دەروازەیەک بۆ تیۆریزەکردنی پرسی کار، ژن و سەرهەڵدانی توندوتیژی

[ئەم توێژینەوەیە پێشکەشە بە پڕۆژەی ‘ئەم مرۆڤانە کار دەکەن’]

دەروازە:

کار چییە و چۆن سەری هەڵداوە؟

هەمیشە لە کتێبە مێژوویییەکاندا ئەوە دەخوێنینەوە کە «گەورە پیاوان» داهێنەری شارستانێتی مەزنی مرۆڤایەتین، بەڵام لە مێژووی سەرهەڵدانی شارستانێتیدا هەرگیز ئاماژە بە ناوی بکەرە ڕاستەقینەکانی دامەزرێنەری شارستانێتی ناکرێت. شارستانێتی و کولتوور بەرهەمی کاری بەردەوام و زەحمەتی زۆرینەی کارکەرانی کۆمەڵگا بووە، لە کاتێکدا هەمیشە ئەو بکەرە ڕاستەقینانە بێ ناو ماونەتەوە. (بێرتۆلت برێشت) شیعرێکی هەیە بە ناوی «پرسیارەکانی ئەو کرێکارەی دەتوانێت بخوێنێتەوە» و تێیدا دەنووسێت:

كێ تیبسی حەوت دەروازەى بونیاد نا؟

ناوی پاشایان لە کتێباندا هاتووە.

ئەوە پاشایان بوون تاوێرە بەردەكانیان بەرز دەكردەوە؟

و بابل، سەدانجار وێرانكراو.

كێ بوو جارەهای جار بونیادی نایەوە؟ بونیادنەرانی

لە كام كاروانسەرای زێڕینی لیمادا دەژیان؟

ئەو ئێوارەیەى دروستكردنی دیواری چین تەواو بوو، بیناكارەكانی چوونە كوێ؟

ڕۆمای مەزن

سەركەوتن بەسەر سەركەوتندا كەڵەكە دەكات.

كێ ئەم سەركەوتنانەى دەستەبەر كرد؟

سیزارەكان سەركەوتنیان بەسەر كام خەڵكدا بەدەست هێنا؟

بیزانسی هەمیشە ستایشکراوی ناو سترانان، ئایا تەنها ئەهلەكەى خۆى كردە كۆشكنشین؟

تەنانەت لە ئەتلانتیسی ئەفسانەییدا

ئەو شەوەى ئۆقیانوس قووتی دا،

هاواری نوقمبووانی كۆیلەكانی بەرز دەبووەوە.

ئەسكەندەری لاو هیندستانی گرت.

ئایا ئەو بەتەنها بوو؟

سیزار گۆلەكانی بەزاند.

ئایا چێشتلێنەرێكی لەگەڵ نەبوو؟

پاشا فیلیپی ئیسپانیا بۆ نقوومبوونی کەشتییە جەنگییەکانی گریا. ئەرێ تەنها ئەو بوو دەگریا؟

فریدریشی دووەم براوەى جەنگی حەوت ساڵە بوو.

ئەرێ هەر ئەو بوو براوە بوو؟

لە هەموو لاپەڕەیەكدا سەركەوتنێك.

دەستی سووری سەركەوتووان هی كێ بوو؟

هەر دە ساڵ پیاوێكی گەورە.

كێ تێچوونەكەى دەدات؟

دنیایەك ڕاپۆرت.

دنیایەك پرسیار.1Bertolt Brecht, Fragen eines lesenden Arbeiters, in Die Gedichte, Die Sammlungen, Die Einzelgedichte, Vollstänidge Neuausgabe, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2016, s.291-292.

ئەم شیعرە بناغەی ماتریالیزمی مێژوویی دادەڕێژێت، مێژوویەک کە بتوانێت مافی قوربانییانی بدات و ببێتە سەکۆیەک بۆ پەراوێزخراوەکان و دەنگی بێدەنگکراوان و ناوی بێ ناوان. سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، کە لە مێژووی مرۆییدا (چەمکی مۆدێرنی کار) بەو مانایە کە ئەمڕۆ ئێمە هەمانە بە هیچ شیوەیەک نییە. تەنانەت تا پێش (شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩) شتێک نەبوو بە ناوی (کەرامەتی کار-Dignity of Work)، لەبەر ئەوەی هیچ شتێکێکش بە ناوی (کەرامەتی مرۆڤ -Human dignity) بوونی نەبوو. ئەوەی پێشتر هەبوو تەنها سەردەمی کۆیلایەتی و کاری بێگاریی بوو، کە بەگشتی بە خەڵکێک دەکرا کە کۆیلە کرابوون. بۆ نموونە لە مێژووی یۆنانی کۆناندا، جگە لە ئەسینایییەکان، کۆی شارستانێتیی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای سووکایەتیکردن بە کار دامەزرابوو، سپارتایییەکان فەزیلەتی سەربازییان بەسەر فەزیلەتی کارکردندا بەرز دەکردەوە. بە بڕوای ئەوان ئەریستۆکراتەکان نەدەبوو کار بکەن، چونکە کار پیس، قڕێژ، قێزەون و نزمە و دەبێت کۆیلەکان ئەنجامی بدەن، لە کاتێکدا سەربازانی جەنگاوەر وەک فەزیلەتی ڕاستەقینە دەبینران و لە چینی ئەریستۆکراتییەوە دەهاتن. پاشان سەردەمی فیودالیزم دێت، کە ئەم جارە مرۆڤی کارکەر دەبێتە وابەستە و بەستراوە بە زەوییەوە، تەنها بۆ ئەوە کار دەکات کە بژی و بژێوی و هێزی سبەی بەرهەم بهێنێت. کاتێک (لۆردێک)، ئاغایەک، خاوەن زەوییەک زەوییەکەی بفرۆشتایە، هەموو کارکەرانی سەر زەوییەکەش لەگەڵیدا دەفرۆشران و دەبوونە موڵکی ئاغایەکی دیکە. تەنانەت هاتوچۆش پەیوەندی بە قەواڵەی زەوییەوە هەبوو، کارکەرێک (یاخود ئیشکەرێک، کرێکارێک) لە ناوچە و شارێکەوە بۆی نەبوو بڕوات بۆ شار و ناوچەیەکی دیکە، چونکە بەگوێرەی ڕێککەوتن و عورف و دەستوری ئاغا و خاوەن زەوییەکان، ئەو کەسەی وەک بێگار لەسەر زەویکاری پێ دەکرا، دەبوو بۆ زەوی و شار و گوندی ئاغاکە ڕەوانە بکرێتەوە. بێگار ئەو کەسە بوو لەسەردەمی فیودالیزمدا نە کۆیلە بوو هاوشێوەی سەردەمی کۆن و نە کرێکاری مۆدێرن، مۆدێلێکی کارکردنی وابەستەی زەوی.

لەگەڵ هاتنی جیهانی مۆدێرندا، بە دیاریکراوی لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشە بۆرژوازییەکاندا، کە لە شۆڕشی فەڕەنسی ١٧٨٩دا دەگاتە لوتکە، بۆرژوازیی تازە هەم لە بواری بازرگانی و هەم پیشەسازیدا دەرکەوت. بۆرژوازیی تازە لەگەڵ کۆیلە، ڕەعییەت و وابەستەکانی زەوییەکانی پێشوودا یەک دەگرن و جەنگێکی بێ ئامان دژی بناغە و سەرجەم باڵەخانە دوو هەزار ساڵەکەی ئەریستۆکراتی و فیودالیزم ڕادەگەیەنێت. هەر لێرەوەیە کە دەبینین کاڕڵ مارکس و فریدریش ئەنگڵس لە «مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، ١٨٤٨»دا ستایشێکی سەرسەختی بۆرژوازیی نوێ دەکەن چونکە مرۆڤی لە کۆتوبەند و وابەستەبوون بە زەوی و ئایین و فیودالیزم ڕزگار کردووە، لە جیاتی کرێکاری مۆدێرنی بەرهەم هێناوە کە پێی دەڵێن «پرۆلیتاریا». 2بڕوانە: کاڕڵ مارکس و فریدریش ئەنگڵس، مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، ٢٠١٦.هەرچەندە ئەوان ئەوەش لەبیر ناکەن، کە بۆرژوازیی نوێ ئەم جارە بە فۆرمێکی دیکە کرێکار دەچەوسێنێتەوە و لەبری پاشکۆی زەوی، دەیکاتە کرێکاری کرێگرتە. واتا کرێکار ئەم جارە لەبری ئەوەی بە زۆر بێت ئازادانە هێزی کاری خۆی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی بژی و بژێوی خۆی پەیدا بکات. ئەمەش بەو مانایەی کە بۆرژوازی ئەم جارە بە زۆر کرێکار و هێزی کار وابەستەی خۆی ناکات، بەڵام لە دەرەوەی نەزمی بۆرژوازی هیچ دەرفەتێک بۆ کار نامێنێتەوە. کرێکار بۆ ئەوەی بژی، ناچارە بچێتەوە ناو کارگە پیشەسازییەکانی بۆرژوازی و هێزی کاری خۆی بفرۆشێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت، خۆی نابێتە خاوەنی، بەڵکوو لەبری ئەوەی ئەنجامی دەدات ئەو کرێی کەمەیە کە خاوەن کار پێی دەبەخشێت. لێرەوە تیۆری (نامۆیی کار) سەر هەڵدەدات، واتا کرێکار لە پرۆسەی کارکردندا بۆ بۆرژوازی بە چوار قۆناغی نامۆبووندا دەڕوات:

یەکەم: «نامۆبوون لە بەرهەمی کارەکەی» واتا ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت، خۆی نابێتە خاوەنی، بەڵکوو دەبێت پارەیەکی زۆر کۆ بکاتەوە، لە بازاڕ بیکڕێت.

دووەم: «نامۆبوون لە سروشت» بەو مانایەی کە کرێکار چیتر پەیوەندییەکی هەمەلایەنە و مرۆیی بە سروشتەوە نەماوە و بەڵکوو بەرهەمهێنان لەسەر وزەی زەوی و ژینگەیەک دەکات، کە کەسێکی دیکە داگیری کردووە ئەویش خاوەنکارە.

سێیەم: «نامۆبوونی کرێکار لە هاوڕێ کرێکارەکەی» لێرەدا چیتر پەیوەندی نێوان کرێکاران پەیوەندییەکی هاوڕێیانە و هاوپشتیی نییە بەڵکوو کێبڕکێیە، چونکە سەرمایەدار هانی کرێکاران دەدات بۆ کاری قوورستر، بۆ ئەم مەبەستەش پاداشتێکی کەم دەبەخشێتە بە کرێکاری ماندووتر و زەحمەتکێشتر، هەر بۆیە لە جیاتی هاوپشتی و پەیوەندیی یەکسان، سەردەمی کێبڕکێ و یەکتر لەناوبردن دەست پێ دەکات.

چوارەم: «نامۆبوون لە جۆری مرۆیی» واتا کرێکار چیتر خۆی وەک مرۆڤ و چالاکیی خۆی وەک چالاکییەکی مرۆیی نابینێت، هەروەها پەیوەندیی خۆی بە مرۆڤەکانی دەوروبەرییەوە لەدەست دەدات.3بۆ زانیاریی دەربارەی چەمکی نامۆیی لای مارکس بگەڕێنەوە بۆ شاکارەکەی ئستڤان مێزارۆش:István Mészáros, Marx’s Theory of Alienation, Merlin Press, London, 2006.

کار وەک چالاکیی زیندووی ژیان

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویستە باس لە سەرهەڵدانی کار وەک چالاکییەکی زیندووی ژیان بکەین. ئێمە دەزانین ئەوانەی کار دەکەن کەمترین دەستکەوتی بەرهەمەکانیان بۆ خۆیان دەبێت، بەڵام ناکرێت نابێت لێرەدا بە شێوەیەکی دۆگمایی بڕوانینە پرسی کار، بەڵکوو لەجیاتی ئەوە ئێمە دەبێت بە شێوەیەکی دیالەکتیکی پرۆسەی کار ببینین. سەرهەڵدانی چەمکی (کەرامەتی کار)، هەر ئەوە نییە کە کرێکار دەکاتە پاشکۆ و ئەڵقەلەگوێی سەرمایە و کۆت و بەندی دەکات، بەڵکوو هەر ئەم پرۆسەیە یارمەتی دەدات لە بوونی خۆی وەک بکەرێکی سیاسی وشیار ببێتەوە، ئەم وشیاربوونەوەیەش پرۆلیتاریا دەکاتە بکەرێکی شۆڕشگێڕ.

هەڵبەت کاڕڵ مارکس یەکەم بیرمەندە لە مێژووی مرۆڤدا کە زۆر بەقووڵی و هەمەلایەنی تیۆریزەی چەمکی کاری کردووە. ئەو کار وەک کاتیگۆرییەکی تەواو گرنگ دەبینێت بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی. لە نووسراوێکیدا بە ناوی «لێکدانەوەکان دەربارەی ڕەگەزەکانی ئابووریی سیاسیی جەیمز میل»، مارکس تێگەیشتنێکی تەواو دیالەکتیکییانە بۆ چەمکی کار دەکات و دەنووسێت:

«کارەکەم دەبێتە بەرجەستەبوون و دەرکەوتنێکی ئازادیی ژیان، کەواتە دەشبێتە چێژوەرگرتن لە ژیان. بەڵام بە گریمانەکردنی لێرەبوونی خاوەندارێتیی تایبەت، کارەکەم تەنها نامۆبوونە لە ژیان، چونکە بۆ ئەوە کار دەکەم تا بژیم، بۆ ئەوە کار دەکەم تا بژێویی ژیان بەدەست بهێنم. کارەکەم ژیانی من نییە… بەگریمانەکردنی خاوەندارێتیی تایبەت، تاکایەتیی من بەڕادەیەکی وەها نامۆ و بێگانە دەبێت، کە ئەم چالاکییە دەبێتە چالاکییەک ڕقم لێی بێت، دەبێتە جۆرێک لە سزادانی من کە دوورە لەوەی لێکچوونی لەگەڵ چالاکیدا هەبێت. کەواتە کار تەنها چالاکییەکی زۆرەملێیە کە کەسانێک لە ڕێگای پێداویستیی دەرەکییەوە بەسەریاندا سەپاندووم، نەک بەهۆی پێداویستییەکی گرنگ و ناوەکی و جەوهەرییەوە».4Karl Marx, ‘Comments on James Mill, Elements d’Economie Politique’, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence & Wishart, London, 2010, p.228.

لەو کاتەوە کە مارکس تێبینی و چاودێریی مانگرتنەکانی کرێکاران و خەباتەکانی خەڵک  و جووتیارانی دەکرد کە بۆ دار و درەخت و بۆ نیشتەجێبوون دەیانکرد، دەستی کرد بە بەکارهێنانی شیکاریی ڕەخنەییانەی خۆی دەربارەی ئابووریی سیاسی، تا کۆمەڵێک بنچینەی بەرجەستە و کۆنکرێتی بۆ تێگەیشتن  لە ماتریالیزمی تازە  بۆ مێژوو دابین بکات. چالاکیی مرۆیی، بە فراوانی وەک ڕەگەزێکی بنچینەیی بۆ ئەم ماتریالیزمە نوێیە دەبینرا. لە »دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی ١٨٤٤»دا مارکس ئامادەکاری بۆ یەکەم کۆتێزی خۆی بۆ کار وەک چالاکییەکی زیندوو دەکات. بۆیە دەڵێت بوونی مرۆیی:

«چالاکیی خودی ژیانی مرۆڤ دەکاتە بابەت و ئۆبژێکتێک کە وشیاری و ئیرادەی ئەوە. ئەو خاوەن چالاکیی وشیارانەی ژیانە، ئەمەش دەستنیشانکردنێک نییە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا دەربکەوێت، چونکە چالاکیی وشیارانەی ژیان، ڕاستەوخۆ مرۆڤ لە چالاکیی ژیانی ئاژەڵی جیا دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە خاوەن بوونێکی جۆرییە. تەنها لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ خاوەن بوونێکی وشیارانە و جۆرییە، ژیانی خۆی دەبێتە بابەت و ئۆبژێکتێک بۆ خۆی. هەر لەبەر ئەوەشە کە چالاکیی ئەو بریتییە لە چالاکیی ئازاد».5Karl Marx, Ökonomisch-philosophische Manuskripte aus dem Jahre 1844, in Karl Marx, Friedrich Engels: Werke, Dietz-Verlag, Berli 1968, Band 40, s.39-40

پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان بوونی کۆمەڵایەتی و سروشت لەم ڕووەوە، کاریگەریی ڕەهەندەکانی پەیوەندی نیوان خۆیان دەبیننەوە: واتا «ژیانی فیزیکی و ڕۆحیی مرۆڤ پەیوەست دەبێت بە سروشتەوە بەو مانا سادەیەی سروشت خۆی پەیوەست دەبێت بە خۆیەوە، چونکە مرۆڤ خۆی بەشێکە لە سروشت».6هەمان سەرچاوە کەواتە گۆڕینی سروشتی ئۆرگانی، کە بەهۆی چالاکیی مرۆیییەوە بەدیهاتووە، ناوبژیوان و نێوانگیرییەکی پێویست و گرنگە کە خۆی لەناو کارکردندا دەدۆزێتەوە، بە مانای «کەرەستە، بابەت و ئامرازی ژیانی چالاکانەی خۆییەتی».7هەمان سەرچاوە لێرەوەیە تێدەگەین بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی بناغەی خۆیان لەناو چالاکیی کاردا هەبووە و هەیە. ئەمەش لەلایەن مارکس و ئەنگڵسەوە بەتایبەتی لە کتێبی «ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی»دا فراوانتر دەکرێت، بە دیاریکراویش لەو شوێنەدا کە دەڵێن:

«لەم ڕووەوە یەکەم کردەی مێژوویی بریتییە لە بەرهەمهێنانی ئامرازی دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی خودی ماتریال و کەرەستەی ژیان. لە ڕاستیدا ئەمەش بریتییە لە کردەیەکی مێژوویی، وە هەلومەرجێکی بنچینەییی سەرجەم مێژوو، کە تا ئەمڕۆش، هاوشێوەی هەزاران ساڵ پێش ئێستا، دەبێت هەموو ڕۆژێک و هەر کاتژمێرێک تەنها لە پێناوی مانەوەی ژیانی مرۆییدا بەدی بهێنرێت و ئەنجام بدرێت»8Karl Marx and Friedrich Engels, The German Ideology, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence and Wishart, London, 2010, p.31.

بەرهەمهێنانی ئامرازی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆیییەکان دواتر گۆڕا بۆ هەلومەرجێکی بنچینەییی ژیانی مرۆییی خۆی، بە واتا هەمان بناغەی پرۆسەی بەمرۆییبوون. کار وەک شتێک دەبینرا لکابێت بە ژیانی مرۆڤەوە، وەک ئەوەی ئەوان بەهۆیەوە بوونەتە بوونەوەرێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی:

«مرۆڤەکان دەکرێت لە ڕێگای وشیاری، ئایین یان هەرشتێکی دیکەی هاوشێوەوە لە ئاژەڵان جیا بکرێنەوە. هەر ئەو کاتەی دەست دەکەن بە بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی بژێویان ڕێک لێرەوە خۆیان لە ئاژەڵان جیا دەکەنەوە، هەنگاوێک کە بەهۆی ڕێکخستنی جەستەیی و فیزیکییانەوە بەدی دێت و دەستەبەر دەبێت. لە ڕێگای بەرهەمهێنانی ئامرازی مانەوە و بژێویان، مرۆڤەکان ناڕاستەوخۆ ژیانی ماتریالیی خۆشیان بەرهەم دەهێنن».9هەمان سەرچاوە.

لێرەوەیە دەبینین کار وەک چالاکییەکی زیندووی ژیان سەر هەڵدەدات، وە کاتێک کار وەک ڕەگەزێکی زیندووی ژیان دەبینرێت، لە ڕاستیدا وەک خەسڵەتێکیشە کە بوونی مرۆیی لە بوونی ئاژەڵی جیا دەکاتەوە، هەر بۆیە دەبێتە ڕەگەزێکی بنچینەیی و سەنتڕاڵی مرۆڤایەتی. بێگومان مەحاڵە ژیانێکی کۆمەڵایەتی بەبێ بەدیهێنانی کردەیەکی بەرهەمهێنەرانەی ڕۆژانە درک پێ بکەین، بەڵام ژینگەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی خۆی گۆڕانی بەسەر مانا بنچینەیی و بنەڕەتییەکەدا هێناوە کە پێشتر لە ناو چەمکی کار و کەرامەتی کار و ئەو ئامانجەدا هەبوون کە بە هۆیەوە سەری هەڵدابوو. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ کرد، لێرەدایە کە کار وەک چالاکییەکی نامۆبوو دەردەکەوێت، لەبەر ئەوەی ئیتر کار وردە وردە لەناو سەرمایەداریدا و لەگەڵ سەقامگیرتربوونی سیستەمەکدا، لەوە دەکەوێت چیتر کار بێت وەک چالاکییەکی زیندوو، چالاکیی خۆ-بەدیهێنان و فراوانکردنی تواناکانی ژیان. ئەگەر کار بناغەی پێکهێنانی ژیانی زیندوو، چالاکیی ژیانی، بناغەی بەرهەمهێنانی هونەر، ئەدەب، جوانی و ئێستاتیکا و کۆی ئەو باڵەخانەیەی شارستانێتی بووبێت، ئەمڕۆ کار لەناو سەرمایەداریی نیۆلیبراڵدا خەریکە دەگەڕێتەوە پێش سەرهەڵدانی چەمکی «کەرامەتی کار».

ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە کار ئەو مانایەی لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا هەیبوو وەک بناغەیەک بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان و ڕاگرتنی پایەکانی یەکسانی و یەکسانیی هەمەلایەنە، ئەمڕۆ لەناو کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا هەموو ئەو مانا و گرنگییەی خۆی لەدەست داوە. بەبێ بزووتنەوەی کار لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا، هەرگیز مێژووی کۆمەڵگە مرۆیییەکان نەیدەتوانی دەستبەرداری ڕیشەیی هەزاران ساڵەی ئەریستۆکراتی، فیودالیزم، کۆیلایەتی و ڕیشە کۆنەپارێزییەکانی هەرەمییەتی دەسەڵات و پیاوسالاری ببێت. بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمە شایەتحاڵین، بریتییە لە داکشاندنەوە و دابەزاندنێکی چەندایەتییانەی ناو بواری بەرهەمهێنان. لەبری خزمەتکردن بە بەهای بەکاربردن، کاری ئەبستراکت و ڕووت بەردەوامە لەوەی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە دروستکردنی بەهای ئاڵوگۆڕ و بەهای بۆ بازاڕبردن هەبێت. واتا دابینکردنی پێداویستییە ژیانییەکان لەپێناوی گەشەدان بە کولتوور و هونەر و ئەدەبی پێشکەوتووخواز. بەو مانایە، وەک (مارکس) لە «ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی»یدا ئاماژەی پێ کردووە کاتێک مرۆڤ شتێکی نەبێت بیخوات، شوێنێکی نەبێت تێیدا ئارام بگرێت و بحەسێتەوە، ئاساییشی داهاتووی مسۆگەر نەبێت، چۆن دەتوانێت فیکر، هونەر و ئایدیۆلۆژیا بەرهەم بهێنێت؟ هەر بۆیە دەبینین لەگەڵ داکشاندنەوە و کورتکردنەوەی کار لە ئەمڕۆدا بۆ نێو ژمارەی چەندایەتی و لەچۆنایەتیخستن، زۆرترین بیرە دواکەوتوو، کۆنەپارێز و ڕاستڕەوەکان گەڕاونەتەوە سەر سەکۆی سیاسی، وە هەڕەشە لە هەموو ئەو دەستکەوتانە دەکەن کە بە درێژاییی دووسەد ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی خەباتی بەردەوامی بزووتنەوەی کارەوە بەدیهاتوون. لەو سەردەمەی کە بزووتنەوەی کار بەهێز بوو وە لە لوتکەی ڕادیکاڵیزمی خۆیدا بوو، وردە وردە دەبینرا کە جیاکاری نێوان کاری فیزیکی و کاری فیکری لەکەمبوونەوەدایە، تەنانەت وای لێهاتبوو بە شێوەیەکی ماتەوزەی ناوەکی (پۆتێنشیاڵ) هەر کارکەرێک بتوانێت کاتی بەتاڵی بۆ بوارەکانی هونەر و ئەدەبیات و کولتوور تەرخان بکات و کار وەک چالاکییەکی ژیانی خۆی ببینێت. لێرەدا نەک بەو مانایە هونەر و کولتوور کار نەبن، بەڵکوو ژیانی کرێکار لە پرۆسەی کاردا تەنها بۆ دابینکردنی بژێوی و دوورکەوتنەوە لە کولتوور و هونەر بەهەدەر نەچێت، یاخود بە مانایەکی دیکە، ئەو کرێکارەش کە پیشەی کارەکەی، بۆ نموونە، بەرهەمهێنانی کەرەستەی خۆراکییە، دەرفەتی ئەوەشی هەبێت بەشداری لە بواری کولتوور و هونەردا بکات. ئەگەر نموونەیەکی سێرگی تریتیاکۆڤی هونەرمەند و فۆتۆگرافەری سۆڤێتی بهێنینەوە، ئەو ڕۆژنامەیەکی دامەزراندبوو، کرێکارانی هان دەدا کە لە کات و دوای کاتی کارکردن وێنەی فۆتۆگرافی بگرن و لە ڕۆژنامەکاندا بۆی بڵاو دەکردنەوە. لەبەرئەمەش تریتیاکۆڤلای بیرمەندانی سەرەکیی بواری فۆتۆگرافی، وەک واڵتەر بنیامین، زیگفرید کراکاوەر، لازلۆ مۆهۆلی-ناج و هتد دەبێتە بناغەدانەری فۆتۆگرافیی نوێ.10بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم (دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەکنیک)، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠. چونکە مرۆڤایەتی خەریک بوو ببێتە شایەتحاڵی نەمانی جیاوازی و درزەکانی کاری دەستی و کاری زەینی، واتا هەر کارکەرێک پۆتێنشیەڵی هونەرمەند و ئەدیبی هەبوو. مۆدێلی کار لەناو سەرمایەداریدا، کاری دەستی و کاری زەینی هێندە لەیەک دوورخستووەتەوە، ئەوەی کار دەکات ئاگای لە کولتوور و هونەر نەبێت و ئەوەشی خەریکی بواری کولتوورە لەڕووی سیاسییەوە هیچ سۆلیداریتی و هاوپشتییەکی لەگەڵ کرێکاردا نەبێت. ئەگەر ئەرشیڤی فۆتۆگرافیی ئەو پڕۆژەیە ببینینکە ئەمڕۆ بەشێکیان بوونەتە بناغەیەکی گەورە بۆ هونەری فۆتۆگرافی، بەبێ وردبوونەوە لە سیاقی مێژوویی، وا بیر دەکەینەوە ئەو فۆتۆیانە لەلایەن فۆتۆگرافەرانی پیشەییەوە گیراون(پرۆفیشناڵ)، لە کاتێکدا زۆربەی زۆریان لەلایەن کرێکارانی ئاسایی دوای گەڕانەوەیان لە کار ئەنجامدراون، زۆربەی کاتیش ڕۆژنامەکەی تریتیاکۆڤ کامێراکانی بۆ دابین کردوون.

ئێمە ئەمڕۆ لە سەردەمێکدا دەژین کار بە تەواوی ئەم مانایانەی لەدەست داوە، هەم ڕێژەی هونەرمەندان و داهێنەران و ئەدیبان لە کەمبوونەوەدایە و هەمیش هێزی کاری ڕووت لە هەڵکشاندایە. لە هەمان کاتدا نوخبەیەک ڕۆژ بە ڕۆژ کۆنتڕۆڵی مۆزەخانەکان، گەلەرییەکان، هونەرە جوانەکان و هتد دەکات، لە بەرانبەردا ڕێگە بۆ جۆرێک لە ئەستێرەکانی وەک هۆلیوود خۆش دەکات کە ببنە خزمەتکاری ئایدیۆلۆژیی ئەم نەزمە نوێیەی نیۆلیبرالیزم. لەم سەردەمەدا کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان بەتەواوی پێگە کارییەکانیان نادڵنیا و بێ ئاساییش کردووە، مرۆڤ بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و درێژە بە بژێوییەکانی بدات، ناچارە چەندین جۆری کار هەڵبژێرێت و هەموو ووزەی خۆی تێدا بەگەڕ بخات. ئەمەش نەک تەنها لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دووری دەخاتەوە، بەڵکوو کۆی توانا ناوەکییەکانی بۆ داهێنانی ئەدەبی، هونەری و کولتووری لەدەست دەدات و دەبێتە ئامێرێکی ڕووتی کارکردن کە هەموو ڕۆژێک ڕاکەڕاکییەتی بەدووی سبەینێیەکدا لە برسان نەمرێت. لە سەدەی نۆزدەدا (مارکس) بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە دەبێت ڕۆژ و کاتی کار کەم بکرێتەوە وە کاتە بەتاڵەکان لەپێناوی پەروەردەی هزری و هونەری و کولتووریدا هەڵبکشێنرێن، تا کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی پێشکەوتووخواز لەدایک ببێت. ئەمڕۆ نیۆلیبراڵیزم ڕۆژ بەڕۆژ ئەم دەستکەوتانە لەناو دەبات و کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی بردووەتەوە ناو دڵی دواکەوتووییەوە، بێ هۆ نییە ئەمڕۆ بیرمەندانێکی زۆر باس لە گەڕانەوەی سەردەمە تاریکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەکەن، کە تێیدا مرۆڤ دەبێتەوە بە پاشکۆی زەوی. هەرچەندە وەک بەشێک لە کۆمەڵناسان باسی دەکەن ئەمڕۆ مرۆڤ بە پاشکۆبوونی بۆ دیجیتاڵ، لە کار وەک چالاکییەکی ڕاستەقینەی ژیان دوور کەوتۆتەوە.

ئەوانەی تا ئێرە باسمان کردن دەکرێت وەک بنچینەیەک وەربگیرێن تا لە مەبەستی کار تێبگەین، بەو ئامانجەی کە سەرەڕای ڕەهەندە نامۆکەرەکانی، لە ڕوانگەی دیالەکتیکییەوە، کار لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا بیبینین، چونکە کار ڕەهەندی ڕزگاریخوازانەی هەبووە و وشیاریی مرۆڤی هەڵکشاندووە.

لێرەدا پێویستە بچینە ناو بابەتێکی گرنگەوە و ئاماژە بەوە بکەین کە لە ڕابردوودا کار گرنگییەکی زۆری هەبووە بۆ ڕزگاربوونی ژنان. سەرمایەداریی سیستەمێکی دژبەر و ناکۆکە، ئەگەر دیالەکتیکی لێی بڕوانین، دەبینین بەبێ ئەوەی خۆی ویستبێتی دەرفەتی خوڵقاندووە کە کۆمەڵگەیەکی نوێی جەماوەری سەر هەڵبدات و ژنان تێیدا ڕۆڵێکی بنچینەیییان گێڕاوە بەتایبەتی لە گۆڕینی کۆمەڵگەی نەریتیدا. لەبەر ئەوە مارکس ستایشی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری دەکرد، چونکە ئەو بیرمەندێکی وشیاری ناکۆکییەکان و، دیالەکتیکزانێک بوو، هەر بۆیە نزیکبووەوە لە زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکاندا، یاخود لانی کەم دەستی کردبوو بە بیرکردنەوە لێیان بە شێوەیەکی سیستەماتیک. لەوەش زیاتر، لای مارکس، ناکۆکییەکان وەک بکەری بنچینەییی گۆڕانکاری ستایش دەکران، کە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی بەرەو پێشەوە دەبەن. ئەم ڕوانینە یەکگرتووە دەربارەی پەیوەندیی بەناویەکداچووی نێوان ناکۆکی، جووڵە و گۆڕان لە دیالەکتیکی هێگلی وەرگیرابوو، بۆیە باش دەبێت ئەگەر جەختکردنەوەکەی هێگل لەسەر ئەم خاڵە بهێنینەوە:

«شتێک دەجووڵێت، نەک لەبەر ئەوەی لە ساتێکدا ئەو شتە لێرەیە و لە ساتێکت دیکەدا لەوێیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لەم ساتە و لە هەمان ساتدا لێرەیە و لێرە نییە، واتە لەم ‘لێرە’بوونەدا، بە جارێک هەیە و نییە. دیالەکتیکزانە کۆنەکان دەبێت ڕێگەیان بە ناکۆکییەکان دابێت کاتێک لە جووڵەدا ئاماژەیان پێ کردووە؛ بەڵام ئەمە بەدووی ئەوە ناکەوێت کە بۆیە جووڵە بوونی نییە، بەپێچەوانەوە، ئەو جووڵەیە، خودی ناکۆکیی بوونە».11Georg Wilhelm Friedrich Hegel, Wissenschaft der Logik, Band 21, Felix Meiner Verlafg, Hamburg, 2008, s.419-422.

لە کاتێکدا ئەمڕۆ هەمووان دان بەوەدا دەنێن و لەسەر ئەوە کۆکن کە مارکس «ڕادیکاڵترین شۆڕشگێڕی دژە-سەرمایەدارییە»، لە بەرانبەردا (جۆن ستوارت میل و ئەلێکسی دو توکڤیل) وەک دوو سەرسەختترین لایەنگرانی سەرمایەداری و لیبراڵیزم دەبینن. کەچی ئەگەر ورد ببینەوە، دەبینین (مارکس) لە زۆر شوێندا دیالەکتیکییانە ستایشی سەرمایەداری کردووە بەوەی، کە ڕێگەی خۆش کردووە جەماوەرێکی بەرفراوان لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە. خەڵک  بەهۆی هەڵکشان و زۆربوونی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە، دەتوانن بەشداری لە کاڵا بەرهەمهێنراوەکانی کۆمەڵگادا بکەن، ئەگەر بە شێوەیەکی فراوانیش نەبێت، لەم ڕووەوە جەماوەران و کارکەران بەشداری لە ڕادیکاڵیزەکردنی مۆدێرنیتەی نوێدا دەکەن. کتومت لەو شوێنانەدا (جۆن ستوارت میل)، ڕادیکاڵترین بیرمەندی سەرمایەداری، دژی سیستەمەکە دەوەستێتەوە، میل کە هاوکات بە لایەنگری بزووتنەوەی ژنانیش ناسراوە، کەچی ترسی خۆی لە زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەم سیستەمە ناشارێتەوە. سستەمێک کە ڕەنگە ڕۆژێک ژنان دەسەلات بگرنە دەست، چونکە دەسەڵاتی جەماوەر لەناو بزووتنەوە ڕاستڕەوەکانی سەدەی بیستدا، وەک کۆمەڵگەی ژنان دەبینران و سوێندیان خواردبوو دەسەڵاتی پیاو بگەڕێننەوە، هەر بۆیە لەوانەیە ڕۆژێک ئەم جەماوەرە «ژنانەیە» دەسەڵاتی کاروبارەکان بگرێتە دەست. (میل) خەم بۆ کۆمەڵگەی پێش سەرهەڵدانی سەرمایەداری دەخوات کە تێیدا تاکی خاوەن ئیمتیاز، هەڵبەت ئەریستۆکرات و فیۆدالی باوکسالار، دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو:

«ئاراستەی گشتیی شتەکان لە سەرتاپای جیهاندا دەیەوێت پرەنسیپی ئاسایی و بەتاڵ بکاتە دەسەڵاتی بەهێز و ڕوو لەهەڵکشان لەناو مرۆڤایەتیدا. لە مێژووی کۆن، لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە ئاستێکی ڕوو لەنەماندا بە درێژاییی تێپەڕین لە فیودالییەوە بۆ ئەمڕۆ، تاک دەسەڵاتێک بوو لە خۆیدا ….12پێویستە ئەوە بزانین میل ڕاناوی نێرینە وەک دەسەڵاتدار بەکاردەهێنێت، نەک ئەو ئەفسانەیەی پێیوایە میل سەرمەشقی ئازادیی و یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوانە. نەریتی لیبراڵ، دەسەڵاتی لە دەستی پیاودا دەبینی. لە ئێستادا تاکەکان لە قەرەباڵغییدا ون دەبن. لە سیاسەتدا تەنها دەسەڵاتێک کە شایستەی ناو بێت، بریتییە لە [دەسەڵاتی] جەماوەر و [دەسەڵاتی] حکوومەتەکان لە کاتێکدا خۆیان دەکەنە ئۆرگانی ئاراستەکان و غەریزەکانی جەماوەرەکان».13John Stuart Mill, On Liberty and Other Essays, Oxford University Press, Oxford, 1998, p.73

جۆن ستوارت میل مۆدێرنیتە وەک داهێزران و داخورانی پێشکەوتووانەی ڕۆحی تاکایەتی لەقەڵەم دەدات و ئایدیالەکەی ئەو بۆ تاکگەراییش، لە ڕابردوو دایە. گێڕانەوەکەی ئەو، هەڵگێڕانەوەیەکی مێژووی باوی «ویگ»(Whig)ە [ویگ گروپ و دەستە و حزبی سیاسیی سەدەی هەژدە و نۆزدەی بریتانیا بوو کە لیبرالیزم لێیەوە سەرچاوەی گرت]: تاکگەرایی، کە باوەڕ و بنچینەی لیبراڵی بەهێز دەکرد، لە لوتکەی خۆیدا، لە مێژووی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا بوو. لەو کاتە بەدواوە، تا «ساتی ئێستا»، تاکگەرایی بریتییە لە ساتی حیکایەتێکی غەمگینی لەدەسەڵاتکەوتن، سنوورداربوون و تەنگەبەربوونی دەستپێشخەریی تاکەکەسی، لە بەرامبەردا سەرهەڵدانی دەستەجەمعییەت (کۆلەکتیڤیزم). میل  هۆشداری دەدات لەدژی کۆلەکتیڤیزمی ئیفلیجکەر و ڕوانگەی کزی و سستی و لاوازیی جۆرە-چینییەک، کە سەرتاپای بریتانیا دەتەنێتەوە؛ تەنها دووبارە دەرکەوتنەوەی بلیمەتی، هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ئەو تاکانەی ڕۆژێک بریتانیایان مەزن کردبوو لەوانەیە بتوانن «بەر بە داڕمان و داوەشانەکەی بگرن».14هەمان سەرچاوە، ل.٧٩.

سەرمایەداری لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی فراوان دامەزرابوو، ئەگەرچی بۆ (مارکس)، بەرهەمهێنانی فراوان، بێزارکەر بوو، بەڵام لەڕووی ماتەوزە و پۆتێنشیاڵەوە ڕزگارکەر بوو: هاندەر بوو لە بەکۆمەڵایەتییکردنی کار بە ئاستێک هەرگیز پێشتر نەبینرابوو، تا ئەو خاڵ و ئاستەی چیتر تاکی دابڕاو تەنها کۆمەڵگا دروست ناکات، بەڵکوو کۆمەڵگا دەبێتە تاک. لەم ڕوانگەیەشەوە، سەرمایەداری تۆوی دژی مەبەستەکانی خۆی دەچێنێت – تۆوەکانی داهاتوو.15سەبارەت بە پێناسەی ئەم «بەکۆمەڵایەتییکردنە بابەتییەی بەرهەمهێنان» بگەڕێنەوە بۆErnst Mandel, Late Capitalism, Verso, London and New York, 1978, p.595 بە شێوەیەکی پارادۆکس، (مارکس)، سەرسەختترین و ڕادیکاڵترین ڕەخنەگری سەرمایەداری، بەرانبەر بە داهاتووی «سەرمایەداری» زۆر گەشبینتر بوو لە زۆربەی نەیارە بۆرژوازییە پرۆ-سەرمایەدارییەکانی خۆی. نەک بەتەنها بەهۆی ئیمانی خۆی بە شۆڕشی پرۆلیتاری نزیک، کە کۆمەڵگای بۆرژوازی و دامەزراوەکانی لەناو دەبات، بەڵکوو لەو ڕوانگەیەشەوە دەیبینی ئەو جووڵەیەی سەرمایەداری و بۆرژوازی بەبێ ویستی خۆیان بەگەڕیان خستووە، دەرفەتێکی گرنگ دەداتە دەستی ئەوانەی هەر ئەو سیستەمە دەیەوێت بیانچەوسێنێتەوە. زۆر گرنگە ئاگامان لە هێنانەوەی تەواوەتیی ئەو ڕاستییە هەبێت کە لای (مارکس) هێزی بنچینەییی شۆڕشگێڕ لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا و لە زۆر ڕووەوە لە دژی ئەو کۆمەڵگایە بریتییە لە «ناکۆکیی زیندوو»، واتا سەرمایە خۆی. 16Karl Marx, Grundrisse: Foundations of the Critique of Political Economy, Penguin Classics, London, 1993, p.421.ئەم ڕوانگانە دواتر دەچنە نێو ئەرگومێنتە زیاتر پێگەشتووەکەی (مارکس)ەوە، کە لە (کتێبی سەرمایە)دا باسیان دەکات. من دوو نموونە دەهێنمەوە:

«پیشەسازیی مۆدێرن هەرگیز فۆرمی هەنوکەیی پرۆسەیەکی بەرهەمهێنان وەک فۆرمێکی کۆتایی و بڕاوە نابینێت و ئاوا مامەڵەی لەگەڵدا ناکات. لەبەرئەوە بناغە تەکنیکییەکەی شۆڕشگێڕانەیە، لە کاتێکدا هەموو مۆدێلەکانی پێشووی بەرهەمهێنان لە جەوهەردا کۆنزەرڤاتیڤ بوون […] پیشەسازیی گەورە و فراوان، بەهۆی خودی کارەساتەکانییەوە، وادەکات ناسینەوەی جیاوازیی کار و لەمڕووەوە تواناییی کرێکار بۆ ژمارەی لایەنی زۆری جۆرە جیاوازەکانی کار ببرێتە نێو پرسیاری مەرگ و ژیانەوە […] دڕندەیی و فڕێدانی دانیشتووانی چینی کرێکار و هێشتنەوەیان بە بەدبەختی، […] دەبێت لەلایەن مرۆڤێکی تاکەوە شوێنی بگیرێتەوە کە بە موتڵەقی ئامادەیە بۆ جۆرە جیاوازەکانی کار کە پێویستیان پێیەتی؛ تاکی نیمچە گەشەسەندوو،کە تەنها هەڵگری وەزیفەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتمەندکراوە، دەبێت لەلایەن تاکێکی بەتەواوەتیی گەشەسەندووەوە، شوێنی بیرێتەوە».17هەمان سەرچاوە، لل.٦١٧-٦١٨.

بە کورتی، کۆمەڵگەی مۆدێرن و مۆدێرنیتە کە بەمانای کۆمەڵگەی جەماوەری دەهاتن، تێیدا کۆی ئەو بکەرە مرۆیییانەی بە درێژاییی مێژوو ژێرپێ خرابوون، بێ ناو مابوونەوە وە سەرکوتکرابوون، لە کاتێکدا  ئەمڕۆ وەک بکەرێکی وشیار لەسەر سەکۆی شانۆکە دەرکەوتون، کە ئەوانیش کرێکارانی مۆدێرن: ژنان و پیاوان بوون. هەرلەبەر ئەوە بوو سەدەی بیست، سەرەتای سەرهەڵدانی بیری ڕاستڕەوی و فاشیزم، بەڵێنی ئەوەی دەدا دەسەڵاتی کۆنی پیاوانی ئەریستۆکرات دژی بەژنانەییکردنی کۆمەڵگەی نوێ، بگەڕێننەوە. بۆ نموونە دامەزرێنەری فاشیزمی ئیتاڵیی (بینیتۆ موسۆلینی) نەیدەشاردەوە، کە دیموکراسی و کۆمەڵگەی جەماوەری و مارکسیزم وەک ژنانەییکردنی کۆمەڵگە دەبینێت و فاشیزمیش وەک گەڕاندنەوەی ئیرادەی پیاو. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نابێت بیرمان بچێت، لە مێژوودا هیچ کەس هێندەی مارکس دژی کاریگەرییە کوشندەکانی سەرمایە و سەرمایەداری لەسەر کرێکاران (پیاوان و ژنانی کرێکاری تازە دەرکەوتوو)، جووتیاران و منداڵان نەینووسیوە و خەباتی لە دژ نەکردووە.  ئەوەی لەم بڕگەیەدا ویستمان باسی بکەین، لە پەیوەندیدا بە سەرهەڵدانی چەمکی کارەوە، تێگەیشتنی دیالەکتیکیی مارکس بوو بۆ کۆی مێژووی سەرهەڵدانی سەرمایەداری.

دۆڕانی مێژووییی ژنان و دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتی

چۆن و بۆ ژنان لە مێژوودا دۆڕان؟ چەندین ئەنترۆپۆلۆژیستی بەناوبانگ لەم پرسەیان کۆڵیوەتەوە، دیارترینیان (لویس هێنری مۆرگان) و پاشان ئەنترۆپۆلۆیستەکانی سەدەی بیست، لەوانە (گۆردن چایەلد). هەروەها لە کتێبی «بنەڕەتی خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت» (١٨٨٤) (فریدریش ئەنگڵس)لە پەیوەندیدا بە پرسی گۆڕانی کارەوە زۆر بەوردی  و بە دوور و درێژی لێکۆڵینەوە لەم پرسە دەکات، بەڵام هەروەها بە فراوانیش پشت بە (هێنری مۆرگان)ی ئەنترۆپۆلۆژیست دەبەستێت. ئەم کتێبە، یەکەم بناغەدانانی شیکارییەکی بەرفراوانی ماتریالیستی بۆ چەوساندنەوە، سەرکوت و دۆڕانی ژنان لە مێژوودا بەدەستەوە دەدات. (ئەنگڵس) دەڵێت سەرکوت و دۆڕانی ژنان دیاردەیەکی «سروشتی» یان حەتمی نەبووە، بەڵکوو پەیوەندی بە گەشەسەندنی کۆمەڵگەی چینایەتییەوە هەبووە. خێزان (و لێرەدا پەیوەندییەکانی نێوان سێکس و ڕەگەزەکان) دامەزراوەیەکی سروشتی و نەگۆڕ نییە. فۆرمەکانی خێزان لە مێژوودا گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هاتووە تا گەیشتوون بەم فۆرمەی ئەمڕۆ. کەواتە ئەو بانگەشەیەی خێزان وەک موقەدەسترین و نەگۆڕترین دامەزراوەی ناو مێژووی مرۆیی دەبینێت، ڕیشەی لە چەوساندنەوە و بەپاشکۆکردنی ژندا هەیە بۆ پیاو. بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە هەمیشە دەبێت سەیری پەیوەندی نێوان فۆرمەکانی خێزان و شێوازەکانی بەرهەمهێنان لەنێو کۆمەڵگە چینایەتییە جۆراوجۆرەکاندا بکەین: گۆڕانکاری و وەرچەرخانەکانی ناو بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە فۆرمی خێزاندا. ئەگەر کۆمۆنەی سەرەتایی لەسەر بنەمای ڕاو و کۆکردنەوە ژیابێت، فۆرمی خێزانی ئەو کۆمۆنەیە جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ فۆرمی خێزانی سەردەمی کۆیلایەتی هەبووە، وە کۆیلایەتی لەگەڵ فیودالیزم و فیودالیزم لەگەڵ سەرمایەداریدا.

(ئەنگڵس) بنەچە و بنەڕەتی خێزانی چەوسێنەر و سەرکوتکەر دەگەڕێنێتەوە سەر ڕیشە و دەستپێکەکانی خاوەندارێتیی تایبەت و دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ نێو چینەکان. لە کۆمەڵگە پێش-چینایەتییەکاندا، دابەشبوونێکی سێکسوالییانەی کار هەبووە، بەڵام هیچ ئەنترۆپۆلۆژیستێک ئەوەی تۆمار نەکردووە، کە ئەم دابەشبوونە بووبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەوساندنەوە و سەرکوتی سیستەماتیکی ژنان. غیاب و نائامادەیی زیادەی بەرهەمهێنان و پێداویستیی بەرهەمهێنان بۆ مانەوە، بەگشتی جۆرێک یەکسانیخوازیی سەرەتایی بەسەر ئەم کۆمەڵگەیانەدا سەپاندبوو، کە لە مێژوودا «کۆمۆنیزمی یەکەم» یان «کۆمۆنیزمی سەرەتایی» (primitive communism) ناو دەبرێت. بەڵام، هەرکە خاوەندارێتی و میراتی خاوەندارێتی بووە بابەتی ئەو کۆمەڵگەیانە، مافی پێشووی دایک واتا سەردەمی هەڵگرتنەوەی نەوە لە ڕێگەی دایکەوە نەک باوکەوە دەبوو لەناو بچێت و هەڵبوەشێتەوە. لەو سەردەمەدا پێچەوانەی مافی باوک بۆ هەڵگرتنەوە و دیاریکردنی ڕەچەڵەکی نەوە، دایک ئەو دەسەڵاتەی هەبوو. ئەنگڵس بەم لەناوچوونە دەڵێت «شکستی مێژووییی جیهانیی ڕەگەزی مێ» (die weltgeschichtliche Niederlage des weiblichen Geschlechts)، هەر کە «پیاو دەسەڵاتی لە ماڵیشەوە بەدەستەوە گرت؛ ژن دابەزێنرایە سەر ئاستی خزمەتکار؛ بوو بە کۆیلەی حەز و هەوەسی پیاو و بووە ئامرازێکی ڕووت بۆ بەرهەمهێنانی منداڵ بۆ پیاو».18Friedrich Engels, Der Ursprung der Familie, des Privateigentums und des Staats, in Karl Marx/Friedrich Engels – Werke, Karl Dietz Verlag, Band 21, 5. Auflage, Berlin, 1975, s.61-62.

لەگەڵ سەرهەڵدانی خێزاندا، گۆڕانکاری بەسەر سروشتی کارکردنی ماڵەوەشدا هات. کاری ماڵەوە چیتر کارکردن و جووڵەیەکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش نەبوو، بەڵکوو ژن بووە خزمەتکارییەکی تایبەت وەک کۆیلەیەک لە ماڵەوە، کە لە هەرێمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی وەدەرنرا. هەروەها لەڕووی ئابوورییەوە بووە پاشکۆ و وابەستەی پیاو و ناچار کرا بە تاکهاوسەری. (ئەنگڵس) بەردەوام دەبێت و دەڵێت لەناوەوەی خێزاندا، پیاو نوێنەرایەتیی بۆرژوازی و ژن نوێنەرایەتیی پرۆلیتاریای دەکرد، کە ئەمە داڕشتنێکی نەخوازراو و غەمگینە، لەبەرئەوەی وایدەکرد کە ئیتر پیاو ڕۆڵی دوژمن وەربگرێت. بەڵام خاڵی سەرەکیی کە (ئەنگڵس) دەیویست بیخاتەڕوو ئەوە بوو بڵێت «یەکەم مەرجی پێویست بۆ ڕزگاریی ژنی هاوسەردار، ئەوەیە سەرجەمی ڕەگەزی مێ بگەڕێنێتەوە ناو هەرێمی گشتی و پیشەسازیی گشتی و … ئەمەش خۆبەخۆ ئەوە دەخوازێت خەسڵەتی خێزانی تاکهاوسەر وەک یەکەیەکی ئابوورییانەی کۆمەڵگا، لەبنەوە هەڵبکێشرێت و هەڵبووەشێنرێتەوە».19هەمان سەرچاوە.

پاشان باس لەوە دەکات، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی داهاتوو بناغە ئابوورییەکانی ئەم فۆرمەی خێزان و تاکهاوسەری و تەواوکارەکانی، واتا سۆزانیگەری وێران دەکات. تەنها ئەوەی کە تاکە خێزانێک چیتر یەکێتیی ئابووریی کۆمەڵگە نەبێت (هەم بنەڕەتی دابینکردنی بژێوی لەسەر بنەمای یاسای خێزان، پیاو وەک بەرپرسی دابینکردنی ئابووری و هەم خێزان وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی ئابووری کە دیسان پیاو دەکاتەوە بە ڕەمزی باڵادەستی و کاری ژن لە ماڵەوە دەکاتە دەرەوەی یەکەی ئابووریی ئازادەوە و دەیخاتە چوارچێوەی ناچارییەوە)، ئەوا کاری ماڵەوە و چاودێریی منداڵ بە کۆمەڵایەتی و سۆسیالیزە دەکرێت، وە ئەمەش خۆبەخۆ دەبێتە بناغەی ڕزگاریی سێکسوالیی ژنان. دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئەنگڵس تەواو بێ بەری نەبوو لە پێشبڕیارەکانی ڕۆژگارەکەی خۆی و لەبەر ئەوە نەیتوانیی پێشبینیی کاریگەریی کاری هەرزان، کۆنتڕۆڵی منداڵبوون و لەباربردن بکات. واتە کەمتر پێشبینیی گەشەسەندنی تەکنیکەکانی وەک منداڵبوونی بلووری بکات کە ڕوانگە و ئاسۆی جیابوونەوەی تەواوەتیی سێکس و بەرهەمهێنانەوە/نەوەخستنەوە دەکاتەوە. بیرمان نەچێت کە (ئەنگڵس) لە سەدەی نۆزدەدا دەینووسی کە پێشکەوتووترین وڵاتە پیشەسازییەکان هێشتا ڕێگەیان بە خوێندنی ژنانیش نەدەدا چ بگات بەوەی خاوەن مافی دەنگدانی گشتی بن، لەبەر ئەوەی هەموو ئەمانە زۆر درەنگتر سەریان هەڵدا. هەروەها پێی وابوو سۆسیالیزم دەبێتە هۆی گەشەسەندنی «فۆرمێکی باڵاتر»ی هاوسەرگیری. بەڵام ئاماژەی بەوەش دەکرد کە ئەمە بێگومان نابێت لەپێشەوە دیاری بکرێت یان لەپێشەوە بڕیاری لێ بدرێت:

«ئەوەی دەتوانین ئێستا مەزەندەی ئەو شێواز و ڕێگەیە بکەین تێیدا پەیوەندییە سێکسوالییەکان دوای کەوتنی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ڕێک دەخرێن، بەگشتی بریتییە لە خەسڵەتێکی نێگەتیڤ، بەگشتی سنووردارە بەرانبەر بەو شتەی نامێنێت و ون دەبێت. بەڵام ئایا پەیوەندییەکی نوێ دروست دەبێت؟ ئەمە ئەو کاتە وەڵام وەردەگرێتەوە کە نەوەیەکی نوێ چرۆی کردبێت: نەوەیەکی نوێی ئەو پیاوانەی هەرگیز باوەڕ بە کڕینی خۆبەدەستەوەدانی ژن بەرانبەر بە پارە یان هیچ ئامرازێکی دیکەی کۆمەڵایەتی دەسەڵات و هەیمەنە ناناسن؛ نەوەیەکی ژنان بە هیچ شێوەیەک دان بەخۆبەدەستەوەدانیان بۆ پیاوان نانێن و بیر لە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی دیکە ناکەنەوە پەیوەندیی خۆشەویستیی ڕاستەقینە نەبێت یان ئەو ژنانەی تەواو ڕەتی دەکەنەوە بەهۆی ترسی دەرەنجامە ئابوورییەکانەوە خۆیان ڕادەستی خۆشەویستەکانیان بکەن».20هەمان سەرچاوە.

سەرەڕای هەندێک لە کەموکوڕییەکانی، کتێبەکەی ئەنگڵستا ئەمڕۆش وەک بناغەیەکی سەرەکی ماوەتەوە بۆ تێگەیشتن لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بەپاشکۆبوونی ژنان و چەوساندنەوەیان. لە دوای سەدەی نۆزدەوە، هەڵبەت گەشەی تیۆری ئەنترۆپۆلۆژیی زیاتر بووە و زۆر زانیاریی بەسوودتر کەوتوونەتە بەردەستی مرۆڤایەتی وردتر بچنە ناو بنج و بناوانی کێشەکان و ڕووداوەکانەوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان، جۆری مرۆڤ (genus homo) نزیکەی سێ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەرکەوتووە، بەڵام جۆری ئێمە، کە بە مرۆڤی هۆشمەند (homo sapiens) ناسراوە، سێ سەد هەزار ساڵ پێش ئێستا پەیدابووە. هەڵبەت ئەنگڵس دەڵێت یەکەم دابەشبوونی کاری سێکسوالی لەگەڵ کۆتاییی کۆمۆنەی سەرەتاییدا دەرکەوتووە، بەڵام هەندێک لە لێکۆڵینەوە ئارکۆلۆژییەکان شوێنەوارەکانی ئەم دابەشبوونە دەبەنەوە سەر قۆناغی بەردینی دوایین (٤٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا). هەڵبەت خۆبەخۆ ئەمە بە مانای پەیوەندییە نایەکسانەکانی نێوان سێکس و ڕەگەزەکان نەدەهات وەک لەو کۆمەڵگانەدا بوو بە باو کە پشتیان بە نەریتی ڕاوکردن-کۆکردنەوە دەبەست، کە تێیدا پیاوان دەبنە ڕاوچیی و ژنان دەبنە کۆکەرەوە. لەو سەروبەندەدا، وردە وردە پیاو لەڕووی فیزیکییەوە خۆی بە بەهێزتر دەزانێت چونکە توانای ڕاوکردنی هەیە و ژن بە لاوازتر دەبینێت چونکە لەسەر کێڵگەکاندا بەروبووم کۆ دەکاتەوە کە مەترسی لە پشتەوە نییە. واتە پیاو ڕیسک دەکات و ژن توانای ڕیسککردنی نییە. ئەمە ڕووداوێکی مێژووییە، کە ئەنگڵس بە شکستی مێژووییی ژنان ناوی دەبات نەک ڕووداوێکی سروشتی کە ئەفسانەکان، ئایینەکان، فەلسەفە فیودالی و بیرە کۆنەپارێزەکان وەک «یاسای سروشت» دەیبینن. ڕووداوە مێژوویییەکان هەمیشە لەگۆڕاندان، شکستی مێژووییی ژنان دەکرێت هێمایەک بێت سبەی ببێتەوە سەرکەوتن و بردنەوەی مێژوویی، نەک لێکدانەوەی سروشتناسی و جیۆلۆجی و ئیلاهیناسانە بۆ ئەوەی «هەروا بووە و هەروا دەبێت»، شتێک لە لێکدانەوەی مێژووییدا بە ناوی «هەروا بووە و هەروا دەبێت» نییە. یاسای مێژوویی یاسایەکی جێگیر و سەقامگیر و ڕەق و بەردین نییە، وەک یاسای سروشتی، بەڵکوو لە بنەڕەتدا زۆرێک لە بیرمەندە مارکسیستەکانی کۆتاییی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست تەنانەت خودی چەمکی «یاسای سروشتیی»شیان بردە ژێرپرسیارەوە و وەک بەرپرس و بە هۆکاری چەوساندنەوەی هەزاران ساڵەیان لەقەڵەم دا. پرسی یاسای سروشتی نەک تەنها کۆمەکی بە باوکسالاری/پیاوسالاری کردووە کە بەدرێژایی چەندین هەزار ساڵ وای کردووە کە ژن وەک پاشکۆ لێ بکات، بەڵکوو بە فراوانی لە سەدەی بیستدا دەگەڕێتەوە و نازیزم ئەم یاسایە بۆ پرسی نایەکسانیی نەتەوەکانیش بەکار دەهێنێت. واتا یاسای سروشت ڕەوایەتی بە کۆڵۆنیالیزمی نازی و داگیرکردنی وڵاتان و گەل و نەتەوە بچووکترەکان دەدات.

ئەوەی جێگەی مەبەستی ئێمەیە، ئاوابوون و نەمانی کۆمەڵگەی یەکسانیخواز سەرەتایییە کە وردە وردە شوێنی خۆی بۆ هەڕەمییەتی پیاوەتی و پەیوەندییە نایەکسانەکانی نێوان ڕەگەزەکان خۆش دەکات.  ئەمەش گۆڕان بەسەر چەمک و کاتیگۆریی خۆشەویستییشدا دەهێنێت، هەروەک ئەلێکساندەر کۆلۆنتای، ژنە بیرمەند و شۆڕشگێڕی مارکسیست، لە کتێبی «ڕێخۆشکردن بۆ ئیرۆسی باڵدار»دا (١٩٢٣) باسی کردووە:

«لە ڕەوتی مێژووی هەزار ساڵەی کۆمەڵگەی مرۆییدا، خۆشەویستی لە غەریزەی سادەی بایۆلۆژییەوە – زەروورەتی بەرهەمهێنانەوە کە لە هەموو بوونەوەراندا لە بەرزترینەوە بۆ نزمترین هەیە – گەشەی کردووەتە نێو ئاڵۆزترین هەست و سۆزەوە کە بە بەردەوامی کۆمەڵە ڕەهەند و لایەنێکی نوێی فیکری و هەستەوەری بەدەست دەهێنێت. […] لە هەموو قۆناغەکانی گەشەسەندنی مێژووییدا کۆمەڵگە کۆمەڵێک نۆرم و بەهای دامەزراندبوون پێناسەی ئەوەی دەکرد کەی و چۆن خۆشەویستی ‘ڕێگەپێدراوە’ (واتا وەڵامی کام بەرژەوەندییەکانی یەکەی کۆمەڵایەتیی هاوبەشی باو دەداتەوە). […] لە قۆناغی خێڵەکییدا خۆشەویستی وەک خزمایەتیی وابەستەیی دەبینرا (خۆشەویستیی نێوان خوشکان و برایان، خۆشەویستی بۆ دایکان و باوکان). کولتووری کەونارای قۆناغی پێش-مەسیحی خۆشەویستی-هاوڕێیەتی خستە سەرووی هەموو شتێکەوە. جیهانی فیودالی دەستی کردبوو بە ئایدیالیزەکردنی عەشقی شاسوارانەی ئەفلاتوونی نێوان ئەندامانی هەموو ڕەگەزە پێچەوانەکانی دەرەوەی هاوسەرگیری. بۆرژوازیی عەشقی تاکهاوسەریی کردە ئایدیالی خۆی».21Aleksandra Kollontai,Make way for Winged Eros: A Letter to Working youth Love as a Socio-psychological Factor, in From Symbolism to Socialist Realism: A Reader, edited by Irene Masing-Delic, Academic Studies Press, Boston, 2012, p.168.

دابەشکردنی کار و پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی بە فراوانیی بەدرێژایی دوو هەزار ساڵ لە ڕێگەی مۆدێلەکانی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، کەونارا (کۆیلایەتی)، فیودالی و سەرمایەدارییەوە بە ئەمڕۆی ئێمە گەیشتوون. ئەم مۆدێلانەی بەرهەمهێنان هەریەکەیان بە نۆرەی خۆیان یاسا سێکسوالییەکانی خۆیان بۆ پرسی ئەخلاقییات سەپاندووە، زۆربەی جاریش زۆر دڕندانە (لە ڕێگەی جەستە و پەیکەرەی دەوڵەتییەوە بێت یان ئایینی یاخود کۆمەڵگە خۆی بە فراوانی). ئەم دابەشکارییانەش وەک لایەن و ڕەهەندی فاکتەر و بنچینەی کولتووری ڕیشەیان لەنێو سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیدا داکوتاوە، چ وشیارانە بێت یاخود ناوشیارانە. لەبەر ئەوە، ئەو جیاکارییەی ئەمڕۆ ئەزموون دەکرێت، کە پەیوەندی بە جیاکاریی سێکس، سێکسوالیتە و جێندەرەوە هەیە، تەنها دڵۆپێکە لە دەریایەک. لە کاتێکدا سەرمایەداری هەوڵی دا باوکسالاری نغرۆ بکات و پاشەکشەی پێ بکات، واتا ئەو باوکسالارییەی ڕێکخستنی کۆمەڵگە بوو بۆ نێو خێزان لەژێر دەسەڵاتی باوکدا بە ئامانجی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی خاوەندارێتی، نەک هەر بەتەواوی لەناو نەچوو، بەڵکوو وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد ئەمڕۆ لەناو سەرمایەداریی نیۆلیبراڵدا تەواو گەڕاوەتەوە. ئەگەر لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە و دوای جەنگەکان، سەرمایەداری بەهۆی سروشتی ناکۆک و پارادۆکسی خۆیەوە، پێویستی بە هاندانی ژنان هەبووبێت لە خێزانەکانیان یاخی ببن و بێنە دەرەوە و ببنە خاوەن یەکەی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان، لەبەر ئەوە بووە کە  کە لە قۆناغەکانی داکشانەوەی هێزی مرۆیی(بەگشتیی پیاوان)دا مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری پێویستی بە کاری ژنان هەبووە. بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم سیستەمە هێزی کار بۆ تەنها کاری ڕووت کورت دەکاتەوە، دەبینین نەک تەنها کێشەکانی چارەسەر نەکردوون، بەڵکوو زیاتر بەرەو دواوە پاشەکشەیان پێدەکات. تەنها ئەو کۆمەڵگەیە دەتوانێت یەکسانیی هەمەلایەنە بەدی بهێنێت، کە بتوانیێت خاوەندارێتیی تایبەت و دابەشکردنی کار، وەک ئەمڕۆ دەیناسین، هەڵبوەشێنێتەوە،  تەنها ئەو کۆمەڵگەیە دەتوانێت بە تەواوەتی ئەرکەکە تەواو بکات. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نایەت کە دەبێت بەرانبەر بە پرسی چەوساندنەوەی سێکسوالی بێدەنگ بین، بەو جۆرەی لە ئەمڕۆدا هەیە: بێگومان لە مێژووی باڵادەستبوونی کۆمەڵگەی چینایەتیدا، ژنان هەمیشە قوربانیی زیاتر و گەورەتریان داوە.

کار و گۆڕانی ڕۆڵی ژنان

ئەگەر ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت، جاڕی باڵادەستبوونی سەرمایەداری بێت وەک سیستەمێکی ئەبەدی لەسەر زەوی، کە ئیتر هیچ نەیارێکی لە بەردەمدا نییە، بەڵام بزووتنەوەی کار لە زۆربەی وڵاتاندا هێشتا بەتەواوی نەشکاوە و نەدۆڕاوە واتە هێشتا بزووتنەوەی کار بەتەواوی خۆی ڕادەست نەکردووە، هەرچەندە لە ئەمریکا و بریتانیا پێش کۆتاییی یەکێتیی سۆڤێت مارگارێت تاچەر و ڕۆناڵد ڕەیگاندێنە سەر حوکم، لەو سەروبەندەدا تاچەر بەڕاشکاوی دەڵێت کە ئیتر هیچ ئەڵتەرناتیڤێک نییە و تەنانەت چەمکی کۆمەڵگەش ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت شتێک بەو ناوە بوونی نییە، بەڵکوو ئەوەی هەیە بەرژەوەندیی تاکە. هەموو ئەوانەی تا ئێرە گوتمان، دەربارەی بوونی خەباتی بەردەوام بوو لە دژی چەوساندنەوە. ژنان بەشی سەرەکیی ئەم خەباتەیان پێکهێناوە، چونکە ئەگەر ئەوەی پێی دەگوترێت سەردەمی زێڕینی سەرمایەداریی دوای جەنگی ١٩٤٥، بە ڕادەیەک زۆربەی داواکاری و خواستەکانی پیاوی مووچەخۆر و کرێگرتەی بەدی هێنابێت، ئەوا بێگومان ژنان هێشتا خرابوونە دەرەوەی ئەم هەرێمەی خۆشبەختییەوە. تەنانەت تا ئەمڕۆش لە زۆرێک لە پێشکەوتووترین وڵاتدا، ژنان مووچەی یەکسان و هاوشێوەی پیاوان وەرناگرن. واتە لە کاتێکدا ژنان ئەمڕۆ بەشێکی بەردەوام و سەرەکیی هێزی کاری کرێگرتە و بزووتنەوەی نوێ پێک دەهێنن، بەڵام هێشتا کاری ژن بەگشتی کرێی نزمتر و بەهای کەمتری هەیە. ئاراستە و پراکتیکە سێکسیستییەکان لە نێو شوێن و هێزی کاردا دێن و دەچن و زۆرینەی کاری ماڵەوە، بەتایبەت چاودێریی منداڵ دەبێت لەلایەن ژنانی چینی کرێکارەوە ئەنجام بدەرێت. ئێمە جارێ باسی کۆمەڵگە ناگەشەسەندووەکان، کەمتر گەشەسەندووەکان، نیمچە گەشەسەندووەکان و لەڕووی کولتوورییەوە نەریتپارێزترەکان ناکەین.

هەرچۆنێک بێت وەک ژولیت میچل لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی «دەروونشیکاری و فێمینیزم»دا ساڵی ١٩٧٥، ئاماژەی پێ کردووە: «ئێمە دەستوپەنجە لەگەڵ دوو ناوچەی سەربەخۆدا نەرم دەکەین، مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و مۆدێلی ئایدیۆلۆژیی باوکسالاری»22Juliet Mitchell, Psychoanalysis and Feminism, Pelican, Harmondsworth, 1975, p.412.، بەو مانایە ناکرێت کۆی پرسی سایکۆلۆژیای سەرکوتکەر کە لە فاکتەرە کولتوورییە دوور و درێژەکانیشەوە دێن، کورت بکەینەوە بۆ تەنها پرسێکی ئابووری. بیرمەندانی فێمینیستی دیکەی وەک هایدی هارتمان و فێمینیستی فەڕەنسی، کریستینە دێلفی ئاماژەیان بە دوو مۆدێلی بەرهەمهێنان کردووە. هارتمان دەڵێت لە کاتێکدا سەرمایەداران کاری کرێکاران لە شوێنی کاردا دەچەوسێننەوە، کۆنتڕۆڵی پیاوان بەسەر ژنانی کرێکاردا لە ماڵەوە بناغەی ماتریالیی باوکسالاری پێک دەهێنا.23Heidi Hartmann, The unhappy marriage of Marxism and feminism: towards a more progressive union, in Lydia Sargent (ed), Women and Revolution, South End Press, Cambridge MA, 1981, pp.1-42; Christine Delphy, Close to Home. A Materialist Analysis of Women’s Oppression, Hutchinson, London, 1984, pp.69, 71. هەروەها دەڵێت کێشەی بەشێک لەو فێمینیستانەی شیکاری بۆ کاری ماڵەوە دەکەن ئەوەیە کە «ئەرگومێنتێکیان دەربارەی پەیوەندیی کاری ماڵەوە بە سەرمایە و شوێن و پێگەی کاری ماڵەوە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا هەیە، نەک دەربارەی پەیوەندییەکانی پیاوان و ژنان بەو جۆرەی لە کاری ماڵەوەدا بەرجەستە بوونەتەوە».24Heidi Hartmann, The unhappy marriage of Marxism and feminism, ob.cit, p.7. لە کاتێکدا هارتمان پرسی دوو مۆدێلی بەرهەمهێنان «سەرمایەداری لە جیهانی کارکردندا، باوکسالاری لە خێزاندا» بەرز دەکاتەوە، بەڵام وەک کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە چەوساندنەوەی ژنان جەختکردنەوەکەی دەربارەی کاری ژنانە لە ماڵەوە نەک کاری ژنان لە دەرەوە. بەتایبەت دەڵێت کلیلەکە ئەوە بوو پیاوان «ئەوانەی وەک هاوسەران و باوکان کۆمەڵە خزمەتێکی بە کەسیکراویان لە ماڵەوە پێدەگەیشت»، و ئەمەش واتا «پیاوان لە گۆشەنیگای کاڵای بەکاربردنی سەرگەرمی، کاتی بەتاڵ و خزمەتگوزاریی کەسی، خاوەن ستانداردێکی باڵاتری ژیان بوون باڵاتر لە هی ژنان».25هەمان سەرچاوە، ل.٩.

گومانی تێدا نییە کە بۆ ژنان کاری بەردەوام و تەواوەتیی ماڵەوە، کە ساڵانێکی زۆری خۆتەرخانکردن بۆ پەروەردە و چاودێریی منداڵ، هەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی سنووردار،  فشارەکانی بەرپرسبوونی ژنان بۆ گەشە و بەخێوکردنی منداڵەکانیان، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دەیان جۆری هەستی خەمۆکی و بێتوانایی لە گەیشتن بە توانای سەربەخۆیی ئابووری، داهێنانی کولتووری و ئەدەبی و هونەری و، هەروەها بەشداریی فراوانی سیاسی. پاشان ئەمانە بە درێژاییی تێپەڕینی کات، بۆتە دروستبوونی جۆرێک لە سایکۆلۆژیای خۆ-سەرکوتکردن و خۆ-نزمبینی لەناو ژناندا بەراورد بە پیاوان. دەرەنجامێکی گرنگی تەرکیزی بەشێکی زۆری فێمینیستەکان لەسەر کاری ماڵەوە و پەیوەندییەکانی ژنان و پیاوان لە ماڵەوە ئەوە بووە، بەشێکی زۆری تیۆریزەکارانی فێمینیست ئەوەیان ڕەچاو نەکردووە کە ژنان چیتر بەتەنها هاوسەران نین لە ماڵەوە، بەڵکوو ڕۆڵێکی گرنگیشیان لە هێزی کار و شوێنی کاردا هەیە. کێشەیەکی تیۆری فێمینیزمی لیبراڵ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە فراوانی تەرکیز دەکاتە سەر ژنانی چینی ناوەڕاست و چینی باڵا. لەکاتێکدا بە بەراورد بە چینی ناوەڕاست، ژنانی چینی کرێکار بە دەگمەن لەڕووی ئابوورییەوە وابەستەی خێزانەکانیان بوون، هەمیشە خۆیان کاریان کردووە و ئەمەش لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکاندا ئازادبوونی ژنانی چینی کرێکار لە پیاوان زۆر فراوانتر بووە لە ئازادبوونی ژنانی چینی ناوەڕاست لە پیاوان «کە هاوسەران، برا و باوکانیانە». ئەگەر ئەمڕۆ نموونەیەکی دیارتری سەردەمی کۆرۆناڤایرۆس بهێنینەوە، توندوتیژیی خێزانیی پیاوان بەرانبەر بە ژنان بەهۆی دیجیتاڵیزەبوونی کار و نووسینگەکردنی ماڵەوە، لەناو ژنانی چینی ناوەڕاستدا زۆرترین حاڵەتی توندوتیژی، هەراسانی سێکسی و تەنانەت دەسترێژیش تۆمار کراوە بەراورد بە ژنانی چینی کرێکار، چونکە ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە لە سەردەمی پەتای کۆرۆناڤایرۆسدا، کەمتر چینی کرێکاری دەگرتەوە و زیاتر تەرکیزی دەکردە سەر چینی ناوەڕاست. ژنانی چینی کرێکار هەر لە سەرەتاوە و پێش پەتاکە و دوای پەتاکەش هەر لە دەرەوە بوون و لە کارەکانیان بەردەوام بوون.

کەواتە لێرەوە بەو دەرەنجامە دەگەین، بەبێ ئەوەی هەوڵ بدەین بە هیچ جۆرێک ببینە «ئیکۆمۆمیست» یان پێمان بکەوێتە ناو «کورتکردنەوەخوازیی چینایەتی»یەوە، دەبینین تیۆرە فێمینیستییە لیبراڵەکان، لەو شوێنەدا شکست دەهێنن کە پێیان وایە کۆی پەیوەندییەکانی نێوان ژنان و پیاوان بە یەکسان دەڕۆن. کارکردن و شوێنی کاری ژنان بە دڵنیایییەوە ڕۆڵی بنچینەیی هەبووە لە کەمکردنەوەی دەسەڵات، کۆنتڕۆڵ، هەژموون و توندوتیژیی پیاوان لەسەر ژنان. بەڵام دیسان ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئێمە تەنها یەک لای کێشەکە ببینین و لاکەی دیکەی فەرامۆش بکەین. بێگومان لەناو کۆمەڵگە و جیهانی ئەمڕۆدا، هاوشێوەی پێشوو، هەم مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وەک خۆی باڵادەستە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر ژنان دەچەوسێنێتەوە و هەم بە فراوانیش پیاوسالاری و باوکسالاری کۆتایی پێ نەهاتووە و مانۆڕی خۆی دەکات. هەر بۆیە بۆ تێگەیشتن لە واقیعییەتی چەوساندنەوەی ژنان لەناو سەرمایەدارییدا نە دەبێت وەک فێمینیستە لیبراڵەکان تەرکیز بکەینە سەر تیۆری باوکسالاری و نە وەک بەشێک لە کورتکردنەوەخوازە چینایەتییەکان و ئیکۆنۆمیستەکان، پێمان وابێت بە ڕووخانی سەرمایەداری ئیتر کێشەی ژنیش چارەسەر دەبێت. پێکەوەبینینی هەردوو مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و مۆدێلی ئایدیۆلۆژیی باوکسالاری بەیەکەوە– نەک بەو شێوەیەی ژولیت میچڵ لە یەکیان جیا دەکاتەوە –وا دەکات کە بتوانین هەم وێنەیەکی ڕوونترمان بۆ چەوساندنەوەی ژنان هەبێت و هەمیش دەروازەی خەباتی ڕزگاری و دامەزراندنی ستراتیژەکانی خەبات.

کەواتە گۆڕانی ڕۆڵی شوێن و هێزی کارکردنی ژنان، هەنگاوێکی گرنگە لە پاشەکشێکردن بە ئایدیا کۆن و کۆنەپارێزەکانی باوکسالاری و هەژموونی پیاوسالاری بەسەر ژنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی دیکەش پێویستن، چونکە بێگومان سەرمایەداری و حکوومەتە سەرمایەدارییەکان و بەگشتی کۆی ئەو حکوومەتانەی دیکەش کە لەسەر بنەمای ئەم مۆدێلە (جا فۆرمە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکەی هەرچۆنێک بێت بەو پێیە فۆرمەکانی توندوتیژییەکانیشی بەرجەستەتر دەبن) دامەزراون نایانەوێت کۆتایی بە هەژموونی پیاوێتی بهێنن، چونکە خودی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، ڕیشەی قووڵی لەناو مێژووی دوور و درێژی پیاوسالاری و باوکسالاریدا هەیە. بەو جۆرەی فێمینیستی هاوچەرخ، مارتا خیمێنتز ئاماژەی پێ دەکات:

«ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت لەناو سەرمایەداریدا، مۆدێلی بەرهەمهێنان مۆدێلی دووبارەبەرهەمهێنانەوە دیاری دەکات و لە ئاکامیشدا پەیوەندییە نایەکسانەکانی نێوان ژنان و پیاوان شایانی بینین دەبن، بریتی نییە لە فۆرمێکی ‘ئیکۆنۆمیزم’ یان ‘کورتکردنەوەخوازیی چینایەتی’، بەڵکوو ناسینەوەی تۆڕی ئاڵۆی کاریگەرییە فراوانەکانی مۆدێلێکی بەرهەمهێنانە بەسەر پەیوەندییەکانی ژنان-پیاواندا کە بەهۆی کەڵەکەکردنی سەرمایەوە دەچێتە پێشەوە نەک بەئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک».26Martha Gimenez, Capitalism and the oppression of women: Marx revisited, Science & Society, 69 (1), January 2005, pp.11-32;

بە هەبوونی ئەم ڕۆڵە بنچینەیییەی ژنان لە کاری بێکرێی ماڵەوە وە بەشداریی ژنان لە هێزی کاردا، بە واتا هەم سەرکوتکردن و هەم چەوساندنەوە دێت، سەرکورتکردن لە ڕێگەی مۆدێلی ئایدیۆلۆژیای باوکسالارییەوە، چەوساندنەوە بە هۆی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە. ئەوان لە کاتێکدا وەک ژن سەرکوت دەکرێن و ستەمیان لێ دەکرێت، چونکە سروشتی سەرکوتکردن لەم فۆرمەدا سروشتێکی پیاوانەیە و ماوەیەکی درێژی مێژووییە هەیە، هەم وەک کرێکاریش دەچەوسێنرێنەوە، چونکە چەوساندنەوە سروشتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری پێک دەهێنێت. پەیوەندییەکی دیالەکتیکیی لەنێوان خێزان و کاری کرێ پێدراو هەیە، تێیدا جیهانی بەرهەمهێنان زۆر بنچینەییترە. بازاڕی کار کاریگەریی بەرچاو و گەورە لەسەر کارکردنە ناوخۆییە «تایبەتەکان»ی خێزانەکان دەسەپێنێت، بە خودی بڕیارە گرنگەکانی وەک بڕیاری نەوەخستنەوە، یاخود بڕیاری ئەوەی بەشی سەرەکیی داهات بۆ کام ئەندامی خێزان بڕوات یاخود کاری کرێ پێنەدراوی ماڵەوە لە بنەڕەتدا دەبێت پشکی لە داهات بەر بکەوێت یان نا، ئەمەش بەدیاریکراوی زیاتر لە کاتی منداڵبووندا دەردەکەوێت. ئەو دەرەنجامە دروست دەبێت وە دەمێکیشە لە ئارادایە کە پێشکەوتووترین سیستەمی سەرمایەداری هێشتا بەشدارە لە چەوساندنەوەی ژنان وەک هێزی کار و هەروەها ئایدیۆلۆژیا کۆنەپارێزەکانی باوکسالاری و پیاوسالارییش بەردەوامترن لە سەرکوتکردنی زیاتری دەنگ و ڕەنگ و ئامادەییی ژنان و هێشتنەوەیان بە پاشکۆ. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەرکەوتنی ژنان بە فراوانی لە شوێنەکانی کار، بوارە گشتییەکان و بوون بە دەنگ و ڕەنگی سەربەخۆی بەرهەمهێنانی نەک تەنها ماتریالی، بەڵکوو هونەری، فیکری و کولتووریش، بووەتە هۆی تەحەدداکردنی فۆرمە کۆنەکانی پەیوەندی.

blank
کۆمەڵێ ژنی کرێکاری کورد، کارگری جگەرەی سلێمانی ١٩٦٨

ڕیشەکانی توندوتیژیی دژی ژنان لە کوردستان

«قووڵترین کێشەکانی ژیانی مۆدێرن لە هەوڵی تاکەوە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و تاکایەتی بوونی خۆی دژی دەسەڵاتە حاکمەکانی کۆمەڵگە، دژی کێش و قوورساییی میراتی مێژوویی و کولتووری دەرەکی و تەکنیکی ژیانەوە، دێتەئاراوە» – گیۆرگ زیمیل، ‘میترۆپۆلیس و ژیانی زەینی’.27Georg Simmel, “The Metropolis of Modern Life” in Donald Levine (ed) Simmel: On Individuality and Social Forms, Chicago University Press, Chicago, 1971, p.324.

کۆمەڵناس و فەیلەسوفی ئەڵمانیی گیۆرگ زیمیل، لە وتارە بەناوبانگەکەیدا دەربارەی گەورەشار و ژیانی زەینی (١٩٠٣) پەنجەی لەسەر چەند خاڵێکی زۆر بنچینەیی داناوە، کە ڕووبەڕووی تاک دەبێتەوە لە گەورەشار (میترۆپۆلیس)دا ، بەتایبەت کولتووری دەرەکی و کێش و قوورساییی میراتی مێژوویی. ئەوەی بۆ ئێمە لێرەدا گرنگە، نەریت، میرات و کولتوور، بەتایبەت کولتوور چونکە وەک فاکتەرێک کاریگەری لەسەر سایکۆلۆژیای تاک و کۆمەڵ دادەنێت و بگرە دروستیشی دەکات، ئەوەیە کە ڕیشەی توندوتیژیی سێکسوالی لەناو کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بدۆزینەوە. واتە کاتێک کۆمەڵگەیەک گەیشتە ڕادە و بڕی پێشکەوتنی شارستانێتیی پیشەسازی، ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەو کۆمەڵگەیە توانیبێتی کێشە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان چارەسەر بکات. هەڵبەت ئەو گەورەشارەی کە زیمیل باسی دەکات، هەرگیز بەو فۆرمە لای ئێمە، تەنانەت لە ٢٠٠٣ بەدواوە، سەری هەڵنەداوە. ئەو باسی بەرلینی سەرەتای سەدەی بیست دەکات کە پایتەختی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سینەما، پایتەختی مۆدێرنیتە و گۆڕانی ڕۆڵی ژنان بووە. بەڵام ئێمە دەبینین کە  لە دوای ٢٠٠٣ەوە مۆدێلێکی نوێی ئابووریی سیاسی هاتووەتە کوردستانەوە، ئابووریی سیاسیی نیۆلیبراڵیزمی تێکەڵ بە پاشماوەکانی خێڵ، ئایین، نەریت، کێش و قوورساییی میراتی مێژوویی، کولتووری کۆڵۆنیالیزم و هتد. هەموویان وەک کۆمەڵێک فاکتەری کولتووری و سیاسی و ئابووری، جۆرێک لە سایکۆلۆژیای تاک و کۆمەڵیان دروست کردووە کە ڕیشەیەکی توند، چەوسێنەرانە، سەرکوتکەر، دەسەڵاتخواز و توندوتیژانەی پیاوسالارانە و باوکسالارانەیان هەیە، بەتایبەت دژی ژنان بە فراوانی و هەروەها دژی لاوانی نوێش بە شێوەیەکی تایبەت.

هیچ بزووتنەوەیەک، کۆمەڵگە و کولتوورێکی کۆنەپارێز نییە پشت بە نەریت نەبەستێت، هیچ نەریتێکیش نییە هێندەی نەریتی ئێمە بەم دواییانە دژ، دڕ و توند بێت. زۆرجار دەگوترێت دوای ٢٠٠٣ نیشانەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی بووە، بەوەی  کە زۆرێک ژنانیش هاتوونەتە دەرەوە و ئێستا کار دەکەن. لەگەڵ ئەوەی ئەم بۆچوونە ڕاستی تێدایە و نکوڵیی لەمە ناکرێت، بەڵام هاتنەدەرەوەی ژنان هێشتا پشت بەو مۆدێلە ڕەقە ئابووریی سیاسییە دەبەستێت کە پیاو، بە نەریتی هەزاران ساڵەوە کۆنتڕۆڵەکەی بەدەستەوەیە. مۆدێلی بەرهەمهێنانی ئابووریی پشت بەستوو بە نەوت، مۆدێلێک نییە بتوانێت دەرفەتی کاری داهێنەرانە، چالاک و یاخود کار وەک چالاکییەکی زیندووی ژیان بڕەخسێنێت.  لە بنەڕەتدا ئەوانەی لە کەرتی نەوتدا کاردەکەن، هەمان ئەو نوخبە کۆنەن، کە پێشتر لە سەردەمی فیودالیزمدا کۆنتڕۆڵی زەویان بەدەستەوە بوو. هەروەها پێویستە باسی ئەوەش بکەین چڕبوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان لە کوردستان تەنها نیشانەی هێزی پیاوسالاری و باوکسالاری نییە، بەڵکوو  نیشانەیەکی ترسیشە لە قۆناغی تێپەڕین و ڕاگوزەر بەرەو کۆمەڵگەیەکی نوێتر. ئینجا فۆرمی ئەو کۆمەڵگەیەی داهاتوو چۆن دەبێت هێشتا دیار نییە، بەڵام کاردانەوە توندوتیژەکان بەرانبەر بەم ڕاگوزەرە، کە بەگشتی لە هێز و هەژموونی پیاوێتی و نێرسالارییەوە دژی ژنان دێت، نیشانەی ترسێکی قووڵی سایکۆلۆژیی سەرکوتکەرە کە کۆمەڵێک فاکتەری کولتووری لە پشتییەوە وەستاون.

دیاریکردنی سروشتی ئابووریی سیاسیی نەوت لە کوردستان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەیە، کە ڕەنگە لەم لێکۆڵینەوەیەدا بە تەواوی نەتوانین مافی خۆی پێ بدەین. بەڵام خاڵێکی گرنگ کە بۆ ئەم بەشە پێویستمانە، بریتییە لە سەرهەڵدانی سایکۆلۆژیای سەرکوتکەر و توندوتیژیی پیاو دژی ژنان لە کوردستان. ئەمەش نەک لە ڕوانگەیەکی تەواو ئابوورییەوە، بەڵکوو لە گۆشەنیگای ئەخلاقی و فەلسەفییەوە دەکرێت بە کورتی بڵێین – و ئێستاش قەیرانەکانی بە چاوی خۆمان دەبینین – نەوت ئابوورییەکی وابەستەیە نەک سەربەخۆ. ئەم وابەستەییەش واتا سەرمایەداریی جیهانی لە کوردستان شوێنێکی بۆ خۆی کردۆتەوە و لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرزانی بۆ وزەکانی خۆی دەست دەکەوێت، ئەگەرچی تا ئێستا نەوتی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ ڕێژەی هەناردەکردنیشی کەم بێت. وەک دەشزانین کۆی کەرتی بەرهەمهێنان لە کوردستان کورت کراوەتەوە بۆ کەرتی دەرهێنانی نەوتی ژێرزەوی و نەوتیش خۆبەخۆ سەرچاوەیەکی سروشتییە کە تازە نابێتەوە واتا خۆی بەرهەم ناهێنێتەوە. «تازەنەبوونەوە» بەومانەیەی کە نەوت لە ماوەیەکی کەمدا کۆتایی دێت. بەڵام هەژموونی دەسەڵاتدارێتی، مۆدێلی خێڵەکییانە، لە فۆرمی حزبی مۆدێرندا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەوت ئەو پرسیارەیان هەرگیز بۆ گرنگ نییە کە ئایا نەوت کۆتایی دێت یان نا؟ ئەگەر کۆتایی هات، ئەی دواتر چی؟

پێشتر بینیمان مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەسەر کاری بەردەوام و بەرهەمهێنانی بەردەوام دامەزراوە، بەڵام لە بنەڕەتدا مۆدێلی ئابووریی سیاسیی نەوت پشت بە بەرهەمهێنان نابەستێت، کاڵا مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت، نەوت «دەستکردی مرۆڤ» نییە، دەدۆزرێتەوە، دەردەهێنرێت و بەکار دەهێنرێت. ڕەنگە کەسانێک بڵێن بەڵام هێزی کار لە دەرهێنان و پاڵاوتن و بەکارهێنانیدا بەکار دەهێنرێت، بەڵێ ئەمە ڕاستە، بەڵام کاریگەری و پانتاییی ئەم هێزی کارە زۆر جیاوازە لە چەمکی نەریتیی کار. ئەگەر ڕەهەندێکی کەمێک فەلسەفی بە ئابووریی نەوت ببەخشین دەڵێین نەوت بریتییە لە جەوهەرێکی شیعری، ڕەمزی و میتافیزیکی. بەو مانایە فەلسەفەیەکی پێش-مۆدێرن، نوخبەیی، ئەریستۆکرات، ڕێزی بۆ کار و کەرامەتی کار نییە و هتد. هەر لەبەر ئەوەشە، کە کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە زۆربەی کۆمەڵگە نەوتییەکاندا کوشندەن و ڕۆژ بە ڕۆژ دەستیان هەیە لە زیندووکردنەوەی بیری کۆنەپارێز و خێڵەکی وە هەمیش بەشداریی زیاتر لە پیسکردنی ژینگەدا دەکەن. ئابووریی نەوت، دەکرێت بڵێین، گەڕانەوەی کۆمەڵگە و نەزمی ڕژێمی فیودالییە، کە نە توانای تێپەڕبوونی هەیە بۆ قۆناغێکی دیموکراتیانەتر، نە خۆشی دەیەوێت ئەم تێپەڕینە ئەنجام بدات. لە ئابووریی سیاسیی نەوتدا ئەو شتە ڕوو نادات کە کۆمەڵناسی ئەڵمانیی نۆربەرت ئەلیاس، پێی دەڵێت «پرۆسەی بەشارستانیکردن». بەشارستانیکردن بەو مانایە نایەت کە دەوڵەتێکی ئەوروپی لەژێر ناوی بەشارستانیکردندا خەریکی فراوانخوازیی کۆڵۆنیالیستی و تاڵانکردنی وڵاتان بێت. بەڵکوو پرۆسەی بەشارستانیکردن واتا فراوانکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان، فراوانکردنی کاڵاکانی بەکاربردن، لەپاڵیدا هەڵکشاندنی دەرفەتی یەکسان بۆ پەروەردەی گشتی، خوڵقاندنی بواری گشتی بۆ بەرهەمهێنانی کولتووری، و بەشداریی دیموکراسی، یاخود دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە،28بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە:Norbert Elias, Über den Prozeß der Zivilisation: Soziogenetische und psychogenetische Untersuchungen, Zwei Bände, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1976 یاخود ئەو ڕەهەندەی سەرمایەداری کە مارکس بە ڕەهەندی «بەشارستانێتیکردنی سەرمایە» ناوی دەبات. ئەمەش وەک پێشتر باسمان کرد، پێویستی بە گۆڕانی پێگە و مانا و ڕۆڵی کار لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا هەیە کە هەم دەرفەتەکانی کاریی دەخوڵقێنێت و هەم سەرمایەداری بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە، ڕێگە بە ژنانیش دەدات کار بکەن. ئەم کارکردنەی ژنان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ لێدان و تەحەدداکردن و هەڵوەشاندنەوەی فۆرمە کۆنە سەرکوتکارەکانی خێزان کە تێیدا لە یەک کاتدا بەها بۆ کاری ماڵەوە دانانێت، هەروەها ژنان دەکات بە پاشکۆی پیاوان و هەمیش وەک دەرەنجام توندوتیژی لەسەر ژنان و برەودانەوەی زیاتر بە هەژموونی پیاوێتی و باوکسالاری زیاتر دەکات.

لەناو کۆی پرۆسە و مۆدێلی بەرهەمهێنانی نەوتدا، یاخود ئابووریی سیاسیی نەوتدا، ئێمە هەرگیز هیچ نیشانەیەک بۆ پرۆسەی بەشارستانییکردن نابینین، بەو مانایە گۆڕانی کولتووری و کۆمەڵایەتی ڕوو نادەن و تەنها گۆڕان لە ڕواڵەتی دەرەکیی شارەکاندا ڕوو دەدات. هۆکاری ئەمەش بەهۆی ڕژانی پارەوەیە بە شێوەیەکی کاتی بۆ ناو کۆمەڵگە و هەروەها گۆڕینی ژینگەی سروشتیی بەشێک لە شارەکانە بۆ ژینگەی شووشەیی و چیمەنتۆ و ئاسن، ئەمەش دیسان بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ ڕوو دەدات و زیاتر شوێنە دەوڵەمەندنشینەکان دەگرێتەوە.  لە کاتێکدا بەرهەمە زیانبەخشەکانی شووشە و ئاسن دەبنە خۆراکی کۆی کۆمەڵگە و بەشێکی کەمی فیودالە خاوەن نەوتەکان، بە هاوپەیمانیی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان، ناوچەیەکی سەوز بۆخۆیان دروست دەکەنەوە و خۆیان لە سەنتەرە قەرەباڵغەکان دادەبڕنەوە. ئەم مۆدێلەی ئابووریی سیاسیی نەوت، نەک زیانی بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی هەبووە، بەڵکوو هۆکارێکی ئەگەر سەرەکی نەبێت، بەڵام جددی بووە لە فراوانکردنی فۆرمەکانی ستەم لەسەر ژنان و گەشەدان بە کولتووری کۆنەپارێز، کە تێیدا دیسان ژنان دەبنەوە بە قوربانیی یەکەم.

وەک لە سەرەتای ئەم بڕگەیەدا باسم کرد، نامەوێت لێکۆڵینەوە لە ئابووریی نەوت بکەم، بەڵام گرنگ بوو نیگایەکی خێرامان بۆی هەبێت، و ئەم ڕوانگە خێرایەش لە پەیوەندیدا بە بابەتەکانی سەرەوە بخوێنرێتەوە. چونکە ڕەنگە خەڵکانێکی زۆر پێیان وابێت ئابووریی سیاسیی نەوت ڕۆڵی نییە لە درێژەدان بە توندوتیژی و بیری کۆنەپارێز، دیارە ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە بەوەدا کە چۆن ئەم ئابوورییە ڕەهەندە کۆنەپارێزییەکانی ئایین، کولتوور و خێڵ و نەریتی زیاتر فراوانکردووە لە بەئەبەدییکردنی توندوتیژیدا. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت کەمێک کورت باسی بکەم، سەرهەڵدانی جۆرێک سایکۆلۆژیای سەرکوتکار و توندوتیژە لە کۆمەڵگەی کوردیی دوای ٢٠٠٣ کە بێگومان ڕیشە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی زۆر کۆنترن. ئەو مۆدێل و میتۆدەی لێرەدا تاقی دەکەمەوە بریتییە لە مۆدێلی سایکۆلۆژیی کولتووریی فراوان، ئەمە واتا چی؟

بنچینە و پرەنسیپی سەرەکیی مۆدێلی سایکۆلۆژیی کولتووریی فراوان بریتییە لە دیاردەی سایکۆلۆژی وەک درککردن، خود، هەستەکان، ناسین، و نەخۆشیی مێشک کە شتگەلی سروشتی نین، بەڵکوو دیاردەی کولتوورین. سایکۆلۆژیا خۆی پشت بە فاکتەرە فراوانە کولتوورییەکان دەبەستێت و بەرجەستەیان دەکات. کولتوور خۆی لە سیستەمێکی کارکردنی ڕەهەندی دەروونیش پێکدێت. ئێمە لە ڕێگەی فاکتەرە کولتوورییەکانەوە بیردەکەینەوە، درک دەکەین و هەست بە شتەکانی دەوروبەرمان دەکەین. وەک نموونەیەک بیهێنینەوە، کوشتن لەسەر شەرەف لەناو کۆمەڵە ئایینی و خێڵەکییەکاندا: لەبەر ئەوەی دەیویست لە دەرەوەی نۆرمە داسەپاوەکانی کۆمەڵگە بژیت، ماریا سامی بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن برای/مامییەوە تیرۆر دەکرێت. برا و مام و باوک، بەڵکوو بگرە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە، وا هەست دەکەن بوونی ماریا شەرمەزارییە، بۆیە ئەگەر بە نیگایەک وردبینەوە هەم گوێ لە دانپیانانی بکوژ، و هەم کۆمێنت و لێدوانی بەشی فراوانی کۆمەڵگە ببینین، دەبینین نەک هەست بە پەشیمانی ناکەن، بەڵکوو کوشتنی ماریا جۆرێک ئاسوودەییی دەروونی بۆ کەسە نزیکەکانی و بەفراوانی بۆ کۆی کۆمەڵگە دەهێنێت، جۆرێک لە پاقژبوونەوەی دەروونی. ئەو سایکۆلۆژییەتە توندوتیژەی هەمووی لە ماریا تووڕە بوو بەوەدا شتێکی کردبوو، ژیانێکی هەڵبژاردبوو لەگەڵ بەها و نۆرمەکانی ئەواندا نەدەگونجا. زنجیرەی هەست و سۆزەکان، بەڵگەهێنانەوە، ئەخلاقیات و ڕەفتارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان هەموویان لەلایەن ڕەچەتەیەکی کولتوورییەوە ڕێکخرابوون، ڕەوایەتی بەم تیرۆرکردنە بدەن. ئەمەش واتا فاکتەرە کولتوورییەکان سیستەمەکانی کارکردنی سایکۆلۆژیان. سایکۆلۆژیای برا و مامی ماریا و ڕەوایەتیپێدەرانی تاوانەکە لە ئاستی کۆمەڵگەدا، داهێنراوێکی تەنها یەک تاکەکەس، واتا برای ماریا نییە، هەروەها کاردانەوەیەکی سروشتییانەی مرۆڤیش نییە.

سایکۆلۆژیا بە تەنها ناکەوێتە ژێر کاریگەریی فاکتەرە کولتوورییەکانەوە، بەڵکوو لە فاکتەرە کولتوورییەکان پێک دێت. فاکتەرە کولتوورییەکانیش لە ناوەوەی زەین و مێشکدا کارکردنە سایکۆلۆژییەکانی ئێمە پێک دەهێنن، ئەوان بە تەواوی لە دەرەوەی دەروونەوە نین. لەبەر ئەوەیە خەسڵەتی کولتووریی سایکۆلۆژیا وادەکات سایکۆلۆژیا پەنجەرەیەک بێت بۆ ناو کۆمەڵگە. بە وردبوونەوە لە سایکۆلۆژیای توندوتیژ دەتوانین فاکتەرە کولتوورییەکانی پشتی ببینین: ئایین، نەریت، نەریتی خێڵ، ڕەقبوون و بەبەردبوونی پیاوسالاری، باوکسالاری و «شەرەفپارێزیی پیاوانە» و «هەژموونی نێرایەتی» و پاشان بەرژەوەندیی ئابووریی سیاسیی توێژ و چینی حوکمڕان و هەروەها ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی نەریتی.

سایکۆلۆژیای کولتووری جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سایکۆلۆژیا لەناو فاکتەرە کولتوورییە فراوانەکاندا دروست دەبێت، خەسڵەت و کارکردنەکانیان دیاری دەکات و وایان لێ دەکات لەناو تاک و کۆمەڵدا ببنە کۆمەڵێک خەسڵەتی ڕەق و جێگیر. بە شێوەیەکی لۆژیکی پەیڕەویی لەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتییە سەرکوتکارانە دەکات، کە سایکۆلۆژیای تاکی سەرکوتکراو بەرهەم دەهێنن. سایکۆلۆژیستی ئیسپانیی ئیگناسیۆ مارتین-بارۆ، لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەربارەی چارەنووسگەرایی (fatalism) نموونەیەکی ڕوونی ئەم بابەتەی بەدەستەوە داوە:

«چارەنووسگەرایی ڕێگە و شێوازێکە بۆ خەڵک وابکات مانا بەو جیهانە ببەخشن کە پێیان وایە جیهانێکی داخراوە و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئەوانەوەیە؛ ئاراستە و مەیل و بیرکردنەوەیەکە دەبێتە هۆی کارکردنی سەرکوتکارانەی هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بەهێزتریشیان دەکات. منداڵانی پەراوێزخراوی کۆمەڵە دوورەەکانی ئەمریکای لاتین بۆیە چارەنووسگەرایی بە ناوەکی ناکەن چونکە لە دایک و باوکیانەوە بەمیراتی بۆیان ماوەتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بەرهەمێکی ئەزموونی خۆیانە لەگەڵ کۆمەڵگەدا. ڕۆژ دوای ڕۆژ فێردەبن هەوڵەکانیان لە قوتابخانە ناگاتە هیچ شوێنێک و بە بنبەست دەگەن؛ ئەوان هەوڵی بەردەوام بۆ فرۆشتنی ڕۆژنامە لە شەقامەکان، پاسەوانیکردنی ئۆتۆمبێلەکان و پێڵاوبۆیاخکردن دەدەن، بەڵام شەقام بۆ ئەمانەش پاداشتیان ناکات؛ و لەبەر ئەوە زۆر باشترە هەرگیز خەون نەبین یان بیر لەو ئامانجانە نەکەنەوە کە هەرگیز ناتوانن پێیان بگەن. فێر دەبن پاشەکشێ بکەن و خۆیان بەدەستەوە بدەن، نەک هێندە بەهۆی گواستنەوەی بەهاکانەوە لە ڕێگای پێکهاتەیەکی داخراوەوە، بەڵکوو بەهۆی پیشاندانی ڕۆژانەی ئەوەی چەندە مەحاڵ و بێکەڵکە هەوڵ بدەن بارودۆخیان بگۆڕن، چونکە پێیان وایە ئەو ژینگەیە خۆی بەشێکە لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی سەرتاپاگیری سەرکوتکەر».29Ignacio Martín-Baró, Writings for a liberation psychology, Harvard University Press, 1994, pp.210-211.

وەسف و لێکدانەوەکانی مارتین-بارۆ زۆر بنچینەیی و فێرکەرانەن، چونکە چارەنووسگەرایی، یان باوەڕبوونی پتەو بە ڕوودانی چارەنووس بە فاکتەرە کولتوورییەکانەوە گرێدەداتەوە، بەپێچەوانەی سایکۆلۆژیستە باو و پۆپۆلارەکانەوە. چارەنووسگەرایی کۆمەڵە ڕەهەند و لایەنێکی کێشەسازی بوونی چینی خوارەوە ئاشکرا دەکات کە یارمەتیی پاساوهێنانەوە بۆ ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی دەدەن. لە کاتێکدا بارۆخۆی پاڵەوان و خەباتکارێکی خەڵکی خوارەوەی کۆمەڵگا بوو، بەڵام ئاگای لەوەش بوو کە دەبێت ئێمە واقیعییەتی سایکۆلۆژییانەی ئەو خەڵکە بناسینەوە، چونکە تا ڕادەی شێتگیرییانە و چارەنووسگەرایییانە سەرکوتکراوە و ژێرپێ خراوە. بێگومان، ئەمە تەنها یەک دەرکەوتنی لایەنی سەرکوت و ستەمە. زۆر لایەن و هۆکاری دیکەش هەن، بۆ نموونە نەزانی، بێ هەستی، خورافە، دەمارگیری، توندوتیژی، فشار، نەخوێندەواری و نەخۆشیی زەینی. بەو مانایە نەزانیی ڕەهەندێکی تەواو سیاسی هەیە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرکوت و توندوتیژی. بۆ نموونە لێکۆڵینەوە تازەکانی بواری ئەپستمۆلۆژیای نەزانیی و سۆسیۆلۆژیای نەزانیی باس لەوە دەکەن نەزانی بە شێوەیەکی چالاکانە و مەبەستدارانە لەناو دانیشتوواندا برەوی پێدەدرێت تا وایان لێ بکات هێمن و ئارامیان بکات. نەزانی، گومان-لەخۆکردن، چارەنووسگەرایی و خەوشە سایکۆلۆژییەکانی دیکە ئامرازێکن بە هۆیانەوە چینە باڵادەستەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگە و دانیشتوواندا دەهێڵنەوە و لە خوارەوەش پەرە بە توندوتیژی دەدەن تا توندوتیژیی خوارەوە لە خۆیان دوور بخەنەوە، چونکە دەزانن بەو نایەکسانییەی دروستیان کردووە، ئەگەر خوارەوە وشیار بن، توندوتیژییەکانیان نەک دژی یەک، بەڵکوو دژی سەرەوە ئاراستە دەکەن.

لەکاتێکدا سایکۆلۆژیای سەرکوت، ستەم و توندوتیژی لەوەش ئاڵۆزترە، چونکە سایکۆلۆژیای مرۆڤی سەکوتکراو بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتووە چالاکانە سەرکوتکردن بەرهەم دەهێنێتەوە و بەردەوامی پێ دەدات. لەبەرئەوە سایکۆلۆژیای مرۆڤی سەرکوتکراو دەبێتە سایکۆلۆژیای مرۆڤی سەرکوتکەر. لەم ڕووەوە سایکۆلۆژیای مرۆڤی سەرکوتکراو دەست دەکات بە سەرکوتکردنی ئەو تاکانەی چالاکانە بەشداریی لە چالاکیی سایکۆلۆژیانەی سەرکوتدا دەکەن. بۆیە وەک گوتمان، ئەم ڕەهەندەیە وا دەکات سایکۆلۆژیای تاکی سەرکوتکراو خۆی ببێتە تاکێکی سەرکوتکەر و ڕەهەند و فاکتەرە کولتوورییەکانی پشتی سەرکوت لەبیر بکات، کە لەلایەن چینە باڵادەست و خاوەن بەرژەوەندەکانەوە بەردەوام خۆراکی پێ دەدرێت و فراوانتر دەکرێت. لێرەوە دەبینین سایکۆلۆژیا خۆی بریتییە لە فاکتەرێکی کولتووریی فراوان. لە پشتی هەر کردەیەکی توندوتیژییەوە مێژوویەکی دوور و درێژی کولتوور و نەریت وەستاوە کە بەشدارن لە دروستکردنی سایکۆلۆژیای توندوتیژیی ئەو کەسەی خۆی توندوتیژیی بەرانبەر کراوە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت. هەڵبەت دەبێت ئەوەشمان بە فراوانی لەبیر بێت، کە نابێت تاک بەم هۆیەوە خۆی بێ تاوان و بێ بەریی بکات کاتێک بۆی دەردەکەوێت ڕیشەیەکی قووڵ لە پشتی توندوتیژییەکانییەوەیەتی، بەڵکوو یەکەم هەنگاوی وشیاری ئەوەیە مرۆڤ نەک خۆی لەم سایکۆلۆژیایە دوور بخاتەوە، بەڵکوو بەشدار بێت لە بەدیهێنان و داهێنانی سایکۆلۆژیایەکی ڕزگاریخواز و یەکسانیخواز.

ئێمە تا ئەم ساتە لە کوردستان بە دەگمەن بەر ئەو تاکانە دەکەوین خۆیان لەم سایکۆلۆژیایە ڕزگار بکەن و بەشداریش بن لە داهێنانی سایکۆلۆژیایەکی ئەڵتەرناتیڤ، بەڵام هەروەها بێگومانیش، ئەمە پەردەی حیکایەتێکی ڕەش نییە، مرۆڤانێکی زۆر هەن لە دەرەوەی پێکهاتە کولتووری، سیاسی و ئابوورییەکانەوە کار دەکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، ئەوان کە لە سایکۆلۆژیای سەرکوت بەئاگا هاتوونەتەوە، بیر لە سایکۆلۆژیا و کولتووری ئەڵتەرناتیڤیش دەکەنەوە.

لێرەدا ڕەنگە ئەم پرسیارەش بێتە پێشەوە، کە ئایا ڕۆڵی حکوومەت لەم نێوەندەدا چییە؟ بێگومان حکوومەت کە خۆی بەشدارە لە پەرەپێدان بە کولتوور و سایکۆلۆژیای توندوتیژ. تەنانەت لوتکەی دەسەڵاتی حکوومی و میدیاکەی بەردەوام پلاتفۆرمێکە بۆ ڕەوایەتیپێدەرانی توندوتیژی، دژە-ژنی و دژە-پێکهاتەکانی دیکە و دژە-جێندەر و دژی دەرەجێندەرییەکانی دیکە، کە ڕۆژانە ڕێگە بۆ فراوانکردن و زۆرکردنی فۆرمەکانی دیکەی ستەم خۆش دەکات، چونکە بەرژەوەندیی فراوانی لەوەدایە ئەم جۆری توندوتیژییە بمێنێتەوە. هەروەها ئەوەی لە کەیسی تیرۆری ماریا لە کوردستاندا ڕوویدا، بەوەدا کەناڵێکی فەرمیی سەرۆک وەزیران بکوژ بهێنێتە سەر شاشە و ڕێگەی بۆ خۆش بکات پاکانە بۆ تاوانەکەی بکات و ڕەوایەتی پێ بدات و سۆزی ئەو بەشەی کۆمەڵگەش ڕابکێشێت کە دوودڵ و بەدگومان بووە، شتێکە بە دەگمەن ئەمڕۆ لە گۆشە و کەنارەکانی ئەم هەسارەیەدا دەبینرێتەوە. ئەوەش کە هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی نەریتیی لەسەر ئەم پرسانە قسە ناکەن یاخود لە بنەڕەتدا بە گرنگیان نابینن یان لەژێر چەمک و کاتیگۆریی ڕووت و ئەبستراکتی «کێشەی گەردوونیی مرۆڤ»دا پرسەکە لێڵ دەکەن، بەرژەوەندیی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ مانەوەی فۆرمەکان، سایکۆلۆژیا و کولتووری توندوتیژدا هەیە. چونکە ئەوەی خۆراک بە گەیاندنی پەیامی ڕۆشنبیرانی نەریتی دەدات، میدیا و چاپەمەنییە، میدیا و چاپەمەنیش خۆراک لە هێزە باڵادەستەکان وەردەگرێت، کەواتە لۆژیکییانە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی نەریتی، هاوشانی هێز و چینە باڵادەستەکان، بەشدارن لە برەودان بە زیاتر فراوانکردنی فۆرمەکانی ستەم.

کاری خۆڕایی، دایکایەتی، بەرهەمهێنانی کولتووری

پێشتر بە دوور و درێژی باسی کاری ماڵەوەمان کرد، بەتایبەت لە ڕەهەندە تیۆرییەکەیەوە، ئەم پرسە ئەگەر بەڕادەیەک ژنانی چینی کرێکاری وڵاتانی پیشەسازییە گەورەکانی چارەسەر کردبێت، لە کوردستاندا هێشتا بە فراوانی ماوەتەوە. لەلایەک ڕاستە ژنان هاتوونەتە دەرەوە و کار دەکەن، بەڵام هاوکات ئەرکی ماڵەوە و کاری ماڵەوەش لەسەر ئەوانە: پاککردنەوە، ڕێکخستن، چاودێریی منداڵ، کە بەهای هەر یەکێک لەم کارانە بەهایەکی یەکسانی کارکردنە لەناوەوەی کارگە و نووسینگە و فەرمانگەکاندا، بەڵام لە کوردستاندا تا ئێستا هیچ بەهایەک بۆ ئەم کارانە نییە و بەگوێرەی نەریتیش هەمووی بەکاری ژن دەبینرێت، پیاو بەردەوام خۆی بێ بەری دەکات لەم کارانە. لەم ڕووەوە هێزی کاری ژن لە کاری سەربەخۆ، بینینی کار وەک چالاکییەکی زیندووی ژیان، بەتەواوی لێی نامۆ دەبێت و کورت دەبێتەوە بۆ مۆدێلێکی نوێی بێگاری و کاری زۆرەملێ. لەبەرئەوەیە ئەگەر توێژینەوەیەکی فراوانی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی لەسەر ڕەهەندە فیکری و دەروونییەکانی ژنانی کارکەر بکرێت بۆمان دەردەکەوێت بەخێوکردنی منداڵ و کاری ماڵەوە هەرگیز لەلایەن ژنەوە وەک چالاکییەکی زیندوو و بەشێک لە عەشق و خۆشەویستیی کار نابینرێت. بۆ ئەوەی کار ببێتە بەشێک لە چالاکیی زیندووی ژیان، یان دەبێت کاری ماڵەوە بەکۆمەڵایەتی بکرێت یاخود بەهای کاری بۆ دابنرێت و بە شێوەی یەکسان دابەش بکرێت.

ئەمە لە لایەک، بەڵام لەلاکەی دیکەوە، کێشەیەکی دیکە لە کولتووری ئێمەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی نەریتی و بەشی فراوانی مێژوونووسان و «پیاوانی ئایینی» نموونەی ژنانی کلاسیک دەهێننەوە کە  لە کولتووری کوردەواریدا سەریان هەڵداوە و ژنانی دیاری کۆمەڵگەش بوون، نموونەی حەبسەخانی نەقیب و هتد. ئەمانەشیان بۆ ڕەوایەتیدان بە توندوتیژیی بەرانبەر بە خواستی ژنان بۆ ڕزگاری دەهێنرێتەوە یان بۆ سەرکوتکردن، چونکە لە ڕاستیدا ئەو مۆدێلەی ژن نواندنەوەی خواستی پیاو بووە لە کۆمەڵگەدا و هیچ پەیوەندییەکی بە خواستی ژنەوە نەبووە. واتە مەبەست لە هێنانەوەی ئەم نموونانە بە فراوانی بۆ بێدەنگکردنی دەنگی تازەی ژنانە کە دەیانەوێت ئەم جارە نەک بە ئایدیا و بیرۆکەکانی سەری پیاوان، بەڵکوو بەگوێرەی ئایدیاکانی خۆیان، ڕابەرایەتیی خواست و داوا ڕزگاریخوازییەکانی خۆیان بکەن.

لەلایەکی تریشەوە کولتووری دایکپەرستی هەیە کە ڕەهەندێکی تەواو دژ بە ژنە. واتا ئەو پیاوەی دایکپەرستە یان عاشقی دایکییەتی مەرج نییە پیاوێک بێت باوەڕی بە ئازادیی هەمەلایەنە و یەکسانی ژن هەبێت. مێژوو پڕیەتی لە نموونەی دایکپەرستی، بەڵام هەر لەو کاتەی دایک دەپەرستێت ژن دەکاتە کۆیلە. نموونەی مۆدێرنی دایکپەرستییش لە مۆدێلە فاشیستییەکانی ئەڵمانیای نازی و ئیتاڵیای فاشیستیدا هەن. هەم هیتلەر و هەم موسۆلینی (بەتایبەت لە کەیسی موسۆلینیدا) بە فراوانی پێیان وابوو کۆمەڵگەی مۆدێرن و مۆدێرنیتە بریتین لە سەرهەڵدانی ژنان یان بەژنانەییکردنی مێژوو و کۆمەڵگە و دەسەڵات.  بۆ ئەم مەبەستە پێێان وابوو کە  بزووتنەوەکانی نازیی و فاشیستی دەتوانن جارێکی دیکە سەروەری بۆ ئەو پیاوە بگەڕێننەوە، کە ئێستا لەناو کۆمەڵگەی جەماوەریی ژناندا دەسەڵات، شکۆ و شەرەفی لەدەست داوە. لە کاتێکدا هەردوو ڕابەریش بە شێوەیەکی موقەدەس سەیری کارەکتەر و فیگەری دایکیان دەکرد. دایک بۆ ئەوان ڕەمزی بەرهەمهێنانەوە، واتا نەوەخستنەوەی سەربازی پاڵەوانە کە دەست لەسەر سینە ئامادەیە خۆی بکاتە قوربانیی وڵاتی باوک. دایک موقەدەسە، چونکە هەمیشە ئامادەی قوربانیدانە بۆ ڕۆڵەکانی، ئەو ڕۆڵانەی سبەی سەرباز و جوندیی نیشتمانن. ئەدەبیات و فیلم و کولتووری بینراوی نازیزم و فاشیزم پڕیەتی لە نواندنەوەی کارەکتەری موقەدەسکراوی دایک. بەڵام ئەم دوو بزووتنەوەیە تا دوا ڕادە دژی ژنان و ژنانەییکردنی کۆمەڵگە بوون. موسۆلینی هەمیشە بەگاڵتەوە دەیگوت چەمکی چین (class) لە ئەڵمانی و ئیتاڵیدا ئامرازی ناساندنی مێینە و جەماوەریش بە هەمان شێوە، بەڵام چەمکی دەوڵەت نێرانە و پیاوانەیە و بۆیە هەم نازیزم و هەم فاشیزم دەوڵەتیان وەک دروستکراوێکی موقەدەس دەبینی، لە هەڕەمی دەوڵەتیشدا، بێگومان لەبیریان نەکردبوو کارەکتەری دایک زەق بکەنەوە.

ئەم پرسە بە فراوانی لە کوردستانیشدا هەیە، هەموو گۆشە و کۆڵان و پارکێکی کوردستان پەیکەری دایکی هەیە، هەر تاکێک دایکی لا موقەدەس و پیرۆزە، بەڵام وەک بە فراوانی دەزانین زۆربەی زۆری پێکهاتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی لە توندوتیژیی دژی ژنان دەکەن، هەر ئەو «پیاوانە»ی دایکیان لا موقەدەسە، ڕێگەی تێدەچێت بەرانبەر بە خوشک و هاوژینەکانیان توندوتیژ بن، چونکە کە ژن بوو بە دایک، چیتر لای ئەوان وەک هەڕەشە بۆسەر نەزمی هەڕەمی و قووچەکیی هەژموونی پیاوەتی و پیاوسالاری نابینرێت. دایک قوربانیدەرە، ئامادەیە خۆی بکاتە قوربانیی ڕۆڵەکانی، ئەو ڕۆڵانەی کە ڕەنگە سبەی سەربازی نیشتمان بن. بەڵام ژن وەک بکەرێک خۆی دەبینێت کە خاوەن مافی یەکسانە، داوا دەکات هاوشێوەی پیاو لە شوێن و پێگەی یەکساندا بووەستێت، بێگومان ئەمەش دەبێتە هەڕەشە بۆسەر نەزمی ماوەدرێژیی هەڕەمی «هەژموونی پیاوەتی». دیارە مەبەست لەم قسانە بەو مانایە نییە کە دایک خاوەن کەرامەت و بوونێکی شایستە و ڕێزلێگیراو و خۆشەویست نییە، بەپێچەوانەوە، بەڵکوو ئامانجی ئەم بۆچوونەی ئێمە ئەوەیە بڵێین کە لە پشتی ماسکی دایکپەرستییەوە، کولتووری دژەژنیی خۆی حەشار داوە. هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێین پرسەکە بریتی نییە لە پرسی تاک، بێگومان کەسانێکی زۆر هەن دایکیان لا موقەدەسە لە ژنان و پیاوان، هاوکات باوەڕی موتڵەقیشیان بە یەکسانیی هەمەلایەنەی نێوان ژنان و پیاوان، جێندەرەکانی دیکە و دەرە-جێندەرەکان هەیە.

وەک دوا خاڵی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەمەوێت ئاماژە بە ئایدیۆلۆژیایەکی دوور و درێژ بکەم کە دەڵێت «لەناو پەیامبەران و فەیلەسوفان و زانایان و هونەرمەنداندا ژن هەڵنەکەوتووە». ئەم دەربڕینە ئەگەرچی ڕاستیی تێدا نییە بەتایبەت لە حاڵەتی «فەیلەسوفان و زانایان و هونەرمەنداندا»، بەڵام ئەم ئایدیۆلۆژییە ئەوە لە بیر دەکات کە مێژووی سەرهەڵدانی سایکۆلۆژیای سەرکوت و کولتووری سەرکوتکار و پەراوێزخستنی ژنان و بردنیان بۆ کون و کەلەبەرەکانی ماڵەوە و زیندانیکردنیان، بێگومان نابێتە دەرفەت بۆ سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و کولتووری. (ئەریستۆتێلیس) پێی وابوو بۆ ئەوەی فەلسەفە ڕوو بدات دەبێت کۆیلایەتیش هەبێت، نیچە ئەم قسەیە لە ئەریستۆ قەرز دەکات و دەڵێت بۆ ئەوەی کولتوور چرۆ بکات، دەبێت بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە بکرێتە کۆیلە. مانای پشتی ئەم قسانە ئەوەیە کە تەنها ئەو کەسانە دەتوانن کولتوور و فەلسەفە بەرهەم بهێنن کە کارناکەن، یاخود لە ئەمڕۆدا، کارێکی ئارام و خۆشی وەک پرۆفیسۆری ئەکادیمی دەکەن و دەستکەوت و داهاتی ماددیان دەیانجار بەرزترە لە داهاتی کرێکارێکی ئاسایی.

کۆڵۆنیالیزم کۆمەڵگە کۆڵۆنیزەکراوەکان وا لێدەکات توانای گەشەی ئابوورییان نەبێت، ئەمەش ڕێگە لەوە دەگرێت دەرفەتی یەکسانی پەروەردە و گەشە و چرۆی کولتوور و هونەر بێتە ئاراوە. بۆیە دەبینین هەموو ئەو کۆمەڵگانەی کۆڵۆنیزەکراون، بەڕادەیەکی فراوان لەژێر ئاستی موتڵەقی ناگەشەسەندووییدا هێڵراونەتەوە، هەژاری، نەخوێندەواری و نەزانیی قووڵ ڕیشەیان داکوتاوە و لەپاڵیشیدا توندوتیژی بەردەوام لە هەڵکشاندایە، با نموونەی کۆمەڵگەی ئەفغانستانی، بەڕادەیەکیش کۆمەڵگەی کوردی وەربگرین. سەرمایەداری لەلای خۆیەوە گەشەی ناهاوسەنگ دروست دەکات و وادەکات لە ئەمڕۆدا منداڵانی چینێکی کەم توانای زۆرترین گەشەی پەروەردەیییان هەبێت، بەڵام منداڵانی چینی کرێکار، کە ڕێژەی گەورەی کۆمەڵگەکان پێک دەهێنن، لە ئاستێکی بەرزی خوێندنی باڵادا نەبن، بەڵکوو کۆی دەرفەتەکانیان گەڕان بێت بۆ دۆزینەوەی کار و دانی باجی فراوان و نەبوونی کاتی بەتاڵی پێویست بۆ خۆ-پەروەردەکردن و خۆ-فێرکردن، یان بوون بە هونەرمەند و بیرمەند و فەیلەسوف. دیسان لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەمەوە کە مەبەست لە کاتی بەتاڵ بۆ خۆ-پەروەردەکردن ئەوە نییە کە فەلسەفە، کولتوور و هونەر بکاتە کایەی دەرەوەی کار و کرێکار بخاتە دەرەوەی هەرێمی هونەرمەند و فەیلەسوف و کولتوورناسەوە، ئەو مۆدێلە سەرمایەدارییەی لەسەر بنەمای دابەشکردنی کار دامەزراوە، دەرفەتی ئەوەی لە زۆرینەی کۆمەڵگە سەندووەتەوە پراکتیکی کولتوور بکات و ئەو کەمینەیەش کە لەو بوارەدا چالاکە، ئاگاییی خۆی بەرەو شوێنێکی دەرەوەی جیهانی واقیعی ئاراستە دەکات و نامۆبوونی مرۆڤ لە مرۆڤ، کرێکار لە کرێکار، کرێکار لە مرۆڤ و لە سروشت و کۆمەڵگە، و پاشان بێبەریبوونی لە ژیانی کولتووریی قووڵتر و قووڵتر دەبێتەوە و لێرەشەوە دەرفەتی سەرهەڵدانی کولتوورێکی پێشکەوتووخواز لە مەیدانی گشتیدا زیاتر کەم دەبێتەوە و لەم ڕووەوە دەرفەت بۆ سیاسەتە پۆپۆلیستییەکان و بیرە ڕاستڕەوییەکان دەخوڵقێت ئاسانتر کار لە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بکەن و زیاتر پەرە بە بیرە کۆنەپارێزەکانی وەک ڕقی نەتەوەیی، سێکسیزم، ڕقی ئایینی، و بیری فاشیستی بدەن.

ئەمە بۆ پرسی ژن بە هەمان شێوە ڕاستە، لەو ساتەوەی ژن لە سەکۆی مێژوویی و سیاسی دەرکراوە هەزاران ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و نەک هەر بە فیزیکی و ئابووریی وابەستەی پیاو کراوە، بەڵکوو سایکۆلۆژیایەکی سەرکوتکراویشی بۆ دروستبووە کە خۆبەخۆ دان بەوەدا بنێت کە پاشکۆیە و بێتوانایی لە بەرهەمهێنانی کولتووریی، نەک وەک دیاردەیەکی مێژوویی بەڵکوو بە سروشتی بیبینێت و ڕۆژانەش مۆدێلە باوەکانی فەلسەفە، ئایین، نەریت، سایکۆلۆژیا و کولتوور ئەم بیروباوەڕە باڵادەستە بەرهەمبهێننەوە. کەواتە وەک دەرەنجام ڕوونە کە هەرگیز دەرفەتی یەکسان لەب ەردەم ژن و پیاودا نەبووە لە مەیدانی بەرهەمهێنانی کولتووریدا تا بزانین کام مۆدێلی بەرهەمهێنانی کولتووریی فراوانتر، باڵاتر و باشترە. قسەکردن لەسەر پلەی بەراوردی دەستکەوت و بەرهەمە کولتوورییەکان تەنها کاتێک دەکرێت کە دۆخی گونجاوی یەکسان لە ئارادا بێت. بە دڵنیایییەوە ژنێکی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە کابول کە ئێستا لە زانکۆش قەدەغە دەکرێت، هەمان دۆخی یەکسانیی پیاوێکی نییە لە بەرلین و هارڤارد و ئۆکسفۆرد تا بێین بێتوانایی و بێکولتووریی ژنێکی ئەفغانستانی بەراوردی ئەوەی پێی دەگوترێت «پیاوێکی داهێنەری وەک مارک زوکەربێرگ» بکەین.

لیستی سەرچاوەکان

ئینگلیزیی و ئەڵمانیی

Aleksandra Kollontai,Make way for Winged Eros: A Letter to Working youth Love as a Socio-psychological Factor, in From Symbolism to Socialist Realism: A Reader, edited by Irene Masing-Delic, Academic Studies Press, Boston, 2012.

Bertolt Brecht, Fragen eines lesenden Arbeiters, in Die Gedichte, Die Sammlungen, Die Einzelgedichte, Vollstänidge Neuausgabe, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2016.

Christine Delphy, Close to Home. A Materialist Analysis of Women’s Oppression, Hutchinson, London, 1984.

Ernst Mandel, Late Capitalism, Verso, London and New York, 1978.

Friedrich Engels, Der Ursprung der Familie, des Privateigentums und des Staats, in Karl Marx/Friedrich Engels – Werke, Karl Dietz Verlag, Band 21, 5. Auflage, Berlin, 1975.

Georg Simmel, “The Metropolis of Modern Life” in Donald Levine (ed) Simmel: On Individuality and Social Forms, Chicago University Press, Chicago, 1971.

Georg Wilhelm Friedrich Hegel, Wissenschaft der Logik, Band 21, Felix Meiner Verlafg, Hamburg, 2008.

Heidi Hartmann, The unhappy marriage of Marxism and feminism: towards a more progressive union, in Lydia Sargent (ed), Women and Revolution, South End Press, Cambridge MA, 1981.

Ignacio Martín-Baró, Writings for a liberation psychology, Harvard University Press, 1994.

István Mészáros, Marx’s Theory of Alienation, Merlin Press, London, 2006.

John Stuart Mill, On Liberty and Other Essays, Oxford University Press, Oxford, 1998.

Juliet Mitchell, Psychoanalysis and Feminism, Pelican, Harmondsworth, 1975.

Karl Marx and Friedrich Engels, The German Ideology, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence and Wishart, London, 2010.

Karl Marx, ‘Comments on James Mill, Elements d’Economie Politique’, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence & Wishart, London, 2010.

Karl Marx, Grundrisse: Foundations of the Critique of Political Economy, Penguin Classics, London, 1993.

Karl Marx, Ökonomisch-philosophische Manuskripte aus dem Jahre 1844, in Karl Marx, Friedrich Engels: Werke, Dietz-Verlag, Berlin 1968.

Martha Gimenez, Capitalism and the oppression of women: Marx revisited, Science & Society, 69 (1), January 2005.

Norbert Elias, Über den Prozeß der Zivilisation: Soziogenetische und psychogenetische Untersuchungen, Zwei Bände, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1976.

کوردیی

پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم (دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەکنیک)، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.

کاڕڵ مارکس و فریدریش ئەنگڵس، مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، ٢٠١٦.

پەراوێزەکان

  • 1
    Bertolt Brecht, Fragen eines lesenden Arbeiters, in Die Gedichte, Die Sammlungen, Die Einzelgedichte, Vollstänidge Neuausgabe, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2016, s.291-292
  • 2
    بڕوانە: کاڕڵ مارکس و فریدریش ئەنگڵس، مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، ٢٠١٦.
  • 3
    بۆ زانیاریی دەربارەی چەمکی نامۆیی لای مارکس بگەڕێنەوە بۆ شاکارەکەی ئستڤان مێزارۆش:István Mészáros, Marx’s Theory of Alienation, Merlin Press, London, 2006.
  • 4
    Karl Marx, ‘Comments on James Mill, Elements d’Economie Politique’, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence & Wishart, London, 2010, p.228
  • 5
    Karl Marx, Ökonomisch-philosophische Manuskripte aus dem Jahre 1844, in Karl Marx, Friedrich Engels: Werke, Dietz-Verlag, Berli 1968, Band 40, s.39-40
  • 6
    هەمان سەرچاوە
  • 7
    هەمان سەرچاوە
  • 8
    Karl Marx and Friedrich Engels, The German Ideology, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence and Wishart, London, 2010, p.31
  • 9
    هەمان سەرچاوە.
  • 10
    بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم (دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەکنیک)، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.
  • 11
    Georg Wilhelm Friedrich Hegel, Wissenschaft der Logik, Band 21, Felix Meiner Verlafg, Hamburg, 2008, s.419-422
  • 12
    پێویستە ئەوە بزانین میل ڕاناوی نێرینە وەک دەسەڵاتدار بەکاردەهێنێت، نەک ئەو ئەفسانەیەی پێیوایە میل سەرمەشقی ئازادیی و یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوانە. نەریتی لیبراڵ، دەسەڵاتی لە دەستی پیاودا دەبینی
  • 13
    John Stuart Mill, On Liberty and Other Essays, Oxford University Press, Oxford, 1998, p.73
  • 14
    هەمان سەرچاوە، ل.٧٩.
  • 15
    سەبارەت بە پێناسەی ئەم «بەکۆمەڵایەتییکردنە بابەتییەی بەرهەمهێنان» بگەڕێنەوە بۆErnst Mandel, Late Capitalism, Verso, London and New York, 1978, p.595
  • 16
    Karl Marx, Grundrisse: Foundations of the Critique of Political Economy, Penguin Classics, London, 1993,
  • 17
    هەمان سەرچاوە، لل.٦١٧-٦١٨.
  • 18
    Friedrich Engels, Der Ursprung der Familie, des Privateigentums und des Staats, in Karl Marx/Friedrich Engels – Werke, Karl Dietz Verlag, Band 21, 5. Auflage, Berlin, 1975, s.61-62
  • 19
    هەمان سەرچاوە.
  • 20
    هەمان سەرچاوە.
  • 21
    Aleksandra Kollontai,Make way for Winged Eros: A Letter to Working youth Love as a Socio-psychological Factor, in From Symbolism to Socialist Realism: A Reader, edited by Irene Masing-Delic, Academic Studies Press, Boston, 2012, p.168.
  • 22
    Juliet Mitchell, Psychoanalysis and Feminism, Pelican, Harmondsworth, 1975, p.412.
  • 23
    Heidi Hartmann, The unhappy marriage of Marxism and feminism: towards a more progressive union, in Lydia Sargent (ed), Women and Revolution, South End Press, Cambridge MA, 1981, pp.1-42; Christine Delphy, Close to Home. A Materialist Analysis of Women’s Oppression, Hutchinson, London, 1984, pp.69, 71
  • 24
    Heidi Hartmann, The unhappy marriage of Marxism and feminism, ob.cit, p.7
  • 25
    هەمان سەرچاوە، ل.٩.
  • 26
    Martha Gimenez, Capitalism and the oppression of women: Marx revisited, Science & Society, 69 (1), January 2005, pp.11-32;
  • 27
    Georg Simmel, “The Metropolis of Modern Life” in Donald Levine (ed) Simmel: On Individuality and Social Forms, Chicago University Press, Chicago, 1971, p.324.
  • 28
    بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە:Norbert Elias, Über den Prozeß der Zivilisation: Soziogenetische und psychogenetische Untersuchungen, Zwei Bände, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1976
  • 29
    Ignacio Martín-Baró, Writings for a liberation psychology, Harvard University Press, 1994, pp.210-211.