هونه‌ری داهێنه‌رانه و خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ دووانه‌ی “پۆئسیس و پراکسیس” له ڕوانگه‌ی “جۆرجیۆ ئاگامبێن”ه‌وه
په‌یوه‌ندیی جوانی و حه‌قیقه‌ت ترسی موقه‌ده‌سی هه‌موو ژیانم بووه.
نیچه
“جوانیناسیی هونه‌ری مودێڕن ئه‌وه‌نده سێبه‌ری داناوه له‌سه‌ر هونه‌ر، کاری هونه‌ری چیتر وه‌ک ڕابردوو نابێته پێوه‌ر و مه‌حه‌کی ڕه‌سه‌نی نێشته‌جێبوونی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌ویندا”
ئاگامبێن
ده‌سپێکی باس
به وته‌ی ئاگامبێن هونه‌ری مودێڕن تاکوو داهێنه‌ره‌که‌ی تیرۆر نه‌کا ڕاناوه‌ستێ، ئه‌م بڕیاره داچڵهکێنهرهی ئاگامبێن بۆ لێکدانه‌وه‌ی هونه‌ر به‌گشتی و به‌تایبه‌تی هونه‌ری مودێڕن و گرنگتر له‌مه‌ش به مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێگه‌ی له ده‌ستچووی هونه‌ره له ئێستادا. به وته‌ی ئاگامبێن یه‌که‌مین قوربانیی هونه‌ری مودێڕن هونه‌رمه‌نده‌که‌یه‌تی. ئاگامبێن ده‌ڵێ: کار و چالاکیی هونه‌ری، بێگومان ئه‌و شته‌یه که ساز ده‌کرێ، به‌ڵام هونه‌ر شتێک ده‌ڵێت به‌ده‌ر له‌و شته‌ی که هه‌یه، واته ئه‌و شته‌ی که به‌یانی ده‌کات به‌ده‌ر له‌و شته‌یه که هه‌یه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خودی زمان، زمان له هه‌مان کاتدا ئاماژه به خۆی ده‌دات ئاماژه‌یه بۆ شتێکی تر به‌ده‌ر له خۆی، به‌ڵام کاری هونه‌ری شتێکی تر به‌دیار ده‌خات، کاری هونه‌ری زیاتر وه‌ک شوبهاندن (ته‌مسیل) ده‌رده‌که‌وێ، چونکه له کاری هونه‌ریدا هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی که ساز ده‌کرێ، شتێکی تر به‌رهه‌م دێت، ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌م دێت به‌شی تاریک و به‌تاڵی هونه‌ره، هه‌مان سیاچاڵه‌که‌یه، “هونه‌ری مودێڕن به‌و جۆره‌ی که ئاگامبێن ئاماژه‌ی بۆ ده‌کا به مه‌به‌ستی سه‌وادی گه‌یشتن به مانایه‌کی ڕه‌ها به شێوه‌یه‌کی ئۆختاپووسی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ته‌واوی ماناکان قووت بدا و له کۆتاییدا شوێن بۆ مانه‌وه‌ی نیشانه و فۆرمگه‌لی بێ‌مانا بکاته‌وه”. بۆیه ئاگامبێن باس له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێگه‌ی له‌ده‌ستچووی هونه‌ر ده‌کا و هاوکات باس له گه‌ڕاندنه‌وی مانا بۆ هونه‌ر ده‌کات، چونکه ئه‌و پێی وایه هونه‌ری مودێڕن به هۆی ناڕازیبوون به جیاوزایی نێوان دووانه‌ی (پۆئێسیس و پراکسیس) و هاوکات جێگۆڕکێی پراکسیس به پۆئسیس له ڕاستیدا دۆخی ڕه‌سه‌نی نێشته‌جێبوونی مرۆڤی له‌سه‌ر زه‌میندا تێک داوه.
“حه‌قیقه‌ت و هونه‌ر، چیه‌تیی هونه‌ر، حه‌قیقه‌ت و ئیستاتیکا، هونه‌ری داهێنه‌رانه و هونه‌ری ئاسایی”
کاتێک باس له چه‌مکێکی وه‌کوو هونه‌ر به گشتی و به‌تایبه‌تی هونه‌ری داهێنه‌رانه ده‌که‌ین بێگومان له‌گه‌ڵ پرسێکی باسههڵگر، فرهڕههند و پلۆراڵی وه‌ک “حه‌قیقه‌ت و جوانیناسی (aesthetics ) که بیرمه‌ندێکی وه‌ک نیچه به شێوه‌یه‌کی زۆر هه‌ستیارانه لێی دواوه، رووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه. هونه‌ر و حه‌قیقه‌ت وه‌ک فه‌رهادپوور ده‌ڵێ: هونه‌ر وه‌ک فۆرم و به‌شێک له حه‌قیقه‌ت، پێوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو چه‌مکه و حه‌قیقه‌تی هونه‌ر و له‌ولاتریش پێوه‌ندیی نێوان هونه‌ر و جوانیناسی چۆنه و لێره‌ش به چ جۆره هونه‌رێک ده‌ڵێن هونه‌ری داهێنه‌رانه و جیاوازیی نێوان هونه‌ری داهێنه‌رانه و هونه‌ری ئاسایی یان به ته‌عبیره گشتییه‌که‌ی هونه‌ری “عامه” چییه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هونه‌ری داهێنه‌رانه و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یش که ده‌بێته هۆی جیاکه‌ره‌وی هونه‌ری ئاسایی و هونه‌ری داهێنه‌رانه، ئه‌مانه و ده‌یان پرس و بابه‌تی تر به‌م باسه‌وه له پێوه‌ندیی نێوان (حه‌قیقه‌تی هونه‌ر و جوانیناسی و پێوه‌ندیی نێوان هونه‌ر و جوانیناسی) جێی باس و لێدوانی وردی فه‌لسه‌فی، ئه‌ده‌بی و هونه‌ری چه‌ندین بیرمه‌ندی وه‌ک “کانت، هێگل، نیچه، کی یرکگور، بنیامین، ئادۆڕنۆ و دیکه‌ی بیرمه‌ندانی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت” بووه. له کۆی ئه‌و پرسیارانه‌دا ئه‌وه‌ی کە زیاتر سه‌رنجمان راده‌کێشێ ئه‌وه‌یه که بڕیاره هونه‌ر له چ جۆره حه‌قیقه‌تێک له گه‌ڵ ئێمه‌دا بدوێ؟ حه‌قێقه‌تێکی ڕه‌ها؟ یان حه‌قیقه‌تێکی ڕێژه‌یی؟ پرسێکی تر له کۆی باسه‌که‌دا ئه‌وه‌یه هونه‌ر چ جۆره پێوه‌ندییه‌کی هه‌یه له‌گه‌ڵ جوانیناسیدا؟ بۆچی هه‌موو کاڵا و شتومه‌کێک له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه وه‌ک هونه‌ر ده‌ربکه‌وێ و خۆی به‌دیار بخات؟ هه‌ر چه‌شنه ڕوانینێکی ئوبژه‌کتیڤ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌تی هونه‌ردا وه‌ک فه‌رهادپوور ئاماژه‌ی پێ ده‌دا له خۆیدا جۆرێک چه‌واشه‌کردنی حه‌قیقه‌تی هونه‌ره، ئه‌م چه‌واشه‌کردنه‌ی حه‌قیقه‌تی هونه‌رە ته‌نانه‌ت له خودی وشه‌ی “هونه‌ر”یشدا به ئاشکرا ده‌بینرێ.
ئه‌مه‌یش له کاتێکدایه هه‌ر کات باس له حه‌قیقه‌تێکی ئیستاتیکی وه‌ک هونه‌ر ده‌که‌ین ته‌واوی ئاگایی و زانیاریی ئێمه له هونه‌ر به هۆی ئاگاییمانه‌وه‌یه له به‌رهه‌می هونه‌ری نه خودی چه‌مکی هونه‌ر، به‌مه‌وه هونه‌ر حه‌قیقه‌تێکی جوانیناسانه‌ی هه‌یه، به‌ڵام به‌رهه‌می هونه‌ری به‌رده‌وام له هه‌ناوی دۆخێکی مێژوویییه‌وه له گه‌ڵمان ده‌دوێ، بۆیه هه‌ر ئه‌م جیاوازییه‌ی نێوان (هونه‌ر و به‌رهه‌می هونه‌ری) یه‌کێک له‌و ناته‌بایییه دیالیکتیکییانه‌یه که خودی هونه‌ری کردووه به گۆڕه‌پانی پڕ له کێشه‌ی ده‌رکه‌وتنی حه‌قیقه‌ت. له‌به‌ر ئه‌مه‌شه زۆربه‌ی بیرمه‌ندان و ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی و هونەری به گومانه‌وه له‌گه‌ڵ پێناسه‌کردنی (هونه‌ر چییه و ئه‌ده‌بیات چییه)دا هه‌ڵسوکه‌وتیان کردووه. پێناسه‌ی هونه‌ر و ئه‌وه‌ی که هونه‌ر چییه؟ به جۆرێک پرسیاری چیه‌تیی هونه‌ر و ماهیه‌تی هونه‌رمان بۆ ده‌ورووژێنێت، هه‌ندێک له نووسه‌ران و ڕه‌خنه‌گران له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا باس له چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆریان کردووه، له‌وانه “سامۆیل بێکێت” له وتووێژێکدا له وڵامدانه‌وه به‌م پرسیاره (چیه‌تیی هونه‌ر) و ئه‌وه‌ی که هونه‌ر چییه؟ ده‌ڵێت: له زۆر ڕێگاوه هه‌وڵ ده‌درێ بێهووده شتێک بگوترێ که من ئێستا بۆ وتنی وه‌ها شتێک خه‌ریکم بێهووده هه‌وڵ ده‌ده‌م، تاکوو ئێستا من دووسه‌د تا سێسه‌د له‌م رێگایانه‌م ئەزموون کردووه.
نووسه‌رانێکی وه‌کوو بێکێت که ژیانیان به ته‌واوی تێکه‌ڵ به هونه‌ر و ئه‌ده‌بە، باس له دووسه‌د تا سێسه‌د رێگای جۆراوجۆر ده‌که‌ن بۆ داڕشتنی پرسیاری چیه‌تیی هونه‌ر، ئه‌مه‌ش سه‌یر نییه، نه‌وه‌ک هه‌ر بێکێت به‌ڵکوو “ئادۆڕنۆ”یش له کتێبی “تیۆریی جوانیناسی”دا ده‌یان شێوازی جیاوازی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پرسی (چیه‌تیی هونه‌ر)دا ئەزموون کردووه، گرنگترینیان رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ناته‌باییی نێوان دوو جه‌مسه‌ری پارادۆکسیکاڵ و دژبه‌که، که ده‌رخه‌ری جۆرێک له دیالیکتیکی مێژوویی و ماناییی نێوان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌یه کە باسی ده‌کات، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و دیالیکتیکه‌ی که “ئادۆڕنۆ” له‌نێوان دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌ک به مه‌به‌ستی ده‌رکه‌وتنی حه‌قیقه‌ت له به‌رهه‌می هونه‌ریدا یان باشتر بڵێم له‌پێناو به‌دیارکه‌وتنی حه‌قیقه‌تی هونه‌ردا باسی ده‌کا له‌گه‌ڵ ئه‌و دیالیکتیکه‌ی هێگڵ که ده‌رئه‌نجامی “سەنتێز” یان “کوللیه‌ت”ی لێ ده‌که‌وێته‌وه جیاوازه، چونکه ئادۆڕنۆ پێی وایه حه‌قیقه‌تێک که له هونه‌ردایه نه حه‌قیقه‌تێکی ڕه‌ها و سه‌رمه‌دییه و نه حه‌قێقه‌تێکی مه‌به‌ستدار (غایی).
موراد فه‌رهادپوور له وتارێکدا که باس له هونه‌ر و حه‌قیقه‌ت ده‌کا به‌پێی ئه‌م تیۆره‌ی ئادۆڕنۆ و ئه‌و دیالیکتیکه‌ی که له‌نێوان دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌یه‌کدا به مه‌به‌ستی ده‌رکه‌وتنی حه‌قیقه‌تی هونه‌ری ده‌یخاته ڕوو، ئاماژه به چوار جۆر ناته‌بایی ده‌کات.
یه‌که‌م: ناته‌بایی نێوان به کاڵابوونی به‌رهه‌می هونه‌ری و به‌رگری و مه‌قاومه‌تی به‌رهه‌می هونه‌ری له هه‌مبه‌ر ئه‌م به کاڵابوونه‌دا. دووه‌م: ناته‌باییی نێوان به‌شتبوون(فێتیشیسم)ی به‌رهه‌می هونه‌ری و “نه‌فی” ئه‌و به‌شتبوونه‌یه. سێیه‌م: دژایه‌تی و ناته‌باییی نێوان “هونه‌ر و ژیان”ه. چواره‌م: ناته‌بایی و دژایه‌تیی نێوان فۆرم و مانایه له به‌رهه‌می هونه‌ریدا.
دیاره من نامهه‌وێ بچمه ناو ورده‌کارییه‌کانی ئه‌م باسه‌وه و لێره‌دا به‌و دیالیکتیکه‌وه سه‌رقاڵ ببم، مه‌به‌ست له‌م باسه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه بوو نیشانی بده‌م حه‌قیقه‌تێک که له هونه‌ردا هه‌یه حه‌قیقه‌تێکی ڕه‌ها و ئه‌به‌دی نییه و هاوکات خاوه‌نی کوللیه‌تێکی گشتگیر و مه‌به‌ستدار نیه. به‌ڵکوو حه‌قیقه‌تی هونه‌ر ڕێژه‌ییه و وه‌ک نیچه له وته‌یه‌کدا ده‌ڵێ: “پێوه‌ندیی جوانی و حه‌قیقه‌ت ترسی موقه‌ده‌سی ته‌واوی ژیانم بووه”. به‌مه‌وه هه‌ر چه‌شنه پێناسه‌یه‌کی تاکڕه‌هه‌ند و یه‌کده‌ست که حه‌قیقه‌تی هونه‌ر وه‌ک شتێکی ئه‌به‌دی ، ڕه‌ها و مه‌له‌کووتی یان کوللیه‌تێکی گشتگیر پێناسه بکا، له ڕاستیدا پێناسه‌یه‌کی چه‌واشه‌کارانه‌یه له خودی هونه‌ر و ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی که له هه‌ناوی هونه‌ردایه.
“هونه‌ر و جوانیناسی”
له پێوه‌ندیی نێوان “هونه‌ر و جوانیناسی”دا زیاتر باس له پێوه‌ندیی نێوان “هونه‌ر و حه‌قیقه‌ت” و هاوکات چیه‌تیی هونه‌ر، دێته ئاراوه. بۆ ئه‌م باسانه‌ش بۆچوونی جیاواز و جۆراوجۆر و دژبه‌یه‌ک و ناته‌با بوونی هه‌یه، له تیۆریی جوانیناسیی کانته‌وه بگره تا بۆچوونه‌کانی هێگڵ و نیچه و بنیامین و پۆل ڤالێری و شۆنبێرگ و شوپێنهاور و، هاوکات بۆچوونی تایبه‌تی ئادۆڕنۆ سه‌باره‌ت به چه‌مکی جوانیناسی به ده‌یان و سه‌دان بۆچوون و ڕوانگه‌ی جیاواز سه‌باره‌ت به‌م چه‌مکه و پێوه‌ندیی نێوان هونه‌ر و جوانیناسی له لایه‌ک و لایه‌کی تر هونه‌ر و حه‌قیقه‌ت و له‌م دواییانه‌شدا کتێبه به ناوبانگه‌که‌ی ئومبرتۆ ئێکۆ (مێژوویی جوانی و دزێوی) له بهردستدایه. لێره‌دا بۆ ئه‌م باسه ئاماژه به دوو پارادایمی جیاواز ده‌ده‌م، یه‌که‌م پارادایمێکی ڕه‌ها و جاویده به نیسبه‌ت هونه‌ر و حه‌قیقه‌تی هونه‌ره‌وه ئه‌مه‌ش ده‌ڕواته‌وه سه‌ر شێوازی هونه‌ر بۆ هونه‌ر یان هونه‌ری بێخه‌وش و په‌تی، “شێوازی هونه‌ر بۆ هونه‌ر یان هونه‌ری په‌تی و بێخه‌وش که هه‌ڵگری دیدێکی لاهووتی و نیرڤانایییه و به جیاکردنه‌وی ته‌واوه‌تی هونه‌ر له واقعیه‌ت کار ده‌کا” له لایه‌ک و له‌لایه‌کی تره‌وه تێڕوانینێکی گشتگیر و گشتیشه به نیسبه‌ت ئه‌مری جوانیناسی.
وه‌ک دیاره ئه‌م پارادایمه لای شوپێنهاور کاری پێ ده‌کرێت، چونکه ڕوانینی ئارتۆر شۆپێنهاور ده‌رباره‌ی ئه‌شیا به گشتی ڕوانینێکی جوانیناسانه‌یه، شۆپێنهاور سەبارەت بە هونه‌ر باوه‌ڕی به حه‌قیقه‌تێکی نیرڤانایی و ئه‌به‌دی هه‌یه و پێی وایه به هۆی هونه‌ره‌وه و له ڕێگای هونه‌ره‌وه ده‌گه‌ین به نیرڤانا و ئه‌به‌دییه‌ت، به‌مه‌وه له ته‌واوی ره‌نج و نه‌هامه‌تییه‌کانی ژیان ڕزگارمان ده‌بێت. ئه‌م پارادایمه که هه‌ڵگری دید و بۆچوونی شوپێنهاوره سه‌باره‌ت به ئه‌مری جوانیناسی و هاوکات هونه‌ر و حه‌قیقه‌تی هونه‌ر له ڕاستیدا هه‌ڵوشێنه‌ری ئه‌و دیالیکتیکه‌یه که ئادۆڕنۆ باسی ده‌کا.
پارادایمی دووه‌م که پارادایمێکی کانتییه، به پێچه‌وانه‌ی پارادایمی یه‌که‌مه‌وه که پێی وابوو حه‌قیقه‌تی هونه‌ر، حه‌قیقه‌تێکی نیرڤانایی و جاویده و له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه ده‌گه‌ین به ئه‌به‌دییه‌ت و نیرڤانا و هاوکات بۆ ده‌ربازبوون له هه‌موو ڕه‌نج و کۆسپه‌کانی به‌رده‌م ژیان ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای هونه‌ر و حه‌قیقه‌تی هونه‌ر، به‌ڵام لای کانت ئه‌م پارادایمه ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی پارادایمی یه‌که‌مه‌وه‌یه، جوانی نه‌وه‌ک هه‌ر چه‌مک نییه به‌ڵکوو ناکرێ وه‌کوو کانسێپتیش تاوتوێی بکه‌ین و هه‌ڵسوکەو‌تمان له گه‌ڵیدا هه‌بێ، به‌مه‌وه جوانی نابێته شوێنکه‌وته‌ی وته‌زا و چه‌مکۆی ئه‌ره‌ستوویی، کانت ده‌ڵێ: جوانی ئه‌زموونێکه به هۆی چه‌مکه‌کانه‌وه ناناسرێ، به‌مه‌وه ناکرێ پێناسه‌ی مه‌فهوومی و په‌یوه‌سته له جوانی ئاراسته بکرێ، بۆ نموونه بڵێین ئه‌م شته جوانه یان ئه‌مانه نموونه‌ی جوانین، بۆیه ڕوانگه‌ی جوانیناسانه‌ی “کانت” یان با بڵێم جوانیناسیی کانتی لایه‌نی ناجیاکاری و مێژوویی زیاتر ده‌سته‌به‌ر ده‌کا و هاوکات به نیسبه‌ت لێکدژه‌کانه‌وه هه‌ستیارتر هه‌ڵسوکه‌وتیش ده‌کات، ئه‌مه یه‌کێک له‌و بۆچوونانه‌ی کانته سه‌باره‌ت به ئه‌مری جوانی و چه‌مکی جوانیناسی. بۆچوونی دووه‌می کانت سەبارەت بە پرسی جوانی، نامه‌به‌ست بوونه له ئه‌زموونی جوانیناسیدا. کانت پێی وایه له کاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پرسی “جوانی”دا، ئیتر ئه‌و جوانییه سروشتی بێت یاخود هونه‌ری، پێویسته ته‌واوی داواکاری و ئاره‌زووه‌کانمان وه‌لابنێین و به حاڵه‌تێکی بێ مه‌به‌ست سه‌یری جوانی بکه‌ین، ئه‌م بێ مه‌به‌ست سه‌یرکردنه‌ی جوانی، ئیتیک(ئه‌خلاق)یش ده‌گرێته‌وه، به‌مه‌وه کانت ده‌ڵێ جوانی له خۆیدا نه چاکه و نه خراپه، واته نه خێره و نه شه‌ڕه. هاوکات پرسی جوانی له‌گه‌ڵ هیچ کام له چه‌مکه‌کانی ئاوه‌زی هزری و کرده‌یی به‌روارد ناکرێ، ئه‌م بێ مه‌به‌ست ڕاونینه به نیسبه‌ت جوانییه‌وه ده‌لاله‌ت ده‌کا له‌سه‌ر حاڵه‌تی ئۆتۆنۆمی به‌رهه‌می هونه‌ری و ئه‌وه‌ی که ئادۆڕنۆ وه‌کوو ئۆتۆنۆمی ده‌ق باسی ده‌کا و به هۆی لۆژیکی ده‌روونیی خۆیه‌وه له هه‌مبه‌ر به‌شتبوون و به‌کاڵابوونی ده‌قدا به‌رگری ده‌کات. سێیه‌مین بۆچوونی کانت سه‌باره‌ت به “جوانیناسی” یان با بڵێم مانای کانتی له جوانیناسی ئه‌م وته‌یه‌ی کانته که ده‌ڵێ: مه‌به‌ستداربوونی بێ مه‌به‌ست (قصدیت بدون قصد) لێره‌دا ئه‌و دیالیکتیکه‌ی نێوان به‌شتبوونی ده‌ق و بەرهەمی هونه‌ری له لایه‌ک و مه‌قاومه‌ت و به‌رگریی ده‌ق له به‌رانبه‌ر ئه‌و به‌شتبوونه‌دا پێکهاته‌ی لۆژێکی زمان تێک ده‌شکێنێت، کانت ده‌ڵێت: بەرهەمی هونه‌ری ده‌بێ به شێوه‌یه‌ک خۆی ده‌ربخات که ده‌رکه‌وتنی مه‌به‌ستی هونه‌رمه‌ند تیایدا به‌دیار نه‌بێ، بێگومان ئێمه هیچ ده‌قێکی هونه‌ری له ئه‌نجامدا نابینینه‌وه که مه‌به‌ستێکی تایبه‌ت له هێنانه‌ئارای ئه‌و ده‌قه له پشتییه‌وه نه‌بێت، به‌ڵام کانت پێی وایه نابێ ئه‌و مه‌به‌سته له ده‌قدا دیار بێت، بۆیه ئێمه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دوو ڕه‌هه‌ندی (مه‌به‌ستدار و بێ مه‌به‌ست) له ده‌ق و بەرهەمی هونه‌ریدا به‌ره‌وڕوو ده‌بینه‌وه.
“هونه‌ری داهێنه‌رانه”
هونه‌ری داهێنه‌رانه چییه و له کۆی ئه‌و پێناسانه‌ی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ (حه‌قیقه‌ت و هونه‌ر، حه‌قیقه‌ت و جوانیناسی، حه‌قیقه‌تی هونه‌ری و جوانیناسی) که باس کران هونه‌ری داهێنه‌رانه وه‌ک خۆی چ پێناسه‌یه‌ک وه‌رده‌گرێ؟ به جۆرێکی تر هونه‌ری داهێنه‌رانه که خۆی له پێناسه‌یه‌کی گشتی و گشتگیری وه‌ک “پۆئێسیس– پراکسیس”دا ده‌بینێته‌وه و جیاوازی له‌گه‌ڵ هونه‌ری ئاسایی‌دا چییە؟
بۆ لێکدانه‌وی ئه‌م باسه پێویسته بچینه‌وه لای ئه‌فلاتوون و پێناسه‌که‌ی ئه‌فلاتوون له کتێبی “سیمپۆزیۆم-میوانی”دا سه‌باره‌ت به دوو چه‌مکی “پۆئێسیس و پراکسیس” وه‌ربگرین. ئه‌فلاتوون له کتێبی “سیمپۆزیۆم”دا ئێمه به مانای سه‌ره‌کیی چه‌مکی “پۆئێسیس” ئاشنا ده‌کا، پێناسه‌ی ئه‌فلاتوون له “پۆئێسیس” به‌م جۆره‌یه؛ (هه‌ر شتێک ببێته هۆی به‌دیهاتنی شتێکی تر که پێشتر بوونی نه‌بووه) له نه‌بوونه‌وه بۆ بوون، واته بوونی شتێک له نه‌بوونه‌وه بۆ بوون، یان له (نه‌بوون و شاردراوه‌یی به‌ره‌و بوون و ده‌رکه‌وتن) واته شتێ که بەرهەمهێنراو و داده‌هێنرێ، واته له حاڵه‌تی داهێناندا بێ، “پراکسیس”یش کرداره، هه‌ر چه‌شنه کار و چالاکییه‌کی ئینسان لای ئه‌فلاتوون ده‌بێته پراکسیس. به‌ڵام پێم باشه بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتری چه‌مکی “پراکسیس” بچمه‌وه لای ئه‌رەستوو، ئه‌ره‌ستوو ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ پێناسه‌که‌ی ئه‌فلاتوونه، به‌ڵام هه‌ندێ جیاوزایی دیاریشی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌فلاتوون به تایبه‌ت سەبارەت بە چه‌مکی پراکسیس. لای ئه‌ره‌ستوو “کار” یان کردار به مانای چالاکییه‌ک دێت که له حاڵه‌تی ده‌رکه‌وتندا بێت، (دەرکەوتنی شتی نوێ-حدوث) ئه‌مه مانای ته‌واوی “پراکسیس”ه لای ئه‌ره‌ستوو. ده‌رئه‌نجامی ئه‌و چالاکییه هه‌ر شتێک بێت، ده‌بێته “پراگما” بۆیه به‌و که‌سانه‌ی که زیاتر ئه‌هلی کار و چالاکی و به کردارکردنن، ده‌گوترێ “پراگماتیست”. به‌پێی بۆچوونه‌که‌ی ئه‌ره‌ستوو، “پراگما” هۆکاری “فۆرمالی-صوری”یه و سه‌ربه‌خۆیه له هۆکاری “فینالی-غایی”، واته پراگما به‌پێی پۆلێنه‌به‌ندییه لۆژیکییه‌که‌ی ئه‌ره‌ستوو هۆکاری مه‌به‌ست نییه، به‌ڵکوو هۆکاری فۆرمالییه، چونکه چالاکییه‌ک به مه‌به‌ست نه‌گه‌یشتبێ هێشتا باس له بنه‌ماکانی خۆی ده‌کات.
پێناسه‌ی ئه‌فلاتوون له چه‌مکی پۆئێسیس به مانای (داهێنان و بەرهەم) هه‌موو داهێنانێکی مرۆڤ له هه‌ر بوارێک‌دا ده‌گرێته‌وه و هه‌ر جۆره کار و چالاکییه‌ک که ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی داهێنان بێت ده‌ڕواته خانه‌ی هونه‌ری داهێنانه‌وه. بۆیه کاتێک باس له پۆئێسیس و پراکسیس دێته ئاراوە، ئێمه له فه‌لسه‌فه‌ی یونانییه‌کاندا له‌گه‌ڵ دوو وشه‌ی (ئارخێ-ἀρχή) به مانای بنه‌ما و ئاخێزگه (خاستگاه) که پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ چه‌مکی “پۆئێتیک”دا هه‌یه و هاوکات وشه‌ی (تێخنێ-Τέχνες) هه‌مان وشه‌ی “تەکنیک” ناوێ که یونانییه‌کان بۆ هه‌ر چه‌شنه کارێکی هونه‌ری وه‌کوو (پیشه‌گه‌ری)، ئه‌و زه‌رفه‌ی که دروستیان ده‌کرد و بۆ هه‌مارکردنی خۆراک و خواردنه‌وه به‌کاریان ده‌هێنا. یان په‌یکه‌رتاشێک که هه‌یکه‌ل و په‌یکه‌رێک ساز ده‌کا و شاعیرێک که شیعرێک ده‌ڵێ، هه‌موویان جۆرگه‌لێکن له داهێنان و ئافراندن، یونانییه‌کان به ته‌واوی ئه‌م چالاکییانه‌یان ده‌گوت “تێخنێ” واته تەکنیک، کردارێ که ده‌گات به داهێنان. به‌م پێناسه‌یه ئێمه جیاوازییه‌ک له‌نێوان هونه‌ری داهێنه‌رانه (خلاقانه) و هونه‌ری ئاسایی‌دا نابینین، ته‌نانه‌ت ئه‌و کرێکاره‌ش که ڕۆژانه خه‌ریکی ئه‌نجامدانی کار و چالاکییه ده‌رئه‌نجامی کاره‌که‌ی ئه‌ویش ده‌بێته جۆرێک داهێنان، به‌مه‌وه چالاکی ئه‌و کرێکاره له‌گه‌ڵ ئه‌و شاعیر و په‌یکه‌رتاشه‌ی که داهێنان ده‌کات جیاوازییه‌کی نییه. به‌ڵام جۆرجیۆ ئاگامبێن له ڕاڤه و لێکدانه‌وه‌ی دوو چه‌مکی “پۆئێسیس و پراکسیس”دا باس له جیاوازییه‌کی سه‌ره‌کی له‌نێوان هونه‌ری “داهێنه‌رانه ” و هونه‌ری “ئاسایی”دا دەکات.
“لێکدانه‌وه‌ی دوو چه‌مکی پۆئێسیس و پراکسیس له ڕوانگه‌ی ئاگامبێن”ه‌وه
ئاگامبێن له باس و لێکدانه‌وه‌ی دووانه‌ی “پۆئێسیس و پراکسیس”دا که دوو چه‌مکی فه‌لسه‌فی و هونه‌رین و یۆنانییه‌کان بۆ یه‌که‌مجار به‌کاریان هێناوه و دواتر له زمانی لاتیندا ئه‌ره‌ستوو له وشه‌ی ئارخێ به مانای بنه‌ما و ئاخێزگەی هونه‌ر، هه‌روه‌ها تێخنێ، چالاکی و کرده‌ی مرۆڤ که‌ڵک وه‌رده‌گرێ باس له چه‌ند شتێک ده‌کا. یه‌که‌م: ڕاڤه و لێکدانه‌وه‌ی وه‌زعیه‌تی پۆئێتیکی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌ویندا به خوێندنه‌وه‌ی وته به‌ناوبانگه‌که‌ی هوڵدەرلین به‌وه‌ی که: مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌ویندا شاعیرانه ده‌ژی. دووه‌م: لێکدانه‌وه‌ی دووانه‌ی (پۆئێسیس و پراکسیس) لای ئه‌فلاتوون و ئه‌ره‌ستوو. سێیه‌م: ڕه‌خنه له هونه‌ری مودێڕن به‌وه‌ی که جێگۆڕکێی کردووه به دووانه‌ی پۆئێسیس و پراکسیس و له شوێنی پۆئێسیس، پراکسیس به‌کار دێنێت. چواره‌م: جیاوازیی نێوان هونه‌ری داهێنه‌رانه و هونه‌ری ئاسایی. پێنجه‌م: به‌رزتر نرخاندنی پۆئێسیس له پراکسیس و کشانه‌وه به لای ئه‌ره‌ستوودا.
ئاگامبێن کۆی باسه‌که‌ی له ڕاڤه و لێکدانه‌وه‌ی دووانه‌ی “پۆئێسیس و پراکسیس”دا سه‌باره‌ت به وه‌زعیه‌تی شاعیرانه‌ی نیشته‌جێ بوونی مرۆڤه له‌سه‌ر زه‌میندا (که هایدیگه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی وته‌که‌ی هوڵدەرلین باس له دۆخی شاعیرانه‌ی نیشته‌جێ بوونی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌کا و له هه‌ناوی هه‌موو هونه‌رێکدا شیعر ده‌بینێ) وه‌زعییه‌تی شاعیرانه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌ویدا به چالاکیی داهێنه‌رانه لێک ده‌داته‌وه، به‌و مانا کاتێک ده‌ڵێین مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌ویندا وه‌زعییه‌تی شاعیرانه‌ی هه‌یه، واته چالاکیی داهێنه‌رانه‌ی هه‌یه. ئاگامبێن ده‌ڵێت چالاکیی داهێنەرانه (فعالیت فر- آورانه) له ئێستادا به مانای پراکسیسه، ئه‌مه له کاتێکدایه چالاکی داهێنه‌رانه لای یونانییه‌کان و به‌تایبه‌ت به پێناسه‌ی ئه‌فلاتوون “پۆئێسیس” بووه، نه‌وه‌کوو پراکسیس، به‌ڵام ئاگامبێن چالاکیی داهێنه‌رانه له ئێستادا وه‌ک پراکسیس ناو ده‌بات نه‌وه‌کوو “پۆئێسیس”. ئاگامبێن ڕه‌خنه له هونه‌ری مودێڕن ده‌گرێت به‌وه‌ی که جیاوازیی نێوان دووانه‌ی “پۆئێسیس و پراکسیس” نابینێ و به هه‌ڵه به‌کاریان ده‌هێنێت، ئاگامبێن له‌و باوه‌ڕه‌دایه جیاوازیی نێوان دووانه‌ی “پۆئێسیس و پراکسیس” یان فه‌ر ئاوه‌ری- داهێنان و کردار له هونه‌ری مودێڕندا نه‌ماوه. ئاگامبێن ده‌ڵێت یونانییه‌کان قایل بوون به جیاوازییه‌کی بنه‌مایی له‌نێوان دووانه‌ی “پۆئێسیس – پراکسیس”دا.
لای یونانییه‌کان چالاکیی پیشه‌گه‌رێک و چالاکیی هونه‌رمه‌ندێکی شێوه‌کار یان شاعیرێک جۆرێک له پۆئسیس بووه، به‌م مانا هه‌موو توێژه‌کان به پیشه‌گه‌ر و شاعیر و شێوه‌کار و په‌یکه‌رتاشه‌وه خه‌سڵه‌تێکی هاوبه‌شیان هه‌یه، ئه‌ویش هاوبه‌شبوونه له خه‌سڵه‌تی پۆئێسیس بووندا و به جۆرێک هه‌موویان سه‌رقاڵی داهێنانن واته خه‌ریکن شتێک له نه‌بوونه‌وه ده‌خولقێنن و ده‌یهێننه پانتایی بوون و ده‌رکه‌وتن، به‌ڵام پراکسیس به مانای ئه‌نجامدان و کاراکردنه‌وه‌یه، واته به کرده‌ییکردن و وه‌ک ئه‌ره‌ستوو ده‌ڵێت چوونه حاڵه‌تی “پراگما”وه. ئه‌م خه‌سڵه‌ته پۆئێتیکی یان شاعیرانه هه‌موویان گرێ ده‌داته‌وه به سروشته‌وه یان به مانا یونانییه‌که‌ی (فووزیس)ه‌وه. به بووچوونی ئاگامبێن، ئه‌فلاتوون پێی وابووه هه‌موو شتێک ته‌نانه‌ت “فوزیسیش” که بۆ خۆی هۆکاری خۆیه‌تی له‌وه‌ی که خۆی دهێنێته گۆڕه‌پانی ده‌رکه‌وتن و هاوکات کار و چالاکیی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ش که به هۆی ئه‌وه‌وه شتێکی تر دێته گۆڕپانی بوون و ده‌رکه‌وتنه‌وه، وه‌ک یه‌ک خاوه‌نی خه‌سڵه‌تێکی پۆئێتیکی یان شاعیرانه‌ن. به‌ڵام ئاگامبێن له‌م بابه‌ته‌دا زیاتر به لای ئه‌ره‌ستوودا ده‌ڕوات تاکوو ئه‌فلاتوون، بۆچی ئاگامبێن زیاتر به لای ئه‌رستوودا ده‌شکێته‌وه و خۆی به ئه‌ره‌ستووه‌وه ده‌به‌ستێ نه‌وه‌ک ئه‌فلاتوون؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی “ئه‌ره‌ستوو له ماتماتیکدا قایل بوو به جیاوازی سەبارەت بە دوو شت، یه‌که‌م ئه‌و شته‌ی که به هۆی خودی سروشته‌وه بوونی هه‌یه، دووه‌م ئه‌و شته‌ی که بوونی ئه‌و به‌ستراوه به هۆکارێکی تره‌وه له چه‌شنی ته‌کنیک یان لێهاتووییی شتێکی تر. ئه‌ره‌ستوو جیاوازی داده‌نێت له‌نێوان ئه‌م دوو شته‌دا. واته شتێ که به هۆی سروشته‌وه دێته بوون وه‌کوو خودی سروشت و دیارده‌کانی ناو سروشت که به‌هۆی ” فووزیس”ه‌وه ده‌رده‌که‌ون و له نه‌بوونه‌وه دەگوازرێنه‌وه بۆ گۆڕه‌پانی بوون و حزوور په‌یدا ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و شتانه‌ش که به هۆی هۆکارگه‌لێکی تره‌وه ده‌رده‌که‌ون و سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، بۆ نموونە شیعرێ که به هۆی شاعیرێکه‌وه ده‌خولقێ یان تابلۆیه‌ک که به هۆی شێوه‌کارێکه‌وه ده‌رده‌که‌وێ یان خود په‌یکه‌رێ که به هۆی په‌یکه‌رتاشێکه‌وه دێته گۆڕه‌پانی بوونه‌وه.
ئێستا شیعره‌که و تابلۆکه و هه‌روه‌ها په‌یکه‌ره‌که به هۆی ته‌کنیک و لێهاتووییی هه‌رکام له هونه‌رمه‌ندێکی شێوه‌کار/شاعیر و په‌یکه‌رتاش له نه‌بوونه‌وه گواستراونه‌وه‌ته‌وه بۆ گۆڕه‌پانی بوون و ده‌رکه‌وتوون، یان به ته‌عبیری ئه‌فلاتوون له حاڵه‌تی شاردراوه‌ییدا گواستراونه‌ته‌وه بۆ حاڵه‌تی رووناکی. به‌پێی بۆچوون و به‌ڵگاندنه‌که‌ی ئاگامبێن، ئه‌ره‌ستوو پێگه‌ی پۆئێسیس به‌رزتر له پراکسیس ده‌بینێت. ئاگامبێن پێی وایه خه‌سه‌ڵه‌ت و جه‌وهه‌ری پۆئێسیس ئه‌وه‌یه که پۆئێسیس حاڵه‌تێکه له حه‌قیقه‌ت. بۆیه ئاگامبێن لێره‌دا به رێگاکه‌ی ئه‌ره‌ستوودا ده‌ڕوا و هه‌مان پێگه بۆ پۆئێسیس قایل ده‌بێ که ئه‌ره‌ستوو پێی قایل بووه و شکۆ و پێگه‌ی پۆئێسیس له پراکسیس به به‌رزتر ده‌زانێ، چونکه ئاگامبێن پێی وایه پۆئێسیس فه‌زای ڕه‌سه‌نی مرۆڤ وه‌ک هه‌بوونی دۆخی شاعیرانه لەسه‌ر زه‌ویندا وێنا ده‌کات، به‌مه‌وه هایدیگه‌ر و ئاگامبێن هه‌وڵ ده‌دن ئه‌م جۆره ڕوانینه‌ی ئه‌ره‌ستوو سەبارەت به پۆئێسیسه‌وه به مانای کردنه‌وه‌ی جیهان بۆ نیشته‌جێبوونی ته‌واوی مرۆڤ بگه‌ڕێننه‌وه، بۆیه هه‌وڵی ئاگامبێن ئه‌وه‌یه که پێگه و شکۆی ڕه‌سه‌نی کار و چالاکیی هونه‌ری به وێرانکردنی بۆچوون و تێڕوانینی ئیستاتیکای چه‌قبه‌ستوو له سه‌رده‌می ئێمه‌ی مودێڕندا بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و به‌ستێنه‌ی که پێویست بوو پرسیاری بونیادی له مانای ئیستاتیکا وه‌ک زانستێک که چاودێری کاری هونه‌ری ده‌کا بڕه‌خسێنێت، بۆیه مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ئاگامبێن له باس و لێکدانه‌وه‌ی دووانه‌ی “پۆئێسیس و پراکسیس”دا گه‌ڕانه‌وه‌ی پێگه و شکۆی پێشووتری کار و چالاکیی هونه‌رییه، هونه‌ر وه‌کوو پێکهێنه‌ر و سازده‌ری راسته‌قینه‌ی کردار و باوه‌ڕه‌کان.
“هونه‌ری داهێنه‌رانه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی”
وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌م پێدا پێناسه‌که‌ی ئه‌فلاتوون له چه‌مکی پۆئێسیس له کتێبی “سیمپۆزیۆم”دا به مانای داهێنان (فه‌ر ئاوه‌رده) هه‌موو کار و چالاکییه‌کی ئینسان له هه‌ر بوارێک‌دا ده‌خاته نێو که‌یسی هونه‌ری داهێنانه‌وه (پۆئێسیس) له فه‌لسه‌فه‌ی یونانییه‌کاندا ئێمه له‌گه‌ڵ دوو وشه یان ده‌سته‌واژه‌ی (ئارخێ) به مانای ئاخێزگه و بنەما که پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ پۆئێسیسدا هه‌یه و هه‌روه‌ها (تێخنێ) هه‌مان تەکنیکی زمانی ئینگلیزی که یونانییه‌کان له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ هه‌ر چه‌شنه کارێکی هونه‌ری له چه‌شنی (پیشه‌گه‌ری ، مسگه‌ری، زێڕینگه‌ری، کرێکاری، په‌یکه‌رتاشی، شاعیری) به‌کاریان ده‌هێنا. تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌شی ته‌واوی ئه‌م چالاکییانه چ ئه‌و پیشه‌گه‌ره‌ی که سوفاڵ یان خشتێ ساز ده‌کا یان ئه‌و په‌یکه‌رتاشه‌ی که په‌یکه‌رێ ساز ده‌کا یان ئه‌و کرێکاره‌ی که سه‌رقاڵی چێ‌کردنی کارێکی نوێیه و یان خود ئه‌و شاعیره‌ی که شیعرێک ده‌خولقێنێ به‌م پێناسه‌یه‌ی ئه‌فلاتوون لە خانه‌ی پۆئێسیسدایە له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر کام له‌م که‌سایه‌تییانه سه‌رقاڵی چالاکی و داهێنانی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، بۆیه یۆنانییه‌کان به ته‌واوی ئه‌م چالاکییانه‌یان ده‌گوت تێخنێ واته کار و چالاکییه‌ک که له ئه‌نجامدا ده‌بێته داهێنان، به‌مه‌وه چیتر جیاوازییه‌ک نامێنێ له‌نێوان هونه‌ری “داهێنه‌رێتی” و هونه‌ری “ئاسایی”دا، بۆ نموونه ئه‌و په‌یکه‌رتاشه‌ی که له زه‌ینی داهێنه‌رانه‌ی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌ی شتێکی نوێ ساز بکات، یان ئه‌و شاعیره‌ی که خۆی به زمانه‌وه سه‌رقاڵ ده‌کا و له‌گه‌ڵ زمان کایه ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی شیعرێکی نوێ بخولقێنێ له‌گه‌ڵ ئه‌و کرێکاره‌ی که به ئامێر و که‌ره‌سته‌ی به‌رده‌ست ڕۆژانه کار ده‌کا و به‌رهه‌می کاره‌که‌ی له ئه‌نجامدا ڕه‌نگه شتێکی تازه بێت جیاوازییه‌کی نییه، جورجۆ ئاگامبێن له باس و لێکدانه‌وه‌ی دووانه‌ی پۆئێسیس و پراکسیسدا له‌م جیاوزاییه ده‌دوێت. ئاگامبێن داهێنانی هونه‌ری له ته‌واوی به‌ستێنه‌کانی هونه‌ردا چ هونه‌ری که‌لامی (virbal art) له چه‌شنی (شیعر و چیرۆک و ڕۆمان) یان هونه‌ری به‌سه‌ری و دیداری له چه‌شنی (سینه‌ما، فۆتۆگرافی، شانۆ، شێوه‌کاری و په‌یکه‌رتاشی) به پراکسیسی داهێنه‌رانه ده‌زانێ. ئاگامبێن له ڕاستیدا پراکسیسی داهێنه‌رانه به یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هونه‌ری داهێنه‌رانه داده‌نێ و به زیادکردنی پاشگری (داهێنه‌رێتی) بۆ هونه‌ر قامک ده‌خاته سه‌ر ئه‌و جیاوزاییه‌ی نێوان هونه‌ری داهێنه‌رانه و هونه‌ری ئاسایی. ئاگامبێن کاتێک باس له جیاوازیی پراکسیس له پۆئێسیس ده‌کا، پراکسیس به ده‌رکه‌وتنی ئیراده و هێزی داهێنه‌رانه لێک ده‌داته‌وه بۆ ئه‌م باسه‌ش ئاماژه به پێناسه شیعرییه‌که‌ی “نۆڤالیس” ده‌دات “که‌ڵکوه‌رگرتنی داهێنه‌رانه (پۆئێسیس ) و پراکتیکی (پراکسیس) و ئاگایانه و ویسته‌کی (ارادی) له ئه‌ندامه‌کانی ئێمه. ئاگامبێن له باس و لێدوانی ئه‌م پێناسه‌یه‌ی “نۆڤالیس” سه‌باره‌ت به هونه‌ری داهێنه‌رانه ئاماژه به چه‌مکی “پراکسیس” ده‌دا و ده‌ڵێت پاش ئه‌وه‌ی که هونه‌ر ده‌بێت به کارێکی پراکتیکی به هۆی داهێنه‌رێتییه‌وه له حاڵه‌تی پراکسیسێکی ئاسایی ده‌رباز ده‌بێ و ده‌بێت به پاراکسیسێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره له چه‌شنی داهێنانی ئیستاتیکی، واته هونه‌ری داهێنه‌رانه له‌گه‌ڵ ئه‌وی که پراکسیسێکی داهێنه‌رێتییه هاوکات داهێنانێکی ئیستاتیکیشه. به‌مه‌وه کاتێک باس له هونه‌ری داهێنه‌رانه ده‌که‌ین له ڕاستیدا باس له کار و ڕه‌وتێکی داهێنه‌رانه‌ی ئیستاتیکیش ده‌که‌ین، کاتێک باس له هونه‌رمه‌ندێکی ئافرێنه‌ر ده‌که‌ین، دیاره مه‌به‌ستمان هونه‌رمه‌ندێکی چالاک و ئافرێنه‌ره که به هۆی تایبه‌تمه‌ندیی داهێنه‌رێتییه‌وه جیا ده‌بێته‌وه له هونه‌رمه‌ندێکی ئاسایی که داهێنانێکی ئاسایی ده‌کات، به‌م پێناسه‌یه‌ی ئاگامبێن له که‌سایه‌تیی هونه‌رمه‌ندی ئافرێنه‌ر و هونه‌ری داهێنه‌رێتی، دیاره له‌نێوان کاری سیاسه‌تمه‌دارێک و پیشه‌گه‌رێکدا و هاوکات شاعیر و ڕۆماننووس و شێوه‌کارێکدا جیاوازییه‌کی بونیادی بوونی هه‌یه، کار و چالاکیی سیاستمه‌دار یان کرێکارێک، له‌وانه‌یه به‌تاڵ بێت له داهێنانێکی ئیستاتیکی، به‌ڵام کاری شاعیر یان ڕۆماننووس یان خود تابلۆی شێوه‌کارێک وه‌ک پراکسیسێکی هونه‌ری به هۆی ئه‌و داهێنه‌رێتییه‌ی که له به‌رهه‌مهێنانی کاره‌که‌دا خه‌رج کراوه، هه‌ڵگری داهێنانێکی ئیستاتیکی هونه‌رییه.
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ ئه‌م بابه‌ته که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه
1-(بین کانت و هگل) تقریراتی درباره ایده آلیسم آلمانی، دیتر هنریش: ترجمه هومن قاسمی.. تهران کتاب رایزن، ١٣٩٥ پاورقی درس دوم: تجربه درونی و نظریه فلسفی، ص ٣٤ اصطلاح پراگما نزد ارسطو.
2- (انسان بی محتوا) جورجو آگامبن؛ ترجمه داود میرزایی؛ نشر .. چاپ اول تهران شب خیز.. ١٤٠٠ فصل ٨ “پوسیس و پراکسیس”
3-( انسان بی محتوا ) …. فصل٧ و ٩ .. ساختار کار اصیل هنری..فقدان شبیه چهره است.
4- (پاره‌های فکر) هنر و ادبیات؛ مراد فرهادپور؛ انتشارات طرح ن‌و. چاپ دوم؛ 1392؛ هنر، صورت حقیقت؛ نکاتی پیرامون زیبایی شناسی آدرنو.
5-(هنر و زبان) هانس گئورگ گادامر، پل ریکور، ترجمه. مهدی فیضی؛ نشر شب خیز؛ چاپ اول ١٣٩٩.