تێڕامانەکان لەبارەی درۆوە

وەرگێڕانی: جواد خەلیل

هەرگیز لەوەوپێش بەو ڕادەیەی ئێستا لە درۆدا ڕۆ نەچووین و هێندە ڕووقاییمانە درۆمان نەکردووە، قەتیش پێشتر لە دۆخێکی وەکوو ئەوەی لەمڕۆدا هەین، نەبووین. هەن دەڵێن ڕێک بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونەی ئێمەوە، درۆکان بە ئەندازەی کۆنینی جیهان کۆنن؛ یانژی ئێژن مرۆڤ بە سروشتی خۆی، لە گشت دۆخێکدا هەر درۆزنە. مێژوو هەر لە دەستپێکیەوە فێری ئەوەمان دەکات کە لەگەڵ دروستبوونی شاردا، درۆی سیاسیش سەری هەڵداوە. بەبێ گەڕانەوە بۆ سەردەمە نیتک و ناڕوونەکانیش، خۆ دەزانین کە ئەوە هەردوو پرۆسەی تژیکردن و تەواوکردنی (بنەماکانی درۆسازی لە جەنگی جیهانیی یەکەم) و (درۆکانی هەڵبژاردن لە قۆناغی دوای جەنگ)دا بوون، کە لە درۆسازیدا گەیشتن بە بەرزترین ئاستی خۆیان و ژمارەیەکی پێوانەییی وەهایان تۆمار کرد کە لە هیچ سەردەمێکی تردا بەو ئاستە تۆمار نەکرابێت. ئەوەی کە هیچ چەندوچوونێک هەڵناگرێت، ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکە بە قسەکردنی دەناسرێتەوە، هەر ئەم خەسڵەتەشە ئەگەری درۆکردنی داوەتێ. دەتوانین بڵێین مرۆڤ هێندەی خودان تایبەتمەندیی درۆکردنە، نیوهێندە خودان تایبەتمەندیی پێکەنین نییە.

گومان لەوەدا نییە درۆی سیاسی، هەروەها ڕێسا و ڕێکارەکانیشی کە لە ڕابردوودا پێمان دەگوتن “دێماگۆجیا” و لە ئێستادا پێیان دەڵێین “‌پروپاگەندە”، هەمیشە و بە درێژاییی هەزاران ساڵ هەوڵی ڕێکخستنیان دراوە و پەرەیان پێداون[1]. هەروەتر کاریگەریی ئەو ڕێکار و ڕێسایانەش؛ کاریگەریی پروپاگەندەکانی ئیمپراتۆریەتە لەبیرکراو و لەناوچووەکانیش؛ هێشتاکانێ لە بەرزاییی دیوارەکانی “کرنک” و چیاکانی “ئەنقەرە”ەوە، ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و لەگەڵمان دەئاخڤێت. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە مرۆڤ ناتوانێت درۆ نەکات، ئەو درۆ لەگەڵ خۆیدا دەکات؛ درۆ لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەکات؛ جاروباریش بۆ خۆشی و چێژی خۆی درۆ دەکات و دەخوازێ لەو ڕێیەوە شتەکانی نێو کەتوارێکی نابەدڵ بەراژوو بکاتەوە و جیهانێکی دیکە بئافرێنێت. بڕێک جاریش مرۆڤ بۆ پارێزگاریکردن و بەرگریکردن لە خۆی درۆ دەکات، چونکێ درۆ باشترین چەکی دەستی لانەواز و بێدەسەڵات و بێدەرەتانەکانە[2] و لە ڕێیەوە بوونی خۆیان دەسەلمێنن لە هەمبەر ڕکابەر و ناحەزانیاندا، وایش بیر دەکەنەوە وەختێک بە درۆکانیان ناحەزانیان تەفرە دەدەن، ئەوا تۆڵەیان لێ دەکەنەوە.[3]

ئێمە لێرەدا مەبەستمان نییە شرۆڤەیەکی دیاردەناسییانە بۆ درۆ بکەین، هەروەک چۆن ناشمانەوێت لەو پێگە و کاریگەرییە بکۆڵینەوە کە درۆ لە چێبوونی بونیادی مرۆییدا هەیەتی؛ بەڵکوو دەمانەوێت لە سروشتی درۆکانی ئەم سەردەمە نوێیەمان ڕابمێنین، بە تایبەتیش درۆ سیاسییەکان. لەگەڵ ئەوەی بکەرانی ئەم سەردەمەی ئێستێ (یان وردتر بڵێین سیستەمە تۆتالیتارەکانی ئەم سەردەمە نوێیە) نوێکارییان لە درۆدا کردووە، لێ گومان لەوەدا نییە کە ئەم نوێکارییە  گشتگیر نەبووە، چونکێ کارەکانی سیستەمە تۆتالیتار(شمولی)یەکان لەوەدا کورت بووەتەوە کە پاڵ بە هەندێک ئاڕاستە و بۆچوون و هەڵوێست و ڕێکاری پێشووتری سیستەمەکەوە بنێت، بۆ دوایین سنووری خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ شتێکی نێو ئەم جیهانە بە تەواوی نوێ نییە، هەموو شتێک ڕەگ و ڕیشەیەکی خۆی هەیە و لەگەڵ خۆیدا تۆوی مانەوەی خۆیشی هەڵگرتووە، بۆیە هەموو دیاردەیەک، هەموو بیرۆکەیەک، هەموو ئاڕاستەیەک کە پاڵی دەنێین بۆ دوایین سنووری خۆی، دەگۆڕدرێت و دەبێتە شتێکی دیکەی تەواو جیاواز. لەبەر هەندێ جارێکی دی جەخت دەکەمەوە لەسەر ئەوەی کە گوتم: هیچ وەختێک بەو ڕادەیەی کە لە ئێستادا هەیە لە درۆدا ڕۆ نەچووین، هەرگیزیش پێشتر بەو شێوە فراوان و سەرتاسەرییە درۆمان نەکردووە، کە لەمڕۆدا دەیکەین. هەرگیز بەری هینگێ، بەم ئاوایەی ئێستێ، درۆزن و درۆزان نەبووین.

ڕۆژ بە ڕۆژ سێڵاوی درۆ جیهانەکەمان دادەپۆشێت، لە هەموو ئان و ساتێکدا ئێمە درۆ دەکەین، لە قسەکردندا، لە نووسیندا، لە ڕۆژنامە و ئێزگەکاندا… هتد، هەموو پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و پیشەسازییەکانیشمان خستووەتە خزمەتی درۆکردنەوە. مرۆڤی ئەم سەردەمە نوێیە (لێرەدا هەروەها مەبەستم لە مرۆڤی تۆتالیتارە) لە ناو درۆدا مەلە دەکات، هەناسەی پێ دەدات و لە هەموو چرکەساتێکی ژیانیدا درۆ ئاڕاستەی دەکات.[4] بەڵام لە ڕووی چۆنێتییەوە درۆی نوێ (مەبەستم لە تایبەتمەندییە هزرییەکەیەتی) بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانەدا گەشەی کردووە و ڕێگەکەی خۆی گۆڕیوە (دواتر ئەمە زیاتر ڕوون دەکەمەوە). درۆی نوێ بە زۆری و بەربڵاوییەکەی دەناسرێتەوە، تاوەکوو زۆرترین کەس بکاتە ئامانج (هەر ئەمەش خەسڵەتە جوداکەیەتی لە تەک درۆکانی پێشوودا).

هەرچەندە هیچ ڕێیەکی دی نییە لە بەردەم بەرهەمێکی مەزندا، کە ڕووەو جەماوەر ئاڕاستە بکرێت (بە تایبەتیش بەرهەمێن هزری)، تاکوو بەدەر لە درۆکردن و تەنێ بەو پێوەرانەی خۆی، بتوانێت لە جەماوەر نزیک ببێتەوە. لەبەر هەندێ هیچ شتێکیش نییە بکارێت هاوتای تەکنەلۆژیای پروپاگەندەیی نوێ بەرز و کاریگەر بێت، بۆیە هیچ شتێکیش ناگاتە هاوشانی نێوەڕۆکی پووچ و بانگەشە ساختەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە، کە بێشەرمانە و بە شێوەیەکی ڕەها و تەواوەتی، ڕۆژانە خەریکی سووکایەتیکردنە بە هەقیقەت، تەنانەت بەو شتانەش کە بتەنێ لە ئاستی گریمانەییدان و هێشتا نەبوون بە هەقیقەت. ئەم جۆرە لە سووکایەتی پێکردن جگە لە خۆی هیچ هاوشێوەیەکی دیکەی نییە و تەنیا لە خۆی دەچێت، ئامانجیشی گاڵتەکردنە بە زیرەکی و هۆشمەندیی ئەوانەی بانگەشە ساختە و درۆینەکانیان ئاڕاستە دەکات، واتا لە بنەڕەتەوە هەڵخەڵەتاندنی جەماوەر دەبێتە ئامانجی سەرەکیی ئەم تەکنەلۆژیایه.

بە دڵنیایییەوە ئەوە مانا ڕاستەکانن کە هیچ ئەرزشێک بۆ مانا درۆینەکان ناهێڵنەوە و ڕایاندەماڵن، ئەمەش بەو پێیەی کە خودی ڕاستی خۆی بەروڤاژی درۆیە و لە تەک خۆیدا بوونی درۆیش ڕادەماڵێت، هەروەک چۆن مانایەکی دروست مانایەکی هەڵە دەپێچێتەوە. هەرچەندە فەلسەفە و تێڕوانینە فەرمییەکانی سیستەمە تۆتالیتارییەکان لەوەدا کۆک و تەبان کە چەمکی “هەقیقەتی بابەتیانە” ئەوەی کە هەمووان لەسەری کۆک و تەبان، هیچ مانایەکی ئەوتۆی نییە! هەروەها لە دیاریکردنی پێوەرەکانی هەقیقەتیشدا بڕوایان وایە نابێت پشت بەوە ببەستین کە داخۆ ئەو قسانەی دەیانکەین تا چەندە تەبا و گونجاون لەگەڵ بەها گشتییەکانی هەقیقەتدا، بەڵکو دەبێت وەها سەیری هەقیقەت و پێوەرەکانی بکەین کە داخوا تا چەند لەگەڵ ڕۆحی ڕەگەز و نەتەوە و چینەکاندا دێتەوە و چەندەش سوود بە ڕەگەز و نەتەوە و  کۆمەڵگەکەمان دەگەیەنێت.

با ڕوانگەی ئەو تیۆریایانەی هەقیقەت کە خودان ئاڕاستەی بایۆلۆژی و پراگماتیکی و ئیجرائیانەن، قیچەک فراوانتر بکەین و پاشی هەڵیان بوەشێنینەوە و  کۆتاییهاتنیان ڕابگەیەنین، لەمەشدا پشت دەبەستین بەوەی کە ناو دەبرێت بە “ناپاکیی ڕۆشنبیران”. دەزانین کە فەلسەفە و ڕوانینی فەرمی سیستەمە تۆتالیتارەکان بەهای خۆییانەی هزر ڕەت دەکەنەوە، چونکێ لدەڤ وان هزر ڕۆشنایی نییە، بەڵکوو چەکێکە. هەر بە گوێرەی باوەڕی وان، کار و ئامانجی ئەم چەکە ئەوە نییە کە داکەوتمان بۆ ڕوون بکاتەوە؛ یانژی نهێنی و کۆدە شاراوەکانی ئەو شتانەی کە هەن بکاتەوە و ئاشکرایان بکات؛ بەڵکوو کار و ئامانجی ئەم چەکە ئەوەیە یارمەتیمان بدات بۆ گۆڕینی داکەوت و گەیاندنمان بەو شتانەی کە لە ئێستادا نین و دەبووا هەبن. لە پێناوی ئەمەشدا (هەروەک چۆن لە زووشەوە ئەو باوەڕە باو بووە و لە برەودا بووە) زۆربەی جار ئەفسانە دەستی بەسەر بیرکردنەوەی جیهاندا گرتووە. گوتاری ئەفسانەیی کە دنەی ئارەزووەکانی مرۆی داوە و بۆشایییە دەروونییەکانی بۆ پڕ کردووەتەوە، باڵادەستتر بووە لەو بەڵگانەی کە لەگەڵ ژیریدا دێنەوە و تەبان لەگەڵ هۆشدا. زۆرجار کە دەڕوانینە بڵاوکراوە و گوتار و بانگەشەی تۆتالیتاریستەکان (بەوانەشیانەوە کە بانگەشەی زانستییانە بوون دەکەن)، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوانیش لەم دیدگایانە بەدەر نین. بە دەگمەن دەبینین کە نوێنەرانی سیستەمە تۆتالیتارەکان هەقیقەتێکی بابەتییانە بخەنە ڕوو. ئەمانە بەو هێزە خوداییانەوە کە هەیانە، دەستکاری ڕاستییەکانی ئێستا دەکەن، بگرە زۆرجار دەستکاری ڕابردوویش دەکەن، بەپێی ویست و  ئارەزووی خۆیان دایاندەڕێژنەوە.[5]

لەمەوە دەتوانین ئەوە هەڵێنجێنین، کە ئەوە سیستەمە تۆتالیتارەکانن  دەکەونە ئەودیوی هەقیقەت و ئەودیوی درۆوە. ڕێک بە پێچەوانەی ڕوانین و فەلسەفەی تۆتالیتارەکانەوە، من لەو باوەڕەدام ئەو جیاوازییەی کە لەنێوان هەقیقەت و باتڵدا؛ لەنێوان خەیاڵ و ڕاستیدا هەیە، هێشتا دەمێنێتەوە و کارا دەبێت لەنێو سیستەمە تۆتالیتارەکان و دام و دەزگاکانیاندا و ناتوانن بە تەواوی هەقیقەت ساختە بکەن. درۆیش، سەرباری هەوڵی بێوچانی تۆتالیتارەکان، هیچ گۆڕانکارییەکی وەهای بەسەردا نایەت، جگە لەو پێگەیەی کە داگیری دەکات و ئەو ڕۆڵەی کە پێی هەڵدەستێت. واتا گۆڕانکارییەکە تەنها لە شوێن و شێوازی ڕۆڵبینیندایە، چونکە سیستەمە تۆتالیتارەکان لەسەر بنەمای (لە پێشینەیی بوونی درۆ) دامەزراون.

لە ڕاستیدا ئەوەی زێدەتر دەبێتە جێی سەرنج، پێگەی درۆیە لە ژیانی مرۆڤدا. لە کاتێکدا ئەوە شتێکی زۆر ڕوونە کە پایە ئاکارییەکانی سەرجەم ئایینەکان، یان لانی کەم یاسا و ڕێسای ئایینە گەورەکانی نێو ئەم گەردوونە، بەتایبەتی ئەوانەیان کە کاریگەر و وەرگیراون لە یەکتاپەرستیی تەوراتییەوە، بە شێوەیەکی ڕەها و توند درۆکردن ڕەت دەکەنەوە و بە کارێکی قێزەونی دادەنێن. جگە لەوەش، لەبەر ئەوەی کە خودای نێو ئەو ئایینانە، خودای ڕۆشنایی و بوونە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێت بە خودای هەقیقەتیش. کەواتە ئەگەر ئێمەی بڕوادار درۆ بکەین، واتا شتێکمان گوتووە پێچەوانەی ئەوەی کە لە داکەوتدا هەیە، ئەمەش ڕێک بەو مانایە دێت کە ئێمە خەریکی ساختەکردنی هەقیقەتین و بوونێکی ڕاستەقینەمان شاردووەتەوە. بە پێی ڕوانینە ئایینییەکەش ئەمە نەک هەر گوناه و تاوانە؛ بەڵکوو گەورەترین تاوان و گوناهیشە، گوناهێکی گەورەیە و تاوانێکە دەرهەق بە ڕۆح، کە دوورمان دەخاتەوە لە خودا و دەمانکات بە سەرپێچیکار و گومڕا. هەر بەپێی ئەو ڕوانینە ئایینییەش بێت، مرۆڤ نابێت و ناکرێت جگە لە گوتنی هەق شتێکی تر گۆ بکا و ئەو گوتراوەشی کە لەوەوە دێت هەر دەبێت هەق بێت، بەجیا لەمە نابێت هیچی تر بێتە سەر زاری و بیڵێت.

بە شێوەیەکی گشتی و بەدەر لە هەندێک ڕووکاریی توند کە هەریەکە لە تیۆریاکانی “کانت” و “ڤیختە”ی پێ دەناسرێتەوە، وا دیارە ئاکاری فەلسەفییانە بە بەراورد به جۆرەکانی دیکەی ئاکار، نەرمی نواندنی زۆرتر تیایە و  لەوپەڕی مرۆدۆستیدایە (سەرباری ئەو توندیەی لە هەمبەر ڕووکارە هەواڵدەری و  فریودەرانەکەی درۆ و پیشاندانی درۆ وەک ڕاستیدا هەیەتی)، هێشتاش بە بەراورد بە سروشتە نەرێنی و خراپەکەی درۆ کە ڕەتکەرەوەی هەقیقەتە، کەمترین توندی دەنوێنێت. فەلسەفە ئاگاداری ئەو پەندە باوەیە: “هەموو ئەو شتەی دەزانرێت، ناگوترێت”، لانی کەم هەموو کاتێک نا. خۆ ناشکرێت هەموو ئەوەی کە هەیە، بە هەموو خەڵکی بگوترێت!

ئاکاری فەلسەفییانە زۆر زیاتر لە ئاکارگەلی بنەچە ئایینی، جێی خۆی دەگرێت و وەردەگیردرێت، لە ڕاستیشدا درۆکان بە گوتن ئازار چێژن و  هەموو گوتنێکیش[6] ئاڕاستەی کەسێک دەکرێت.[7] مرۆڤ لە خۆوە درۆ ناکات، بەڵکوو درۆ دەکات چونکە نایەوێت هەقیقەت بەوانی دی بڵێت. ئەگەریش هەر بەڕاست هەقیقەت خۆراکی ڕۆح بێت، ئەوا تایبەتە بەوانەی کە سینگفراوانن و توانای بیستنی هەقیقەتیان هەیە،[8] چونکێ هەقیقەت دەتوانێت ببێتە مەترسی بۆ سەر ئەوانی دی، لانی کەم کاتێک هەقیقەت زۆر ڕوون بێت و ئێمە بێین دەریببڕین، کە بۆی هەیە بەم کارەمان ئازاری بەرانبەرەکانمان بدەین و تەنانەت هەستەکانیشیان زامدار بکەین. کەوایە پێویستە بەو ڕوونییەوە هەقیقەتیان پێ نەڵێین و بە ڕێژەیەکی کەمتر لەوەی کە هەیە و بە بڕێک خاوییەوە دەریببڕین، ئاسانی بکەینەوە و ڕووپۆشی بکەین و بە شتی دیکە دایپۆشین، بۆ ئەوەی بەرانبەرەکەمان بتوانێت ئاسانتر وەریبگرێت. سەرباری ئەمەش، دەبێت ڕەچاوی شێوازی بەکارهێنان و دەرئەنجامەکانیشی بکەین لای ئەوانەی کە هەقیقەتەکەیان پێ دەڵێین. هەر بۆیە بەگشتی هیچ پەیوەستبوونێکی ئاکارییانە نییە ناچارمان بکات هەقیقەت وەکوو خۆی بگەیەنینە هەمووان، هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە ناچارمان بکات هەقیقەت بەو شێوەیە دەرببڕین کە هەیە.[9]

ڕێساکانی ئاکاری کۆمەڵایەتی و ئاکاری کردەییانە کە لە گێڕانەوەکانمان و قسەکردنەکانماندا ئامادەن و بەڕاستیش هەڵسوکەوتەکانمان ئاڕاستە دەکەن، کاریگەرییەکی لاوازتریان هەیە لەو کاریگەرییەی کە ئاکاری فەلسەفییانە هەیەتی. ئەم ڕێسایانەش بەشێوەیەکی گشتی سەرکۆنەی درۆکردن دەکەن، هەمووانیش لەوە بەئاگان نەنگییە گەر درۆ بکەین.[10] هەرچەندە سەرکۆنەکردنی درۆ سەرکۆنەکردنێکی ڕەها و تەواوەتی نییە، وەک چۆن یاساغ کردنیشی یاساغکردنێکی تەواوەتی نییە. چەندین حاڵەت هەیە کە تێیدا هاوسۆزی و لێخۆشبوون بەرانبەر درۆزن دەنوێنرێت و ڕێی پێ دەدرێت، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا ڕێنوێنی درۆزن دەکرێت و هانی دەدرێت تاکوو درۆکەی بکات. هەروەها، هەر لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەی ورد بەرەو ئەو ئاڕاستەیەمان دەبات، کە بۆمان ڕوون ببێتەوە درۆکردن بەگشتی ڕێ پێدراوە، بەو مەرجەی یەکڕیزیی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نەشێوێنێت و زیان بە هیچ کەس نەگەیەنێت.[11] هەتا ئەو ئاستەش درۆ ڕێپێدراوە کە نەبێتە هۆی تێکشکاندنی ئەو پەیمان و وابەستەیییەی زامنی یەکێتیی کۆمەڵگە و یەکانگیرییەکەیەتی و ناوەوەی کۆمەڵگەکە نەپێکێت (یان لەنێوان ئێمەدا نەبێت)، بەڵکوو ئاڕاستەی دەرەوەی کۆمەڵەکەی ئێمە بکرێت. ئاخر “ئێمە” ئەوانە فریو نادەین کە سەر بە “ئێمە”ن، بەڵام “ئەوانی دیکە”….[12]، ئایا هەر بەڕاست ڕەوا نییە درۆکردن لەگەڵ “ئەوانی دیکە”؟

درۆ چەکە و مافی ئەوەمان هەیە لە ڕکابەری و ململانێکاندا ئەم چەکە بەکار بهێنین، بەکارنەهێنان و دەست نەبردن بۆ ئەم چەکەش واتای گەمژەییی ئێمە دەگەیەنێت، لێ بەو مەرجەی کە بتەنێ بۆ شکاندنی ڕکابەرەکان بێت و بەکارهێنانی ئەم چەکە لە هەمبەر هاوڕێ و هاوپەیمانەکانماندا قەدەغە بکەین. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین درۆ لەگەڵ دوژمنەکانماندا بکەین و فریویان بدەین. بیرمان نەچێت ئەو کۆمەڵگەیانە دەگمەنن کە هاوشێوەی ماورییەکان maoris جوامێری تێیاندا گەیشتبێتە ئاستێک، فێڵکردن و فریودانی جەنگی، لە لایان قەدەغە کرابێت. لەمانیش دەگمەنتر، ڕێبازی وەهابی و گوێگرزەکانن، کە بەهۆی بڕوا ئایینییەکەیانەوە درۆکردن لایان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و نە درۆ لەگەڵ ئەوی دی ناسراودا دەکەن و نەیش لەگەڵ کەسانی بیانی و دوژمنەکانیشیاندا. بەدەر لەم کۆمەڵە مرۆیییە دەگمەنانە و بەنزیکەیی لە تەواوی جیهاندا، درۆکردن و فریودان لە کاتی شەڕدا ڕێ پێدراوه.[13] بە گشتیش هەرچەندە  کەس ڕێنوێنی ناکرێت بۆ درۆکردن  لە کاتی پەیوەندییە دۆستانەیی و ئاشتیخوازییەکاندا (لەگەڵ ئەوەی کە دەزانین ئەوی دیکەی بیانی دوژمنێکی گریمانەیییە)، کەچی ڕاستگۆیی چیدی بە خەسڵەتێکی تایبەت و ناوازەی دیپلۆماتکارەکان دانانرێت.

ئەلێکساندر کۆیرێ(١٨٩٢-١٩٦٤) مێژوونووس و فەیلەسووفی فەڕەنسی. نووسەری ئەم بابەتە

لە بازرگانیشدا تا ڕادەیەک ڕێگە بە درۆکردن دراوە، لەم چوارچێوەیەشدا ئاکاری پیشەیی  سنوورێکی بەرتەسکی بۆ درۆکردن داناوە و  دەبێت درۆکە لەو سنوورە دەرنەچێت.[14] لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت نەریتە بازرگانییە زۆر توندەکانیش، بەرانبەر ئەو درۆ ڕوون و ئاشکرایانەی کە لەکاتی بە بازاڕکرندا دەکرێن، نەرم و لێبوردەن. بۆیە درۆ هەر بەم شێوەیە ماوەتەوە و دەمێنێتەوە؛ هەم ڕێگەپێدرا و هەمیش پەسەندکراو! لەو بارودۆخانەشدا ڕێگە بە درۆکردن دەدرێت، کە وەک دۆخێکی تایبەت و جیاواز دەبینرێن (بۆ نموونە لە کاتی شەڕدا کە ڕەوایی بە بەکارهێنانی درۆ دەدرێت). ئەی چ دەبێت ئەگەر شەڕ لە دۆخێکی کاتییەوە بوو بە دۆخێکی هەمیشەیی و سروشتی؟ ڕوونە کە درۆکردن ‌بە شێوەیەکی کاتی و فراوان بۆی هەیە شێوەیەکی سروشتییانە وەربگرێت و ئاسایی ببێتەوە، ئیدی هەر کۆمەڵێکی مرۆیی بۆیان هەبێت لە کاتێکدا کە هەست بکەن دوژمنەکانیان لێیان ئاڵاون، سڵ نەکەنەوە لە بەکارهێنانی زۆرترین درۆ و فریودان لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا، کە هەر ئەمەشە دواجار سەردەکێشێت بۆ دانانی بنەمایەکی کردارییانەی لەم جۆرە: (هەقیقەت لای ئێمەیە و هی شوێنکەوتەکانی ئێمەیە، درۆیش هی ئەوانی دی)، پاشانیش ئەم بنەمایە دەبێتە نەریتێک لە نەریتەکانی ئەو کۆمەڵەیە. با کەمێک دوورتر بڕۆین و ئەو دابڕانەی لەنێوان “ئێمە” و “ئەوانی دیکە”دا هەیە قووڵتر بکەینەوە؛ ئەو دوژمنایەتییە واقیعییەی کە هەیە بیکەینە دوژمنایەتییەکی ڕاستەقینە، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان سروشتی شتەکانی لەسەر ڕادەوەستێت[15] با دوژمنەکانمان زۆر بەتوندی هەڕەشەش بن بۆ سەر بوونی ئێمە، ئاخر ئەوە شتێکی سروشتییە کە هەموو کۆمەڵەیەک، دەورە دراوە بە کۆمەڵێک نەیار و دوژمن و دەیەوێت تێکەڵیان ببێت و ڕێک بکەوێ لەگەڵیان و دوور بێت لە شەڕ و بەڵایان، کاتێک درک بەو کەلێن و دابڕانە قووڵە دەکات کە لەگەڵ ئەوانی دیدا لێکی دابڕیون، کەلێنێک کە هیچ پەیوەندییەک و پێکگەیەنەرێک، یان پێوەستبوونێکی کۆمەڵایەتی ناکارێت بیبەزێنێت و تێیپەڕێنێت.[16] بۆیە شتێکی ئاسایییە کە درۆ لای ئەم گرووپە کۆمەڵایەتییە (واتا درۆکردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا) بە تەنها نەبێتە کردارێکی ڕێپێدراو  یان بنەمایەکی ڕەفتارییانەی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو بشبێتە ڕەفتارێکی ناچاریانە و زۆرجاریش ببێتە فەزیڵەت و چاکەیەکی گەورەیش! لە بەرانبەری ئەمەشدا، ڕاستگۆیی هیچ شوێن و پێگەیەکی بۆ ناهێڵدرێتەوە، هەروەک چۆن بێتواناییش لە کردنی درۆدا دەبێتە نەنگییەک و وەکی سەردەمانی دێرین به خەسڵەتێکی جوامێرانە هەژمار ناکرێت، بەڵکوو دەبێتە نیشانەیەک بۆ لاوازی و زەلیلی.

ئەم ڕاڤە کورت و نوقستانە، ئەستەمە بتوانێت هەقی تەواوەتی بداتە ئەم بابەتە و  تەنها بۆ ئەوە دەخرێتە ڕوو تا کەنگەشە دروست بکات، یان پوختەی لێکۆڵینەوەیەکی پەتی بێت کە پەیوەندی بە لێوەشاوەیی تیۆریایەکی پەتییەوە هەیە. بۆیە ڕێک بە پێچەوانەی ئەمەوە، لە واقیع و هەقیقەتدا، لەو چینە کۆمەڵایەتییە باشتر نییە کە هەوڵمان داوە وێنای بونیادەکەی بکێشین. شتێکی زەحمەتیش نییە بۆمان کە لەم ڕووەوە نموونەیەک بهێنینەوە و بیگشتێنین بەسەر ئەو کۆمەڵگایانەشی کە بونیادی ئاوەزییان، بە پلەبەندی و ڕیزبەندییەوە، خاسیەتە سەرەکییەکانی (یاخود لادانە بنەڕەتییەکەی کە ویستمان بیخەینە ڕوو) بەدیار دەخات.[17]

هەرچەندە ئەو ئاستانەی کە درۆ هەیەتی و بەپێی گەشەسەندنە پلەبەندییەکانی خۆی، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە سێ هۆکاری کاریگەر لە پشتی درۆوە هەن، ئەوانیش:

١. ئاست و ڕادەی جیاوازی و لێکدژی نێوان کۆمەڵە پەیوەندیدارەکان: واتا جیاوازی نێوان دوژمنایەتییەکی ئاسایی بۆ بیانییەکان (جا چ بەهۆی هێزەکەیەوە بە دوژمنی بزانین یان هەر خۆی دوژمنێکی ڕاستەقینە بێت)، لەگەڵ ئەو ڕقە پیرۆزانەی کە دەبنە ئیلەهامبەخشی جەنگاوەران لە شەڕە ئایینییەکاندا[18] هەروەها جیاوازی نێوان ئەو ڕقە پیرۆزانە و ڕقلێبوونەوەی بایۆلۆژییانە کە دەبنە پاڵنەر و هاندەری جەنگاوەران لە جەنگە کۆکوژییە ڕەگەزپەرستانەکاندا.


٢. پەیوەندی نێوان هێز و کۆمەڵە جوداکان: یاخود پلە و ڕادەی ئەو  مەترسییەی کە دەورەی کۆمەڵەکەی داوە و دەزانێت دراوسێ دوژمنکارەکانی دەستێوەردان لە کارەکانیدا دەکەن. هەروەکوو پێشتریش گوتمان درۆ چەکێکە، بە تایبەتی بۆ مرۆڤی لاواز و بێدەسەڵات. چونکە ئێمە درۆ و فرتوفێڵ بەرانبەر ئەوانە بەکار ناهێنین کە دڵنیاین لەوەی دەتوانین بیانبەزێنین، بەبێ ئەوەی بکەوینە ناو هیچ مەترسییەکی گەورەوە لەگەڵیان. بەو مانایەی پەنا نابەینە بەر فرتوفێڵ تەنها بۆ خۆڕزگارکردنمان نەبێت لە مەترسیی دوژمنە بەهێزەکانمان.[19]


٣.  ئاستی گرژییەکان لە پەیوەندی نێوان کۆمەڵە و گرووپە دژ بە یەکەکان و ئاستی گرژی و ناکۆکی لە پەیوەندی نێوان ئەندامەکانی هەریەکەیاندا: زۆر بە دەگمەن دەبینین کە لە دەرەوەی فڕوفێڵەکانی وەختی شەڕ و بێ هیچ بۆنەیەک، ئەمانە پەنا بۆ درۆ ببەن دژ بە یەکدی. بە دڵنیاییشەوە ئەگەر هیچ هۆکارێک نەبێت کە کۆمەڵەکان بخاتە مەترسییەوە (با زۆریش دوژمنی یەک بن)؛ یان لە مەیدانی شەڕدا پێک نەگەن، یاخود ئەندامەکانی کۆمەڵەیەک لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەیەکی دیکەدا یەکدی نەبینن و پەیوەندییان نەبێت، ئەوا بەم ئاوایە درۆ بۆ یەکدی هەڵناڕێژن. درۆ لە کاتی پەیوەندیدا دروست دەبێت و دژبەرەکان درۆگۆڕکێ لەگەڵ یەکدیدا دەکەن.


ئەم تێبینییانەی دوایی وامان لێ دەکەن کە هەنگاوێکی دی بنێین بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوەی بابەتی درۆ. با ئەو کۆمەڵە و گرووپە سەربەخۆیەی خۆمان لا بدەین و بیخەینە نێو کۆمەڵە دژکار و ڕکابەرەکانەوە، هەموو ئەمانەش لە کۆمەڵگەیەکدا ڕێک بخەین کە دەورە دراوە بە دوژمنی دی، تاوەکوو سەرباری ئەو دوژمنایەتییەی کە لە گەڵیاندا هەیەتی، لە پەیوەندیی بەردەوامدا بێت لەگەڵیان. ڕوونیشە کە لەنێو ئەو کۆمەڵگەیەدا، پێویستی بۆ خاوەندارێتیکردن لە درۆ، زۆر بە توندی جەختی لەسەر دەکرێتەوە. هەرچەندیش فشاری دەرەکی و مەترسییەکان زیاتر بن، پێگەی ئەم پێویستییە گەورەتر و زیاتر دەبێت و لەگەڵیشیدا گرژی نێوان “ئێمە” و “ئەوانی دیکە” هەڵدەکشێت و دوژمنایەتی نێوان “ئەوانی دیکە” و “ئێمە” دەگاتە ئاستێکی توندتر و ئەو هەڕەشەیەی کە “ئەوانی دیکە” دەیکەنە سەر “ئێمە” گەورەتر و فراوانتر دەبێت.
با جارێکی دی پاڵ بەم دۆخەوە بنێین بۆ ئەوپەڕی بەتینی خۆی؛ گڕی ئەو دوژمنایەتییەش بەتینتر بکەین کە لەنێوان هەردوو کۆمەڵەکەدا دروست بووە و بیگەیەنینە دواترۆپکی خۆی، ئێستێ ئیدی  بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو گرووپە کۆمەڵایەتییەی ئێمە بەدووی گۆڕانکارییەکانیدا دەچین، یان دەبێت لەم ڕکابەری و دوژمنایەتییە بکشێتەوە، یاخود پەنا بباتە بەر بەکارهێنانی شێوازەکانی درۆکردن و بێ هیچ سڵەمینەوەیەک وەک چەکێک بەکاری بهێنێت، خۆیشی لە چاوی ئەوانی دی بشارێتەوە (بۆ هەڵهاتن لە چاوی دوژمنەکانی و خۆپاراستن لە هەڕەشە و گوڕەشەکانیان) ئەمەش لەڕێی پەنابردنیەوە بۆ چەند کۆدێکی نهێنی.

لێرەشەوە  کردەی درۆکردن گۆڕانی بەسەرا دێت و هەڵاوگێڕ دەبێتەوە، لە پەیوەست بە کۆمەڵەکەی ئێمەشەوە کە ئیدی بووە بە کۆمەڵێکی نهێنی[20]، زیاد لە خەسڵەتێکی دەبێت کە لەوانی دی جیای دەکاتەوە. ئەم خەسڵەتانەش دەبنە لە پێشینەترین مەرجی مانەوە نەک تەنیا بۆ کۆمەڵەکەمان، بەڵکوو تەنانەت بۆ ناسنامە و ماهیەتەکەشی. جا بە حوکمی نهێنیبوونەکەشی، لە ڕادەبەدەر زێدەڕەوی لە دەرخستنی ئەم خەسڵەتانەدا دەکرێت، تا دەگات بەوەی هەندێک خەسڵەتی ناوازەی هەریەکە لەو گرووپە کۆمەڵایەتییانە زەق دەکرێتەوە. بەم جۆرەش و بۆ نموونە: هەریەک لەم کۆمەڵە و گرووپە کۆمەڵایەتییانە بەربەستێکی وەها لەنێوان خۆیان و ئەوانی دیکە دادەنێن، کە بتوانێت کەی بخوازن هەڵکاتەسەری و تێیبپەڕێنێت. هەر کۆمەڵەیەکیش بە شێوازی خۆی مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ ئەندامەکانیدا دەکات و جۆرێک لە هاوپەیمانێتی و پێکەوەبوون و هاوڕێیەتی لە نێوانیاندا چێ دەکات. هەروەها گرنگییەکی تایبەتیش دەدات بەو سنوورانەی کە لەوانی دیکەی جیا دەکاتەوە و دایدەبڕێت، لە گەڵیشیدا پارێزگاری لەو ڕەمز و بەهایانەش دەکات کە بە شێوەیەک لە شێوەکان چییەتییەکەی دیاری دەکات. بەم شێوەیەش هەر کۆمەڵەیەک ئەوە دەخاتە بیری ئەندامەکانییەوە کەوا ئەندام بوون لە کۆمەڵەکەیدا شەرەفێکی گەورەیە.[21] بۆیە دەبینین کە مەیلدارێتی و وابەستەبوون بە کۆمەڵەکەوە، سەپێندراوە بەسەر ئەندامەکانیدا. کاتێکیش لە کۆتاییدا ئەندامەکانی پێک دێن و یەک دەگرن، ئەوەندە بەهێز دەبن، تاوەکوو دەبنە ڕێکخراوێکی تایبەتی وەها، کە خودان سیمای پلەبەندی و ڕێکخستنێکی دیاریکراوی تایبەت بە خۆی بێت. هەموو ئەم خەسڵەتانەش پێکڕا هەژموونی خۆیان دەسەپێنن بەسەر کۆمەڵە نهێنییەکەدا، وێڕای ئەوەی کە لە هەندێک بارودۆخی دیاریکراودا و جاروبار دزەکردن پەسەند دەکەن[22]، لێ لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەژمووندارێتییەی خەسڵەتەکان دەبێتە بەربەستێکی سەختی کۆنکریتی وەها کە کەمترین درز لەنێو کۆمەڵەکەدا  بێت و داخراو بێت، ئینتیمابوونیش لێرەدا دەبێتە ئینتمایەک کە هیچ دەربازبوونێکی بۆ نەبێت.[23] پێکەوەبوونیش لەنێو ئەو کۆمەڵەیەدا دەبێتە جۆرە هۆگربوونێک و پەیوەستبوونێک کە هاوشێوەی لە هیچ شوێنێکی دیکەدا نەبێت؛ ڕەمزەکانی کۆمەڵەکەش بەهایەکی پیرۆز وەردەگرن و بە ئەمەکبوونیش بۆ کۆمەڵەکە دەبێتە ئەرکێکی سەرەکی و بگرە هەندێک جاریش دەبێتە تاکە ئەرکی ئەندامانی کۆمەڵەکە. بەڵام سەبارەت بە ڕیزبەندی نێو کۆمەڵەکە، لەبەر ئەوەی بووه بە کۆمەڵەیەکی نهێنی، بۆیە ڕیزبەندی و پلەداری بەهایەکی تەواو پیرۆزی پێ دەبەخشرێت و بۆشایی و ڕووبەری نێوان پلەکانی فراوانتر دەبێت و پلەبەندی پیرۆزکراو دەبێتە خاوەنی دەسەڵاتی ڕەها و گوێڕایەڵی کوێرانە دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی لە پەیوەندی نێوان ئەندامانی سەر بە کۆمەڵەکە و سەرکردەکانیدا، هەروەک چۆن دەبێتە پێوەرێکیش بۆ ئەو پەیوەندییەی نێوانیان. جگە لەوەش نیشانەکانی کۆمەڵەیەکی نهێنی، جا ئەگەر کۆمەڵەیەکی خودان پێڕەو بێت یاخود کۆمەڵەیەکی چالاک یان تایەفەیەک یان کۆمەڵەیەکی یاخیبوو بێت، هەرچەندە سنووری نێوان هەر دوو کۆمەڵەیەکیش قورسە دەستنیشانکردنی، چونکە کۆمەڵەیەکی چالاک بە بەردەوامی دەگۆڕێت و دەبێتە کۆمەڵێکی خودان پێڕەو و مەزهەب، کە  کۆمەڵێکە خودان نهێنییەک یاخود خودانی نهێنیگەلێک. بەو مانایەی کە هەتا ئەگەر کۆمەڵەیەکی چالاکیش بێت، وەکوو گرووپی تاوانکار و سەرەڕۆکان، یان وەکو یاخیبووەکانی “دەهالیز”، کە هیچ بیروباوەڕێکی شاراوە و نهێنیئامێزیان نییە، ئەوا هێشتاش ناچار دەبێت ئەو شتانەی کە نایەوێت خەڵکی بیزانن، بیشارێتەوە و بیکاتە نهێنییەکی شاراوە لەبەرچاوی ئەوانەی کە سەر بە کۆمەڵەکەی ئەو نین. بگرە تەنانەن هەر بوونی کۆمەڵەکەش بۆ خۆی، بەڵگەی پەیوەستبوونێتی به کۆمەڵێک نهێنییەوە، تەنانەت دەیکاتە خاوەنی دوو جۆر نهێنیش، که یەکێکیان پەیوەندی بە بوونی کۆمەڵەکەوە هەیە و ئەوی تریان تایبەتە بە ئامانجی کاری کۆمەڵەکەوە. لەسەر ئەم بنەمایەش، دەتوانین ئەوە هەڵێنجێنین کە ئەرکی لەپێشینەی هەر ئەندامێکی کۆمەڵە نهێنییەکە و ئەو کارەشی کە وەک نیشانەی بە ئەمەکی و وابەستەبوونی بە کۆمەڵەکەوە دەیکات و جەخت لەسەر ئینتیمای بۆ کۆمەڵەکە دەکاتەوە، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەو هەقیقەتەی کە هەیە بیشارێتەوە و ئاشکرای نەکات.[24] شاردنەوەی ئەو شتەی کە هەیە و دەرخستنی شتێکی دیکە لە جێگەی کە ئەسڵەن بوونێکی نییە، کرۆکی شێوازی کارکردنی هەر کۆمەڵەیەکی نهێنی پێک دێنێت، کە دواتر بە زۆرەملێ ئەم شێوازە بەسەر ئەندامەکانی خۆیدا دەسەپێنێت.

blank
شاردنەوەی ئەو شتەی کە هەیە و دەرخستنی شتێکی دیکە لە جێگەی کە ئەسڵەن بوونێکی نییە، کرۆکی شێوازی کارکردنی هەر کۆمەڵەیەکی نهێنی پێک دێنێت، کە دواتر بە زۆرەملێ ئەم شێوازە بەسەر ئەندامەکانی خۆیدا دەسەپێنێت.


شتێکی سروشتییە بۆ ئەوەی ئەوە بشارینەوە کە ئێمە کێین و ئەوە بەدیار بخەین کە گوایە ئێمە ئەمەین (واتا ئێمەیەکی ساختە بخەینە بەر دیدی ئەوانی دی)، ئەوا نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەوە بڵێین کە بیری لێ دەکەینەوە و بڕوامان پێیەتی، بەڵکوو دەبێت بەردەوام بە پێچەوانەی ئەوەوە بدوێین کە بیری لێ دەکەینەوە. لە واقیعیشدا قسەکردن لای هەر ئەندامێکی کۆمەڵەکە هیچ نییە جگە لە ڕێگایەک بۆ پاراستنی بیروباوەڕە سەرەکییەکەی و شاردنەوەی مەبەستە ڕاستەقینەکە. هەر بۆیە هەموو ئەوەی کە دەگوترێت درۆیە، هەموو قسەکردنێکیش، یان ڕوونتر بڵێین هەر قسەکردنێک کە ئاڕاستەی جەماوەر دەکرێت لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵەکەوە، درۆیەکی پەتییە. تەنها ئەو شتانە نەبێت کە دەریان نابڕن، یاخود ئەو شتانەی کە بە شوێنکەوتووانی کۆمەڵەکەی دەڵێن، ڕاستن یاخود لەوانەیە ڕاست بن.[25]


هەقیقەت مەخە ڕوو، بە شاراوەیی و داپۆشراوی بیهێڵەوە، با عەوام نەیزانێت و پاتاڵ و خەڵکە ئاسایییەکەی دونیا بێئاگا بن لێی، هەر بۆ خۆی هەقیقەتیش بەردەست نییە بۆ ئەو کەسانەی کە پێوەستبوونێکی بێ چەندوچوون و ڕەهایان بۆ کۆمەڵەکە نەبێت. هەر ئەندامێکی کۆمەڵە نهێنییەکەش زۆر پاپەندە بەم پلان و شێوازی کارکردنەکەوە و بە تەواوی هەوڵی سەرخستنی دەدات. هەروەک چۆن باوەڕ بە قسەی هیچ ئەندامێکی دیکەی نێو کۆمەڵەکەی خۆی ناکات کاتێک بۆ خەڵکی دەدوێت، بە تایبەتیش هیچ قسەیەک بە ڕاست نازانێت کە سەرکردەکانی کۆمەڵەکە بە ئاشکرا لە بەردەمی خەڵکدا دەیڵێن، بۆیشی نییە لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ سەرکردەدا بکات، بەڵکوو دەبێت ڕوو لەوانی دیکە بکات کە مافی ئەوەی دراوەتێ چاویان لە سەر هەقیقەتەکان لا ببات و نەهێڵێت درکی پێ بکەن، ڕێیان لێ ون بکات و فریویان بدات.[26] بەم جۆرەش پارادۆکسێکی دیکە بەدیار دەکەوێت و دەیبینین، کە ئەویش ئەوەیە لە ڕێی بڕوانەکردن بەوەی کە سەرکردەکەیان دەیڵێت بە ئاشکرا و لە بەردەمی خەڵکدا، ئەندامانی کۆمەڵە نهێنییەکە گوزارشت لە متمانە و باوەڕی تەواوەتی خۆیان دەکەن بە سەرکردەکەیان!


بێ هیچ گومانێک دەزانین کەسانێک هەن  بەرهەڵستی ئەم شیکارییەمان دەکەن و ڕەتی دەکەنەوە، هەتا ئەگەر شیکارییەکەشمان ڕاست بێت، بەو بیانووەی کە گوایە لە بابەتەکە دوورکەوتووینەتەوە و ئەمە کاری کۆمەڵە جوداکانە نەک حکوومەت. بەداخەوە دەبێت بڵێین کە حکوومەتە تۆتالیتارەکان لە چەند کۆمەڵەیەکی نهێنی زیاتر، هیچی تر نین، کۆمەڵەگەلێک کە دەورە دراون بە دوژمنگەلێکی بەهێز و مەترسیدار، پاشانیش ئەم کۆمەڵانە ناچار دەبن لەبەر هەستیاریی دۆخەکە پەنا ببەنە بەر درۆ و شاردنەوەی ڕاستییەکان[27]. هەر ئەوانەی کە بەرهەڵستی شیکاری و ڕاڤەکارییەکەمان دەکەن پێمان دەڵێن (تاکپارتی) کە بە بڕبڕەی پشتی سیستەمە تۆتالیتارەکان دادەنرێت، بە هیچ جۆرێک و  لە هیچ شتێکدا دەست تێکەڵ ناکات لەگەڵ کۆمەڵە و گروپە یاخی و نهێنییەکاندا، چونکە تاکپارتی لە داکەوتدا بە ئاشکرا کارەکانی ئەنجام دەدات و خۆی بە ڕووی ئەوانی دیدا داناخات. بە واتایەکی تر هیچ بەربەستێک لەنێوان خۆی و ئەوانی دیدا دروست ناکات، بەڵکوو زۆر بە ڕوونی ئامانجە دیار و نادیارەکانیشی لەوەدا کورت دەکاتەوە کە “ئەوانی دی” هەموویان بگرێتە خۆی و گەلەکەی خۆی (ڕەگەزەکەی خۆی) فراوانتر و گەورەتر بکات. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو لەوانەیە ئەو کەسانە تانە لەو نموونانەش بدەن کە وەکوو پاڵپشتییەک بۆ هەبوونی پەیوەندی لەنێوان سیستەمە تۆتالیتارەکان و درۆدا دەیانهێنینەوە، ئەوان پێمان دەڵێن کە حکوومەتی تۆتالیتاری کار بۆ شاردنەوەی ئامانجە دوور و نزیکەکانی چالاکییەکانی خۆی ناکات، هەروەها سڵیش لەوە ناکاتەوە کە بە ئاشکرا و ڕوونی باس لە ئامانجەکانی خۆی بکات، کە ئەمەش کارێکە هیچ حکوومەتێکی دیموکراتی بوێری ئەنجامدانی ناکات، نەزانی و ناشارەزاییشە کە کەسێکی وەکو “هیتلەر” بە درۆزن بزانین و تاوانباری بکەین بە درۆکردن، کە هەر ئەو بوو لە کتێبەکەی خۆیدا (خەباتی من) بە ئاشکرا بە خەڵکەکەی دەگوت کە هێڵێکی ڕەشی بەسەر سپیدا هێناوە. ئەمەش هەمان ئەو بەرنامەیە بوو کە دواتر کاری بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی کرد! لەوانەیە هەموو ئەوەی گوترابێت ڕاست بێت، هەرچەندیش لایەنی ڕاستێتی تێیدا سنووردارە، ئەمەش وا لەو تانانە دەکات کە ئێستا خستمانە ڕوو، وەک تانەی ناڕەوا و ناتەواو دەربکەون. ئەوە ڕاستە کە هیتلەر(بە سەرکردەی دەوڵەتە تۆتالیتارەکانی تریشەوە) بەرنامەی کاری خۆی بە تەواوی و بە ئاشکرایی خستبووە ڕوو، بەڵام ناشکرێت ئەوەمان بیر بچێت کە ئەو بۆیە ئەمەی کرد چوون دەیزانی ئەوانی دی بڕوا بە قسەکانی ناکەن، هەروەها شوێنکەوتە و لایەنگرەکانی خۆیشی ئەم قسانەی بە جدی وەرناگرن. بۆیە هیتلەر لە ڕێی گوتنی ڕاستییەکانەوە؛ لە ڕێی گەیاندنی هەقیقەتەوە بە بەرامبەرەکانی دڵنیابوو لەوەی سەر لە ڕکابەر و ناحەزەکانی دەشێوێنێت و بیرکردنەوەیان لەکار دەخات![28]

ئەمە فێڵێکی ماکیاڤیلییانەیە و بە ڕادەیەکی زۆر زادەی درۆیە، لەنێوان هەموو جۆرەکانی فڕوفێڵ و درۆکردنیشدا، ئەمە سەرلێشێوێنەرترینیانە، چونکە لەم جۆرە درۆکردنەدا هەقیقەت وەکو ئەوەی هەیە دەخرێتە ڕوو، ئەمەش تەنیا وەکوو هۆکارێک بۆ فریودانی بەرانبەر[29]، وابزانم ڕوونیشە کە ئەم “هەقیقەت”ە لە هیچ شتێکدا ناچێتەوە سەر هەقیقەت. هەروەها ئەوە ڕاستە کە دەوڵەت و حیزبە تۆتالیتارەکان بە مانای وردی وشەکە کۆمەڵە و گروپی نهێنی نین و بە ئاشکرا کارەکانیان دەکەن، ئەمەش لە ڕێی پاڵپشتییەکی فراوانی هۆکارەکانی ڕیکلامکردن و بانگەشەکردنەوە. لە ڕاستیدا ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم کردارە ئاشکرایانە پیلانگێڕییەکی ئاشکران.
“پیلانگێڕیی ئاشکرا” شێوازێکی تازە و نامۆی کۆمەڵە چالاکەکانە، تایبەتە بە قۆناغی دیموکراتییانەی دەوڵەتەکان، یاخود شارستانێتێکی جەماوەرییانە کە بە مەترسی دەورە نەدراوە و پێویستی بە هیچ شتێکی شاراوە نییە، بەڵکوو پێویستی بە خستنەڕووە، پێویستی بەوەیە کە تیشکی بخرێتە سەر و سەرنجی هەمووانی بەلادا ڕابکێشرێت، بەتایبەتی سەرکردە، بەو پێیەی کە ناچارە بچێتە ژێر کاریگەریی جەماوەرەوە و ڕایانبکێشێت و کۆنترۆڵی ئەو کاریگەرییە بکات و ڕێکی بخات. بۆ نموونە ئەندامانی کۆمەڵەکە پێویست ناکات خۆیان بشارنەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەتوانن لایەندارێتیی خۆیان بۆ کۆمەڵەکە (حیزبەکە) ڕابگەیەنن و ئاشکرای بکەن و وابکەن کە ئەوانی دی بزانن کە ئەمانە ئەندامی حیزبن، ئەمەش لە ڕێی سەروسیمایانەوە یان لە ڕێی هەندێک دروشمەوە یاخود بە شریتێک یان تەنانەت لە ڕێی یەکپۆشییەوە، یان هەندێک ڕەفتار کە وەکوو ئاماژەیەک بێت بۆ جۆرە مەراسیمێکی تایبەتی حیزبییانە لە شوێنە گشتییەکاندا. دواتر ئەمانەی کە باسمان لێوە کردن و  نوێنەرایەتیی ئەم پیلانگێڕییە ئاشکرایه دەکەن، هەست دەکەن کە وا پێویست دەکات ئەوان لە کۆمەڵەیەکی نهێنییەوە ببنە ڕێکخراوێکی جەماوەری، کە لێرەشەوە بە ئەندازەی خۆشاردنەوەی ئەندامانی کۆمەڵەیەکی نهێنی، ئەمانە هەقیقەتی خۆیان دەشارنەوە لەوانی دی. پشت بەستنیشیان بە نیشانە دیارەکانی لایەندارێتی بۆ حیزب، تەنیا بۆ ئەوەیە کە دژیەکی لە نێوانیاندا نەهێڵێت و لەوانەی تریان جیا بکاتەوە کە سەر بە حیزب نین. بۆیە پاپەندبوون و دڵسۆزی بۆ حیزب وەک نەریتێکی جەوهەری و بنەڕەتییانەی ئەندامانی حیزب دەمێنێتەوە. لێرەشەوە ڕیزبەندی و پلەبەندیی نێو حیزب‌ بەدیار دەکەوێت و هەمان پەیکەری ڕێکخراوێکی سەربازی دەبێت، هەروەها ئەو بنەما باوەی کە هەیە: هیچ باوەڕێک بۆ بێباوەڕەکان نییە ( non servatur fides infidebus) زۆر بەڕوونی لە هەڵسوکەوتی ئەندامانی حیزبدا ڕەنگ دەداتەوە و دەردەکەوێت. لەبەر ئەوەی پیلانگێڕیی ئاشکرا ئەگەریش بە مانای کۆمەڵەیەکی نهێنی نەیەت، ئەوا مانای هەبوونی کۆمەڵەیەکە کە خودان چەندین نهێنیی تایبەت بە خۆیەتی.

ئەم خەسڵەتانەش کە ئاماژەمان پێدان، سەرکەوتنی پیلانگێڕییەکە لەناو نابەن و لاوازی ناکەن، بەڵکوو ڕۆڵی کورت دەکەنەوە بۆ لاوازکردنی یەکتری و یارمەتیدانی چینێک، بە شێوەیەکی تایبەتیش بوونی ئەم خەسڵەتانە هەستکردن بە سەرکەوتنی چینێکی تازەی حکومڕان بەهێزتر دەکات و ئینتیما و دڵسۆزیشی بۆ دەستەبژێر و ئەرستۆکراتییەکی تەواو دابڕاو لە جەماوەر بەهێزتر دەکات.[30]

سیستەمە تۆتالیتارەکان، هەر دەگەڕێنەوە بۆ جۆرە پیلانگێڕییەک، کە هەڵقوڵاوی ڕق و ترس و ئیرەیییە و خۆراک بۆ مانەوەی خۆی لە ویستەکانییەوە وەردەگرێت؛ ویست بۆ تۆڵەسەندنەوە و هەژموونداری و دەست بەسەرداگرتن.

ئەو سیستەمە تۆتالیتارییانەی کە ئێستاش هەن، هەر دەگەڕێنەوە بۆ جۆرە پیلانگێڕییەکی ئاوها، کە هەڵقوڵاوی ڕق و ترس و ئیرەیییە و خۆراک بۆ مانەوەی خۆی لە ویستەکانییەوە وەردەگرێت؛ ویست بۆ تۆڵەسەندنەوە و هەژموونداری و دەست بەسەرداگرتن. هەرچەندە ئەم پیلانگێڕییانەش سەرکەوتوو بوون یان وردتر بڵێین سەرکەوتنێکی ڕێژەییان بەدەست هێناوە (کە ئەمەیان بابەتێکی زۆر گرنگە)، یاخود دۆخی وڵاتەکانیان هۆکار و پاڵپشتیان بوون بۆ گەیشتنیان بە دەسەڵات و دەستگرتنیان بە سەر دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا، بەڵام هێشتاش نەیانتوانیوە بە تەواوی ئامانجەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، ئەو ئامانجانەی کە خۆیان بۆ خۆیان دایانناوە وهێڵەکەیان کێشاوە.[31] لەم سۆنگەیەشەوە دەتوانین بڵێین کەوابێ سیستەمی تۆتالیتاری هەر بەردەوام دەبێت لە پیلانگێڕییەکانی، تا دەگات بە تەواوی ئامانجەکانی خۆی.

دکارین بپرسین: ئایا ئەگەر باس لە چەمکی پیلانگێڕیی ئاشکرا بکەین تووشی هیچ  پارادۆکس و دژیەکیەک نابین؟ لە کاتێکدا واژەی پیلانگێڕی بۆ خۆی مانای کردنی شتێک بە ناڕوونی و نهێنیبوون بگەیەنێت، چۆن دەتوانرێت بە ئاشکرا جێبەجێ بکرێت؟ گومان لەوەدا نییە کە گشت پیلانگێڕییەک لەخۆگری چەندین نهێنییە، بەتایبەتی ئەو نهێنییانەی کە بە شێوەیەکی ورد و ڕوون پەیوەندییان بە ئامانجی کارەکانییەوە هەیە و پێویستە ئاشکرا نەکرێن و بشاردرێنەوە تاوەکوو بتوانێت بیانهێنێتە دی، ئەو ئامانجانەی کە هیچ کەس جگە لە ئەندام و شوێنکەوتووانی کۆمەڵەکە نایزانێت و ئاگاداریان نییە.

بەدەر لەمەیش “پیلانگێڕیی ئاشکرا” لەو بنەمایە بەدەر نییە کە  ئێستا ئاماژەمان پێ دا: (ئەگەر کۆمەڵەیەکی نهێنیش نەبێت، ئەوا کۆمەڵەیەکی خودان نهێنییە.) لەگەڵ ئەوەشدا، چۆن دەکرێت کۆمەڵەیەکی لەم چەشنە، یان کۆمەڵەیەک کە چالاکییەکانی لە فەزای گشتیدا ئەنجام بدات و ببێتە ڕێکخراوێکی جەماوەری و بانگەشەکانی خۆی بە ئاشکرا بگەیەنێتە هەمووان، نهێنییەکانی خۆی بە شاراوەیی بهێڵێتەوە و پارێزگارییان لێ بکات؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گونجاو و ڕەوایە، هەرچەندە دەستخستنی وەڵامەکەیشی قورس نییە وەک لە بەرکەوتنی یەکەم جارماندا وا هەستی پێ دەکەین، بەڵکوو لەوپەڕی ئاسانیدایە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە یەک ڕێگا هەیە بۆ پاراستنی نهێنی، ئەویش کپکردن و شاردنەوە یاخود ئاشکرانەکردنێتی، تەنیا بۆ ئەو کەسانە نەبێت کە متمانەیان پێ دەکەین، کە بێگومان ئەوانیش دەستەبژێرێکی کەمن و دڵسۆز و لایەنگری کۆمەڵەکەی ئێمەن.

بە هەرحاڵ لە پیلانگێڕیی ئاشکرادا، سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی حیزب هەڵدەستن بە پێکهێنانی گرووپێکی دەستەبژێر، كە ئیشیان جێبەجێکردنی ئامانجەکانی حیزبە، لەبەرئەوەی حیزبیش چالاکییەکانی بە ئاشکرا ئەنجام دەدات و هەروەها سەرکردەکانیشی بە ئاشکرا کار دەکەن و ناچاریشن بیروباوەڕی خۆیان لە نێو خەڵکیدا بڵاو بکەنەوە و پەرەی پێ بدەن، بەیاننامە و وتارەکانیشیان دەبێ ڕووەو جەماوەر پەخش بکەن، بەم پێودانگەش بێت پاراستنی نهێنییەکانی حیزب واتای ئەوە دەگەیەنێت کە دەبێت بە بەردەوامی ئەم ڕێساو بنەما سەرەکییە جێبەجێ بکەن: (درۆ و نامەی کۆددار) واتا هەموو بەیاننامەیەک کە ئاڕاستەی هەمووان دەکرێت، هەروەها بەیاننامەی پەیماندارێتیش، گەرێ مینا بەڵێنێکی سیاسی و تیۆری بێت[32]، یان وەکوو بیروباوەڕێکی فەرمی لێ بێت، کە بەپێی دەقی پەیماننامەکە خۆی، هەمووان دەبێت پاپەندبن پێوەی.

 بەمەش بنەما و ڕێسای: (ئەو کەسە ئەمەکدار نییە کە بیروباوەڕە ڕاستەقینەکەی خۆی ناشارێتەوە) وەک گرنگترین ڕێسا و بنەما بۆ ئەندامانی حیزب دەمێنێتەوە. ئەو کەسانەشی کە دڵسۆزی حیزبن و پاپەندن بە بیروباوەڕەکانی حیزبەوە، بە تەواوی درک بەم ڕێسایە دەکەن، ئەوان ئاگاداری نهێنی و شتە شاردراوەکانن و هەرچییەک لەبەردەمیاندا داخرابێت دەیکەنەوە و ئەو داپۆشەرە لا دەبەن کە هەقیقەتیان لێ دەشارێتەوە.

بەڵام “ئەوانی دی” کە ڕکابەرەکان و جەماوەر و ئەندامە ئاسایییەکانی حیزب دەگرێتەوە، بەیاننامە گشتییەکان وەکوو ڕاستی دەبینن و پەسەندی دەکەن، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەوان شایستەی زانینی هەقیقەتی نهێنییەکان و بوون بە بەشێک لە دەستەبژێر نین، لایەنگران و ئەندامانی دەستەبژێریش ئەوە دەزانن (لەڕێی مەعریفەی هەستەکییانەی ڕاستەوخۆوە[33]) کە ڕابەرەکەیان خاوەنی چ بیرکردنەوەیەکی قووڵ و وردە، دەشزانن کە جووڵانەوەکەیان ئامانجگەلی شاراوە و ڕاستەقینەی هەیە، بۆیە کاتێک بەیاننامەی ڕابەرەکەیان دەبینن کە پڕە لە دژیەکی و شتی ناڕاست و بێبنەما، ئاسایی دەبێت بەلایانەوە و ناڕەزایەتی دەرنابڕن. چونکە ئەوان دەزانن ئامانجی قسەکانی ڕابەر ڕازیکردنی جەماوەر و تێکشکاندنی دوژمنان و ئەوانی ترە! هەروەها ئەوان سەرسامیشن بە سەرکردەیەک کە درۆ بەکار بهێنێت و شارەزای هونەری درۆکردن بێت. ئەمما سەبارەت بەو شتانەی کە پەیوەندیی بەوانی دیکەوە هەیە، واتا ئەو کەسانەی کە باوەڕیان وایە  ئەوەی سەرکردە دەیڵێت تێگەیشتنێکە بەپێی واقیعەکە خۆی و درک بە لێکدژییەکانی ناکەن و گومانی لێ ناکەن، لەڕاستیدا ئەمانە توانای بیرکردنەوەیان زۆر لاواز و سستە یاخود هەر نیانە و لەدەستیان داوە.

لەسەر ئەم بنەمایەش ئەو ئاڕاستە هزرییەی پێشتر باسمان لێوە کرد (کە ئاڕاستەی هەموو سیستەمە داپڵۆسێنەرەکانە، بەتایبەتتر وەکوو زانراویشە، بە پلەی یەک ئاڕاستە و ڕوانینی سیستەمێکی تۆتالیتاری/هیتلەرییە[34]) چەمکێکی تایبەتی بۆ مرۆڤ و  ئەنسرۆپۆلۆژیایەکی تایبەت دادەڕێژێت. وەنەبێ ئەنسرۆپۆلۆژیای تۆتالیتاری هەستێت بە گۆڕینی ئەو بەهایانەی کە ئەنسرۆپۆلۆژیای دیموکراسی یان لیبراڵی هەیەتی و ڕکابەری بکات، کە بەهاگەلێکن پەیوەستن بە هزر و هۆش و زیرەکییەوە، بەڵکوو لە بریی ئەوە هێزێکی ناڕوونی تەژی لە چێژ و خوێنڕێژی لە سەری بوونەوەری مرۆییدا دادەنێت. بێگومان ئەنسرۆپۆلۆژیای تۆتالیتاری جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی کردار و ڕۆڵ و لە پێشینەیەتییەکەی.

لە ئەنسرۆپۆلۆژیای تۆتالیتاریدا مرۆڤ بە عەقڵ یان بە بیرکردنەوە ناناسرێتەوە، چونکە بە بڕوای ئەو زۆرینە لە بەخششی عەقڵ بێ بەشن. کەواتە بەپێی ئەم ئەنسرۆپۆلۆژیایە بێت ئایا هێشتا بۆمان هەیە باس لە مرۆڤ بکەین؟ نەخێر، چونکە ئەنسرۆپۆلۆژیای تۆتالیتاری دان بە بوونی یەک جەوهەری هاوبەشی مرۆییدا نانێت

هەرچەندە ئەم ئەنسرۆپۆلۆژیایە ڕقی لە عەقڵ نییە[35]، بەڵکوو ڕقی لە شێوازە بەرزەکانی عەقڵە، ڕوونتر بڵێین بە تەواوی ئەم شێوازانە ڕەت دەکاتەوە، بەتایبەتی زیرەکی درکپێکەر و هزری تیۆریایی یان ئەوەی کە گریگەکان پێیان دەگوت: نۆس nous. بەڵام سەبارەت بە عەقڵی لۆژیکی و هۆشمەند و ژمێرەیی، ئەوا بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکان نەک لە بەهاکەی کەم ناکاتەوە[36]، بگرە بەوپەڕی توانایەوە بەرز ڕایدەگرێت و گرنگی پێ دەدات، بە ڕادەیەک کە بە ڕەوای نازانێت ئەم عەقڵە لای کەسانی ئاسایی هەبێت. لە ئەنسرۆپۆلۆژیای تۆتالیتاریدا مرۆڤ بە عەقڵ یان بە بیرکردنەوە ناناسرێتەوە، چونکە بە بڕوای ئەو زۆرینە لە بەخششی عەقڵ بێ بەشن. کەواتە بەپێی ئەم ئەنسرۆپۆلۆژیایە بێت ئایا هێشتا بۆمان هەیە باس لە مرۆڤ بکەین؟ نەخێر، چونکە ئەنسرۆپۆلۆژیای تۆتالیتاری دان بە بوونی یەک جەوهەری هاوبەشی مرۆییدا نانێت[37]. لە ڕوانگەی ئەم ئەنسرۆپۆلۆژیایەوە جیاوازی نێوان مرۆڤێک و ئەوی دی لە پلەبەندی و چینایەتیدا نییە، بەڵکوو جیاوازییە لە سروشتیاندا، ئەو پێناسە یۆنانییە کۆنەش کە مرۆڤ وەک گیانەوەرێکی بوێژ و قسەکەر دەناسێنێت، پێناسەیەکی ناڕوونە، چونکە هیچ پەیوەندییەکی پێویست لەنێوان گۆکردن و عەقڵ و دەربڕین و قسەکردندا نییە، هەروەک چۆن هیچ پێوەرێک نییە بۆ دیاریکردنی جیاوازی لەنێوان مرۆڤی ئاژەڵی و مرۆڤی قسەکەردا، چونکە گیانەوەری قسەکەر پێش هەموو شتێک گیانەوەرێکی ساویلکەیە، گیانەوەری ساویلکەش ئەو گیانەوەرەیە کە بیر ناکاتەوە.[38] ئەم ئەنسرۆپۆلۆژیایە لەو باوەڕەشدایە کە فیکر بە مانا قووڵەکەی عەقڵ و هۆشمەندی، هەروەها بەو مانایەش کە جیاکاری بکات لەنێوان ڕاست و هەڵە، بڕیار و حوکمدان، شتێکی زۆر دەگمەنە و زۆر بە کەمی لەم جیهانەدا بوونی هەیە و بە تەنیاش ئیشی دەستەبژێرێکە، نەک ئیشی جەماوەر! چونکە جەماوەر ملکەچی چێژەکانێتی و ئارەزووەکانی و هەست و سۆزەکانی بەسەریدا زاڵبوون و هەستکردن بە ڕق و کینە دەیجووڵێنێت، نازانێت چۆن بیر بکاتەوە و نازانێت چی دەوێت، هیچ مەعریفە و زانینێکی نییە جگە لە گوێڕایەڵی و بیروباوەڕ.[39] هەروەها باوەڕ بە هەموو ئەو شتانە دەکات کە پێی دەگوترێت بە مەرجێک بە زۆری پێی بگوترێتەوە و زۆر دووبارەی بکەنەوە بۆی، هەروەها بەو مەرجەش کە قسەکە سەبارەت بە ئارەزووەکانی بێت، یاخود سەبارەت بەو شتانە بێت کە ڕقی لێیانە و لێیان دەترسێت. کەوایە ئیدی پێویست ناکات لە دەرخستنی ئەو شتەی کە دەمانەوێت وەک هەقیقەت لای جەماوەر بناسرێت، زێدەڕەوی بکەین، بەڵکوو ڕێک بە پێچەوانەی ئەمەوە چەندێک زیاتر درۆ بکەین و درۆکانمان بڕازێنینەوە، باشتر بڕوامان پێدەکەن و شوێنمان دەکەون. هەروەها پێویستیش بەوە ناکات خۆمان لە دژیەکی نێوان قسەکانمان بپارێزین، چونکە جەماوەر هەرگیز دیقەتی ئەو لێکدژییە نادات. ئەوەش هیچ سوودێکی نییە کە بگەڕێین بۆ تەبایی و لێکگونجان لەنێوان ئەو قسانەی بۆ هەندێکیان دەیکەین و ئەوانەشی کە بەوانی تریانی دەڵێین، چونکە کەس باوەڕ بەوە ناکا کەوا بەوانی تر دەگوترێت، بەڵکوو باوەڕ بەوە دەکات کە بە خۆی دەگوترێت[40]. گەڕانیش بە دووی هەبوونی تەبایی و هاوتایی لەنێوان قسەکاندا، دیسانەوە بێسوودە، چونکە جەماوەر یادەوەری نییە، تاکوو قسە کۆن و نوێیەکان پێکەوە گرێ بدات و بیری بکەوێتەوە[41]. پێویستیش ناکات هەقیقەتیان لێ بشارینەوە، چونکە ئەوان ناتوانن هەرگیز درکی پێ بکەن و بیبینن. هەروەها پێویستیش بەوە ناکات کە هیچیان لێ بشارینەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان هەر نازانن شتێکیان لێ شاردراوەتەوە، یاخود ئەمە تەنیا تایبەتە بە شێوازی مامەڵەکردنی ئێمەوە لەگەڵیان.[42]


هەر ئەم ئەنسرۆپۆلۆژیایەش بناغەی ئەو پروپاگەندانەیە کە ئەندامانی پیلانگێڕییەکە بە ئاشکرا لەنێو خەڵکیدا بڵاوی دەکەنەوە و پەخشی دەکەن. ئەو سەرکەوتنەشی کە بەدەستی دەهێنێت بیانوو دەداتە دەستی تۆتالیتارەکان کە بەو جۆرە بێسنوورە سووکایەتی بکەن (کە لێرەدا مەبەستمان لەو سووکایەتییانەیە کە ئەندامانی دەستەبژێری حیزب دەیکەن)، ئەوان دەزانن چۆن سووکایەتی بە جەماوەر و  دوژمن و شوێنکەوتەکانیشیان بکەن و دەشزانن چ گونجاوە بۆ جەماوەر و دوژمن و شوێنکەوتەکانیان و چ بۆ ڕەشەخەڵک شیاوترە.[43] یاخود چ دەگونجێت بۆ هەموو ئەوانەی کە باوەڕی پێدەکەن و شوێنی دەکەون، ئەوانەشی کە باوەڕی پێ دەکەن بەڵام شوێنی ناکەون. ئێمە لێرەدا بەرهەڵستی ڕووکاری ئەم هەڵوێستە ناکەین، کە وا دەردەکەوێت کە زۆر لەخۆبردوو بێت لە بیانووەکانیدا.

سەرباری ئەمەش، نوێنەرانی سیستەمە تۆتالیتارەکان و سەرکردەکانیشیان، بایی ئەوە لێزان و لێهاتوون کە بزانن شوێنکەوتەکانیان چ بەهایەکی هزری و مەعنەوییان هەیە و ساویلکەیییان هەڵبسەنگێنن. بەوەندەوە دەوەستین کە تێبینییەکی سادەی وەها لەسەر ئەم بابەتە بدەین: ئەگەرچی سەرکەوتنی پیلانگێڕیی تۆتالیتارەکان بە بەڵگەیەک بزانرێت بۆ دروستی و ڕاستێتی تیۆریا ئەنسرۆپۆلۆژییەکەیان؛ هەروەها بە بەڵگەیەکیش دابنرێت بۆ سەرکەوتنی تەواوەتی هۆکارەکانی وانەگوتنەوە و پەروەردە و فێرکردن لە سایەی دەسەڵاتە تۆتالیتارەکاندا، کە پشت بەو تیۆریایە دەبەستن، ئەوا هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەم بەڵگانە تەنیا بەڵگەگەلێکی تایبەتن بە وڵاتەکانی خۆیان و ئەو گەلانەشی کە بەڕێوەیان دەبەن، ئەگینا لە وڵاتەکانی تردا و لای گەلانی دیکە، بەتایبەتی لەو وڵاتە دیموکراسییانەی کە هەمیشە بە خۆڕاگری و توانای خۆیان، دژی بانگەشە تۆتالیتارییەکان وەستاونەتەوە و یاخیبوون لێیان. وێڕای ئەو پشتگیریکردنە بەردەوامەی کە پروپاگەندە بۆ دەرخستنی پیلانگێڕی و یاخیبوونە ناوخۆییەکان هەیەتی، بەڵام دواجار ئەم پروپاگەندانە نەیانتوانیوە لە بەشێکی کەمی کۆمەڵگە زیاتر کە دەشێت ناویان بنێین “دەستەبژێرێکی کۆمەڵگە” کەسی دی فریو بدەن. لە سەر بنەمای ئەم جیاوازییانەش، بۆ زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتە دیموکراسییانەش دەردەکەوێت کە ئەوان سەر بە ڕەگەزێکی مرۆییی باڵاتر و گەشترن و پڕن لە بیریار، کە سیستەمی تۆتالیتاری (بە پێی بنەماکانی ئەنسرۆپۆلۆژیا تۆتالیتارییەکەی خۆی)  بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە داڕماو و وێرانەن! هەروەها بۆیان دەردەکەوێت کە ئەرستۆکراتیەتی ساختەی تۆتالیتارییەتیش، بە پێچەوانەی بانگەشە تۆتالیتارەکانەوە، نوێنەرایەتی مرۆڤە شکستخواردووەکان و ئەوانە دەکات کە ساویلکەن و بیر ناکەنەوە.




ئەم وتارە، لەم ژێدەرەوە کراوەتە کوردی:

الكسندر كوارییه، تآملات في الكذب، ترجمة: تاجة بوحجة، مجلة حكمة، ۱۲، ۲۰۱۹.

پەراوێزەکان:


[1] لە دیالۆگەکانی ئەفلاتۆن و کتێبی وتاربێژیی ئەرستۆدا، ڕاڤەکردنێکی ناوازە دەبینین بۆ بنەما دەروونییەکانی کردەی بانگەشەکردن، پاشانیش شیکارییەکی پوخت بۆ شێوازەکانیشی دەخوێنینەوە.

[2] لاواز بە شێوەیەکی بەهێز دەردەکەوێت، کاتێک دوژمنەکەی یان سەرگەورەکەی فریو دەدات.

[3] هەروەها لە فریودانیشدا زەلیل بوون هەیه، هەر ئەمەش شیکەرەوەی درۆگەلێکە کە ژنان و کۆیلەکان دەیکەن.

[4] سیستەمی تۆتالیتارت هەر لە بنەڕەتەوە بەستراوەتە درۆوە، ئێمە لە فەرەنسا هەرگیز پێشتر لەگەڵ درۆدا بەو جۆرە بەریەک نەکەوتبووین، تاوەکوو ئەو ڕۆژەی ڕێگامان گرتەبەر بەرەو سیستەمێکی تۆتالیتاری، ئەوێ ڕۆژێ کە مارشاڵ بیتان ڕایگەیاند: “من ڕقم لە درۆیە”

[5] بەپێی ئەم تێڕوانینە، گرنگە لەمڕۆدا لە وانە مێژوویییەکانی سیستەمە تۆتالیتارەکان و واتا  جیاوازەکانی بکۆڵینەوە. کتێبە مێژوویییە نوێیەکانی قوتابخانە، دەلاقەیەکی فراوانتر دەکەنەوە بۆ بیرکردنەوە بە ڕووی قوتابیانی قوتابخانە فەرەنسییەکاندا.

[6] لێرەدا چەمکی گوتن یان قسەکردن واتاکانی گوزارشتکردن و پێشنیازکردن به بەرفراوانێتی دەگرێتە خۆ، ئەوەش ڕوون دەبێتەوە کە مرۆڤ دەتوانێت درۆ بکات بەبێ ئەوەی تەنانەت لێوەکانیشی بجووڵێنێت.

[7] ئاکاری ئایینی گوتنی هەقیقەت و ڕاستی بەرانبەر بە خودا دەکاتە شتێکی ناچارەکی؛ لێ دەرهەق بە مرۆڤان نا. واتا درۆ لە هەمبەر خودادا قەدەغە دەکات نەک مرۆڤ.

[8] ئەم تێڕوانینە جاروبار لە لایەن ئاکاری ئایینییەوە پشتی پێ دەبەسترێت، وەکی سانت پۆڵ ئێژێت: (شیر بۆ زارۆکان، مەی بۆ گەوران).

[9] ئێمە ناچارین دەرهەق بەوانەی کە ڕێز لە نێوانماندا هەیە و ڕێزیان لێ دەگرین، ڕاستی بڵێین؛ هەروەها لە هەمبەر کەسە نزیک و سەرکردەکانیشماندا. واتا ڕێک بە پێچەوانەی ئەمەوە، لە نەگوتنی هەقیقەت و ڕاستیدا، ڕێزنەگرتن و بەها بۆ دانەنان هەیە.

[10] “کەسی خانەدان درۆ ناکات” ڕاستگۆییش فەزیلەتێکی ئەرستۆکراتییانەیە کە گرێدراوە بە چەمکی شەرەفەوە. لێ سەبارەت بە کۆیلە، درۆنەکردن فەزیلەت نییە، بەڵکوو پێیویستە لە سەری و ناچارە کە درۆ نەکات.

[11] لێکدژی و دووڕووییەکانی شێوازە جیاجیاکانی ڕێککەوتن، کە تایبەتن بە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بۆ ڕێکخستن و پەروەردەکردن و …هتد، بە درۆ دانانرێن.

[12] مافی لایەنگر و شوێنکەوتەکانە کە هەقیقەت بناسنەوە و بیزانن، بەڵام ئەوانی دیکە ئەو مافەیان نییە.

[13] لەبارەی واتای فریودانەوە ( N.D.E).

[14] لە ڕابردوودا هەردوو گوزارەی بازرگان و درۆ هاوواتای یەکدی بوون، وەکی چۆن پەندە سلاڤییەکە دەبێژێت: (کێ فرتوفێڵ و درۆی کرد، فرۆشتی!) بەڵام لەمڕۆدا ئەمانەتپارێزی و ڕاستگۆییی بازرگان بە ئیشڕێکی دادەنرێت.

[15] ئەگەر ڕژێمە فاشیستەکە بوو بە ڕژێمێکی ڕەگەزپەرست، باشترین ڕێگەیەک بۆ پاڵنانی لێکدژی بەرەو دوائاستی خۆی، ئەوەیە کە بیکەینە شتێکی بایۆلۆژی، نەک بە ڕێگەی ڕێککەوت.

[16] (جەنگ حاڵەتێکی سروشتییە) و (دوژمنایەتیکردنی جیهانی دەرەکی) لەو شتانەن کە لە نەست و هوشیاری خودییانەدا جێگیر کراون و تۆتالیتارەکان لە بیر و هۆشی گەلەکانیاندا، جێیان بۆ کردوونەتەوە.

[17] لێرەدا نموونەی گەنجێکی ئەسپارتەیی و گەنجێکی هیندی و عەقڵیەتی ماران یاخود عەقڵیەتی یەسوعی بەکار دەهێنین، کە چۆن پێکەوە ڕێککەوتن ببنە گەواهیدەری چۆنێتی ڕاهێنان کردن لە سەر درۆ.

[18] زیهنێتی شەڕی ئایینی لەم دەربڕینە بەناوبانگەدا زیاتر دەردەکەوێت: (هیچ باوەڕێک نیە بۆ بێباوەڕان).

[19] درۆ چەکێکە کە بەکاری ناهێنین گەر ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی نەبووبینەوە، لەمەشەوە دەتوانین ئەوە هەڵبهێنجێنین کە هیچ کۆمەڵەیەک پشت بە بنەمای درۆ نابەستێت تەنها لە دۆخێکدا نەبێت کە گیرۆدەی ‌دوژمنایەتی و چەوساندنەوە و ستەمکاری بێت، بەو پێیەی کە لاوازتر دەبێت، خۆ ئەگەر وانەبێت ئەوا ئەوەی کە باسمان کردووە شمولی ناکات. هەتا ئەگەر ئەم دۆخە تووشی پەنابەرەکانیشمان بێت، ئەوە ڕەوەندێکی هێندە داخراو دروست دەکات، کە تا ئەوپەڕی داخراوی بچێت.

[20] کۆمەڵناسی بەتایبەتی لێکۆڵینەوەی لەبارەی کۆمەڵە نهێنییەکانەوە پشتگوێ خستووە، گومانیش لەوەدا نییە کە گەر بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت زانیاریمان لەبارەی کۆمەڵە نهێنییەکانی ئەفریقاوە هەیە و ئاگاداریانین، بەڵام بەتەواوی ناشارەزا و بێئاگاین لەو کۆمەڵە نهێنییە ئەوروپیانەی کە هەبوون و هەن، ئەگەریش جاروبار کەمێک لە بارەی مێژووەکەیانیشەوە بزانین، ئەوا هیچ لەبارەی بونیادی شێوازەکەیانەوە نازانین، کە گرنگییەکانیانمان بۆ دەردەخات.

[21] بێگومان لەناو هەموو کۆمەڵەکاندا (کۆمەڵێک نەفرەتلێکراو و هیج و پووچ) هەن، کە  ئەندام بوونیان لەناو کۆمەڵەکەدا بە بەختێکی خراپ یان پەڵەیەکی شەرمەزاری دادەنرێت، چارەنووسی ئەمانەش بەگشتی لەناوچوون و نەمانە، لێ لەگەڵ ئەوەشدا هەتاوەکوو ئەمانە هەبن، کۆمەڵەکە وای دەبینێت کە تەنراوە بە ناپاک و ترسی لە ناپاکی هەیە.

[22] شێوازە تەقلیدییەکەی کۆمەڵەی نهێنی، ئەوەیە کە لە خۆدروستکردن و خۆپێگەیاندندا ملکەچ دەبێت بۆ ڕاهێنانی پلەبەندی. هەروەها کۆمەڵەگەلێکی دیکەی نهێنی هەن کە هەندێکیان لە هەندێکی دیکەیانەوە چێ دەبن، بەڵام ئەمە زۆر دەگمەنە، سەرباری ئەوەیش ئەم کۆمەڵانە کرداری خۆپێگەیاندن لە یەکدییەوە وەردەگرن. ئەوەشی لە واقیعدا وەک میراتێک لەم کۆمەڵانەدا دەمێنێتەوە یاخود پارێزگاری لێ دەکرێت لە ڕێی بۆ یەکدی هێشتنەوەوە، خۆپێگەیاندن و خۆدروستکردنە.

[23] ئەو کۆمەڵانەن کە ڕاهێنان بە کۆمەڵە نهێنییەکان دەکەن لەکاتی پێویستدا.

[24] ئەمە بە تەواوی جیاواز و پێچەوانە دەبێتەوە، کاتێک مەسەلەکە پەیوەندی بەو کۆمەڵانەوە هەبێت کە خەریکی بانگەشەی  ئایینین، یاخود سیاسەتێکی کراوەتر پەیڕەو دەکەن بە بەراورد بەوانی دی. ئەو کۆمەڵانەی کە ئەندامەکانیان ڕازی دەبن بەوەی کە لە پێناویدا شەهید بن، یاخود هەوڵی بۆ دەدەن، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ باوەڕدارییان. شەهیدبوونی هەر ئەندامێکی کۆمەڵەکەیش دەبێتە ئامڕازیک بۆ بانگەشەکردن و ئیشکردنی لە پێناوی باوەڕەکەیدا.

[25] هەروەها پێویستە جیاوازییەکی هۆشمەندانە لەنێوان ڕاگەیاندنی گشتی و ئەو  ئاگادارکردنەوەیەدا بکەین کە تاڕادەیەک بەنهێنی دەبێت، یاخود بەتەواوی هەقیقەت دادەپۆشێت و دەیشارێتەوە و ئاڕاستەی لایەنگرە دڵسۆزەکان دەکرێت، یاخود ئەوانەی هەڵبژێردراون بۆ بوون بە لایەنگرێکی دڵسۆز.

[26] باوەڕبوون بە هەبوونی زانیاری و سەلمێنراوی شاراوە، هەر بۆ خۆی بیانوویەکە بۆ نوقستانی و کەموکوڕی لە ڕاهێنانەکاندا، داننانیشە بە نالێوەشاوەییدا.

[27] لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە دەزانین کەوا چۆن ڕژێمە تۆتالیتارەکان سایکۆلۆژیای مافخوراوی و عەقڵییەتی گەلی هەڵبژاردەی تەنراو بە دوژمن، کە مافەکانی لێ زەوتکراوە و هەڕەشە لەسەر بوونی هەیە، لە ناو ناخی ئەندامەکانیدا جێگیر دەکات. ئەمە تایبەتە بە دۆخێکی ڕاستەقینەوە، کە دەبێتە هۆی گەشەدان بە هەستکردنێکی ئێجگار خراپ بە نزمێتی و هیچ لەبارانەبوویی لای تۆتالیتاریستەکان.

[28] بە تەواوەتی ئەوە دەزانین کە ئامڕازەکانی درۆکردن بە شێوەیەکی باڵا، کە “دیپلۆماسیەتی پسمارکی” بە شێوەیەکی فراوان بەکاری دەهێنا لە ڕووبەڕوونەوەیدا لەگەڵ درۆی ئاسایی و دەرئەنجامەکەشی سەرلێشێواندنی دوژمنەکانی بوو، خاسیەتی دیپلۆماسیەتی تۆتالیتارەکانە.

[29] لە بەرانبەر بێهیوابوونی دژبەر و بەرهەڵستکارەکاندا، شوێنکەوتووان و لایەنگر و ئەوانەشی کە ئینتیمایەکی زۆریان هەیە هەست بەوە دەکەن کە گەیشتوون بە هەقیقەت.

[30] دەتوانین پێیشی بڵێین ” ئەرستوکراتیەتی درۆ” ئەگەر دەربڕینەکان دژیەک نەبنەوە. لە داکەوتیشدا بوونی “دەستەبژێرێکی درۆزن” بۆ ئەو دەستەبژێرە درۆزنەی کە فەرمانڕەوان پێویستە، ئەمانەش دەستەبژێرێکی دیماگۆجین نەک دەستەبژێرێکی ئەرستۆکراتی.

[31] بەلای ئەو کەسانەوە کە خوێندەوارییان هەیە و دەتوانن بخوێننەوە، ئامانجی سەپاندنی هەژموون بەسەر جیهاندا، لە کتێبی ( خەباتی من)، زۆر بەڕوونی داڕێژراوە.

[32] هێشتاش تیۆریای بابەتی بانگەشەکردن، لای کەسانێکە کە ئینتیمایان بۆ کۆمەڵەکان نییە و باوەڕیان بە تیۆریاکە هەیە

[33] جۆرێک لە بەرکەوتن لەنێوان لایەنگران و سەرکردەدا دروست دەبێت، لە ڕێی پەیوەندییە شاراوەکانەوە.

[34] هەرچەندە فاشیزمی ئیتاڵی لەو کاتانەدا، هیچ نەبوو لە هاوشێوەیەکی ساختەی تۆتالیتاریزمی هیتلەر زیاتر ( ئەمە ئەگەر وێنایەکی کاریکاتێریانەی ئەو تۆتالیتاریەتە نەبێت).

[35] ئەمە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی گەمژە و ساویلکە، بەتایبەتیش مرۆڤی تۆتالیتار، بڕوانە: (ئەڤۆرد، ستەمکاری و بەگەمژەکردنی مرۆڤ، فەرەنسای ئازاد، ژمارە 16، ١٩٤٢)

[36] ئایا لە توانایدایە ئەمە بکات؟ لە ڕاستیدا شموولییەت کە هەم بە بانگەشەکانی و هەمیش بە بوهتان و درۆکانی دەیەوێت لە بەها و شکۆی عەقڵ و ڕێکخستنە عەقڵانییەکان کەم بکاتەوە، لە پێناوی دونیابینی ئەندامەکانی خۆی و پەیوەندی نێوان ئەندامەکانیدا؛ بەڵام ئەمە لە واقیعدا ڕەنگ ناداتەوە و بەرجەستە نابێت.

[37] هەرچی پەیوەندیدارە بە ئەنسرۆپۆلۆژیای شموولییەوە، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەندامانی ( دەستەبژێر) و (تەواوی خەڵک)یدا، هەروەها لە نێوان (مرۆڤی عاریف و هۆشمەند  homos sapiens) و (مرۆڤی بڕوادار homo credulus)دا، هەر خودی ئەم جیاوازییەش لە ئەنسرۆپۆلۆژیای عیرفانیدا هەیە لەنێوان ئیلییەکان و ڕۆحانییەکان، یاخود لە ئەنسرۆپۆلۆژیای ئەرستۆییدا کە جیاوازییە لە نێوان ئازاد و کۆیلەدا.

[38] گیانەوەری بیرکەرەوە داوای بیرکردنەوە دەکاتintellection ، گیانەوەری گەمژە و ساویلکەیش داوای بیروباوەڕ دەکات credere.

[39] بیروباوەڕ یاخود گوێڕایەڵی و ملکەچیی و شەڕکردن لەئەستۆی میلەتدایە، بیرکردنەوەش تایبەتە بە سەرۆک و لە ئەستوی ویدایە.

[40] ئامڕاز و شێوازە جوداکانی درۆ، لەسەر ئەم بنەمایە ڕێدەکەن: ( من باڵندەم، سەیری باڵەکانم بکە… من مشکم؛ با هەر بژێن مشکان). کە ئەمەش ڕێدانە بە باوەڕبەخۆبوونێکی ساختە تاکو بەهایەکی بەرز بە خۆیان بدەن، ئەم بەها بەرزەش دەبێتە پاداشتێکی دەروونییانە بۆ خۆپێگەیاندنێکی هەڵە، کە کەسی فریودراوی پێ ڕازی دەبێت، بەڵام ڕازیبوونێکی ساختە و درۆینە، بەو پێیەی کە نوێنەرایەتی ڕیزپەڕیی دەکات، وای لێ دەکات کە بگاتە ئەو باوەڕەی کە ئەو لە پەنایەکی نهێنیدا چالاکە، وای لێدەکات کە هەست بە بەرزبوونەوە و لەخۆڕازیبوون بکات کە دەبینێت ئەوانی دی دوای درۆکانی کەوتوون.

[41] ڕۆژەک “مۆسۆلینی” گوتی: ( ئیتاڵییەکان باکوورییەکانن) ، دوای ئەوەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە ئاشکرا گاڵتەی بەڕەگەزپەرستی هیتلەر دەکرد.

[42] هەروەها هیتلەر ڕێی بە خۆیدا، کە تیۆریاکەی لەبارەی درۆوە، لە کتێبەکەی خۆیدا: (خەباتی من) بخاتە ڕوو، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک درکیان بەوە کردبوو کە ئەو بەڕاستی مەبەستی چییە.

[43] چەمکی جەماوەر بەم شێوازە وەردەگیرێت، واتا ئەو لە ڕوویەکەوە واتایەکی جۆرێتی پیشەییانەی پێ دەدات: لە ڕێبازی فەهرەری دیکتاتۆر و لە ڕێنمایی و بەڵێنەکانیشیدا؛ یان لە بیروباوەڕی هەموو سەرکردە تۆتالیتارەکاندا؛ وەها سەیری جەماوەر دەکرێت کە خەڵکانێکن کورت دەهێنن لە بیرکردنەوەدا، بۆیە پەنا دەبەنە بەر بیروباوەڕ بۆ بەڵگەهێنانەوە! بەم مانایەش چەمکی “جەماوەر” لێرەدا ئاماژە نییە بۆ چینێکی بەرفراوانی کۆمەڵگە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ چینێکی هزری، زۆربەی جاریش ئەو ئەندامانەی سەرپەرشتی جەماوەر دەکەن لە دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگەن.