دۆن کیخۆت

لە ئەڵمانییەوە:پێشڕەو محەمەد

ڕووبەرگی پانزەیەمین کتیبی ئەلیکترۆنی ماڵپەڕی ژنەفتن

کورتەیەک:

ئێریش کێستنەر لە ساڵی ١٨٨٩ لە شاری درێسدنی ئەڵمانیا لەدایک بووە و ساڵی ١٩٧٤ لە شاری میونشن کۆچی دوایی کردووە. کێستنەر بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی هونەری و ئەدەبیی ئۆبژێکتیڤیتەی نوێ (Neue Sachlichkeit) لە ئەڵمانیا دەناسرێتەوە، ڕۆماننووس، شاعیر، شانۆنووس و، ساتیریست بووە. ڕۆمانی ئێمیل و پشکنەران، لە بەناوبانگترین ڕۆمانەکانییەتی و چەند جار کراوە بە فیلم. ساڵی ١٩٣٣ کە هیتلەر دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت، کۆی نووسراوەکانی قەدەغە دەکرێت و، هەموو کتێبە چاپکراوەکانی دەسووتێنرێت، بە تایبەت ڕۆمانی فابیان: حیکایەتی مۆرالیستێک، لەناو ڕژێمی نازیدا بە تۆقێنەرترین ڕۆمان لە قەڵەم دەدرێت، و پاشان کە نازیزم دەڕووخێت و کۆنزەرڤاتیڤە مەسیحییەکان دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن، کێستنەر جارێکی دیکە سانسۆر دەکرێت، بەوەدا کە ئایدیاکان و بیرۆکەکانی لەگەڵ ئەخلاقیاتی کۆمەڵگا ناگونجێن و لە دوای دەیەی ١٩٦٠ کە وردە وردە سۆسیال دیموکرات و لیبراڵەکان دێنە سەر حوکم، کێستنەر بە بیانووی ڕادیکاڵیزمەوە جارێکی دیکە سانسۆر دەکرێت. بەڵام ئەمە هێشتا نابێتە هۆی ئەوەی کە چوار جار بۆ خەڵاتی نۆبڵ بپاڵێورێت و دواجار ناوبانگی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. سەرەڕای ئەوەی بیرمەندانی کۆماری ڤایمار ڕەخنەیان لە ئاراستەی هونەری و ئەدەبیی کێستنەر گرتووە، لەوانە زیگفرید کراکاوەر، تیۆدۆر ئادۆرنۆ، واڵتەر بنیامین و هتد، بەڵام ئەدەبیاتی کێستنەر لە پلەی باڵادا ماوەتەوە. لە کۆتاییی ئەم کتێبەدا لێکۆڵینەوەیەکی کورتم سەبارەت بە کێستنەر نووسیوە، خوێنەر دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە بچکۆلەیە، زیاتر بە نووسەر و ئاراستەی هونەری و فیکری و ستایل و ئێستاتیکای ئەو ئاشنا دەبێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێت سوپاسی هاوڕێیانم میران ئەبراهام، خەڵات عەلی بکەم دەقەکەیان خوێندەوە و کۆمەڵێک تێبینییان پێ دام.

پێشڕەو محەمەد

بەرلین

١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١

ماڵپەڕی ژنەفتن ئەم نۆڤلێتەی ئێریش کێستنەر، کە پێشڕەو محەمەد وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاو کردووەتەوە، لە سەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب) داوەنلۆدی بکەن.