کاتێک شاعیران بێدەنگی هەڵدەبژێرن

 لە دەوروزەمانێکدا کە ئاخاوتن و بەکارهێنانی بەردەوامی زمان زۆر جێی تەنیوە، هەر لە شاشەکانی تەلەڤزیۆن و مۆبایلەوە بێت کە سیخناخن بە هەواڵ و فیلم و زنجیرە و تۆماری ڕۆژانەی ژیانی خەڵکی، هەتاوەکوو ترنجانی زیاتر و زیاتری دانیشتووان لەنێو شارەکان و بەوەش بەریەککەوتنی بەردەواممان بە قسەکردنی کەسانی دی لەنێو پاس و لە ئۆفیس و لە بازاڕ و هەتا دەگاتە بیستنی دراوسێکان، لە سەردەمێکی وەهادا کە قسەیەکی هێجگار زۆر بەرهەم دێت، کە بێدەنگی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە یاد کراوە، دەکرێت چی لەسەر بێدەنگی بوترێت؟ بێدەنگی لە ئێستادا نەک هەر جێگای سەرنجلێدان نییە، بەڵکوو دەرفەتی خوددەربڕین و گێڕانەوەی ئەزموون و ئاماژەدان بە نادادپەروەری و توندوتیژی مانایەکی نێگەتیڤیان بە بێدەنگی بەخشیوە. لە جێیەکی وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژاردنی بێدەنگی و دەرنەبڕینی ڕا دەربارەی پرسێک دەکرێت بە گومان و لاوازی و سووکییەوە تەماشا بکرێت، لەنێوان کەسە نزیکەکانیش، بۆ نموونە لەنێوان دوو کەس کە لە خۆشەویستیدان، بێدەنگی جێگەی ترس و نادڵنیایییە و زۆر جار لەگەڵ بێدەنگبوونی کەسێکدا کەسی بەرامبەر لێ دەپرسێت: بیر لە چی ئەکەیتەوە؟ لە هەمان کاتیشدا ساڵانە هەزارەها کتێبی یادەوەری بڵاو دەکرێنەوە و ڕۆژانە ملیۆنان کەس لە میدیای جیاوازەوە باسی ژیانی خۆیانمان بۆ دەکەن، بە چەشنێک، ئەوانەمان کە وەرگر و بیسەری گێڕانەوەی کەسانی ترین، دەڕۆین بۆ لای هاوڕێکانمان یاخود دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە و هەمدیسان چیرۆکی ئەو کەسانە دەگێڕینەوە. ڕەنگە سەرکێشییەکی بێوێنە نەبێت گەر بوترێت ئێستامان سەردەمی پۆست-بێدەنگییە.

ئەمە بەو مانایە نایەت کە تەنها لە ئێستادایە چاخی زێڕینی بێدەنگی لێمان کشاوەتەوە. بێدەنگی هیچکات ڕۆژانێکی پڕشنگداری بە خۆیەوە نەبینیوە و ڕەنگە دەماودەمیش لەگەڵ خۆرهەڵاتنی مرۆڤایەتیدا سیفەتی نەخوازراوی درابێتە پاڵ و دۆخی ترسهێنی وەکوو مەرگ و گۆڕی بە بیری مرۆڤەکان خستبێتەوە، هەروەک چۆن لە ئێستاشدا هەر هەمان وێنە و هەستوسۆز دەدرێتە پاڵی. ئەوەی لە ئێستادا بە زەقی بەری دەکەوین بەستنەوەی بێدەنگییە بە نەبوونەوە، وەکئەوەی قسەنەکردن و ڕادەرنەبڕین و بەشدارینەکردن لە ئاخاوتنی کۆمەڵایەتی یەکسان بێت بە کشانەوە لە جیهان. بە مانایەکی تر، لە سەردەمی ئێستادا هەستێکی زاڵ و بەربڵاو هەیە کە ژیانی مانادار ژیانێکە کە ئەوانی تر بیبینن و دەربارەی بزانن و ببیستن، وەکئەوەی گەر ساتە بچووک و گەورەکانی ژیانمان بە وێنە و ڤیدیۆ و نووسین و قسەکردن بەوانی تر نەگەیەنین ئەوە ئەو ساتانە نەژیاوین. لە ئێستاماندا دەکرێت وتەکەی سوقرات کە دەڵێت “ژیانی تاقی نەکراوە شایستەی ژیانکردن نییە” دەستکاری بکرێت و ڕەنگە هیچ بێڕێزییەک لەوەدا نەبێت وتەکە بۆ سەردەمی ئێستامان بگونجێنین و بە خوێچێشێکی گومانگەرانەوە وەها دایبڕێژینەوە کە “ژیانێکی قسەلەسەرنەکراو و تێبینی نەکراو لەلایەن ئەوانی ترەوە شایستەی ژیانکردن نییە.”

بەڵام با لەسەر هێڵی باسەکە بمێنمەوە و بپرسم لە سەردەمی پۆست-بێدەنگیدا دەکرێت بێدەنگی چ پێگەیەکی هەبێت؟ من لە ژیاندا ڕێم لە دوو جۆر مرۆڤی تەواو پێچەوانە کەوتووە، لەلایەک ئەوانەی لە بێدەنگی سڵ دەکەنەوە، لەلایەکی دی ئەوانەی لە بێدەنگیدا ئارامی دەدۆزنەوە. جۆری یەکەم ئەوانەن کە گەر لە ماڵێکدا بە تەنها خۆیان دۆزییەوە، پێویستیان بەوەیە تەلەڤزیۆنێک، ڕادیۆیەک یان ئامێرێک داگیرسابێت و دەنگی لێوە بێت. جۆری دووەم ئەوانەن خۆشترین چرکەساتی ڕۆژانەیان ئەو ساتانەن کە ژاوەژاوی دەرەوە خۆی بە ماڵیاندا ناکات و بەفرگرەکە گمەی نایەت و دەنگی سەیارە لە پەنجەرەکەیانەوە خۆی بە ژووردا ناکات و منداڵەکانی دراوسێ نووکەیان لێوە نایەت. بێگومان لەنێوان ئەم دوو جۆرە دژە لە مرۆڤ لە پەیوەندیدا بە بێدەنگی، ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ هەن کە هەم خۆشی لە بڕێک قەرەباڵغی و هەم ئاسوودەیی لە بڕێک بێدەنگی وەردەگرن. بە باسکردنی پەیوەندیی کەسەکان بە بێدەنگییەوە مەبەستمە ئەوە بڵێم کە هەریەک لە ئێمە هەڵوێستێکی تایبەت بە خۆمان بەرامبەر بە بێدەنگی هەیە. هەروەکوو چۆن دەشێت بە سروشتمان حەزمان بە گەرما یاخود سەرما بێت، حەزمان بە ڕووناکی یاخود تاریکی بێت، بە هەمان شێوەش هەریەکەمان بونیادێکی تایبەت بە خۆمان دەربارەی پەیوەندیمان بە بێدەنگی تێدایە. وەکچۆن سەرما و گەرما و تاریکی و ڕووناکیش واقیعی هەستپێکراون کە پەیوەندیمان بە جیهانەوە و شووناسمان دیاری دەکەن، بێدەنگیش لای هەر یەکێکمان واقیعێکە، واقیعێک کە دەکرێت لە بارەیەوە بدوێین، بەڵام دواجار بە خودێتی خۆمانەوە ئەزموونی دەکەین. 

یەکێک لە سیما دیارەکانی بێدەنگی ئەوەیە لەگەڵ ناوهێنانیدا وێنەی کەسانێکمان دێتە بەرچاو کە دەکرێت لە دوور و نزیکەوە بیانناسین، ئەو کەسانەش لە زۆربەی بارەکاندا دەکرێت ژمارەیەک لە ڕاهیبە بودییەکان، یاخود کەسانی تەنیا و کەنارگیر، یاخود شاعیران بن. سەروکاری من لێرەدا لەگەڵ شاعیرانە چونکە شاعیران بە هەڵبژاردنی بێدەنگی کۆمەکمان دەکەن بەوەی نەک هەر لە مانا و گرنگیی بێدەنگی نزیکتر ببینەوە، بەڵکوو کەمێک لەوە تێبگەین چۆن هەڵبژاردنی بێدەنگی لەلایەن شاعیرانەوە خزمەت بە زمان و دەربڕین دەکات. شاعیران هەم لە بێدەنگیدا دەژین و هەم لە ڕێگای شیعرەکانیانەوە پیشانمان دەدەن بێدەنگی لەلایان چ پێگەیەکی هەیە. ”دیار سۆفی” شاعیر لە کتێبی ”زمانم دەکێشمەوە”دا لە جێیەکدا دەنووسێت:

”ڕۆژگار قەرەباڵغ بووە

مرۆڤەکان هەڵدەکوتنە سەر تەنیایی یەکتر

سەرم لەم پرسیارە زۆرانە دەرناچێ

زمانم دەکێشمەوە لە وتن.”[1]

ئێمە لەو دێڕانەی سەرەوە بەر وێنەی کەسێک دەکەوین کە بە کشاندنەوەی زمانی، بە بڕیاردانی بۆ بەشداری نەکردن لە کردەی ئاخاوتن لەگەڵ کەسانی تردا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و پرسیارێکی سەرەکیی لێرەدا ئەوەیە شاعیران بۆچی هەندێجار بێدەنگی هەڵدەبژێرن و مانای چییە بە شیعر ئەوەمان پێ دەڵێن و لە شیعرنووسین بەردەوامن؟

بێدەنگبوونی شاعیران یەکسان نییە بە ڕەتکردنەوەی توانستی بێپایانی زمان یاخود بە درێژنەکردنەوەی پانتاییی دەربڕین. بە پێچەوانەوە، شاعیران کاتێک بێدەنگی هەڵدەبژێرن هەڵبژاردنەکە لە خزمەتی زمان و دەربڕیندایە.

من باوەڕم بەوەیە خەسڵەتێکی زمانکشاندنەوەی شاعیران لەوەدایە بێدەنگبوونی شاعیران یەکسان نییە بە ڕەتکردنەوەی توانستی بێپایانی زمان یاخود بە درێژنەکردنەوەی پانتاییی دەربڕین. بە پێچەوانەوە، شاعیران کاتێک بێدەنگی هەڵدەبژێرن هەڵبژاردنەکە لە خزمەتی زمان و دەربڕیندایە. ڕەنگە دژیەکییەک بەو دوو لایەنەوە دەربکەوێت، بەوەی چۆن بێدەنگبوون خزمەت بە دەربڕین دەکات؟ لە ڕاستیدا هیچ دژیەکییەک لە ئارادا نییە گەر ئەوە بهێنینەوە یادمان کە کردەی ئاخاوتن تەنها فۆڕمێکی پیادەکردنی زمانە و لە سەردەمی ئێستاماندا شیعر زیاتر کردەیەکی زمانەوانیی نووسراو و خوێندراوە نەک وتراو. وەکو ”دیار سۆفی” لە جێیەکی تردا دەنووسێت:

”لە بیری جیهان چوومەتەوە

لەناو چۆڵەوانی خۆمدا پیاسە دەکەم

وادەکات درەنگتر خۆمم بیر بچێت.”[2]

هەروەها، شاعیران کە لە ئاخاوتن خۆیان بەدوور دەگرن ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت ئەوان لە ساتەوەختێکدا دەژین کە ئەوەی هەیە غەڵبەغەڵب و فرەبێژییە، نەوەک دەربڕین و گوزارشتکردن لەوەی جودا و ناوازە و تاکەکەسییە، هەر بۆیە شاعیران لە زۆربڵێیی چواردەوریان دەکشێنەوە بەبێ ئەوەی لە کارکردن بۆ فراوانکردنی ئاسۆکانی زمان و دەربڕین ڕابووەستن. بە مانایەکی تر، هەندێجار ئەنتیدۆتی (چارەی) ژاوەژاو و لێک تێنەگەیشتن بێدەنگییە. لە لایەکی تریش، جوانییەکی بەرچاو لە بێدەنگیدا هەیە. من هەمیشە جوانیی ئەو ساتانەم لەپێش چاوە کە تیایدا دوو هاوڕێ و دوو خۆشەویست و دوو کەس هێندەی چێژوەرگرتن لە گفتوگۆ و گاڵتەوگەپ و پێکەنینیان چێژ لە چرکە و خولەکە خامۆشەکانی نێوانیان وەردەگرن. لە ڕاستیدا هەندێک کۆمنیکەیشن هەن بێدەنگی پێشمەرجی ڕوودانیانە، بۆ نموونە ئەستەمە پڕاوپڕ نیگای کەسی بەرامبەر بهێنیتە نێو خۆت گەر لە ساتی سەیرکردنیدا خەریکی قسەکردن بیت، هەرچۆن ئەستەمە درک بە ڕیتم و میوزیکی نێو هەڵکردنی با و لێکخشاندنی گەڵا و ترپەی باران بکرێت گەر بێدەنگییەک لە ئارادا نەبێت. “چارڵز سیمیک“ی شاعیر لە شیعرێکیدا دەڵێت:

”گەیشتم بە کێڵگەیەک

گژوگیاکەی بێدەنگی بوو

گوڵەکانیش

وشە”[3]

هۆیەکی دی بە هۆیەوە دەکرێت شاعیران بێدەنگی هەڵبژێرن ئەوەیە شاعیران کەسانێکی بریندارن. شاعیری ئەمریکی “تۆنی هۆگلاند” یەکێکە لەوانەی بەڕوونی شاعیربوون بە برینداربوونەوە گرێ دەدات و شاعیر وەکوو ”هاووڵاتییەکی بریندار”[4] ناوزەند دەکات. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەوانی ترمان بریندار نین. لە ڕاستیدا هەر یەک لە ئێمە هەڵگری ژمارەیەک برین و جێبرینی بینراو و نەبینراوین. شاعیرانیش وەکوو ئەوانی ترمان بریندارن، ڕەنگە بەو جیاوازییەی، وەک هۆگلاند دەڵێت، شاعیر کەسێکە برینی خۆی بە شیعر دەردەبڕێت و ئەو دێڕێک لە شیعرێکی “سێزار ڤایێهۆ” ده‌هێنێته‌وه‌، ئه‌و دێڕەی ده‌ڵێت:

”ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌دایك بووم، خودا خراپ نه‌خۆش كه‌وتبوو.”

هۆگلاند ده‌ڵێت هه‌ستكردنێك یان بیرۆكه‌یه‌ك له‌و دێڕه‌دایه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌رتاپای ژیانی هه‌ستی پێ كردبێت، به‌ڵام هه‌رگیز ئاواهی پێشتر به‌ وتراوی ڕێی لێ نه‌كه‌وتبێت. لای هۆگلاند ئه‌و دێڕه‌ ده‌كرێت ڕۆڵی ئه‌و پارچه‌یه‌ ببینێت كه‌ بۆ چاره‌سه‌كردنی نهێنییەکی بوون پێویستمان پێیه‌تی. نزیک لە باسی برینداربوونی شاعیریش ”دیار سۆفی” دەنووسێت:

”خەڵکی زۆر لە تەنیشتمدا دەژین

جۆرێکن لە ئاسن

کاتێک بەرمدەکەون

بەشێک لە یادەوەریم دادەماڵن.

بەڵام من برینی خۆمم خۆشدەوێت

دەتوانم وەریبگێڕم بۆ شیعر.[5]

چارڵز سیمیک“(١٩٣٨)ی شاعیر و نووسەری ئەمریکایی

دیارە وەڵامی ڕاشکاوی ئەو پرسیارەی بۆچی شاعیران یان هەرچ کەسێکی تر بریندارن ئەوەیە کە شاعیران ئازاریان هەیە، کە شتگەلێک هەن ئازاریان پێدەگەیەنن و برینداریان دەکەن. لێرەوە خەسڵەتێکی بەرچاو لە شیعردا بەسەرکردنەوەی برین و ئازارە، وەکئەوەی شیعر چالاکییەک بێت لە ڕێگەیەوە بە چەندین شێواز و لە هەموو سەردەمێکدا بەوە ئاشنا دەبین کە هەر یەکێک لە ئێمە لە برین و ئازارەکانی تەنیا نییە. لە ئاشنابوون بەوەی کەسانی تریش وەکوو ئێمە بریندارن دەکرێت بڕێک دڵنەوایی دەست بکەوێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەرکی شیعر دڵنەواییکردنە و شیعر وەزیفەی کۆمەڵایەتی هەیە. من باوەڕم بەوە نییە شیعر چالاکییەک بێت کە مەرجی هاتنەئارای جێبەجێکردنی ژمارەیەک ئەرکی پێشوەخت دیاریکراو بێت. شیعر هەر کاردانەوە و کاریگەرییەکی هەبێت، ئەوە ناگەیەنێت کە شاعیر لە خولەکی خولقاندنیدا بەمەبەست و ئاگامەندانە کاری لەسەر ئەو کاردانەوە و کاریگەرییانە کردووە. شاعیران بە پاڵنەری جودا و بە میتۆدی جودا کار لەسەر شیعر دەکەن و من باوەڕم بەوەیە داڕشتنی شیعری دۆخێکە تیایدا شاعیر لەوپەڕی تەنیایی و تاکێتیی خۆیدا، واتە بەدەر لە چاوی ئەوی دی، دەتوانێت شیعر بهێنێتە بەرهەم.

blank
ڕووبەرگی “زمانم دەکێشمەوە، کتێبی شیعری “دیار سۆفی”، وەشانی نووسیار ٢٠٢١

پرسی برینداربوون و ئازارکێشان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە هۆکارەکانی برینداربوون و ئازارکێشانەوە. ئازاری خۆشەویستی و دابڕان، برینی شەڕ و براکوژی، خەفەتی لە بەهەشت دەرکردنی مرۆڤ و ڕەشوڕووتی و نەداری و مەرگ و چەندین دۆخ و ئەزموونی دیکە بە درێژاییی هەزاران ساڵە هاتوونەتە شیعرەوە، بەڵام ئەوەی تاڕادەیەک نوێیە و کەمتر خۆی هاویشتۆتە شیعرەوە ئازاری ئیشکردنە. ئیشکردن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وەکوو درەختێکی خۆسەپێنەر لقوپۆپی بە هەموو ئاستەکانی ژیاندا پەلیکێشاوە و خۆی وەکوو پێشمەرجی ژیان پێشکەش دەکات. من لێرەدا مەبەستم لە جۆرە ئیشێکە کە مرۆڤ مەحکوم دەکات بە بیرنەکردنەوە، دۆخێک کە مرۆڤ بە هۆی هەشت بۆ دوانزە کاتژمێر ئیشکردنی ڕۆژانەوە ئیشکردن وەها سەرتاپای ژیانی دەتەنێت کە تەنانەت کاتێک پاروویەک بۆ دەمی دەبات و دوای ئەوەی لە سێکس تەواو دەبێت و کاتێک نیوەشەو بۆ میزکردن خەبەری دەبێتەوە ئەوەی بە مێشکیدا دێت ئیشەکەیەتی و پەیوەندی بە ئیشەکەیەوە هەیە. ”دیار سۆفی” دەنووسێت:

سەیرکە چۆن ئیش وشکی کردوومەتەوە

تەمەنی پڕبارانم

بەدەم تێرکردنی کڕیارەکانەوە چۆن سووتا.

بە جۆرێک شکاوم

دڵم نایەتەوە ناو سینگم.

ڕۆژانە دوانزە کاتژمێر لە کارم

کات کەڵەکە دەبێ و دەمکات بەژێرەوە.[6]

هاوشانی زۆرێک لەو ئومێدە خۆشباوەڕانەی کەوا سەردەمی تەکنەلۆژیا ئیشکردنی مرۆڤەکان ئاسانتر دەکات، ئەو ڕاستییە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە کە هەتاوەکوو کەسانێک ڕۆژانە هەشت کاتژمێر لەسەر کورسییەک بەرامبەر مێزێک چاو لە شاشەیەک ببڕن و کەسانێک لەبەر خاتری بژێوی دوانزە کاتژمێر خەریکی خزمەتکردنی کڕیار بن و دەیان جۆر ئیشی دیکە کە وزەی مێشکیی و هەستوسۆزی کارکەران هەڵدەمژن، ئیشکردن ئەو هۆکارە پڕوکێنەرە دەبێت کە جەستەی کەسەکان لەکار دەخات و تووشی داڕمانی دەروونیمان دەکات. لە جیهاندا و لەو شوێنانەی تەریقەتی بەپیرۆزتەماشاکردنی ئیش تیایاندا بڵاوە، لەو شوێنانەی ئەو کەسانەی کە ناتوانن لە کارخانەکانی بەرهەمهێنانی شمەک و خزمەتگوزاریدا بەشدار بن لەژێر پێشداوەریدا دەژین و هەندێجار وەکوو مشەخۆر و تەوەزەل و زیادە لێیان دەڕوانرێت، لەو شوێنانەدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ ”ژیانی جمەدار” جێ بە ”ژیانی ئەندێشەدار” لەق دەکات، هەڵبژاردنی بێدەنگی هەتاوەکوو بێت ئەستەمتر دەبێت. ژیانی جمەدار خێرایی و ڕانەوەستان و پەیوەندیی نەپچڕاو بە مانادار دەزانێت، ژیانێک تیایدا مرۆڤەکان هەڵپەی ڕاکردنیان بێت بەدوای ئیشکردن و چالاکی و دەوڵەمەندی، ژیانێک تەنانەت خۆشگوزەرانی و پشوو وەرگرتنیش تیایدا بەستراونەتەوە بە هەمان هاوکێشەی گشتییەوە و وەکوو دەرئەنجامی ڕاکەڕاک تەماشا دەکرێن، بۆ نموونە لەژێر هاوکێشەی ژیانی جمەداردا خانەنشینبوونێکی بێکێشە و پشووپێدەر تەنها لە دوای ساڵانێکی زۆر لە ئیشکردنی بەردەوام فەراهەم دەبێت. فەیلەسووفی ئەڵمانی-کۆری ”بیۆنگ-چەڵ هان” هەستکردن بە خێرابوون و پەرتەوازەبوونی کات لە سەردەمی ئێستادا دەبەستێتەوە بەو نرخە ڕەهایەی بە ژیانی جمەدار سپێردراوە، نرخپێدانێکی لەو چەشنەش بە بڕوای ئەو دەمانخاتە ژێر جەبری ئیشکردنەوە و ئەوەش دەمانخاتە ئاستێکی نزمتر لە بوون کە بوونمانە وەکو ”ئاژەڵی کارکەر”.[7] لە بەرامبەردا، ژیانی ئەندێشەدار ئەو دۆخەیە کە تیایدا مرۆڤ دەتوانێت لەسەر دیاردە و ڕووداو و ئەزموونەکانی ڕابوەستێت بەبێ ئەوەی هەست بکات تێڕامان لەکیسچوونی کاتە. بە لای منەوە جێی سەرسوڕمان نییە کە ئەوەی شاعیران پێویستیانە هەبوونی ژیانی ئەندێشەدارە لەناو، یاخود هاوشانی، ژیانی جمەدار. گرنگە ئەوە بوترێت کە ژیانی جمەدار و ژیانی ئەندێشەدار دژی یەکتری نین هێندەی تەواوکەری یەکترین. ڕاستە کەوا ”بیۆنگ-چەڵ هان” لە بەرامبەر ژیانی جمەداردا سەرلەنوێ کاراکردنەوەی ژیانی ئەندێشەدار بە پێویست دەزانێت، بەڵام ئەو کاراکردنەوەیە ژیانی جمەدار ڕەت ناکاتەوە، بەڵکوو وەهای دەبینێت کە دەبێت ژیانی ئەندێشەدار لەخۆی بگرێت.[8] دواجار بڕێک لە داهێنانەکانی ژیانی جمەدار بەرهەمی ژیانی ئەندێشەدارە و بەبێ ژیانی ئەندێشەدار ژیانی جمەدار مارشێکی یەکهێڵی بێمانا دەبێت بەرەو مەرگ.

لە پەیوەندیدا بەم باسەوە، بێدەنگی تووخمێکی بنچینەییی ژیانی ئەندێشەدارە. ئەندێشەسازی و تێڕامان و قووڵڕۆچوون بەبێ فەراهەمبوونی بێدەنگی نایەنە ئاراوە. لێرەدە پێویستە ئەوە بڵێم کە بێدەنگی بە مانای نەبوونی ڕەهای دەنگ نایەت هێندەی ئاماژەیە بە کشانەوەیەکی کاتیی ورتەورت و ئاخاوتنی بەردەوام؛ ئەو بێدەنگییەی من لێرەدا مەبەستمە بێدەنگییەکە بارگاوی بە ئەگەری لەدایکبوونی بیرکردنەوە و داڕشتنی نوێ. ئەوە ئەم جۆرە بێدەنگییەیە کە کۆمەکمان دەکات باشتر لە خۆمان و شتەکان تێبگەین. گەر بەم بۆنەیەوە هەوڵی تێگەیشتن لە ”کات” وەکو نموونە بهێنمەوە، نووسەری ئەمریکی ”جۆن ئێدگار وایدمن” لە نووسینێکیدا باس لەوە دەکات کە ئەوە لە ساتەکانی بێدەنگیدایە، لەو ساتانەی کە لە نووسین ڕادەوەستێت و لە قەراغ دەریاچەیەکدا لە درەخت و ئاسمان دەڕوانێت، لەو ساتانەی کە بێدەنگی ناخی و بێدەنگی دەرەوەی بەیەک دەگەن کە لە تێگەیشتن لە کات نزیک دەبێتەوە.[9] وایدمن دەکرا بە شێوەیەکی تر بڵێت کە پێشمەرجی تێگەیشتن لە کات بێدەنگییە.

گەر بێدەنگی سەرزەمینێک بێت لەدوای گەیشتن بە سنووری قسەکردن دەست پێ بکات، ئەوە لای بێنیامین “کەسی بێبەرهەم هەرگیز ناگات بەو سنوورە”

من کە بە درێژاییی ئەم نووسینە باس لە هەڵبژاردنی بێدەنگی لەلایەن شاعیرانەوە دەکەم مەبەستم لە کردەیەکی ئاگامەندە کە یەکسان نییە بە متەق لێوە نەهاتن و دەمداخستنی تاک لە بەردەم نادادپەروەری و توندوتیژیدا. بە لامەوە گرنگە کە لە باسکردنی بێدەنگیدا نەکەوینە ستایشکردنی بێدەنگییەکی نێگەتیڤەوە، واتا بێدەنگییەکی لەرزۆک و سەپێنراو. سەرەڕای ئەوەش، بێدەنگیی شاعیران گەر بۆ شاعیران پێویستییەکی هونەری و تەنانەت وجوودیش بێت، ڕەنگە لە لای ئەوانی ترمان وەکوو ئەکتێکی دژەگەل (دژ بە کۆمەڵگا و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی) دەربکەوێت. دواجار بەڕێوەچوونی ژیانی ڕۆژانە لەسەر ئاڵوگۆڕ و بەکارهێنانی زمان وەکوو ئامێرێکی پەیوەندیکردن ڕاوەستاوە. بەڵام ئەمە تەنها لە ڕووکەشدا وایە. بێدەنگی و چرکەساتی بێدەنگی بە ژیانی ڕۆژانە بێگانە نین. مرۆڤەکان بڕێکی باش کاتی هۆشمەندییان بە بێدەنگی یاخود بە دیالۆگی یەکلایەنە لەگەڵ خۆیاندا بەسەر دەبەن. ژیانی ڕۆژانە بەبێ پشوو وەرگرتنی ناوبەناو لە قسەکردن مرۆڤەکان بەرەو هەڵدێری دەروونی دەبات. لێرەدا جیاوازیی بێدەنگیی شاعیران لەوەدایە ماوەی بێدەنگی لای شاعیران فراوانتر و پشوودرێژترە. ئەو ماوەدرێژییە مەرجێکی پێویستە بۆ ئەوەی شاعیران بتوانن ئەو هەموو وێنە و دەنگ و بەرامە و بەرکەوتن و ڕووداو و هەست و بیرکردنەوانەی دێتە ناویانەوە کاری لەسەر بکەن و بە شیعریان بکەن. بێدەنگی بەر لە قسەکردن بوونی هەیە و هەمدیسانیش لەگەڵ کۆتایهاتنی یاخود ڕاوەستانی قسەکردندا دێتەوە بوون. ”واڵتەر بێنیامین” دەڵێت، “بێدەنگی سنووری ناوەکیی قسەکردنە.” قسەکردن لە بێدەنگییەوە سەر هەڵدەدات و بەرەو بێدەنگی هەنگاو دەنێت. بێنیامین بەردەوام دەبێت و شتێک دەڵێت کە هێجگار پەیوەستە بە باسەکەمانەوە. گەر بێدەنگی سەرزەمینێک بێت لەدوای گەیشتن بە سنووری قسەکردن دەست پێ بکات، ئەوە لای بێنیامین “کەسی بێبەرهەم هەرگیز ناگات بەو سنوورە”.[10] بە پێچەوانەی کەسانی بێبەرهەم، شاعیران کەسانێکن دەگەن بە سنووری قسەکردن و لێوەی دەپەڕێنەوە بۆ سەرزەمینی بێدەنگی و لەوێدا کات بەسەردەبەن، هەر بۆیە شاعیران، بە حوکمی ڕۆیشتنیان بۆ بێدەنگی و چنینەوەی شیعر تیایدا، کەسانێکی بەرهەمدارن.

دواهەمین خاڵ کە دەمەوێت لەسەری ڕابوەستم ئەوەیە بەدەر لەو تێڕوانینەی شاعیران وەکوو کەسانێکی تەنیا و دژەکۆمەڵ دەبینێت، وەکئەوەی شاعیران کەسانێک بن خۆشییەکی نائاسایی لە تەنیاییان ببینن، ڕاستییەکەی ئەوەیە شاعیران وەک زۆربەی ئەوانی ترمان بەر غەمی تەنیایی دەکەون و تەنیایی ئازاریان دەدات. لێرەدا هەمدیسان دەگەڕێمەوە بۆ لای شیعرەکانی ”دیار سۆفی” بۆ ئەو جێیەی تێیدا هاتووە:

بێدەنگی وەک دەمار لاشەی تەنیوم

پەنجەرەیەک نیە

خۆمی لێ فڕێبدەمە قەرەباڵغییەکەوە.[11]

ڕەنگە جیاوازییەکی شاعیران لەوەدا بێت کە ئەوان تەنیاییی خۆیان قبووڵ دەکەن، کە تەنیاییان پەنجەرەیەکە لێیەوە لە دۆخی مرۆڤبوون ڕادەمێنن، کە تەنیاییان دۆخێکە هەلی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێنێت هەستەکانیان چڕ بکەنەوە و یادەوەری و بیرۆکە و وێنەکانی ناو مێشک و خەیاڵیان بە داڕشتنی شیعری بنووسنەوە. لە کۆتاییدا شاعیران بێدەنگی هەڵدەبژێرن چونکە مەرجی کات بەسەربردن لەگەڵ تەنیاییدا بێگومان هەبوونی بێدەنگییە.


[1] دیار سۆفی، زمانم دەکێشمەوە، لاپەڕە ٥٤. وەشانی نووسیار، ٢٠٢١.

[2]  دیار سۆفی، زمانم دەکێشمەوە، لاپەڕە ١٤. وەشانی نووسیار، ٢٠٢١.

[3] Charles Simic, Dismantling The Silence, p.6. George Braziller. 1971.

[4] Tony Hoagland: Articulate Deformity: Poet as a Wounded Citizen. Chicago Ideas. Youtube: https://www.youtube.com/watch?v=hqantlF-FgY&ab_channel=ChicagoIdeas. Jan 7, 2013.

[5]  دیار سۆفی، زمانم دەکێشمەوە، لاپەڕە ٩. وەشانی نووسیار، ٢٠٢١.

[6]  دیار سۆفی، زمانم دەکێشمەوە، لاپەڕە ١١-١٢. وەشانی نووسیار، ٢٠٢١.

[7] Byung-Chul Han, The Scent of Time, Translated by Daniel Steuer, MOBI, 2009.

[8]”بیۆنگ-چەڵ هان” هەردوو چەمکی ژیانی جمەدار و ژیانی ئەندێشەدار لە ”هانا ئارنێت” وەردەگرێت و لە چەند جێیەکدا لەگەڵ تێڕوانینی ئارنێت دەکەوێتە گفتوگۆوە. من لێرەدا بە پێویستم نەزانی ئەو باسە بهێنمە ناو نووسینەکەمەوە.

[9] John Edgar Wideman, In Praise of Silence, Callaloo, Vol. 24, No. 2, The Best of Callalo Prose: A Special 25th Anniversary Issue(Spring, 2001), pp. 641-643. Published by: The Johns Hopkins University Press. Stable URL: https://www.jstor.org/stable/3300543. Accessed: 27-06-2022 01:59 UTC.

[10] Walter Benjamin, Selected Writings, volume 1, 1913-1926. p.7, PDF, 2004.

[11] دیار سۆفی، زمانم دەکێشمەوە، لاپەڕە ١٤. وەشانی نووسیار، ٢٠٢١.