خۆڵبارینێك کە بۆ کۆتا جار بۆنی گوڵەبەڕۆژەی لەگەڵ خۆیدا هێنا

بە گەرمیان پێشکەشە،

بەوانەی ئێسکەکانیان هێشتا زیندووە،

بەوانەی زیندەبەچاڵکردنیش نەیتوانی بیانشارێتەوە.


باران و -با-. ڕەشەبایش. شەڕیانە. با و باران شەڕیانە. -با-یە؟ نا خۆڵە. خۆڵ ئەبارێ. کەشوهەوا سامناکە. سامناکە بە گوێرەی ئەوەی من ئەیزانم. خوا ئەزانێ لەو خۆڵەوە چیمان بۆ دێت؟! عەرەب؟ نا. بۆ عەرەب چییەتی؟ خۆ کێشەیشی نییە. عەرەبیش وەکوو ئێمە قەومە. ئاژاوە؟ ئاژاوەمان بۆ ئەهێنێ؟ نازانم!؟ چیمە؟ -با- تێکەڵی باران بووە. گەڵاکان سەما لەگەڵ باراندا ئەکەن. هاوین لە بەهاردا هاتووە. ئەڕۆن، گەڵاکان ئەڕۆن، لەگەڵ -با- هەمیشەیییەکانی ئەم وڵاتەدا ئەڕۆن. سەما دەکەن. ناخۆشییەکەی ئەوەیە سەماش دەکەن. گەڵا وشکەوەبووەکان بەرەو شوێنێك ئەچن کەس نایزانێ. دەڵێن ئەو -با-یە لە باشوورەوە هاتووە. ئەو گەڵایانەش ئەبەن. گەڵاکانیش خۆیان زەرد بوون. حەوسەڵەیان نەماوە. لەوە ئەچێ خۆیشیان بێغیرەت بن. نەتوانن ڕووبەڕووی -با- ببنەوە. ئەو -با-یەی گوایە لە باشوورەوە هاتووە. -با-؟ نا، خۆڵ. خۆڵ و با.

بیری-با- ئەکەم. -با- نا، باوکم، بیری باوکم دەکەم. ڕەنگە ئێستا تێكەڵ بەم خۆڵبارینە بوبێت. بۆنی ئەکەم. بۆنی باوکم تایبەتە. یەکسەر ئەیناسمەوە. بۆنی ڕووەکێکی تایبەتی لێ ئەهات. ئەهات! بەڵێ ئەهات. دومەڵان؟ نا نا دومەڵانی چی؟ بوەستە! تۆڵەکە؟ ئۆف تۆڵەکەی چی؟ چییە “ئاسکە” تێك چووی؟ تۆڵەکە کوا بۆنی هەیە؟ هین، ئەو شتە، بۆنی گوڵەبەڕۆژەی لێ ئەهات. ئەبێ نەیبینمەوە؟ زۆری بیر ئەکەم. خۆ دەمێکیشە نەماوە. دە ساڵان بووم کە ڕەشەبایەک ڕای گواست. بەپەلە من و دایکمی نارد بۆ سلێمانی و خۆی مایەوە. بیرمە دایکم هەموو دەموچاوی خۆی ڕنییەوە. بە نینۆک؟ ئەی قابیلە بە چی، هەر بە نینۆک. ئەیگوت ناڕۆم. منیش هەر ئەگریام. دایکم ئێستایش لە چاوەڕوانی باوکمدا ڕۆژ ئەباتە سەر.

بیرم نایە بەچی ئەژیاین. ئەژیاین ئیتر. کەست بینیوە لە برسا بمرێ؟ وەڵا خۆ بینیومە لە برسا مردووە. ئەی لە گرانییەکە حاجی تۆفیقی دراوسێمان لە برسا نەمرد؟ با با، مرد، لە برسا مرد. ئەو ڕۆژانەم بیرە دایکم ئەچوو بۆ بازاڕ و سەیری خەڵکی ئەکرد. کاسبی نەئەکرد. نا، کاسبی چی؟ ئەچوو لە خەڵکی ئەڕوانی. زۆر کات منیشی ئەبرد. لە خەڵکی ئەڕوانی و جار جار لە بەردەم خۆیەوە ئەیوت: “بۆنی خۆڵمان گرتووە ئاسکە. دونیا زەرد ئەبینم. زەرد وەک خۆرە بەتینەکەی گەرمیان.” بیرمە جارێکیان پێم گوت:

– دایە، خۆر زەردە؟

– لە گەرمیان خۆر زەردە.

– بۆ گەرمیان چییە؟

– گەرمیان هەمیشە ئەترسێ.

– لە چی؟

– لە خۆڵ.

نەمئەزانی مەبەستی چییە. داماوە لەوانەشە مەبەستێکی نەبووبێ. هەر وڕێنەی کردبێت. بیری باوکم ئەکەم. ئەبێ خانووەکەمان مابێ؟ ئەو خانووەی پڕی بوو لە هەناسەی فێنک. زۆربەی خانووەکانی گەرمیان هەناسەی فێنکیان تێدایە. هەناسەی فێنک چییە ئاسکە؟ نازانم. هێندەم بیرە کە هەناسەم ئەدا، دڵم فێنک ئەبووەوە.

بە ڕۆژێك بەر لەوەی ڕای گوێزن، هاتەوە ماڵەوە، بێتاقەت بوو. وەک هەمیشە بۆنی گوڵەبەڕۆژەی لێ ئەهات. دەرگا شڕەکەی ماڵەوەی کردەوە و -با- یەک دوو جار کردیەوە و دایخستەوە. بیرمە خۆڵ ئەباری. وەک ئێستا. بە پێکەنینەوە بە دایکمی گوت:

– “ناهیدە” تۆ و “ئاسکە” ئەبێ بڕۆن. هەرچی زووە بڕۆن. -با-یەک لە جنووبەوە بەڕێوەیە. ئەڵێن بەهێزە. هەرچەندە هەندێکیش ئەڵێن هیچ نییە و بڕوا ناکەم خەڵک بڕۆن، بەڵام من سیقەم بە هیچ -با-یەک نەماوە.

دایکم بە خەندەوە وەڵامی دایەوە:

– -با-ی بەهێزمان زۆر بینیوە پیاوەکە.

– نا ئەمەیان جیاوازە. ئەڵێن ئەمەیان بۆنی ناو گۆڕی لێ دێت.

– ناو گۆڕی چی؟

– نازانم.

هەردووکیان تا ماوەیەکی زۆر بێدەنگ مانەوە. پاشان باوکم گوتی:

– دەبێ بڕۆن.

دایکم ئیتر خەمی لێ نیشت و گوتی:

– ئاخر بچین بۆ کوێ؟

– خۆم سەیارەتان بۆ ئەگرم و بچن بۆ سلێمانی. هەرچی زووترە ئەبێ بڕۆن.

– ناڕۆین. منیش دەمەوێ بۆنی ناو گۆڕ بکەم.

باوکم قاقایەکی لێ دا و گوتی:

– بۆنی ناوگۆڕ ئەتخنکێنێ ئافرەت.

زۆری بیر ئەکەم. لەگەڵ هەر خۆڵبارینێك ئەوم دێتەوە یاد. هەر کاتێك خۆڵ ئەبارێ، دایکم دێتە دەرەوە و تەماشای ئەکات. خۆڵبارینەکەی ساڵی پار ئێسکەپەیکەری چاکی هێنایەوە. بیرمە خەڵك لە دەست ئێسکەکان ڕایان ئەکرد. دایکیشم بەدوای ئێسکەپەیکەرەکاندا ڕای ئەکرد و یەک یەک بۆنی ئەکردن. ئەیویست بزانێ کامیان بۆنی گوڵەبەڕۆژەی لێ دێت. بە گریانەوە گەڕایەوە و گوتی: “کەسیان بۆنی گوڵەبەڕۆژەیان لێ نەهات ئاسکە.”

خۆڵێکی باش ئەبارێ. وەک هەمیشە پڕیەتی لە بیرەوەری. خۆڵ بۆ ئێمە بیرەوەرییە. شتی وات لە کوێی دونیادا دیوە ئاخر؟ با، ئاخر ئێرە هیچ کوێیەکی دونیا نییە. تێر بۆنی خۆڵ ئەکەم. دونیا زەردە. پەیتا پەیتا خۆڵ لەسەر سەرم ئەنیشێت. هەروا بۆنی ئەو خۆڵە ئەکەم. ناو لووتم پڕ بووە لە خۆڵ. سییەکانم خەریکە قەپات ئەبن. تۆ بڵێی قەپات بن؟ چاوم نوقاند. کردمەوە. بۆنی گوڵەبەڕۆژە ئەکەم! بەپەلە چاوم کردەوە. ئێسکەپەیکەرێك بە بەردەممدا ئەفڕێت. بۆنی باوکمی لێ دێت. بۆنی گوڵەبەڕۆژە. هەناسەیەکی قووڵ هەڵئەمژم. بەڵێ دڵنیام ئەوە بۆنی گوڵەبەڕۆژەیە. بەپەلە بە شوێنیدا ڕا ئەکەم. دڵم پڕ بووە. دەمێكە بۆنی گوڵەبەڕۆژەم نەکردووە. ئێسکەپەیکەرەکە لە ئاسمان یاری لەگەڵ -با-دا ئەکات. زۆرتر لە سەما ئەچێ. خۆ باوکم سەمای نەئەزانی! هەروا بەدوایدا ڕا ئەکەم.

هەرچۆنێك بووە ئێمەی نارد. دایکم ئامادە نەبوو بڕوا. بە زۆر ئێمەی خستە ناو ئۆتۆمبێلێك کە نازانم چی بوو، بەڵام ئۆتۆمبێلێکی بەرز بوو. ئەو ڕۆژە بۆ کۆتا جار بۆنی گوڵەبەڕۆژەم کرد. گوابوو دوو کاتژمێری تر خۆڵ ببارێت و ڕەشەباکە هەڵ بکا. نازانم. ئێمە ڕۆیشتین. ئەو ڕۆژە ئاسمان زەرد بوو. بۆنی ناو گۆڕ ئەهات. دایکم چەند جارێك هاواری کرد: “بۆنی ناو گۆڕ ئەکەم. بە خوا بۆنی ناو گۆڕ ئەکەم”. بەڵام من بۆنی گوڵەبەڕۆژەم ئەکرد. وەک دایکم ئەیوت: “گەرمیان ئەترسێ”. ڕاستە. ئێمە لە سلێمانیش هەر ئەترساین. بۆنی خۆڵمان ئەکرد. ئێستایش کاتێك بۆنی خۆڵ ئەکەم ئەترسم. یەکدونیا بیرەوەریم لەسەر دەنکۆڵە لمەکاندا هەڵگیراون. ڕقم لە خۆڵە.

بۆنی گوڵەبەڕۆژەکە بردمی لەگەڵ خۆی. بە گریانەوە هاوار ئەکەم:

– باوکە! باوکە!

وەڵام ناداتەوە و سەرقاڵی سەمایە لەگەڵ -با-دا. دووبارە بانگی ئەکەمەوە:

– باوکە! ئەمەوێ بۆنت بکەم.

ئێسکەپەیکەرەکە لە ئاسمانەوە تەماشام ئەکات و پێئەکەنێ. تۆزێکی دیکە سەمای کرد و پاشان دێتە خوارەوە بۆ بەردەمم و دەست بە قسە ئەکات:

– بۆنی چیم لێ دێت ئاسکە؟

– نازانم! گوڵەبەڕۆژە. ناو گۆڕ.

– من باشم ئاسکە خەمت نەبێ.

– بیرت ئەکەم. بیری ئەو کاتانە ئەکەم کە بۆنە گوڵەبەڕۆژەکەت ئەیخەواندم.

– حەزت لە سەما نییە؟

– سەمای چی؟

– سەما لەگەڵ -با-.

تۆزێک ئەوەستم، پاشان بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئەکەم و ئەڵێم:

– من سەما نازانم.

خەندەیەکم بۆ ئەکات و پێم ئەڵێ:

– منیش نەمدەزانی.

– ئەی چۆن فێر بوویت؟

– لە ناو گۆڕدا فێری بووم.

– ناو گۆڕ؟

– بەڵێ ناو گۆڕ.

قاقایەک لێ ئەدەم. هەست ئەکەم پێکەنینەکەم ئەوی جاڕس کرد و ئەمەوێ دڵی هیچ نەکات:

– ببورە، مەبەستم هیچ نەبوو باوکە. بەڵام چۆن ناو گۆڕ مرۆڤ فێری سەما ئەکات؟

بە بێتاقەتییەوە وەڵام ئەداتەوە:

– ناو گۆڕ فێری فڕینیشت ئەکات کچم.

– تۆ فێرم ئەکەیت؟

– نا.

بە توڕەییەوە ئەڵێم:

– بۆ؟

– توڕە مەبە! خۆت فێر ئەبیت.

– حەزم لێیە بۆنت بکەم باوکە.

باوەشم پێدا ئەکات و منیش لە باوەشی ئەگرمەوە. دەست بە ئێسکە ماندووەکانیدا ئەهێنم. بۆنی گوڵەبەڕۆژەی لێ دێت. ئا لێی دێت. پاشان چووەوە بۆ ئاسمان و لەگەڵ -با-دا دەستی کردەوە بە سەما. بۆ کۆتا جار داوایەکی لێ ئەکەم:

– بچۆ بۆ لای دایکم، زۆر بیرت ئەکات.

ئەویش هاوار ئەکات تا دەنگی باشتر بگات:

– ئەمشەو دێمە خەوی.

وا دەڵێت و پاشان ئەڕوات. ڕەشەبا نەما. خۆڵبارین نەما. بۆنی گوڵەبەڕۆژە نەما. ئا نەما. ئاسمانی ساماڵ ئەمترسێنێ. خۆر ئەمترسێنێ. من وەکوو دایکم نیم. لە خۆر ئەترسم. لە گەرما ئەترسم. لە خۆڵ ئەترسم.

ماندوو ماندوو ئەڕۆمەوە ماڵەوە و دایکم لێم ئەپرسێت:

– کچم بۆنی گوڵەبەڕۆژەت نەکرد ئەمڕۆ؟

– نا.

– هەست ئەکەم کردووتە.

– کردم، بۆنم کرد.

دایکم یەکسەر قنج ئەبێتەوە و دێت بۆ لام:

– بینیت؟ دۆزیتەوە؟ ئەی بۆ بانگت نەکرد؟

– ئەمشەو ئەیبینی.

– لە کوێ.

– لە خەونتدا. زوو بنوو. هەوڵدە ئەمشەو زوو بنوو.

شەوە. دونیا وەکوو چاوە بێتاقەتەکانی دایکم خامۆشە. ئاسمان برینی سەدساڵەی نەتەوەیەک بە بێدەنگی دەگێڕێتەوە. هەست ئەکەم ماڵەکەمان دووبارە هەناسەی فێنکی تێدایە. دایکم نوستووە. بۆنی گوڵەبەڕۆژە ئەکەم. بۆ کۆتا جار بۆنی ئەکەم. بۆ کۆتا جاریش هەناسەی فێنک ئەدەم. دایکم ئیدی نوستووە. کەسیش ناتوانێ لەو خەوە هەڵیستێنێ. هیچ هێزێك نییە ئیدی خەبەری بکاتەوە. بۆنی گوڵەبەڕۆژە نەما

١٩ی خاکەلێوەی ٢٠٧٢٣