خودا و ژن له ئێران
***
نه‌نكم یه‌كێك بوو له یه‌كه‌مین ئه‌و ژنانه‌ی كه بیركاری و فیزیایان له زانكۆی ڤێنا خوێندووه. كاتێكیش له ساڵی ١٩٠٥دا خوێندنی ته‌واو كرد، زانكۆكه‌ی بۆ به‌رزترین ڕێزلێنان به‌ربژێری كرد، ئه‌ویش به پێشكه‌شكردنی ئه‌نگوستیله‌یه‌ك كه پیته‌كانی سه‌ره‌تای ناوی ئیمپراتۆری له‌سه‌ر ههڵكۆڵڕابوو. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر هیچ ژنێك هه‌ڵنه‌بژێردرابوو بۆ پێدانی ئه‌م خه‌ڵاته، فرانز جۆزیفی ئیمپراتۆریش ڕه‌تی كرده‌وه ئه‌م دیارییه بدات به هیچ كه‌سێك.
پاش زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك، ده‌شێت مرۆڤ بۆچوونی وابێت كه ئیدی ئه‌و بڕوایه باوی نه‌ماوه كه پێی وابوو ئافره‌تان گونجاو نین بۆ پێگه به‌رزه‌كانی خوێندنی باڵا، ئیدی له هه‌ر بوارێك له بواره‌كاندا بێت. بۆیه هه‌واڵێكی بێزاركه‌ره كه ده‌بیستین كه زیاتر له ٣٠ زانكۆی ئێرانی ٧٠ بواری جیاوازی خوێندنیان له ئافره‌تان قه‌ده‌غه كردووه، كه له ئه‌ندازیارییه‌وه، بۆ فیزیای ناوه‌كی و كۆمپیوته‌ر و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی و زانستی شوێنه‌وارناسی و بازرگانی ده‌گرێته‌وه. به‌پێی شیرین عه‌بادی پارێزه‌ر و چالاكوانی مافه‌كانی مرۆڤ و براوه‌ی خه‌ڵاتی نو‌بڵ بۆ ئاشتی، ئه‌م كۆت و به‌ندانه به‌شێكن له سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ سنوورداركردنی ده‌رفه‌تی كاری ئافره‌تان له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ.
ئه‌م قه‌ده‌غه‌كارییه گاڵته‌جاڕانه‌یه، چونكه ئێران، به‌پێی یونسكۆ، خاوه‌نی زۆرترین ئافره‌تانی زانكۆیه له چاو پیاوان له جیهاندا. له ساڵی ڕابردوودا1كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وتاره به زمانی ئینگلیزی و بۆ یه‌كه‌م جار ١١ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٢ بووه.، ژنان ٦٠ له سه‌دی تێكڕای ئه‌و خوێندكارانه‌یان پێكهێناوه كه له تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌رگیران له زانكۆدا سه‌ركه‌وتوو بوون، و ئافره‌تان له‌و به‌شه پسپۆڕیانه‌دا كه به شێوه‌یه‌كی نه‌ریتی پیاوان تێیدا زۆرینه‌ن، وه‌ك ئه‌ندازیاری، زۆر باش سه‌ركه‌وتوو بوون.
پێده‌چێت سه‌ركه‌وتنی خوێندكارانی ئافره‌ت- و ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه ئافره‌تانی خوێنده‌وار ده‌یگێڕن له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیۆكراتیهت (فه‌رمانڕه‌وایی پیاوانی ئایینی)ی ئێرانی- وای له به‌رپرسانی حكوومه‌ت كردبێت كه هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م هاوكێشه‌یه ئاوه‌ژوو بكه‌نه‌وه. له‌م كاته‌دا، ئافره‌تانی وه‌ك نۆشین كه قوتابییه‌كی ئه‌سفه‌هانییه و به بی بی سی ڕاگه‌یاندووه كه ڕێگری لێ كراوه ببێت ئه‌ندازیاری میكانیك، ئه‌و چیتر ناتوانێت ئامانجه‌كه‌ی به‌دی بهێنێت، هه‌رچه‌نده نۆشین و هاوچه‌شنه‌كانی نمره‌یه‌كی باشیشیان هێناوه له تاقیكردنه‌وه‌كانی وهرگراین له زانكۆكاندا.
هه‌ندێك كه‌س وای ده‌بینن كه بیرۆكه‌ی باڵای یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی دونیابینییه‌كی كولتووری تایبه‌تییه، و پێویسته له‌سه‌ر ئێمه‌ی ڕۆژئاوایی كه هه‌وڵ نه‌ده‌ین ئه‌م به‌هایانه‌ی خۆمان به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بسه‌پێنین. له ڕاستییدا ده‌قه ئیسلامییه‌كان به ڕێگای جۆراوجۆر جه‌خت له باڵاده‌ستی پیاوان به‌سه‌ر ژناندا ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام ده‌كرێت هه‌مان شتیش ده‌رباره‌ی ده‌قه‌كانی مه‌سیحی و جووله‌كه‌كانیش بڵێین. هه‌روه‌ك مافی خوێندن، به‌بێ هه‌ڵاوێردن و جیاكاری، به‌پێی زۆر له جاڕنامه و ڕێكکه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ دانی پێدانراوه، كه به نزیكه‌یی هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جیهان ئیمزایان له‌سه‌ر كردووه، له نێویشیاندا ئێران.
جیاكاریكردن و هه‌ڵاوێردنی دژ به ژنان به‌شێكه له ئاراسته‌یه‌كی سیاسی گشتگیرتری جیاكاری كردنی فه‌رمی له ئێران، به‌تایبه‌تی دژ به‌وانه‌ی به موسڵمان دانانرێن، یان سه‌ر به سێ كه‌مینه‌كه نین –زه‌رده‌شتی، جووله‌كه، مه‌سیحی- كه له ده‌ستوری ئێرانی‌دا دانیان پێدانراوه. بۆیه ئه‌گه‌ر یه‌كێك ویستی، بۆ نموونه، له یه‌كێك له زانكۆكاندا ناوی خۆی تۆمار بكات، پێویسته له‌سه‌ری ڕوونی بكاته‌وه كه سه‌ر به یه‌كێك له‌و چوار ئایینه ددانپێدانراوانهیه. به‌ڵام بێباوه‌ڕه‌كان، و ئهگنۆستییهكان(Agnosticism)، یاخود تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌هائی ئێرانی له زانكۆ وه‌رناگیرێن.
بیهێننه به‌رچاوتان په‌رچه‌كردارمان چی ده‌بێت كاتێك یه‌كێك بیه‌وێت پاساو بۆ جیاكاریی ڕه‌گه‌زی و نه‌ژادی بهێنێته‌وه به بیانووی ئه‌وه‌ی سه‌پاندنی كولتووری به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا هه‌ڵه‌یه. بۆ ساڵانێكی دوورودرێژ له هه‌ندێك له ناوچه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، “كولتوور” وابوو كه، كه‌سانی به ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقی پێویسته له دواوه‌ی پاسه‌كانه‌وه دابنیشن و له قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و زانكۆی جودا وه‌ربگیرێن. هه‌روه‌ها “كولتوور”ی جیاكاری نه‌ژاد –ئاپارتایید-ی ئه‌فریقای باشوور ئه‌وه‌ی سه‌پاندبوو كه ڕه‌شپێسته‌كان ده‌بێت به دوور له سپیپێستهكان بژین و هه‌لی خوێندنی جودا و ئاست نزمتریان پێ بدرێت. به شێوه‌یه‌كی ڕوونتر ده‌توانین بڵێین، ئه‌مه كولتوور و ڕۆشنبیریی سپی پێسته باڵاده‌سته‌كانی ئه‌وكاته بوو.
هه‌مان شت بۆ ئێرانیش ڕاسته. هه‌موو لێپرسراوانی ده‌وڵه‌ت له پیاوانی موسڵمان پێكهاتوون. ئه‌و فه‌رمانه‌ش كه عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵا له ساڵی ٢٠٠٩دا ده‌ریكرد كه داوای كردبوو زانكۆكان به “ئیسلامی” بكرێن، بوو به‌هۆی گۆڕینی زۆر له بابه‌ته‌كانی خوێندن و گۆڕینی هه‌ندێك له ستافی مامۆستایانی زانكۆكان به كه‌سانی زیاتر كۆنزه‌رڤاتیڤ. له دوو مانگیش له‌مه‌وبه‌ره‌وه، خامنه‌یی گوتی كه پێویسته له‌سه‌ر ئێرانییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌ها دێرینه‌كان و منداڵانێكی زیاتر بخه‌نه‌وه- هه‌ر ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری دیكه له سه‌ر ڕۆڵی ئافره‌تان داده‌نێت، ئه‌مه جگه له كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ژینگه.
سزا ههنووكهیییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌وڵ ده‌دات ڕێگری بكات له‌وه‌ی ئێران چه‌كی ئه‌تۆمی دروست بكات، نه‌ك بۆ قایلكردنی به‌وه‌ی واز له جیاكاریكردن دژ به ژنان یان له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی بهێنێت. بایكۆتكردنێكی به‌رفراوانی زانكۆكانی ئێران، و به‌رهه‌مه ئێرانییهكانی تر له ئارادا نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی جاران به‌رانبه‌ر ئه‌فریقای باشوور و جیاكارییه نه‌ژادییه‌كانی ئه‌نجام ده‌درا. وا دیاره هێشتاكه جیاكاری كردن له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌زی و ئایینی كه‌متر جێگای بایه‌خمانه وه‌ك له جیاكاریكردن له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ژادی و ئیتنیكی.
ڕه‌نگه ئێمه زیاتر ئاماده‌ییمان تێدا بێت بۆ په‌سه‌نكردنی جیاوازییه بایۆلۆژییه‌كانی نێوان پیاوان و ژنان له په‌یوه‌ست به ئه‌و ڕۆلانه‌ی كه له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌یگێڕن. له ڕاستییدا جیاكاری واش هه‌یه، ئه‌ویش به‌ته‌واوه‌تی جه‌سته‌یی نییه. بۆیه پێویسته ئه‌نجامگیری ئه‌وه نه‌كه‌ین كه ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌ندازیاری پیاوان له ژنان زیاتر بوو، بڵێین ئه‌وه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر جیاكاریی جێنده‌ری. ده‌كرێت پیاوان به به‌راورد به ژنان زیاتر حه‌ز بكه‌ن ببن به ئه‌ندازیار.
ئه‌مه‌ش به ته‌واوه‌تی پرسێكی جودایه له‌وه‌ی كه ئایا پێویسته له‌سه‌رمان كه ڕێ له به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ئه‌و ژنانه بگرین كه ده‌یانه‌وێت ببنه ئه‌ندازیار و تواناداری ئه‌وه‌شیان تێدایه. به ڕێگریكردنی ڕاشكاوانه‌ی له ژنان له‌وه‌ی له‌و به‌شانه‌ی زانكۆدا بخوێنن كه بۆ پیاوان كراوه‌یه، ئێران هه‌نگاوێكی له شێوه‌ی جیاكاریی نه‌ژادی ناوه كه ناكرێت به‌رگری لێ بكرێت، و پێویستیشه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئێران به هه‌مان ئاستی هێزه‌وه سه‌ركۆنه بكرێت.
پەراوێزەکان
- 1كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وتاره به زمانی ئینگلیزی و بۆ یه‌كه‌م جار ١١ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٢ بووه