ئەدەب و هونەر لە تێڕوانینی ‘ژان پۆل سارتەر’دا

بەر لە جەنگ و پاش جەنگ

خەیاڵ هەڵاتنە لە واقیع


ژان پۆل سارتەر بە پێچەوانەی فەیلەسووفەکانی کلاسیکی یۆنان، بە شێوەی زارەکی یان لە ڕێگەی گوتارەکانییدا بە ناو جیهانی فەلسەفەکەی پەلکێشمان ناکات. سارتەر بەردەوام دەنووسێت، ڕەنگە تاکە فەیلەسوفی سەدەی بیستەم بێت کە بەو شێوە فراوانە هەزاران پەڕەی دەستنووسی لە دوای خۆی بەجێ هێشتبێت. سارتەر بە درێژاییی تەمەنی هەرگیز بیرۆکە قووڵە فەلسەفییەکانی لە گوتارەکانیدا باس نەکرد. تەنیا هەندێک گوتاری نەبێت کە بە شێوەیەکی گشتی قسە لەسەر بوونخوازی دەکات. بۆ خوێندنەوەی سارتەر و تێگەیشتن لێی پێویستە بۆ کتێب و وتارەکانی بگەرێینەوە. خوێندنەوەی سارتەر سانا نییە، چونکە کتێب و وتارەکانی پەنتایییەکی زۆری ڕەفەی کتێبخانەکانی داگیر کردووە. زۆری نووسین لە بوارە جیایەکانی ئەدەب و فەلسەفدا و ئەو وتار و کتێبە قەبارە گەورانەی کە بەرهەمی ساڵانێکی دوورودرێژی نووسەرە، زۆرجار خوێنەر تێیدا ون دەکات و لە ئەنجامدا بە سەرلێشێواوی لێی دێتە دەرەوە. ئەو لە منداڵییەوە دەنووسێت، تامەزۆری بۆ نووسین وای لێ دەکات دەرمانی وزەبەخش بەکار بهێنێت، تا بە درێژاییی شەو بەردەوام بێت. شەونخوونی سارتەر و خوێندنەوە و نووسینی بێ پچڕان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر هێدی هێدی کاریگەری لەسەر چاوەکانی دروست دەکات و بەو ڕادەیەی کە لە کۆتایییەکانی تەمەنیدا نابینا دەبێت.[1]

دابەشکردنی تێڕوانین و ڕەوتی فکری سارتەر بەسەر دوو قۆناغی جیاوازدا، ڕەنگە هێندە سانا نەبێت، چونکوو سارتەر کۆمەڵێک بیرکردنەوەی نەگۆری فەلسەفی هەیە، کە لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و تا کۆتایییەکانی تەمەنی بەرگریی لێیان کردووە. لێرەدا زیاتر مەبەستمانە دوو جۆری جیاوازی تێڕاونینی سارتەر بۆ هونەر و ئەدەبیات بەسەر دوو قۆناغدا دابەش بکەین. قۆناغی یەکەم پێش جەنگی جیهانیی دووەم و قۆناغی دووەم پاش جەنگی جیهانیی دووەم. لە قۆناغی پێش جەنگی جیهانیی دووەمدا سارتەرێک دەبینین کە بایەخێکی ئەوتۆ بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نادات و زیاتر بەناو خود و تاکێتیی خۆیدا ڕۆ چووە. گرنگیدان بە فەلسەفەی بوونخوازی و بە پووچ زانینی ئەو دۆخ و واقیعەی ژیانی مرۆڤ کە بەبێ ویستی خۆی تێی کەوتووە، لە بیرۆکە سەرەکییەکانیدان. ئەو بۆ هێوربوونەوەی ململانێی و دۆخە نائارامە دەروونییەکەی، بەردەوام دەنووسێت و خۆی لە جیهانی خەیاڵ دانابرێت. سارتەر هونەر و ئەدەبیات بە ئامرازێک دەزانێت بۆ هەڵاتنی تاک لەو پووچییەی کە تێی کەوتووە. کارەکتەری دەقە ئەدەبییەکانی بۆ دۆزینەوەی واتای بوون لە هەوڵێکی بەردەوامدان. کارەکتەرەکان بۆ گەیشتن بە ئارامی و ژیانێکی ئاسودە، تێکەڵی مرۆڤەکانی تر نابن و لە تەنیاییی خۆیاندا، سەرقاڵی هونەر و ئەدەبیاتن. هونەر وەک تاکە چەکی دەستی کارەکتەرەکان، خۆیانی تێدا ون دەکەن و لە جیهانێکی خەیاڵیدان. سارتەر لەم قۆناغەدا خەیاڵی کردووەتەوە ناوەندی بیرکردنەوەکانی لە دژی واقیعدا هەر بۆیە دەڵێت، خەیاڵ واتا دژەدنیا (anti-monde). یان خەیاڵ خۆی لە خۆیدا نەفیکردنەوەی واقیعە. یان بە دەربڕینی خودی سارتەر، خەیاڵ نەفیکردنەوەی هەڵومەرجی بوونە لە جیهاندا.[2] (Négation des conditions d’étredans le monde)

لە تێڕوانینی سارتەردا گەرچی ژیان لە جیهانی خەیاڵدا، وەک واقیع نییە، بەڵام وەڵامدەرەوەی مەیلی واقیعی ژیانە، بۆ ئەو کەسانەی کە هونەر و ئەدەبیات وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاریی خۆیان لە پووچی دەبینن. هەر بۆیە ئەم قۆناغەی ژیانی سارتەر زیاتر هەڵاتنە لەو واقیعەی کە تیدا دەژی و پەنابردنێتی بۆ جیهانی خەیاڵ. سارتەر تابلۆیەکی شاڕڵی هەشتەم وەک نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، کاتێک لە جیهانی واقیعدا لێی دەڕوانین، تەنیا هەست بە ڕەنگ و تێکەڵبوونی ئەو کەرەستانە دەکەین کە تیدا بەکار هاتوون، بەڵام بەم جۆرە وێنەی ڕاستەقینەی شاڕل نابینین. بۆ بینینی تابلۆیەکە تەنانەت گەر چاویشمان لەسەری بێت، پێویستە خۆمان لە کەرەستە ماددییەکان ڕزگار بکەین پەنا بۆ جیهانی خەیاڵ ببەین و تابلۆ ماددییەکە فەرامۆش بکەین. لێرەدا سارتەر مەبەستێتی کە چێژی ڕاستەقینەی هونەر کەرەستە و ڕەنگەکان نین، جوانیناسیی هونەر نەک لە جیهانی واقیعدا، بەڵکوو لە جیهانی خەیاڵدا واتا پەیدا دەکات. سارتەر لە درێژەی ئەم بابەتدا باس لە حەقایەتی جەنگاوەرێک دەکات، کە ئالودەی خۆشەویستیی ئافرەتێک بووە. کاتێک جەنگاوەرەکە ناچارە گەشتێکی دوورودرێژ بکات و ناتوانێت خۆشەویستەکەی لەگەڵ خۆی ببات، داوا لە وێنەکێشێک دەکات وێنەی خۆشەویستەکەی بۆ بکێشێت. جەنگاوەرەکە بە درێژاییی گەشتەکەی کاتێک بیری خۆشەویستەکەی دەکات، وێنەکە لە بەرانبەر خۆی دادەنێت و بەوردی لێی دەڕوانێت و بەم جۆرە دڵی خۆی دەداتەوە. چەند مانگێک تێدەپەڕێت و دواجار جەنگاوەرەکە بۆ شارەکەی دەگەرێتەوە. کاتێک لە دوورەوە لە خۆشەویستەکەی دەڕوانێت بە تامەزرۆیی بەرەو ڕووی هەنگاو دەنێت، بەڵام کاتێک لێی نزیک دەبێتەوە، لە پڕدا ئەم هەستەی بەسەردا زاڵ دەبێت، کە چیتر ئەڤین و تامەزرۆییی جارانی بۆ خۆشەویستەکەی نەماوە. ئەگەرچی وێنەکە و خۆشەویستەکەی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە و لێک دەچن، بەڵام وێنەکێشەکە ڕەهەندێکی خەیاڵی داوەتە وێنەکە و هەر ئەم وێنە خەیاڵییە جەنگاوەرەکەی دیلی خۆی کردووە. جەنگاوەرەکە بە هەر تێڕوانینێکی بۆ وێنەکە، ڕاستەوخۆ لە جیهانی واقیع دوور دەکەوێتەوە و تابلۆکە چیتر وەک ڕەنگ و کەرەستە ماددییەکان نابینێت. ئەو دزەی کردووەتە خەیاڵی وێنەکێشەکە و تابلۆیەک دەبینێت کە لە جیهانی واقیعدا بوونی نییە. ڕوخساری ماددی خۆشەویستەکەی چیتر ئەو چێژەی پێ نادات کە لە جیهانی خەیاڵدا، وەریدەگرت.[3]

قۆناغی دووەمی تێفکرین و بیرکرنەوەی ژیانی سارتەر، دەکەوێتە پاش جەنگی جیهانیی دووەمدا. گەرچی بابەتە فەلسەفییەکانی سارتەر لەم قۆناغەشدا بەردەوامن و هێشتا لەگەڵ بووندا دەستەویەخەن، بەڵام چیتر سارتەرێکی تاکخواز و بێهیوا نابینین، بۆ ئاسودەیی و ئارامیی خۆی مرۆڤەکان پشتگوێ بخات و پەنا بۆ جیهانی خەیاڵ بەرێت. کاریگەرییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم و گیان لەدەستدانی هەزاران مرۆڤی بێتاوان، بێگومان تێفکرین و ڕوانگەی سارتەر بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەگۆرێت. سارتەر لەم قۆناغەدا هونەر بە شێوە گشتییەکەی لە تاکخوازییەوە بەرەو کۆمەڵخوازی دەبات. گەر لە قۆناغی یەکەمدا مرۆڤەکان زیاتر لە تەنیاییی خۆیاندا دەژیان و پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە کەسانی ترەوە نەبوو، لە قۆناغی دووەمدا نەک هەر پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکانی تر دروست دەکەن بگرە بەرپرسیاریشن لە بەرامبەر یەکتریدا. کرداری تاکێک دەتوانێت، کاریگەری لەسەر کۆی مرۆڤەکاندا هەبێت. فەرماندەیەکی سەربازی دەتوانێت بە بڕیارەکەی ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕ یان دامرکاندنەوەی. هەمووان بەرپرسن لەبەرامبەر کردارەکانیان لە هەمبەر کەسانی تردا. سارتەر بوونی مرۆڤ پەیوەست دەکات بە ئەنجامدانی کارێک کە کاریگەری لەسەر مرۆڤەکانی تردا هەبێت و هەموو تاکێک وەک تاکێکی دەروەست (پابەند) دەربکەوێت. گەر دەرکەوتنی هێڵی تێفکرینی سارتەر لە هەردوو قۆناغدا بە شێوەیەکی بەرجەستەکراو دەرنەکەوێت کە هەمووان هەستی پێ بکەن، هۆکارەکەی تێکەڵبوونی بیرۆکە فەلسەفییەکانی سارتەرە لە دەقە ئەدەبییەکانیدا. بۆیە لە هەر دوو قۆناغەدا هەست بە گۆڕانی بنەمای فەلسەفەی بوونخوازی سارتەر ناکرێت و تەنیا تێڕوانینی سارتەر بۆ هونەر و ئەدەبیات دابەشی سەر دوو قۆناغ دەبێت. قۆناغی یەکەم هەڵاتنە لەو واقیعە پووچەی کە تاک تێی کەوتووە و بەڕێژەیەکی بەرچاو بێهیوایی و ڕەشبینی تێدا دەبینرێت. قۆناغی دووەم، دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەی کە لە کۆمەڵگادا لە سەریانە، بەڵام بە هیوا و ئومێدەوە. من ئازادم لە ژیاندا و خۆم دەتوانم چارەنووسێک بۆ خۆم دیاری بکەم.

ڕەنگە هەردوو بەرهەمی هێڵنج[4] (La Nausée) و مێشەکان٥ (Les Mouches) باشترین نموونە بن، کە تێڕوانین و ڕوانگەی سارتەری لە هەردوو قۆناغدا تێدا بدۆزینەوە. هێڵنج یەکەمین ڕۆمانی سارتەرە کە لە ساڵی (١٩٣٨) پێش جەنگی جیهانیی دووەمدا، نووسراوە و بە کاریگەرترین ڕۆمانی دادەنرێت. بەڵام شانۆنامەی مێشەکان لە ساڵی (١٩٤٣) لە پاش جەنگی جیهانیی دووەمدا چاپ کراوە. کاتێک لە کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانی هێلنج ورد دەبینەوە، مرۆڤێک دەبینین کە لە تەنیاییدا خەریکە پێچ دەخوات و خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەسانی تر دەدزێتەوە. ئەو تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەشی پچڕاندووە و بێ دۆست و هاورێ، خەریکی وردبوونەوەیە لە کەلوپەلە بێگیانەکان و چۆنییەتیی ڕەنگدانەوەیان لە دەروونی خۆیدا. ئەم کارەکتەرە کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی پشتگوێ خستووە و شەڕ لەگەڵ بوونی خۆیدا دەکات و لە سووچێکدا دانیشتووە و دەنووسێت. ڕەشبینی و ڕشانەوە بە ڕووی ژیاندا لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم کارەکتەرەن.  بە پێچەوانەوە کاتێک شانۆنامەی مێشەکان دەخوێنینەوە، هەست دەکەین کە مرۆڤەکان چیتر تەنیا نین، بەڵکوو خەریکی ململانێ و کێشمەکێشن لەپێناو ژیاندا. مێشەکان بە نزیکی پازدە کارەکتەرەوە، گێڕانەوەی خەیانەت و درۆ و دووڕوویی و ئەڤین و ڕەق و سەردەمی گەنجی و پیرییە کە هەرکام لە کارەکتەرەکان لە دۆخی جیاوازدا تێی دەکەون. هەڵسوکەوت و کرداری کارەکتەرەکان کاریگەرییان لەسەر ژیانی یەکتردا دەبێت. وەک بڵێی سارتەر کارەکتەری ڕۆمانی هێڵنج لە تەنیایی دەردەهێنێت و بە ڕوخساری جیاواز دەیخاتە کۆمەڵگاوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مرۆڤەکانی تر ببێتەوە. لێرەدا مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئازادیی خۆیانەوە هەڵبژاردن بکەن و بێهیوا نەبن لە چارەنووسی خۆیان.

بە بڕوای سارتەر نووسین هێزێکی ڕزگاریخوازی هەیە و ئەمەش لە بیرۆکە و پرۆژەکانی نووسەرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمە ئەرکی نووسەرە کە کێشمەکێش لە زەینی خوێنەر دروست بکات و جیهان بەو هەموو ململانێی و نادادپەروەرییەوە بەو شێوەیە کە هەیە

هەروەک ئاماژەی پێکرا، سارتەر لە ڕێگەی داهێنانی هونەری و ئەدەبیاتەوە مەبەستێتی تەنیایی و بۆشاییی ناخی مرۆڤ پڕ بکاتەوە هەر بۆیە ئەرک و بەرپرسیارەتییەکە دەخاتە سەرشانی نووسەرەوە. لە ڕوانگەی سارتەردا نووسەر دەتوانێت کۆمەڵگایەک وێنا بکات، کە پایەکانی بە دەست خوێنەرەوە بلەرزێت. ئەو دەتوانێت هاوسەنگی ئێستای کۆمەڵگا تێک بدات و هەموو شتێک سەرەوژێر بکات. پرۆژەی تازە ڕابگەیەنێت و دەست بۆ تابۆکان ببات. ئەوە نووسەرە کە دەتوانێت بیر و ئەندێشە خوێنەر هەڵبتەکێنێت و کۆمەڵگا ڕووبەڕووی نۆرمی تازە بکاتەوە. وشەکانی نووسەر دەتوانن کاریگەری دروست بکەن و ڕێگەی نوێ بۆ خوێنەرانیان بکەنەوە. بە بڕوای سارتەر نووسین هێزێکی ڕزگاریخوازی هەیە و ئەمەش لە بیرۆکە و پرۆژەکانی نووسەرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمە ئەرکی نووسەرە کە کێشمەکێش لە زەینی خوێنەر دروست بکات و جیهان بەو هەموو ململانێی و نادادپەروەرییەوە بەو شێوەیە کە هەیە، بەڵام لە دۆخێکی خەیاڵیدا (کە ئەگەری ڕوودانی هەبێت) وێنا بکات و بیخاتە بەردەم خوێنەرەوە. نووسەر بۆ ئەوەی بخوێنرێتەوە و هەموو ئەو بابەتانەی کە لە زەینیدا وێنای کردوون، بۆ جیهانی واقیع بگوازرێتەوە، پێویستی بە هزری داهێنەرانەی خوێنەرە. کاتێک دەقێکی ئەدەبی دەخوێنرێتەوە، چیتر وەک بەرهەمێکی زەین و خەیاڵی نووسەر نامێنێت بەڵکوو خەیاڵی خوێنەریشی تێکەڵ دەبێت کە لەلایەن هێزی داهێنەرانەی خوێنەرەوە ڕێگەی خۆی بۆ جیهانی واقیع دەکاتەوە. گەر سارتەر باوەڕی بە نووسەری دەروەست (پابەند) بێت، لە هەمان کاتدا باوەڕیشی بەو خوێنەرە هەیە کە بێدەنگیی ناو هەر دەقێکی ئەدەبی بخوێنێتەوە. ڕاستە نووسەر پەنا بۆ جیهانی خەیاڵ دەبات، بەڵام ئەرکی خوێنەرە لێی تێبگات و بۆ واقیع بیگوازێتەوە. هەر بۆیە ئەرکی خوێنەر لە ئەرکی نووسەر کەمتر نییە.


[1]بۆ زیاتر قوڵبوونەوە بەناو ژیان بەرهەمەکانی سارتەردا بڕوانە کتێبی: احمدی، بابک، سارتر کە می نوشت، چاپ پنجم، تهران، نشر مرکز، ١٣٨٣.

[2] آذری، جمشید (١٣٨٩)، دنیای تصور، هنر و ادبیات از منظر سارتر، پژوهش ادبیات معاصر جهان، شمارە ٥٨، ص٢١

[3]سعیدی، حجتی (١٣٩٧)، بازخوانی نسبت ادبیات و اخلاق در دورە اندیشەورزی سارتر، مجلە نقد و نظریەی ادبی) سال دوم، دورەی دوم، شمارە پیاپی ٤. ص١٥٧-١٥٩

[4] Sartre, Jean-Paul( 2007),La Nausée, Paris, Gallimard.