وەهمی لۆکاڵ و وەهمی گڵۆباڵ

سەدەی بیست و سێهەمینی پێش زایینە، خانمێکێ شۆخ و شەنگی ئەکەدی، کە لە یەک کاتدا هەم خوێندەواری و ڕۆشنبیرییەکی فراوانی هەیە، هەمیش شارەزایی و کارامەیییەکی مەزن لە بەڕێوەبردندا، لە نێو ئەکەدییەکانەوە دەردەکەوێت و بە “ئینهیدوانا”1ئينهیدوانا (٢٢٨٥-٢٢٥٠ پ.ز) یەکەمین ژنە شاعیرە لە مێژوودا، هەروەها یەکەمین نووسەریشە لە مێژوودا کە ناوی زانرابێت و دەقەکانی تاوەکوو ئێستاش پارێزراو بن. لە سەردەمی سەرگۆنی ئەکەدیدا بەرزترین پۆستی ئاینی پێ دراوە و کراوە بە سەرپەرشتیاری پەرستگای ئور. خواوەندەکانی سۆمەر و ئەکەدی کردوون بە یەک و مۆرکێکی جیهانی پێداون. هەم نزا ئاینییەکانی و هەمیش دەقە شیعرییەکانی لە ئاستێکی ئێجگار بەرزی ئەدەبیدان. نزاکانی ئینهیدوانا بە شێوەیەک بە جیهاندا بڵاو بوونەتەوە و دەستکاری تێڕوانینی ئاینی مرۆڤیان کردووه، کە بەشێکی زۆری مەزامیر و نزا و وێناکردنەکان بۆ خودا لە تەورات و کتێبە ئاینییەکانی دواتردا، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەنهیدواناوە. ئەمە جگە لەوەی هۆمیرۆس و هۆنەرەکانی دیکەی یۆنان لەژێر کاریگەریی دەقە شیعرییەکانی ئەودا دەقەکانی خۆیان نووسیوە. بڕوانە: انخيدوانا شاعرة سومر، مقالات مترجمة حول آول شاعرة في التآريخ، اعداد والترجمة: الدكتور قاسم محمد الآسدي، دار و مكتبة عدنان للطباعة والنشر، ط1، بغداد، دەناسرێت. ئینهیدوانا کچی سەرگۆنی ئەکەدییە، بە ڕەچەڵەک سەر بە سۆمەرییانی زاگرۆسنشینە و سەردەمانێکی زووتر باپیرانی کوردستانیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان کردووەتە دۆڵی دووئاوان. لەوێش زۆر بە زوویی ناوبانگیان بڵاو بووەتەوە و  شارگەلی گەورە و پێشکەوتوویان دروست کردووە. ئینهیدوانا دەیزانی باپیرانی ئەو یەکەمین کەسن نووسینیان داهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی زۆریان دا تاوەکوو زمانی سۆمەری بکەن بە زمانی فەرمی نووسین لە بەشێکی گەورەی جیهاندا، لەوێشەوە ببنە خاوەنی ئیمپراتۆریایەکی مەزن. هەرچەندە ئینهیدوانا هەر بە زمانی سۆمەری دەینووسی و زیاتر مەیلی بە لای گەل و خاکی خۆیدا دەچوو، بەڵام لە بیرکردنەوەدا دەیویست جیهانییانە بنووسێت و مرۆڤانە مامەڵە بکات، ڕقی لە پەرتەوازەکردنی گەلان بوو بە نێوی جوداجوداوە و خوازیاری هەبوونی خودایەکی جیهانی بوو، کە لەگەڵ هەموواندا بەسۆز و بەزەیییەوە مامەڵە بکات. بۆچی ئینهیدوانا نەیدەویست بە تەنها خەڵکی دووئاوان بێت و مەیلی بە لای ئەوەدا دەچوو جیهان لە یەک بۆتەدا کۆ بکاتەوە و بیرۆکەی هاووڵاتیی جیهانی و خودایەکی جیهانی دابڕێژێت؟ بۆچی ئەوەندە لە لۆکاڵیبوون دەترسا و خۆی خستبووە ناو ململانێیەکی گەورەوە لە پێناوی گەیشتن بە بیرۆکەی جیهانێکی هاوبەش؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە بڕێکی زۆر بەڵگەی مێژوویی دەوێت، کە ئێمە ئێستا تەنها لە چەند نزایەکی ئاینی و هێندێک دەقی شیعری زیاتر، هیچی ئەوتۆمان لە بەردەست نییە، بەڵام هێشتاش لە ڕێی دەقە شیعرییەکانییەوە، لە ڕێی نزاکانییەوە دەتوانین ئەوە هەڵێنجێنین کە ئینهیدوانا یەکەمین کەسێکە بە دووی بیرۆکەیەکی وەهادا چووبێت و لە نووسیندا جێی بۆ کردبێتەوە. نزاکانی ئینهیدوانا یەکەمین دەق و نووسراوێکن که ویست بۆ بە جیهانیبوون تێیاندا بە ڕوونی ببینرێت. ئەم خاتوونە شاعیرە، کە دەبێتە یەکەمین ژنە شاعیریش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، زۆر لێزانانە توانیویەتی خواوەندە لۆکاڵییەکان بگۆڕێت بۆ خواوەندگەلی جیهانی و گشتگیرتر و بۆچوونی خەڵکی دەربارەی ڕۆڵ و دەسەڵاتی خواوەندەکانیش بگۆڕێت، لە ئینهیدواناوە ئیدی خوداوەندە لۆکاڵییەکان دەبنە خوداوەندی جیهانی و سەرتاپاگیر. هەرچەندە لە ڕێی دەقە شیعرییەکانییەوە دەتوانین لەوە تێبگەین کە پاڵنەری پشت ئەم بیرکردنەوەیەی خاتوونە شاعیرەکە، پاڵنەرێکی هەژموونخوازانە و سیاسی بووە و دواتر ئاینی و ئینسانییانە، بەڵام هەرگیز ئەم خاتوونە نیازی ئەوەی نەبووە خوداوەندێکی ئەکەدی لۆکاڵی بکاتە سەرداری جیهان کە نادادی بەرامبەر کەسانی بیانی و نائەکەدی بکات، بەڵکوو ویستویەتی خودایەکی دادوەر و دەسەڵاتێکی دادوەرانە شکۆی تەواوی مرۆڤەکان بپارێزێت.2بۆ خوێندنەوەی دەقە شیعرییەکانی ئینهیدوانا و تێگەیشتنی زیاتر دەربارەی نێوەڕۆکی شیعر و نزاکانی بۆ ئینانا، بڕوانە: بتي دي شونك ميتر،‌ صلوات انهیدوانا، ترجمة: كامل جابر، دار الجمل، ط١، ٢٠٠٩

“ئینهیدوانا”ی ئەکەدی یەکەمین شاعیری ژن، لەلاین سارا هۆلەوە ڕەسمی کێشراوە

بۆچی لە چل و سێ سەدە لەمەوپێشەوە، مرۆڤ بیری لە بە جیهانیبوون کردووەتەوە؟ ئایا لۆکاڵیبوون ئەوەندە مەترسیدارە کە مرۆڤ لێی هەڵبێت؟ ئێمە ناتوانین تەنها بە بوونی چەند نموونەیەکی هاوشێوەی ئینهیدوانا ئەوە ببڕێنینەوە کە مرۆڤ بە گشتی حەزی لە جیهانیبوون بووە، ئەمە تەنها چیرۆکی بەشێک لە مرۆڤەکانە و نیوەی بابەتەکەیە، نیوەکەی دیکەی ڕێک پێچەوانەی ئەم گێڕانەوە مێژوویییانەیە. مێژوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە مرۆڤایەتی لە ئەنهیدواناوە بوون بە دوو بەشەوە؛ بەسەر دوو ئاڕاستە و ڕەوتی دژبەیەکدا دابەشبوون؛ بەسەر دوو بیرکردنەوە و دوو ڕوانین و دوو بۆچوونی لێک جیاوازدا کەوتوون، بەشێک کە هەمیشە خواستی ئەوەی هەبووە لە ناوچەیی بوون و لۆکاڵیبوون دەربچێت و ببێتە هاووڵاتییەکی جیهانی، بەشێکیش ڕێک پێچەوانەی ئەم ویستەوە، هەوڵی داوە بەرەو ناوەوەی کۆمەڵگەکەی خۆی شۆڕببێتەوە و دژ بە کرانەوە و تێکەڵبوون بووە بەوانی دی، دژی بە جیهانیبوون بووە و ئارامی تەنها لە ناوچەکەی خۆیدا بەدی کردووە. لە ڕاستیدا ئەم دابەشکارییە مێژوویییە یەکێکە لە کوشندەترین هەڵەکانی مرۆڤ، کە نەدەبوو بەو شێوەیە و بە درێژاییی هەزاران ساڵ پەرەی پێ بدرایە، ئەم هەڵەیەش بەرهەمی ئەو دوو تێڕوانینە باوەیە کە لای زۆرینەی مرۆڤەکانی سەر زەوی بووەتە یەقین. یەکیان پێی وایە کولتوور و نەریت و بیرکردنەوە و .. هتد لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دی بە تەواوی جودایە و کۆمەڵگەکان لەسەر بنەمای جیاوازییەکانیان لێکدی دابڕاون، بۆیە هەر قسەکردنێک لەسەر بە من زانینی ئەوی دی، یاخود بینینی کۆمەڵگەکانی دی وەک کۆمەڵگەکەی من زادەی نەزانین و نائاشنایە بە هەقیقەتێکی مێژوویی و پەسەندکراو. ئەمە لە کاتێکدا بۆچوونەکەی دی بە تەواوی دژ بەم شێوە بیرکردنەوەیە دەوەستێت و لەو بڕوایەدایە مرۆڤ و کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکان لە بنەرەتدا دەچنەوە سەر یەک ڕەچەڵەکی هاوبەش و کەس لەوی دی بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازتر نییە و ئەو جیاوازییانەشی کە هەن جیاوازین لە ڕووکەشدا، هەڵگرانی ئەم جۆرە ڕوانینە بەردەوام هەوڵ دەدەن جیهانییانە بیر بکەنەوە و پێیان وایە ئەو بڕوایەی کە هەیانە، ئەو ئەزموونەی کە هەیانە، ئەو بیرکردنەوەیەی کە هەیانە بۆ هەموو جێیەکی دونیا دەبێت و هەمووان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن. کێشەی ئەم دوو جۆرە ڕوانینە لەوەدایە کە هیچیان بڕوایان به بەشەکێتی هەقیقەت نییە و نایانەوێت مرۆڤ وەکوو خۆی ببینن، کۆمەڵگەکان وەک خۆیان بخەنە ڕستەوە و بیانناسێنن. گەر کەمێک لەم دوو ڕوانینە باوە دووربکەوینەوە، کەمێک زیاتر خوێندنەوە بۆ دۆخی مێژوویی کۆمەڵگەکان بکەین، دەبینین لەو نێوەندەدا شتێک دەبریسکێتەوە و سۆڵەیەک بە دیار دەکەوێت، شتێک کە هەڵگری بەشه ونبووەکەی گێڕانەوەکەیە، شتێک کە پێمان دەڵێت ئێمە لەنێوان دوو بەرداشدا نین، ئەوەی هەیە بەرداشێکی ئاڵۆز و بەخۆداهەڵگژاوە. دەبێت ئەمە زیاتر ڕوون بکەمەوە، جیهان یەکەیەکی ئاڵۆزێنراوە نەک ئاڵۆز، لۆکاڵ و گڵۆباڵ دیاردەی نێو زمانن پێش ئەوەی لە شوێنی دیکەدا، بۆ نموونە: لە واقیعدا هەبن. ئەوەی لێرەیە لەوێیە و هی ئەوێش بڕێک ئێرەبوونی تیایە، جێگاکان بەشێکن لە یەکدی. کەسەکان، بیرۆکەکان، شتەکان هەم جیاوازن و هەمیش وەک یەک؛ هەم نامۆن و هەمیش ئاشنا بە یەکتر. کاتێک ئێمە بەر هەر کام لەوانە دەکەوین ئیدی حوکمی تەواوەتی خۆمان دەرهەقیان دەدەین. ئەوێ چ واتایەکی هەیە گەر ئێرە نەبێت؟ ئێرەش بەبێ ئەوێ چ واتایەکی هەیە؟ جیهان تەژییە لە چیرۆک و گێڕانەوەی سۆڵەکان، سۆڵەگەلێک کە لە هەموو جێیەکدا هەن و نە سەر بە ئەوێن و نە سەر بە ئێرە، بەڵکوو تێکەڵەیەکی ئاڵۆز و سەیرن و لەو نێوەندەدا هامووشۆ دەکەن. جارێک دەبنە وێڵگەردێکی جیهانگەرا و جارێکیش بە نیشتەنییەکی داخراو، ئەمە بۆ مرۆڤانێک کە یەکلابینن و خوازیاری دیتنی شتەکانن بە یەک هێما و ئاماژە و ڕووکارەوە، تۆزێک قورس و بێمانا دەردەکەوێت، ئاخر نایانەوێت سۆڵەکان دڕ بە تاریکییەکە بدەن، چونکە ئەوان لە بناوانەوە تاریکییەکەی خۆیان بە ڕووناکایی لێک داوەتەوە و دڵپێدەرانە وەدووی کەوتوون.

 لەنێوان دوو وەهمدا، هەقیقەت لە کوێیە؟

کە باسی لۆکاڵ و گڵۆباڵ دەکرێت، کە باسی وابەستەیی بۆ ناوەوە و وابەستەیی بۆ دەرەخۆیی دەکرێت، خێرا بیرمان بە لای ئەوەدا دەچێت کە داخۆ کێ لە هەرکەس زیاتر بەرگریکاری ئەم دوو بۆچوونەیە، کێ لەگەڵ ڕووکردنە لۆکاڵدایە و کێ دەیەوێت بمانکات بە گڵۆباڵ؟ بۆ تێگەیشتن لەمە دەبێت لە سێینەیەکی پێکەوە دژ، لەگەڵ ئەوەشدا تەبا بکۆڵینەوە، سێینەی ڕۆشنبیری و ئاینی و سیاسەت. بەڕاست چ وا دەکات ئەم سێینەیە ببنە بەرگریکار و برەودەری هەردوو تێگەی پڕ لە کێشەی لۆکاڵ و گڵۆباڵ؟ ئەوە ڕوونە کە هەردوو ڕەوتی ئاینی و سیاسی هەر ئەوەندە لەگەڵ بەجیهانیبووندان تاوەکوو ئەوانی دی بڕۆنە ژێر هەژموونیانەوە، هەرکاتێک درکیان بەوە کرد کە جیهانیبوون خەریکە دەبێتە مەترسی بۆ سەر پاڵنەرەکانی مانەوەیان، بۆ سەر بیروباوەڕ و نەریت و هێزە ناوەکییەکەیان، ئەوا ئیدی بەرەو لۆکاڵیبوون شۆڕ دەبنەوە و دەچنە بەرەی دژەگڵۆباڵەوە. واتا جیهانیبوون تا ئەو سنوورەی تۆ دەبیتە بەشێک لە من، نەک سنوورێک کە منی تیا ببم بە تۆ.
بەدەر لەو دوو ڕەهەندە سیاسی و ئاینییە، ڕەهەندی سێهەم هەیە کە ئەویش ڕەهەندی ڕۆشنبیرییە. ڕەنگە کەم نووسەر هەبێت کاتێک دەنووسێت، بیر لەوە نەکاتەوە کە داخۆ ئەم نووسینەی ئەو تا کوێ بڕ دەکات؟ ئایا ئەگەر بە ڕووی کۆمەڵگەکەی خۆی، ناوچەکەی خۆی، شارەکەی خۆی، وڵاتەکەی خۆیدا بکرێتەوە و بیانکات بە بابەتی سەرەکی نێو کار و نووسینەکانی، نابێتە نووسەرێکی لۆکاڵ؟ ئایا پشتکردن لە کۆمەڵگەی خۆت، شاری خۆت، ناوچە و هاوزمانانی خۆت و ڕووکردنت لە کۆمەڵگەکانی دەرەوە و بینینی هەموو مرۆڤەکانی جیهان وەک یەک تابلۆی تەواو، تۆ دەکات بە نووسەرێکی گڵۆباڵ و جیهانی؟ لە ڕاستیدا نووسەر لەوەدا دەکەوێتە هەڵەوە کە خۆی داببڕێت لە جیهان و بە تەنها ڕووی قسەی ئاڕاستەی ناوەوەی خۆی و وڵات و ناوچەکەی خۆی بێت و کاری بەسەر ئەوانی دییەوە نەبێت، وەک چۆن لەوەشدا دوو جار دەکەوێتە هەڵەوە کە پشت بکاتە کۆمەڵگەکەی خۆی و بە نێوی دژە لۆکاڵییەوە ئەوەی لەبیر بچێتەوە کە ئەو سەر بە چ زەمینێکە و سەر بە چ پاشخانێکی مێژوویی و کولتوورییە و ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەو وەک نووسەرێک چییە لە هەمبەر ئەو پاشخانەدا و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵیاندا. نووسەر بوونەوەرێکە زادەی ژینگەکەی خۆیەتی، چونکە ئەو کەسێکی هوشیارە بە ناسازییەکانی ژینگەکەی خۆی، ئەرکێتی هەوڵی چارەکردن و شرۆڤەکردنی هۆکاری ئەو ناسازییە بدات، یاخود لانی کەم ئەم ناسازییە بۆ ئەوانی دی بەدیار بخات و کۆمەڵگە هوشیار بکاتەوە، جا کە ئەمەشی کرد لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەکان و سروشتی ژینگەی مرۆیی لە چەندین هێڵدا هاوشێوەی یەکترین و چەند پنتێک هەیە هەمووان بەردەوام دەچنەوە سەری، دەتوانێت بە شێوەیەک کار بکات کە بتوانرێت بچێتە نێو دونیابینی و بیرکردنەوەی ئەوانی دییەوە و ببێتە بەشێک لە پێکهاتەی کولتووریی ئەوانیش. ئەمە تەنها وێناکردنی ئێمە بوو بۆ ئەو ڕۆڵە شیاوەی کە دەکرێت ڕۆشنبیر بیبینێت، چونکە لە واقیعدا ڕۆشنبیر کوشتەی ئەم دابەشکارییەیە و خۆی بووەتە بەشێک لە قەیرانەکە. هۆکاری ئەوەی کە نووسەر و هونەرمەند دەبێتە بەشێک لەم دابەشکارییە زۆرن، نووسەر لە سەرەتاوە خۆی دادەبڕێت لە کۆمەڵگە و لە دەرئەنجامی کرانەوەی بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا و لە ڕێی خوێندنەوە بەردەوامەکانییەوە، دەبێتە هاوردەکاری بیری نوێ و خوڵقێنەری دیدگەلێکی دیکەی نامۆ و جیاواز بە کۆمەڵگە و ژینگەی خۆی و دەکەوێتە ململانێوە لەگەڵیان، تا وای لێ دێت نووسەر و بیرۆکەکانی دەبنە تەنێکی نامۆ بە کۆمەڵگە و وەک نەفرەتلێکراوێک دەبینرێت، نەفرەتلێکراوێک کە بیری چووەتەوە کێیە و سەر بە چ کولتوورێکە و خۆی داوەتە دەستی کولتوورەکانی دی، لێ ئەمە زۆری پێناچێت و دوای ماوەیەک نووسەر و کۆمەڵگە ئاشت دەبنەوە، چونکە چیدی وشە و بیرۆکەکان نامۆ نین بە کۆمەڵگە، لێرەدایە نووسەر گەر زۆر بە ئاگا نەبێت خۆی ڕادەستی ئەم تەبابوونە دەکات و چیدی نووسینەکانی ناکاتە هۆکارێک بۆ لێدان لەم تەباییە، لە بری ئەوە هەوڵ دەدات هەمان ئەو شتانەی پێشووتری کە وتویەتی بڵێتەوە. سەرسوڕهێنەره کە دەبینین نووسەرێک بە گەشێکی وەها ترسناکدا دەڕوات، لە گڵۆباڵەوە بۆ لۆکاڵ و ناساندنی لۆکاڵەکەی بە گڵۆباڵ! ئەمە بۆ هونەریش هەمان شتە، هونەری هەموو گەلان خودان بنەچەیەکی ئاڵۆز و تێکهەڵڕژاوە، بە ئاسانی یەکلا ناکرێتەوە، کەچی کۆمەڵگە جۆرێک لە جیاکاری دەکات لەنێوان شاکارەکانی خۆی و شاکاری ئەوانی دیدا و ئەوەی خۆی ناودەنێت ڕەسەن و ئەوی دی بیانی و ناڕەسەن. لاریمان لەم دابەشکارییە نییە لەوەدا کە هونەری بەرز لە هونەری نزم جیا دەکاتەوە، بەڵکوو گرفتەکە لەوەدایە کە خودی ئەم دابەشکارییە دەبێتە بەربەست لە بەردەم دروستبوونی هونەری نوێخوازدا، هونەرمەند بۆ ئەوەی لە ڕەسەنەکە لانەدا دەبێتە لاساییکەرەوەی هونەرمەندانی پێشین، ئەمەش داهێنان لەناو دەبات و دەبێتە هۆی دروستبوونی هونەری نزم. بۆیە گرنگە ڕەسەنێتی دووبارە پێناسە بکرێتەوە، ڕەسەنێتی وابەستەبوون نییە بە لۆکاڵەوە، خۆگرێدان نییە بە پێوەرە هونەرییەکانی کۆمەڵگەوە، وەک چۆن ناڕەسەنێتیش بریتی نییە لە ڕووکردنە گڵۆباڵ و هێنانی هونەری نامۆ و جیاواز. نوێخوازی پشتکردن نییە لە خۆت و هەنگاونان بەرەو ئەوی دی، بەڵکوو هێنانە ئارای شتێکی نوێیە کە پێیەکی لە لۆکاڵدایە و پێیەکی دیکەی لە گڵۆباڵ، لە یەک کاتدا شتێکی نوێیە بۆ هەردوو لا. ڕەسەنێتی سۆڵەیەکە لەو نێوەندەدا دەردەکەوێت، لەنێوان لۆکاڵ و گڵۆباڵەوە سەر دەردێنێ و هونەری بەرز گەشتر و ڕووناکتر دەکاتەوە، خوڵقاندنە لە هیچەوە، نوێکردنەوە و داهێنانە و یەکخستنی بنەچە هاوبەشەکانی لۆکاڵ و گڵۆباڵە.

کە لەوە تێگەیشتین نووسین یاخود هونەر و تەواوی کایەکانی دی، لە بنەچەدا کردەی هاوبەشی مرۆیین و لە ڕووکاردا جیاواز دەردەکەون، ئیدی دەتوانین دەست لەو دابەشکارییە هەڵبگرین. کەواتە گەشبین بین بەوەی لە داهاتوودا ئەم دابەشکارییە بەتەواوی بنبڕ دەبێت و نامێنێت؟ شتێک لێرەدا ڕێگره، شتێک کە خۆی هەم هۆکاری ئەم دابەشکارییەیه و هەمیش هۆکاری مانەوەی بە بەهێزی، شتێک کە ڕێگری لەوە دەکات بە گەشبینیەوە بڕوانینە داهاتووی ئەم دابەشکارییە، ئەویش ناوبانگە.  پێشتر و لە ڕابردوودا بەدەستهێنانی ناوبانگێکی گەورەی جیهانی، پێویستی بە هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر بوو، کەسی ناسراو دەبوو لە بوارێکدا ئەوەندە سەرکەوتوو بێت کە هیچ کەس نەگەیشتبێتە ئەو ئاستەی وی، دواجاریش ئەو بەرەو ڕووی ناوبانگ نەدەڕۆیشت، ناوبانگ ئەوی دەدۆزییەوە و بازنەی ناسینی فراوانتر دەکرد. ئێستێ دۆخەکە به تەواوی پێچەوانە بووەتەوە و بۆ بە دەستهێنانی ناوبانگێکی جیهانی، پێویستیت بە کاری جدی و بەرز نییە، با ڕووکەشانە بنووسیت، با هونەرەکەت ئاست نزم و بازاڕییانە بێت، با ئەوەی دەیڵێیت سادەبێژی و لەبیربردنەوەی هەقیقەت بێت، جیهان ئەوەی لە تۆ ناوێت، تەنها ببە ڤیگەرێکی بازاڕییانەی جێ مشتومڕ، بە قسەیەک خدەی خەڵکی بدە و هەمووان دابەش بکە بەسەر دوو بەرەدا، بە خۆتەوە سەرقاڵیان بکە، ئیدی تۆ دەبیتە جیهانی! بە جیهانیبوونی ئێستا وەک بە جیهانیبوونەکانی پێشوو نییە کە بە دووی نەمری و مانەوەدا بگەڕێ، بە جیهانیبوونی ئێستا ئەوەی بەلایەوە گرنگە ئێستایە و ناوبانگێکی کاتییە. چی وادەکات هەندێک هونەرمەند یان نووسەر و ڕۆشنبیر، زۆر لە ناکاو لەسەر ئاستی جیهان بناسرێن؟ بە بازاڕکردن! ئەمڕۆ تۆ چەندێک دەزانیت و چ نوێت پێیە بۆ جیهان، چ ئیزافەیەکت پێیە بۆ فیکر، بۆ دونیا، بۆ هونەر، بۆ نەتەوە، بۆ مرۆڤ، هیچیان گرنگ نین؛ ئەوە گرنگە کە تۆ بەو کارەی کە دەیکەیت چ جێیەک لە بازاڕدا دەگریت و تا چەند دەبیتە بابەتێک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و بەرزبوونەوەی پەرچووئاسایانەی داهات. وەهمی پڕ خوێنەرترین، پڕ بینەرترین، پڕ بیسەرترین هیچ نین جگە لە وەهمگەلێکی بچکۆلانە کە دەوری وەهمە گەورەکەیان داوە، وەهمی بوون بە ڤیگەرێکی دیاری گڵۆباڵ. کێشەی ئەم وەهمگەلە بچکۆلانە هەر ئەوە نییە کە درێژە بەو دابەشکارییە دەدەن، بەڵکوو لەوەشدایە ناڕاستەوخۆ پەیامێکی ئامادە دەدەن بە گوێی ئێمەدا، ئەوەی زۆر نەخوێنرابێتەوە؛ ئەوەی بینەری کەم بووبێت؛ ئەوەی بیسەری نەبووبێت؛ با جوانیش بنووسێت؛ با وردیش بکۆڵێتەوە؛ با دەنگیشی خۆش بێت و هونەرێکی ئاست بەرز پێشکەش بکات، با باشترین شانۆی نمایش کردبێت، لە کێشانی تابلۆکەیدا موعجیزەی خوڵقاندبێت، مادامەکێ ناسراو نییە، مادامەکێ نەبووەتە جیهانی، کەواتە هێشتا لۆکاڵە و شایانی گرنگی پێدان نییە، واتا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو باوەڕە چەسپێنراوە کە ئەوە بەجیهانیبوونە وادەکات لۆکاڵ دانپێدانراو بێت، بۆ دانپێدانانی لۆکاڵییانە، پێویستمان بەوەیە دانپێدانانی جیهانییانە بخەینە بەردەمی لۆکاڵ. لێرەدایە مەترسی هەردوو وەهمی لۆکاڵ و گڵۆباڵ دەردەکەوێت، کە هەریەکێکیان تەنراون بە دەیان وەهمی بچکۆلانەتر لە خۆیان و هەقیقەت دەشارنەوە و ناهێڵن ئاگاداری ئەو ڕاستییە سادەیە بین کە دەنگەکان؛ دەقەکان؛ نمایشەکان؛ کار و بەرهەمەکان وەکو خۆیان ببینین و گوێ بە هەڵاکانی دەوری، یاخود کپییەکانی دەوری نەدەین و خۆمان لێیان ڕابمێنین و بیانبینین. ئایا ئەوەی جیهانییە بەرز و جوانە و شاکارێکە بۆ خۆی و ئەوەشی لۆکاڵییە نزم و بێکەڵک؟ گەر خۆتت لەو دوو وەهمە ڕزگار نەکردووە، تۆ ناچاریت بە بەڵێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەیتەوە و منیش ناچارم بە داخەوە بم بۆت. ئاخر مەرج نییە ئەوەی لۆکاڵەکانی دی نەیانەوێت و خۆی لەگەڵ هەمووان نەگونجاندبێت، نزم و لاوەکی بێت، بەڵکوو دەشێت ئەوەی لەنێو بازنەی لۆکاڵێکدا قەتیس کراوە، بەهاکەی چەندین هێندەی ئەو شتانەی دیکە بێت کە گوایە جیهانی و بەرز و ناسراوترن؛ کە گوایە بەسوودتر و باشتر و بەڕێزانەترن. ئەمە بەو مانایە نایەت و نابێت وا لێک بدرێتەوە کە کەمکردنەوەیە لە ئاستی ئەو شتانەی بەپێی پێناسە باوەکە بوونەتە گڵۆباڵ، بەڵکوو ڕێککردنەوەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەیە کە بەهای شتەکان دەبەستێت بە هەردوو وەهمی لۆکاڵ و گڵۆباڵەوە، نەک بەو بەها ڕاستەقینەی کە دەشێت هەیانبێت.


[2]

پەراوێزەکان

  • 1
    ئينهیدوانا (٢٢٨٥-٢٢٥٠ پ.ز) یەکەمین ژنە شاعیرە لە مێژوودا، هەروەها یەکەمین نووسەریشە لە مێژوودا کە ناوی زانرابێت و دەقەکانی تاوەکوو ئێستاش پارێزراو بن. لە سەردەمی سەرگۆنی ئەکەدیدا بەرزترین پۆستی ئاینی پێ دراوە و کراوە بە سەرپەرشتیاری پەرستگای ئور. خواوەندەکانی سۆمەر و ئەکەدی کردوون بە یەک و مۆرکێکی جیهانی پێداون. هەم نزا ئاینییەکانی و هەمیش دەقە شیعرییەکانی لە ئاستێکی ئێجگار بەرزی ئەدەبیدان. نزاکانی ئینهیدوانا بە شێوەیەک بە جیهاندا بڵاو بوونەتەوە و دەستکاری تێڕوانینی ئاینی مرۆڤیان کردووه، کە بەشێکی زۆری مەزامیر و نزا و وێناکردنەکان بۆ خودا لە تەورات و کتێبە ئاینییەکانی دواتردا، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەنهیدواناوە. ئەمە جگە لەوەی هۆمیرۆس و هۆنەرەکانی دیکەی یۆنان لەژێر کاریگەریی دەقە شیعرییەکانی ئەودا دەقەکانی خۆیان نووسیوە. بڕوانە: انخيدوانا شاعرة سومر، مقالات مترجمة حول آول شاعرة في التآريخ، اعداد والترجمة: الدكتور قاسم محمد الآسدي، دار و مكتبة عدنان للطباعة والنشر، ط1، بغداد،
  • 2
    بۆ خوێندنەوەی دەقە شیعرییەکانی ئینهیدوانا و تێگەیشتنی زیاتر دەربارەی نێوەڕۆکی شیعر و نزاکانی بۆ ئینانا، بڕوانە: بتي دي شونك ميتر،‌ صلوات انهیدوانا، ترجمة: كامل جابر، دار الجمل، ط١، ٢٠٠٩