جەستە لە هزری نیچەدا

وەرگێڕانی: قەندیل بێستوون

[لەبەر ئەوەیش دەبوو ڕۆحی سروشت سیمبولانە پێناسە بکرێ؛ ئەوەیش پێویستی بە جیهانێکی نوێ هەبوو لە سیمبول و، بەر لە هەموو شتێکیش سیمبولییەتی تەواوەتی جەستە، نەک تەنها سیمبولییەتی دەم و ڕوخسار و وشە، بەڵکوو پێویستی بۆ نیشانەی تەواوەتی کە بە شێوەیەکی هاڕمۆنی هەموو ئەندامەکان لەڕێی سەماوە دەجووڵێنێت. (لەدایکبوونی تراژیدیا)]

نیچە لە کۆتایییەکانی ژیانیدا

دیدگای نیچەیی بۆ جەستە لە فەلسەفەدا

جەستە یەکێکە لە هێڵە هاوبەش و بابەتە دووبارەکان لەنێو کارەکانی نیچە. نیچەیش لە پێشەکی کتێبی “زانستی شاد”دا ئەم بابەتەی هێنایە پێشەوە “… زۆر جار پرسیارم لە خۆم کردووە گەر ئایا تەواوی فەلسەفە و تا ئەمڕۆیش، شرۆڤەیەک بۆ جەستە و هاوکات هەڵەتێگەیشتنێک بۆ جەستە نەبێت.” نیچە بەمە ڕێ لە کامڵی دەگرێ و پشتگیریی پێشنۆرەیی(priority)ی جەستە دەکات وەک سەرچاوەی هەموو شرۆڤەیەک.

دژی دیکارت دەوەستێتەوە و، جەستە وەک خاڵی دەستپێک هەڵدەبژێرێ بۆ شرۆڤە هزرییەکانی، نەک ئەو هزرەی کە ڕۆحە؛ ئەوە لە مرۆڤ هەڵدەبژێرێ کە باش دەیناسین. من جەستەم باشتر دەناسم وەک لە ڕۆحم. سەرەڕای ئەوەیش، ڕۆح لە جەستە جیا ناکاتەوە، بەڵکوو بە یەک یەکێتی دەیبینێت، دوو بەشی چوونیەکن و جیا نابنەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم دژیەکییە لەگەڵ دیکارتدا ڕەها نییە، هەروەک دیکارت، نیچەیش وای دەبینێ کە ناتوانین هیچ شتێک بزانین جگە لەوەی لە جیهانی هەستەکانمان و لێکچووەکانماندا هەیە. لای نیچە، جەستە پێش هەموو شتێک “جەستەیەکە بە ژیان پڕاکتیزە کراوە و زیندووە” نەک ئەوەی “جەستەیەکی ملکەچبوو بێ بۆ مەعریفەتی زانستی”. هەروەک کانت، نیچەیش وای دەبینێ کە هەر زانینێک (مەعریفەتێک) لە هەستکردنەوە سەرچاوەی گرتووە و بونیادنراوە. بەڵام بە پێچەوانەی کانتەوە، نیچە هەروەک شۆپنهاوەر پێی وایە کە شێوەکانی تێگەیشتنمان بۆ ژیان پێش هەموو شتێک لە سیستەمی فسیۆلۆژیمانەوە سەرچاوە دەگرێت (هەروەها لە ئەرکەکانیشییەوە: خواردن و جووتبوون ‘زۆربوون’)، لە کاتێکدا ئەو ئەرکانەی بە ئەرکێکی باڵایان دەزانین (ئەرکی بیرکردنەوە) جگە لە شێوەگەلێکی لێوەرگیراو (موشتەقات)، هیچی تر نییە.

ئێمە وەرگری شێوەیەکی هەستەکین، بەڵام نیچە مەبەستی لە هەستەکی چییە؟ ئەو نایەوێ بخلیسكێتە نێو ئەو دژیەکییە کلاسیکییە: کەتوار[1]/ڕواڵەت، بەڵکوو لە ڕاستیدا تێیدەپەڕێنی و بە سەریدا زاڵ دەبێت؛ بەپێی ئەو، ڕواڵەت خۆی کەتوارە. “من ‘ڕواڵەت’ ناکەمە دژیەک لەگەڵ ‘کەتوار’دا، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، پێم وایە ڕواڵەت خۆی کەتوارە.” [هەندێک بڵاوکراوەی نیچە پاش مردنی (١٨٨٤-١٨٨٥)]. هیچ بوونەوەرێک نییە خۆی لە پشت ڕواڵەتی خۆیەوە بشارێتەوە، وەکچۆن لە دیاریکردنی کانتی نومینۆن/فینۆمینۆن[2] ڕوو دەدات. کەینوونە دەرکەوتنە، بەڵکوو خودی کەینوونە ڕواڵەتە (دەرکەوتنی ڕواڵەت).

تەنانەت هیچ پێشنۆرە و بە باشتردانانێک نییە لەنێوان پێنج هەستەوەرەکە، هەموویان لە هەمان ئاست دانراون. لە کتێبی “ئەمەیە مرۆڤ” (چونکە چارەنووسم) دەنووسێت: “زیرەکی و بلیمەتی من لە لووتمدایە.” ئەمە واتا یۆنانییەکەیە بۆ وشەی “Proemio” وەکچۆن لە پارچەی هەشتەمی قەسیدەکەی پارمەنیدس هاتووە لەبارەی بوونەوە[3]، ئەو واتایەی کە جۆرج گادامێر[4] باش شرۆڤەی کرد، پاش ئەوەی کە تاوێ لەسەر ئەو واتایەی زیاتر گونجاوە وەستا کە پێشوەختە و سەرەتا بە “بیرکردنەوە” یان “بیر” وەرگێڕدرا بوو بەڵام هاتەوە و ڕەسەنتر وەریگێڕا بۆ دەربڕینێک نزیک لە “لێرە شتێک هەیە” کە بە واتای توانستی بوونەوەر دێ بۆ مانیفێستبوون لە ئانوساتێکی دەگمەندا، وەکچۆن کەسێک بە لووتی بۆنی شتێک دەکات؛ ئاوایش نیچە دەڵێ کە زیرەکی و بلیمەتی ئەو لە لووتیدایە، وەکئەوەی بڵێ ئەوەتا لێرەیە، لەم ساتەیە و، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و سروشتی، وەک هەستپێکردن و وێناکردنێک ئامادەگی هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، نیچە دڵخوازییەکی تایبەتی هەیە، دڵخوازییەک بۆ هەستی ژنەفتن، چون ئەو هەستەیە کە لێدەگەڕێ ئاواز بچێتە ژوورەوە و، نیچەیش ئاشقی ئاوازە. لە ڕاستیدا، هەموو جەستە بە شێوەیەکی هاڕمۆنی بەشدار دەبێ، چونکە هیچ هەستێک نییە زاڵ بێ بەسەر دانەیەکی تردا، جیاواز لەوەی مێژووی فەلسەفە بۆ ئێمەی گواستووەتەوە وەکچۆن و بەتایبەتی، هەستی بینین تایبەتمەندییەکی تری هەیە و باڵادەستە بەسەر ئەوانی ترەوە (سەرنجی ئەفڵاتون بدەن، بیرۆکە (idea) = ڕوانین، لە ڕیشەی یۆنانی کۆنەوە “id”).

لە هەموو ئەو شتانەوە، ئێستا ڕوونە کە بۆچی نیچە ستایشی فەیلەسووفانی پێش سۆکرات دەکات: بابەتەکە پێوەندە بە کولتوورێکی یۆنانییەوە کە لە جەوهەردا دژیەکە لەگەڵ ئایدیاڵییەت و دان بە پێشنۆرەیی جەستەدا دەنێ. بە تۆنێکی توندەوە لە کتێبی “ئاوابوونی بتەکان(پیاسەکانی پیاوێکی ناتەبا لەگەڵ سەردەمدا: ٤٧) دەنووسێت: “لە شوێنێکدا و لەبارەی چارەنووسی گەلێک و چارەنووسی مرۆڤایەتییەوە زۆر گرنگە کە پەروەردەی کولتووری لە شوێنی ڕاستەوە دەست پێ بکات، نەک لە “ڕۆح”ـەوە (وەکچۆن بیروباوەڕە خورافییەکانی قەشەکان و هاوشێوەی قەشەکان دەیانکرد): شوێنی ڕاست “جەستە”یە، ڕواڵەتی جەستەیی و، ئاگاداربوونی و، دۆخی فیسیۆلۆژی جەستە و دواتر ئەوانی تریش خۆیان دێن. ئەمە ئەو هۆکارەیە کە یۆنانییەکان وەک یەکەم ڕووداوی کولتووری دەهێڵێتەوە لە مێژووی کولتووری مرۆڤایەتیدا؛ چونکە ئەوان دەیانزانی و، ئەوەیان دەکرد کە گرنگ بوو، بەڵام مەسیحییەت، ئەوەی کە جەستەی سووک و بێبەها کرد، گەورەترین کارەسات بوو تا ئێستا کە تووشی مرۆڤینی هاتبێت.”

وەرگیراوێکە پێویست بە لێدوان ناکات.

جەستە لە ئەفڵاتونیزم و مەسیحییەتدا

نیچە ڕاگەلێکی هەن لەبارەی مەسیحییەتەوە، وەکچۆن لە دێڕی کۆتاییی ئەو گوتەیەی پێشووتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە، نیچە لە تەواوی کارەکانیدا بە توندی ئەو مەسیحییەتە ڕەت دەکاتەوە کە ڕاستەوخۆیش بە ئەفڵاتوونیزمەوە دەبەستێتەوە. “مەسیحییەت ئەفڵاتونیزمی هەژارەکانە.”: مەسیحییەت ئیش لەسەر بەئەندامکردنی ڕۆحە ساویلکەکان دەکات، کەسانێک کە کەمترین فێربوون و خوێندنەوەیان وەرگرتووە یان ئەوانەی هیچیان وەرنەگرتووە. ئەوە بیرۆکەی زاڵ و دەسەڵاتبەدەستی زۆرینەیە کە جیهانی تەنیوە و ڕێگرە لەوەی پەرە بسێنێت و بەرەو پێش بچێ و باڵا بێت. نیچە دوالیزمی دژیەکی کلاسیکی ڕەت دەکاتەوە “ڕۆح/جەستە”، چونکە هەردووکیان بەبێ جیاوازی یەک شتن. ئەویش ئەو ناشیرین و ناچیزکردنەی جەستە کە لەنێو ئایینەکان دۆزییەوە، تەمبێ دەکات، کە باشی لێ دەزانێت.

نیچە ڕقی لە “سووک و ناچیزکەرانی جەستە” دەبێتەوە، وەکچۆن لە “وەها دووا زەردەشت”دەیخوێنینەوە. لە ڕاستیدا زەردەشت ڕاڤەکەری داوەشان و سووک سەیرکردنی جەستەیە. بەلای نیچەوە تیۆرییە ڕۆحانییە کلاسیکی و مێژوویییەکان بۆ شتە مێتافیزیکییەکان هیچ شتێ ناکا جگە لەوەی شێواندن و پشتگوێخستنی ئەوەی کە مرۆڤ چییە. چونکە کۆنسێپتەکانیان لەبارەی “بوون”ـەوە لەگەڵ ئەوەی کە زێدەمرۆڤانەیە یەک ناگرێتەوە و، ئەویش دەیەوێ هەموو پەیوەندییەکان بەو شێواندنەوە بپچڕێنێت. لە کتێبی “دژەمەسیح”ـدا (بەشی ٥١) لەبارەی مەسیحییەتەوە دەنووسێ: “مافمان هەیە لەوەی بێز و ڕقمان بێتەوە لە ئایینێک کە فێرمان دەکات جەستە سووک و چرووک بکەین […]، ئایینێک کە ڕەدای (قەناعەتی) بە خۆی هێناوە کە دەکرێ مرۆڤ “ڕۆحێکی کامڵ” هەڵگرێت لەنێو جەستەیەک کە هاوشێوەی لاشەیەکە.” بەلای نیچەوە، پیرۆزی “هیچ شتێک نییە جگە لە نیشانەیەک بۆ جەستەیەکی بێتوانا و داوەشاو و، عەسابتێکچوو و، بەڕێژەیەک هەڵوەشێنراوە کە چاکبوونەوە ڕەت دەکاتەوە.” هەروەها وا پێناسەی مەسیحییەت دەکات کە ئایینێکە لەسەر “کینەداری نەخۆشەکان و، غەریزەی ئاڕاستەکراو دژ بە چاکبوو و تەندروستەکان، دژ بە تەندروستی.” بونیاد نراوە.

ئەوان “شەیدای دونیاکەی ترن”: ئەوان نەخۆش و مردوون بە دامەزراندنی سووک و چرووککردنی جەستە، بە دروستکردنی جیهانگەلێکی ئەودیو دونیایییەوە و، جنۆکە و شتی ئاسمانی، وەک سۆکرات لە “ئاوابوونی بتەکان”ـدا. نیچە بە وشەکانی زەردەشتەوە ڕەخنەیەکی توند لەو تێگەیشتنە هەڵە و ڕەتکردنەوەی جەستەیە دەگرێت و، بە “شەیدایانی دونیاکەی تر” ئەو کەسانە ناوزەد دەکات کە بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە و بڵاوی دەکەنەوە. ئایینەکان و، ئەو بیروباوەڕانەی هەڵگری هەبوونی خوداوەندێکن، فەلسەفەگەلێکی مردنن. لە کاتێکدا نیچە پێشنیازی فەلسەفەی ژیان دەکات، پێشنیازی خۆشەویستی و گەشاوەییی ژیان دەکات. ژیانێک کە لە مردنەوە دەست پێ دەکات؛ دژی ژیانێک کە لە خۆیەوە دەست پێ دەکات. ئەوان مردوویەکی زیندوون، دەژین بۆ ئەوەی بمرن و، هەر لەبەر ئەوەیش دەیانەوێ لە جەستەکانیان “دەرچن” و لێی ئازاد بن. ئەو نەخۆشانە پێیان وایە کە ئازاد دەبن لە جەستەکانیان، بەڵام ئەوان توند پەیوەستن پێوەی و، بیانەوێ و نەیانەوێ، جەستە و زەوی بەکار دەهێنن بۆ بەرهەمهێنانە ساوێر(وەهماوی)ییەکانیان. ئەوان لەنێو ماددەدا نوقم بوون و پێوەی بار کراون و، بە پێدانی ساوێرێک کە “ژیان وا لە شوێنێکی ترە”، دوور و دابڕاو و خاڵی لە جەستە؛ مەترسییەکی ڕاستەقینەن بۆ سەر مرۆڤ.

لە کتێبی “وەها دووا زەردەشت”(سەبارەت بە ڕەندیی بەخشندە “بەشی ٢”) نیچە مرۆڤ بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی فەزیڵەتەکانیان بگەڕێننەوە بۆ زەوی، تاکوو زەوی واتای بداتێ و، هاوبەشییەک دەخاتە ڕوو لەنێوان جەستە/ژیاندا: ژیان بەبێ فەزیڵەت بوونی نییە، بەبێ ڕۆح و، پێچەوانەکەیشی ڕاستە. ئەو ڕۆحەی مرۆڤ دەیکاتە دەرەوەی جەستە و زەوییەوە “بێ-مانایە” و، لێرەیش دەرخەری ئەوەیە کە نیچە پێی دەڵێ “هەلە مەزنەکە”. ئەمەیش دەمانبا بەرەو چەمکە خوازەیی(میتافۆڕی)یەکە بۆ نەخۆشی و پزیشک وەک بابەتێکی سەرەکی بۆ بەرگریکردن لە جەستە. ڕۆح بەبێ جەستە ڕۆحێکە کە بەبێ ژیان دەسووڕێ: ڕۆح پێویستی بە جەستەیە تاکوو بە ڕۆحەکانی ترەوە پێوەند بێت و؛ جەستەیش بەبێ ڕۆح جەستەیەکی بێمانایە، لاشەیە. “Leib” نییە، بەڵکوو”Körper”ـە[5]. لە لای نیچە، جەستەیەک بەبی ڕۆح، جەستەیەکە بەبێ ژیان، جەستەیەکی داوەشاوە. نکۆڵیکردن لە جەستە، تیرۆرکردنی ژیانە. لە “ئەمەیە مرۆڤ”(چونکە چارەنووسم) نیچە دێ و دەنووسێ کە مەسیحییەت “تاوانکردنە بە جیاکردنەوە، تاوانکردنە لەهەمبەر ژیاندا.” مەسیحییەت ڕۆح و نەفسی داهێنا تاکوو “جەستە لەناو بەرێ” و “نەخۆشی بخات”. لێرەوەیە سەرکوتکردنی سێکسواڵێتە و تێڕوانینێکی قێزەونانە بۆ خۆشەویستیی جەستە لەنێو مەسیحییەتدا.

“ویستی هێز” و پەیوەندی بە جەستەوە

کۆنسێپتی “ویستی هێز” یەکێکە لە کۆنسێپتە سەرەکییەکان لە هزری نیچەدا، ئامرازێکە بۆ پێناسەکردنی جیهان و، شرۆڤەکردنی دیاردە مرۆڤینییەکان وەک بوارەکانی ئەخلاق و هونەر و، دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی “بوون” کە پێوەندیدار دەبێتەوە بە دۆخی داهاتووی مرۆڤینی، دۆخی مرۆڤی باڵا (Übermensch). ئەمەیش ئەو هۆکارەیە کە زۆر جار بۆ ڕوونکردنەوەی تەواوی فەلسەفەکەی بەکار دێت. هایدگەر ویستی هێز (هەروەها گەڕانەوەی ئەبەدی) دەکاتە کۆنسێپتی سەرەکی بۆ “مێتافیزیکای نیچەیی” کە مێتافیزیکای ڕۆژئاوایی بەرەو کەماڵ دەبات. نیچە بە دروستکردنی ئەم کۆنسێپتە بەگشتی هەوڵی پێشنیازکردنی شرۆڤەیەک بۆ حەقیقەت دەدات. لە بەرمەبنای ئەم بیرۆکەیەوە ویستی هێز ئاماژە بە پێویستییەکی ناوەکی دەدات بۆ گەشەپێدانی هێز، بۆ ڕێسایەکی ناوەکی بۆ ئەو ویستەی بەم دەربڕینە پێناسە کراوە “لەوە دوورتر بیت، یان لەودیوەوە بیت”: ئەم پێویستییە هەڵبژاردنێک پێشکەشی ویستی هێز دەکات لەنێوان دوو شت، یان دوورتر دەڕۆی (تێی دەپەڕێنی)، یان فەنا دەبی. ویستی هێز ناسنامە یان یەکبوونێک دانامەزرێنێ، بەڵکوو دوورتر دەڕوا؛ بەرەو مرۆڤی باڵا دەکشێ. “ناوە دیاریکراوەکەی ئەم کەتوارە، ویستی هێزە، وەکچۆن لە بونیادە ناوەکییەکەی دیاری کراوە نەک لە سروشتە دوورەدەستە گۆڕاو و تواوەکەیەوە” [ئەودیو خێر و شەڕەوە، “٣٦”].

لەبارەی ئەم کۆنسێپتەوە، دەبێ هێزەکەی بسەپێنین، هەروەها بڵندبوونەوە و سنووربەزاندنەکانیشی و، بەزاندنی بەرەنگارییش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نێوەندگرە (جەستەیی و ئاوەزی). “ویستی هێز تەنها لەڕێی پەیوەندییەکەی بە بەرەنگارییەوە مانیفێست دەبێت؛ ئەو بەدوای ئەوە دەگەڕێ کە بەرەنگاری دەبێتەوە.” [هەندێک بڵاوکراوەی نیچە پاش مردنی]. بیرۆکەی “هێز” لەنێو ئەم کۆنسێپتەدا بنچینەیییە، چونکە لەسەر بنەمای سەرکەوتنەکان دژ بە بەرەنگارییەکان بونیاد نراوە. لەو بەشانەی کە پاش مردنی بڵاو کراونەتەوە (١٨٨٤-١٨٨٥)، نیچە لە چیرۆکێکی خورافی مەبەستێک دەردەهێنێ، چیرۆکێکی سیمبولی بۆ ویستی هێز لەنێو جەستەدا، تاکوو میکانیزمی دروستبوونی جەستە باس بکات. مەبەستیشی لەو جەستەیە نییە کە بە شێوەیەکی باو و زانستییانە باس کراوە. جەستە کۆکراوەیەکی میکانیکی نییە بۆ کۆمەڵێ بەشی جیاواز و شتێکی نادیار و سەخت نییە بۆ شرۆڤەکردن: وا بیر لە جەستە دەکاتەوە کە یارییەکی نەرمە و لە بەشگەلێک پێکهاتووە کە دەکرێ بنووشتێتەوە و بەرانبەر یەک دەبنەوە. نیچە ئەو بەشە بچووکانەی جەستە پێک دێنن و بەڕێوەی دەبەن، بە “کەینوونە مایکرۆسکۆپییەکان” ناوزەد دەکات کە “گەردیلەی ڕۆحی” نین، بەڵکوو “کەینوونەگەلێکن گەشە دەسێنن و، هەوڵ و تەقەڵا دەدەن و، بەهێز دەبن یان فەنا دەبن.” دەبێ ئەم کەینوونانە خۆیان بسەپێنن، ئەوەیشی کە بەهێزە، بەهێزتر دەبێت و لەوە دوورتر دەڕوا و، بەشە لاوازەکانیش ملکەچ دەبن یان فەنا دەبن و بوارێک بۆ ئەوانی تر دەڕەخسێنن. ویستی هەموو کەینوونەکان هەمان شتن بە ڕواڵەت: لە ڕاستیدا پلەبەندییەکی هەڕەمی هەیە کە ویستە بەهێزە چالاکەکان دەکەونە سەروو ویستە لاوازە کاردەرەوەکان (پەرچەکردارییەکان) و، ئەوەی نیچە ناوی دەنێ “ئەرستۆکراتی”. جەستە یەکێتییەکی نییە، بەڵکوو کۆکراوەیەکە لە کەینوونەگەلێک و، هەر کەینوونەیەک ئازادە لە سەپاندن یان ملکەچکردنی خۆی. نیچە دەنووسێ: “مرۆڤ لە گەلەکەینوونەیەک دەچێت.” ئەو یەکێتییەی دیاریشە، لەمیانەی ئەو ڕاستییەوە دروست دەبێ کە جەستە یەکە. تێگەیشتن لە جەستە ڕوون نابێ وەک کۆمەڵێک، بەڵکوو وەکوو پلەبەندییەکی هەڕەمی ڕوون دەبێت، پلەبەندییەک لە پاڵنەر و، هێز و، ویستەکانی هێز.

جەستە بەسەر ئاوەزدا زاڵە، نەک تەنها لەسەر ئاستی هەست و سۆز، بەڵکوو لەسەر ئاستی زیرەکییش. جەستە ئاوەزی لەخۆ گرتووە و حوکمی دەکات، نەک پێچەوانەکەی وەکچۆن مێژووی فەلسەفە بۆی گواستووینەتەوە

بەڵام لێرە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پرسیارێکمان لێ قیت دەبێتەوە: چۆن دەکرێ کە ڕێکی و هاڕمۆنییەک هەبێت لەنێو ئەم چەندێتییە نابەرانبەرە کە لە شەڕیشدایە؟ شتەکە بۆ نیچە ڕوونە: هەندێک هەن بە گوێڕایەڵی ڕازی دەبن، ڕازی دەبێ کە ملکەچ بێت بە شێوەیەک کە هیچ ئاستەنگییەک ڕووبەڕووی ئەوانە نەبێتەوە کە توانستێکی زیاتریان هەیە بۆ ڕابەرایەتیکردن لە بەڕێوەبردنی ئەم پلەبەندییە هەڕەمییە. لێرەوە هاڕمۆنی لەنێوان ویستە جیاوازەکانی هێز هەڵدەقوڵێ. یاخیبوونێکی ڕوونمان بۆ بەشە لاوازترەکان هەیە کە هەموویان کۆنتڕۆڵ دەکرێن. هەڵبەتە ئەم بەشانە لە دژیەکیدان لەگەڵ یەک، بەڵام لە کۆتاییدا بە هەمان زمان دەدوێن. چی دنەی نیچە دەدات لەوەی لە “وەها دووا زەردەشت” وەک “دەرئەنجامی مەزن” بنۆڕێتە جەستە؟ جەستە بەسەر ئاوەزدا زاڵە، نەک تەنها لەسەر ئاستی هەست و سۆز، بەڵکوو لەسەر ئاستی زیرەکییش. جەستە ئاوەزی لەخۆ گرتووە و حوکمی دەکات، نەک پێچەوانەکەی وەکچۆن مێژووی فەلسەفە بۆی گواستووینەتەوە. جەستە یەک شت نییە، بەڵکوو جووڵەیە، کۆمەڵەیەکە، چەندایەتیی هێز و ویستگەلێکی هێزە. هەموو هێزەکان زانیاری دەنێرن، نەک بە شێوەیەکی میکانیکی، بەڵکوو بەپێی سیستەمێکی خۆڕسک: واتا ئەو نامانە مانیفێستۆی ویستن. بە دەربڕینێکی تر، میتۆدی ئەم پەیوەندیکردنە هیچ نییە جگە لە شەڕێکی بەردەوام، درێژ و توند و هەندێ کاتیش دڕندە و گرژ. وەک کۆتایییەکیش بۆ ئەم بابەتە لەبارەی پرسی ویستی هێز و پەیوەستییە جەوهەرییەکەی بە جەستەوە، پوختی دەکەینەوە؛ جەستە لە دیدگای نیچەوە باشترین ڕابەر و بەڵگەیە، چونکە سیمبولێکە بۆ ویستی هێز. وەکچۆن پاتریک وۆتلینگ لە کتێبی “نیچە و ئەنگێزەی شارستانییەت”[6] دەنووسێ: “جەستە ناوچەی جێبەجێکردنی ویستی هێزە.”

پەیوەندیی نیچە بە نەخۆشی و جەستەیەوە

نیچە لە کارەکانیدا هۆی نەخۆشی دەگۆڕێت بۆ دەربڕینێکی خوازەیی. ئەم نەخۆشیی جەستەیییە ماددییە، بۆ ئەو سیمبولێکە بۆ کولتووری پاشکەوتوو. ئەم شارستانییەتە بەهۆی نکۆڵیکردن لە جەستە لەناو چووە و نەخۆشە. جەستە نەخۆش دەکەوێت، ئەشکەنجە دەدرێ، لەبەر ئەوەیش وا باشترە دەستی لێ هەڵگیرێت. نیچە وەک خوازەیەک کۆئەندامی هەرس بەکار دەهێنێت بۆ پشتگیریی تیۆرییەکانی. دوو نموونە هەن: نموونەی ئـ:- وێنای ویستی هێز دەکات بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی هەرسکردن. نموونەی بـ:- وای دەبینێ کە شرۆڤەی نەرێنی بۆ کەتوار، لەڕێی بەراوردکردنی بە کێشەیەکی هەرسکردن حوکمی لەسەر دەدرێ. ئیدانەی جێکەوتە (ئینتیباع) پوچگەرایییەکە بۆ ڕۆحی ئەڵمانی دەکات لە کتێبی “ئەمەیە مرۆڤ”(چونکە سەرنجی زۆرم دا – بەشی ١) و دەڵێت: “ڕۆحی ئەڵمانی وێنەی دۆخێکی هەرسکردنێکی سەخت پیشان دەدات و، هەرگیز خۆی ئازاد نەکردووە.” هەروەها بە ڕۆحێکی گاڵتەئامێزانەوە بەردەوام دەبێت: “ڕەنگە نزیکبوونەوەی ئەڵمانییەک لێم پڕۆسەی هەرسکردنم دوا بخات.” نیچە دەیەوێ (وەکچۆن لە پارچەبڵاوکراوەکانی پاش مردنی فۆرمیولەی دەکات) “فەیلەسووف وەک پزیشکێک لە شارستانییەتدا”. هەوڵی ئەوە دەدات -لەپشت وێنەی ئەم نەخۆشییەوە- خەڵکێک کە بەتوندی تووشی گانگرینا[7]، بووە لە ڕێی فەلسەفەکەیەوە چاک بکاتەوە. بەپێی ئەو، هیچ ڕەتکردنەوە یان قەبوڵکردنێک نییە بۆ تەندروستی و نەخۆشی، چونکە هیچ دۆخێکی سروشتی نییە بۆ تەندروستی، بەڵکوو تەنها هەندێک دۆخ هەن پێمان وا دەبێت کە بۆ جەستەمان باشە. دوالیزمەی تەندروستی/نەخۆشی ڕەت دەکاتەوە. بە دەربڕینێکی تر، دەبێ ئەوە لە مێشکمان دەرکەین کە هەمووان یەکسانن لەبەرانبەر نەخۆشی و تەندروستیدا. لە “زانستی شاد”(بەشی ١٢٠) دەڵێ: “لە ڕاستیدا هیچ تەندروستییەک نییە لە خودی خۆیدا، هەموو هەوڵەکانیش بۆ ناساندنی هەناسەساردانە شکستی هێنا. ئەوەی دیاری دەکات کە دەبێ تەندروستی چی بێت تەنانەت بۆ جەستەیشت؛ پشتی بە ئامانج، ئاسۆ، هێز، پاڵنەر و هەڵەکانت بەستووە و، بەتایبەتی پشتی بە نموونەکانی ڕۆح و خەیاڵەکانی بەستووە. ئەوە دیاری بکە کە دەبێ ببێتە واتای تەندروستی بۆ جەستەت.” هەروەها لە پێشەکی “زانستی شاد” دەڵێت: “ئەو فەیلەسووفەی کۆمەڵێ دۆخی جیاوازی تەندروستی تێپەڕاندووە و هێشتا تێیدەپەڕێنێ، فەیلەسووفێکە چەندین فەلسەفەی تێپەڕاندووە: لە توانایدا نەبوو تەنها ئەوە نەبێ کە هەموو قسەکانی بگۆڕێت بۆ زیاترین شێوە و ئاسۆی ڕۆحانی؛- ئەم هونەری مانیفێستکردنە، خودی فەلسەفەیە.”

بە دڵنیایییەوە ئەمە بریتی نییە لە ژیانی نیچە کە زۆربەی کاتەکانی نەخۆش کەوتبوو و دۆخی جەستەیی خێرا دەگۆڕدرا. بابەتەکە لە ڕاستیدا ئەوەیە کە نیچە، لەڕێی ئەزموونە تایبەتییەکەیەوە هزری خۆی لەسەر جەستە و نەخۆشی دادەمەزراند. پێوەندییەکی پتەو هەیە لەنێوان ژیانی نیچە و فەلسەفەکەی. گرنگە باسی ئەوەیش بکەین کە بەتایبەتی و لەو ماوەیەی “زەردەشت”ـی دەنووسی، لە کتێبی “ئەمەیە مرۆڤ”(چونکە کتێبی باش دەنووسم – بەشی ٤) نووسی: “هەمیشە خێرایی و سووکەڵەیی ماسولکەکان لە ناوەوەمدا زۆرتر بوون کاتێک توانستی داهێنان بەهێزتر بوو، جەستە خرۆشاوە.” هەروەها پێی باشترە وەک نەخۆشییەک لەبارەی “دافەوتان”ـەوە قسە بکات و، ئەوەیش چەمکێکە بە واتا نەرێنییەکەی بەکار ناهێنێت، چونکە ئەوە شتێک نییە کە دەبێ لەگەڵیدا بجەنگی، بەڵکوو لەبری ئەوە دەبێ کە وریا بین نەگوازرێتەوە و هەوڵ نەدرێ بوون ڕەت بکاتەوە. لەلای نیچە نەخۆشی هۆکار نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی دافەوتانە.

سەرچاوەی عەرەبی:الجسدُ في فِكْرِ نيتشه

سەرچاوەی ئیتاڵی: Il corponelpensiero di Nietzsche


[1] کەتوار = واقع

[2]نۆمینۆن (Noumenon) چەمکێکی فەلسەفییە و بە واتای “شتەکە لە خودی خۆیدا” دێت و وەک چەمکێکی دژ بەکار دێ لەگەڵ چەمکی فینۆمینۆن (Phenomenon)، واتا “دیاردە”.

[3]ئەو چەمکەی ئاماژەی بۆ کراوە: [یەک ڕێگامان بۆ دەمێنێتەوە بۆ ڕێکردن، بوون هەبوو’ە و، کۆڵێک نیشانە هەن دەیسەلمێنن کە بوون بوونەوەرێک نییە و کۆتایی نایەت (فانی نییە)، چونکە یەکێتییەکی تەواوە، جێگیر و ئەبەدی، ناتوانین بڵێین کە بوو’ یان دەبێت…].

[4]Hans-Georg Gadamer

[5] هۆسرل لە کتێبی “Cartesian Meditations- تێڕامانگەلێکی دیکارتی” جیاوازی لەنێوان Leib (واتا جەستەی مرۆڤینی و ئەو تاکایەتییەی تێیدایە) و Körper (واتا جەستە) دەکات.

[6]Nietzsche Et Le Problème De La Civilisation – Patrick Wotling

[7]Gangrene: یان (گەرگەرینا)، جۆرێک لە مردنی ملولەکانە لە دەرئەجامی بێتوانایی گەیاندنی خوێن کە زۆرجار لە دەستەکان و قاچەکان دەدات و دەیڕزێنی و زۆرجار دەبێ ببڕدرێنەوە.