ئێستایەکی بنەچەدار

(دەربارەی ڕۆڵ و بەهای مێژوو لە خوێندنەوەی ئێستادا)


هەموو دیاردەکانی نێو دونیا، هەموو ئەو شتانەی کە هەن؛ هەموو ئەو وشانەی کە گۆیان دەکەین و ئەو کردارانەی کە ئەنجامیان دەدەین؛ واتا بە شێوەیەکی گشتی تەواوی هەبووەکانی نێو بوون بە جووڵەکانیانەوە، گەر بە وردییەوە سەرنجیان بدەین دەزانین خودان بنەچەیەکی دێرینتر و دەستپێکێکی زۆر دوورترن. ئەمە ئەوە پیشان دەدات کە بۆ تێگەیشتن لە هەر شتێک، پێویستمان بە گەڕانەوە هەیە بۆ مێژووەکەی. مێژوو دەتوانێت زۆر شتی لێڵ و گوماناویمان بۆ ڕوون بکاتەوە، هەروەک چۆن لە باریدایە زۆر شتی ڕوونیشمان بۆ لێڵ و تەماوی بکات، گەر نەچینە پەنایەوە. بۆیە زۆر جار کاتێک باس لە دیاردەیەک، کێشەیەک، بابەتێکی گرنگ دەکەین، کەموکوورتییە گەر تەنها بە ئێستایەوە بیبەستین و نەگەڕێینەوە بۆ بنەچەکەی. بنەچه ڕەگ و ڕیشە دێرینترەکەیەتی، ئەوەی کە لە شێوازە ڕەسەنەکەیدا نێو دەبرێت بە مێژوو.

ئایا مێژووی شتەکان لە ئێستای شتەکان گرنگترن؟ لە ڕاستیدا بە شێوەیەکی گشتی شتەکان وەک ئەوەی لە ئێستادا هەن بۆ ئێمە گرنگنترن نەک بنەچە دێرینترەکەیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ گەڕانەوە بۆ مێژوو؛ بێ ئاشنابوون بە بنەچەکان؛ ئەستەمە بتوانین شتەکان وەکوو ئەوەی کە هەن بناسین، ئەمەش بایەخی هەرە مەزنی مێژوو دەردەخات. بەڵام کامە مێژوو؟ کام سەرچاوەی مێژوویی دەتوانێت لەمەدا بە هانامانەوە بێت و بۆ تێگەیشتن لە دیاردە و شتەکان؛ بۆ تێگەیشتن لە هەموو ئەو بابەتانەی کە ڕۆژانە دەرگیریانین، دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت و بکرێتە شاڕێ؟ مرۆڤی نوێ بە بیانووی ئەوەی کە گوایە دەزانێت لە مێژوودا بڕێکی باشی درۆ وەک ڕاستی جێی بۆ کراوەتەوە، بۆیە بە پلارەوە دەربارەی بنەچە دەدوێت و چەمکی مێژوو هاوشانی چەمکی درۆ دەکات، کە نەک تەنها لەنێو خەڵکە عەوامەکەدا، بەڵکوو زۆر جار لە ناوەندە فیکری و ئەکادیمییە باڵاکانیشدا درک بە باڵادەستی ئەم دیدگایە دەکرێت، ئەمەشیان کردووە بە بیانوویەک تا لێیەوە دیاردە و شتەکان وەک بابەتێکی ئەمڕۆیی ببینن و دووری بخەنەوە لە بنەچە مێژوویییەکەی. وەک دەزانین سەرچاوەکانی مێژوو کە دەبنە بەڵگە و پاڵپشتی بۆ بەهێزبوون یاخود لاوازبوونی بۆچوونێک، زۆر و زەبەندن و هێندێکیان زارەکین و هێندێکیشیان نووسراو و تۆمارکراون، لەو نێوەندەشدا بۆ مێژووی زۆر دێرینتر بێگومان شوێنەوارەکان و بەڵگەنامەکان متمانەپێکراوترینن و مەراجیعە لە پێشترەکان بە بایەخترن. ئەوەی گرنگ و جێی تێبینییە ئەوەیە کە مادامەکێ لەنێو هەموو ئەو سەرچاوە زۆر و زەبەندانەدا هەمیشە بەڵگەیەک هەیە بۆ دۆزینەوەی بنەچە مێژوویییەکانی شتێک، بۆچی مرۆڤی ئەم سەردەمە لە هەوڵەکانیدا بۆ تێگەیشتن لە شتەکان و دونیای چواردەوری خۆی، تەنها پشت بە ئێستایەکی ڕەق و تەق دەبەستێت؟ بۆچی نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ بنەچەکان؟ ئایا بنەچە هێندە مەترسیدارە کە لێی هەڵبێین؟ با وەکوو ئەوەی باوە بڕێک لە درۆ لە بەڵگە مێژووییەکاندا وەک ڕاستی وێنا کرابێت، بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە بەڵگەی خۆقوتارکردن لە ڕیشە مێژوویییەکانی شتێک؟

ڕەنگە بەشێکی زۆری تێڕوانینە باو و هەڵەکان دەربارەی مێژوو، بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە مێژوو بە زانستی گێڕانەوە و تۆمارکردنی ڕووداو و بەسەرهاتەکان پێناسە کراوە. ڕاستە ئەم پێناسەیە هەڵەی تیا نییە و پێناسەیەکی دروستە، بەڵام هەڵەکە لەوەدایە کە ئەم پێناسە نوقستانە وەک پێناسەیەکی تەواو بێکێشە ناسێنراوە، نوقستان بەو مانایەی کە بەشێکی گەورەی لێ دابڕێنراوە و بەدیار نەخراوە و بە داپۆشراوی هێڵدراوەتەوە. مێژوو لەگەڵ ئەوەی کە زانستی گێڕانەوە و تۆمارکردنی ڕووداوە مێژوویییەکانە، زانستی وردبوونە و لێڕامان و شرۆڤەکاری و بەراوردکاریشە. هەر بۆ خۆی خودی فەلسەفەی مێژووش بە ئامانجی لێدان لەو هەڵە تێگەیشتنە باوە هاتە ئاراوە و پەیدا بوو، بۆ ئەوەی مێژوو لە گێڕانەوەی ڕووت ڕزگار بکات. کاتێک بەو مانا بەرفراوانە لە مێژوو تێگەیشتن، لێکچوون و ڕیشە مێژوویییەکان و بنەچەکان ئاسانتر دەناسینەوە، ئاسانتر دەتوانین لە هەقیقەتی شتەکان نزیک ببینەوە. دیارە سەختە دیاردەیەک، شتێک، ڕووداوێک ببەستینە پێشینەیەکی مێژوویییەوە و لە ڕێی گەیشتن بە ڕاستییەکی مێژوویییەوە لە ڕەهەندە جوداکانی ئێستای بکۆڵینەوە و ئاشنابین پێی، لێ ئەمە کارێکی مەحاڵ نییە و لە دەرئەنجامی کنە و پشکنینەکانمانەوە بە نێو مێژوودا، دەتوانین ئاسانتر بە ئێستایەکی ڕوونتر بگەین و زۆر کۆد و گرێی ئاڵۆزیشمان بۆ بکرێتەوە.

لە سەرەتاکانی پیشەی مێژوونووسیدا، تەنها ئەو بابەتانە دەنووسرانەوە؛ تەنها ئەو ڕووداوانە دەگێڕدرانەوە کە زۆرتر بابەت و ڕووداوگەلی زۆر زەقی سیاسی و ئایینی بوون. دواتر مێژوونووسی بوو بە کردەی نووسینەوەی ڕووداوە ڕۆژانەیییەکان و تۆمارکردنی هەرە گرنگەکانیان، ئەمە بەردەوام بوو تا گەیشتن بە مێژووی نوێ و هاوچەرخ، بە تایبەتی لە دوای گەشەسەندنی ڕوانینە نوێیەکان بۆ مێژوو، لە گەڵیشیدا سەرهەڵدانی فەلسەفەی مێژوو. لەمڕۆدا ئیدی هەموو ئەمانە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، مرۆڤ دەتوانێت هەموو شتەکان، چ گەورە و چ بچووک بگێڕێتەوە و بیکاتە بەشێک لە مێژووی نووسراو. بگرە چەندین بۆچوونی باڵادەستیش لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا پەیدا بوون کە بانگەشەی نووسینەوەی مێژووی تەواوی شتە بچووکەکانی نێو ژیان دەکەن، کە ئەمە لە ڕابردوودا بە تەواوی تەسلیمی ئەدەبیات و بە تایبەتتر ڕۆمان و چیرۆک کرا بوو، مێژوونووسیش بە ئیشی خۆی نەدەزانی. ئێستا ئیدی خودی مێژوونووسانیش لەوە گەیشتوون کە مێژوو دەتوانێت نەک تەنها وەبیرخەرەوە و پارێزەر و پەندئامێز بێت، بەڵکوو لە توانایدایە شرۆڤەکارێکی گەورە و گرنگ بێت بۆ لێکدانەوەی بابەتە هەنووکەیییەکانی ژیان. بە مانایەکی تر مێژوو لە هەر شتێک زیاتر پەیوەستە بە ئێستاوە و لە هەر بوارێکی دی زیاتر دەتوانێت هاریکار بێت لە گەیشتن بە هەقیقەتی ئێستای شتەکان.

بۆچی نەنگییە گەر تەنها ئێستای شتەکان ببینین و نەگەڕێینەوە بۆ بنەچە دێرینترەکانیان؟ وا دیاره یەکەمین مرۆڤێک کە مێژووی گێڕاوەتەوە و هەستی بە بایەخی مێژوو کردبێت، وەک شتێک کە گوێزەرەوەی هەقیقەتە، لەگەڵیدا درکی بەوەش کردبێت کە ئێستای شتەکان تەژییە لە ئاڵۆزییەکی سامناک؛ لێوڕێژە لە ناڕوونییەکی گەورە و تەبایە لەگەڵ فریودان و بەلاڕێدابردن، بۆیە ناچار بووە لە ڕێی گێڕانەوەی مێژووەوە بە دووی تەواوکاری ئێستادا بچێت. مێژوونووس بە سروشتی خۆی حەزی لە بنکۆڵکارییە؛ حەزی لە گەڕانەوەیە بۆ بنەچەکان. وەختێک ئێستایەک دەبینێت، دەزانێت و بەئاگایە لەوەی کە شتێکی شاراوەتر هەیە، ناکامڵییەک هەیە و پێویستی بە ڕۆچوونی زیاترە. وەک چۆن بۆ ناسینی بەروبوومی درەختێک ناچارین بگەڕێینەوە بۆ ڕەگی درەختەکە و تا دەگەینە تۆوەکەی لێی ورد دەبینەوە، ئاوهایش پێویستە بۆ ناسینی کێشەیەکی ئێستایی، بە دووی ڕەگ و ڕیشە دێرینترەکانیدا بڕۆین و بنەچەکەی بدۆزینەوە. ناکرێت ئاگاداری ئەوە نەبین کە هەموو شتێکی ئێستایی، بەرئەنجامی ڕابردوویەکی دوورترە، سەر بە ڕیشەیەکی قووڵتر و بەتەمەنترە.

ئێمە کە تەماشای دیاردەیەکی ئێستایی دەکەین، یەکەمین شتێک کە سەرنجمان ڕادەکێشێت “ئێستایی بوونەکەیەتی” واتا ئەوەی کە لە ئێستادا ڕوو دەدات و ئێمە لە نزیکەوە لەمسی دەکەین و مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. ئیدی لێرەوە سەرسامی ئێستایەک دەبین کە خۆی بۆ ئێمە ئاشکرا کردووە و لەو بڕوایەداین تازەیە، بەڵام داخۆ هەر لەبەر ئەوەی شتێک لە ئێستادا هەیە، دەبێتە بەڵگەیەک بۆ تازەبوونەکەی؟! بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئەمە، دەبێت جارێکی دی لە شتێک، دیاردەیەک، کێشەیەکی ئێستایی نزیک ببینەوە، بگەڕێینەوە بۆ بنەچە و ڕەگ و ڕیشە مێژوویییەکەی، ئەوکات بە سانایی سەرسامییەکەمان نامێنێت و دەگەینە ئەو باوەڕەی کە هیچ تازەبوونێکی تەواوەتی بوونی نییە و هەموو ئەوانەی کە هەن و دەبینرێن، بە شێوەیەک لە شێوەکان خاوەن پێشینەیەکی مێژوویین و پێیەکیان لەنێو مێژوودایە. ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ئێمە لایەنگری تیۆریای دووبارەبوونەوەی مێژوو بین، ئاخر ئەوە ڕوونە کە مێژوو دووبارە نابێتەوە، بەڵکوو ئەوە ڕووداوەکانن بنەچەدار و خاوەن پێشینەی دوورترن. هەر لەبەر ئەمەشە هاوشێوەبوونی نێوان دوو دیاردە، دوو کێشه، دوو ڕووداو بە واتای ئەوە نایەت کە مێژوو خۆی دووبارەکردووەتەوە، یان خەریکی خولانەوە بێت بە دەوری خۆیدا.

بە ئێستاییکردنی تەواوەتییانەی شتەکان، هۆکاری زۆر کێشەی گەورەی نێو کۆمەڵگە مرۆیییەکانی ئەم سەردەمەشە، کێشەگەلێک کە مرۆڤەکان بە قووڵی بەدەستییەوە دەناڵێنن و نائومێدانە لە چارەکردنی دەنۆڕن. گەر من وەکوو کوردێک لە مێژووی نەتەوەکەم و دیاردە و کێشە هەنووکەیییەکانی بنواڕم، زۆر ڕوونتر ئەوەم بۆ دەردەکەوێت گەلانی مینا گەلەکەی من، کە تا ئێستاش هیج حسابێکی ئەوتۆ بۆ بنەچەی کێشە و دیاردە و ڕووداوەکان ناکەن، چەندە گرفتاری دەستی ئەم بە ئێستاییکردنەی شتەکانن! زۆرێک لەو دیاردە و کێشە هەنووکەیییانەی کە ئێمەی کورد بە دەستییەوە دەناڵێنین، زۆر بە قووڵی ڕەگەکانیان بە مێژوودا ڕۆ چوون، لەبەر ئەوەی نەخوێندراونەتەوە و وەکوو ئەوەی کە دەبوو ببینرێن نەبینراون، بۆیە ناچار بووین بەردەوام و هەر جارەی بە شێوازێک و لە بەرگێکدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین و لە بەردەم ڕەوتی گەشەسەندنی ژیارییانەی خۆماندا، وەکو ئاستەنگێکی چارەنەکراو بیانبینین. تێگەیشتن لە بنەچەکان، بایی ئەوە هوشیاریمان دەداتێ مامەڵەیەکی شیاو و چارەئاسا لەگەڵ کێشە و دیاردە هەنووکەیییەکاندا بکەین، کە ئەو تێگەیشتنە نەبوو بێگومان مامەڵەکردنیشمان لەگەڵیاندا، مامەڵەیەکی نادروست و نەگونجاو دەبێت، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو لە هەندێک دۆخدا ئەو هەندە ڕوونییەی لە ئێستای شتەکانیشدا هەن، ئاڵۆزتر و تەماوییتر دەبن و هێندەی دی لە هەقیقەتەکانیان دوور دەکەوینەوە. بۆ ئەوەی ئەو تێگەیشتنە دروست ببێت، ناچارین دان بە بەهای مێژوودا بنێین، دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە مێژوو لە خوێندنەوەی ئێستادا چ بەهایەکی مەزنی هەیە. خۆشبەختە ئەو کۆمەڵگەیەی درکی بەوە کردبێت ئێستایەکی بنەچەداری هەیە و بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، لە ڕێی تێگەیشتنێکی تەواوەتییەوە بۆ ئێستا، پەرە بە ڕەوتی گەشەی ژیارییانەی خۆی بدات و بیباتە پێشێ. مێژوو بە تەنها بۆ ئەوە نەنووسراوەتەوە تا ڕابردوو لە فەوتان بپارێزێت، بەڵکوو بۆ ئەوەشە کە لە میانی هەوڵەکانمان بۆ تێگەیشتن لە دیاردە و کێشەکانی ئێستا، بە هانامانەوە بێت و یارمەتیمان بدات. بە واتایەکی دی مێژوو چەندە لە خزمەتی ڕابردوودایە، دوو هێندە لە خزمەتی ئێستا و داهاتووی مرۆڤدایە و دەتوانێت یارمەتیدەرێکی مەزن بێت بۆ گەیشتن بە زانینێکی بەرفراوانتر و گشتگیرتر دەربارەی هەقیقەتی شتەکان، لەگەڵ ئەوەشدا فێری ئەوەمان دەکات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دیاردە و ڕووداوانەشدا بکەین کە ڕۆژانە دەرگیریان دەبین و نازانین بە چ شێوازێک ڕووبەڕوویان ببینەوە.