسەر دڵی هاوڕێکەیەوە نا و فڕێیدا ئەولاوە و لەجێی ئەو ڕوو بە من پەنای گرت.

بە خۆم گوت، ئەگەر خێرا نەیکوژم، منیش دەکوژێ، بۆیە لەگەڵ ئەوەی هێشتا دوو چرکەی نەبردبوو کە ڕووبەڕووم دانیشتبوو، بە پڕتاو تاوم دایە کۆڵتەکەی و تەقەم لێ کرد! فیشەکی لێ نەهات، جیکەی لێ هات! هەستم کرد کوڵتەکەی کۆڵتی یاریی منداڵانە. ئەی باشە چۆن توانیی هاوڕێکەی خۆی پێ بکوژێ؟ لە ترسی ئەوەی تۆڵەی ئەو هەوڵی کوشتنەیم لێ بکاتەوە، بە پەلەپڕووزە خۆم خستە سەر زگی و هەردووک دەستم لە تینتینۆکەی قایم کرد. هەرچیم دەکرد قڕخەبڕ نەدەبوو. ئاخرییەکەی دوای چەند خولەک ڕێک گوشینی گەرووی، بە چاوی زەقەوە لە کاتێکدا کە دەیهەویست بە جووڵەی لێوەکانی شتێکم پێ بڵێ، گیانی دەرچوو، هەر ئەو گیانی دەرچوو، منیش لە نەخۆشخانەیەک بە چاوی زەقەوە وەهۆش هاتمەوە.

دکتۆرێک کە دیاربوو پێش ئەوەی ڕاست بمەوە، بۆ پشکنین سەری بەسەردا گرتبووم، هەنگاوێکم لێ کشاوە و چووە دۆخی بەرگرییەوە. یەکەم شتێک کە دوای وەئاگاهاتنەوەم لە خۆم پرسی ئەوە بوو: “باشە من ئەو کابرایەم بۆ خنکاند؟ خۆ ئەگەر ئەو بیهەویستبووایە من بکوژێ، هاوڕێکەی خۆی نەدەکوشت!؟”

کە ڕووم وەرسووڕاند، پۆلیسێک لەو لاوە وەک پاسەوان بە سەرسەرمەوە وەستابوو.

 کە بەرچاوم ڕوون بووەوە و بڕێکی دیکە هۆشم هاتەوە بەرخۆم، تەماشا دەکەم کوڕە خۆ دکتۆرەکە هەر دزەکەیە وا خنکاندبووم! جارێکی دیکە لە پۆلیسەکە وردبوومەوە؛ ئێ، کوڕە خۆ پۆلیسەکەش دوانەی دزەکەیە وا بە فیشەک کوشتی! خەریک بوو شێت دەبووم، لەگەڵ‌ئەوەی هەستم بە ژانێکی زۆر لەسەر قوڕگم دەکرد بە هاوارەوە گوتم: “ئاوێنەیەکم بۆ بێنن، دەمهەوێ بزانم ئەی من کێم؟!”