شوناس و خەباتی نەتەوەییی کورد لە باکووری کوردستان:

فیلمی (زەر) وەک نموونە

پوختە:

سینەما ئامرازێکی کاریگەرە لە دونیای مۆدێرندا. کاریگەری لەسەر بینەران بەجێ دەهێڵێت، تەنها بۆ کات بەسەربردن و داهاتی بازرگانی نییە. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە شیکردنەوەی ناوەڕۆکی فیلمی (زەر)ـە. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ناسنامەی نەتەوەیی و خەباتی نەتەوەیی دژ بە کۆلۆنیالیزم لە باکووری کوردستان. بۆ کۆکردنەوەی داتا میتۆدی شیکردنەوەی ناوەڕۆک بەکار هاتووە. ئامرازی کۆکردنەوەی داتا بریتی بووە لە شیکردنەوەی نیشانەیییانە، ئەو وێنانە شیکردنەوەیان بۆ کراوە کە لە دیمەنەکانی فیلمەکەدان.

دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەخاتە ڕوو چەوسانەوەی کورد لەلایەن کۆلۆنیالیزمی تورک، لە ڕێگەی سیاسەتی پەرتکە-زاڵبە کاری لەسەر کراوە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ مانا بەدەستەوە دەدات. نیشانەکان ڕۆڵ دەگێڕن لە ئاماژەکردن بە سەرکوتی سیاسی، نەتەوەیی، کولتووری و کۆمەڵایەتی. بە سوودبینین لە سینەمای نەتەوەیی، دۆکیۆمێنتی و کەمینەکان توانراوە ڕوانگەیەکی دژە کۆلۆنیالیستیانە بەرهەم بێت. زیاتریش لە ڕێی ئەدەبیات و فۆلکلۆر و گۆرانی و داستانە کوردییەکان دەوڵەمەند کراوە. دەریدەخات بە هەموو شێوە کولتووری و سیاسییەکان شوناسی کورد سەرکوت دەکرێت. ئەوە خراوەتە ڕوو کە ڕەوتی سینەمای دژەفاشیزم لەو فیلمەشدا ڕەنگی داوەتەوە.

وشە کلیلییەکان: شوناس، سینەمای کورد، نیشانەناسی، کۆلۆنیالیزم، باکووری کوردستان.

پێشەکی

سینەما هەرچەندە تەمەنەکەی هێندە زۆر نییە بەراورد بە بوارەکانی دی هونەر، بەڵام توانیوویەتی هەموو بەشەکانی تری هونەریش لەخۆیدا کۆ بکاتەوە. سەرهەڵدانی سینەما لە وڵاتانی ئەوروپاوە لە سەدەی ١٩ سەری هەڵدا و بەپێی زەمەن گواسترایەوە بۆ هەموو جیهان. لەمڕۆدا بەشێکی زۆر لە وڵاتان خاوەن سینەمای تایبەت بە خۆیانن. دەرکەوتنی سینەمای کورد بۆ سەرەتای چارەگی دووەمی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە. هەرچەندە گەشەی سینەمای کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هاوشێوەی یەکدی نەبووە، بەڵام مۆرک و خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە.

لە سەرەتای هەشتاکانەوە سینەمای کورد لە باکووری کوردستان بە دەرکەوتنی یەڵماز گۆنای دەگەشێتەوە. گۆنای لەدوای خۆیەوە کاریگەری دادەنێتە شێوازی کارکردنی بەشێکی زۆر لە سینەماکارانی باکووری کوردستان. گۆنای نیشانی دەدات کە چۆن بتوانن سوود لە سینەمای دۆکیۆمینتی ببینن لە وێناکردنی ناڕاستەوخۆی کۆلۆنیالیزم و ستەمەکانی.

لەم توێژینەوەیە هەوڵ دراوە سێ تیۆری لەبارەی کۆلۆنیالیزم، نیشانەناسیی سینەما و سینەمای فاشیزم بخرێتە ڕوو. تیۆرییەکان لە پەیوەندی بە چەوساندنەوەی گەلی کورد و شێوازەکانی بەرەنگاری شی کراونەتەوە. هەریەک لە تیۆرییەکان لەگەڵ شێوازی کارکردن و دەرخستنی ئاماژەکان لە فیلمەکەدا تاووتوێ کراوە. لە ڕێگەی شیکردنەوەی وێنە و هێما و گوزارەکانی نێو فیلمەکەوە، هەوڵ دراوە گرنگی سینەمای کورد نیشان بدرێ بە سوود بینین لە ئەدەبیات و فۆلکلۆری کوردی. هەروەها ئەو لایەنە دەربخات چۆن شوناسی کورد لە فیلمێکدا دەردەکەوێت و چەندپارچەییی ئەو شوناسە، گرفت و کێشەکانی بە شێوەیەکی نیشانەیی خراوەنەتە ڕوو.

فیلمی “زەر” دەرهێنانی کازم ئۆز، ٢٠١٧

ئامانجی توێژینەوە:

هەر توێژینەوەیەک بە مەبەستێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کار لەسەر نیشاندانی خەباتی نەتەوەییی کورد بکات لە باکووری کوردستان و ئەو چەوساندنەوەی کورد دووچاری کراوە لەلایەن دەوڵەتی سەرکوتکار. هەوڵ دراوە باس لە ڕەوشی سیاسیی کورد و خەباتی نەتەوەیی بکرێت لەو پارچەیەدا. هەروەها لە ڕێی فیلمێکەوە دەمانەوێ شیکردنەوە بۆ ئەو زەبروزەنگە بکەین کە لەوێدا دەوڵەت بەسەر کوردەکانی سەپاندووە.

کێشە و پرسیاری توێژینەوە:

خەباتی سەربەخۆیی، بە مانایەکی دی پرسە سیاسییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی چەند بواری دیکەشن. بۆ تێگەیشتن لە شێوەی بەرگریکردنی گەلێک یاخود بۆ تێگەیشتن لە بنەما و سیستەمی سیاسی چەوسێنەری هەر وڵاتێک، ڕەنگە هەر ئەوە بەس نەبێت چاو ببڕینە پێکهاتەی دەسەڵاتەکەی، یاخود کۆی هێزی بەرگریکار لە بەرانبەر چەوسێنەردا. بەڵکوو ئەو لایەنانەی تریش لەبەرچاو بگرین کە پرسی سیاسیی خۆی لێیان پەخش دەکاتەوە. لەوانە: مێژوو، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئەو بوارەی دەمانەوێ پرسی سیاسی تێدا لەبەرچاو بگرین سینەمایە.

سینەما کاریگەری دادەنێت لەسەر پانتایییەکانی کولتوور، سیاسەت، دەروون، نەتەوایەتی. دەکرێ بڵێین سینەما هەر وێنەیەکی جووڵاوی ڕاگوزەر نییە بینەر بە دیاریەوە کات بەسەر ببات، دەکرێ سینەما لە ڕووی سیاسییەوە ئامرازێک بێت بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر لایەنێک و گروپێکدا. ڕەنگە بە هەمان شێوە لایەنی سەرکوتکراویش گەر بواری بۆ بڕەخسێت، دیوەکانی چەوساندنەوەی خۆی نیشان بدات. ئەمەش وابەستەی پرسێکمان دەکات کە پرسی ناسنامەی نەتەوەیییە لە سینەمادا.

کورد نەیتوانیووە وەک دەوڵەتی مۆدێرن حوکمڕانی بکات، دووچاری تاوانی مرۆیی بووەتەوە. کولتوورەکەی دووچاری زەبروزەنگ بووەتەوە و مەترسی لەناوچوونی هەبووە لە جلوبەرگ، تا دەگات بە زمان و ئەدەبیاتەکەی. جیا لەمانەش سینەمایە. لە سەرێکەوە نەهێڵدراوە کورد بەئاسانی دەستی پێی بگات، یا گەر بەرهەمیشی هەبووبێت سەرکوت کراوە. دەستڕاگەیشتنی کورد بە سینەما لەڕووی پڕبەرهەمی نوێیە، ڕەنگە وەک تاقانە، بەرهەمی کۆنمان هەبێت. مەبەست لە دەستڕاگەیشتن سینەما وەک پڕۆژەیەکی کولتووری، سیاسی، ڕۆشنبیری لە بەردەستی کورد نەبووە، تا سوودی لێ ببینێت. لە بەرهەمی سینەماییی وڵاتان گەر نیشان درابێت بە مەبەست بووە.

بۆ تێگەیشتن لە ناسنامەی کورد دەبێ بۆ ئەو بەرهەمانە بگەڕێینەوە کە خۆی بەرهەمی هێناون. لەم توێژینەوەیە هەوڵ دراوە دەرکەوتن و نیشاندانی ناسنامەی نەتەوەییی کورد لە بەرهەمێکی سینەماییی کوردی لە باکووری کوردستان شی بکرێتەوە و لە چوارچێوەی چەند تیۆرییەک ڕاڤەی دیمەن، و مانا و گوزارە سیاسی و نەتەوەیییەکانی فیلمەکە بکرێت. کەواتە لەم توێژینەوەیەدا دەمانەوێ بگەینە وەڵامی ئەم پرسیارە: پەیوەندی نێوان شوناس و خەباتی نەتەوەیی لە فیلمی زەر چۆن دەردەکەوێت؟

چۆن نیشانە و هێما لە بەخشینی مانای سەرکوتکردن و خەبات ڕۆڵ دەگێڕن لە فیلمی زەر؟

گرنگیی توێژینەوە:

ئەم توێژینەوەیە پەیوەندی نێوان ناسنامەی کورد و سینەمای کورد دەردەخات. لەو ڕووەوە کە سینەمای کورد تا ڕادەیەک زۆر نوێیە، ڕەخنە و شیکردنەوەی بەرهەمە سینەمایییەکانیش زۆر کەمە. بەهۆی سیستەمی سیاسی و سانسۆر لە باکووری کوردستان، ڕەنگە بوار کەم بووبێت دەربارەی ئەو بەرهەمانە بنووسرێت. ئەم توێژینەوە لە چوارچێوەی بواری کۆمەڵناسی سینەما بە بابەتێکی تازە دادەنرێت بۆ کتێبخانەی کوردی و دەکرێ لە داهاتوودا زیاتر سوودی لێ ببینرێت.

میتۆدۆلۆژی:

ئامانجی ئەم توێژینەوەیە شیکردنەوەی شوناسی کوردە لە فیلمێکدا. میتۆدی شیکردنەوەی ناوەڕۆک بەکار هاتووە، شێوازێک و ئامرازێکی توێژینەوەی زانستییە، ناوەڕۆکی میدیای بینراو شی دەکاتەوە. لە دووتوێی بابەتەکان دەکۆڵێتەوە، دەکرێ وێنە، گۆرانی، دۆکیۆمێنت و دەقی ئەدەبی یاخود دیمەنی میدیا و ڕاگەیاندنی بینراو بن. ئەو پەیامانەی پەخش دەکرێ باکگراوندە هزری، ئایینی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکەی شی دەکاتەوە. میتۆدێکە لە شیکردنەوەی پەیامی فیلم گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە دەرەوەی پەیوەندی گرێدراو بە مرۆڤەکانەوە ڕووبەڕوو دەتوانێ شیکردنەوە بۆ ڕەفتاری تاکەکان و دیاردەکان بکات لە کۆمەڵگەدا. شیکردنەوەی ناوەڕۆک یارمەتی توێژەر دەدات لە شیکردنەوە و خوێندندەوەی بابەتی توێژینەوەکە. یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە لە شیکردنەوەی فیلمە سینەمایییەکان دەتوانێت هەڵسەنگاندنی وێنەی هەر کۆمەڵگەیەک لای کۆمەڵگەیەکی تر بکات. بەم شێوەیە ئەم میتۆدە ئاشنامان دەکات بە گوتاری زاڵکراوی لایەنێک بەسەر لایەنێکی تردا(ئەبراش، ٢٠١٣: ٣٠٦-٣١٦).

ئەم میتۆدە هەڵبژێردراوە، چونکە توێژەر بۆی گرنگە بزانێ ئاخۆ چ پەیامێک لە پشتەوەی فیلمەکەدا هەیە. ئەم میتۆدە بەکار هاتووە، چونکە داتای کۆکراوە بۆ شیکردنەوە بریتییە لە فیلم. بەم میتۆدە دەتوانرێ باشتر دیاردە و نیشانە مەبەستدارەکان کە وەک پەیامێک ئاڕاستە کراون شی بکرێتەوە.

نموونە هەڕەمەکی و نموونە ناهەڕەمەکییەکان دوو جۆری سەرەکیی نموونەن. لەم توێژینەوەیە نموونەی وەرگیراو، بریتییە لە نموونەی مەبەستدار کە جۆرێک نموونەی ناهەڕەمەکییە. ئەم نموونەیە بەکار هێنراوە، چونکە بە لای توێژەر بەشێک لە دیمەنەکانی فیلمەکە کۆددارن و مانای پەنهانیان هەیە نەک هەموو دیمەنەکان. ئەمەش پەیوەستە بە ئەزموونی توێژەر لەو بوارەدا و بەپێی چەند پێوەرێکی لۆژیکی ئەم دیمەنانە هەڵبژێردراون. دیمەنە گرینگەکان سکرین کراون و بە شێوەی دۆکیۆمێنت بەش بەش کراون. لە تەواوی فیلمەکە بەشێک لە دیمەنەکان وەرگیراون کە زۆرترین سوود دەگەیەنن بە توێژینەوەکە(بۆکانی، ٢٠٢٠: ١٢٨).

لەم توێژینەوەیەدا کۆمەڵگەی توێژینەوە بریتییە لە چەند دیمەنێکی فیلمەکە. ئەم چەند دیمەنە هەڵبژاردوون، چونکە زۆرترین سوود دەگەیەنن بەو دەرئەنجامەی کە توێژەر دەیەوێ پێی بگات. ئەو دیمەنانە وەک دیارە بە شێوەی نیشانە دەردەکەون و ڕوون نین، بۆ توێژەر جێی شیکردنەوەیە و پێک بەستانەوەیەکی باشی هەیە لەگەڵ ئامانجەکانی توێژینەوە. تەنها فیلمێک هەڵبژێرداوە و شیکردنەوەی بۆ کراوە. زانیاریی کۆکراوە و وەدەستهاتووش بریتییە لەو دیمەنانەی کە لە فیلمەکدا دەردەکەون. توێژەر دوای چەند جارێک سەیرکردنی فیلمەکە و وردبوونەوەی قووڵ، ئەو دیمەنانەی بەلایەوە بایەخدارن جیای کردوونەتەوە، جا دیمەنەکان دەکرێ دیالۆگ، وێنە، گۆرانی و چەندانی دیکە بن(بۆکانی، ٢٠٢٠: ٨٦-٨٧). نموونە وەرگیراوەکان لەم فیلمەدا بریتین لە (٢١) دیمەن.

دوای لێوردبوونەوە لە بایەخی هەر دیمەنێک، لەم توێژیەوەیە میتۆدی خوێندنەوەی نیشانەیییانە Semiotic Analysis بەکار هێنراوە بۆ شیکردنەوەی داتای کۆکراوە(بۆکانی، ٢٠٢٠: ٨٥). ئەم میتۆدە بریتییە لە خوێندنەوە و شیکردنەوەی نیشانە، دەلالەت، جیاوازی و هێما و واتا و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دیمەنەی دەردەکەوێت و ئەو مانایەی دروستی دەکات. توێژەر دەچێتە قووڵاییی بابەتەکەوە تا بە لۆژیکییانە ئەوە بخاتە ڕوو کە چ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا هەیە. شیکاری نیشانەناسییانە پەیوەندییەکی فرەمانایی بۆ ئەو وێنانە دەکات کە لە دیمەنی سەرەتاییدا بە جۆرێک دەردەکەون و دەکرێ ماناکانیان شتی تریش بێت(Marvasti, 2003: 74-75).

بەشی یەکەم: چەمکەکان و چوارچێوەی تیۆری

تەوەری یەکەم: چەمکەکان

شوناس و شوناسی نەتەوەیی Identity and National Identity

شوناس یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆز و جێ مشتومڕەکان. لە زمانی ئینگلیزیدا لە بەرانبەر وشەی (identity) بەکار هاتووە. وشەی شوناس لە دوو مانای جیاواز و دژبەیەکدا دەردەکەوێت، لە لایەکەوە جەختکردنەوەیە لەسەر جیاوازی، لە لایەکی ترەوە گوزارشتێکە لە وەک یەکدی بوون لەنێو گروپدا. شوناس بریتییە لەو کۆمەڵە تایبەتمەندییە تاکی و کۆمەڵییەی کە جیاواز و سەربەخۆ دەردەکەوێت لە ئاستێکی بەراوردکاری بەوانی تر و بەردەوام لە گۆڕاندایە.

شیکردنەوەی شوناس وەک پرسێکی تاکییەتی یا کۆمەڵی، شرۆڤەی زۆری بۆ کراوە. شوناس پڕۆسەیەکە بۆ خۆناسینی تاک لە کۆمەڵدا، شتێکی مێژوویی و پێشبینیکراوە و بنەماسازی بۆ دەکرێت. جەختکردنەوە لێی، بەردەوام جیاوازییەکان نیشان دەدات و قووڵی دەکاتەوە. لە هەر شوێنێکیش جیاوازی هەبێت، مانا دەبەخشرێ و ناکۆکی دێتە کایەوە(گوڵمحەمەدی، ٢٠٠٧: ٢٢١-٢٢٤). کۆمەڵە خەڵکێک لە چوارچێوەی خاکێکی دیاریکراو دەژین، دەبنە خاوەنی شوناسێکی گەورەتر لە شوناسی گروپ کە شوناسی نەتەوەییە. بریتییە لە ئینتیما و بایەخدان بە کۆمەڵێک بنەمای هاوبەش لە چوارچێوەی وڵاتێک یاخود خاکێکدا، ئەم خەسڵەتانە دواجار دەبێتە ڕەنگدانەوەیەکی کولتووری لەسەر کۆی لایەنەکانی ژیان. شوناسی نەتەوەیی بەشداری دەکات لە تێگەیشتنی نەتەوە بۆ خۆناسین و درککردن بە جیاوازبوون لە نەتەوەکانی دی.

بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی ڕەهەندی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری هەیە. ئەم چەمکە لەدوای (پەیمانی وێستافلیا)وە زێدەتر گەشەی سەندووە. خەسڵەتێکی سەرەکی بووە لە بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن. شوناسی خێڵ و ناوچەیی تێدەپەڕێنێت. پێویستی بە ئەزموونی بەکۆمەڵ و کۆیادەوەری نەتەوەیی هەیە. لەمیانەی پڕۆسە مێژوویییەکاندا بۆ گروپەکە کەڵەکە بووە، بەهۆی ئەدەب و کولتوورەوە شێوە دەگرێ. کەواتە مەرجی هەبوونی ناسیۆنالیزمە(وانج، ٢٠١٤: ٢٢١-٢٢٦/سەیدی، ٢٠١٩: ماڵپەڕی پەیسەر).

توانەوە و ئاوێتەبوونی کولتووری Cultural Assimilation and Integration

توانەوەی کولتووری ئاماژەیە بۆ هەڵوەشانەوەی بنەما ناسێنەرەکانی شوناسی کەسێک، کەمینەیەک یا نەتەوەیەک. بە فشار و هەندێ جاریش خۆڕسکانە ڕوو دەدات. کاتێ تاک لە ژینگەیەکەوە دەچێتە ژینگەیەکی تر، یاخود لەو ژینگەیەی تێیدا لەدایک دەبێت، دەخرێتە بەر جێبەجێکردنی کۆمەڵێک نۆرم و ڕێسا زۆر جاریش یاسا. توانەوەی کولتووری دەکرێ لە نێوخۆی وڵاتێکدا بوونی هەبێت، زیاتر لەنێو ئەو وڵاتانە کە وڵاتی فرە نەتەوەن. کاتێ نەتەوەی سەردەست یاخود لایەنی دەسەڵاتدار زمان، جلوبەرگ، پەروەردە، ئایین و کۆمەڵێک بیروباوەڕی خۆی بەسەر هەموو وڵاتدا دەسەپێنێ، ئەوا کەمینەکان جا ئایینی، زمانی، ڕەگەزی هەر جۆرێک بن تووشی توانەوەی بەهاکانیان دەبن.

ئاوێتەبوونی کولتووریش چەمکێکی تری کۆمەڵناسانەیە. تاک لە کولتوورێکی دیاریکراودا سەرباری هەبوونی وردە کولتووری ناوچەیی، ناچارە پابەند بێت بە کۆمەڵێ ڕێسای گشتی. ئەوەی ئاوێتەبوون و توانەوە لە یەکدی جیا دەکاتەوە، لە زۆربەی باردا توانەوەی کولتووری بەهۆی فشاری توندی دەسەڵاتە، بەڵام ئاوێتەبوون زیاتر بەهۆی هێزی نەرم و پەروەردە و زمان و کولتوورەوەیە کە نەتەوەی زاڵ کولتووری خۆی زیاتر دەسەپێنێت (گوڵمحەمەدی، ٢٠٠٧: ١٢٧-١٢٩).

کولتوور چەند هۆکاری خۆناسینە، هێندەش هۆکاری خۆجیاکردنەوەیە. بەشێکە لە پێناسەیەک بۆ کۆمەڵ، ئەوە سیستەمە کولتووری و بەها کولتوورییەکانن جیاوازی دادەنێن لەنێوان من و ئەویدی. بەرزنرخاندن و ستایشکردنی هەر کولتوورێکیش، نیشانەی کەمتر نیشاندانی کولتوورێکی دیکەیە. زۆرینەی کێشە سیاسییەکان هەر کێشەی سیاسی نین، بەڵکوو کێشەی کولتووری قووڵیان لە پشتەوەیە. کورد نەتەوەیەکی کولتوورییە و توانیویەتی کولتووری خۆی بپارێزێت، بۆیەش بوونی کورد هەر لەڕێی کولتوورەکەیەوە ماوەتەوە و پارچەبوونی کوردستانیش پارچەبوونی ئەو کولتوورەیە.

کولتووری کوردی لە هەر بەشێکی کوردستان چەندە کەوتە ژێر کاریگەری کولتوورەکانی ئەم وڵاتەوە، هێندەش کاریگەری لەسەر کولتووری کوردی وەک یەکدەستیی کولتووری هەیە لە هەر چوار پارچە(سابیر، ٢٠٠٨: ٣٧-٣٩). لە کوردستانی باکوور کولتووری کوردی بە هەموو بەشە پێکهێنەرەکانییەوە لەژێر فشاری دەوڵەت لە توانەوە و ئاوێتەبوونێکی قووڵدایە، هەر بۆیەش دەکرێ هەر لەڕێی بەشە پێکهێنەرەکانی کولتوورەوە کوردبوونی خۆی بسەلمێنێت.

سینەما و سینەمای نەتەوەیی Cinema and National Cinema

سینەما هونەری حەوتەمە، لە دوای شانۆ، میوزیک، سەما، نیگارکێشی، پەیکەرسازی و بیناسازی و هەمووانی لەخۆ گرتووە. وشەیەکی یۆنانییە بە مانای جووڵە دێت. وەک زاراوەوە واتا کۆمەڵێک وێنە کە بەدوای یەکدا دێن و مەبەستێک دەگەیەنن(نەزەری، ٢٠١٧: ٥). فیلمەکەی برایانی لۆمێر لە فەڕەنساکە ساڵی ١٨٩٥ بەرهەم هاتووە، بە یەکەمین بەرهەمی سینەمایی دادەنرێت. لە ئەمریکا ساڵی ١٩٠٥ یەکەمین هۆڵی نمایش کراوەتەوە. لە ١٩١٠ بەولاوە کۆمپانیاکانی دروستکردنی فیلم دروست بوونە(گرکانی، ٢٠٠٢: ٨-٩).

سینەما ئامرازێکی هونەرییە بۆ نیشاندانی دیاردە و ڕووداوە مێژوویییەکان و کولتوورەکان. لەمڕۆدا دیاردەیەکی شارستانییە و لە جیهاندا بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت. بینەران لەڕێی ئەم شاشەیەوە پەیام، زانیاری، وێنە و جووڵە دەبینن و هەریەکەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان تێی دەگات(عوسمان، ٢٠١٠: ٥-٧). سینەما لەپێناو ئامانجێکی دیاردا کار ناکات. ئەمەش وا دەکات چەندین جۆری سینەمامان هەبێت، مێژوویی، داستانی، کولتووری، دۆکیۆمنتی، نەتەوەیی و چەندین جۆری تریش.

سینەمای نەتەوەیی لە بنەڕەتدا ژانرێک نییە. زیاتر دەکرێ بە سیاسەتی سینەمای نەتەوەیی ناوی ببرێت، واتە هەوڵ بدرێت لە چوارچێوەی فیلمدا پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی نەتەوە لەمەڕ کولتوور و پرسی نیشتیمانیدا ببرێتە سەر شاشە. هەروەک چۆن لە ڕوانگەی بیندێکت ئەندرسۆنەوە دەوڵەت کۆمەڵگەیەکی خەیاڵییە کە هەستی شوناس و گرێدراوی و پابەندی دەبەخشێتە تاکەکان. ئەمەش لەڕیگەی بڵاوکراوەکانەوە دەبێت، بە تایبەت ئەدەبیات وادەکات سنوورێکی دیاریکراو لەمەڕ مێژوو، خاک، یادەوەری لای تاکەکان سازببێ لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا.

سینەمای نەتەوەیی زیاتر لە وڵاتانی دیکتاتۆری سوودی لێ بینراوە. ئەڵمانیای سەردەمی نازی، سۆڤیەتی سەردەمی ستالین. بەڵام دەکرێ سینەمای نەتەوەیی ئامرازێکی نەتەوە ژێردەستەکانیش بێ بۆ داڕشتنەوەی شوناس، مێژوو، کولتوور و خاکەکەیان

سینەمای نەتەوەیی زیاتر لە وڵاتانی دیکتاتۆری سوودی لێ بینراوە. ئەڵمانیای سەردەمی نازی، سۆڤیەتی سەردەمی ستالین. بەڵام دەکرێ سینەمای نەتەوەیی ئامرازێکی نەتەوە ژێردەستەکانیش بێ بۆ داڕشتنەوەی شوناس، مێژوو، کولتوور و خاکەکەیان. وەک گوتمان لای بیندێکت ئەندرسۆن گەشەی چاپ ئامرازێک بووە لە سوودگەیاندن بە ڕەوتی ناسیۆنالیزم. ڕۆژنامە و ڕۆمان هەستی نەتەوەیی لای هەمووان دروست دەکەن، کەواتە سینەماش دەتوانێ ئەم ڕۆڵە ببینێ بۆیە شوناسی نەتەوەیی و سینەمای نەتەوەیی پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە(یوسفی، ٢٠١٧: ماڵپەڕی ڕووداو).

تەوەری دووەم: کورتەیەکی مێژوویی لەبارەی سینەمای کورد

فیلمەکانی هامۆبێک نازاریان سەرەتای سینەمای کوردە، چونکە باس لە کورد دەکات و ناسراوترینیان فیلمی (زارا)یە کە ساڵی ١٩٢٦ بەرهەمی هێناوە لە ئەرمەنستان. لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٣-١٩٦٧ چەندین فیلم لەلایەن دەرهێنەرانی بیانی سەبارەت بە کورد بەرهەم هات، بەڵام ئەم بەرهەمانە بە شێوەیەکی خراپ کوردیان نیشان دەدا. فیلمەکانی یەڵماز گۆنای لە باکووری کوردستان توانی هەنگاوێکی گەورە بۆ پێکهێنانی ڕوانگەیەکی نوێی سینەمایی دابمەزرێنێ لە سەرەتای هەشتاکان، چونکە دەستپێکی نیشاندانی کورد بوو لە سینەمادا لایەن کورد خۆیەوە.

لە باشووری کوردستان ساڵی ١٩٨٩ بەرهەمهێنانی فیلمی (مەم و زین) دەستی پێ کرد. دواتر لە ١٩٩٠ فیلمی (نێرگز بووکی کوردستان)ی جەعفەر عەلی بەرهەم هات. لە هەموویان گرینگتر فیلمی (گۆرانییەک بۆ بەکۆ)ی نیزامەدین ئاریچ  بوو کە بە کردەوە زمانی کوردی تێدا بەکار هات لە ١٩٩٣. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٩٩٩ فیلمی (ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان)ی بەهمەن قوبادی بەرهەم هات. بەم شێوەیە لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە سینەمای کورد توانی بکەوێتە سەرپێی خۆی و شێوە بگرێ. (حسێن، ٢٠١٤: ٩-١٠/سینا، ٢٠٢٠: ماڵپەڕی خاک).

کەواتە سێ قۆناغمان هەن. قۆناغی یەکەم: ئەو فیلمانەی لەبارەی کوردەوە دروست کراون و زیاتر وێنایەکی خراپی کورد نیشان دەدەن. قۆناغی دووەم: ئەو فیلمانەی کورد بەرهەمی هێناون و چیرۆکی کوردین، وەک فیلمەکانی یەڵماز گۆنای بەڵام زمان بیانییە. قۆناغی سێیەم: دەرهێنەر و ئەکتەر و چیرۆک و زمانی فیلم و سەرجەم ڕەگەزەکان کوردییە(محەمەد، ٢٠٢٠: ماڵپەڕی پەیسەر).

بەرهەمەکانی یەڵماز گۆنای لەو کە جۆرانەن شوێندانەربوون لەسەر سینەماکاران کار لەسەر سینەمای دۆکیۆمێنتی بکەن. وەک چەکێکی شارستانی دەکرێ سوودێکی زۆری لێ ببینرێ لە خەباتی نەتەوەیی(عارف، ٢٠٠٧: ١٦-١٩/مەحمود، ٢٠١٥: ٤٤-٤٥). دەبینین زۆر لە فیلمە کوردییەکان لە دوای گۆنایەوە، لەژێر کاریگەریی پرسە نەتەوەیییەکان و سینەمای دۆکیۆمێنتی بەدەر نەبوونە.

تەوەری سێیەم: چوارچێوەی تیۆری

دژە کۆلۆنیالیزم

تیۆرییەکانی دژە کۆلۆنیالیزم سەبارەت بە مەسەلەی خەباتی نەتەوە ژێردەستەکان دژ بە وڵاتانی کۆلۆنیکارن. شێواز و هۆکارەکانی دەستەمۆکردنی نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو خراوەتە ڕوو، بەشی زۆریان ڕەهەندی دەروونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری بە توندی لەبەرچاو دەگرن. ڕابەرانی پێک دێن لە ئالبێر میمی کتێبی (ڕوخساری داگیرکار ڕوخساری داگیرکراو) پێی وایە نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو سووکایەتی بە کولتوور و مێژووی دەکرێت. فرانز فانوونکتێبی (پێستی ڕەش دەمامکە سپییەکان، دۆزەخییەکانی سەر زەوی) بەکۆلۆنیکراو لەڕووی دەروونییەوە خۆی پێ کەمە و خۆی بە کولتووری نەتەوەی کۆلۆنیکار هەڵدەواسێ(ئاشکرۆفت، گریفیس، تیفین، ٢٠١٩: ٣٦٣-٣٦٥).

ئیسماعیل بێشکچی نووسەر و کۆمەڵناسێکی تورکە، ساڵی ١٩٣٩ لەو وڵاتە لەدایک بووە. ماوەی ١٧ ساڵ بەهۆی پشتگیریکردنی دۆزی کورد لە تورکیا لە زینداندا بووە و چەندین کتێبیشی هەر سەبارەت بە دۆزی کورد لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و کۆلۆنیالیزم نووسیوە. بێشکچی ئەندامی فەخری دامەزراوەی (PEN)ـە. کاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بووە.

لە کتێبەکەیدا (کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی) ١٩٩١ پێی وایە کۆلۆنیالیزمی تورک جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی نێوەخۆیی، وەک ئەوە نییە وڵاتێک لە جوگرافیای دوورەوە بچێ وڵاتێکی تر داگیر بکات. دەوڵەتی تورک لەڕێگەی سیاسەتی پەرتکە-زاڵبە توانیویەتی دەسەڵاتی بەسەر گەلی کورددا بسەپێنێت. سیاسەتێک وا دەکات نەتەوەی ژێردەست بێ ناسنامە و زمان و کولتوور بێت. ناکۆکی دروست دەکەن لەنێو نەتەوەی ژێردەسەت. ئەم سیاسەتە هزری نەتەوەیی لەناو دەبات، دوژمنایەتییەکی قووڵ لەنێوان کوردەکان لە هەر چوار پارچە دروست دەکات(بێشکچی، ٢٠٠٢: ٢٠٨-٢١٢).

وڵاتانی دی نکوڵی لە کورد ناکەن بەڵکوو لەسەر مەسەلە سیاسییەکان ناکۆکیان هەیە، تورکیا نکوڵی لە کورد دەکات. بەپێی فەرهەنگی زمانی تورکی ساڵی ١٩٣٦، کورد ناوی کۆمەڵەیەکە لەو تورکانەی زۆربەیان زمانی خۆیان گۆڕیوە و بە فارسییەکی شکاو قسە دەکەن کە لە تورکیا و عێڕاق و ئێراندان. چاپی شەشەمی هەمان فەرهەنگ ١٩٧٤ بەم شێوە باس لە کورد دەکات: کۆمەڵە کەسێک کە بە ڕەگەز تورکن، زمانیان گۆڕیوە. (بێشکچی، ٢٠٠٠: ٢٠٧-٢٠٩). ئەمە یەکێکە لە ئەنجامەکانی بە کۆلۆنیکردنی کوردستان. ڕاستییەکی زانستی تێدا نییە کورد وەک تورکە شاخاوییەکان دەناسێندرێ.

لە ڕوانگەی بێشکچی لەناوبردنی کولتووری کوردی یەکێکە لە سیاسەتە ئایدۆلۆژییە سەرەکییەکانی تورک. دەوڵەت لەڕێگەی کۆمەڵێ پسپۆڕی میوزیک و ئەدەبەوە گۆرانییەکان وەردەگێڕێتە سەر زمانی تورکی و دواتر لە ڕێگەی چەند گۆرانیبێژێکی کوردەوە هەمان گۆرانی بە تورکی دەگوترێنەوە. ئەمەش کۆلۆنیالزمی ئەدەبی و کولتوورییە(بێشکچی، ٢٠٠٢: ٢٣٥-٢٣٧). ئەم بابەتە بۆ سینەماش ڕاستە. تورکیا لەڕێی فیلم و دراماکانەوە، لەڕێ دەرهێنەر و ئەکتەری خودی کوردەوە، دەیەوێ وێنایەکی ناشیرین لە کورد نیشان بدات.

نیشانەناسی

پێکهاتەباوەڕی قوتابخانەیەکی فیکرییە. لە فەڕەنسای شەستەکان لەلایەن فێردیناند دوسۆسۆرەوە دامەزرا. هەوڵ و ڕانان و میتۆدێکی نوێ بوو لە زانستی مرۆڤایەتی. سۆسۆر لە (کۆرسێک لە زمانەوانی گشتی) ١٩١٦ زمانی وەک سیستەمێک لە ئاماژەکان ناساندووە. لەو مانایەدا کە بچووکترین یەکەی زمان، واتە وشەلە پێکهاتەیەکی دیارکراودایە کە مانا دەبەخشێت. ئەم وشەیە لە ڕەوتی مێژوویدا گرنگ نییە، بەڵکوو لە ڕەوتی ئێستایدا گرنگی هەیە. وشە دالێکە کە هەڵگری مانایەکە پێی دەوترێ مەدلوول، پەیوەندییەکەیشیان خۆڕسکە. بەگشتی پێکهاتەباوەڕی گرنگی بەو ئاماژانە دەدات کە لە شتەکانەوە دەکەونەوە، یاخود شتەکان لە پاشخانی خۆیاندا لە پێکهاتەدا هەڵگری مانان نەک ئەوەی کە خۆیان مانادار بن(ئیگڵتن، ٢٠١٦: ٢٢١-٢٢٣).

ڕۆڵان بارت تیۆریی داڕێژەری ئەدەبی، کۆمەڵناس و نیشانەناسی فەڕەنسی. ساڵی ١٩١٥ لەو وڵاتە لەدایک بووە. هزر و بۆچوونەکانی لەنێو کۆمەڵێ قوتابخانەی وەک پێکهاتەباوەڕی، نیشانەناسی، تیۆریی کۆمەڵایەتی، مرۆڤناسی و پاش پێکهاتەباوەڕی جێیان دەبێتەوە. ئەو لە شیکردنەوەی سیستەمە نیشانەیییەکان لە نیشانەناسیی کۆمەڵایەتی و کولتوور ڕۆڵی گرنگی هەبووە.

نیشانەناسی لە سینەمادا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت. بەهۆی پانتایییەکی تیۆریی فراوانی زمانناسی، نیشانەناسی، کۆمەڵناسی و فەلسەفە، سەیرکردنی سینەما دەرچووە لە ڕەهەندە جوانیناسییەکەی بۆ بینەر. ئەمڕۆ هەموو بەرهەمە سینەمایییەکان شیکردنەوە و خوێندنەوەی قووڵیان بۆ دەکرێت. نیشانەناسی سینەما بوارێکە لەلایەن چەندین نووسەری وەک کریستییەن میتز، پاولۆ پازۆلینی، ئۆمبێرتۆ ئیکۆ و ڕۆڵان بارت کاری لەسەر کراوە و زۆربەیشیان لەژێر ڕۆشناییی کارەکانی سۆسۆرن. بەم شێوەیە نیشانەناسی لایەنی کولوتووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و هزری بەرهەم دەردەخات.

لە کتێبی (ئوستوورەناسییەکان) ١٩٥٧ درێژەی بە ڕاڤەکەی سۆسۆر دا. وشە کە ناونراوە دال هەڵگری یەک مەدلوول نییە، مەدلوولیش بۆ خۆی دەبێت بە دالێک و مەدلوولی تر یا چەندین مەدلوولی تایبەت بەخۆی هەیە. بە باوەڕی ئەو نیشانەکان لە هەموو شوێنێک هەن، بەتایبەت لە جیهانی میدیادا. هەمیشە وێنەکان و ڤیدیۆکان هەڵگری چەند مەدلوولن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە زەمینەسازی بۆ کراوە بۆ بەخشینی مانایەک. بۆیەش لە ڕوانگەی بارتەوە دەکرێ زمانناسی بە بەشێک لە نیشانەناسی دابنێین، چونکە نیشانەناسی بۆ خۆی بوارێکی سەربەخۆیە(بێرتێنز، ٢٠١٥: ١١٢-١١٦).

تیۆریی داڕێژەرانی نیشانەناسی شه‌ش سیسته‌می نیشانەناسی له‌ سینه‌مادا دیاری دەکەن: یه‌ك: سیسته‌می وێنه‌یی‌. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ زۆرتر ئاماژه‌ به‌ كاركردی نیشانەکانی ڕوخسار دەدەن. دوو: سیسته‌می جووڵاو‌. زۆرتر ئاماژه‌ به‌ جووڵه‌كانی كامێرا، بڕگه‌ بڕگه‌كردنی فیلم و مۆنتاژ له‌ سینه‌مادا ده‌كات. سێ: سیسته‌می زمانناسانه‌ی ئەدەبی‌. بریتییه‌ له‌ پێگه‌ی وته‌، زمانی وێژه‌یی، وتووێژ و شرۆڤه‌ ده‌ره‌كییه‌كان. چوار: سیسته‌می زمانناسانەی نووسین‌. بریتییه‌ له‌ به‌شێكی به‌ربڵاو له‌ كاركردی نووسین له‌ سینه‌مادا، سه‌ردێری فیلم، نیشانەکانی نووسینی نێو پێكهاته‌ی فیلم. پێنج: سیسته‌می زمانناسانه‌‌. به‌ جۆره‌ جیاوازه‌كانی ده‌نگ و‌ پێگه‌ی ده‌نگه‌ ئاسایییه‌كان له‌ سینه‌مادا ئاماژه‌ ده‌كات. شه‌ش: سیسته‌می میوزیکی‌. بریتییه‌ له‌ میوزیکی فیلم و سیناریۆ. کەواتە نیشانەناسی شتێک بە شتێکی دیکە دەناسێنێت. چەمک لە بری چەمک، هێماکان هەڵگری واقیعگەلی کۆمەڵایەتین لە سینەمادا، یاخود زۆر ڕەهەندی واتادار لە پشتەوەی ئەو شتانەدا هەن کە دەردەخرێن(بەهرامی، ٢٠١٣: ماڵپەڕی ئاسۆی ڕۆژهەڵات).

زۆر جار کاتێک کەمینەکان لەژێر فشار و کاریگەریی دەسەڵاتدا دەخرێنە ژێر سانسۆرەوە، سوود لە سیمبولەکان وەردەگرن. بۆ گەیاندنی پەیامێک ڕەنگە سیناریست نەتوانێ دیالۆگ و مۆنۆلۆگی مەبەستدار بنووسێ، بەڵام دەکرێ لەڕێی وێنە، ئاماژە و جووڵەوە ئەو مەبەستە بگەیەنێ. لەنێو سینەمای کورددا کارکردن لەسەر سیمبول دەکرێ جێ بکرێتەوە. واتە بۆ نیشاندانی نەهامەتییەکی وەک جینۆساید لەبری نیشاندانی ڕووداوەکە وەک خۆی، لەڕێی ئامرازی ترەوە بچینەوە بەدوای پرسەکەدا. وەک پرسی جوولەکە بە چەندین شێوە کاری لەسەر کراوە، فیلمی (Jojo Rabbit) نموونەیەکە. بێ نیشاندانی کوشتن، پرسی قڕکردنی جوولەکەکان دەورووژێنێت لە سەردەمی نازییەکان.

هونەر وەک بەرهەمهێنان

واڵتەر بنیامین فەیلەسووف و ڕەخنەگری کولتووری. ساڵی ١٨٩٢ لە ئەڵمانیا لەدایک بووە. لەژێر کاریگەریی ئایدیالیزمی ئەڵمانی، ڕۆمانتیسیزم و مارکسیزمی خۆرئاوایی بووە، نزیک بووە لە بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت. بەرهەمەکانی لە چوارچێوەی ڕەخنەی جوانییناسی، ڕەخنەی ئەدەبی و ماتریالیزمی مێژوویین. هونەر و کولتووری جەماوەری یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت. مارکۆزە و ئادۆرنۆ بە شێوەیەکی ڕەشبینانە لە هەمبەر کولتووری بەکاربەری کۆمەڵگە هەڵوێست وەردەگرن، بەڵام بنیامین زیاتر بەلای گەشبینیدا چووە.

لە چوارچێوەی تیۆرییە مارکسیتییەکان، بنیامینیش هاوشانی بیرمەندانی تر سەبارەت بە دەرکەوتنی سینەما دەدوێت. لەوانە برێخت، ئایزنشتاین، ڤێرگتۆڤ، پۆنتیۆرڤۆ، ترۆتسکی، کراکاوەر، گارڤراس و ڕۆزێلینی لەو مارکسیستانە بوون لە پەیوەندی نێوان هونەر و مارکسیزم یا بە دیاریکراوی بەشێکیان سەبارەت بە مارکسیزم و فیلم لە ڕەوتی دژە فاشیزم نووسیویانە(محەمەد، ٢٠٢٠: ٢٠١-٢٠٣).

بنیامین لە (کاری هونەری لە سەردەمی بەرهەمهێناوەی تەکنیکیدا) ١٩٣٥ پێی وایە گۆڕان لە شێوەی بەرهەمهێنانەوەی میکانیکی کولتووردا دەبێتە هۆی گۆڕانی کارکردی کولتوور لە کۆمەڵگەدا. ئەمە بنەڕتییەکە توشی بەرهەمهێناوە دەبێت، بەهای باو لەدەست دەدات، هەر بۆیە لە ڕەوتی بەکارهێناندا ماناکەی بەدەستەوە دەدا، نەک لە ڕەوتی بەرهەمهێنان. لای بنیامین بەکاربەری کولتوورێکی گەشبینانەیە، نەک هێندە ڕەشبینانە بێ. وەک لای مارکۆزە و ئادۆرنۆ دەردەکەوت. مانا لە بەرهەمدا ناشاردرێتەوە چیدی، ئەمەش دیموکراتیزەبوونی بەرهەمی هونەرییە(بەشیرییە، ٢٠٠٦: ٢٧-٢٨).

فیلم بابەتە ناگرنگ و ڕۆژانەیییەکان دەخاتە بەر هاوێنەی کامێرا. جیهان وەک زیندانێک دەترازێنێ و ئەو بابەتانەی ڕۆژانە لە واقیعی ئێمەدا هەن و بە چاوی ئاساییی خۆمان نایبینین، فیلم نیشانی دەدات. فۆرم و تەکنیکی فیلم وامان لێ دەکات بەردەوام بەر ئەو نهێنییانە بکەوین کە درکمان پێ نەکردبوون. هەر بەرهەمێکی هونەری لە ئەگەر و ئیمکانی واقیعەوە سەرچاوە دەگرێت و وشیاری پێویستە، بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی مەعریفیش دەخاتە ڕوو(محەمەد، ٢٠٢٠: ٢٢٠-٢٢٢). دەکرێ بابەتێکی زۆر سادە بکرێ بە پنتێکی سەرەکی لە بەخشینی مانایەکی فراواندا. لەنێو سینەمای کورد کەمتر بەر ئەم هەوڵە دەکەوین، زیاتر وێنای شتەکان لە قاڵبی خۆیدا نیشان دەدرێت. فیلمەکانی سەبارەت بە هەڵەبجە و ئەنفال هەموویان تژین لە کوشتن. دەتوانرێ لە بابەتی ڕۆژانەیییەوە بپرژێینە سەر پرسە گرنگەکان.

بنیامین پێی وابوو ئەو ژانرە هونەرییانەی ‌كە شیاوی ئەوەن لە سەرووی هەموواندا بن، ژانرەکانی وەك سینەما و وێنەگرین. نابێت موڵكی تایبەتیی كەسانێكی دیاریكراو بن، بەم شێوەیە مانایەکی شۆڕشگێڕی هونەر شێوە دەگرێت. ئەركی هونەرمەندی شۆڕشگێڕ ئەوەیە گۆڕان بەسەر شێوازە كۆنەكانی بەرهەمهێنانی هونەریدا بهێنیت. بنیامین فیلم وەک پڕۆژەیەکی سیاسی دەبینێت، هەر بۆیەش لای ئەو فیلم هونەرێکی جەماوەرییە و لە خزمەتکردن بە شۆڕشدا گرنگی خۆی هەیە. ئەمەش لە چوارچێوەی ڕوانگەکانی بنیامین لەمەڕ کولتووری جەماوەری خراوەتە ڕوو(ئیگلتۆن، ٢٠٠٨: ١٠٠).

“پیشەسازیی کولتووری دەتوانێ بە شێوەیەکی سەیر ژمارەیەکی زۆری بابەتە شۆڕشگێڕییەکان وەک پڕوپاگەندە بەکار بهێنێ و بیانخاتە خزمەت ئەو دەسەڵاتەوە

سەبارەت بە سینەمای ئەوکاتی نازیزم باس لە چەمکی (بەجوانیناسیکردنی سیاسەت) دەکات و دەڵێت کە چۆن کۆمۆنیزمیش لەڕێگەی (بە سیاسیکردنی هونەر)ەوە وەڵامی فاشیزم دەداتەوە. پێی وایە ئەو دوو بەرەوپێشچوونە کە تەکنەلۆژیا هۆکارییەتی، یەکەمیان تەواو کۆنەخوازانەیە و ئەوەی دووەمیان تەواو پێشکەوتنخوازانەیە(محەمەد، ٢٠٢٠: ٢٥١-٢٥٢). دەکرێ ئەم پەیوەندییە لە پەیوەندی نێوان سینەمای کورد لە باکوور و سینەمای تورک بەراورد بکرێ. سینەمای تورکیا هەوڵ دەدات وێنایەکی ناشیرین لە کورد نیشان بدات و تا ڕادەیەکی زۆر فاشیستییە، بەڵام سینەمای کورد دەکرێ زۆر لە بە سیاسیکردنی ناڕاستەوخۆی ڕووداوەکان سوود ببینێ.

سینەما گرنگی لەوەدایە دەکرێ لە دەستی هەر کەسێکدا بێت، ئەمەش دووری دەخاتەوە لە فاشیزم، بەرەو ڕەوتێکی شۆڕشگێڕییانەی دەبات. بە هاتنە سەر دەسەڵاتی نازیسم، بنیامین وتی:“پیشەسازیی کولتووری دەتوانێ بەشێوەیەکی سەیر ژمارەیەکی زۆری بابەتە شۆڕشگێڕییەکان وەک پڕوپاگەندە بەکار بهێنێ و بیانخاتە خزمەت ئەو دەسەڵاتەوە”. ئەرکی هونەرمەندان ئەوەیە هونەرێک بهێننە بەرهەم کە فاشیستەکان نەتوانن بە سوودی خۆیاندا بیشکێننەوە(جویل، ماتیسیین، ڤیدیل، ٢٠١٦: ١١٠-١١٢).

blank
کازم ئۆز (١٩٧٣- ) دەرهێنەر و سیناریست و بەرهەمێنەری فیلم، لەدایکبوونی شاری دەرسیمی باکووری کوردستان

کورتەیەک دەربارەی فیلمی “زەر”

زەر لە دەرهێنانی (کازم ئۆز)ـە و ساڵی ٢٠١٧ بەرهەم هێنراوە. ماوەکەی کاتژمێرێک و پەنجا و سێ خوولەکە و ڕووداوەکان لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوو دەدەن. زمانی فیلم تورکییە لەگەڵ کەمێک کوردی. کوڕێک بە ناوی (ژان) کە لە ئەمریکا دەژیت و بواری میوزیک دەخوێنێت. ڕۆژێکیان داپیرەی ژان (زەر یاخود زەریفە) لە تورکیاوە دەهێنرێتە ئەمریکا بۆ چارەسەری نەخۆشی و وا بڕیارە ژان ئاگاداری بێت. ژان لەو چەند شەوەی لای دەبێت، حەز بە گۆرانییەک دەکات کە داپیرەی بۆی دەچڕێت. دوای کۆچی دواییی داپیرەی و گەڕانەوەی ژان بۆ تورکیا، هەوڵ دەدات ئەم گۆرانییە کۆنە بدۆزێتەوە. ئەمەش دووچاری کۆمەڵێک پرسی دەکات کە پەیوەستە بە مەسەلەی نەژاد، ڕەگەز، نەتەوە و کولتوور کە لە مێژوویەکی کۆندا هەن. بەمەش پەی بە کوردبوونی داپیرەی دەبات، دەزانێ یەکێک بووە لە ڕزگاربووانی جینۆسایدی دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٨.

بەشی دووەم: گفتووگۆی توێژینەوە

بابەتی یەکەم: لاوازکردنی شوناسی نەتەوەییی کوردان لە باکووری کوردستان

هەموو کەس خاوەنی شوناسە چ وەک تاک، چ لەنێو گروپدا. ئەم شوناسە بە شێوەی کولتووری و سیاسی ساز دەکرێ، دەبێتە شوناسێکی نەتەوەیی کە لەسەر بنەمای هۆگریی هاوبەش لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت(ئەحمەدزادە، ٢٠١٢: ٢٤٦-٢٤٧). زەریفەی داپیرەی ژان ھەمیشە خەون دەبینێ بە جینۆسایدی دەرسیم، لەو کاتەدا منداڵ بووە و بردوویانە بۆ شاری ئاڤیۆن. لە خەوەکەیدا ناوی شارەکانی ئەلازیگ، مالاتیا، سیڤاس و قەیسەری دەهێنێت، وەک دیارە وێستگەکانی گواستەنەوە بوون. دەریدەخات شوناسی نەتەوەیی چەندە پەرش بووە، بەهۆی جینۆسایدەوە.

پەرتکە-زاڵبە یەکێکە لەو سیاسەتانەی کە وا دەکات نەتەوەیەک تووشی داڕمانی کولتووری و کۆیادەوەری هاوبەش بێت. وڵاتانی کۆلۆنیکار سوودی لێ دەبینن بۆ ئەوەی درێژە بەو ژێردەستەیییەی بە کۆلۆنیکراو بدەن

لەڕوانگەی (گوڵمحەمەدی، ٢٠٠٧: ٢٢٨) کولتوور بە گرنگترین سەرچاوەی شوناس دادەنرێت و تاکەکان بەهۆیەوە تایبەتمەندبوون بەدەست دەهێنن. زمانیش وەک بەشێکی کولتوور گرنگە لەو پەیوەندییەدا. زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتەوە بە ناشارستانی و بێ نرخ دانراوە و قەدەغە کراوە(بێشکچی، ٢٠٠٠: ٢٠٢). یەکەم جار لە ڕێی گۆرانییەکەی داپیرەی ژانەوە زمانی کوردی دەردەکەوێت. لەو کاتەدا ژان بە سەرسوڕمانەوە لە داپیرەی دەپرسێت تۆ چۆن کوردی دەزانیت؟(پاشکۆی ٢) تورکیا نکوڵی لە ناسنامەی کورد دەکات. لەوێ کولتووری کوردی بە گشتی کار لەسەر توانەوە و ئاوێتەبوونی کراوە. یەکێک لەو لایەنانەش بریتییە لە زمان، گۆرانی و فۆلکلۆر.

پەرتکە-زاڵبە یەکێکە لەو سیاسەتانەی کە وا دەکات نەتەوەیەک تووشی داڕمانی کولتووری و کۆیادەوەری هاوبەش بێت. وڵاتانی کۆلۆنیکار سوودی لێ دەبینن بۆ ئەوەی درێژە بەو ژێردەستەیییەی بە کۆلۆنیکراو بدەن(بێشکچی، ٢٠٠٢: ٥٤). کاتێ ژان دەگەڕێتەوە ناوچە کوردییەکان، بە زمانی کوردی لێی دەپرسن تۆ کێی؟ ئەویش دەڵێت: “من لە زمانی تۆ تێناگەم”. ئەمە دەریدەخات کە چۆن کوردەکان پارچەپارچە و بەش بەش بوونە لەم وڵاتەدا و شوناسیان پەرتەوازە بووە.

یەکێک لە میکانیزمەکانی پەرتکە-زاڵبە دانانی سیخوڕە لە گوند و ناوچە کوردییەکان، بۆ ئەوەی دووبەرەکی لە نێویان دروست بکەن(بێشکچی، ٢٠٠٢: ٢٧٣). لە دیمەنێکی فیلمەکەدا یەکێک لە کەسەکانی نێو چایخانەکە، بە شێوەی تەنز بە هاوڕێکانی دەڵێت: “ڕەنگە ژان سیخوڕ بێت”. کەواتە لەوێ ژینی کوردەکان بە بارودۆخێکی سەختدا دەڕوا. فشارەکانی دەوڵەت لە ناوچانە لەوپەڕی خۆی دایە و وایان لێ دەکات بە دژی یەک هەڵوێست بگرن.

لە ئەنجامی بابەتی یەکەمدا، دەگەینە ئەوەی بڵێین دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک کار لەسەر لەیەکتر ترازان و دوورخستنەوەی کوردەکان دەکات لە یەکدی. لەڕێی دەرکردنی یاسای تایبەت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، تا دەگات بە لایەنی کولتوور و هونەر، دەیەوێ ناسنامەی کورد بسڕێتەوە. سیاسەتی پەرتکە-زاڵبە بە شێوەیەکی زۆر بە زەبر گورزی لە کوردەکان وەشاندووە.

بابەتی دووەم: نیشانەناسی سینەمایی

نیشانەناسی بوارێکی توێژینەوەیە، لە مانای ئەو شتانە دەکۆڵێتەوە کە لە شتێکدا شاردراونەتەوە. زمان، وێنە و دیمەنەکان دەکرێ مانای پەنهانیان هەبێ، واتە نیشانەناسی ناوەڕۆکی ئایدۆلۆژیی چالاکییە جیاوازەکان کەشف دەکات(کولەر، ٢٠١٧: ١٦١-١٦٢). ژان کە دەگاتە ناوچە کوردییەکان، تانک و زرێپۆشەکان دەردەکەون. ڕەنگە تێپەڕینی کاروانێکی سەربازی دیمەنێکی ئاسایی بێت لە دیمەنی یەکەمدا، بەڵام مەدلوولی دووەم ئەوەیە ئۆپەراسیۆن و چالاکییە سەربازییەکانی دەوڵەت لە ناوچە کوردییەکان بوونی هەیە، سەرباری ئاساییی دۆخی ناوچەکە.

زەریفە ئەو دوو گوێزە و بوخچەیەی لا ماوە کە خوشکەکەی لە کاتی ڕاگواستەنەکەدا پێی دەدات. دواتریش ئەو دوو گوێزە دەکەونە دەستی ژان و بە درێژاییی فیلمەکە جاروبار گوێمان لە دەنگی بەیەکدادانیان دەبێت وەک ئاماژەیەک بۆ وەبیرهێنانەوەی کارەساتێکی مێژوویی. نیشاندانی هەرجارەی گوێزەکان دەردەچێ لەو تێگەیشتنە باوەی بینینی گوێز هەمانە. لە دیمەنی پرسەدا دەنگی بەیەکدادانیان دەگاتە دوا ئاستی بەرزی، مەبەستیش لێی بیرخستنەوەی کارەساتێکی میژوویییە.

نیشانەناسان شەش سیستەمی نیشانەیی لە شرۆڤەی فیلمدا ڕەچاو دەکەن: وێنە، ڤیدیۆ، زمانناسی، ناونیشانی فیلم، فۆنیتیک، میوزیک(بەهرامی، ٢٠١٣: ماڵپەڕی ئاسۆی ڕۆژهەڵات). ناوی فیلمەکە (زەر) ناوی داپیرەی ژانیشە، داستانێکی فۆلکلۆری کوردییە، باس لە کوڕ و کچێک دەکات یەکتریان خۆشویستووە و بە یەکدی نەگەیشتوون، دواتر بووە بە گۆرانی. کولتووری کوردی لە شارەکان دووچاری توانەوە بووەتەوە، زێدەتر لە ناوچە گوندنشینەکان وەک خۆی ماوەتەوە. زەر و ژان ناوی سیمبولیکن. ژان پێی وایە ناوەکەی فەڕەنسییە، بێئاگایە داپیرەی ئەو ناوەی لێ ناوە و مانای (ئازار)ـە.

بارت پێی وایە دال هەڵگری یەک مانای باو نییە، خۆی دەبێتەوە بە دال و مەدلوولی دووەمی هەیە. سینەماش پڕە لە هێما و وێنە کە هەڵگری مانایەکن بەدەر لە مانای یەکەمیان، ئەم مانایەش لە پێکهاتەدایە(بێرتێنز، ٢٠١٥: ١١٧-١١٨). لە دوو دیمەنی وانەی میوزیک، وانەیەک میوزیکی بلوزە، تایبەت بووە بە ڕەشپێستە ئەفریقییەکانی ئەمریکا. دووەم وانە باس لەو ھۆکارە کۆمەڵایەتییانە دەکات وا دەکەن جۆرێک میوزیک شێوە بگرێ. لێرەدا تەنها وەک دوو وانە سەبارەت بە مێژووی میوزیک دەرناکەون، کارکردی سیاسییان هەیە. پێمان دەڵێ چۆن میوزیک ڕۆڵ دەگێڕێ لە خەباتی نەتەوەیی.

ژان بە شەمەندەفەر دەچێت بۆ هۆزات. شەمەندەفەر هێڵێکی گواستنەوەیە، دەکرێ ئەمە بە دوو مەبەست بێ. یەک: تابلۆی سەر شەمەندەفەرەکە ناوی ئەو ناوچانەیە ڕێڕەوی ڕاگواستنی کوردانی دەرسیم بوون. دوو: نیشانی دەدات ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن دەوڵەتەوە پەراوێز خراون لەڕووی خزمەتگوزاری. لەوێ بەرەبەرە هۆکارەکانی گواستنەوە زەحمەت تر دەبن. ژان کە دەگاتە گوندەکە، دەڵێت پێویستە لە هوتێل بمێنێتەوە، پێی دەڵێن لێرە هوتێل نییە. دوای بە خاک سپاردنی داپیرەی، شەمەندەفەرێک لە دواوەی گۆڕەکە دەردەکەوێت. لە تەواوی ئەو دیمەنانەدا، شەمەندەفەر وەک دالێک ماناکەی تەنها هێڵێکی گواستنەوە نییە. بەڵکوو مەدلوولی دووەمی بریتییە لە گوزارشتکردن لەوەی چۆن ئامرازێکی گواستنەوە و بە تورککردنی کوردەکان بووە لە جینۆسایدی دەرسیم. لە ئەنجامی ئەم بابەتەدا دەبینین کۆمەڵێ هێما و وێنە و دیمەن هەن کە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەیانەوێ مانایەک بدەن بەدەستەوە، بە شێوەیەکی ڕوون دەرناکەون. بەڵکوو بە شێوەی سیمبولیک کار بۆ نیشاندانیان کراوە. هەر لە چەوسانەوە، جینۆساید، ڕەوشی خراپی ناوچە کوردییەکان و چەندین بابەتی دی. بە شێوازێکی لێهاتووانە ئازار و زوڵممان بیر دەخاتەوە بە ناڕاستەوخۆ.

بابەتی سێیەم: سینەمای نەتەوەیی وەک ئامرازێکی شۆڕشگێڕی

دژایەتی فاشیزم بابەتێکی سینەمای دۆکیۆمێنتییە، تایبەت دوای گەشەی سینەمای سۆڤیەت لە دژی نازیسم. لەم چل ساڵەی دواییشدا بە تەواوی پەرەی سەندووە(مەحمود، ٢٠١٥: ٢٦). لە دەستپێکی فیلمەکەدا دێرێکی شاعیری کورد جەمال سورەیا نووسراوە: (لەپێش مێژوودا سەگەکان دەوەڕین). ئەو یەکێک بووە لەوانەی ماڵباتەکەی لە جینۆسایدی دەرسیم ئاوارە بووە لە زێدی خۆی. ژان بە خەیاڵ لە وێستەگەیەک چەند سەربازێک دەبینێ کوردەکان دەگوازنەوە دوای جینۆسایدەکە. لەو کاتەدا کە ناوەکان دەخوێندرێنەوە، ناوی زەریفەی داپیری ژان و ناوی جەمال سورەیا دەبیستین.

بنیامین پێی وایە پرسە ڕۆژانەیییەکان دەبنە پرسی جددیی لە فیلمدا. هەر بەرهەمێکی هونەریش مۆرکی سەردەمێکە، کە ڕەنگدانەی دۆخی کۆمەڵایەتی تێدا دەردەکەوێت(کەمالی، ئەکبەری، ٢٠١٧: ١٦٥-١٦٦). ژان لە پرسەی داپیرەی داوا دەکات گۆرانیی زەری بۆ بڵێن کە گۆرانییەکی کوردییە. باوکی پێی دەڵێت شتێک نییە بە ناوی زمانی کوردی و ئەوان بیزانن. ژان زیاتر پێداگری دەکات و باوکی زللەیەکی لێ دەدات. لە دواوەیان وێنەی (ئەتاتورک) بە دیوارەکەدا هەڵواسراوە، ئەمە پێمان دەڵێت کە باوکی چەندە دەیەوێ ڕا بکات لە شوناسی و کوردبوونی خۆی.

گۆڕان لە شێوازە کۆنەکانی بەرهەمێنان، خەسڵەتێکی سەرەکیی ڕەوتی شۆڕشگێڕی هونەرییە لای بنیامین. هەر بۆیەش فیلم دەتوانێ ببێتە پڕۆژەیەکی سیاسی(ئیگڵتۆن، ٢٠٠٨: ٩٩). کۆمەڵێ دیمەن هەن ڕاستەوخۆ بەرەو لای پرسی جینۆسایدەکەمان دەبەن. لەوانە: پەیکەری سەید ڕەزای دەرسیم. بەهۆی جووڵانەوەکەی سەید ڕەزا، دەوڵەت چەندین هەزار کوردی لەم ناوچەیە کۆمەڵکوژ کرد. ژان چاوی بەو چەند تابلۆیە دەکەوێت کە سەبارەت بەو کوشتارە هەن. هەروەها وێنەی ئەحمەد کایا دەبیندرێ، وەک گۆرانیبێژێکی ناسراو کە بەهۆی کوردبوونی لە تورکیادا دەربەدەر کرا. هەموو ئەمانە برەودانە بە نیشاندانی کارەسات لە فۆڕمێکی بەرزی هونەریدا. فیلم هونەرێکی جەماوەرییە لای بنیامین. بەشێکە لەو ئامرازەی خزمەت بە ڕەوتی شۆڕشگێڕی دەکات دژ بە فاشیزم، هەر بۆیە داهێنەرانەیە(محەمەد، ٢٠٢٠: ٢٥٥-٢٥٦). کە کچ و کوڕە گەریلاکان دەردەکەون، گەریلا وەک خۆیان دەبینین کە بەتەواوی مرۆڤدۆست دەردەکەون. ئەمەش دژ بەو وێنانەیەکە کە ئێمە لە سینەمای تورکی دەیبینین و دیدگای خراپ سەبارەت بەوان نیشاندەدرێ. لێرەدا هەمان ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سینەمای نازیزم و سینەمای کۆمۆنیزم هەبوو بۆ سینەمای کورد و تورک دەبیندرێ.

سینەمای نەتەوەیی هەرچەندە ژانرێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام کار لەسەر جۆرێک دەرکەوتنی ناسنامە و شوناسی گەل دەکات. کە تووشی زوڵم و ستەم بۆتەوە، بۆیە هەڵگری پەیام و گوتاری سیاسییە(یوسفی، ٢٠١٧: ماڵپەری ڕووداو). لە دیمەنێکدا ئەو پیاوەی قەرارە گۆرانیی زەر بۆ ژان بڵێت، وادەزانێ ژان کوڕەکەیەتی لە دەرەوەی وڵات هاتووەتەوە. کاتێ ژان دەپرسێ بۆ کوڕەکەی لە کوێیە؟ پێی دەگوترێ کە لە ترسی دەوڵەت ناتوانێ بگەڕێتەوە.

جینۆساید وەک خەون نیشان دەدرێ، ئەمەش هەمیشە بینەر دەهێڵێتەوە تا دوا ساتی فیلمەکە نەزانێت ڕووداوەکان بەرەو کوێ دەیبەن. لە کۆتایی هەموومان دەپرسین بۆچی گوندی ئیسکۆر بوونی نەماوە؟ کۆتایییەکی تەواو سیمبولیکە. ژان کە خۆی دەخاتە چەمەکەوە، دەبینێت ژیان لە خوارەوە هەر بەردەوامە و زۆربەی شتەکان وەک خۆیان ماون. ئەمەش مانای خۆبەدەستەوەنەدان و هەبوون و جەختکردنەوەیە لە شوناسی بەرگری گەلێک سەرباری ئەو هەموو زوڵمەی دەرهەقی کراوە.

بەم شێوەیە لە ئەنجامی ئەم بابەتەدا دەڵێین سینەمای نەتەوەییی کورد تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی لەم فیلمەدا وەک ژانرێک دەربکەوێت و ڕۆڵ ببینێت لە نیشاندانی کارەساتێکی مێژوویی. فیلمەکە لە بەرەنگاری دژ بە فاشیزم سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێناوە و وەک سینەمای کەمینەکان خزمەت بە شۆڕشێکی شارستانیانە دەکات.

دەرئەنجامی توێژینەوە:

لە کۆتاییی ئەم توێژینەوەیەکە نموونەکان بریتی بوون لە دیمەنەکانی فیلمێک. پرسیارەکان بریتی بوون لە دوو پرسیار، و بە شێوەی شیکردنەوەی ناوەڕۆک کار لەسەر شیکردنەوەی دیمەنەکان کرابوو. گەیشتین بەم دەرئەنجامە؛ پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان نیشاندانی ناسنامەی نەتەوەیی و خەباتی نەتەوەیی هەیە لە فیلمی زەردا. ئەو دیمەنانەی خراونەتە ڕوو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ سەرکوتکردن و کۆلۆنیکردنی کوردەکان نیشان دەدات لە باکووری کوردستان، کە لە ڕێی چەندین سیاسەتی کولتووری و یاساییەوە لەلایەن دەوڵەتەوە بە ئەنجام دەگەیەندرێت. لەم فیلمەدا دید و تێڕوانینێکی دژەکۆلۆنیالیستی هەیە لە دەرخستنی کولتوور، سیاسەت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەواوی ئەو لایەنانەی بەرهەمهێنانەوەی چەوساندنەوە زیاد دەکەن.

فیلمەکە لەژێر کاریگەریی سینەمایەکی دیاریکراو نییە و بە فۆڕم و ستایلی دیاریکراو بەند نییە. کۆمەڵێ کەرەستەی گرنگ هەن: ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی، کولتووری کوردی بە گشتی، خەباتی نەتەوەیی و ئەنفال و جینۆساید، تێکەڵکردنی ژانرەکانی وەک سینەمای دۆکیۆمێنتی و نەتەوەیی و کەمینەکان سوودیان لێ بینراوە. سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لەپێناو پەرتکردن و زاڵبوون بەسەر کورددا ئەنجام دراوە کە خەسڵەتێکی سەرەکیی کۆلۆنیالزیمە. ئەم ستەمە نکوڵی لێ دەکرێت، بۆیە بە شێوەی نیشانە و ئاماژەی ناڕاستەوخۆ لە فیلمەکەدا دەردەکەون. ئەمەش وا دەکات کە سینەمای کورد جیا لە سینەمای نەتەوەیی، هاوکات سینەمایەکی دژە فاشیزم بێت.

لیستی سەرچاوەکان

ئەحمەدزادە، هاشم (٢٠١٢). زمان ئەدەب و ناسنامە. چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگای ئاراس.

ئیگڵتن، تێری (٢٠١٦). تیۆریی ئەدەبی. و: عەتا قەرەداغی. چاپی یەکەم، سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە.

ئیگڵتۆن، تێری (٢٠٠٨). مارکسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی. و: عەبدولخالق یەعقوبی. چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگای ئاراس.

بەشیرییە، حسەین (٢٠٠٦). تیۆری کولتووری. و: مەنسوور تەیفووری. چاپی یەکەم، سلێمانی، پڕۆژەی ی.ن.ک.

بۆکانی، سابیر (٢٠٢٠). میتۆدی توێژینەوەی زانستی. چاپی دووەم، سلێمانی، خانەی چوارچرا.

بێرتێنز، هانز (٢٠١٥). بنەماکانی تیۆریی ئەدەبی. و: عەبدولخالق یەعقووبی. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.

بێشکچی، ئیسماعیل (٢٠٠٠). تێزی تورک بۆ مێژوو. و: ئاسۆس هەردی. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.

بێشکچی، ئیسماعیل (٢٠٠٢). کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی. و: حەمە ڕەشید. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.

جویل و ئەوانی تر (٢٠١٦). قوتابخانەی فرانکفۆرت. و: عوسمان حەمە رەشید. چاپی دووەم، سلێمانی، ناوەندی جەمیل رۆژبەیانی.

حسێن، شۆڕش محەمەد (٢٠١٤). رەوتی فیلمسازیی کوردی. چاپی یەکەم، سلێمانی، بڵاوکراوەکانی جەمال عیرفان.

سابیر، رەفیق (٢٠٠٨). کولتوور و ناسیۆنالیزم. چاپی سێیەم، سلێمانی، چاپخانەی تیشک.

عارف، حەمە کەریم (٢٠٠٧). یەڵماز گۆنای. چاپی یەکەم، سلێمانی، چاپکراوەکانی پڕۆژەی کتێبی یانەی قەڵەم.

عوسمان، عەدنان (٢٠١٠). چیرۆکی سینەما. چاپی یەکەم، هەولێر، چاپخانەی منارە.

کولەر، جۆناسان (٢٠١٧). رۆلان بارت. و: هاوار محەمەد. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای ئایدیا.

کەمالی، ئەکبەری (٢٠١٧). واڵتەر بنیامین. و: پەیمان عەلیپوور. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای ئایدیا.

گرکانی، گیتا (٢٠٠٢). مێژووی سینەما. و: ستار کەریم. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.

گوڵمحەمەدی، ئەحمەد (٢٠٠٧). بەجیهانیبوون کولتوور شوناس. و: عەوڵا بەهرامی. چاپی یەکەم، هەولێر، موکریانی.

محەمەد، پێشڕەو (٢٠٢٠). دیالەکتیکی هونەری سێیەم. چاپی یەکەم، سلێمانی، ناوەندی ڕەهەند.

مەحمود، ئیبراهیم (٢٠١٥). یەڵماز گۆنای و ڕۆڵی سینەمای دۆکیۆمینتی لە خەباتی نیشتمانیدا. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.

نەزەری، مێهناز (٢٠١٧). سینەما حەوتەمین هونەر. و: ئاریا ئەحمەدی. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای سەردەم.

وانج، سۆفیا ئیزابێلا (٢٠١٤). پەرەسەندنی شوناسی نەتەوایەتی کورد و ئەگەرەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. و: یاسین سەردەشتی. چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگای جەمال عیرفان.

گۆڤار

ئاشکرۆفت، گریفیس، تیفین (٢٠١٩). دژە کۆلۆنیالیزم. (ئۆنڵاین). و: بەڕۆژ ئەسعەدی. گۆڤاری تیشک. ژمارە ٥٢، لا ٣٦٣-٣٦٦. دواجاری بینین ٢٠ی نیسان ٢٠٢١ لە:

https://bit.ly/3eJ8JmJ

سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکان

بەهرامی، جەمشید (٢٠١٣). هێماناسی لە سینەمادا. (ئۆنڵاین). دواجاری بینین ٢٥ی شوبات ٢٠٢١ لە:

http://asoyroj.net/kurdish/detail.aspx?=hewal&jmara=3408&Jor=10

زەر، 2020. (ئۆنڵاین). ماڵپەڕی کورد سینەما، ٢٠١٧، تورکیا، دواجاری بینین ١ی ئادار ٢٠٢١ لە:

https://www.kurdcinama.com/online.aspx?movieid=6261

سەیدی، سەعید (٢٠١٩). شوناس و شوناسی نەتەوەیی. (ئۆنلاین). دواجاری بینین ٢٠ی شوبات ٢٠٢١ لە:

https://www.peyserpress.com/detail/4177

سینا، خوسرەو (٢٠٢٠). کورتەیەک لەسەر مێژووی سینەمای کورد. (ئۆنڵاین). دواجاری بینین ٥ی ئادار ٢٠٢١ لە:

https://www.khaktv.net/all-detail.aspx?jimare=20657

محەمەد، هەوراز (٢٠٢٠). قۆناغەکانی دەرکەوتنی کورد لە سینەمادا. (ئۆنڵاین). دواجاری بینین ٥ی ئادار ٢٠٢١ لە:

https://www.peyserpress.com/detail/5698

یوسفی، هاوڕێ (٢٠١٧). شوناس و سینەمای نەتەوەیی. (ئۆنلاین). دوایین جاری بینین ٢٠ی شوبات ٢٠٢١ لە:

https://www.rudaw.net/sorani/opinion/culture_and_literature/230720173

سەرچاوە ئینگلیزییەکان

Marvasti, Amir (2003). Qualitative Research in Sociology. First Published, New York, SAGE Publications.