لەبارەی بە‌درەخت‌بوونی ژنێکەوە

خوێندنەوەیەک بۆ چیرۆکی «میوەکانی ژنەکەم»

  

بەگشتی لە ئەدەبی مۆدێرندا، بە دوو شێواز دەقێک دەنووسرێت –لێرەدا شێواز مەبەست ژانر، یاخوود تەکنیکەکانی گێڕانەوە نییە- شێوەیەکیان لە هەناوی “شتەکان” یاخود ڕووداوەکانی کۆنتێکستێکدا دەردەکەوێت، بەو مانایەی خەریکە بە شێوازێکی ئێستاتیکییانە، واقیعی کۆنتێکستێک کەشف دەکات و گرنگی دەدات بە پەراوێزەکانی ژیانی ڕۆژانە. گەر لێرەدا نموونەیەک یارمەتیمان بدات ئەوەیە ئەم شێوازە لە ئەدەب، ڕەنگە زۆر بەچڕی لە ئەدەبی مۆپاسان لە فەڕەنسادا و هەمینگوای لە ئەمریکادا و ڕیاڵیستەکانی ڕووسیا بەرجەستە ببن؛ شێوازی دووەمیان، زێدەتر خۆی دەلکێنێت بە “ئایدیا”یەکەوە، واتە لەبارەی شتێکەوە نییە لە واقیعدا خۆبەخۆ ڕوو بدات؛ بەڵکوو نامومکینە بە واقیع، واتە بەردەوام لە شوێنێکدا “ناواقیعێک” ڕووبەڕووی واقیع دەبێتەوە، کە تێیدا کێشە بۆ خودی ژیانی ڕۆژانە، تێگەیشتنی باو و سیستەم دروست دەکات، لە ئاستێکی دیکەدا، کێشە بۆ خودی خوێنەر دروست دەکات. ئەم دووەهەمینەیان، لەناو کورتەچیرۆکەکان و ڕۆمانەکانی کافکا لە ئەڵمانیادا، ئەدەبی کاڵڤینۆ لە ئیتاڵیادا بەرجەستە دەبێت. گەر ئەزموونی دونیای مۆدێرن دەنێو بەرهەمەکانی بەرەی یەکەمدا لە ڕێی خودی واقیعی ژیانی ڕۆژانەوە مانیفێست ببن، ئەوا لە شێوازی دووەمدا، ئەوەی نامۆییی ئەزموونی مرۆڤ لە مۆدێرنەدا مانیفێست دەکات، مرۆڤ خۆی نییە، بەڵکوو مرۆڤە لە کەوڵی شتێکی دیکەدا. لێرەدا دەتوانین چیرۆکی «میوەکانی ژنەکەم» و ئەدەبی هان کانگ، بەئاسانی بخزێنینە شێوازی دووەمەوە؛ چونکە ئاسان دەنێو دونیای ڕۆمانەکەدا ئەو مەسخ، یاخود بەدگۆڕانەی لای کافکا هەیە، لە کارەکتەری بەدرەخت‌بوو دەدۆزرێتەوە، واتە دووبارە مرۆڤ دەچێتە کەوڵی شتێکی دیکەوە؛ گەر دوورتر بڕۆین، دەتوانین بە شێوازێکی ئەدەبییانە، لە مەسخی ئۆڤیدیشی نزیک بکەینەوە.

   چیرۆکی میوەکانی ژنەکەم، چیرۆکێکی خانمەنووسەری کۆریی “هان کانگ”ە. ئەو لە ساڵی ١٩٧٠ـدا لە شاری گوناگجوی کۆریای باشوور لەدایک دەبێت، ئەو کچی باوکێکی ڕۆماننووسە بە ناوی هان سون‌وۆنگ. هەروەها خوشکی شاعیرێکیشە بە ناوی هان دۆنگ ڕیم، کە خاوەنی کتێبی «زستانی سیئۆل»ـە. هان کانگ لە پاشتردا، بەشی ئەدەبیات هەر لە کۆریای باشووردا دەخوێنێت. دەنێو دونیای ڕۆژئاوادا، هان کانگ زێدەتر بە ڕۆمانی The Vegetarian«ڕووەکی» نێوبانگی هەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا بڵاو بووەتەوە. چیرۆکی میوەکانی ژنەکەم، بەر ١٠ ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی ڕووەکی لەلایەن نووسەری ناوبراوەوە، بڵاو بووەتەوە. چیرۆکەکە باس لە ژنێکی مێرددار دەکات، کە پاش ئەوەی لە سەرەتادا پەڵەیەک لە پشت و سکیدا دەردەکەوێت، وردەوردە ئەم پەڵەیە لە جەستەیدا گەشە دەکات و تا لە کۆتاییدا، ژنە جەستەی دەبیتە درەخت.

هان کانگ (١٩٧٠- ) ڕۆماننووسی کۆریای باشوور

   زۆرینەی ڕەخنەگرانی ئەدەبی، کۆکن لەسەر ئەوەی چیرۆکی میوەکانی ژنەکەم، زاگەی لەدایکبوونی ڕۆمانی ڕووەکییە. واتە کەڵکەڵەی لەدایکبوونی ڕۆمانی ڕووەکی، لە سەرەتادا دەنێو چیرۆکی میوەکانی ژنەکەمدا دەردەکەوێت. هەر لەم چیرۆکەوە، تا ڕادەیەک ڕێگەی کارکردنی هان کانگ دەنیو ڕۆماندا ڕوون دەبێتەوە؛ کە تێماکانی ئەدەبەکەی پێک دێن لە؛ نائومێدی، دونیایەکی لێڵ و ناڕوون، ژنێتی، کەڵکەڵەی مرۆڤی مۆدێرنی کۆریای باشوور، ئایدۆلۆژیا، بێ‌شووناسی، نامۆیی و سێکس. چیرۆکەکە، وەک لە سەرەوە لێی دووام، دەستپێکەکەی بەڕادەیەکی زۆر گومان‌ئامێزە؛ “ئەو کاتەی بۆ یەکەم جار پەڵە شینەکانی سەر لەشی ژنەکەمم بینی، کۆتاییی مانگی جۆزەردان  بوو”، بەم شێوە نامۆیە، چیرۆکەکە دەست پێ دەکات و یەکەم پرسیاریش بە مێشکی خوێنەردا دێت، ئەوەیە ئاخۆ گێڕەرەوە کێیە و بۆچی ژنێک پەڵەی شین لە جەستەیدا دەردەکەوێت؟ ئیدی لێرەوەڕا، بەدەر لە بەشەکانی کۆتاییی چیرۆکەکە کە ڕاستەوخۆ دەمانبەنە نێو ئەو نامانەوە کە ژنەی بەدرەختبوو بۆ دایکی دەنووسێت، ڕوون دەبێتەوە کە گێڕەرەوەی تەنها و سەرەکی، مێردی ژنەی بەدرەختبووە.

“هەستم کرد لە بەردەم کەسێکی غەریبدام، نەک ئەو ژنەی وا چوار ساڵە پێکەوە دەژین”

گێڕانەوەکە بە سەرەتایەکی تۆقێنەر دەست پێ دەکات، کە ڕاستەوخۆ هان کانگ لێزانانە خوێنەر تووشی دڵەڕاوکێ دەکات و پرسیاری لەبارەی هەموو شتێکی نێو چیرۆکەکەوە بۆ دووست دەبێت. ئەم سەرەتایە، بەتەواوی لەنێو ڕۆمانی ڕووەکی هەمان نووسەرەوە بەدی دەکرێت، سەروەختێک لە بەیانییەکدا، کارەکتەری ڕۆمانەکە هەڵدەستی و وەک ڕووداوێکی مەزن؛ بووە بە ڕووەکی. پاشان ڕووداوەکان بڕێک هێمن دەبنەوە، گێڕەرەوەکە پێش هێمنبوونەوەکە، لە ئاستێکی مەزندا تۆقێنەر دەردەکەوێت، لە سەرەتاکاندا گێڕەرەوە دۆخەکە بەم شێوەیە دەگوازێتەوە: “بە بینینی پەڵەی سەوزی- زەردباو لەسەر قون و پەراسوو و هەردوو لاقی ژنەکەم، بەڕادەیەک کە پێستە سپییەکەی بەینی ڕانیشی داپۆشیبوو، یەکسەر دەهری بووم.” تۆقێنەر بەو ئەندازەیەی ژاوەژاو و توڕەییی مێردی ژنە، لە گوێی خوێنەردا دەزرینگێتەوە؛ لەپاڵ هەموو ئەمانەشەوە، لێزانانە شوێنی نیشتەجێبوونیان و شەقامەکان، کە بە قەولی ژنە ئوتۆمبێل و مرۆڤ تێیدا ترنجاون، ئاریشە دەکات. لێ پاش ئەم توڕەیییە، ڕاستەوانە لە بەشی دووەمی چیرۆکەکەدا، بەر ئارامیی گێڕانەوە و مێردی ژنە دەکەوین؛ “پێم وابوو هەموو شتێک باش دەبێت. هەر بۆیە لەو ڕۆژە بەهارەدا، لەشی لاوازی ژنەکەمم لە ئامێز گرت و پێم گوت: ”ئەگەر ئازاریان نەبێت، کەواتە گومانی تێدا نییە پەڵەکان خۆیان لا دەچن. باشە تۆ پێشتر کوا قەت تووشی شتی وا بوویت، ئێستا بۆ وات لێهاتووە؟” پاشان بەدەم پێکەنینەوە تۆنە سەرزەنشتاوییەکەم نەرمتر کردەوە.”فەزای چیرۆکەکە، فەزایەکە بە شێوەیەکی خێرا لە مابەینی توڕەیی و ئارامیدا هاتوچۆ دەکات، بە ئەندازەیەک کە هەر ساتێک، خوێنەر ڕادەچڵەکێنێت و دەیباتە دۆخێکی هەراسانکەرەوە؛ ڕاستەوخۆش دەیخاتەوە نێو ئارامییەکی بەدەوە.

چی لەبارەی ژیانێکی جەنجاڵەوە؟

“ڕقم لە ژیانە لەنێو باڵەخانە بەرزەکانی سنۆگی دۆنگدا.”

ئەدەبی “هان کانگ”، ئەدەبێکە تێیدا کارەکتەرەکانی عەبەسییانە سەیری ژیان دەکەن؛ هەمیشە دڕدۆنگانە ڕووبەڕووی دونیا دەبنەوە، بە ئەندازەیەک، کە دەنێو خودی ژیانی مۆدێرندا، دەچنە کەوڵی شتێکی دیکەوە جگە لە مرۆڤ، واتە مرۆڤ هەمیشە نامۆیە بە خۆی، نامۆیە بە چواردەور، نامۆیە بە دونیا، نامۆیە بە شار. چیرۆکی “میوەکانی ژنەکەم”ی هان کانگ، چیرۆکێکە لەبارەی بەدبوونی مرۆڤەوە، لەناو هەراوزەنای ژیانی مۆدێرندا. گواستنەوەی ئەو نائومێدییەوە، کە شار و لێکەوتەکانی دروستیان کردووە، بێزاربوونە لە سیستەم بە مانا هەرە ڕادیکاڵەکەی؛ ئەوەتا ژنە لە شوێنێکدا دەبێژێت: “هەستەکەم لەم شوێنەدا وشک دەبمەوە و دەمرم. حەوت سەد هەزار کەس ترنجاونەتە یەکتری. ڕقم لە بینای چوونیەک، مەتبەخی چوونیەک، سەقفی چوونیەک، توالێتی چوونیەک، بانیۆ، باڵکۆنی و باڵابەرە چوونیەکەکانیانە، ڕقم لە پارک، دوکان، پەڕگەی پیادە و تەواوی شوێنەکانی تریشەڕقم لە هەموو شتێکیانە.”هەمیشە ئامادەییی مرۆڤ لە ئەدەبی هان کانگدا، لە هەمان کاتیشدا ئامادەییی بێشوناسی، نامۆیی و زەلیلییە. بە بڕوای من، گۆڕانی شوناس لە چیرۆکەکەدا لەلای کارەکتەری ژنە، لەو شوێنەدا ڕەنگ دەداتەوە، کە گێڕەرەوەی چیرۆکەکە و مێردی ژنە، ئاماژە بە هیچ ناوێک ناکات، تاوەکوو لە ڕێگەی ناوهێنانییەوە، کارەکتەرەکە بناسینەوە. ئا لێرەدا، ژنە کەڵکەڵەی ڕۆیشتنی لەو شوێنەدا دەبێت و گەرەکیە بڕوات و ناشزانێت بۆ کوێ، واتە هەمیشە دوورکەوتنەوەی بە چارەسەر زانیوە. شتێک کە ڕەنگە زووتر لەوەی گێڕەڕەوە پێمان ڕا بگەیەنێت، خۆمان درکی پێ بکەین.

بە‌درەخت‌بوونی ژنێک

“ئاوەکەم کرد بە  سەر و سنگی ژنەکەمدا؛ تەواوی لەشی وەک گەڵای درەختێکی گەورە بووژایەوە. دیسان گەڕامەوە بۆ ئەوەی تەشتەکە پڕکەمەوە و ئەم جارەیان بیکەم بە سەریدا. هەرکە ئاوەکەم پیاکرد قژی ڕەپ و ڕێك بەرز بووەوە، دەتگوت پێشتر هێزێکی نادیار کەپسی کردووە بە سەرییەوە. تەماشام کرد لەشە سەوزە بریقەدارەکەشی سەرلەنوێ دەگەشایەوە. بۆ ساتێک هەستم بە وڕی دەکرد”.

لە درێژەی چیرۆکەکەدا، وردەوردە تێدەگەین کە جەستەی ژنە، بەرەو بەدرەختبوون دەڕوات. تێماکە لێرەدا نامۆیییە دەیگەیەنێت بەو دۆخە. واتە مرۆڤ دەچێتە کەوڵی شتێکی دیکەوە تا ئارام بێتەوە. سەیر نییە ئەم حیکایەتە لە کۆنەوەڕا و دەنێو چیرۆکە ئوستووڕەیی و ئایینییەکانی شارستانییەتدا، ئاسایی ڕوو دەدات و مرۆڤ دەچێتە کەوڵی شتێکی دیکەوە، ئەویش لەپێناوی ئاسوودە بوونەوە، ئۆڤید بەشێکی گەورەی میراتی مرۆیییە و بەشدارە لە نووسینەوەی مێژوویەکی دوورودرێژی کەوڵ گۆڕین؛ ئەوە مرۆڤەکانن دەنێو مەسخی ئۆڤیددا، دەبنە شتێکی دیکە، هەرچی دەکەن لەپێناو ئەوەدایە، مرۆڤ نەبن؛ ئارامی لەوەوە وەدەست دەخەن، کە کەوڵی خۆیان بگۆڕن و ببن بە شتێکی دیکە. یاخود بە شێوەیەک لە شێوەکان، ناچارن بچنە کەوڵی شتێکی دیکەوە و مرۆڤ نەبن؛ سامسای کارەکتەری مەسخی کافکاش بەیانییەک لە خەو هەڵدەستێت و دەبێتە شتێکی دیکە؛ یۆنگ هێی کارەکتەری ڕووەکی هەمان نووسەری ئەم چیرۆکە، هەڵدەستێت و دەبێتە ڕووەکی و لە پاشتردا دەبیتە درەخت… هەموو ئەم بوون‌بەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەدگۆڕانە دەنێو ژیاندا. چیرۆکی میوەکانی ژنەکەم، بەشدارییە لە چیرۆکێکی لەمێژینەی بەدگۆڕانی مرۆڤدا لەنێو ئەدەبدا؛ ئا لێرەوە هان کانگیش زەنگی بەدگۆڕان، لەنێو سەردەمی مۆدێرنی کۆریای باشووردا لێ دەدات.

ناوەوەی تۆقێنەر

“دایکە، بەردەوام هەمان خەون دەبینم. لە خەونمدا وەک سوورەچنارێک باڵا دەکەم. سەقفی باڵکۆنەکەی خۆمان کون دەکەم  و پاشان سەقفی نهۆمی دواتریش دەبڕم، پاشان نهۆمی پازدەهەم، شازدەهەم، دانە دانە کۆنکرێت و شیشی سەقفەکان دەبڕم تا دەگەمە کۆتا سەقف. لەسەر بەرزترین چڵەکانم گوڵەکرمۆکەی سپی خونچە دەکەن. بۆری هەواکەم ئاوی پاک نەبێت هەڵی نامژێت، لە خاوێنیدا خەریکە دەتەقێت. سنگم دەکەمە ئاسمان و ڕادەکشێم تا چڵەکانم درێژتر بن. بەو جۆرە لەم شووقە نەفرەتییە هەڵدێم. بەڵێ دایکە، هەموو شەوێک هەمان خەون دەبینمەوە، هەموو شەوێک.”

“گومانم هەیە جارێکی تر و لە جیهانێکی لەم جۆرەدا، خونچە بگرمەوە.”

ژنە، چیدی مرۆڤ نییە، بەڵکوو بووەتە درەخت. یاخود خەریکە دەبێتە درەخت؛ بەڵام بە دڵنیایییەوە لە ناوەوەڕا، ژنە چیدی لە کەوڵی مرۆڤدا نەماوە و بووەتە شتێکی دیکە، ئا لێرەدایە چیدی ژنەی کارەکتەر بە شێوازێکی دیکە لەدایک دەبێتەوە، بەڵام چیدی مرۆڤ نییە. گەر گوتەیەک لە فرۆید قەرز بکەین و بە شێوازێکی دی دایڕێژینەوە، بێگومان هیچ شتێک لە ناوەوەی مرۆڤ ترسناکتر نییە، هێچ بیرۆکەیەکت نییە چی دەگوزەرێ، واقیع جگە لە تۆقانێک بۆت هیچ نییە؛ تۆ ئەی مرۆڤ، ئەوەی لە ناوەوەتدا دەگوزەرێ ژاوەژاو، تاریکی، قیژەقیژ و هاوارێکە کە نایەنە نێو واقیعەوە، گوژمێکی بەهێز لە ناوەوەتدا، وەختە جەستەت بتەقێنێت؛ بەڵام تۆ بۆ هەمیشە لەپێناو بەدەستهێنانی چێژدا، چێژێکی فریودەر، ناوەوەت فریو دەدەیت و هەر مرۆڤ دەبیت، سوبێکتێکی لەڕ و لاواز کە بەرگەی تەقینەوەکانی ناوەوەی ناگرێت. بوون بە درەختی ژنە، بریتییە لە تەقینەوەی نامومکین لە واقیعدا. ئا لێرەدایە ئەدەب توانستی گوزارشتی هەیە لە مرۆڤ و قووڵترین ناوچەی زەینی مرۆڤ. بەدرەختبوونی ژنە، جگە لە تەقینەوەی نەست (بە مانا فرۆیدییەکەی) هیچی دیکە نییە. مرۆڤێکی بەرەڵا و ڕەتکەرەوە…

لە کۆتاییدا، میوەکانی ژنە

“ئێستا ئیتر شێوەی ژنەکەم لە مرۆڤێکی ئاسایی نەدەچوو؛ ناتوانێت ببینێت و تەنانەت ناتوانێت سەرچڵەکانیشی بجووڵێنێت. بیلبیلەکانی چاوی کە شێوەیان بۆ دەنکە ترێی قەترانی ڕەش گۆڕابوو، وردە وردە لەنێو قەدە قاوەیییەکەیدا ون دەبوون. کاتێک دەچمە سەر باڵکۆنەکە، هەستێکی تەماویی کە هیچ زمانێک دەرەقەتی نایەت، دامدەگرێت؛ بۆ خولەکەێک هەست دەکەم هاوشێوەی تەزووی کارەبا، پرتەیەک لە لەشی ئەوەوە بۆ هی من دێت. بەڵام لەگەڵ هەڵوەرینی ئەو گەڵایانەی ڕۆژانێک دەست و قژی ژنەکەم بوون و کرانەوەی ئەو لێوانەی بەیەکەوە چەسپی بوون و پاشان کەوتنە خوارەوەی مشتێک میوە لێوەی، ئیتر مینا بچڕانی تاڵێکی باریک ئەو هەستە بوونی نەما.”

کۆتاییی چیرۆکەکە، بە لەدایکبوونی بەری درەختێکی نوێیە، کە ژنەیە. گێڕەرەوە دونیایەکی سەیر و نامۆمان بۆ دەگوازێتەوە، باس لەوە دەکات کە چۆن ژنەکەی بووەتەوە درەخت و ئەمیش میوەکانی لێ دەکاتەوە. تێماکە لێرەدا، هەڵگری چەند خوێندنەوەیەکی جیاوازە. چونکە ئەدەبی کۆریای باشوور و باگراوەندە ئایینییەکەی، هەروەها کاریگەریی ئەدەبی مۆدێرنی ئەوروپا لەسەری، وا دەکەن میوە لێرەدا خوێندنەوەی جیاواز هەڵ بگرێت. بە بڕوای من، میوەکانی ژنە، هێندەی بەرهەمی نامرۆڤبوونی درەختە نوێیەکە، هێندەش پەیوەستە بە گواستنەوەی وێنەیەکی ترسناک و تۆقێنەر. زێدەتر لە دامەزراندنی پانتایییەک دەچێت هاوشێوەی دونیای پێش گوناحی یەکەم، ئەو کاتەی حەوا بەری زانینی خوارد، گەڕانەوە بۆ بێدەنگی هەمیشەییی مرۆڤ، سەرەتای هەمیشە بێدەنگ؛ میوە لیرەدا سەر بە دونیای نادونیایە؛ سەر بە زەمەنێکە مرۆڤی گوناحکار بوونی نییە، ئەوەی هەیە، میوەکانی پێش دۆزینەوەی درەختی زانینە. میوە، بەدەر لە هەر مێتافۆڕێک کە پێشووتر لە ئەدەبدا خوێندوومانەتەوە، لەم چیرۆکەدا، ترسناکترین و تۆقێنەرترین گوزارشتە لە دونیای مۆدێرن.

گفتوگۆی دەقەکان و ئینتەر‌تێکستوالێتە

“گشت کارێکی هونەری، بریتییە لە جوابدانەوەی کارێکی هونەری پێش خۆیەتی؛ هەموو بەرهەمێک هەموو ئەزموونی پێش خۆی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە” میلان کۆندێرا

بێگومان لەپاش چەمکە زەبەلاحەکانی تیۆری ئەدەبیی سەدەی بیستەم، هیچ مرۆڤێک بوێریی سەربەخۆکردنی دەقێکی نییە، چیدی دەقی ڕەسەن ئەو دەقەیە، بە باشترین شێوە هەڵگری سەرجەم دەقەکانی پێش خۆی بێت؛ دروستکردنی مێتافۆڕێکی شایستە، کارکردنە لە مێتافۆڕەکانی ئەدەبی پێش دەقە. هەموو دەقێک دەنێو دەقی دیکەدا لەدایک دەبێت، هەموو دەقەکان لەگەڵ گفتوگۆدان لەیەکتری. سەبارەت بە ئەدیبیش، ئەوەی کە هەموو ژیانی تەقاندنەوە و بەرهەمهێنانەوەی مانای نوێیە، بەخشینی بەردەوامی دیدگایەکی نوێیە بۆ سەرلەبەری دیاردە و چەمکەکانی نێو ژیان و گەردوون، دەقێکی پیاسەی هەمیشەیی بەنێو سەرجەم دەقەکانی نووسەردا دەکات. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، ڕۆمانی ڕووەکی پاش بردنەوەی ئەو هەموو خەڵاتە لەسەر ئاستی ناوخۆی کۆریای باشوور و ئەوروپاشدا، لە هەناوی ئەم دەقەوە لەدایک بووە؛ وەک چۆن ئەم دەقەیش لە هەناوی دەیان دەقی مەزنی دیکەی ئەدەبەوە دروست بووە. بێگومان خوێنەر بەئاسانی دەتوانێت توخم، ڕەگەزە لەیەکچووەکانی نێوان چیرۆکەکە و ڕۆمانەکە بدۆزێتەوە، هەر لە هەردوو کارەکتەرەوە، تا دەگات بە خودی فەزا و گێڕانەوەش.

 زۆرێک لە ڕەخنەگران هان کانگ بە کافکا بەراورد دەکەن. وەرگێڕی سەرچاوە ئینگلیزییەکەی ئەم دەقە (دیبۆرا سمیز)، بڕوای وایە باشترە نەکەوینە ئەو هەڵەیە کە بەدگۆڕانی کارەکتەرەکانی هان کانگ بە ئۆڤید بەراورد بکەین و بیخەینە پێش بەدگۆڕانە کافکاییەکەوە، چونکە ئەو پێی وایە لە ڕوانگەی کاریگەری لەسەر ئەدەبی کۆریای باشوورەوە، خودی ئەدەبی مۆدێرنی ئەوروپا لە پێشترە وەک لە توراسی میسۆلۆجی یۆنانی و ڕۆمانی. بۆیە ئەو پێشنیاری کارکردن دەکات لە بەراوردکردنیان، یاخود دۆزینەوەیان لەناو خودی کافکادا. پێم وایە لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە دەتوانرێت ئەم تێزە بسەلمێندرێت، بەوەی هەردوو دەقەکە لەناو چوارچێوەی شار و دونیای مۆدێرندا لەدایک دەبن، نەوەک لە کۆنتێکستێکی جیاوازی وەک مەسخی ئۆڤیددا. دەکرێت ئەم ڕوانگەیە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. لێرەدا من نامەوێت زێدەتر لەبارەی ئەم چیرۆکەوە بنووسم، چونکە وای دەبینم، ئەم بابەتە پتر لە ڕۆمانەکەدا (ڕووەکی)، کاری لەسەر دەکرێت، ئەویش لەبەر دوو هۆکار؛ یەکەمیان دونیای ڕۆمان و خوێندنەوەیەکی ئینتەرتێکستوالێتییانە، بە بەراورد بە چیرۆک ئاسانتر و جێگرترە، دووهەمیشیان وای دەبینم کۆمەڵێک هێڵ هەن لە چیرۆکەکەدا، دەکرێت بە جۆرێک خوێندنەوەیەکی جیاواز هەڵبگرن و بەراوردکاری بە کافکا، نامومکین بێت. چیدی من زیاتر ناڵێم و بەهیوام چیرۆکەکە بەو وەرگێڕانە نایابەی لەبەردەمتاندایە، چێژێکی ئەدەبیی گەورەتان پێ بدات.