میوەکانی ژنەکەم

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عومەر

ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە ڕۆحی شەهید ماریا

١

 ئەو کاتەی بۆ یەکەم جار پەڵە شینەکانی  سەر لەشی ژنەکەمم بینی، کۆتاییی مانگی جۆزەردان بوو. ئەو ڕۆژە  گوڵە ئەرخەوانەکانی تەنیشت کابینەی دەرگاوانەکەی سەنتەری بەساڵاچووان، هاوشێوەی زمانی قڵیشاو وەریبوون، پیادەش ئەو گوڵە سیسە سپییانەی دەشێلا کە شۆستەی  بەردەم دەرگای چوونە ژوورەوەی سەنتەرەکەی تەنی بوو.

خۆر لەوپەڕی درەوشاوەییی خۆیدا بوو.

تیشکەکەی هاوشێوەی قۆخێکی ڕەنگ تۆخ، نیشتبووە سەر ئەرزی ژووری دانیشتنەکە؛ گەردە لە ژمارەنەهاتووەکانی تەپ و تۆز و هەڵاڵەی جیا دەکردەوە.

لەگەڵ ژنەکەمدا چاومان بە ڕۆژنامەی بەیانیانی یەکشەممەدا دەخشاند، تیشکی  گەرمی خۆرەکەش دەیدا لە پشتم و فانیلە سپییەکەی بەرم.

ئەم هەفتەیەشم، بە هەمان شەکەتیی هەفتەکانی ئەم چەند مانگەی پێشوو بەڕێ کرد. کۆتایییەکانی هەفتە تا دەمەو نیوەڕۆ لە جێگەدا دەمامەوە، هەمووی چەند خولەکێک دەبێت بە خەبەرم. لەسەر لا لێی پاڵکەوتووم و بە ئیسراحەت قاچم ڕاکێشاوە  و هێواش هێواش  چاو بە ڕۆژنامەکەدا دەخشێنم.

”تو خوا سەیرێکی ئەمەم بۆ دەکەی؟ نازانم ئەم پەڵانە بۆ لاناچن.”

بەبێ ئەوەی هیچ تێبگەم، قسەکانی ژنەکەمم وەک ڕایەڵی دەنگێکی بێزارکەر، کەوتە بەرگوێ. بەدەم خەیاڵەوە تەماشایەکیم کرد.

پاشان هەستامەوە سەر قن و بۆی دانیشتم . پەنجەیەکم خستە سەر ئەو دێڕەی دەمخوێندەوە، بە لەپی دەستەکەی تریشم چاوم هەڵگڵۆفی. ژنەکەم کراسەکەی بەری تا لای سوخمەکەی بەرز کردەوە؛ پەڵەیەکی شینی تۆخ  پشت و سکی داپۆشیبوو.

“ئەمە بە چی وات لێ هاتووە؟”

کەمەری وەرگێڕا تا ئەو پەڵە شینە زەردباوەش ببینم لە ئاستی تەنوورە لۆچاوییەکەیەوە بە بڕبڕەی پشتیدا سەرکەوتبوو، کە هەر بە قەد مستی ساوایەک دەبوو، ڕێک دەتگوت بە مەرەکەب کوتراوە.

“ئێ؟ ئەمە بە چی وات لێ هاتووە؟” دەنگە  تووڕە و گڕەکەم ، لە شووقە 18 پیۆنگییەکەدا[1] دەنگی دەدایەوە.

“نازانم، وام دەزانی خۆم بە شتێکدا کێشاوە و هەستم پێ نەکردووە، گوتم چەند ڕۆژێکە و پەڵەکان لا دەچن… کەچی  وا گەورەتر دەبن.”

وەک ئەوەی منالێک بێت و کەتنێکی نابێتەوە، خۆی لە نیگاکانم دەدزییەوە. کەمێک پەشیمان بووم بەو جۆرە سەرزەنشتم کرد، هەوڵم دا دەنگم کەمێک نەرمتر بکەم.

“ئازاری نییە؟”

“نا، هیچ هیچ ئازاری نییە. ئەسڵەن لەسەر شوێن پەڵەکان هەست بە هیچ ناکەم . خۆی داخی ئەوە کوشتومی.”

هەر زوو ڕووخسارە کەتناوییەکەی گۆڕا و  زەردەخەنەیەکی ناسک و نامۆ کەوتە سەر لێوی. کەمێک یاری بە لێوەکانی کرد و پرسی ” ئەرێ پێویست دەکات بچم بۆ نەخۆشخانە؟”

چۆن شتێکی ئیزعاج جەوت لێ تێک دەدات، ئاوا بە نیگایەکی سارد و سڕەوە سەیرێکی دەموچاوی ژنەکەمم کرد، ڕوخسارێکی تەواو نابەڵەد و نامۆ. هەستم کرد لە بەردەم کەسێکی غەریبدام، نەک ئەو ژنەی وا چوار ساڵە پێکەوە دەژین.

ژنەکەم سێ ساڵ لە من منداڵتر بوو، هەر لە هەمان ئەو ساڵەدا پێی نایە بیست و نۆهەمین ساڵی تەمەنییەوە. بەر لە هاوسەرگیرییەکەمان، کاتێک پێکەوە دەچووینە دەرەوە، خەڵک بەردەوام وایاندەزانی خوێندکاری خوێندنگەیە، چونکە دەموچاوی شەرمەزارکەرانە منداڵ دەردەکەوت. بەڵام ئێستا، نەک هەر بە خوێندکاری خوێندنگە ناچێت، بەڵکوو بە هی زانکۆش ناچێت. چونکە هیلاکییەکی زۆر بە ڕووخسار و چاوە دەرپەڕیوە پاکیزەکانییەوە دیارە و لە تەمەنی خۆی پیرتر دەردەکەوێت. کوڵمەکانی بە جۆرێ قووپا بوون دەتگوت لە قوڕدا چەقیوون، ڕەنگیان لە ڕەنگی سێوێکی نەگەیو دەچوو کە تازە ڕەنگە سوورەکەی دەردەکەوێت.

ئەو کەمەرەی کە پێشتر وەک پەتاتەیەکی شیرینی چەکەرەکردوو نەرم و جیڕ بوو، ئەو سکەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لۆچی سەرنجڕاکێشی تێدا بوو، ئێستا  بەداخەوە  لەڕ و لاوازن.

زۆرم لە خۆم کرد تا بیرم بکەوێتەوە کە کۆتاجار کەی بووە  ژنەکەمم بە ڕووتی و لەبەر ڕووناکیدا بینیووە. ئەوە هیچ ئەو ساڵە نەبوو، بەڵام گومانم هەبوو لەوەی ساڵی بەر لەویش بینیبێتم.

چۆن دەکرێت من  تێبینی پەڵەی ئاوام لەسەر لەشی ئەو تاکە کەسە نەکردبێت کە لەگەڵیدا دەژیام؟ هەوڵم دا ژمارەی چرچەکانی چواردەوری چاوی بژمێرم. دواتر پێم گوت هەموو جلەکانی دابکەنێت. لە شەرماندا ئێسقانی ئەو کوڵمانەی کە بەهۆی دابەزینی کێشییەوە دەرپۆقی بوون، سوورهەڵگەڕان. نەیدەویست جلەکانی دابکەنێت.

“ئەی ئەگەر یەکێ بینیمی؟”

بە پێچەوانەی شووقەکانی چواردەورمان  کە ڕوویان یان لە باخچەکە یان پارکینگی سەیارە بوو، باڵکۆنەکەی ئێمە بەسەر شەقامی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتدا دەیڕوانی. نزیکترین شووقە لێمانەوە سێ شەقام دوور بوو، هەریەک لە ڕێگای سەرەکی و ڕووباری چونگنانیش[2] دەکەوتنە نێوانمانەوە، بۆیە مەحاڵ بوو بەبێ بوونی تەلسکۆپێکی زیرەک بتوانیت هیچ ببینیت. ئینجا جگە لەوەش ئەو سەیارانەی بە خێرایی بە ڕێگا سەرەکییەکدا ڕەت دەبوون، بەهۆی خێرایییە زۆرەکەیانەوە نەیاندەتوانی سەرنجێکی کورتیش چییە بیگرنە ژووری دانیشتنەکە. هەر بۆیە تێگەشتم ناڕازیبوونەکەی بەهۆی شەرمکردنیەوەیەتی.

لە سەرەتای هاوسەرگیرییەکەماندا و لە کۆتایییەکانی هەفتەدا، ڕێک لە هەمان ئەم ژوورەدا و لە ناوەڕاستی ڕۆژدا چەند جارێک سێکسمان دەکرد. بەهۆی گەرمای تاقەتپڕوکێن و ناخۆشی گەلاوێژەوە، هەردوو دەرگا شووشەکەی بەرهەیوانەکە و پەنجەرەکانی لاتەنیشتیشمان دەکردەوە. شێتانە ئەو شتانەمان تاقی دەکردەوە کە بۆ ئێمە نوێ بوون، تا هێواش هێواش لەشمان خۆی ڕادەستی شەکەتی دەکرد.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، دووان، چیتر سەرجێیکردن بۆمان شتێکی نوێ نەبوو، هەر بۆیە لەسەرخۆ پەرۆشی ڕۆژانی سەرەتامان نەدەما. ئەو ڕۆژانەی درەنگ دەگەڕامە ماڵەوە بەو کلیلەی پێم بوو دەرگای چوونەژوورەوەم دەکردەوە، دەمزانی زۆر دەمێکە خەوی لێکەوتووە؛ بۆیە بە تەنها و بەبێ ئەوەی کەس پێشوازیم لێ بکات گەرماوێکم دەکرد و خۆم دەخزاندە ژورری نووستنە تاریکەکمان، هەرکە دەرگای ژوورەکەم دەکردەوە دەنگی هەناسەسواری ژنەکەم هێندەی تر تەنهای دەکردم. هەندێک جار بۆ ئەوەی تەنهایییەکەم کەم بکەمەوە هەوڵم دەدا باوەشی پێدا بکەم، بەڵام کەس نەیدەتوانی لە چاوە خەواڵووە نیوەکراوەکانی تێبگات، ئایا باوەشەکەمی پێخۆشە یان نا. تاکە کاردانەوەی ئەوە بوو کە پەنجە نەرمەکانی بە قژمدا دەهێنا هەتا لەشم لە جووڵە دەکەوت.

“هەمووی؟ دەتەوێ هەموو جلەکانم دابکەنم؟”

ڕوخساری گرژ کرد، نەیدەویست بگری. دەرپێکەی داکەند و لوولی کرد،  پاشان کردی بە تۆپێک و  تووکەبەری پێداپۆشی.

بەڵێ، لە کۆتاییدا و دوای ماوەیەکی زۆر لەشی  ڕووتی ژنەکەمم  لە بەردەم خۆری بەهاردا بینی.

هەرچەندە ڕووتوقوت بوو بەڵام هیچ نەجووڵام. بە بینینی پەڵەی سەوزی- زەردباو لەسەر قوون و پەراسوو و هەردوو لاقی ژنەکەم بەڕادەیەک کە پێستە سپییەکەی بەینی ڕانیشی داپۆشیبوو، یەکسەر دەهری بووم. بەڵام، هەر زوو تووڕەیی چنگی خۆی بەردا و دڵتەنگییەکی بێخۆ جێگەی گرتەوە. بیرم کردەوە ئەم ژنەی من هەمیشە خەیاڵی ڕۆشتووە و ئالوودەی خەوە، یەکێکیش ئەوەندە ئالوودەی خەو بێت، بۆی هەیە  ئێوارەیەکی زوو بەدەم خەوەوە و  بەسەر شەقامەکەدا پیاسەی کردبێت و خۆی بە سەیارەیەکدا کێشابێت، یان لەوانەیە قاچی لە پلیکانەی فریاگوزاریی باڵەخانەکەوە ئاڵا بێت و کەوتبێتە خوارەوە.

دیمەنی وەستانی ژنەکەم لەبەر پرشنگی ئێوارەی بەهاردا و شاردنەوەی تووکەبەری بە دەستێکی و پرسینی ئەوەی تۆ بڵێی پێویست بکات بچێت بۆ نەخۆشخانە، تا بڵێی دیمەنێکی کەساسانە، بەزەیهێنەر و خەماویی بوو، بەڕادەیەک وشە دەرەقەتی نەدەهات. خەمێک دایگرتم کە ماوەیەکی زۆر دەبوو هەستم بە خەمی لەو جۆرە نەکردبوو؛ تەنها شتێک کە توانیم بیکەم ئەوە بوو لەشە لەڕولاوازەکەی بە لەشی خۆمەوە بنووسێنم.

٢

پێم وابوو هەموو شتێک باش دەبێت. هەر بۆیە لەو ڕۆژە بەهارەدا، لەشی لاوازی ژنەکەمم لە ئامێز گرت و پێم گوت: ”ئەگەر ئازاریان نەبێت، کەواتە گومانی تێدا نییە پەڵەکان خۆیان لا دەچن. باشە تۆ پێشتر کوا قەت تووشی شتی وا بوویت، ئێستا بۆ وات لێهاتووە؟” پاشان بەدەم پێکەنینەوە تۆنە سەرزەنشتاوییەکەم نەرمتر کردەوە.

لە شەوێکی سەرەتای هاویندا، ڕەشەبای گڕاوی خۆی لە گەڵای دارچنارە بەرزەکان ئاڵاندبوو و گڵۆپی شەقامەکانیش وەک ئەوەی چاوشارکێ بکەن تاوناتاوێ هەڵدەبوون و دەکوژانەوە. ئەو شەوە من و ژنەکەم درەنگ نانی ئێوارەمان خوارد. لەسەر مێزی نانخواردنەکە بەرانبەرم دانیشتبوو، پاشان دەستی لە خواردن هەڵگرت و کەوچکەکەی لەسەر مێزەکە دانا و تەقەی هات. من ئەوکات پەڵەکانی سەر لاشەییم هەر بیر نەمابوو.

“ئەزانی، زۆر سەیرە… سەیرکە دیسان.”

بۆ ئەوەی  سەیری ئەو قۆڵە لەڕولاوازانە بکەم کە لە تیشێرتە قۆڵکورتەکەیەوە هاتبوونە دەرەرە، ژنەکەم گورجوگۆڵ تیشێرت و سوخمەکەی داکەند. هەرکە بینیم لەپڕا ناڵەیەکم لە دەم دەرچوو. ئەو پەڵانەی بەهاری پێشوو قەبارەیان بە قەد مستی ساوایەک دەبوو، ئێستا هێندەی گەڵای تارۆیەکی[3] زەبەلاح گەورەن و ڕەنگیشیان تۆختر بووە. چۆن لە سەرەتای هاویندا سەیری ڕەنگی سەوزی ئاڵی  لقی شۆڕەبییەک دەکەیت و هەست دەکەیت لەگەڵ شینێکی تۆخدا تێکەڵ بووە، ڕەنگی پەڵەکانی ژنەکەشم هەمان ئەو ڕەنگە تۆخە تێکەڵەیان وەرگرتبوو.

دەستم برد وبە لەرزەوە شانی شینەوەبووی ژنەکەم مگرت، هەستم کرد دەست لە لەشی کەسێکی بێگانە دەدەم. تۆ بڵیی ئەم پەڵانە چەنێک بەئازار بن؟ ئێستا کە بیری لێ دەکەمەوە، ئەو ڕۆژە دەموچاویشی دەتگوت زاخاوی شین کراوە، چۆن ژەنگی بەلۆعەیەکی ژەنگگرتوو ئاوەکە پیس دەکات، ئەو پەڵە شینانەش ئاوا بە هەموو شوێنێکی لەشیدا بڵاو بووبوونەوە.

قژە نەرم و بریقەدارەکەی پێشووی وەک گەڵای وشکی تور زبر بووبوون. سپێنەی چاوی ڕەنگی شینێکی کاڵی وەرگرتبوو، دەتگوت لەگەڵ مەرەکەبی بیلبیلە ڕەشەکانی تێکەڵ بووە. چاوە قەتیسبووەکانی لە فرمێسک، دەدرەوشانەوە.

ژنەکەم ڕاوەستاو و بە ڕوخسارێکی بەریئەوە – کە بە درێژاییی ئەو ساڵانەی تووشی ئەم بەزمە بووبوو، ئاوها  نەمدیبوو-  گوتی: “من چیم بەسەرهاتووە؟ بۆ ئاوام لێ هاتووە؟ بەردەوام حەز دەکەم بچمە دەرەوە، کاتێکیش دەچمە دەرەوە و تیشکی خۆر لێم دەدات، ڕێک پڕ بەدڵ حەز دەکەم هەموو جلەکانم دابکەنم. دەڵیی جەستەم خۆی داوای ئەو شتە ئەکات. پێرێ بە ڕووتی چوومە سەر باڵکۆنەکە و لای جلشۆرەکەدا وەستام. نازانم کەس بینیمی یان نا، ڕاستییەکەشی بەلامەوە گرنگ نەبوو کەس بمبینێ، دەتگوت شێت بووم!”

 بە بێدەنگی دانیشتبووم و تەماشای بەشی سەرەوەی لەشە لەڕولارەکەیم دەکرد کاتێک بەرەوپیریم دەهات، بە دڕدۆنگییەوە یاریم بەو دوو چیلەکەیە دەکرد کە بە دەستمەوە بوون بۆ خواردن. پاشان درێژەی پێدا و گوتی: “ئارەزووی خواردنیشم نەماوە، تەنانەت ناتوانم لە ڕۆژێکدا نیو قاپ برنج تەواو بکەم، لە جاران زیاتر ئاو دەخۆمەوە. هەست دەکەم لەبەر ئەوەی نان ناخۆم، ترشەڵۆکی گەدەم دەرنادرێت. ئەگەر زۆریش لە خۆم بکەم بۆ خواردن، ئەوا باش هەرسی ناکەم و دووبارە هەڵیدەهێنمەوە.” وەک  بێچووە سەگێک کە لە زنجیرەکەی کرابێتەوە، کەوتە سەر ئەژنۆ و سەری خستە سەر ڕانم. بە دڵنیایییەوە ئەوە ئەو نییە بگری؟

کەچی دڵۆپێکی گەرم و تەڕ کەوتە سەر بەشی خوارەوەی بیجامەکەم.

“دەزانی چۆن هەستێکە کاتێک لە ڕۆژێکدا زیاد لە چەند جارێک بڕشێیتەوە؟ وەکوو وابێ نەخۆشی ڕێباریت هەبێ، تەنانەت ئەگەر بە ڕێگاشەوە نەبێت؛ مەحاڵە بتوانیت ڕێک و ڕەپ بە پێوە بووەستیت، دەبێت بە قەمبوری بسووڕێیتەوە. ژانەسەرەکەشی لەو لاوە بووەستێت، دەڵێی چاوی ڕاستت کون کراوە. شانت وەک تەختە ڕەق دەبێت، لەسەر شۆستە و لەبن درەختەکانی سەری جادەدا، ترشی زەردباوی گەدەت دەردەدەیتەوە…”

گوێمان لە گیزەگیزی مێشوولەیەک بوو، بە دەوری ڕووناکی گڵۆپە شیرییەکدا دەسووڕایەوە. لەژێر هەمان ئەو ڕووناکییە بەهێزەدا، ژنەکەم کە پەڵەکەی سەرشانی بە قەد گەڵای درەختێکی کاتالپادا[4] دەبوو، توانی نوزەی لەبەر ببڕێت و بیکوژێت.

 “بڕۆ بۆ نەخۆشخانە” چاوم بڕییە ڕوخساری ژنەکەمم و پێم گوت “بەیانی، یەکسەر بۆ بەشی پزیشکی هەناو بڕۆ.”

ڕوخساری  چەور و پەڵاویی بووبوو. پەنجە پانەکانم هێنا بە ناو قژە زبر و بژەکەیدا و بە ڕیچەوە زەردەخەنەیەکم بۆ کرد و پێم گوت: “ئاگات لە خۆت بێت چۆن دەڕۆیت، با دووبارە وات لێ نەیەتەوە. خۆ منداڵ نیت، خۆت بکێشی بەم شتەکە و بەو شتەکەدا.”

بەدەم هەنسک کێشانەوە کەوتە زەردەخەنە، ئەو دڵۆپە فرمێسکەی لەسەر قەڕاغی لێوی لەنگەری گرتبوو، خلۆر بووەوە و کەوتە خوارەوە.

٣

ڕەنگە بپرسن ئایا ژنەکەم کەسێکی گرینۆکە؟ نەخێر، هەرگیز. بیرمە کە یەکەم جار لە بەردەممدا گریا تەمەنی بیست و شەش ساڵ بوو.

وەک هەر کچێکی گەنجی تر دەتتوانی زۆر بەئاسانی بیخەیتە پێکەنین، قاقای پێکەنینەکەی تۆنێکی ناسک و هێمنییەکی کامڵانەی تێدا بوو کە لەگەڵ ڕوخسارە منداڵکارەکەیدا یەک نەدەهاتەوە. هێشتا بیرمە ئەو کاتەی بۆ یەکەم جار گوێم  لە لەرینەوەی ئەو دەنگە بوو، ئەو کاتە بوو کە  پێی گوتم: “ڕقم لە ژیانە لەنێو باڵەخانە بەرزەکانی سنۆگی دۆنگدا.”

“هەستەکەم لەم شوێنەدا وشک دەبمەوە و دەمرم. حەوت سەد هەزار کەس ترنجاونەتە یەکتری. ڕقم لە  بینای چوونیەک، مەتبەخی چوونیەک، سەقفی چوونیەک، توالێتی چوونیەک، بانیۆ، باڵکۆن و باڵابەرە چوونیەکەکانیانە، ڕقم لە  پارک، دووکان، پەڕگەی پیادە و تەواوی شوێنەکانی تریشە… ڕقم لە هەموو شتێکیانە.”

چۆن منداڵێکی لاسار هێور دەکەیتەوە، ئاوا وەڵامم دایەوە و گوتم “ئەم قسانەت لە کوێوە هێنا، همم؟” ئەوەندەی سەرنجم لەسەر دەنگی نەرمی ژنەکەم بوو هێندە ئاگام لەوە نەبوو کە بەڕاستی چیی دەڵێت و باسی چی دەکات. “خراپی ئەوە لە چی دایە، خەڵکێکی زۆر لە نزیک یەکترییەوە بژین؟”.

کەمێک ڕووی خۆمم  گرژ کرد و سەیرێکی چاوە گەش و بریقەدارەکانیم  کرد.

“من هەمیشە وا ڕاهاتبووم لە جەرگەی شار و ڕابواردندا ژوور بەکرێ بگرم. هەرجارێک ماڵم بگواستایەتەوە ئەوا تەنها بۆ ئەو شوێنانە دەمگواستەوە کە جمەی دەهات لە خەڵک، شوێنێک دەنگی موزیک شەقامەکانی تەنی بێت و جادەکانی بە سەیارە قەپات بووبێت و دەنگی هۆڕینیان بگاتە ئاسمان. لە ژینگەیەکی وادا نەبووایە نەمدەتوانی بژیم. چونکە نەمدەتوانی بەرگەی تەنهایی بگرم.” هەرچەندە  بە پشتی دەستی ئەو دڵۆپە فرمێسکانەی دەسڕی کە دەکەوتنە سەر گۆنای، بەڵام  گریانی نەدەگرسایەوە. “ئیتر تووشی هەزار دەرد و نەخۆشیی درێژخایەن دەبم و دەمرم. ناتوانم لە قاتی سیانزەوە بێمە خوارەوە، ئیتر ناتوانم بچمە دەرەوە.”

“ئەم هەموو بێنە و بەردەیە چییە؟” بەجدی ناخۆشت کرد.

لە ساڵی یەکەمی مانەوەمان لەم شووقە بەرزەدا، ژنەکەم زوو زوو نەخۆش دەکەوت. ئاخر ئەو بە ژینگەی  سروشتی ناوچە بەرزەکانی سیئۆل ڕاهاتبوو، جەستەی نەیدەتوانی خۆی لەگەڵ سیستەمی گەرمی ناوەندی و نەگۆڕی شووقەدا بگونجێنیت. زوو زوو پەستانی خوێنی دادەبەزی، ڕۆژانە تەنها یەکجار بەسەر ئەو لێژایییەدا سەر دەکەوت کە دەیگەیاندە ئەو چاپخانە بچووکەی بە مووچەیەکی کەم کاری تێیدا دەکرد.

هەرچەندە دواتر وازی لە کارەکەی هێنا، بەڵام هۆکاری وازهێنانەکەی هاوسەرگیرییەکەمان نەبوو. لە ڕاستیدا وازهێنانەکەی ڕاستەوخۆ دوای ئەوە بوو کە من بۆچوونی خۆمم بە شێوەیەکی زۆر کۆنکرێتی لەسەرهاوسەرگیری دەربڕی. ژنەکەم پلانی ئەوەی هەبوو، هەموو ئەو پارانەی لە مووچەی مانگانە، هەژماری خانەنشینی و ئەوەشی کە بەهۆی کاری زیادەوە لە کۆتاییی هەفەتەدا دەستی کەتبوو و کۆی کردبوونەوە، بەکار بهێنێت تا وڵات بەجێ بهێڵێت.

 ئێوارەی ئەو ڕۆژەی کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ڕادەستی سەرپەرشتیارەکەی کرد، گوتی “دەمەوێت بڕۆم و هەندێ خوێنی تازە بۆ دەمارەکانی لەشم بدۆزمەوە.” دەیگوت، دەیەوێت ئەو خوێنە پیسەی کە وەک دوومەڵ لەنێو دەمارەکانیدا مەییوە دەربهێنێت و سییە ماندووەکانی بە هەوای تازە بشواتەوە. هەر لە منداڵییەوە ژیان و مردنێکی ئازادانە تاکە خەونی ئەو بووە؛ هۆکاری ئەوەی کە تا ئێستا خۆی گرتووە لەبەر ئەوە بووە کە هێشتا کاتەکەی گونجاو نەبووە، بەڵام پێی وایە ئێستا بەشی ئەوەندە پارەی کۆ کردووەتەوە تا خەونەکەی پێ بەدی بهێنێت. پلانی ئەوەی هەبوو کە یەکەم جار وڵاتێک هەڵبژێرێت و شەش مانگێک یان پتر لەوێ بمێنێتەوە و پاشان بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، دواتر شوێن لەسەر شوێن بگۆڕێت.  زەردەخەنەیەکی تەمەڵانەی کرد و گوتی “دەمەوێت پێش ئەوەی بمرم بڕۆم. دەمەوێت بۆ ئەوپەڕی دونیا بڕۆم و تا ڕادەی مەحاڵ دوور بکەومەوە.”

بەڵام لە بری ئەوەی ئەو  پارەیەی کۆی کردبووەوە لە ڕۆشتندا بۆ ئەوپەڕی دونیا بەکاری بهێنێت، هەمووی خستە نێو پێشەکیی ئەم شووقەیە و تێچووی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەمان. لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە هەموو ئەم شتانەی لە یەک دێڕی کورتدا ڕوون دەکردەوە و دەیگوت، ئەو بۆیە وای کردووە “چونکە ناتوانێت لە من جودا ببێتەوە.” تۆ بڵیی ئەم خەونی ئازادییەی چەنێک بەلاوە گرنگ بووبێت؟ بەو پێیەی کە زۆر بەئاسانی دەستی لێهەڵگرتووە، دەبێت خەونێکی زۆر پڕوپووچ بووبێت.

پێم وایە مەسەلەکە هەمووی جگە لە وەهمێکی ناواقیعی و ڕۆمانسیی زیاتر هیچی تر نەبووە، چونکە ئەو پلانانەی ئەو داینابوو ڕێک لە پلانی منداڵێک دەچوو کە بۆ چوونە سەرمانگ دایڕشتبێت. بە دڵنیایییەوە دیارە، خۆی درکی بە هەموو ئەم شتانە کردووە بۆیە دەستبەرداری بووە. ڕاستییەکەی منیش هەستم بە شانازییەکی زۆر دەکرد کە بوومەتە هۆکاری ئەوەی ژنەکەم  درک بەم ڕاستاندنە درەنگوەختە بکات.

کاتێک ژنەکەمم بینی ڕوومەتی  بە دەرگا شووشەکەی باڵکۆنەکەوە نووساندبوو، شانە باریکەکانی هاوشێوەی گەڵای سیسی کاهو بەملاولایدا داچۆڕابوون و تەماشای خێراییی ئەو سەیارانەی دەکرد کە بە شەقامەکەدا ڕەت دەبوون، خەریک بوو دڵم بوەستێت. بەڵام دەمزانی شێوازی وەستانەکەی پەیوەندی بەو ئیش و ئازارە بەردەوامەوە هەبوو کە هەیبوو. نوزەی لەبەر بڕابوو، دەنگی نزمی هەناسەی تاکە هۆکار بوو وای لێ دەکردی هەست بکەی زیندووە. دەتگوت دوو باسکی نادیار لە شانی ئاڵاوە  و بە زنجیرێکی نادیاریش تۆپێکی ئاسنی گەورەی لێ بەستراوە تا نەهێڵێت تاکە یەک ماسوولکەش چییە بجووڵێنێت.

هەمیشە لە نیوەی شەودا و کاتژمێرەکانی بەرەبەیاندا، گرمەگرمی کارپێکردنی مەکینەی تاکسی و ماتۆڕ لە شەقامە چۆڵەکانی بەرەبەیاندا، ژنەکەمی خەبەر دەکردەوە و بە بێزارییەوە دەیگوت: “ئەڵێی جادەکان پەلەتریانە لە سەیارەکان، توخوا سەر جادە و ئەم شووقەیە فەرقی چییە.” هەرچەندە لەگەڵ دوورکەوتنەوەیان دەنگی مەکینەکان کەمتر دەبوونەوە و ئەویش دووبارە خەوی لێ دەکەوتەوە، کەچی ڕووخسارە شیرینەکەی ڕەنگی مردووی لێ دەنیشت.

شەوێک لەو شەوانە، وەک ئەوەی خەون ببینێت بەدەم وڕێنەکردنەوە و بە دەنگی  نووساوەوە دەیگوت؛ “ئەو هەموو شتە، لە کوێوە هات…بەرەو کوێ ڕا دەکەن؟”

٤

ئێوارەی دواتر، هەرکە دەرگای پێشەوەم کردەوە و پێم نایە ژوورەوە، سەیر دەکەم  ژنەکەم بە پێی پەتی لەودیو دەرگاکە وەستاوە  تا بەخێرهاتنەوەم بکات؛ بە خۆمم گوت بە دڵنیایییەوە لە داڵانەکەوە گوێی لە تەپەی پێم بووە. نینکۆکە درێژەکانی قاچی کە دەبوو ڕێکی بکردنایە و نەیکردبوو، سپی دەکردەوە.

“ چییان پێ گوتی لە نەخۆشخانە؟”

بەبێ ئەوەی وەڵامم بداتەوە، بە بێدەنگی تەماشای دەکردم کاتێک پێڵاوەکانم دادەکەند، پاشان ڕووی وەرگێڕا و ئەو تاڵە بژانەی قژی کە کەوتبوونە سەر گۆنای و بێزاری کردبوو، خستە پشت گوێیەوە. 

بە خۆمم گوت، ئەو ڕوخسارە دەناسمەوە. هێشتاش لە بیرمە کە چۆن و کەی بۆ یەکەم جار بە یەکترییان ناساندین، دوای ئەوەی سەرپەرشتیاری کارەکەم کە لەو بەینەدا ڕۆڵی نێوەندی دەگیڕا بەتەنها بەجێی هێشتین، بێدەنگییەکی ئارام باڵی کێشا بە سەرماندا و منیش پەرێشانانە تەماشای ڕوخساری پڕ لە نهێنی و ئاڵۆزی هاوسەری ئایندەم دەکرد. لە ڕوخسارییدا وا پێدەچوو خەیاڵی لە شوێنێکی زۆر دوور و نادیار بێت. ئەو ڕوخسارەی کە لە نیگای یەکەمدا خوێن سارد و بێتام دەردەکەوت، بەڵام من توانیم ناخافڵی بۆ تەنهایی تێیدا بخوێنمەوە؛ لە ڕواڵەتدا کەسێکی تەواو جیاواز دەردەکەوت، هەر ئەمەش ئەو باوەڕەی لا دروست کردم کە ئەم کەسە لە من تێدەگات. دواتر هەمان بڕوا و ئەو مەشروبەشی خواردبوومەوە، وایان لێ کردم  دان بە هەموو شتێکدا بنێم و بە درێژاییی هەموو ژیانم تەنها بم. ئەو ژنە بیست و شەش ساڵەی کە دەبووە هاوسەری ئایندەم، بەرەو ئاسۆییەکی دوور ڕووی وەرگێڕا و هەمان ئەو ڕوخسارە سارد و خەماوییەی نیشان دام کە کەمێک لەمەوبەر بینیم.

“خۆ چوویت بۆ نەخۆشخانە، وانییە؟” کەمێ سەری لەقاند. تۆ بڵێی لەبەر ئەوە ڕۆشتبێ تا نەخۆشییەکەی بشارێتەوە یان لە من تووڕەیە و شتێکم کردووە؟ 

“دە دەی، تکایە، قسەم بۆ بکە. دکتۆر چی پێ گوتی؟”

گوتی “هیچ نییە.” وەڵامەکەی زیاتر لە هەناسەدانەوە دەچوو وەک لە دێڕێکی تەواو. دەنگی ترسناکانە نزم بوو.

لەو بینینەی یەکەم جارماندا، ئەو شتەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام تێیدا، دەنگی بوو. هەرچەندە بەراوردێکی بێمانایە، بەڵام دەنگی دەیخستمە بیری مێزێکی شووشەی بریقەداری چا؛ یەکێک لەو کەلوپەلە قەشەنگانەی نێوماڵ کە بۆ میوانێکی زۆر گرنگ نەبێت دڵت نایەت دەریبهێنیت، ئەگەریش دەریبهێنیت ئەوا باشترین جۆری چا لە جوانترین جۆری کوپدا نەبێت لەسەری دانانێیت.

ئەو شەوە، ئەو دانپێدانانەی من لە دەمم دەرچوو بە هیچ جۆرێک ژنەکەمی وەڕەس نەکرد، بەڵکوو، بەو ئاوازەی هەمیشە لە تۆنی دەنگییەوە دەهات وەڵامێکی  زۆر ڕیاڵیستانەی دامەوە. گوتی: “منیش، نامەوێت هەموو ژیانم لە یەک شوێندا بەسەر بەرم.”

دوای ئەوە، باسی گوڵم بۆ کرد. پێم گوت خەونم دیوە و لە خەونمدا، باڵکۆنەکەمان بە  ئینجانەی گەورەی گوڵە کاهوی سەوز و ڕێحانە تەنرابوو. لە هاویندا، گوڵی بچووک بچووک لە شێوەی کڵۆ بەفر لەسەر گوڵە ڕێحانەکان خونچەیان دەکرد و لە مەتبەخەکەشدا پاقلەم ڕواندبوو. ژنەکەم کە لەوکاتەوە بە گومانەوە چاوی تێ بڕیبووم، وەک ئەوەی بڵێت، ئەم بابەتی گوڵ و شتە زۆر لە منەوە دوورە،  زەردەخەنەیەکی  کرد. هەوڵم دا ئەو زەردەخەنە جوانە  ڕوخساری جێنەهێڵێت، هەر بۆیە دووبارە گوتم  “من بە درێژاییی هەموو ژیانم، تەنها بووم.”

دوای ئەوەی هاوسەرگیریمان کرد، وەک چۆن ڕێکەوتبووین، ژمارەیەک ئینجانەی گوڵم بۆ سەر باڵکۆنەکە کڕی، بەڵام کەسمان نەمانتوانی خۆشەویستی خۆمان بۆ گوڵەکان بسەلمێنین. هۆکارەکەی هەرچییەک بووبێت، تەنانەت ئەو گوڵانەشی کە لە بنەچەدا بەهێز و پتەو بوون و جگە لە چەندجارێکی کەم ئاودان هیچ خزمەتێکی تری نەدەویست، هەر زوو بەبێ ئەوەی یەک تاکە تۆویشمان بدەنێ وشک دەبوونەوە و دەمردن.

هەریەکە و قسەیەکی دەکرد، یەکێ دەیگوت لەبەر ئەوەیە شووقەکەتان زۆر بەرزە و لە وزەی زەوییە دوورە؛ یەکێکی تر دەیگوت هەموو ڕووەک و درەختەکانمان بۆیە مردوون چونکە ئاو و هەواکەیان خراپ بووە. تەنانەت پێیان دەگوتین کە ئیمانمان بەشی پێویست پتەو نییە تا بتوانین زیندەوەرێکی پێ بەخێو بکەین، بەڵام هیچ ڕاستییەک لەو قسەیەدا نەبوو. ئەو مامەڵە دڵسۆزانەی کە ژنەکەم لە خۆتەرخانکردنیدا بۆ خزمەتی گوڵەکان پێشکەشی دەکرد لە سنووری هەموو چاوەڕوانییەک بەدەر بوو. وشکبوونەوەی گوڵە کاهویەک و ڕێحانەیەک بەس بوو بۆ ئەوەی نیوەی ڕۆژەکەی نووقمی نائومێدی و بێتاقەتی ببێت، ئەمە خۆ ئەگەر بهاتەیە و گوڵێک تۆزێ درەنگتر وشکی بکردایە، ئەوا بەردەوام بە دەوریدا دەسووڕایەوە و بە دەنگێکی ناسک ئاوازی بۆ دەچڕی.

نازانم هۆکارەکەی چی بوو، بەڵام ئێستا جگە لە خۆڵی وشک، هیچ شتێک لەو ئینجانە لاکێشەیییانەی نێو باڵکۆنەکدا بوونی نییە. سەرم سووڕمابوو، ئەو هەموو ڕووەکە مردووە چییان لێهات؟ ئەی چی دەربارەی ئەو ڕۆژە باراناوییانەی کە ئینجانەکانم دەخستە سەر قەڕاغی پەنجەرەکان تا تێر ئاوی باران بخۆنەوە، ئەو ڕۆژانە چییان بەسەرهات؟

بە پێچەوانەی گوڵەکانەوە کە ئەگەر کەمێکیش بووبێت بەهۆی بارانی بەخوڕ خۆیان و گەڵاکانیان دەبووژانەوە، بەڵام وا پێدەچوو ژنەکەم لە دۆخێکی قووڵی دڵتەنگیدا بەرەو وشکبوونەوە بچێت. سەیرێکی منی کرد و گوتی “با پێکەوە بڕۆین بۆ شوێنێکی دوور، مەحاڵە بتوانین لە شوێنێکی ئاوا خنکێنەردا بژین.”   بە دەستە لاوازەکانی گەڵای کاهووەکەی داپۆشی تا نەیەڵێت باران لێی بدات، دواتریش بەرەو بەشی سەرەوەی باڵکۆنەکە ڕایکێشا و گوتی: “ئەم بارانە پیسە.” چاوەکانی بەدوای ڕەزامەندی مندا دەگەڕا، “ئەڵێی چڵمی ڕەشە.”  تفێکی کرد و بەردەوام بوو، “ئەمە بەس پێی دەوترێ ژیان، ئەگینا کوێی لە ژیان دەچێ؟” قسەکانی وەک قسەی کەسێکی سەرمەست کە دەنگی پڕە لە نەیاری بەردەوام بوو، “ئەم وڵاتە لەناوەوە گەنیووە! مەحاڵە هیچ شتێک لێرە گەشە بکات، نابینیت؟ نابینیت…. لەم شوێنە خنکێنەرە و لەنێو ئەم ژاوەژاوەدا چۆن گیرمان خواردووە؟!”

ئیتر نەمدەتوانی لەوە زیاتر بەرگەی بۆڵەبۆڵەکانی بگرم.

نەمدەتوانی بەرگەی ئەو هەموو توانجە زبر و ڕەقانە بگرم، چونکە کوێرانە ئەو خۆشبەختییە ناجێگیرە نوێیەی کە دروستم کردبوو وردوخاش دەکرد؛ توانجەکانی ئەوەندە ناخۆش بوون دەتگوت ئەو وشانە بەس بۆ ئەوەیە خوێنی کۆسپێکی کۆنی کەپتکراو لە لەشە نەخۆشەکەیەوە بڕژێنیت. “ئادەی پێم بڵێ، چ شتێک خنکێنەرە؟” ئەو ئاو و بارانەی لە مشتی دەستمدا کۆم کردبووەوە کرد بە سەروگوێلاکیدا، “چی خنکێنەرە؟ ئادەی کامە ژاوەژاو؟”

ژنەکەم نوزەیەکی هێواشی کرد و بە ترسەوە دەموچاوی سڕی. بارانەکە گەشتە ئەمدیو شووشەی باڵکۆنەکە و دەموچاوی منیش تەڕ بوو. ئەوەندەم نەزانی ئینجانەی سەر قەڕاغی پەنجەرەکە کەوتە خوارەوە و لەبارە تیژەکەیدا چەقی بە قاچی ژنەکەمدا و پاشان دای بە ئەرزەکەدا. سواڵەتی ڕەق و تۆپەڵە قوڕ کەوتە سەر جلەکانی ژنەکەم و پێ پەتییەکانی. دانەوییەوە و بە هەر دوو دەستی قاچە بریندارەکەی گووشی و لێوی خوارەوەی خۆی گەست.

گەستنی لێوی خوویەکی لەمێژینەی ژنەکەم بوو؛ تەنانەت پێش ئەوەی هاوسەرگیریش بکەین، هەرکاتێک  تووڕە بوومایە یان دەنگم بەرز کردایەتەوە هەمان خووی دووبارە دەکردەوە. پێدەچوو گەستنی  لێوی لە ڕێکخستنی بیرکردنەوەکانیدا یارمەتی بدات، چونکە دوای کەمێک بیرکردنەوە دەستی دەکرد بە وەڵامدانەوەی ئەو شتەی کە من دەمگوت یان دەمکرد و لەسەرخۆ و بە شێوەیەکی لۆجیکییانە خاڵەکانی ڕوون دەکردەوە. بەڵام دوای ئەو ڕووداوەی سەر باڵکۆنەکە، تاکە کاردانەوەیەک کە لە ژنەکەمم بینی گەستنی لێوی بوو. لە دوای ئەو ڕۆژەوە هەرگیز جارێکی تر مشتومڕمان نەکردەوە.

“یانی دکتۆر گوتی، هیچ کێشەیەکت نییە؟!” چاکەتی قاتەکەمم داکەند، بەڵام ژنەکەم لێی وەرنەگرتم. هەستم بە یەک پارچە  ماندووێتی و تەنهایی کرد.

 هێشتا ڕووی لەودیو بوو، کاتێ  دووبارە گوتییەوە: “دەڵێت ناتوانێت هیچ کێشەیەک لە لەشمدا بدۆزێتەوە.”

٥

ژنەکەم، ئەو تۆزە قسەیەشی جاران دەیکرد، وردە وردە ئەویشی نەما. هەتا یەکێ قسەی لەگەڵ نەکردایە، هیچی نەدەگوت؛ ئەو کاتانەشی کە وەڵامی شتێکی دەدایەوە یا سەرێکی دەلقاند یان بایدەدا. هەندێک جار بۆ ئەوەی وەڵامم بداتەوە دەمقیڕاند، کەچی زۆر بێباکانەوە ڕووی دەکردە شوێنێکی نادیار و هەر وەڵامیشی نەدەدامەوە. دۆخی ئاڵۆز و خراپی لەشی ژنەکەم بە جۆرێک تەشەنەی سەندبوو، کە ئێستا زۆر بەئاسانی لەژێر تیشکی کزی گڵۆپێکی شیرییدا درکی پێ دەکرا.

مادەم دکتۆر پێی گوتووە هیچ کێشەیەکی نییە و هەموو شتێک باشە، کەواتە بە دڵنیایییەوە، ژنەکەم بەدەست نەخۆشییەکی جەستەیی وەک گەدە یان ڕیخۆڵەوە نەیدەناڵاند بەڵکوو خەمخواردنی بۆ شتێک تووشی ئەو دۆخە دەروونییەی کردبوو. بەڵام بۆ خاتری ئاسمان دەبێت خەمی چی شتێکی بووبێت؟

سێ ساڵی ڕابردووی ژیانم، خۆشترین و ئاسووودەترین ساڵەکانی تەمەنم بوون. کارەکەم زۆر زەحمەت نەبوو، لەولاشەوە بەبەخت بووم،  چونکە خاوەن ماڵ داوای زیادکردنی کرێی شووقەی نەدەکرد. سولفەی شووقەکەش خەریک بوو تەواو دەبوو، ئەمە جگە لەوەی ڕاستە ژنەکەم زۆر سەرنجڕاکێش نەبوو، بەڵام هەموو ئەو شتانەی تێدابوو کە من دەمخواست لە هاوژینێکدا هەبێت.

خۆشبەختیم، هاوشێوەی ئاوی گەرمی نێو بانیۆیەکی قووڵ، بەهێواشی لەملاولای بانیۆکەوە شەپۆلی دەدا و جەستەی ماندوومی لەباوەش دەگرت. تۆ بڵێی کێشەی ژنەکەم چی بووبێت؟ نەمدەتوانی لەو شتە تێبگەم کە چۆن دەکرێ مرۆڤ هێندە پەرۆشی شتێک بێت و بەو جۆرە کار بکاتە سەر دۆخی دەروونی و نەخۆشی بخات. هەرجارێ ئەو پرسیارەم لە خۆم بکردایە، کە ئایا ئەم ژنەی من مافی ئەوەی هەیە ئاوا من تووشی تەنیایی بکات، ڕقێکی بێئەندازە دایدەگرتم و وەک چینێک تەپ و تۆزی نیشتوو لە خۆمی جیا دەکردمەوە.

 ڕۆژی یەکشەممەی دوای ئەوە و ڕۆژێک بەر لە سەفەرە یەک هەفتەیییەکەی من بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی کار، دەمەوبەیانییەکەی سەرم هەڵبڕی و سەیرم کرد  ژنەکەم لەسەر باڵکۆنەکە جل هەڵدەخات. ئێستا ئیتر پەڵە شینەکانی سەر لەشی بەشی زۆری قۆڵی داپۆشیبوو، بە جۆرێک لەنێو ئەو هەموو شینایییەدا، پێستە سپییەکەی خۆی بووبووە پەڵەی سپی بچووک بچووک. ئاهێکم هەڵکێشا.

بە سەبەتە بەتاڵەکەی دەستییەوە هاتە ژوورەوە بۆ نێو ژووری دانیشتنەکە، بەردەمیم گرت و پێم گوت جلەکانی دابکەنێت. ڕازی نەبوو دایانبکەنێت، بۆیە خۆم تیشێرتەکەی بەریم داکەند. شانێکی بەتەواوی بۆ شێنێکی تۆخ و تاریک گۆڕابوو.

 هەنگاوێک چوومە دواوە و تەماشایەکی تری لاشەییم کرد. توکی بنباڵی هەمووی ڕووتابوەوە، گۆی مەمکی کە پێشتر نەرم و توند بوو، ئێستا شینایی لێوە دەهاتە دەرێ.

  “ئەمە وانابێت. ئێستا تەلەفون بۆ دایکت دەکەم.”

هاواری کرد و  گوتی “نا، نا توخوا مەیکە، خۆم دەیکەم.” وشەکانی بە جۆری گۆ کرد، دەتگوت زمانی خۆی دەجوێت.

” بچۆ بۆ نەخۆشخانە ، تێدەگەی؟ بچۆ بۆ لای دکتۆرێکی پێست. نا، بڕۆ بۆ نەخۆشخانەی گشتی.” بەکاوەخۆ سەرێکی بۆ لەقاندم. “خۆت دەزانی کاتم نییە لەگەڵتدا بێم. لەشی خۆت باش دەناسی، بۆیە دەبێت ئاگاداری بیت، باش؟”، دووبارە بە بێدەنگی سەری لەقاندەوە. “گوێم لێبگرە. زوو پەیوەندی بە دایکتەوە بکە.” بەردەوام بوو لە سەرلەقاندن و گەستنی لێوی. تۆ بڵێی سەرلەقاندنەکەی ئاماژە بێت بۆ ئەوەی گوێم لێ دەگرێت؟ بە دڵنیایییەوە قسەکانم لەم گوێ چوونەتە ژوور و لەوی تر هاتوونەتە دەر؛ چونکە دەمزانی هەر لە ژووری دانیشتنەکە وەک بسکیوتێکی هەرزان لە کۆشی دەکەوێتە خوارەوە و ورد و خاش دەبێت.

٦

لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا زەنگی باڵابەرەکە لێی دا. بە جانتا قورسەکەی دەستمەوە بەنێو داڵانەکدا ڕەت بووم و گەشتمە بەردەم دەرگای شووقەکەمان، لە جەڕەسەکەم دا. هیچ وەڵامێک نەبوو.

گوێم نا بە ئاسنی ساردی دەرگاکەوە تا بزانم جەڕەسەکەمان ئیش دەکات، دووبارە لێم دایەوە، کردم بە دوو جار، سێ جار، چوار جار؛ هەرچەندە  بەهۆی ئەستووری دەرگاکەوە وا دەردەکەوت دەنگەکە لە شوێنێکی زۆر دوورەوە بێت، بەڵام گوێم لێ بوو ئیشی دەکرد. جانتاکەم پاڵدا بە دەرگاکەوە و تەماشایەکی کاتژمێرەکەم کرد. کاتژمیر هەشتی ئێوارە بوو. ڕاستە، ژنەکەم خەوی زۆر قورسە، بەڵام ئێستا کوا کاتی خەوە! زۆر زووە.

زۆر شەکەت بووم و هیچیشم نەخواردبوو. بەس ئەم جارە ویستم کلیلەکەی گیرفانم دەرنەهێنم، ئەوەتا نایکاتەوە.

بە خۆمم گوت پێدەچێ تەلەفونی بۆ دایکی کردبێت و پێکەوە چووبن بۆ نەخۆشخانە، یاخود چووە بۆ ماڵی خزمەکانی لە دەرەوەی شار. کەچی کە چوومە ژوورەوە، سەیر دەکەم نەعل و کالە و پێڵاوە کەشخەکانی لەو ناوەدا کەوتوون. بۆیە زانیم لە ماڵە. پێڵاوەکانم داکەند و جووتێ نەعلم کردە پێم. نائاگایییانە، دەستکاری پلەی گەرمی شووقەکەم کرد. تۆزێک ڕۆشتم و بۆنێکی زۆر قێزەون هات. سەلاجەکەم کردەوە و سەیریم کرد، ژەمێ کولەکە و خەیاری سیس و چرچ، کەڕوو لێی دابوون و بۆگەنیان کردبوو.

نزیکەی نیو قاپ برنج لە مەنجەڵی برنجەکەدا مابوەوە، دیار بوو دەمێکە لەوێدایە، چونکە وشک بووبووەوە و بووبوو بە بنکڕ. سەرەکەیم لادا و بۆنی برنجی کۆن وهەڵمی مەنجەڵەکە چوو بە سەروچاومدا. یەک دەرزەن قاپ و قاچا‌غی پیسیش لەناو سنگەکەدا کەوتبوو؛ بۆگەنی ئەو تەشتە جلە پلاستیەکە سابووناوەی کە لەسەر جلشۆرکە دانرابوو، ڕۆژەڕەیێک دەڕۆی.

بانگی ژنەکەمم کرد، هیچ وەڵامی نەبوو. ژووری نووستن و گەرماو و مەخزەنەکەش گەڕام، کەسی لێ نەبوو. هەفتەی پێشوو ڕۆژنامەی بەیانیانەکەم چۆن بە پەرش و بڵاوی جێهێشتبوو هەروا لە شوێنی خۆیدا مابوو. لە ژووری دانیشتنەکە، کارتۆنێکی شیری ٥٠٠ ملیمی بەتاڵ و بەرداخێکی شووشە کە  شیرەکەی پێوە وشک بووبووەوە، لەگەڵ تاک گۆرەوییەکی سپی ژنەکەم بە هەڵگەڕاوەیی و جزدانێکی چەرمی سور، بەو ناوەدا پژا بوون.

گرمەی مەکینەی ئەو سەیارانەی بە جادە سەرەکییەکەدا خلۆردەبوونەوە،  بێدەنگی شووقە چۆڵ و هۆڵەکەی دەشێواند.

 زۆر شەکەت و برسی بووم، یەک کەوچکی پاکیش چییە نەبوو بۆ ئەوەی کەوچکێ لەو برنجە کۆنە بدەم؛ هەرچی قاپ و قاچاغی ماڵەکە هەبوو بە پیسی لە حەوزی سنگەکەدا کەڵەکە کرابوو. هەستم بە تەنیایی دەکرد، دوای سەفەرێکی ئاوا دوور و درێژ گەڕاومەتەوە بۆ ماڵێکی چۆڵ و هۆڵ. دەمویست کەسێک هەبێت باسی هەموو ئەو شتە پڕوپووچانەی بۆ بکەم کە لە گەشتە درێژەکەمدا ڕوویان دابوو؛ یان باسی ئەو دیمەنە سروشتییانەی بۆ بکەم کە لە پەنجەرەی شەمەندەفەرێکی بیانییەوە بەلایدا گوزەرم کردووە. تەنیا بووم، چونکە کەس نەبوو ئەو هەلەم بداتێ و بپرسێت: “ئەرێ ماندوو نیت؟” منیش بۆ ئەوەی بڵێن کەسێکی چەند خۆڕاگرە، بڵێم: “نا، باشم.” تووڕە بووم. بەڵی، بەهۆی تەنهایییەکەمەوە هەستم بە تووڕەبوونێکی زۆر دەکرد. لەبەر ئەوەی خۆم بە قەرزارباری لەشی بێبەهای خۆم دەزانی و بە هیچ جۆرێک نەمدەتوانی بەر هەقیقەتی تاڵی ئەم جیهانە بێڕەحمە بکەوم. ئەو سەرمایەی لە پڕێکدا خۆی بەنێو جلە تەنکەکانمدا دەکرد و بیرکردنەوە لەو ڕاستییەی هەموو ئەوەی تا ئێستا لە ژیاندا بەدەستم هێناوە، سەرکەوتووانە قەشمەریکردن بووە بەوەی  پێم وابووە کەسێکی بەنرخم، هێندەی تر تەنیای دەکردم. بێکەس و تەنیا، بەبێ ئەوەی کەسێک خۆشیی بوێم، وردە وردە لەناو دەچووم.

لەو سەروبەندەدا، گوێم لە نوزەیەک بوو.

بە ئاڕاستەی دەنگەکەدا ڕۆشتم. ورتەورتێکی کز لە باڵکۆنەکەوە هات، زۆر بەزەحمەت گوێت لێ دەبوو. دەنگی ژنەکەم بوو.

ئەو هەستی بێکەسی و تەنیایییەی کەمێک لەمەوپێش باسم دەکرد، یەکاویەک گۆڕا بۆ ڕزگاربوون. پەست و تووڕە دەرگای باڵکۆنەکەم دا بەیەکدا و گوتم: “لەو کاتەوە من بانگت دەکەم، بۆ وەڵامم نادەیتەوە؟! ماڵ ئاوا بەڕێوە دەبرێت؟ بۆ خاتری خوا بەس پێم بڵێ بە چی ژیاویت؟”

هەرکە لەشی ڕووتی ژنەکەمم بینی، وەستام.

ژنەکەم لە بەرانبەر ئەو محاجەرە ئاسنەی کە بە درێژاییی پەنجەرەی باڵکۆنەکە درێژ بووبووەوە کەوتبووە سەر ئەژنۆ، وەک ئەوەی هەیەجانی شتێک بێت هەردوو قۆڵی بۆ ئاسمان بەرز کردبووەوە. ڕەنگی لەشی بە تەواوی بۆ سەوزێکی تۆخ گۆڕابوو. ڕوخسارە تاریکەکەی  پێشووتری ئێستا وەک گەڵای درەختێکی هەمیشە بەهارە دەدرەوشایەوە. قژە  وشک و زبرەکەشی وەک قەدی گیایەکی کێوی بریقەی دەهات.

بە بینینی ئەو دیمەنە، کشامە دواوە. چاوە زەردهەڵگەڕاوەکانی لەنێو ئەو ڕوخسارە سەوزەدا، دەدرەوشانەوە. ڕووی تێ کردم و جووڵەیەکی کرد، وەک ئەوەی بیەوێت هەستێتە سەر پێ. بەڵام وا پێدەچوو نەتوانێت ماسوولەکەی قاچی بجووڵێنیت، چونکە نە دەیتوانی هەستێ و نە دەیشیتوانی بڕوات.

بەدەم ئازارەوە، کەمەرە جیڕەکەی بادا. زمانی وەک ڕووەکی ئاوی، لە بەینی لێوە شینە تۆخەکانیدا یاری دەکرد. ئەوە ددانی هەر هیچ نەمابوو.

 نوزەیەک  کە زیاتر لە ناڵە دەچوو، لە لێوە هەڵقرچاوە پەڵاوییەکانییەوە هاتە دەرەوە.

“ئاو…”

بەرەو سنگەکە ڕام کرد. بەلۆعەکەم کردەوە و تەشتی جلشتنەکەم  پڕ کرد لە ئاو تا لەبەری ڕژا. لە هەڵپەی ئەوەی خێرا بگەمە باڵکۆنییەکە، ئاوەکە بەملاولای تەشتەکەدا ڕژا و ژووری دانیشتنەکەی تەڕ کرد. ئاوەکەم کرد بە  سەرو سنگی ژنەکەمدا؛ تەواوی لەشی وەک گەڵای درەختێکی گەورە بووژایەوە. دیسان گەڕامەوە بۆ ئەوەی تەشتەکە پڕکەمەوە و ئەم جارەیان  بیکەم بە سەریدا. هەرکە ئاوەکەم پیاکرد قژی ڕەپ و ڕێك بەرز بووەوە، دەتگوت پێشتر هێزێکی نادیار کەپسی کردووە بە سەرییەوە. تەماشام کرد لەشە سەوزە بریقەدارەکەشی سەرلەنوێ دەگەشایەوە. بۆ ساتێک هەستم بە وڕی دەکرد.

هەرگیز ژنەکەمم ئاوا بە جوانی، نەدیبوو.

٧

دایکە.

 لەمەودوا ناتوانم نامەت بۆ بنووسم. تەنانەت ناتوانم ئەو بلوزە خورییە پرتەقاڵییەی کە زستانی ڕابردوو لە سەردانەکەتدا بۆ ئێرە لەبیرت چوو، لەبەر بکەم.

لەو ڕۆژەوەی مێردەکەم چووە بۆ سەفەر لەبەرمدایە، تۆ خۆت باش دەزانی من چەند سەرمابردەڵەم.

هێشتاش بۆنی زەڵاتەکەی ئەو ئێوارە  و پێستی تۆی لێ دێت، چونکە  تا ئێستاش نەمشۆردووە. خۆ دەمتوانی بیشۆم بەڵام جەوەکە زۆر سارد بوو، ئینجا نەمدەمویست ئەو بۆنە لە لووتم ببڕێت، ئەوەبوو دواتر خەوم لێکەوت پێوەی. بەیانی دوای ئەوە، هێشتا زوقمەکە بەرینەدابوو، کاتێ تیشکی خۆر لە پەنجەرەی ژووری نووستنەکەوە لەسەرخۆ هاتە ژوورەوە، هەر کە چاوم بە تیشکەکە کەوت، ڕێک دام لە پڕمەی گریان، دایکە. چوومە سەر باڵکۆنەکە و جلەکانم داکەند تا ئەو تیشکە گەرمە لە ئامێزم بگرێت. تیشکی خۆرەکە هاوشێوەی بۆنی تۆ بەنێو لەشی ڕووتمدا دەڕۆشت؛ دواتر کەوتمە سەر ئەژنۆ و هاوارم کرد: دایکە، دایکە. جگە لەوە هیچی ترم نەگوت.

نازانم  ئاخۆ چەند ڕۆژ، چەند هەفتە، یان چەند مانگ تێپەڕیوە؟ کەشوهەوا هێشتا گەرم نەبووە و پلەی گەرما تەنها چەند پلەیەکی کەم بەرز بووەتەوە.

تۆزێکی تر گڵۆپە زەردەکان لە پەنجەرەی شووقەکانی سەر ڕووباری چونگنانگەوە دەدرەوشێنەوە.

تۆ بڵێی ئەو خەڵکانەی لەو شووقانەدا دەژین بمبینن؟ ئەی ئەو سەیارانەی بە شەقامەکەدا جرت و فرتیانە و ڕووناکی گڵۆپە عاموودییەکان دەدا لە سەقفەکانیان چی؟ ئێستا من لە چیی دەچم؟

*

ئەو  زۆر میهرەبانە لەگەڵمدا، دایکە. ئینجانەیەکی گەورەی کڕیووە تا لەناویدا، بمچێنێت. هەموو بەیانییەکی یەکشەممان لە بەردەم دەرگای باڵکۆنەکدا دادەنیشت و ئەو سنانە[5] دەکوژێت کە خەریکە تێم دەدەن.

ئەو کە هەمیشە ماندوو بوو، کەچی ئێستا دەزانێت من حەزم لە ئاوی بەلۆعە نییە، هەموو بەیانییەک بەسەر شاخەکەی پشتەوەماندا سەر دەکەوێت تا سەتڵێ ئاوی کانزایی بهێنێت و لاقەکانی منی پێ ئاو بدات. ماوەیەک لەمەوبەر، خۆڵی ئینجانەکەمی دەردا و باوەشێک پەینی تازەشی بۆ تێکردم. هەر شەوێک بڕێک باران ببارێ و هەوای پیسی شار پاک بکاتەوە، ئەمیش دەرگا و پەنجەرەکانی پێشەوە دەکاتەوە تا هەوای پاک ئاڵوگۆڕ بکات.

*

ئەزانی چی زۆر سەیرە، دایکە، هەرچەندە ئیستابینین، ببیستن، تام و بۆنیشم لەدەست داوە، کەچی هەموو شتێک لە جاران نوێتر و پڕژیانترە. ئێستا هەست بە لێکخشانی زبری تایەی سەیارەکان دەکەم کاتێک بەسەر جادە قیرەکەدا ڕەت دەبن؛ ئەو کاتانەی مێردەکەم دەرگای پێشەوە دەکاتەوە و بەلامدا ڕەت دەبێت، هەست بە زایەڵەی شوێنپیکانی دەکەم. هەست بە دووگیانبوونی هەوای شێدار بە دڵۆپی باران و تیشکی خۆڵەمێشی کازیوەی بەرەبەیان دەکەم.

دوور بێت یان نزیک، هەست بە چەکەرەی گوڵ و کرانەوەی پەڕەکانیان لە هەموو شوێنێک دەکەم. ئەو کرمانەی لە قۆزاخەکانیان دێنەدەرەوە، زاوزێی سەگ و پشیلەکان، لێدانی دڵی ئەو پیرەمێردەی لە باڵەخانەکەی تەنیشماندایە، سپێناخی نێو ئەو مەنجەڵەی لە مەتبەخی ماڵەکەی سەرووترماندا نیوەکوڵ بووە، ئەو چەپکە گوڵە بەیبوونەی خراوەتە گۆزەیەکەوە و لەتەنیشت ئامێری گرامافۆنەکەی شووقەکەی خوارترمانەوە دانراوە، هەست بە هەموو ئەو شتانە دەکەم. شەو بێ یان ڕۆژ، ئەستێرەکان وێنەی هیلالیمان بۆ دەکێشن. لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا، هاوشێوەی لاشەی من، دارچنارەکانی قەراغ جادە بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتدا قەدی دڵخوازی خۆیان شۆڕ دەکەنەوە.

لێم تێدەگەیت، دایکە؟ دەزانم، بەم زووانە بیرەوەرییەکانیشم لەدەست دەدەم، بەڵام هەست بە باشی دەکەم. زۆر لەمیژە خەونم بەم جۆرە ژیانەوە دەبینی، خەونم بەوە دەبینی کە جگە  لە ئاو و هەوا و تیشکی خۆر،  لەسەر هیچ شتێکی تر نەژیم.

*

بیرتە ئەو کاتانەی کە منداڵ بووم و بەرەو مەتبەخەکە ڕام دەکرد، سەرم دەخستە سەر کۆشت و تێر بۆنم دەکردی. ئای لەو بۆنە خۆشە، بۆنی ناوکە کونجی برژاو و ڕۆنی کونجی. هەمیشە دامێنی تەنوورەکەتم بەدەستە قوڕاوییەکانم پیس دەکرد، چونکە دایمە دەستم لە قوڕدا بوو.

ئەی ئەو ڕۆژە تەماوییە بەهارەت بیرە کە باران نم نم دەباری و باوکم بە باوەش خستمییە سەر تراکتۆرەکە، پاشان بەرەو کەناری دەریاکەی بردین. ئەرێ بەڕاست تەمەنم چەند ساڵ دەبوو؟ هێشتاش، قاقای بێباکی گەورەکان لە جلی دژە -باراندا و هەڵبەز و دابەزی ئەو منداڵانەی  قژە تەڕەکەیان بە ناوچاوانیانەوە نووسابوو و پێکەوە  باوەخولێیان دەکرد و دواتر سەریان گێژی دەخوارد، هەموویم لە یادە.

دایکە، ئەو گوندە هەژارەی سەر دەریاکە هەموو ژیانی تۆ بوو. لەوێ لەدایک بووبوویت و گەورە بوویت. هەر لەوێ منداڵت خستەوە  و کارت کرد. هەر لەوێش پیر بوویت.

ڕۆژێک دێت هەر لەوێ و لە گۆڕستانی خێزانەکەماندا بە تەنیشت باوکمەوە دەتنێژن.

دەزانی دایکە، لە ترسی ئەوەی ژیانی منیش وەکوو هی تۆی لێ نەیەت، ماڵەوەم بەجێهێشت. جێهێشتنی ماڵەوە لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا و پیاسە بە ناوچە گوندنشینەکانی بووسان، دایگو و گانگنیونگ بۆ ماوەی زیاد لە مانگێک بەبێ ئامانج، هەموویانم بەباشی لەبیرە. ئەو ڕێستۆرانتە ژاپۆنییانەی بە درۆوە تەمەنی خۆم پێدەوتن و چوون بۆ بازاڕ بەتەنها ، خۆگرمۆڵەکردنی ئێواران و پاڵکەوتن لە ژووری خوێندنەوەکەدا- بەڕاستی حەزم لەو ژوورە بوو-  لەگەڵ گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگی شارۆچکەکان و باق و بریقی خەڵکەکەی، هەموویم لە یادە، دایکە.

نازانم  یەکەمجار کەی بوو لەو ڕاستییە تێگەشتم، کە منیش لەنێو ئاپۆڕای غەریبی ئەم شەقامە قەرەباڵغانەدا، پیر دەبم. نە لە ماڵەوە دڵخۆش بووم و نە لە هیچ شوێنێکی تریش، کەواتە تۆ پێم بڵێ دایکە، دەبوو ڕوو لە کوێ بکەم؟

هەرگیز نەمتوانی دڵخۆش بم. تۆ بڵێی ئەم ڕۆحی عەزابە بۆ هەتاهەتایە گەروو و پەل و پۆم بگرێت؟ هەموو ئەوەی من دەمویست ئەوە بوو هەڵبێم. پاڵنەرەکانم زۆر سادە بوون، ڕێک وەک ئەو گریانەی مرۆڤ لەتاو ئازار دەیڕژێت یان ئەو نوقورچانەی هاوارت لێ هەڵدەستێنێت. بیرمە ڕۆژێکیان لە کوشنی دواوەی پاسەکە دانیشتبووم و ئەژنۆم بۆ لای سنگم بەرز کردبووەوە، ئەوەندە پاک و بێتاوان دەردەکەوتم دەتگوت مێروولەیەک چییە ئازاری نادەم، بەڵام تەواوی کاتەکە دەمویست بە کوڵەمست جامەکە وردوخاش بکەم. تونی ئەو خوێنە بووم کە لەگەڵ شکانی جامەکەدا بە لەپی دەستما دەهاتە خوارەوە، خۆ ئەگەر بمتوانییایە، پشیلە چۆن شیر دەلێسێتەوە، ئاوا دەملێسایەوە. ئەو شتە چی بوو هەوڵم دەدا لە دەستی ڕابکەم، چ شتێک هێندە ئازاری دەدام تا ئامادەبم بۆ ئەوسەری دونیا ڕابکەم؟ ئەی چی گەڕاندمییەوە و لە پەلوپۆی خستم؟ ئەو کۆت و بەندانە چی بوون ڕێگەیان نەدا ئەم خوێنە قێزەونە لە لەشمدا فڕێ بدەمە دەرەوە؟

*

دکتۆرە بەتەمەنەکە زوو زوو پەنجەی دەکێشا بە بیستەرە پزیشکییەکەدا و لەژێر لێوە دەیگوت هەناوت دەڵێی  گۆڕستانی بێدەنگە. تەنها گوێم لە دەنگی زایەڵەی باوبۆرانێکی دوورە. بیستەرە پزیشکییەکەی دانایە سەر مێزەکە و شاشەی سۆنەرەکەی سووڕاند. پاڵکەوتم و جێڵێکی ساردی دا لە سکم و پاشان بە پارچە ئاسنێکی سارد هەر لە دەرچەی گەدەمەوە بۆ بەر میزەڵدانم سکمی پشکنی. پێدەچوو لە ڕێگەی ئەو پارچە ئاسنەوە، وێنەی ڕەش و سپی هەناوم بۆ سەر شاشەکە بگوازێتەوە.

زمانی بۆ تەقاند و لەژێر لێوەوە گوتی: “هەموو شتێک ئاسایییە” پاشان دەنگی هەڵبڕی و گوتی: “وا سەیری سکت دەکەم … هیچ کێشەیەک نابینم.”

هەموو شتێک ” ئاسایی” دەردەکەوێ.

“گەدە، جگەر، منداڵدان، گورچیلە، هەمووی بێکەموکوڕییە.”

ىۆچی نەیدەتوانی لەوە تێبگات کە هەموو ئەو ئەندامانەی ئەو باسی دەکات بەم زووانە دەپووکێنەوە و دەمرن؟ بە چەند پارچە کلێنسێک جێڵەکەی سەر سکمم سڕی و کاتێک ویستم هەستمەوە، دووبارە پێی گوتم  پاڵکەومەوە. بە هەموو هێزی دەستی خستە سەر چەند شوێنێکی سکم، بەڵام ئازاری نەدەهات. لەپڕا بە تووڕەیییەوە گوتی “ئازاری نییە؟” منیش سەیرێکی چاویلەکەکەیم  کرد و سەرم سووڕاند.

“ئەی ئێرە چی؟”

“ئەی ئێرە؟”

“نا ئازاری نییە”

 دەرزییەکانی لێدام، بەڵام لە ڕێگەدا بۆ ماڵەوە دووبارە ڕشامەوە. لە وێستەگەی شەمەندەفەری ژێرزەوییەکەدا چیچکانم کرد و پاڵم دا بە دیوارەکەوە. بۆ ئەوەی ئازارەکەم بیرچێتەوە دەستم کرد بە ژماردن. دکتۆرەکە پێی گوتم کە پشوو بدەم، ئارام بم و مێشکم ماندوو نەکەم. مینا ڕاهیبێکی بوودایی گوتی، هەموو شتێک پەیوەندی بە بیرکردنەوەوە هەیە. بیر لە شتی ئارام بکەرەوە، هێمن بە.  یەک، دوو، سێ، چوار، ئارامییەکی هەمیشەیی. ژمارەم دەژمارد تا نەڕشێمەوە…  لەتاو ئازار دەستم کرد بە گریان، لەگەڵ هێڵنجی یەک لەسەر یەک و هەڵهێنانەوەی ترشی گەدەم، لەرز گرتمی. ئەوە بوو هیچ لە گەدەمدا نەما و کەوتمە سەر زەوییەکە. چاوەڕێ بووم زەوییەکە لە لەرینەوە بکەوێت. بەنەفرەت بیت، بۆ ناوەستی.

 چەنێکە دەبێت من ئەوهام؟

*

دایکە، بەردەوام هەمان خەون دەبینم. لە خەونمدا وەک سوورەچنارێک باڵا دەکەم. سەقفی باڵکۆنەکەی خۆمان کون دەکەم  و پاشان سەقفی نهۆمی دواتریش دەەبڕم، پاشان نهۆمی پازدەهەم، شازدەهەم، دانە دانە کۆنکرێت و شیشی سەقفەکان دەبڕم تا دەگەمە کۆتا سەقف. لەسەر بەرزترین چڵەکانم گوڵە کرمۆکەی سپی خونچە دەکەن. بۆری هەواکەم ئاوی پاک نەبێت هەڵی نامژێت، لە خاوێنیدا خەریکە دەتەقێت. سنگم دەکەمە ئاسمان و ڕادەکشێم تا چڵەکانم درێژتر بن. بەو جۆرە لەم شووقەیە نەفرەتییە هەڵدێم. بەڵێ دایکە، هەموو شەوێک هەمان خەون دەبینمەوە، هەموو شەوێک.

*

ڕۆژەکان ساردتر دەبن. ئەمڕۆش وەک هەموو ڕۆژێکی تر، ئەم زەوییە دەبێتە گەواهیدەری وەرینی زۆر گەڵای تر، زۆر ماری تر کاژ فڕێ دەدەن، زۆر مێشوولەی تر گیانیان لەدەست دەدەن و زۆر بۆقی تریش بەر لە کاتی خۆیان دەچنە سووڕی سڕبوونەوە.

بەردەوام بیر لە بلوزەکەت دەکەمەوە، دایکە. چیتر یادەوەریی بۆنەکەت بۆم ئاشنا نییە. دەمەوێت داوا لە هاوسەرەکەم بکەم تا بلوزەکەت بدا بە شانەکانمدا، بەڵام چی بکەم توانای قسەکردنم لەدەست داوە؟ ئەویش کە  دەمبینێت وا لەناو دەچم، دەگری و تووڕە دەبێت. خۆت دەزانی، من تاکە خێزانێک بووم کە ئەو شکی دەبرد. دەتوانم هەست بە تێکەڵبوونی دڵۆپی گەرمی فرمێسکەکانی لەگەڵ ئەو ئاوە کانزایییەدا بکەم کە منی پێ ئاو دەدات. مستە نووقاوەکانی دەببینم کە نازانێت بە کێ و بە چیدا بکێشێت. دەتوانم هەست بە ناڕێکی گەردیلەکانی هەوا بکەم، دایکە.

*

من دەترسم، دایکە. وا لقەکانم دەکەونە خوارەوە. چواردەوری ئینجانەکەشم وەک بەرد ڕەق بووە و درزی بردووە. سەری ڕەگەکانم ئازاریان هەیە. بەر لەوەی زستان بێت دەمرم، دایکە.

 گومانم هەیە جارێکی تر و لە جیهانێکی لەم جۆرەدا، خونچە بگرەوە.

٨

ئەو شەوە دوای گەڕانەوەم لە سەفەر و پاش ئەوەی بە سێ سەتڵی پڕ ژنەکەمم ئاودا، کەمێک زەرداوی گەدەی هەڵهێنایەوە. خێرا لێوە هەڵقرچاوەکانی داخستەوە، گۆشتی لێوی چووەوە بەناویەکدا. بە لەرزەوە پەنجەم خستە سەر لێوە پەڕیوە قرچاوەکانی؛ گوێم لە نووزەیەکی هێواش بوو، ئەوەندە نزم بوو کە نەمتوانی تێبگەم چی دەڵێت. ئەوە کۆتاجار بوو گوێم لە دەنگی ژنەکەم بوو؛ دوای ئەوە جگە لە چەند ناڵەیەکی کەم گوێم لە هیچی تر نەبوو.

ڕەگی چەند ڕیشاڵێکی سپی ئەستوور لە بەینی ڕانەکانییەوە هاتبوونە دەرەوە. لەسەر سنگی گوڵی قەترانی سوور خونچەیان کردبوو. دوو تۆوی نێرەک کە بەشی سەرەوەیان سپی و لە ڕەگیشەوە زەرد و ئەستوور بوون، لە گۆی مەمکییەوە هاتبوونە دەرەوە. ئەو کاتە هێشتا ئەگەرچی کەمێکیش بێت، دەیتوانی دەستە درێژەکانی بجووڵێنێت، هەوڵی دا دەست بکاتە ملم. تەماشایەکی چاویم کرد، هێشتا تروسکاییەکەی کەمیان تێدا مابوو، بۆ پێشەوە چەمامەوە و خۆم فڕێدایە باوەشی ئەو دەستانەی وەک پەڕی گوڵە کەمالیا[6] بوون و لێم پرسی “تۆ باشیت؟” بە چاوەکانی -کە لەسەر ڕووی ساف و ڕەنگکراوی درەختەکە لە جووتێ ترێی پێگەییو دەچوون- زەردەخەنەیەکی شاراوەی کرد.

لە ناوەڕاستی پاییزدا، هێواش هێواش لەشی ژنەکەم ڕەنگی پرتەقاڵییەکی ڕوونی لێ نیشت. ئەو کاتانەی دەرگای پەنجەرەکانم دەکردەوە دەستە درێژەکانی بە هێواشی لەگەڵ شنەی باکەدا دەجووڵاند.

بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی پاییزدا، وردە وردە گەڵاکانی هەڵوەرین. ڕەنگی لەشیشی لە پرتەقاڵییەوە بۆ قاوەیییەکەی تۆخ گۆرا.

بیرم لە کۆتاجار دەکردەوە کە لەگەڵ ژنەکەمدا خەوتم.

 لەبری بۆنی ترشاوی لەشی، بۆنێکی شیرین وغەریب لە ناوگەڵی ژنەکەمەوە دەهات. گوتم یان براندی سابوونەکەی گۆڕیوە، یان دەستی بەتاڵ بووە و چەند دڵۆپێک عەتری داوە لە ناوگەڵی. بەڵام تۆ بڵێی چەنێک لەمەوبەر ئەمەی کردبێت؟

ئێستا ئیتر شێوەی ژنەکەم  لە مرۆڤێکی ئاسایی نەدەچوو؛ ناتوانێت ببینێت و تەنانەت ناتوانێت سەرچڵەکانیشی بجووڵێنێت. بیلبیلەکانی چاوی کە شێوەیان بۆ دەنکە ترێی قەترانی ڕەش گۆڕابوو، وردە وردە لەنێو قەدە قاوەیییەکەیدا ون دەبوون. کاتێک دەچمە سەر باڵکۆنەکە، هەستێکی تەماویی کە هیچ زمانێک دەرەقەتی نایەت، دامدەگرێت؛ بۆ خولەکەێک هەست دەکەم هاوشێوەی تەزووی کارەبا، پرتەیەک لە لەشی ئەوەوە بۆهی من دێت. بەڵام لەگەڵ هەڵوەرینی ئەو گەڵایانەی ڕۆژانێک دەست و قژی ژنەکەم بوون و کرانەوەی ئەو لێوانەی بەیەکەوە چەسپی بوون و پاشان کەوتنە خوارەوەی مشتێک میوە لێوەی، ئیتر مینا بچڕانی تاڵێکی باریک ئەو هەستە بوونی نەما.

میوە بچووکەکانی ژنەکەم هاوشێوەی شەقبوونی دەمی هەنارێک لە دەمییەوە دەردەپەڕین؛ هەموویم لە مشتمدا کۆ کردەوە و لە بەردەم ئەو قەراغەدا دانیشتم کە باڵکۆنەکەی بە ژووری دانیشتنەکەوە دەبەستەوە. ئەوە یەکەم جار بوو میوەی لەو جۆرە ببینم، ڕەنگیان سەوزێکی زەردباو بوو. هاوشێوەی ئەو ناوکە گڵۆبەڕۆژانەی کە بەتەنیشت گەنمەشامییەوە بۆ مەزەی بیرە دادەنرێت، ڕەق بوون.

دەستم برد و یەکێکیانم خستە دەممەوە، توێکڵێکی نەرم و بێتام و بۆنی هەبوو. دواتر، دەستم کرد بە کرماندنی میوەی ئەو تاکە ژنەی لەم دنیایەدا شکم دەبرد. یەکەم جار تامی ترش بوو، تاڕادەیەک وەکوو تامی سووتاوی وابوو، دوای تۆزێک مانەوە لە بنی زمانمدا، تامەکەی تاڵ بوو.

ڕۆژی دواتر، یەک دەرزەن ئینجانەی خڕی بچووک بچووکم کڕی، پاشان پڕم کردن لە پەین و ناوکیی میوەکانیم تێدا چاندن. ئینجا هەموویانم بە ڕیز لە تەنیشت ئینجانەی ژنە وشکبووەکەم دانا و پەنجەرەکانم کردەوە. خۆمدا بەسەر محاجەرەکەدا و جگەرەیەکم داگیرساند. چێژم لە بۆنی ئەو گیا تازانە دەبینی کە لە کوزی ژنەکەمەوە سەریان دەردەهێنا. کزەبای پاییز خۆی لە دووکەڵی جگەرەکەم و قژە درێژەکەم ئاڵاند.

تۆ بڵێی ئەم بەهارە، ژنەکەم دووبارە چەکەرە بکات؟ تۆ بڵێ گوڵە سوورەکانی خونچە بگرنەوە؟ بەڕاستی نەمدەزانی.

 


[1] پیۆنگ یەکەیەکی پێوانەی کۆرییە  و بۆ پێوانی ڕووبەری زەوی و ماڵ بەکاردێت و هاوشێوەی یەکەی پێوانەیی مەتر چوارگۆشە. هەر پیۆنگێک 1 یەکسانە بە 1.33 مەتر چوارگۆشە، واتا  18 پیۆنگ یەکسانە بە 59.50 مەتر چوارگۆشە.

[2]چونگنانگ: ڕووباری چونگنانگ یەکێکە لە لقەکانی ڕووباڕی هان ڕیڤەر و دەکەوێتە سیئۆلی پایتەختی کۆریا باشوورەوە.

[3]تارۆ: ڕووەکێکیگەڵاپانیناوچەگەرمەکانەوڕەگەکەیدەخورێت.

[4]کاتاڵپا: ڕەگزێکە لە ڕەگەزەکانی درەختی گوڵی و سەر بە خێزانی بیگۆنیانە و لە ناوچەی گەرمدا دەڕوویت.

[5]جانەوەرێکی زۆر بچووکە و دەداتە ڕووەک. Aphids

[6]کەمیلیا: درەختێکی هەمیشە سەوزە و گەڵایەکی بریقەداری هەیە، گوڵەکانی سوور و سپین.