لێکدانەوەی کۆمەڵەچیرۆکی “زایەڵەی شارێکی سوور”

لە ڕوانگەی نیشانەناسیی 'بارت'ەوە

تیۆریی نیشانەناسی (semiotics) وەک ئاراستەیەک بۆ لێکدانەوەی دەق، تیشک دەخاتە سەر لێکدانەوە پێکهاتەیییەکانی دەق و، پاژەکانی پێکهێنەری، سیستمێکی نیشانەناسانە دەستنیشان و پەیوەندییە پێکهاتەیییەکانی نێوانیان تەتەڵە دەکات. ئەم ئاراستەیە، یەکەم جار لەلایەن زمانناسی سویسی “فردینان دو سۆسۆر” هاتە ئاراوە. ئەو لە نموونە(الگو)یەکی دووفاقدا پێی وا بوو نیشانە تێکەڵاوێک لە “دال”ێک و “مەدلوول”ێکە. ئەو لەسەر ئەم باوەڕە بوو گشت سیستمە زمانییەکان، لە نیشانەگەلێکی جیاواز پێک هاتوون کە بەهۆی چەمکێک یان وێنایەک پێکەوە لە پەیوەندیدان و نیشانە زمانییەکە، چەمکێک (مەدلوول) و وێنایەکی دەنگی (دال) پێکەوە گرێ دەدات.

هەرچەند بە دەربڕینی سۆسۆر، دەق بەڕواڵەت گۆڕەپانێکی داخراو و سنوورداری لەگەڵ نیشانە ناودەقییەکان هەیە؛ بەڵام نابێ خاڵێکی گرینگ لەبیر بکەین، ئەو لە ڕێگەی پێناسەی چەمکی سیستم دوو جۆر پەیوەندی لەنێوان ڕەگەزەکان لێک جیا دەکاتەوە: پەیوەندیی هاونشینی (Syntagmatic)  و پەیوەندیی جێنشینی (Associative). پەیوەندیی هاونشینی، ئەنجامی پەیوەندییە پەیتاپەیتا و هێڵیی ڕەگەزەکان لە ڕستەیەکدایە. ئەم تەوەرە، شوناسی هەر ڕەگەز لە زنجیرەیەکدا، ئەنجامی دژایەتیی ئەو لەگەڵ ڕەگەزەکانی تر دەزانێت؛ بەڵام لە ڕەهەندی جێنشینیدا، پەیوەندییەک لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی ڕەگەزە وێکچووەکان بەدی دێت، واتا هەر ڕەگەزێک کۆمایەک لە ڕەگەزەکانی تر کە دەتوانن لە جێی یەک بێن، لە مێشکدا دەورووژێنێت. کەواتە ئەم پەیوەندییە، ئەنجامی پەیوەندیی نێوان ڕەگەزە نادیارەکان لە زنجیرەیەکی هێزەکیی زەینیدایە. هەر ئەو جێنشینییەی ڕەگەزەکانە کە پێکهاتە لە پەیوەندییە دەروونییەکان و هاونشینی لەگەڵ ڕەگەزەکان بەرتەسک ناکاتەوە و ڕەگەزەکانی پێکهاتە بە پێکهاتەیەکی تر گرێ دەدات. ئەم پێواژۆیە، دەق لە کەشێکی داخراو کە سنوورێکی دیاریکراوی هەیە، دەباتە سەرتر و لە پەیوەندییەکیی جێنشینیدا، ڕەگەزە شاراوە و نوێیەکان دەبن بە پاژێک لە دەق.

ڕۆلان بارت (١٩١٥-١٩٨٠) فەیلەسووف و ڕەخنەگری ئەدەبی و نیشانەناسی فەرەنسی

هەرکام لە ڕەگەزەکانی پێکهێنەری پێکهاتەی چیرۆک، لە ناوی بەرهەمەوە بگرە هەتا کەسایەتییەکان و گشت ڕەگەزە کاتی و شوێنییەکان، ئەو دالانەن کە لە پەیوەندیی هاونشینی لەگەڵ یەکتر، پێکهاتەی سەرەکی و چوارچێوەی چیرۆک پێک دێنن و بە دەلالەتە ڕاستەوخۆ و پاڵەکییەکان لە کۆتاییدا مەدلوولی خوازراوی چیرۆک وەدی دێنن.

بە بڕوای “ئۆمبێرتۆ ئێکۆ” بەرهەم سیستمێک لە نیشانەکانە؛ ئەو سیستمەی کە بە وتەی ئێکۆ “پەیوەندییەکانی دەروونی نێوان نیشانەکانی، ئەگەری ڕاڤە بێئەژمارەکان دەڕەخسێنێت”. ئاراستەیەکی لەم شێوەیە بە بابەتێکی گرینگ وەک ڕاڤە، دەبێتە هۆی ئەمە کە ئێکۆ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شێوازناسیی بیندیتۆ کرۆچە (Benedetto Croce) و کەسانێکی وەک ئەو، ڕووەو جۆرێک پێکهاتەخوازیی هێرمنۆتیک هەنگاو هەڵێنێت. چونکە لەم ئاراستەیەدا لەلایەکەوە لەگەڵ توانایییەکانی دەق و لوانە نیشانەناسانەکان ڕووبەڕووین کە بەهۆی ئەو، دەق- تەنانەت لە نەبوونی سووژەی ئاگاشدا- ڕۆنراو لە کۆمەڵێک لە پەیوەندییەکان و پەیوەندیی پێکهاتەیی نێوان سازدەرەکانە کە دەبێتە هۆی پێکهاتنی واتا. لەلایەکی ترەوە دۆزینەوە، دووبارەڕۆنانەوە و ئافراندنی واتا ڕێتێچووەکان جگە لە بوونی ئەم جۆرە پەیوەندییانە، پێویستی بە بوونی سووژەیەک هەیە کە هەڵبژاردنێکی کارا و وشیارانەی لە ڕەگەزەکاندا دەبێت و بەردەوام ڕاڤەگەلێکی نوێ دەئافرێنێت.

لە نیشانەناسیی وێژەییدا، واتا بەهۆی پێکهاتەی نیشانەکانی پەیوەندیدار بەیەکەوە، سیستمی کۆد و گرێبەستەکان بەدی دێت. دۆزینەوە و داڕشتنی ڕێسا و نۆڕمێک کە بتوانێت پەیوەندیی نێوان ڕەگەزەکان تەتەڵە کات، واتای سیستمی کۆدی (رمزگان) دەستەبەر دەکات. سیستمی کۆد بابەتێکی بنەمایییە لە نیشانەناسیدا؛ واتای نیشانە بەو کۆدەوە بەستراوەتەوە کە تێیدایە. سیستمی کۆد چوارچێوەیەک پێک دێنێت کە تێیدا نیشانەکان واتادار دەبن. کەواتە ناتوانین بەوەی وا لە مەڵبەندی سیستمی کۆدا نییە، نیشانە بڵێین.

 بە دەربڕینی بارت گەیشتن بەم سیستمی کۆدییە هەوڵیکە بۆ تێگەیشتن لەم خاڵە کە واتا چۆن لە دەقدا دەئافرێندرێت و بڵاو دەبێتەوە. ئەو هەر لەسەر ئەم تێگەیشتنە، سیستمی کۆدیی بەشداربوو لە میکانیزمی واتاییی دەقدا بەم شێوەیە پۆلێن دەکات: سیستمی کۆدی هێرمنۆتیکی، سیستی کۆدی کردەیی، سیستمی کۆدی دالی (ماناناسانە)، سیستمی کۆدی هێمایی، سیستمی کۆدی کولتووری.

blank
بەرگی کتێبی “زایەڵەی شارێکی سوور” (کۆمەڵەچیرۆک)، شاناز جەوانشیر، دەزگای سەردەم ٢٠٢١

شوێنپێی سیستمی کۆدی بارت لە کۆمەڵەچیرۆکی “زایەڵەی شارێکی سوور”دا

١. سیستمی کۆدی هێرمنۆتیکی:

هێرمنۆتیک بەگشتی بە واتای هونەری لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقە، بەڵام سیستمی کۆدی هێرمنۆتیک، بەو یەکە واتایییانە دەگوترێت کە لە سەرانسەری دەقدا بڵاو بووەتەوە و دەبێتە هۆی پرسیار و مەتەڵ لە مێشکی بەردەنگدا و وەڵامدانەوەی وردەوردەیان. ئەرکی ئەم یەکانە بریتییە لە: پەروەدەکردنی تێم، جێگیرکردنی دۆخ، داهێنانی مەتەڵ، بەڵێنی وەڵامدانەوەی مەتەڵ، خەڵەتاندنی بەردەنگ لە دۆزینەوە وەڵامی مەتەڵدا، تەمومژاویکردن، لەمپەرسازکردن، داهێڵان، وەڵامی نیوەچڵ و ئاشکراکردنی ڕاستی. ئەمە هەر سیستمی کۆدی چیرۆکبێژییە کە لە ڕێگەیەوە لە گێڕانەوەدا پرسیارگەلێک دێنە ئاراوە و داهێڵان بەدی دێت و لە ئەنجامدا وەڵامی دەدرێتەوە.

لە چیرۆکی “تاقانە”دا یەکەم مەتەڵ کە ڕووبەڕووی بەردەنگ دەبێتەوە، گرینگیی کاتژمێر و بانگکردنی سەرحەدە: “زەنگی کاتژمێرە قورمیشکراوەکەی ژوورەکە وەک ئەوەی کەسێک بانگی بکات وایە: “سەرحەد! سەرحەد!” (ل ٤٧).

ئەگەر ئەم بەشە وەک پەروەدەکردنی تێمی مەتەڵەکە دانێین، نووڕونزاکردنی پیرەپیاو لە ژمارە چوار و نەگۆڕبوونی دۆخەکە دەتوانین وەک جێگیریی دۆخی مەتەڵەکە دانێین؛ هەر وەک لە لاپەڕەی ٤٧دا دەڵێت: “لەبەر خۆیەوە دەکەوێتە بۆڵەبۆڵ: “چوار، چواری نەهامەتیم. چواری ژەهری مار، چواری داماویم.””

لە درێژەی چیرۆکەکەدا و دوای لە زەنگلێدان‌کەوتنی کاتژمێرەکە، گێڕەڕەوە خێرا ئاماژە بە چۆنیەتیی دۆخە گوماناوییەکەی پیرەپیاو دەکات کە بەپێی ئۆلگووی بارت دەبێتە قۆناخی “بەڵینی وەڵامدانەوە بە مەتەڵ” : “دەیهەوێ هەستێتەوە، تەزوویەکی سارد بە جەستە کزەکەیدا مێروولە دەکات، خێرا خۆی دەخزێنێتە ژێر لێفەکەی و لەوێوە سەیری لای سۆپا نەوتییەکە دەکات” و لە دوا دێڕی ئەم بەشەدا بە گەڕان بەدوای حەبەکاندا قۆناخی “خەڵەتاندنی بەردەنگ لە دۆزینەوەی وەڵامی مەتەڵ”ەکەمان بۆ وێنا دەکات: “کوا … کوا حەپەکانم، لە کوێم داناون؟” (ل ٤٧)

هاتنی دەستبەجێی ئەم دێڕە کەشەکە تەمومژاوی دەکات: “دوو بریسکەی سەوز لەلای سۆپاکەوە لێی دەڕوانن.” (ل ٤٨)

بابەتێک کە لە دێڕەکانی دواییدا بەهێزتر دەبێت: “پیاوەکە شڵەژا و لەناکاو هەڵدەستێتەوە. چاوە سەوزەکان لە پشت سۆپاکەوە ون دەبن. پیاوەکە کشومات دەبێت، لێفەکە لە خۆی دەکاتەوە: کوا؟ چیی لێ هات؟” (ل ٤٨)

بە هێنانی ئەم دێڕە هەر لە لاپەڕەی ٤٨دا “بەڵام بریسکەی چاوە سەوزەکان ماتی دەکەن. سووکێ بای دەداتەوە دەگەڕێتەوە لای نوێنەکەی: “گوو بەم ڕۆژ و نێوچاوە”” دەتوانین قۆناخی “لەمپەر چێکردنی” تێدا بدۆزینەوە.

کاتێک گێڕەڕەوە و خوێنەر تووشی سەرلێشێواوی و پرسیارگەلێکی بێوەڵام و ناڕوون دەبن و بەدوای چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخەن داهێڵان ڕووی دەدات؛ لە چیرۆکی “تاقانە”دا بەم شێوەیە داهێڵان لە لاپەڕەی ٤٩دا بەوپەڕی خۆی دەگەیێنێت: “ژنەکە پرچی لادەدا و بۆ ساتێ چاوی بە ڕوخسارە ماتەکەی و چاوە سەوزەکانی دەکەوێ. بیر دەکاتەوە: “ئەم چاوانەم لە کوێ بینیوە؟”

لە درێژەی چیرۆکدا و لە لاپەڕەی ٥٠دا بەم وێنایە خوێنەر بە وەڵامێکی نیوەچڵ دەگات: “زەنگی کاتژمێرە قورمیشکراوەکە و جیڕەی پەنجەرە کراوەکەی ژوورەکەی یەک‌بەخۆی دای دەچڵەکێنن: ها … کێ…یە.”

بە دوایین ڕستەی چیرۆک لە لاپەڕەی ٥١دا ڕاستییەکە بۆ خوێنەر دەردەکەوێت: “پیرەپیاوەکە دەستی دەترازێنێتە ژێر سەرینەکەی و بەتاسەوە سەیری لای کوورەکە دەکاتەوە: “ئای دایە گیان، خۆشم دەوێی!!””

خاڵێکی گرینگ لەمەڕ سیستمی کۆدی هێرمنۆتیکی لە چیرۆکی “تاقانە”دا ئەوەیە کە دەق خەریکە بە هێنانی هێندێک کۆد و هێما وەک: “کاتژمێر، چوار، چاو، بریسکە، ژن، دایک و …” جەخت لەسەر مشتومڕە دەروونییەکان: نێوان نەست و بەئاگا، خۆت و بووکەڵەی دەروونت و ئەو حەز و ویستانە دەکات کە لە مناڵییەوە لەگەڵتن و هەر جارێ بە شێوەیەک خۆی دەنوێنێت و لە کۆتاییدا دەبینین چەنێ سەخت و نەگۆڕ بوو.

کەواتە پەیوەندیی نێوان ئەم سیستمی کۆدییە و دەستەواژە سەرەکییەکەی، واتا ڕاڤە و لێکدانەوەی دەق دەربڕی ئەم بابەتەیە کە ئامانجی ئەم سیستمی کۆدییە ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەرە بە هێنانەئارای پرسیارەکان و وەڵامدانەوەیان لە ئاراستەی لێکدانەوەی دەقەدا، کارێک کە دەبێتە هۆی بەشداریی زۆرتری خوێنەر لە تێگەیشتنی دەلالەتەکانی دەقدا.

٢. سیستمی کۆدی کردەیی:

پێرۆئایرۆتیک یان سیستمی کۆدی کردەیی، یەکە گێڕانەوەیییە وردەکان لەخۆ دەگرن کە بەلەپاڵ‌یەک‌هاتنیان گشتێتیی دەق دەستەبەر دەکەن و دەبنە هۆی بەرەوپێشچوونی گێڕانەوە، بارت ئەم دەستەواژەیە بۆ دەربڕینی پاژە جیاوازەکانی زنجیرەیەک لە ڕووداوەکانی چیرۆکێک بەکار دێنێت. لەم جۆرە سیستمی کۆدییە دەکرێ بۆ هەر یەکەیەکی کردەیی یان سێکانسی ناو یان سەردێڕێکی گشتی ڕەچاو بکرێت. وەک ژوان، ئاشقبوون و …

لە چیرۆکی “تاقانە”دا ١٣ کردەی جیاواز دەستنیشان دەکرێن کە بەم شێوەیەی خوارەوە زنجیرەی گێڕانەوە پێک هێناوە:

١) زەنگ‌لێدانی کاتژمێر و لە خەوهەستاندنی پیرەپیاو؛ ٢) هەستانەوەی پیرەپیاو و لەخۆکردنەوەی لێفەکەی؛ ٣) خۆگەیاندنە لای بێشکەکە؛ ٣) گەڕانەوە پیرەپیاو بەرەو نوێنوبانەکەی؛ ٤) کردنەوەی دەرگا و هاتنەژووری ژنێکی کەڵەگەتی پرچدرێژ؛ ٤) شیردانی ژنەکە بە منداڵە ساواکە؛ ٥) ڕۆیشتنی پیرەپیاوەکە بە زگەخشێ بەرەو لای کوورەکە و خۆماتدانی؛ ٦) شیرخواردن و پێکەنینی ساواکە؛ ٧) ئاوڕدانەوەی ژنەکە؛ ٨) سەرشۆرکردنەوەی ژنەکە و مەمک دەرهێنانی لە زاری مناڵەکە و دادانەوەی تۆڕی سەر بێشکەکە و چوونەدەری لە ژوورەکە؛ ٩) گەڕانەوەی پیرەپیاو بۆ سەر نوێنەکەی؛ ١٠) زەنگ‌لێدانی کاتژمێرەکە و داچڵەکینی پیرەپیاو؛ ١١) دەرپەڕینی برسیکە سەوزەکان و هەڵهاتن و میاواندنی؛ ١٢) کوتانی دەستی پیرەپیاو لەژێر دۆشەکەی و گەڕان بەدوای گۆچانەکەیدا؛ ١٣) دەست‌ترازاندنی پیرەپیاو بۆ ژێر سەرینەکەی و بەتاسەوە چاو لەلای کوورەکردن.

لە ڕاستیدا خاڵی سەرەکیی جیاوازیی دوو سیستمی کۆدی هێرمنۆتیک و کردەیی لەوانەی تر لەمەدایە کە “سیستمی کۆدی هێرمنۆتیکی و کردەیی هەردوو هۆکاری جووڵەی دەق بۆ پێش و دانانی کاتی دەقن و دەق لە خاڵێک بۆ خاڵیکی تر و بەرەو ئەنجامێکی لەچارنەهاتوو دەبەنە پێش.

٣. سیستمی کۆدی هێمایی:

سیستمی کۆدی هێمایی، ئەنجامی ئەو دوانە دژبەیەکانەیە کە داهێنەری دەق بە شێوەیەک خوازراو یان نەخوازراو لە پێواژۆی گواستنەوەی واتادا کەڵکی لێ وەرگرتوون “بۆ داڕشتنی دوانە دژبەیەکەکان، هەر دەستەواژەیەکی سەرەکی لە بەرانبەر لێکدژەکەی دادەنرێت؛ دەستەواژەی یەکەم سەرەکی و دەستەواژەی دووەم لاوەکییە” (بی نظیر، ١٦٠:١٣٩٣). کەواتە لە خوێندنەوەدا بەپێی ئەم سیستمی کۆدییە دەبێ دوانە دژبەیەکەکەن لە دەقدا بناسینەوە و دەریان بێنین. وردبوونەوە لەم دوانە دژبەیەکان، خوێنەر دەگەیێنێتە بنەما سەرەکییەکانی ئەندێشە و هزری داهێنەری دەق. پێویستە ئاگادار بین کە ئەم سیستمی کۆدییە تەنیا لە قاڵبی مەجازدا ئەگەری نواندنەوە (بازنمایی)ی لە دەقدا هەیە.

لە چیرۆکی “حەوا بەدەم سنوورەکانەوە” هەر لە ناوی چیرۆکەوە بگرە هەتا ناوی کەسایەتییەکانی نێو چیرۆک و کردە و ڕووداوەکانی نێویەوە، خوێنەر لەگەڵ ناتەبایییەکی سەیر لەنێوان وشەکان و واتا شاراوەکانی و نیشانەکان ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بۆ نموونە ناوی قارەمانی چیرۆک کە “حەوا”یە ئەو حەوایەی کە لە پاکی و بێگەردییە سنووربەزێنەکەیەوە سزایەکی سنووربەزێن وەردەگرێت؛ ڕەشیدێک کە لە هەرچی جوامێرییە بەدوورە و چاوە سوورەکانی پڕی ناپاکییە، قادرێک کە لە هەرچی تواناییی بیستن و دیتنی ڕاستییە بێبەهرەیە و میرانێک کە لە میرایەتی تەنیا زۆری و چەوسانەوەی خوشکەکەی پێ بڕاوە و ئەو مەدانەی لە پیاوەتی شتێکی وای لەباراندا نەبوو. لەنێو دەقدا ئەم ناتەبایییە بە وشە ناتەناکان  و کردەکان بەوپەڕی خۆیان دەگەن؛ بۆ نموونە لە لاپەڕەی ٣٤دا دەڵێت: “مەردان وەک ئاگری نەوتیان پێدا کردبێ، هەڵدەچوو و ئەوانیش قاقا پێی پێ دەکەنین.” یان کاتێ لە لاپەڕەی ٣٥دا دەڵێت: “ڕەشید بە قۆشمەییەوە چاوێکی لە حەوا داگرت، گوتی: “حەوا نییە، گورگە گورگ.”” دەبیین لەنێو وشەی حەوا و گورگ هیچ تەبایییەکە لە ناخ و ناوەرۆکیاندا نییە و ئەزقەزا بەپێچەوانەوە حەوا دەبێت بە مەڕەکە. یان هێنانی وشەگەلێک وەک “شایی و شیوەن”، “کۆگای سارد و تاریک، هاوینی گەرم” یان گۆڕانی دڵە دلۆڤانەکەی باوکی بە دڵێک کە جگە لە قین و تووڕەیی چی تری تێدا بەدی نەدەکرا. تەنانەت شێوەی جلپۆشینی حەواش تووشی ناتەبایی بوو، هەر وەک لە لاپەڕەی ٢٨دا دەڵێت: “جلوبەرگە پیاوانەکەی ڕۆژانی پێشووی لەبەردا نەبوو، قەسرییەکی سووری پوولەکەداری لەبەر کردبوو، پرچە کاڵە درێژەکەی لەژێر کڵاوە قامیشەکەیەوە پەرێشان کردبوو، لەچکێکی سەوزیشی کردبووە ملی.” هەروەها لە لاپەڕەی ٤١ و ٤٣دا ئاوا ئەم ناتەباییە زەق دەکاتەوە: “کێڵگە نەدووراوەکان بە بایەکە دەشنانەوە و خشپەخشپەکەیان کەشێکی تایبەت و دڵڕفێنی بە ئێوارەکە دابوو.” “خشپەخشپی با ئیتر خۆش و دڵڕفێن نەبوو. لاسکە ڕەق و تیژەکانی گوڵەگەنمەکان بە سمت و قاچیدا دەچەقین.” و لە لاپەڕەی ٣٢دا دەڵێت: “حەوا دوگمەی کراسە پیاوانەکەی داخست.” نووسەر بۆ ئەوەی کە ئەم ناتەبایییە بەوپەڕی خۆی بگەیێنت لە بەرانبەر ئەم ڕستەیەدا لە لاپەڕەی ٤٣دا دەڵێت: “ڕەشید یەخەی کراسە پوولەکە سوورەکەی دادڕیبووە خوارێ و خەریک بوو وەک چۆن قەپاڵی لە سێو و هەرمێ کاڵەکان دەگرت، ئاواش گازی لە ئەو دەگرت و دەیناڵاند.” یان کاتێک لە لاپەڕەی ٣٢دا دەڵێت: “حەوا کڵاوە قامیشەکەی کردە سەری.” و لە لاپەڕەی ٤١دا دەڵێت: “ڕەشید بەئەنقەست کڵاوە قامیشەکەی لەسەر حەوا کردەوە، فڕێی دایە نێو گەنمەکان و مەستانە پێ کەنی.” کڵاو دوو کارکردی دژبەیەکی پێ دراوە؛ ئەو کڵاوەی بەلەسەرنانی نیشان لە گەوەریی و سەربەرزی و سەروەرییە، ڕەشید بە فڕێدان لە سەری حەوا لە حەواڕا فڕێی دەداتە خوار و نزم و سووکی دەکات و تێکی دەشکێنێت. هەر وەک لە چیرۆکەکەدا دەبینین وشەگەلێک وەک سێو و دزین و خواردن و سنوور، نیشانەگەلێکن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە بکەرەکەی کەسێکی ترە و تاوانبار حەوا! نووسەر چیرۆکەکە لە لاپەڕەی ٤٦دا بەم وشە ناتەبایانە کۆتایی پێ دێنت: “هەر دەکەوت و هەڵدەستاوە و ڕۆیشت … پێم  وایە بەردەنگ پێویستە بە خوێندنەوە لە هەناوی ئەم شتە بەڕواڵەت نەگۆڕ و ڕاوەستاوانەدا گۆڕانکاری و ناتەبایی و پەڕینەوە لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر لە ڕوانینیدا بەدی بێنێت.

٤. سیستمی کۆدی واتایی:

سیستمی کۆدی واتایی بەدوای دەستنیشانکردنی ئەو دەلالەتە پاڵەکی(ضمنی)یانەن کە لە دەقدا هەن و تایبەتمەندی و کردەکانی کەسایەتییەکان، شوێنەکان و شتەکان دەردەخەن؛ بە وتەیەکی تر ئەو ئاماژە پاڵەکییانە کە لە جێی دەلالەتە ئاشکراکان دادەنیشن و نیشانەکان لە جێی وتەکان و وەسفەکان دادەنێن. تێگەیشتن لەم سیستمی کۆدییە لەبەر تێپەڕین لە توێژی سەرەوە و ڕۆچوون لە قووڵایییەکان، پێویستی بە وردبوونە و قووڵبوونەوەی خوێنەرە.

ئێستەش با لەژێر تیشکی سیستمی کۆدی واتایی خوێندنەوەیەکمان لەسەر چیرۆکی “زایەڵەی شارێکی سوور” هەبێت. یەکەم شت کە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشت ناوی چیرۆکەکەیە؛ دەکرێ بڵێن لەپشت وشەی شار، شارستانییەتێک خۆی حەشار داوە کە بە ڕەنگە سوورە خوێناوییەکەی گشت کون و کاژێر و کووچە و کۆڵان و ئەو شەقامانەی خۆی نیشانەی شارستانییەتە، تەنیوە. چیرۆک لەم کاتەوە “لە دوانیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین” واتا لە هەڕەتی لاوەتی و پێگەیشتووییی کچەکە؛ لەلایەن باوکێکەوە کە خۆی نیشان لە دەستەڵات و هێزێکی لەبننەهاتووە ڕوو دەدات، کچەکەی لەبەر دەرگای زانکۆ کە زانکۆ خۆی ڕێک واتای بێشکەی زانست و شارستانییەت دەکوژرێ. لە درێژەدا دەڵێت “بەڵام باوکەکە وەک شێرێکی زامدار نەڕاندی و گوتی: “کچی خۆمە! کچی خۆم!” (ل ١٠٩) دەزانین شێر خۆی واتای هێز و دەسەڵاتی لە خۆدا حەشار داوە و زامداربوونی واتای ئەوپەڕی دەڕەندەبوون دەدات.

لە درێژەدا دەڵێت: “کچەکە بەبێ ئەوەی وستەی لێوە بێت،” ئەم کپ‌وماتی واتای ترس و تۆقاوییەکی سامداری لە خۆدا حەشار داوە. دواتر دەڵێت: “خوێنێکی گەرم و گەش لە مەقنەعە ڕەشەکەیەوە چۆڕایە دەرێ” خوێنێکی گەرم و گەش، واتا ئەو خوێنەی وا ژیانبەخش و پاک و بێگەردە؛ بەڵام لە مەقنەعەیەک کە ڕەشە و واتای تاریکی و توندوتیژی و مردن دەدات.

یەکێکی تر لەم ڕستانەی کە خوێنەر تووشی وەستان دەکات ئەو کاتەیە کە لە لاپەڕەی ١١٠دا دەڵێت: “بەر دەرگای فڵانە زانکۆ هەر خوێنە.” وشەی فڵانە واتای نەناسیاوبوون و زۆربوونی ئەم شوێنانە دەگەیێنێت کە ئەم شێوە کارەساتانەیان لێ دەکەوێتەوە و کاتێ دەڵێت هەر خوێنە مرۆڤ وەبیر ئەم باوڕە کۆنە دێنێتەوە کە خوێنی شەهید هەمیشە زیندووە و قەت ویشک نابێتەوە.

بە نووسینی ئەم ڕستەیە لە لاپەڕەی ١١٠دا”جەنابی شارەوان هێشتا لە نوێنەکەیدا بوو،” ڕێک واتای خەمساردی و نابەرپرسبوونی بەرپرسان لە مێشکدا دەچەسپێنێت.

کاتێکیش هەر لەم لاپەڕەیەدا دەڵێت: “شەڕی خوێنەکە لەگەڵ ئەو پیاوە نارنجییانە وا هەر ئەوان دەهاتن دەیانشۆردەوە، ئەویش بۆ سبەی بەیانییەکەی گەرم و گەش بە ڕێڕەوەکەوە پەنگی دەخوارەدەوە.” بەم واتایەیە کە ئەم خوێنە کە هەر کچانی کوژراوی کۆمەڵگان، خەریکن خۆیان دەنگی خۆیان هەڵدەبرن و بەدوای مافی خۆیانەوەن.

لە لاپەرەی ١١١دا دەڵێت: “خەڵکە سەرسووڕماوەکە کەوتنە سێڵفیگرتن لەگەڵ خوێنەکە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردوە” ئەمە ڕێک واتای کەمتەرخەمی و نەبوونی مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگادا دەستەبەر دەکات و ئەوەی کە هەرکەس تەنیا بەدوای خۆشییە کاتییەکانی خۆیەوەیە و وەک مەڕ سەریان داخستووە و هیچ شتێک نایانپرینگێنێتەوە. پیاوانی کۆمەڵگە بەمەش ئاسوودە نەبوون و “بە ئاسندڕک دەوری خوێنەکەیان گرت و کۆشکێکی بلیفرۆشیشیان لە تەنیشتیەوە دانا، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی وا دەیانویست لە نزیکەوە لەگەڵ خوینەکەدا وێنە بگرن.” (ل ١١١) هێنانی ئاسندڕک بە واتای سنوودارکردنی هاتوچۆی کچان و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پیاودا ڕاگرتنیان و پەلنەبزاوتنیانە؛ بەڵام ئەگەر پیاوان بیانهەوێت دەیانفرۆشن و ئەوەندەی خۆیان بیانهەوێت دەتوانن ببینرێن.

نووسەر لە زمانی پیرەپیاوەوە و لە ڕاستیدا دابونەریتی کۆنی کۆمەڵگەوە  لە لاپەڕەی ١١٤دا بەم شێوەیە واتای سەربەستی و خۆڕزگارکردن و بوێری کچانی کۆمەڵگە لەپشت “هەڕاجکردن”دا حەشار دەدات و دەڵێت: “ئەو قەحبەیە خۆی هەڕاج کردووە، هەتا من لەمسەرەوە بەری دەگرم، ئەو لەوسەری ترەوە دەڕوات.” چەند دێڕ خوارتر بەم شێوەیە وێنای دەکات: “ئەو قەحبەیە دەرپێکەەی داوە بە شانیا، خەریکی خۆنواندنە.”

کۆتاییی چیرۆکەکەش ئاوا واتای شکستهێنانی دابونەریتی کۆن و سەرهەڵدانی ژنانی ئازادیخواز و سەرکەوتنیان بەسەر ئەم کۆمەڵگە و شارستانییەتە بۆگەنەدا لەنێو وشەکانی “قوڵینگێکی ژەنگاویی ژێرخانەی ماڵەکەوە و زایەڵەیەکی سووری فیشقەکردوودا وێنا دەکات: “لەنێو کەلوپەلی ژێرخانی ماڵەکەیدا قوڵینگێکی ژەنگاویی دۆزییەوە و هەتا لای خوێنەکە گیر نەبوو، نەڕاندی و ئاسندڕکەکەی دەوری جێی خوێنەکەی لابرد و بە هەموو هێزەوە بە نووکی قوڵینگەکە تێی بەربوو: “قەحبە قەحبە” و لە کۆتاییدا ئاوا کچان بەسەر ئەم شارستانییەتە بۆگەن و دابونەریتە پاوانخوازەدا سەر دەکەون: “لەپڕ لەگەڵ نووکی قوڵینگەکە زایەڵەیەکی سوور فیشقەی کردە دەرێ و پیرەپیاوەکە و تەواوی شارەکەی لەگەڵ خۆیدا برد.”

٥. سیستمی کۆدی کولتووری:

دەلالەتی ئەم سیستمی کۆدییە ڕووەو واتایەکە کە لە دەرەوەی دەقدایە و بە زانستی گشتی (هونەر، پزیشکی، وێژە و…) پەیوەندی هەیە. سیستمی کۆدی کولتووری مەڵبەندی ئوستوورەناسی و ئیدئۆلۆژییە. تێکچێنراویی ئەم سیستمی کۆدییە، هەستی ڕاستەقینەبوون لە دەقدا وەدی دێنێت، چونکە خودی ئەم بیر و هزرانە بڕوا “سروشتی” و پاساوهەڵگرەکانی کولتوورین. مەبەست لە سیستمی کۆدی کولتووری، ئەو سیستمی کۆدییەن کە “بنەمای گوتارێک لە ناوەندێتییەکانی زانستی یان ئەخلاقی قایم و پتەو دەکەن، بەڵام بۆ فامی واتای سیستمی کۆدییەکانی تر، پێویستە ئەوان لە قاڵبی ئەم سیستمی کۆدە گشتییانە کە بریتین لە تەنراوی تایبەتی کولتووری- کۆمەڵایەتی ڕێک بخرێن و ماناپشکنی بکرێن. کارکردی ئەم سیستمی کۆدییە لەسەر بنەمای ئەسڵی نێواندەقێتی(Intertextuality) پێک هاتووە، بەدیهێنانی لێهاتووییی فامی دەق لە چوارچێوەی ئەو چەمکانەیە کە پێشدا لە جیهانی دەرەوەی دەقدا هەبوونە.

لە کۆمەڵەچیرۆکی “زایەڵەی شارێکی سوور”دا چیرۆکی “سندووقەکە” نموونەیەکی بەرچاوە بۆ ئەوەیکە بە پێوەری سیستمی کۆدی کولتووری بخوێندرێتەوە و تیشکی بخرێتە سەر. هەر لە ناوی چیرۆکەکەوە هەتا ئەو کەشەی بۆ ئەم چیرۆکە پەروەدە کراوە خوێنەر هەست بە کەشەکی ناسیاو و بەرهەست دەکات؛ لە ماڵی داپیرەوە بگرە کە چیرۆکەکە لەوێدا دەخوڵقێت هەتا حەوز و دارودرەختی نێو حەوشەکە و ئەو کۆگایەی لەپشت دارهەنارەکە هەڵکەوتبوو. بەڵام چەند ڕەگەزی زۆر گرینگ لەم چیرۆکەدا هەن کە سەرنجی خوینەری کورد ڕادەکێشێت و بەروە ئوستوورە و کولتوور و ئەفسانەکانی کۆنی کوردەواریت دەگەڕێنێتەوە و ناچارت دەکات لەسەریان وەستان و تێڕامانێکت هەبێت؛ یەکێک لەم ڕەگەزانە هەر ئەو دارەهەنارەیە کە کۆگاکە لەپشت ئەوەوە هەڵکەوتبوو، لە ڕاستیدا هێنانی ئەم دارهەنار بەهەڵکەوت نەبوو، هەر خوێنەرێکی کورد دەزانێت کە دارهەنار لە ڕەگەزە هەرە چالاکەکانە لە وێژەی کوردیدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەفسانەیەی کە لە کوردەواریدا هەیە و وەک ڕەگەزێکی پیرۆز بەتایبەت لە هەوراماندا چاوی لێ دەکرێت کە خۆی بۆ ئەو کولتوورە دەگەڕێیەوە کە لە باوانمانەوە بۆمان بە میرات ماوەتەوە و پێیان وا بووە بە هۆی دەنکە زۆرەکانیەوە زۆرتر لە هەر شتێک تر هێمای زاوزێ و زۆربوونی بەرە و ژیان و ژیانەوە و بەپیتییە؛ لە هەورامان و کوردستان ئوستوورەی باویادگار پیوەندی بە هەنارەوە هەیە کە دایکێک بە ناوی دادە سارا و بە خواردنی دەنکێک هەنار لەدایک دەبێت. هەروەها لە فۆلکلۆری کوردیشدا هەر ئەم هەنارەیە دەبێتە هۆی مردنی بەڕواڵەتی مەم و گەیشتن بە ژین و ژیانێکی هەتاهەتایی.

نووسەر لەم چیرۆکەدا بە هێنانی هێندێک لە کەرەستە کۆنەکانی کوردەواری سەرنجی خوێنەر بەروەر چاخێکی تایبەتی لە ژیان و کولتووری کوردەواری ڕادەکێشێت و هەروەها دەبێتە هۆی ناساندن و مانەوەی ناوی ئەم کەرەستە کۆن و لە ڕاستیدا ئەو کولتوورەی باوانمان تێیدا دەژیان؛ هەر وەک لە لاپەڕەی ٨٧ و ٨٨دا ئاوامان بۆ وێنا دەکات: “کۆگاکە پڕ بوو لەو شتە کۆنە قەدیمییانەی وا ئیتر کەس لەم سەردەمەی ئێستادا بەکاری نەدەهێنان و وێنەشیان لە ڕاستیدا هەر نەمابوو. لە مەشکەی پێست و سێپای دار و قاپوقاچاخی فافۆن و گڵ و مەنجەڵ و ئەفتاوەی مسەوە بیگرە هەتا زیلۆ و بەڕە و لباد، بەڵام لە ماڵی داپیرەمدا هێشتا بوون.”

یەکێکی تر لەم کۆدانە کە سەرنجی خوێنەر بەرەو ئەمە ڕادەکێشت کە بە پێوەری کۆدی سیستمی کولتووری بخوێنرێتەوە کارکردی پشیلە و هێنانی لەم چیرۆکەدایە، هەر وەک دەزانین لە کولتووری کوردەواریدا پشیلە بە بوونەوەرێکی سپڵە و پێنەزان دادەنرێت کە نووسەر بە هێنانی ئەم ڕەگەزە و ئاماژە پێی، ئەم شێوە ڕوانینە زەق دەکاتەوە و وەک ئەوەی کە بیهەوێت بەئەنقەست کەڵکی لێ وەرگرێت و وەک کولتوورێک بیپارێزێت یانیش بەرەنگاری بێتەوە؛ بەم شێوەیە لە لاپەڕەی ٨٨دا بەرجەستە کراوە: “ئەوەندەم نەزانی گوربەیەکی زل لەسەر بەڕەکانەوە بازی دایە خوارێ و …گوتم: “سپڵەی پێنەزان، داپیرەم کەم دەخاتە بەرتان وا هاتوونەتە سەر شتەکانی؟ …” هەروەها یەک شتی تر کە لە کۆنەوە لەلایەن داپیرەکانمانەوە بۆمان دەگێڕدرێتەوە ئەوەیە کە جنۆکەکان لە ڕواڵەتی پشیلەدا وەدەر دەکەون کە لە لاپەڕەی ٩١دا ئاماژەی پێ کراوە: “داپیرە باسی جنۆکە و ئەو شتانەی زۆر بۆ کردبووم کە گوایە پشیلەکان جنۆکەیان لەگەڵدایە و هەر کەسێ لە ناوەختدا بیانکوتێ، ئەوانیش لە تۆڵەدا جنۆکەکانی خۆیانی تێ بەردەدەن.”

یەکێکی تر لە ڕەگەزە کولتووری و ئوستوورەییەکانی ئەم چیرۆکە جەختکردن لەسەر ژمارەی چلە. کە خۆی دەتوانێت کۆد و نیشانەیەک بێت بۆ بەرەیەک یان کاتێکی مامناوەندی بۆ گەشە و باڵاکردنی تەواوی مرۆڤ و هەروەها ماوەیەکی باو و ئاسایی بۆ ژماردنی مێژووییی دوو بەرەیە. نووسەر لە لاپەڕەی ٨٩دا ئاوا ئەم ڕەگەزە زەق دەکاتەوە: “ئەمجار قۆڵم هەڵکرد و دانەدانە شووشەڕبەکانم هێنانە خوارێ، چل شووشە ڕبی پڕ بوون.” هەروەها لە لاپەڕەی ٩١ ئاوای وێنا دەکات: “گوتی: “چل شەوی ڕەبەقە لەنێو ئەم سندووقە شکاوەدام. باش بوو تۆ هاتی، دەنا نەمدەزانی چی بکەم. چل ڕۆژ بەبێ نان و ئاو لەم نێوەدا کەوتبووم، نە تریفەی مانگم دەبینی، نە ڕووناکاییی ڕۆژم لێوە دیار بوو.””

لە کۆتاییشدا بە هێنانی ڕەگەزەکانی مار و شای ماران و سەوزەوار وەک کوڕی شای ماران، کە وەک ئوستوورەیەکی کۆن و کولتوورێکی ڕەسەنی کوردی دێتە ئەژمار و هێمای خواوەندی زانایی و ئاگاداربوون لە تەواوی نهێنییەکانی جیهان و هەروەها هێمای تیمارکەری و خێروبێر و ژیانەوەیە، کەڵکوەرگرتن لەم سیستمی کۆدییە بەوپەڕی خۆی دەگات. نووسەر لەم چیرۆکەدا بەم شێوەیە بەرە بەرە ئەم ئوستوورە جارێکی تر بە زمانێکی تر دەگێڕێتەوە و خوێنەر ناچار دەکات جارێکی تر بۆ سەرچاوەکانی ئەم ئوستوورە کۆنە و هێماکانی بگەڕێتەوە؛ لە لاپەڕەی ٩٠دا دەڵێت: “مار بوو، مارێکی ڕەشی قەترانی!! ڕەشمارێ وا لە سندووقەکەی داپیرە بازی دابووە دەرێ و ئێستەش ملی بەرەو لای من هەڵدەهێنا.” هەروەها لە لاپەڕەی ٩٢دا لە زمانی کاکە سەوزەوارەوە بەم شێوەیە ئەم ئوستوورەیە تۆختر دەکاتەوە: “گوتی: من کاکە سەوزەوار، کوڕی شای مارانم!” هەروەها لە لاپەڕەی ٩٣دا گرینگایەتیی ئەم ئوستوورە و کولتوورە لەنێو باوانماندا بەم شێوەیە زەق دەکاتەوە: “نێو سندووقەکە پڕ بوو لە پارچەی سپیی قەدکراو کە بە بەنی ڕەنگاڵە نەخشی ماریان لەسەر کێشرابووەوە. مارەکان سەریان ئافرەت و لە کەمەر بۆ خوارەوە پیاو بوون. هێندێکیشیان بەتەنیا ڕەشمار بوون. ڕەشمارەکان لەسەر پارچەکان بە بەنی ڕەش گوڵدۆزی کرابوون…”

خاڵێکی تر کە لەم چیرۆکەدا جێی سەرنج و ئاماژەیە، ئەمەیە کە ئەم کولتوورە ڕەسەنە ڕێک لە ماڵی دایکی دایکە و لەلایەن داپیرەکانەوە پاراستراوە و پشت بە پشت هاتووە، ئەمە خۆی ئاماژەیەکە بۆ ئەم ڕەگەزە بەرچاوەی کە لە ژندا هەیە و وەک خواوەندی ژین بەردەوام خەریکی ژیانبەخشینە تەنانەت ئەگەر نرخەکەی بەخشینی ژیانی خۆی بێت.

لە کۆتاییدا دەتوانین بەم ئەنجامە بگەین کە لەنێوان ئەم پێنج سیستمی کۆدییەوە، سیستمی کۆدی هێرمنۆتیک و سیستمی کۆدی کردەیی، پەیوەندییان بە شیوەگەلێک هەیە کە خۆدی گێڕانەوە لەو ڕێگەوە دەئافرێندرێن و، سێ دانەکەی تریش لە کۆمەڵە ڕووداو و لۆژیکی گێڕانەوە تێ دەپەڕن و ئاماژە بە زنجیرە واتایییەکان دەکەن. هەروەها بەپێی ئەم لێکدانەوەیەی لەسەر هێندێک لە چیرۆکەکانی کۆمەڵەچیرۆکی “زایەڵەی شارێکی سوور”مان کرد دەتوانین بڵێین بەپێی بۆچوونی ئێکۆ ڕاڤە ئەنجام و ئاکامی ئاڵۆزی نێوان دەق و خوێنەرە و هەر چەشنە ڕاڤەیەک کە خوێنەر لە نەبوونی شوێندانەری دەقدا دەیکات، جۆرێک “ڕاڤەی ناباو”ە و خوێنەری ڕاستەقینە یان خوێنەری نموونە تەنیا لەژێر تیشکی دەق بەم لێهاتوویییە دەگات کە لە ڕێگەی “هێرمنۆتیکی لێکدانەوەدا کە خۆی ستراتژییەکی نیشانەناسانەیە” ڕاڤە بکات کە شیاوی تێڕامان و تاوتوێکردن بێت. بەم چەشنە، دیالێکتیکی خوێنەر و دەق دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێک ڕاڤەی نیشانەناسانە کە بەپێی ئەو خوێنەری نموونە – کە لە حوکمی سرشتی نووسەری نموونەدایە – بە کەڵکوەرگرتن لە توانستی زمانی و هەبوونی زانستی پێویست لە خوێندنەوەی دەقدا و بەبێ دەست تێوەردانی نووسەر، ڕووەو گەیشتن بە مەبەستی دەق دەڕوات، جووڵەیەک کە بە کراوەییی بەرهەم لە سنوورەکانی ڕاڤەی نیشانەناسانە دەگات. ئێکۆ لەم بارەیدا جەخت دەکات کە لە دیالێتیکی دەق و خوێنەردا “مەبەستی دەق هەروەها لەژێر سێبەری مەبەستی خوێنەر” دەبێت؛  واتا چاوەڕوانییەکانی خوێنەر خۆی بەسەر دەقدا دەسەپێنێت. بەڵام ڕوون  و ئاشکرایە کە ڕەسەنایەتیی ئەم چەشنە چاوەڕوانییانە لە خوێندنەوەی بەرهەمێکدا کاتێک وەدی دێت کە “هەر ڕاڤەیەکی گریمانەکراو، لەلایەن بەشێک یان بەشەکانی تری دەق بسەلمێندرێن یان دەستکاری بکرێت یان حاشای لێ بکرێت.”

سەرچاوەکان

١. کتێبی ئافاقی شێعری نالی، د، ڕەهبەر مەحموودزادە

٢. کتێبی (دانشنامەی نظریەهای ادبی معاصر، ایرنا ریما مکاریک، ترجمەی مهران مهاجر، محمد نبوی)

٣. کتێبی زایەڵەی شارێکی سوور (کۆمەڵەچیرۆک)، شاناز جەوانشیر، دەزگای سەردەم ٢٠٢١

٤. کتێبی (بیان (با تجدید نظر و اضافات)، دکتر سیروس شمیا)

٥. وتاری (انار نماد تولد و جاودانگی، د. اسماعیل شمس)

٦. وتاری (بررسی تکثر معنایی در حکایت “شاه و کنیزک” مولوی بر اساس نظام روایی رولان بارت)

٧. وتاری (تحلیل داستان “الغریب” نجیب کیلانی بر مبنای رمزگان پنجگانە بارت، علی قهرمانی، آرزو شیدایی، صدیقە حسینی)

٨. وتاری (بازیابی رمزگان در منطق الطیر عطار نیشابوری “خوانش داستان مرغان سالک و برادران یوسف”، محمدهادی فلاحی، معصومە گلستانە)

٩. وتاری (تحلیل داستان سارای از دیدگاه نشانەشناسی بارت، علی کریمی فیروزجایی/ الهام اکبری)

١٠. وتاری (بررسی نشانەمعناشناختی داستان لیلی و مجنون جامی بر پایەی تحلیل گفتمان، سید احمد پارسا و منصور رحیمی)

١١. وتاری (کارکرد روایی نشانەها در حکایت رابعە از الهی‌نامە عطار، محسن بتلاب اکبرآبادی- احمد رضی)

١٢. وتاری (رمزگان‌شناسی “حیوان” در داستانهای کوتاه شهریار مندنی‌پور، نسرین فقیە ملک مرزبان، طاهرە کریم))

١٣. وتاری (نشانەشناسی اجتماعی رمان بیوتن، سهیلا فرهنگی/ معصومە باستانی خشک بیجاری)

١٤. وتاری (نشانەشناسی اولین رمان اجتماعی ایران، عفت نقابی/ کلثوم قربانی جویباری)

١٥. وتاری (اومبرتو اکو و بنیان‌شناختی تأویل، دکتر مسعود آلگونە جونقانی)

١٦. وتاری (تحلیل نشانەشناختی ساخت روایی رمان “دم لفطیر صهیون” اثر نجیب کیلانی، د. کبری روشنفکر/ فاطمە اکبری زادە)

١٧. وتاری (بررسی سمبولیسم در داستان گیلەمرد، مصطفی گرجی/ سولماز مظفری)

١٨. وتاری (بررسی و تحلیل اسطورە در منطقە مکریان مهاباد، شیلان مەسرور، ایلناز رهبر)