کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا

جاری یەکەم نییە باسی ئەزموونی خۆم لە بواری ئەدەبی گێڕانەوەدا دەکەم، بەڵکوو پێشتر هەم لە گفتوگۆکانم و هەم لە پێشەکیی کتێبی (ڕاگەردان)دا کەموزۆر لەو بارەیەوە دواوم، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمەوێت زیاتر جەختی لەسەر بکەمەوە، ڕەگەزی (کات)ـە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم پرسیاری (کات چییە؟) هاوتەمەنمە، یان لانی کەم دەکرێت بڵێم کاتێ زمانم گرت، ئەو پرسیارە سەختەی تێدا بوو، بۆیە لێم جودا نابێتەوە و بەردەوام لەگەڵمدایە.

هەر زوو ئەو باوەڕەم لا دروست بوو، کە (کات)ی ڕاستەقینە، ئەوەیە، تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی هەستی پێ بکەم. بە مانایەکی تر تا تێنەپەڕێت، نازانم هەبووە و پێمدا ڕۆیشتووە، یان من بەودا ڕۆیشتووم. ئینجا دەبێت هەوڵی گەڕاندنەوەی بدەم. بۆچی دەمەوێت بیگەڕێنمەوە؟ بۆ کوێی بگەڕێنمەوە؟ ئایا مەبەستمە وەک خۆیی بگەڕێنمەوە، یان دەستکاری بکەم؟  (کات) دەستکاری دەکرێت؟ ئەرێ (کات) ئەو نرخەی هەیە، تا من ئاخ بۆ لەدەستچوونی هەڵبکێشم، یان تەنیا مەراقە؟ مەراقی ئەوەی چۆن هەموو گەردوون بە جارێ بۆ (ڕابردوو) دەبات و من بە تەنیا لە (ئێستا)دا جێ دەهێڵێت؟ کێ دەڵێت بۆ (ئاییندە)ی نەبردوون؟ هەر کامیان بێت، شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە تەنیام. بیری هەموو ئەوانە دەکەم، لە ناکاو لێم دوور دەکەونەوە، هەم گیانلەبەر و هەم بێگیان. کەسانێک لە دەوروبەرم هەن، هیچ سەرنجم ڕاناکێشن، بگرە ڕقم لە چارەی هەندێکیانە و پێم خۆش نییە بیانبینم، بەڵام هەر کاتێ دوور دەکەونەوە، سوێم بۆیان دەبێتەوە. دەمەوێت بیانبینمەوە. بە دوایاندا دەگەڕێم. چەند جارێ گوم بووم و دۆزراومەتەوە. دەگەمە ئەو باوەڕەی مادام (کات) بەم شێوەیە لە جووڵەدایە، نە گومبوون هەیە و نە دۆزینەوەیش، بەڵکوو پرسیار و حەپەسان شوێنی هەموو شتێ دەگرنەوە. بەم پرسیار و حەپەسانەوە تەمەنم بە ڕێ دەکەم. بەم پرسیار و حەپەسانەوە دەگەمە دنیای نووسین، کە هێندەی دی پرسیارەکەم قورستر و حەپەسانەکەم گەورەتر دەبێت.

لە سەرەتای هەشتاکاندا، کاتێ دەمەوێت لە ئەدەبی گێڕانەوە بگەم، پەنا بۆ ئەو کتێبانە دەبەم، کە لەو بارەیەوە نووسراون. ئەودەم هەست دەکەم (کات) ڕەگەزێکی گرنگی ئەو بوارەیە. جێگەی داخە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو نووسراوانە، ئەوەیە، تەنیا پێت دەڵێن (کات) گرنگە، بێ ئەوەی لەو چەمکە قووڵ ببنەوە. دیارە مەبەستم لەوانەن، من لەو سەردەمەدا هەم دەستم دەکەون و هەم توانای خوێندنەوەیانم هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا پێم وایە هەندێکیان، چ ئەوانەی بە کوردی نووسراون و چ ئەوانەی بە عەرەبییش، بۆ ئەو سەرەتایەم گرنگن. بۆ نموونە لە نیوەی دووەمی حەفتاکاندا (حسێن عارف) کتێبی (شەپۆلی هۆش لە ڕۆمانی نوێدا)ی (ڕۆبێرت هەمفری) بە خوێنەر دەناسێنێت و تەکنیکە گرنگەکانی گێڕانەوە شی دەکاتەوە، کە بەشێکی زۆری ڕۆماننووسانی ئەمڕۆ ناتوانن چوار دێڕ لەبارەی هیچ ڕەگەزێکی ڕۆمانەوە بنووسن. هەر لەو سەردەمەدا (ڕەووف بێگەرد) خۆی لە کتێبی (دەنگێکی تاک)ی (فرانک ئۆکۆنۆر) دەدات و ناوەرۆکەکەی دەخاتە بەر دەستی خوێنەر. من خۆم دواتر ئەو دوو کتێبە لە پاڵ کۆمەڵێکی تردا، کە کراونەتە عەرەبی، پەیدا دەکەم و دەیانخوێنمەوە. ئەوانە بە شێوەیەک لە شێوەکان باس لە ڕەگەزی (کات) دەکەن. لە کتێبی (منداڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە)دا هەوڵم داوە بە درێژی وەڵامی پرسیارێکی (دانا فایەق) بدەمەوە، کە لەو بارەیەوە کردوویەتی، بۆیە نامەوێت دیسان باسی ئەو سەرچاوانە بکەم، بەڵام هێندە دەڵێم ئەوانە دەروازەیەکی گەورەیان بۆ بەسەر دنیای فەلسەفەدا کردمەوە، تا لەوێدا قووڵتر بە دوای پرسیاری (کات چییە؟)دا بگەڕێم. لە گفتوگۆکانمدا گوتوومە ئەدەبی گێڕانەوە وای لێ کردووم فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، زمانناسی، ئابووریناسی و هیی دیکە بخوێنمەوە، کە ئەوانە پاڵپشتی گەورەی نووسینن. پرسیاری (کات چییە؟) تەنانەت پاڵی پێوە نام بۆ فیزیا بگەڕێمەوە، ئەو زانستەی لە ڕۆژگاری خوێندندا چارەیم نەدەویست. دەمەوێت بڵێم کاتێ بمەوێت باس لەو گەشتە فکرییە بکەم، کە ئەو پرسیارە پێی کردووم و تا ئەم ساتەیش درێژەی هەیە، ناکرێت بۆچوونی ئەو ڕەخنەدۆز و فیلۆسۆفانە بە لاوە بنێم، کە لەو گەشتەمدا پێیان گەیشتووم. ڕاستییەکەیشی لای من ئەزموون بە پلەی یەکەم خوێندنەوەیە، نەوەک نووسین، بۆیە زیاتر جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە چیم خوێندووەتەوە، نەوەک چیم نووسیوە.

لە ئاستی میلـلیدا (کات) بریتییە لەو جووڵە ڕێکەی بۆ پێشەوە ئاڕاستەی گرتووە. لە ڕابردووە دەستی پێ کردووە، بەم ئێستایە گەیشتووە و بەرەو ئاییندە دەچێت، بەڵام لە ئاستی فەلسەفیدا بە یەکێک لە چەمکە ئاڵۆزەکانی بوون دادەنرێت و فیلۆسۆفان هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بەوەی پێوەستە بە کۆمەڵێک چەمکی دیکەی وەک مەرگ، ژیان، بوون، عەدەم (نیهل: Nothingness)، بەردەوامی، ئامادە، نائامادە، یادەوەری و هیی دیکەیشەوە. من تا ئەمڕۆیش سەبارەت بە (کات) تێگەیشتنێکی ڕوونم نییە، بەڵام هەوڵەکەم بەردەوامە و دەزانم هەموو ئەوانەی خۆیان لەو چەمکە داوە، تووشی هەمان ئازار هاتوون. فەلسەفە، فیزیا و کۆسمۆلۆجی ویستوویانە بە ڕێگەی خۆیان لێی بکۆڵنەوە، کە ئەدەب سوودی لێ وەرگرتوون، بێ ئەوەی بە ئەنجامەکانیان ڕازی ببێت، بەوەی ئەدەب لۆژیکی سەربەخۆی هەیە، کە ئەو لۆژیکە هیی ناوەوەیەتی. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ وشەی کرۆنۆس (Chronos) دەزانین، کە لە سەردەمی (هۆمیرۆس)ـەوە بە (کات) گوتراوە، مانای وایە ئەو چەمکە هێزێکی گەورەی هەیە و فیلۆسۆفانی بە خۆیەوە خەریک کردووە. (کرۆنۆس) یەکێکە لە خواوەندەکانیش، کە ترسی هەیە منداڵەکانی دەست بەسەر مەملەکەتیدا بگرن، بۆیە بەردەوام دەیانخوات. خۆی دەیانهێنێتە بوون و هەر خۆیشی لە ناویان دەبات. ئەو کاریگەرییەی (کات) ڕۆژانە لە ژیانماندا دەبینین، کە بووەتە بەشێکی ئەزموونمان.

لە فەلسەفەی گریکدا لانی کەم دوو بۆچوونی دژبەیەک لەبارەی (کات)ـەوە سەر هەڵدەدەن، کە یەکەمیان (پلاتۆن) نوێنەرایەتیی دەکات و پێی وایە (کات) هاوکاتی گەردوون هاتووەتە بوون، بۆیە هەردووکیشیان پێکەوە لە ناو دەچن، لە کاتێکدا (ئەریستۆ) نوێنەری بۆچوونی دووەمە و (کات) دەخاتە پێش گێتییەوە، بگرە پێی وایە گێتی خۆی لە (کات) دروست بووە و لەناوچوونیشی نییە، مادام بە جووڵەوە بەندە.

فیزیا پێمان دەڵێت (کات) بە شوێنەوە پێوەستە. زەوی بە دەوری خۆی و خۆردا دەخولێتەوە، تا شەو، ڕۆژ، مانگ، وەرز، ساڵ و ئەوانەی تر پەیدا ببن. بەپێی تیۆریی ڕێژەییش (کات) ڕەهەندی چوارەمی شوێنە، کە سێ ڕەگەزەکەی تر درێژی، پانی و بەرزین، بەڵام فەلسەفە ئاڕاستەی تری هەن و دەیەوێت بە دوای مانای تری ئەو چەمکەدا بگەڕێت. فیزیا بایەخ بە (کاتی سروشتی)، یان (کاتی بابەتی) دەدات. ئەو (کات)ـەیە، سەرجەم گەردوون بە تێکڕای ئەوانەی تێیدان، پێیدا تێدەپەڕن، کە (نیوتن) بە سەعات، ڕۆژ و ساڵ ناوی دەبات و پێوەندی بە خەیاڵەوە نییە. کاروباری ڕۆژانەمان بەپێی ئەو شێوازەی (کات) ڕێک دەخەین، بەڵام (کات)ی ناوەوەمان شتێکی دیکەی جیاوازە، کە بە ئەزموون، بیرکردنەوە، سۆز و شتەکانی ترمانەوە پێوەستە. (کاتی سروشتی) یەک رێتمی هەیە و هەمیشە مل دەنێت، گەڕانەوەی نییە و لادان ناناسێت. ئەوەی لای فیلۆسۆف و سایکۆلۆجیستان بابەتی لێکۆڵینەوەیە، (کاتی سایکۆلۆجی)یە، کە هەر ئەوەیشە هاتووەتە ناو دنیای ئەدەب و هونەرەوە، بەڵام لە ئەدەبی کوردیدا هێشتا بوونێکی کاڵی هەیە. بە پێچەوانەوە (کاتی سروشتی) دەستی بەسەر ئەدەبی گێڕانەوەماندا گرتووە.

پرسیاری (کات چییە؟)م زۆر بە ڕوونی لای (ئۆگستین)، دروستتر لە (ددانپێدانەکان: Confessions)یدا کەوتەوە بەر چاو. ئەو پرسیارە دەورووژێنێت و پرۆبلەماتیکی وەڵامەکەیشی لە هیی پرسیارەکەی گەورەترە، کاتێ دەڵێت: (ئەگەر لێم نەپرسن، دەیزانم، بەڵام کاتێ لێم بپرسن، ناتوانم ڕوونی بکەمەوە). دەمودەستیش دەنووسێت: (بە دڵنیایییەوە دەڵێم ئەگەر هیچ شتێک تێنەپەڕێت، کاتی ڕابردوو نایەتە کایەوە. ئەگەر هیچ شتێکیش نەیەت، کاتی ئاییندە دەرناکەوێت. ئەگەر هەنووکەیش شت نەبێت، کاتی ئێستا پێک نایەت.  ئەو دوو کاتە، ڕابردوو و ئاییندە، لە چ دۆخێکدان، لە کاتێکدا هەنووکە (ڕابردوو) نییە و ئاییندە هێشتا نەهاتووە؟ خۆ ئەگەر (ئێستا) هەمیشە ئامادە بێت و بە ڕابردوودا تێنەپەڕێت، ئەودەم بە ڕاستی نابێتە کات، بەڵکوو بە نەمری دەمێنێتەوە).

پێی وایە عەقڵ ئەو سێ دۆخە ڕێک دەخات، کە لەم ڕووەوە سێ ئەرکی هەن: یادەوەری (Memory)، ئاگاداری (Attention) و پەینی، یان تەوەقوع (Anticipation). یەکەمیان ڕابردوو، دووەمیان ئێستا و سێیەمیان ئاییندەیە. ئاییندە چاوەڕێ دەکرێت بە (ئێستا)دا بڕوات، کە بەئاگاهاتنەوەی ڕابردووە، کاتێ بیر دەکەوێتەوە. بە مانایەکی دیکە، هەرسێکیان ئامادەن، (ئامادەییی ڕابردوو)، کە بە بیرمان دێتەوە، (ئامادەییی ئێستا)، کە سەرنجی دەدەین و (ئامادەییی ئاییندە)، کە چاوەڕێین و پێشبینیی دەکەین. پێی وایە لێرەدا دوو شت بە زەقی دیارن، کە یەکەمیان (هۆشیاری) و دووەمیان گۆڕانی ئەو هۆشیارییەیە، کە پێی دەگوترێت (کات). هەر لێرەدا زیاتر پێ لەسەر یادەوەری دادەگرێت، کە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی لەوەدا کورت دەبووە، گوایە یادەوەری تەنیا شتی کاتی و تێپەڕ لە خۆی دەگرێت، ئەو گوتی ئەوانەیش دەگرێتەوە، درێژە بە بوونیان دەدەن، بەو مانایەی ئەگەرچی بابەتی بەبیرهاتنەوە هیی ڕابردووە، بەڵام ئەرکی یادەوەرییە (ڕابردوو) بکاتە (ئێستا). واتە لە نائامادەوە بۆ ئامادەی بگۆڕێت، کە بەم شێوەیە ڕۆڵی گەورە لە هەست و نەستی مرۆڤدا دەبینێت. لەبەر ئەوەیشە (کات) بە دەروونەوە پێوەست دەکات و پێی وایە هەر لەوێیشەوە بەردەوامی وەردەگرێت. نموونەیەک دەهێنێتەوە: ئەو ژنەی درهەمێکی گوم کردووە و بە چرایەکەوە بۆی دەگەڕێت، ئەگەر بە بیری نەیەتەوە، نایدۆزێتەوە. ئەگەر دۆزییەوە و بیری نەکەوتەوە، نایناسێتەوە. واتە کاتێ شتەکان ون دەکەین، وێنەیان لە خەیاڵماندا هەر دەمێنێت، بۆیە هێشتا لێیان دەگەڕێین. کاتێ دەیاندۆزینەوە، بە هۆی ئەو وێنانەوە دەیانناسینەوە. ئەو تێگەیشتنەی (ئۆگستین) لە ئەدەبدا بایەخی گەورەی هەیە. ئەگەر کاتی حیکایەت (ڕابردوو)ـە، ئەوە کاتی گێڕانەوە (ئێستا)یە و ڕووی لە ئاییندەیە. لە قۆناغی یەکەمی زانکۆمدا ئەو کتێبەم دەست کەوت. دوای دەوام لەگەڵ هاوڕێانمدا یەکسەر دەچوومە ئەو شوێنەی کتێبی کۆنیان لێ دەفرۆشت. ئەوەی لەم کتێبەدا بە پلەی یەکەم سەرنجی ڕاکێشام و هەر بایەخیشم بەو دا، بەشی (یادەوەری) بوو. دەتوانم بڵێم ماوەیەک خەریکی خوێندنەوەی بووم. هەر لەو سەردەمەیشدا چیرۆکی (مردن لەسەر شێوازی شیعر) دەنووسم، کە یەکێکە لە چیرۆکەکانی (سەدەی یەکەمی خەیاڵ) و یەکەمجارە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ چەمکی (کات)دا بکەم.

کاروان کاکەسوور ڕۆماننووسی کورد

لە چیرۆک و ڕۆمانی تەقلیدیدا (کات)ی دەرەوە بایەخی سەرەکی هەیە، بگرە تەنیا ئەو بایەخی هەیە و کارەکتەر هەڵدەسووڕێنێت، تا دەگاتە ئەوەی دەست بەسەر هەموو شتێکدا دەگرێت، بەڵام لە هیی نوێدا، واتە لەو تێکستانەی دەیانەوێت سێنترالیزم تێک بشکێنن، (کات)ی ناوەوە گرنگی پێ دەدرێت، بەوەی ئاڕاستەی جۆراوجۆر لە خۆی دەگرێت. (کات) لە ڕۆمانی باودا زنجیرەیییە و پشت بە هۆکار (Causation) دەبەستێت، کە ڕووداوەکان بەپێی مێژوو دوای یەکتر دەکەون، بەڵام لە ڕۆمانی نوێدا ئەوانە تێک دەشکێنرێن، چونکە (کات) کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی هەن. (مێشال بۆتۆر) لە کتێبی (توێژینەوە لە ڕۆمانی نوێدا)دا دەڵێت گرێچنی (پلۆت) لە ڕۆمانی نوێدا لەسەر پرینسیپی هۆکار دانەمەزراوە و هێڵی سروشتیی (کات) بەسەر کۆمەڵێک (کات)ی تردا کراوەیە، بەوەی نووسەر ئازادە و کۆیلە نییە، تا بەو شێوە بنووسێت، کە باوە. ئەو کتێبەیشم هەر لەو سەردەمەدا خوێندەوە و کۆمەکی باشی کردم. ئەمڕۆ بەشێکی زۆری ڕۆماننووسە دیارەکانمان بەو شێوازە باوە دەنووسن و ڕەچاوی یاسای زنجیرەیی دەکەن، چونکە جەماوەر ئاسان لێیان تێ دەگات. هۆکاری درێژیی هەندێک لەو ڕۆمانانەی، کە بۆ نموونە حەوت سەد هەشت سەد لاپەڕەن، بۆ ئەو شێوازەی گێڕانەوە دەگەڕێتەوە. واتە نووسەرانیان لە چەمکی (کات) قووڵ نەبوونەتەوە و تەکنیکەکانی دابەشکردنی دیمەن نازانن. لەم ڕووەوە بە گشتی نووسەرانی حەفتا و هەشتاکان هەم پتر بایەخیان بە چەمکی (کات) داوە و هەم لە نووسەرانی ئەمڕۆ قووڵتر نووسیویانە. خۆم چەند جارێ هەر لەسەر ئەوەی هەمان مامەڵە لەگەڵ چەمکی (کات)دا ناکەم، پەلامار دراوم، گوایە خوێنەر لێم تێناگات. هەتا ئێرە بە هەر حاڵ، بەڵام کاتێ دەگاتە ئەوەی بڵێن خۆیشم لە خۆم ناگەم، ئەمە ئەوە دەخوازێت لەو بارەیەوە بێمە دەنگ و هاتوویشم. ئەوەی ئەوان لێمی داوا دەکەن، ئەوەیە، کە پێی لە دایک بووم و ئێستایش وەک هەموو ئەوانەی تر دەیزانم، بەڵام هەوڵم داوە ئەو تێگەیشتنەم تێک بشکێنم و بیخەمە دۆخی بەردەوامییەوە. من پێم وایە چیرۆکەکان مردوون. ئەوەی زیندوویان دەکاتەوە و دەیانخاتە ئاستی بەردەوامییەوە، تێکشکاندنی بونیادی (کات)یانە. شێوازی زنجیرەیی لەو خۆڵە دەچێت، کە تەرمی پێ دادەپۆشرێت. ئەو خۆڵە هەتا ئەگەر زۆریش بێت و بگاتە ئەوەی پێی بگوترێت گرد، تەنیا یەک ئەرکی هەیە، کە تەرمی داپۆشیوە. هەموو ئەو وشانەی لە وەسفی چیرۆکی مردوودا بە کار دەهێنرێن، زیادەن، بۆیە گێڕانەوەی زنجیرەیی هەر بە سروشتی خۆی درێژدادڕە. بەگشتی نرخی بەرز بۆ چیرۆکنووسی حەفتاکان و هەشتاکان دادەنێم، کە توانییان شۆڕش بەسەر ئەو شێوازەدا بکەن، لە کاتێکدا وەک گوترا هەندێک لە ڕۆماننووسە دیارەکانی ئەمڕۆمان بۆی گەڕاونەتەوە. لە (عەبدولڵا سەڕاج)ـەوە تا (محەمەد موکری)، لە (نەجیبە ئەحمەد)ـەوە تا (ئەحلام مەنسوور)، لە (حسێن عارف)ـەوە تا (لەتیف حامید)، لە (ڕەووف بێگەرد)ـەوە تا (ڕەووف حەسەن)، لە (ئەحمەد شاکەلی)یەوە تا (ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل)، لە (حەمەفەریق حەسەن)ـەوە تا (سەڵاح شوان)، لە (دڵشاد مەریوانی)یەوە تا (شیرین ک)،لە(سەڵاح عومەر)ـەوە تا (سابیر ڕەشید)، بەپێی توانای خۆیان ڕووبەڕووی (پرسیاری کات) بوونەتەوە. هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی (شێرزاد حەسەن) لەو سەردەمەدا ناشاردرێتەوە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە نەک هەوڵی تر نادات، بەڵکوو بۆ باوەشی شێوازە سەرەتایییەکانی گێڕانەوەیش دەگەڕێتەوە. ئایا ناتوانم چیرۆک بە شێوەی زنجیرەیی بگێڕمەوە؟ ئایا خودی چیرۆکەکە هەر لە بنەڕەتدا زنجیرەیی نییە و من تێکی دەشکێنم؟ بۆچی ناتوانم وەک خۆی بیگێڕمەوە؟ سەختیی ئەو پرۆسەسە لە کوێدایە؟ (بۆرخیس) کاتێ دەڵێت (کات ڕووبارێکە، دەمبات، بەڵام من کاتم… پڵنگێکە، هەڵمدەلووشێت، بەڵام من پڵنگم… ئاگرێکە، دەمسووتێنێت، بەڵام من ئاگرم)، مانای وایە (کات) بە هەموو شتێکەوە لکاوە و لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کە دواجار ئەو (کات)ـە هەر خودی خۆیەتی. وەک چۆن ناتوانێت لە خودی ڕا بکات، بە هەمان شێوە پێی ناکرێت خۆی لە (کات)یش لا بدات.

چەمکی (کات) زۆرجار بە چەمکی (شوێن)ـەوە دەلکێنرێت، بگرە دەگاتە ئەوەی بە یەک چەمک دابنرێن. (ئیمانوێل کانت: Immanuel Kant) لە کتێبی (ڕەخنە لە عەقڵی پەتی)دا هەردووکیان دەکاتە پێشمەرجی هەموو ئەزموونێکەوە، بەوەی ناکرێت لە دنیای هەستدا هیچ شتێک و هیچ جووڵەیەک بێنینە بەر چاو، ئەگەر ئەوانە لەناو دنیای عەقڵدا درێژبوونەوەیان نەبێت، چونکە بەبێ شوێن، مەتێریەڵ بوونی نابێت. لێرەدا ئەوەمان دەست دەکەوێت، کە ئەو فیلۆسۆفە شوێن دەخاتە پێش مەتێریەڵەوە، بگرە پێی وایە شوێن لە زانینماندا پلەی یەکەمی هەیە و لە ئەزموونمانەوە نەهاتووە، بەڵکوو ئەزموونمان خۆی بەرهەمی شوێنە، بەوەی ئەو ئەزموونە پێک نایەت، ئەگەر شوێن نەبێت. کەواتە بەبێ وێناکردن(Representation)ی ئێستای شوێن لە خەیاڵدا، ناتوانین هیچ شتێکی دەرەوە بهێنینە بەر چاو. با هەموو ئەو شتانەی جەستە لە ڕەنگ، کێش، گۆشت، ئێسقان و تێکڕای ئەوانەی تر لە خۆمان دابماڵین. ئەنجامەکەی ئەوەیە جەستە نامێنێت، بەڵام هێشتا ناکرێت شوێن بسڕینەوە، بەڵکوو هەر دەبێت بیهێنینە بەر چاو، بە مەرجێ دەتوانین شوێن بەبێ شت بهێنینە بەر چاو. (کات) و (شوێن) بە دوو هێنانەبەرچاو (Imagine) دانانێت، بەڵکوو پێی وایە دوو وێنەی حەدس(Intuition)ن، بەو مانایەی لە عەقڵ و فکردا هەن، کە مرۆڤ دەتوانێت بە هۆی هەستەوە لێیان قووڵ ببێتەوە (Meditation). بە مانایەکی تر، ئەوانە ڕێگەی زانینن، نەوەک بابەتی زانین.

(هێنری بێرگسۆن) پێی وایە (کات) کێشەی سەرەکیی مێتافیزیکایە. کاتێ مرۆڤ بە ڕوونی وەڵامی (پرسیاری کات)ی دایەوە، دەتوانێت سەرجەم ئەو گرفتە وجوودییانە تێبپەڕێنێت، کە ڕووبەڕووی دەبنەوە. لێرەوە چەمکی (کات) دەکاتە گەوهەری فەلسەفەکەی و بۆ خودی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، کە (ڕابردوو، ئێستا و ئاییندە)ی هەیە، بۆیە لایەنی سایکۆلۆجیی (کات) دەبێتە جێگەی سەرنج و ڕاڤەی ئەو و لە کاتی ماتماتیکی (Mathematical Time) جودای دەکاتەوە، کە (نیوتن) لە بواری فزیادا بایەخی پێ داوە. واتە لە دۆخی چەندایەتییەوە دەچێتە دۆخی چۆنایەتییەوە. ساتەکانی لە نوێبوونەوەدان و بە شوێنەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو (کات) سەربەخۆیە. ناوی بەردەوامی (Duration)، یان (مەودای کات) لەم پرۆسێسە دەنێت. (بەردەوامی) بریتییە لە بەستنەوەی نائامادە، کە ڕابردووە بە ئامادە، کە ئێستایە. بە مانایەکی دیکە، ئەوە پەرەسەندنی هەمیشەی ڕابردووە، ئاییندە دەکرۆژێت و بەرەو پێشەوە دەچێت. بەم شێوەیە ساتێکمان نییە لە ڕابردوودا نقووم نەبووبێت. لە کتێبی (پەرەسەندنی داهێنەرانە)دا دەڵێت ڕاستە ئێمە بە بەشێکی بچووکی ڕابردوو بیر دەکەینەوە، بەڵام هەر بەو (ڕابردوو)ـە هەموو کارەکانمان بە ڕێوە دەبەین. ئارەزوو و ویستمان هەر بە هێزی ئەو (ڕابردووە) هەڵدەسووڕێن. بەوەدا مرۆڤ خاوەنی هەستە، ئەو (ئێستا)یە لە ناخیدا ڕەگ دادەکوتێت. ئەو هەستەیش وا دەکات هۆشیاریی مرۆڤ لە هەڵقوڵانی بەردەوامدا بێت، کە ئەو هۆشیارییە ڕۆڵی گەورە لە تێگەیشتنی مرۆڤ دەبینێت سەبارەت بە (کات) و گەردوونەوە، پێچەوانەی (ئاینشتاین)، کە کاریگەریی دەروونی لە (کات)دا بە تەواوی بە لاوە دەنێت. پێی وایە مەحاڵە (کات) وەک فاکتێکی فیزیایی و (کات) وەک فاکتێکی سایکۆلۆجی لە یەک جودا بکرێنەوە. واتە ددان بە بوونی کاتی فەلسەفیدا نانێت، بگرە پێی وایە (کات) تەنیا یەک حەقیقەتی هەیە، بەڵام دەکرێت بە شێوەی فزیایییانە، یان بە شێوەی سایکۆلۆجی ڕاڤەی بکەین. دەگاتە ئەوەی بڵێت جوداکردنەوەی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، وەهمێکە و کەلـلەڕقیی ئێمە پێی لەسەر دادەگرێت. (بێرگسۆن) کتێبی (مەودا و هاوکاتی: بێرگسۆن و گەردوونی ئاینشتاین Duration and Simultaneity: Bergson and the Einsteinian Universe) بۆ ڕەخنەگرتن لە (ئاینیشتاین) و تیۆریی ڕێژەیی تەرخان دەکات. بەم شێوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت هەست تەنیا لە (کات)دا هەیە، نەوەک لە (شوێن)دا و ناکرێت وەک شتی مەتێریەڵی دابەش بکرێت. ئەو سۆز و هەڵچوونە ویژدانییانە بەردەوام هەڵدەقوڵێن، بێ ئەوەی سەرەتا و کۆتایییان هەبێت. دەگاتە ئەوەی بڵێت بەردەوامی سەرچاوەی هەموو شتێکی مەتێریەڵییە. بەوەدا هەستەکانیش پێوەندییان پێکەوە هەیە، مانای وایە لە دۆخی بەردەوامیدان و کار لە یەک دەکەن، بۆیە بەردەوامی و (کات) هاوواتان. لەناو ئەو پێوەندییە نەپچڕاوەدا (کات) بۆ ڕابردوو، ئێستا و ئاییندە دابەش نابێت. هیچ سات و بەشێکی پچڕاو نییە، بەڵکوو هەموویان پێکەوەن و دەڕژێنە ناو یەکترەوە. بەم شێوەیە کاتی سایکۆلۆجی تەواو لە کاتی ماتماتیکی جیاوازە و ئەزموونی ژیانی مرۆڤە، کە لەسەر هەست و حەدس دامەزراوە. بەکورتی هەست جووڵەیەکی زیندووە و لە ڕێی دەروونکەژی(Introspection)یەوە دەزانرێت. (بێرگسۆن) ئەم بیرۆکەیە بە چەمکی (ئازادی)یەوە دەبەستێتەوە، بەوەی ئازادی کردارێکی ئۆتۆماتیکییانەیە و هەڵقوڵاوی خودە. مرۆڤ ئازادیی ئەوەی هەیە ڕابردوو بگەڕێنێتەوە، کە وەک گوترا ئەو کاتانە هەموویان لەناو ئەو پێوەندییە نەپچڕاو و بەردەوامەدا پێکەوەن. کەواتە (بەردەوامی) هەر خۆی (ئازادی)یە، مادام مرۆڤ دەتوانیت ئازادانە بە ناو ڕابردوو، ئێستا و ئاییندەدا بگەڕێت. لە بەشی پێنجەمی کتێبی (وزەی ڕۆحی، یان وزه‌- ڕۆحی:  Mindenergy)دا، کە لەژێر ناونیشانی (یادەوەریی ئێستا و پێزانینی ساختە:Memory of the present and false recognition)‌دا نووسیویەتی، (یادەوەری) بە هاوواتای (هۆشیاری) دەزانێت‌، چونکە پێی وایە بەبێ یەکەمیان، بوونی دووەمیان مەحاڵە. {وشه‌ی (Mind) له‌ به‌رانبه‌ر (ئه‌قڵ)، یان (هۆش)ی کوردیدایه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ وه‌رگێڕانی وشه‌ی (spirituelle)ی فرانسی بۆ کوردی له‌ (Mind) گونجاوتره‌، که‌ مانای (ڕۆحی) ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ مه‌به‌ستی (بێرگسۆن)}. لێرەدا دوو جۆر یادەوەری لە یەکدی جودا دەکاتەوە، یادەوەریی عادەتی (Habits memory) و یادەوەریی ڕووت، یان یادەوەریی بێگەرد (Pure memory). یەکەمیان، پێوەندی بە سیستەمی دەمارەوە هەیە، کە بە شێوەی میکانیکی ڕابردوو لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی هەڵسوکەوتەکانەوە دەگەڕێنێتەوە. بە هۆیەوە شیعر، داستان و شتی لەم بابەتە لە بەر دەکەین، بەڵام دووەمیان، دەروونییە و لە ناوەوە ڕوو دەدات، بەوەی خاوەنی خەسڵەتی بەردەوامییە و لەگەڵ زانینی جەستەیی(Bodily perception)دا هاوشانە، کە شتەکان و مێژوویشیان دەپارێزێت و دەیانخاتە دۆخی بەردەوامییەوە. (ویلیام کلی ڕایت) لە کتێبی (مێژووی فەلسەفەی مۆدێرن)دا بەشێک بۆ (بێرگسۆن) تەرخان دەکات و دەڵێت ژیانمان لە کاتی ناشوێندا ئازادە و نەبەستراوەتەوە، بەوەی واقیع لە دۆخی بەردەوام و بەردەوامیدایە. واتە بە کاتەوە پێوەستە.

وەک گوتم هەندێجار بەوە تۆمەتبار دەکرێم، گوایە (کات) تێک دەشکێنم و سەر لە خوێنەر دەشێوێنم. ڕاستییەکەی لای من ئەمە پراکتیزەی ئازادییە. کارەکتەرم خاوەنی یادەوەرییەکی ئازادە، کە (بێرگسۆن) هۆکاری ئەو ئازادییە بۆ ئەو بەردەوامییە دەگەڕێنێتەوە، بەوەی یادەوەری دۆخێکی دەروونییە، نەوەک مەتێریەڵی، کە (کات) سەرجەم ڕەهەندەکانی بوونی مرۆڤی تێدان. هەر لێرەدا پێ لەسەر چەمکی هێنانەبەرچاو (Imagination) دادەگرێت، کە لەو ڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت بچێتە قووڵاییی شتە مەتێریەڵەکانەوە. ئیماگینەیشن دوو ئاڕاستەی هەن: یەکەمیان، گەڕاندنەوەی وێنەی کۆنی ژیانی لە ڕێی بەبیرهێنانەوە. دووەم، داهێنانی وێنەیەکی تر، کە ئەرک و مانای دیکەی هەبن. ئەمەی دووەمیان هەر ئەوەیە ئێمەی نووسەر پەنای بۆ دەبەین، کاتێ دەمانەوێت وێنەی جیاواز دابهێنین و دابڕانێک لەنێوان ئەمە و ئەوەی هەتا ئێستا هەبووە، بهێنینە کایەوە. لە کتێبی (پەرەسەندنی داهێنەرانە)دا دەڵێت عەقڵی مرۆڤ لە زانینی سروشتی حەقیقەتی ژیان و مانای قووڵی جووڵەی پەرەسەندن دەستەوستانە، چونکە ئەو عەقڵە خۆی بەشێکە لەو ژیانەی، ژین لە دۆخێکی دیاریکراودا بۆ کارێکی دیاریکراو دروستی کردووە، بۆیە ناکرێت ئەو گوتانەی لەبارەی ژیانەوە هەن، لەسەر ژیاندا جێبەجێ ببن. بە مانایەکی دی، عەقڵی مرۆڤ بەرهەمی بەریککەوتنیەتی لەگەڵ مەتێریەڵدا و شێوەیەکە لە شێوەکانی ئەو مەتێریەڵە. عەقڵ ناگاتە قووڵاییی شتەکان، بەڵکوو لەسەر ڕووی ئەو شتانەدا دەمێنێتەوە، واتە لە ڕووکار(Phenomenon)دا دەوەستێت و ناگاتە ناوەوە (Noumenon)، کە هەردوو چەمکەکە لە (کانت: Kant)ی فیلۆسۆفەوە هاتوون، بەڵام لێرەدا شتێک هەیە بە ناوی پەرەسەندن، کە بەردەوام پاشماوە جێ دەهێڵێت. بەم شێوەیە عەقڵ بە چەو دەچووێنێت، شەپۆلی دەریا هەڵیگرتبێت. وەک چۆن چەو ناتوانێت نیگاری شەپۆل بکێشێت، ئاوا عەقڵیش ناتوانێت نیگاری ژیان بکێشێت. ئەگەر وایە، چۆن دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵ و تەواومان لەبارەی ئەو شتانەوە هەبێت؟ ئەمە بەسەرماندا دەسەپێنێت بۆ ناوەوەی خۆمان ڕۆ بچین و لەوێوە بۆ دەرەوە بڕوانین. ڕەخنەگری ئێمە (بێگومان و هەمیشە مەبەستم ڕەخنەگری میلـلییە) هەندێک گوتەی ئامادە کردوون و دەیەوێت تێکستیان پێ بخوێنێتەوە. هەر کاتێ ئەو تێکستە لەگەڵ ئەو گوتە ساکارانەدا نەهاتەوە، بە لاوەیان دەنێت و نووسەرەکانیان دەشکێنێت، لە بەرانبەردا هەموو ئەو تێکستە سادانەی لەگەڵ ئەو گوتانەیەدا دێنەوە، بە داهێنان دەزانێت.

(بێرگسۆن) پێی وایە زمان دەستەوستانە لە دەربڕینی ناوەوەمان بە شێوەیەکی تەواو، چونکوو وەک گوترا ناوەوەمان لە جووڵەی بەردەوامدایە و بە شێوەی نەپساوە ڕێ دەکات. کاتێ زمان دەیەوێت لەبارەی ئەو جیهانەوە بزانێت و بیگەیەنێت، تێکی دەدات و لە جووڵەی دەخات، بگرە بۆ شتێکی چەسپاو و بێگیانی دەگۆڕێت. وەک گوترا دۆخەکانی ڕابردوو، ئێستا و ئاییندە لە یەک جودا ناکرێنەوە، لە کاتێکدا نووسین دابەشیان دەکات. ڕەخنەگر دەیەوێت هەموو شتێکی بە ڕوونی بێتە بەر دەست، تا بە ئاسانی بەپێی پێوەری (چاکە و خراپە) بڵێت چاکە، یان خراپە.لە (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا باسی ئەوەم کردووە، کە (پەرەسەندنی داهێنەرانە)یشم هەر لە قۆناغی یەکەمی زانکۆدا دەست کەوت و خوێندەوە.

blank
هێنری بێرگسۆن (١٨٥٩-١٩٤١) فەیلەسووفی فەرەنسی

(بێرگسۆن) بە شێوەیەک بایەخی بە (کات) داوە و لەم ڕووەوە بەرهەمەکانی بە ئەندازەیەک گرنگن، لە خۆم دەپرسم ئایا تۆ بڵێی نووسەر، بە تایبەتی ڕۆماننووس بتوانێت نووسینەکانی پشتگوێ بخات؟ لە گوتاری {نووسه‌ری گوتاری (یاده‌وه‌ری به‌ ته‌نیشت رۆمانه‌وه‌) چۆن له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌؟}دا و لەو گفتوگۆیەی هاوڕێی منداڵیم (د. شوان سلێمان) بە ناوی (چۆن بۆ ڕزگاری دەگەڕێمەوە) لەگەڵیدا کردووم، چەمکی یادەوەریم لە ڕوانگەی ئەو فیلۆسۆفەوە لێک داوەتەوە، کە پێم وایە ئەو چەمکە بۆ ڕۆماننووس بایەخی زۆری هەیە، بەوەی (یادەوەری) چەمکێکی بنەڕەتییە لە نووسینی ڕۆماندا.

بەگشتی فیلۆسۆفان بایەخی گەورەیان بە چەمکی (یادەوەری) داوە، کە بەشێکە لە پێکهاتەی (کات). (باشلار) لە (دیالێکتی کاتدا)دا پێی وایە بە هۆی یادەوەریی ئاکتیڤەوە کاتی ڕابردوو دەبێتە گەوهەری ئێستا. هەر بە هۆی ئەو یادەوەرییەوە ڕابردوو خۆی دەخزێنێتە ناو کاتی ئێستا، بەڵام ئەم ئێستایە بە مەتێریەڵی ئەو یادەوەرییە کۆمەکمان دەکات و ناتوانێت چوارچێوەکەیمان بۆ بهێنێتەوە، تا بیوەستێنین، یان ڕێکی بخەین.

بایەخدانی (فرۆید) بە نەست بایەخدانیەتی بە چەمکی کات، بەوەی ڕابردوو خاوەنی قورسایییەکی گەورەیە، بە تایبەتی قۆناغی منداڵی، کە ڕۆڵی بەرچاوی لە پێکهێنانی کەسایەتیدا هەیە. کەواتە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەمان، تەنانەت خەونەکانیشمان پێشتر لەلایەن هێزێکی نەبینراوی ناوەوەمان بڕیاریان لەسەر دراوە، کە هێزێکی دوورەدەست(Inaccessible)ـە.

بەوە تۆمەتبار دەکرێم، گوایە زۆر جەخت لەسەر ڕابردوو دەکەمەوە، کە پێم وایە ئەو تێگەیشتنە زۆر ڕووکەشە، بەوەی ڕابردوو لە فەلسەفە و سایکۆلۆجیادا هەمان ئەو مانا میلـلییەی نییە، ئەوانە ناسیویانە. ئەوەتە دەبینین لای ئەو فیلۆسۆف و سایکۆلۆجیستانە مانایەکی دیکەی تەواو جیاوازی هەیە.

(نیتشە) لە (زەردەشت ئاوا دوا)دا دەڵێت هەر ئاڕاستەیەک مێژوو لەسەر هێڵێکی ڕاست ببینێت، گوایە کۆتاییی حەقیقەتە، درۆزنانەیە، چونکە (کات) خۆی بازنەیییە. نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی. (نیتشە) بۆ ڕووبەڕووبوونەی پرسیاری (کات چییە؟) پەنا بۆ چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی: Eternal Return) دەبات، کە پێشتر لە ئەفسانەکانی هیندی و یۆنانیدا ناوی هاتووە. (هاینریش هاینیە)ی شاعیریش خۆی لێ داوە، کە (نیتشە) پێی سەرسامە. پوختەی بیرۆکەکە لەسەر ئەو تێگەیشتنە دامەزراوە، کە سەرجەم گەردوون بە گیانلەبەر و بێگیانەوە دوای مردن و لەناوچوونیان، زیندوو دەبنەوە و دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەو پرۆسێسە وەستانی نییە، بەڵکوو بەردەوامی وەردەگرێت، کە دەبێتە هۆی پێکگەیشتنی ڕابردوو و ئاییندە لە (ئێستا)دا. ئەو بیرۆکەیە بە چەمکی (شادی)یەوە دەبەستێتەوە، بەوەی شادی نایەوێت کۆتاییی بێت، بەڵکوو پێی خۆشە ببێتە ئەبەدی، کە هەموو ئازارەکانیش هەر شادین. لە (زەردەشت ئاوا دوا)دا دەڵێت: {ئێوە ئەی مرۆڤە باڵاکان (Higher Men) ئەوە فێر ببن، کە شادی دەخوازێت هەموو شتێک نەمر بێت!}. لووتکەی ئەو شاخەی جەستەی (زەردەشت)ی هەمیشە دڵخۆش لە خۆی دەگرێت، بۆ ئەو ڕوانینە گونجاوە، تا هەرسێ دۆخی (کات) پێکەوە و لە (ئێستا)دا ببینێت. ئەم بیرۆکەیە هەر لە سەرەتاوە کۆمەکی منی کردووە، تا دۆخەکانی (کات) بکەمە یەک. سەرەتا لە چیرۆکی (خێو)دا ڕەنگی داوەتەوە، کە لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ و لە ماڵی قوتابییاندا نووسیومە و دواتر بە سەرتاپێی ئەزموونمدا تێپەڕیوە.

لە (زانستی هۆژی: The Gay Science)دا دەڵێت: {چی دەبێت ئەگەر شەوێک، یان ڕۆژێک تەینایت و خێوێک لە دواوە پێت بڵێت ئەو ژیانەت دیسان بە شێوەی هەتاهەتایە دەگەڕێتەوە، بێ ئەوەی شتی نوێ لە خۆی بگرێت، بەڵکوو هەموو ئازار، شادی، چێژ، بیرۆکە، بگرە ورد و درشتی تەمەنت بە هەمان شێوازی زنجیرەیی و ڕیزبەندی (succession and sequence) دووبارە دەبێتەوە، هەمان شت سەبارەت بە تەونی جاڵجاڵۆکە، تریفەی مانگی نێو درەختان، ئەم ساتە و خودی منیش. کاتژمێری بوونی ئەبەدی سەراوژێر دەبێت و هەموو ساتەکان دەگەڕێنێتەوە، تۆیش وەک دەنکێ چەو لەگەڵیدا؟  ئایا خۆت بە زەویدا دەکێشیت و ددانت بە جیڕەوە دەبەیت، تا ئەو خێوە بە نەفرەت بکەیت؟ یان بە دڵی خۆشەوە وەڵامی دەدەیتەوە و دەڵێیت تۆ خواوەندیت و من لە شتی خواوەندانە پترم نەبیستووە؟}… پێی وایە جۆری وەڵامەکەت ئەوە دیاری دەکات، ئاخۆ لاوازیت، یان بەهێز. لاواز بە دڵی تەنگەوە داواکە دەداتە دواوە و بەهێز بە دڵی خۆشەوە وەریدەگرێت.  لێرەدایە دەربڕینە لاتینییەکە بۆ (گەڕانەوەی هەمیشەیی) بە کار دەهێنێت (Amor Fati)، واتە (چارەنووستت خۆش بوێ: Love Your Fate). ئەوە بەو مانایە نییە پێی ڕازی ببین و خۆمانی بە دەستەوە بدەین، بەڵکوو بۆ ئەوەیە ڕووبەڕووی ببینەوە. کەواتە نەمری (Immortality) بریتییە لە دووبارەبوونەوەی بەردەوام و بێپسانەوەی (کات)، تا هەمیشە و سەرلەنوێ دەست پێ بکاتەوە.

لە خوێندنەوەی (نیتشە)وە فێری ئەوە بووم لە ساتە کورتەکاندا مانای گەورە ببینم، بەوەی ئەو ساتانە بەپێی کۆنسێپتی (گەڕانەوەی هەمیشەیی) بێسنوورن، نە سەرەتایان هەیە و نە کۆتایی. ئەو ساتانە وردەکاریی زۆر لە خۆیان دەگرن، بۆیە ناکرێت بە چاوی مرۆڤی ئاسایی لێیان بڕوانم. ساتە خەمناکەکانیش وەک ساتە شادەکان چێژبەخشن، کە ژیان لە هەردووکیان پێک دێت. ئەگەر میوزیک تەنیا لە شادی، یان تەنیا لە خەم پێک بێت، جگە لە بێزاری هیچی دیکەمان بۆ ناهێنێت. لە پارچەی پەنجاوشەشی کتێبی (ئەودیوی چاکە و خراپە)دا دەنووسێت: (نموونەی باڵای مرۆڤی زۆرشاد و قاڵبووی ژیان، ئەوەیە، کە بە شانازییەوە دەڵێتە ژیان: بەڵێ).

(مێشال بۆتۆر) لە کتێبی (توێژینەوە لە ڕۆمانی نوێدا)دا دەڵێت پلۆت لە ڕۆمانی نوێدا لەسەر پرینسیپی هۆکار دانەمەزراوە و هێڵی سروشتیی (کات) بەسەر کۆمەڵێک (کات)ی تردا کراوەیە، بەوەی نووسەر ئازادە و کۆیلە نییە، تا بەو شێوە بنووسێت، کە باوە.

هەمیشە گوتوومە یەک چیرۆکم نییە لە خاڵێکی دیاریکراوەوە دەست پێ بکات و بگاتە خاڵێکی دیاریکراو. هیچ کارەکتەرێکم نییە سەرەتای ژیان و کۆتاییی ژیانی دیار بێت، بۆیە تۆمەتبار دەکرێم، بەوەی لە بەرهەمەکانمدا پەیامم نییە. ئایا دەکرێت لەناو ئەو کاتە ئەبەدییەدا تۆ لە شوێنێکدا بوەستیت و پەیام بگەیەنیت؟ پەیام واتە کۆتایی. ئەوە ئەدەبی تەقلیدییە پەیامی پێیە. لە دەوروبەری خۆمدا دیومە هەرزەکارەکان لە ماوەیەکی کورتدا ڕۆمانیان خوێندووەتەوە، کە لە حەوت سەد لاپەڕە پێک هاتووە و توانیویانە وەک خۆی بیگێڕنەوە، چونکە لەسەر یەک بیرۆکە دامەزراوە، لە خاڵێکی دیاریکراوەوە دەستی پێ کردووە، بەسەر یەک هێڵی ڕاستدا ڕۆیشتووە و گەیشتووەتە خاڵێکی دیاریکراویش. کەواتە پەیامەکەیشی ڕوونە. نەک لە ڕۆمانەکانم، بەڵکوو لە چیرۆکەکانیشمدا نە هێڵی ڕاست هەیە و نە پەیامیش. (نیتشە) یاسای هۆکار (The law of causation) بە لاوە دەنێت، کە هەڵبژاردەی مرۆڤ هەڵدەسووڕێنێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە بەهای یەکلاکەرەوەی هەر کردارێک لەوەدایە، نەویست (Involuntary) بێت، بۆیە وەک گوترا دەڵێت چارەنووستت خۆش بوێت، چونکە هەر ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە وات لێ دەکات هەموو (کات) بە جارێ ببینیت. پێشتریش بینیمان چۆن (مێشال بۆتۆر) لە کتێبی (توێژینەوە لە ڕۆمانی نوێدا)دا دەڵێت پلۆت لە ڕۆمانی نوێدا لەسەر پرینسیپی هۆکار دانەمەزراوە و هێڵی سروشتیی (کات) بەسەر کۆمەڵێک (کات)ی تردا کراوەیە، بەوەی نووسەر ئازادە و کۆیلە نییە، تا بەو شێوە بنووسێت، کە باوە. لێرەدا جارێکی تر دەڵێم ڕەخنەگری میلـلی کاتێ من بەوە تۆمەتبار دەکات، گوایە ناتوانم بنووسم، ئەگەر بۆ ڕابردوو نەگەڕێمەوە، ئەوە ڕابردوو خۆی ئێستایە. ڕابردوو ئەوە نییە، کە ئەو لە ئاستی میلـلییەوە هێناویەتی و توند دەستەکانی پێوە گرتوون. بەوە تۆمەتبار کراوم، گوایە لە چیرۆکەکانمدا هۆکار نییە، لە کاتێکدا ئەوەتە (نیتشە) بەو شێوەیە لەو بابەتە دەڕوانێت. مەبەستم ئەوەیە لە فەلسەفەدا (دۆخەکانی کات) مانای تریان هەیە و دەکرێت بێژمار مانای تریشیان تێدا بدۆزینەوە. ڕووبەڕووبوونەوەی من لەگەڵ ڕەخنەی میلـلیدا چ لە بواری (کات) و چ لە بوارەکانی تردا، ڕووبەڕووبوونەی فەلسەفەیە لەگەڵ تێگەیشتنی باوی ڕۆژانەدا. ئەو تێگەیشتنە هەر شتێک دەداتە دواوە، کە جێی هێشتووە و دنیای سەربەخۆی دامەزارندووە. (نیتشە) لەسەر زمانی (زەردەشت)دا دەڵێت: (ڕۆژگارێک کرم بوویت و هێشتا لە ناوەوەتدا کرم بەرجەستەیە. وەک چۆن کرم وێنەیەکی سەرەتایییانەی مرۆڤی ئەمڕۆیە، مرۆڤی ئەمڕۆیش وێنەیەکی سەرەتایییانەی مرۆڤی باڵایە). ڕەخنەگری میلـلی لەو شوێنەوە لێت دەڕوانێت، کە تۆ دەمێکە جێت هێشتووە و لە بەرزاییدا دنیای دیکەت دامەزراندووە. هەر ئەو ڕەخنەگرە بەوانە سەرسامە، کە لە دەوروبەرین و هەمان ئاستی ئەویان هەیە. ئایا هیچ کاتێ ئەوە ساردی کردوومەتەوە؟ نەخێر، بەڵکوو بەشێکی گەورە و زیندووی ئەزموونم لەمە پێک هاتووە.

(کات) بازنەیییە و هەموو کاتەکان هاوکاتی یەکترن. پێوەندیی (کات) و (بوون) ئەبەدییە و بەردەوام ئەمیان جێگەی ئەویان دەگرێتەوە.

(هایدیگەر)یش لە کتێبی (بوون و کات)دا وا لە (کات) دەڕوانێت، کە بێسنوورە، بەو مانایەی ئەو (بوون)ـەیە، لە سەرجەم (هەبوون)ی مرۆڤایەتیدا هەیە. دەکرێت بگوترێت (کات) لە بێژمار (ساتی ئێستا) پێک هاتووە. بەردەوام ئەمیان دەڕوات و ئەویان دێت. پێی وایە سێ دۆخەکەی (کات) پێکەوەن و جودا ناکرێنەوە. واتە ئاسۆیەکی ترانسدێنتەڵ (بەرزگەرایی: Transcendental)ـە، کە لێیەوە لە پرسیار لەبارەی بوونەوە دەڕوانین. لە دوا لێکچەریدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە مەبەست دەستنیشانکردنی (کات) نییە وەک بوونەوەرێک یان یەکێکی تر، بەڵکوو بە مانایەکی تر، گۆڕینی پرسیاری (کات چییە؟)یە بۆ (کات کێیە؟) و پێی وایە ئەمە ئەو ڕێگەیەیە، کە دەکرێت بە شێوەی زەمەنی باس لە زەمەن بکەین. بەم شێوەیە (کات) و کاتێتی (Temporality) دەکەونە لێکدانەوەی (دازاین DASEIN). دازاین بەشێکە لە دیاردەکانی بوون. لە فەرهەنگدا بە مانای (شوێنی بوون) دێت، بەڵام لای ئەو دەبێتە (بوون _ لەوێ:Being – there). بوونەوەرێکە، (بوون)ی خۆیی لێ بووەتە جێگەی بایەخ، بۆیە لە پێش هەموو شتێکەوە هەیە و هەر دەیشبێت هەبێت. مەبەست لە (کاتێتی) ئەوەیە، ئێمە لەگەڵ کاتدا یەکمان گرتووە، بگرە بووەتە هەستمان و بە شێوەی ڕەسەن و هۆشیار تێیدا دەژین. بەم جۆرە (دازاین) بریتییە لە گۆڕینی پرسیاری (مرۆڤ چییە؟) بۆ (مرۆڤ کێیە؟)، بۆیە پێی وایە (دازاین) لە خودی مرۆڤ ڕەسەنترە. شوێنیش ڕەهەندێکە لە ڕەهەندەکانی (دازاین)، کە تێیدا (کات) بەردەوامی و دووبارەکردنەوەی هەمیشەییی خۆی درێژە پێ دەدات. (ئێستا) لەناو (دازاین)دا بە جارێ خۆی بۆ (ڕابردوو) و (داهاتوو) دەکاتەوە. بەم شێوەیە (کات) بازنەیییە و هەموو کاتەکان هاوکاتی یەکترن. پێوەندیی (کات) و (بوون) ئەبەدییە و بەردەوام ئەمیان جێگەی ئەویان دەگرێتەوە. دەگەینە ئەوەی بڵێین لای ئەو فیلۆسۆفە (کات) هەمیشە بە (بوون)ـەوە لکاوە. بیر لە هەر یەکێکیان بکەینەوە، وەک ئەوە وایە بیرمان لەوەی دیکەیشیان کردبێتەوە، کە (بوون) هەر لە سەرەتای فکری فەلسەفییەوە وەک هاوواتای (ئامادە)یە. ئامادەیش دەکەوێتە ئاسۆی (ئێستا)ـەوە و بە دەنگی ئەو دەدوێت. بەپێی ڕوانینی باو (ئێستا) ڕەهەندێکە لە سێ ڕەهەندەکە، کە بەو بیرکردنەوەیەمانەوە چەسپ بووە، لەبارەی کاتەوە هەمانە، ڕێ دەبڕێت و ناگەڕێتەوە. واتە لە (ڕابردوو)ـەوە بۆ (ئێستا) و لە (ئێستا)وە بۆ (ئاییندە). لە خەیاڵماندا (ڕابردوو) بوونی نییە و (ئاییندە)یش هێشتا نەهاتووە. ئەوەی (هایدیگەر) بە پلەی یەکەم بایەخی پێ دەدات، کاتی دەرەکی، یان کاتی ڕیالیستی نییە، کە ڕووداو و بەسەرهاتەکان لە خۆی دەگرێت، بەڵکوو کاتی (بوون: Being)ـە. واتە ئەو کاتانە نییە، کە بەردەوام بە دوای یەکدا دێن، بەڵکوو کاتێکە، ڕەهەندەکانی تێکەڵی یەک دەبن. وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، بە دازاین ناسراوە. بە مانایەکی تر، (کات) ئەوەیە، کە نەهاتووە. بەم شێوەیە دەستبەرداری ئەو بۆچوونە ڕۆژانەیییە (Vulgar) دەبێت، بگرە بە تەواوی بە لاوەی دەنێت، کە (کات) بۆ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو دابەش دەکات، بەوەی ئەمەیان لەسەر جیاکردنەوەی میتافیزیکییانەی نێوان خود و بابەت دامەزراوە، کە ناوەرۆکێکی کرۆنۆلۆژییانەی هەیە و تەنیا بە یەک ئاڕاستەدا دەڕوات. بە بڕوای ئەو (ڕابردوو) بوونی نییە، بەڵکوو زەمەن لە (ئێستا)دا دەست پێ دەکات و هەموو ڕەهەندەکانی زەمەنیش لەوێوە سەر هەڵدەدەن. ئیتر (داهاتوو) بریتی نییە لەو کاتەی دەکەوێتە دوای (ئێستا)، وەک چۆن (ڕابردوو)یش ئەو کاتە نییە، کە لێی تێ پەڕیوین. ئایا ئەم پرۆسێسە بە ئاسانی دەچێتە پێشەوە؟ بە مانایەکی دی، شتێک هەیە هەڕەشە لەو پێوەندییەی نێوان (کات) و (بوون) بکات؟ بەڵێ، مەرگ نوێنەری سەرەکیی ئەو هەڕەشەیەیە، بگرە خودی هەڕەشەکەیە. (هایدیگەر) وەک چۆن دەپرسێت:(کات چییە؟)، بە هەمان شێوە دەیشپرسێت: (مەرگ چییە؟)…مەرگ، ئەوەیە، کە هێشتا نەهاتووە. واتە (ئاییندە)یە. ناوی لە یادەوەریی (کات)دا تۆمار کراوە. مەرگ کۆتاییی دنیایە، ئەو کۆتایییەیە، کە سەر بە بوونە، هەموو بوونیش دەستنیشان و پێناسە دەکات. بەم شێوەیە مەرگ نیهل (عەدەم: Nothingness)ـە. بەوەدا (کات) بازنەیییە و هەموو کاتەکان هاوکاتی یەکترن، ئەوە مردن مانای دەرچوون نییە لە دنیا، بەڵکوو لەدەستدانی (بوون)ـە لە دنیا. پرسیاری (هایدیگەر) نابڕێتەوە، بۆیە (نیهل)یش دەگرێتەوە. نیهل چییە؟ ڕاستییەکەی نە وەک هەبوون خۆی دەردەخات و نە وەک بابەتیش، بەڵکوو لە ڕێگەی (نیگەرانی)یەوە دەردەکەوێت، بگرە لەناو (نیگەرانی)دا خۆی دەنوێنێت. نیهل هەمیشە پرسیاری (هایدیگەر) بووە، بەوەی وەک لە (مێتافیزیک چییە؟)دا پێی وایە پرسیارێکە، زانست نایەوێت خۆیی لێ نزیک بکاتەوە، بگرە بە لاوەی دەنێت، بەڵام لە ڕێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێوە هەستی پێ دەکرێت. بەوەدا بوونی ئێمە یەکگرتووە و دابەش نابێت، ئەوە نیهلیش یەکپارچەیە و دوورە لە بەشبوون. سەرچاوەی نامۆبوونیشمانە، چونکە دازاین تەنیا لەناو نیهلدا دەتوانێت پێوەندی بە بوونەوە بکات و هەر لەوێیشدا پێوەندییەکەی دەپارێزێت.هەر ئەوەیە (کات) دەخاتە (ئاییندە). وەک گوترا لە ئێستاوە دەست پێ دەکات و بەردەوام مل دەنێت. بیرۆکەکە لەسەر ژیان و نیهل دامەزراوە، بەڵام دڵەڕاوکێ و نامۆییش دەکەونە ناوەڕاستی هەردووکیانەوە. لەو نێوەدا دڵەڕاوکێی وجوودی (Existential Anxiety) سەر هەڵدەدات، کە لە ڕێگەیەوە تاک دەیەوێت مانای مەرگ بدۆزێتەوە. بە واتایەکی تر، ترسە لە مردن، کە دەیکاتە بوونەوەرێکی نامۆ، مادام نیهل پێوەندیی نێوان واقیعی ئەو بوونەوەرە و (بوون) پێک دەهێنێت.

blank
مارتن هایدێگەر (١٨٨٩-١٩٧٦) فەیلەسووفی ئەڵمانی

(هایدیگەر) ئەم تێگەیشتنەی هێناوەتە ناو ئەدەب و هونەریشەوە. ئەمە لە کتێبی (سەرچاوەی کاری هونەری)دا بە وردی دەبینین، کە من لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی دایەلۆگێکی بەردەوام)دا پشتم پێ بەستووە. وەک نووسەرێکی ئەدەبی گێڕانەوە ڕوانینی ئەو فیلۆسۆفە کۆمەکی گەورەی کردووم. گوتمان ئەو بە پلەی یەکەم بایەخ بە کاتی (بوون: Being) دەدات، نەوەک کاتی دەرەکی، یان کاتی ڕیالیستی. (کاتی بوون)یش ئەو کاتانە نییە، کە بەردەوام بە دوای یەکدا دێن، بەڵکوو کاتێکە ڕەهەندەکانی تێکەڵی یەک دەبن. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم بایەخی منیش هەر بەو کاتەی ناوەوە بووە.

بەگشتی کاریگەریی (هایدیگەر) و هەموو ئەوانەی تر لەسەر ئەدەبدا بە ڕوونی دیارە و چەمکی (کات) لە بەرهەمی داهێنەراندا ڕووبەری فرەوانی داگیر کردووە. ئایا لای ئێمەیش وایە؟ هەر تەکنیکێکی نوێ بەرهەمی ئەو تێگەیشتنەیە لە چەمکی (کات). ئایا ئەوەی ڕەخنەگری میلـلی لەبارەی هەندێک نووسەری سادەنووسەوە گوتوویەتی، گوایە تەکنیکی نوێیان هێناوە، تا چەند هیی ئەوەیە پشتی پێ ببەستین؟ ئایا ئەو نووسەرانە لە گفتوگۆ و گوتارەکانیاندا لە هەندێ گوتەی ڕۆژانە پتریان گوتووە؟

من وەک نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە بە بایەخەوە لە بۆچوونی ئەو فیلۆسۆفەم ڕوانیوە و لە پرۆسێسی گێڕانەوەدا لە بەرچاوم گرتووە. (کات) لە بەرهەمی مندا بێسنوورە و لە بێژمار (ساتی ئێستا) پێک هاتووە، بەوەی کارەکتەرەکانم لەگەڵ کاتدا یەکیان گرتووە، بگرە (کات) بووەتە هەستیان و بە شێوەی ڕەسەن و هۆشیار تێیدا دەژین. لە بەرهەمەکانمدا (کات) بازنەیییە و هەموو کاتەکان هاوکاتی یەکترن. بەوەدا پێوەندیی (کات) و (بوون) ئەبەدییە و بەردەوام ئەمیان جێگەی ئەویان دەگرێتەوە، ئەوە (کات) بۆ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو دابەش نابێت. (داهاتوو) بریتی نییە لەو کاتەی دەکەوێتە دوای (ئێستا)، وەک چۆن (ڕابردوو)یش ئەو کاتە نییە، کە لێی تێ پەڕیوین.

(جیرار جینێت) پێی وایە دەتوانین چیرۆک بگێڕینەوە، بێ ئەوەی شوێنی ڕووداو دەستنیشان بکەین، بەڵام مەحاڵە بتوانین (کات) دیاری نەکەین. بایەخی گەورەی بەو چەمکە داوە و لەم ڕوەوەوە چەند بەرهەمێکی هەن.کتێبی (دیسکۆرسی حیکایەت: باسێک لەبارەی میتۆدەوە) یەکێکیانە، کە تێیدا ڕووبەڕووی چەمکەکە بووتەوەوە و لەم ڕووەوە بەسەر چوار تەوەرە دابەشی کردووە، ڕێکخستن (Order)، ماوە (Duration)، دووبارە، یان گوتنەوە (Frequency) و شێوە (Mood). لە هەر تەوەرەیەکدا چەند چەمکێکی داهێناون. بۆ نموونە ئەمانەی لە تەوەرەی یەکەمدا باس کردوون: کاتی حیکایەت (Narrative Time)، پارادۆکسی کات (Anachronies)، مەودا (Reach, Extent)، گەڕانەوە (فلاشباک) (Analepsis)، پێشکەوتن (فلاشفۆوەرد) (Prolepsis) و بەرەو ناکاتی (Toward Achrony). هەروەها چەمکی کورتکردنەوە (Sommaire)، بڕینی ناکاو (Ellipse)، پشوو (Pause) و هتد، کە ئەوانە بۆ هەر نووسەرێکی ئەدەبی گێڕانەوە گرنگن.

لە نووسینەوەی ئەم ئەزموونەمدا نەمویستووە لەسەر بیری هەموو ئەو فیلۆسۆفانەدا هەڵوێستە بکەم، دەنا پرسیاری (کات چییە؟) بە تێکڕای مێژووی فەلسەفەدا تێدەپەڕێت. بۆ نموونە (هۆسێرل) و (پۆول ڕیکۆر) دوو وێستگەی زۆر گرنگن و پێشتر ئاماژەم بە بۆچوونیان کردووە.