لەنێوان ئەم دێڕانەدا هەڵکورماوم

من باڵم پێدایت بفڕیت

بەنێو شینایی ئاسمانا بگمێنە و بڕۆ

ئەی کۆترە بورجیلەکەی تەنیاییی من


بفڕە و لەنێو قووڵاییی ئاسمانەوە

چاو داهێڵە و

بڕوانە پێدەشتەکانی غەریبی

کەروێشکەی کورتە گیاکانی، بە شنەی تاسە ببینە

سەیری دارستانە وریجەدارەکانی خەندە کە

پرچ و کەزیی دارەکانیان چەند عاشقانە

پێکدا چوونە و گشت ڕۆژانێ بای سپێدان

 خشەخش ئەیانلەخشێنێ

چاو ببڕە دەریا

بیزانە کە وەکوو عیشقی من شینە؟

عیشقی من بۆ تۆ و هەبوونت

قووڵ و ناکۆتا و پڕ شەپۆل


بدە لە شەقەی باڵ

هۆ تاقانە بورجیلەکەم

تۆ بفڕە و

پەڕ و باڵی من بۆ تۆ

لێگەڕێ من جێبمێنم

ئاسوودەمە

وەک تەیرێکی برینداری تەرە و ماندوو

لە بن گاشەبەردی شاخێ

پەنا ئەگرم

تۆ بفڕە و لەو ئاسمانەی سەردەمانێک پیا فڕیوم،

 چێژ وەرگرە

ئازادیی من با بۆ تۆ بێت

چش لەو ساتانەی کە ماومە و

بە دوو چاوی ئاوتێزاو و

دوو باڵی بێ پەڕوپۆوە

لە بن گاشەبەردی شاخێ

بە فڕینی تۆیە کە من

شاگەشکە و

تەرە و ماندوومە!


ببە ماسی

لە تەنکاوەکانی ڕۆخێ

مەلە بکە و پوولەکەکانت ئاڵتوونی،

پەرچبوونەوەی تاڵە تیشکەکانی هەتاو

با تریسکە و بریسکەیان بێ و شەوقێکیان لە شادمانی تێ بئاڵێ

جارجارە کۆچێ دوور بکە

بڕۆ قووڵاییی دەریاکان

لەوێندر جادووی تاریکی و

خنەخنی خەمێکی قووڵ چاو لێ بکە

مرواریی بوونێکی سەمەرە خڕکەرەوە

بە کلکی خۆت بە لەنجەولار تێر مەلەکە

پاش بزەیەک

هەوڵەق بڕوانە جیهانێک ناکۆتایە

جیهانی ئاو و قووڵاییی

من وەک دۆلفینە شێتەکان لە کەنارا

تا عەیامێک ئەمێنمەوە

تاکوو دوا هەناسەکانی خۆم

چاوم نەرم نەرم لێکئەنێم و

بە خەیاڵی گەشتەکانت و

لەنجەولار و مەلەکردنەکانی دەریات

ئەکوژێمەوە

لێرە ئازادی نۆبەیە

نە فڕینێکی دوو قۆڵی،

نە مەلەیەکی شانەوشان

نە مانەوەیەک پێکەوە لەژێر ساپیتەی خەندەدا


لێرە ئازادی چەترێکە

تەنیا کەسێک لە ژێریدا

جێگە ئەگرێ و

نازانم بۆچی یەکێکمان

ئەبێ هەردەم بخووسێت و

لەولاترەوە بڕوانێ

با چەترەکە هەر بۆ تۆ بێ

منیش ئاوەڕووت و لەرزیو

شاگەشکە لە تۆ ئەڕوانم

لێرە ئازادی نۆبەیە

لێرە ژیان بە نۆبەیە

٢٩/٤/٢٠٢٢

shad

سەرنجێک بنوسن