سۆژینی تاکی هاوچەرخی کورد

خوێندنەوەیەك بۆ ڕۆمانی (سژین)

 

“ڕۆمانێک بەشە نەناسراوەکانی بوون کەشف نەکات، نامۆراڵ و بێکردەیە. کەشفکردن تاكە ئاکار و کردەی ڕۆمانە.”

میلان کۆندێرا1Milan Kundera, L’Art du roman, dans Œuvres, Paris, Gallimard, Bibliothèque de la Pléiade, 2011, tome II, p. 641

سژین” ڕۆمانێكی ئەنوەر عەباسی (هەرەس)ە و لە دووتوێی (٢٥٢) لاپەڕەدا، لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن چاپەمەنیی كتێبی ئەرزانەوە لە وڵاتی سوێد چاپ و بڵاو كراوەتەوە. هەر ئەو کاتە یاداشتێکی کورتم لە دنیای مەجازیدا لە بارەیەوە نووسی و ئاماژەم بەوەش دابوو کە لە داهاتوودا کەمێ بە تێروتەسەلتر خوێندنەوەی بۆ دەکەم، بۆیە ئێستا بە بۆنەی چاپکردنەوە و بڵاوکردنەوەی لەلایەن کتێبخانەی (مەم و زین)ەوە لە هەولێر (٢٠٢١) ئەم خوێندنەوەیەم بۆ کردووە و لە کۆتاییشدا یاداشتەکەی پێشووتریش دانراوە.

***

ئەم ڕۆمانە، بە میتۆدی شەپۆلی هۆش نووسراوە کە نووسەرەكەی (مۆنۆلۆگی ناوەوەی ڕاستەوخۆ، مۆنۆلۆگی ناوەوەی ناڕاستەوخۆ، وەسف، خۆدواندن، وەسفی هۆش، گەڕانەوەی ئازاد، مۆنتاژی سینەمایی، کەرەستەی میکانیکی، گەڕانەوەی هونەری و خەیاڵ (وێناکردن)، مۆنتاژی کاتی، مۆنتاژی شوێنی، ئامرازەکانی چاپکردن، گۆشەنیگای حیکایەتخوانی هەمووشتزان) وەکوو تەکنیکی بنیاتی گێڕانەوەکەی هەڵبژاردووە.

نووسەری “سژین”یش ئەو تەکنیکە ئاماژەپێدراوانەی سەرەوەی بەکار هێناون لە پێناوی کەشفکردنی بوونی کورددا، ئەویش لە ڕێگەی خوێندنەوەکانیەوە بۆ بیری نەتەوەییی کورد، كە وەك جەمال نەبەز دەڵێت “بیرێكە جیاوازە لە مەسەلەی قەومییەت لای شەرقییەکان و ناسیۆنالیزم لای ڕۆژئاواییەکان”. نووسەر بۆ پیاهەڵچوونەوە بەم بابەتەدا کۆمەڵێک کەرەستەی بەکار هێناوە.

ڕۆمانەکە لە ٤٥ پاژ (سێکشن) پێک هاتووە. لە هەندێ بەشی گێڕانەوەکاندا، کە حیکاتخوان(گێڕەرەوە) خودی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەیە و بە جێناوی کەسی ئاخێوەری( من/م) مۆنۆلۆگی ڕاستەوخۆی بەکار هێناوە. لە بارێکی تریشدا کارەکتەرەکانی ڕۆمان خۆی پڕۆسە زەینییەکانی پێشكەش ناكات و نایانخاتە بەردەم خوێنەر، بەڵکوو نووسەر/ڕۆماننووس/حیکایەتخوان خۆی ئەرکی ئەو پێناساندنە ئەنجام دەدات. ئەمەش لە ڕێگەی خۆتێهەڵقورتان لە شیکردنەوەی زەینی کارەکتەر و خوێنەردا ئەنجام دەدرێت.

ڕۆمانەکە بەگشتی دوو پڵۆتی هەیە. لە دەستپێکدا نووسەر خۆی بە ئاشکرا مەبەستی خۆی بۆ نووسینی ڕۆمانەکە ئاشکرا دەکات کە بریتییە لە نووسینەوە و تەنگ پێهەڵچینەوەی خۆی بۆ  مەسەلەی چێژ. ”بە نێو بیرەوەرییەکاندا دەگەڕێم و وەکوو لاپەڕەی ئاڵبۆمی وێنەکان، لاپەڕە لاپەڕە ئەڕۆمە پێشەوە. لە سەر هێندەک لە خەونەکان ڕادەمێنم و بزەیەک دێتە سەر لێو و چاوم بە یادگارییەکان شێدار ئەبێ.”(ل٣)2ئەم لام و ژمارانە تا کۆتایی باسەکە ئاماژەن بە لاپەڕەکانی ڕۆمانەکە و لە چاپی یەکەم ٢٠١٨ چاپەمەنی ئەرزان، سوید، بەبێ دەستکاریکردنی ڕێنووس و بژوەی دەقەکە.

زۆربەی بەشەکانی ڕۆمانەکە کە پەیوەستن بە باسکردنی چێژەوە، لە خەیاڵدان و خەوبینین و سەنگ کردن (مۆتەكە) و داڵغەکانی خودی نووسەر و کەسایەتییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. بەو مانایە کەمتر لە واقیعدا ڕوو دەدەن. وەکوو خەوبینینی نازلی کە پیاوێک لە خەونیدا دێتەگژی و سێکسی لەگەڵدا دەکات، یاخود سێکسی هیوا لەگەڵ دایکی سارا کە هەر لە بۆرژانی هیواوە ڕوو دەدات و بەر لەوەش ساندرۆمی هیوا بۆ دایکی سارا گشتی لەناو داڵغەکانی هیواوە بە خوێنەر دەگەن. ئەمە سەرەڕای شیکردنەوەی گروپەکەی هیوا بۆ تابلۆکە کە لە شیتەڵکردنەوەکانی سکێچی تابلۆکە چەندین بیرۆکەی ئیرۆتیکی لەخۆ دەگرێت، بەڵام بە پەردەی ڕەنگەکان داپۆشراون و لە دیالۆگی کەسایەتییەکاندا پەردەیان لە ڕوودا هەڵدەماڵرێ. ”لە باسی برایمیشدا، بۆ من کێشەی برایم لە ڕاستیدا ئەوە نییە کە بۆچی یاساشکێنی ناکات یان بۆچی بەخێرایی ماشین لێناخوڕێت و لە سزا ئەترسێت. مەبەستی من زیاتر ڕەنگە ئەو (نەمان)ە بێت. نەمانی ڕۆحی بەرەنگاری و کاردانەوە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا. بەدڵنیاییەوە بە بەراورد لەگەڵ ئاوات، برایم لە قۆناغێکی قووڵتردایە. بەو واتایە کە، ئەمە بایەخە مرۆڤییەکان (بە دروشم یان بە کردەوە) نین کە کردارەکانی ئەو دیاری دەکەن، بەڵکوو ئەمە ئەو خۆ بە کەم زانی و ترسی لە پێشچاوبوونەیە کە هەموو ژیانی ئەو ماشینیزە کردووە و تەنانەت توانای جارجار خۆ بە غەریزە سپاردن و توڕەبوونیشی لێ سەندووە و هەوڵ نادات کە جێگۆڕکێ بە ئازارەکانیشی بکات، ئەی چێژ؟”(ل٣٤، ٣٥)

لە لاپەڕەی یەکەمدا نووسەر بە کامێرا خستنەسەر سۆفی، خۆی پێناس دەکات. ”ئەڕۆمە خوارەوە هەتا سیگارێک بکێشم، (سۆفی) لە پشت پێشخانەکە دانیشتووە. لایەکی ڕوومەتم قورس ئەبێ و ئەمە یانی خەریکە سەیرم ئەکات. سڵاوی لێ ناکەم و ئەڕۆمە دەرەوە. ئەمرۆ بڕیارم دا کە وەکوو جاران لەگەڵی ڕووخۆش نەبم. هەر وا لاپەڕە هەڵدەدەمەوە، کە بە دەنگی هەڵکردنی چەرخەکەم دائەچڵەکێم. هەر کەسێک بە شتێک چێژ لە سیگار وەرئەگرێ […] سیگارکێشان […] ئەم خۆشترین و بێماناترین داهێنانەی مێژوو. ئاه بە داخەوەم کە ئەبێ ئەمە وەبیر تۆم بخاتەوە…”(ل ٣، ٤) لە (لاپەڕە ١١٠)شدا بە ناونیشانی تێڕامانێک: دیسانەوە نووسەر باسی خۆی دەکاتەوە کە جار جارە دادەنیشێت و چەند لاپەڕەیەک دۆن کیشۆت دەخوێنێتەوە. باسی ئەوە دەکات کە حەز دەکات بزانێت سۆفی و کامیل بە کوێ گەیشتوون؟ لە ڕێگەی ئەو دوو کەسەوە کە ئاشناییان لەگەڵ خودی نووسەردا هەیە ئەزانین کە نووسەر لە وڵاتی سوید دەژی. نووسەر لە ڕێگەی کامیلەوە کە خەڵکی گوندێکی کوردستانە، واتە سەر بە جیهانی سێیەمە هەروەها سۆفی کە خەڵکی گوندێکی سویدە و سەر بە جیهانی یەکەمە. ڕای خۆی لەبارەی سێکسەوە دەردەبڕێت و پێی وایە “زمانێكی هاوبەش”ی نێوان مرۆڤەكانە. بە جۆرێك تیشک دەخاتە سەر ئەم لایەنە كە سەرەڕای نەبوونی زمانێک بۆ ئاخاوتن و لێكتێگەیشتنی نێوانیان، بەڵام سۆفی و کامیل دۆستی یەکترن. ”ئەو کامیلەی من بیناسم، لە کونی دیواریش خۆش نابێ […] بە ڕاستی کە سێکس گرنگترین هونەرێکە کە زمان ناتوانێ سنووری بۆ دابنێت. سێکس زمانی هاوبەشی نێوان مرۆڤەکان و ڕەنگە بڵێین نێوان هەموو گیانلەبەرانە. بۆیە هەمیشە ئەڵێم کە سێکس و موسیقا لە یەک ئەچن، بەو جیاوازییەی کە یەکێکیان هونەرێکی گرینگترە.”(ل١١٠، ١١١) لێرەدا لە ڕێگەی دابارینەوە ئاماژەی نووسەرمان وەکوو هەر تاکێکی تری ڕۆژهەڵاتی بۆ چێژ وەرگرتن لە دەستێوەردان (تەداخول) بۆ بە دیار دەکەوێت. لە کۆتا پاژی ڕۆمانەکەشدا، نووسەر جارێکی تر بە بەکارهێنانی جێناوی کەسیی یەکەمی ئاخێوەر باسی نووسینی ڕۆمانەکەی دەکات. ”جارێکیان بە سۆفیم وت خەریکم ڕۆمانێک دەنووسم و ئەگەر ئاوا بەردەوام بیت، لە ڕۆمانەکەدا وەکوو کەسایەتییەکی نێگەتیڤ باست دەکەم، وتم دەتکەم بە دراکولا. وەک بڵێی هەر لەگەڵ ئەویشم نەبووە، چاوە بووکەڵەییەکانی سێ چوار جار ترووکاند و وەکوو کونەبوو سەری کەمێک لار کردەوە و هەر واکە چاوی بڕیبووە چاومەوە، وتی بەم کارەت تەنیا تەمەنم درێژتر دەکەیتەوە.” (ل٢٤٩).

دواجار نووسەر زیاتر پێداگری دەکات کە ڕووداوەکان لە چآوی ئەوەوە دەبینرێن بۆیە ئاماژە بەوە دەدات کە لەگەڵ هاوڕێکەی برایمدا قسەی کردووە و دەچن سەری لێ دەدەن. ”ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێکەی برایمدا قسەم دەکرد، بڕیارە بڕۆین سەرێکی لێ بدەین. لە باشووری وڵاتە و بەدڵنیاییەوە ئاووهەواگۆڕینێک خراپ نابێ بۆمان. لە ئێستاوە بیر لەوە دەکەمەوە کە چۆن بتوانم لەگەڵ ئەو کابرا هەڵ بکەم. کەسایەتییەکانی نێو چیرۆکەکان، تەنیا بۆ نێو چیرۆک باشن. لە نێو چیرۆکدا قسەیان لەگەڵ دێت، بەڵام لە دەرەوە کەمێک جیاوازە. ئەزانم ئەویش وەکو سوێدییەکان دوای سڵاو ئەڵێ: من دانیالم. ئینجا باسی زیرەکی خۆی ئەکات کە چۆن ناوی خۆی لە (عەبدوڵا)وە گۆڕیوە بۆ دانیال کە هەم کوردی بێت، هەم فارسی بێت و هەمیش ڕۆژئاوایی بێت کە ئەحیانەن لە هیچ شتێکدا زەرەری نەکردبێت و هیچ دەرفەتێکی لەدەست نەدابێت.” (ل ٢٥٠) ناولێنان و چێژ وەرگرتن لە لێکدانەوەی ماناکانی ناوەکاندا بەشێکی فراوانی تێکستی ڕۆمانەکەی لە خۆ گرتووە. ناولێنانەکان بۆ کەس، حاڵەت، دیاردە،… دەگەڕێنەوە. هەر لەسەر بەرگەكەیەوە تاکوو کۆتا لاپەڕەی ڕۆمانەکە شیمانە بۆ حاڵەت و بیرکردنەوە و زمانی کوردانە ئەکات. ”سۆژین! سۆژین؟ ئاه بەڵێ، بەدڵنیاییەوە دەبوو هەر وایشی لێ بێت. زمان زمان زمان… کە هەموو شتێکە و هیچ شتیش. باشە بە هەرحاڵ ناوێکە ئیتر، سۆژین… هەمیشە هەموو شتێک وا ناچێتە پێش کە دەبێ، یان باشترە بڵیم وا ناچێتە پێش کە دەمانەوێ، هەمیشە کۆمەڵێک لادان لە بنەما هەیە، کۆمەڵێک هەڵبژاردنی ورد و بەڕوواڵەت بێبایەخ، بەڵام تەنیا بە ڕوواڵەت…” (٢٥١، ٢٥٢)

نووسەر سێ بیروەریی ناوەخت دێنێتە ناو ڕۆمانەکەیەوە. دواتریش ئەنجامێک بۆ بیروەرییە ناوەختەکانی دەنووسێت. لە یەکەم بیروەریی ناوەختیدا، کەسی ژمارە ٥٣ ناو دەنێت (ک) ئەمەش دەمانخاتەوە بیری كافی کافکایی (یۆزێف کا لە ڕۆمانی دادگایی و کا لە ڕۆمانی کۆشک)دا کە ئورهان پاموکیش لە ڕۆمانی بەفردا هەمان ناوی لە قارەمانی ڕۆمانەکەی ناوە. ”١٠ ساڵی ڕێک. ئەمڕۆ ڕێک ١٠ ساڵ بە سەر یەکەم ڕۆژی دیتنی (ک)دا تێپەڕیوە. لە دەرەوە بووم لە نێو سەرما و بەفری باکوری زەوی. شەو درەنگە و سۆفی هەتا ئێستا هەزار جار خەوتووە. هەڵبەت باسی ئەوە ناکەم بۆچی دڵم لێی ئێشاوە و ڕووی خۆشی پیشان نادەم، […] سەیری دەستم دەکەم، ئەو جێگایەی کە ئەوکات دەمویست خاڵێکی لە سەر بکوتم. ڕەنگە پیتی (ک) یان ژمارەی (٥٣). ئەگەر بمکوتایە، بە دڵنیاییەوە زۆری لەسەر ڕۆیشتبووم. بیرەوەرییەکی بێهوودە و… بەڵێ، ڕەنگە بێمانایش. سژینێک کە نە ژان دەکات و نە دەشخورێ. باشم وت: بێهوودە… بێمانا.”(ل٧٠، ٧١). (ک) بە دابارین (تداعی) لەو پیتەی نووسەر بەکاری هێناوە دەکرێ سیمبولی کوردستان، کورد، کوردەکە، کوردی… کامیل بوونی نەتەوەیەک بێت بە ڕێککەوتن یان بە مەبەستی هونەری گێڕانەوە لەگەڵ باس کردنی سۆفی کە دۆستی کامیل بووە. ناولێنان گرینگییەکی زۆری هەیە لای نووسەر بە جۆرێ خۆی شیمانەی دەکات و خۆی بێبەری دەکات، خۆی قسەکانی خۆی پشت ڕاست دەکاتەوە، هەڵبەتە هاوپێچ لەگەڵ زەمینە خۆشکردن بۆ قسەکردن بە دەم کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکانییەوە. ”هەڵمەت لەنێو ناسنامەدا ناوی (محەمەد) بوو، باپیرەی کە پیاوێکی دیندار بوو، ئەم ناوەی بە گوێیدا دابوو […] لە پانزە ساڵانەوە بڕوای بەوە هێنا کە ئێران باشترین وڵاتە و ئاریاییبوون شانازییە و عەرەب پەست و بێقیمەتن، بە هاوڕێکانی وتبوو: لەمە بەدوا پێم بڵێن داریوش. دوای یەک دوو ساڵ کە بە هۆی خزمێکیانەوە سەری کردە کتێب خوێندن و لەگەڵ سۆسیالیزم ئاشنا بوو و هێندەک چاوی کراوە، بە نێو کەسانی دیاری سۆسیالیستی ئێرانی و کورد و جیهاندا گەڕا کە ناوی یەکێکیان بۆ خۆی هەڵبژێرێت، …” (ل١١، ١٢). کەواتە لە ڕێگەی ناوگۆڕینەکانی (هەڵمەت)ەوە کێشەی ناو زەق دەکاتەوە. تەنانەت ناوی “کاک فواد”یش (مەبەست لە شەهید فوئادی مستەفا سوڵتانییە) بۆ خۆی هەڵنابژێرێت گوایە بە هۆی دەمارگیری بۆ دژە عەرەب نایەوێت ناوی عەرەبی هەبێت. یاخود ڕەخنە لە ئەفزەڵیەتی ئەو هەستە پانئیرانیستەی دەگرێ کە پێی وایە کە ئێران سەرچاوەی هەموو نەتەوەکانی ترە. بۆیە دوای هەڵبژاردنی ناوی داریوش ئەویش دەگۆڕێت بۆ شەهید ئارام، بەڵام دواتر کە دەزانێت ئارام لەناو فارسەکاندا ناوی کچانەیە، هەروەها چونکە ناوێکی ناسک و هێدی و نەرم بووە کە لەگەڵ کەسایەتیی ئەودا نەدەگونجا بەڵکوو پێویستی بە ناوێک بێت کە لە کەسایەتیی ئەو بوەشێتەوە، بۆیە ئەویش دەگۆرێت بۆ هەڵمەت، کە ئەمە هەڵبەت هەم ڕەخنەگرتنە لەو هەستە زاڵە ناسیونالیستییەی کە لای تاکی کورد هەیە، هەمیش پشتگیری دۆزە ڕەوایەکەیەتی کە هەموو بیرە جیاوازەکانی قبوڵ کردووە و کەچی داننەنراوە بە کیانێکی سەربەخۆ بۆ کورد. ”ئەمجار ناوی هەڵمەتی بۆ خۆی هەڵبژارد. سەرەنجڕاکێش بوو، لە کوردیدا شۆڕشگێڕانەیە و فارسەکانیش وەبیر (هەملێت) ئەخاتەوە. تازە بەدڵنیاییەوە هەموو کەس لێی دەپرسن کە ناوەکەی بە چ مانایە و ئەویش ئەتوانێ بۆیان شی بکاتەوە کە چونکا کورد نەتەوەیەکی شۆڕشگێڕن، ناوەکانیشیان ئەو ئێلێمانانەی تێدایە. نمونەی وەکوو سەنگەر و نەبەز و دلێر و هێرش و شۆڕش […] ئەو هەستە لە نێو کورددا زۆر بەهێزترە لە نەتەوەکانی دەوروپشتی. نەتەوەیەک کە ناسنامەیان لێی دزیوە، هەمیشە لە دەرفەت دەگەڕێ کە گوێیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی کە باسی ناسنامەی دزراوی خۆی بۆ بکات و ئەمە لە بەشی ناوشیاری مێشکی تاکی کورددا جێگیر بووە. هاوکێشەکە ئاوای لێدێت: ئەگەر ناوێکی کوردیت هەیە، کەواتە ڕیساڵەتێکت پێ سپێردراوە.”(ل١٣) باسکردنی ناولێنان تەنیا لە ناوی کەسایەتیی هەڵمەت، سژین، دانیالدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو لە باسکردنی حاڵەتی خەو و خەیاڵ و تەنانەت چاوانی کەسانی تری غەیرە کورد بۆ تاکە کوردەکان هەمان كار دەکات.

گێڕەرەوەی “سژین” خۆی بکەری بینینی ڕووداوەکانە، بەو مانایەی کە هەر تاکێکی تری کورد دەتوانێت شوێنگرەوەی ئەو بێت. چونکە باسی دەردێک دەکات کە هەستەکییە و بە شێوەی خۆبەخۆ و ناخودئاگایانە لەناو یادگەی هەموو تاکێکی کورددا هەیە. هەر کەسە و بەش بە حاڵی خۆی باسی برینی دەردەکەی کردووە. ئەو لە ڕێگەی توێکاری چینی هەرەژێری ئەو برینانەوە كە وەکوو پڵۆتی دووەمی ڕۆمانەکە هەژمار دەکرێ، کە لە وەختی سەنگ گرتن و كابووسی كەسایەتیی هیواوە دەست پێ دەکات تا گەیشتووەتە تاران. ئەمەش فەزایەكی كابووسئاسای بۆ گێڕانەوەكان دروست كردووە. بە جۆرێك كە هەندێ جار خوێنەر هەست ناكات ئەوەی دەیخوێنێتەوە واقیعیەتە یان ڕووداوی ناو كابووسێك. لە باسکردن لە ژیانی هاووڵاتیی کورد کە لەسەر خاکی خۆیەوە بەرەو تاران یاخود هەندەران كۆچ دەكات و بە فەزا و ژیانێكی نوێ ئاشنا دەبێت، ئەم مۆتەكەیە بەسەر هەستی خوێنەریشدا زاڵ دەبێت. ئەڵبەتە لەم ڕۆمانەدا -چونکە خودی ڕۆماننووسەکە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەو لایەنە مێژوویی و کولتوورییانەی لەناو ڕۆمانەکەدا گەنگەشە کراون پەیوەستن بە تارانەوە – ئەگینا هاوشێوەکانی لە بەغدا، دیمەشق، ئەنقەرا، ئیستەنبوڵ و تەواوی ئەو شارانەی کە تاکی کورد پەنایان بۆ بردوون، لەو سەفەرانەدا تاکی کورد ڕووبەڕووی شۆکی کولتووری دەبێتەوە، بەڵام غرووری ئەم تاکە ڕێگە نادات بەزەبزوێن بێت. بە ڕوویەکی تر تەنیا چیرۆکی هیوا، هەڵمەت، سوارە و برایم و هاورێکانی ناو ڕۆمانەکە نین بەڵکوو چیرۆکی نەنووسراوی تاکی کوردی تاراوگەیە کە لە شاخ و گوند و بێستانەوە تەراناندراون و هەر کاروانچین و لەپێناو ژیانێکی ئارام دەربەدەر بوون. ئەڵبەتە بەشێکی لەبەرچاویش لە هەردوو ڕەگەزەکە هێشتا بە شاخەوەن و لە خەبات بەردەوامن. حیکایەتخوان لەناو ئەم دەقەدا، ڕەخنەی زۆر لە تاران و شێوە ژیانی خەڵكەكەی و دابونەریتەكەی دەگرێت. تەنانەت وەك شوێنێكی بێ ئەسڵ و فەسڵ باسی دەكات. شوێنێك كە ئەوەی تێیدا دەژی خەڵكی ئەوێ نییە، بەڵام شێوەی ژیانی تارانییانە وای كردووە كە لەوێ هەموو كەس خۆی لێ بگۆڕێت و خۆی لێی ببێ بە تارانی. شارێك كە شوناسی هەموو شوێنەكانی تر هەڵدەلوشێ و شتێكت پێ دەبەخشێت كە هی تۆ نییە. ئەم شێوە كاركردنەی نووسەر لە تاران، ژیانی ناو میترۆپۆڵەكانمان دێنێتەوە بیر بە هەموو جوانی و ناشیرینییەكانییەوە. كە ڕەنگە یەكێك لەو كەسانەی جوانترین دەربڕینی بۆ ئەم هەستە كردبێت ئەحمەد كایا بێت. كایا، لە بەرامبەر ئەم هەستە و كۆچی ناچارییانەی كورداندا بۆ ئیستەنبوڵ ڕوو بە حەیدەر ناوێكی كورد دەڵێت:

لەوێ بەو شاخانەوە کەو بووین

لێرە لە زبڵداندا بووینە قەلەڕەش

ئەم شارە ملی شکۆمانی شکاند

خستمانی، نزمتر لە زەوی نوقمی کردین

پێم نەگوتی حەیدەر، نەمگوت؟

ئەستەنبوڵ هەڵمان دەلوشێ

پێم نەگوتی حەیدەر، دە بڵێ پێتم نەگوت؟

ئەم شەوە بێشەرەفانە، مرۆڤ دەفرۆشن

لەوێ ڕێبواری ڕێگای هیوا بووین

لێرە بە دەست قەحپەوە مەزەین

لەوێ پێڕانەگەیشتین عەشق چییە

لێرە بەدەست ژنی سۆزانییەوە بووینە قەشمەڕ.3شیعری یوسوف خەیاڵۆغڵو، گۆرانی ئەحمەد کایا، وەرگێڕانی سیا نەریمان بە کەمێک دەستکارییەوە.

نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا بە زۆری مۆنۆلۆگ بەسەر دایەلۆگدا پەسەند دەکات، بەڵام لە هەندێ پاراگرافدا بۆ خەڵەتاندنی خوێنەر، دایەلۆگ دەکات بە ماسكێک تاکوو لە پشتیەوە کەسایەتیی خۆی بشارێتەوە.

نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا بە زۆری مۆنۆلۆگ بەسەر دایەلۆگدا پەسەند دەکات، بەڵام لە هەندێ پاراگرافدا بۆ خەڵەتاندنی خوێنەر، دایەلۆگ دەکات بە ماسكێک تاکوو لە پشتیەوە کەسایەتیی خۆی بشارێتەوە. “کەچی لە مۆنۆلۆگدا کارەکتەر وەکوو کەسێکی لێدێ کە سەرخۆش بێت یان لە حاڵەتی بەنجکراویدا بێت، بۆیە لە هەریەک لەم کاتانەدا مرۆڤ گوێ بۆ سانسۆرکردن ناگرێت و بیر و باوەڕە ڕەسەن و ڕاستەقینەکانی دەردەبڕێت”.4شەپۆلی هۆش لە ڕۆمانی کوردیی، د. دیار فایەق مەجید، بڵاوکراوەی کتێبخانەی خاک. ٢٠٢١، ل٤٤ لە لاپەڕە ٣٦دا کاتێک هیوا لەگەڵ شۆفێرێک بە ناوی عەلی کونەبوو سەردەکەوێت بۆ ئەوەی بچێت بۆ ماڵی هەڵمەت، لە سەرەتادا بە کەسی سێیەمی تاک، هیوا و شۆفێرەکە بە خوێنەر دەناسێنێت. ”هیوا بە شۆفێرەکەی وت، ئەگەر مسافری دیکەش لە نێو ڕێگادا تووشی هات کە ڕێگاکەی بەوانی دەخوارد سواری بکات، بەڵام ئەو وتی کە ماندووە و زۆر تاقەتی نییە و ئەیهەوێ کەمێک خێرا بڕواتەوە پشوویەک بدات.

پشوو… هیوا هەستی کرد کە چەندین کاتژمێرە بۆ ئەم وشەیە دەگەڕێت، لە بەرخۆیەوە وتی: ئەرێ پشوو، شوفێرەکە وتی چی؟ 

 – هیچ هیچ لەگەڵ خۆم بووم.

– ئا زۆر باشە. بە دوکەڵی سیگار عاجز نابی؟ قەینا سیگارێک بکشێم؟”

وەکوو دیارە لە سەرەتا حیکاتخوانی هەموو شتزان بە کەسی سێیەم دەست پێ دەکات کە  لە ڕێگەی دیالۆگەوە، دەچێتە ناو خۆدواندن و دیسانەوە دیالۆگەکە درێژ دەکاتەوە تاکوو زەمینە خۆش بکات باسی برینی کوردانە بکاتەوە، ”هەروا بە دەمیدا هات: تا ئێستا قەت بووە هیچ دەنگێک نەبیستی؟” لە بەردەوامی باسکردنی ئەو حاڵەتە دەروونییەدا بۆی ڕوون دەکاتەوە مەبەستی چ جۆرە نەبیستنێکە.

“ـ کوردیت

هیوا خێرا هاتەوە سەرخۆی: ئەم قسانە بۆ کێ دەکەی؟”

بە دابارین لە دەقەکە دەرکەوت هیوا وەکو سەرخۆشێک ئاگای لە خۆی نەبێت بەردەنگی کێیە دەپرسێت. دیالۆگەکانیان درێژە دەکێشێ بەوەی کە بە وتەی باوەگەورەی عەلی، ئەویش ڕەچەڵەکی کوردە لە بنەڕەتدا. بەڵام بە ئاماژەدان لە چەند شوێنیکی تری ڕۆمانەکەدا بەو کارەکتەرەی کە شوفێرە، دەبێ کورد بێت، چونکە کوردی لوڕ زۆرن لە تاران کە کاری شوفێری دەکەن، بەڵام ئەوان لوڕن، بەهۆی ئەوەی کە لە تاراندا گەورە دەبن تەنیا ئەوەندە دەڵێن کە باوەگەورەیان وایان وتووە. ئەوەی لە ناوی عەلی کونەبوو، دیالۆگەکانی تر هاتوون، کە بە عەلی ئەڵێ، ئەبێ ئێوە کورد بن هەروەها عەلی کرێیەکەی لێ وەرناگرێ جارێکی تر ماسکی ترن تا لە ژێریانەوە باس لە کوردبوون دەکەن. ئەویش بەوەی کە کونەبوو سەری بە هەر چوار لادا دەسوڕێنێ، واتە ئاماژەیە بۆ چوار پارچەبوونی کوردان، کورد لە خۆیەوە بەوە ڕاهاتووە هەمیشە بۆ چوار لا سەری مەبەست ناومێشکی کوردە کە چوار پارچەبوونیانە.

ڕووبەرگی ڕۆمانی “سژین” چاپکراوی “مەم و زین” هەولێر ٢٠٢١

هەروەها لە ڕێگەی دایەلۆگی ‌هیواوە لەگەڵ سارا و نازلی، نووسەر تیشکی خستووەتەسەر بینینی غەیرە کورد بۆ کورد. ئەمە جگە لەوەی لە مۆنۆلۆگی هیوا سەبارەت بە ناسینی خۆی لەگەڵ هەڵمەت کە چۆن لە سەرەتادا بە سوارە خۆی پێی ناساندووەو دواتر دۆستایەتییەکەیان پتەو دەبێت باسی لە دیاردەی بە گرنگ هەژماردنی مەسەلەی دۆستایەتی لە ناو کورددا دەکات.

نابێت ئەوەمان بیر بچێ بۆ ئەوەی هەندێ حوكم و پێوەری كۆمەڵایەتی نەكاتە موڵكی نووسەر، گێڕەرەوە جار جارە دێت لە پاش گێڕانەوەكەی، لەناو كەوانەیەكدا تێبنییەك دەنووسێت. وەك: لاپەڕە ١٥: (بە هەرمانا)؛ لاپەڕە ٢٩: (دەی وا دەڵێن)؛ یاخود لە لاپەڕە ٨دا لە سەرەتا پاراگرافدا نووسراوە: ”بە دەردی تارانی دەڵێن، هیوا منداڵی شارستان بوو.”

ئەم ڕۆمانە، هاوتەریب لەگەڵ گێڕانەوەی چەند حیكایەتێكی ڕۆژانەدا كە دەكرێ بەسەر هەر مرۆڤێكدا بێت. بە ئاماژەدان و ڕستەی كورت و درێژ و هەندێ جاریش لە پەرەگرافێكدا دیاردەكان هەڵدەسەنگێنێت. غرووری فارسییانە و تارانییانە لە بەرانبەر تاكی تێشكاوی شارستانی(خەڵکی شارە بچووک و گەورەکانی دیکەی ئێران کە دەچنە تاران) و نافارسدا بەهۆی گوتاری زاڵی میلیگەراییی ئێرانییانەوە، دەسەمۆیی مرۆڤی مۆدێرن بە دیار ڕووداو هۆكارە زاڵەكانی ژیانی سەردەمەوە، تێكشكاوی و تەسلیمبوونی كەسی تاراوگەنشین بە كۆمەڵێك یاسا و ڕێسای نائاشنا بە ڕۆحی كەسەكە لەو لایەنانەن كە نووسەر ئاوڕیان لێ دەداتەوە. ”ئیتر هیوا بڕیاری دابوو ئەو دوو لاقە چڵکنە درێژە هەر سەیریش نەکات.”(ل٦) كە مەبەست لە بینا سپییەكەی مەیدانی ئازادیی تارانە. یاخود ئەگەر بووکی هەزار زاوا لای حافیز هەموو گێتی بووبێت، ئەوا لە چاوی هیواوە هەموو تاران بوو، چونکە “بێدەنگییەکەی نائاسایی دەستی بە سەراگرتبوو لە بەر چاوەکانی خوا نەیدەتوانی بخەوێ هەرچەندە زۆریشی خەو دەکات بەڵام شەرمی لەچاوی تارانییەکانی ئەودیو پەنجەرەکان دەکردەوە”. دواتر بە هێنانە ناوەوەی دیدی سویدییەکان بۆ برایم وەکوو سەرڕەشێک گێرانەوەکەی تەواوتر كردووە کە سەفەرەکە کۆتایییەکی ڕۆژئاوا بێت و دەردەکەی هیوا و برایم قووڵتر ببنەوە و چاوەکانی لێیان دەڕوانن زیتتر و کپتریان بکاتەوە.

ئەم ڕۆمانە باس لە ناسنامەی دزراو- بزربووی تاکی کورد دەکات کە لە نائاگایییاندا جێگیر بووە.

گێڕەرەوەی هەمووشتزان بە بەکارهێنانی دەستەواژەی “چاوەکانی خوابە زۆری خەریكی گێڕانەوەی لایەنە دیار و نادیارەكانی كارەكتەرەكانی هیوا، هەڵمەت، ئیلهام، سارا و نازلییە. بەڵام لە گێڕانەوە و باسی ئەوانی تردا، لە زمانی كەسانی ترەوە ڕووداو و شتەكان دەگێڕێتەوە. یان لە گێڕانەوەی باسی برایمدا كە سی ساڵە لە سوێدە شتەكان بە گریمانەیی دەڵێت. هەرچی لەبارەی “ئاوات”ـەوەیە تا ڕادەیەك حوكمی لەسەر دەدات و پێمان دەڵێت كە ساویلكەیە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت لەوە زیاتر نایەوێ ئاوات بە خوێنەرانی بناسێنێت کە هەمان حاڵەت بۆ سۆفی و عەلی و کونەبووش دێتە پێشەوە، یان بە جۆرێك دەیەوێ بڵێت هێندە قووڵ نییە كە خوێنەر بە ئاشكراكردنی و ناسینیەوە سەرقاڵ بكات. هەروەها لە باسكردنی باوك و دایكی سارا و ڕۆزا، هەستی، موجتەبا و كەسانێكی تریشدا هێندە كە زیان لە گێڕانەوەكەی نەدەن لەسەریان دەڕوات. لە دوای تەواو خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، خوێنەر کەمترین مەزەندەی بۆ لایەنی فیزیکی هیوا لا دروست نابێ. بەڵکوو ئەوەی لای خوێنەر دروست دەبێ ناسینی ناوەوەی هیوایە چۆن لە سەرەتاوە پڕ بە جۆش خرۆشەوە هەموو هاوینان هەر لە دوای تەواوبوونی خوێندن، لە چواردە ساڵییەوە، سێ مانگ دەهاتە تاران و لەوێ ئیشی دەکرد دواتر دەچێتە ناو سیاسەتەوە، لە کۆتاییی ڕۆمانەکە وازی لە سیاسەت هێناوە و تەنانەت ئامادە نییە یەک هەفتەش لە تاران بمێنێتەوە. سیگارکێشان، مەشروب خواردنەوە و کتێب خوێندنەوە، چوونە کافتریا و پێشانگای هونەری ئەو زیاتر باسی لێوە کرا تاکوو لایەنی فیزیکییەکەی، لە دابارینی لایەنی دەروونی هیواوە کەسێکی حەماسی، نائارام و بێهیوایە هیوا. کە ترسی هەیە لە ئاپارتماندا بژی. ئەوەندەی وەسفی دەوروبەر و شوێن لەم ڕۆمانە گرینگی پێ دراوە ئەوەندە وەسفی کەسایەتییەکان لە ڕووی ڕواڵەتەوە زەق نەکراونەتەوە. وەکوو وەسفی ژوورەکەی هەڵمەت، کۆڵانەکانی تاران، ناوپاسەکان، مەیدانی ئازادی، پارکەکەی هیوا تیایدا خەوی پیائەکەوێت، ڤێلاکەی ماڵی سارا،… ”هاڵێکی بچووک و جەموجۆر و ڕێکوپێک بوو. مێزێکی کار کە لە تازە ئەچوو و کورسییەکی گەورەی تەگەرداری چەرمی لە پشت بوو و دو مۆبلی قاوەیی چەرمیش کە ئەگەرچی کەمێک کۆنە دیار بوون، بەڵام هێشتا بایی ئەوەندەیان تێدا بوو کە پێیان بڵێی نەرم و خۆش، لە پێش مێزەکە دانرا بوون کە مێزێکی بچووکیش لە نێوەڕاستیاندا بوو […] موکێتێکی ئەستووری بەنەوشەیی سادە لە عەرز ڕاخرابوو، کە سووچاوسووچ لە دیوارەکاندا توند ببوو. بە یەک چاولێکردن دەکرا بزانی تەنیا شتێک کە لەم ماڵەدا گرینگی پێ نەدراوە، تەبابوونی ڕەنگەکانە بەیەکەوە، قاوەیی و سپی و بەنەوش و چەندین ڕەنگی ناتەبای دیکە. هەڵبەت ئەمە زیاتر لەوەی کە لەبەر تایبەتمەندییە کەسییەکانی هەڵمەت بێت، لەبەر ئەوە بوو کە لە هەرزانبازاڕەکاندا هەر ئەوانەی دەست کەوتبوو و کڕیبووی.” (ل١٣، ١٤) وەسفکردنی ژوورەکەی هەڵمەت لاپەڕەیەک لەخۆ دەگرێت بەڵام یەک دێڕیش لە وەسفی فیزیکییەکەی بۆ تەرخان نەکراوە. ڕەنگە نووسەر ویستبێتی بەو وەسفانەی کە لە ڕۆمانی کلاسیکدا بۆ لایەنی فیزیکی کارەکتەر دەکرا، ڕۆمانەکەی خۆی بە گرنگی نەدان بە وەسفی دەرەوەی کەسایەتی لە ڕۆمانی تەقلیدیدا وەردەرهێناوە و ویستوویەتی بڵێ ئیتر بە دەبێت گرنگی بدەین بە لایەنی دەروونی کەسایەتی، دەکرێت ئەو حوکمەی داویەتی بەسەر ڕەنگەکانی ژوورەکەی هەڵمەت ڕاست بێت بەڵام ئەگەریشی هەیە پاکانەیەک بێت بۆ لە دەستەڵات نەبوونی هەموو وەسفێک. ئەوەی لە پارسەنگی ئەوەدا هێناویەتیەوە گرنگی دان بووە بە فرەیی شێوەزار و بن زار و گۆڤەرە دەوڵەمەندەکانی زمانی کورد. ئەو هاتووە زۆر کاری کردووە لەسەر زمان تەنانەت خۆیشی بەڵگەی بۆ ڕاوبۆچوونەکانی خۆی هێناوەتەوە چۆن بە ئاگایی و مەبەستیشەوە ئەو ڕستانەی هۆنیوەتەوە، وەکوو دروستبوونی (دە) بە جێگەی (ئە) لە کردارەکاندا هەرچەندە وەکوو یەک هەردووکیانی بەکار هێناون.

blank
ئەنوەر عەباسی (هەرەس) نووسەری ڕۆمانی “سژین”

هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێی دا، ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ چاپ و بڵاوبوونەوەی (سژین) لە ئەوروپا، یاداشتێکی کورتم لەبارەیەوە نووسی کە لە خوارەوە بۆ درێژەی ئەم خوێندنەوەیە بە کەمێ گۆڕانکاری دایدەنێمەوە.

ڕۆمانێک بۆ بێدەنگییەکی ڕەها

ڕۆمانی سژین لە ڕێگەی بیۆگرافیی هیوا و هاوڕێکەی-هەڵمەت-ەوە بۆ ناو ئۆتۆبیوگرافی ئەوی تر، واتە تاکی پڕۆبلۆماتیکی کورد پەل دەهاوێژێت. ”کورد بدوێنە شەرح حاڵی خۆی دەکات”، ئەم ڕۆمانە باس لە ناسنامەی دزراو- بزربووی تاکی کورد دەکات کە لە نائاگایییاندا جێگیر بووە. بە باسکردن لە ژیانی کورد لەسەر خاکی خۆی و کۆچکردنی بۆ تاران تاکوو هەندەران. لەو سەفەرانەدا تاکی کورد ڕووبەڕووی شۆکی کولتووری دەبێتەوە، بەڵام غرووری ئەم تاکە ڕێگە نادات بەزەبزوێن بێت. ”لە ڕاستیدا ئەمەوێت ناوێک بۆ ئەم شەرمکردنەوەی هیوا پەیا بکەم، بەناوی شەرمکردن نەبێ، ئەوەی کە ناتەوێ لە نێو شارێکی غەریبدا یان لە نێو خەڵکی نەناسراودا بکەویتە بەر سەرنج. بە جۆرێک هەوڵدان بۆ هاوڕەنگبوون… یان نا لانی کەم، بۆ ناهاوڕەنگ و زەقنەبوون.”(ل ٨) نووسەر ئەم حاڵەتەی کورد وەکوو نەخۆشییەکی وەهمی لە ڕێگەی شیتەڵکردنی ناونیشانی ڕۆمانەکەوە بۆ باسکردنی سەرچاوەی نەخۆشییە کوردانەکە کە هیچ سنوورێکی نییە و نابینرێت، بەڵکوو خودی نەخۆشییەکە وەکوو برینێکی دەروونی دەبێتە هەوێنی تێماکانی ڕۆمانەکە. سنووری برینەکە هاوشێوەی نەخۆشییەکە و شوێنی کوردانە منداڵدان ئاسا و ‌هاوچەشنی کەیهان بۆشاییەکە و فەزایەکی بێسنوور، ئەگەر جوغزیشی نەبێت هەر هەیە، دەرکەوتەی ئەم برینە لە بێدەنگییەکی ڕەهاوە خۆی ڕاڤە دەکات. هیج ڕەنگیکی نییە و هەموو ڕەنگێکیشە. ئەو برینە نەبینراوە وەکو کۆلکەزێڕینە، ئەستێرەی کلدارە، پڕوشە، نەبوونی لە دەرکەوتەکانییەوە دەچریکێنێت. نووسەر لە ڕێگەی خۆجوین(مۆنۆلۆگ)ەکانییەوە پێناسەی دۆزی نەتەوەی کورد دەکات. ئەگەر چەمکی نەتەوە بە خاکێکی هاوبەش، مێژوویەکی هاوبەش، زمانێکی هاوبەش، ئەفسانەی هاوبەش، پەیوەست بێت ئەوا بۆ کورد بەندە بە بیرکرنەوەیەکی هاوبەش و گرنگی ستراتیژی جوگرافیاکەی. نووسەر بە ئاوڕدانەوەی بە ناو مێژووی مرۆڤایەتیدا باسی مێژووە شێواندراوەکەی کورد لە بێدەنگییەکی نائاسایی دەکات. ”… بەڵام بێدەنگیی موتڵەق لەو شێوەیەی کە بەسەر هیوادا هاتووە، تا ئەو جێگایەی کە دەیزانی، تەنیا دەکرا لە بۆشایی ئاسماندا کە مەلەکولەکانی هەوا بوونییان نییە، ڕوو بدات کە ئەویش دیسان ئەگەر و مەگەری زۆرە. واتە تەنانەت لە ناوشیاریی مێژوویی مێشکی بەشەریشدا، ئەم ڕووداوە پێشینەی نەبووە. مرۆڤ بە درێژایی مێژوو لەگەڵ تاریکیی موتڵەقدا ئاشنایەتیی هەبووە، بەڵام بێدەنگیی لەم چەشنە نا. بۆیە شانازی بە هیواوە دەکەم کە ئاوا بەبێ خۆدۆڕاندن، خەریکە بۆ خۆی شرۆڤە دەکات و هەوڵ ئەدات لە دەرەوەی خۆیەوە سەیری بابەتەکە بکات.”(ل٢٢، ٢٣)

دوپاتبوونەوەی “خۆ” لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە وەکوو لە سەرەوە ئاماژەی پێ دراوە تاکوو سەر بەرگی دواوەی ڕۆمانەکە ئاماژە بە جۆرەکانی (خۆ) دەکات، تێکشکاندنی یەک یەکڕیتمی کاتەکانی گەڕانەوە لەخۆ دەگرن چونکە خۆکان لەت لەت بوون. ”هیچ ئەکتەرێک ناتوانێت لە سەر شانۆ یان بەرامبەر کامێرا خۆی بێت. لەوێدا (خۆ) مانای نییە. لە کاتی ڕۆڵ گێڕاندا، یان ئەبێ بەو شتەی کە حەز ئەکات خەڵک بەوە بیبینن یان ئەبێ بەو شتەی کە خەڵک حەز ئەکەن بییبین. قەت (خۆ)یەک بوونی نییە. ئەو ئەکتەرەی کە ئەڵێ من لە سەر شانۆ خۆمم، تەنیا تووشی خراپ حاڵیبوونێکی بچووک بووە. لە ڕاستیدا یەکێک لەو خۆمانەی کە چەندین جار ڕۆڵەکەی گێڕاوە بە خۆی قاڵبی دەکات و لەوە بەدوا ئەو خۆمە بە خۆمی ڕاستەقینە دەزانێت. لە کاتێکدا خۆمی ڕاستەقینە تەنیا لە خەونەکانەوە دێتەوە لای. ئەو خەونانەی کە ناویان دەبێت بە (کابووس). چ کابووسێک گەورەتر و سامناکتر لەوەی کە لەگەڵ حەقیقەتی خۆتدا ڕووبەڕوو ببێتەوە؟”(ل ١٥٢، ١٥٣) ئەم خۆیە دەمانباتەوە بۆ چیرۆکی خودا- ئیبراهیم- ئیسماعیل. دەکرێت بڵێن ئەو ڕۆمانە لەسەر بنەمای تثلیث(سێ مانگێک)، لە لاپەڕ ٢٣٩ باسی ڕایەڵی هەر خۆیەک بە خۆیە لێکدابڕکراوەکانی کورد دەکات ئەویش بە دووپاتبوونەوەی سێ و چوار ئاماژەیان پێ دراوە. ”چاوە بووکەڵەییەکانی سێ چوار جار ترووکاند وەکوو کونەبوو.” (ل ٢٤٩)

تاکی کورد دەتوانێت پشتی سەریشی ببینێ وەکو کوندەپەپوو “سێ چوار مانگ”(ل٢٥١) ، “سێ چوار ڕۆژێک”(ل ٢٤٣)، “سەعات لە چوار لای دابوو”(ل٢١٩) ”بەشی سێ ڕستە” ناکات.”(ل١٠٨) هەر چەندە چیرۆکەکەی ئیبراهیم لە ئایینە ئاسمانییەکانەوە کەمێک تەفسیری جیاوازی بۆ کراوە، بەڵام ئەگەر ئەوەی ئایینی ئیسلام وەربگرین و پەلوپۆکەی لەو ڕۆمانەدا باس بکەین ئەوە هەمان نهێینی باسنەکراوی نێوان خودا و ئیبراهیم بۆ کێشەی کورد دەست دەدات. بۆ چی ئیبراهیم باسی ئەو پەیمانە نەنووسراوەی نێوان خۆی و خوا ناکات کە لە خەودا پێی ڕاسپێردراوە، بۆ لە بەرانبەر داواکارییەکی خوادا دەڵێ: من ئەوەم کە هەم. ئامادە دەبێت کوڕە خۆشەویستەکەی خۆی وەکوو سزای لێخۆشبوون بکاتە قوربانی. ئایا دەکرێت کەسێک گوناهی نەکردبێت داوای لێخۆشبوون بکات؟ بۆ دواتر خوا لە داواکارییەکی دەبوورێت و بەرانێکی بۆ دەنێرێت تاکوو بیکاتە قوربانی. ئەو نهێنییە هاوچەشن- جودا لە نهێنیی مەحکوم بە قوربانیدانی ڕۆڵەی کورد پەیمانێکی نەنووسراوە و فەرمانپێکراو مەحکومە جێبەجێی بکات. ئەو پەیمانەی کورد بە تۆلێڕانسەوە و بە بەخشینی خوێن جێبەجێی دەکات، بەڵام کەی دەبەخشرێت؟ لە حاڵەتەکەی کورددا باوک، کوڕ دادگایی دەکات و کوڕ، باوک دادگایی دەکات. ئایا ڕەوایەتی بە باوکە یان کوڕ؟ جێگەی سوژە و ئۆبژە گۆڕاوە؟\یان سوژە ون بووە. کوڕ بە دوای باوکە ونبووەکەیدا دەگەڕێ، باوکێک جارێک ون بووە و بووەتە نۆستالژی. ”یەکەم جارەکان گرینگن… یەکەم جار وەکوو هیچ شتێک نییە. دووهەم جار و سێهەم جار نییە. دووهەم جار و سێهەم دووبارە ئەبنەوە، بەڵام یەکەم جارەکان قەت. لەوانەیە زۆر هەڵە نەبم ئەگەر بڵێم نۆستالۆژییەکان هەر لەم یەکەم جارانە ساز بوون”.(ل ٢٣٩) جارەکان لە یەکەم جارەکانەوە دروست دەبن، یەکەم جارەکان دەبنە نۆستالژی بۆ دووەم جارەکان. بوونی هەردووکیان لە سێیەم جارەکاندایە وەکوو بیرکردنەوە زمانە یان زمان بیرکردنەوەیە کە سیستەمی زمانی کۆمەڵگایەک ناکۆتا دووبارەیان دەکاتەوە. یەکەم محەمەد – ئارام – هەڵمەت ئەمانە هەموویان یەک کەسن، بەڵام سژین یان سۆژین چی؟ ”حاڵەتێکی تایبەتی برینە کە هاوکات هەم دەخورێ و هەم ژان دەکات. ئەو کاتەی کە ئەگەر چی ئەزانی ژان دەکات و نابێ دەستی لێ بدەی هەتا خۆی چاک ئەبێتەوە، بەڵام هەر نینۆکی تێ ئەچەقێنی و ئەیخورێنی… چەند جوانە! ئەڵێی لە ئاسمانەوە کەوتووەتە خوارەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە پێش و پاشی خۆیەوە نییە. ساتەوەختی زێڕینی چێژبەخشین. بەدەر لەوەی کە مازۆخسیمی ناخی تاک تا چ ڕادەیەک دەسەڵاتدار بێت، دەست خستنە نێو (سژین) لەم کاتانەدا، تەنیا کاری چێژبەخشی دونیایە… سژین چ ئەفسونێکی بەردەوامی تێدایە…” ل. ٦٩، ٧٠ و ١٢٦ و ١٩٥). ئەو برینەی نابینرێت تەنیا تاکی کورد هەستی پێ دەکات و لە شادەمارەوە تاکوو وردترین موولوولەی خوێنی هەیە، هەستی پێ دەکات و نایەڵێت بە هیچ دەوایەک جگە لەخۆدەواکەی قەتماغە بگرێت، چونکە ئەگەر قەتماغە بکات و چاک ببێتەوە ئیتر سارێژبوونەوەیەکی درۆینە، ئەو دەوایەی کورد بە دواوەیەتی هاوشێوەی درەختی نەمریە. بۆیە دەبێت زوو زوو بڕوشێنرێت تاکوو ژێرەوەی ڕاستەقینەی برینەکە دیار بێت دەنا وەکو تابلۆیەکی هونەری تەرجومەی جیا جیای بۆ دەکرێت بە ویستی وەرگێڕ. ” گرێوت لەگەڵ دەکەم ئەگەر بکرابا بە ئامێرێک ئەو نیگارە بڕوشێنین و ڕەنگەکانی سەرەوە بتاشین و لای بەرین، ژنە ڕووتەکانی مێشکی نیگارکێش دەرئەکەون.”(ل ٥٢) “ئەو برینە بە پیتی یەکەمییەوە ” … ڕەنگە پیتی (ک)…”(ل ٧١) ، ” یەکەم ڕۆژی دیتنی (ک)” (ل٧٠) باس دەکرێت بەڵام هەر وەرگێڕانێکی بۆ ناکرێت. دەوای ئەو نەخۆشییە (ستان)ە، (س) سەرەتای سژینساڕێژی برینی ژینە. سژین، کوردانەیە و ئەو بزرۆکەیە مەودای دۆزینەوەیەی دەرمانەکەیەتی. دەبێت کورد بیت دەنا نابینرێت. هەرچەندە (سۆژین) برینێکی بە سۆیە. ”هێشتا تامی سۆسەکە لە بن زمانی ..”(ل١٦١) بەڵام کورد نایخوازێت دەم خونچە بکات و زوو تامی بکات ڕەنگە نەتەوەکانی دراوسێی بخوازن زوو تامی بکەن ئەو تامە بکەن کە زایەقەیان پێی ڕاهاتووە، بەڵام کورد ئەم زووەی ئەوان دوادەخات و لە هاموشۆی زوو- درەنگدایە تاکو بنەماکەی بدۆزێتەوە. کوردبوون وەهم- حەقیقەتە، ”ئێمەیش ئەبێ ببینە خاوەن وڵات”(ل٢٤١) ئەو وەهمەی کە بیرکرنەوەی تاکەکانی بچووک کردوەتەوە کە مژۆڵی دەوڵەت هاوشێوەی نیشتمانەکەیان ژێرمێشکیانی داگیرکردوون و ناپڕژێنە سەر هونەر. هیوا، هەڵمەت، سوارە…کان بە دوای ئازادییەوەن، هونەری کوردان مات نییە بەڵکوو دەنگی لێ بەجێماوە.


پەراوێزەکان

  • 1
    Milan Kundera, L’Art du roman, dans Œuvres, Paris, Gallimard, Bibliothèque de la Pléiade, 2011, tome II, p. 641
  • 2
    ئەم لام و ژمارانە تا کۆتایی باسەکە ئاماژەن بە لاپەڕەکانی ڕۆمانەکە و لە چاپی یەکەم ٢٠١٨ چاپەمەنی ئەرزان، سوید، بەبێ دەستکاریکردنی ڕێنووس و بژوەی دەقەکە.
  • 3
    شیعری یوسوف خەیاڵۆغڵو، گۆرانی ئەحمەد کایا، وەرگێڕانی سیا نەریمان بە کەمێک دەستکارییەوە.
  • 4
    شەپۆلی هۆش لە ڕۆمانی کوردیی، د. دیار فایەق مەجید، بڵاوکراوەی کتێبخانەی خاک. ٢٠٢١، ل٤٤