به‌رگری له ڕووهكیبوون
ئایا ده‌توانین به‌رگری له‌و كارانه بكه‌ین كه به‌رانبه‌ر به ئاژه‌ڵه‌كان ده‌یكه‌ین؟ ڕه‌نگه مه‌سیحییه‌كان، یه‌هودی و موسڵمانه‌كان په‌نا ببه‌نه به‌ر ده‌قه پیرۆزه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی پاساو بهێننه‌وه بۆ باڵاده‌ستیان به‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌كاندا. به‌ڵام هه‌ر كاتێك دووركه‌وتینه‌وه له دونیابینیی ئایینی، یه‌كسه‌ر ڕووبه‌ڕووی “پرسی ئاژه‌ڵان” ده‌بیینه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانین هیچ پێشگریمانهیهكمان هه‌بێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه كه ئاژه‌ڵه‌كان له پێناوی سوودی ئێمه دروست كراون، یاخود سوودبینینی ئێمه له ئه‌وان پاداشتێكی خوایییه و ڕه‌زامه‌ندی خودای له سه‌ره. ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌نها جۆرێك بین له جۆره‌كانی ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه په‌ره‌یان سه‌ندووه، و ئه‌گه‌ر جۆره‌كانی تر ملیاردەها له گیانله‌به‌ره‌كانی تر بگرێته‌وه كه ده‌كرێت ئازار بچێژن، یاخود به پێچه‌وانه‌وه، ده‌كرێت چێژ له ژیانیان ببینن، ئایا ده‌كرێت هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێمه گرنگتر بێت له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان؟
له‌م ڕۆژگاره‌دا، له‌نێوان هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌دا كه كاریگه‌ری داده‌نێن له‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌كان، ئه‌و ڕێگایه‌ی كه له هه‌موو ڕێگاكانی تر زیاتر پێویستی به پاساوه، بهخێوكردنیانه له پێناوی خواردنیاندا. ژماره‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م چالاكییهمانهوه له هه‌ر چالاكییه‌كی تری مرۆییمان زیاتره.
ته‌نیا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا، ژماره‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی ساڵانه بۆ خواردن به‌خێو ده‌كرێن و ده‌كوژرێن نزیك ده‌بێته‌وه له ده ملیارد[1]. به ڕاشكاوی بیڵێین هه‌موو ئه‌مه‌ی ده‌كرێت پێویست نییه، له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا، كه لیستێكی به‌رفراوان له خواردنی جۆربه‌جۆرمان له به‌رده‌سته تا به ئاره‌زووی خۆمان هه‌ڵیبژێرین، هیچ مرۆڤێك پێویستی به‌وه نییه گۆشت بخوات. زۆر له لێكۆڵینه‌وه‌كان پیشانی ده‌ده‌ن كه ده‌توانین به هه‌مان شێوه یاخود به ئاستێكی زیاتریش ته‌ندروستانه‌تر بژین به‌بێ په‌نابردنه به‌ر گۆشت. هه‌روه‌ك ده‌توانین به شێوه‌یه‌كی باشتر به سیسته‌مێكی خۆراكی ڕووهكی بژین و به هیچ جۆرێك هیچ بهروبومێكی ئاژه‌ڵی نه‌خۆین. (ڤیتامین ب١٢ تاكه پێكهاته‌یه‌كی خۆراكییه كه ناتوانین له به‌ربوومه ڕووهكییهكانهوه به‌ده‌ستی بهێنین، و ئاسانیشه له سه‌رچاوه ڕووه‌كییه‌وه ته‌واوكه‌ره‌كانه‌وه –له ڕێگه‌ی حه‌په‌وه- به‌ده‌ست بهێنرێن).
ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی كێشەی ئه‌خلاقیی سه‌ره‌كیی خواردنی ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه پرسیارت له خه‌ڵكی كرد، ئه‌وا زۆرینه‌یان یه‌كسه‌ر ئاماژه ده‌كه‌ن به كوشتن‌یان -پێیان وایه كوشتن‌یان كێشه ئهخلاقییەكهیه -و-. بێگومان ئه‌وه كێشه‌یه، بەڵام لانی کەم تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی ئاژەڵی كێڵگه پیشەسازییە مۆدێرنەکانەوە هەیە، ناڕەزایەتییەکی ڕاستەوخۆتر هەیە.. هه‌تا ئه‌گه‌ر هیچ كێشه‌یه‌كیشمان له‌و ڕووه‌وه نه‌بێت كه ئاژه‌ڵه‌كان ده‌كوژرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زمان له تام و چێژی گۆشتهكانیانه، ئه‌وا هێشتاكه پاڵپشتیكه‌ری سیسته‌مێكی كشتوكاڵین كه ده‌بێته هۆكارێك بۆ ئازارچه‌شتنێكی دوورودرێژی ئاژه‌ڵان.
مریشكه‌كان كه له كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كاندا له پێناوی گۆشته‌كانیاندا به‌خێو ده‌كرێن و ڕاده‌گیرێن نزیكه‌ی ٢٠ هه‌زار باڵنده ده‌بن. ئه‌و بڕه له ئهمۆنیایهی له هه‌وادا به‌هۆی ڕیقنه و پاشماوهكانیانهوه كه‌ڵه‌كه ده‌بێت، ده‌بێته هۆی سووتانه‌وه‌ی چاو و زیان گه‌یاندن به سییه‌كان.
ئه‌مڕۆ مریشكه‌كان وا به‌خێو ده‌كرێن تا هه‌رچی زوو كێشیان زیاد بكات، هه‌ر بۆیه له‌ماوه‌ی ته‌نیا ٤٢ ڕۆژدا كێشیان ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی كه بازاڕ ده‌یه‌وێت، به‌ڵام هێشتاكه ئێسكه‌كانیان به ته‌واوه‌تی گه‌شه‌ی نه‌كردووه، بۆیه زۆر به زه‌حمه‌ت توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌و له‌شه قورسه هه‌ڵبگرن. هه‌ندێكیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانن بگه‌ن به ئاو و خۆراك له په‌لوپۆ ده‌كه‌ون، و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا مردار ده‌بنه‌وه، چاره‌نووسیشیان به هیچ جۆرێك په‌یوه‌ندی به كۆی ئابووریی ده‌زگاكه‌وه نییه. ڕاگرتنیان و، گواستنه‌وه و، سه‌ربڕینیان هه‌ر هه‌مووی له پرۆسه‌یه‌كی زۆر توندوتیژانه‌دا به‌ڕێوه ده‌چێت كه پێویستییه ئابورییه‌كه‌ی ته‌نیا “خێرایی” له به‌رچاو ده‌گرێت و ده‌یه‌وێت، له هه‌موو ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌رژه‌وه‌ندیی باڵنده‌كه و خۆشگوزه‌رانییه‌كه‌ی به هیچ جۆرێك ڕۆڵ نابینێت.
مریشكه هێلكهكهرهكانیش له قه‌فه‌سێكی ته‌لینی زۆر بچكۆله‌ی وادا كۆ كراونه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌ك، كه ئه‌گه‌ر هه‌ر قه‌فه‌سێك و یه‌ك مریشكیشی تێ بكه‌یت، ئه‌وە ته‌نیا مریشكه‌ش ناتوانێت باڵه‌كانی به ته‌واوه‌تی بكاته‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نه‌ریت وایه هه‌ر چوار مریشك و ده‌خرێنه قه‌فه‌سێكه‌وه، زۆر جار ژماره‌كه له‌وه‌ش زیاتره. له‌م دۆخه قه‌ره‌باڵغانه‌دا، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت مریشكه زۆر باڵاده‌ست و شه‌ڕانگێزه‌كان له‌ناو قه‌فه‌سه‌كاندا به ده‌نووكیان له مریشكه لاوازه‌كان بده‌ن تا مردن. بۆ ڕێگری له‌وه، به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان به تيغێكی گه‌رمكراو ده‌نووكی هه‌موو باڵنده‌كان كه‌وی ده‌كه‌ن. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌نووكی مریشك پڕه له ده‌ماره خانه- ئه‌م ئه‌ندامه‌ی جه‌سته‌ی باڵنده‌كان ئامرازی سه‌ره‌كییانه بۆ په‌یوه‌ندیكردن به ژینگه‌وه- به‌ڵام ئه‌وان له كاتی كه‌ویكردنی دهنووكیاندا ته‌نانه‌ت هیچ بێهۆشكه‌ر یان ئازارشكێنیشیان ناده‌نێ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئازاره‌یان.
پێده‌چێت به‌رازه‌كان له هه‌موو ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی تر كه ده‌یانخۆین هۆشیارتر و خاوه‌ن هه‌سته‌وه‌ری زیاتر بن. له كێڵه‌گه پیشه‌سازییه‌كانی ئه‌مڕۆماندا، به‌رازه دووگیانه‌كان له قه‌فه‌سی وا بچو‌وكدا به‌ندكراون كه ناتوانن ته‌نانه‌ت ئاوڕیش بده‌نه‌وه، یان هه‌نگاوێك پێش و دوا بكه‌ن. هه‌روا بێته‌وه له‌سه‌ر كۆنكریتێكی بێ گیا و پوش یان هیچ جۆره “كه‌وه‌له-ژێر كۆزه”یه‌كیان بۆ ڕانه‌خراوه. هیچ ئامرازێكیشیان له به‌رده‌ستدا نییه تا غه‌ریزه‌كانیان تێر بكه‌ن له دروستكردنی په‌ناگه پێش خستنه‌وه‌ی به‌چكه‌كانیان. به‌رازه چكۆله‌كان زۆر به خێرایی له دایكهكانین دوور ده‌خرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره دووگیان ببنه‌وه، ئه‌وانیش له قه‌فه‌سێكی تردا به‌ند ده‌كرێن، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر كۆنكریتیش، هه‌تا ئه‌وكاته‌ی ده‌برێن بۆ سه‌ربڕین. ئاژه‌ڵه ئاماده‌كراوه‌كان بۆ سه‌ربڕین، شه‌ش مانگی كۆتاییی ژیانیان له‌ناو پیساییی خۆیاندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، دانهوێڵهیهكیان پێ ده‌درێت كه گونجاو نییه بۆ كۆئه‌ندامی هه‌رسیان، وزه‌به‌خشێكی وایان پێ ده‌ده‌ن تا ئێسقانه‌كانیان زووتر گه‌شه بكات، هه‌روه‌ها ئه‌نتی بایۆتیكیان پێ ده‌ده‌ن تا له ژیاندا بهێڵرێنه‌وه و نه‌مرن. له‌ژێر هیچ سێبهرێكدا نین تا له گه‌رمای خۆری هاوین بپارێزرێن، هیچ پهناگهیهكیشیان نییه تا له سه‌رماوسۆڵه‌ی به‌فر و باران به‌دوور بن. به‌ڵام ده‌شێت بپرسیت، ده‌بێت چ خراپه‌یه‌ك له شیر و به‌رهه‌مه شیرهمهنییهكانیاندا هه‌بێت؟ ئایا مانگاكان له كێڵگه‌كانی به‌خێوكردندا به ته‌واوی له ته‌ندروستییه‌كی باش‌دا نین؟ ئایا پێویستیشمان به‌وه نییه بیانكوژین بۆ ئه‌وه‌ی شیرمان لێیان ده‌ست بكه‌وێت؟ به‌ڵام له‌مڕۆماندا زۆرینه‌ی مانگا شیرده‌ره‌كان و ڕادهیگیرێن و به‌ند ده‌كرێن، هه‌روه‌ها ڕێگه نادرێن بگه‌نه له‌وه‌ڕگاكان. ئه‌وانیش وه‌ك مێینه‌ی مرۆڤ شیریان نییه، مه‌گه‌ر تازه به‌چكه‌یان بووبێت، هه‌روا بێته‌وه مانگا شیرده‌ره‌كانیش هه‌موو ساڵێك دووگیان ده‌بن. گوێرهكهكانیشیان دوای چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م له له‌دایكبوونیان له دایكانیان دوور ده‌خرێته‌وه، و ڕێگه نادرێت له‌و شیره بخۆن كه ته‌رخان كراوه بۆ مرۆڤ. ئه‌گه‌ر به‌چكه‌كه نێر بوو، ئه‌وا یه‌كسه‌ر ده‌كوژرێت، یان بۆ گۆشته‌كه‌ی به‌خێو ده‌كرێت، یاخود ته‌رخان ده‌كرێت بۆ هه‌مبه‌رگر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه په‌یوه‌ندیی نێوان مانگا و گوێره‌كه‌كه‌ی زۆر به‌هێزه، مانگاكه تا ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له دوای دوورخستنه‌وه‌ی به‌چكه‌كه‌ی هاواری بۆ ده‌كات و گازی ده‌كات.
جگه له پرسی ئه‌خلاقیی په‌یوه‌ندیدار به جۆری مامهڵهكردنمانهوه له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌كاندا، ئێسته به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزی نوێ هه‌یه له په‌یوه‌ندیدا به خۆراكی ڕووه‌كییه‌وه. له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی فڕانسیس مۆر لاپێ(Frances Moore Lappe) كه ناوی “سیسته‌مێكی خۆراكی بۆ هه‌ساره‌یه‌كی بچووك”ه و له ساڵی ١٩٧١ه‌وه بڵاو بووەته‌وه زانیومانه كه به‌رهه‌می پیشه‌سازیی ئاژه‌ڵیی هاوچه‌رخ زۆر مه‌سره‌فكه‌ر و به‌فیڕۆده‌ره. كیڵگه‌كانی به‌خێوكردنی به‌راز شه‌ش ڕه‌تڵ له دانه‌وێڵه به‌كار ده‌هێنن بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌ك ڕه‌تڵ گۆشتی بێ ئێسك. بۆ گۆشتی مانگاش، ڕێژه‌كه ده‌بێت به ١:١٣. له دۆخی مریشكیشدا، له ناكارامه‌ترین كیڵگه پیشه‌سازییه‌كانی گۆشتی باڵنده‌دا ڕێژه‌كه ده‌بێته ١:٣.
لاپێ زۆر نیگه‌ران بوو له به‌فیڕۆدانی خۆراك و ئه‌و فشاره زیاده‌ی خراوه‌ته سه‌ر زه‌وییه گونجاوه‌كان بۆ كشتوكاڵكردن، ئێمه ده‌توانین ڕاسته‌وخۆ خۆمان دانه‌وێڵه و سۆیا بخۆین و به هه‌مان كوالیتیش خۆمان بژیه‌نین به زه‌وییه‌كی زۆر كه‌متر له‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌ماندا، گه‌رمبوونی زه‌وی گرفته‌كه‌ی گه‌لێك خراپتر كردووه. زۆرینه‌ی ئهمریكایییهكان بڕوایان وایه باشترین كارێك له توانای ئه‌واندا بێت بیكه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شی خۆیان له گه‌رمبوونی زه‌وی ئه‌وه‌یه كه، ئۆتۆمبێله خێزانییه‌كانیان بگۆڕن به یه‌كێكی تری هه‌جین-هایبریدكه توانای هه‌یه سووته‌مه‌نی تۆیۆتا پریهس بسووتێنێت. هه‌ر یه‌ك له گیدیۆن ئێشێڵ و پامێلا مارتن كه دوو لێكۆڵه‌رن له زانكۆی شیكاگۆ، هه‌ستان به ژمێره‌یه‌ك كه كورته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، له كاتێكدا ئه‌مه‌ی ئهمریكایییهكان ده‌یكه‌ن ڕاسته ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ردانی گازه زیانبه‌خشه‌كان به ڕێژه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك ته‌ن له گازی دوانۆئۆكسیدی كاربۆن بۆ هه‌ر شۆفێرێك، به‌ڵام گۆڕان له سیسته‌می خۆراكی باوی ئهمریكایییهوه بۆ سیسته‌مێكی ڕووهكی، ده‌ردانی ته‌نونیوێك له گازی دوانۆئۆكسیدی كاربۆن بۆ هه‌ر نه‌فه‌رێك كه‌م ده‌كاته‌وه. لێره‌وه ڕووه‌كییه‌كان زیانێكی زۆر كه‌متر ده‌ده‌ن له كه‌شوهه‌وای جیهان، به به‌راورد به ئه‌وانه‌ی به‌روبوومه ئاژه‌ڵییه‌كان ده‌خۆن([2]).
به‌ڵام ئایا ڕێگایه‌كی ئه‌خلاقی هه‌یه بۆ خواردنی به‌روبوومه ئاژه‌ڵییه‌كان؟ ده‌كرێت گۆشت، هێلكه و شیرمه‌نیی ئاژه‌ڵانێك بخۆین كه به شێوه‌یه‌كی كه‌متر توندوتیژانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كرابێت، و ڕێگه‌یان درابێت گیا له بری دانه‌وێڵه و سۆیا بخۆن. هه‌روه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی هه‌ر تاكێك بۆ به‌روبوومه ئاژه‌ڵییه‌كان له‌م سه‌رچاوانه‌وه، ده‌ردانی هه‌ندێك له گازه زیانبه‌خشه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌و مانگایانه‌ش كه گیا ده‌خۆن هه‌ر بڕێكی زۆر له گازی میسان ده‌رده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌شدارێكی به‌هێزه له گه‌رمبوونی جیهان. ئه‌گه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی جدی نه‌بوو بۆ كوشتنی ئاژه‌ڵ، ماده‌م به‌هره‌مه‌ند بووه له ژیانێكی باش، گوڵبژێركردنی ئه‌و به‌روبوومه ئاژه‌ڵییانه‌ی كه ده‌یخۆیت سیسته‌مێكی خۆراكی ئه‌خلاقی پێك ده‌هێنێت. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دۆخه‌كه ئاگاداری و وریایی ده‌وێت. بۆ نموونه، وشه‌ی “ئۆرگانی”، شتێكی كه‌ممان له‌باره‌ی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵه‌وه پێ ده‌ڵێت، ئه‌و مریشكانه‌ی كه له قه‌فه‌سه قه‌ره‌باڵغه‌كاندا به‌ند نه‌كراون، هێشتاكه هه‌ر باجێكی گه‌وره ده‌ده‌ن. بۆیه گواستنه‌وه بۆ سیسته‌مێكی ڕووهكی هه‌ر به هه‌ڵبژاردنێكی ئاسانتر داده‌نرێت و ده‌بێته نموونه‌یه‌كی ڕوون تا ئه‌وانی تر په‌یڕه‌وی لێ بكه‌ن.
[1] له‌پڕ، ژماره‌ی ئاژه‌ڵی كوشتارگه‌كان له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له كاتی نووسینی ئه‌م وتاره‌دا گه‌شته لوتكه، پاشان دابه‌زی بۆ نزیكه‌ی ٩.١ ملیارد.
[2]گیدۆن ئیشیڵ و بامیلا مارتین، “سیسته‌می خۆراكی، وزه، و گه‌رمبوونی جیهان” كارلێكه‌كانی زه‌وی ١٠ (٢٠٠٦): ١-١٧.