بووژانەوەی فەلسەفەی ئەڵمانی

وتووێژێکی کورت لەگەڵ "مارکۆس گابرێڵ"دا

وەرگێڕانی: جواد خەلیل

ئەمە وتووێژێکی کورتە لەگەڵ پرۆفیسۆر “مارکۆس گابرێڵ(١٩٨٠)ی ئەڵمانی بانگەشەی گەڕانەوەی پێشەنگی فەلسەفەی ئەڵمانی دەکات.

پرۆفیسۆر “مارکۆس گابرێڵ(١٩٨٠)ی ئەڵمانی

پرسیار: بەڕێز پرۆفیسۆر گابرێڵ، جارێکیان گوتبووت: ئەڵمانیا بە (درێژاییی ٢٠٠ ساڵ پێشەنگی فەلسەفەی جیهان بووە، ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم نەریت و کەلەپووە کۆنە دووبارە بنیات بنرێتەوە)، ئایا ئەم پرۆسەیە سەر دەگرێت؟

وەڵام:  بۆچی نا؟ هەر ئەو پێکهاتەیەی کە ناوە گەورەکانی وەکوو ( کانت و فیختە و شیڵینگ و هیگڵ و مارکس و نیچە و هۆسرڵ و …هتد) لە خۆیدا کۆ کردبووەوە و کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان هەبوو، تاوەکوو ئەمڕۆیش لە چەندین لایەنەوە بە نادیاری ماوەتەوە و پێویستی بە خوێندنەوە و توێژینەوەی زیاترە، هەروەک چۆن ئەو پێکهاتەیە بۆ ئێستێ زیاتر گونجاوترە وەک لە هەر کاتێکی تر لە ڕابردوودا. هەلێکی گەورە هاتووەتە پێشێ بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بیرۆکە سەرەکییەکانی ئەم نەریتە ئەڵمانییە لەسەر ئاستی فەلسەفەی هاوچەرخی جیهان، هەڵبەت ئەمەش لەژێر ڕۆشناییی تەحەدییە سیاسی و زانستییەکانی ئەم سەردەمە نوێیەماندا. بە دڵنیاییشەوە تەنها بە گرێدانەوەیان بەم نەریتە کلاسیکییە گەورەیەوە، بیرۆکەگەلێک کە بە تەواوەتی تازە و نوێ بن، دروست دەبن و پێک دێن. خۆ فەیلەسووفانی هاوشێوەی هابرماس و گادامێریش هەر شوێنی پرۆژەیەکی لەم چەشنە کەوتوون. دواجار ئەوەی گرنگە لێرەدا، بەرگریکردنە لە دیالێکتیک بە شێوازێکی پەسەندکراو لەم سەردەمەدا.

پرسیار: چۆن دەڕوانیتە پێگەی فەلسەفەی ئەڵمانی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی ئەمڕۆدا؟

وەڵام: فەلسەفەی ئەڵمانی لەمڕۆدا لەسەر ئاستی جیهان ئامادەیە و زۆریش بە گرنگییەوە، چونکە لە ڕووی مەبدەئیەوە ئاڕاستەیەکی جوداتری گرتووەتە بەر کە بە تەواوی جیاوازە لەو نەریتە بەهێز و زاڵەی فەلسەفەی ئەمریکی هاوچەرخ. ئەو جیاوازییەی کە ئەم فەلسەفەیەی (ئەوەی ناو دەبرێت بە فەلسەفەی ئەڵمانی) لەوانی دی پێ جیا دەکرێتەوە، ئەوەیە کە ئەم فەلسەفەیە خۆی ڕادەستی ئەو بیرکردنەوە باوە نەکردووە کە پێی وایە زانستە سروشتییەکان لە توانایدایە لە هەموو ئەو شتانەی کە هەن، تێبگات و ڕاڤەکارییان بۆ بکات. هەروەتر سەرباری ئەوەی کە ئەم فەلسەفەیە ئەو زانستە سروشتییانەشی لەخۆ گرتووە، لێ بە ئاڕاستەیەکی دژە سروشتیدا دەچێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەش بوو زانستە مرۆڤایەتییەکان لە سەدەی نۆزدەیەمدا لەسەر بنەمای فەلسەفە پەرەی سەند، هەروەها هەر ئەمەش بوو بە بنەمایەک بۆ پێشکەوتنی زانکۆ ئەڵمانییەکانی سەدەی نۆزدەیەم. فەیلەسووفانی وەکو ( فیختە و هیگڵ و شڵایماخەر) هەستان بە بونیاتنان و پێشخستنی زانکۆی بەرلین، لە ڕێی بوون بە سەرۆکی زانکۆکەوە. هەروەک چۆن لەو ڕێیەشەوە کاریان بۆ پێشخستنی سیستەمی زانکۆیی کرد و کردنیان بە چاکترین سیستەمی زانکۆیی لەسەر ئاستی جیهان، ئەم شێوازی کارکردنە فەلسەفییە لە ئەڵمانیا بەردەوام بوو تاوەکوو کارەساتی ساڵی ١٩٣٣.

پرسیار:  ئەو بابەت و ئاڕاستە فیکری و ناوە دیارانە کامانەن، کە لە ئێستادا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت؟

وەڵام: ئێستێ لە ئەڵمانیا بە تایبەتی و لەسەر ئاستی جیهانیش بە گشتی، خوێندنەوە و گفتوگۆ و گەنگەشە بۆ چەند ڕەوتێکی فیکری دەکرێت، لەوانە: (واقیعگەراییی نوێ و تیۆریای ڕەخنەییی فرانکفۆرت و پرۆژەکانی بەردەوامێتیی ئایدیالیزمی ئەڵمانی)، ئەمانە ئەو نموونانەن کە لە لایبزیگ و هایدڵبێرگ پەرەیان پێ دەدرێت. بە شێوەیەکی گشتی ئەم پرۆژانە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی فەلسەفەی هاوچەرخی ئەمریکی (بە تایبەتی له ڕوونی بەڵگەهێنانەوە و تیۆریای بنیاتنانەوەدا) لەگەڵ ڕەهەندە فراوانەکانی فەلسەفەی ئەڵمانی هاوچەرخدا، پێکەوە گرێ بدەن. دەستپێکی ئەم هەنگاوە نوێیانەش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەر دەستی فەیلەسوفانی مینا (تۆماس ناگڵ و جۆن سێرڵە و یۆدیت بۆتڵەر و ڕۆبێرت براندۆم) بوو، لە کاتێکدا ئەم هەنگاوانە لەوانەیە لە ئەڵمانیادا زۆر زیاتر سەرکەوتوو بن، لەژێر ڕۆشناییی ئەو نەریتانەی لەوێ هەن و بەردەستن. نهاژی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەنگەشەی کارەکانی (سباستیان ڕۆدڵ و ڕاهوڵ ییگی و ئانتۆن کۆخ و ئاکسڵ هۆنیت) دەکرێت، هەڵبەت ئەمانە تەنها وەک نموونەیەک ئاماژەم پێدان، نەک بۆ بەرتەسککردنەوەی لیستی ئەو ناوانەی کە دەشێت لە چوارچێوەی ئەم ئاڕاستە نوێیانەدا پۆڵێن بکرێن.

پرسیار: لە ساڵی ٢٠٠٩ لە زانکۆی بۆن وەرگیرای، وەک بچووکترین پسپۆڕی فەلسەفە لە ئەڵمانیا، چۆن تێکەڵی جیهانی فەلسەفە بوون؟ ئەو شتە چییە کە سەرنجی تۆ ڕادەکێشێت بەرەو ئەم بوارە زانستییە؟

وەڵام: ئەو دەمەی پانزە ساڵان بووم، هێشتا قوتابی بووم، پرسیارم لە خۆم دەکرد دەربارەی شوێنی بوونمان لەنێو واقیعدا. ئایا ئێمە تەنها چەند گروهێکین لە بەشە سەرەکییەکانی نێو گەردوون، کە نە واتایەکمان هەیە و نە بایەخ؟ ئایا ئەو واقیعەی کە ئێمەی تێدا دەژین تەنها خەیاڵێکە، یان جۆرێکە لە خەون؟ ئێمە دەتوانین شتەکان بناسینەوە و ئاشنایان بین وەک ئەوەی لە هەقیقەتدا هەن؟ بێگومان هیچ زانستێکی تر نییە بە شێوەیەکی ڕوون و واتادار بتوانێت ئەم مەسەلانە ڕوون بکاتەوە، ئەمە ئیشی فەلسەفەیە، کە بە سروشتی خۆی لە دایالۆگ و وتووێژدایە لەگەڵ تەواوی زانستە سروشتی و مرۆییەکانی دیکەدا. لەمڕۆدا سەرنجڕاکێشیەکی گەورە دەبینم لە هەمبەر زانستی فەلسەفەدا، بە شێوەیەک؛ لە هیچ سەردەمێکی تردا شتی وا ڕووی نەداوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە یەک کاتدا ژمارەیەکی ئەوەندە زۆری فەیلەسووفی نایابمان هەبووبێت، کە پێکەوە سەرقاڵی گۆڕینەوەی بەڵگاندن و دیالێکتیک و بیرکردنەوەی فەلسەفی بن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بەدەر لەمەش، لەمڕۆدا چەندین ڕێچکە و ڕێبازی بیرکردنەوەش پووچەڵ بوونەتەوە و نەماون. وێڕای ئەوەی لە هیچ سەردەمێکی دیکەشدا مرۆڤ نەیتوانیوە هێندەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئازادانە بیر بکاتەوە، کە هەڵبەتە ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە دەستکەوتەکانی ڕۆشنگەرییەوە هەیە، سەرباری ئەمانەش فەلسەفە لەمڕۆدا بەشدارە له گواستنەوەی بنەما تیۆرییەکانی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دەربارەی وێنای جیهان (لە حاڵەتی هەبوونیدا بە ڕەهایی). فەلسەفە لەبارەی چییەتی(ماهییەت)ی بیرکردنەوەی مرۆیانە و  شێوازی کارکردن و سەرکەوتنی کۆمەڵگەیەکی دادگەر بیر دەکاتەوە؛ هەروەها سەبارەت بەوەی چۆن بتوانین لەوە تێبگەین کە ئێمە ئازادین؟ لە سایەی سیستەمێکی جیهانیی گشتگیردا، ئەم جۆرە لە  تێڕامان و بیرکردنەوەیە کە بەرهەمی فەلسەفەیە، بە پێویستییەکی حەتمی دادەنرێت.