واڵتەر بنیامینی لاو

لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

مشتومڕكردن لەسەر كارەكانی واڵتەر بنیامین، بە شێوەیەكی نەریتی سەرنجی لەسەر ڕەخنەى كولتووریی ئەو چڕ كردۆتەوە كە بەسەر بەرپرسیارێتییە سیاسییە ماركسیستییەكانی ئەودا تێدەپەڕێت. بەڵام لەم ساڵانەى دواییدا بەشێكی جەوهەریی مشتومڕی ماركسیستی لەسەر نووسراوەكانی بنیامین سەری هەڵداوە، كە بەگشتی سەرنجی خۆى زیاتر لەسەر كاری “ماتریالیستی”ی ئەو لە دەیەى ١٩٣٠دا چڕ دەكاتەوە. بە هەر حاڵ نووسراوە ماركسیستییە سەرەتایییەكانی بنیامین – كە هەوڵێكی تەواو هیترۆدۆكس، ناباو و لاوەكی پیشان دەدات لەپێناوی هێنانی هەم ئەنارشیزم و هەم كۆمۆنیزمدا – شایستەى ئاوڕلێدانەوەیەكی گەورەترن.

پێش ١٩٢٤، وا دەردەكەوت ئەنارشیزم سەرەكیترین ئیلهامی سیاسیی بنیامینی لاو بێت. لە مشتومڕەكەیدا دەربارەى ژیانی خوێندكاران (١٩١٥)، ستایشی “ڕۆحی تۆلستۆیی” كاركردن بۆ هەژاران دەكات، كە “لە ئایدیاكانی قووڵترین ئەنارشیستەكان و كۆمەڵە ڕەهبانییە مەسیحییەكانەوە” گەشەی كردبوو و سەری هەڵدابوو. زۆر گرنگتر، لە وتارەكەیدا لە ساڵی ١٩٢١، بە ناوی ڕەخنەى توندوتیژی، دەكرێت ئەو ڕامان و تێڕوانینانە ببینرێنەوە كە ڕاستەوخۆ ئیلهامیان لە گیۆرگ زیمیل و بزووتنەوە ئەناركۆ-سەندیكالیستییەكانەوە وەرگرتووە.

بنیامین بە هیچ جۆرێك سووكایەتیی تەواوەتیی خۆى بە دامەزراوە دەوڵەتییەكان، وەك پۆلیس (“فۆرمی هەرە داڕماو و گەندەڵی توندوتیژی كە دەكرێت دەركی بكەین”) و پەرلەمان (“نمایشێكی خەمهێنەر”) ناشارێتەوە و بێكۆتوبەند ڕەخنەى دژەپەرلەمانتاریی بەلشەڤییەكان و ئەناركۆ سەندیكالیستەكان قبوڵ دەكات – ئەو دوو ئاراستەى ئەو پێی وابوو پەیوەندییان بە هەمان كەمپ و بەرەوە هەیە.

هەروەها ستایشی پێشنیارەكەى سۆرێل بۆ مانگرتنی گشتی وەك كردەیەكی دەستەجەمعی دەكات، كە “خۆی وەك تەنها ئەركی تاقانەى خۆی بۆ لەناوبردنی توندوتیژیی دەوڵەتی دەبینێت”. ستراتیژییەتی سۆرێل، كە بنیامین بە وشەى “ئەنارشیستیی” لە قەڵەمی ددات، بۆ ئەو زۆر گونجاو، زۆر “قووڵ، ئەخلاقی و بە شێوەیەكی ڕەسەن شۆڕشگێڕانە” دەردەكەوێت.

لە دۆكۆمێنتێكی هەمان سەردەمدا (كە لە سەردەمی ژیانی ئەودا بە بڵاونەكراوەیی مایەوە)، “مافی بەكارهێنانی توندوتیژی، لاپەڕەكان بۆ سۆسیالیزمێكی ئایینی” (١٩٢٠-١٩٢١)، بیركردنەوەى خۆى بەڕاشكاوی بە بیركردنەوەیەكی ئەنارشیستیی وەسف دەكات: “پیشاندانی ئەم گۆشەنیگایە یەكێكە لە ئەركەكانی فەلسەفە ئەخلاقییەكەم، كە بۆ ئەمەش بێگومان دەكرێت زاراوەى ئەنارشیزم بەكار بهێنرێت. ئەمە تیۆرییەكە مافی ئەخلاقی بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی لەخودی خۆیدا ڕەت ناكاتەوە، بەڵام ئەم مافە بۆ هەر دامەزراوە، كۆمەڵە یان تاكێكی دیكە ڕەت دەكاتەوە كە شانازی بە قۆرخكردنی توندوتیژیی بۆ خودی خۆى دەكات”.

بۆیە لەم دۆكۆمێنتە سەرەتایییانەوە بە ڕوون و ئاشكرایی دەردەكەوێت كە ئەنارشیزم یەكەم بژاردەى ئەخلافی و سیاسیی بنیامین بووە – ڕەتكردنەوەى ڕادیكاڵ و كاتیگۆرییانەى هەموو دامەزراوە سەقامگیربووەكان و بەتایبەتیش دەوڵەت. ئەوە تەنها دوای چەند ساڵێك بوو، دوای كۆتاییی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییە گەورەكانی ئەوروپا لەنێوان ١٩١٧-١٩٢٣، كە بنیامین بە شێوەیەكی نامۆ و سەیر ماركسیزمی كەشف كرد.

لەوانەیە ئەو شەپۆلی شۆڕشگێڕییە ئەوی بەرەو قبوڵكردنی زیاتری ئایدیا كۆمۆنیستییەكان بردبێت، بەڵام ئەوە پاشان بوو ، واتا ١٩٢٤، كاتێك كتێبی مێژوو و وشیاریی چینایەتیی جۆرج لۆكاچ دەخوێنێتەوە و ئاسیا لاسیسی مامۆستا و چالاكوانی بەلشەڤی دەبینێت – پاشان دەكەوێتە داوی خۆشەویستییشەوە لەگەڵیدا – كە بەڕاستی دەبێتە ماركسیست، ڕێگایەكی بیركردنەوە كە بەزوویی دەبێتە پێكهێنەرێكی سەرەكیی ڕامانە سیاسی و تیۆرییەكانی ئەو.

واڵتەر بنیامین(١٨٩٢-١٩٤٠)

لە سێپتێمبەری ١٩٢٤ لە نامەیەكیدا بۆ گێرشەم شۆلەم، بنیامین تەئیدی ناكۆكی و كێشمەكێشمەكانی نێوان ئەو شتەى پێی دەڵێت “بنچینەكانی نیهیلیزمی من” و دیالەكتیكی لۆكاچ دەكات؛ ئەو شتەى لە مێژوو و وشیاریی چینایەتیدا زۆر ستایشی دەكات ڕیزبەندیی نێوان تیۆر و پراكتیك بوو كە “ناوكی ڕەقی فەلسەفی”ی كتێبەكە پێك دەهێنێت و مەزنێتییەكی وەها بە لۆكاچ دەبەخشێت كە “جگە لەمە هەر ئاراستەیەكی دیكە جگە لە ئاراستەیەكی بۆرژوازی و دیماگۆژی، شتێكی دیكە نییە”.

دوای دوو ساڵ، لە نامەیەكی دیكەدا بۆ شولەم، بنیامین دەنووسێت كە بیری لەوە كردۆتەوە بچێتە ناو پارتی كۆمۆنیستی ئەڵمانیاوە، بەڵام جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە دەیەوێت سوێندی خۆی بەرانبەر “ئەنارشیزمی كۆنی خۆى” بشكێنێت.

دواجار، دوای دوودڵی و ڕامانێكی زۆر، بڕیاریدا نەچیتە ناو پارتی كۆمۆنیستەوە. وەك لایەنگرێكی نزیكی حزب مایەوە، بەڵام هەمیشە بە دیدگایەكی ڕەخنەیییەوە. دەكرێت یەكێك لە نموونەكانی ئەم پشتیوانییە لە كتێبی ڕۆژانەى مۆسكۆ(١٩٢٦-١٩٢٧)دا ببینرێتەوە، كە تیایدا ڕوانینی نێگەتیڤ و نەرێنیی خۆى بەرانبەر هەوڵی دەوڵەتی سۆڤێت بۆ “زیندانیكردنی دینامیكییەتی پرۆسەى شۆڕشگێڕی” دەردەبڕێت – ئەرگومێنێتێك كە بەڕاشكاوی نزیكییەكی زۆری هەبوو لەگەڵ ڕوانگە ڕەخنەیییەكان كە لەو سەردەمەدا لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی چەپی پارتی كۆمۆنیستی سۆڤێت گەشەى پێ درابوو (ترۆتسكی، زینۆڤیڤ، كامینڤ).

هەروەك بۆ شولەمی ڕوونكردەوە، بنیامین دەستی لە “ئەنارشیزمی كۆن”ی خۆى هەڵنەگرت، بەڵام چۆنچۆنی ڕێگای خۆى بەرەو پڕۆژەى كۆمۆنیستی گرتەبەر؟ بێگومان گرنگترین نووسراوەى ئەنارشیست-ماركسیستیی بنیامین، وتارەكەیەتی بە ناوی “سوریالیزم، دوایین وێنەى خێرای ڕۆشنبیریی ئەوروپایی” لە ساڵی ١٩٢٩دا.

لە یەكەم بڕگەكانی وتارەكەدا، بنیامین خۆى وەك “چاودێرێكی ئەڵمانی” وەسف دەكات كە لە “بە شێوەیەكی باڵا پێگەى نێوان خەباتكارێكی ئەنارشیستیی و دیسپلینێكی شۆڕشگێڕی” وەردەگرێت. ئایا ئەم دووانە بە یەكەوە دەگونجێن؟ لە ساڵی 1927دا، لە شەقامەكانی پاریس، كۆمۆنیستەكان و ئەنارشیستەكان لە خۆپیشاندان و یاخیبوونەكاندا دژی سەركوتكردنی ئەنارشیستەكانی ئەمریكا، ساكۆ و ڤانزێتی، بە یەكەوە ڕژانە شەقامەكانەوە؛ سوریالیستەكانیش ئامادە بوون و بنیامین ڕۆمانی نادیای ئەندرە بریتۆن (١٩٢٨) وەك “بڕگە و ڕاڕەوێكی نایاب” ستایش دەكات، كە ڕۆمانەكە ئاماژە و نیشانەیە بۆ “ڕۆژانە درەوشاوە تاڵانكراوەكانی پاریس لەژێر نیشانەى ساكۆ و ڤانزێتی”دا.

لای بنیامین، سوریالیزم شتێك نییە جگە لە كاری “بوارێكی دیكەى ئەدەبیات” – بیروبۆچوونێك كە بۆ “پسپۆڕان”ی مامناوەند و ڕۆشنبیران دەیخاتە ڕوو. سوریالیزم زۆر زیاترە لە “بزووتنەوەیەكی هونەری”: بەڵكوو هەوڵێكە بۆ تەقاندنەوەى بواری شیعر لە ناوەوە، بەهۆى دانانی كۆمەڵێك ئەزموونی جادوویی بە دەلالەت و مانا شۆڕشگێڕییەكانەوە. بە تایبەتیتر، بەڵكوو بزووتنەوەیەكی “خەیاڵی و تیۆرییە” كە بەقووڵی هەم ئازادیخواز (دژەدەسەڵاتخواز)ـە و هەم بەدوای پێكەوەیی و هاوئاستییەكی مومكین لەگەڵ كۆمۆنیزمدا دەگەڕێت.

بنیامین چۆنچۆنی ڕەهەندی ئەنارشیستیی سوریالیزم پێناسە دەكات؟ هەوڵێك بۆ تێگەیشتن و گرتنی جەمسەری باكووری كایەى موگناتیسیی سوریالیستی، بۆیە دەنووسێت: “لە سەردەمی باكۆنینەوە، ئەوروپا تێگەیشتنێكی ڕادیكاڵی بۆ ئازادی نەبووە. بەڵام سوریالیستەكان ئەم هەڵوێستە ڕادیكاڵەیان گرتووەتە بەر”.

قورسە (لە چەند وشەیەكی سادە و سەختدا) وێنای فۆرمول و داڕشتەیەكی باشتری ناوكیی ڕەق و نەشكاوی تاریكیی بزووتنەوەكە بكەین كە لەلایەن ئەندرە بریتۆنەوە دامەزرابوو. بنیامین پێی وایە، بزووتنەوەیەك بوو “كە دوژمنایەتیی بۆرژوازی، هەر دەربڕینێكی ئازادیی ڕۆشنبیرانەى ڕادیكاڵی دەكرد كە سوریالیزمی بەرەو چەپ، بەرەو شۆڕش و پاش جەنگی ڕیف، بەرەو كۆمۆنیزم هاندا”. لە ڕاستیدا، هەر زوو دوای جەنگی كۆڵۆنیالیی فەڕەنسا لە ئەفریقای باكوور، بریتۆن و سوریالیستەكانی دیكە لە ساڵی ١٩٢٧دا چوونە ناو پارتی كۆمۆنیستی فەڕەنساوە.

بۆ بنیامین، ئەو كەسەى سوریالیستەكانی ئامادە دەكرد و هانی دەدان “بەرەو چەپ وەربچەرخێن، پییەر ناڤیل بوو، سەرنووسەری پێشووی گۆڤاری لا ڕیڤۆلوتسیۆن سوریالیستە(شۆڕشی سوریالیستی) و نووسەری كتێبی شۆڕش و ڕۆشنبیران (١٩٢٦) – ئەو دەقەى تیایدا ناڤیل پێشنیاری ئەوەی كرد كە هاوڕێ سوریالیستییەكانی بەشداری لە بزووتنەوەى كۆمۆنیستیدا دەكەن. لە ناڤیلەوە، بنیامین پێناسەی ئاراستە ڕاستەقینە شۆڕشگێڕییەكە وەك “ڕێكخراوی ڕەشبینی” دەكات.

ئەم ئاراستەیە بەرەو بەسیاسیبوون و بەرپرسیاربوون لای بنیامین بە مانای ئەوە نایەت كە سوریالیزم وازی لە چۆنایەتییە جادوویی و ئازادیخوازییەكانی خۆى هێناوە. بەپێچەوانەوە، بنیامین پێی وایە ئەو چۆنایەتییانە ڕێگایان بە سوریالیزمدا ڕۆڵێكی تاقانە و بێ وێنە لە بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیدا بگێڕێت: “بۆ بەدەستهێنان و بردنەوەى هێزە كەیفساز و سەرخۆشەكانی شۆڕش – ئەمە پرۆژەیەكە بازنەكانی سوریالیزم لە هەموو كتێب و بەشداریییەكانیاندا دەیپارێزن. دەكرێت ئەمە پێی بگوترێت ئەرك و وەزیفەیەكی زۆر تایبەتی سوریالیزم. بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركەش، سوریالیزم دەبێت واز لە چەمك و ڕەهەندە یەك ئاراستەكەی خۆى لە هاوپەیمانێتیدا لەگەڵ كۆمۆنیزم بهێنێت”.

بنیامین هاوهەستی و دڵسۆزی بۆ كام جۆری كۆمۆنیزم هەبوو؟ دیارە لەگەڵ كۆمۆنیزمی ڕەسمیدا نەبوو: لە وتاری سوریالیزمدا، بوخارین، كە لەو كاتەى وتارەكەى تیایدا نووسرا دوای ستالین، سەرەكیترین ئایدیۆلۆژیستی ماركسیزمی سۆڤێتی بوو، (هاوكات لەگەڵ كاڕڵ ڤۆگتی، ماتریالیزمی عەوامانەى سەدەى نۆزدە) وەك “ماتریالیزمی میتافیزیكی” ڕەت دەكاتەوە و ڕێك لەو كاتەدا بە شێوەیەكی هاوبیرانە ئیقتباس لە ترۆتسكی دەكات و قبوڵی دەكات كە پێشتر لە حزب دەركرابوو و دوور خرابووەوە.

لە نامەیەكی ١٠٧٣دا بۆ زۆما مۆرگن شتێرن، گێرشەم شولەم دەربارەى بەدواداچوون بۆ سیاسەتی واڵتەر بنیامین دەنووسێت: لەگەڵ ئەوەى لە ساڵی 1926دا بڕیار دەدات نەچێتە ناو حزبەوە، “گومان لەوەدا نییە لە پەیوەندیی هاوهەستی و دڵسۆزیدا بۆ كۆمۆنیزم دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت… ئەگەر بكرێت شتێكی وەها بڵێین، دەكرێت ئەمڕۆ پێی بگوترێت ترۆتسكیست”.

بە جۆرێك ئەمە بۆ من وەك شتێكی كەمێك زیادەڕۆیانە دەردەكەوێت. ئەوە ڕاستە كە سەرەكیترین نوێنەری داهاتووی هەم سوریالیزم و هەم كۆمۆنیزم لە وتارەكەدا، پییر ناڤیل، لە شوباتی ١٩٢٨دا بەهۆى پشتیوانیكردنی لە ئۆپۆزیسیۆنی ترۆتسكیستی، لە پارتی كۆمۆنیستی فەڕەنسا دەركرابوو. بەڵام بەپێچەوانەى ناڤیل، بنیامین وا بیری نەدەكردەوە كە سوریالیستەكان دەبێت واز لە ئارەزوو و ئاراستە ئەنارشیستییەكانیان بهێنن. ئەو هەروا بەسانایی جەختی لەسەر زەروورەتی ئاوێتەكردنی “ئاراستە”ی ئەنارشیستی لەگەڵ ڕێكخستن و دیسپلیندا كردەوە:

“هەروەك دەزانین بۆ سوریالیستەكان ڕەگەزەكانی سەرمەستی كە لەهەر ئەكتێكی شۆڕشگێڕیدا پەیدا دەبن، بەس نین. ئەوان هەمان بەهای یەكسان بۆ ڕەگەزەكانی تیۆر و پراكتیكی ئەنارشیستیی دادەنێن. بەڵام بۆ جەختكردنەوەیەكی تایبەت لەسەر ئەم ڕەگەزانە ڕاستەوخۆ دەبێت پراكسیس لە شوێنی پێكهێنەری میتۆدیی و ڕیشەداری شۆڕش دابنرێت، كە هەمیشە لەنێوان مەشقكردن و  جەژنی لەپێشدا دیاریكراو دێت و دەچێت”.

ئەم “سەرمەستیی”یە، ئەم ڕاوشـە(Rausch) ئەو هێز و وزەیە چییە كە بنیامین بۆ بردنەوەى شۆڕش هێندە بەدوایدا وێڵە؟ لە كتێبی شەقامی یەكئاراستەدا، ئەم سەرمەستییە وەك دەربڕینێكی پەیوەندیی جادووییی نێوان دێرینەكان و گەردووندا دەبینێت، بەڵام ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەزموون (Erfahrung) و Rausch كە پاشان دەركەوت پەیوەندیی ناوەكیی خۆى بە جیهان لە كۆمەڵگای مۆدێرندا لەدەست داوە. لە وتاری جیهانی ئەدەبی(Literarische Welt)دا، وا دەردەكەوێت كە دووبارە ئەم پەیوەندییەى لە فۆرمێكی تازە، لە سوریالیزمدا دۆزیبێتەوە.

وتارەكەى بنیامین چەندین ڕەخنەى لەسەر سوریالیستەكان تێدایە، بەڵام دەرەنجامەكە بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش ستایشكردنێكی بێكۆتوبەندی بریتۆن و هاوڕێكانییەتی: “تا ئەو كاتە تەنها سوریالیستەكانن توانیویانە لە فەرمانە هەنووكەیییەكانی [مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست] تێبگەن. ئەوان دەبنە جێگرەوەى یەكتر، كەسێكی دیكە، لە كاتێكدا هەمیشە ڕۆڵێكی مرۆیی دەگێڕن كە لە بەرانبەر سەعاتی ئاگاداركەرەوەدا وەستاون و هەر دەقەیەك بە دەنگی خۆیان زەنگی هەر شەست چركەكە لێ دەدەن”.

مانای ئەم تەمسیل (ئەلیگۆری)یە ناڕوون و مەتەڵئاسایە چییە؟ لەوانەیە بنیامین بیەوێت بڵێت بەهای تاقانەى سوریالیزم ئەوەیە كە لە توانایدایە پێشبینیی هەر چركەساتێك وەك هەر دەرگایەكی تەنگەبەر بكات كە ڕێگا دەدات شۆڕش بێتە ناوەوە – لێكدانەوەى وێنەیەك كە هەتا ماوەیەكی درەنگتر بەكار نەهێنرا (لە دوایین تێزی دەربارەى چەمكی مێژوودا).

بە لانی كەمەوە ئیتر هیچ گەڕانەوەیەكی ڕوون و ئاشكرا بۆ ئەنارشیزم لە دوایین نووسینەكانی بنیامیندا نابینرێت. ئەگەرچی بۆ چاودێرێكی تیژبینی وەك ڕۆڵف تیدەمان – سەرپەرشتیاری یەكەم چاپی ئەڵمانیی كۆی بەرهەمەكانی بنیامین – “دەكرێت (تێزەكان دەربارەى چەمكی مێژووی واڵتەر بنیامین – ١٩٤٠) وەك پالیمپسێست[1] بخوێنرێتەوە: لەژێر ماركسیزمی ڕوون و ئاشكرادا نیهیلیزمی كۆن دەبینرێت، كە ڕیسك دەكات ببێتە ئەبستراكتێكی كردەى ئەنارشیستیی”.

ئەم تەفسیرە گرنگە، بەڵام وشەى “پالیمپسێست” زۆر گونجاو نییە: لای بنیامین، پەیوەندیی نێوان هەردوو پێكهێنەرەكە، پەیوەندییەكی میكانیكی لەسەریەكدانان نییە، بەڵكوو بەپێچەوانەوە ئاوێتەكردنێكی كیمیایییانەى كەرەستە سەرەكییەكانە كە پێشتر تێكەڵی یەكتر كراون.

تیدەمان بە پەرەدان بە ئەرگومێنتەكەى خۆى، دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ تێزەكانی ١٩٤٠: “خستنەڕووی پراكسیسی سیاسی لای بنیامین زۆرتر هۆگرییەكی ئەنارشیستییە تا زیاتر هۆگرییەكی ماركسیستیی هۆشیارانە بێت”. كێشەى ئەم دیدگایە ئەوەیە دژی ئەو ئاراستانە دەوەستێتەوە كە بنیامین بە دەقیقی هەوڵی گونجاندنیان دەدات، چونكە ئەوانە وەك زەروورەتێكی تەواوكەر و یەكسان لەپێناوی كردەى شۆڕشگێڕییدا لای بنیامین دەبینرێن: “جۆش و خرۆشی” ئازادیخوازی و “جدییەت”ی ماركسیستی.

یورگن هابرماس بە میتۆدێكی سیستەماتیكتر لە تیدەمان، شیكاری بۆ ڕەهەندی ئەنارشیستیی دوایین ڕامان و بیركردنەوەكانی بنیامین كردووە، لەپێناوی خستنەڕووی ئەوانە تا ڕەخنەیەكی ڕادیكاڵ لە گۆشەنیگای مێژووییی خۆیەوە بۆ بۆ دیدگای گەشەسەندنگەرا و “مۆدێرنیست”ی خۆی بخاتە ڕوو. هابرماس لە وتارە ناسراوەكەیدا دەربارەى بنیامین لە دەیەى ١٩٧٠دا، هەوڵەكانی بنیامین بۆ ڕادیكاڵیزەكردنی ماتریالیزمی مێژوویی بە یارمەتیی ڕەگەزە مەسیحایی و لیبەرتاریانی (ئازادیخوازییەكان) ڕەت دەكاتەوە:

“ئەم هەوڵە شكست دەهێنێت، چونكە تیۆری ماتریالیستیی گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی ناتوانێت بە سادەیی لەگەڵ تێگەیشتنی ئەنارشیستی بۆ Jetztzeiten  [زەمەنی ئێستا] بگونجێنرێت كە بە نۆرەى خۆى بەهۆی چارەنووس لە سەرەوە، تێكدەشكێت. تێگەیشتنێكی دژە پەرەسەندنگەراییانە بۆ مێژوو ناكرێت بخزێنرێتە ناو ماتریالیزمی مێژووییەوە، ئەگەر وا بووایە وەك عەبای ڕاهیبەیەك –ئەوا نەك تەنها لە ڕەهەندی هێزەكانی بەرهەمهێناندا، بەڵكوو لە زاڵبوون بەسەریشیدا بیری لێ دەكرایەوە”.

ئەوەى هابرماس بە هەڵە تێی دەگات، بە بۆچوونی من، یەكێكە لە چۆنایەتییە گەورەكانی ماركسیزمی بنیامین و باڵادەستیی ئەوە بەسەر هەموو فۆرمەكانی پەرەسەندنگەرایی “پێشكەوتنخوازانە”: توانای بنیامین لە تێگەیشتن لە سەدەیەك كە بە پەیوەندییەكی ناوەكیی ڕاستەوخۆی نێوان بەربەریزم و مۆدێرنیتە دەناسرێتەوە – پەیوەندییەكی ناوخۆیی كە چەند ساڵێك دوای مردنی ئەو، دەبێتە خەسڵەتێكی كارەساتباری ئاوشڤیتز و هیرۆشیما.

تێگەیشتنی پەرەسەندنگەرایی بۆ مێژوو، كە باوەڕی بە پێشكەوتنی زەرووری لە فۆرمەكانی باڵادەستبووندا هەیە، بەسەختی دەتوانێت تێگەیشتنێك بۆ فاشیزم بەدەستەوە بدات – جگە لە كەوانەیەكی ناقابیلی ڕوونكردنەوە، پاشەكشەیەكی ناقابیلی تێگەیشتن “لە ناوەڕاستی سەدەى بیستدا”. بەڵێ هەروەك بنیامین لە تێزەكانیدا نووسی، كەس ناتوانێت لە مانای فاشیزم تێبگات ئەگەر تەنها وەك ئاوارتەیەكی نۆرم و بەهای مێژوویی بیری لێ بكاتەوە كە دەتوانێت پێشبكەوێت.

دوای چەند ساڵێك، هابرماس گفتوگۆ مشتومڕسازەكەى لەسەر واڵتەر بنیامین لە كتێبەكەیدا لە بەناوی گوتاری فەلسەفیی مۆدێرنیتە (١٩٨٥) نۆژەن كردەوە. ئەو ئێستا دژی ڕوانگەى نا-بەردەوامی بۆ مێژووە وەك كاڕڵ كۆرش، بنیامین، “و ئۆڵترا چەپەكان” تا بیرمەندانی وەك كاڕڵ كاوتسكی و پێشڕەوانی ئەنتەرناسیۆنالی دوو، “ئاشكرابوون و دەركەوتنی هێزەكانی بەرهەمهێنانیان وەك گەرەنتییەك بۆ پەڕینەوەى پەرەسەندنخوازانە لە كۆمەڵگای بۆرژوازییەوە بۆ سۆسیالیزم دەبینی”.

بەپێی هابرماس بنیامین و “ئۆڵترا چەپەكان تەنها دەتوانن وێنای شۆڕش وەك بازدانێك لە بەربەرییەتی ئەبەدیی پێش مێژووەوە، وەك تەقینەوەیەكی بەردەوامیی سەرجەمی مێژوو بكەن”. هابرماس دەڵێت ئەم ئاراستەیە “ئیلهامی لە وشیاریی سوریالیستیی ئەو سەردەمە وەرگرتووە، شتگەلی هاوبەشی لەگەڵ ئەنارشیزمی ئەوانەدا هەیە كە پەیڕەوی لە نیچە دەكەن، دژی زنجیرەى پەیوەندیی گەردوونیی دەسەڵات و وەهمن لەڕێگای پشت بەستن و گەڕانەوە بۆ حاكمییەتی جوان و سەرنجڕاكێش… بەرەنگاریی لۆكاڵیی و یاخیبوونە نائیرادییەكانی سروشتێكی زەینیی (سوبێكتیڤ)ی نەزۆككراو و بێكاریگەركراو”.

تەفسیرەكەى هابرماس گەلێك كێشەى هەیە. لەسەرووی هەموویانەوە تێگەیشتنی ئەو بۆ “بەربەریزمی پێش مێژوویی” بەتەواوی و بەموتڵەقی پڕ لە كەموكورتییە: هەموو هەوڵەكانی بنیامین بە دەقیقی ئەوە پیشان دەدات كە بەربەریزمی مۆدێرن بریتی نەبوو لە “گەڕانەوە و دووبارەبوونەوە”ی وەحشیگەرایی “پێش مێژوویی”، بەڵكوو بەدیاریكراوی بریتییە لە دیاردەیەكی مۆدێرن – ئەمەش ئەو ئایدیایەیە كە زۆر قورسە لەلایەن بەرگریكارێكی سەرسەختی مۆدێرنیتەی وەك هابرماس قبوڵ بكرێت.

سەرەڕای ئەمە، ئەو بە زیرەكییەكی باشەوە لە كۆى دوایین ڕامان و بیركردنەوەكانی بنیامین دەربارەى قەرزی مێژوو بۆ سوریالیزم و ئەنارشیزم تێگەیشتووە: شۆڕش تاجی پەرەسەندنی مێژوویی – “واتا پێشكەوتن” – نییە، بەڵكوو وەستاندنێكی ڕادیكاڵی بەردەوامیی مێژووییی باڵادەستی و دەسەڵاتدارییە.


[1]پالیمپسێت لاپەڕەیەكی نووسراوە، كە پاشان نووسینەكەى ڕەش بۆتەوە و دەكرێت شتی دیكەى لەسەر بنووسرێت.