ھەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەیی تیۆری مارکس سەبارەت بە ئایین

لە ئێنگلیزییەوە: حیسامەدین خاکپوور

پوختە

ئەم وتارە بە لێکۆڵینەوە لە پێشزەمینە ئایدیۆلۆژیک و کۆمەڵناسانەکانی ڕوانگەی مارکس سەبارەت بە ئایین دەست پێ دەکات و جومگەبەندییە سەرەکییەکانی کێشەی تیۆری ئایینیی ئەو، وەبەر لێکۆڵینەوە و ڕاڤە دەدات. وتاری بەردەست، وێڕای ڕەخنە لە نایەکانگیری و ناسازیارییە ئاشکراکان و ھەروەھا گشتاندنی لەڕادەبەدەر لە تیۆری مارکسدا، لایەنە ئەرێنییەکانی بۆچوونی ئەو زەق دەکاتەوە. بە شێوەیەکی تایبەت و یەک­لاییکەرەوە، بەڵگە دەھێێنرێتەوە کە ئەگەرچی ئێمکانی ئەوە ھەیە ئاراستە دژەمرۆڤی و ھێزبڕەکانی ئایین لە بۆچوونەکانی مارکسدا دەستنیشان بکرێت بەڵام دەبێت لە ھەمان حاڵدا ئاراستە داھێنەرەکانی ئایین کە نامۆیی­سڕینەوە دەکەن و گۆڕانخواز و ڕزگاریبەخشن، بناسێندرێن و دانیان پێدا بھێنرێت.

وشە سەرەکییەکان:

کارل مارکس، تیۆری، ئایدیۆلۆژیک، کۆمەڵناسانە، نامۆیی، مرۆڤخوازی، ئایین.

کارل مارکس(١٨١٨-١٨٨٣) فەیلەسووفی ئەڵمانی

پێشەکی

تیۆری مارکس لەمەڕ ئایین، تۆڕێکی ئاڵۆزە لە گۆڕانکارییە ھزرییەکان کە لە سەرچاوەگەلێکی جۆراوجۆر ئاو دەخواتەوە: سەرچاوەی فەلسەفی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی، ئابووری، سیاسی و مرۆڤناسی. ھەروەھا کە ھاڕالەمبۆوس و ھیڵد1Haralambos and Heald ئاماژە دەکەن(١٩٨٠)، ڕوانگە و نووسینەکانی مارکس ئەوندە نایەکانگیری و دژیەکبێژی و لێڵی و گۆڕانیی داکۆکییەکانی تێدایە کە بە سەختی ئێمکانگەلی ڕاڤەیی لێ ھەڵدەھێنجرێت. ھاوڕا لەگەڵ ئەو تێبینییانەیە کە لوڤیس (١٩٧٥) دەبێژێت:

«ڕوانگەکانی ھیچ بیرمەندێکی مەزن بە قەد مارکس تووشی خراو لیتێگەیشتن و خراو نواندنەوە نەبووە. دەستەواژەی ”مارکسیسم“ لە ھەندێک لایەنەوە بە مانای تۆڕەھاتێکی بێ سەرەوبەرە و بێ­واتا بووە کە مرۆڤ دەیھەوێت ھاودەنگ لەگەڵ خودی مارکس بڵێت: «کەوایە یەک شت بڕاوەیە و ڕوون، من مارکسیست نیم»(٣٧).

لە ڕووی بەڕ­بڵاوی و جۆراوجۆری ڕێدۆزەکانی تیۆری ئایینی مارکس، لێرەدا جێی ئاماژەیە کە ھەر تێکۆشانێ بۆ ڕاڤەی مارکس، ناتوانێت بە تەواوی خاڵی بێتەوە لە توخمەکانی لایەنگری و ھەست و زەینباوەڕی. کەوایە لەم ڕوانگەوە ئەم وتارە شتێکی زۆر نزیک لە ڕاڤەیەکی تایبەت، لە تێگەیشتنی مارکس بۆ ئایین دەنوێنێتەوە. بۆ تێگەیشتنی قووڵتر و بەربڵاوتر، ئەم وتارە وەشوێن سێ مەبەستی سەرەکی دەکەوێت. ئەلف: لێکۆڵینەوە لەو پێشزەمینە ئایدیۆلۆژیک و کۆمەڵایەتییانەی کە کاریگەرییان لەسەر ڕوانگەی مارکس بۆ ئایین بووە. ب: شەن‌وکەوکردنی گریمانە بنەڕەتییەکانی تێگەیشتنی مارکس لە ئایین. پ: ھەڵسەنگاندنی ڕەخنەیی خوێندنەوە و ڕاڤەی مارکسی بۆ ئایین.

  1. پێشزەمینە ئایدیۆلۆژیک و کۆمەڵناسانەکانی تیۆری ئایینی مارکس.

مارکس لە پلەی یەکەمدا دەپەرژێتە سەر نامۆیی (بێبەشی)2alienation (deprivation)لە کۆمەڵگادا، بە تایبەت لە کۆمەڵگای سەرمایەداری کە خاوەنداریەتیی خۆکەسیی سامان و دارایی و کۆنتڕۆڵی خۆکەسیی بەرھەمھێنان و دابەشکردنی شتومەک و خزمەتەکان بوونی ھەیە. لە شیکاری مارکسدا، ئایین زیاتر وەکوو بەرھەمی نامۆیی دەبیندرێت. کاریگەریگەلێکی زۆر لەسەر مارکس ھەبووە کە پێشزەمینەکانی ڕاڤەی ئەو لە ئایین و تەواوی لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بیچم داوە. دەتوانرێت ئەو کاریگەرییانە ھەم ئایدیۆلۆژیک و ھەم کۆمەڵناسانە لە قەڵەم بدرێت. پێش لە شیکاری تیۆری ئایینی ئەو، شیاوە کە بە کورتی سەرنجێک بدەینە سەر ئەو پێشزەمینانە:

ئەلف: پێشزەمینە ئایدیۆلۆژیکەکانیی تیۆری مارکس سەبارەت بە ئایین

لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، ئەندێشەکانی مارکس لەنێوان شتگەلێکی دیکەدا، بە چڕی لەژێر کاریگەریی فەیلەسووفانی ناسیاوی ئاڵمانی، وەکوو ھێگڵ و ‘فوئێرباخ’دایە. بیرۆکەی گۆڕانی دیالکتیکی کە لە ناوەندی تیۆری و کۆمەڵناسیی مارکسیستیدایە، لەسەر دەستی ھێگڵ گەشەونەشەی پەیدا کردبوو. ھێگڵ تیۆری دیالکتیکییەکەی لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤی و بەتایبەتی لەسەر دەڤەری ئایدییاکان دابەزاند. گۆڕانی مێژوویی وەکوو جووڵەیەکی دیالکتیکی ئایدیا و ئەندێشەی مرۆڤ دەبینێت. ھێگڵ لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە کۆمەڵگا لە بنەڕەتدا دەرھاویشتەی ئەندێشە و ئایدیاکانی مرۆڤە. لە ڕوانگەی دیالکتیکی ھێگڵەوە کێشمەکێش و دژیەکی ئایدیا و بیرۆکە ناسازیار و ناکۆکەکان چەمکگەلێکی نوێ ساز دەکەن کە بەستێن بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی مسۆگەر دەکەن(Haralambos and Heald, 1980: 535).. لەم ڕووەوەیە کە ھێگڵ، نامۆیی لەنێو کۆمەڵگادا وەکوو بەرھەم و لێکەوتەی ئایدیا ئایینییەکان دەبینێت چونکە لە لای ھێگڵ، ئایدیاکانن کە کۆمەڵگا بەدی دەھێنن. بە وتەیەکی دیکە، ئایین لە لای ھێگڵ ھۆکار، خۆلقێنەر و بەرھەمھێنەری نامۆیی لە کۆمەڵگادایە.

ڕوانگەکانی مارکس بۆ مێژوو و ململانێی چینایەتی کە تا ئاستێکی زۆر خوێندنەوە و ڕاڤەی ئەو لە ئایینیش لەخۆ دەگرێت، لەسەر شانی ئەو چەمکە ھێگڵییە لە دیالکتیک ڕاوەستاوە. لەژێر کاریگەریی ئەم باسەدا، مارکس ھەر جۆرە پڕۆسەیەکی گۆڕان وەکوو کێشە و پێکدادانێکی داگر و بەربەرین لەنێوان ھێزگەلی یەکناکۆک و ململانێ و شەڕی دژبەرەکان و ناکۆکەکان دەبینێت. بە ھەر حاڵ مارکس بە بۆنەی ئەو پێشایەتییەی کە بە فاکتەرگەلی ئابووری وەکوو ژێرخانەکانی واقیع دەیدا، ئەو یەکەمایەتییەی کە ھێگڵ بە ئەندێشەکان و ئایدیاکان وەکوو کارگێڕە سەرەکیی یەکلاکەرەوەکانی کۆمەڵگا دەیدات، ڕەت دەکاتەوە. مارکس بەڵگە دەھێنێتەوە کە سەرچاوەی گۆڕان لەناو دژیەکی و یەکناکۆکییە ئایدیۆلۆژیکییەکاندا حەشار نەدراوە بەڵکوو بەتایبەتی لەناو دژیەکییەکانی سیستەمی ئابووری و بەگشتی سیستەمی ناو کۆمەڵگادا حەشار دراوە. لە ڕەتکردنەوەی ئیدعای ھێگڵدا کە ئەندێشەکان و ئایدیاکان کۆمەڵگا بەدی دەھێنن، مارکس دەبێژێت ئایدیاکانی مرۆڤ پێش لە ھەموو شتێک «ڕەنگدانەوەی پەیوەندە کۆمەڵایەتییەکانی بەرھەمھێنانی ئابوورین»(Haralambos and Heald 1980: 535)، کەوایە ئایدیاکان سەرچاوەی سەرەکی گۆڕان مسۆگەر ناکەن. بەم حاڵەیش مارکس ناتوانێت بەگشتی ئایدیای پەیوەندیی دیالکتیکی زەین (ئایدیا و ئەندێشە) و کۆمەڵگا لە پێش چاو نەگرێت بەڵام داکۆکی ئەو بە شێوەیەکی ڕوون و تەقریبەن مۆنۆپۆلکراو لەسەر ڕۆڵی دامەزراوەکانە (بەتایبەتی دامەزراوە ئابوورییەکان) کە خۆھۆشیاری و خۆتێگەیینی مرۆڤ فۆڕمڕێژ دەکەن. کەوایە ژیرڤانی گرینگی مارکس ئەوەیە کە کۆمەڵگا ھۆشیاریی مرۆڤ یان “بوونی ئاگامەندانەی” مرۆڤ یان “پرۆسەی ڕاستەقینەی ژیان” بەرھەم دەھێنێت(Marx and Engels, 1940: 14-15, 19).. مارکس لەژێر تیشکی پێشگریمانەی خۆی (واتە داکۆکی تایبەت لەسەر) فاکتەرگەلی ئابووری لە فۆڕمڕێژ کردن و دیاریکردنی کۆمەڵگا، ھۆشیاری و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانە کە بە چەمکی پەیوەندیی دیالکتیکی ھێگڵ، بەستێن و ڕاڤەی کۆمەڵناسانە دەبەخشێت.

ھێگڵ ئایینی وەکوو ھۆکار و خولقێنەر و بەرھەمھێنەری نامۆیی لەناو کۆمەڵگادا دەبینێت، مارکس دەڵێت: ئایین لێکەوتە و بەرھەمی نامۆیی لە کۆمەڵگادایە.

باوەڕی مارکس وایە کە کارگێڕە ئابوورییەکان کاریگەریی یەکەمیان ھەیە و تا ئاستێکی زۆر لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەدی دەھێنن. مارکس لە ئەپڵای کردنی تیۆری ھێگڵ بەسەر تیۆری ئایینی خۆیدا، ھێرەمی ھێگڵ سەرئاوەژوو دەکات. لە حاڵێکدا ھێگڵ ئایینی وەکوو ھۆکار و خولقێنەر و بەرھەمھێنەری نامۆیی لەناو کۆمەڵگادا دەبینێت، مارکس دەڵێت: ئایین لێکەوتە و بەرھەمی نامۆیی لە کۆمەڵگادایە. یەکێکی­تر لە کاریگەرییە گەورەکان لە گۆڕان و گەشە­و­نەشەی ئایدیۆلۆژیکی مارکس، نووسینە ئاتێئیستییکەکانی لودویک فوئێرباخە. مارکس بە ھاودەنگی لەگەڵ ئاتێئیسمی ئایینی فوئێرباخدا و بە پەیوەست بە میراتی ھێگڵی خۆیەوە و تێگەیشتنی ماتریالیستی لە ژیانی مرۆڤی، ئایدیای تەواوی خۆی لە ئایین وەکوو بەرھەم و وڵامی لەخۆنامۆیی مرۆڤ گەشە پێ دا. فۆئێرباخ لە کتێبەکەیدا “جەوھەری مەسێحییە”“ تیۆرییەک ئاراستە دەکات کە بەپێی ئەو، ئایین بانھاوێژی 3Projection:بانھاوێژی یان دیھاوێژی گەورەترین و بەرزترین ئارمانەکانی مرۆڤە بۆ ئاسمان و ھەروەھا بە خاڵی کردنەوەی تایبەتمەندییە ھەرەبەرزەکانی مرۆڤ لە بابەتی ئێلاھیدا، دەبێتە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی نامۆیی و مرۆڤ لە قووڵایی و ھێز دەخات. بە باوەڕی فوئێرباخ، خودا شتێک نییە جگە لە جەوھەر و ئارەزووەکانی مرۆڤ کە بە دەرەوە دیھاوێژی کراوە. کەوایە داکۆکی دەکات کە «ئایین جیابوونەوەی مرۆڤە لە خۆی»(Feuerbach, 1957: 41). بە باوەڕی ئەو مرۆڤ بە بانھاوێژی جەوھەری خۆی بۆ پانتاییی بان­سرووشتی، خۆی ھەژار دەکات. بە وتەی ئەو مرۆڤ بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی تەواوی خۆی بەدی بھێنێت، دەبێت خوا بگۆڕێت بە مرۆڤ و خوداناسیش بگۆڕێت بۆ مرۆڤناسی. لە لای فوئێرباخ ناپێگەیشتوویی مرۆڤ، ھۆکاری لەخۆنامۆیی ئایینی مرۆڤە. کەوایە لە لای ئەو پەروەردە و ڕۆشنگەری، ئامرازێکی کارامەیە بۆ نامۆیی سڕینەوە لە مرۆڤ، واتە “بە مرۆڤی کردنی ئۆلووھیەت”.4humanizing divinity و “بە مرۆڤناسی کردنی خوداناسی”5anthropologizing theology.

تیۆری کارل مارکس لەسەر ئایین کاریگەریی ئاشکرا و بێ­ئەملاوئەولای ئەندێشە ئاتێئیستییەکانی فوئێرباخ نیشان دەدات. مارکس لەگەڵ دەروونناسی ڕوانگەی خوداناباوڕانەی فوئێرباخ ھاودەنگە بەڵام نەبوونی تێگەیشتنی کۆمەڵناسانەی ئەو وەبەر ڕەخنە و گازەندە دەدات و دەڵێت: فوئێرباخ گرینگی شیاو و تەواوی بە ھۆکارە کۆمەڵایەتییەکان نەداوە چونکە خەڵکی بەردەوام باشترینەکانی ئەو شتەی لە ناخی خۆیاندا ھەیە بانھاوێژی دەکەن بۆ گەردوون. مارکس بۆ دۆزینەوەی ھۆکارگەلی کۆمەڵایەتی کە خەڵک ھان دەدات بۆ ئاوەھا بانھاوێژیگەلێک، بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە نامۆییی ئایینی بەرھەم و زایەڵەی نامۆییی کۆمەڵایەتییە، نەک بەرھەمھێنەری نامۆییی کۆمەڵایەتی، لە ھێگڵ و فۆئێرباخ جودا دەبێتەوە. لەسەر بنەمای ئەم باوەڕەیە کە مارکس تیۆری نامۆیییەکەی خۆی دەخەمڵێێنێت. لە ھەوڵ بۆ دۆزینەوەی ئەو ھەلومەرجە کۆمەڵایەتییانەی کە بەرچاوگەکانی نامۆیی لای مارکس چێ کردووە، ئێمە دەگەین بە ئاستی دووھەمی کاریگەری لەسەر تیۆرییەکەی ئایین سەبارەت بە مارکس، واتە پێشزەمینە کۆمەڵایەتییەکان کە لە درێژەدا دەپەرژینە سەر ئەو بابەتانە.

ب: پێشزەمینە ئایدیۆلۆژییە کۆمەڵناسانەکانی تیۆری ئایینی کارل مارکس

لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە تیۆری ئایینی مارکس لەژێر کاریگەریی ھەلومەرجی زەمانە و کۆمەڵگای ئەودا فۆڕمی گرتووە. تێگەیشتنی مارکس لە ئایین لە تێگەیشتنی نامۆییی ئەو بیچمی گرتووە کە ئەوەیش بە نۆبەی خۆی لە تێبینییە واقیعییەکانی ئەوەوە سەبارەت بە کاریگەرییە دژە مرۆڤییەکانی سیستمی ئابووریی زەمانە و کۆمەڵگای ئەو ڕەنگ و ڕواڵەتی گرتووە، واتە کاریگەریی نامرۆڤی سیستەمی کارخانەیی کۆمەڵگای ئۆرووپایی چینایەتی سەردەمی خۆی. ئەو کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەک بوو کە لەویادا کرێکارەکان داشکێندرابوون بە ئامرازگەلێکی میکانیکی پەتی کار و بەرھەمھێنان. لە حاڵێکدا ھاوکات بەرھەمەکانی کاری ئەوان لێیان زەوت دەکرا و ئامرازەکانی بەرھەمھێنان و دابەشکردن دەگوازرایەوە بۆ لای خاوەندارانی بۆرژووا. لێنین کۆمەڵگای پرۆسی ڕۆژگاری مارکس وەکوو کۆمەڵگایەک وەسف دەکات: «کە بەتەواوی لەسەر چەوساندنەوەی ئاپۆرەیەکی زۆر لە چینی کرێکار بە دەستی کەمینەیەک لە خەڵک ڕۆنراوە… ئەوە کۆمەڵگایەکی کۆیلەدارییە. چونکە کرێکاری “خۆڕایی” کە تەواوی عومریان بۆ سەرمایەدارەکان کار دەکەن، ئەوانە شیاوی شتێک نین جگە لە ئامرازگەلی پێویست بۆ درێژەدان بە ژیانی خزمەتکاری و کۆیلەیی و بەرھەمھێنانی قازانج بۆ ڕاگرتن و درێژەی کۆیلایەتیی سەرمایەداری»(Lenin 1965:7)..

مارکس دۆخی ئامرازی قازانج­تەوەری بەرھەمھێنان وەکوو چاوگەی جۆرێک لە نامۆیی دەبینێت کە ھەم کاریگەری لەسەر کرێکار و ھەم کۆمەڵگا بەگشتی ھەیە. لە حاڵێکدا کرێکارەکان لە بەھا و قازانجی واقیعی خۆیان نامۆ و بێبەش بوون و ئەم بێبەش­بوونە بە شێوەیەکی پڕ­و­پووچانە، دارایی و سامانی چینی خاوەنداری بەدی دەھێنا(Marx 1964: 75).

بە باوەڕی مارکس ئەزموونی ئازاردەری نامۆیی، دەتوانێت کرێکاران بە جۆرێک لێ بکات کە ئاست و ڕادەی کۆیلەیی و چەوسانەوەیی خۆیان بدۆزنەوە و تەنانەت ئەگەری ئەوە ھەیە ھێزگەلی سیاسیی ئەوان بۆ گۆڕانی دۆخی ژیان ڕێک بخەن. گرینگترین خاڵی وەرسووڕان لە تیۆری نامۆییی مارکسدا لێرەدایە کە دەپەرژێتە سەر شیکاری ڕۆڵی ئایین لە کۆمەڵگای لەوتاو و لێوڕێژ لە نامۆیی6alienation-infested. ئەمە تێگەیشتنی مارکسە لە ڕۆڵی ئایین لەم ھەلومەرجە بەتەواوی نامۆیەدا کە بەستێنی پێویست بۆ ڕوانگە باو و ناسراوەکانی ئەو سەبارەت بە ئایین چێ دەکەن. ئێستاکە گریمانە بنەڕەتییەکان و ئەو خاڵانەی لە تێگەیشتنی مارکس لە ئاییندا مشتومڕی لەسەرە، لە بەشی دیکەی ئەم وتارەدا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

٢. تێگەیشتنی کارل مارکس لە ئایین

ڕوانگەکانی کارل مارکس سەبارەت بە ئایین، دەتوانرێت لە سێ سوێنگە نیگاوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت: ئەلف: ڕەنگدانەوە و دیھاوێژی نامۆییی کۆمەڵایەتی ب: ئامرازێکی ئایدیۆلۆژیک بۆ شەرعیەت­دان و بەردەوامی نەزمی کۆمەڵایەتیی سەرکوتکەر. ج: وەکوو تریاک بۆ خەڵک (یان ئاپۆرە).

مارکس بە ڕامان لە دۆخی نامۆیی کە بەرھەمی سیستەمی ئابووریی ڕۆژگاری خۆی بوو، ململانێ و مشتومڕێک کە لێکەوتەی بەرژەوەندییە دژیەکە ئابوورییەکانی چین و توێژەکان بوو و ھەروەھا بەرتەک و گازەندەی چارەھەڵنەگری “پرۆلتاریا” بە ھەلومەرجی پەڕاوێزخراوی نامۆیی، تیۆری خۆی لەمەڕ ئاخێزگە و چییەتی و ڕۆڵی ئایین خستە ڕوو. دەتوانرێت جەوھەری ھەڵسەنگاندی مارکس لە بەھای حەقیقیی ئایین لەم ڕستەیەی خوارەوە ھەڵبھێنجرێت و دەربھێنرێت: بنەمای ڕەخنەگەلی دژەئایینی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە: مرۆڤ ئایین دروست دەکات نەک ئایین مرۆڤ درووست بکات، بە واتایەکی تر ئایین خۆھۆشیاری و سەنگەخودی مرۆڤە کە یان ھێشتا خۆی نەدۆزیوەتەوە یان دووبارە خۆی لە دەست داوەتەوە… مرۆڤ جیھانی مرۆڤە و دۆخی کۆمەڵگا. ئەم دۆخە و ئەم کۆمەڵگا ئایین بەرھەم دەھێنێت، ھۆشیارییەکی جیھانی ئاوەژوو، چونکە ئەوانە جیھانێکی ئاوەژوون، ئایین تیۆری گشتیی ئەو جیھانەیە… ھۆگری و مەراق، سزادانی ئەخلاقی، تەواوکەری فەرمی و سەرچاوەی جیھانداگری سووکنایی و پاساوی ئەوە. ئەمە وەدیھاتنی خەیاڵی جەوھەری مرۆڤە چونکە جەوھەری واقیعی مرۆڤ بە دروستی وەدی نەھاتووە، کەوایە بەگژاچوونی ئایین، شەڕ و بەگژاچوونە لەگەڵ جیھانێک کە ئایین، بۆن و بەرامەی ڕۆحانی ئەو جیھانەیە.(Marx and Engels 1975: 38).

لەم گوزارانەدا، مارکس لە یەکەم ئاستدا ئایین وەکوو ڕەنگدانەوە و زایەڵەی ھەلومەرج و واقیعی کۆمەڵگا یان بەرھەمی نامۆیی لەناو کۆمەڵگادا دەبینێت، ئەم بێبەشکردن و ناھۆمێدیانە لە نەزمی ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە خەڵک دەکێشێت بۆ لای ئەوەی وەھم و خەیاڵ بخولقێنن. به باوەڕی ئەو، ئایین بۆ جێبەجێکردنی ئایدیالگەلێک سەری ھەڵداوە کە پیرۆزی دەبەخشێت و پشتگیری دەکات لە تێگەیشتنی ساختەیی یان ھۆشیاریی درۆیین و لە خۆنامۆیی کە لە ناسازیارییەکان و دژیەکییەکانی کۆمەڵگاوە ھەڵدەقۆڵێت. بە وتەیەکی تر، بە باوەڕی مارکس ئایین لێکەوتە و پێداوێستی زۆرینەی مرۆڤە زۆڵم لێکراو و چەوسێندراوەکانە بۆ ھەڕاکردن و دەربازبوون لە ھەلومەرجی گورچکبڕ و سەرکوتکەر و چەوسێنەری ژیانی کۆمەڵایەتی و ھەروەھا دەربازبوون لە نامۆیی و مرۆڤ­سڕینەوەیەک کە لەو دۆخە دەکەوێتەوە، بە مەبەستی داکۆکی لەسەر بەھای حەقێقیی مرۆڤ. بەڵام لە ڕووی ئەوەوە کە مارکس دەڵێت جەوھەری مرۆڤ لە کۆمەڵگای نامۆکراودا واقیعێکی حەقێقی نییە، ئەو داکۆکی دەکات کە ئایین وەدیھاتنی وەھماویی جەوھەری مرۆڤە. ئەمە بەو واتایە کە مرۆڤ بە ھەڵە تێدەگات کە خۆپێناسەکردن و ناسنامەی ئایینی ئەو ناسنامەی شتێکی حەقێقەت و دروستە. بە بۆچوونی مارکس، مرۆڤ لەناو ئاییندا، بە داھێنانی خودا، خۆی لە خۆی نامۆ دەکات و دوور دەخاتەوە. ئەو بە تێچوو و خەساری خۆیەوە لە ئایین یان خودادا سەرمایەدانەری دەکات. نیگەرانی سەرەکیی مارکس لێرەدا ئەوەیە کە نامۆییی ئایینی لە جەوھەری خۆیدا، ڕەنگدانەوە و دیھاوێژی نامۆیییەکی بنەڕەتی ­تری ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەدارییە. ئەم باسە لە وشەکانی ھاوڕێکەی واتە ئەنگڵس ئاوا دەردەبڕیێت «تەواوی ئایین شتێک نییە جگە لە زایەڵەی خەیاڵی زەینی مرۆڤەکان لە ھێزگەلی دەرەکی کە ژیانی ڕۆژانەی کونتڕۆڵ دەکەن. زایەڵەیەک کە لەناو ئەودا ھێزگەلی زەوینی فۆڕمی ھێزگەلی بان­سرووشتی لەخۆ دەگرن» (1975: 128Marx and Engels,). ھەر وا کە مارکس زێدەتر شرۆڤەی دەکات، ئایین بە نواندنەوەی ھەلومەرجی ڕۆح­پڕوکێن و سەختی کۆمەڵایەتی، ھەم دۆخی دژەمرۆڤی پڕۆلتاریا دەردەبڕێت و ھەم شەرعییەت و ڕەواییش بەو دۆخە دەبەخشێت. بە تەعبیری ئەو «ئایین چیرۆکی بێعەداڵەتییەکانی مڕۆڤ دەرحەق بە مرۆڤ دەگێڕێتەوە بەڵام بە شێوەیەک دەیڵێتەوە کە شەرعیەت دەداتە نەزمی ھەنووکە»(qtd in Baum, 1975: 32).. ئایین ڕەنگدانەوە و زایەڵەی نەھامەتی و بەدبەختی مرۆڤە لەسەر ڕووی زەوی، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا مرۆڤەکان بەو قەناعەتە دەگەیەنێت کە بە بانھاوێژی ھیوا بە بەختەوەری لەم جیھانە بۆ ئاسمان، نەزمی ھەنووکەی نەھامەتبار قەبووڵ بکات. ئایین لە تێگەیشتنی مارکسدا چ وەکوو زایەڵە و دیھاوێژی، چ وەکوو واقیعگەلێکی کۆمەڵایەتی، جۆرێکە لە لاگری و خۆدەربازکردنە لە بەرتەکدان و بەگژاچوونی ڕەنج و نەھامەتییەکانی چەوساندنەوەی سەرمایەداری. مارکس دەڵێت «ئایین ئاھی بوونەوەری زوڵم­لێکراو، خەم و پەژارەی ئایینی لە ھەمان کاتدا دەربڕینی خەم و پەژارەی ڕاستەقینە و ھەروەھا بەرتکدانە بە خەم و پەژارەی حەقێقی»(Marx and Engels, 1975: 39).. ئەمە بەو واتایە کە ڕووەو ئایین چوونی خەڵک، دەربڕی نارەحەتی ئەوانە لە دۆخ و ھەلومەرجی ڕۆحپڕوکێنی ژیانی کۆمەڵایەتی و مەیلی ئەوانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەک بۆ نەھامەتییەکانی ژیان. بەڵام لە ڕوانگەی مارکسەوە، ئایین بە پێشکەشکردنی لایەنێکی پیرۆز لە نامۆیی، وڵامی ئەوە دەداتەوە.

لە ویستی پرۆلیتاریا بۆ دژایەتی لەگەڵ ھێزگەلی ڕەنجاژۆی کۆمەڵگادا، مارکس بەرژەوەندیی ستەمکاران  لە پرۆپاگاندا بۆ ئایدیالۆژیای ئایینی دەبینێت. لێرەوەیە کە ڕوانگەی دووھەمی خۆی سەبارەت بە ئایین وەکوو ئەمرازی ئایدیۆلۆژیک بۆ شەرعییەت­دان و درێژەدان بە دۆخی سەرکووتکەر و زاڵمانە دادەڕێژێت. مارکس و ئەنگلس لە تێکۆشانەکانیاندا بۆ شرۆڤەی پەیوەندی نێوان گەشەی پەیوەندە کۆمەڵایەتییەکان– پێکھاتەی چینایەتیی کۆمەڵگا- و ئایین، ھەر دووک بە شێوەی ھاوبەش لەسەر ئەو باوەڕەن کە چینە چەوسێنەرەوەکان لە ئاستی بەرژەوەندیی خۆیاندا، گەشە بە ئایین دەدەن «وەکوو ئامرازێک بۆ کوێرکردن و کۆنتڕۆڵی خەڵک»(Marx and Engels, 1975: 39).. لەم پەیوەندەدا مارکس ئایین وەکوو شەرعییەتی سەرتر بۆ پێکھاتەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگای مرۆڤیدا دەبینێت»(qtd in Baum, 1975: 32-33). ئایین ئامرازی ئایدیۆلۆژیکی گرووپە زاڵەکانە بۆ داسەپاندن و ئەخلاقی­کردنی شەڕ و نەھامەتییە کۆمەڵایەتییەکان و چەوساندنەوەیەکە کە لەسەر چیینە ستەملێکراوەکان بار دەکرێت. مارکس داکۆکی دەکات کە چینی بۆرژوازی، ئایینی بۆ وەدیھاتنی ئامانجی چینە ستەمکارەکان، خستنە ژێر ڕکێف و سەرسپێردەکردنی چینی ستەملێکراو و ھاندانی ئەوان بۆ قەبووڵکردنی ئەو دۆخە، بە تەواوی ئارامییەوە کە دۆخێکی قازانج‌ھێنەرە، بۆ ئەم دۆخە دادەھێنێ. کەواتە بە بۆچوونی مارکس ئایین کۆمەڵە دیرۆکێکە کە زۆر­یەک لەو فریوانەی کە بنەڕەتیی ئایدیۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدار چێ دەکەن، مسۆگەر دەکات. ئایین پاساو و شەرعیەت بۆ گوێ لەمستکردنی چینی ژێردەست و زاڵیەتی و سەربەشی دەدات بە چینی سەردەست. مارکس ئاماژە دەدات بە پارچە ھەڵبەستێکی سروودی ویکتۆریایی لەژێر سەرناوی «ھەموو شتێک ڕوونە و جوان»، بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن ئایین بە زۆرینە پاساوی نەزمی کۆمەڵایەتی و پێگەی مرۆڤەکان لەناو ئەودا دەھێنێتەوە:

پیاوی دەوڵەمەند لەناو کۆشک و تەلار دایە،

پیاوی ھەژار لە بەر دەرکەکەی،

خودا یەکیانی بەرزەوە کردووە و ئەوی دیکەیانی نەوی کردووە،

و فەرمانی داوە بە مڵک و داراییەکانی.

مارکس لەو خاڵە ئەمە ھەڵدەھێنجێنێت کە ئایین خەڵک ھان دەدات کە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆیان لە ڕووی ئێلاھییاتییەوە قەبووڵ بکەن بەو پاساوەی کە کاری تەواو و بێخەوشی حیکمەت و زانستی غەیبی7foreknowledge خودایە، ئەو خودایەی کە پێکھاتەی کۆمەڵایەتی چێ کردووە و خەمڵاندوویەتی. مارکس ئەو جۆرە جیھانبینییە وەکوو ئایدیۆلۆژیای چینی سەردەست بۆ پاراستن و گەرەنتی سیستەمی سەرکوت و بەرژەوەندی و ویستە خۆپەسەندەکانی ئەوان دەبینێت.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئایین وەکوو ئامرازێکی ئایدیۆلۆژیکی دەبینێت کە چینی زاڵم و سەرکوتکەر بۆ ڕەوایی دان بە زوڵمی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن، لە ئاکامدا ددانی پێدا دەنێت کە لە ئایینی چینی سەرکوتکراو شتێکی شوێندانەر و کارکەردی و ئەرێنی بوونی ھەیە. لەم ڕووەوەیە کە مارکس گەرچی ئایین وەکوو یەک وەھم یان خەیاڵ لە ئەژمار دەدات بەڵام ددان بە ڕۆڵی ئەرێنی ئایین وەکوو سوکنایی­دەری ھەژاران لە تەنگەژەکاندا دەنێت و دەڵێت: «ئایین ئاھی بوونەوەری زوڵم ­لێکراو، دڵی جیھانی بێ­دڵ، ڕۆحی دۆخی بێ­ڕۆح، ئەمە تەریاکی خەڵکە»(Marx and Engels, 1975: 39).. مارکس لە ڕستە بەناوبانگەکەیدا ئایدیای خۆی سەبارەت بە ئایین کورت دەکاتەوە. دەوترێت کە ئەم دەربڕینە بەردی بناغەی ھەموو ڕوانینێکی مارکسیستی سەبارەت بە ئایین ساز دەکات. مەبەستی مارکس ئەوەیە ئایین وەکوو ئەفیوون ئیش دەکات تا دەرد و ژانی زوڵم کەم کاتەوە و زوڵم لێکراوانیش سەرسپێردە و بێھۆش بکات. ئایین بە سوکنایی­دان بە لایەنگرانی، ڕۆڵی دەروون­دەرمانی بەکەڵک بەڵام وەھمی دەگێڕێت کە دەبێتە ھۆی ئەوەی لایەنگرەکانی ناھومێدی و بێبەشییەکانییان فەرامۆش بکەن. ئەمە بەڕاستی کێشەی ڕەنجی مرۆڤ چارەسەر ناکات، بەڵکوو بەس تەنیا تێکۆشانێکی ھەڵە و گومڕاکەرە بۆ زیاتر ھەڵگرتنی باری ناباری ژیان. لەم ڕووەوەوەیە کە مارکس ئایین تەنیا وەکوو فریوێک بۆ لایەنگرانی دەبینێت «تا ئەوی کە بەختەوەری و ڕەزامەندی راستەقینەیان بۆ وەدیبهێنێت»Haralambos,and Heald, 1980: 460 )(. بە زمانی لێنین «جۆرێک لە مەستی ڕۆحی کە لەودا کۆیلەکانی سەرمایە، وێنای مرۆڤی خۆیان و ئێدعاکانیان بۆ دەس پەیا کردن بەژیانێکی شایەستە، دەخنکێنن»Lenin, 1965: 7-8). مارکس شرۆڤە دەکات کە ئایین دەتوانێت بە دروستکردنی چاکە و فەزیلەت و لە ڕێگەی وادەی بەھەشتێک لە بەختەوەریی ھەتاھەتایی لە داھاتوو و ھەروەھا بە ھۆمێد­دان بە دەستێوەردانی بانسرووشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕووی زەوی، ڕەنجی زوڵم و ھەژاری سارێژ بکات. بەم شێوەیە ئایین ڕەنجی مرۆڤ لەھەڵکردن­ھاتوو و تەنانەت خوازراو و دڵخواز دەکات. مارکس ئەم ئایدیایەی لە پەیامگەلێکی دەقی پیرۆز وەرگرتووە، بۆ وێنە «چونکە خۆشەویستی پارە، ڕیشەی ھەموو شەڕ و خراپەیەکە، لە حاڵێکدا ھەندێک دەکەونە شوێن تەماح و چاوچنۆکی، دەچنە دەرەوەی بازنەی ئیمان و بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە خۆیان لە بەین دەبەن(ITimothy 6:10). «چونکە بۆ وشترێک ڕاحەتترە لە کونای دەرزییەکەوە تێپەڕێت تا ئەوەی کە پیاوێکی دەوڵەمەند بچێتە ناو مەلەکووتی خواوە»(Luke 18:25) و «مەلەکووتی من ئەم جیھانە نییە»(John 18:36).

لەسەر بنەمای ئەم شیکارییە، مارکس ئیدعا دەکات کە ئایین لە ناو چەوسێنراوەکان برەو و باوی زیاترە تا لە نێو چەوسێنەرەوەکان. ئەو ئاماژە دەکات کە زۆرتری بزاڤە ئایینییەکان زیاتر لەنێو چینگەلی سەرکوتکراو و زوڵم لێکراودا ھەیە چونکە دۆخی کۆمەڵایەتییان باشترین بەستێنی بۆ ئایینە نوێکان مسۆگەر کردووە. لە شیکاری مارکسدا، ئایین تەنیا دیاردەی نێو چینە ستەملێکراوەکان نییە، چینە سەردەستەکانیش باوەڕگەلی ئایینی دەگرن بەڵام بۆ پاساوھێنانەوە بۆ ھەلومەرجی خۆیان، چ بۆ خۆیان و چ بۆ ئەوانی­تر. ئایین بە زۆرینە لە لایەنی چینە سەردەستەکانەوە و بۆ بەرژەوەندیی زیاتری خۆیان، ڕێنوێنی و پشتیوانی دەکرێت. لە بیری مارکس و ئەنگڵسدا، پیاوانی ئایینی و زەویدارەکان، دەست لە دەستی یەکدا: «لە بریتانیای فیئودالیدا ئەربابانی دەسەڵاتی زەوی، بە زۆرینە ڕەوایی خۆیان لە قسەکانی مینبەرەوە وەر دەگرت. لە بەرامبەری ئەو پشتگیرییەدا، زۆرجار فیئۆدالەکان ماڵێکی زۆریان دەبەخشی بە کلیسا».(Haralambos and Heald 1980: 461).

مارکس جیا لەوەی ئایین وا دەبینێت کە کاریگەرییەکان و لێکەوتەکانی زوڵم، لەھەڵگرتن­ھاتوو و خۆشنەخش­ و نیگار دەکات، ڕۆڵی پەیوەندیداری ئایین وەکوو ئامرازی سەرەکی ئەو زوڵم و ستەمە پێناسە دەکات. کەوایە لە حاڵێکدا مارکس قەبووڵی دەکات کە ئایین سەختییەکانی ژیان ئاسان دەکاتەوە، لە عەینی حاڵدا جەخت دەکاتەوە کە ئایین، خەڵک لە تێکۆشان بۆ گۆڕانی پێگە و دۆخی کۆمەڵایەتییان ھەڵدەگەڕێنێتەوە و دڵساردیان دەکاتەوە. ئایین لەمپەر دەخاتە بەر ئایدیای تێکشکاندنی پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامرازی شۆڕش و وەکوو ئامێریەتی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئیش دەکات. بەم شێوەیە پەیوەندە چینایەتییەکان چڕتر دەکاتەوە و دەبێتە بەربەست بۆ ھۆشیاری چینایەتی. مارکس ددان بەوەدا دەنێت کە لە ئاییندا توانای دەربڕین و گڕنان و نێڵ­دان و وەکۆڵ خستنی ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتن لەنێو چینی ژێردەستدا ھەیە. بەم پێیە مارکس داکۆکی دەکات کە ھەمووی ئایینەکان بە شێوەیەک نواندنەوەی درۆیین و ساختەیی واقیع و داشکاندنی بەھای ھێزە داھێنەرەکانی مرۆڤن کە ھەرگیز ناتوانن ببنە کارگێڕی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان. لەو ڕووەوە کە ئایین وەکوو لەمپەرێک لە بەرامبەر بەرتەک و شۆڕشی پڕۆلیتاریا خزمەت دەکات، مارکس لەسەر ئەو باوەڕەیە کە کۆمەڵگایەکی کەمتر ­ئایینی بە ڕێژەی کۆمەڵگایی تەواو­ ئایینی، ئەگەری زیاتری ھەیە کە گۆڕانکاریی پێکھاتەیی بەرچاو بە خۆوە ببینێت. لەسەر بنەمای ئەم باوەڕە مارکس و ھاوبیرانی داکۆکی دەکەن، بۆ گۆڕانی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی و ڕزگاری پڕۆلیتاریای ژێردەست و چەوسێنراوە، بن­بڕکردنی ئایین لە کۆمەڵگا پێویست و لێ دەربازنەبووە. ئەنگلس دەڵێت: «سیستەمێکی سوسیالیستی کە بە دروستی وێنا کرابێت ھەمووی ئامرازەکانی ئەفسوونی ئایینی و لەگەڵ ئەویش ھەمووی توخمەکانی بنەڕەتی عیبادەتی ئایینی دەسڕێتەوە»(Marx and Engels,1975: 128). لێنین( 1965) بە جەخت لەسەر دژیەکی و ناسازیاری ئایین و خەبات بۆ ئازادی، دواتر ھۆکار و ڕێڕەو، بەڵگە و ڕەوت، بۆچییەتی و چۆنییەتی زاڵ بوون و بنبڕکردنی “دەمارگرژیی ئایینی” بۆ گەیشتن بە ئامانجی حیزبی پرۆلیتاریا شرۆڤە دەکات. بە باوەڕی ئەو ئەرکی ئەو جڤاتە8association… پێوێستی بە ململانێ و شەڕی ئایدیۆلۆژیکی نەساچاو9Implacable و بەردەوامە. جڤاتی ئاوەھا ناتوانێت و نابێت لەمەڕ نەبوونی ئاگاییی چینایەتی، جەھل و تاریکی لە فۆڕمی باوەڕگەلی ئایینی کەمتەرخەم بێت. ئێمە جڤاتی خۆمان دامەزراند… ڕێک بۆ ململانێ و شەڕ لەگەڵ فریوی ئایینی چینی کرێکار(15).

مارکس ئاماژە دەکات کە ئایین، ئەگەرچی یەک وەھمە، بەڵام بەشێکی پێویستی ھەموو کۆمەڵگاکانی دابەشکراو بەسەر چیندایە. لە ئەنجامدا تا ئەو کاتەی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی کە ئەو وەھمە بە پێویستی دەزانێت بەردەوام بێت، ئێمە ناتوانین بیسڕینەوە یان وەلای نێین. بەڵام ھەر کە ئەو دۆخە لەناو چوو، ئایین گرینگایەتی و پەیوەندداریەتی خۆی لەدەست دەدات و بە مەرگی سرووشتی دەمرێت. بە باوەڕی ئەو لە کۆمەڵگای ئازاد یان کۆمەڵگای کۆمۆنیستیدا پێویستیەک بە ئایین نییە، چونکە ئەو ھەلومەرجەی کە ئایینی پێویست کردووە لە ناو چووە. بە باسکردن لەو بابەتانەی سەرەوە لێرەدا پێویستە کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە ڕاستبوون و ئێعتباری ئیدعاکانی مارکس سەبارەت بە ئایین شەنوکەو بکرێت.

3.ھەڵسەنگاندنی ڕەخنەیی ڕاڤەی مارکس لە ئایین

گەرچی مارکس بە توندی ھەجمە دەکاتە سەر ئایین بەڵام وەھمێکی زۆر گەورەیە ئەگەر تیۆری ئەو سەبارەت بە ئایین تەنیا وەکوو ھەجمە و شاڵاوێک لە ئەژمار بدرێت. بەڵگەگەلێکی زۆر بەرچاو بۆ پشتگیری لە ھەندێک لایەنەکانی تیۆری مارکس سەبارەت بە ڕۆڵی ئایین لە کۆمەڵگادا بوونی ھەیە. کەواتە لە ھەڵسەنگاندنی ئێمە لە تیۆری مارکس، ھەم بەشدارییە ئەرێنییەکان و ھەم ڕەخنە مومکینەکانی ئەو تیۆرییە لە پێش چاو دەگرین.

ئەلف: بەشدارییە ئەرێنییەکانی تیۆری مارکس لەمەڕ ئایین

 تیۆری ئایینی مارکس لایەنگەلێکی ئەرێنی زۆری ھەیە کە دەتوانین لەژێر پەنج سەرناودا کۆی بکەینەوە: بەشدارییە میتۆدۆلۆژییەکانی، تێڕوانینە مێژوویییە کۆمەڵایەتییەکان، داکۆکییە دەروونییە دەرمانگەرییەکانی، ھاندەرە مرۆڤدۆستانەکانی، کردە پاکسازی و خاوێن کردنەوەکان.

ئەلف 1: بەشدارییە میتۆدۆلۆژییەکانی مارکس

زۆریەک لەو شتانە مارکس لە تیۆری خۆیدا لەسەر ئایین باسی دەکات، یارمەتییەکی زۆری خوێندنەوەی چەند­مێتۆدی 10polymethodicئایینی داوە. تیۆری مارکس ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە تێگەیشتنی ژیانی ئایینی و بەگشتی ژیانی مرۆڤی و دەپەرژێتە سەر حەقێقەتگەلێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی کە یارمەتی ئەوە دەدات ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی چ ڕۆڵێکی گرینگییان لە دەرکەوتە ئایینییەکاندا ھەیە. ئەو حەقێقەتە کە ئەزموونە ئایینییەکان لە بۆشاییدا تەعبیریان لێ ناکرێت بەڵکوو لە کۆدەقێکی مێژووییی کۆمەڵایەتیی تایبەتدا تەعبیری لێ دەکرێت. بۆ نموونە بەم باسە لە خوێندنەوە ھاوچەرخەکانی ئاییندا گرینگایەتییەکی تایبەتی دەدرێت و ئەمە کاکڵەی [باسەکانی] ململانێ وخەباتی مارکسە. میلتۆن جی یانگێر11Milton J. Yinger کۆمەڵناسی گەورەی ئایین ھەر لەم بوارەدا دەبێژێت ئایین لە لایەنگەلێکی جۆراوجۆڕەوە لە کۆدەقی کۆمەڵایەتی، کاروەرگری دەکات و لە ژێر کاریگەریی ژینگەی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەک کە تێیدا بنیات نراوە، فۆڕمڕێژ دەکرێت.

«سیستەمگەلی ئایینی بە چڕی لەژێر کاریگەریی پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەرییاندان، ئەمە بەو واتایە کە بوداییسمی کایڵۆنی لەگەڵ بوداییسمی ژاپۆنی، کاتۆلیسمی ئێسپانییایی لەگەڵ کاتۆلیسمی ئامریکایی جیاوازە… ئێمە ناتوانین لە ئایین بە شێوەیەکی زانستی تێبگەین بێ ئەوەی پەیوەندی بدەینەوە بە کۆمەڵگا و فەرھەنگ…».(Yinger, 1970: 203).

ئەمڕۆکە ھەرجۆرە توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر دیاردەی ئایینی بێ لە پێش­چاوگرتنی ئەو ڕۆڵانەی  فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان دەیگێڕن دژوار دەبێت.

ئەلف2: تێبینییە کۆمەڵایەتیی مێژووییەکانی مارکس

مارکس وادەبینێت کە ئایین بەردەوام وەکوو بەرسڤ و پەرچەکردارێک بە چەوساندنەوە و سەرکوت و دیکەی جۆرەکانی ھەلومەرجی سەختی ژیان سەر ھەڵدەدات. ئەم ڕوانگەیە کلێڵ و چوارچێوەیەکی کۆمەڵناسانەی پشت پێبەستراو بۆ شرۆڤەی سەرھەڵدانی دیاردە نوێکانی ئایینی وەکوو ھەزارە باوەڕەی دەدات بە دەستەوەکە لە دەرەجەی یەکەمدا لەنێو گرووپە بێبەشەکان دەبینرێتەوە. ھەروەھا چوارچێوەی تیۆریک بۆ ئەم باسە دەخاتە ڕوو کە بۆچی پێبەندی ئایینی لەنێو ھەژاران و ستەملێکراوان زیاتر لە دەوڵەمەندانە.

سەرەڕای ئەوەش کە مارکس وادەبینێت ئایین زۆر جار دەسەڵات و تایبەت­ماف بەھێز دەکات و ڕەوایی پێدەبەخشێت، بە ھیچ شێوەیەک حاشا ھەڵناگرێت کە ئایین بۆ خۆیشی لەسەر دەستی ستەمکاران بۆ سەرکوتی ستەملێکراوان پشتیوانی دەکرێت. نموونەی ئەم حەقێقەتانە لە مێژوو و کۆمەڵگاکاندا زۆرن. سیستەمی کاستی ھێندویی نەریتی، بە باوەڕگەلی ئایینی بەھێز دەکرا. لە ئۆرووپای سەدەکانی ناڤیندا پاشاکان بە مافی ئێلاھییەوە حوکمیان دەکرد. بەردەدارەکانی ئەیالەتەکانی باشووری ئامریکا زۆر جار لە گۆڕینی ئایینی کۆیلەکان بۆ مەسیحییەت پشتیوانییان دەکرد، بەو باوەڕەی کە «کارتێکەرییەکی کۆنتڕۆڵکەر و دەستەمۆکەری ھەبێت»(Haralambos andHeald, 1980: 462).

ئەلف3: داکۆکییە دەروون­دەرمانییەکانی مارکس

نابێت تەنیا خوێندنەوەیەکی نەرێنی لە ڕوانگەی مارکس سەبارەت بە ئایین وەکوو “تریاکی جەماوەر” و دەربڕینەکانی پێشووی، بکرێت. لێرەدا مارکس، نیاز و قەستی سەرەکی ھەر چی بێت، لایەنێکی ئەرێنی و مرۆڤدۆستانەی بەرچاو، لە ڕۆڵی ئایین لە ژیانی مرۆڤدا ئاشکرا دەکات بە شێوەیەک کە تەنانەت بۆ عەمەڵ بە ئایین پاساو دەھێنێتەوە و داکۆکی لەسەر دەکات. مارکس دەیسەلمێنێت کە ئایین ڕۆڵێکی دەروون­دەرمانگەری گرینگ دەگێڕێت. ئایین ئەو دڵنییایی و ئارامش و سەفای زەینییە بە مرۆڤ دەدات کە بەوانەوە دەتوانێت لە ھەمبەر دۆخە ڕۆحپرووکێن و تەنگ و چەڵەمەکان و گۆڕانکاری و ڕووداوە نادڵخوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆڕاگر بێت. کەوایە ئێمە دەتوانین لە دەربڕینی مارکس بۆ خۆی ئەوە ھەڵێنجێنین کە ئایین تا ئەو جێگە پێویستە کە دڵدانەوەی مرۆڤ لە دونیایەکی نادادپەروەرانە و زاڵمانەدا بکات و زوڵم لێچووان بتوانن باشترھەڵگری قورسایی باری ژیان ببن. ئەم “دەرمانە خەیاڵییە” “ئارامشدەرە” یان ئەم “تریاکە” تەنانەت ئەگەریش نەتوانێت نەخۆشییەکە کە خەڵک بە ھۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە تووشیاری بوونە دەرمان بکات، ھەروەھا کە مارکس داکۆکی دەکات، لانی کەم دەتوانێت ھەندێک لە توندی دەردەکە دامرکێنێت. کەوایە مارکس بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڵگەیەک دەدات بە دەستی ئێمەوە کە ئێمە بەردەوام بە ڕێگای ئایین بگرینە بەر، چونکا لە ڕووی پڕاکتیکییەوە ھێشتا حەبێکی کاراتر نەدۆزراوەتەوە و ئەگەری ئەوە ھەیە ھەرگیز نەدۆزرێتەوە و ھەروەھا دۆخی کۆمەڵایەتیی دژەمرۆڤیش ھێشتا بە تەواوی بن­بڕ نەکراوە، ئایین بۆ ژیانی مرۆڤ پێویستە.

ب: پاڵنەرە مرۆڤایەتییەکانی مارکس

گرینگە بزانین مارکس ڕەخنەی خۆی لە ئایین لەسەر تێگەیشتنێکی مرۆڤخوازانە لە بوونی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ و ھەروەھا لەسەر ئەو باوەڕە ڕۆ ناوە کە وەديھاتوویی و بەختەوەری مرۆڤ لە حەقێقەتدا چارەونووسی مرۆڤایەتییە. ئیمانی تاکەکەسی مارکس بە چارەنووسی مرۆڤ، سەرچاوەی مەراقی کۆمەڵایەتیی ئەو و ھەجمەی بۆ سەر ئایینە. شیکاری مارکس لە نامۆیی مرۆڤ لە ڕوانگەی مرۆڤخوازانەی ئەو بۆ [ چارەنووسی ] داھاتووی مرۆڤ ئێلھامی وەرگرتووە. ئەمە لەسەر ئەو باوەڕە پێغەمبەرانەی ڕۆ نراوە کە چارەنووسی مرۆڤ ئەوەیە کە ئازاد بێت. مارکس لە تەرخانکردنی مرۆڤدۆستانەی خۆیدا لە بنەرەتەوە نامۆیی بە لێکەوتەی فاکتەرگەلی ھێزبڕ دەزانێت و سەوداسەری ئەوەیە یارمەتی مرۆڤ بدات کە لە شەڕ و نەھامەتی ئەو ھێزە سەرکوتکەرانە خۆی ڕزگار بکات (Baum, 1975: 38). لەم ڕوانگەوە دەتوانین بڵێین مارکس لە شوێن «ئازادیی مرۆڤە لە قورسایی سەرکوتکەر و زاڵمانەی ئایین و گەڕاندنەوەی مرۆڤایەتییە… مرۆڤایەتی یان خودایەتییە لەدەستچووەکەی»(Perez-Esclarin, 1974:153). ئەو وا ھەست دەکات کە وەدیھاتوویی تەواوی مرۆڤ و بەرزەجێکردنی مرۆڤ، ڕەتکردنەوە و تاراندنی گشتی خوا و ئایین دەخوازێت.

ئەم کەڵکەڵە مرۆڤخوازانە لە تەواوەتی ئەندێشەی مارکسدا دزەی کردووە. کەڵکەڵەی ئەو لە دەوری ئارمانجێکی گشتیتر و بنەڕەتیتر دەسووڕێتەوە، واتە ڕزگاری لە ھەر جۆرە نامۆیییەک. مارکس خودا و ئایین ڕەت دەکاتەوە تەنیا بەو مەبەستەی کە خەڵک ڕزگاری بێت. ئێمە دەتوانین داکۆکی بکەین کە مارکس لە ئاستی یەکەمدا سەودای پاراستن و بەرزکردنەوەی کەرامەت و بەھای ژیانی مرۆڤایەتی ھەیە. تیۆری ئەو تێکۆشانێکە بۆ سەقامگیرکردنی ژیانی بە واتا و ئارمانجدار و بە ڕێگە­و­شوێن. ئەمە بانگەشەیەکی خوازراوە بۆ مرۆڤ کە خۆی لە ژێر ڕکێفی ھێزگەلی سەرکوتکەر بپارێزێت. لەم ئاراستەدا ھەر دووک مرۆڤی مارکسیست و ئیماندار لەسەر یەک زەمینەی ھاوبەش دەوەستن، ئەویش ئەوەیە کە هەر دووکیان خوازیاری پاراستن و وەدیهاتنی کەرامت و جەوھەری مرۆڤ لە بەرامبەر مەترسی و ھەڕەشە جیددیەکانن. بابەتێک کە ئەوان لێک جودا دەکاتەوە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ بنەمای ئەمدەروەستییە ھاوبەشە. کەوایە لە شەڕ لەگەڵ ھۆکاری ھەژاری و ستەمدا، مارکس وەھا مرۆڤخوازییەکی توند و حەقیقی پیشان دەدات کە ئەگەر ئەوەی لەگەڵ چووکەیەک لە ئایین تێکەڵاو کردبایە، دەگوترا لە زۆر یەک لە مەسێحییەکان مەسێحیترە. لەم ڕووەوە ھەروەھا کە پێرێز ئێسکلارین (١٩٧٤) ئاماژە دەکات «ئەو سامرییەکی باشی مێژووە کە لە بۆ ساڕێژکردنی ئەو زامانەی کۆمەڵگای مرۆڤی کە بە دەستی قەشەکان، بەڕنامەڕێژانی ئابووری، سیاسەت­وانان درووس بووە، ڕاوەستا»(153) ئەو مووسای تازەیە کە مرۆڤایەتی کۆیلەکراو بۆ سەرزەوینی نوێی کەنعان ڕێبەڕی دەکات(154).

ج: کردە پاکسازی و خاوێن کەرەوەکانی مارکس.

 دەتوانین بە شێوەیەکی بەرھەست لەو باسەی سەرەوە ئەوە بسەلمێنین، گەرچی وێدەچێت ڕوانگەی مارکس ھەجمەیەکی ڕاستەوخۆ و پێشڕەوانە بۆ سەر ئایین بەگشتی و مەسێحییەت بە تایبەتی بێت، بەڵام ئەوە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ تێگەیشتنی ئێمە لە ئایین خاوێن دەکاتەوە و لە ئایینی ڕەسەنی کتێبی پیرۆز نزیکمان دەکاتەوە. بە باوەڕی سی ئێچ پینۆک 12C. H. Pinnock ١٩٨٠ ئەو شتەی مارکس بۆ بەرتەکدانەوە دژی ئەو ھەڵستا، لە حەقێقەتدا خودای مەسێحییەتی تەورات نەبوو بەڵکوو بوتێک بوو کە مەسیحییەتی گەندەڵ و چەواشەکراو و تێکەڵدار 13adulteratedخولقاندبووی. مارکس بە حەق، زۆرێک لە لایەنە ھەرەسھێنراوەکانی جیھانی مەسێحییەت و کلێسا لە یەک خاڵی مێژووییدا زەق دەکاتەوە و بە کەمایەسی و ناتەواوی و شکستگەلێک ئاماژە دەکات کە ئێمە تەنانەت دەبێت سوپاسگوزاری ئەو بین. تیۆری ئەو ڕەخنەیەکی لە کڵ­دەرھاتووی تاکباوەڕی لەڕادەبەری پرۆتێستانتیزمە کە ئەو تاکباوەڕییە بێ­گومان ڕیشەی سەرەکیی ڕۆحی سەرمایەدارییە. ئەوە ڕاستکاری و چاکسازی دەسکاری و بەکارھێنانی لێڵ و ناڕوونی کتێبی پیرۆزە بۆ پاراستنی زەینیەتی سەرمایەداری.(27)

کەوایە لە حەقێقەتدا ئێمە دەتوانین ھەڵوێستی مارکس وەکوو ئالێنگارییەکی شیاو بۆ کلێسا بخوێنینەوە تاوەکوو بگەڕێتەوە بۆ ڕیشەکانی خۆی لە پێغەمبەران و حەوارییەکان و لە ڕۆڵی دواکەوتووانەی خۆی لە شەرعییەت و بەردەوامی‌دان بە دۆخی نادادپەروەرانەی زاڵ، پاشگەز بێتەوە. مارکس لە واقیعدا ھیچ جۆرە ڕەخنەیەکی کوشەندە و ڕووخێنەری لە ئیمانی ڕاستەقینەی مەسێحییەکان، بەو شێوەی کە کتێبی پیرۆز دەینوێنێتەوە، نیشان نەداوە بەڵکوو تەنیا «ئەو مەسێحییەتەی کە بەس تەنیا ویستی شتی چووکە و ھەڵەیە و ڕەساڵەتی شیاوی خۆی فەرامۆش کردووە، ئیدانە و بەتاڵ دەکاتەوه»).111(Pinnock, 1980:. ھەجمەی ئەو لە ڕێگەی لەقاودانی شێوازگەلێکی بڕواداری کە بە حەقێقەت ستەمکارانە، مرۆڤکوژانە و ھێزبڕانەیە، خزمەتێکی بە بایەخ بە خودی ئیمان دەکات. کەواتە ھەجمەی مارکس لەسەر ئایین ھەر بەو شێوەی کە پینۆک تێبینی لەسەر دەدات «وەکوو چەقۆیەکی نەشتەرگەری ڕەخنەیی، ئەرێنی عەمەڵ دەکات کە ماددەی نەخۆشی کە زۆر جار بە جەستەی ئایینی ڕاستەقینەوە دەچەسپێت، بن­بڕ دەکات و کارکەردی ئەو وەکوو ئەسکەنەگەلێکە ئەو گەنانەی بە کەشتی ئیمانەوە لکێندراون، لە بەین دەبات».(113) مارکس بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ بەڵگەیەک دەدات بە ئێمە کە ئیمان بە بەڵگە و ھۆکاری دروست و بەکەڵکەوە قەبووڵ بکەین. کەوایە ئێمە دەتوانین ڕەخنەکانی قەبووڵ بکەین و پێشوازی لێ بکەین، وەکوو ئەوەی کە ماتەوزەیەکی ئەرێنی تێدایە کە یارمەتی دەدات دەرکی ئێمە لە حەقێقەتی ئایین دووبارە، چاکسازی و کامڵ بکات و ھەروەھا بتوانێت تێگەشتنی ئێمە لە ئایینی پاک و حەقێقی، قاڵب ببەخشێت. ئەمە وەکوو بانگەشەیەکی ئاشکرا بۆ قەبووڵ کردن و عەمەڵ بە ئایین لە حاڵەتی خاوێن و بێخەوش و دەست لێنەدراودا وایە و ھەروەھا ھۆژداریدەر و گوێ زرینگاندنەوەیەکە لە دژی دەست تێوەردان و فەسادێ کە لێکەوتەی شوێنکەوتوویی نەریتگەل و ئایدیۆلۆژیگەلی بەشەرییە. بەوجۆرەیە کە مارکس وەکوو پێغەمبەرێکی سێکۆلار وەسف کراوە «تا بانگەشەی ئێمە بکات ھەتا بگەڕینەوە بۆ ئایینی پەیوەندیدار لەگەڵ کۆمەڵگایەک کە لە کتێبی پیرۆزی ئێمەدا ھاتووە».(112) ھەروەھا کە ئێریک فرۆم مارکس پێناسە دەکات و دەبێژێت: مارکس زیاتر لەوەی “کەسایەتییەکی گرینگی مێژوویی جیھانی بێت” (Morris, 1986:8). “کەسایەتییەکی گرینگی ئایینی جیھانییە”.

ب: ڕەخنە ئەگەردارەکان لە تیۆری مارکس سەبارەت بە ئایین

دەتوانرێت شیکاری و ڕەخنەی مارکس وەکوو دادنامەیەک لە سەر لایەنە نەرێنییەکانی ئایین لە یەک چرکەساتی مێژوویی تایبەتدا یان ئەو فۆڕمانە لە ئایین کە نکۆلیکەری جیھان، نامۆکەر، داپڵۆسێنەر و سەرکووتکەر و مروڤکوژە، پاساوھەڵگر و بەکارھاتوو بێت. کەوایە وەکوو تیۆرییەکی گشتیی ئایین کە مارکس لە حەقێقەتدا ھەر بۆ ئەو مەبەستەی دەویست، زۆر ناتەواو، گۆمڕاکەر و خۆتێکدەرە. سەرەڕای ئەو بەشدارییە ئەرێنییانەی دەتوانین لەگەڵ جی ئەی سرۆێر(1965: 34) ھاودەنگ بین کە دەبێژێت «پەسنی مارکس پەسنی مردن نامەیە، لە ئاکامدا مارکس ھەروەک بروتوس بە خاک دەسپێردرێت نەک ئەوەی ستایش و پەسن بکرێت». لێرەدا ھەندێک کەمایەسی و کێشە بنەڕەتییەکانی ڕاڤەی مارکس لە ئایین بەم سەرباسانەی ژێرەوە وەبەر باس‌وخواس دەدەین:1 دەرئەنجامە فەلسەفییەکانی تیۆری مارکس. 2 تاراندنە ڕەھەندییەکانی تیۆری مارکس.3 ڕەت­دانەوە ئێلاھییاتییەکانی تیۆری مارکس و 4 بەرتەکدانەوەی ئەزموونی دژی تیۆری مارکس.

  1. دەرئەنجامە فەلسەفییەکانی تیۆری مارکس

شایانی باسە کە مارکس لە پێناسەکردن و شیکاری پەتی ئایین لە یەک بڕگەی زەمانی و لە یەک کۆمەڵگای تایبەتدا بەرەو تیۆرییەکی گشتگیری تێچووبەر لە ئاخێزگە، جەوھەر و ئیعتباری ئایین دەڕوات. تەواوی جەوھەری ئایین وەکوو ئافڕێندراوێکی خۆحەزی و دەستکردی مرۆڤ و ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی و لە ئاکامدا خەیاڵی و فریودەر ڕاڤە دەکات. ئەو شتەی ئەو بۆ شرۆڤەی دیاردەی ئایین پێشنیاری دەکات بەگشتی پەیوەندی بە حەقێقەت و ئێعتباری باوەڕی ئایینی کەسەکانەوە نییە. ئەوەی کە ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی دەبێتە ھۆی باوەڕ بە ئایین، بەڵگە بۆ خودی ئەو باوەڕە ناخاتە پێش دەست. مارکس نەیتوانیوە جیاوازی ئاشکرای نێوان ھۆکار و بەڵگە 14causes and reasonsدیاری بکات واتە ھۆکاری بوونی یەک باوەڕی تایبەت و بەڵگە بۆ ئەو باوەڕە. ئیعتیبار و ڕاست­بوونی دیاردەی ئایینی لەسەر بنەمای ھۆکارەکان داوەری دەکات، لە حاڵێکدا تەنیا بەڵگاندنی باوەڕمەندانە بۆ ئەو باوەڕەیە کە دەتوانێت بە دروستی لەمەر ئێعتباری ئەو باوەڕە شتێک بڵێت. ڕانانی شرۆڤە سەبارەت بە بوونی باوەڕێکی تایبەت لە ڕووی ھۆکارە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەو شرۆڤە نادات بە دەستەوە کە بۆچی کەس یان چینێکی تایبەت ئەو باوەڕەیان ھەیە. ئیتر سەبارەت بە ئیعتیبار یان جەوھەری خودی باوەڕەکە شتێک ناڵێین. بۆ وێنە لەوانەیە ھۆکارگەلێکی باشی دەروونناسی و کۆمەڵایەتی بۆ باوەڕی قوتابییەک بە ھەندێک گوزارە وەکوو “نیجریە وڵاتێکە لە ئافریقا” و “نیجریە لە ساڵی ١٩٦٠دا سەربەخۆ بووە” بوونی ھەبێت. ھەروەھا کە سرۆوێرThrower(١٩٦٥) ئاماژە دەکات ڕەنگە ئاوا ھۆکارگەلێک بۆ باوەڕ بەم ئێددعایانە ھەبێت:

1)دەنگە زۆردارانەکەی یەک مامۆستا.

2) ترس لە سزادان و سووکایەتی پێکردن لە کلاس بە ھۆی باوەڕنەکردن [بەو گوزارانە]

3) ئەم ڕاستییە کە ھەموان باوەڕیان پێی ھەیە و ھتد.

ژماردنی ئەو ھۆکارانە بە مانای باس‌وخواس لەمەڕ ئیعتیبار یان جەوھەری خودی باوەڕەکان نییە. کارل مارکس لە ڕێگەی پێناسەکردنی ھۆکارەکانی باوەڕ بە شتێک و شرۆڤەی ئێعتبار یان جەوھەری ئەو باوەڕە، لەنێو داوی ئەو شتە دەکەوێت کە گۆردۆن ئاڵپۆرت ناوی دەنێت “هەڵەوێژیی سروشت و ژێنێتیک15geneticfallacyک”. (Bank, !973:415)

لە پەیوەند لەگەڵ ئەمەدا خاڵێکی جێگەی ڕامان ھەیە کە بریتی بێت لەوەی، ھەجمەی مارکس بۆ سەر ئایین لەسەر یەک پێش­گریمانە ڕۆ نراوە، واتە پێش­گریمانەی نەبوونی خودا. مارکس لە پشتیوانی لە پێویستی بن­بڕکردنی ئیمان بە خوا و ئایین بۆ دەست پەیا کردن بە ڕزگاری بەشەر، دەکەوێتە ناو ھەڵەوێژی دەسپێکی پرسیار16fallacy of beggingthe questionئەم ھەڵەوێژییە جۆرێکە لە ھەڵەوێژی کە لەودا بێ ئەوەی پێشەکییەکان بسەلمێندرێن، ئەنجامەکان سەلمێندراو گریمان دەکرێن و جۆرێکیشی لە بەڵگاندنی دەوری.(وەرگێڕ)، چونکە گریمانەی نەسەلمێندراوی نەبوونی خوای، ئاشکرا و بەدیھیگریمان کردووە. لێرەدا بێ خودایی مارکس نابێت وەکوو ئاکامگیرییەکی لۆژیکی یان فەلسەفی لەپێش چاو بگیردرێت بەڵکوو ئەو شتەیە کە پرێز ئێسکارلین17Perez-Esclarin (١٩٧٣) وەکوو پاساوێکی سپیکیۆلاتیڤ و بیرۆزانە18Speculative بۆ یەک بڕیاری سیاسی کردەکی ناوی دەبات کە بێبەرییە لە قەناعەت پێھێنانی لۆژیکی.

2. تاراندنە ڕەھەندییەکانی تیۆری مارکس

تێگەیشتنی مارکس لە سروشتی ھۆشیاریی مرۆڤ و لە شوێن ئەوە تێگەیشتنی لە ھۆشیاریی ئایینی وەکوو یەک ڕەنگدانەوەی پەتی لە واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە پانتاییی تێگەیشتن لە ژیانی ئینسان، زۆر تارێنەرانە و [تاکڕەھەند]ییە. لە ئەندێشەی ھاوچەرخدا، لە خوێندنەوە زۆر ڕەخنەگەر و پەڕگیر و کەمتر دۆگم و ڕێبازگرژەکان لە ژیانی مرۆڤی، تەنانەت لەناو مارکسیستەکاندا، پشت­ڕاستنەکراوەیی ئەو ھەڵوێستە تارێنەر و پاوانخوازە ئاشکرا دەبێت. بۆ وێنە قوتابخانەی “ئەندێشەی ڕەخنەیی” ناسراو بە قوتابخانەی فرانکفۆڕت کە لەسەر دەستی گرووپێکی جیاواز لە مارکسیستگەلی نوێ (لەوانە ماکس ھوورکھایمێر، تئۆدۆر ئادۆڕنۆ، ئێریک فڕۆم، ھێربێرت مارکووزە، لئۆ لۆڤێنتال، ئێرنێست بلۆخ، جۆرج لووکاچ و ھتد) لە فڕانکفۆرتی ئاڵمان دامەرزێندرا کە ڕوانین و بەرچاوگەیەکیان بۆ تێگەیشتن لە ژیانی مرۆڤی و ڕەفتار و ھۆشیاری گەشە پێداوە کە دژی مارکسیسمی ئۆرتۆدۆکس دەوەستێتەوە. ئەم کەسانە ئەگەرچی لە ڕەھەندێکی مارکسیستیدا دەجووڵانەوە بەڵام تێدەکۆشان بە توێژینەوە نە تەنیا لە ئابووری بەڵکوو لە تەواوی پەیوەندە مرۆڤایەتییەکان، پەرە بە میتۆدێکی داگرتر لە تێگەیشتنی مرۆڤ بدەن. لەم ڕووەوە ئەوان لەسەر سروشتی داھێنەرانەی ھەر ھەمووی زانستی مرۆڤی و چالاکی فەرھەنگی داکۆکی دەکەن و بەم شێوەیە لەگەڵ ئەو بۆچوونە مارکسیستییە کە زانست و فەرھەنگ بە زایەڵە و ڕەنگدانەوەی پەیوەندە ئابوورییەکان یان ژینگەی کۆمەڵایەتی دەزانن بە توندی دژایەتی دەکەن. ئەوان ھەروەھا ئاماژە دەکەن، توخمی دیالکتیکی یان کێشمەکێشی کۆمەڵایەتی کە مارکس باسی لێ دەکرد، ڕیشەی لە سروشتی خۆماکی و زاتی مرۆڤدایە. واتە ھاندەری ڕەخنەی شۆڕشگێڕانە لە پرۆسەی ئابوورییەوە سەرچاوە ناگرێت بەڵکوو نیشانەی جەوھەری، ڕەگداکوتاو و جیانەکراوەی بوونی مرۆڤە(Moltmann et al. 1974:124-126). کەوایە لەم دەسکەوتە ھاوبەشە دەتوانین ئەوە ھەڵێنجێنین کە ھەر جۆر تێگەیشتنێ لە مرۆڤ و ئایین کە تەنیا لە بەکارھێنانی تیۆری ئابووریی مارکس و ماتریالیسمی دیالکتیکی سەرچاوە بگرێت، جۆرێک لاوازی و ھەژاری تیۆریکی ھەیە و دەبێتە ھۆی دەسکاری و وێنەیەکی ناڕاست لە سروشتی مرۆڤ و جەوھەری ئایین، بەو شێوەی کە ئێمە ئەوانە دەناسین.

٢. ڕەتدانەوە ئێلاھییاتییەکانی تیۆری مارکس

تێگەیشتنێکی ڕۆشن لە سروشتی مرۆڤ بەو شێوەی کە بیرمەندانی ئێلاھیاتی ھاوچەرخ، ئێمە بەو جۆرە تێگەیشتنە ھان دەدەن، تەنیا شتێکە کە یارمەتی دەدات، چییەتیی سەرەکی و زاتی ئایین، قووڵتر لە پێدراوە دیاردەناسانەکان کە لە تێبینییە لاوەکییەکان بەدەست ھاتووە، بە ناخی بابەتەکەداڕۆ بچین. ئاسەواری ھاوچەرخ لە بیرمەندانێکی پسپۆڕ وەک شلایێرماخێر، ڕۆدۆڵف ئۆتتۆ و پۆل تیلیخ، ڕوونی دەکاتەوە کە تەوسیفی مارکس لە ئایین زۆریەک لەو شتانەی لەپێش چاو ناگرێت کە لە دروستبوونی ھۆشیاریی ئایینی ڕوو دەدەن، بەتایبەتی ھەستی ڕۆحانی مرۆڤ لە یەک واقیعی بەرزەجێ کە دێت بەسەر ئەودا، ئالێنگاری لەگەڵ دەکات، داگیری دەکات و زاڵ دەبێت بەسەریدا، بە جێگەی یەک دیھاوێژی ئابستراکت و خەیاڵی لە ئافرێندراوی خۆی. ئەم بیرمەندانە لە ڕووی زانستی پسپۆرانەیانەوە لە مەڕ ئەزموونەکانی ئایینی مرۆڤ بە شێوەیەکی ھاوبەش نیشانی دەدەن کە بەشێک لە ھاندەرەکانی پشتی سەری لەدواگەڕانی ئایینی مرۆڤ، ھەستی بەردەوامە بە شیمانەیی19contingency و ھەروەھا ھەست بە نابەسندەیی20insufficiency و ناتەواوییە. ئەوان وا بەڵگە دەھێننەوە کە ھەست بە شیمانەیی بوون و ئەگەری لە ڕێز و وەج دانان بە واقیعێکی سەرەوەتر و بەرزەجێتر سەرچاوە دەگرێت کە لە پێشزەمینەی ئاییندا حەشار دراوە (Thrower, 1965, 1966: 46-47).کەوایە دەتوانین لەم شرۆڤانە ھەنگاوێک زیاتر ھەڵگرین و بەو دەرئەنجامە بگەین کە ئایین کارگێڕ و کارتێکەرێکی داینامیکە و لێکەوتەی کارێکی ئێختیاری ویست و خواست یان ڕەنگدانەوەی پێکھاتە کۆمەڵایەتیی سیاسیی ئابوورییەکان نییە بەڵکوو وەدیھاتن و تێگەیینی ھەستی زاتی و پێویستی مرۆڤە بە شیمانەیی و ئەگەرێتی و ڕۆحانییەت و مەلەکووت.

4.بەرتەکدانەوە و بەرھەڵست وێسانی ئەزموونی، دژی تیۆری مارکس

ھەندێک ڕاستیگەلی کۆمەڵایەتیی فەرھەنگی ھەیە کە دەتوانرێت لە بەرتەکدانەوە و بەرھەڵست وێستان دژی ڕوانگەکانی مارکس سەبارەت بە ئایین، ئاماژەیان پێ بکرێت. یەکەم بەرتەکدانەوەی ئەزموونی دژی ڕوانگە ئارمانجەشاری مارکس لە ھەمبەر کۆمەڵگای کۆمۆنیستییە کە لەویادا ھەموو جۆرە چەوساندنەوە و ستەمێک تەواو دەبێت و لە ئاکامدا ئایین بە ناچار بە مەرگی سروشتی دەمرێت. بە لەپێش چاوگرتنی ھەستی بەردەوامی شیمانەیی کە لە بنەڕەتەکانی ئاییندا حەشار دراوە، دەتوانین لەو ئیدعایەی مارکس دڕدۆنگ بین و گومان بکەین کە دەڵێت کۆمەڵگا، بە پێکھاتەیەکی دروست و حەساوییەوە، دەتوانێت ئەو شتەی ئایینە نەریتییەکان وەدییان ھێناوە، وەدی بھێنێت. پرسیارگەلێک کە ئێمە دەتوانین ھاوڕا لەگەڵ جی ئەی سراوێر21J. A. Thrower( ١٩٦٦) بیھرووژێنین: ئایا کۆمەڵگا دەتوانێت بەسەر ھەستی شیمانەیی و ئەگەرێتیی مرۆڤدا فایەق بێت؟ یان ئایا پەروەردە و زانست دەتوانێت بە تەواوی مرۆڤ لە ھەست بە ڕێز و وەج لێنان خەڵاس بکات؟یان ئایا سروشتی مرۆڤ بە جۆرێکە کە بکرێت قووڵترین نیاز و ئارەزووەکانی تەنیا لە یەک کۆدەقی کۆمەڵناسانەدا جێبەجێ بکرێت(٤٨). مارکس ناتوانێت تێ­بگات نیازە تاکەکەسییەکان بۆ وەدی­ھاتن، وەھا ھێزێکی سەپێنەر و پێویستییان ھەیە کە پەیوەندە کۆمەڵایەتی و نێوان­تاکییەکان ناتوانێت جێبەجێییان بکات. ھەڵگەڕانەوە و چەمھەڵگری، ژیاندنەوە و بووژانەوەی بزووتنەوە و ئالتێرناتیڤە ئایینییەکان تەنانەت لەنێو نەتەوە کۆمۆنیستەکان ناواقیعی­بوونی ئەم ئیددعا دەسەلمێنێت. دەیڤید لەین22David Lane لە توێژینەوەی تێر­وتەسەل و بە وردەڕیشاڵی خۆی سەبارەت بە کۆمەڵگای شۆرەوی پێشوودا دەبێژێت: «ئەگەر چی ئایین لەوانەیە زاڵییەتی وەھای لە نێو ئاپۆرەی خەڵکدا نەبێت بەڵام شایەت و بەڵگەگەلێک ھەن کە نیشانی داوە ئایین بەرخۆدان و چەمھەڵگرییەکی دیار و تایبەتی لە ھەمبەر کۆمۆنیسم ھەبووە». ئەگەر چی بێ گومان مەسیحییەتی ڕێکخراوەیی بە ھۆی سیاسیەتی چینی دەستەبژێری حاکم ڕوو لە نزم­بوونەوەیە، “لەین” بە مەزەندەیەک ئاماژە دەکاتکە ژماری مەسێحییەکانی ئۆرتۆدۆکسی تەعمیددراو لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٤٧ ھەتا ١٩٥٧، نەوەد مێلیۆن کەس بووە کە بە وتەی ئەو نزیکەی ھەمان ژمارە لە ساڵی ١٩١٤دایە. ئەو لە درێژەدا دەبێژێت، ئایین لە ڕووسیا «تەنیا ئاسەواری پاشماوەی سەردەمی پێشاکۆمۆنیسم نییە» بەڵکوو«سەرباری دژایەتیی فەرمی، بەردەوام بزاڤە چووکە ئایینییەکان لە حاڵی گەشە و نەشەدان»Haralambos and Heald1980:463). کەوایە مومکینە ئێمە لەگەڵ ژاک مارتیندا لە کتێبی “مافەکانی مرۆڤ و یاسا سروشتییەکان” ھاودەنگ بین کە دەبێژێت «مرۆڤ، نھێنی و ڕازگەلێکی ھەیە کە لە گرووپ ھەڵدێت و دەرباز دەبێت  و توانا و ئەرکێکی ھەیە کە گرووپ ناتوانێت ئەوە لەخۆ بگرێت». (qtd in Thrower 1965, 1966: 48).

زیاد لەمانە گەشبینییە یوتوپیاییەکانی مارکس لەسەر ئەوەی کە کۆمەڵگایەکی شیاو و بەتەکووز دەتوانێت خۆی بە سەر خراوییەکانیدا فایەق بێت، نەبوونی ئاشکرای مەعریفە لای مارکس لە خراوە و شەرارەتی زاتی مرۆڤ لەقاو دەدات. تەنانەت لە وڵاتە کۆمۆنیستییەکانیشدا ھەر ئەو فۆرمە نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییانە بەرتەکدانەوەی خەسارگەلی کۆمەڵایەتی وەکوو خۆپیشاندانی خوێندکاران و ھتد، ئەوندە زۆرە کە دەتوانین بە ڕاشکاوی بڵێین کە مارکسیسم بە شێوەیەکی جیاواز بە مرۆڤباوەری مارکس خەیانەتی کردووە. ئەم خاڵە لە کتێبێکدا وەکوو «خوا شکستی خوارد» نیشان دراوە، لەو جێگەدا کە دەستەیەک لە نووسەران باس لە ناھۆمێدی شێنەیی و بەرەبەرەی خۆیان لە کۆمەڵگا کۆمۆنیستییەکان دەکەن. ئەوان نیشانی دەدەن بەڵێن و چاوەڕوانی جیھانێکی باشتر لە ئاکامی شۆڕشی سیاسیدا، ھێشتا وەدی نەھاتووە و ھۆمێدکی کەم یان ھیچ ھۆمێدێک بە کۆمەڵگای بێ چینایەتی و ئازاد، بەو شێوەی مارکس پێشبینی دەکرد تەنانەت لەو وڵاتانەیدا کە کۆمۆنیسم بۆ ماوەیەک تاقی کراوەتەوە، نەھاتووەتەدی(qtd in Thrower 1965, 1966: 48). ئیمە دەتوانین ھاوڕا لەگەڵ سرۆوێر(١٩٦٥, ١٩٦٦) بەو ئەنجامە بگەین کە کۆمەڵگای کۆمۆنیستی ھێشتا بەپێویست «کۆمەڵگایەکی بەشەرییە کە ھەموویان لە حەقێقەتدا بەشەرن» و بەپێی ئەوەی کە «کۆمەڵگا ناتوانێت سوروشتی تایبەت بە خودی مرۆڤ ڕازی بکات» مارکسیستەکان دەبێت دەست لەناو دەستی بیرمەندانی ئایینی لە گەڕانێکی ھاوبەشدا بن …بۆ پەیا کردنی بوون­ناسییەکی گونجاو کە لەوانەیە بەشەر باشتر جێگە­و­پێگە بگرێت»(49).

لە ڕوانگەی مارکسەوە، ئایین نە ­تەنیا ھەرگیز ناتوانێت ئەمرازێک بێت بۆ شۆڕشگێری کۆمەڵایەتی، بەڵکوو دەبێتە بەربەست و لەمپەر لە بەرامبەر تێکۆشانی پرۆلیتاریا بۆ ڕاپەڕین.

ئاخرین و پەیوەندیدارترین بەرتەکدانەوەی ئەزموونی، دژی باوەڕە زۆر ناسیاوەکانی مارکسە کە ئایین وەکوو وێنەی سەرئاوەژوو یان ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا و تەریاکی جەماوەر، مرۆڤکوژە و ھێزە داھێنەرەکانی مرۆڤ بە کەم دەگرێت و سووکایەتییان پێ دەکات. لە ڕوانگەی مارکسەوە، ئایین نە ­تەنیا ھەرگیز ناتوانێت ئەمرازێک بێت بۆ شۆڕشگێری کۆمەڵایەتی، بەڵکوو دەبێتە بەربەست و لەمپەر لە بەرامبەر تێکۆشانی پرۆلیتاریا بۆ ڕاپەڕین. کەوایە بە باوەڕی مارکس ھەر جۆرە گۆڕان یان شۆڕشێکی بەرچاوی کۆمەڵایەتی و پێکھاتەیی، ناچارە دەبێت ئایین بنبڕ بکات. ئەم ڕوانگە مارکسیستییە بە ئایین، لە بۆچوونی ھەڵە و ڕێ­گوم­کەری مارکس لەمەڕ خودای دژە ڕزگاری و پێشکەوتنی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت.بەڵام حەقێقەتە ئەزموونییەکان بە پێچەوانەی ھەڵوێستی مارکس نیشانی دەدەن کە ئەو خودایەی کتێبی پێرۆزی مەسیحییەت دەینوێنێتەوە، ئەیھەویست کە ڕزگاری و پێشکەوتنی مرۆڤ بەھێز بکات. یەکێک لەو نموونانە ڕووداوی سیفری کۆچە23سیفری کۆچ( the event of the Exodus) ناوی دووھەمین بەشی کتێبی پیرۆز، سەبارەت بە کۆچی ئیسرائیلییەکان لە ساڵی 1300ی پێش زایین لە میسرەوە بۆ کەنعان.. کاریگەریی کۆمەڵایەتیی پێغەمبەرانی عەھدی قەدیم وەکوو ئەشعییا، میکا، ئامووس و حەوارییەکانی ھەوەڵین، نیشانەی پرسیارێکی ئەزموونی لە ئیعتیباری ھەڵوێستی مارکس ساز دەکات. لە ڕەتدانەوەی ڕوانگەی مارکس بە خوا، وەکوو تەنیا ڕوانگەی مومکین، دەتوانین لەژێر تیشکی توێژینەوە ئەزموونییەکان نیشانی بدەین کە ئایین زیاتر لەوەی ئەفیوون بێت، ھاندەری ڕزگاری بووە و خودا زیاتر لەوەی دژی ڕزگاری بێت ڕزگاریدەری سەرترە.

ئەگەرچی ئەو ئایینەی وا مارکس لە سەردەم و کۆمەڵگای خۆیدا لەگەڵی ڕووبەڕوو بووە، تەقریبەن بە تەواوی لەگەڵ نەزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری [ ئەو شوێن­کاتە]ئەم­ئەوھەوی24identified بوو و وەکوو دەستەبەری پیرۆزی دۆخی زاڵ کاری دەکرد، بەڵام دەتوانرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە مارکس یەک توێژینەوەی بەراوەردکارانەی کۆمەڵایەتیی مێژوویی سەبارەت بە نەزمی ئایین جێ­بە­جێ بکردبایە تا ڕوونی بکردایەتەوە، ئایا ئایین لە ھەموو شوێن­کاتێکدا ھەر ئەو ڕۆڵە ڕەواییدەر و فەلەجکەرەی پیشان داوە. خوێندنەوەیەکی بە بایەخی لەو جۆرە کە دواتر لە سەر دەستی ماکس ڤێبێر و ئێمیل دوورکەیم، ئەریک فرۆم و ئێرنست بلۆخ جێبەجێ بوو، نیشانی دەدات کە ئەنجامگیرییەکانی مارکس تەنیا لە ھەندێک لە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانی ئایین ڕەوایی ھەیە. ماکس ڤێبێر ئەو ڕوانینە مارکسیستییە ڕەت دەکاتەوە کە سیستەمی ئابووری ھەمیشە دەبێتە ھۆی بیچم گرتنی ئایین. ڤێبێر زۆر جیددی باوەڕی وایە کە ئەم قسە ھەمیشە دروست نییە. ئەو لەوە دەکۆڵێتەوە کە سەردەمگەلێک ھەبووە کە لەو کاتەدا ڕەھەندە ئایینییەکان سەرچاوەی ڕەخنەگەلی کۆمەڵایەتی بوونە و بە پێشنیاز­کردنی بەرچاوگەیەکی نوێ بە شێوەیەکی کردەیی لەسەر گۆڕانکاری فەرھەنگ و کۆمەڵگا کاریگەریان داناوە. ڤێبێر(١٩٦٨) نیشانی دەدات کە ئایین ھەرگیز، بەس تەنیا و تەنیا ڕەنگدانەوە و ڕەوایی­بەخشی کۆمەڵگا نییە بەڵکوو نەریتەکانی، ماکگەلێکی ڕەخنەیی و داھێنەر لە خۆ دەگرن. کەوایە ئەو ئاوا ئەنجامگیری دەکات کە دەست پەیا کردن بە گشتاندنگەلێکی خێرایی لەمەڕ کارکەردی کۆمەڵایەتیی ئایین، ئیمکانی نییە بەڵکوو لە ھەر نموونەیەکدا خوێندنەوەی زۆر بە وردەڕیشاڵی دەوێت.(124-126). ھەر لەو بوارەدا ئێمیل دۆرکەیم بە توێژینەوە کۆمەڵناسانەکانی خۆی داکۆکی دەکات لە سەر ئەوەی کە ئایین نە تەنیا شەرعییەت بەخش نییە بەڵکوو دژی نەزمی کۆمەڵایەتیی شۆرش دەکات. ئایین لەگەڵ ئەوەی سەقامگیری کۆمەڵایەتی25socialstability ساز دەکات و لە بەرامبەر داھێزانی ھێزەکانی، پشتیوانی لە کۆمەڵگا دەکات، دەبێتە ھۆی دەستەبەرکردنی رەخنەی دۆخی کۆمەڵایەتیی زاڵ و ھێزگەلێکی بەھێز بۆ گۆڕان و چاکسازیی کۆمەڵگا چێ دەکات(470).

توێژینەوەکانی ئێریک فرۆم سەبارەت بە ئایینەکانی جیھان نیشان دەدات کە ڕەخنەی ڕادیکاڵی مارکس لە ئایین، ئەگەر چی لە بنەڕەتەوە، لە ڕەھەندی مرۆڤخوازانەی ئەو بۆ ڕزگاری مرۆڤ ھەڵدەقۆڵا بەڵام واقیعی ئایین لە بەین نابات. ئێریک فرۆم لە ڕووی خوێندنەوەکانییەوە جیاوازی دادەنێت لەنێوان ئایینی ئۆتۆریتەخواز و نامۆکەر، لەگەڵ ئایینی مرۆڤخواز و ڕزگاریدەر. لەم ڕاستییەوە بەو ئەنجامە دەگات، سەرەڕای ئەو ڕەھەندە “خەسارناسانە” و “سەرکووتکەرانە”ی ئایین، رەھەندگەلێکی شیفابەخش و ساڕێژکەر و مرۆڤانەیش بوونی ھەیە کە بە ھیچ ڕەخنەیەکی نەرێنی بێ ئێعتیبار نابن. ئەو بەڵگە دەھێنێتەوە کە ئەو بەرنامە گەشەی مرۆڤییانە وا مارکس خۆی بۆ تەرخان کرد، واتە لە بنھێنانی ڕەنجگەلی مرۆڤی لێکەوتەی ستەم، ڕزگاری مرۆڤایەتی حەقێقی لە واقیعی درۆیین یان ھۆشیاری سەپێندراو لەلایەن پێکھاتەی زاڵەوە، دادپەروەری و بەرابەری و ھتد، “کاکڵەی ئەخلاقی” ھەموو ئایینەکانی جیھانن. فرۆم بەو ئەنجامە دەگات ، لە کەناری ماکگەلێک کە دەبێتە ھۆی نامۆییی مرۆڤ لە سەرچاوە حەقێقییەکانی مرۆڤ، ھێشتا رەھەندگەلێکی ئایینی ھەیە کە «توانستی بوون بە مرۆڤێکی تەواوتر، دەگوازنەوە بۆ مرۆڤ»(qtd in Baum, 1975: 92).

لە کۆتاییدا ئێرنێست بلۆخ، سەرەڕای ئەوەی مارکسیستێکی ئاتێئیست بوو، لێکۆڵینەوەیەکی نادوگماتیک ڕەچاو دەکات کە نیشانی دەدات، بە پێچەوانەی ڕوانگەی مارکس بۆ چەمکە مەسیحییە پەسڵانناسی26eschatologicalیەکان کە سەر بۆ ئاسمان دەکێشن، نامۆ دەکەن و دژی شۆڕشن، ئەم چەمکانە زیاتر “حەقێقەتێکی یوتۆپیایی و گۆڕانخواز” دەبەخشێتە ئامۆژگارییەکانی مەسیحییەت(qtd in Baum, 1975: 274). توماس مۆینز(١٩٦٩)، ئەو فەیلەسووفە کۆمەڵایەتییە گەورە، لە کتێبی شارەزایانەی خۆیدا “ئێلاھیاتی شۆڕش27Theologian of Revolution لە ھەڵوێستێکی مارکسییستیانەی نادوگماتییانە، لە پێوەندی نێوان بابەتگەلی پەسڵان ناسی و سیاسەت دەکۆڵێتەوە و ڕۆشنی دەکاتەوە ئامۆژەگەلی مەسیحییەت سەبارەت بە ژیانی ھەرمان و ئەبەدی، بە ھەر فۆڕمێک بێت واتای سیاسیی ھەیە و لە ھەندێک نموونەدا کاریگەریگەلی سیاسی لە خۆ بەجێ دێڵێت. ئێرنێست بلۆخ ڕوونی دەکاتەوە کە شیکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بە تەنیایی ناتوانێت ڕەوتی بزووتنەوە شۆڕشگێرانەکان لە درێژاییی سەدەی شازدەی ئاڵمانی‌دا شرۆڤە بکەن، مەگەر ئەوەی ھاوڕا بێت لەگەڵ لێکۆڵینەوەی ئایینی ڕادیکاڵ، بە تایبەت ئەو ئامۆژیاریەی تۆماس مۆینزر. ئەو ھەروەھا لەسەر ئەو باوەڕەیە، پەرەسەندنی جموجووڵ و شڵەژاوییە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەسەندنی ڕاپەڕینی جووتیاران بێ لەپێش چاو گرتنی ئەو بزووتنەوە ڕادیکاڵە، لە ھەمان کاتدا بە ڕەچەڵەک ئایینی و ئامۆژیاریەکەی تۆماس مۆینز، وەڵام نادرێتەوە. ( qtd in Baum, 1975: 277-278).

ئەنجام

لەم گەشتوگوزارەی ئێمەدا لە توێژینەوە ئەزموونییەکان، دەتوانین بە ئاماژە بەم خاڵانە ئاوا ئەنجامگیری بکەین، ئایین بەردەوام و بەناچار دیاردەیەکی ئاڵۆزە و خاوەنی ڕەھەند و لایەنگەلێکی جۆراوجۆرە کە ھاوکات لەگەڵ یەک کار دەکەن. لەحاڵێکدا ئەگەری ئەوە ھەیە بتوانین ڕەھەندگەلی نامرۆڤانە و ھێزبڕی ئایین کە بەرھەمی توخمگەلی کۆمەڵایەتییە، دەست­نیشان بکەین، بەڵام لە ھەمان حاڵدا نابێت ڕەھەندگەلی داھێنەر، نامۆیی­بڕ و ڕزگاریدەری ئایین بە فەرمی نەناسین. رەھەندگەلێک کە ڕۆچوونی ژنان و پیاوان بەنێو مرۆڤایەتی خۆیاندا قووڵتر دەکات و خولیای نەزمێکی کۆمەڵایەتی مرۆڤانەتر بەھێز دەکات.(Baum, 1975: 39).

ئەمرۆکە لە زۆریەک لە کۆمەڵگاکان، کلیسا، پیاوانی ئایین و جڤات و ئەنجومەنە ئاینییەکان لە پرۆسەی ڕزگاریدا بەشدارییان کردووە. ئەو دەروەستییە ئایینییەیە کە دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی بزووتنەوەیەکی ناسیاو لە ژێر ناوی “ئێلاھیاتی ڕزگاری”.مارکس نووسینە کۆمەڵناسانەکانی خۆی لە خوێندنەوەی ئاییندا وەکوو بەربەست و لەمپەرێک بۆ ڕزگاری بەشەر بە ئەنجام گەیاندبوو. کەواتە وادیارە مارکس ئەوندە بە بینراوەکانی خۆی لە ڕۆڵی “خەساربار” و “ نەخۆشی­زێیی”“28pathological” or “pathogenic” ئایین پەرچەکردار نیشان دەدات کە ڕۆڵی ڕزگاری­بەخشی و دەرمانی ئایین، بە تەواوی لە کیس دەچوێنێت. ئەو نەتوانینە لە ناسینیی ڕەھەندگەلی بە ئاشکرا مرۆڤساز لە ئایینەکانی جیھان بە گشتی  و ئایینی مەسیحییەت بە تایبەتی، سەرسەختییەکی یەکجار کوێرکوێرانەیە لە قەبووڵ کردنی حەقێقەتگەلی ئەزموونی ڕۆشندا. سەرەڕای ئەمانە تەنانەت ئەگەر مارکس نەیتوانیوە ئەم ڕەھەندگەلە لە ئایینەکانی زەمانەی خۆیدا ببێنێت، دەبوایە، ئەگەر تەنانەت ھیچ بەڵگەیەکی دیکەیش نەبوایە، بە پێی ڕوانگەی دیالکتیکی خۆی بۆ مێژوو، پێشبینی ئەوەی بکردایە کە ئایین بۆ خۆی دەتوانێت ڕووەو ئاراستەیەکی ئەرێنی بڕوات و ئەمە وێدەچێت لە نووسراوەکان و ڕەخنەکانی خودی مارکسداھاتبێت. نەتوانینی مارکس لە پێشبینی ئەو گۆڕانە، ئەو دەکێشێت بۆ لای بەرھەمھێنانی شتێک کە ھۆڵێنوێگێر29W. J. Hollenweger(١٩٧٣) ناوی دەنێت “ پێشگۆیی خۆتێکدەر“30Self-destroying Prophecy واتە ئەو پێشگۆییەی کە دروست لە ئاو دەرنەھات چونکە خەڵک لە ئاکامی ھەمان پێشگۆییدا ڕوانینی خۆیان گۆڕیوە(136).

References

.Haralambos, Michael and Heald, Robin,(1980). Sociology: Themes and Perspectives Slough:

University Tutorial Press

.Lewis, John. (1975,June). “Marx and Religion” New Humanist. 91(2): 34-37

Marx, Karl and Frederick Engels. (1940). The German Ideology.New York: International

Publishers

Feuerbach, Ludwig. (1957). The Essence of Christianity. New York: Harper & Row

Lenin, V. I. (1965). On Religion. Moscow: Progress Publishers

Marx, Karl.(1964). Early Writings Trans by T. B. Bottomore New York: McGraw-Hill

Marx Karl and Engels, Fredrick. (1975). On Religion Moscow: Progress Publishers,

Baum, Q. Gregory. (1975). Religion and Alienation. A Theological Reading of Sociology. New

York: Paulist Press.

Yunger, Milton J. (1970). Scientific Study of Religion. New York: Macmillan Publishing

Perez – Esclarin, Antonio. (1974). Atheism and Liberation. London: SCM Press

Pinnock,Clark H. (1980). Reason Enough: A Case for the Christian Faith Exeter: The Paternoster

Press

Morris, Brian. (1986, Spring)”Erich Fromm: The Radical Humanist” New Humanist 10(2): 3-8

Thrower, J. A. (1965, June). “Karl Marx on Religion – Part 1” The Ghana Bulletin of Theology 2

(8): 30-34

Banks, Robert (1973, Dec). “Religion As Projection: A Reappraisal of Freud‟s Theory” Religious

Studies 9,(4): 410-415.

.

Moltmann, Jurgen et al (1974) ed. Religion and Political Society. New York: Harper & Row

Publishers

Thrower, J. A. (1965, Dec, 1966, June) “Karl Marx on Religion – Part II” The Ghana Bulletin of

Theology. 2(9210): 46-47

American Journal of Social Issues & Humanities Vol.1 No.2. (Nov.2011)

©AJSIH Vol.1 No.2. (Nov.2011) 50-81 Uchegbue | 80

Weber, Max. (1968). The Sociology of Religion. Trans by E. Fischoff . Boston: Beacon Press

Durkheim, Emile. (1968) The Elementary Forms of Religious Life New York: Free Press

Hollenweger, W. J (1973, February). “Karl Marx (1818 – 1883) and His Confession of Faith” The

Expository Times LXXXIV (5):! 30-136.

سەرچاوە: گۆڤاری2011 American Journal of Social Issues & Humanities


پەراوێزەکان

  • 1
    Haralambos and Heald
  • 2
    alienation (deprivation)
  • 3
    Projection:بانھاوێژی یان دیھاوێژی
  • 4
    humanizing divinity
  • 5
    anthropologizing theology
  • 6
    alienation-infested
  • 7
    foreknowledge
  • 8
    association
  • 9
    Implacable
  • 10
    polymethodic
  • 11
    Milton J. Yinger
  • 12
    C. H. Pinnock
  • 13
    adulterated
  • 14
    causes and reasons
  • 15
    geneticfallacy
  • 16
    fallacy of beggingthe questionئەم ھەڵەوێژییە جۆرێکە لە ھەڵەوێژی کە لەودا بێ ئەوەی پێشەکییەکان بسەلمێندرێن، ئەنجامەکان سەلمێندراو گریمان دەکرێن و جۆرێکیشی لە بەڵگاندنی دەوری.(وەرگێڕ)
  • 17
    Perez-Esclarin
  • 18
    Speculative
  • 19
    contingency
  • 20
    insufficiency
  • 21
    J. A. Thrower
  • 22
    David Lane
  • 23
    سیفری کۆچ( the event of the Exodus) ناوی دووھەمین بەشی کتێبی پیرۆز، سەبارەت بە کۆچی ئیسرائیلییەکان لە ساڵی 1300ی پێش زایین لە میسرەوە بۆ کەنعان.
  • 24
    identified
  • 25
    socialstability
  • 26
    eschatological
  • 27
    Theologian of Revolution
  • 28
    pathological” or “pathogenic”
  • 29
    W. J. Hollenweger
  • 30
    Self-destroying Prophecy