مرۆڤی باڵا لە دیدی نیتچەوە


لە بیر و ڕێبازە فەلسەفییەکاندا سنوورێکی دیاریکراو لەنێوان دوو جۆر بوونی ئاگامەند کێشراوە، لێکدانەوەی جیاواز بۆ نێوان کۆیلە و خاوەن کۆیلە، ڕەسەن و ناڕەسەن کراوە. “فردریش نیتچە” یەکێک لەو بیریارانەیە کە بۆچوون و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە مرۆڤی بەرز و مرۆڤی نزم خستووەتە ڕوو، تێدا بەقووڵی ڕۆچووەتە نێو مرۆڤی باڵاوە. لەنێوان “چۆنێتی و چەندێتی”دا بەریەککەوتنێکی توندو تیژ هەیە، کە بەشێک لە مێژووی مرۆڤایەتی پێک دەهێنن. بە درێژاییی مێژووش ململانێیەکی دژوار هەبووە، کە هەریەکەیان لە هەموو قۆناغە جیاوازەکاندا هەوڵیان داوە بەها و گرنگیی خۆیان بسەپێنن و مۆرکی تایبەتی خۆیان لە تێڕوانینی خەڵک بۆ بوون بدەن. بۆیە بە گرنگی دەزانین سەرنج بخەینە سەر هەر دوو چەمکی چۆنێتی و چەندێتی پاشان لەو ڕێگەیە خۆمان بخزێنینە نێو چەمکی مرۆڤی باڵاوە.


یەکەم: چۆنێتی
بانگەشە بۆ جیاوازی و تایبەتمەندێتی دەکات، نکوڵی لە یەکسانی دەکات و ڕەتی دەکاتەوە، ئامانجی گرنگی دانە بە تاکگەرایی و هەوڵی سڕینەوەی دەستەجەمعی دەدات.


دووهەم: چەندێتی
ئەمیان  هەموو شتەکان بەلایەوە وەک یەک وەهان؛ تەنانەت ئەگەر یەکێک لادانی هەبێت، چاو لەو لادانەی دەنوقێنێت و هیچ بایەخێکی پێ نادات، بگرە ئەگەر لێی یاخی بێت لەو غەفڵەتە ئاگاداری دەکاتەوە، جامی توڕەیی خۆی بە سەریدا دەڕێژێت و بێزاری دەکات. چونکی ئەو حەزی لە مرۆی یەک تایپ و یەک بیر و یەک ئایدۆڵۆژیا و یەک ڕەهەند هەیە، ئەو دەیەوێت خەڵک یەک پێوەریان هەبێت و یەک وێنەیان بە سەردا دەسەپێنێت، گەرچی ئەگەر وێنەیەکی بێ ئاست و پێوەرێکی بچووک و هیچ بێت. ئەم جۆرە بڕوایان بە یەک درووشم هەیە ئەویش بریتییە لە: یەکسانی! یەکسانی، له هەموو شوێنێک ئەم درووشمە دووبارە دەکەنەوە “ئێمە هەموومان یەکسانین، کەس لە کەس بەرزتر نییە”. تاکە ئەرکیشیان بریتییە لە بەختەوەرکردنی دەستە جەمع، بەبێ ئەوەی هیچ بایەخێک بە تاکەکەس بدات، بۆیە بانگەشە بۆ”ئاسوودەیی بۆ زۆرترین خەڵک دەکەن”. ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بێت بریتییە لە مامناوەندی ئیتر لە دوای ئەوە بۆ خۆی بخەوێت، ئەم بەها تازانە هەموو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بگرە فێکریشی گرتەوە.

لەم سەرو بەندەدا نیتچە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە: “کاتێک بینی ئەم دۆخە چۆن دەبێتە مایەی دابەزینی ئاستی مرۆڤایەتی و زاڵبوونی بەهاکانی”مامناوەندەکان” و تاکگەرایی، ئاڵای بەهاکانی چۆنێتی بەرز کردەوە و داوای ئەرستۆکراسییەکی نوێ و بەرزتری دەکرد، مرۆڤایەتی بۆ باڵایی بانگەشە بکات، تاکوو بتوانێت تەرزێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بخوڵقێنێت، تەنانەت سەروو مرۆڤایەتی و باڵاتر ئەم تەرزە نوێیەش “مرۆڤی باڵایە”.”[1] لەم تێگەشتنەی نیتچەوە دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە نیتچه پێی وایە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرەو لوتکە و تێپەڕینی دۆخی مرۆڤبوون بڕوات، دەبێت لە ستایشکردنی کۆمەڵ و دەستەجەمعییەوە باز بدەیت بۆ ستایشکردن و گرنگیدانی تاکگەرایی، کە ئەمەش مەرجی بنەڕەتی ئەو ئەرستۆکراسییەیە، کە نیتچە بانگەشەی بۆ دەکرد بۆ باڵابوونی مرۆڤ. چونکی نیتچە لە ڕێگەی دروستبوونی سیستەمی بەرزبوونەوەوە مرۆڤ بۆ لوتکە ئاڕاستە دەکات، واتا چینبەندکردنی خەڵک، بەپێی پلە چینێک لە سەرووی چینێکی تر بێت. بەڵام ئەمە بە بەردەوامی هەوڵی لە باربردنی دراوە بە هۆی سیستەمی دیموکراسی و لایەنگرانی چەندێتییەوە، بە ناوی یەکسانییەوە، مافیان بە هەمووان دابوو کە دادوەری لە بەرانبەر هەموو پرس و گرفت و کێشەکان بکەن، بەمەش دەبوو کەسە ناوازەکان جەنگیان لە بەرانبەر کەسانی عەوام بەرپا بکردایە! بۆیە هەمیشە مامناوەندەکان کۆ دەبوونەوە و بۆ لە نێوبردنی لایەنگرانی چەندێتی و ئەوانەی کە بڕوایان بە فرەڕەهەندی و فرەتایپی و تایبەتمەندێتی و جیاوازییەکان هەبوو. ئەمەش ئەو بەریککەوتنە بەردەوامەیە کە بە درێژاییی مێژوو هەبوو لەنێوان هەردوو بەرەی چۆنێتی و چەندێتیدا. بۆیە نیتچە بۆچوونەکانی خۆی چڕ کردەوە لەسەر ئەوەی کە زیاتر گرنگی بداتە تاکگەرایی  و  پێی وابێت کە “گرنگیدان بە تاکەکەس بەر لە کۆمەڵ دێت، زیاتریش تاکەکەسی تایبەتمەند و ناوازە، ئەمەشی وەک مۆرکێک دا  لە هەموو بەهاکان و هەموو ژیان، بەتایبەتی مۆرکە ئەخلاقییەکان واتا مۆرکی تاکگەرایی و خودێتی.”[2] لەم بۆچوونەوە تێدەگەین کە نیتچە ئەم مۆرکە لە گشت دەسێنێتەوە و دەیداتە تاکەکەس تا بیکاتە مرۆڤێکی ناوازە. تاکگەراییش لای نیتچە مانای ئەوە نییە کە واز لە تاکەکەس بهێنرێ بە ئارەزووی خۆی چی دەکات بیکات. نیتچە پێی وایه: “نابێت تاکەکەس بکرێتە خزمەتی شتەوە، بەڵکوو تەنها تاکەکەس خاوەنی بەهایە، ئەمەش پەیوەست نییە  بە بوونی ئەو و ڕەفتاری ئەو لە ئاست خۆیدا، بەڵکوو بەستراوە بە گرنگییەوە  کە لە ڕوانگەی پەرەسەندنی مرۆڤ و باڵاچوونی مرۆڤەوە، مرۆڤایەتی لە دەرەوەی تاک نییە بەڵکوو لە ناو تاکدا دەژێت، هەر ئەویش مۆرک و بەهای  پێدەبەخشێت.”[3] ئەمەش دەرخەری ئەوەیە تاکەکەس ڕوانینی سەبارەت بە خۆی پەیوەستە بە پەرەسەندن و دواکەتنیەوە بۆ مرۆڤایەتی، یان تا چەند باڵا چوون یان داچوونە بۆ مرۆڤایەتی. کەوایە تاکەکەس لای نیتچە دابڕاو نییە، لە پەرەسەندنی مرۆڤایەتی، بەڵکوو ڕۆدەچێتە نێو قووڵاییی هەموو مێژووی مرۆڤایەتییەوە.

تاکەکەسی ناوازە بایەخ بە کۆمەڵ نادات، کاتێک بزانێت، بایەخ پێدانەکەی لەگەڵ باڵاییی خۆیدا ناکۆکە، بۆیە دوورەپەرێز دەبێت، ئەگەر ئەم دوورەپەرێزییە لە پێداویستییەکانی ئەرستۆکراسی و ناوازەیی بێت، کەوایە باڵایی سروشتێکی گەورەی مرۆڤە کە ئاستەکەی داوای لێ دەکات، نەک لەکارێک لە کارەکانیدا، بەڵکوو ئەگەر ژیانیش تێک بچێت. کەواتە تاکگەرایی واتا هێشتنەوەی جیاوازییە سروشتییەکانی نێوان تاکەکەسەکان و هەستکردنێکی بەهێز بە خودێتی و بەوەی ئەو خودە خاوەن تایبەتمەندێتی و جیاوازی زۆرە لەگەڵ خودەکانی تر.کەوایە جیاوازیی پۆڵینکردن و چینایەتی پلەبەندی و “باڵایی مرۆیی” ئەرکی بنەڕەتی تاکگەرایییە. بۆیە زەرەدشتیش بەم شێوەیە لەگەڵ خەڵکەکەی دوا “من مرۆڤی باڵاتان فێر دەکەم، مرۆڤ شتێکه دەبێت بە سەریدا زاڵ بیت، ئێوە چیتان بۆ ئەو زاڵبوونە کردووە، ئێوە دەتانەوێت ببن بەو سێڵاوی ئەو لافاوە گەورەیەی لە بری ئەوەی بەسەر مرۆڤدا زاڵ بن پێتان خۆشە بگەڕێنەوە سەر ئاژەڵ، مەیموون لە ئاست مرۆڤدا چییە؟ شەرمێکی ئازاردەر”[4] لێرەوە نیتچە دەیەوێت پێمان بڵێت کە قۆناغەکانی پەرەسەندن کۆتایی پێ نەهاتووە، دەبێت مرۆڤ دۆخی مرۆڤبوون تێپەڕێنێت و هەموو بەربەست و ئەو بەهایانەی کە دروستکراوی مرۆڤن و هەموو ئەو بەربەست و بتانەی کە ڕێگرن لە بەردەم سەرکێشکردن سەرکەوتن بەسەر لوتکەدا دەبێت تێک بشکێنرێن و وردوخاش بکرێن وەک چۆن مەیموون بۆ مرۆڤ گاڵتەجاڕییە ئەوکات مرۆڤیش بۆ مرۆڤی باڵا و سۆپەرمان گاڵتەجاڕی و  تەنانەت کەمتر لە مرۆڤیشە دەبێتە ئاژەڵ. کەواتا ئامانج لە مرۆڤایەتی خوڵقاندنی ئەو مرۆڤە باڵایەیە. “نیتچە” دەیەوێت پێمان بڵێت بۆ ئەوەی مرۆڤ هەنگاو بەرەو باڵایی بوون ببات دەبێت ئەو پۆشاکە دڕاوە فڕێ بدات و توڕی بدات کە بریتییە لە پۆشاکی کولتوور و ئایین و ئەو خەڵکە عەوام بازاڕییانەیە کە خاوەنی هیچ بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆ نین بەڵکوو دوای کۆمەڵ و ئەو ژینگە سیاسی و ئەخڵاقی دەروونی و کولتوورییانە کەوتوون کە ئایین و جڤاک بەسەریاندا سەپاندیون لەم بارەیەوە نیتچە لە زاری زەرەدەشتەوە بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (ئێوە ئەی مرۆڤە باڵاترەکان، ئەمە لە منەوە فێر بن، لە بازاڕدا کەس بڕوای بە مرۆڤی باڵا نییە، چونکە لە بازاڕدا هەمووان بە یەک دەنگ لەسەر یەک ڕیتم و شێواز هاوار دەکەن و دەڵێن ئێمە هەموومان یەکسانین! ئێمە هەموومان لە بەردەم خودا یەکسانین، مرۆڤ هەر مرۆڤە، ئێمە هەموو یەکسانین، بەڵێ لە بەردەم خودادا یەکسانین، بەڵام ئێستا “خودا مردووە” ئەی مرۆڤە باڵاکان لە بەردەم عەوام و بازاڕدا یەکسان مەبن، ئەی مرۆڤە باڵاکان خۆتان لە بازاڕ بەدوور بگرن، ئەی “مرۆڤی باڵا” بوونی خودا مەترسییەکی گەورەیە بۆ تۆ.)[5] لێرەدا دەگەین بەو ئەنجامەی بڵێین، ئایین و بازاڕ دوو لەو چەمکە نەرێنانەن کە مرۆڤ بەرەو نائومێدی و ڕەشبینی و تەسلیم بوون دەبەن. هەڵبەت لێرەدا نیتچە کاتێک تیشک دەخاتە سەر بازاڕ مەبەستی شوێنێک نییە بە ناوی بازاڕەوە بەڵکوو مەبەست لێی ئەو جۆرە خەڵکانەن کە خاوەنی زمانێکی سواو لەکار کەوتوون، ئەو کەسانەن کە کۆپی دەکەن و شوێن کۆمەڵ دەکەون و خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ناڕەسەنانەن و تواونەتەوە لەنێو فەرهەنگ و کولتووری دەوروبەردا و خاوەنی هیچ تایبەتمەندییەک نیین و بڕوایان بە جیاوازی و تایبەتمەندێتی نییە. لە ڕێگەی “مردنی خودا” و “دورکەوتنەوە لە بازاڕ” گەلێک تایبەتمەندێتیی مرۆڤی باڵا دەردەخات. چونکی “مردنی خودا” پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆجییە بۆ لەدایکبوونی مرۆڤی باڵا. بە کوشتنی باوکی سەربەستییەکەی مسۆگەر دەکات ئەو بۆ سەربەستی و باڵایی،  دەسەڵاتە باڵاترەکان دەڕووخێنێت خۆی دەخاتە نێو جەنگی مان و نەمانەوە، چونکە باڵایی نەک مانەوە بەڵکوو “واتا” بە بوونی دەدات، پێشمەرجی ئۆنتۆلۆجیش ئەوەیە کە ئەو بوونە خاوەنی هیچ بکەرێک نییە، بوونێکی بێناوەڕۆک و بێمەبەستە، بەڵکوو خۆی ناوەڕۆک بۆ خۆی دادەنێت، لە ڕوانگەی ئەم جۆرە بوونەوە، کە مرۆڤی بەرزە، بوونێکی خوانەناس و بێباوەڕە “خودا” بۆ ئەو هێزێکی داگیرکەرە، هەتا ئەو هێزە نەڕووخێت، ناتوانێت سەربەخۆی و سەربەستانە پرۆژەکانی بوونی هەڵبژێرێت. مرۆڤی باڵا هەمیشه هەوڵ دەدات ئەو دەسەڵات و پاشماوە ئایینیانە فڕێ بدات، ڕەگ و ڕیشەی بەها ئایینییەکان لە زەین و بیرکردنەوەی خۆیدا بکاتە دەرەوە، بۆیە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە ئۆنتۆلۆجییەکە و گەشتن بە “مرۆڤی باڵا” دەبێت دژی نەریت و کولتووری بازاڕی ڕابوەستێت ئەو کولتوورەی مرۆڤەکان وەکوو یەک سەیر دەکات و جیاوازی لەنێوان تاکەکان ناکات، دەبێت لە ناویان بدات. لە کولتووری بازاڕیدا تاکەکان، پرۆژەکانی بوونیان سەربەستانە هەڵنابژێرن شوێن نەریت و بەها و زانینە باوەکان دەکەون و هەموویان وەکوو یەک بیر دەکەنەوە و وەکوو یەک هەڵسوکەوت دەکەن، لەژێر ئەم کولتوورەدا مڕۆڤ نامۆ و نا ڕەسەن دەبێت، دەبێت بەو کەسەی کەسانی تر دەیانەوێت، نەک بەوەی کە خۆی دەیخوازێت، هەر بۆیە نیتچە دژی ئەم جۆرە کولتوورەیە، داوا دەکات پاشماوەکانیشی لە بیرکردنەوەی خۆماندا بسڕینەوە، لە ڕێگەی بانگەوازکردنی بۆ مرۆڤی باڵا.

فردریش نیتچە (١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی

مرۆڤی باڵا شوێنکەوتووی میتافیزیکی هیچگەرایەتییە و بکوژی باوکە میتافیزیکییەکەیە. بۆ دابینکردنی سەربەستی دەستی خۆی به خوێنی ئەو باوکە سوور کردووە، هەر لەگەڵ کوشتنی باوکەکەی بووە مرۆڤێکی ئازاد و سەربەست، سەرچاوەی ناوڕۆکی خۆی و داهێنەری بەهاکانی، مرۆڤ بە کوشتنی خوا دەیەوێت بڵێت لەوە بەدواوە من خاوەنی خۆمم بەرپرسم لە ئاستی خۆمدا، ئەمەش ئەو ڕاستییە فەلسەفییەیە کە نیتچە بانگەشەی بۆ دەکات[6]. بۆیە نیتچە لەکۆتاییدا دەڵێت:(ئەمە بەرەبەیانی منە و ڕۆژی من دەستی پێ کردووە، ئێستا سەرکەوە، سەرکەوە ئەی شەپۆلەکانی نیوەڕۆی مەزن، زەرەدەشت ئاوا دوا و ئەشکەوتەکەی بەجێهێشت، درەوشاوە و بەهێز، هەروەک خۆری دەم بەیان، کە لە پشتی کێوە تاریکەکانەوە سەر دەردێنێت)[7] کەوایە مرۆڤێک ڕاستی بدۆزێتەوەو ببێتە خاوەن بەرەبەیانێکی نوێ و نێوەڕوانێکی مەزن و دۆگمای ئەشکەوت و هەموو ڕێسا کۆمەڵایەتی و نورمە ئایینییە بە زۆر سەپێنراوەکان تپەڕێنێت، هەموو مەگەزەکانی نێو کۆمەڵگا بفڵیقێنێتەوە و سەر بە خۆی بێت و ئاسۆی خۆی ڕووناک کردبێتەوە ئەوا بێگومان دەبێتە مرۆڤێکی بەرز و باڵا. یەکەمین شتیش کە دەبێتە هۆی ئەوەی زەمینە خۆش بکات بۆ خولقاندن و  لەدایکبوونی ئەم جۆرە بەهایانە ئەویش ئەوەیە مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت. دەبێت هەموو ئەو بەربەست و کۆت و پێوەندانە، هەموو دەرگا ئاسنینەکان، هەموو ئەو قوفڵە کۆنکریتانەی شکاندبێت کە ئایدۆڵۆژیاکان ڕیبازە سونەتییەکان و دەزگا ئایینییەکان و ڕێبازە کۆمەڵایەتییەکان سەپاندوویان بەسەر تاکەکاندا، هەموو ئەو وەهمە قورس و ترسناکانەی کە بە سەریدا هێنراون دەبێت بیانڕەوێنێتەوە. مرۆڤ دەبێت لە سەرووی خەڵک و ئەخڵاق و بەها سونەتییەکانەوە بێت، نابێت وابەستەی هیچ بەش و لایەنێک و هیچ کەسێک بێت، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە ئازیزترین و خۆشەویستترین کەسەکانی بێت. نابێت دوای کەس بکەوێت و بکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ هێز و دوای هیچ لایەنێک بکەوێت، بەڵکوو تەنها بوونی خۆی سەنتەر و پێوەری هەموو شتەکان بێت، دەبێت پشت بە هیچ پێشبیر و پێشینەیەک و هیچ بیریارێک ببەستێت بەڵکوو دەبێت بەپێی ڕووداوکان و کێشەکان چارەسەر بدۆزێتەوە و کەسێکی کۆپیکراو نەبێت و خۆی بتوانێت توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بکات و لەم ڕووەوە تاک خۆی دەبێتە سەنتەر و خۆی پێوەر بۆ هەموو شتەکان دادەنێت، دژی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و تاکانەش دەوەستێتەوە کە دوای کۆمەڵ دەکەون. بە هیچ شێوەیەکیش گوێ بەو تێڕوانین و بیرکردنەوە و قسەڵۆکانەش نادات کە کۆمەڵ دەیڵێت، گوێ بەوە نادەن کە کۆمەڵ چی بە باشە و چی بە خراپە ناوزەند دەکەن، هەردوو چەمکی چاکە و خراپە، داتاشراوی کۆمەڵ خۆیانن هەر کۆمەڵ خۆشی پێوەری بۆ ئەوە داناوە چ شتێک بە باش و چ شتێک بە خراپ کام بە ئەخڵاق، کامیان نائەخڵاقییە، ئەمە یاسایەکی زەمینی یان ئاسمانی نییە، بەڵکوو ئەوە خودی کۆمەڵە لە نێو خۆیاندا ڕێککەوتوون بە ئارەزووی خۆیان بە ناوی کولتوور و ئایین و نیشتمان و یان هەر میتۆدێکەوە دێن دەیکەن بە بەرگی کۆمەڵ. بۆیە مرۆڤی باڵا خۆی بیروباوەڕی سەردەم دەخوڵقێنێت و خۆی پێوەر بۆ شتەکان دادەنێت. باڵابوونیش ڕێبازی ئەو مرۆڤانەیە، کە لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراودا تێدەکۆشێت، کە بە خۆی بەراورد ناکرێ چونکە ئەو ئامانجە گەورەترە لە خۆی  لەبەر ئەوەی ئاشتی و هێمنی و ئاسودەیی بێزراوترین شتە لەلای ئەو جۆرە مرۆڤانە، بۆیە زەرەدەشت بەم شێوەیە ئامۆژگاریی ئەو جۆرە مرۆڤە باڵایانە دەکات و دەڵێت: (بە دوای دوژمنەکانتان بگەڕێن، جەنگ لە دژیان بەرپا بکەن؛ جەنگێک لە پێناو بیر و هزرتاندا، ئەگەر بیر و هزرتان دووچاری تێکشکان بوو، با سەر ڕاستیتان هاواری سەرکەوتن بکات، هەروەها ئاشتیی کورتخایەنتان زیاتر لە ئاشتیی درێژخایەن خۆشتر بوێت)[8] نیتچە لێره دا ئامۆژگاریی تاکەکان دەکات، تەنها ئەو کاتانە دەتوانێت ئاشتی بەرپا بکات، ئەویش کاتێک سەرکەوتن بەدەست دێنن، ئەگەر نا بەردەوام سەرقاڵی هەڵەوەڕی دەبێت. چونکە تاکە ئامانج لە پێش ئەو مرۆڤە تەنها سەرکەوتنە، بەدەر لەو ئامانجەش هیچ ئامانجێکی تری نییە، ئیتر گوێ بەوەش نادات قوربانییەکان چەند دەبێت و ئامرازەکانیش هەرچییەک بێت. تاکە ئامانجیش بەدەستهێانی مەرامەکەیە و سەروەر بێت و ئەو بەهایانەش دەسەپێنێت کە خۆی دەیەوێت، ئیتر زۆر گرنگیش نییە باسی ئابڕوومەندی و باشە و خراپە بکات و تەنها خۆشی مافی ئەو جۆرە باسانەی هەیە، چونکە ئەمانە شتێک نین کە خۆی لە خۆیدا هەبێت، بەڵکوو کەسەکە خۆی پێوەریان بۆ دادەنێت ئەمانە هەموویان شوێن پێ هەڵگری “ئیرادەی هێزن”،  لێرەوە تێدەگەین تەنها ئەوانە دەتوانن بمێننەوە و ڕووەو باڵابوون بچن، کە خاوەنی هێزن و تەنها فاکتەریش بۆ سەرکەوتن ئیرادەی هێزە، بۆیە ئەوەی بەهێزە دەمێنێتەوە و بەرەو لوتکەیی و باڵابوون دەچێت ئەوەشی لاوازە ئەوا بەردەوام ژێردەستە و کۆیلە و لە پاشەکشەدایە، بۆیە ئەو مرۆڤانەش کە لە ڕێگەی ویستی هێزەوە هەنگاو بەرەو لوتکەیی و باڵابوون دەدەن ئەوانەن کە توانیویانە، ئەو بەها و ڕێسا کۆمەڵایەتی و سونەتیانە تێپەڕێنن و قاویان بدەن، بۆیە ئەوەی شوێن ڕێساکان و پیرۆزییەکان و دوای جڤاک کەوتوون ئەوانەن کە ژێر دەستە و نائومێد و دەستەمۆکانن هەموو ئەوەش بۆ ئەوەی مرۆڤ بگەیەنێتە کامڵ بوون، دەبێت خەتەرناکانە بژێت و سڵ لە هیچ بیم و ترسێک نەکاتەوە و گەرچی بە خەتەرناکیش دەورە درا بێت دەبێت خۆی بدۆزێتەوە خۆی دروست بکات، هەر ئەم سەرکێشییانەش وا لە مرۆڤ دەکات ئازاد بێت و بەدوای ناوازەترین جۆری مرۆڤدا بگەڕێت کە باڵابوونە، چونکە ئەوان لە کوێ بن ئەوا سەرکەوتن بەسەر بەربەست و نەهامەتی و تەنگ و چەڵەمەکانیش لەوێن. چونکی نیتچە پێی وایە کە بۆ ئەوەی بەسەر لوتکەدا سەر بکەویت دەبێت دڵڕەق بیت، بۆ ئەوەی ببیتە مرۆڤێکی چەلەنگ و وریا و ناوازە دەبێت دڵڕەقانە ڕووبەڕووی تەحەدی و مەترسییەکان ببیتەوە بەمەش دەیخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەتر، چونکە مرۆڤ ئەو کارانەی دەیانکات تەنها پەیوەست نییە بە خودی خۆیەوە، بەڵکوو پاشەڕۆژی مرۆڤایەتیشی پێوە پەیوەستە. نیتچە لە ڕێگەی تێوری گەڕانەوەی هەمیشەیییەوە بەرپرسیارێتیی مرۆڤ گەورەتر دەکات، ئەو لە ئاست خۆیدا بەرپرسیارە، ئەو ژیانەی ئێستا دەژێت بۆ چەندان جاری تری بێکۆتا دووبارە دەبێتەوە، کەواتە بەرپرسیاریەتییەکەی دژوار دەبێت، لەبەر ئەوەی کارەکەی یەکجار نییە و بێکۆتایییە.  

 “گەڕانەوەی هەمیشەیی” چییە؟

نیتچە لەو باوەڕەدایە پەرەسەندنی بوون لەنێو خولی بازنەییدا دەسووڕێتەوە و گەڕانەوەی هەمیشەیی حوکمی بەسەردا دەکات. واتا: (مەبەست لە گەڕانەوەی هەمیشەیی ئەوەیە، کە بوونێک جارێکی دیکە وەکوو خۆی پاش لەناوچوونی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ژیان و ناو ڕووداوەکان. گەڕانەوەکەشی هەمیشەیییە بە بەردەوامی ئەو بوونە پەیدا دەبێت و لەناو دەچێت و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ژیان.)[9] ئەمەش زیاتر بە گژداچوونەوەی  ئەو سیستەمی میتافیزیکی ڕووناکبین و سێبەرەکانی خوایە.
بە گوێرەی میتافیزیکی ڕووناکبین: گۆڕانکاری لە بووندا لەسەر هێڵێکی ڕاست و بڕاوەدا دەگوزەرێت و لە کاتێکی دیاریکراودا لەسەر نەخشە و پلانەکان دەڕوات کۆتایی دێت. ئایینخوازانیش بە هەمان شێوە واتای بوون لە کۆتاییی بووندا دەبینن، هێندە بایەخ بە مردن و کۆتاییی دنیا دەدەن، هیچ بایەخێک بەم ژیانە نادەن، کەسێکی مردوو بە باشتر لە زیندوو دەزانن، بۆیە نیتچە بە پێچەوانەی مردنخوازییەوە دەیەوێت مرۆڤ لە پێناو ژیاندا بمرێت، ئەو ژیانی خۆش دەوێت و بانگەشەی بەردەوامێتی و مانەوەی دەکات، نایەوێت بڕوا بە بڕانەوەی ژیان بهێنێت، توێژینەوەی ڕەشبینانەی بۆ بکات، مادامەکی ژیانخوازین دەبێت بانگەشەی بەردەوامی بۆ بکەین، بۆیە باشترین ڕێگە بۆ بەگژداچوونەوەی نائومێدی و ڕەشبینییەکان بیرۆکەی گەڕانەوەی هەمیشەیییە. بەپێی بیرۆکەکەی نیتچە مرۆڤەکان بە هەمان ڕیتم و فۆرم دوای نەمانیان سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە بۆ ژیان واتا مرۆڤێکی کۆیلە دوای مردنی هەر بە هەمان شێوە و کۆیلەیی دەگەڕێتەوە بەردەوامی بە ژیان دەدات و بە پێچەوانەشەوە مرۆڤێکی ئازاد و چەلەنگ بە هەمان شێواز بۆ ژیان دەگەڕێتەوە بۆیە ئەو مرۆڤانەی کە ناوەندی و کە کۆیلە و دواکەوتوو و بێئیرادەن نایانەوێت باوەڕ بە بیرۆکەی هەمیشەیی بکەن چونکی لە ئاست ئەم بیرۆکەیەدا هەست بە شڵەژان و نائومێدی و ڕەشبینییەکی ترسناک دەکەن، چونکی دووبارە ڕەشبینی یەخەیان دەگرێت و ڕاپێچی شێتی و لەناوچوونیان دەکات، چونکی مرۆڤی مامناوەند وا تێ دەگات ئەوا شتەکان بە باش و خراپییەوە دەڕۆن و جارێکی دی ناگەڕێنەوە. بەڵام بۆ “مرۆڤی باڵا” ئەمە پێچەوانەکەی تەواوە، ئەم بیرۆکەیە هێزێکی گەورەتری پێدەبەخشێت، بەمەش ئەرک و بەرپرسێارێتیی بەرانبەر ژیان گەورەتر و فراوانتر دەبێت، چونکە بە جۆرێک دەژێت خۆزگە دەخوازێت بۆ جارێکی دی بە هەمان شێوە بژێتەوە بۆیە دەبێت هەموو کارێک لە ڕوانگەو گۆشەنیگای نەمری و جاویدانییەوە تەماشا بکرێت، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ جگه لەکاری باڵا و بەرز و شایستەی دووبارەبوونەوە هیچ کارێکی دی نەکات.


[1] عەبدولڕەحمان بەدەوی، نیچە، و: ئازاد بەرزنجی، تاران-٢٠٢

[2] عەبدولڕەحمان بەدەوی، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٢٩

[3] عەبدولڕەحمان بەدەوی، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٣٠

[4] فریدریش نیتشە، زەرەدەشت ئاوا دوا، و: یاسین بانیخێڵانی، چاپ: یەکەم، تاران- ٢٠٢١

[5] فردریش نیتشە، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٤١٥

[6] د. محەمەد کەمال، نیتشە و پاش تازەگەری، سلێمانی- ٢٠٠٦

[7] فردریش نیتشە، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٤٧٤

[8] عەبدولڕەحمان بەدەوی، سەرچاوەی پێشوو، ٢٣٦

[9] د.محەمەد کەمال، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٩۷